هاوڵاتی ئەو لیژنە 15 كەسیەی لە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق هاتنە هەرێمی كوردستان، لە دوێنێوە دەستیانكردووە بە وردبینیكردن لە خەرجی و داهاتی مانگەكانی چوار وپێنج و شەشی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان. سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بە هاوڵاتی وت: لە رۆژی 21ی ئابەوە ئەو لیژنە 15 كەسییەی كە لە دیوانی چاودێریی دارایی عێراقەوە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم بەمەبەستی وردبینیكردن لە خەرجی و داهاتەكانی هەرێمی کوردستان دەستیان بەكارەكانیان كردووە. ئەو سەرچاوەیە وتیشی: كارەكانی ئەو لیژنەیە وردبینیكردنە لە خەرجی و داهاتی مانگەكانی چوار پێنج و شەشی ئەمساڵ، هاوكات ماوەی كاركردن و وردبینكردنی ئەو لیژنەیە دیاری نەكراوە و تا ئەوكاتەی پێویست بێت لە هەرێمی كوردستان دەمێننەوە، بۆ ئەو مەوبەستەش چەند لیژنەیەكی لاوەكی پێكدەهێنرێن. "بەشێك لە لیژنە 15 كەسییە وردبینی لە خەرجی و داهاتی نەوتی و بەشێكیان وردبینی لە خەرجی و داهاتی نانەوتی دەكەن، هەروەها هەمان ئەو لیژنەیە سەردانی وەزارەت و فەرمانگەكان و پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان و دەروازە سنوورییەكانیش دەكەن بەمەبەستی وردبینی داهات و خەرجییەكان". سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی وای وت.
هاوڵاتی بۆ جاری سێیەم هەڵبژاردنی ئەزموونی وەك ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت. كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق تائێستا زۆربەی ڕێكارەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی تەواوكردووە، كە بڕیارە لە 20-10-2024 لەسەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت. بەوتەی سەرچاوەیەک لە کۆمسیۆنی عێراق، لە سەرەتای مانگی نۆ هەڵبژاردنێكی دیكەی ئەزموونی وەك ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت و ئەمجارە فراوانترە. بەوتەی سەرچاوەکە، ئەمجارە هێزە ئەمنییەكانیش بەشداریی لە هەڵبژاردنە ئەزموونییەكە دەكەن.
هاوڵاتی بەرگریی شارستانی سۆران رایگەیاند، "زیاتر لە 14 تیمی بەرگریی شارستانی بەشدارن لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەو ئاگرەی ئێستا لە چیای زۆزك كەوتۆتەوە، بەڵام تا ئێستا كۆنتڕۆڵ نەكراوە". ئاماژە بەوەکراوە، "لە کاتژمێر 3:30ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ئاگرێکی گەورە لە چیای زۆزک کەوتۆتەوە، زیاتر لە 14 تیم لە ئەفسەر و کارمەندانمان بەژداربوون بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەكە". ئەوەشخراوەتەڕوو، "تا ئێستا نەتوانراوە ئاگرەكە بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵ بکرێت، لە ئێستادا چەند تیمێکی تریان زیاد کردووە، هەروەها دوو تیمی دیكەی پۆلیسی دارستان و ژینگەش بەشدارن، بەهۆی نەگەیشتنی ڕێگای ئۆتۆمبێل بۆ شوێنی ئاگرەکە ئەرکی تیمەکانیان زۆر سەختە.
هاوڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەرپرسیارێتی حكومەتی فیدراڵییە مووچە لەكاتی خۆیدا بنێرێت، سەبارەت بە هەڵبژاردنیش پشتیوانی دووپات دەكاتەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی ئابی 2024، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لەبەشێكی ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە: نابێت بەهیچ جۆرێک هەبوونی تێبینی و سەرنج لە لایەن دیوانی چاودێریی داراییی فیدراڵ ببێتە هۆی ڕاگرتنی خەرجکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم، وەک ئەوەی ئێستا لە لایەن وەزارەتی داراییی فیدڕاڵەوە دەکرێت، ئەمە مامەڵەیەکی جیاکارییە لەگەڵ هەرێمی کوردستان. لەلایەكی دیكەوە "ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن دووپات کردەوە و جەختی لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی بێگەرد لە کەشێکی ئارامدا کردەوە".
