هاوڵاتی ریاز مالکی، وەزیری دەرەوەی فەڵەستین رایگەیاند لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپێکی ئاوارەکان لە غەززە 52 ئەندامی بنەماڵەیەکی غەززە کوژراون. ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2023 وەزیری دەرەوەی فەڵەستین لەدوای کۆبونەوەی لەگەڵ دەیڤید کامێرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لە لەندەن رایگەیاند، "هەر ئەم بەیانییە 52 کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی قەدوورە لە جەبالیا، کوژراون و ئەو بنەماڵەیە لە ناوچوون." ریاز مالکی وتیشی، "من ناوی هەر 52 کەسەکەم لایە، هەموویان لە دایەگەورەو باوەگەورەوە بگرە تا مناڵی ورد، لەناوچوون و مردوون." وەزیری تەندروستی کەرتی غەزە کە بە دەستی حەماسەوەیە دەڵێت لە رۆژی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیلەوە، واتە لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە، زیاتر لە 14 هەزار کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە کوژراون. ئیسرائیلیش باس لەوە ئەکات لانیکەم هەزار و 200 هاوڵاتی ئیسرائیلی لە رۆژی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کوژراون و 240 کەس بە بارمتە گیراون.
هاوڵاتی ئاگربەستەکەی حەماس و ئیسرائیل لە رۆژی پێنجشەممەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە خۆی دەبینێتەوە لە ئازادکردنی 50 بارمتەی ئیسرائیلی لەبەرامبەر 150 زیندانی فەڵەستینی. موسا ئەبوو مەرزووق، ئەندامی مەکتەب سیاسی حەماس رۆژی چوارشەممە ٢٢ی تشرینی دووەمی 2023, بە کەناڵی جەزیرەی رایگەیاند، رێککەوتنی حەماس لەگەڵ ئیسرائیل لە کاتژمێر 10ی بەیانی رۆژی پێنجشەممە 23ی تشرینی دووەمی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئیسرائیل هێشتا کاتژمێری وردی دەستپێکی ئەم رێککەوتننامەیەی پشتڕاست نەکردۆتەوە. لە هەندێ راپۆرتی میدیاکانی فەلەستیندا کاتژمێر 6:30 خولەکی بەیانی رۆژی پێنجشەممە بە کاتی ئیسرائیل دیاریکراوە. لە هەندێ لە راپۆرتەکەندا هاتووە هەموو شەوێک ئیسرائیل ناوی 12 کەس لەو هاوڵاتیانەی کە رۆژی دواتر ئازاد ئەکرێن ئەگاتە دەستیان و لە بەرامبەردا ئیسرائیل 150 زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکات. ئۆفیسی بنیاماین ناتانیاهۆ رایگەیاندووە کە ئەگەر حەماس دوای چوار رۆژەکە، هەر رۆژێک ١٠ بارمتە ئازاد بکات ئەوا ئاگربەستەکە بۆ رۆژێک درێژ دەکرێتەوە. لەبارەی ئەو کەسانەی ئازاد دەکرێن، مووسا ئەبومەرزووق بە جەزیرەی راگەیاند، زۆربەی ئەو کەسانەی حەماس بە پێی رێککەوتنەکە ئازادیان ئەکات، ئەو کەسانەن کە هاوڵاتی وڵاتانی بیانین، بەڵام ئاماژەی بەوەنەدا هەڵگری رەگەزنامەی ئیسرائیلی هەن یان نا. ئیسرائیل جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە رێککەوتننامەکە بۆ ئازادکردنی 50 هاوڵاتی ئەو وڵاتەیە، بەڵام لە هەندێ لە راپۆرتی میدیا جیهانییەکاندا هاتووە رەنگە حەماس ژمارەیەک کرێکاری تایلەندیش ئازاد بکات کە لە ئیسرائیل رفێندراون، بەڵام ئەو کرێکارانە جیاوازن لەو 50 هاوڵاتییە ئیسرائیلییە. لەسەر ئاگربەستەکە ئەحمەد عەبدولهادی، نوێنەرێکی حەماس لە لوبنان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوانیدا لە کاتی پێشوازی لە حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کە سەردانی بەیرووتی کرد، وتی، "حەماس هیوادارە ئەم ئاگربەستە ببێتەهۆی کۆتایی جەنگ". نوێنەرەکەی حەماس لە لوبنان لە قسەکانیدا بانگەشەی ئەوەی کرد، حەماس توانیویەتی مەرجەکانی خۆی بەسەر ئیسرائیلدا داسەپێنێت. هاوکات کەناڵی جەزیرە نیوەڕۆی چوارشەممە لە زاری سەرچاوەیەکی حیزبوڵڵاوە رایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل پەیوەست بێت بە پاراستنی ئارامییەوە، حیزبوڵڵای لوبنانیش ئامادەیە دەستبەرداری هێرشەکانی بێت بۆ سەر ئیسرائیل.
