جارێکی دیکە بەهای دۆلار لە ئێران بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و بەرپسێکیش ئاشکرای دەکات بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای خۆراک فرۆشی رێستۆرانت و خواردنگەکانی وڵاتەکە کەمی کردوە. ئەمڕۆ چوارشەممە بەهای هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی ئێران گەیشتە 42 هەزار و 123 تمەن و بەهای هەر پاوەن-ی بەریتانی بۆ 51 هەزار و 845 تمەن بەرز بوەوە. لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی و زیاتر لە 104 رۆژە تمەن بە بەردەوامی دابەزین بەخۆیەوە دەبینی و پێشبینی دەکرێت بەهای دۆلار تا کۆتایی ئەمساڵ ژمارەی پێوانەیی بەرامبەر تمەن تۆمار بکات و هەر بەهای هەر دۆلارێک بگاتە زیاتر لە 50 هەزار تمەن.   لە لایەکی دیکەوە هەر بەهۆی هەڵاوسانەوە ئابوریی و بەرزبونەوەی نرخی برنج و رۆن و مریشک، فرۆشی خواردنگەکانی ئێران بەشێویەکی بەرچاو کەمی کردوە. سەرۆکی سەندیکای خاون خواردنگەکان لە ئێران ئاشکرای کردوە هەڵاوسانی ئابوریی و بەرزبونەوەی نرخی پێدوایستییەکانی خۆراک کاریگەریی زۆری لەسەر کەمبونەوەی فرۆشی خورادنگەکانی وڵاتەکە هەبوە. بە وتەی سەرۆکی ئەو سەندیکایە، رێژەی فرۆشی خواردنگەکان 20 بۆ 30٪ کەمی کردوە کە لە سەردەمی بڵاوبونەوەی کۆرۆناش کەمترە. لە سێ مانگی رابردودا زۆربەی پێداویستییە خۆراکییەکان بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبونەتەوە و بە جۆرێک رۆن بە رێژەی زیاتر لە دو هێندە بەربونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و نرخی برنج و مریشک و پەتاتەش بە رێژە 150٪ بەرزوبونەتەوە. پێشبینیی دەکرێت دابەزینی بەهای تمەن و بەرزبونەوەی بەهای دراوی دۆلار بەردەوام بێت و فشارە نێودەوڵەتییەکانیش ببێتە هۆی بەرزبونەوەی هەڵاوسانی ئابوریی و کەمبونەوەی توانای کڕینی دانیشتوانی ئێران.  

هاوڵاتی ئەنجومەنی وەەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەشە خۆراکی مانگانەی ئەوانەی پلەی بەڕێوەبەری گشتی و بەرزتریان هەیە لەگەڵ ئەوانەی موچەی مانگانەیان لە دوو ملیۆن دینار زیاترە ببڕدرێت. ئەمڕۆ سێ شەممە 27ی کانونی یەکەمی 2022 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبونەوەی ئاسایی خۆی کرد و دوابەدوای کۆبونەوەکە نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا نوسیویەتی: "بە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ زیاترکردنی ئەو چینانەی سودمەندن لە یەکەکانی بەشە خۆراک، لە نێویاندا ئەو فەرمانبەرانەی بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەوە لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا کاریگەریی لەسەر موچەکانیان دروستبووە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا وەزارەتی بازرگانی هەستێت بە بڕینی یەکەکانی بەشەخۆراکی بەڕیوەبەرە گشتییەکان و ئەوانەی بە ئەو پلەیە و بەرزترن، وە ئەوانەی موچەکانیان لە دوو ملیۆن دینار زیاترە و گرتنەوەی باقی فەرمانبەرانیتر بە هەموو یەکەکانی بەشە خۆراک". لەگەڵ دەستبەکاربوونی حکومەتەکەی سودانیدا، بابەتی بەشە خۆراکی مانگانە بووە جێی سەرنجی پەرلەمانتاران و وەزارەتی بازرگانی و ماوەیەک لەمەوبەر بڕیاردرا بڕ و جۆری بەشە خۆراک زیاتر و باشتر بکرێت.

هاوڵاتی لەچواچێوەی بڕیارەكەی حكومەتی عیراق بۆ بەهەمیشەییكردنی كارمەندانی گرێبەستی تەشغیلی لەسەر میلاكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان (140) كارمەند لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەرین لەو بڕیارە سودمەند بوون و كرانە هەمیشەیی. ئەمرۆ سێ شەممە 2022/12/27، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رەزامەندی لەسەر بە هەمیشەییكردنی كارمەندانی گرێبەستی تەشغیلی لەسەر میلاكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەسەرجەم پارێزگاكانی عیراق دەربڕی و لەو ژمارەیە (140) كارمەندی گرێبەستی تەشغیلی لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەرین لەو بڕیارە سودمەند بوون و كرانە هەمیشەیی. ئەو كارمەندانە ساڵانێكی زۆرە بە شێوەی گرێبەستی تەشغیلی لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كار دەكەن و چاوەڕێی ئەوە بوون ئاوڕیان لێ بدرێتەوە و بكرێنە هەمیشەیی تا ئەمڕۆ بڕیاری دامەزاندنیان بەشێوەی هەمیشەیی درا.

