هاوڵاتی بەشێک لە فەرمانگەکانی سلێمانی دەوامیان ڕاگرتووە و بەشێکیشیان کەمیان کردووەتەوە بەشێک لە فەرمانگەکانی سلێمانی بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە، ماوەی کارەکانیان کەم کردووەتەوە، بەشێکیشیان دەوامیان راگرتووە. ئەمڕۆ زۆرینەی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی دەوامیان راگرت و ئەوانەشی هاتبوونەوە بۆ دەوام زووتر لە وادەی تەواوبوونی کارەکانیان ڕۆیشتوونەتەوە بۆ ماڵەوە. ئەو هاوڵاتیانەی بە مەبەستی تەواوکردنی مامەڵەکانیان سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان کردووە بەبێ ڕایی کردنی کارەکانیان گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەوە. ئەو فەرمانبەرانە باس لەوە دەکەن، مووچەیان دواکەتووە و هیچ وادەیەک دیار نییە بۆ دابەشکردنی مووچەکانیان، بەوهۆیەوە لە دۆخێکی خراپی داراییدا. ئەوەش لەکاتێکدایە، مانگی نۆ نزیک بووەتەوە و تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی دابەش نەکردووە و وتەبێژی حکومەتیش دەڵێت مووچە لەلایەن بەغداوە بەدیل گیراوە نەناردنی پەڵپگرتنی سیاسییە.
هاوڵاتی وتەبێژی حکومەتی هەرێم لەبارەی دابەشنەکردنی مووچەوە ڕایگەیاند، "هۆکارەکەی پەڵپگرتنی سیاسییە". پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەدیلگیراوە و هەموو ئەو هۆکارانەی لەبارەی نەناردنی مووچەوە باسدەکرێن بێ بنەمان. ئاماژەی بەوەکرد، بڕیارە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا لەسەر ئاستی باڵا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە کۆبوونەوە بکرێت، بۆئەوەی گرفتی مووچە چارەسەر بکرێت. جەختیشیکردەوە، هەموو هۆکارەکانی دواکەوتنی مووچە بێ بنەمان و وتی، "ئێمە وەک گێچەڵپێکردنێکی سیاسی تەماشای ئەم دۆخە دەکەین". ئەمڕۆ 52 ڕۆژە مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە، تاوەکو ئێستاش هیچ وادەیەک بۆ ڕەوانەکردنى پارەی مووچە لەلایەن بەغداوە ڕانەگەیەنداوە.
هاوڵاتی بەیانی ئەمڕۆ هێزێکی حەشدی شەعبی لە سنووری گەرمیان دەستیان بەسەر چەند بیرە نەوتێکدا گرت، دوای چەند کاتژمێرێک پەرلەمانتارێکی یەکێتی دەڵێت، "هێزەکەی حەشدی شەعبی پاشەکشەی کرد و ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەدایە". کاروان یاروەیس، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، ئەو هێزەی حەشدی شەعبی کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هاتبوونە ناوچەی کوڵەجۆی زەنگاباد و ویستیان دەست بەسەر بیرە نەوتێکدا بگرن پاشەکشەیان کرد و بیرە نەوتەکە لەلایەن پۆلیسی نەوت و گازی گەرمیانەوە دەپارێزرێ. کاروان یاروەیس ڕاشیگەیاند، هێزەکەی حەشدی شەعبی بەبیانووی ئۆپەراسیۆن و دزەکردنی ژمارەیەک تیرۆریست بەبێ ئاگاداری و پرسکردن هاتوون، بەڵام ئەگەر واشبێ دەبوو لەگەڵ پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنیەکانی سنوورەکە هەماهەنگی بکەن و زانیاریەکان بدەن بەوان یا بەیەکەوە ئۆپەراسیۆن بکەن. لەبارەی هێرشەکەی حەشدی شەعبی، لە نووسینێکدا دڵشاد ئەنوەر، ڕۆژنامەنووسێکی گەرمیان دەڵێت، "هێزەکەی حەشد بەرەبەیان و بێ تەنسیق هاتوون، گەر تەنسیق هەبووایە پێشوەخت پێشمەرگە لەو سنوورە بەشێوەیەک لە شێوەکان ئاگادار دەکرایەوە، هێنانی هێزی زۆریش ئاماژەیە بۆ خۆ ئامادەکردنیان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە". باس لەوەشدەکات، دوای هاتنیان جۆرێک لە پەیوەندی و تەلەفۆنان لە نێوان عێراق و هەرێم دروستبووە، گەرچی هێزەکە بۆ مانەوە هاتوون، بەڵام وەعدی کشانەوە دراوە، بیرە نەوتەکە کە نزیکە لە گوندی سەید مدری گەرمیانەوە، بیرە نەوتێکی کۆنەو وەبەرهێنان و نەوتی لێ دەرناهێنرێ و هی سەردەمی کۆنە. ئاماژە بەوەشدەکای، هاتنی هێزەکە پەیام و ئاماژەی تێدایە، یانی لەداهاتوودا بیرەکانتان لێ وەردەگرینەوە، بەتایبەت چەند مانگێکە پارتیش لە سنوری نەوتی گوێر سەنگەرەکان توندوتۆڵ دەکات.
هاوڵاتی هێزێکی حەشدی شەعبی چوونەتە گەرمیان و سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتیشی بە میدیای حزبەکەی دەڵێت ئەو هەنگاوە بەزاندنی سنوورە و ڕێگە نادرێت هێزەکە لەو ناوچەیە بمێننەوە، لەکاتێکدا میدیای پارتی دەڵێت بە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی هێزەکە چووتەتە ناوچەکە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزێکی زۆری حەشدی شەعبی کە بە هەزاران چەکدار و نزیکەی 200 ئۆتۆمبێل مەزەندە دەکرێن. چوونەتە نزیک سنووری گەرمیان و سەنگەریان لێداوە. میدیای پارتی بڵاویکردەوە: هێزەکەی حەشدی شەعبی بە “ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی” چووەتە ناوچەکە، بەڵام یەکێتی ئەوە ڕەتدەکاتەوە. میدیای فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە زاری “سەرچاوەیەکی باڵا”ی حزبەکەوە بڵاویکردەوە: “هاتنی هێزێکی حەشدی شەعبی بۆ سنووری گەرمیان و کێڵگەی چاڵاو خالید بەزاندنی سنوورەو بە بێ ئاگاداری هێزە فەرمییەکانی ناوچەکە بووە”. سەرچاوەکە جەختیشکیردووەتەوە " “بەهیچ شێوەک رێگەنادرێت ئەو هێزە لە ناوچەیە بمێنێتەوە” . “داوامانکردووە لە حکومەتی فیدڕاڵ دەستبەجێ و ڕاستەوخۆ پاشەکشە بە هێزەکە بکرێت، چونکە ئەو پێشێلکارییە مایەی قبووڵکردن نییە". سەرچاوەکە وای وتووە.
هاوڵاتی زیاتر لە 20 فەرمانبەری گرێبەست لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەولێرەوە دەستگیرکران بڕیارە ئەمڕۆ فەرمانبەرانى گرێبەست لەبەردەم ئەنجوومەنى وەزیران خۆپیشاندان ئەنجامبدەن، بەڵام ژمارەیەک فەرمانبەر دەستگیرکراون. هێزێکى زۆرى ئەمنیی لەسەر شەقامى 60 مەتری هەولێر لە نزیک ئەنجوومەنى وەزیران بڵاوەی پێکراوە و ڕێگری لە کۆبوونەوەی فەرمانبەرانی گرێبەست دەکات.
