هاوڵاتی دوێنێ چوارشەممە پزیشکیان گەیشتە بەغدا، وەکو یەکەم سەردانی فەرمی لە پاش دەستبەکاربوونی سەرەتا سەردانی عێراق کرد و لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەرپرساندا کۆبووەوە و هەروەها ١٤ لێک تێگەیشتنێکیان واژۆ کرد. ئەمڕۆش لەسەر بانگێشتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی هەولێری کرد و لەبارەگای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوویەوە، دواتر لەگەڵ کاک مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە. پزیشکیان ئەمڕۆ لە هەولێر چاوی بە بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کەوت و دواتریش بڕیارە سەردانی سلێمانی بکات و لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی کۆببێتەوە. محەممەد مەحموودیان، کۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی ئێوارەی چوارشەممە ١١-٩-٢٠٢٤، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پزیشکیان سبەی نیوەڕۆ دەگاتە شاری سلێمانی، سەردانی گڵکۆی مام جەلال دەکات و دواتر لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کۆدەبێتەوە. کۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی دەڵێت: ''بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پەیوەندییە قووڵەی کە لە نێوان ئێران و مام جەلالدا (سکرتێری کۆچکردووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆککۆماری پێشووی عێراق) هەبوو، لەکاتی گەیشتنی، یەکەم وێستگەی سەرۆککۆمار گڵکۆی مام جەلال دەبێت''. بەیانیی رۆژی چوارشەممە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازیی لێکرا و بڕیارە سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان سێ رۆژ بخایێنێت. عێراق یەکەمین وڵاتە کە پزیشکیان دوای سوێندخواردنی وەکو سەرۆککۆمار لە ٣٠ـی تەممووزی ئەم ساڵ سەردانی دەکات، سەردانەکەشی دوای بانگهێشتێکی فەرمیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو. هەروەها مەسعود پزیشکیان یەکەم سەرۆک کۆماری ئێرانە، کە بە زمانی کوردی قسە دەکات و پێوستی بە وەرگێر نییە.
هاوڵاتی ڕاگەیەندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری / وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە لەسەر بڕیاری بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی تەمووزی خانەنشینانی هێزەکانی یەکە( ٧٠ ) درا. تێبینی/ خەرجکردنی مووچەی ئەو توێژە وەک کۆتا مانگ هاوشێوەی چەند ساڵی ڕابردوو لەسەر بەرپرسیارێتی وەزیری دارایی خەرجکراوە و بۆ مانگەکانی داهاتوو هەر کێشەیەک بۆ مووچەکانیان دروست ببێت کە لە گەنجینەی دووی سلێمانی مووچەیان بۆ خەرجدەکرێت، لەئەستۆی بەرپرسانی ئێستا و ڕابردووی هێزەکانی حەفتایە کە زیاتر لە(١٠) ساڵە هەماهەنگییان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نەکردووە بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارەسەر بکرێت. شایەنی باسە بەپێی یاسای چاکسازی پێویست بوو لە دوای مانگی حەوتی ساڵی( ٢٠٢٠) ئەو خانەنشینانەی دۆسیەی دروستیان هەیە دۆسیەکانیان بخرایەتە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لەوەزارەتی دارایی و ئابووری، کە ئەوە تێبینی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانە کە نابێت هیچ خانەنشینێک لەدەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سەر بەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان مووچە وەربگرێت. بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری/ وەزارەتی دارایی و ئابووری ٢٠٢٤/٩/١
