رۆژاڤا؛ تروسکاییەک لەخـامـۆشیی سوریادا
5 ساڵ لەمەوپێش
کاکەلاو عەبدوڵا
سەرسوڕهێنەرترین شت دەربارەی رۆژاڤا ئەوەیە کەم کەس لە جیهاندا دەزانن بوونی هەیە. ئێمە زۆر گوێبیستی سوریا دەبین – مەیدانەکانی جەنگ، هێرشە کیمیاوییەکان، دڕندەیی داعش، هەروەها زۆرداریی رژێمەکەی بەشار ئەسەد. بەڵام زۆر کەم هەن باسی ئەو راستییە بکەن لەباکوری رۆژئاوای سوریا هەرێمێکی سەربەخۆ هەیەو پێچەوانەی تەواوی دەوروبەریەتی لەڕووی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، سەرەڕای ئەمانەش تائێستا نە حکومەتی سوریا، نە هیچ وڵاتێک دانی بەم هەرێمەدا نەناوە کە بەپێی دەستورەکەی دەوڵەتی ناوێت، بەڵکو هەرێمێکی سەربەخۆ بێت لەناو حکومەتێکی فیدڕاڵی سوری.
لەسەروبەندی جەنگی فرەلایەنی ناوخۆی سوریا کە ساڵی ٢٠١١ دەستیپێکرد، کوردانی سوریا سێیەکی وڵاتەکەیان گرت. ساڵی ٢٠١٤ هەرێمی سەربەخۆی خۆیان راگەیاند لەڕۆژئاڤا کەزۆربەی کێڵگە نەوتییەکانی سوریای تێدایەو ناوچەیەکی گەورەی کشتوکاڵییە. رێگای بازرگانی کەهێندەی «رێگای ئاوریشمی» کۆنن لەناو هەرێمەکەدا هەن. ئەم زەویە بەپیتە خێروبێرە بۆ ئیدرا خۆبەڕێوەبەرییەکانی کوردانی سوریا.
پێکهاتەی هەرێمەکە
هەرێمەکە پێکهاتووە لەحەوت ناوچە کەهەریەکەیان هەرێمی خۆبەڕێوبەرین. هەر حەوت هەرێمەکە لەژێر ناوی فەرمی «ئیدارەی سەربەخۆی باکورو رۆژهەڵاتی سوریا»دان، بەڵام بەنافەرمی پێیان دەوترێت رۆژاڤا.
هەرێمەکان پێکهاتوون لەجەزیرە، فورات، عەفرین، رەققە، تەبقە، مەنبج، هەروەها دێرەزوور کە ڕووبەرەکەیان ٥٠ هەزار کیلۆمەتر دووجایە، واتا نزیکەی لەسەدا ٣٣%ی خاکی سوریایان داگیرکردووە، کەکۆی گشتی رووبەری سوریا لە 185 ههزار کیلۆمەتر دووجا پێکهاتووە. پایتەختی ئیدارەکە شاری قامیشلۆیە لەهەرێمی جەزیرە.
لەبنەڕەتدا هەرێمەکە کاتێک لەلایەن هاوپەیمانی تەڤگەرا جڤاکا دیموکرات (تەڤدەم) بەسەرکردایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) دروستکرا لەساڵی ٢٠١٤ تەنها لە سێ ناوچە پێکهاتبوون کە بریتیبوون لە جەزیرە و کۆبانێ (فوراتی ئێستا) و عەفرین. ئەم سێ ناوچەیە پێیان دەوترا کانتۆن و هەریەکەیان لەوی تر جیابوو، واتە سەربەخۆبوون و حوکومەتێکی ناوەندیان نەبوو.
لەمارسی ٢٠١٦ لیژنەیەک پێکهات بۆ هەموارکردنەوەو گۆڕینی دەستووری ٢٠١٤. هاوسەرۆکی لیژنەی راپەراندنی دەستوور، هەدیە یوسف ئەوکات رایگەیاند کەبڕیاری دامەزراندنی حکومەتێکی فیدڕاڵی بەشێوەیەکی بەرچاو لەو فراوانخوازییەوە سەرچاوەی گرتووە کە لەژێر دەستی خەلافەتی ئیسلامیدا ئازادکراوە.
