هاوڵاتى وەزارەتی بازرگانی هه‌رێم رایگه‌یاند هەر كاتێك نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتە 60 دۆلار، بەهای دینار بەرامبەر دۆلار وەك خۆی لێدێتەوە، دابەزاندنی بەهای دینار كاتییە، هه‌روه‌ها رێكخراوی ئۆپیكیش دەیەوێت بڕیار لەسەر زیادکردنی 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ نێو بازاڕەکانی جیهان بدات. فەتحی محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم راگەیاند بەردەوام لە پەیوەندیدان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عيراق و لە ماوەی رابردوودا چەند توێژینەوەیەك ئەنجام دراوە لەبارەی چۆنێتی جێگیركردنی بەهای دیناری عيراقی و پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجە. وتیشی: "دابەزاندنی بەهای دینار كاتییە و نزیكەی 68 ملیار دۆلاریش لە بانكی ناوەندی عيراق هەیە، پێشبینی دەكرێت نرخی نەوت لە 2021 دا بەرزببێتەوە، هەر كاتێكیش نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتە 60 دۆلار، راستەوخۆ بەهای دینار بەرامبەر دۆلار وەك خۆی لێدێتەوە و نرخی كاڵا و شتومەكیش دادەبەزێت". رێكخراوه‌كانی نه‌وتیش به‌ده‌رنین له ئه‌نجامدانی گۆڕانكاری له نرخی نه‌وتدا، كه زۆرجار بارودۆخی سیاسی و ئابووری ناوچه‌كه گۆڕانكاریه‌كی به‌رچاو كاریگه‌رییه‌كی زۆردهخاته سه‌ر ئه‌و رێكخراوانه یاخود ئه‌و كۆمپانیانه‌ی نه‌وت ده‌فرۆشن كاتێك رێکخراوی ئۆپێک، دەیەوێت بڕیار لەسەر زیادکردنی 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ نێو بازاڕەکانی جیهان بدات لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئۆپێک و ئۆپێک پڵەسدا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو زیادکردنە دەدرێت. به‌پێی خشته‌ی بلومبێرك ئه‌مڕۆ نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی برێنت 53.1 دۆلار و نه‌وتی ته‌كساسیش 49.59 دۆلاره، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه دوای بڵاو بوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه یه‌كه‌مجاره نرخی نه‌وت به‌و شێوه‌یه به‌رز بێته‌وه، ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگه‌ری گه‌وره‌ی خسته سه‌ر بازاڕی جیهان و به‌ڕاده‌یه‌ك بازاڕی جیهانی تووشی داڕمانێكی ئابوری كرد. هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش بەهۆی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئۆپێکە. رێکخراوی ئۆپێک پێشتر رایگەیاندبوو، بەرهەمهێنانی ڤاکسین هیوایەکی دروستکردووە بۆ زیادکردنی ئەو نەوتەی رۆژانە دەخرێتە بازاڕەکانەوە. زۆربه‌ی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان و بۆرسه جیهانیه‌كان هیوایه‌كی گه‌وره‌یان هه‌یه به به‌رزبونه‌وه‌ی ئابووری به‌هۆی كه‌مبونه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌كانی كۆرۆناو به‌رهه‌مهێنانی ڤاكسین، بانكه‌كانیش به‌ده‌رنین له‌و چاوه‌ڕوانیه هه‌روه‌ها پێشبینی دۆخه‌كه‌شیان كردووه كاتێك، بانکی جیهانی پێیوایە ئەمساڵ ئابووریی جیهان بە رێژەی 4.4% بەرزدەبێتەوە، بۆیە پێشبینییەکانی ئۆپێک بەم جۆرەن، تا کۆتایی 2021 خواست لەسەر نەوت بگاتە 95 ملیۆن و 900 هەزار بەرمیلی رۆژانە، بەمەش ئەندامانی ئۆپێک بتوانن پێنج ملیۆن و 900 هەزار بەرمیلی رۆژانە زیاد لە بڕی رۆژانەی 2020 هەناردە بکەن، وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێکیش دەیانەوێت ئەمساڵ رۆژانە سێ ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوت زیاتر هەناردە بکەن. سه‌ره‌ڕای كه‌مبونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌هه‌ندێك وڵات، به‌ڵام له چه‌ند وڵاتێكیش ڤایرۆسی كۆرۆنا سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه به شێوه‌یه‌كی جیاواز كه تێیدا كۆرۆنا خاسیه‌ت و شێوه‌ی خۆی گۆڕیوه، له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێیوایە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای گۆڕاو دووبارە بووەتە هۆی داخستنی بەشێک لە بازاڕەکان، ئەمەش لەوانەیە خواست لەسەر نەوت کەمبکاتەوە. بەڵام ئۆپێک هیوای لەدەستنەداوە، 13 ئەندامی ئەو رێکخراوە بە سەرکردایەتیی سعودیە و شەش وڵاتی دیکە لە چوارچێوەی ئۆپێک پڵەسدا بە سەرکردایەتیی رووسیا، رازیبوون بەوەی سەرەتای هەر مانگێک کۆبوونەوە سەبارەت بە داهاتووی نەوت و زیادکردنی بەرهەم بەڕێوەببەن. ئەمە لە کاتێکدایە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس رایانگەیاندووە، چەندین وڵات و سعودیە بە تایبەتی بە هۆشدارییەوە لە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە مانگی شوبات دەڕوانن، بە جۆرێک رووسیا رایگەیاندووە، ئەگەری هەیە ئۆپێك پڵەس ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە 500 هەزار بەرمیل دیکە نەوت کەمبکاتەوە. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دوێنێ له بۆرسه‌كانی جیهان نرخی نه‌وتی خاوی برێنت به 51 دۆلار و 80 سه‌نته، هاوكات بهرمێلێك نه‌وتی خاوی ئه‌مریكاش 48 دۆلار و 52 سه‌نته. هاوکات مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عيراق بۆ کاروباری دارایی رایگەیاندووه: "دەکرێت کورتهێنانی پرۆژە یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2021 بە چەندین بڕگەی خودی بودجەکە پڕبکرێتەوە، وەک زیادبوونی نرخی نەوت و کەمکردنەوەی خەرجییەکان، کە دەبنە جێگرەوەی قەرزکردن"، پێشبینیشی کردووە کە نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ 65 دۆلار بەرزببێتەوە، "ئەوەش بەهۆی لابردنی کۆتەکان لەسەر گواستنەوە لە ئەنجامی کەمبوونی هەڕەشەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان".
هاوڵاتى وه‌زیری پێشمه‌رگه رایگه‌یاند به‌غدا سته‌مێكی گه‌وره‌ی له هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كردوه و ده‌بێت به‌غدا شایسته داراییه‌كانی پێشمه‌رگه خه‌رج بكات. ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 4ی كانونی دووه‌می 2020، د.به‌شیر حه‌داد، جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق سه‌ردانی دیوانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی كرد و دوای كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شیان ئه‌نجامدا. له‌لای خۆیه‌وه شۆرش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێم جه‌ختیكرده‌وه، دەبێت عێراق شایستە داراییەكانی پێشمەرگە بدات، چونكه بەگوێرەی دەستور پێشمەرگە لە سیستەمی بەرگری عێرادایه و وتی "عێراق ستەمێكی گەورەی لە پێشمەرگە كردووە". له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا د.به‌شیر حه‌داد ڕایگه‌یاند، لەسەر ناوچە جێناكۆكەكان و شایستە داراییەكانی و وەزارەتی پێشمەرگە گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ وه‌زیری پێشمه‌رگه كرد، وتیشی لەبەر نەبونی هێزی پێشمەرگە لە ناوچە جێناكۆكەكاندا، سوپای عێراق پشتیوانیی لایەنی دیكەی كردووە . جێگره كورده‌كه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق وتی "ئەوە حكومەتی عێراق نیە بەڵكو هەندێك لایەنن كه نایانەوێت ڕێككەوتن لەگەڵ هەرێم بكرێت."
هاوڵاتى وتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی لە وێستگەی فۆردۆی ئەتۆمی پیتاندنی یۆرانیۆمی بە رێژەی 20% دەستپێکردەوە. عەلی رەبیعی، وتەبێژی حکومەتی ئێران بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەیی راگەیاند، بە فەرمانی حەسەن رووحانی، سەرۆککۆمار بودجەی پێویست بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم دابینکراوە. دەشڵێت، پێشتر لەوبارەیەوە هۆشدارییان بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم داوە. رۆژی 30ی تشرینی دووەمی 2020 پەرلەمانی ئێران، رەزامەندی لەسەر پرۆژەیاسای تایبەت بە زیادکردنی بڕی پیتاندنی یۆرانیۆم لە وڵاتەکەی دا، هاوکات ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتەکە لێکۆڵینەوە لە ئەگەری راگرتنی پابەندبوونی وڵاتەکەیان بە پەیماننامەی 'رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی' دەکەن. ئەمەش دوو رۆژ دوای کوشتنی موحسین فەخریزادە، زانای ئەتۆمیی وڵاتەکە، لە نزیک تاران بوو. پرۆژەیاساکەی پەرلەمانی ئێران پێچەوانەی خاڵەکانی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. پڕۆژە یاساکە ناونراوە 'رێوشوێنە ستراتیژییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی ئەمریکا'، بە ئامانجی ناچارکردنی واشنتن بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران. هەروەها تێیدا رەزامەندی لەسەر بەکارخستنەوەی وێستگەی 'ئاراک'ی ئەتۆمی درا، کە بە ئاوی قورس کاردەکات. بەر لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئێران بڕی 20%ی یۆرانیۆمی پیتێنراوی بەرهەمدەهێنا، ئەوەش ئاستی پێویست بوو بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەی ئەتۆمیی تاران، لەکاتێکدا ئاستی پیتاندن لە وێستگەی بووشەهردا، 0،5% بوو. پێشتر تاران لە 2015 و پاش رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، 'پەیماننامەی رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی'ی لە جیهاندا واژۆ کردبوو.
