هاوڵاتی، سازگار ئەحمەد لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، نرخی تەماتەی خۆماڵی بەراورد بە 10 ڕۆژی ڕابردوو بەرزبووەتەوە، کیلۆیەک تەماتەی خۆماڵی لە 600 دینارەرە بەرزبووەتەوە بۆهەزار دینار. ئەمڕۆ دووشەممە 19ی ئابی 2024، عەتا محەمەد، نوێنەری ژووری بازرگانی لە عەلوەی سلێمانی بە هاوڵاتی ڕاگەیاند، "لە هەفتەی ڕابردووەوە نرخی تەماتە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە، بە جۆرێک لە ئێستادا نرخی کیلۆیەک تەماتە لە بازاڕەکاندا کەمتر نییە لە 1500 دینار". لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکەی  نوێنەری ژووری بازرگانی لە عەلوەی سلێمانی وتی، "هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی تەماتە بۆ هاتنی زیارەتکاران دەگەڕێتەوە بۆ عێراق، چونکە تەنها یەک مەرزی بازرگانی لەئێستادا بەرهەمی لێ هاوردە دەکرێت ئەویش مەرزی سۆمارە و ئەویش قەرەباڵغییەکی زۆری لەسەر بوو، ئەمەش وایکرد نرخی تەماتە بەرزبێتەوە". وتیشی، "لە دوای ڕۆشتنەوەی زیارەتکاران و کردنەوەی دەروازەکانی دیکە نرخی تەماتە دووبارە لە بازاڕەکاندا دادەبەزێتەوە".

هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی گومانلێکراو لە هەرێمی کوردستان نییە، چوار بڕیاریش دەردەکات. نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون لە ئێستادا لە نزیکەی 25 وڵاتدا بڵاوبووەتەوە و لەبارەی نەخۆشییەکەوە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری داوە. وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: ئەمڕۆ یەکشەممە 18-08-2024 سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووەوە و بۆ بەرەنگاربوونەوە و خۆپارێزی لە نەخۆشییەکە وەزارەتی تەندروستی ئەم بڕیارانەی دەرکرد: - بەیانی رێکارەکانی خۆپارێزی و ئامادەکاری لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بۆ دامودەزگاکانی تەندروستی رابگەیەنرێت. - لیژنەیەکی باڵای هاوبەش لەنێوان وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کشتوکاڵ پێکبهێنرێت. -پەیامەکانی تەندروستی بۆ هاوڵاتییان و گەشتیاران دابنرێت بۆ هۆشیاری تەندروستی و هەڵمەتی راگەیاندن و رۆشنبیری تەندروستی. - ئامادەکاری دابینکردنی تێستی پشکنینی تاقیگەیی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەنجام بدرێت ئەنجامەی ڕابگەیەنرێت ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون بەهۆی گازگرتن و چڕنووك گرتنی ئاژەڵێكی تووشبوو دەگوێزرێتەوە بۆ ئاژەڵی دیكە و لەوێشەوە بۆ مرۆڤ، یان لەڕێگەی تێكەڵبوون بەهۆی هەڵمژینی هەناسەی کەسی تووشبوو و بەكارهێنانی كەلوپەلەکانیان.

هاوڵاتی بەهۆی تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق گەنجێکی کۆڵبەر کوژرا دوای ئەوەی گەنجێکی گوندی سەرگەتی سەر بە قەزای خورماڵ بەناوی ئارام خەلیل، لەکاتی کۆڵبەریدا لە مەرزی سیپە لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە تەقەی لێکراوە و بە سەختی بریندارکراوە، بۆ بنکەی تەندروستی گواستراوەتەوە و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە. دەروازەی سنووری سیپە دەروازەیەکی نافەرمییە و زۆرجار لەلایەن کۆڵبەرانەوە وەک ڕێگەیەکی پەڕینەوە بۆ سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکاردەهێنرێت.