هاوڵاتی دامەزراوەی كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان، لەبارەی دوو جۆر دەرمانەوە هۆشداریی دەدات و بڕیاری قەدەغەكردنی فرۆشتنیان دەدات. دامەزراوەی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان ڕایگەیاند: بە مەبەستی زیاتر هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی تاقیگەیی بڕیارمان دا بە ڕاگرتنی فرۆشتنی دوو بەرهەمی دەرمانسازیی تەواوکەریی خۆراکی بە شێوە ژەمی دەرمانسازیی قەترەی دەم کە ماددەی میلاتۆنینیان تێدایە. دامەزراوەی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان ئاشكراشی دەكات، بەرهەمە دەرمانسازییەکان بە ناوەکانی (HONORTONIN drops) بە ژماره باجی (HNR1715) دروستکراوی کارگەی (HONOR) و (melatonin drops) بە ژمارە باجی (23B038) دروستکراوی کارگەی (inalme) دوای ئەوەی لەلایەن تیمەکانی چاودێریی بازاڕی بەڕێوەبەرایەتیی KMCA پشکنینی فیزیکیان بۆ ئەنجامدرا دەرکەوت کە تەنۆلکەی بینراو "visible particle" یان تێدایە. " داوا لەسەرجەم دەرمانخانە و کۆگاکانی دەرمان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دەكرێت كە لە ئەمڕۆ بەدواوە فرۆشتنی ئەو دوو بەرهەمە ڕابگرن، تاوەکو ئەنجامی تاقیگەیی نوێ لەسەر ئەو دوو بەرهەمە دەردەچێت". کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان وادەڵێت.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەرجەم وەزارەتەکانی ئاگادارکردووەتەوە، لیستی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی حەوت تەواو بکەن، چونکە سبەی پێنجشەممە بۆ بەغدا دەنێردرێت. 31 ڕۆژە لیستی مووچەی مانگی حەوت ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، بەڵام بەهۆی تێبینییەکانی بەغدا کە وەزارەتی دارایی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێکدا دانی پێدانا تائێستا مووچە نەنێردراوە و جارێکی دیکە دەبێت لیست ڕەوانە بکرێتەوە. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، ئەمڕۆ سەرجەم وەزارەتەکان لیستی مووچە ئامادەدەکەن بە گۆڕانکاری لێبڕینی خانەنشینی 10% و سبەی ڕەوانەی بەغدا دەکرێت، بەوتەی سەرچاوەکەی هاوڵاتی هەوڵدەدرێت تێبییەکانی چاودێری دارایی عێراقیش چارەسەر بکرێن. بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی دەبێت مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم هاوتای مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی عێراق بکرێت، بەپێی زانیاریەکانیش، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگەکانی (6 و 7)ی ئەمساڵی بە هاوتاکراوی ڕەوانەکردووە.
هاوڵاتی لە هەولێر ئاگر لە گەراجێکی کەلوپەلی ئۆتۆمبێل لە پشت فاملی مۆڵ کەوتەوە. پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ی ئابی 2024، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر ڕایگەیاند، تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن. لەم بارەیەوە موقەدەم شاخەوان سەعید، لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند، لە بوونی ئاگرێک لە گەراجێکی کەلوپەلی ئۆتۆمبێک ئاگەدارکراینەوە، تیمەکانمان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە لە شوێنەکەن. جێگەی ئاماژەیە، تا ئێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە و زەرەر و زیانەکان دیاری نەکراوە.