هاوڵاتی هێزێکی حەشدی شەعبی دەستی بەسەر بیرە نەوتەکانی کوڵەجۆ دا گرت هێزێکی حەشدی شەعبی چووەتە سنووری میحوەری یەکی پێشمەرگە لە سنووری گەرمیان و دەستیان بەسەر بیرەنەوتەکانی ئەو سنوورەدا گرتووە. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، کاتژمێر 04:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە هێزێکی زۆری حەشدی شەعبی کە هەزار چەکدارن و بە 100 ئۆتۆمبێل و شۆفڵ و هامەر، هاتوونەتە ناحیەی کوڵەجۆ و دەستیان بەسەر چەند بیرە نەوتێکدا گرتووە. هێزەکەی حەشدی شەعبی لە نزیکی بیرە نەوتەکان لە کوڵەجۆ سەرقاڵی دروستکردنی سەنگەر و بەهێزکردنی پێگەکانیان.
هاوڵاتی دوای ئەوەی ئەمڕۆ چالاکیەک بۆ سەرکۆنەکردنی شەهیدکردنی دوو ڕۆژنامەنووس ڕێکخراو ڕێگری کرا تیمی کەناڵی ڕوداو کە ڕووماڵی بکەن، سەندیکانی ڕۆژنامەنووسان دەڵێت: "ئەو ڕەفتارە جێگەی نیگەرانیە". سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لقی سلێمانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ئەوەی ئەمڕۆ شەممە 24/8/2024 لە سەکۆی ئازاد لە سلێمانی رویدا، رەفتارێک بوو شایستەی ئەو ناوبانگە جوانەی (پایتەختی رۆشنبیریی) نەبوو کە چەند کەسانێک رێگری لە پەیامنێرو کامێرای کەناڵی روداو بکەن لە روماڵی گردبوونەوەیەک کە بۆ مەبەستێکی پیرۆز ئەنجامدرابوو. ئاماژەی بەوەشکردوە،راستە ھەموو دڵمان گەرمەو جەرگمان بەسۆیە بۆ کارەساتەکەی ھەینی خوێناوی و تیرۆرکردنی ھەردوو کچە رۆژنامەنووسی شەھید (گوڵستان و ھێرۆ)، بەڵام ئازادیی میدیا و جوانی شارەکەو رێگریکردن لە کەناڵێک جودا لە دووسەد کەناڵ کە لەم دەڤەرەدا کار دەکەن, نیگەرانی کردین، سەندیکای ڕۆژنامەنووسان دەڵێت: رێگەدان و رێگرتن لە میدیا, کاری ئەو کەسانە نیە کە ئەمڕۆ نواندیان، بۆیە دەبێت بزانن سەکۆی ئازاد کێ دروستی کردوەو بۆ چ مەبەستێک دروستکراوە، با بزانن سەکۆی ئازاد لە ناو دڵی کۆنە سەربازگەیەکدا دامەزرا بە خوێنی سەدان لاوو دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ ئاودراوە بۆ مەبەستی ئازادیی وتن و رەخنەو گلەیی و گازندەی ھەموو کوردستانیەکە، ھاوکات بۆ ھیچ کوردستانیەکیش نیە ئەم ئازادیە زەوت بکات.
هاوڵاتی هاوڵاتی ناوی ڕێکخەری گشتیی داهاتووی گۆڕان ئاشکرا دەکات پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان کۆنگرەی دووەمی دەکات، هاوڵاتی ناوی ڕێکخەری گشتیی ئاشکرا دەکات. کۆنفڕانس و هەڵبژاردنی باژێڕوانەکانی بزووتنەوەی گۆڕان تەواو بووە، هەر قەزایەک باژێروانێکی دەبێت، لەگەڵ ڕێکخەری ژوورەکان کە ژمارەیان هەشت ژوورە و سەرۆکی فراکسیۆنەکان جڤاتی نیشتمانی پێکدەهێنن. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، گۆڕان جڤاتی نیشتمانی خانەی ڕاپەراندن و ڕێکخەری گشتییی هەڵدەبژێرن، دانا ئەحمەد مەجید، پارێزگاری پێشووتری سلێمانی زۆرترین پاڵپشتی لە نێو جڤاتی نیشتمانی هەیە و دەبێت بە سێیەمین ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان. دوای زیاتر لە 10 ساڵ، دانا ئەحمەد مەجید، پارێزگارى پێشووترى سلێمانى لە دەرەوی وڵات پێش مانگێک گەڕایەوە، ئەویش وەکو ئامادەکاری بۆ خۆ هەڵبژاردنی بۆ ڕێکخەری گشتییی بزووتنەوەی گۆڕان.