هاوڵاتی بەر لە چوار مانگ پێش وادەی بەڕێوەچوونی سەرژمێری گشتیی لە عێراق و کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی دا لەسەر دابینکردنی ئامێری پێویست بۆ گواستنەوەی داتاکان. ئامادەکاری وەزارەتی پلانادنانی عێراق بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوامە، 120 هەزار کارمەند لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ سەرپەرشتی پڕۆسەکە ڕاهێنراون. لە ڕاگەیێنراوی فەرمی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا هاتووە: ڕەزامەندی دراوە لەسەر دابینکردنی ئامێر و سێرڤەری پێویست بۆ گواستنەوەی داتای سەرژمێری دانیشتوانی گشتیی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا. دوایین سەرژمێری دانیشتووان لە عێراق ساڵی 1997 کراوە و ئەوکاتیش هەرێمی کوردستان لە سەرژمێرییەکەدا بەشدار نەبووە.

هاوڵاتی دڵشاد عومەر، كە لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان ماوەی نۆ ساڵە بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانییە، لەبارەی هۆكاری دەستبەرداربوونی لە پۆستەكەی، بە میدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە، بڕیارەكە پەیوەستبووە بە گەڕاندنەوەی ئەو 182دۆنم زەوییەی ئامادەیی كشتكوكاڵی بەكرەجۆ، كە بەچەند ڕێگەیەكی نایاسایی درا بە وەبەرهێنەرێک. وتیشی: لەبەر ئەم زوڵمەی لە كەرتی گشتی و پەروەردە دەكرێت، بڕیارمدا سبەینێ 19ـی مانگ وەك پێشتر بڕیارمدابوو دەستلەكار بكێشمەوە دەورو تەسلیمی خۆم دەكەم، هەموو شتێكیشم لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بڕاندووەتەوە و پێشنیار كراوە كەسێكی تر لەجێگەكەم دابندرێت.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپەراسێونەکانی ئاسایش، دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری سوتاندنی چیایی گۆیژە ڕادەگەیەنێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 18ی ئابی 2024، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپەراسێونەکانی ئاسایش، توانیان سێ تۆمەتبار دەستگیربکەن". ئاماژە بەوەکراوە، "شەوی 30ی تەموزی 2024 بکەری سوتاندنی درەخت و پۆش و پاوان و تێکدانی بەشێک لە ژینگە و سروشتی جوانی چیای گۆیژە بوون، تۆمەتباران بەپێی مادەی 342 لە یاسای سزادان ڕاگیراون و ڕووبەڕوی یاسا کرانەوە".