هاوڵاتی لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیار لەسەر تاپۆکردنی خانوبەرەکانی سنوری شەنگال درا، هاوکات لەگەڵ چەند بڕیاریکی دیکەی پەیوەست بە وانەبیژان وکارمەندانی وەزارەتی پەروەردە. لە کۆبونەوەکەی رۆژی سێشەممە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کە خانوبەرەکانی سنوری خانەسۆر، دووگرێ، بۆرک، کۆهبل، تەل قەسەب، تەل عوزێر، سیپا شێخدری و کرزرک بەناوی خاوەنەکانیان تاپۆبکرین. لەگەڵ ئەوەشدا بڕیار لەسەر دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و ئەو فەرمانبەرانەی کە گریبەستن لە وەرزارەتی پەروەردە درا. لەبارەی کارمەند وفەرمانبەرەکانی سەر بە وەزارەتی نەوت، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کە ١١٠٣١ پلەی وەزیفی هەمیشەیی بۆ ئەو کارمەندانە دابنرێت کە گریبەستن، هاوکات جگە لە کارمەندانی وەزارەتی نەوت بڕیارەکە بۆسەرجەم کارمەندانی وەزارەتەکانی دیکەی عێراقە، ئەوەش بەپێی ئەو یاسایەی کە لە ئاسایشی خۆراکدا هاتووە، بڕیارەکە لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣دا بڕگەی بۆدانراوە. سەبارەت بەبڕیاری پلە وەزیفی کارمەندانی وەزارەتی نەوت، بڕیارەکە بەسەر دوو کۆمەڵدا دابەش دەبێت، بەشێکیان ئەوانەن کە پێش ساڵی ٢٠١٩ گرێبەستەکانیان لەگەڵ کراوە وژمارەیان ٨٣٣٨ کەسە، بەشێکی دیکەشیان کە ١٦٧٨ کەسن کە لە یاسای بودجەی ١ی ٢٠١٩ کە بەپێی یاسای (١١/ چوارەم/ ئەلف) گرێبەستەکانیان بۆ کراوە. هاوکات بڕیاریشیدا ئەوانەی بەکرێی ڕۆژانە کاریان کردووە لە کۆمپانیاکانی سەربەوەزارەتی نەوت، بکرێنە گرێبەست. ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن وکارمەندەکانی کۆمسیۆنەکە بڕیاریدا کە دەبێت وەزارەتی دارایی بۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ٣١٩٣ پلەی وەزیفی دابنێت؛ ئەمەش ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە وادەی پێش ٢ی تشرینی یەکەم لە ساڵی ٢٠١٩ گریبەستیان لەگەڵ کراوە. ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی پسوڵەیی خۆراک وئەو چین وتوویژانەی کە دەتوانن سودمەند بن بڕیاریدا کە بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی کەلوپەل وخۆراک لەناو بازاڕە ناوخۆییەکاندا، ئەو فەرمانبەرانەی کە موچەکانیان سەروو ٢ ملیۆن دینارە و ئەوانەسی کە بەڕێوبەری گشتین پسوڵەکانیان لێوەربگیرێتەوە ونەتوانن سودمەند بن لە فۆرمی خۆراک، ئەمەش بۆئەوەی چینەکانی تر بتوانن سودمەندبن.

هاوڵاتی وەزیری پەروەردەی حکومەتی عێراق وێڕای سوپاسی وانەبێژان ڕایگەیاند، رایگەیاند ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی کرد لە بودجەی ٢٠٢٣دا بیانکاتە هەمیشەیی. ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 27-12-2022، کەریم سەیید، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممەدا بڕیاریدا بە دامەرزراندنی وانەبێژانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عێراق. گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەڵێت، ئەو فەرمانبەرانەش دادەمەزرێن کە لە وەزارەتی پەروەردە بە شێوەی گرێبەست کاریان کردووە.  هاوکات ئیبراهیم نەمس جبوری، وەزیری پەروەردەی حکومەتی عێراقی لە تویتێکدا باسی لە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ کرد و دەنگدانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دانانی وانەبێژان و ئیداریەکان لەبارەی بە هەمیشەیی بونیان ئاشکرا دەکات. ئەو وەزیرە ئاماژەی بەوەکردووە بەڵێنماندا و جێبەجێمان کرد، کەواتە تۆ لە ئێمەو بۆ ئێمەی، دەشلێت: مژدەتان پێ دەدەین ئەمڕۆ سێ شەممە لە دوای دەنگدانی کابینەی حکومەت لە دانیشتنی ئەمڕۆدا و لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٣دا دەکرێنە هەمیشەیی.

