هاوڵاتی دوو هۆكاری نوێ بۆ دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە ئاشكرا دەبێت، بەشێكی پەیوەندی بە هەرێم و بەشێكیشی پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە. نزیکەی 30 ڕۆژە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی حەوتی ڕەوانەی بەغدا کردووە، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتبوو ڕۆژی پێنجشەممە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕەوانە نەکراوە. بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆی کاریگەری خستووەتە سەر قەبارەی پارەی نەختینە، بەشێک لە وەزارەتەکانی عێراق داهاتیان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نەگەڕاندووەتەوە، بەمەش کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە و ناردنی پارەکەی هەرێمی کوردستان دروستبووە. هەر بەپێی زانیارییەكان، "هۆکارێکی دیکەی دواکەوتنی مووچە، بۆ زیادبوونی بڕی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە و وردبینی لە لیستەکانیان تەواو نەبووە".
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، هاووڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە كە گرووپێك پەیدا بوونە و لەڕێگەی فێڵێكەوە پارەی نێو هەژماریی بانكی دەدزن. ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند: ماوەیەکە گروپێک کە خەڵکی شارەکانی خوارووی عێراق و هەرێمی کوردستانن، چەند هەژمارێکی جۆراوجۆریان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی بانکەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دروستكردووە، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نرخی (100)دۆلاری ئەمریکی بە (132000) هەزار دیناری عێراقی دەگۆڕنەوە، بەتایبەت بۆ ئەو هاوڵاتیانەی دەیانەوێت گەشت بکەن. بەپێی ڕاگەیەنراوەكەی ئاسایشی هەولێر، ئەم گرووپە بەچەند ژمارە مۆبایلێكی جۆراوجۆر بەڕێگای تۆڕی (واتس ئاپ) دەکەونە پەیوەندی لەگەڵ کەسەکە و داوای (پاسپۆرت و کارتی نیشتمانی و ماستەرکارت یان ڤیزەکارت)ی کەسەکە دەکەن، دوای چەند خولەکێک داوای (کۆد/ژمارەی) نهێنی سەر هەژماری بانکیی یەکەت لێ دەکات و لە دوای پێدانی ئەو (کۆد/ژمارە) نهێنیە ڕاستەوخۆ هەر بڕەپارەیەک لەسەر هەژماری بانکیەکەت هەبێت دەستی بەسەردا دەگرێت.
هاوڵاتی چالاکوانانی خوڕماڵ لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە داوای ئاشکرا کردنی بکوژی ئارام ئەو گەنجە کۆڵبەرە دەکەن کە دوێنێ شەو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر سنوورەوە کوژرا. ئەمڕۆ دووشەممە، 19ی ئابی 2024، تۆڕی ڕێکخراوەکانی خوڕماڵ کە پێکدێن لە چەندین چالاکوان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایانگەیاند، داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و حکومەت دەکەین بە زووترین کات بکوژی ئارام ئاشکرا بکەن و بکەرانی بە سزای خۆی بەگەیەنن. دەشڵێن، زۆربەی گەنجەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی خراپی باری دارایی و نەبوونی سەرچاوەیەکی بژێوی ژیانیان پەنا دەبەنە بەر کۆچ کردن و بڕینی سنوورەکانی وڵات. ئەوشیان خستەڕوو، وەک تۆڕی ڕێکخراوەکانی خوڕماڵ بەتوندترین شێوە ئیدانەی کوژرانی ئارام دەکەن و داواش دەکەین بەزووترین کات بکوژ بە سزای خۆی بگەنرێت، ئەگەرنا پەنا دەبەنە بەر چالاکی مەدەنی تر. جێگەی ئاماژەیە، دوێنێ شەو 18ی ئابی 2024، پاسەوانی سنووری عێراق لەهەورامان تەقەیان لە ئارام کرد کە گەنجێکی کۆڵبەری گوندی سەرگەت بوو کوشتوویان.
