ئەوقاف: هەندێک لەوتاربێژی مزگەوتەکان شیاونین
6 ساڵ لەمەوپێش
ماردین نورەدین
فەرەیدون غەریب، بەڕێوبەری گشتی ئەوقافی سلێمانی رایدەگەیەنێت کەمینیەک لە وتاربێژانی ئاینی، «شیاونین» بۆ وتاردان بەڵام لەئەرکیشدان و دوورناخرێنەوە لەوتاردان.
ئەمەش دوای ئەوە دێت لە چەند هەفتەی رابردوودا کارو کاردانەوەی چەند مەلایەک بەرامبەر بە یەکتری و بەخەڵکی بووە باسی گەرمی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەڵام ئەوقاف دەڵێت ئەوان بەرپرس نین لەو روداوانەی کە لە دەرەوەی مزگەوتەکان روودەدەن.
فەرەیدون غەریب بە هاوڵاتى وت «زۆربەی مامۆستایانی ئاینی پابەندن بە وتارەکانەوە، بەڵام کەمینەیەک شیاو نیە وتار پێشکەش بکەن».
بەڕێوبەری گشتی ئەوقافی سلێمانی ئاماژە بەوەدەکات کە ئەو شەڕە قسانەی کە مەلا ئاینیەکان لە دەروەی مزگەوتەکانەوە بەرامبەر بەیەکتر یان خەڵکی تر دەیکەن پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە.
فەرەیدون غەریب وتی «ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە منبەرەکانی مزگەوتە نابێت لەڕێگەیەوە ناوزراندن بکرێت و کەس بریندار بکرێت یان هێرش بکرێتە سەر هونەرمەندان».
وتێشی «سەبارەت بە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش هەرکەسێک هەستدەکات هێرشی کراوەتە سەر دەتوانێت داوا بەرز بکاتەوە، بەڵام گەر لەڕێگەی منبەری مزگەوتەوە هێرش بکرێت ئێمە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکەین، تا ئێستا بەو هۆیەشەوە چەند مامۆستایەکی ئاینیمان لابردوە».
تەنها لەناو شاری سلێمانی 266 مزگەوت هەن، بەشێوەیەکی گشتی لەسلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری 688 مزگەوت هەن و 850 مامۆستای ئاینی و وتاربێژ و پێشنوێژ لێیان دامەزراون.
شێخ ئیبراهیم بەرزنجی بەرپرسی ئیرشاد و توێژینەوە لە وەزارەتی ئەوقاف ستایشی رۆڵی مامۆستایانی ئاینی دەکات سەرەڕای ئەوەی رەخنە لە هەندێکیان دەگرێت.
شێخ ئیبراهیم بەرزنجی بە هاوڵاتى وت کە بە نوسراو دەستخۆشیان کردوە لەنزیکەی دوو هەزارو 500 مامۆستای ئاینی و بەشداری خولیان پێکردوون و گەشتی دەرەوەی هەرێمیان پێکردوون.
هەروەها رونیکردەوە کە نزیکەی 10 بۆ 15 مەلای ئاینی سزادراون لەسەر بابەتی جۆراوجۆر یان سکاڵا لەسەریان تۆمار کراوە.
وتی «رەنگە سکاڵاکان بەڵگە یان ناوزڕاندی کەسایەتی بێت، بابەتەکەی دژی پێکەوە ژیان بووبێت، ئەوانەش سزادراون ژمارەیان زۆر کەمترە لەو مامۆستایانەی دەسخۆشیان بۆ چووە».
شێخ ئیبراهیم بەرزنجی ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕێنماییان هەیە بۆ مامۆستایانی ئاینی لەسەر شێوازی وتاردان، دەشڵێت بەڵام لە دەرەوەی مزگەوت بەرپرس نین لێیان لەهەڵسوکەتی مەلاکان.
وتیشی «ئێمە بەرپرسیارین لە هەر مامۆستایەک کە فەرمانبەری ئێمە بن لەمزگەوت بەڵام لەدەرەوەی مزگەوت لەئەستۆی وەزارەتی ناوخۆیە، ئێمە بەیاسای فەرمانبەرێتی کاردەکەین هەر فەرمانبەرێک پێچەوانەی بێت سزای خۆی وەردەگرێت».
لەهەرێمی کوردستان نزیکەی شەش هەزار مزگەوت هەن، کە 14 هەزار فەرمانبەر لە وەزارەتی ئەوقاف وەکو پێشنوێژو وتارخوێن نین لەو مزگەوتانە دامەزراون.