هاوڵاتی بەزۆرینەی دەنگ تەمەنی کارکردنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پەرلەمانی عێراق درێژکرایەوە و پەرلەمانتارێک دەڵێت، کارەکانی کۆمسیۆن تا کۆتایی راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوام دەبێت. ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2023 پەرلەمانی عێراق لە بڕگەی دووەمی دانیشتنی خۆیدا کۆبوونەوەی لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و تێیدا بەزۆرینەی دەنگ بریاردرا کارەکانی بۆ ماوەی شەش مانگی تر درێژبکرێتەوە. لەو بارەیەوە بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری عێراق لەسەر پشکی یەکێتی رایگەیاند، "دەنگدانی پەرلەمان لەسەر هەمواری یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تەواو بوو، بەكۆی دەنگ پەسەند كرا، كارەكانی كۆمسیۆن درێژی دەبێت تاكو بە تەواوی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژارنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق و هەڵبژارنی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی دێت." بەپێی بڕیارەکە درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق تا 7ی تەمووزی 2024 دەبێت، کە پێش ئەو ماوەیە و لە 18ی مانگ داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوە دەچێت و دواتریش لە 25ی شوباتی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت. درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنەکە گرنگی خۆی هەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی داهاتوودا بەوپێیەی ئەگەر درێژ نەکرایەتەوە، ئەوا بەپێی وتەی بەرپرسانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، نەیاندەتوانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببەن.
هاوڵاتی لە کۆبونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەی پەرلەمانی عێراقدا بڕگەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق دواخرا. رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە، کە هاوکات سەرۆکى پارتى تەقەدوومە و یەکێکە لە سەرکردە هەرە دیارەکانی سوننە و بڕیاربوو لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان هەڵببژێردرێت. بەپێی خشتەی کاری پەرلەمان بڕیاربو لە دانیشتنی ئەمڕۆ سەرۆکی پەرلەمان هەڵببژێردرێت، هەروەها دەنگ بە هەمواری یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بدرێت، کە لە دانیشتنی پێشو خوێندنەوەی یاسایی بۆ کرا. لەمبارەیەوە د بریار ڕشید ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند : لەبەر ئەوەی رێکەوتنی یاسی نەبوو هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بە کۆی دەنگ دواخرا. هاوکات میدیا عێراقییهكان بڵاویانكردهوه، دووكاندید چانسى وهرگرتنى پۆستى سهرۆكى پهرلهمانیان ههیه ئەوانیش ههریهكه له سالم عیساوى كاندیدى حزبى تهقهدووم كه محەمەد حهلبوسى سهرۆكایهتى دهكات و كاندیدى دووهم موسهنا سامهرائى سهرۆكى هاوپهیمانى (عهزم)ن.
هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە وتەبێژی حکومەتی عێراق ئیدانەی هێرشەکەی ئەمریکای بۆسەر گروپە چەکدارەکانی عێراق کرد و ڕایگەیاند پێشێلکارییەکی تەواوی خاکی عێراقە.و میدیا جیهانییەکان دەڵێن لە هێرشەکەدا کوژراو بریندار هەیە. باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق نیوهڕۆی ئهمڕۆ له راگهیهندراوێكدا باسی لهوهكردوه، "حکومەتی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو هەڵکشانەی ئەم دواییە دەکات کە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردودا لە گۆڕەپانی عێراقدا ڕویداوە، وەک هەڵکشانێکی مەترسیدار کە پێشێلکارییەکی قبوڵنەکراو بۆ سەر سەروەری عێراق لەخۆدەگرێت، لە هەمو بارودۆخێکدا پابەندین بە پاراستن و بەرگریکردن بە پێی ئەرکە دەستوی و یاساییەکانی حکومەت". ئاماژه ی به وەشداوە، "هێرشەکە بەبێ ئاگاداری دەزگاكانی حكومەتی عێراق ڕوویدا، ئەمەش پێشێلكردنی ڕوونی سەروەرییە و هەوڵێكە