هاوڵاتی ئەمڕۆ ئێوارە نرخی زێر له‌بازاڕه‌كانی هه‌رێمی کوردستان گۆڕانكاری به‌سه‌رداهات بەم شێوەی خوارەوە: زێڕی عەیار 21 به 530 هەزار دینار زێڕی عەیار 18 به 455 هەزار دینار لیرەی عەیار 21 به 530 هەزار دینار زێڕی عەیار 22 به 555 هەزار دینار زێڕی عەیار 24 به 605 هەزار دینار

هاوڵاتی ئەمڕۆ لە پارێزگای کەرکوک باوکێک بەهۆی کێشەی خێزانییەوە لەگەڵ هاوسەری پێشووی منداڵە سێ مانگەکەی هەڵداوەتە نێو تانکییەکی ئاوەوە و خنکاوە، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکوک وتی، "باوکەکە باری دەروونی جێگیر نییە و دەستگیرکراوە." لە شارۆچکەی تازەی سەر بە پارێزگای کەرکوک، باوکێک بەهۆی کێشەی خێزانییەوە، منداڵێکی تەمەن سێ مانگی هەڵداوەتە ناو تانکییەکی ئاو و بەهۆیەوە منداڵەکە خنکاوە. لەبارەی رووداوەکەوە، مقەدەم عامر نوری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکوک بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، کە رووداوەکە بەهۆی کێشەی خێزانییەوە دروست بووە، هەروەها باوکەکە باری دەروونی جێگیر نییە و لە ئێستادا باوکەکە بە گوێرەی ماددەی 406ـی یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە. سەرچاوە: کەناڵ ٨  

هاوڵاتی بەهۆی دواکەوتن و پێنەدانی مووچە بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەک فەرمانگەی دادنووسی سلێمانی کارەکانی راگرت و جگە لەو فەرمانگەیەش، دوێنێ هەریەکە لە شارەوانی و کارەباش کارەکانیان راگرت. ئەمڕۆ دووەم رۆژە فەرمانگەی دادنووسی سلێمانی بەهۆی دابەشنەکردن و پێنەدانی مووچە کارەکانی راگرتووە و قەرەباڵغییەکی زۆر لەبەردەم فەرمانگەکەدا دروست بووە. هەروەها بەشێکی دیکە لە فەرمانگەکانی هەرێم دەوامی رۆژانەیان کەمکردووەتەوە، لەکاتێکدا دەبوو دەوامی ئاسایی لە فەرمانگەکاندا لە کاتژمێر ٨:٣٠ خولەکی بەیانیدا دەستپێبکات تا کاتژمێر ٢:٣٠ دوانیوەڕۆ، بەڵام بە گشتی لە کاتژمێر نۆ بە دواوە لە فەرمانگەکاندا دەست بە دەوام دەکرێت و لە نزیک کاتژمێر ٢١ینیوەڕۆدا کۆتایی بە دەوام دەهێنرێت. هەروەها ڕۆژەکانی دەوام کردن لە پێنج ڕۆژەوە کەمکراوەتەوە بۆ دوو یان سێ ڕۆژ. دوێنێش هەریەک لە فەرمانگەکانی شارەوانی و کارەبای بایکۆتیان ڕاگەیاند، دوای چەند کاتژمێرێك دەستیان بە دەوام کردەوە. ماوەی نزیکەی ٦٠ ڕۆژە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە و دیاریش نییە ئاخۆ کەی مووچەی مانگی تەمووز و ئاب دابەشدەکرێت.  