هاوڵاتی تۆمەتباری سەرەکی "دزیی سەدە" کە بە تۆمەتباری سەرەکی بردنى پارەى دانراوى دەستەى باجەکان دادەنرێت نهێنی نوێ ئاشکرا دەکات. لە مانگی ئازاری ساڵی 2023، دەسەڵاتی دادوەری عێراق فەرمانی دەستگیركردنی بۆ چەند بەرپرسێکی باڵای حكومەتی پێشوو بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی دەركرد، بە تۆمەتی "ئاسانكاریكردن بۆ دەستبەسەرداگرتنی بڕی "2.5 ملیار دۆلار لە سامانی گشتی. سەرەتای ئەم مانگە دەستەی دەستپاكیی عێراق دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارانەی ڕاگەیاند كە تۆمەتباران بە دۆسیەی "دزیی سەدە"، هاوكات ناسنامەی تۆمەتبارەكان و چۆنیەتی دەستگیركردنیان لەگەڵ بڕە پارەكەشی ئاشكراكرد، هاوکات نور زوهێر، وەک یەکێک لە تۆمەتبارانی سەرەکی ئەو دۆسیەیە ناسێنرا.  بۆچی دادگایی نەکرا؟ بەپێی بڕیاری دادگاى ناوەندیى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى، سەر بە سەرۆکایەتیی دادگاى پێداچوونەوەى کەرخی بەغدا، کە ئاراستەی دەستەى دەسپاکى کردبوو، بڕیاربوو ڕۆژی 14-8-2024 تۆمەتبار نور زوهێر، تۆمەتباریی دۆسیەیی "دزیی سەدە" بە پێی ماددە 331 لە یاساى سزادانى عێراقى دادگایی بکرێت، بەڵام بە کەفالەت ئازاد دەکرێت بۆ ئەوەی پارەکە بگەڕێنێتەوە و بەهۆی ئامادەنەبوونیشی، دادگاییەکەی بۆ 27ـی مانگ دواخرا. نور نهێنی نوێ ئاشکرا دەکات نور زوهێر، لە بەشێکی ئەو دیدارەی کە کەناڵی شەرقیەی عێراقی لەگەڵی ئەنجامداوە و بڕیارە لە داهاتوو بڵاو ببێتەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەو پارەیەی لەبەردەستیدا بووە، هی "چەک و مامەڵەکان بووە کە لەلایەن دەستەی دەستپاکییەوە وردبینی کراون، نەک پارەی خەزێنەی دەوڵەت، تەنانەت یەک دیناریش هی دەوڵەت نییە".  داوای خانوویەکی شاهانەیان لێکردم بە وتەی زوهێر: " یەکێک لەو پەرلەمانتارانەی بە گاڵتەجاڕییەوە باس لەو دۆسیەیە دەکات، داوای خانوویەکی بە ڕووبەری 1200 مەتر چوارگۆشە لێکردم، بە مەرجێک لە سەر شەقامی ئەمیرات (دەکەوێتە ناوچەی مەنسور لە بەغدا) بێت". ناوی هەمووان ئاشکرا دەکەم زوهێر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئەگەر بێت و دادگایی بکرێت، ناوی هەموو ئەوانە ئاشکرا دەکات کە دەستیان لەو دۆسیەیە هەیە بە تایبەت ئەگەر پرۆسەی دادگاییکردنەکە بەشێوەی ئاشکرا بێت.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ناوی 97 کۆمپانیا بڵاودەکاتەوە کە گرێبەستیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکە هەیە و ڕێگەپێدراون. ئەمساڵ بەهۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری حاجییان، بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەیان کۆمپانیا دەستپێکرد کە ڤیزای گەشتیاری یەک ساڵەیان بۆ هاونیشتمانیان وەرگرتبوو. بەوتەی بەرێوەبەرایەتییەکە 91 کۆمپانیا مۆڵەتییان لێ وەرگیراوەتەوە و 97 کۆمپانیاش ڕێگەپێدراون.

هاوڵاتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی قه‌ده‌غه‌كردنى ڕاوه‌ ماسى له‌ به‌نداوى دێوانه‌ لە قەزای دەربەندیخان تاوه‌كو 2025/6/21 ڕاگەیاند.   لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، "لەپێناو بوژاندنەوە و زیادکردنی ڕێژەی ماسی، بڕیار درا بە قەدەغەی ڕاوی ماسی لە بەنداوی (دێوانە) لە قەزای دەربەندیخان تاوه‌كو 2025/6/21".      ئاماژەی بەوەشکرد، "بەنداوی دێوانە بەنداوێکی نوێیە و ماوەی ساڵێکە پەنجە ماسی تێکراوە و ماسییەکانیش قەبارەیان بچووکە و سێ ساڵی پێویستە تا بە تەواوی پێبگەن و وەچە بخەنەوە و ڕاوکردنیان دەبێتە هۆی لەناوچوونی سامانی ماسی لە بەنداوەکەدا".     پۆلیسى دارستان دەشڵێت، "لەو ماوەیەدا ڕاوکردن بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە تەنانەت بە (قولاپ و تۆڕ) لەبەرانبەردا سەرپێچیکاران ڕووبەڕوی دادگا دەکرێنەوە، داواکاریشین لە هاوڵاتییان پابەندی ڕێنماییەکان بن و خۆیان بە دوور بگرن لە ڕاوکردنی ماسی".

هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە 18ی ئابی 2024، بە فەرمی محەمەد حافز وەکو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەستبەكاربوو یەکەم کۆبوونەوەشی لەگەڵ پارێزگاری شارەکە ئەنجامدا. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک و محەممەد حافز جەختیان لەوە کردەوە، ئامانجیان پێکەوە ژیانە و وەکو یەک خزمەتی هەموو لایەک دەکەن. محەمەد حافز لەبارەی تورکمانەکانەوە رایگەیاند، "پۆستەكانمان بۆ پێكهاتەی توركمان بەجێهێشتووە تا خۆیان پڕی بكەنەوە". دوای زیاتر لە حەوت مانگ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، سەرەنجام  لە 10ی ئابی 2024 لە بەغدا ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كۆبوونەوەیەكدا بە بەشداریی 9 ئەندام، پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵبژارد و رێبوار تەها سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی بە پارێزگار هەڵبژێردرا و محەمەد ئیبراهیم حافز لە پێكهاتەی عەرەبی، بە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردران.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە 18ی ئابی 2024 کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی دژی دواکەوتنی مووچەی مانگی تەموز بایکۆتییان ڕاگەیاند و مامەڵەی هاوڵاتییان ڕایی ناکەن. بەهۆی مانگرتنی کارمەندانەوە قەرەباڵغییەکی زۆر لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی دروستبووە و و کاری هاوڵاتییان ڕاوەستاوە. نزیکە 50 ڕۆژ تێدەپەڕێت بەسەر دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و تا ئێستا بەغدا مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی نەناردووە.  

هاوڵاتی وەزارەتیی تەندروستیی عێراق، بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئاوەڵەی مەیموون لە بەشێک لە وڵاتاندا داوای لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان لە پارێزگاکانی عێراق کرد ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر دژی نەخۆشییەکە. ئەمڕۆ شەممە، 17ی ئابی 2024، وەزارەتی تەندروستیی عێراق، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان لە پارێزگاکانی عێراق لەبارەی نەخۆشیی ئاوەڵەی مەیموون ئاگادار دەکاتەوە بۆ ئەوەی ڕێوشێنی پێویست بگرنە بەر. لەم بارەیەوە، وەزارەتی تەندروستیی عێراق نووسراوێکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هاوپێچی نووسراوەکەی کردووە کە تێیدا باری لەناکاوی بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئاوەڵەی مەیموون ڕاگەیاندووە وەک مەترسییەک لەسەر تەندروستیی جیهانی. لای خۆیەوە دکتۆر سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند، نووسراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی عێراقمان بەدەست گەیشتووە، بەیانی کۆبوونەوەمان دەبێت و لە کۆبوونەوەکە تاوتوێی ناوەڕۆکی نووسراوەکەو گرتنەبەری ڕێککارەکان دەکەین و بڕیاری پێویستی خۆمان دەدەین. جێگەی ئاماژەیە، بەهۆی خێرا بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئاوەڵەی مەیموون لە 13 وڵات وای لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی کرد باری لەناکاوی تەندروستی جیهانی ڕابگەیێنێت.

هاوڵاتی  لە دەروازەی پشتەی سنووری ئیدارەی گەرمیان، نزیکەی 240 ملیۆن دینار دیارنەماوە، پۆلیسی گەرمیان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ فەرمانبەرێکی ئەو دەروازەیە دەرکردووە. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، لە دەروازەی پشتەی سنووری ئیدارەی گەرمیان، نزیکەی 240 ملیۆن دینار دیارنەماوە، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ رووداوەکەش، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ فەرمانبەرێکی بانکی ئەو دەروازەیە دەرچووە، کە سەر بە بانکی پەروێزخانە. هەربەپێی زانیارییەکان، ئەو فەرمانبەرەی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە بۆ شوێنێکی نادیار ھەڵاتووە.