بۆ تێكدانی دۆخی ئاسایش و سەقامگیری ناوخۆیی و بە پێی سەروەری دەستووری عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەكان قبوڵكراو نییە". هەر بە پێ راگەیندراوەكە جەخت لەوە كردوەتەوە" كە بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق پشتیوانی لە كاری هێزە چەكدارەكانمان دەكات لە ڕێگەی مەشق و ڕاهێنان و ڕاوێژكردنەوە، و ئەوەی كە ڕوویدا پێشێلكردنی ئاشكرای ئەو ئەركەیە كە ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە پێناویدا بوونیان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە خاكی عێراقدا، بۆیە داوا دەكرێت بە شێوەیەكی تاكلایەنانە هەڵسوكەوت نەكات و پابەند بێت بە سەروەریی عێراق و بە هیچ شێوەیەك قبوڵی پێشێلكردنی ناكرێت". ئەم لێدوانە دوایئەوەهات ئەمڕۆ، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا - سێنتکۆم رایگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە وەڵامی راستەوخۆی هێرشی ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر هێزەکانمان و هێزەکانی هاوپەیمانان، هێرشمان کردە سەر دوو بنکەی ئەو گرووپانە لە عێراق." سەبارەت بە شوێنی هێرشەکە سێنتکۆم دەڵێت، لە ناوچەی جورف سەخەری بەغدا بووە و گرووپێکی حەشی شەعبییان کردووەتە ئامانج. هاوکات لەسەر هێرشەکە ئاژانسی ڕۆیتەرزیش بڵاویکردەوە، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ناوچەی جورف ئەلنەسری لە باشوری بەغدا کوژراوی لێکەوتوەتەوە، بهڵام فەرماندەیی سەربازیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM) ئەنجامی هێرشەکانی رانەگەیاندوە. ئاژانسی فرانس پرێسیش لهزاری سهرچاوهیهكی ئهمنی حكومهتی عێراقهوه بڵاویکردۆتەوە، پێنج ئهندامی حزبوڵای عێراق له هێرشێكی ئاسمانیدا لهناوچهی جورف ئەلنەسری کوژراون، هاوكات چوار كهسیش برینداربون.
هاوڵاتی وهزارهتی دارایی عێراق رایگهیاند، دابەشکردنی مووچەی مانگی ١١ دەستپێدەکات و بودجەی پێویست بۆ بانکەکان نێردراوە بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران، ئەمەش لەکاتێکدایە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی نۆیان وەرنەگرتووە. وهزارهتی دارایی لهڕاگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، ئەمڕۆ سێشەممە 21ی تشرینی دووەمی 2023، بهشی ژمێریاری وەزارەتی دارایی دهستیكردوه به ناردنی بودجه بۆ مووچهی فهرمانبهران بۆ مانگی 11. هەموو مانگێک حکومەتی عێراق لە 20-25ی مانگ مووچەی سەرجەم فەرمانبەرەکانی دابەش دەکات. ئەمە لەکاتێکدایە کە فەرمانبەرانی هەرێم تا ئێستا چاوەڕێی مووچەی مانگی نۆن و هێشتا گوژمەی سێیەمی 700 ملیار دینارەکە نەگەشتووەتە هەرێمی کوردستان. دوێنی دووشەممە پیشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم، لەبارەی گوژمەی سێیەمی 700 ملیار دینارەکە وتی،"بەپێی وادە دەبێت تا کۆتایی ئەم هەفتەیە یان ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو 700 ملیارەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان" کە بڕیارە بۆ مووچەی مانگی نۆ دابەش بکرێت. تا ئێستا روون نییە کە بۆ مانگەکانی 10 و 11 و 12 چ میکانیزمێک بەکاردەهێنرێت بۆ دابەشکردنی مووچە و حکومەتی عێراقیش هیچ بڕیارێکی نەداوە کە قەرزی تر بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت. پێشتر نەمرین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە هاوڵاتی راگەیاند کە هەرێم و بەغدا رێککەوتنێکی نوێ ئەنجام دەدەن چونکە "گەڕی ئەمجارەی دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغدا جیاواز دەبێت و رێكەوتنی نوێ لەبارەی پرسی مووچەوە ئەنجام دەدرێت." وتەبێژی حکومەتی هەرێم لەسەر رێککەوتنێکی نوێ ئاماژەی بەوە کرد، "لەسەرەتای ساڵی داهاتوو ئێمە بەدوای ئەوە ناگەڕێین مووچەی مانگ و دوو مانگمان بۆ بنێرن، دەمانەوێت چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەم کێشەیە بدۆزرێتەوە و کۆتایی پێ بهێندرێت؛ نەک مانگانە دوو سێ جار شاند بچێت تاوەکو مووچەی مانگێک بنێرن."