هاوڵاتى وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕینی مووچه‌ی 10 هه‌زار مووچه خۆری نایاسایی راگه‌یاند. به‌پێی نووسراوێكی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مرۆ دووشه‌ممه، 4کانونى دووه‌مى2021 بڵاویکردۆته‌وه پاڵپشت بە یاسای چاكسازی ژمارە 2 ساڵی 2020 و پەیرەوی جێبەجێ كردنی یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان بڕیاردرا بە راگرتنی مووچە و خانەنشینی 10 هه‌زار و 609 مووچە خۆر كە لە سیستەمی بایۆمەتری دووجار یان زیاتر تۆماركراوە وەك لە خشتەی خوارەوە هاتووە كە ژمارەیان (21588) بیست و یەك هەزار و پێنج سەد و هەشتا و هەشت دۆسیەیە بە نایاسایی مووچە وەردەگرن. راشیگه‌یاندووه: هەر مووچە خۆرێك لەم بڕیارە زەرەرمەندبێت دەتوانی لە ماوەیەكی دیاری كراودا لە رێگەی لایەنی پەیوەندیدار یان فەرمانگەكەی تانە لە بڕیارەكە بدات.
هاوڵاتى پۆلیسی چۆمان هاوڵاتییەکی دەستگیرکرد، کە مامەڵەی هاوشێوەی مامەڵەکەی سلێمانی هەڵشۆیی ئەنجام داوه و لەماوەی ١٥ ڕۆژ ١١ ئۆتۆمبێل، چوار مۆبایل پارچە ئەرزێك و بایی ١٠٠٠٠$ دۆلار كارتی وەرگرتوە. موقەدم شەماڵ دێواری، وتەبێژی پۆلیسی سۆران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ئه‌مرۆ دووشه‌ممه، 4کانونى دووه‌مى2021 رایگه‌یاند" کە دوێنێ كاتژمێر ٢:٣٠ خولەکی دوای نیوەڕۆ، هاوڵاتی ( ك. ع ) لەسەر فەرمانی دادوەری داواكاری گشتی شارۆچکەی چۆمان لەلایەن پۆلیسی چۆمانەوە دەستگیر كرا، چونكە مامەڵەی گوماناویی دەكرد، وەك مامەڵەی ئەو هاوڵاتییەی كە لە پشدەر كردی”. شەماڵ دێواری، ڕایگەیاند”بەپێی وتەی خۆی سەرەتای كاركرنی سێ ئۆتۆمبێلی بەنهێنیی وەرگرتوە، پاشان لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، كە ئەم مامەڵەیە دەكات بۆ ماوەی تەنها دوو هەفتە هەشت ئۆتۆمبێل و بەبڕی ١٠ هەزار دۆلار كارتی مۆبایلی وەرگرتوە بەرامبەر ئەوەی، كە بۆ ماوەیەكی دیارییكراو بەپارەیەكی زیاتر بۆ خاوەنەكەی بگەڕێنێتەوە”. بەپێی وتەی وتەبێژی پۆلیسی سۆران،”بڕی ئەو شتانەی، كە وەری گرتوە لەماوەی ١٥ ڕۆژ ١١ ئۆتۆمبێل، چوار مۆبایل پارچە ئەرزێك و بایی ١٠٠٠٠$ دۆلار كارتی وەرگرتوە، ئەمە جگە لەوەی لەكاتی دەستگیركردنیشیدا مامەڵەی شەش ئۆتۆمبێلی تری لا بوو، خەریك بوون پێی بدەن بەڵام پۆلیسی چۆمان دەستگیری کرد”. سلێمان هەڵشۆیی، گەنجێکی دەڤەری پشدەرە، کە بە ماوەی چەند مانگێک دەیان ملیۆن دۆلاری خەڵکی پشدەر و قەڵادزێی بە شێوەی جۆراو جۆر وەرگرت و دواجار مایەپووچبوونی خۆی ڕاگەیاند و پۆلیس دەستگیری کرد.
