هاوڵاتی ژمارەی کوژراوانی جەنگی غەززە 20 هەزار کەسی تێپەڕاند و بەرپەرسانی ئیسرائیل رایدەگەیەنن کە جەنگ بەردەوام دەبێت لەکاتێکدا کە ئەگەری ئاگربەستێکی نوێ هەیە. وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین دواین ئاماری جەنگی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تا ئێستا 20 هەزار کەس کوژراون و کە زیاد لە هەشت هەزاریان منداڵن. لەنێو کوژراوەکاندا، 97 کەسیان رۆژنامەنوسن، 310 کەسیان کارمەندی تەندتروستی و 35 کەسیشیان کارمەندی رێکخراوە مەدەنییەکانن. جەنگی حەماس-ئیسرائیل لە رۆژی 76ەمینی دایە و بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین 52 هەزار و 586 کەس برینداربوون و نزیکەی حەوت هەزار کەسیش ونبوون کە چوار هەزار و 900 کەسیان منداڵن. ئەمە لەکاتێکدایە کە لەنوێترین لێدوانیدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە کە جەنگ بەردەوام دەبێت و ناوەستن تا سەرکەوتن بەدەست دەهێنن. بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەب سیاسی حەماس سەردانی میسری کردووە بۆ تاووتوێکردنی ئاگربەستێکی نوێ. لەلایەکی ترەوە بەپێی راپۆرتی میدیا ئیسرائیلی و ئەمریکییەکان، ئەمریکا دەیەوێت ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە چڕەکانی کەمبکاتەوە و قۆناغی ئێستای جەنگ لە سەرەتاکانی ساڵی 2024 کۆتایی پێ بهێنێت.
هاوڵاتی بەرەبەیانی رۆژی هەینی ١٥ی کانوونی یەکەم، لەلایەن گروپێکی چەکدارەوە هێرش کرایەسەر بنکەی هێزە سەربازییەکان لەشاری (راسک) لەپارێزگای سیستان و بەلووچستان، بەپێی ئەو هەواڵانەی لەمیدیاکانەوە بڵاوکرایەوە، بەهۆی ئەم هێرشەوە لانیکەم ١١ کەس کوژران و حەوت کەس برینداربوون. عەلیڕەزا مەرحەمەتی، جێگری پارێزگاری سیستان و بەلووچستان لەلێدوانێکیدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند لانیکەم ١١ کەس لەهێزەکانی پۆلیس و پۆلیسی سەر سنوور کوژراون. هەر لەم پەیوەندەدا ئاژانسی هەواڵی فارس سەر بەسوپای پاسداران ژمارەی کوژراوەکانی بە ١٢ کەس راگەیاندو هەروەها رایگەیاند حەوت کەس برینداربوون کەباری تەندروستی هەندێکیان ناجێگیرە. ژمارەیەک لەسەرچاوە ناوخۆییەکان لەسیستان و بەلووچستان ئاماژەیان بەوەدا کەژمارەی کوژراوەکان زیاترە لەوەی کە لەمیدیاکانەوە راگەیەندراوە. بۆ وێنە (خلیل اللە بلوچی) چالاکی کۆمەڵایەتی، کە دانیشتووی زاهیدانە لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوە داوە کە ١٥ کەس کوژراون و ژمارەیەکیش بریندارن. مەجید میرئەحمەدی، جێگری ئەمنیەتی و سەربازی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، رایگەیاند دوو کەس لەهێرشبەرەکان لەشەڕەکەدا کوژراون و یەک کەس بەبرینداری گیراوەو ئەوانیتر هەڵاتوون. ماڵپەڕی حال وش و کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، کەهەواڵەکانی سیستان و بەلووچستان بڵاودەکەنەوە رایانگەیاند «جیش العدل – سوپای دادپەروەری» بەرپرسیاریەتی ئەم هێرشەی گرتووەتە ئەستۆو ئێران ئەم رەوتەی وەک بکەری ئەم هێرشە