هاوڵاتی هەپەگە دەڵێت، لە شەڕێکدا کە 8ی ئابی 2024 لە هەرێمی گلیداغ هاتە ئاراوە فەرماندەی ئەیالەتی سەرحەدی یەژاستار، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری هەپەگە و یەژاستار بەروار دێرسیم بە قارەمانی شەڕیکرد و شەهیدبوو. ئەمڕۆ شەممە، 17ی ئابی 2024، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لە ڕاگەیاندراوێکدا ناسنامەی فەرماندەیەک کە لە هەرێمی گلیداغ شەهید بوو ڕاگەیاند. هەپەگە دەڵێت، لە نێوان 7 تا 10ی ئاب لەلایەن سوپای تورکیای داگیرکەرەوە لە هەرێمی گلیداغ هێرشێکى بەرفراوان ئەنجامدرا، لە نێوان داگیرکەران و هێزەکانماندا شەڕ هاتە ئاراوە، هێزەکانمان بە چالاکی کاریگەر بەرپەرچی ئەو هێرشانەی داگیرکەرانیان دایەوە، لە شەڕەکەدا بە تاکتیکی سابۆتاژ گورزی گەورە لە داگیرکەران درا و زیانی گەورە بەر دوژمن کەوت، لەگەڵ گەیشتنی زانیاری زیاتر بۆ گەلە وڵاتپارێزەکەمان و ڕای گشتی بڵاوی دەکەینەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە، لەو شەڕەدا کە 8ی ئابی 2024 لە هەرێمی گلیداغ هاتە ئاراوە فەرماندەی ئەیالەتی سەرحەدی یەژاستار، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری هەپەگە و یەژاستار بەروار دێرسیم بە قارەمانی شەڕی کرد و شەهیدبوو. لە ڕاگەندراوەکەی هەپەگەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، هەڤاڵمان بەروار کە ئەوینی ئازادیی، خۆشەویستی وڵات و هۆگریی بۆ گەلەکەی کردە ڕێنیشاندەری مێشک و دڵی خۆی، ژنێکی کورد بوو کە خاوەن ئازایەتی و لەخۆبوردەیی گەورەبوو، بەروار کە لەپێناو دۆزی هەبوون و ئازادی گەلەکەماندا ڕووی کردە چیاکان، بە ناسنامە و ڕاستی ژنی ئازاد خۆی گەیاندە حەقیقەت و بە ئایدۆلۆژیای ئاپۆیی سەرلەنوێ خۆی ئافراندەوە، بوو بە جەنگاوەر و فەرماندەیەکی فیدایی ئاپۆیی. هەپەگە باسلەوەشدەکات، دوایین جار لە ئەیالەتی سەرحەد ئەرکی فەرماندەیی ئەیالەتی یەژاستاری لە ئەستۆبوو، بۆ ئەوەی گەریلایەتی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، تاکتیکی نوێی سەردەمیانە و شێوازی شەری تیمە پسپۆڕەکان بە سەرکەوتوویی بەجێبگەیەنێت، بەشێوەی بێ کۆتایی لەخۆبووردەیی کرد، هەڤاڵمان بەروار کە ئەوینداری لوتکەکانی چیاکانی کوردستان بوو بە خۆشەویستیەکی زۆرەوە هەنگاوی دەنا، بەرەو لوتکەی چیای ئاگری هەڵکشا بە ناوەکەی تریەوە واتە گلیداغ و ئاڵای تێکۆشانی خۆی لەوێ شەکاندەوە، هەموو هەبوونی خۆی لەپێناو ئازادی گەلەکەمان و هەموو ژناندا بەخت کرد، بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆی لە هەموو شوێنێک بە شێوەی شایستە بەجێگەیاند و سەلماندی کە فەرماندە و شۆڕشگێڕێکی پێشەنگە. هەپەگە لە کۆتای ڕاگەندراوەکدا ئاماژەبەوەدەکات، بەڵێن دەدەین کە هەرگیز فەرماندە بەروار کە خاوەن ئیرادەیەکی پۆڵایین بوو لە بیرنەکەین، دەنگی دلێر و ئاڵای بەروارەکان لە لوتکەی چیاکانی کوردستان نەبڕین، لەسەر ئەو بنەمایە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی وڵاتپارێزی هەڤاڵمان، گەلی سەرحەد و هەموو گەلی کوردستان دەکەین. هەپەگە زانیاری لەسەر ناسنامەی فەرماندە شەهیدەکە بەم جۆرە خستەڕوو:  ناسناو: بەروار دێرسیم ناو و پاشناو: سەیران چۆماک شوێنی لەدایکبوون: وان ناوی دایک- باوک: مەهناز- سوڵتان کات و شوینی شەهیدبوون: 8ی ئابی 2024/ سەرحەد

هاوڵاتی وتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، کامێراکانى هاتووچۆ سەرپێچى ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان تۆماردەکەن. ئەمڕۆ شەممە 17ی ئابی 2024، بەهمەن عەبدوڵڵا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی ڕایگەیاند، "کامێراکانى هاتووچۆ سەرپێچى ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان تۆماردەکەن". وتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی ڕوونیشیکردووەتەوە، "لەکاتی بەناوکردن یاخود تۆمارکردنیاندا هاتووچۆ دەتوانێت سەرپێچییەکانیان پێببژێرێت".