هاوڵاتی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" داوای مانگرتنی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، چەند ڕاستییەكیش لەبارەی فشاری ئێران بۆسەر حزبەكانی ڕۆژهەڵات باس دەكات و هاوكاری دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان پشتڕاستدەكاتەوە. پارتە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كورستان و ڕێكخراوە مەدەنییەكان و پارێزەرانی مافی مرۆڤ، بە بۆنەی ساڵیادی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادیی" بانگەواز بۆ مانگرتنی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكەن. كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستان، لە پەیامێكدا ڕایگەیاند:" شۆڕشی ژینا هەر له دەستپێک ناوەڕۆکێکی جیاواز و ئاسۆیەکی ڕوونی بەخشی به خەباتی ڕزگاریخوازی که هۆکاری سەرەکی بوو لە بڵاوبوونەوەی شۆڕش و پشتیوانی و لایەنگری جیهانیی لەم شۆڕشە". كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان دەڵێت "کۆماری ئیسلامی بە سەرکوتی خوێناویی و بێبەزەییانەی خەڵکی تێکۆشەر و هەروەها هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکە و ئوردووگای حیزبەکان جارێکیتر ویستی ئیرادەی پۆڵایینی بزاڤی خەڵکی کوردستان تێک بشکێنێت و پەلامار و هێرشی ڕژێم بەوە نەوەستایەوە و بە واژۆ کردنی ڕێکەوتننامەی ئەمنییەتی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق گوشاریان خستە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گواستنەوەی ئوردووگا و بارەگاکانی کۆمەڵە، بەڵام ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی قەت ناتوانێ بە چۆکیدا بێنێ ئیرادە و ویستی خەڵکی شۆڕشگێری کوردستان و بزاڤە بەرحەقەکەیانە." باس لەوەشدەكات " لە دووهەم ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا دەنگمان دەخەینە پاڵ ڕێکخراوە مەدەنییەکان و داوا دەکەین بۆ بەرز راگرتنی بزووتنەوەی سیاسی و خۆڕاگرانەی خەڵکی کوردستان، بۆ بەرگری لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان، بۆ ڕێز گرتن لە هەموو گیانبەختکردووان و خۆڕاگری زیندانیانی سیاسی، جارێکیتر خەڵکی کوردستان بە هاوپشتی و یەکگرتوویی ئیرادەی بەهێزی خۆی وەک هەمیشە بە مانگرتنی گشتیی نیشان بدات". ژینا ئەمینی ( مەھسا ئەمینی) كچێكی كوردی خەڵكی شاری سەقز بوو لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان كە لە ڕۆژی 13ی ئەیلوولی 2022 لە تاران بە بیانووی نەگونجاویی حیجابەكەی لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی حكومەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر كرا و بەھۆی ئەشكەنجە و لێدان كەوتە كۆماوە و دوای سێ ڕۆژ، لە 16ی ئەیلوولی 2022، لە نەخۆشخانەی كەسرا لە تاران كۆچی دواییی كرد. مردنی ژینا ناڕەزایەتییەكی بەرفراوانی كۆمەڵگەی ئێرانی لێكەوتەوە، ناڕەزایەتییەكانیش ناونرا بە شۆڕشی ژینا یاخود "ژن، ژیان، ئازادی".
هاوڵاتی بەپێی نووسراوێكی وەزیری دارایی كە تێیدا هاتووە، بڕیاری لێخۆشبوون بۆ سزای دواكەوتن لەسەر خاوەنكارانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی دەرچوو. بەپێی نووسراوێكی كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، پاڵپشت بەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە، بڕیارمان بۆ لێخۆشبوون لەسەر قەرزی دەستەبەری و ماوەكەی درێژ كردەوە. باس لهوهشكراوه لێخۆشبوونەكە لە تەواوی 100%ـی سزای دواكەوتنی كەڵەكەبوو لەسەر خاوەنكاران، تایبەت بە بەشداریی دەستەبەری كۆمەڵایەتی تا 31ـی تشرینی یەكەم دەبێت. لێخۆشبوون لە دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ سێیەمین جارە درێژ دەكرێتەوە، لە ماوەی رابردوودا دووجار ئەو بڕیارە دراوە و ئەمجارەش بۆ خزمەتی هاووڵاتییان درێژ كرایەوە.
هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ لە كاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهای دۆلار بەرانبەر بە دینار دابەزی و 100 دۆلار بە 149 هەزار و 650 دینار مامەڵەی پێوەكرا. بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كاتی كردنەوەی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، 100 دۆلار بە 149 هەزار و 850 دینار مامەڵەی پێوەكراوە. هەرچەندە لە ئەمساڵدا حكومەت و بانكی ناوەندیی عێراق چەند بڕیارێكیان بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرانبەر بە دینار دەركرد، بەڵام لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەهای دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیی.
هاوڵاتی لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕزگارییەوە تۆمەتبارێكی ژن دەستگیركرا كەدزی لەماڵێك كردووە، ئەو ژنە چەند فەرمانێكی گرتنی لەچەند بنكەیەك هەیە. پۆلیسی سلێمانی بڵاویكردەوە: دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە لەماڵەكەی پارەو ئاڵتونی لێدزراوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان دەستپێكردو دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا لە لایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕزگارییەوە تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت و لە كاتی دەستگیركردنیشیدا دەستگیرا بەسەر چەند پارچە ئاڵتونێكدا. بەوتەی پۆلیسی سلێمانی لەئێستادا تۆمەتبار ( چ، ل ) بە بڕیاری دادوەر وبەپێی ماددەی 444 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو لە كاتی لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوت كە تۆمەتبار چەند فەرمانێكی تری گرتنی هەیە.
هاوڵاتی نەسروڵڵا رەشنودی، کۆنسووڵی گشتیی ئێران لە هەولێر ڕایگەیاند: سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان لەسەر بانگێشت و داخوازی سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەروەها بانگێشتی نێچیرڤان بارزانی بووە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. کۆنسووڵی گشتی ئێران لە هەولێر باسلەوەشدەکات، ئامانجی سەردانەکەش پەرەپێدانە بە پەیوەندیی دوو لایەن لە بوارە جیاوازەکاندا. دەشڵێت، لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، پزیشکیان لەگەڵ بەرپرسان گفتوگۆ لەبارەی بوارەکانی، "ئابووری و گەشتیاری، کولتووری و زانستی و سیاسی دەکات." هەروەها "بواری کۆمەڵایەتیش لە دیدارەکاندا قسەیان لەسەر دەکرێت."
هاوڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان، لەبارەی یاداشتە ئەمنیەكەی نێوان بەغدادو ئەنكەرەو، لێكەوتە چاوەڕوانكراوەكانی لەسەر عێراق، كۆبووەتەوە. كەناڵی (العهد) بڵاویكردووەتەوە: ئەمڕۆ، چوارچێوەی هەماهەنگی، بە ئامادەبونی محمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و، فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، كۆبووەتەوە. لە كۆبونەوەكدا، جەخت لە پێویستی پارێزگاریكردن لە سەروەری عێراق و رێگەنەدان بە هیچ دەستوەردانێك كراوەتەوە، كە زیان بە ئاسایشی نیشتمانی بگەنێت. چوارچێوەی هەماهەنگی، پێداگری لەسەر ئەوە كردووەتەوە، یاداشتەكە لەسەر بنەمای رێزگرتنی مافەكانی عێراق و خاكەكەی بێت و خشتەیەكی زەمنیش بۆ كشانەوەی تەواوی سوپای توركیا لە عێراق دیاریبكرێت. سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، دامەزراندنی ناوەندی ئەمنیی لەناو سنوری عێراق و بوونی ناوچەی ژێر دەستی هێزەكانی توركیایان رەتكردووەتەوە. لە كۆبونەوەكەدا، ئاماژە بە مەترسییەكانی ئەو یاداشتە كراوە لەسەر ئاسایشی عێراق و داوای گەرەنتی كراوە بۆ پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندیەكانی.