ناوبرد. ماڵپەڕی (شبکە عدل) کەماڵپەڕی فەرمی جیش العدلە، ئەم هێرشەی وەک تۆڵە ناوبردو بە فەرمی ئەم هێرشەی گرتە ئەستۆ. لەم راپۆرتەدا ئەمانەوێ باس لەمێژووی دامەزران و ئایدیاو بۆچوونەکانی ئەم گرووپە چەکدارە بەلووچە بکەین لەئێران. جەیش العدل – سوپای دادپەروەری رێکخراوی « جەیش العدلی ئێران» رێکخراوێکی ئیسلامەگەرای چەکداری دژەبەری ئێران کە خۆی وەک «سوپای عەدالەت و یەکسانی» و سوننە دەناسێنێت. ئەم گروپە خۆی بەداکۆکیکاری مافی سوننەکان بەتایبەت لەپارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران دەناسێنێت. لەساڵەکانی یەکەمی دامەزرانیدا وەک دژبەری دەستتێوەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسووریا دەناسراو وەک بەشێک لەسیاسەتەکانی ئەم حزبە ناوی لێ دەبرا. ئەم گروپە هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوەو زۆرجاران هێرشی چەکداری کردووەتە سەر هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران و بەرپرسیارییەتی چەند هێرشی چەکداری لەسنوورەکانی باشوری رۆژهەڵاتی ئێران گرتووەتە ئەستۆ. تیرۆری بەرپرسان و رفاندنی هێزەکانی سەرسنوور و چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، بەشێکی تر بووە لە چالاکییەکانی ئەم گرووپە. رێکخراوی جیش العدل، دوای ئەوەی لەساڵی ٢٠١٠ عەبدولمالک ریگی، رێبەری گرووپی «جوندوڵڵا» لەسێدارەدراو ئەم گرووپە هەڵوەشایەوە، لەلایەن بەشێک لەئەندامانی جوندوڵڵاو ژمارەیەک لەلاوانی بەلووچەوە دامەزراو ساڵی ٢٠١٢ سەڵاحەدین فارۆقی وەک کەسی یەکەمی ئەم رێکخراوە دیاری کرا. جەیش العدل، سەڵاحەدین فاروقی وەک ئەمیر و رێبەری جەهادی بەلووچستان ناو دەبات. تیرۆر یان بەرگری رەوا کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم رێکخراوە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناودەبات کە سەر بەئەمریکایەو ئێران وەک «جەیش الڤلم – سوپای ستەم» ناوی دەبات. ئەمریکا هاوشانی یابان و نیوزلەندا ئەم گرووپە وەک گروپێکی تیرۆریستی ناو دەبات. جەیش العدل و بەتایبەت باڵی سەربازی ئەم رێکخراوە رێکاری جیاوازی سەربازی دەگرنەبەر بۆ وەستانەوە دژی ئێران. ئەو رێکارانە رەنگە هەندێکیان لەلای کۆمەڵگای جیهانی پەسەندکراو نەبن، بەڵام لای بەشێک لەخەڵکی بەلووچستان کەخۆیان نزیک بەم رێکخراوە دەزانن پەسەندکراون. یەکێک لەو رێکارانەی ئەم گرووپە گرتوویەتە بەر، بەبارمتەگرتنی هێزە سەربازییە سنوورییەکانە لەسیستان و بەلووچستان. هێزە سنوورییەکان زۆرجار تەقەی راستەوخۆ لەکاسبکارانی بەلووچ دەکەن لەسەر سنوور. لەبەرئەوەی بەلووچستان هاوشێوەی کوردستان بێبەشە لەخزمەتگوزاری پیشەسازی، خەڵک بۆ بژێوی ژیانیان ناچارن کۆڵبەری بکەن و هێزە سنوورییەکان تەقەیان لێدەکەن. جەیش العدل زۆرجار وەک تۆڵەکردنەوە هێزە سنوورییەکان بەبارمتە دەگرێت یان هێرش دەکاتە سەر بنکەکانیان. ئەوەی لای ئەم هێزە رەوایی بەم کارانە دەدات ئەوەیە وەک بەرگری رەوا ناوی دەبەن. جەیش العدل خۆی وەک لایەنگرو بەرگریکاری سوننەکانی بەلووچستان ناساندووە. پارێزگای بەلووچستان لەئێران کە هاوسنوورە لەگەڵ بەلووچستانی پاکستان، ناوچەیەکی سوننە نشینن و زۆربەی دانیشتوانی سەر بەسوننەن و شوێنکەوتەی ئیمامی حەنەفین. جەیش العدل خۆی وەک هێزێکی نەتەوەیی- ئیسلامی پێناسەدەکات. هەربۆیە هەر چەشنە دەستدرێژییەک و توندووتیژییەک لەلایەن ئێرانەوە دژ بەخەڵکی بەلووچستان، بەهێرش بۆسەر ئەو خەڵکە دەزانێت کە خۆی بەبەرگریکاریان ئەزانێ و بەمافی خۆیان دەزانن پەنا بۆهەر رێکارێک ببەن دژی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران لەناوچەکە. جیابوونەوەی جەیش النصر – سوپای سەرکەوتن هاوینی ٢٠١٤، عەبدولڕەئوف ریگی، برای عەبدولمالک ریگی، رێبەری جوندوڵڵا کە ساڵی ٢٠١٠ لەئێران لەسێدارەدرا، جیابوونەوەی خۆی لە جەیش العدل راگەیاندو حزبی جەیش النصری دامەزراندو چالاکییە سەربازییەکانی خۆی دژ بەئێران درێژە پێدا. دەوترێت عەبدولڕەئووف ریگی، بەناڕەزایەتی بەکوشتنی بارمتەیەکی ئێرانی لەلایەن جەیش العدلەوە لەو گرووپە جیابۆتەوە. ماوەیەکی کورت دوای جیابوونەوە، لەکۆتاییەکانی سێپتەمبەری ٢٠١٤ عەبدولڕەئووف ریگی لەگەڵ خوشکەزاکەی بەناو ئەبووبەکر ریگی، لە پاکستان تیرۆر کرا. ئێران تیرۆرکردنی عەبدولڕەئووف ریگی و ئەبووبەکر ریگی دایەپاڵ جەیش العدل و رایگەیاند ئەم خاڵ و خوشکەزایە لە شاری (ئەلبەندین)ی پاکستان لەلایەن جەیش العدلەوە کوژراون. بەڵام رێبەران و ئەندامانی جەیش النصر ئەوەیان رەتکردەوە کە ریگی بەدەستی جەیش العدل کوژرابێت و کۆماری ئیسلامیان وەک تۆمەتباری ئەم کردەوە تیرۆریستییە ناوبردو رایانگەیاند رێبەری جەیش النصر لەلایەن ئێرانەوەو لەشاری کوەیتەی پاکستان تیرۆر کراوە. چەند مانگ دواتر مەحموود عەلەوی، وەزیری موخابەراتی ئێران ئاماژەی بەکوشتنی ئەم دوو کەسە داو وتی :» کرانە ئامانجی تیری غەیب». جەیش العدل مانگی شوباتی ٢٠١٤ هێرشی کردەسەر بنکەیەکی سەربازی ئێران لەسنووری پاکستان و پێنج کەس لەهێزە سەربازییەکانی ئەو بنکەیەی بە بارمتە گرت. دواتر یەکێک لەبارمتەکان بەناوی ( جەمشید دانایی فەڕ) لەلایەن ئەم گرووپەوە لەسێدارەدراو چوار کەسی تریان کە سەربازبوون بەنێوانگیری کەسانی ناسراوی ناوچەکە ئازادکران. عەبدولڕەئووف ریگی لەکۆمەڵێک وتووێژدا کە ڤیدیۆکانیان ئێستاش لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بە تایبەت لەیوتیوب بەردەستە، دژی لەسێدارەدانی ئەم پلەدارە سەربازییە بووە، هەربۆیە بەدامەزراندنی جەیش النصر رێگای خۆی لە جەیش العدل جیاکردەوە. ساڵی ٢٠١٦ جەیش العدل، لەڕاگەیاندنێکدا رایگەیاند کەهێزەکانی «جەیش النصر» جارێکی تر پەیوەست بووەنەتەوە بە «جەیش العدل» و جەیش النصر هەڵوەشاوەتەوە. درێژەدەری رێبازی جنداللە زۆربەی چالاکانی بەلووچ و تەنانەت خودی جەیش العدل، خۆیان بەدرێژەدەری رێبازی جنداللە دەزانن. گرووپی «جنداللە» بەر لەدەستگیرکردنی رێبەرەکەیان (عەبدولمالک ریگی) و ئیعدامکردنی لەلایەن ئێرانەوە، بۆ ماوەی چەند ساڵ هاوشیوەی جەیش العدل، چالاکی سەربازی دەکردو هێرشی دەکردە سەر بنکەو بارەگاکانی سەرسنوور و