نەشوان جەلال: کێشە لە پاسپۆرتە ئەمریکیەکەی نەجمەدین کەریم هەبووە

6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی، سەروەر خەلیل
سکرتێری نەجمەددین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکوک رایدەگەیەنێت کێشە لە پاسپۆرتە ئەمەریکیەکەی نەجمەدین کەریمدا هەبووە، بۆیە لە فرۆکەخانەی بەیروت رێگە نەدراوە گەشت بکات، ئاماژە بەوەشدەکات هەفتەی داهاتوو دەگەرێتەوە کوردستان.
نەشوان جەلال سکرتێری نەجمەددین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکوک بە هاوڵاتی راگەیاند "هەندێک لە میدیاکان دەلێن کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە لوبنان وتوویەتی دکتۆر نەجمەدین وەک هاوڵاتییەکی عێراقی و بە پاسپۆرتی عێراقی گەشتی کردووە بۆیە تەداخولی ئەو بابەتە ناکەین، بەڵام دکتۆر نەجمەدین بە پاسپۆرتی ئەمەریکی گەشتی کردوەو دوێنیش کاتژمێر ١٠ی بەیانی بالیۆزی ئەمەریکا لە بەیروت لای بووە".
بەڵام ئەو وردەکاری دانیشتنەکانی نەجمەددین کەریم و باڵیۆزی ئەمریکای ئاشکرا نەکرد.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی سعودی بلاویکردەوە کە دەستبەسەر پاسپۆرتە ئەمریکییەکەی نەجمەدین کەریمدا گیراوە.
نەشوان جەلال هۆکاری دەستبەسەرکردنی نەجمەدین کەریم دەگەرێنێتەوە بۆ کێشەی تەکنیکی لە پاسپۆرتەکەیداو دەشڵێت "دکتۆر نەجمەددین سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەگاتەوە کوردستان و دێتەوە هەولێر".
وتیشی "د. نەجمەددین کێشەیەکی هونەری لە پاسپۆرتەکەیدا هەبووە کە هەڵەتێگەیشتنی لەگەڵ پۆلیسی ئەنتەرپول و ئاسایشی فڕۆکەخانە بۆ دروستکردووە، بۆیە لەناو فڕۆکەخانە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر تەوقیفکراوە و دواتر تەدەخولات کراوەو ئازادکراوە".
دوێنێ رۆژنامەی هاوڵاتی لە ژمارە ١٨٠٧ی خۆیدا بڵاویکردەوە کە بەپرپرسانی پارتی لە ئاستی باڵادا تا بەرەبەیانی چوارشەممە لەهەولی زۆردا بوون نەجمەدین کەریم ئازادبکرێت یان بەدەستبەسەری بمێنێتەوەو رادەستی بەغدا نەکرێت.
نەشوان جەلال لەوبارەیەوە وتی "هەموو لایەک دەزانن کە کاک مەسعود و کاک نێچیرڤان و برادەرانی تریش پەیوەندییان لەگەڵ کاک دکتۆردا زۆر زۆر باشە، کاک مەسعود و کاک نێچیرو هەموو برادەرانی ترو بەشێکی زۆری سەرکردایەتی یەکێتیش لەسەر خەت بوون".
وتیشی "هەوڵی سەرکردایەتی کوردو پشتگیریکردن لە کاک دکتۆر وایکردووە کە بە ئاسانی دەرباز بێت".
نەجمەدین کەریم چووبوە لوبنان بۆئەوەی لە فڕۆکەخانەی بەیروت بەرەو نەمسا گەشت بکات بەڵام لە ناو فڕۆکەخانە رێگریان لێکردوە.
شوان داودی پەرلەمانتاری خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی یەکێتی بە رۆژنامەی ھاوڵاتی وت «فەرمانی گرتنەکەی لەسەر گەندەڵییە و لەدادگای نەزاهەوە فەرمانەکە دەرچوە".
پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم لە کەرکوک، نەجمەدین کەریم ئاڵای کوردستانی لەسەر بینای پارێزگار هەڵکردو پشتگیری خۆشی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە شارەکە دەربڕی، دوای روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، شارەکەی بەجێهێشت و لە هەولێر نیشتەجێ بوو.
دواتر ساڵێک لەمەوبەر، دادگای لێکۆڵینەوەی کەرکوک فەرمانی دەستگیرکردن و دەستبەسەراگرتنی ماڵ و موڵکی گوستراوە و نەگواستراوەی نەجمەدین کەریمی دەرکرد.
دادگای لێکۆڵینەوەی کەرکوک لە نوسراوێکدا لە (٢٣/٥/٢٠١٨) کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی کەرکوکی کرد، داوای جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای کرد بۆ دەستگیرکردنی نەجمەدین کەریم، بەپێی ئەحکامەکانی مادەی (٣١٦)ی یاسای سزاکانی عێراق و دەستەی نەزاھەی کەرکوک بەپێی مادەی (١٢١).
مانگی رابردوو نەجمەدین کەریم لە چاوپێکەوتنێکی ھاوڵاتی دا ئەو تۆمەتانەی رەتکردنەوە کە دادگای کەرکوک دابوویە پاڵی.
نەجمەدین کەریم پێش دەستگیرکردنی بە ھاوڵاتی وت «ئهو سکاڵایانه ههموو درۆن و ئهسڵ و ئهساسیان نییه... من وتووشمه فهرموو با ههرچی دادوهریان ههیه بینێرن بۆ ئێرهو لهگهڵ وهزارهتی دادی ئێره رێکبکهون و تهنانهت ئامادهشم بۆ ههر شوێنێکی تر بێت، بهڵام ئهمانه ههمووی بێ بنهمایهو دهزانین کێی لهپشته.»
فەرمانی گرتنەکە ساڵی رابردوو لە لایەن دادوەر سەباح محەمەد ئیبراهیم دەرکرا کە لە دادوەرێکی کوردە و پێشتر سەرۆکی دادگای شارۆکەی داقووق بووە.
نەجمەدین کەریم لە چاوپێکەوتنەکەی ھاوڵاتی دا وتی «کوردێکیان داناوهو کردوویانه به واجیههی خۆیان، بۆ ئهوهی بڵێن کورد کردوویهتی. ئێمه دهزانین کێی لهپشتهو لهگهڵ چ لایهنێکی کوردیشدا ئهم شتانه رێکدهخهن. ئهم سکاڵایانه 100% سیاسین».
رۆژی (١٨)ی تشرینی یەکەمی (٢٠١٧) فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق مەرسومی کۆماری بۆ لابردنی نەجمەدین کەریم لە پۆستی پارێزگاری کەرکوک ئیمزا کرد، ئەوەش دوای بڕیارەکەی دادگا بۆ دەستگیرکردنی.