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی مووچە بڵاودەکاتەوە و لە چەند خاڵێکدا هۆکارەکانی دواکەوتنی مووچەی مانگی حەوت دەخاتەڕوو، ئەنجومەنی وەزیرانیش ئەمڕۆ تاوتوێی تێبینییەکانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق دەکات. 31 ڕۆژە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی حەوت ڕەوانەی بەغدا کردووە، تاوەکو ئێستا پارەی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هۆکاری نەناردنەکەی سیاسییە. ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەسەر پرسی هەڵبژاردن و تێبینیەکانی چاودێری دارایی عێراق کۆدەبێتەوە و چارەنووسی مووچەش دیار نییە. لە ڕاگەیێنراوی فەرمی وەزارەتی دارایی هاتووە، "هۆکاری نەناردنی مووچە، پەیوەندی بە زیادبوونی تەمویلی مووچە و ژمارەی فەرمانبەر و مووچەخۆرەوە نییە، هۆکارەکە سیاسییە و یاسایی نییە". وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە چەند خاڵێک هۆکارەکانی نەناردنی مووچە دەخاتەڕوو. 1- سەبارەت بە دووبارە بونەوەی ناوی مووچەخۆران لە نێوان هەرێم و بەغدا، دوای بەدواداچوون دەرکەوتووە ئەو ناوانە هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و زۆربەیان فەرمانبەرن بەپێی یاساو دۆسیەی تەواویان هەیە، بەڵام لە حکومەتی عێراق سودمەندن لە هاوکاری چاودێری کۆمەڵایەتی، واتە لەجیاتی ڕاگرتنی مووچە پێویست بوو وەزارەتی دارایی فیدراڵی هاوکاریەکە لای خۆیان ڕابگرن نەک مووچە. 2- سەبارەت بە کێشەی نەبونی بایۆمەتری لە هەرێمی کوردستان، پێشتر ئاگاداری وەزارەتی دارایی فیدراڵمان کردووە کە پرۆسەی بایۆمەتری سەدا سەد بۆ مووچەخۆران و خانەنشینان نەکراوە بەهەندێک هۆکاری جیاواز لەوانە بونی وارسی خانەنشین و بەشێکی تریشیان لەدەرەوەی وڵات ژیان بەسەردەبەن. 3- ئەو ناوە دووبارانەی لە لیستی مووچەدا هەیە بە تایبەت لە چەند وەزارەتێکى حکومەتى هەرێمی کوردستان کە یەکێک لە تێبینیەکانی تیمى هاوبەشە دواى بە دواداچوون لەگەڵ وەزارەتەکان دەرکەوتووە ناوی چواریان دووبارەیە، بەڵام ناوی دایکیان و تەمەنیان جیاوازە ( تشابە الاسماء)، واتە هیچ یاسا شکێنیەکی تێدا نییە. 4- کێشەی مووچەی مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردەی کەرکووک و فەرمانگەکانى دیکەی ئەو پارێزگایە کە میلاکیان لەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستانە، کێشەیەکی کۆنەو لەدوای ساڵی 2003 وە بەردەوامە و پێویستی بەڕێککەوتنی سیاسیی هەیە. 5- بە پێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی دەبێت مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم هاوتای مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی عێراق بکرێت، بۆیە تەمویلی مووچەى نێوان مانگى (6 و 7) 2024 زیادبووە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان مووچەی خانەنشینانی هاوتاکردووە و بەمەش 54 ملیار و 208 ملیۆن دینار زیادبووە. تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق، تەنیا یەک ملیارو 426 ملیۆنی وەک مووچەی دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاکی و دەستەی ژینگە، کە دەکاتە (%00.14)کۆی تەمویلی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناردووە.
