هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند موشەکێک ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا کراوە و دەنگی چەند تەقینەوەیەک لەنزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بیستراوە. ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئەمنییەوە رایگەیاند بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەکاتژمێر 4:00ی بەرەبەیانی هێرشەکە کراوە کە بە چەند مووشەکێک بووە و لەنزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکاش لە بەغدا کە لە ناو ناوچەی سەوزدایە دەنگی تەقینەوە بیستراوە. هێشتا دیار نییە کە سیستەمی بەرگری باڵیۆزخانەکە لەکاتی هێرشەکەدا کارا کرابێت و هیچ گروپێکیش ئەنجامدانی هێرشەکەی لەئەستۆ نەگرتووە. بەپێی وتەی بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، لەدوای 17ی تشرینی یەکەمی 2023 زیاتر لە 75 جار هێرشکراوەتە سەر بنکە و بارەگا سەرەکییەکانیان لە عێراق و سوریا.
هاوڵاتی دوای ئەوەی کەسێکی سڤیل لە سنوری لوبنان-ئیسرائیل بەهۆی مووشەکێکەوە کوژرا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی توندی ئاراستەی حیزبوڵای لوبنانی کرد و رایگەیاند بەیروت و باشوری لوبنان وەک غەززە لێدەکەن ئەگەر حیزبوڵا هەڵەیەک بکات. ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی بڵاویکردەوە کە کەسێکی سڤیلی ئیسرائیلی ئێوارەی ئەمڕۆ بەهۆی موشەکێکی دژە تانکەوە کوژراوە کە لە لوبنانەوە هەڵدراوە. دواتر حیزبوڵا چەند هێرشێکی ئەمڕۆی بۆ سەر سنوری ئیسرائیل لەئەستۆگرت بەبێ ئەوەی زانیاری لەسەر هەبوونی قوربانی ئاشکرا بکات. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەدوای هەواڵی کوژرانی ئەو کەسە سڤیلەی ئیسرائیل لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "ئەگەر حیزبوڵا هەڵەیەک بکات، بەیروت و باشوری لوبنان وەک غەززە و خان یونس لێدەکات."
هاوڵاتی لەگەڵ بەردەوامیی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی لەكەرتی غەززە، تادێت پرسی پشتیوانی ماددی و سەربازی ئێران بۆ ئەو بزوتنەوەیە زیاتر دێتە بەرباس، ئێرانیش ئەوە ناشارێتەوەو بەئاشكرا پشتیوانی خۆی بۆحەماس و بەشێك لەگروپە چەكداریەكانی فەلەستین دەربڕیوە. چەكدارانی بزوتنەوەی حەماس، لەحەوتی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هێرشێكی لەناكاویان كردەسەر ئیسرائیل، هێرشەكەش بووەهۆی كوژرانی زیاتر لەهەزارو ٢٠٠ هاوڵاتی و سەربازی ئیسرائیلی و بەبارمتەگرتنی زیاتر لە ٢٤٠ کەس لەلایەن حەماسەوە. تاپێش راگرتنی کاتیی جەنگ لانیکەم ١٤ هەزار کەس لەكەرتی غەززە کوژراون کەبەشی زۆریان ژن و منداڵن، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی شەڕو ئاڵۆزیەکانیش ژمارەی کوژراوانی فەلەستینی بۆ زیاتر لە ١٥ هەزارو ٥٠٠ کەس بەرزبووەتەوە، لەئیسرائیلیش زۆربەی كوژراوان مەدەنیین. بەڵام جگە لەپرسی جەنگ لەڕای گشتی جیهان پرسێكی دیكەش جێی باسە، ئەویش پرسی پەیوەندی نێوان ئێران و حەماس، ئیسرائیل بەردەوام کۆماری ئیسلامی ئێران وەک گەورەترین پشتیوانی حەماس پێناسە دەکات، بەرپرسانی ئێرانیش راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ پشتیوانی خۆیان لەحەماس دەردەبڕن و وەک بەرەی بەرگری، پێناسەی دەکەن. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران هیچکات نەیانشاردووەتەوە کە پشتیوانی لەو رەوتە دەکەن کە خۆیان بە «بەرەی بەرگری» دەیناسێنن و حەماس و جیهادی ئیسلامی لەفەلەستین و حزبوڵڵای لوبنان و حووسییەکانی یەمەن و گرووپە میلیشیاکانی عێراق و فاتیمیون لەئەفغانستان و زەینەبیون لەپاکستان لەو گرووپانەن پشتیوانی ماددی و مەعنەوییان دەکات. بەپێی هەواڵی میدیاكانی جیهان و بەتایبەتیش رۆژئاوا، کۆماری ئیسلامی ئێران وەک گەورەترین پشتیوانی ماددی حەماس پێناسە دەکرێت و قەتەر بەدووهەمین پشتیوانی ماددی ئەم گرووپە دەناسرێت، بەڵام هەموو سەرنجەکان لەئێستادا لەسەر پەیوەندی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و حەماسە چونكە بەرپرسانی قەتەر هیچ كات ئەوەیان بەئاشكرا نەوتووە. رۆژی ٣ی شوباتی ٢٠١٢، عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەوتاری نوێژی هەینیدا رایگەیاند :» ئێمە لەپرسی دژایەتی لەگەڵ ئیسرائیل بێدەنگ نین و دەستتێوەردان دەکەین، ئەنجامەکەشی سەرکەوتنە لەجەنگی ٣٣ رۆژەو سەرکەوتنە لەجەنگی ٢٢ رۆژە. دوای ئەمەش لەهەرکوێ، هەر نەتەوەیەک، هەر گرووپێک دژی ئیسرائیل بوەستێتەوەو خەبات بکات، ئێمە پشتیوانی لێدەکەین و یارمەتییان دەدەین و یارمەتی گەیاندنمان ناشارینەوە. رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران هەروەها رۆژی ١٥ی تشرینی دووهەمی ٢٠١٩ لەوتاری نوێژی هەینیدا وتی :» ئێمە پشتیوانیمان لەفەلەستین کردووەو دەیکەین، لەکەسیش ناترسین و نایشارینەوە پشتیوانیمان کردووە، دەبێ هەموو دونیای ئیسلام پشتیوانی لەفەلەستین بکەن». ئێد رۆیس بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دوای رووداوی ٧ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لەئیسرائیل وتی :» ئێران لەمێژ ساڵە پشتیوانی ماددی حەماسەو چەکیان پێدەگەیەنێت و راهێنانی سەربازییان پێدەکات». تائێستا بەڕوونی نازانرێت ئاستی پشتیوانی ماددی و سەربازیی ئێران لەحەماس لەچی ئاستێكدایەو بەشێکی زۆر لەو زانیاریانەی لەمیدیاکان بڵاودەکرێنەوە، تەنها گومان و بەراوردکاری دامەزراوە ئەمنیی و هەواڵگریەكانی رۆژئاوایە. کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لەسەرەتای دەسەڵاتەكەیەوە، دروشمی « مەرگ بۆ ئیسرائیل»ی هەڵگرتووە، بەشێک لەدۆستایەتی و دوژمنایەتییەکانی بەستووەتەوە بەم دروشمەوە، بۆ نموونە پشتیوانی لەجیهادی ئیسلامی میسر کردو دوای تیرۆركردنی ئەنوەر سادات لەلایەن ئەم گرووپەوە، (خالید ئیسلامبولی) بکوژی ئەنوەر ساداتی وەک شەهید ناوبردو چەند گۆڕەپان و قوتابخانەو شەقامێكی لەشارەکانی ئێران كرد بەناویەوە. هەر لەسەرەتاشەوە پشتیوانی لەهەموو ئەو گرووپانە کردووە کەدژی ئیسرائیل بوون، لەسەرەتای دامەزرانی حەماسەوە لەساڵی ١٩٨٧ ئێران پەیوەندی باشی هەبووە لەگەڵ ئەو گروپە. پەیوەندی نێوان ئێران و حەماس بەرزی و نزمی پێوە دیار بووە، بەڵام لەهیچ قۆناغێکداو سەرەڕای ساردی پەیوەندی نێوانیان، یارمەتییە ماددییەکانی ئێران بۆ ئەم گرووپە نەپچڕاوەو هەر بەردەوام بووە. پەیوەندی کۆماری ئیسلامی و حەماس لەساڵی ١٩٨٨ەوەو دوای ئەوەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی فەلەستین، دانی بەئیسرائیلدا نا، گەرم و گوڕتر بووە، بەڵام بەوتەی یەکێک لەبەرپرسانی باڵای حەماس، پشتیوانی ماددی ئێران لەم گرووپە لەساڵی 2006ەوە دەستیپێکردووە. ساڵی ٢٠٢٠ مەحموود ئەلزەهار، ئەندامی باڵای حەماس، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی (العالم)، باسی دیداری یەکەمی خۆی لەگەڵ قاسم سلێمانی لەساڵی ٢٠٠٦ کردو وتی:» لەیەکەم دیدارم لەگەڵ قاسم سلێمانی، بڕی ٢٢ میلیۆن دۆلار پارەم وەرگرت، بەشێوەیەک کە لەجانتاکانمدا جێی نەدەبووەوە». ئەو بەرپرسەی حەماس باسی لەوەشکردووە «بڕیاربوو قاسم سلێمانی بڕێکی زۆرتر پارەیان پێبدات، بەڵام لەبەرئەوەی نۆ کەس بوون و هەر جانتایەک ٤٠ کیلۆی دەگرت و نەیاندەتوانی زیاتر لەوە لەگەڵ خۆیان هەڵبگرن، تەنها ٢٢ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە». ساڵی ٢٠١٠ کۆمەڵێک نامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەلایەن پێگەی «ویکیلیکس»ەوە بڵاوکرایەوە، لەیەکێک لەنامەکاندا ئاماژە بەوتەی یەکێک لەبەرپرسانی میسری دراوە دەربارەی پەیوەندی نێوان ئێران و حەماس، لەو نامەیەدا کە رێکەوتی نووسینەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەهاری ٢٠٠٩، بەرپرسی رێکخراوی زانیاری و هەواڵگری میسر بەلایەنی ئەمریکایی وتووە، ئێران هەموو مانگێک ٢٥ ملیۆن دۆلار یارمەتی حەماس دەدات، بەڵام میسر توانیویەتی بەر بەوە بگرێت ئەم یارمەتییانە لەخاكی وڵاتەکەیەوە بگاتە غەززە. لەگەڵ دەستپێکی نائارامییەکان لەسوریا کەوەک شەپۆلی بەهاری عەرەبی ناوی دەبراو مانگی سێی ٢٠١١ سوریای گرتەوە، پەیوەندی نێوان ئێران و حەماس ساردی تێکەوت. حەماس لەو سەردەمەدا ئامادە نەبوو پشتیوانی لەبەشار ئەسەد بکات و بەئاشکرا سوریای جێهێشت، ئەمە لەحاڵێکدابوو بەشێکی زۆر لەگرووپەکانی سەر بەکۆماری ئیسلامی لەعێراق و لوبنانەوە بەئاشکرا پشتیوانییان لە بەشار ئەسەد کردو لەئێستاشدا هەر بەردەوامن. بەڵام حەماس پشتیوانی لە بەشار ئەسەد نەکرد، رەنگە بەو هۆکارەی حەماس سوننەیەو ئەو گرووپانەش دژی ئەسەد بوون سوننە بوون. ئەمە بوو بەهۆی ئەوەی پەیوەندی نێوان ئێران و حەماس ساردی تێبکەویت. تەنانەت ژمارەیەک لەمیدیا ناوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامی، لەوانە ماڵپەڕی تابناک لەمانگی ١ی ٢٠١٤ نووسی، هێزەکانی حەماس لەسووریا دژی بەشار ئەسەد کەوتوونەتە جەنگەوە. سەرەڕای ساردبوونەوەی پەیوەندی نیوان ئێران و حەماس، بەڵام هیچکات پشتیوانییە مادییەکانی ئێران لەو گرووپە نەپچڕا. خالید مەشعەل، بەرپرسی مەكتەبی سیاسی حەماس ساڵی ٢٠١٥ لەوتووێژ لەگەڵ رۆژنامەی (الشرق)ی قەتەر دەربارەی پەیوەندی نێوان کۆماری ئیسلامی و حەماس وتی: لەو ساڵانەشدا پشتیوانی ئێران بۆ حەماس هەر بەردەوام بوو، بەڵام ئەو ساردبوونەوەیە کاریگەری لەسەر ئاستی پشتیوانییەکە دانابوو. رۆژنامەی ئەلمۆنیتۆر دەربارەی کەمبوونەوەی یارمەتییە ماددییەکانی ئێران بۆ حەماس نووسیویەتی:» کەمبوونەوەی یارمەتییە ماددییەکانی ئێران بۆ حەماس لەم ساڵانەی دواییدا، کاریگەری لەسەر ئەم بزووتنەوەیە داناوەو ئەم رەوتەی تووشی قەیرانی ئابووری گەورە کردووە، حەماس ناچاربوو چەند دامەزراوەیەكی میدیایی خۆی وەک کەناڵی تەلەفیزیۆنی قودس و ناوەندی راگەیاندنی فەلەستین دابخات. هەروەها مووچەی کارمەندەکانی خۆی کردبوو بەنیوە یان کەمتر». دوای چەند ساڵێك کەجەنگی ناوخۆیی سووریا کەمتر بووەوە، داعش و