«دوای ئازادکردنی چەندین ناوچە، پێویست دەکات هەنگاو بنێین بۆ سیستەمێکی فراوانترو گشتگیرتر کە هەموو بەرەوپێشچوونەکانی ناوچەکە لەخۆبگرێت، کەمافی هەموو گروپ و قەوارەکان بدات»، هەدیە یوسف وای وت.
رۆژاڤا ناوچەیەکی فرە نەژادی و ئاینییە کە نزیکەی چوار ملیۆن خەڵکی تێدا دەژی لە کورد، عەرەب، ئاشوری، لەگەڵ کەمایەتییەکانی وەکو تورکمان و ئەرمەنی. ژمارەی کورد نزیکەی ملیۆنێکە لەکاتێکدا عەرەب ژمارەیان دەگاتە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار.
بەپێی دەستووری پەسەندکراوی ئیدارە خۆبەڕێوبەرییەکە پلەبەندی بەهیچ شێوەیەک نییە، واتا کۆمەڵگەکان لەناوخۆیاندا خۆیان بەڕێوە دەبەن و ژیانی خۆیان پێکەوە دەکەن، قەوارەیەکی یەکسانخوازییە بەو مانایەی هیچ نەژاد یان ئاینێک زاڵ نییە بەسەر ئەوی ترداو هەرکەس ئازادە چ ئاینێک پەیڕەو دەکات، هەروەها ژنان رۆڵیکی کاریگەریان هەیە بەوپێیەی کە دەستوور جەختی لێدەکاتەوە کە دەبێت هەموو لیژنەیەک لەسەدا ٤٠% لەئافرەت پێکهاتبێت.
لەدەستووردا هاتووە کە «هەموو زمانەکان لەباکوری سوریا یەکسانن لەهەموو بوارێکی ژیاندا، لەوانە کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، کلتوری، هەروەها ئیداری. هەموو گەلێک دەبێت بە بەکارهێنانی زمانی دایک کاروباو ژیانی رێکبخات».
هەرچەندە دەستوور رێدەدات بەیەکسانی زمان، بەڵام لەواقیعدا زمانی کوردی بەشیوەزاری کرمانجی و عەرەبی زاڵن لەهەرێمەکەدا. لەسەرەتادا بەرنامەی خوێندن بەعەرەبی و کوردی بوو لەگەڵ فێربوونی زمانی سێیەم- ئینگلیزی. دواتر زمانی ئاشوریش زیادکرا بەتایبەتی لەهەرێمی جەزیرە. بەپێی وتەی لیژنەی پەروەردە، «سێ بەرنامەی خوێندن جێگەی یەک بەرنامەی گرتوەتەوە (بەرنامەی حزبی بەعس کەتەنها رێی بەخوێندن دەدا بەزمانی عەرەبی) کەکوردی و عەرەبی و ئاشورین».
ئیدارەی رۆژاڤا پێکهاتووە لەپارێزگا/کانتۆن، مەڵبەند/ناحیە، هەروەها کۆمەڵگەی هەرەوەزی. بەردی بناغەی ئیدارەی خۆبەڕێوبەری کۆمەڵگە هەرەوەزییەکانەو لەوێوە دەستپێدەکات. هەر کۆمەڵگەیەکی هەرەوەزی پێکهاتووە لەنزیکەی ٣٠ خانەوادەو ئەندامەکانی ژیانی خۆیان بەڕێوە دەبەن. زوو زوو کۆدەبنەوە بۆ باسکردنی کێشە گرنگەکان و پێشکەشکردنی پلانی نوێ، دواتر لیژنەیەک پیکدەهێنن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە. هەروەها هاوسەرۆک هەڵدەبژێرن، ژن و پیاوێک. ئەنجومەنەکە لەلایەن ئەو دوو هاوسەرۆکەوە سەرپەرشتی دەکرێت، نوێنەر دەنێرن بۆ ئاستی بەرزتری ئیداریی کە ئەویش ناوخۆییە. ئیدارەی ناوخۆیی چەند کۆمەڵگەیەکی هەرەوەزی لەخۆدەگرێت و لەم ئاستەش لیژنە پێکدەهێنرێت و نوێنەر دەنێردرێت بۆ ئاستی باڵاتر – مەڵبەندەکان. لەسەروو ئەو ئاستەوە ئاستی کانتۆن یان پارێزگا هەیە کە ئەنجومنەێکی ٧٠ کەسی بەڕێوەی دەبات. لەئەیلولی ٢٠١٧ یەکەم هەڵبژاردنی کۆمەڵگە هەروەزییەکان کرا کە ١٢ هەزار کاندید پیشبڕکێی ٣٧٠٠ کورسی ئەنجومەن و لیژنەکانیان دەکرد. لەهەر ئاستێکدا نزیکەی نۆ لیژنە هەیە.