هاوڵاتی ئەمڕۆ 24ی ئابی 2024 ، محەمەد حاجی محمود سکرتێری حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لەسەر ڕێکەوتنی نێوان بەغدا و ئەنقەرە ڕایگەیاند: پێویستە هێزە سیاسییەکان لەگەڵ یەکتر کۆببنەوە، لە جیاتی ووڵاتانی دراوسێ. محەمەدی حاجی مەحمود :تیشکی خستۆتە سەر هێرشە سەربازییەکانی ئەم دوایانەی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات. هاوکاتیش دەڵێت: ئەو ڕێککەوتنە هەماهەنگیەی نێوان عێراق و تورکیا، لەسەر حیسابی هێرشکردنە سەر گەلی کورد ئەنجامدراوە. پێویستە هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە بری ئەوەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کۆببنەوە لەگەڵ یەکتر کۆببنەوە. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، هەمووان خۆیان بۆ شەڕێکی نەخوازراو ئامادە دەکەن کە خەریکە لە ناوچەکەدا هەڵگیرسێت و نابێت کورد خۆی بخاتە ناو شەڕێکەوە کە خۆی نایەوێت.
هاوڵاتی بەرەبەیانی ئەمرۆ لەناو تونێلی دەربەندیخاندا بارهەڵگرێک دەکەوێت بەسەر ئۆتۆمبێلێکی تایبەتدا و لە ئەنجامدا 5 قوربانی لێ کەوتەوە و ڕێگای سەرەکی دەربەندیخان-سلێمانی داخرا. ئەمڕۆ 24ی ئابی 2024 کاتژمێر 4:30 سەرلەبەیانی لە ناو تونێلی دەربەندیخاندا ڕووداوێکی هاتووچۆ ڕوویدا کە بارهەڵگرێک کۆنترۆڵی خۆی لەدەست دەدا و دەکەوێت بەسەر ئۆتۆمبێلێکی تایبەتدا، لە ئەنجامدا دوو کەس گیان لەدەست دەدەن و سێ کەسیتریش بریندار دەبن. سلێمان محەمەد، قائیمقامی دەربەندیخان لەبارەی ڕووداوەکەوە بە هاووڵاتی ووت: دوای حەوت کاتژمێر تیمەکانی فریاکەوتن تویانیان تەرمەکانی ڕووداوەکە دەربهێنن و لە ئێستادا تەرمەکان لە پزیشکی دادی دەربەندیخانن، بریندارەکانیش ڕەوانەی نەخۆشخانەی شار کران. قائیمقامی دەربەندیخان وتیشی: سێ بریندارەکە و یەکێک لە قوربانییەکان ئەندامی یەک خێزانن و خەڵکی کرماشانن و شۆفێرەکەش خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. سەبارەت بە داخستنی ڕێگاکە ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستادا ڕێگای سەرەکی دەربەندیخان-سلێمانی داخراوە و شۆفێران دەتوانن شاخی بەرانان بەکاربهێنن بۆ هاتووچۆ.