گرووپە توندڕەوەکانی تر پاشەکشەیان پێکراو ئەسەد توانی بەسەر بەشێکی زۆر لەنەیارەکانی خۆیدا زاڵ بێت، جارێکی تر پەیوەندی نێوان کۆماری ئیسلامی و حەماس پتەوتر بووەوە. لەمانگی ١ی 2019 ئیسماعیل هەنییە، کەسی یەکەمی حەماس لەوتووێژێکی تەلەفیزیۆنیدا وتی:» کۆماری ئیسلامی ٧٠ ملیۆن دۆلاری داوە بەبزووتنەوەی فەلەستین بۆ ئەوەی هێزی بەرگری خۆیان لەبەرامبەر ئیسرائیل پتەوبکەن و ئەو مووشەکانەی کەحەماس لەکەرتی غەزە دروستی دەکەن، بەشێکە لەم توانا ستراتیژییە بۆ بەرگریکردن . ئاژانسی رۆیتەرز لەوبارەیەوە، لەم چەندساڵەی دواییدا یارمەتییە ماددییەکانی ئێران بۆ حەماس زیاتر بووە. بەوتەی سەرچاوەیەكی ئیسرائیلی، ساڵی 2022 یارمەتی ماددی حەماس لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە ١٠٠ ملیۆن دۆلارەوە گەیشتە نزیکەی ٣٥٠ ملیۆن دۆلار، واتە هەموو مانگێک نزیکەی ٢٩ ملیۆن دۆلار دراوە بەم گرووپەو لەساڵی ٢٠٢٣شدا بەردەوام بووە. پێگەی ئەی بی سی نیوز، لەڕۆژەکانی سەرەتای جەنگی حەماس- ئیسرائیل نووسیبووی:» کۆماری ئیسلامی چەندین ساڵە پشتیوانی حەماسەو پەیوەندییان پێکەوە هەیە، بەپێی راپۆرتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەساڵی ٢٠٢٠ەوە ئێران هەموو ساڵێک تەکنۆلۆژیای سەربازی و زانستی سەربازییان پێدەگەیەنێت بۆ ئەوەی بتوانن مووشەک دروستبکەن «. بەڵگەش بۆ ئەوە رۆژنامەی خۆراسان كەیەکێکە لەڕۆژنامەکانی ناوخۆی ئێران ، مانگی ١٢ی ٢٠١٢ لەزمانی جەواد کەریمی قودوسی، یەکێک لەفەرماندە باڵاکانی سوپاو نوێنەری ئەوکاتی پەرلەمانی ئێران نووسیویەتی:» ٥٠ هەزار مووشەک و هەزاران مووشەکی دژە تانکمان ناردووە بۆ غەزە».
هاوڵاتی لەکاتێکدا ئیسرائیل قۆناغی دووەمی جەنگی دەستپێکردووە بە بۆردومانکردنی چڕتری کەرتی غەززە بەتایبەتی بەشی باشوری کەرتەکە، سوپای وڵاتەکە دەیەوێت بەئاو تونێلەکانی غەززە پڕبکات و حەماس ناچاربکات لەتونێلەکانیان بێنە دەرەوە. بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵی ئەمریکی، ئیسرائیل سیستەمێکی گەورەی پەمپی ئاوی ئامادەکردووە تابەکاریبهێنێت بۆ لافاو دروستکردن لەنێو تونێلەکانی حەماس، ئەمەش بۆ ئەوەی چەکدارانی حەماس ناچاربکات لەتونێلەکان بێنە دەرەوە، بەڵام رەنگە ئەم پلانە ببێتە هەڕەشە بۆ سەرچاوی ئاوی غەززەو دروستکردنی قەیرانێکی تری مرۆیی و ژینگەیی. بەپێی رۆژنامەکە، سوپای ئیسرائیل لەپێکەوەبەستی سیستەمێکی پەمپی ئاو تەواو بووە کەزیاتر لەکیلۆمترێکی لەکەمپی ئاوارەکانی شاتی لەغەززەوە دوورە. ئەم سیستەمە ئاوی دەریای سپی ناوەڕاست رادەکێشیت و لەکاتژمیرێکدا دەتوانێت هەزارە مەتر چوارگۆشە بەرەو غەززە بنێرێت. هاوکات چەند بەرپرسێکی ئەمریکی کەناویان نەهاتووە باس لەوەدەکەن کەئیسرائیل مانگی رابردوو واشنتنی لەم پلانە ئاگادارکردووەتەوەو ئەمەش بووەتە جێی مشتومڕی بەرپرسانی وڵاتەکە لەسەر کاریگەری و گونجانی پلانەکەو سوودی سەربازی پلانەکە لەبەرامبەر ئەو زیانە ژینگەییەی کە دروستی دەکات. رۆژنامەکە دەڵێت، بەرپرسانی ئەمریکی نازانن کەحکومەتی ئیسرائیل چەنێک نزیکە لەئەنجامدانی پلانەکەو بڕیاری کۆتایشی لەسەر نەدراوە. سوپای ئیسرائیل تائێستا ٨٠٠ تونێلی دۆزیوەتەوەو دەشڵێت کە ٥٠٠ دانەی لەناوبردووە. تونێلەکان بەقوڵایی ٣٠ مەتر دروستکراون و زیاتر لە ٣٠٠ کیلۆمتر دەبن لەڕووی درێژییەوە. واڵ ستریت جێرناڵ ئاماژەی بەوە کردووە کەبەرپرسانی ئەمریکا رایان جیاوازە لەسەر پلانەکە، بەشێکیان بەنهێنی نیگەرانی خۆیان لەسەر پلانەکە دەربڕیوە، بەڵام هەندێکی تر پشتگیری لەناوبردنی تونێلەکانیان کردووەو وتوویانە کەهیچ لارییەک لەلایەن ئەمریکاوە نییە لەسەر پلانەکە. بەرپرسێک کە ناوی نەهاتووەو ئاگای لەپلانەکەیە وتوویەتی، ئەو پرۆسەیە چەند هەفتەیەکی پیدەچێت و وادەکات کەچەکدارانی حەماس ناچاربن لەتونێلەکان بێنە دەرەوە کەدەشوترێت ئەو بارمتانەی ماون لەهەمان ئەو تونێلانەدان. تائێستا نزیکەی ٦٠ بارمتەی ئیسرائیلی لەبەرامبەر ١٨٠ زیندانی فەڵەستینی ئازادکراون لەئاگربەستێکدا کەهەفتەی پێشوو کۆتای هاتوو و ماوەی هەفتەیەکی خایاند. سوپای ئسیرائیل رایگەیاندووە کە تائێستا نزیکەی ٢٠٠ بارمتە لات حەماس ماون. هێشتا دیار نییە کەئیسرائیل پێش ئەوەی هەموو بارمتەکان ئازادبکرێن ئەم پلانە جێبەجێدەکات یاخود دواتر. ئەو بەرپرسەی کەئاگاداری پلانەکەیە باسی لەوە کردووە کە «نازانین چەنێک هەڵدانی ئاو بۆ نیو تونێلەکان سەرکەوتوو دەبێت چونکە کەس وردەکاری تونێلەکان و دەوروبەری نازانێت، مەحاڵە بزانرێت کەپلانەکە کاریگەر دەبێت بەهۆی ئەوەی نازانین ئەو ئاوەی دەریا چۆن لەناو تونێلەکان کۆتاییان دێت و بەرەو کوێ دەچن». بەرپرسێکی سوپای ئیسرائیل کەنەیویستووە ناوی بهێنرێت و رەتیکردووەتەوە قسە لەسەر پلانەکە بکات، وتوویەتی، «سوپای ئیسرائیل کاردەکات بۆ لەناوبردنی توانستە تیرۆرییەکانی حەماس بەشێوازی جیاواز بەبەکارهێنانی ئامرازی سەربازی تەکنەلۆجی». حەماس ئەو تونێلانە بۆ خۆحەشاردانی، جوڵەی شاراوە و