ئامادەکردنی/ هاوڵاتی نیوز ئارام خەلیل تەمەنی هێشتا ٢٧ ساڵ بوو، بە کۆڵێکی قورسەوە بە شاخە سەختەکاندا دەچوو کۆڵبەری دەکرد، بەڵام لە کۆڵەکەی شانی قورستر، ئەو کۆڵەبوو کە خەمی بێدایک و باوکی و بەخێوکردنی خوشک و براکانی لە ئەستۆ گرتبوو، ساڵی ٢٠١٨ دایک و باوکی لەدەستدا و ئیتر هەمووشێک بۆ ئەو قڵپبوویەوە. زیاتر لە دەساڵە ڕۆژانە شەش کاتژمێر بە شاخە سەختەکاندا دەڕوات، بە کۆڵێکی قورسەوە، تەنها بۆ حەوت هەزار دینار، کەچی وادیارە حەوت هەزارەکەشی پێ ڕەوا نابینن، هەر بۆیە بە فیشەکێک کۆتاییان بە ژیانی هێنا. کەس نازانێت لە دڵی ئارامدا، لە مێشکی ئارامدا چی گوزەراوە، کاتێک شەش کاتژمێر ڕێی کردووە خەونی بە چییەوە بینیوە، ئایا خەونی بەوەدیوە وەک هاوتەمەنەکانی هاوسەرگیری بکات، یان خەونی بەوە دیوە خواردنێکی باشتر بۆ خوشک و براکانی دابین بکات، یان چ دڵێکی بە دەسەڵاتێک خۆشبووە کە هیچ بیرێکی لە ژیانی ئەو نەکردووەتەوە. ئارام هەلیکارێکی سەختی بۆ خۆی دابین کرد، تەنها ماندوێتییەکەی بەس نەبوو، ئەوان ژیانیشیان دەویست بۆیە پاسەوانانی سنور وەک ئەوەی ئەو تاکە قاچاخچی گەورەی ئەم نیشتمانە بێت دایانە بەر دەستڕێژی گولـلە. دوای ڕووداوەکە وەزیری ڕۆشنبیری بە شانازییەوە باسی لەوە کرد لە ڕووداوەکەی ساڵی پێشووشدا کە گەنجێکی تر کوژراوە سوڵحی عەشایەریان کردوە و وتی پارسال ھەر لەھەمان شوێن کەسێکتریان کۆشت، سڵحیان بۆکرا لەلایەن کۆمەلایەتی ھەورامانەوە ،من و کاک جەمیل ھەورامی نیوەی زیاتری پارەی سڵحەکەشمان لە یەکێتی نیشتیمانی بۆ دان، ئەوەی بکوژەکان دایان قەرزیان بۆکرا ھێشتا قەرزەکەیان نەداوەتەوە. لە چوار ساڵی ڕابردوودا 904 کۆڵبەری کورد کوژراون، بەڵام ئێستا لە دیوی هەرێمیشەوە پاسەوانەکانی سنور دەستیان بە کوشتنی گەنجانی هەرێم کردووە. لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل لە نوێترین لێدوانیدا ڕەخنەی لەو سوڵحەکرد کە وەزیری ڕۆشنبیری هەرێم، حەمەی حەمە سەعید لەسەر کوژرانی گەنجێکی کۆڵبەر کردویەتی و دەڵێت بە پارەی دزراوی حیزب سوڵحەکە کراوە. لاهور شێخ جەنگی بەشداری پرسەی ئارام خەلیلی ٢٧ ساڵی کرد باسی لەوە کرد جێگەی قبوڵ نییە کوژرانی گەنجێکی لەو شێوەیە دووبارە ببێتەوە کە بە ٧ هەزار کۆڵبەری کردووە و شەش سەعات بە کۆڵی خۆی بەو شاخەدا شتی گواستووەتەوە. وتیشی ئەگەر مەبەستیانە سنوربەزاندن بنبڕ بکەن، ئەوەتا تورکیا ٣٠ کیلۆمەتر هاتووەتە ناوەوە بە بەرچاوی پاسەوانی سنورەوە سەدان گوندی وێران کردوە کەس ناوێرێت قسە بکات، ئەگەر مەبەستیشیان بنبڕکردنی قاچاخچێتییە وەرن با من ڕێگەیان پیشان بدەم تانکەر ڕیزبووە و ڕۆژانە هەزاران تەنکەر نەوتی ئەم وڵاتە دەدزێت، دووگ و هێلکە بە قاچاخ دەهێنرێت. دواجار ئارام کوژرا  و هەرگیز بە خەونەکانی نەگەیشت، برا و خوشکەکانیشی بۆ ئازاری دیکە و قورستر جێهێشت، چونکە ئیتر ئارام و حەوت هەزارەکەی نابیننەوە.