هاوڵاتی/ عەلی مەحمود محەمەد 10ی ئاب لە كۆبوونەوەیەكی داخراودا بە زۆرینەی 9 كەس لە كۆی 16 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، لە میوانخانەی رەشید لە شاری بەغدا لە دووری 258،6 كیلۆمەترەوە لە تەلاری ئەنجومەنەكە، رێبوار تەها وەك پارێزگاری نوێ بۆ شاری كەركوك لەسەر لیستی (كەركوك هێز و ئیرادەمانە)ی ینك هەڵبژێردرا. بە بێ ئاگاداركردنەوەی 7 ئەندامەكەی دیكەی ئەنجومەن كە دەكاتە %45ی ئەندامانی ئەنجومەنەكە، كۆبونەوەكە بە بەشداری 5 ئەندامی ینك، 3 عەرەبی سونە، ئەندامێكی كریستانەكان "ئنجیل زیا شیبا زیا ئەلبەرواری" بە 208 دەنگی ینك ببوو بە ئەندامی ئەنجومەن، هەڵبژاردنی ئەو لە فۆرمی هەڵبژاردنی مونا قەهوەچییە بۆ پەرلەمانی كوردستان، بە دەنگی لیوا تایبەتەكانی ینك لە بەغدا هەڵبژێردرا بوو، خۆی و پیاوەكەی كارمەندی تیڤی كەركووكی ینك ن، بەڵام بە ناوی لیستی بابلیونی رەیان كلدانی كە سەر بە كەتایبی بابلیونی حەشدی شەعبییە خۆی كاندید كردبوو، رەیان كلدانی بە بنەچە كریستانە و خەڵكی قوشە لە پارێزگای موسڵ، بەڵام دانیشتووی شاری سەدرە و سەرۆكی كەتیبەی بابلیونە، لە رێكەوتی 18-7-2019 ەوە لە لیستی سزادراوانی یاسای ماغنیستی ئەمەریكادایە بەهۆی گەندەڵی و داگیركردن و فرۆشتنی زەوی هاووڵاتیانەوە لە دەشتی موسڵ و پەلاماردانی ئافرەتان و پێشێلكردنی مافی مرۆڤەوە، ئەو دژە ئیسلامی سونەیە تا ئاستی راسیزم، لە موسڵ وەحشیانە لە گەڵ پێكهاتەی سونە مامەڵەی كردووە، كەنیسەکانی كریستانەكان بێ بەریبوونی خۆیان لە كەتیبەكەی راگەیاندووە، یەكێك لە نزیكەكانی قاسم سلێمانی و مەهدی موهەندیس بووە، پێشتر لە سوپای مەهدی بووە، بەهۆی ژنخوازییەوە بووە بە موسڵمانی شیعە، 4 پەرلەمانتارەكەی لە كۆتای كریستانەکان بەهەمان شێوەی كاندیدەكەی كەركووك دەرچوون، چاودێرانی كریستان پێیان وایە تەنها 10%ی كریستانەكان دەنگیان بە لیستەكەی داوە، بە فێڵ كورسیی كریستانەكانی بۆ خۆی بردووە". كورد و پۆستی پارێزگا بۆ پێكهاتەی كورد پۆستی پارێزگای كەركوك گرنگیییەكی مەعنەوی هەیە لەم كاتەدا دوای 7 ساڵ پەراوێز خستنی لە شارەكە، بە تایبەت بۆ "ینك" كە لە قەیرانی رێكخراوەیی قوڵدایە و بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەڕوات، بەم پۆستە دەتوانێت هەندێك لە زیانەكانی كەمبكاتەوە، هەرچەندە تا ئێستا ناوێرێت ناوەڕۆكی رێكەوتنەكە بڵاو بكاتەوە بۆ رای گشتی. رێبوار تەها سێیەم پارێزگاری كوردە لە كەركووك، لە دوو پارێزگاكەی پێشووتر لاوازترە بەهۆی ئەوەی: "لە لیستەكەی خۆیدا دەنگی یەكەم نەبووە " نەشئەت شاهویز خورشید عەلی 42166 دەنگی هێناوە، رێبوار تەها ئەحمەد شێخانی 29861 دەنگی هێناوە، لە كاتێكدا رێبوار سەرۆكی لیستیش بووە، رێژەی دەنگەكانی دەكاتە 70،8%ی دەنگەكان نەشئەت، هەروەها لە رابردوودا لێكتێگەیشتن بەهۆی سیاسەتی پراگماتیكی جەلال تاڵەبانییەوە هەبووە لەناو لایەنە كوردییەكان بۆ پشتیوانی هەردوو پارێزگارەكەی پێشوو، كەسایەتییەكی بەهێز و پێگەیەكی گرنگی سیاسی لە كوردستان و عێراق و ناوچەكە هەبوو، هەموو پارتەكان پشتیوانییان لێی دەكرد، هەروەها پارێزگارەكانی رابردوو بەهێزتر و رۆشنبیرتر بوون، پارێزگاری ئێستا وێڕای پشتیوانی جەماوەری و حزبی كەمترە و حزبەكەشی لە ئێستادا زۆر لاوازترە و كەسایەتی حزبی بەهێزتر لە لایەنەكەی خۆی لە شارەكەدا هەیە، ئەمەش وا دەكات لە شارەكە وەك سێبەری ئەو دەربكەوێت و هاتۆتە سەر ئیدارەیەك شارەكەی بە چەكداری حەشد داگیركراوە، 7 ساڵ لەمەوپێش بە شكستێكی سەربازی گەورە پێكهاتەكەی لە شار دەركراوە، هاوكات لە كابینەی میوانخانەی رەشیددا كورد لاوازتر دەرچووە، هیچ پۆستێكی ئەمنی شارەكەی پێ نەدراوە، نفوس و تاپۆ و كشتوكاڵ و هەردوو قەزای دوبس و داقوقی پێ نەدراوە كە هەر پێنجی بۆ دۆسییەكانی گرنگن و لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی گرنگدایە بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان، ئەمە وێڕای خودی رێككەوتنەكە بە ئاشكرا و بەشداری نەیاران ئەنجام نەدراوە و بەشێوەی دیموكراسیانە دەنگی پێ نەدراوە و لە رووی یاساییەوە