شاردنەوەی بارمتەکان بەکاردەهێنێت، ئەمە جگە لەوەی کەتێیدا چەک بەرهەمدەهێننێت و سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، بەشێکیان ناوەندی فەرماندەیی تێدایە کەبەرپرسە باڵاکانی تێدان. بەشێکیان بەشێوەیەکی ورد دروستکراون بەبەکارهێنانی کۆنکرێتی بەهێز، هەروەها هێڵی پەیوەندیش لەخۆدەگرێت. لەئێستادا بەهۆی گەمارۆی ئیسرائیلەوە، بەشێکی زۆری خەڵکی غەززە دەستیان ناگات بەئاوی سازگار بۆ خواردنەوە. پێش ٧ی ئۆکتۆبەر، چوار هێڵی بۆری لەئیسرائیلەوە راکێشراوبوون بۆ نیو غەززە، بەڵام دوای جەنگ یەکێکیان بەتەواوی گیراوەتەوەو دوانەکەی تریش زۆر کەم ئاویان پێدا دەڕوات. بەپێی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان پیشتر ٨٣ لیتر بۆ هەر کەسێک لەغەززە دەنێردرا بەڵام ئێستا هەر فەڵەستینییەک رۆژانە سێ لیتر ئاوی پێدەگات. جۆن ئاڵترمان، جێگری بەرپرسی ناوەندی ستراتیجی و نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە دەڵێت، لەبەرئەوەی نازانرێت تونێلەکان چۆنن و چەنێک ئاو دزە دەکاتە ناو خاکی غەززەو کاریگەری چی دەبێت، قورسە کاریگەری ئەو هەموو ئاوە هەڵبسەنگێرێت کەزیانی چی دەبێت، بەتایبەتی «بۆ ژێرخانی ئاوو سیستەمی زێراب و ئاوی خەزانەکان، تەنانەت کارخستنەسەر جێگیریی باڵەخانەکانی نزیکی تونێلەکان». چەند بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکا ئەوەیان بە واڵ ستریت جێرناڵ وتووە کەپلانێکی لەوجۆرە ئیدارەی بایدن دەخاتە پێگەیەکی سەختەوەو رەنگە رووبەڕووی ئیدانەی جیهانی ببنەوە، بەڵام ئەوەشیان نەشاردووەتەوە کەئەو پلانە یەکێکە لەو رێگەشێوازە کەمانەی کە کاریگەری دروستدەکەن بۆ لەناوبردنی تونێلەکان. لەسەر کاریگەری پلانەکەو سەرکەوتنی، پرۆفیسۆر مایکڵ کلارک، کە شیکەرەوەیەکی سەربازییە، بەکەناڵی سکای نیوزی راگەیاندووە کە «بەڵێ دەتوانرێت ئەنجامبدرێت و سەردەگرێت». بەڵام ئەو پرۆفیسۆرە باسی لەوەش کردووە کەپلانە دوو مەترسی دروستدەکات کە یەکێکیان ئەوەیە «ئیسرائیل نازانێت ئاخۆ بارمتەکان لەناو تونێلەکاندان یان نا». یەکێتی تر لەمەترسییەکان ئەوەیە کە بەناردنی ئاو بۆ نیو تونێلەکان رەنگە سوپای ئیسرائیل خۆی لەحاڵەتێکدا ببینێتەوە کەسەرچاوی ئاوی غەززەش پیس بکات کەئەوەش دەبێتە «خراپەکارییەکی ژینگەیی کەتەواوی جیهان لەئیسرائیل خۆشنابن بۆ ئەو کارە». ئەم پلانەی ئیسرائیل لەکاتێکدایە کەوڵاتەکە دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەست چووەتە قۆناغی دووەمی جەنگەوەو بۆردومانەکانی چڕتر کردووەتەوە بەتایبەتی لەدووەمین گەورەترین شاری غەززە کەئەویش خان یونسە. لەژێر فشاری ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی قوربانی مەدەنی، ئیسرائیل دەڵێت لەهێرشەکانیدا وردتر بووەو قوربانی کەمکردووەتەوە، بەڵام خەڵکی فەڵەستین دەڵێن لەغەززە هیچ شوێنێک بەئارامی نەماوەو بەشێکی زۆریان لەوە دەترسن کەئەگەر ماڵەکانیان بەجێبهێڵن هەرگیز نەتوانن بگەڕێنەوە. تائێستا بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیل سێ بەشی دانیشتوانی غەززە کەژمارەیان دوو ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەسە بەناجاری ناوچەکانی خۆیان بەجێهێشتووە. حەمزە ئەلبورش، کەدانیشتوویەکی شاری خان یونەسە بەئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی راگەیاندووە «ئەوەی روودەدات باوەڕپێنەکراوە، ئەوانە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی بۆردومان دەکەن». وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاندووە کە تائێستا نزیکەی ١٦ هەزار کەس لەغەززە بەهۆی بۆردومانەکانی ئسیرائیلەوە کوژراون کە ٧٠%یان منداڵ و ژنن. بەپێی ئاماری وەزارەتەکە، لەڕۆژی هەینییەوە کەئاگربەست کۆتایی هاتووە نزیکەی 900 کەس لەهێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون و چەندین جار بەرپرسانی ئەمریکا داوایان لەئیسرائیل کردووە کەقوربانی مەدەنی لەهێرشەکانیدا کەمبکاتەوە. لەدوای چڕکردنەوەی بۆردومانەکان و نزیکەی دوو مانگ جەنگ، ئەمریکا دەڵێت هێشتا بەڵگەیان لانییە کەئیسرائیل بەئەنقەست خەڵکی مەدەنی لەغەززە بکاتە ئامانج. ماتیو میڵەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەسەر هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ کەمکردنەوەی قوربانی مەدەنی لەهێرشەکانیدا رایگەیاند، «هێشتا زۆر زووە کەهەڵسەنگاندنێکی یەکلاکەرەوە بکەین، ئیسرائیل داوای لەملیۆنەها خەڵک کردووە کەناوچەیەکی تایبەتی چۆڵ بکەن و رێنمایی تایبەتی دەرکردووە بۆ خەڵکی مەدەنی کەبگوازنەوە نەک تەواوی شارێک چۆڵی بکەن، بۆیە ئەمەش بەرەوپێشچوونەو لەپێش ئەوەی روویداوە باشترە.» میڵەر لەدرێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد، واشنتن هیچ بەڵگەیەکی بەردەست نەکەوتووە کەبیسەلمێنێت ئیسرائیل بەئەنقەست مەدەنی دەکوژێت، بەڵام وتیشی کەئەوان چاوەڕێی مردنی خەڵکی مەدەنیش دەکەن چونکە «بەداخەوە ئەوە بۆ هەموو جەنگێک راستە.»