کۆمپانیان Areaی تایبەت بە لێکۆلینەوەکان لە تورکیا، راپرسیەکی فراوانی لە ١٢ پارێزگای ئەو وڵاتە ئەنجامدا کە تایبەتە بە کاندیدی سەرۆکایەتی تورکیا، دەنگی پارتە سیاسیەکانی تورکیا و بەگوێرەی راپرسیەکە ئەردۆغان نابێتەوە بە سەرۆکی تورکیا. راپرسیەکە لە پارێزگاکانی ئەستەنبوڵ، تەکرداغ، ئیزمیر، بورسا، ئادانا، ئەنقەرە، قەیسەری، سامسون، ترابزۆن، ئەرزەرۆم، ماڵاتیا و عەنتاب (دیلۆک) لەنێوان ٢٠ بۆ ٢٥ی ئەم مانگە ئەنجامدراوە. رێژەی دەنگی پارتەکان بەگوێرەی راپرسیەکە بەم شێوەیەیە؛ ئاکەپە ٣٢.٧٪ جەهەپە ٢٦.٤٪ پارتی باش ١٤.٠٪ هەدەپە ١٠.٠٪ مەهەپە ٧.٠٪ لەسەر لێواری بەندی هەڵبژاردنەکانە دەڤا ٣.١٪ پارتەکانی دیکە ٦.٨٪ ئەگەر ئەم کەسانەی لە خوارەوە ناویان هاتووە لە بەرامبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان خۆیان هەڵبژێرن، ئەنجامی راپرسیەکە بەم شێوەیەیە؛ رەجەب تەیب ئەردۆغان ٣٣.١٪ --- محەمەد یاڤاش سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ ٥١.٤٪ --- ئەوانی دیکە ١٥.٥٪. رەجەب تەیب ئەردۆغان ٣٦.٩٪ --- ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ ٤٣.٢٪ --- ئەوانەی دیکە ٢٠.٢٪. رەجەب تەیب ئەردۆغان ٣٦.٣٪ --- مەڕال ئاکشەنەر سەرۆکی گشتی پارتی باش ٤٢.٤٪ --- ئەوانەی دیکە ٢١.٣٪. رەجەب تەیب ئەردۆغان ٣٧.٦٪ --- کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی گشتی جەهەپە ٣٨.٦٪ --- ئەوانەی دیکە ٢٣.٨٪. هەروەها پرسیار لە بەشداربووان کراوە کە ئایا ئەو سزایەی بەسەر ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵدا سەپێندراوە دادپەروەرانەیە یان نا؟ ئەنجامەکەی بەم شێوەیە بووە؛ دادپەروەرانە نییە: ٦٥.٣٪ دادپەروەرانەیە: ١٩.٢٪ نازانم: ١٥.٥٪

رێکخراوێکی مافی مرۆڤی ئێران ئاشکرای کرد کە جێبەجێکردنی سزای سێدارە لەو ولاتە بۆ نزیکەی دو هێندە زیادی کردوە. ناوەندی مافەکانی مرۆڤی ئێران(هەرانا) بڵاوی کردەوە؛ لە ساڵی 2022 کە تەنها چەند رۆژێکی ماوە زیاترین سزای سێدارە لە ئێران جێبەجێ کراوە و لەسێدراەدانەکان بەڕێژەی 88٪ زیادی کردوە. ناوەندەکە ئاشکرای کردوە لە ئەمساڵدا سزای سێدارەی 565 کەس لە ئێران جێبەجێ کراوە کە 11 کەسیان ژن بون کە تەنها شەش کەسیان بە ئاشکرا لەسێدارەدراون. هەر بە پێی ئامارەکانی هەرانا، سەرەڕای لەسێدارەدانی ئەو 565 کەسە ، سزای سێداراە 92 کەسی دیکەی گرتوەتە کە مەترسیی جێەجێکردنی سزاکەیان لەسەرە.  

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی نیشانداوە لەسەر دامەزراندنی کۆمپانیای "ئەل موھەندیس بۆ بەڵێندەرایەتی و بازرگانی گشتیی" سەربە حەشدی شەعبی بۆ رەوایەتیدان بە ئابوورییەکەی. ھێزەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی لە عێراق و ھێزەکانی حەشدی شەعبی سەربە چوارچێوەکە، ھەنگاو بە ئاراستەی بەھێزکردنی ھەژموونی خۆیان لە دامەزراوە ئابوورییەکانی دەوڵەتدا دەنێنن، بەتایبەتیش کە ئێستا بەشێکی گرنگی بڕیارە ئەمنییەکان لەدەستی سەرکردەکانی ھاوپەیمانی ئێران دان. کاریگەری ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق زیادی کردووە، دوای ئەوەی محەمەد شیاع سوودانی حکوومەتەکەی لە کۆتایی تشرینی یەکەمدا پێکھێنا کە لە راستییدا، حکوومەتی چوارچێوەی ھەمانگییە. چوارچێوەی ھەماھەنگی نوێنەرایەتی باڵە سیاسییەکانی گرووپە چەکدارە شیعەکانی ھاوپەیمانی ئێران دەکات کە لەژێر چەتری دەستەی حەشدی شەعبیدا کار دەکەن. - حەشدی شەعبی ھەوڵی پتەوترکردنی توانا داراییەکانی دەدات دوای کۆتایی ھاتنی ئۆپەراسیۆنەکان و شەڕەکانی دژبە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا، ژمارەیەک گرووپی چەکداریی شیعە، ھەژموونی خۆیان بەسەر دۆسیەی ئەمنی لە پارێزگا کۆنترۆڵکراوەکانی (نەینەوا، سەڵاحەددین و ئەنبار)دا سەپاند، بۆ ئەوەی دۆسیەی ئەمنی لەو پارێزگایانە بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە. دوای ئەوە حەشدی شەعبی ژمارەیەک نووسینگەی بەئامانجی پتەوترکردنی توانا داراییەکانی خۆی لە چەند پارێزگایەکی عێراق کردەوە، ئەوەیش لەڕیگای کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان (لەگەڵ سووریا) و ھاوبەشیکردن لە گرێبەستەکانی دووبارە ئاوەدانکردنەوە، سەپاندنی باج بەسەر