هاوڵاتی بەرپرسانی بزوتنەوەی حەماس رایانگەیاند نزیکبوونەتەوە لە رێککەوتنێک لەگەڵ ئیسرائیل بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتە ئیسرائیلییەکان بە زیندانییانی فەڵەستینی. ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەب سیاسی حەماس، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە نزیکن "لە گەشتن بە رێککەوتنێکی ئاگربەست" لەرێی نێوەندگیری قەتەرەوە. ئیسماعیل هەنییە هیچ وردەکارییەکی باس نەکردووە بەڵام بەرپرسێکی تری حەماس بەناوی عیزەت ئەلریشق بە کەناڵی جەزیرەی راگەیاندووە دانوستانەکان لەسەر ئەوەن کە ئاگربەستکە بۆ ماوەی چەنێک بێت و هاوکاری مرۆیی بنێردرێت بۆ غەززە لەگەڵ ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان بە زیندانییانی فەڵەستینی. هاوکات دوێنێ دووشەممە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گەیشتن بە رێککەوتنی ئازادکردنی ئەو بارمتانەی لەلایەن هێزەکانی سەر بە بزوتنەوەی حەماسەوە گیراون نزیکبووەتەوە. لەرۆژی 7ی ئۆکتۆبەر حەماس زیاتر لە 240 کەسی بە بارمتە گرت و لە هێرشەکەشیدا بۆسەر کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکانی ئیسرائیل هەزار و 200 کەس کوژران. ماوەی زیاتر لە 40 رۆژە جەنگ بەردەوامە و بەهۆی بۆردومانە چڕەکانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا 13 کەس لە فەڵەستین کوژراون.
هاوڵاتی سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی "چنگ"ی هێزەکانیانەوە توانیویانە ئاسایشی سنورەکانیان لەگەڵ عێراق بپارێزن و دەشڵێت، "شەوێک لە ناکاو دێین." رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ (دووشەممە، 20-11-2023)ـی کابینەی حکومەتی تورکیا رایگەیاند،“بەو ئۆپەراسیۆنانەی لە باکووری سووریا ئەنجامماندان، ئەو رێڕەوە تیرۆرەمان وردوخاش کرد، کە هەوڵدەدرا لە باشووری سنوورەکانمان دروستبکرێت.” وتیشی، "هاوشێوەی قودس و موسڵ قەرەباغ لە ناو دڵمانە." سەرۆککۆماری تورکیا باسی غەززە و موسڵیشی کرد و وتی "لە دڵی ئێمەدا قەرەباخ و غەززە هەمان پێگەیان هەیە، هاوشێوەی حەلەب، تەرابلووس و موسڵ، کە جیایان ناکەینەوە، هەروەها شاری دێرینی خۆشمان کە قودسە وەکو ئەوان دەبینین.'' باسی لەوەشکرد، ئیسرائیل ئەو وڵاتانەی پشتیوانی لێدەکەن تەواوی کەرەستە جەنگییەکانیان لە دژی منداڵ و ژنان بەکاردەهێنن و ویژدانی مرۆڤایەتی دادگاییان دەکات، ئەگەر وەڵامیان بۆ ئەوە نەبێت کە لە غەززە رودەدات، ئەوا ناتوانن رێگری لە داگیرکاری زیاتر بکەن.
هاوڵاتی وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگهیاند، محەمەد شیاع سودانی، سهرۆك وهزیرانی عێراق دەست لەکارکێشانەوەی وەزیرانی پلاندانان و پیشەسازی و رۆشنبیری رەتکردەوە کە هەرسێکیان لە پارتەکەی محەممەد حەلبوسین. دوای ئەوەی 14ی ئهم مانگه، دادگای فیدڕاڵی بڕیاریدا ئەندامێتی محهمهد حەلبوسی له پهرلهمان هەڵبوەشێنێتەوە بەتۆمەتی "ساختەکردنی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتار لەیس دلێمی"، هەر سێ وەزیری پلاندانان و پیشەسازی و رۆشنبیری کە لە پارتی تەقەدومن کە هەمان پارتی محەممەد حەلبوسییە، نامەی دەستلەکارێشانەوەیان پێشکەشی سودانی کرد. باسم عەودای، وتەبێژی حکومەتی عێراق له راگهیهندراوێكدا باسی لهوهكردوه، کە سودانی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکانی رەتکردووەتەوە و دەستبەجێ وەزیرەکان دەست بەکار کردن دەکەنەوە لەپێناو "پشتیوانیکردن و بەردەوامیدان بە سەقامگیری سیاسی بە شێوەیەک کاریگەری لەسەر یەکگرتوی کۆمەڵگا نەبێت و کەشێکی سەقامگیر دابین بکات، کە بەشداربێت لە جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی بنیاتنان و گەشەپێدان."