هاوڵاتی ماوەی ٥١ ڕۆژە سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە و جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "ئەم مانگە کۆتا مانگە مووچە دوا بکەوێت". نزیکەی دوو مانگە لیستی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانەی بەغدا کراوە، بەڵام تا ئێستا بەغدا ڕەزامەندی نەداوە لەسەر خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.  ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: لەگەڵ پارێزگاری بانكی ناوەندی، وەزیری دارایی و وەزارەتی پلاندانان کۆبوونەتەوە و دەرکەوتووە کە گرفتی نەختینە هەیە. دلێمی وتیشی: پارە بۆ مووچە تەرخانكراوە، ئەگەر نرخی نەوتیش دابەزێت حكومەتی ناوەندی پارەی هەیە و كورتهێنان روونادات، لەم هەفتەیەدا فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان مووچەكانیان وەردەگرن. جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە مووچەی هێزە ئەمنییەکان ئاماژەی بەوەکرد، دوای خەرجكردنی مووچەی مووچەخۆرانی مەدەنی، مووچەی هێزە ئەمنییەكانیش خەرجدەكرێت و چیتر گرفتی دواکەوتنی مووچە ڕووناداتەوە.  وتەکانی دلێمی لە کاتێکدایە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاندبوو: ئەو چەند مانگەی مووچەمان ناردووە لەسەر بەرپرسیارێتی خۆمان بووە و هەرێم پابەند نییە بە مەرجەکانمان، بۆیە ئەگەری هەیە ڕووبەڕووی دادگا ببینەوە لەسەر ناردنی مووچە بۆ هەرێم.

هاوڵاتی کچێکی بچووک چاوەڕێی خۆرهەڵاتن بوو بۆ ئەوەی بچێتە دەرەوە و لە باخچەی ماڵەکەیاندا  یاری بکات، چاوەڕێی ئەوە نەدەکرد ڕۆژێک بێت ژیانی پێچەوانە بێتەوە و  کەسێک لە تەمەنی باوکیدا سەردانی ماڵەکەیان بکات و داوای بکات، خێزانەکەشی ڕازی بن  بەجۆرێک ژیانی لە یاری و خەونی بێتاوانەوە بگۆڕێت بۆ بەرپرسیارێتی گەورەتر لە قەبارەی جەستە بچووکەکەی. ئەم چیرۆکە و چەندانی دیکەش چنراوی  خەیاڵ نین، بەڵکو واقیعێکە کە دەیان کچ تێیدا ژیاون و چەندانی تریش تێیدا  دەژین ئەگەر ئەنجوومەنی نوێنەران بەردەوام بێت لە ھەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی ، شەقامی عێراقیش  بە جەنجاڵیەکی گەورە بەرەوڕوو بووەوە پاش ئەوەی  لە پەرلەمان پێشکەش کرا. سەرباری ئەوەی  فشارەکان - لەناوەوە و دەرەوەی پەرلەمان- وایکرد پەرلەمان خستنەڕووی یاسای پێشنیارکراوی هەموارکردنەوەی بڕگەی ٥٧ی یاساکە دوابخات کە لە ساڵی ١٩٥٧ لە میانی دانیشتنەکانیدا پەرلەمانی ئەو کاتدا  دەرچووە بە بیانووی پێویستی گفتوگۆی زیاتر دوابخات ، بەڵام هێشتا شەقامی عێراقی و تایبەت ژنانی چالاکوان  ترسیان هەیە کە ببێتە دەروازەیەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی خێزانی عێراقی تەنانەت هەندێک دەڵێن کە هەموارکردنەوەی یاساکە منداڵی دەکوژێت. یەکەم دەنگی ڕەتکردنەوە خۆپیشاندان لە بەردەم پەرلەمانی عێراقەوە بەرزکرایەوە ، کە داوای گەڕانەوەی ڕەشنووسی یاساکەیان دەکرد،  پێیانوابوو عێراق دەگەڕێنێتەوە بۆ "سەردەمی کۆیلایەتی ژن". “یاسایەک کە تائیفەگەری دەچەسپێنێت” شێخ مستەفا بەیاتی،سەرۆکی کۆمەڵەی ئیمامانی ئەدحامیە ، داوای لەو لایانانە  کە  پێشنیاری پڕۆژە یاساکەیان کردووە،  “لە پێناو پاراستنی یەکڕیزی عێراق و پاراستنی شکۆی… ژنانی عێراق لە بەفیڕۆدان”بکشێنەوە .  ئەو پیاوە ئایینییە سوننەیە ئاماژەی بەوەشدا ئەوەی لە پەرلەمان سەبارەت بە یاسای باری شارستانی وروژێنراوە  دەبێتە  "چەسپاندنی تائیفەگەری دوای ئەوەی عێراقییەکان وازیان لێهێنا و بە پێشێلکردنی داب و نەریتی وڵات چونکە داب و نەریت و سەردەمی ئێمە پێچەوانەی ئەوەیە کە لە یاسای باری کەسیدا وروژێنراوە.” جێی ئاماژەیە تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری لەسەرووی 18ساڵەوەیە، بەپێی جاڕنامەی مافەکانی منداڵیش نابێت منداڵ بە زۆر ناچار بەکارێک بکرێن کە زیان لەژیان و بدات، بەڵام لەئێستادا پەرلەمانی عێراق دەخوازێت لەڕێگای هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی ئەو مافەی کچانی منداڵ پێشێل بکات.