کۆمپانیاکان، ئیبتزازکردنی وەبەرھێنەران و وەرگرتنی باجی مانگانە لە خاوەن چایخانە، چێتشخانە و بارزگان، ھەروەھا وەرگرتنی باج لە شۆفێرانی ئەو بارھەڵگرانەی کە کەلوپەل دەگوزانەوە بۆ ژمارەیەک لەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی گرووپەکانی حەشدی شەعبی دان. ساڵانێکە گرووپەکانی حەشدی شەعبی جێگیربوونی خۆیان لەسەر سنووری عێراق-سووریا پتەوتر کردووە، ئەوەیش بە ئامانجی پاراستنی ئەو چەکدار، چەک و تەقەمەنییانەی کە لەلایەن فەیلەقی قودسی ئێرانەوە رەوانەی سووریا دەکرێن، ھەروەھا گرووپەکانی حەشدی شەعبی ھەوڵدەدەن لەڕێگای دەروازە سنوورییەکان یان لەڕێگای دەروازە وشکانییە نافەرمییەکانەوە کە لە ناوچەکانی قائیم سنووری رۆژئاوای عێراق و ئەلبو کەمال سنووری رۆژھەڵاتی سووریا لەژێر کۆنترۆڵی ئەوان دان، داھاتی ئابووریی زیاتر بەدەست بھێنن. ئەوەی بۆ دەستەی حەشدی شەعبی گرنگە کە بە فەرمی بە فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق بەستراوەتەوە و ساڵانە لە بوودجەی گشتییدا مووچەی بۆ تەرخان کراوە، داھاتەکانی لەڕێگای کۆمپانیا گەورەکانەوە کە لەژێر پەردەی دەوڵەتی عێراقدا کار دەکەن زیاتر بکات. لە بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ی عێراقدا، دوو تریلیۆن و ٤٠٠ ملیار دینار (١،٦ ملیار دۆلار) وەک مووچە بۆ حەشدی شەعبی تەرخان کرابوو. ــ "کۆمپانیای موھەندیس" لەنێو گرنگترین ئەو کۆمپانیانە، کۆمپانیای "ئەل موھەندیس بۆ بەڵێندەرایەتی و بازرگانی گشتیی" سەربە حەشدی شەعبییە کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسەندکراوە، بۆ رەوایەتییدان بە چالاکییە ئابوورییەکانی حەشدی شەعبی. کۆمپانیاکە بەناوی جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندیس ناونراوە کە لەگەڵ فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی لە ئاکامی ھێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا لە سێی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا بە فەرمانی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوژران. لە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتی سەرکردە لەچوارچێوەی ھەماھەنگی، محەمەد شیاع سوودانی پشت بەستن بە یاسای کۆمپانیا گشتییەکان رەزامەندی لەسەر دامەزراندنی کۆمپانیایەکی گشتیی بەناوی "ئەل موھەندیس بۆ بەڵێندەرایەتی و بازرگانی گشتیی" سەربە حەشدی شەعبی نیشان دا کە سەرمایەکەی ١٠٠ ملیار دینار (٦٨،٥ ملیۆن دۆلار)ە. تۆمارکردنی کۆمپانیای "ئەل موھەندیس بۆ بەڵێندەرایەتی و بازرگانی گشتیی"، بەپێی یاسای کۆمپانیاکان، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە کۆمپانیایەکی حکوومییە و سیفەتێکی یاسایی ھەیە، ئەمەیش وای لێ دەکات بکەوێتە ژێر چاودێری و لێپرسینەوە لەلایەن دەستەکانی سەربە حکوومەت تایبەت بە بنڕکردنی گەندەڵی. بەڵام ھەژموونی سەرکردە و گرووپەکانی حەشدی شەعبی ھەوڵدەدەن، کۆمپانیایەکی لەو جۆرە نەکەوێتە ژێر لێپرسینەوەی دادوەریی یان دەستەکانی تایبەت بە دەستپاکی و بنڕکردنی گەندەڵی. "ئەل موھەندیس بۆ بەڵێندەرایەتی و بازرگانی گشتیی" وەک کۆمپانیایەکی گشتیی لەقەلەم دراوە، بەڵام تا ئێستا تایبەتمەندی کۆمپانیاکە دیاریی نەکراوە، جگە لە لێدوانەکانی ئەو بەرپرسانەی حکوومەت نەبێت کە رایانگەیاندووە، کۆمپانیایەکی نیشتمانییە تایبەت بە بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوە، ھەروەھا دروستکردنی کەرەستەی بیناسازیی. کۆمپانیای "ئەل موھەندیس بۆ بەڵێندەرایەتی و بازرگانی گشتیی" دەتوانێت بەشێوەیەکی فراوان کاربکات بۆ بەدەستھێنانی رێژەیەک لە گرێبەستەکانی تایبەت بە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە بەھۆی شەڕی چوار ساڵەی دژبە داعشەوە (٢٠١٤-٢٠١٨) وێران بوون. ــ ئەگەری ھەیە ئەمریکا سزا بەسەر کۆمپانیای "ئەل موھەندیس"دا بسەپێنێت مەترسیدارترین بابەتی پەیوەست بە دامەزراندنی ئەم کۆمپانیایە ئەوەیە کە لەوانەیە چالاکییە داراییەکانی سەرنجی دەستەکانی ئەمریکا رابکێشێت بۆ ئەوی چاودێری بکەن، ھەروەھا لە ئەگەری ئاشکراکردنی گومانەکان لەبارەی ھاوکارییەکانی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران یان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەی کە ناویان لە لیستی سزاکانی ئەمریکادا تۆمارکراوە، ئەوا ناوی کۆمپانیای "ئەل موھەندیس بۆ بەڵێندەرایەتی و بازرگانی گشتیی" دەخرێتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە. لە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠١٩دا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە کۆمپانیای "کانگاکانی سامانەکانی باشوور" بەنھێنی ئاسانکاری بۆ سوپای پاسدارانی ئێران کردووە بۆ گەیشتن بە سیستمی دارایی عێراق بە مەبەستی خۆدزینەوە لە سزاکان. میدیاکانی رۆژئاوا بڵاویان کردووەتەوە، کۆمپانیای "کانگاکانی سامانەکانی باشوور"، پەیوەندی بە "ئەبو مەھدی ئەل موھەنیس"وە ھەیە و رۆڵێکی بەرچاوەی ھەبووە لە کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی سزاکانی ئەمریکا بۆسەر سوپای پاسداران. ئاماژەیان بەوەداوە کە کۆمپانیای "کانگاکانی سامانەکانی باشوور" کاری کردووە بۆ ئەوەی بەقاچاغ، چەک و سەدان ملیۆن دۆلار ببرێت بۆ بریکارەکانی سوپای پاسداران لەناو عێراق. باسیان لەوەیشکردووە کە کۆمپانیاکە، ملیۆنەھا دۆلاری بەشێوەیەکی نایاسایی بۆ گرووپەکانی سەربە سوپای پاسداران لە عێراق گواستووەتەوە. عێراق کێبڕکێی حەشدی شەعبی کە گرووپەکانی لە ژمارەیەک کەرتدا لەو ناوچانەی کە لەژێر دەستی داعشدا بوون کار دەکەن بەخۆوە دەبینێت، بەتایبەتی کە ئێستا دەستیان بەسەر بەشێکی زۆری پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و پڕۆژەکانی گەشەپێدانی ھەرێمیی دوور لە چاودێری دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، گرتووە. "تیمی ئەندازیاری" سەربە حەشدی شەعبیی چەندین چالاکی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا ئەنجام دەدات، وەک راکێشانی بۆری ئاو، پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان کە رەنگدانەوەی تواناکانی حەشدی شەعبییە لە میکانیزم و توانا داراییەکانی. -کۆپیکردنی ئەزموونی ئێران سەرکردەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق ئاواتەخوازن، زیاتر دەست بەسەر کەرتەکانی بەرھەمھێنانی نەوت و غاز، وەبەرھێنان و تەندەرەکانی دووبارە ئاوەدانکردنەوەدا بگرن، ئەوەیش ھاوشێوەی کۆمپانیای "خاتەم ئەل ئەنبییا" کە باڵی ئابووریی سوپای پاسدارانی ئێرانە. کۆمپانیای "خاتەم ئەل ئەنبییا" کە لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە لیستی سزاکانەوە، کۆتایی ھەشتاکانی سەدی رابردوو، دوای جەنگی ھەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق لە پێناو دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ئێران دامەزاروە. دوای جەنگی ھەشت ساڵە (١٩٨٠-١٩٨٨)، ئێران پێویستی بە کەرەستە و دارایی زۆر ھەبوو بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ئەو شار و شارۆچکانەی کە بەھۆی جەنگەکەوە وێران بوون. کۆمپانیای "خاتەم ئەل ئەنبییا" دوای دامەزراندنی، بووە گرنگترین کۆمپانیا ئابوورییەکان، بەو پێیەی خاوەن دارایی و ئابوورییەکی زۆرە و توانای رکاربەری کۆمپانیا گەروەکانی سەربە حکوومەتی ئێرانی ھەیە. ھەروەھا ئێران، ژمارەیەک یاسای دەرکردووە کە رێگا بە سوپای پاسداران دەدات چالاکی ئابووریی لە کەرتی بیناسازیی، فێرکردن، فریاگوزاریی، بەرھەمھێنانی کشتوکاڵ، پەرەپێدان بە کەرتی نەوت، ھەروەھا ھەناردەکردن و ھاوردەکردن ئەنجام بدات. کۆمپانیای "خاتەم ئەل ئەنبییا" لەنێو ٨٠٠ کۆمپانیای بوارەکانی کەرتی نەوت، وەبەرھێنان، ھەناردەکردنی وزە، ئاو و پیشەسازیی، گواستنەوە، بەرھەمێنانی خەڵووز، کشتوکاڵ، فێرکردن و تەندروستیی و سەرجەم کەرتەکانی ئابووریی و خزمەتگوازریی، بە یەکێک لە گەورەترین و گرنگترین کۆمپانیاکان لە ئێران دادەندرێت. لە عێراق نیگەرانی لەبارەی دامەزراندنی کۆمپانیای "موھەندیس" ھەیە لەوەی کۆپییەکی کۆمپانیای "خاتەم ئەل ئەنبییا" سەربە سوپای پاسداران بێت کە بەشیکی زۆری کەرتی وەبەرھێنانی لە ئێران کۆنترۆڵ کردووە. ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێ بدرێت ئەوەیە کە گرووپەکانی سەربە دەستەی حەشدی شەعبی ساڵانێکی زۆر بەشێکی گرنگی بڕیارە ئەمنییەکانیان بەدەستەیە و دوای کۆتایی ھاتنی شەڕەکانی دژبە داعش لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا، ھەژموونی خۆیان پتەوتر کردووە، بوونەتە قەوارەیەکی ھاوتەریب لەگەڵ دەوڵەت کە ئێستا خاوەنی دامەزراوە، دادگا، گرتووخانە، ھەروەھا دامەزراوەی ئابووریی تایبەت بە خۆیانن. گرووپەکانی حەشدی شەعبی بوونەتە دامەزراوەی ھاوتەریب لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت، بە واتایەکی دیکە "دەوڵەتێکی ھاوتەریب" لەبەرامبەر دەوڵەتی عێراق کە بەشێوەیەکی سەرەکی بەدەست ھەڵئاوسانی کرێکاران و فەرمانبەرانەوە دەناڵێنێت. له ئاژانسی ئانادۆڵو وەرگيراوه  

کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند، پارتەکەی لەدژی داخستنی هەدەپەیە و وتی، ئەوان چاودێری قسەکانی دەمیرتاش دەکەن کە وتبووی، ئامادەن لەگەڵ لایەنەکان دانوستان بکەین. کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە ناوەندی گشتی پارتەکەی لە ئەنقەرە لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەنووس کۆبووە و وڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە. کلچدارئۆغلۆ رایگەیاند، گفتوگۆکانیان لەبارەی کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا بەردەوامە و تاوەکو ئێستا لایەنەکان لەبارەی دیاریکردنی کاندیدێک رێکنەکەوتوون و وتی، "ئێمە کاندیدێکمان دەوێت کە بەگوێرەی یاسا مامەڵە بکات، پاشایەک ناکەینە کاندید." سەرۆکی جەهەپە ئاماژەی بە پرسی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کرد و ئەوەی خستەڕوو، " ئێمە لەدژی داخستنی پارتەکانین. بە تەنیا گەل دەتوانێت دەنگ بە پارتێک نەدات و دایبخات. داخستنی پارتەکان چارەسەر نییە، چونکە دوای ئەوە پارتێکی دیکە دادەمەزرێنن. لێگەڕن با گەل بڕیار بدات، دەنگ بە چ پارتێک دەدات و چ پارتێک دادەخات." لەبارەی قسەکانی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، کە وتبووی، پارتەکەیان ئامادەیە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دانوستان بکات و دەرگایان کراوەیە، کلچدارئۆغلۆ وتی، " ئێمە چاودێری قسەکانی دەمیرتاش دەکەین و پێمان وایە کە دەمیرتاش بە ناحەق زیندانیکراوە." بەگوێرەی راپرسییەکان کە لەلایەن کۆمپانیا دیارەکانی بواری هەڵبژاردن ئەنجام دراون، دەنگی هاوپەیمانی کۆمار و هاوپەیمانی گەل، نزیکن لەیەکەوە. پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) وەک پارتی کلیل و یەکلاکەرەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەبینرێت، بەهۆی ئەوەی پێشبینی دەکرێت رێژەی ٩.٠ تاوەکو ١١.٠٪ دەنگەکان بەدەست بهێنێت و ئەگەر پشتگیری لە کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن بکات، ئەوا بە دڵنیاییەوە، دەسەڵات شکست دەهێنێت.

هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق كۆی گشتی هەناردەكردنی نەوت و داهاتی دەستكەوتی بۆ مانگی تشرینی دووەمی بڵاوكردەوە و بە پێی ئامارەکە، ٩٩ ملیۆن و ٨٦٨ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە و داهاتەکەی زیاتر هەشت ملیار دۆلار بووە. ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی نەوت کۆی هەناردە و داهاتی بەدەست هاتووی بۆ مانگی تشرینی دووەمی راگەیاند ووتی ،فرۆشتنی نەوتی خاوی عێراق لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆ لەماوەی مانگی ڕابردوودا بریتی بووە لە  ٩٩ ملیۆن و ٨٦٨ هەزار و ٢٩ بەرمیل. هەروەها كۆی بڕی هەناردەكراوی نەوتی خاو بۆ مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوو لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بڕی ٩٧ ملیۆن و ٢٠٤ هەزار و ٦٩٦بەرمیل بووە. هاوكات بڕی هەناردەكراوی نەوتی كەركووك لە ڕێگەی بەندەری میناوە دوو ملیۆن و ٣٦٣ هەزار و ٢٠ بەرمیل بووە، هەروەها تێكڕای نرخی یەك بەرمیل ٨٢ دۆلار بوو. ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو بڕەی كە هەناردەكراوە لەلایەن ٣٨ كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتییەوە باركراوە، لە بەندەرەكانی بەسرە و خور ئەمایە بۆ سەر كەنداو و بەندەرەكانی توركیاوە گواستراوەتەوە. جێگای باسە، داهاتی نەوتی مانگی تشرینی یەكەم كە لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشرابوو بریتی بوو لە حەوت ملیار و ٦٨٠ ملیۆن دۆلار.  