هاوڵاتی بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەگەری رێککەوتن بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک لە بارمتەکانی لای حەماس لە هەموو کات زیاترە و رەنگە جەنگ بۆ ماوەیەی زۆر رابگیرێت. بە پێی هەواڵێکی ئاژنسی رۆیتەرز، جۆن فاینەر، جێگری راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەگەری رێککەوتن بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک لە بارمتەکان، کە زیاترن لە ١٢ کەس، بوونی هەیە و ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی راگرتنی جەنگ بۆ ماوەیەکی زۆر و هەروەها ئەگەری دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان لە غەززە. رۆژی یەکشەممە و رۆژێک دوای ئەوەی بەرپرسانی ئیسرائیلی و ئەمریکی، راپۆرتی رێککەوتنێ رۆژنامەی واشنتن پۆستیان بە درۆ خستەوە، جەنگ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس پەرەیسەند. هێزەکانی حەماس رۆژی یەکشەممە رووبەڕووی هێزەکانی ئیسرائیل بوونەوە کە هەوڵیان ئەدا دزە بکەنە گەورەترین کەمپی ئاوارەکانی غەزەوە. فاینەر دەربارەی گفتوگۆکان بۆ راگرتنی جەنگ راگەیاندووە، "ئەوەی لە ئێستا ئەتوانم بیڵێم ئەوەیە بەشێک لە ناکۆکییەکان لە گفتوگیەکی زۆر ئاڵۆز و زۆر هەستیاردا کەمتر بووەتەوە." هاوکات مایکڵ هێرتزۆگ، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی (NBC ) وتی، "ئیسرائیل هیوادارە ژمارەیەکی بەرچاو لەو کەسانەی لای حەماس بارمتەن، لە رۆژەکانی داهاتوودا ئازاد بکرێن". جێگری راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی لە بەشێکی تری لە قسەکانیدا وتی تا ئەو کاتەی لەسەر هەموو خاڵەکان رێککەوتن نەکرێت، هیچ رێککەوتنێک نەکراوە و "گفتوگۆی هەستیاری لەم چەشنە رەنگە لە دوایین ساتدا شکست بهێنێت." حەماس لە کاتی هێرشی 7ی تشرینی یەکەم بۆ باشووری ئیسرائیل، نزیکەی 240 کەسی بە بارمتە گرت کە بەشێکی زۆریان هاوڵاتی ئەمریکی و ئەوروپین. لە هێرشەکەی حەماسدا هەزار و 200 هاوڵاتی ئیسرائیلی بە دەستی هێزەکانی حەماس کوژران و دواتریش کە ئیسرائیل بۆردومانی دەستپێکرد بۆ سەر غەززە و تا ئێستاش بەردەوامە، زیاتر لە 12 هەزار فەڵەستینی کوژراون.
هاوڵاتی وتەبێژی سەربازیی حوسییەکانی یەمەن دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییەی راگەیاند کە خۆی دەڵێت، ئیسرائیلییە هەرچەندە ئیسرائیل نکوڵی لێدەکات. وتەبێژی حوسییەکان وتیشی بەردەوام دەبن لە بەئامانج گرتنی هەر کەشتییەک کە ئیسرائیل خاوەندارییەتی بکات. ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2023، میدیاکانی نزیک لە حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند حوسییەکان دەستیان بەسەر کەشتییەکی ئیسرائیلیدا گرتووە بەناوی گالاکسی لیدەر لە دەریای سوور. پێشتر ئۆفیسی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند 25 کەس لە ناو کەشتییەکەدا بوونیان هەبووە کە خەڵکی جیاوازی چەند وڵاتێکن لەوانە، بولگاری، فلیپینی، مەکسیکی و ئۆکرانی، بەڵام هیچ ئیسرائیلییەکی تێدا نییە. لە راگەیاندراوەکەی ئۆفیسی سەرۆکوزیرانی ئیسرائیل هاتووە کە کەشتییەکە هی ئیسرائیل نییە بەڵکو بەریتانییە و لەلایەن تیمێکی یابانییەوە بەڕێوە دەبرێت. ئۆفیسی ناتانیاهۆ ئیدانەی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکەی کرد و رایگەیاند "کردەیەکی تیرۆری" ئێرانە کە گوزارشتە لە "زیادبوونی کردەی شەڕەنگێزی ئێران دژی هاوڵاتییانی جیهانی ئازاد." یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکانی یەمەن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوە کرد کە ئەو کەشتییەی دەستیان بەسەردا گرتووە ئیسرائیلییە و هۆشداریشیدا کە هەر کەشتییک هی ئیسرائیل یان هەر لایەنێکی تر بێت کە پشتگیری لە ئیسرائیل بکات دەبێتە ئامانجی حوسییەکانی یەمەن. یەحیا سەریع وتیشی، "بەردەوام دەبین لە ئۆپەراسیۆنەکانمان دژی ئیسرائیل هەتا تاوانە قێزەونەکانی دژی خەڵکی فەڵەستین کۆتایی پێ دەهێنێت." هاوکات لەسەر خاوەندارییەتی کەشتییەکە، ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمریکی رایگەیاندووە بەرپرسانی ئیسرائیلی سوورن لەسەر ئەوەی کەشتییەکە خاوەندارییەتی بۆ بەریتانیا دەگەڕێتەوە و لەلایەن کۆمپانیایەکی یابانییەوە بەرێوەدەبرێت، بەڵام داتابەیسەکانی هاتوچۆی کەشتیوانی ئەوە دەردەخەن کە خاوەنی کەشتییەکە کۆمپانیای "رەی کار کاریرس"ە کە لەلایەن ئەبراهام ئونگارەوە دامەزراوە و ئەو پیاوە یەکێکە لە دەوڵەمنترین کەسەکانی ئیسرائیل.