هەڵدەهاتنەوە بۆ پاکستان. ئەم چالاکیانە بەردەوام بوو تا ئەوەی رۆژی ٢٣ی شوباتی ٢٠١٠، وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی رایگەیاند عەبدولمالک ریگی لەفڕۆکەیەکدا کە لەدوبەیەوە بەرەو قەرقیزستان دەڕۆشت، ناسراوەتەوەو دوای ئەوەی فڕۆکەکە هاتۆتە خاکی ئێران، ناچاریان کردووە بنیشێتەوەو دەستگیریان کردووە. دەستگیرکردنی رێبەری جنداللە و دواتر ئێعدامکردنی لەمانگی ٦ی ٢٠١٠ بوو بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەم رەوتە. جوندوڵڵا خۆیان وەک رەوتێک دەناسی کە بەرگریان لەخەڵکی بەلووچستان دەکرد. بەڵام کۆماری ئیسلامی ئەوانی وەک گرووپێکی تیرۆریستی وەهابی و سەلەفی ناودەبرد کە لەلایەن ئەمریکاو بەریتانیاوە پشتیوانی دەکرێن. بەڵام ئەمریکاو بەریتانیا هەرچەشنە پشتیوانییەک لەم گرووپەیان رەتدەکردەوە. جنداللە وەک گرووپێکی پشتیوانی سوننەکانی بەلووچستان لەساڵی ٢٠٠٣ دامەزراو چالاکی سەربازی خۆی دەستپێکرد. زۆرجار هێرشی دەکردە سەر بنکە سەربازی و کۆبوونەوە گشتییەکان. ساڵی ٢٠٠٩ و لەکاتی هەڵبژاردنی سەرکۆماری، بۆمبێک لەیەکێک لەمزگەوتە شیعەکانی زاهیدان تەقییەوە، ٢٥ کەس کوژران و ١٢٠ کەس برینداربوون. جنداللە بەرپرسایەتی ئەم هێرشەی گرتەئەستۆ . نەتەوەیەکگرتووەکان ئەم هێرشەی وەک هێرشێکی تیرۆریستی ناوبردو سەرکۆنەی کرد. جەیش العدل خۆیان بەدرێژەدەری ئەم رەوتە دەزانن. لەماڵپەڕی فەرمی خۆیان بەناوی (شبکە عدل) بەئاشكرا خۆیان بەدرێژەدەری رێگای عەبدولمالک ریگی ناودەبەن. دروشمی سەرەکی ئەم رێکخراوە پشتیوانیکردنە لەعەداڵەت و بزووتنەوەکەیان وەک هەوڵێک بۆ جێگیرکردنی عەداڵەت ناودەبەن. ئەوان باس لەوەدەکەن دەیانەوێ خۆیان مێژوو بنووسنەوە. مێژوو بەو شێوەیەی بوونی هەیە نەک بەو شێوەیەی زاڵمەکان دەیانەوێت. جەیش العدل و جەنگی غەززە جەیش العدل، لەماڵپەڕی فەرمی خۆیان بەئاشکرا پشتیوانی لەخەڵکی غەززە ئەکەن. بەڵام جەنگی غەززە بەئاگرێک دەزانن کەئێران کردوویەتیەوەو دژی حەماس هەڵوێستیان گرتووە. لەراگەیاندنێکی فەرمیدا نووسیویانە:» ئێمە بەدڵ لەگەڵ خەڵکی هەژارو بێ پەنای غەززەین. خەڵکی فەلەستین و ئوممەی ئیسلامی دەبێ هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر بەوەی کە کۆماری ئیسلامی (رژێمی ویلایەتی فەقیە) بازرگانی سیاسی و ئایدیۆلۆژیایی بکات بەخوێنی خەڵکی هەژاری فەلەستینەوە». لەو راگەیاندنەدا لەگەڵ ئەوەی دژی کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە هەڵوێستیان هەیە، بەڵام ئەم جەنگە بەئاگرێک دەزانن کەهەڵگیرسێنەرەکەی کۆماری ئیسلامیە و لەڕێگای حەماسەوە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکرێت ئەم جەنگە بەمەبەست هەڵگیرسێندراوە. جەیش العدل دژی دەستتێوەردانی کۆماری ئیسلامییە لەکاروباری خەڵکی فەلەستین و لوبنان و لایان وایە کۆماری ئیسلامی بەم شێوەیە ئاگری جەنگ لەخۆی دووردەخاتەوە. ئەم رەوتە لای وایە ئێران دژی ئەوەیە کێشەی فەلەستین بەشێوەی ئاشتیخوازانە چارەسەربکرێت و بەم شێوەیە خەڵکی غەزەی کردووە بە قوربانی.