هاوڵاتی دوای چەندین دانیشن ئەمڕۆ سێشەممە، دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر سزای زیندانی "هەتا هەتایی" بۆ دوو لە تاوانبارانی كوشتنی ئەندامێكی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان كەنەكە دەركرد، بەوتەی پارێزەری دۆسیەكە"بكوژ و هەشت ئەفسەر و پلە باڵای میتی توركیا كە لە ڕۆژی كوشتنی ئەندامەكەی كەنەكە لە هەولێر بوون تا ئێستا دەستگیرنەكراون و فەرمانی گرتنیان بۆ دەركراوە". هەژار كاكەیی، پارێزەری دۆسیەی كوشتنی دەنیز جەودەت ناسراو بە دەنیز هیڤی ئاشكرای كرد ئەمڕۆ سێشەممە "كۆتا دانیشتن بوو لەسەر دۆسیەی كوشتنی دەنیز، دادگا بە مادەی 2 لە یاسای بە رەنگاربونەوەی تیرۆر لە هەرێمی كوردستان، بڕیاری زیندانی هەتا هەتایی بۆ هەردو تاوانباری دەستگیركراو كە دەستیان لە تاوانی كوشتنەكەدا هەبوە و دانیان بە تاوانەكانیاندا نابوو دەرچوو، لەگەڵ قەرەبووكردنەوەی ماددی و مەعنەوی كەسوكاری كوژراو، بەڵام ئێمە لە بڕیارەكەی دادگا ناڕازین و تانەی لێدەدەین و داوای سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەكەین". ئەو پارێزەرە وتیشی:" لەسەر هەمان كەیس دادوەر سزای حەوت ساڵ زیندانی دیكەی بەسەر هەردو تۆمەتباردا سەپاند و دۆسیەكانیش بریتیبون لە دۆسیەی سیخوڕیكردن، هەروەها ئەم دوو كەسە بكوژ نەبون و هاوكاربوون و بكوژی سەرەكی هەڵاتووە. لەكاتی لێكۆڵینەوە لەگەڵیان دانیان ناوە بەوەی كاریان بۆ میتی توركیا كردووە و چەندین باندی سیخوڕی تریان دروستكردووە، جگە لەم دو تاوانبارە فەرمانی گرتن بۆ نۆ كەسی دیكە دەرچووە كە ئەفسەر و پلە باڵای میتی توركیان و لە ڕۆژی كوشتنی دەنیز جەودەت لە هەولێر بوون و سەرپەرشتیاری دۆسیەكەیان كردووە". پاشنیوەڕۆی ڕۆژی 18ی 9ی 2023، ئەندامێكی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان، بە ناوی (دەنیز جەودەت) ناسراو بە (دەنیز هێڤی) بەرپرسی ئیداریی كەنەكە كاتێك خۆی بە تەنیا دەبێت لە نێو بارەگاكەیان كە دەكەوێتە بەرامبەر بینای فاملی مۆڵی هەولێر، لەلایەن كەسێكەوە لە دەرگا دەدرێت و بە كردنەوەی دەرگاكە بە چەكی دەمانچە دەكوژرێت، دوابەدوای روداوەكە بەماوەیەكی كەم دو كەس لەسەر ئەو ڕوداوە دەستگیركران و ڕاگەیەندرا كە دەستیان لە كوشتنی ئەو ئەندامەی كەنەكەدا هەبووە. بەپێی زانیارییەكان تاوانبارانی سزادراو ناویان(ع. س.ع) و (ج. ئ) و بە ڕەچەڵەك كوردن و ناسنامەی توركیاو عێراقیان هەیە و لەپێش لێكۆڵەر دانیان بە تاوانەكەیان ناوە كە هاوكاری بكوژبون و كاری سیخوڕییان كردووە بۆ توركیا، بەڵام ئەمڕۆ سێشەممە لە پێش دادوەر وتەكانی پێشوویان ڕەتكردەوە. تاوەكو ئێستا توركیا لەبارەی تێوەگلانی لە تیرۆركردنی "دەنیز هێڤی" هیچی ڕانەگەیاندوە وەك پارێزەرەكەی وتویەتی"سزادراوان دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە، كە سیخوڕییانكردوە بۆ توركیا.