هاوڵاتی  بۆ دابەشکردنى مووچەى مانگی تەمموز بە هاوتاکراوی، ١٥٥ ملیار دینار کورتهێنان هەیە؛ تاوەکو ئەو پارەیە نەنێردرێت وەزارەتی دارایی لیستی مووچە راناگەیێنێت، هەروەها تاوەکو ئێستا وەزارەتى دارایی فیدراڵ بە ناوى هەردوو مانگى تەمووز و ئاب تەنیا 856 ملیار دینارى ناردووە بۆ مووچەى هەرێمى کوردستان، ئەمەش لە کاتێکدایە بە هاوتاکردنى مووچەى خانەنشیانەوە بۆ یەک مانگ پێویستى بە زیاتر لە یەک تریلیۆن و ١١١ ملیار دینارە.   هەروەها وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ بڕى ٪١٠ی لە مووچەى فەرمانبەران بڕیوە لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى یاسای خانەنشینى، کە لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵى جبێەجێدەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەى خانەنشینانى نەناردووە کە بۆ یەک مانگ بە هاوتاکردنەکەوە، پێویستى بە ١٧٦ ملیار دینار هەیە.   ئەمەش لەکاتێکدایە وەزارەتى دارایی عێراق بۆ مووچەى مانگى تەمموز ٣٠٧ ملیار دینارى ناردووە، هەروەها زۆربەى مووچەى مەدەنى و بەشێک لە مووچەى هێزە ئەمنییەکانیشى بۆ ئەو مانگە نەناردووە، هەر بۆیە حکومەتى هەرێمى کوردستان چاوەڕوانى پڕکردنەوەى ئەو ١٥٥ ملیار دینارەیە کە کورتهێنانى تێدایە بۆ مووچەى مانگێک، کە لە لایەن وەزارەتى دارایی فیدراڵەوە بنێردرێت بۆ ئەوەى لیستى مووچەى مانگێک رابگەیێنن. بەر لە هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینان، هەرێمى کوردستان پێویستى بە زیاتر لە 950 ملیار دینار بووە، بە هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینان مانگانە دەبێ زیاتر لە 54 ملیار دیناری دیکەش بنێردرێت.  

هاوڵاتی ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی، دەڵێت: لێناگەڕێین دەسەڵات هەر ئاوا گەمەی ناڕەوا بە ژیان و قووتی مووچەخۆران بکات. ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی، لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، ماوەی ١٠ ساڵە، جۆرەها میکانیزمی مەدەنیان گرتۆتەبەر، تا پێتان بڵێین و تێتان بگەیەنین، کە فەرموون با ئێمەی هاوزمان و هاونەتەوە و هاونیشتیمان پێکەوە بە دادپەروەرانە و ڕێزەوە بژین؛ سەدان پەیامی پڕ لە ئاشتیخوازانە و مرۆڤدۆستی و کوردانەمان بۆ ناردن و دامان بە دڵ و گوێتاندا. دەشڵێت: هەر وەک ساڵی پار، مووچەی مانگەکانی ۷ و ٨ نەدراوە و پلەبەرزکردنەوە بەنایاسایی ڕاگیراوە، هاوکات دەسەڵات پابەند نابێت بە تەوتینی مووچەوە. بۆیە پێمانوایە هەموو ئەو کەرەستانەی وایانکرد ١٥٥ ڕۆژ بڕیاری درێژترین و مەدەنیترین خەبات بدەین، هێشتا ماون و دەسەڵات بەدەم هیچ داوایەکمانەوە نەهاتووە. بەیاننامەیەک لە ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ستەم و بێباکی و تاڵانکارییەکانتان؛ گشت چوارچێوە ئاینیی، ئەخلاقیی، مرۆڤایەتی، نەتەوایەتی و ویژدانییەکانی بەزاندووە. ماوەی ١٠ ساڵە، جۆرەها میکانیزمی مەدەنیمان گرتەبەر، تا پێتان بڵێین و تێتان بگەیەنین، کە فەرموون با ئێمەی هاوزمان و هاونەتەوە و هاونیشتیمان پێکەوە بە دادپەروەرانە و ڕێزەوە بژین؛ سەدان پەیامی