هاوڵاتی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رێژەی بەشداریکردنی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقی بڵاوکردەوە و زۆرترین رێژەی بەشداریش لە پارێزگای کەرکوک بووە. ئەمڕۆ سێشەممە 19ی کانونی یەکەمی 2023 کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دواین ئاماری رێژەی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی گشتی و تایبەت بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە رێژەی بەشداریکردن گەیشتووەتە %41. بەپێی ئەو ئامارەی کۆمسیۆنی عێراق بڵایوکردووەتەوە زۆرترین رێژەی بەشداری دەنگدان لەسەر ئاستی پارێزگاکان، لە پارێزگای کەرکوک بووە بە رێژەی %66. بەشداری لە دەنگداندا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی عێراق: کەرکوک: 66% سەڵاحەددین: 59% ئەنبار: 57% نەینەوا: 53% موسەننا: 45% دیالە: 43% بەسرە: 43% کەربەلا: 40% بابل: 40% قادسییە: 38% واست: 37% نەجەف: 32% زیقار: 31% میسان: 29% بەغدا-کەرخ: 32% بەغدا-رەسافە: 21%
هاوڵاتی بەپێی جیاکردنەوەی دەنگی نزیکەی 400 هەزار دەنگدەر لە کەرکوک، یەکێتی پلەی یەکەمی گرتووە و پلەی دووەمیش هەوپەیمانی عەرەبییە بە کۆکردنەوەی 80 هەزار دەنگ، پاشانیش پارتی دێت کە 49 هەزار دەنگی بەدەست هێناوە. بەپێی ئەنجامە نافەرمییەکان کە بڵاوبووەتەوە لە کۆی 391 هەزار و 693 دەنگی جیاکراوە، یەکێتی لە کەرکوک توانیویەتی 155 هەزار دەنگ بەدەست بهێنێت، بەڵام حزبەکە خۆی دەڵێت 160 هەزار دەنگیان هێناوە. هاوکات پارتی دیموکراتی کوردستان 49 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە و نەوەی نوێش توانیویەتی 25 هەزار دەنگ کۆبکاتەوە. لە پلەی دووەمی لە پارێزگای کەرکوک هاوپەیمانی عەرەبی دێت کە 80 هەزار دەنگی هێناوە و دواتر عروبە و قایدە دەێت کە هەردوکیان 82 هەزار دەنگیان بەدەست هێناوە.
هاوڵاتی ئەمریکا دەیەوێت بەرەیەک بەرەیەک بە بەشداری 10 وڵات پێکبهێنیت بۆ وەستانەوە دژی هێرشی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکان لە دەریای سوور. ئەم بەرەیە کە بەریتانیا، فەرەنسا، بەحرین، ئیتالیا و ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی تر دەگرێتەوە، ئامادەییان هەیە بۆ وەستانەوە دژ بە هێرشەکانی حووسییەکان لەدەریای سوور. لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا لە لێدوانێکدا وتی، "ئەو وڵاتانەی خوازیاری بەرگری لە ئازادی بازرگانی دەریایین، پێویستە هاوئاهەنگ بن بۆ وەستانەوە دژ بەو هەڕەشانەی کە رێ لە ئازادی بازرگانی ئەگرێت لە دەریاکاندا." چەکدارە حووسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، بەردەوامن لە هێرشەکانی خۆیان بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگر و بازرگانییەکان لە دەریای سوور و ئاسایشی ئەم رێڕەوە بازرگانییەیان تێکداوە کە %12 بازرگانی جیهان لەم رێگایەوەیە. وەزیری بەرگری ئەمریکا، ئامانجی ئەم بەرەیەی بە پاراستنی ئازادی دەریاوانی بۆ هەموو وڵاتەکان و بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە ناوبرد و باسی لەوە کرد، ئەمریکا، بەریتانیا، بەحرەین، کەنەدا، فەرەنسا، ئیتالیا، هۆڵەندا، نەرویج و ئیسپانیا بەشدارن لەو بەرەیەدا. میلیشیا حووسییەکان چەند کاتژمێر پێش بڵاوبوونەوەی ئەم راگەیاندراوە، رۆژی دووشەممە ١٨ی کانوونی یەکەمی 2023 رایگەیاند، بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەک هێرشیان کردۆتە سەر دوو کەشی بارهەڵگر. حووسیەکان بانگەشەی ئەوە ئەکەن ئەم کەشتیانە پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، بەڵام خاوەنی نەرویجی یەکێک لەو کەشتیانە ئەوە رەت ئەکاتەوە پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت، بەڵکو کۆمپانیایەکی سەنگافووری سەرپەرشتی ئەو کەشتیانە دەکات و هەڵگری سووتەمەنی بوون لە فەرەنساوە بەرەو دوورگەی رێئۆنیۆن. کەشتی دووەم ئاڵای پانامای لەسەر بووە.