كەلێنی تێدایە وەك نەیارانی ئاماژەی پێ دەدەن. پێكهاتەی عەرەب لە رێكەوتننامەی هوتێل رەشید لە كۆی 6 كورسی كە هەیان بووە 3 ئەندامی لیستە عەرەبییەكان بەشدار بوون. گرنگترین خاڵی رێكەوتننامەی میوانخانەی رەشید كەرتكردنی لیستی عەرەبە سونەكان بوو بەرامبەر بە پارە و بەخشینی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و زیاتر لە 20 پۆستی دیکە لە شاری كەركوك . پێشتر پێكهاتەی عەرەبی سوونە هاوپەیمانی نزیكی پارتی بوون، لەگەڵ بوونی یۆنامی و سوپای ئەمەریكا لە عێراق، بە هەموویانەوە رێگربوون لەبەردەم ئەوەی پارتە شیعە ئیسلامییەكان عێراق بتوانن بە سیناریۆكانی ئێران لە عێراقدا بەرەو دەوڵەتێكی ئیسلامی شیعەگەرای ناوەندی بڕۆن و کۆسپەکانی بەردەمیان هەڵبگرن، بەم رێكەوتنە سونەكان ریزەكانیان كەرتبوو، هەرچەندە باڵی بەشدار بوو وەك خاین لە شەقامی سونەكان سەیر دەكرێن، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا چانسیان كەمتر دەبێت، عەرەبە سونەكان بڕبڕەی پشتی دەسەڵاتی بەعس بوون، كورد تاڵی زۆری بەدەستیانەوە بینی تا گەیشت بە ئەنجامدانی 4 پرۆسەی جینۆساید، بۆیە پشتیوانی جەماەری شەقامی كوردی نییە بۆ ئەو هاوپەیمانییە. ئەم رێكەوتنەی شیعەكان كردوویانە، بە پشتیوانی ئێرانییەكان بووە، قەیس خەزعەلی ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی هەق زامنی كردووە، پردی بە یەكگەیشتنی نێوان پاڤێڵ تاڵەبانی و رەیان كلدانی و محەمەد حەلبوسی بووە، بە بەشداری كوتلەی "ینك" لە حكومەتی عێراقیی لە بەغدا، لە هاوكێشەكە تەنها حەلبووسی كارەكتەری نوێیە و هێنراوەتە ناو بازنەكەوە، هەرچەندە نە عەرەبی شیعە و نە توركمانی شیعە هیچ كورسییەكیان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بەدەست نەهێناوە، كەچی پەرلەمانتارێكی توركمانی شیعە سەر بە بەدر بەشداری كۆبوونەوەكە بووە وەك نوێنەری توركمان، هەرچەندە لیستی توركمان و عەرەبە شیعەکان لە كەركوك دۆڕاون لە هەڵبژاردنەكەدا. حەلبوسی میوانە تازەكە بووە لە رێكەوتنەكە، پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكی وەرگرتووە، بەهۆی ئەم رێكەوتنە و كەرتكردنی ناو ماڵی عەرەبی سونە، چاوی لە سەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیشە لیستەكەی بەدەستی بهێنێت، بە پاڵپشتی شیعەكان و ینك و رەیان كلدانی، وەك پاداشتێك بۆ ئەم رێكەوتنەی كە باجەكەی گرانە بۆی لە شەقامی سونەکاندا و كەرتكردنی دەنگی عەرەبی سونەیە بۆ یەكەمجار لە 21 ساڵی رابردوودا. ئەركی پاڤێڵ لەم رێكەوتنەدا تەنها واژۆكردن بووە، لە مەتبەخی ئێران و شیعەكان خواردنەكە ئامادە كراوە، پاڤێڵ تامكردنەكەشی بەدەست نەبووە، ئەركی تەنها خواردنی بووە، خواردنەكەشی لە نێوان هەنگوین و پیاڵە ژەهردایە، لە ئێستادا تا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تێدەپەڕێت تامی هەنگوینەكەی لە دەمدا دەمێنێ. ئێرانییەكان چییان دوورییەوە ئەم رێكەوتننامەیە بۆ ئێرانییەكان گەورەترین سەركەوتن بوو، لە هەنگاوە كۆتاییدا كە دامەزراندنی حكومەتێكی ئیسلامی شیعەگەرایە لە عێراق و چەندین فرسەخ نزیكی كردنەوە، كورد جگە لەوەی خۆی بە لاوازی دەرچوو، ماڵی عەرەبی سونەشی وێران كرد و کردنی بە دوو کەرتەوە بۆ شیعەکان وەک خۆیان. ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم ئەوەیە؛ ئیتر ئەم تەرزە لە پێكهێنانی حكومەت ئەگەری هەیە ببێتە نەریت لە عێراقدا، كە پێشتر لە پارێزگای دیالە تاقیكرایەوە، شیعەكان كەی ویستیان گروپێك ببەن بۆ میوانخانەیەكی بەغدا و ستراتیجیەتی خۆیانی پێ جێبەجێ بكەن بەرامبەر هەر لایەنێك رێگر بێت لە بەردەمیاندا. ئەگەر شیعەی عێراق شانسی ئەوەیان هەبێت لە دەسەڵاتدارێتی عێراق بەردەوام بن، ئەوجا بۆمان دەردەكەوێت رێكەتننامەی لەم شێوەیە چۆن لە پیادەكردنی دەسەڵاتێكی فاشیستی نزیكیان دەكاتەوە. ئێرانییەكان چۆن بۆ توركمانە تۆڕانییە سونەكان ئەلتەرناتیفی توركمانی شیعەیان سەر بە بەدر ئامادە كردبوو، لە داهاتوودا بۆ عەرەبەكان و كوردەكانیش عەرەب و كوردی شیعە ئامادە دەكەن و پێویستیان بەم فاكتەرانەی ئێستا نامێنێت.