هاوڵاتی مانگی تابان لەو کاتەدا دەردەکەوێت کە مانگ دەگاتە نزیکترین خاڵ لە زەوی و بە گەورەیی و گەشاوەیی دەبینرێت. مانگی تابان لە دیدی مرۆڤدا بەگەورەیی قەبارەکەی و پڕشنگداری و گەشاوەییەکەی لە مانگەکانی دیکە جیادەکرێتەوە، ئەمشەو بۆ یەکەمجار لەمساڵدا لە ئاسمانی کوردستان و زۆربەی ناوچەکانی جیهان دەبینرێت. کەمترین دووری لەنێوان مانگ و زەوی، کە ئەم شەو ڕوودەدات ٣٦١ هەزار و ٩٦٩ کیلۆمەترە، لەکاتێکدا زۆرترین دووری نێوانییان ٤٠٥ هەزار و ٦٩٦ کیلۆمەترە و ئەمشەو قەبارەی مانگ ١٣-١٤٪ گەورەتر و ڕووناکییەکەی ٢٧-٣٠٪ لە مانگی ئاسایی زیاترە. کاتژمێر ٦:٥٩ خولەکی ئێوارە بەکاتی هەولێر مانگ لە ئاسۆی ڕۆژهەڵات هەڵدێت و تا چەند کاتژمێرێک بەردەوام دەبێت. جگە لە ئەمشەو ئەمساڵ سێ جاری دیکە، مانگی تابان لە ١٨-٩ و ١٧-١٠ و ١٥-١١ بەدیدەکرێت.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، 19ی ئابی 2024، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی دیوانی چاودێری عێراق ئەوەی خستەڕوو، کە هەماهەنگیان لەگەڵ چاودێری دارایی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. ئەمەش لە کاتێکدایە، بەپێی یاسای بوودجە هەموو سێ مانگ جارێک پێویستە لیژنەیەکی چاودێری دارایی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، وردبینی لە خەرجی، داهات، لیستی مووچە و میلاکات لە مانگی دووەمی ساڵی 2024 دەکەن. بەپێی ڕاگەندراوی فەرمی وەزارەتی دارایی، لەماوەی دووساڵی ڕابردوودا هەماهەنگی و پەیوەندی بەردەوامیان لەگەڵ تیمە هاوبەشەکانی چاودێری دارایی هەبووە لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەو گرفتە هونەری و تەکنیکیەکانی تایبەت بە خەرجی، داهات، لیستی مووچە و میالاکات بەردەوام دەرگای وەزارەت و بەڕێوبەرایەتیەکانیان بەڕویاندا کراوە بووە. جێگەی ئاماژەیە، دیوانی چاودێری دارایی عێراق لای خۆیانەوە پشتیوانی و هەماهەنگی وەزارەتی داراییان کرد، کە بەردەوام لەسەر هێڵ بووە بۆ چارەسەری ئەو کێشەو گرفتانەی لە بواری ژمێریاری، بودجەو داهات و خەرجییەکان لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵدا هەبووە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی ئابی 2024، دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی كۆتا پەیامی ئاڕاستەی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و كارمەندانی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی كرد و ماڵئاوایی لێكردن. لە پەیامەکەید مامۆستا دڵشاد عومەر ڕایگەیاند، "هاوکارانم لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بەرێزان / سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و كارمەندان سڵاوی پەروەردەو زانستتان لێبێت لەماوەی نۆ ساڵی کارکردنم لەگەڵ ئێوەی بەڕێوەبەری پەروەردەکان و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکان و لێپرسراوی هۆبەکان سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و کارمەندان بە ئاسوودەیی زۆر سوودمەند بووم بە پێشنیارو ڕاو بۆچوونەکانتان، کە خۆشەویستیتان بووە بۆ پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن، هەرچەندە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری سەخت بووینەتەوە، بەڵام دواجار گەشبین بووین بۆ ڕۆژانی داهاتوو، هەرگیز دەرفەتێکتان لەدەست نەداوە بۆ دەوڵەمەندکردنی پرۆسەی پەروەردە، هیواو ئاواتی هاوبەشتان هەبووە من هیچیان لەبیر ناکەم ئێوە پشتیوانی من بوون لەم پۆستەدا". ئاماژەی بەوەکرد، "هیوادارم بە هەوڵی هەمووان توانیبێتمان هەنگاومان نابێت بۆ گۆڕانکاری لە ناوەندەکانی خوێندندا بە بێ جیاوازی و لایەنگری حزبی بە یەکسانی و دادپەروەری. هەروەها لەماوەی دەست بەکاربوونم لە ٥/٧/٢٠١٥ حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بووە کە تاکو ئێستاش بەردەوام قەیران هەیە". وەک لە پەیامەکەدا هاتووە، "سەرەڕای کێشەو گرفتەکان و قەیرانەکان و نیگەرانییە سەختەکان بە هەوڵی دڵسۆزانەی ئێوەو هاندانی ڕێکخراوەکان و وەبەرهێنەران و سەرمایەداران و خێرخوازان لە نۆژەنکردنەوە و دروست کردنی قوتابخانەو دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن درێغیتان نەکردووە، دووبارە دەمەوێت سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ ئەو هاوکاری و پاڵپشتییە میهرەبانییە دەردەبڕم کە پێشکەشتان کردووم بۆ سەرخستنی پرۆسەی پەروەردە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی. بەهیوام پەیامم بگاتە هەموو فەرمانبەران و کارمەندان و مامۆستایان هەمیشە هاوکارو پشتیوانتان دەبم هەربژین سەرکەوتوو بن".