هاوڵاتی رەجەب تەیب ئەرۆدغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە وتارێکیدا هەڕەشەی توندی لە ئیسرائیل کرد و رایگەیاند سوپای وڵاتەکە پێویستە "بەهۆش خۆی بێتەوە" پێش ئەوەی سوپایەکی بەهێز رووبەرووی بێتەوە. لە نوێترین وتاریدا دژی ئیسرائیل، سەرۆککۆماری تورکیا وتی، "ئیسرائیل، کە دڵ و قاچی هاتوونەتە لەرزە لەبەرامبەر کۆمەڵێک مەدەنی غەززە، ئەگەر رووبەرووی سوپایەکی راستەقینەوە و بەهێز ببێتەوە ئەوا پارچە پارچە دەبێت." ئەردۆغان لەدرێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، "ئێمە هیوادارین ئیسرائیل بەهۆش خۆی بێتەوە پێش ئەوەی دەرئەنجامێکی ئاوا بەئازار رووبدات." لەسەرەتایی دەستپێکی جەنگەوە لەنێوان حەماس و ئیسرائیل، سەرۆککۆماری تورکیا هەڵوێستی توند دەنوێنیت بەرامبەر ئیسرائیل و زۆرجار بەراستەوخۆ ناوی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەهێنێت و هەڕەشەی لێدەکات، لەدواین هێرشیشیدا وتی کە ناتانیاهۆ "قەسابی غەززە"یە و لەسەر ئەوە دادگایی دەکرێت. ئەم هەڵوێستەی سەرۆککۆماری تورکیا لای زۆرێک بە هەڕەشەی راستەقینە لێکنادرێتەوە و دەڵێن کە ئەمە تەنها بۆ نمایشە ئەگەرنا تورکیا و وڵاتانی عەرەبی ناتوانن بەرامبەر ئیسرائیل بوەستنەوە. ئیسرائیل چەندین جار وەڵامی ئەردۆغانی داوەتەوە و دواین وەڵامی توندیش لەلایەن ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە بووە کە مانگی رابردوو وتی، "ئێمە گوێت لێناگرین تۆ گوندەکانی سنوری تورکیا بۆردومان دەکەیت." نزیکەی دوو مانگە جەنگی حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە و بەپێی ئاماری سوپای ئیسرائیل تا ئێستا 401 سەربازی وڵاتەکە کوژراوە، ئەمە جگە لەو هەزار و 200 کەسەی تر کە کوژراون. هاوکات بەهۆی بۆردومانە چڕەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە، نزیکەی 16 هەزار کەس کوژراون کە ئاماری کوژرانی مەدەنی و چەکداری حەماس پێکەوە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینەوە هەژمارکراون.
هاوڵاتی ئەمڕۆ بنکەی سەربازی ھەریر لە ھەولێر و بنکەی سەربازی "عەین ئەسەد" لە ئەنبار بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کرانە ئامانج. گرووپی مەقاومەی ئیسلامی عێراق لەبارەی هێرشەكەی ئەمڕۆی سەر بنكەی سەربازیی هەریر لە سنووری پارێزگای هەولێر ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە. لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، كەمێك پێش ئێستا لە ڕێگەی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانەوە هێرشیان كردووەتەوە سەر بنكەی سەربازیی هەریر لە سنووری پارێزگای هەولێر و ڕاستەوخۆ ئامانجەكەیان پێكاوە، تا ئێستا ژمارەی زیانە گیانى و ماددییەكان دیار نییە. ئەمە لە كاتێكدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ گرووپی مەقاومەی ئیسلامی عێراق بنكەی سەربازیی عەین ئەسدی كردە ئامانج. ھاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پنتاگۆن رایگەیاند، لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس زیاتر لە ٧٥ جار ھێرشکراوەتەوە سەر ھێزەکانیان لە عێراق و سوریا و بەوھۆیەوە ٦٢ کەس برینداربوون.