هاوڵاتی بەوتەی سەرچاوەیەکی باڵای تورکیا، کۆبوونەوەی سبەینێ چوارشەممە نوێنەرایەتی یەکەم کۆبوونەوەی "گرووپی پلاندانانی هاوبەش" دەبێت، کە بڕیاردرا لە سەردانەکەی ئەردۆغان پێکبهێنرێت و لە لایەن وەزیرانی دەرەرەی هەردوو وڵات سەرۆکایەتی دەکرێت. بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی ئەنقەرە لە سنووری دەستکردی عێراق و تورکیا دژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان کە لە ناوچەیەکی شاخاویی جێگیر بوون ئەنجامی دەدات، ناکۆکی لە نێوان هەردوو وڵات سەریهەڵداوە. عێراق دەڵێت ئەو ئۆپەراسیۆنانە پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەیەتی، بەڵام تورکیا دەڵێت بۆ پاراستنی خۆی پێویستن. پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی ڕابردووەوە بەرەو باشتر بوون هەنگاوی ناوە ، هەردوولا ڕێککەوتون لەسەر ئەنجامدانی دانوستانی ئاست بەرز لەسەر پرسە ئەمنییەکان، هەروەها ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە مانگی نیساندا بۆ بەغدا، ڕایگەیاند پەیوەندییەکان پێیان ناوە قۆناغێکی نوێ. تا ئێستا هەردوو وڵات لە چوارچێوەی میکانیزمی دیالۆگدا سێ خولی کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە و بەغدا بڕیاریدا پەکەکە وەک "رێکخراوێکی قەدەغەکراو لە عێراق" ناوزەد بکات ، ئەوەش پاش دانوستانەکانی مانگی ئازاری ڕابردوودا لەگەڵ تورکیادا هاتە ئاراوە، ئەنقەرەش ئەو هەنگاوەی بە گرنگ باس کرد . ئەو سەرچاوە تورکییە ئەوەشی خستەڕوو، کۆبوونەوەی سبەینێ پێنجشەممە، نوێنەرایەتی یەکەم کۆبوونەوەی "گرووپی پلاندانانی هاوبەش" دەکات، کە بڕیاردرا لە سەردانەکەی ئەردۆغان پێکبهێنرێت و هەردوو وەزیری دەرەوە سەرۆکایەتیی دەکەن. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی دانوستانەکان هاوکات دانانی هاوکارییەکانی هەردوو وڵاتە لە چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی و بەردەوامدا، ئاماژەی بەوەشکرد کە هەردوو شاندەکە تاوتوێی جێبەجێکردنی 27 ڕێککەوتننامە دەکەن کە لە سەردانەکەی ئەردۆغان واژۆکراون، هەروەها دەستپێشخەری هاوبەشی زیاتر هەڵدەسەنگێنن. یەشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا ڕۆژی دووشەممە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، هەنگاوەکانی ئەم دواییەی تورکیا و عێراق سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر نوێنەرایەتی "خاڵێکی وەرچەرخان" دەکات ، ئاماژەی بەوەشکرد، کاری تەکنیکی لەسەر دامەزراندنی ناوەندێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ ناوچەکە بەردەوامە. گولەر هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە ئۆپەراسیۆنەکانی سنووربەزاندنی تورکیا لە باکوری عێراق بەردەوام دەبێ بۆ فشار دروستکردن لەسەر عێراق، ئەنقەرە پێشبینی دەکات بەغدا بە زووترین کات پەکەکە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشان بکات. پارتی کرێکارانی کوردستان لە ساڵی 1978بە بەشداری 23ئەندام یەکەمین کۆنگرەی خۆی بەست و دامەزرا، دەوڵەتی تورکیاش هەر لەساتی دامەزراندنیەوە هەموو هەوڵەکانی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ ڕووبەربونەوەی ئەم پارتە بەڵام لە هەوڵەکانیدا سەرکەوتوو نەبوو.