پڕ لە ئاشتیخوازانە و مرۆڤدۆستی و کوردانەمان بۆ ناردن و دامان بە دڵ و گوێتاندا؛ بەڵام بەداخەوە ئێوە لەو جۆرەن کە خودا لە قورئانی پیرۆزدا بەم چەشنە پەسنتان دەکات: “خَتَمَ اللَّهُ عَلَيٰ قُلُوبِهِمْ ؤعَلَيٰ سَمْعِهِمْ ۖ ؤعَلَيٰ أَبْصَارِهِمْ غِشَاؤةٌ ۖ ؤلَهُمْ عَذَابٌ عَظِيمٌ”. بۆیە بەهۆی بێباکی و خەمساردیی ئێوەوە؛ ڕوومان لە بەغدادی پایتەخت کرد و خۆشبەختانە لە ئەنجامی هەوڵەکانماندا، بڕیاری مێژوویی دادگای فیدراڵیی لە ٢١/ ٢/ ٢٠٢٤دا بەدواداهات، کە تیایدا دەستەبەری مووچەکانی کردین و لە هەموو دزی و کێشمەکێشێکانتان دەریهێنا؛ بەڵام چونکە لەبەرژەوەندی خۆتان و بندیوارەکانتاندا نییە، ئێوە ئامادەنین بچنە ژێرباری جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە مێژووییەوە. مامۆستایان و فەرمانبەرانی مافخوراو! ئێمە لە کاتێکدا ئەم کۆنگرەیەمان کردووە، کە هەر وەک ساڵی پار، مووچەی مانگەکانی ۷ و ٨ نەدراوە و پلەبەرزکردنەوە بەنایاسایی ڕاگیراوە، هاوکات دەسەڵات پابەند نابێت بە تەوتینی مووچەوە. بۆیە پێمانوایە هەموو ئەو کەرەستانەی وایانکرد ١٥٥ ڕۆژ بڕیاری درێژترین و مەدەنیترین خەبات بدەین، هێشتا ماون و دەسەڵات بەدەم هیچ داوایەکمانەوە نەهاتووە، لەبەرئەوە هەموو ئەگەرێک لەبەردەمماندا کراوەیە بۆ وەستانەوە دژ بە سیاسەتی برسیکردن و شکۆشکاندنی مووچەخۆران. دڵنییاییشتان پێدەدەین چەندین ئەگەر و میکانیزمی نوێمان تاوتوێ کردووە بۆ فشارکردنی جدیی لە خستنەسەرهێڵی دەسەڵات بۆ داواکانمان. بەڕێزان ئێمە لەم پشووی هاوینەدا سێجار سەردانی بەغدادمان کردووە و چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرنگ و سکاڵای کاریگەرمان تۆمارکردووە؛ بۆیە دڵنیابن لێناگەڕێین دەسەڵات هەر ئاوا گەمەی ناڕەوا بە ژیان و قووتی مووچەخۆران بکات.   ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ١ی ٩ی ٢٠٢٤

هاوڵاتی جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان: ئەگەر لە هەفتەیەکەدا مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشت دابەش نەکرێت لە لایەن مامۆستایانەوە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دەکرێت. عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند،ئەگەر لە هەفتەیەکەدا مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشت دابەش نەکرێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە مامۆستایانی ناڕازی مافی خۆیانە بایکۆت بکەن، یەکێتیی مامۆستایانیش پشتگیرییان دەکات و لەوبارەیەوە هەڵوێستی دەبێت. ئەمەش لە کاتێکدایە، نزیکە دوو مانگە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە و ئەمڕۆش یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنەوەی دەوام بوو بۆ مامۆستایان لە خوێندنگەکاندا.

هاوڵاتی نرخی کارەبای موەلیدە لە هەریەک لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و کەرکوک بۆ مانگی 8 دیاریکراو نرخەکان بەم شێوەیە: لە سلێمانی نرخی ئەمپێڕێک کارەبای موەلیدە دەکاتە 16 بۆ 17 هەزار دینار، لە هەولێر 13،500 بۆ 18 هەزار دینارە و لە کەرکوک 6 بۆ 8 هەزار دینارە.