بەرەی گەل بە توندی سەركۆنەی هێرشە تیرۆریستیەکەی ئەمڕۆی قەزای سیدصادق دەکات کە تێیدا دوو هاونیشتیمانی رۆژنامەوان بەناوەکانی ( گوڵستان تارا و هێرۆ بەهائەدین) کرانە ئامانج و تیرۆرکران. بەرپرسیارێتی پاراستنی ژیان و سەلامەتی و سەروەری خاکی عێراق و هاوڵاتییەکانی لە ئەستۆی دەوڵەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی هەريمی کوردستانە، بەداخەوە هەردولایان لە لوتکەی بێ باکی و بێ خەمیدان بەرامبەر ژیان و سەلامەتی و خوێنی هاوڵاتیانی کوردستان. ئەوەی رودەدات و هەر رۆژەو درۆنێک مرۆڤێکی سڤیل و بێ گوناهی ئێمە دەکاتە ئامانج بە هاوکاری دەستی ناوخۆییە و ئەجێندای سیاسییە ، دوبارە بوونەوەی بەردەوامی ئەو خەرق و پێشێلکارییە ئەمنیانە شکستی حوکمڕانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە و وایکردوە هیچ تاکێک هەست بە سەلامەتی و ئاسایشی ژیانی خۆی نەکات. ئەجێندا دەرەکییەکان، کلکایەتی و دابەشبونە حزبی و شەخسیەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم هەموو سنورێکی بەزاندوە و دەبێت ئەو بێ باکیی و ئەجێندا مەترسیدارانە بەرامبەر ژیانی هاوڵاتیانمان کۆتایی پێبهێنرێت. بەرەی گەل، لە کاتێکدا پرسە و سەرەخۆشی خۆی دەگەینێتە کەس و کاری ئەو دوو شەهیدە رۆژنامەوانە، بەرپرسیارێتی ژیان و سەلامەتی هاوڵاتیانی کوردستان دەخاتە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی هەرێم و عێراق. لای بەرەی گەل ژیان و سەلامەتی هاوڵاتیان هێڵی سورە و دەبێ ئەو بە ئامانجگرتن و تیرۆر و تۆقاندنە سنوری بۆ دابنرێ نەک هاوئاوازی لەگەڵدا بکرێ. بەرەی گەل 23 ئابی 2024
ڕۆژنامەی هاوڵاتی لەشکرکێشی و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا گەیشتووەتە ئاستێک، هەموو ڕۆژێک هەواڵی کارەساتێکی نوێ دەبیستین، کەچی دەسەڵاتدارانی هەرێم و عێراق ڕۆژ بە ڕۆژ بێدەنگتر دەبن و هیچ کاردانەوەیەکی سیاسی و سەربازییان نییە لە بەرانبەردا. ئەم بێباکییەی حزبە کوردییەکانیش کە بووە بە ستراتیژ و لە سایەیدا سەرقاڵی پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیانن، دوو ڕاستی سەرەکیمان بۆ ئاشکرا دەکات: یەکەمیان ئەوەیە چیتر هەرێمی کوردستان خاوەنی هێزێکی سیاسی نیشتیمانی نییە و سەرجەمی لایەنە سیاسییە کوردییەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەکانیشەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان دروستبوون و پەیوەندییان بە پاراستنی خاک و وڵات و ژیانی هاوڵاتیانەوە نییە، دووەمیشیان ئەوەیە ژیانی خەڵکی کوردستان لەژێر هەڕەشە و مەترسییەکی گەورەدایە و پێویستە بە دوور لەو بێدەنگییە ستراتیژییەی