هاوڵاتی دوو هۆكاری نوێ بۆ دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە ئاشكرا دەبێت، بەشێكی پەیوەندی بە هەرێم و بەشێكیشی پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە. نزیکەی 30 ڕۆژە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی حەوتی ڕەوانەی بەغدا کردووە، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتبوو ڕۆژی پێنجشەممە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕەوانە نەکراوە. بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆی کاریگەری خستووەتە سەر قەبارەی پارەی نەختینە، بەشێک لە وەزارەتەکانی عێراق داهاتیان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نەگەڕاندووەتەوە، بەمەش کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە و ناردنی پارەکەی هەرێمی کوردستان دروستبووە. هەر بەپێی زانیارییەكان، "هۆکارێکی دیکەی دواکەوتنی مووچە، بۆ زیادبوونی بڕی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە و وردبینی لە لیستەکانیان تەواو نەبووە".

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، هاووڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە كە گرووپێك پەیدا بوونە و لەڕێگەی فێڵێكەوە پارەی نێو هەژماریی بانكی دەدزن. ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند: ماوەیەکە گروپێک کە خەڵکی شارەکانی خوارووی عێراق و هەرێمی کوردستانن، چەند هەژمارێکی جۆراوجۆریان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی بانکەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دروستكردووە، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نرخی (100)دۆلاری ئەمریکی بە (132000) هەزار دیناری عێراقی دەگۆڕنەوە، بەتایبەت بۆ ئەو هاوڵاتیانەی دەیانەوێت گەشت بکەن. بەپێی ڕاگەیەنراوەكەی ئاسایشی هەولێر، ئەم گرووپە بەچەند ژمارە مۆبایلێكی جۆراوجۆر بەڕێگای تۆڕی (واتس ئاپ) دەکەونە پەیوەندی لەگەڵ کەسەکە و داوای (پاسپۆرت و کارتی نیشتمانی و ماستەرکارت یان ڤیزەکارت)ی کەسەکە دەکەن، دوای چەند خولەکێک داوای (کۆد/ژمارەی) نهێنی سەر هەژماری بانکیی یەکەت لێ دەکات و لە دوای پێدانی ئەو (کۆد/ژمارە) نهێنیە ڕاستەوخۆ هەر بڕەپارەیەک لەسەر هەژماری بانکیەکەت هەبێت دەستی بەسەردا دەگرێت.