هاوڵاتی ژمارەیەك پەرلەمانتار داوای ئەنجامدانی كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق دەكەن، تایبەت بە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار وهەروەها، داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو دەكەن، بەرامبەر بانكی ناوەند. بەپێی نوسراوێك، بەشێك لەپەرلەمانتارانی عێراق كەژمارەیان ٦٥ پەرلەمانتارە واژۆیان كۆكردوەتەوە و ئاراستەی سەرۆكاییەتی پەرلەمانیان كردوە، بەمەبەستی ئەنجامدانی كۆبونەوەیەكی تایبەت لەسەر بەرز بونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر دیناری عێراق وداوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو دەكەن بەرامبەر بانكی ناوەندن، هەروەها دەشڵێن بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار كاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دەبێت.

رۆژنامەی لیبیرەیشنی فەڕەنسی بە ئاماژەدان بە خۆپیشاندانی کوردان لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا رایگەیاند، سێبەری تورکیا لە پشت هێرشەکەی پاریسەوە دەبینرێت. رۆژنامەی لیبیرەیشن راپۆرتێکی لەبارەی ‌هێرشە چەکداریەکەی ٢٣ی ئەم مانگە بۆسەر کۆمەڵەی کەلتوری کوردی ئەحمەد کایا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بڵاوکردەوە کە بەهۆیەوە سێ کورد شەهید بوون و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون. رۆژنامەکە دەڵێت، گۆمانی ئەوەدەکرێت، دەزگای هەواڵگری تورکیا لەپشت هێرشەکەوە بێت و بۆیەش کوردەکانی تووڕە کردووە. هەرچەندە حکومەتی فەڕەنسا رایگەیاندووە، هێرشبەرەکە کەسێکی رەگەزپەرستە و هیچ ئاماژەیەکی بەوە نەکردووە کە لەلایەن تورکیاوە هێرشەکە ئەنجام درابێت، بەڵام پارت و رێکخراوەکانی نزیک لە پەکەکە، بەرپرسیاری هێرشە دەخەنە ئەستۆی دەزگای هەواڵگری تورکیاوە. کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) دوێنێ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە یەکێک لە شەهیدەکانی پاریس بە ناوی ئەڤین گۆیی (ئەمینە کارا) ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بووە و نزیکەی ٣٥ ساڵ لەنێو ریزەکانی پەکەکەدابووە و بەشداری لە شەڕی دژی داعش لە رۆژئاوای کوردستانیشدا کردووە و بریندار بووە و بۆ چارەسەری پزیشکی رەوانەی ئەوروپا کرابوو. کەجەکە ئەوەی خستەڕوو کە هێرشەکە هاوشێوەی هێرشی ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ی پاریس کە تێیدا سێ ژن کورد بەناوی ساکینە جانسز یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز شەهید بوون، لەلایەن میتی تورکیاوە ئەنجامدراون.

هاوڵاتی  راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار کاتییە و عێراق توانای ھەیە بۆ جێگیرکردنەوەی رەوشەکە. مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح راوێژکاری محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی به‌ ئاژانسی فەرمی هه‌واڵی عێراقی راگه‌یاند، بەرزبوونەوەیەکی كه‌م له‌ نرخی ئاڵوگۆڕی دراو له‌ ده‌ره‌وه‌ی نرخه‌ ناوه‌ندییه‌كانی لەئێستادا به‌ هۆكاری ناوخۆیی و ده‌ره‌كی هاتووەته‌ ئاراوه‌. وتیشی،ھۆکارە ناوخۆییەکان پەیوەندییان بە دۆلاری نەختینەوە ھەیە، کە بانکی ناوەندی ساڵانە نزیکەی ١٠ ملیار دۆلار دابیندەکات بۆ نوسینگە و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو و بانکەکان بە مەبەستی گەشتیاری، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر لە پێداویستییەکانی ناوخۆ لەئێستادا بە دۆلار کڕین و فرۆشیان پێوە دەکرێت.  ئاماژەی بەوەشدا، لایەنی نێودەوڵەتی ناڕازین سەبارەت بە گواستنەوەی دۆلار لەلایەن ھەندێک لە بانکە ئەھلییەکان، بۆیە گواستنەوەی دۆلار لەلایەن بەشێک لەو بانکانەوە رەتکراوەتەوە، وبانكه‌ ئه‌هلییه‌كان پابه‌ند ده‌كرێن به‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كان له‌گواستنه‌وه‌ی دۆلار بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ئه‌ویش له‌ڕوی وردبینی و متمانه‌پێكردنی داواكارییه‌كانه‌وه‌ ده‌بێت، ئه‌م بابه‌ته‌ش ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و باشتر ده‌ڕوات. مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح باسی لەوەشکرد، یه‌ده‌گی دراوی بیانی گه‌یشتووه‌ته‌ به‌رزترین ئاست له‌ مێژوی دارایی عێراقدا، ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ هیچ ترس و نیگه‌رانییه‌ك نییه‌ له‌ توانا داراییه‌كانی عێراق له‌ سه‌پاندنی سه‌قامگیری بۆ به‌های دینار و به‌رزبونه‌وه‌ی دۆلاریش كاتیه‌، تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداركانی په‌یوه‌ست به‌ كاروباری كارگێڕی و رێكخراوه‌یی له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ گواستنه‌وه‌ی ده‌ره‌كی و بازرگانی دراوی بیانی رێكده‌خرێن. ئەمەشلە کاتێکدایە لەماوەی رابردوودا نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراقدا ناجێگیری بەخۆیەوەبینی و بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.      