  سۆران عومەر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوکی تایبەت بەخۆی کێشەکانی لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی بە گوێرەی مانگەکان بەم جۆرە بڵاوکردەوە:  موچەی مانگی تەمووز لە لیستی موچەی مانگی تەمووز ٦٨ ملیارو ١٦ ملیۆن دینار بڕدراوە بەم جۆرە : بڕی ٣ ملیارو ١٥٠ ملیۆن دینار دوبارەی ژمارەی وەزیفی بونی هەیە. بڕی ٥٧ ملیارو ٧٤٦ ملیۆن دینار ژمارەی وەزیفی بونی نیە لە لیستەکانی موچە. بڕی ٤٥٦ ملیۆن دینار ناوی دوبارە لە لیستی موچەدایە.  موچەی مانگی حوزەیران لە لیستی موچەی مانگی حوزەیران ١٠٣ ملیارو ٨٨٧ ملیۆن دینار بڕدراوە بەم جۆرە : بڕی ٢ ملیارو ٧٠٨ ملیۆن دینار دوبارەی ژمارەی وەزیفی بونی هەیە. بڕی ٨٨ ملیارو ٥١٩ ملیۆن دینار ژمارەی وەزیفی بونی نیە لە لیستەکانی موچە بڕی ٢ ملیارو ٧٢٩ ملیۆن دینار ناوی دوبارە لە لیستی موچەدایە. وەزارەتی دارایی داوای موچەی بۆ ١٦٤ کەس کردووە کەوردبینی کراوە ناویان دوبارەیەو موچەکەیان ١١٨ ملیۆن دینارە.  موچەی مانگی ئایار لە لیستی موچەی مانگی ئایار ١٥١ ملیارو ٥٥٧ ملیۆن دینار بڕدراوە بەم جۆرە : بڕی ١ ملیارو ٨٦٦ ملیۆن دینار دوبارەی ژمارەی وەزیفی بونی هەیە. بڕی ١٣٦ ملیارو ٩٨٧ ملیۆن دینار ژمارەی وەزیفی بونی نیە لە لیستەکانی موچە. بڕی ١ ملیارو ٤١٣ ملیۆن دینار ناوی دوبارە لە لیستی موچەدایە.  موچەی مانگی ئازار لە لیستی موچەی مانگی حوزەیران ٢٨ ملیارو ٨٧١ ملیۆن دینار بڕدراوە بەم جۆرە : بڕی ٣ ملیارو ٣٥٢ ملیۆن دینار دوبارەی ژمارەی وەزیفی بونی هەیە. بڕی ١٨ ملیارو ٢٨٦ ملیۆن دینار ژمارەی وەزیفی بونی نیە لە لیستەکانی موچە. بڕی ٣٨٥ ملیۆن دینار ناوی دوبارە لە لیستی موچەدایە

هاوڵاتی  هاوڵاتییەکە خەڵکی سنووری پارێزگای دهۆکە و لە شاری ئیستەمبووڵی وڵاتی تورکیا بە ١٢ کەسەوە بە چەقۆ لە دڵیان داوە و کوژرا. بەپێی زانیارییەکان شەڕەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ  یەکشەممە،١ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، لە شاری ئیستەمبووڵ هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری دهۆک کوژرا بە ناوی حەکیم لوقمان، لە ڕووداوەکەشدا دوو کەسی دیکە بریندارن. تائێستا هۆکاری شەڕەکە دیار نییە، بەڵام بە ١٢ کەسەوە هێرشکراوەتە سەر هاوڵاتی حەکیم لوقمان و بە چەقۆیەک لە دڵیان داوە و مردووە، هەر لە کاتی شەڕەکەدا حەکیم لوقمان، ئامۆزایەک و برازایەکی لەگەڵدا بوو ئەوانیش بریندار