سیستەمی هەرێمەکە کەحکومەتی کۆمەڵگەییە تایبەتمەندی دیموکراسیەتی راستەوخۆ یان دیموکراسی بێ خەوشی هەیە کەجۆرێکی دیموکراسییەو تێیدا خەڵک راستەوخۆ بڕیار لەسەر ژیانیان دەدەن. زەلال جێگر هاوسەرۆکی تەڤدەم، ئەو پارتەی کە پێکهاتەی ئیداری هەرێمەکەی دروستکردووە لەڕاپۆرتێکی رۆژنامەی «هائارتیز»ی ئیسرائیلی دەڵێت، «ئێمە هەموومان منداڵی گوندەکانین، سیستەمەکەی ئێمە وەک هی ئەوروپا نیە، بۆ نمونە: ئەگەر خانوویەک بڕوخێت، هەموو گوندەکە هەڵدەستن بە بنیادنانەوەی ئەو گوندە».
هەروەها بەپێی راپۆرتی هەمان رۆژنامە، موحەمەد سەعید هاوسەرۆکی پەیەدە لەهەرێمی جەزیرە باس لەوەدەکات پێکهاتەی کۆمەڵایەتی لەنەریتی سەدان ساڵ پێش ئێستاوە سەرچاوەی گرتووە. “بیرمە ٥٠ ساڵ لەمەوبەر لەگوندێکی پێنج بۆ شەش ماڵیدا دەژیام. لەهاویناندا ئەگەر بمانویستایە خانویەک دروستبکەین، پارەمان نەدەدا بەکەسانی تر تا دروستی بکەن بۆمان، بەڵکو گروپێکمان پێکدەهێناو خۆمان دروستماندەکرد. ئەگەر خانوویەک بسوتایە، هەمووان کۆدەبوینەوەو هاوکارییان دەکرد تا ئەو خانووە چاک دەکرایەوە. ئەگەر کەسێک نەخۆش بکەوتبا، هەموان دەستی یارمەتییان بۆ درێژ دەکرد. ئەو سیستەمە هەرەوەزییەی دەمانەوێت بنیادی بنێین رێک ئەوەیە». سەعید وا دەڵێت.
هەرچەندە بەپێی راپۆرتێکی پەیمانگەی شاهانەی بەریتانی بۆ کاروبارە نێودەوڵەتییەکان هەرێمەکە بەشێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن پەیەدەوە قۆغکراوەو ئایدیا سۆشیالیستەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان لەلایەن هاوپەیمانی تەڤدەمەوە پەیڕەو دەکرێت.
یاسای مەدەنی حکومەتی سوریا رێگەپێدراوە ئەگەر دژیەک نەبێت لەگەڵ دەستووری هەرێمەکە. نمونەیەکی بەرچاو یاسای باری کەسێتییە کە لەسوریا لەشەریعەتەوە وەرگیراوە لەکاتێکدا لەهەرێمەکەدا رێگە بەهاوسەرگیری مەدەنی دەدرێت، سەرەڕای قەدەغەکردنی هاوسەرگیری بەزۆر، هاوسەرگیری خوار تەمەنی یاسایی، هەروەها فرەژنی.