هاوڵاتی کەمێک پێش ئێستا، سوپای تورکیا کەمپی شەهید ڕوستەم جودیان لە مەخمور بۆردومان کرد. لەلایەن فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکەوە ماڵی هاوڵاتییەک لە کامپی پەنابەرانی مەخموور بۆردوومان کرا، لە کاتێکدا کە شاندێکی حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی کامپەیان کرد. بۆردوومانەکە هاوکات بوو لەگەڵ سەردانی شاندێکی حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ درووستکردنی ناسنامە و فۆڕمی خۆراک بۆ دانیشتوانانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخموور. بەهۆی بۆردوومانەکەوە زەرەر و زیانی ماددیی بەر ماڵی هاوڵاتییەکە کەوتووە، بەڵام تائێستا لەبارەی زیانی گیانییەوە هیچ زانیارییەک بەردەست نییە. یەكەمجار نییە توركیا كەمپی مەخموور بۆردومان دەكات، بەڵام نزیكەی ساڵێكە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ئەو كەمپە بە "پاساوی بوونی ئەندامانی پەكەكە" زیاتر بوون. كەمپی مەخموور تایبەتە بە هاونیشتمانییانی باكووری كوردستان، لە ساڵی 1998ـەوە لە بناری چیای قەرەچووخ لە رۆژهەڵاتی مەخموور دروستكراوە.
هاوڵاتی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كە بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی بەڕێوەچوو، بڕیاردرا بە ناردنی مووچە ڕاگیراوەكانی هەرێمی كوردستان. لەوبارەیەوە هێمن میرانی، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە: ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا کە تا کۆتایی ساڵ مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بەردەوام دەبێت. ئەوەشی خستووەتەڕوو: حکومەتی هەرێمی كوردستان کوردستان تا سەری ساڵ بایۆمەتری و هەژماری من تەواو دەکات. رۆژی دووشەممە، 09-09-2024 تیمی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو: "ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری بڕیاریدا بە پێشکەشکردنی راسپاردەیەک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ ئاڕاستەکردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردن و ناردنی مووچە راگیراوەکانی هەرێمـی کوردستان"، ئەوانەی بەهۆی تەواونەکردنی بایۆمەتری دوورخرابوونەوە".
هاوڵاتی زیاتر لە 140 پێشمەرگە بەهۆی کێشەکانی نێوان محەمەدی حاجی مەحمود و عەبدوڵای برای بێ مووچەبوون. زیاتر لە 140 پێشمەرگە بە هۆی کێشەکانی گوڵەخانەوە کە لەبەرەی عەبدوڵای حاجی مەحمود بوون و لەسەر بیروڕای سیاسی جیاواز ئێستا زیاتر له چوار مانگە مووچەکانیان ڕاگیراوە و پێیان نادەن. ئەو پێشمەرگانە باسلەوەدەکەن، نە لایەنی گوڵەخانە نەلایەنی عەبدوڵای حاجی مەحمود نەلایەنی فەرماندەی یەکەکانی 80 باسی دروستی بابەتەکەیان بۆ ناکەن بۆچی مووچەکانیان ڕاگیراوە. دەشڵێن، کاتێک بەلایەنی گوڵەخانە دەڵێن مووچەکانمان پێبدەن پێمان دەڵێن وەرنەوە مووچەتان پێدەدەین بەڵام پێمان نادەن، کاتێک داواش لە فەرماندەی یەکەکانی 80 دەکەین دەڵێن ئاگاداری هیچ شتێک نین لەم بارەیەوە. داواش لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری پێشمەرگە و فەرماندەی هێزەکانی 80 دەکەن کێشەی مووچەکانیان بۆ چارەسەر بکەن. جێگەی ئاماژەیە، پێشتر ئەم زیاتر لە 140 پێشمەرگەیە پێش دروستبوونی کێشە لەنێوان محەمەدی حاجی مەحمود و عەبدوڵای برای لە ئەرکی خۆیان دابوون لە بناری سورێن و لەگەڵ عەبدوڵای حاجی مەحمود دابوون.