هاوڵاتی ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی لە نەتەوەیەکگرتووەکان، بە ناردنی نامەیەکی فەرمی بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان نووسیویەتی:" ئێران دەستی نەبووە لە هیچ هێرشێکدا بۆ سەر هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا". بە پێی راپۆرتی میدیاکانی حکومەتی ئێران کە ئەمڕۆ سێ شەممە ٥ی کانوونی یەکەم بڵاو کراوەتەوە، ئیرەوانی لە نامەکەیدا ئاماژەی بە وتەکانی نوینەری هەمیشەیی ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایش داوە کە رۆژی ٢٨ی کانوونی دووهەم ئێرانی بەوە تاوانبارکرد کە دەستی هەیە لەو هێرشانەدا. لیندا تۆماس گرینفێڵد، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا، هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی لە سووریا و عێراق بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لەو وڵاتانە سەرکۆنە کرد و ئێرانی بە بەرپرس زانی لەم هێرشانەدا. لەگەڵ دەستپێکی جەنگی غەزە، هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سووریا و عێراق و یەمەن و لوبنان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە زیاتر بووە. رۆژنامەی واشنگتۆن پۆست رۆژی دووشەممە ٤ی کانوونی یەکەم بە پشت بەستن بەو بەڵگانەی لە لایەن وەزارەتی بەرگری ئەمریکاوە بڵاو کراوەتەوە، باسی لەوە کردووە بنکەکانی ئەمریکا لە ١٧ی تشرینی یەکەمەوە لانیکەم ٧٦ جار لە لایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە کراوەتە ئامانج. لە ئێستادا نوێنەری هەمیشەیی کۆمار ئیسلامی لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ناردنی نامەیەک بۆ ئەنجومەنی ئاسایش باسی لەوە کردوە :" کۆماری ئیسلامی هیچ دەور و نەخشێکی نەبووە لە هەموو ئەو هێرشانەدا". هاوکات لە نوێترین رووداودا، ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا ( سێنتکام) رایگەیاند، حووسیەکان کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی ئەکرێن، رۆژی یەکشەممە هێرشیان کردۆتە سەر سێ کەشتی بازرگانی لە ئاوەکانی دەریای سوور و لە لایەن کەشتییەکی سەربازی ئەمریکییەوە وەڵام دراونەتەوە. سێنتکام لە راگەیاندنێکدا رۆژی دووشەممە ٤ی کانوونی یەکەم، نووسی:" هەرچەند دڵنیایە ئەم هێرشانە لە لایەن حووسییەکانەوە ئەنجام دراوە، بەڵام ئەم گرووپە بە تەواوەتی لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی ئەکرێن و بە بێ پشتیوانی ئیرانییەکان حووسیەکان ناتوانن ئەم هێرشانە بکەن."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: بەڵگەمان نییە بیسەلمێنێت ئیسرائیل بە ئەنقەست خەڵکی مەدەنی لە غەززە دەکوژێت
هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند هیچ بەڵگەیەکیان لانییە بیسەلمێنیت ئیسرائیل بەئەنقەست کەسانی مەدەنی لە غەززە دەکوژێت، دەشڵێت، هێشتا زووە بڕیار بدەن لەسەر ئەوەی ئاخۆ ئیسرائیل هەوڵی تەواوەتی دەدات بۆ پاراستنی مەدەنی. لە رۆژی هەینییەوە کە ئاگربەست کۆتایی هاتووە نزیکەی 900 کەس لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون و چەندین جار بەرپرسانی ئەمریکا داوایان لە ئیسرائیل کردووە کە قوربانی مەدەنی لە هێرشەکانیدا کەم بکاتەوە. تا ئێستا لەماوەی نزیکەی دوو مانگی جەنگدا زیاتر لە 15 هەزار کەس لە غەززە کوژراون. ماتیو میڵەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەسەر هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ کەمکردنەوەی قوربانی مەدەنی لە هێرشەکانیدا رایگەیاند، "هێشتا زۆر زووە کە هەڵسەنگاندێکی یەکلاکەرەوە بکەین، ئیسرائیل داوای لە ملیۆنەها خەڵک کردووە کە ناوچەیەکی تایبەتی چۆڵ بکەن و رێنمایی تایبەتی دەرکردووە بۆ خەڵکی مەدەنی کە بگوازنەوە نەک تەواوی شارێک چۆڵی بکەن، بۆیە ئەمەش بەرەوپێشچوونە و لە پێش ئەوەی رویداوە باشترە." میڵەر لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد، واشنتن هیچ بەڵگەیەکی بەردەست نەکەوتووە کە بیسەلمێنیت ئیسرائیل بە ئەنقەست مەدەنی دەکوژێت، بەڵام وتیشی کە ئەوان چاوەڕێی مردنی خەڵکی مەدەنیش دەکەن چونکە "بەداخەوە ئەوە بۆ هەموو جەنگێک راستە."
هاوڵاتی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرای کردووە، ئەمڕۆ چوار هێرش کراوەتە سەر سێ کەشتیە بازرگانیەکەی باشووری دەریای سوور. ئەمڕۆ دووشەممە(4-ی کانوونی یەکەمی 2023)، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ئاشکرای کرد، چوار جار هێرشکراوەتە سەر سێ کەشتیی بازرگانیی باشووری دەریای سوور کە 14 وڵات بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئەم هێرشانە زیانی “سووک”یان بە یەکێک لە کەشتییەکان گەیاندووە و لە راگەێنراوی سوپای ئەمریکادا هاتووە، کە کەشتیی تێکشکێنەری “ئارلی بیرک یو ئێس ئێس کارنی” وەڵامی سەرجەم ئەو هێرشانەی داوەتەوە و ئەو مووشەکانەی لەلایەن حوسییەکانەوە ئاراستە کراون، خستۆتە خوارەوە. درەنگانی ئێوارەی دوێنێ، گروپی حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، کەشتییەکانی “یونیتی ئێکلۆڤەر” و “نەمبەر ناین”یان لە دەریای سووردا ، بە مووشەکێکی دەریایی و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەریایی کردۆتە ئامانج، لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کە ئەو دوو کەشتییە “ئیسرائیلین”. لەم بارەیەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، کەشتیی یۆنتی ئێکسپلۆرەر، کەشتیەکی بارهەڵگرە و ئاڵای(جزر ئەلبهاما)ی بەرزکردۆتەوە کە بەریتانیا خاوەندارێتی دەکات و دەریاوانانی دوو وڵات کاری لەسەر دەکەن، کەشتیی کارنی لە دەریای سووردا لە ئەرکدا بووە کاتێک هێرشکراوەتە سەر کەشتیی یۆنتی ئێکسپلۆرەر. هێزەکانی ئەمریکا ئاشکرای دەکەن، نزیکەی کاتژمێر 12 ی نیوەڕۆ، کەشتیی کارنی کە لەنێو ئاوی نێودەوڵەتی بووە، هەستی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە کە لە ناوچەکانی حوسیەکانی سەر بە یەمەنەوە هەڵدراون، بەڵام توانیویانە فڕۆکەکە بخەنە خوارەوە، هەر بە پێی زانیاریەکانی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی حوسیەکان بەرەو کەشتیی کارنی نێردراوە لەگەڵ ئەوەی فڕۆکەکە هیچ ئامانجێکی دیار نەبووە، بۆیە هیچ زیانێک بەر کەشتیەکە و تیمی دەریاوانی کەشتیەکە نەکەوتووە. فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ئاشکرای کردووە، کاتژمێر 12:35 خولەکی نیوەڕۆ، کەشتیی یۆنتی ئێکسپلۆرەر بە فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لەلایەن حوسیەکانەوە لێیدراوە، بەڵام کەشتیی کارنی وەڵامی داوای بە هاناوەچوونی کەشتیەکەی وەرگرتووە و هەر لەو کاتەدا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خستۆتە خوارەوە. کاتژمێر3:30 ی پاش نیوەڕۆ، کەشتیی(ئێم ڤی سۆڤی9)، بە مووشەک هێرشی کرایە سەر و، کاتژمێر 4:30 ی پاش نیوەڕۆش، کەشتیی ( ئێم ڤی سۆڤی 2) داوای هاواکاریکرد پاش ئەوەی بە مووشەکێک هێرشی کراوەتە سەر کە تیمی دەریاوانی هەشت وڵات کاری لەسەر دەکەن، کەشتیی کارنی وەڵامی خێرای داوای هاوکاریەکانی دایەوە و فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی کە بەرەو کەشتیەکە دەهات، خستە خوارەوە. ئەمریکا دەڵێت ئەم هێرشانە “بە تەواوی لەلایەن ئێرانەوە سەرپەرشتی کراون”، و “مەترسی راستەوخۆ” بۆ سەر بازرگانی نێودەوڵەتی و ئاسایشی دەریایی پێکدەهێنن و ژیانی تیمە نێودەوڵەتییەکانی نوێنەرایەتی وڵاتانی جیهانیان خستۆتە مەترسییەوە. راشیانگەیاند کە ئەمریکا بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ هاوپەیمانەکانی و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان شێوازەکانی وەڵامدانەوەی گونجاو لەبەرچاو دەگرن.