ئەرکی پاراستنی هەرێمەکە لەدەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)دایە کە لەلایەن یەکینەکانی پاراستتنی گەل (یەپەگە)وە بەڕێوە دەبرێت. ساڵی ٢٠١٥ هەسەدە دامەزرا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش کەجگە لەکورد هێزەکانی عەرەب و ئاشوریشی تێدایە ئەمە جگە لەهاوکاری سەربازی ئەمریکا. بەپێی راپۆرتێکی «زە ئیکۆنۆمست» لەسەدا ٧٠% بۆ ٨٠%ی هەسەدە پێکهاتووە لەشەڕڤانانی یەپەگە کەکۆی گشتی سەربازەکان نزیکەی ٤٠ هەزارن. هەسەدە بەهاوپەیمانی ئەمریکا دادەنرێت لەسوریاو یەکێک بووە لەهێزە چالاکە هاوبەشەکانی ئەمریکا لەتێکشکاندنی داعش لەوڵاتەکەدا.
ئابووریی هەرێمەکە
ئابوری هەرێمەکە بەزۆری لەسەر کشتوکاڵ و نەوت و پیشەسازی وەستاوە. گەنم و لۆکەو زەیتوون زۆرترین ئەو بەرهەمانەن کە بەرهەم دەهێنرێن. هەرێمی جەزیرە بەزۆری پشت دەبەستێت بەنەوت و غاز کەدەوڵەمەنترین هەرێمە لەو رووەوە.
راپۆرتێکی پەیمانگەی «عومران» بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی باس لەوەدەکات چەند سەرچاوەیەک داهاتی سەرەکی هەرێمەکەن. یەکەم، سامانە گشتییەکان وەک گەنم و نەوت و غاز. دووەم داهاتی باجی ناوخۆو گومرگی سنوورەکان. لەکاتێکدا خزمەتی گەیاندنی کەلوپەل، قازانجی دارایی بازرگانی هەرێمەکە، هەروەها بەخشینی ناوخۆیی چەند داهاتێکی تری هەرێمەکەن.
ساڵی ٢٠١٥ ئیدارەی خۆبەڕێوبەری ئاماری دارایی ٢٠١٤ی بڵاوکردەوە کەکۆی گشتی پێنج ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلار بوو، ئەو بڕەش لەسەدا ٥٠%ی لە «بەرگری و پاراستندا» سەرفکرا. لەسەدا ١٨%ی بۆ هەرێمی جەزیرە، لەسەدا ٨.٥% بۆ کۆبانێ (هەرێمی فورات) و هەمان بڕ بۆ هەرێمی عەفرین، هەروەها لەسەدا ١٥% بۆ لیژنە ناوخۆییەکان.
بەزۆری خۆراک و نەوت بەرهەمی سەرەکی هەرێمەکەن، بۆیە بەهەناردەی گرنگ هەژمار دەکرێن، هەروەها بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵی، وەک مەڕ، لۆکە، گەنم، زەیتوون.
هەرێمی فورات پێکهاتووە لەشارەکانی کۆبانێ و گرێ سپی جگە لە ٤٥٠ گوند کە لەسەدا ٧٠%ی هەرێمەکە پشت دەبەستێت بەکشتوکاڵ و لەسەدا ٣٠% بەپیشەسازی و بازرگانی. بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتون، جۆ، میوەو سەوزە لەهەرێمەکەدا بوونی هەیە.