هاوڵاتی چالاکوانانی خوڕماڵ لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە داوای ئاشکرا کردنی بکوژی ئارام ئەو گەنجە کۆڵبەرە دەکەن کە دوێنێ شەو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر سنوورەوە کوژرا. ئەمڕۆ دووشەممە، 19ی ئابی 2024، تۆڕی ڕێکخراوەکانی خوڕماڵ کە پێکدێن لە چەندین چالاکوان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایانگەیاند، داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و حکومەت دەکەین بە زووترین کات بکوژی ئارام ئاشکرا بکەن و بکەرانی بە سزای خۆی بەگەیەنن. دەشڵێن، زۆربەی گەنجەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی خراپی باری دارایی و نەبوونی سەرچاوەیەکی بژێوی ژیانیان پەنا دەبەنە بەر کۆچ کردن و بڕینی سنوورەکانی وڵات. ئەوشیان خستەڕوو، وەک تۆڕی ڕێکخراوەکانی خوڕماڵ بەتوندترین شێوە ئیدانەی کوژرانی ئارام دەکەن و داواش دەکەین بەزووترین کات بکوژ بە سزای خۆی بگەنرێت، ئەگەرنا پەنا دەبەنە بەر چالاکی مەدەنی تر. جێگەی ئاماژەیە، دوێنێ شەو 18ی ئابی 2024، پاسەوانی سنووری عێراق لەهەورامان تەقەیان لە ئارام کرد کە گەنجێکی کۆڵبەری گوندی سەرگەت بوو کوشتوویان.

هاوڵاتی مانگی تابان لەو کاتەدا دەردەکەوێت کە مانگ دەگاتە نزیکترین خاڵ لە زەوی و بە گەورەیی و گەشاوەیی دەبینرێت. مانگی تابان لە دیدی مرۆڤدا بەگەورەیی قەبارەکەی و پڕشنگداری و گەشاوەییەکەی لە مانگەکانی دیکە جیادەکرێتەوە، ئەمشەو بۆ یەکەمجار لەمساڵدا لە ئاسمانی کوردستان و زۆربەی ناوچەکانی جیهان دەبینرێت. کەمترین دووری لەنێوان مانگ و زەوی، کە ئەم شەو ڕوودەدات ٣٦١ هەزار و ٩٦٩ کیلۆمەترە، لەکاتێکدا زۆرترین دووری نێوانییان ٤٠٥ هەزار و ٦٩٦ کیلۆمەترە و ئەمشەو قەبارەی مانگ ١٣-١٤٪ گەورەتر و ڕووناکییەکەی ٢٧-٣٠٪ لە مانگی ئاسایی زیاترە. کاتژمێر ٦:٥٩ خولەکی ئێوارە بەکاتی هەولێر مانگ لە ئاسۆی ڕۆژهەڵات هەڵدێت و تا چەند کاتژمێرێک بەردەوام دەبێت. جگە لە ئەمشەو ئەمساڵ سێ جاری دیکە، مانگی تابان لە ١٨-٩ و ١٧-١٠ و ١٥-١١ بەدیدەکرێت.

هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، 19ی ئابی 2024، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی دیوانی چاودێری عێراق ئەوەی خستەڕوو، کە هەماهەنگیان لەگەڵ چاودێری دارایی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. ئەمەش لە کاتێکدایە، بەپێی یاسای بوودجە هەموو سێ مانگ جارێک پێویستە لیژنەیەکی چاودێری دارایی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، وردبینی لە خەرجی، داهات، لیستی مووچە و میلاکات لە مانگی دووەمی ساڵی 2024 دەکەن. بەپێی ڕاگەندراوی فەرمی وەزارەتی دارایی، لەماوەی دووساڵی ڕابردوودا هەماهەنگی و پەیوەندی بەردەوامیان لەگەڵ تیمە هاوبەشەکانی چاودێری دارایی هەبووە لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەو گرفتە هونەری و تەکنیکیەکانی تایبەت بە خەرجی، داهات، لیستی مووچە و میالاکات بەردەوام دەرگای وەزارەت و بەڕێوبەرایەتیەکانیان بەڕویاندا کراوە بووە.  جێگەی ئاماژەیە، دیوانی چاودێری دارایی عێراق لای خۆیانەوە پشتیوانی و هەماهەنگی وەزارەتی داراییان کرد، کە بەردەوام لەسەر هێڵ بووە بۆ چارەسەری ئەو کێشەو گرفتانەی لە بواری ژمێریاری، بودجەو داهات و خەرجییەکان لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵدا هەبووە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی ئابی 2024، دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی كۆتا پەیامی ئاڕاستەی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و كارمەندانی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی كرد و ماڵئاوایی لێكردن. لە پەیامەکەید مامۆستا دڵشاد عومەر ڕایگەیاند، "هاوکارانم لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بەرێزان / سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و كارمەندان سڵاوی پەروەردەو زانستتان لێبێت لەماوەی نۆ ساڵی کارکردنم لەگەڵ ئێوەی بەڕێوەبەری پەروەردەکان و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکان و لێپرسراوی هۆبەکان سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و کارمەندان بە ئاسوودەیی زۆر سوودمەند بووم بە پێشنیارو ڕاو بۆچوونەکانتان، کە خۆشەویستیتان بووە بۆ پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن، هەرچەندە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری سەخت بووینەتەوە، بەڵام دواجار گەشبین بووین بۆ ڕۆژانی داهاتوو، هەرگیز دەرفەتێکتان لەدەست نەداوە بۆ دەوڵەمەندکردنی پرۆسەی پەروەردە، هیواو ئاواتی هاوبەشتان هەبووە من هیچیان لەبیر ناکەم ئێوە پشتیوانی من بوون لەم پۆستەدا". ئاماژەی بەوەکرد، "هیوادارم بە هەوڵی هەمووان توانیبێتمان هەنگاومان نابێت بۆ گۆڕانکاری لە ناوەندەکانی خوێندندا بە بێ جیاوازی و لایەنگری حزبی بە یەکسانی و دادپەروەری. هەروەها لەماوەی دەست بەکاربوونم لە ٥/٧/٢٠١٥ حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بووە کە تاکو ئێستاش بەردەوام قەیران هەیە". وەک لە پەیامەکەدا هاتووە، "سەرەڕای کێشەو گرفتەکان و قەیرانەکان و نیگەرانییە سەختەکان بە هەوڵی دڵسۆزانەی ئێوەو هاندانی ڕێکخراوەکان و وەبەرهێنەران و سەرمایەداران و خێرخوازان لە نۆژەنکردنەوە و دروست کردنی قوتابخانەو دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن درێغیتان نەکردووە، دووبارە دەمەوێت سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ ئەو هاوکاری و پاڵپشتییە میهرەبانییە دەردەبڕم کە پێشکەشتان کردووم بۆ سەرخستنی پرۆسەی پەروەردە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی. بەهیوام پەیامم بگاتە هەموو فەرمانبەران و کارمەندان و مامۆستایان هەمیشە هاوکارو پشتیوانتان دەبم هەربژین سەرکەوتوو بن".  

هاوڵاتی لوفتهانزا تا 26ی ئەم مانگە گەشتەکانی بۆ تەلئەبیب، تاران، بەیروت، عەممان و هەولێر هەڵپەساردووە. گروپی لوفتهانزا كە گەورەترین كۆمپانیای فڕۆكەوانی ئەڵمانیایییە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ تەلئەبیب، تاران، بەیروت، عەممان و هەولێر تاوەكو 26ی ئەم مانگە هەڵپەساردووە. لە تۆڵەی تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەكتەبی سیاسی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران، ئەگەر ئاگربەست نەكرێت تاران دەیەوێت هێرشی سەربازیی راستەوخۆ بكاتە سەر ئیسرائیل، ئەمەش ئەمریكای نیگەران كردووە و پێشبینی ئەوە دەكەن ناوچەكە رووبەڕووی جەنگێكی بەرفراوان بكاتەوە.

هاوڵاتی، سازگار ئەحمەد لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، نرخی تەماتەی خۆماڵی بەراورد بە 10 ڕۆژی ڕابردوو بەرزبووەتەوە، کیلۆیەک تەماتەی خۆماڵی لە 600 دینارەرە بەرزبووەتەوە بۆهەزار دینار. ئەمڕۆ دووشەممە 19ی ئابی 2024، عەتا محەمەد، نوێنەری ژووری بازرگانی لە عەلوەی سلێمانی بە هاوڵاتی ڕاگەیاند، "لە هەفتەی ڕابردووەوە نرخی تەماتە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە، بە جۆرێک لە ئێستادا نرخی کیلۆیەک تەماتە لە بازاڕەکاندا کەمتر نییە لە 1500 دینار". لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکەی  نوێنەری ژووری بازرگانی لە عەلوەی سلێمانی وتی، "هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی تەماتە بۆ هاتنی زیارەتکاران دەگەڕێتەوە بۆ عێراق، چونکە تەنها یەک مەرزی بازرگانی لەئێستادا بەرهەمی لێ هاوردە دەکرێت ئەویش مەرزی سۆمارە و ئەویش قەرەباڵغییەکی زۆری لەسەر بوو، ئەمەش وایکرد نرخی تەماتە بەرزبێتەوە". وتیشی، "لە دوای ڕۆشتنەوەی زیارەتکاران و کردنەوەی دەروازەکانی دیکە نرخی تەماتە دووبارە لە بازاڕەکاندا دادەبەزێتەوە".

هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی گومانلێکراو لە هەرێمی کوردستان نییە، چوار بڕیاریش دەردەکات. نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون لە ئێستادا لە نزیکەی 25 وڵاتدا بڵاوبووەتەوە و لەبارەی نەخۆشییەکەوە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری داوە. وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: ئەمڕۆ یەکشەممە 18-08-2024 سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووەوە و بۆ بەرەنگاربوونەوە و خۆپارێزی لە نەخۆشییەکە وەزارەتی تەندروستی ئەم بڕیارانەی دەرکرد: - بەیانی رێکارەکانی خۆپارێزی و ئامادەکاری لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بۆ دامودەزگاکانی تەندروستی رابگەیەنرێت. - لیژنەیەکی باڵای هاوبەش لەنێوان وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کشتوکاڵ پێکبهێنرێت. -پەیامەکانی تەندروستی بۆ هاوڵاتییان و گەشتیاران دابنرێت بۆ هۆشیاری تەندروستی و هەڵمەتی راگەیاندن و رۆشنبیری تەندروستی. - ئامادەکاری دابینکردنی تێستی پشکنینی تاقیگەیی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەنجام بدرێت ئەنجامەی ڕابگەیەنرێت ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون بەهۆی گازگرتن و چڕنووك گرتنی ئاژەڵێكی تووشبوو دەگوێزرێتەوە بۆ ئاژەڵی دیكە و لەوێشەوە بۆ مرۆڤ، یان لەڕێگەی تێكەڵبوون بەهۆی هەڵمژینی هەناسەی کەسی تووشبوو و بەكارهێنانی كەلوپەلەکانیان.

هاوڵاتی بەهۆی تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق گەنجێکی کۆڵبەر کوژرا دوای ئەوەی گەنجێکی گوندی سەرگەتی سەر بە قەزای خورماڵ بەناوی ئارام خەلیل، لەکاتی کۆڵبەریدا لە مەرزی سیپە لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە تەقەی لێکراوە و بە سەختی بریندارکراوە، بۆ بنکەی تەندروستی گواستراوەتەوە و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە. دەروازەی سنووری سیپە دەروازەیەکی نافەرمییە و زۆرجار لەلایەن کۆڵبەرانەوە وەک ڕێگەیەکی پەڕینەوە بۆ سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکاردەهێنرێت.

هاوڵاتی بەر لە چوار مانگ پێش وادەی بەڕێوەچوونی سەرژمێری گشتیی لە عێراق و کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی دا لەسەر دابینکردنی ئامێری پێویست بۆ گواستنەوەی داتاکان. ئامادەکاری وەزارەتی پلانادنانی عێراق بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوامە، 120 هەزار کارمەند لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ سەرپەرشتی پڕۆسەکە ڕاهێنراون. لە ڕاگەیێنراوی فەرمی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا هاتووە: ڕەزامەندی دراوە لەسەر دابینکردنی ئامێر و سێرڤەری پێویست بۆ گواستنەوەی داتای سەرژمێری دانیشتوانی گشتیی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا. دوایین سەرژمێری دانیشتووان لە عێراق ساڵی 1997 کراوە و ئەوکاتیش هەرێمی کوردستان لە سەرژمێرییەکەدا بەشدار نەبووە.

هاوڵاتی دڵشاد عومەر، كە لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان ماوەی نۆ ساڵە بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانییە، لەبارەی هۆكاری دەستبەرداربوونی لە پۆستەكەی، بە میدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە، بڕیارەكە پەیوەستبووە بە گەڕاندنەوەی ئەو 182دۆنم زەوییەی ئامادەیی كشتكوكاڵی بەكرەجۆ، كە بەچەند ڕێگەیەكی نایاسایی درا بە وەبەرهێنەرێک. وتیشی: لەبەر ئەم زوڵمەی لە كەرتی گشتی و پەروەردە دەكرێت، بڕیارمدا سبەینێ 19ـی مانگ وەك پێشتر بڕیارمدابوو دەستلەكار بكێشمەوە دەورو تەسلیمی خۆم دەكەم، هەموو شتێكیشم لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بڕاندووەتەوە و پێشنیار كراوە كەسێكی تر لەجێگەكەم دابندرێت.