کراون، دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراون و تۆمەتبارانی ڕووداوەکەش هەڵهاتوون. حەکیم لوقمان پێشانگەی ئۆتۆمبێلی هەیە و لە دووبەیەوە گەڕاوەتەوە ئیستەنبووڵ و لەوێ تووشی ئەو شەڕە بووە و کوژراوە، هەروەها کەسوکاری حەکیم لوقمان بۆ گەڕانەوەی تەرمەکەی و بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکە بەرەو تورکیا بەڕێکەوتوون، حەکیم لوقمان، خەڵکی شارەدێی کەلەکچی سنووری پارێزگای دهۆکە و تەمەنی ٤٥ ساڵ بوو، خێزاندارە و سێ منداڵی هەیە و خاوەنی پێشانگەی ئۆتۆمبێلە. سەرچاوە، ڕووداو

    کاوە شێخ عەبدوڵڵا ئێوارەی 30ی ئاب، جەوهەر نامیق لەسەر مێزی نانخواردن لە ماڵی خۆیان وەڵامی پرسیاری هەندێک لە میوانەکانی دەداتەوە کە سەبارەت بە دوایین هەواڵەکانی شەڕ و ئاشتی نێوان یەکێتی و پارتی لێی دەپرسن. یەکێک دەڵێ: کاک جەوهەر هەست بە جموجوڵێکی سەربازیی پارتی دەکرێ لە دەوروبەری شەقڵاوە و سەڵاحەدین، دەوترێ پارتی دەیەوێ ئەمجارە هەولێر ئازاد بکات. جەهەر نامیق کە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتییە، بە پێکەنینەوە دەڵێ: لە شەڕدا جوڵاندنی هێز شتێکی ئاساییە، بەڵام ئاگام لە هەواڵی دیکە نییە. جارێ باوەڕ ناکەم بۆ هەولێر بێ، مەسەلەی ئازادکردنی هەولێر شتێکی ئاڵۆز و موعەقەدە. رۆژی 31ی ئاب، بەیانییەکەی زوو جەوهەر نامیق بەبێ ئەوەی بزانێ چی ڕوویداوە بە پەلە خۆی دەگەیەنێتە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی و بە خەڵکە خرۆشاو و شادمانەکەی ناو بارەگاکە دەڵێ: هەولێر زۆری نەماوە بە تەواوی ئازاد بکرێ! بەڵام پاش چەند سەعاتێک کە بۆی ڕوون دەبێتەوە ئازادکردنی هەولێر بە یاریدە و هاوکاری سوپای سەدام حسێن بووە، خێرا وەکو سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەیاننامەیەکی ناڕەزایی دەنووسێ و ئیدانەی داگیرکردن و کاولکردنی بینای پەرلەمانی کوردستان دەکات لەلایەن حەرەس جمهووری سەدامەوە. جەوهەر نامیق دەقی بەیاننامەکەی دەنێرێ بۆ ڕۆژنامەکانی پارتی، بەڵام بۆی بڵاو ناکەنەوە. لەوانە (ڕۆژنامەی برایەتی) کە ناوی خۆی وەکو خاوەن ئیمتیاز بەسەر ڕۆژنامەکەوە بووە! رۆژی دواتر جەوهەر نامیق بۆ دۆست و هاوڕێکانی ڕووندەکاتەوە، ئەو بۆیە دژی داگیرکردنی بینای پەرلەمانی کوردستان بووە، چونکە یەکەم سەرۆکی یەکەم پەرلەمانی کوردە؛ سوێندی خواردووە کە دژی شکاندن و بەزاندنی حەرەمی پەرلەمان بێت لەلایەن هێزی چەکدارەوە. جا ئەو هێزەش حەرەس جمهووری بەعس بێ! حەرەس جمهووری ژووری سکرتێری پەرلەمانیان کردووە