هاوڵاتی لوفتهانزا تا 26ی ئەم مانگە گەشتەکانی بۆ تەلئەبیب، تاران، بەیروت، عەممان و هەولێر هەڵپەساردووە. گروپی لوفتهانزا كە گەورەترین كۆمپانیای فڕۆكەوانی ئەڵمانیایییە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ تەلئەبیب، تاران، بەیروت، عەممان و هەولێر تاوەكو 26ی ئەم مانگە هەڵپەساردووە. لە تۆڵەی تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەكتەبی سیاسی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران، ئەگەر ئاگربەست نەكرێت تاران دەیەوێت هێرشی سەربازیی راستەوخۆ بكاتە سەر ئیسرائیل، ئەمەش ئەمریكای نیگەران كردووە و پێشبینی ئەوە دەكەن ناوچەكە رووبەڕووی جەنگێكی بەرفراوان بكاتەوە.
هاوڵاتی، سازگار ئەحمەد لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، نرخی تەماتەی خۆماڵی بەراورد بە 10 ڕۆژی ڕابردوو بەرزبووەتەوە، کیلۆیەک تەماتەی خۆماڵی لە 600 دینارەرە بەرزبووەتەوە بۆهەزار دینار. ئەمڕۆ دووشەممە 19ی ئابی 2024، عەتا محەمەد، نوێنەری ژووری بازرگانی لە عەلوەی سلێمانی بە هاوڵاتی ڕاگەیاند، "لە هەفتەی ڕابردووەوە نرخی تەماتە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە، بە جۆرێک لە ئێستادا نرخی کیلۆیەک تەماتە لە بازاڕەکاندا کەمتر نییە لە 1500 دینار". لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکەی نوێنەری ژووری بازرگانی لە عەلوەی سلێمانی وتی، "هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی تەماتە بۆ هاتنی زیارەتکاران دەگەڕێتەوە بۆ عێراق، چونکە تەنها یەک مەرزی بازرگانی لەئێستادا بەرهەمی لێ هاوردە دەکرێت ئەویش مەرزی سۆمارە و ئەویش قەرەباڵغییەکی زۆری لەسەر بوو، ئەمەش وایکرد نرخی تەماتە بەرزبێتەوە". وتیشی، "لە دوای ڕۆشتنەوەی زیارەتکاران و کردنەوەی دەروازەکانی دیکە نرخی تەماتە دووبارە لە بازاڕەکاندا دادەبەزێتەوە".
هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی گومانلێکراو لە هەرێمی کوردستان نییە، چوار بڕیاریش دەردەکات. نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون لە ئێستادا لە نزیکەی 25 وڵاتدا بڵاوبووەتەوە و لەبارەی نەخۆشییەکەوە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری داوە. وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: ئەمڕۆ یەکشەممە 18-08-2024 سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووەوە و بۆ بەرەنگاربوونەوە و خۆپارێزی لە نەخۆشییەکە وەزارەتی تەندروستی ئەم بڕیارانەی دەرکرد: - بەیانی رێکارەکانی خۆپارێزی و ئامادەکاری لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بۆ دامودەزگاکانی تەندروستی رابگەیەنرێت. - لیژنەیەکی باڵای هاوبەش لەنێوان وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کشتوکاڵ پێکبهێنرێت. -پەیامەکانی تەندروستی بۆ هاوڵاتییان و گەشتیاران دابنرێت بۆ هۆشیاری تەندروستی و هەڵمەتی راگەیاندن و رۆشنبیری تەندروستی. - ئامادەکاری دابینکردنی تێستی پشکنینی تاقیگەیی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەنجام بدرێت ئەنجامەی ڕابگەیەنرێت ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون بەهۆی گازگرتن و چڕنووك گرتنی ئاژەڵێكی تووشبوو دەگوێزرێتەوە بۆ ئاژەڵی دیكە و لەوێشەوە بۆ مرۆڤ، یان لەڕێگەی تێكەڵبوون بەهۆی هەڵمژینی هەناسەی کەسی تووشبوو و بەكارهێنانی كەلوپەلەکانیان.
هاوڵاتی بەهۆی تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق گەنجێکی کۆڵبەر کوژرا دوای ئەوەی گەنجێکی گوندی سەرگەتی سەر بە قەزای خورماڵ بەناوی ئارام خەلیل، لەکاتی کۆڵبەریدا لە مەرزی سیپە لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە تەقەی لێکراوە و بە سەختی بریندارکراوە، بۆ بنکەی تەندروستی گواستراوەتەوە و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە. دەروازەی سنووری سیپە دەروازەیەکی نافەرمییە و زۆرجار لەلایەن کۆڵبەرانەوە وەک ڕێگەیەکی پەڕینەوە بۆ سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکاردەهێنرێت.
هاوڵاتی بەر لە چوار مانگ پێش وادەی بەڕێوەچوونی سەرژمێری گشتیی لە عێراق و کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی دا لەسەر دابینکردنی ئامێری پێویست بۆ گواستنەوەی داتاکان. ئامادەکاری وەزارەتی پلانادنانی عێراق بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوامە، 120 هەزار کارمەند لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ سەرپەرشتی پڕۆسەکە ڕاهێنراون. لە ڕاگەیێنراوی فەرمی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا هاتووە: ڕەزامەندی دراوە لەسەر دابینکردنی ئامێر و سێرڤەری پێویست بۆ گواستنەوەی داتای سەرژمێری دانیشتوانی گشتیی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا. دوایین سەرژمێری دانیشتووان لە عێراق ساڵی 1997 کراوە و ئەوکاتیش هەرێمی کوردستان لە سەرژمێرییەکەدا بەشدار نەبووە.
هاوڵاتی دڵشاد عومەر، كە لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان ماوەی نۆ ساڵە بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانییە، لەبارەی هۆكاری دەستبەرداربوونی لە پۆستەكەی، بە میدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە، بڕیارەكە پەیوەستبووە بە گەڕاندنەوەی ئەو 182دۆنم زەوییەی ئامادەیی كشتكوكاڵی بەكرەجۆ، كە بەچەند ڕێگەیەكی نایاسایی درا بە وەبەرهێنەرێک. وتیشی: لەبەر ئەم زوڵمەی لە كەرتی گشتی و پەروەردە دەكرێت، بڕیارمدا سبەینێ 19ـی مانگ وەك پێشتر بڕیارمدابوو دەستلەكار بكێشمەوە دەورو تەسلیمی خۆم دەكەم، هەموو شتێكیشم لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بڕاندووەتەوە و پێشنیار كراوە كەسێكی تر لەجێگەكەم دابندرێت.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپەراسێونەکانی ئاسایش، دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری سوتاندنی چیایی گۆیژە ڕادەگەیەنێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 18ی ئابی 2024، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپەراسێونەکانی ئاسایش، توانیان سێ تۆمەتبار دەستگیربکەن". ئاماژە بەوەکراوە، "شەوی 30ی تەموزی 2024 بکەری سوتاندنی درەخت و پۆش و پاوان و تێکدانی بەشێک لە ژینگە و سروشتی جوانی چیای گۆیژە بوون، تۆمەتباران بەپێی مادەی 342 لە یاسای سزادان ڕاگیراون و ڕووبەڕوی یاسا کرانەوە".