دەسەڵاتداران، کاردانەوەی گەورە بە ڕووی ئەم لەشکرکێشییە سەربازییانەی تورکیای داگیرکردا بنوێنن، کە ڕۆژانە دووبارە و سێبارە دەبێتەوە. سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دوای بۆردوومانی هەندێک ناوچەی شارباژێڕ لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە، لەسەر ڕێگای سەیدساق-هەڵەبجە، دوای سنوربەزاندن و دەستدرێژیی سوپای تورکیا بە درێژی ٤٠٠کم، بۆسەر خاک و ئاسمانی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی بۆردوومانکردنەوە بە درۆن، دوو خاتوونی ڕۆژنامەنوس شەهیدکران و شەش هاوڵاتی دیکەش بریندار بوون. بێگومان ئێمە چەندین ساڵە گوێبیستی ئەوە دەبین، کە باشور باجی خەباتی باکور دەدات، بەڵام ئەم قسەیە نەک ڕاست نییە، بەڵکو خۆدزینەوەیەکی ئاشکرایە لە بەرپرسیارێتی نیشتیمانی و هاوکاتکەوتنی دەمامکی کوردایەتیشە بە ڕوخساری سیاسییەکانی هەرێمەوە. لە لایەکی تریشەوە ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێت کام هێز لە خەباتێکی بەردەوامدایە بۆ پاراستنی گەلی کورد و لەبەر چ هۆکارێکیش بەردەوام ڕەتدەکرێتەوە. ئەوەی پێویستە هاوڵاتیانی کوردستان ئەنجامی بدەن، پەرەدانە بە فۆڕمێک لە خەباتی فرەیی و ڕاکێشانی بەرەنگارییە بۆناو کایە و پانتاییە کولتوورییەکانی وەک میدیا و گردبوونەوەی جەماوەری سەرتاسەری و ڕەتکردنەوەی داگیرکەر و خانەخوێ ناوخۆییەکانیان لە یەک کاتدا. چونکە خەبات و بەرەنگاریی تەنیا بە چەک ناکرێت، بەڵکو بە بیری ئازاد و تێگەیشتن لەو ڕاستییەوە دەکرێت، کە دەسەڵاتدارانی هەرێم چاوساغی داگیرکەرانن و خەباتی ئێمەی گەلی کورد بەشێک نییە لەو خۆ ڕادەستکردن و بێباکییەی ئەوان. ئەوەتا ئەمڕۆ دوو خەباتکاریی میدیایی شەهیدبوون، خۆ ئەگەر ئەوانیش وەک ڕۆژنامە نابەرپرسیارەکانی دەزگاکانی ئەوان مفتەخۆر بوونایە، ژیانیان پارێزراو دەبوو. کەواتە بۆ ئەوەی لەم دۆخە ژێردەستەیی و پڕ مەترسییە ڕزگارمان ببێت، بۆ ئەوەی مێژووی سەدان ساڵەی بەرخۆدان و خەباتکردنمان بۆ ئازادی بە فیڕۆ نەڕوات، نابێت فریوی گوتاری دەسەڵاتداران بخۆین کە خۆیان هاوپەیمان و هاوبەرژەوەندی داگیرکەرن، بەڵکو دەبێت سیاسەتی بەرەنگاریی و بەرخۆدان وردکەینەوە بۆسەر ئاستی فرەیی کایەکان و هەر هاوڵاتییەک لە هەر شوێن و جێگایەکدایە، خۆی بە بەرپرسیار بزانێت لە بەرانبەر ئەم هێرشانەی تورکیای داگیرکەردا و بەشدار بێت لە هەر هەوڵێکدا، کە وادەکات جۆرێک لە سیاسەتی فرەیی کولتووریی سەرپێ بکەوێت، تا لە ڕێگایەوە مرۆڤبوون و کوردبوونی خۆمان بپارێزین و کۆتایی بەو گوتارە ناسیۆنالیستییە بهێنین چەندین ساڵە سیاسییەکانی باشور وەک مشەخۆر لەسەری دەژین.