ئامادەکردنی/ هاوڵاتی نیوز ئارام خەلیل تەمەنی هێشتا ٢٧ ساڵ بوو، بە کۆڵێکی قورسەوە بە شاخە سەختەکاندا دەچوو کۆڵبەری دەکرد، بەڵام لە کۆڵەکەی شانی قورستر، ئەو کۆڵەبوو کە خەمی بێدایک و باوکی و بەخێوکردنی خوشک و براکانی لە ئەستۆ گرتبوو، ساڵی ٢٠١٨ دایک و باوکی لەدەستدا و ئیتر هەمووشێک بۆ ئەو قڵپبوویەوە. زیاتر لە دەساڵە ڕۆژانە شەش کاتژمێر بە شاخە سەختەکاندا دەڕوات، بە کۆڵێکی قورسەوە، تەنها بۆ حەوت هەزار دینار، کەچی وادیارە حەوت هەزارەکەشی پێ ڕەوا نابینن، هەر بۆیە بە فیشەکێک کۆتاییان بە ژیانی هێنا. کەس نازانێت لە دڵی ئارامدا، لە مێشکی ئارامدا چی گوزەراوە، کاتێک شەش کاتژمێر ڕێی کردووە خەونی بە چییەوە بینیوە، ئایا خەونی بەوەدیوە وەک هاوتەمەنەکانی هاوسەرگیری بکات، یان خەونی بەوە دیوە خواردنێکی باشتر بۆ خوشک و براکانی دابین بکات، یان چ دڵێکی بە دەسەڵاتێک خۆشبووە کە هیچ بیرێکی لە ژیانی ئەو نەکردووەتەوە. ئارام هەلیکارێکی سەختی بۆ خۆی دابین کرد، تەنها ماندوێتییەکەی بەس نەبوو، ئەوان ژیانیشیان دەویست بۆیە پاسەوانانی سنور وەک ئەوەی ئەو تاکە قاچاخچی گەورەی ئەم نیشتمانە بێت دایانە بەر دەستڕێژی گولـلە. دوای ڕووداوەکە وەزیری ڕۆشنبیری بە شانازییەوە باسی لەوە کرد لە ڕووداوەکەی ساڵی پێشووشدا کە گەنجێکی تر کوژراوە سوڵحی عەشایەریان کردوە و وتی پارسال ھەر لەھەمان شوێن کەسێکتریان کۆشت، سڵحیان بۆکرا لەلایەن کۆمەلایەتی ھەورامانەوە ،من و کاک جەمیل ھەورامی نیوەی زیاتری پارەی سڵحەکەشمان لە یەکێتی نیشتیمانی بۆ دان، ئەوەی بکوژەکان دایان قەرزیان بۆکرا ھێشتا قەرزەکەیان نەداوەتەوە. لە چوار ساڵی ڕابردوودا 904 کۆڵبەری کورد کوژراون، بەڵام ئێستا لە دیوی هەرێمیشەوە پاسەوانەکانی سنور دەستیان بە کوشتنی گەنجانی هەرێم کردووە. لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل لە نوێترین لێدوانیدا ڕەخنەی لەو سوڵحەکرد کە وەزیری ڕۆشنبیری هەرێم، حەمەی حەمە سەعید لەسەر کوژرانی گەنجێکی کۆڵبەر کردویەتی و دەڵێت بە پارەی دزراوی حیزب سوڵحەکە کراوە. لاهور شێخ جەنگی بەشداری پرسەی ئارام خەلیلی ٢٧ ساڵی کرد باسی لەوە کرد جێگەی قبوڵ نییە کوژرانی گەنجێکی لەو شێوەیە دووبارە ببێتەوە کە بە ٧ هەزار کۆڵبەری کردووە و شەش سەعات بە کۆڵی خۆی بەو شاخەدا شتی گواستووەتەوە. وتیشی ئەگەر مەبەستیانە سنوربەزاندن بنبڕ بکەن، ئەوەتا تورکیا ٣٠ کیلۆمەتر هاتووەتە ناوەوە بە بەرچاوی پاسەوانی سنورەوە سەدان گوندی وێران کردوە کەس ناوێرێت قسە بکات، ئەگەر مەبەستیشیان بنبڕکردنی قاچاخچێتییە وەرن با من ڕێگەیان پیشان بدەم تانکەر ڕیزبووە و ڕۆژانە هەزاران تەنکەر نەوتی ئەم وڵاتە دەدزێت، دووگ و هێلکە بە قاچاخ دەهێنرێت. دواجار ئارام کوژرا و هەرگیز بە خەونەکانی نەگەیشت، برا و خوشکەکانیشی بۆ ئازاری دیکە و قورستر جێهێشت، چونکە ئیتر ئارام و حەوت هەزارەکەی نابیننەوە.
هاوڵاتی ماوەی ٥١ ڕۆژە سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە و جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "ئەم مانگە کۆتا مانگە مووچە دوا بکەوێت". نزیکەی دوو مانگە لیستی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانەی بەغدا کراوە، بەڵام تا ئێستا بەغدا ڕەزامەندی نەداوە لەسەر خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: لەگەڵ پارێزگاری بانكی ناوەندی، وەزیری دارایی و وەزارەتی پلاندانان کۆبوونەتەوە و دەرکەوتووە کە گرفتی نەختینە هەیە. دلێمی وتیشی: پارە بۆ مووچە تەرخانكراوە، ئەگەر نرخی نەوتیش دابەزێت حكومەتی ناوەندی پارەی هەیە و كورتهێنان روونادات، لەم هەفتەیەدا فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان مووچەكانیان وەردەگرن. جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە مووچەی هێزە ئەمنییەکان ئاماژەی بەوەکرد، دوای خەرجكردنی مووچەی مووچەخۆرانی مەدەنی، مووچەی هێزە ئەمنییەكانیش خەرجدەكرێت و چیتر گرفتی دواکەوتنی مووچە ڕووناداتەوە. وتەکانی دلێمی لە کاتێکدایە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاندبوو: ئەو چەند مانگەی مووچەمان ناردووە لەسەر بەرپرسیارێتی خۆمان بووە و هەرێم پابەند نییە بە مەرجەکانمان، بۆیە ئەگەری هەیە ڕووبەڕووی دادگا ببینەوە لەسەر ناردنی مووچە بۆ هەرێم.