هاوڵاتی تۆمەتباری سەرەکی "دزیی سەدە" کە بە تۆمەتباری سەرەکی بردنى پارەى دانراوى دەستەى باجەکان دادەنرێت نهێنی نوێ ئاشکرا دەکات. لە مانگی ئازاری ساڵی 2023، دەسەڵاتی دادوەری عێراق فەرمانی دەستگیركردنی بۆ چەند بەرپرسێکی باڵای حكومەتی پێشوو بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی دەركرد، بە تۆمەتی "ئاسانكاریكردن بۆ دەستبەسەرداگرتنی بڕی "2.5 ملیار دۆلار لە سامانی گشتی. سەرەتای ئەم مانگە دەستەی دەستپاكیی عێراق دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارانەی ڕاگەیاند كە تۆمەتباران بە دۆسیەی "دزیی سەدە"، هاوكات ناسنامەی تۆمەتبارەكان و چۆنیەتی دەستگیركردنیان لەگەڵ بڕە پارەكەشی ئاشكراكرد، هاوکات نور زوهێر، وەک یەکێک لە تۆمەتبارانی سەرەکی ئەو دۆسیەیە ناسێنرا. بۆچی دادگایی نەکرا؟ بەپێی بڕیاری دادگاى ناوەندیى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى، سەر بە سەرۆکایەتیی دادگاى پێداچوونەوەى کەرخی بەغدا، کە ئاراستەی دەستەى دەسپاکى کردبوو، بڕیاربوو ڕۆژی 14-8-2024 تۆمەتبار نور زوهێر، تۆمەتباریی دۆسیەیی "دزیی سەدە" بە پێی ماددە 331 لە یاساى سزادانى عێراقى دادگایی بکرێت، بەڵام بە کەفالەت ئازاد دەکرێت بۆ ئەوەی پارەکە بگەڕێنێتەوە و بەهۆی ئامادەنەبوونیشی، دادگاییەکەی بۆ 27ـی مانگ دواخرا. نور نهێنی نوێ ئاشکرا دەکات نور زوهێر، لە بەشێکی ئەو دیدارەی کە کەناڵی شەرقیەی عێراقی لەگەڵی ئەنجامداوە و بڕیارە لە داهاتوو بڵاو ببێتەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەو پارەیەی لەبەردەستیدا بووە، هی "چەک و مامەڵەکان بووە کە لەلایەن دەستەی دەستپاکییەوە وردبینی کراون، نەک پارەی خەزێنەی دەوڵەت، تەنانەت یەک دیناریش هی دەوڵەت نییە". داوای خانوویەکی شاهانەیان لێکردم بە وتەی زوهێر: " یەکێک لەو پەرلەمانتارانەی بە گاڵتەجاڕییەوە باس لەو دۆسیەیە دەکات، داوای خانوویەکی بە ڕووبەری 1200 مەتر چوارگۆشە لێکردم، بە مەرجێک لە سەر شەقامی ئەمیرات (دەکەوێتە ناوچەی مەنسور لە بەغدا) بێت". ناوی هەمووان ئاشکرا دەکەم زوهێر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئەگەر بێت و دادگایی بکرێت، ناوی هەموو ئەوانە ئاشکرا دەکات کە دەستیان لەو دۆسیەیە هەیە بە تایبەت ئەگەر پرۆسەی دادگاییکردنەکە بەشێوەی ئاشکرا بێت.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ناوی 97 کۆمپانیا بڵاودەکاتەوە کە گرێبەستیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکە هەیە و ڕێگەپێدراون. ئەمساڵ بەهۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری حاجییان، بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەیان کۆمپانیا دەستپێکرد کە ڤیزای گەشتیاری یەک ساڵەیان بۆ هاونیشتمانیان وەرگرتبوو. بەوتەی بەرێوەبەرایەتییەکە 91 کۆمپانیا مۆڵەتییان لێ وەرگیراوەتەوە و 97 کۆمپانیاش ڕێگەپێدراون.