هاوڵاتى کۆتا ڕۆژى 2020 بە فەرمی وادەی راگوزەری رێککەوتنی برێگزت کۆتایی هات، بەریتانیا پەیوەندی بە یەکێتی ئەوروپاوە نەماوە، زۆرێک دەپرسن دوای ئەوە چی ڕوودەدات و گۆڕانکارییەکان چی دەبێت. دوای چوارساڵ لە گفتوگۆ و بەپێی رێککەوتنێک کە رۆژی 24-12-2020 لەنێوان یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا ئەنجامدرا، لە رێکەوتتی 1-1-2020 ەوە چیتر یاساکانی یەکێتی ئەوروپا لە بەریتانیا جێبەجێ ناکرێت بەڵکو رێککەوتنێکی دیکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەرچەندە رێککەوتنی بازرگانی ئەنجامدرا و بۆ ئەوەبوو چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بۆ ئەو وڵاتە قورس نەبێت، بەڵام گۆڕانکارییەکان رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر هاتوچۆی هاوڵاتیانی نێوان یەکێتییەکە و بەریتانیا و ئاڵوگۆڕی شتومەک ، هەروەها لە بواری هاریکاری ستراتیژی و چەند بوارێکی دیکە گۆڕانکاری روودەدات. پێش چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا هاوڵاتیانی هەردوولا پێویستیان بەوە نەبوو پاسپۆرت بۆ سەردانی یەکتر بەکاربهێنن، تا ئێستاش پێویستیان بەوە نییە بەڵام لەیەکی تشرینی یەکەمی ساڵی 2021 ەوە چیتر دەبێت هاوڵاتیانی هەردوولا پاسپۆرت بۆ گەشتکردن بەکاربهێنن و تەنها 90 رۆژ لە باری ئاسایی‌دا بۆیان هەیە لە بەریتانیا یاخود لە ئەوروپا بمێننەوە، دوای ئەو ماوەیە پێویستیان بە ڤیزای رێگەپێدان دەبێت کە بۆ دۆخی پێویستی و نەخۆشییە. دۆخەکە بۆ ئەو کەسانەی لە بەریتانیان تاڕادەیەک ئاساییە، چونکە مووچەکانیان و بیمەی کۆمەڵایەتی و بەدەستهێنانی کار بۆیان هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا روونادات، بەڵام ئەو ئەوروپیانەی دوای رێککەوتنەکە دەچنە بەریتانیا پێویستە ڤیزای کار وەربگرن و پێویستە زمانی ئینگلیزیش بزانن، بۆ بەریتانیەکانیش بە هەمانشێوە دەبێت زمانی ئەو وڵاتە بزانن کە بۆی دەچن و ڤیزای کاریش وەربگرن، لەمەودوا خوێندکارانی بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپاش کە لە وڵاتی خۆیان نین پێویستیان بە ڤیزەی خوێندن دەبێت. لە رووی بازاڕیشەوە لەمەودوا بەپێی رێککەوتنێکی ئابووری باجەکان گۆڕانکارییەکی ئەوتۆیان بەسەردا نایەت، بەڵام بۆ هاوردە و هەناردەی هەندێک شتومەک لەنێوان یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا پێویست دەکات بەڵگەنامەی زیاتر پێشکەش بکرێت، راوچییە ئەوروپیەکانیش دەتوانن تا پێنج ساڵ و نیوی دیکە بچنە ئاوەکانی بەریتانیاوە بۆ راوکردن.
هاوڵاتى لیژنه‌ی نه‌زاهه له په‌رله‌مانی عێراق ئاشكرایكرد كه قه‌باره‌ی ئه‌و پاره دزراوانه‌ی براوه‌ته ده‌ره‌وه‌ی وڵات به 350 تریلیۆن دینار مه‌زه‌نده ده‌كرێت. ته‌ها ئه‌لدیفاعی، ئه‌ندامی لیژنه‌كه به ئاژانسی ره‌سمیی عێراقی راگه‌یاندووه كه حكومه‌تی مسته‌فا كازمی لیژنه‌یه‌كی بۆ پاره دزراوه‌كانی دره‌وه‌ی وڵات پێكهێنا و له‌سه‌ره‌تادا زۆر به‌روونی و جدی كاری ده‌كات، به‌ڵام ئه‌م ماوه‌یه‌ی رابردوو به‌هۆی فشاری سیاسی و تۆمه‌تبه‌خشینه‌وه، كاره‌كانی لیژنه‌كه خاو بووه‌ته‌وه. وتیشی له‌دوای ساڵی 2003ه‌وه تائێستا بودجه‌ی كارپێكردن و وه‌به‌رهێنانی حكومه‌ته یه‌ك له‌دوایه یه‌كه‌كان هه‌زار تریلیۆن دینار بووه و پاره‌یه‌كی زۆریان له مه‌سه‌له‌ی ئه‌نجامدانی گرێبه‌ست له بواره جیاجیاكاندا به‌هه‌ده‌ر داوه. باسی له‌وه‌شكردووه كه له‌و هه‌زار تریلیۆن دیناره، نه‌بینرا پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره و ستراتیژی له به‌غدا و پارێزگاكان جێبه‌جێ بكرێت و زۆربه‌ی پڕۆژه‌كان كاری بچوك بوون یان دراون به كۆمپانیای كه‌م توانا. به‌وته‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی نه‌زاهه، نزیكه‌ی 350 تریلیۆن دینار له ساڵانی رابردوودا براوه‌ته ده‌ره‌وه‌ی عێراق و زۆربه‌ی ئه‌و پارانه‌ش بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی چه‌ند به‌رپرسێك بووه.