هاوڵاتی ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند ئەو کەشتییەی لەلایەن حوسییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە هیچ هاوڵاتییەکی ئیسرائیلی تێدا نییە، بەڵام میدیایەکی ئەمریکی رایگەیاندووە کە خاوەندارییەتی کەشتییەکە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیای یەکێک لە دەوڵەمەندترین کەسەکانی ئێسرائیل. ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2023، حوسییەکانی یەمەن رایگەیاند دەستیان بەسەر کەشتییەکی ئیسرائیلیدا گرتووە بەناوی گالاکسی لیدەر لە دەریای سوور. ئۆفیسی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە بەبێ ئەوەی بڵێت کەشتییەکە ئیسرائیلییە و رایگەیاند 25 کەس لە ناو کەشتییەکەدا بوونیان هەبووە کە خەڵکی جیاوازی چەند وڵاتێکن لەوانە، بولگاری، فلیپینی، مەکسیکی و ئۆکرانی، بەڵام هیچ ئیسرائیلییەک تێدا نییە. ئۆفیسی ناتانیاهۆ ئیدانەی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکەی کرد و رایگەیاند "کردەیەکی تیرۆری" ئێرانە کە گوزارشتە لە "زیادبوونی کردەی شەڕەنگێزی ئێران دژی هاوڵاتییانی جیهانی ئازاد." هاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، کە دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییە "روداوێکی ترسناکە کە لێکەوتەی جیهانی دەبێت." لەسەر خاوەندارییەتی کەشتییەکە، ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمریکی رایگەیاندووە بەرپرسانی ئیسرائیلی سوورن لەسەر ئەوەی کەشتییەکە خاوەندارییەتی بۆ بەریتانیا دەگەڕێتەوە و لەلایەن کۆمپانیایەکی یابانییەوە بەرێوەدەبرێت، بەڵام داتابەیسەکانی هاتوچۆی کەشتیوانی ئەوە دەردەخەن کە خاوەنی کەشتییەکە کۆمپانیای "رەی کار کاریرس"ە کە لەلایەن ئەبراهام ئونگارەوە دامەزراوە و ئەو پیاوە یەکێکە لە دەوڵەمنترین کەسەکانی ئیسرائیل.