بە تەوالێت، هەموو بەڵگەنامە و کەرەستەکانی سەرۆکی پەرلەمانیان بردووە بۆ بەغدا، ئیتر چۆن دژی ناوەستمەوە. من ئامادەم لەم پێناوەدا باجی گەورە بدەم، بەڵام ئامادەنیم ئەم داگیرکارییە قبوڵ بکەم. چوار ڕۆژ دوای 31ی ئاب، جەوهەر نامیق وەک سەرۆکی پەرلەمان، ئەم ناڕەزاییەی خۆی کردە عەمەل و یەکەم کۆبوونەوەی پاش ئەو ڕووداوانەی بردە (مزگەوتی گەورەی شەقڵاوە) و نەیبردە بینای داگیرکراوی پەرلەمانی کوردسانەوە لە هەولێر. لەو کۆبوونەوەیەی مزگەوتی گەورەی شەقڵاوەدا، فرەنسۆ حەریری وەک سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان هەستا و بەنیگەرانییەوە وتی: پێم سەیرە لەم شوێنەدا پەرلەمان کۆبووەتەوە، ئەی ئەوە نییە بینای پەرلەمانی کوردستان ئازادکراوە؟ ئەم هەڵوێست و کردەوانەی جەوهەر نامیق کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و کەسێکی نزیک و تێکەڵاوی بنەماڵەی بارزانی بوو، شتێکی زۆر ئازایانە و مەبدەئیانە بووە بۆ ئەو کات و ساتە هەستیارە. ئەوێک کە حزبەکەی گەیشتووەتە لوتکەی سەرکەوتن و نەیارەکەی خۆی لە هەموو کوردستان دەرپەڕاندووە، بەڵام نەکەوتە ژێر کاریگەری دڵخۆشییەکان و لەناو گەرمەی هەیەجان و دڵخۆشییەکانی سەرکەوتندا، دەنگی ناڕەزایی لە پاڵنەرە سەرەکییەکەی ئەو سەرکەوتنە دەربڕی کە هێنانی سوپای سەدام حسێن بوو بۆ دەرپەڕاندنی یەکێتی لە هەولێر! جەوهەر نامیق وەک پێشبینیکردبوو، لە ساڵانی داهاتوودا باجی گەورەی دا، بەڵام هەڵوێستەکەی و ناڕازیبوونەکەی لە هێنانەوەی سوپای سەدام حسێن بۆ هەولێر و کوردستان، وەک هەڵوێستێکی ئازایانە و جوامێرانە بۆ هەمیشە لکاند بە ناوەکەی خۆیەوە. خۆزگە سەرکردایەتی هەموو حزبەکان، نموونەی وەک نەوشیروان مستەفا و جەوهەر نامیقی زۆرتر تێدا بوایە، تا سەرکردەکان نەیانتوانیایە بە ئارەزووی خۆیان هەموو بڕیارێکیان دەربکردایە و بەبێ لێپرسینەوە و ڕاگرتنیان بچن بۆ بڕیارێکی تر و سەپاندنی خواستێکی تر بەبێ ئەوەی گوێ بدەنە ئەنجامە ترسناکەکانی بڕیارەکانیان. لە ڕۆژی 31ی ئابی هەموو ساڵێکدا، پێویستە ئەم هەڵوێست و کارەی جەوهەر نامیق وەک سەرۆکێکی ئازا و سەرڕاستی پەرلەمانی کوردستان یاد بکرێتەوە و ڕێزی لێ بگیرێت.     تێبینی: زانیارییەکانی ئەم نووسینە، لە کتێبی بیرەوەرییەکانی فەرهاد عەونی بەناوی " ڕۆژگارم ئاوا تێپەڕی" وەرگیراوە. فەرهاد عەونی لە ڕۆژانی 31ی ئابدا سەرنووسەری ڕۆژنامەی برایەتی بووە و دواتر بوو بە نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان.            