هاوڵاتی کچێکی بچووک چاوەڕێی خۆرهەڵاتن بوو بۆ ئەوەی بچێتە دەرەوە و لە باخچەی ماڵەکەیاندا یاری بکات، چاوەڕێی ئەوە نەدەکرد ڕۆژێک بێت ژیانی پێچەوانە بێتەوە و کەسێک لە تەمەنی باوکیدا سەردانی ماڵەکەیان بکات و داوای بکات، خێزانەکەشی ڕازی بن بەجۆرێک ژیانی لە یاری و خەونی بێتاوانەوە بگۆڕێت بۆ بەرپرسیارێتی گەورەتر لە قەبارەی جەستە بچووکەکەی. ئەم چیرۆکە و چەندانی دیکەش چنراوی خەیاڵ نین، بەڵکو واقیعێکە کە دەیان کچ تێیدا ژیاون و چەندانی تریش تێیدا دەژین ئەگەر ئەنجوومەنی نوێنەران بەردەوام بێت لە ھەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی ، شەقامی عێراقیش بە جەنجاڵیەکی گەورە بەرەوڕوو بووەوە پاش ئەوەی لە پەرلەمان پێشکەش کرا. سەرباری ئەوەی فشارەکان - لەناوەوە و دەرەوەی پەرلەمان- وایکرد پەرلەمان خستنەڕووی یاسای پێشنیارکراوی هەموارکردنەوەی بڕگەی ٥٧ی یاساکە دوابخات کە لە ساڵی ١٩٥٧ لە میانی دانیشتنەکانیدا پەرلەمانی ئەو کاتدا دەرچووە بە بیانووی پێویستی گفتوگۆی زیاتر دوابخات ، بەڵام هێشتا شەقامی عێراقی و تایبەت ژنانی چالاکوان ترسیان هەیە کە ببێتە دەروازەیەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی خێزانی عێراقی تەنانەت هەندێک دەڵێن کە هەموارکردنەوەی یاساکە منداڵی دەکوژێت. یەکەم دەنگی ڕەتکردنەوە خۆپیشاندان لە بەردەم پەرلەمانی عێراقەوە بەرزکرایەوە ، کە داوای گەڕانەوەی ڕەشنووسی یاساکەیان دەکرد، پێیانوابوو عێراق دەگەڕێنێتەوە بۆ "سەردەمی کۆیلایەتی ژن". “یاسایەک کە تائیفەگەری دەچەسپێنێت” شێخ مستەفا بەیاتی،سەرۆکی کۆمەڵەی ئیمامانی ئەدحامیە ، داوای لەو لایانانە کە پێشنیاری پڕۆژە یاساکەیان کردووە، “لە پێناو پاراستنی یەکڕیزی عێراق و پاراستنی شکۆی… ژنانی عێراق لە بەفیڕۆدان”بکشێنەوە . ئەو پیاوە ئایینییە سوننەیە ئاماژەی بەوەشدا ئەوەی لە پەرلەمان سەبارەت بە یاسای باری شارستانی وروژێنراوە دەبێتە "چەسپاندنی تائیفەگەری دوای ئەوەی عێراقییەکان وازیان لێهێنا و بە پێشێلکردنی داب و نەریتی وڵات چونکە داب و نەریت و سەردەمی ئێمە پێچەوانەی ئەوەیە کە لە یاسای باری کەسیدا وروژێنراوە.” جێی ئاماژەیە تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری لەسەرووی 18ساڵەوەیە، بەپێی جاڕنامەی مافەکانی منداڵیش نابێت منداڵ بە زۆر ناچار بەکارێک بکرێن کە زیان لەژیان و بدات، بەڵام لەئێستادا پەرلەمانی عێراق دەخوازێت لەڕێگای هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی ئەو مافەی کچانی منداڵ پێشێل بکات.
هاوڵاتی دوو هۆكاری نوێ بۆ دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە ئاشكرا دەبێت، بەشێكی پەیوەندی بە هەرێم و بەشێكیشی پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە. نزیکەی 30 ڕۆژە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی حەوتی ڕەوانەی بەغدا کردووە، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتبوو ڕۆژی پێنجشەممە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕەوانە نەکراوە. بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆی کاریگەری خستووەتە سەر قەبارەی پارەی نەختینە، بەشێک لە وەزارەتەکانی عێراق داهاتیان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نەگەڕاندووەتەوە، بەمەش کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە و ناردنی پارەکەی هەرێمی کوردستان دروستبووە. هەر بەپێی زانیارییەكان، "هۆکارێکی دیکەی دواکەوتنی مووچە، بۆ زیادبوونی بڕی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە و وردبینی لە لیستەکانیان تەواو نەبووە".
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، هاووڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە كە گرووپێك پەیدا بوونە و لەڕێگەی فێڵێكەوە پارەی نێو هەژماریی بانكی دەدزن. ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند: ماوەیەکە گروپێک کە خەڵکی شارەکانی خوارووی عێراق و هەرێمی کوردستانن، چەند هەژمارێکی جۆراوجۆریان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی بانکەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دروستكردووە، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نرخی (100)دۆلاری ئەمریکی بە (132000) هەزار دیناری عێراقی دەگۆڕنەوە، بەتایبەت بۆ ئەو هاوڵاتیانەی دەیانەوێت گەشت بکەن. بەپێی ڕاگەیەنراوەكەی ئاسایشی هەولێر، ئەم گرووپە بەچەند ژمارە مۆبایلێكی جۆراوجۆر بەڕێگای تۆڕی (واتس ئاپ) دەکەونە پەیوەندی لەگەڵ کەسەکە و داوای (پاسپۆرت و کارتی نیشتمانی و ماستەرکارت یان ڤیزەکارت)ی کەسەکە دەکەن، دوای چەند خولەکێک داوای (کۆد/ژمارەی) نهێنی سەر هەژماری بانکیی یەکەت لێ دەکات و لە دوای پێدانی ئەو (کۆد/ژمارە) نهێنیە ڕاستەوخۆ هەر بڕەپارەیەک لەسەر هەژماری بانکیەکەت هەبێت دەستی بەسەردا دەگرێت.