هاوڵاتی رۆژنامەی هائارتزی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە کە لە لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی ئیسرائیل و دەزگا ئەمنییەکانی تری وڵاتەکە دەرکەوتووە هەلیکۆپتەرێکی ئیسرائیلی چەند کەسێکی لە ئاهەنگە میوزیکییەکەی رۆژی 7ی ئۆکتۆبەر کوشتووە لەو کاتەی چەکدارانی حەماس هێرشەکەیان کردووە، دەشڵێت، حەماس زانیارییان لەسەر ئاهەنگەکە نەبووە و "بەرێککەوت" هێرشییان کردووەتە سەری. لەرۆژی 7ی ئۆکتۆبەر، بزوتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنێکی دژی ئیسرائیل راگەیاند بە ناوی "تۆفانی ئەقسا" و پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی وڵاتەکە کرد لەماوەی 20 خولەکدا. دواتر چەکدارانی حەماس دیوارە ئاسنینە زیرەکەکەی ئیسرائیلیان تێپەڕاند و چوونە نێو ڤیستیڤاڵێکی میوزیک بەناوی ڤیستیڤاڵی میوزیکی نۆڤا کە تێیدا چوار هەزار و 400 کەس بەشداربوون. سوپای ئیسرائیل دوای هێرشەکە رایگەیاند کە بەشێکی زۆر لە ئامادەبووان بەدەستی حەماس کوژراون و لەدواین ئاماریش کە بڵاویکردووەتەوە رایگەیاندووە، 364 کەسی ناو ڤیستیڤاڵەکە کوژراون لەکۆی گشتی هەزار و 200 کەس کە لەو رۆژەدا بەدەستی چەکدارانی حەماس کوژران. دوای زیاتر لە مانگێک، رۆژنامەی هائارتز، کە رۆژنامەیەکی باوەڕپێکراوی ئیسرائیلییە، راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، هەڵسەنگاندنەکانی چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمنی ئەوە دەردەخەن کە حەماس زانیاری لەبارەی ڤیستیڤاڵەکەوە نەبووە و "بەرێکەوت" هێرشی کردووەتە سەر دوای ئەوەی لەرێی پەڕەشووت و درۆنەوە پێی زانیوە، واتە زانیاری پێشوەختەیان نەبووە لەسەری تا پلانی بۆ دابنێن. رۆژنامەکە دەڵێت کە هەڵسەنگاندنەکە لە لێکۆڵینەوە لە چەند چەکدارێکی حەماس و لێکۆڵینەوەی خودی پۆلیس سەرچاوەی گرتووە لەگەڵ چەند شتێکی تردا و دەرکەوتووە کە نیازی حەماس هێرشکردنە سەر چەند کیبوتز (کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون) بووە لە نزیک سنوری غەززە. هاوکات سەرچاوەیەکی پۆلیس ئەوەی بە رۆژنامەکە وتووە کە لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن، هەلیکۆپتەرێکی سوپای ئیسرائیل کاتێک گەشتووەتە شوێنی روداوەکە تەقەی لە چەکدارانی حەماس کردووە و لە چەند بەشداربوویەکی ڤیستیڤاڵەکەشی داوە. لەکۆتایی مانگی رابردوودا، ماڵپەڕی گرەیزۆن باسی لەوە کرد کە ژمارەیەک لە کوژراوەکانی ڤیستیڤاڵەکە لەلایەن هەلیکۆپتەرێکی سوپای ئیسرائیلەوە بووە کاتێک سوپا ویستوویەتی چەکدارانی حەماس دووربخاتەوە و زیاتر پێشڕەوی نەکەن، بۆیە چەند کەسێکی ئیسرائیلیش کوژراون. ماڵپەڕەکە باسی لەوە کردووە کە گرتە ڤیدیۆییەکان و وێنەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵاییەتییەکان دەریدەخەن کە بەشێک لە قوربانییەکان و ئۆتۆمبێلەکانی ناوچەکە سووتاون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بۆردومان کرابن و فیشەک ئاسەواری سوتان بەجێناهێڵێت.
هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بڵاویکردەوە ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە گەیشتووەتە 12 هەزار و 300 کەس. ئەمڕۆ شەممە 18ی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند لە سەرەتای جەنگی حەماس- ئیسرائیلەوە لە 7ی تشرینی یەکەمەوە، 12 هەزار و 300 کەس لە غەززە کوژراون کە پێنج هەزاریان منداڵ و سێ هەزار و 300 کەسیان ژنن. هاوکات ئەوەش هاتووە کە هەر لە هەمان ماوەدا، 30 هەزار کەس بریندار بوون. پێشتر وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاندبوو ئیتر ناتواێت ئامارێکی دروست لە کوژراوان و بریندارەکان بداتە بەدەستەوە و بەهۆی جەنگەوە ناکرێت تەرمەکان ببینرێنەوە.