هاوڵاتی لەم دواییانەدا، دیاردەیەکی سەیر و سەمەرەی پەیوەست بە زیادبوونی پارەی گومان لێکراو لە عێراقدا بڵاوبووەتەوە، چونکە چەند بانکێک، وەک بانکی ڕافیدەین، بانکی ئەلڕەشید، بانکی بازرگانی. کە پارە بە ملیۆنان دەچێتە دەرەوە و بە سەدان ملیۆن دێتە ناو حسابەکانی بەغدا و بەسرە و هەرێمی کوردستان و هەولێر. وەزارەتی ناوخۆ دەرکەوتە نائاساییەکانی سەروەت و سامانی زۆری لە بەغدای نوێ و ئەلمەنسور و ناوچەکانی دیکەی بەدیکرد. وەزارەتی ناوخۆ بە هاوکاری لەگەڵ بانکەکان چاودێری ناوی هەندێک کەسی کرد کە هەژماری بانکییان بە شێوەیەکی نالۆژیکی گەشەی کردووە و لە بەدواداچوونەکانیشدا دەرکەوت کە سامانی ٦٦ کەسی تەنها لە بەغداوە بۆ زیاتر لە یەک ملیار دینار ئاوساوە، لەنێویاندا فەرمانبەرانی حکومەت کە مووچەی مانگانەیان لە ملیۆنێک دینار و نیو تێنەپەڕیوە. وەزیری بازرگانی و وەبەرھێنان دووپاتی کردەوە کە بازرگانیکردن بە دراوە دیجیتاڵییەکان مەترسی دارایی بە دواوەیە. هاوکات ڕیگەیاند، ئەو سیستەمەی لەم کۆمپانیایەدا بەکاردەھێنرێت بەردەوام لە ژێر چاودێریدایە بۆ دڵنیابوونەوە لە راستی و دروستی سەرچاوەی داهاتی وەبەرھێنەران .

هاوڵاتی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق دەستگیرکردنی دوو چەکداری داعش لە سلێمانی و ئەنبار ڕاگەیاند.  شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، هێزەکانی دژە تیرۆر چەند ئۆپەراسیۆنێکی جیاوازیان لە پارێزگاکانی عێراق ئەنجامدا، چەکدارێکی داعش لە پارێزگای ئەنبار دەستگیرکرا، کە بەڕێوبەری بەرهەمە نەوتییەکانـی چەکدارانی داعش بوو.  بە هاوکاری و هاوبەشی بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی هەرێمی کوردستان چەکدارێکی داعش لە پارێزگای سلێمانی دەستگیر کراوە. دژە تیرۆری عێراق لە هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنیندا پێنج حەشارگەی چەکدارانی داعش لە چیای حەمرین دۆزیوەتەوە و تەقێنراونەتەوە.  دوێنێ لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی سوپای ئەمریکا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە دژی چەکدارەکانی داعش لە پارێزگای ئەنبار، حەوت سەربازی ئەمریکا برینداربوون و 15 چەکداری داعش کوژران.

هاووڵاتی ئاسایشی هەولێر دەستگیركردنی دووكەسی بە تۆمەتی هەڕەشەكردن لە ژنان ڕاگەیاند بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری ڕاگەیاند، کە بەناوی سەنتەری جوانکارییەوە هەڕەشەیان خستبووە سەر ژیانی چەند ژنێك و ڤیدیۆ و وێنەیان تۆماركردوون. ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند: دوو کەسیان دەستگیرکردووە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک هەژمارێکی ساختەیان داناوە بەناوی "سەنتەری جوانکاری سام"، لەڕێگەی ئەو هەژمارەوە وێنە و ڤیدیۆی چەند ژنێكیان لای خۆیان تۆمارکردووە، دواتر هەڕەشەی ئەوەیان لە ژنەكان کردووە، ئەگەر پارە نەدەن ڤیدیۆکانیان بڵاودەکەنەوە. ئاسایشی هەولێر دەڵێت: دوای لێکۆڵینەوەی ورد، ناسنامەی دوو تۆمەتبار بەناوەکانی (أ ، ج ، م) و( هـ ، أ ، م) ئاشکرا بوون و بەهەماهەنگی لەگەڵ (بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران) دەستگیر کران.