هاوڵاتى نانسی پیلۆسی لە پارتی دیموكراتی ئەمریكا، جارێكی تر بە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرایەوە. نانسی پیلۆسی لە ساڵی 2019ەوە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكایە و تاكە ژنە ئەو پۆستەی وەرگرتبێت، لە دەنگدانی ئەمجارەی ئەنجومەنەكەشدا توانی 216 دەنگ بەدەستبهێنێت، لە بەرامبەردا كیڤن مككارسی، ركابەری ئەو لە پارتی كۆماری 209 دەنگی بەدەستهێنا نانسی پیلۆسی یەكەم ئافرەتە لە مێژووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەو پۆستە وەردەگرێت، ئەوە چوارەم جاری لەسەریەكیشە بۆ هەمان پۆست هەڵدەبژێردرێتەوە؛ تەمەنی 80 ساڵە، لە كالیفۆرنیا لەدایكبووە. ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنەکە کە 435 کورسییە، هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی کۆتایی ساڵی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا، نوێکرانەوە. بابەتی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران بۆ ئێستا بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە، لە چاوەڕوانیی هەڵبژاردنە لاوەکییەکانی ویلایەتی جۆرجیا، کە لەو هەڵبژاردنەدا پارسەنگی هێز و زۆرینەی دیموکرات یان کۆمارییەکان بەسەر ئەنجوومەنەکەدا دەردەکەوێت، ئەوەش هاوکات دەبێت لەگەڵ دەستبەکاربوونی جۆ بایدن، وەکو سەرۆکی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە 20ی ئەم مانگەدا. لەکاتێکدا کۆنگرێس خۆی بۆ ویلایەتێکی نوێ ئامادە دەکات، تاوەکو ئێستا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای وڵات، دان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا نانێت و گومانی لەسەر سەرکەوتنی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە. ترەمپ رۆژی 3ی کانوونی دووەمی 2021 ئاشکرایکرد، ئامادەی خۆپێشاندانێکی ناڕەزایی دەبێت لە دژی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە 6ی ئەم مانگەدا، لە واشنتن.
هاوڵاتى سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بانگێشتی پەرلەمانتاران دەكات چوارشه‌ممه‌ى ئه‌م هه‌فته‌یه ئامادەی كۆبوونەوەی نائاسایی بن بۆ سوێند خواردنى وه‌زیرى سامانه سروشتیه‌کان و ده‌نگدان پێى. رێواز فایه‌ق، سه‌رۆکى په‌رله‌مان ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، 4ى کانونى دووه‌مى2020، بانگهێشتى هه‌موو په‌رله‌مانتاران ده‌کات بۆ دانیشتنی ژماره (1)ی نائاساییی ساڵی سێیه‌م له‌خولی هه‌ڵبژاردنی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق، له‌كاتژمێر (11)ی پێشیوه‌رۆی ڕۆژی چوارشه‌ممه رێكه‌وتی 2021/1/6، بۆ بۆ سوێند خواردنى وه‌زیرى سامانه سروشتیه‌کان و ده‌نگدان پێى. لە نبانگێشتنامەكەی سەرۆكی پەرلەمان ھاتووە " بە پشت بەستن بە حوكمی بڕگەی (یەكەم) لە ماددەی (8)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، بڕیارماندا بانگێشتی گشت ئەندامانی پەرلەمان بكەین بۆ دانیشتنی ژمارە (1)ی نا ئاسایی ساڵی سێیەم لە خولی ھەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان. لە كاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە كۆبوونەوە بەڕێوەدەچێت". دوێنێ 3/1/2020 وتەبێژی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد "مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه‌مال ئه‌ترووشی بۆ پۆستی وه‌زیری سامانه سرووشتییه‌كان كاندید كردووه و سیڤییه‌كه‌ی ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كراوه. ھیوادارین پەرلەمانی کوردستان ئەم بابەتە بخاتە بەرنامەی کۆبونەوەی داهاتووی خۆی و متمانەی پێ ببەخشێت". پێشتر ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی رایگەیاندبوو، له رۆژی 1/1 تا 1ی ئازار په‌رله‌مان پشووی وه‌رزی یاسادانانی ده‌بێت، به‌ڵام تێگه‌یشتنێکی هاوبه‌ش له نێوان سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان و فراکسیۆنه‌کان هه‌یه، له‌و ماوه‌یه چه‌ند کۆبوونه‌وه‌یه‌کی نائاسایی بکرێن ئه‌مه‌ش ده‌سه‌ڵاتی په‌یڕه‌وی سه‌رۆکی په‌رله‌مان و سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان بۆ بانگهێشتکردن و دانانی به‌رنامه‌ی کار. وتیشی: "لەم هه‌فته‌یه په‌رله‌مانی کوردستان کۆده‌بێته‌وه و له نزیکترین کات واده‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌و به‌رنامه‌ی کار دیاری ده‌کرێت، کە تایبه‌ت به پڕکردنه‌وه‌ی پۆستی وه‌زیری سامانه سرووشتیه‌کان هه‌موو ئاماده‌کارییه‌کان ته‌واو بووه و له نزیکترین کات سیڤی کاندیدی ئه‌و پۆسته ده‌گاته په‌رله‌مان و له یه‌کێک له کۆبوونه‌وه نزیکه‌کانی په‌رله‌مان دەخرێتە به‌رنامه‌ی کار ده‌کرێ و متمانه‌ی پێده‌درێت".
راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی رایگەیاند، کورتهێنانی بودجەی گشتیی ساڵی 2021ـی عێراق لە زیادەی نرخی نەوت پڕدەکەنەوە؛ پێشبینیش دەکات نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ 65 دۆلار بەرزببێتەوە. مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی رایگەیاند "دەکرێت کورتهێنانی پرۆژە یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2021 بە چەندین بڕگەی خودی بودجەکە پڕبکرێتەوە، وەکو زیادبوونی نرخی نەوت و کەمکردنەوەی خەرجییەکان، کە دەبنە جێگرەوەی قەرزکردن". راوێژکارەکەی کازمی پێشبینی دەکات نرخی نەوت بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە و دەڵێت "تاوەکو هاوینی داهاتوو نرخی هەر بەرمیلێک نەوت دەگاتە 65 دۆلار، ئەوەش بەهۆی لابردنی کۆتەکان لەسەر گواستنەوە لە ئەنجامی کەمبوونی هەڕەشەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان". بە وتەی مەزهەر محەممەد ساڵح "زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت، بە بڕی 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، کە رێکخراوی ئۆپێک بەم دواییە بڕیاری لێ داوە، ئاماژەیە بۆ زیادبوونی خواست لەسەر نەوت و کەمبوونی نەوتی زیادە لە بازاڕەکانی جیهاندا". بەپێی رەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵیی 2021ـی عێراق، نرخی فرۆشتنی نەوت بە 42 دۆلار خەمڵێندراوە و کەمتر لە 50%ی داهاتی ئەو بودجەیە دابیندەکات، کەچی بەشێکی زۆری کورتهێنانی خەمڵێندراوی بودجەکە، کە زیاتر لە 71 تریلیۆن دینارە، بە قەرز پڕدەکرێتەوە، لەکاتێکدا لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق پێشتر لە راپۆرتێک‌دا رایگەیاند، دەبێت عێراق تاوەکو ساڵی 2048 قەرز بداتەوە، ئەوەش جیا لەو قەرزانەی کە چاوەڕواندەکرێت حکومەتی عێراق لە بودجەی 2021دا وەریانبگرێت.
هاوڵاتى نرخى نه‌وتى خاو له‌بازاره‌کانى جیهاندا به‌رزده‌بێته‌وه‌و یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى برێنت نزیک ده‌بێته‌وه له 52 دۆلار. ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه 3ى کانونى دووه‌مى 2021 نرخى یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى برێنت به 51 دۆلار و 72 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه ده‌کرێت، به‌ڵام له‌داخستنى بازاڕدا به 51 دۆلار و 63 سه‌نت بوو. هه‌روه‌ها نرخى یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى ئه‌مریکا(ته‌کساس) به 48 دۆلار و 46 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ده‌کرێت، له کاتى داخستندا به 48 دۆلار و 39 سه‌نت بوو. هاوکات، یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى ئۆپێک پڵه‌س به 50 دۆلار‌و 56 سه‌نته، له‌کاتى داخستندا به 50 دۆلار‌و 39 بوو.
هاوڵاتى له‌یه‌که‌م رۆژى ساڵى نوێى 2021دا نرخى نه‌وت به‌رزده‌بێته‌وه‌و یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى برێنت گه‌یشتووه‌ته 51 دۆلار‌و 72 سه‌نت. ئه‌مڕۆ هه‌ینى 1ى کانونى دووه‌مى 2021، نرخى یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى برێنت به 51 دۆلار‌و 72 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه ده‌کرێت. هه‌روه‌ها یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى ئه‌مریکا(ته‌کساس) به 48 دۆلار‌و 63 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه ده‌کرێت. هاوکات یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى ئۆپێک پڵه‌س به 50 دۆلار‌و 39 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه ده‌کرێت. له 20ى ئه مانگه‌دا جۆو بایدن سه‌رۆکى هه‌ڵبژێردراوى ئه‌مریکا ده‌گاته کۆشکى سپى و چاودێرانى ئابوورى و بازارى نه‌وت رایانگه‌یاند که به‌وهۆیه‌وه نرخى نه‌وت ده‌گاته 55 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێک، چونکه سه‌قامگیرى بۆ بازارى نه‌وت زیاتر ده‌گه‌رێته‌وه.