هاوڵاتی وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، لە ناوەڕاستى ئەم مانگەدا بەشى زۆرى ئامادەکارییەکانى کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تەواو دەبن. ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنەکە راهێنان بە 40 هەزار کارمەندى کۆمیسیۆن دەکرێت. وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاشکراشیکرد، لەقۆناغى وردبینیکردن لە بەربژێرەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان چەند بەربژێرێک دوورخرانەوە و ماوەى 3 رۆژ مۆڵەت درابوو بە لیستەکان کە شوێنگرەوەى بەربژێرە دوورخراوەکانیان پڕبکەنەوە و سێ رۆژیش مۆڵەت بە لیستەکان دراوە پەڵپ لە دوورخستنەوەى بەربژێرەکان بدەن. جومانە غەلای وتیشی، تۆمارى دەنگدەران پاک و بێگەردە لە هەڵبژاردنەکاندا پشتى پێ دەبەستین و بەردەوام تۆمارەکەش نوێدەکرێتەوە. گوتەبێژى کۆمیسیۆن داواشى لە هاونیشتمانییان کرد سەردانى بنکەکانى تۆمارکردنى دەنگدەران بکەن و کارتى دەنگدان وەربگرنەوە. سەرچاوە، کەناڵ ٨
هاوڵاتی دکتۆر شلێر فایەق بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، بەهەموو شێوازێک دژی یاسایی بە شودانی کچانی تەمەن ٩ ساڵین،دەشڵێت کچێکی تەمەن ٩ ساڵ هێشتا سوڕی مانگانە و هێلکەدانی پێنەگەیشتووە بۆیە ئەگەر سکی پڕ ببێت، سکپڕیەکەی توشی زۆر لە کێشەکانی سکپڕی دەبێتەوە. دەشڵێت، لەوانەیە لە کاتی منداڵ بووندا توشی زۆر لە کێشەکانی منداڵبوون ببێتەوە لەوانەشە لە دوای منداڵبوون توشی نەخۆشییەکانی دوای منداڵبوون ببێتەوە. ئاماژەی بەوەشدا، کچ لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا ئەوەندە ئامادە نییە بۆ سکپڕبوون و باشترین تەمەن بۆ سکپڕبوونی کچ لە تەمەنی ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵیدایە و بۆیە بەهەموو شێوەیەک دژی یاسایی بە شوودانی کچانی تەمەن ٩ ساڵین و ئەگەر جێبەجێ بکرێت کاردەکاتە سەر پڕاکتیزمان. دکتۆر شلێر فایەق، ئاماژی بە ئامارەکانی بەشوودانی کچانی تەمەن خوار ١٨ ساڵ کرد و ڕایگەیاند، لەدوای ساڵی ٢٠١٦، هاتنی داعش وقەیرانەکانی دارایی لە هەرێمی کوردستان ساڵ بەساڵ ئامارەکانی بەشوودانی کچانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ لە بەرزبوونەوەدایە، زۆربەی ئەوانەشی نەشتەرگەری منداڵبوون ئەنجامدەدەن لە نەخۆشخانەکان ئەوانەن پێش تەمەنی ١٨ ساڵی دووگیان بوون. ئەوەشی خستەڕوو، بەشوودانی کچانی تەمەن خوار ١٨ ساڵ زیاتر لە ناو عەرەبەکان و ڕاگوازراوەکەندایە و خەریکە لە هەرێمی کوردستانیش دەبێت بە دیاردە. ئاشکراشیکرد، لە کاتی منداڵبووندا کچی تەمەن ١٣ ساڵ و ١٤ ساڵ هەیە توشی نەزیفبوون، منداڵ لەبارچوون و توشی پەرکەمی سەر سکپڕی بوون و منداڵەکانیشیان بەزۆری یان لەبار دەچن یان کەم ئەندام دەبن.