هاوڵاتی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان سزای ئەو کاندید و لایەنانە دەدات پێش وادەی دیاریكراو دەستیان بە بانگەشە كردووە.  ڕۆژی 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت و ڕۆژی 16-9-2024 وادەی دەستپێكردنەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنە و ژمارەیەك کاندید و حیزب لەئێستاوە دەستیان بە بانگەشە كردووە. كۆمسیۆن لیژنەیەكی باڵای بۆ چاودێریكردن كاندید و هاوپەیمانی و حیزبەكان هەیە بە ناوی تۆماركردنی سەرپێچییەكان، هەر كەس و لایەنێك پێش وادەی دیاریكراو دەست بە بانگەشە بكات، تۆمار دەكرێت و بەپێی ڕێنماییەكان سزای دارایی دەدرێت. جگە لەوە لیژنەیەكی دیكە هەیە بۆ وەرگرتن و تۆماركردنی سكاڵاكان، هەر كەسێك كە سەرپێچییەكی هەڵبژاردن و پرۆسەی بانگەشە دەبینێت دەتوانێت سكاڵاكەی بگەیەنێتە ئەو لیژنەیە.

هاوڵاتی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە تێپەرینی ٢٨ساڵ بەسەر خیانەتی ٣١ی ئابدا ، بەیاننامەیەکی بڵاوکردوە ڕایدەگەیەنێت :پارتی دەستکاری مێژوو و زەوتکردنی سەروەرییەکانی خەباتی هەمەلایەنەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان دەکات . لە بەیاننامەکەدا هاتووە : بیست و هەشت ساڵی تەواو بەسەر خیانەتی ٣١ی ئاب، کارەساتی هەرە گەورەی ژیانی سیاسیی گەلەکەمان تێپەڕ دەبێت کە پەلاماردانی سوپای فاشستی بەعس بوو بۆ سەر هەولێری پایتەختی کوردستان، لەسەر بانگێشتی رەسمی پارتی دیموکراتی کوردستان. لەبەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوە کردوە : دەرەنجامی ئەو خیانەتە هەر زیان گەیاندن بە خەباتگێڕانی کوردستان نەبوو،بەڵکو برینێکی قووڵی لە جەستەی میللەتی جینۆساید دیدە و قوربانیدەری کورد دروستکرد، ناوبانگ و ناوەرۆکی ڕەوا و ئازادیخوازانەی کوردایەتی لە دونیا لەکەدار کرد. لە بەیاننامەکەدا دەڵێت : لە نزیکەی سێ دەیەدا میللەتی بەسەبر و دانبەخۆداگرتووی کوردستان ،لەبەر ئەم ئایندە و ئەم رۆژە ناخۆشەی کوردستانی بە هەڵسەنگاندنی بە مێژوو سپاردووە و لە زۆر مافی خۆی خۆشبووە، بەڵام پارتی لە هەر دەرفەتێکی بچوکی ناکۆکی خۆماڵیدا خوێ بە برینی نەتەوە و نیشتماندا دەکا، پشتبەستوو بە بەڵانسی ناڕەوای هێز و هەژموونی بە دەستهاتوو لە کەینوبەینەکانی دوای 31ی ئاب گەرەکێتی مێزی خیانەت و ناپاکی بەسەر خەڵکی تردا قڵپ بکاتەوە. هەروەها بەیاننامەکەیدا هاتووە : لەم یادەوەرییە خەمناک و تاڵ و پڕ سوێیەی ٣١ی ئابدا ، کە سەرچاوەی ماکی ئەم هەموو ناجۆرییەیە، بە تایبەتی لە سایەی فەرهەنگێکی بێ مۆڕاڵی دواکەتوودا کە تا ئێستاش ئەم شەرمەزارییە سیاسییە بە دەسکەوتی گوایە نەتەوەیی و نیشتمانی دەناسێنێ و بێ شەرمانە داکۆکی لێ دەکات و خۆی پێوە بادەدات. بانگەوازی خەباتێکی بەرپرسانە و دیموکراتیانە دەکەین .