هاوڵاتى باوکى بۆریس جۆنسن سه‌رۆک وه‌زیرانى به‌ریتانیا رایگه‌یاند:" له پرۆسه‌ى پێشکه‌شکردنى داخوازینامهى به‌ده‌ستهێنانى پاسپۆرتى فه‌ره‌نسیدایه بۆ هێشتنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى له‌گه‌ڵ یه‌کێتى ئه‌وروپادا پاش ده‌رچوونى له‌نده‌ن له یه‌کێتى ئه‌وروپا". ستانلى جۆنسن، ئه‌ندامى پێشووى په‌رله‌مانى ئه‌وروپا که له ریفراندۆمه‌که‌ى ساڵى 2016 ده‌نگى به مانه‌وه‌ى به‌ریتانیا له یه‌کێتییه‌که دا، به رادیۆى RTLى فه‌ڕه‌نسى راگه‌یاند ئه‌و ویستى ببێت به هاووڵاتى فه‌ره‌نسا چونکه په‌یوه‌ندییه‌کى به‌هێزى خێزانى له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسادا هه‌یه. هه‌روه‌ها جۆنسنى ته‌مه‌ن 80 ساڵان که به زمانى فه‌ره‌نسى قسه‌ى کرد راشیگه‌یاند: " ئه‌گه‌ر به راستى تێگه‌یشتبم، من فه‌ره‌نسیم، دایکم له فه‌ره‌نسا له دایک بووه، دایکى ئه‌و له ئه‌سڵدا فه‌ره‌نسى وه‌کو باپیری. جا بۆمن گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ هه‌مان شتى که پشتر هه‌مانبووه. ئه‌وه‌ش خۆشحاڵم ده‌کات." هاوکات ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه که "بێگومان هه‌میشه ئه‌وروپاییه‌ک ده‌بم. که‌س ناتوانێت به خه‌ڵکى به‌ریتانیا بڵێت: تۆ ئه‌وروپایى نیت. هه‌بوونى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ یه‌کێتى ئه‌وروپادا گرنگه." به‌ڵام بۆریسى کوڕى له ریفراندۆمه‌که‌ى ساڵى 2016دا یه‌کێک بوو له که‌سه ناوداره‌کانى هه‌ڵمه‌ته‌کان بۆ ده‌رچوون له یه‌کێتییه‌که و گوتى به‌ریتانیا ده‌شێت وه‌ک گه‌لێکى ته‌واو سه‌روه‌ر له ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و یه‌کێتییه‌ى که ئه‌و به زۆر بیرۆکراسى وه‌سفى کرد سه‌رکه‌وتووبێت. به‌ڵام له رۆژى چوارشه‌ممه سه‌رۆک وه‌زیرانى به‌ریتانیا په‌یامێکى زۆر نه‌رمترى هه‌بوو رایگه‌یاند: " ئه‌مه کۆتایى به‌ریتانیا نییه وه‌کو وڵاتێکى ئه‌وروپا، ئێمه له چه‌ندین رێگاوه شارستانیه‌تى سه‌ره‌کى ئه‌وروپاین و ئێمه به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ر ئه‌مه." به‌ریتانیا به فه‌رمى له شه‌وى پێنجشه‌ممه‌وه یه‌کێتییه‌که به‌جێده‌هێڵێت پاش 48 ساڵ ئه‌ندامێتى له‌ناو ئه‌و یه‌کێتییه‌دا.
هاوڵاتى نرخى نه‌وتى خاو به‌رێژه‌ى له‌سه‌دا 0.18% دابه‌زینى به‌خۆیه‌وه بینیووه‌و هه‌ر به‌رمیلێک نه‌وتى برێنت به 51 دۆلار‌و 47 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه ده‌کرێت. ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 31ى کانونى یه‌که‌مى 2020 و کۆتا رۆژى ئه‌مساڵ نرخى نه‌وتى خاو که‌مێک دابه‌زیووه‌و به‌رمیلێک نه‌وتى خاو له جۆرى برێنت به 51 دۆلار‌و 47 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه ده‌کرێت. هه‌روه‌ها به‌رمیلێک نه‌وتى خاوى ئه‌مریکا(ته‌کساس) به 48 دۆلار‌و 62 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه ده‌کرێت. هاوکات به‌رمیلێک نه‌وتى خاوى ئۆپێک پڵه‌س به 50 دۆلار‌و 19 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه ده‌کرێت.