هەرێمی عەفرینیش زۆر جیاواز نییە لەفورات و لەشارەکانی تەل رەفعەت، راژۆ، سیندریس، هەروەها لەعەفرین پێکهاتووە کەدواهەمینیان لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە دەستی بەسەرداگیراوە دوای پەلامارەکەی ساڵی ٢٠١٦. نزیکەی ١٨ ملیۆن داری زەیتوون لەشاری عەفریندا هەیەو بەچەقی بەرهەمهێنانی سابونی رەقی سوری دادەنرێت. کاتێک پێشتر شارەکە لەدەست ئیدارە خۆبەڕێوەبەریەکەدا بوو، ٢٧٠ هەزار تۆن زەیتی زەیتوون بەرهەمدەهێنرا ساڵانە. بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی دیکەی هەرێمی عەفرین بریتین لەگەنم، جۆ، نیسک، گەنمەشامی، گوڵەبەڕۆژە، لۆکە، هەروەها تووتن.
هەرێمی جەزیرە، کە دەکەوێتە نێوان رووباری دیجلەو فوراتەوە، بەداینەمۆی ئیدارە خۆبەڕێوەبەرییەکە هەژماردەکرێت، چونکە سەرەڕای کشتوکاڵ دەوڵەمەندە بەنەوت. هەرێمەکە پێکهاتووە لەشارەکانی حەسەکە، تەل تەمەر، عامودە، سێرکانی، قامیشلۆ. خاکی هەرێمەکە زۆر بەپیتە بۆیە لۆکە، گەنم، جۆ، ترێ، سێو بەرهەمدەهێنرێت. ئەوەی هەرێمەکە لەئەوانی دی جیادەکاتەوە هەبوونی نەوتە کەچەندین وێستگەی نەوتی تێدایە، بەڵام کوردانی رۆژئاڤا تەنها لەسەدا ٢٠%ی بەکاردەهێنن ئەویش بەشێوەیەکی بەرچاو بۆ دروستکردنی گازوایل تا کار بەمۆلیدەکان بکەن، کەئەمەش تاکە رێگایە بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ هەموو رۆژاڤا. نرخی دیزڵ لەئاو هەرزانترە کە بۆ هەر لیترێک ٢٥ سەنت وەردەگیرێت کەنرخەکەی نیوەی لیترێک ئاوە.
هەرێمەکە دەکەوێتە رۆژئاوای رووباری دیجلە بەدرێژایی سنوری تورکیاو لەباشوری رۆژهەڵاتیشەوە سنوری لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە. بازرگانیکردن لەگەڵ تورکیا کەمە بەهۆی گەمارۆکانی تورکیاوە بۆ سەر هەرێمەکە بەڵام بازرگانیکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا لەڕێگەی خاڵی سنوری سمێڵکاوە ئەنجامدەدرێت. لەنیسانی ٢٠١٧ەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ حکومەتی سوریاشدا دەکرێت واتا لەباشورەوە. لەئایاری هەمان ساڵدا کاتێک حەشدی شەعبی لەعێراق جەنگی لەگەڵ داعشدا دەکرد توانی ناوچەی سەر سنوری هەرێمەکە پاک بکاتەوە لەپاشماوەی گروپە تیرۆریستییەکە، بۆیە رێڕەوێکی بازرگانی کرایەوە لەنێوان هەرێمە خۆبەرێوەبەرییەکەو ئەو ناوچانەی بەدەست حکومەتی عێراقیەوە بوون.
خەڵکی رۆژاڤا لەئێستادا بەئارامی دەژین لەهەرێمەکەو هیوایان بەداهاتوو هەیە. ئەبو عەبدۆ لەیلی، کاسبکارێکی شاری قامیشلۆیەو چایخانەیەکی هەیە کەنانی بەیانیان ئامادە دەکات بۆ کڕیارەکانی، لەڕاپۆرتێکی پێگەی «زە ناشناڵ»ی ئیماراتیدا دەڵێت، «ژیانمان زۆر گۆڕاوە، لەسەرەتای دەستپێکردنی قەیرانەکەوە دۆخەکە خراپ بوو، بەڵام ئێستا بەرەو باشی دەڕوات. هیوام وایە لەپینج بۆ دە ساڵی تر قامیشلۆ خۆشتر و باشتر ببێت. هیوام وایە خەڵک بگەڕێنەوەو کاریش بەرەوپێش بچێت، ئێمە هەمیشە دەمانەوێت شتەکان بەرەو باشی بڕۆن».