هاوڵاتی گروپی مقاوەمەی ئیسلامی رایگەیاند لە هێرشێکی ئەمریکادا بۆ سەر هیزەکانیان پێنج چەکدارییان کوژراوە. چەند کاتژمیرێک لەمەوبەر چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاند کە هێرشەکە فڕۆکەی ئەمریکی بووە تێیدا 5 ئەندامی گروپێکی چەکداری نزیک لە ئێران کوژراون. ئاژامسی رۆیتەرز ئەوەشی خستووەتەڕوو کە هێرشەکە لەکاتێکدا بووە کە ئەو گروپە خۆیان ئامادەکردووە بۆ ئەنجامدانی هێرشی مووشەکی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق. گروپی مقاوەمی ئیسلامی هێرشەکەی پشتڕاست کردەوە و لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، پێنج چەکداریان لە رووبەڕوونەوە لەگەڵ هێزەکانى ئەمریکا کوژراوە. لەدوای 17ی تشرینی یەکەم مقاوەمەی ئیسلامی چەندین جار هێرشی کردووەتەسەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و چەند هێرشی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئەستۆ گرتووە. هاوکات ئەمریکا لە وەڵامی ئەو هێرشانە، چەندین جار هێرشی کردووەتەسەر هێزەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سوریا.
هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاند لە هێرشێکدا بۆ سەر گروپێکی چەکداری عێراق لە کەرکوک پێنج کەس کوژراون کە گروپێکی چەکداری نزیک ئێرانە. چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسەکەیان راگەیاندووە کە گومان دەکرێت هێرشەکە فڕۆکەی ئەمریکی بووبێت کە تێیدا 5 ئەندامی گروپێکی چەکداری نزیک لە ئێران کوژراون. هاوکات کەناڵی ئەلیەومی عێراقی رایگەیاندووە، هێرشەکە لەکاتێکدا بووە کە ئەو گروپە خۆیان ئامادەکردووە بۆ ئەنجامدانی هێرشی مووشەکی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.
هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند کەشتییەکەی جەنگی ئەمریکی و کۆمەڵێک کەشتی بازرگانی تر لە دەریای سوور هێرشیان کراوەتەسەر، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ئەنجامدەری هێرشەکە بکات. پنتاگۆن لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، "ئاماگان لەو راپۆرتانە هەیە کە ئاماژە بە هێرش دەکەن بۆ سەر کەشتی یو ئێس ئێ کارنی و چەند کەشتییەکی بازرگانی تر لە دەریای سوور و زانیاری زیاتر رادەگەیەنین لەو بارەیەوە لەکاتی بەدەستگەشتنی زانیاری نوێ." پێش چەند کاتژمیرێک سوپای بەریتانیا رایگەیاند هێرشیکی گوماناوی درۆنی و تەقینەوەیەک لە دەریای سوور روویداوە، بەبێ ئەوەی زانیاری تر بخاتەڕوو. لە راگەیاندراوەکەدا پنتاگۆن ئاماژەی بە ئەنجامدەری هیرشەکە نەکردووە، بەڵام لەچەند هەفتەی رابردوودا حوسییەکانی یەمەن چەند زنجیرە هێرشێکییان بۆ سەر ئەو کەشتییانە ئەنجامداوە کە لە دەریای سوورن ئەمە جگە لە هێرشی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر ئەو ئامانجانەی کە گروپەکە بە ئامانجی ئیسرائیلی ناوی دەبات.
هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت لە ھەوڵدان بۆ دەستپێكردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی كوردستان و تێپەڕاندنی كێشە یاسایی و تەكنیكی و داراییەكانی ئەو بابەتە، پەرلەمانتارێكی عێراقیش نهێنییەكی دوایین كۆبوونەوەی وەفدی هەرێم و بەغدا ئاشكرادەكات. عاسم جیھاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، لەبارەی دەستپێكردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی كوردستان، رایگەیاند: حكومەتی عێراق سوورە لەسەر دەستپێكردنەوەی ھەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جیھانی توركیا و پەلەكردن لەو پڕۆسەیە. وتیشی: لە ھەوڵی چڕدان بۆ چارەسەركردنی كێشە یاسایی و تەكنیكی و داراییەكانی تایبەت بە گرێبەستە نەوتییەكانی كۆمپانیاكان لەگەڵ ھەرێمی كوردستان، چونكە ئەو گرێبەستانە جیاوازن لە گرێبەستەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق و پێویستە فۆڕمی گرێبەستە نەوتییەكان بگونجێت لەگەڵ سیاسەتی وەزارەتی نەوت. لەلایەن خۆشیەوە ئینتیسار جەزیری، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: وەفدی كوردی كە بەم دواییانە سەردانی بەغدای كردووە، باسی دۆسیەی یاسای نەوت و گازی كردووە و لە كاتێكدا ئەم پرسە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵییە و ڕێككەوتنی لەسەر نەكراوە. ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ڕاشیگەیاندوە: كۆبوونەوەكەی نێوان سەرۆك وەزیران و وەفدی كوردی لە بەغدای پایتەخت لەبارەی چەند دۆسییەك بووە، یەكێك لەوانە هەناردەكردنی نەوتی كوردستان و یاسای نەوت و گاز بووە، بەڵام هیچ ڕێككەوتنێك لەبارە یاسای نەوت و گاز نەكراوە. ئینتیسار جەزیری ئاماژەی بەوەش كردووە، ئەم یاسایە لە ئێستادا لە بەرنامەی كابینەكەی حكومەتی فیدراڵی دایە، بە ڕێككەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا، بەڵام تا ئێستا هیچ پێشكەوتنێكی نوێ سەبارەت بە یاساكە دەرنەكەوتووە. كۆتایی ئاداری ئەمساڵ، دوای بڕیارێكی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیاوە راگیرا و تائێستا دەستیپێنەكردووەتەوە.
هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری عێراق دەنگۆی بەقاچاغ بردنی چەك لە بەندەرەكانیەوە بەرەو هەرێمی كوردستان ڕەتدەكاتەوە، ڕاشیدەگەیەنێت، ئەو بارە چەكە خۆیان هاوردەیان كردووە و خەریكی ڕێكارە یاساییەكانن وەزارەتی پەرگری عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردووەتەوە: لە بەرامبەر ئەو هەواڵە ناڕاست و بێ بنەمایەی لە هەندێک سایت و سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، کە باس لەوە دەکەن، چەک لە بەندەرەکانی عێراقەوە بەرەو کوردستانی عێراق بە قاچاغ دەهێنرێت، دەمانەوێت لەم بارەوە ئەمانەی خوارەوە ڕوون بکەینەوە: یەكەم: ئەو چەکانەی لەناو کۆنتێنەرەکانی ناو بەندەری ئوم قەسردا دۆزراونەتەوە ئەو چەكانەن، کە لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە هاوردەکراون بەپێی گرێبەستی (FMS) کە لەنێوان وەزارەتی بەرگری و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامدراوە. دووەم: بەپێی ئەو ڕێکارانەی، کە لە بەندەرەکانی پەیوەست بە لابردنی ئەو کۆنتێنەرانەی کە بە مەترسی نیشانە کراون لە بەندەرەکانی دەریاوە کارپێکراون؛ بۆ پاراستنی سەلامەتی، لیژنەیەکی باڵاتر هەبوو لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، کە دەستیان بە کارەکانی کرد بۆ چۆڵکردنی ئەو کۆنتێنەرانە، داوای لیستی کۆنتێنەرە مەترسیدارەکان لە بەرێوەبەرایەتی بەندەر دەکات، لەڕاستیدا ئەوەشیان بۆ دابینکرا، لەنێویاندا کۆنتێنەرەکانی سەر بە وەزارەتی عێراق بەپێی مانیفێستەکە وەک دەفری مەترسیدار نیشانە کراوە و دوای پشکنینی ئەم دەفرانە دەرکەوت تۆپەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری تێدایە. سێیەم: دوای پشکنینی ئەم کۆنتێنەرانە لەلایەن لیژنەیەکی هاوبەشەوە گەڕێنرانەوە بۆ بەندەر و لە بنکەی پۆلیسی بەندەر ڕاگیران تا نوێنەری وەزارەتی بەرگری گەیشتن. بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی و وەرگرتنی؛ پەیوەست بوون بە وەزارەت. چوارەم: هاوکاریی زۆر لە نێوان وەزارەتی بەرگری و دەسەڵاتی دەروازە سنوورییەکان هەیە سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی کۆنتێنەرەکان تا ئەو کاتەی ڕێکارە پێویستەکان بۆ چۆڵکردنیان تەواو دەبێت، لە بەرامبەریشدا ستایشی ئەو ڕۆڵە گەورەیە دەکەین، کە ئەندامانی دەستەی دەروازە سنوورییەکان گێڕاوە، بە سەرکردایەتی لەلایەن سەرۆکی دەسەڵات، لیوا عومەر ئەلوائیلی، بۆ ئەو هەوڵە زۆرانەی کە داویانە لە پاراستنی دەفرەکان. وەزارەتی بەرگری عێراق لەكۆتایی ڕاگەیەندراوەكەیدا جەختیشی كردۆتەوە، وەزارەت پشتڕاستی دەکاتەوە، کە مافی یاسایی خۆی دەپارێزێت وەڵامی هەرکەسێک بداتەوە، کە هەوڵی زیانگەیاندن بە ناوبانگی ئەم دامەزراوە دێرینە بدات و دەسەڵاتی دادوەری عێراق دوا ناوبژیوانی ئەم بابەتە دەبێت.
هاوڵاتی بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی سانای فەرمی سوریا، بەرەبەیانی رۆژی شەممە دووی کانوونی یەکەم، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر چەند ناوەچەیەکی نزیک دیمەشقی پیتەختی ئەو وڵاتە. سانا ئەوەشی خستووەتەڕوو: کاتژمێر ١:٣٠ سیستەمی دژە هێرشی ئاسمانی سووریا، توانی چەند هێرشێکی ئیسرائیلییەکان پووچەڵ بکاتەوە. لەلایەن خۆشیەوە وتەبێژێکی سەربازیی سووریا رایگەیاندووە ئەم هێرشانە لە بەرزاییەکانی جۆڵانەوە کراوەتە سەر سووریا و تەنها زیانی ماددی هەبووە. بەوتەی ڕێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سوویا، لەم هێرشەدا بنکەکانی ئەو گرووپانەی سەر بە ئێرانن لە باشووری دیمەشق کراوەتە ئامانج. ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە بەرەبەیانی رۆژی هەینی راگرتنی کاتی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس دوای هەفتەیەک کۆتایی هات و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی خۆی لە غەززە. لە حەوتی تشرینی یەکەمەوەو دوای دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل- حەماس، هێرشەکان بۆ سەر سووریا لە لایەن ئیسرائیلەوە زیاتر بووە. رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووریا رۆژی یەکشەممە ٢٦ی تشرینی دووەم رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل فڕۆکەخانەی دیمەشقی کردۆتە ئامانج و دوای چەند کاتژمێرێك لە دەستپێکردنەوەی فڕین لە فڕۆكەخانەكە جارێكی دیكە ئیسرائیل هێرشیكردۆتەوە سەری. ئەم دامەزراوەیە کە چادێری گۆڕانەکانی سووریا دەکات و بنکەکەی لە بەریتانیایە رایگەیاند، لەم هێرشەدا ئەم فڕۆکەخانەیە زیانی گەورەی بەرکەوتووە و تەنها چەند کاتژمیرێك دوای دەستپێکردنەوەی کار و باری ئەم فڕۆکەخانەیە، جارێکیتر لە کار کەوتووە. لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ فڕۆکەخانەکانی دیمەش و حەلەب لە رۆژانی ١٢ و ٢٢ی تشرینی یەکەمدا، هەر دوو فڕۆکەخانە گەورەكەی سووریا لە کار کەوتن.