سه‌رکۆ جه‌مال به‌پێى زۆربه‌ى سه‌رچاوه‌کان، کاتى سه‌رهه‌ڵدانى په‌تاى کۆرۆنا17ى تشرینى دووه‌مه و سه‌رچاوه‌که‌ى شارى ووهانى چینه که دانیشتوانه‌که‌ى زیاتر له 11 ملیۆن که‌سه و به‌و هۆیه‌وه په‌تاکه ته‌واوى جیهانى گرته‌وه سه‌دان هه‌زار که‌س گیانیان له‌ده‌ستدا. ڕێکخراوى ته‌ندروستیى جیهانیى له ڕۆژى 31ى کانونى یه‌که‌مى 2019 دا ئاگاداریى یه‌که‌مى بڵاوکرده‌وه و دواى ئه‌وه‌ش ده‌سه‌ڵاتدارانى چین لاى خۆیانه‌وه ده‌رکه‌وتنى حاڵه‌تى هه‌وکردنى تووندى سییه‌کانیان ڕاگه‌یاند، یه‌که‌مین جاریش ئه‌و ڤایرۆسه له بازاڕێکى فرۆشتنى به‌کۆى به‌روبوومى ده‌ریایى و ماسیى دا بوو، هه‌رزوو ڕێوشوێنى جیاکردنه‌وه‌ى توشبووان گیرایه‌به‌ر. له 11ى کانوونى دوه‌مى 2020 دا ده‌سه‌ڵاتدارانى چین گیانله‌ده‌ستدانى یه‌که‌مین که‌سیان به‌و ڤایرۆسه ڕاگه‌یاند که به‌خێرایى به سه‌رانسه‌رى جیهاندا ته‌شه‌نه‌ى سه‌ند و بووه هۆى په‌کخستنى ئابوریى و راگه‌یاندنى قه‌ده‌غه‌کردنى هاتوچۆ و جێبه‌جێکردنى چه‌ندین رێوشوێنى دیکه، تا ئه‌مڕۆش گیانله‌ده‌ستدانى زیاتر له یه‌ک ملیۆن و 800 هه‌زار که‌سى له‌جیهان لێکه‌وتووه‌ته‌وه، زیاتر له 82 ملیۆن که‌سیش وه‌ک تووشبوو تۆمارکراون. له‌و ماوه‌یه‌دا مرۆڤایه‌تى چه‌ندین رێکارى گرته‌به‌ر وه‌ک په‌یڕه‌وکردنى دووره‌په‌رێزى کۆمه‌ڵایه‌تیی، خوێندنى ئۆنڵاین، قه‌ده‌غه‌کردنى هاتوچۆ، داخستنى به کۆمه‌ڵى کارگه و شوێنه گشتییه‌کان، په‌تاکه‌ش به‌شێوه‌یه‌ک کاریگه‌رى کردووه‌ته سه‌ر ژیانى ملیۆنه‌ها که‌س له سه‌رانسه‌رى جیهان که شێوازێکى جیاوازى ژیانى هێناوه‌ته ئاراوه. راگه‌یاندنى ڤایرۆسه‌که‌ش له‌لایه‌ن رێکخراوى ته‌ندروستیى جیهانیه‌وه هاوکات بوو له‌گه‌ڵ (جه‌ژنى به‌هار) له چین، ساڵانه له‌و جه‌ژنه‌دا سه‌دان ملیۆن گه‌شت له رێگه‌ى وشکانیی، ده‌ریا و ئاسمانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌مه‌ش وایکرد زیاتر په‌تاکه به جیهاندا بڵاوببێته‌وه، گومانیش له‌باره‌ى ئه‌گه‌رى بڵاوکردنه‌وه‌ى به ئه‌نقه‌ست هه‌بێت. هه‌موو وڵاتان هه‌وڵه‌کانیان بۆ کۆنترۆڵکردنى په‌تاکه خسته‌گه‌ڕ، زۆرێک له وڵاتانى جیهانیش ده‌ستیان به لێکۆڵینه‌وه و گه‌ڕان به‌دواى ڤاکسیندا کرد. هه‌روه‌ها به‌پێى ئاماره‌کانى رێکخراوى ته‌ندروستیى جیهانى له 12ى تشرینى دووه‌مى ئه‌مساڵه‌وه له سه‌رتاسه‌رى جیهان، 48 ڤاکسینى دژبه کۆرۆنا له‌سه‌ر مرۆڤ تاقیکراونه‌ته‌وه و 164 ڤاکسینى دیکه‌ش هێشتا له قۆناغى تاقیگه‌دان، به‌هۆى کاریگه‌رى په‌تاکه‌وه ساڵى 2020 گه‌شه‌ى ئابوورى به رێژه‌ى له‌سه‌دا دوو پۆینت سێ له جیهان که‌م بوویه‌وه. له‌کۆتایى به‌هارى 2020 هه‌ندێک وڵات ده‌ستیان به ئاسایى کردنه‌وه‌ى دۆخه‌که کرد، به‌ڵام جارێکى دیکه له زستاندا ڤایرۆسه‌که به‌شێوه‌یه‌کى به‌هێز گه‌ڕایه‌وه و به‌شێک له وڵاتانى ناچار کرد به‌ده‌ر له که‌ره‌نتینه و داخستنى شوێنه گشتییه‌کان رێوشوێنى جیاواز بگرنه‌به‌ر. له‌عێراقیش رۆژى 24 شوباتى 2020 له نه‌جه‌ف یه‌که‌م حاڵه‌تى کۆرۆنا لهخوێندکارێکى ئێرانی‌دا ده‌رکه‌وت، به‌پێى دواین ئاماریش زیاتر له 594 هه‌زار حاڵه‌تى کۆرۆنا له‌عێراق تۆمارکراوه، له‌و ژماره‌یه‌ش زیاتر له 12 هه‌زار و 800 که‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه. هاوکات له‌هه‌رێمى کوردستانیش تا ئێستا سێ هه‌زارو 383 که‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و ده‌یان هه‌زار که‌سى دیکه‌ش تووشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بوون.