لە ٢٠ی ئاب کاتژمێر ١٢:٥٠ و ١٣:١٥ هێزەکانمان لە گە-ر-یلا-کانی یەژا - ستار بە چەکی قورس سەربازانی داگیرکەریان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە چیای مەتینا کردە ئامانج. لە 20ی ئاب کاتژمێر 21:30 و 23:40 هێزەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە دارکێل و بیشیل کۆپتەرە داگیرکەرەکانیان گرت و ئەمەش بووە هۆی وەستاندنی چالاکیەکانیان بەسەر ناوچەکەدا. ڕۆژی ٢١ی ئاب کاتژمێر ١٦:١٠ هێزەکانمان بە چەکی قورس سەربازانی داگیرکەریان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە کولکە کردە ئامانج و لە ئەنجامدا ئاگر لە یەکێک لە مۆڵگەکانی داگیرکەران کەوتەوە. 2. لە ناوچەی شەهید دەلیل، ڕۆژئاوای زاب؛ لە ٢٠ی ئاب کاتژمێر ٠٤:٣٠ هێزەکانمان بە چەکی قورس سەربازانی داگیرکەریان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی جودی کردە ئامانج. لە ٢١ی ئاب کاتژمێر ٢٠:٥٤ هێزەکانمان بە چەکی نیو ئۆتۆماتیکی جموجۆڵی سەربازانی داگیرکەریان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامیدییە ئاستەنگ کرد ، ئەمەش بووە هۆی وەستاندنی جموجۆڵەکانیان. ڕۆژی ٢١ی ئاب کاتژمێر ٠٦:٠٠ هێزەکانمان بە چەکی قورس سەربازانی داگیرکەریان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامادیە کردە ئامانج. لە ٢٢ی ئاب کاتژمێر ٠٧:٠٩ و ١٧:٣٠ هێزەکانمان لە یەکینەکانی یەژا - ستار بە چەکی قورس سەربازانی داگیرکەریان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامیدییە کردە ئامانج. لە ٢٠ی ئاب کاتژمێر ٠٩:٣٠ هێزەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار بە قەناس لە سەربازانی داگیرکەردیاندا لە ئەنجامدا داگیرکەرێک سزادرا. 3. هێرشی سوپای داگیرکەری تورکیا بە چەکی قەدەغەکراو؛ لە ٢٠ و ٢١ی ئاب تونێلەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئێف ئێم بە چەکی قەدەغە (کیمیاوی ) ٧ جار بۆردومان کران. 4. هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا؛ لە ٢٠ و ٢٢ و ٢٣ی ئابدا ٩ جار هێرش کرایە سەر گۆڕەپانەکانی سێنین، بەربازین، شەهید شەریف، و گردی شەهید هێمن لە ناوچەی خواکوڕک، هەروەها گۆڕەپانەکانی سەحێل کافیا، ئافتال، سێدار، زیفیق، سیسار، دولا میران ، حەفتەباغ، ئارکنە، و زەنکێل لە ناوچەی کاری ١٧ جار گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار لە ناوچەی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاب جارێکی تر، و گۆڕەپانی بەرخۆدان لە بیشیل لە ناوچەی مەتینا دوو جار کە بە گشتی ٢٩ جار بۆردومان کراوە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە. ۆژانی 20 و 21 و 22ی ئاب، گۆڕەپانی شەهید شەریف و گردی شەقیف لە ناوچەی خواکورک، گۆڕەپانی بەرخۆدان لە چیای مەتینا لە ناوچەی مەتینا، گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی جودی لە ناوچەی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاب، لەلایەن کۆپتەرە هێرشبەرەکانەوە بۆردومان کران. ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ فرۆکە جەنگیەکانی تورکیا بۆ دووەم جار سنوری شارباژێری بۆردوومان کرد ، لەکاتژمێر یانزەی پێشنیوەڕۆش لە نزیکی شارۆچکەی سەید سادق ئۆتۆمبێلیکی رۆژنامەنووسانی کردە ئامانج. ماوەی چەندین مانگە هێرش وبۆردومانەکانی دەولەتی تورک بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو چڕ بونەتەوە، رۆژانە بۆردوومانی چیا و گوند وناوچە جیا جیاکانی هەرێمی کوردستان دەکات . لەدواین هێرشەکانیشیدا ئەمرۆ هەینی بۆردوومانی شارۆچکەی ماوەتی لە سنوری شارباژێر کرد، پاشان بۆرومانی ئۆتۆمبێلیکی رۆژنامەنووسانی کرد، تێیدا دوو رۆژنامەنووسی ژن بە ناوەکانی هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا شەهیدبوون و رۆژنامەنووسێکیش بە ناوی ڕێبین بەکر بریندار بوو. بەهۆی سەختی بۆردوومانەکەشەوە لاشەی شەهیدەکان شێواون، پێویستیان بە پشکنینی دی ئین ئییە بۆ ناسیناوەیان لە پاش بۆردومانەکەش دەزگای دژە تیرۆری پارتی ڕاگەیەندرواێکی بڵاوکردوەکە تێیدا هاتووە" فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پە_کە_کە_ی لە نزیک گوندی تەپەڕەشی قەزای سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی کردە ئامانج، بەهۆیەوە بەپرسێکی پەکەکە و شۆفێرەکەی و چەکدارێکی یاوەری کوژران" ئەوەش لە کاتێکدایە دەوڵەتی تورکیا ، ڕۆژانە بۆردوومانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دەکات و هاوڵاتییانی مەدەنی بە ئامانج دەگرێت ،دەزگای دژەتیرۆریپارتی هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە بڵاو نەکردۆتەوە، بەڵام پاش هەر هێرشیکی دەولەتی تورک بۆ سەر هاولاتیانی مەدەنی پێش ڕاگەیاندنەکانی تورکیا دەکەوێت، لە بلاوکردنەوەیهەوڵی چەواشەکارایدا
ئامادەکردنی: هاوڵاتی نیوز داواجار نهێنییەکانی پشت نەناردنی پارە لە بەغداوە ئاشکرا بوو، ئەگەرچی سەرەتا وا دەردەکەوت بەغدا کێشەی بۆ مووچەی فەرمانبەران دروستکردووە، بەڵام دەرکەوت ئەو لیستانەی هەرێم دەینێرێت توڕەیی بەغدای گەیاندووەتە لوتکە و تەیف سامی بە تەواوی هاواری لێ هەستاوە. سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق وردبینی لیستی مووچەی تەواوکردووە و تێبینیەکانی خۆی بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزکردۆتەوە. وتیشی، لیستی مووچە و میلاکاتی 28 وەزارەت و سەرۆکایەتی و دەستە، ناوەکانیان کێشە و جیاوازی زۆری تێدایە، تەنها دەستەی دەست پاکی و چاودێری دارایی و دەستەی ژینگە کێشەی نەبووە. موسەنا ئەمین زانیاری وردتر ئاشکرا دەکات و دەڵێت: "حكومهتى ههرێم ههر مانگه و به جۆرێك لیستى مووچه بۆ بهغدا دهنێرێت، بۆیه بهغداش تێبینى هەیە. پێویسته مووچه رێكبخرێتهوه، دهنا حكومهتى عێراق ئاماده نییه به تورهكه پاره بۆ ههرێم بنێرێت". ئەوەی ڕوونە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق نیگەرانە و پێیوایە هەرێم مانگانە بە ناوی مووچەوە پارەی زیاتری داواکردووە و پارەی زیاتری خستووەتە خەزێنەکەی و ئامادە نییە وردەکاری بایۆمەتری ڕادەستی عێراق بکات. ئەوەی ڕوونە هەفتەی داهاتووش مووچە بۆ هەرێم نایەت و تا ئێستاش بەرپرسانی حکومەتی هەرێم هیچیان ئامادە نین بۆ چارەسەری قەیرانەکە ڕوو لە بەغدا بکەن، لە کاتێکدا بۆ یەکلایکردنەوەی پۆستەکان بەردەوام بە ڕێگەی بەغداوەن. لە ئێستادا هەرێمی کوردستان نەوت لە ناوخۆ و لە دەرەوەش دەفرۆشێت، داهاتی ناوخۆشی بە تەواوی ڕادەستی عێراق نەکردووە، کەچی هیچ لەو پارەیە نایەتە داهاتی گشتییەوە، بە پێچەوانەوە لەم بێمووچەییەدا، هەرێم نرخی بەنزینی بەرزکردەوە، ئەو بەنزینەی لە نەوتی هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت و نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر ٩٢٥ دیناری تێپەڕاندووە.