بەگوێرەی راپرسیەکی کۆمپانیای لێکۆلینەوەی ماک، ئەگەر شەش لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بە یەکگرتوویی بمێننەوە و هەدەپەش پشتگیریان بکات، دەتوانن شکست بە دەسەڵات بهێنن لە هەڵبژاردنەکاندا. محەمەد عەلی کولات سەرۆکی کۆمپانیای لێکۆلینەوەی ماک، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئەنجامی راپرسی کۆمپانیاکەی بڵاوکردەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ساڵی ٢٠٢٣ی تورکیا. عەلی کولات دەڵێت، بەگوێرەی ئەنجامەکان ئەگەر تاوەکو هەڵبژاردنەکان، درز لەنێوان شەش لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆن دروست نەبێت کە هاوپەیمانی گەلیان پێکهێناوە و پشتگیری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەدەست بهێنن، دەتوانن ٥٦-٥٧٪ی دەنگەکان بەدەست بهێنن و رێژەی دەنگەکانی هاوپەیمانی کۆماری دەسەڵاتیش کە ئەردۆغان کاندیدکراوە، ٤٣-٤٤٪ دەبێت و بەم شێوەیە کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا سەردەکەوێت. بریارە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە ١٨ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوودا ئەنجام بدرێن. بەگوێرەی زۆربەی راپرسیەکان دەنگی هەدەپە لەنێوان ٩.٠ -١١٪ یاری دەکات. بەم پێیەش هەدەپە رۆڵی کلیل لەنێوان هاوپەیمانی کۆمار و هاوپەیمانی گەلدا دەگێڕێت. لە ئێستادا هەدەپە لەنێو هاوپەیمانی رەنج و ئازادیدا جێی خۆی گرتووە و پشتگیری خۆی بۆ هیچ لایەنێکی دیکە دیاری نەکردووە.

هاوڵاتی فەرمانگەی گومرگی ئوردن ڕایگەیاند، دەستیانگرتووە بەسەر دوو بارهەڵگری گەورەدا کە یەک تۆن  ئەمفیتامینی تیدابووە بەشێوەی هەویری خورما، کە کۆی گشتی نزیکەی ٦ ملیۆن حەبی کاپتاگۆن بووە لە ناو ساردکەرەوەی دوو بارهەڵگرەکەدا دۆزاروەتەوە لە سنوری نیوان ئوردن-عێراق. فەرمانگەی  گومرگی ئوردن ئاماژەی بەوەشدا، ئەوە  یەکێک بووە  لە گەورەترین باری ماددە هۆشبەرەکان تاوەکوو ئێستا دەستی بەسەردا گیرابێت. حەبی کاپتاگۆن بەڕێژەیەکی زۆر لە سوریا بەرهەم دەهێنرێت، بازرگانان لە سەروبەندی ململانێکاندا دەیان فرۆشت بە سەربازەکان بەتایبەتی لەگەڵ خواردنەوە کافاینەکان. بەهۆی پەرەسەندی هەژاری وزیادبوونی ململانێکان لە سوریا، زۆربەی سوریەکان دەستیانداوەتە بازرگانی کردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان،بەجۆرێک بازرگانیکردنی ماددە هۆشبەرەکان ڕێژەکانیان زۆر زیاترە لە هاوردەکردنە ئاساییەکان. هەرچەندە حوکمەتی سوریا ئەوە ڕەتدەکاتەوە کە وڵاتەکەی بەوجۆرە بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان بکات، بەڵام هەموو ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە  زۆربەی کەسایەتیە سەربازی و بازرگانەکانی سوریا بەشذارن لە بەرهەمهێنان و بازرگانی کردن بە کاپتاگۆنەوە. کاپتاگۆن، ئەمفیتامینیکە کە کاریگەریەکی گەورەی هەیە لەسەر ناوەندە کۆئەندامی دەمارو وا لەکەسەکە دەکات بەوریایی بمێنێتەوە ونەخەوێت. کاپتاگۆن لە سوریاوە بە قاچاخ دەبرێتە وڵاتانئ ئوردن، عێراق، سوعودیە ووڵاتانی کەنداو، کە ئەم وڵاتانە بازاری سەرەکی کاپتاگۆنن.