هاوڵاتی هەردوو کەناڵی بی بی سی بەریتانی و سی ئێن ئێن-ی ئەمریکی گومانیان هەیە لەسەر بەڵگەکانی سوپای ئیسرائیل لە پیشاندانی چەک و کەلوپەلی سەربازی حەماس لەناو نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە و دەڵێن، "بەڵگەکان دەستکاریکراون." سوپای ئیسرائیل لە رۆژی چوارشەممە 15ی تشرینی دووەمی 2023 چووەتە نێو نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە و پێشتر لە مانگی رابردوو ڤیدیۆیەکی ئەنیمەیشنی بڵاوکردەوە کە رایگەیاندبوو، لەژێرزەمینی نەخۆشخانەی شیفادا ناوەندی فەرماندەیی حەماس بوونی هەیە و تونێلێکی حەماس لەژێر نەخۆشخانەکەدایە، بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی لەسەر ئەوە بڵاونەکردووەتەوە. دوای رۆژێک لە چوونە نێو نەخۆشخانەکە لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە، سوپای ئیسرائیل ڤیدیۆیەکی حەوت خولەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا جۆناسان کۆنریکوس، وتەبێژی نێودەوڵەتی سوپای ئیسرائیل، قسە دەکات و چەند بەڵگەیەک دەخاتەڕوو و دەڵێت، چەک و کەلوپەلی سەربازی چەکدارانی حەماسن و نەخۆشخانەکەیان بەکارهێناوە. لەدوای بڵاوکردنەوەی ئەم ڤیدیۆیە، سوپای ئیسرائیل رێگەی بە تیمی رۆژنامەوانی کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی و بی بی سی-دا تا بچنە نێو نەخۆشخانەکە و دیمەنی چەک و کەلوپەلە سەربازییەکان بگوازنەوە. هەردوو کەناڵی بی بی سی و سی ئێن ئێن شیکارییان بۆ ڤیدیۆکان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە دەستکاری و گۆڕانکاری لە بەڵگەکاندا بوونیان هەیە. سی ئێن ئێن کە شیکاری بۆ ڤیدیۆکەی سوپای ئیسرائیل و دواتر گرتەکانی بی بی سی و فۆکس نیوز کردووە دەڵێت، "لە بەشێكی ڤیدیۆکەدا کە بەرپرسە سەربازییەکی ئیسرئیل دەچێتە ژورێکەوە و لە پشت ئامێرێکی ئێم ئاڕ ئای کەلوپەلی سەربازی بوونی هەیە، جانتایەک و فیشەک و تەنها یەک کڵاشینکۆف دەبیندرێت، بەڵام لە ڤیدۆکانی دوو کەناڵەکەدا کڵاشینکۆفەکان زیاد دەبن بۆ دوو کڵاشینکۆف کە نازانرێت کڵاشینکۆیفی دووەم لە کوێوە هاتووە و بۆچی لە ڤیدیۆکەی سوپای ئیسرائیلدا بوونی نییە." سی ئێن ئێن دەڵێت، "ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی چەکەکان خروانەتە ئەوێ پێش ئەوەی تیمە رۆژنامەوانییەکان بگەن." هاوکات بی بی سی هەمان بەڵگە دووبارە دەکاتەوە و دەڵێت، لەکاتی چوونی "پەیامنێرەکەمان بۆ ژوری ئامێری ئێم ئاڕ ئایەکە دوو کڵاشینکۆف بەدیدەکرێت" لەکاتێکدا پێشتر یەک دانە بووە. بی بی سی دەڵێت، ڤیدیۆکەی سوپای ئیسرائیل لە کاتژمێرەکەی جۆناسان کۆنریکوس دەردەکەوێت کە لە دوانیوەڕۆ گیراوە لە کاتژمێر 1:17 خولەک، بەڵام سی ئێن ئێن باس لەوە دەکات ئەو کاتەی تیمە میدیاییەکان رێگەیان پێدراوە بچنە نەخۆشخانەکەوە، پەیامنێرەکەی فۆکس نیوز دەڵێت: ئێستا نیوەی شەوە. بەشێکی تر لە بەڵگەکانی بی بی سی کە گومانی خستووەتە سەر ڤیدیۆکەی سوپای ئیسرائیل ئەوەیە کە دەڵێت، سەرەتا سوپای ئیسرائیل لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی ڤیدیۆکەی پۆست کردووە و دواتر سڕیویەتییەوە و دواتر پۆستی کردووەتەوە، هاوکات وتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت، "ئەم ڤیدیۆییە بەبێ دەستکارییە و ئیدیت نەکراوە، یەک گرتەیە"، بەڵام بی بی سی لە بەشێکی گرتە ڤیدیۆییەکەدا روونی دەکاتەوە کە ڤیدیۆکە دەستکاری کراوە بەوپێیەی لەو گرتەیەدا وتەبێژەکە پشتی لە کامێرایە بەڵام لەپڕێکدا دوور دەکەوێتەوە و دەچیتە دەرەوەی ژورێکی نەخۆشخانەی شیفا. بی بی سی و سی ئێن ئێن داوایان لە سوپای ئیسرائیل کردووە کە روونکردنەوە بدات لەسەر چەکەکان کە بۆچی لە ڤیدیۆکەی سوپادا جیاوازی هەیە لەگەڵ ڤیدیۆی تیمە رۆژنامەوانییەکان، سوپای ئیسرائیل پیی وتون: بەهۆی ئەوەیە چەکی زیاتر و کەلوپەلی زیاتری تیرۆرستان لەو رۆژەدا دۆزراونەتەوە.