هاوڵاتی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، رێژەی بەشداریکردن تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیشتووەتە %17 و وادەی دەنگدانیش درێژناکرێتەوە. کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، تاکو کاتژمیر 12ی ئەمڕۆ رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق گەیشتووتە %17. هاوکات کۆمسیۆن باسی لەوەش کردووە، هەتا ئێستا ئامێرەکانی دەنگدان کێشەیان بۆ دروست نەبووە و وادەی دەنگدانیش درێژ ناکرێتەوە کە بڕیارە کاتژمیر 6:00ی ئێوارە کۆتایی بێت. لەلایەکی ترەوە، عەلی عەباس، بەرپرسی راگەیاندنی لقی کەرکوکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک تا کاتژمێر 12ی ئەمڕۆ %32 بووە، واتە 260 هەزار و 519 کەس بەشداربوون لە دەنگدان. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کۆی 19 پارێزگا لە 15 پارێزگا بەرێوەدەچێت بە بەشداری زیاتر لە 15 ملیۆن کەس کە 285 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵدەبژێرن.
هاوڵاتی وەزیری ناوخۆی عێراق رێگری لێکرا دەنگ بدات بەهۆی ئەوەی کە دەبوو لە دەنگدانی تایبەت دەنگی بدایە نەک دەنگدانی گشتی. میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە کە ئەمڕۆ دووشەممە کارمەندانی کۆمسیۆن رێگرییان لە عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق کردووە کە بەشداری لە دەنگداندا بکات بە بیانوی ئەوەی کە دەبوو لە دەنگدانی تایبەتدا دەنگی بدایە. بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، عەبدولئەمیر شەمەری بەنیاز بوو لە ئۆتێل رەشید لە ناوەندی بەغدا دەنگ بدات و بۆ ئەو مەبەستەش بەیانی ئەمڕۆ سەردانی شوێنەکەی کردووە بەڵام کارمەندانی کۆمسیۆن نەیانهێشتووە بەشداری لە دەنگدان بکات و پێیان راگەیاندووە کە دەبوو لە دەنگدانی تایبەت بەشداری بکردایە کە تایبەتە بە هێزە ئەمنییەکان. دوای 10 ساڵ ئەمە یەکەم جارە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام بدرێت کە لە 15 پارێزگای عێراق بەڕێوەدەچێت و زیاتر لە 15 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
هاوڵاتی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند هەڵبژاردنی پارێزگاکان ئەرکێکی گرنگە بۆ جێبەجێکردنی لامەرکەزی و داوای لە هاوڵاتتیانی عێراقی کرد بەرەو سندوقەکانی دەنگدان بڕۆن تا بتوانن ئەو کەسە هەڵبژێرن کە "باشترین و شیاوترین تایبهتمهندی دهستپاكی و دڵسۆزی تێدایه." دوای ئەوەی ئەمڕۆ دووشەممە 18ی کانونی یەکەمی 2023، سودانی لە بنکەیەک لە بەغدا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەنگیدا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەڵبژاردنی پارێزگاكان ئەرکێکی گرنگە بۆ جێبەجێكردنی لامەرکەزی لە عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاكان پایەیەكی گرنگی دەوڵەتن و پشتیوانی حكومەت دەبن لە جێبەجێكردنی پرۆگرامەكانی. سەرۆکوەزیرانی عێراق داواشی لە هاوڵاتیان کرد بهشداری له پڕۆسهی دهنگدان بكهن بۆ ههڵبژاردنی باشترین و شیاوترین ئهو كهسهی كه "تایبهتمهندی دهستپاكی و دڵسۆزی تێدایه"، تاوهكو ببێته ئهندامی ئهو ئهنجومهنه كه نوێنهرایهتی پارێزگاكان دهكهن و بهگوێرهی دهستور و یاسا ئهركهكانی ئهنجامدا. دوای 10 ساڵ ئەمە یەکەم جارە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام بدرێت کە لە 15 پارێزگای عێراق بەڕێوەدەچێت و زیاتر لە 15 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
هاوڵاتی میدیای فهرمی سوریا بڵاویكردهوه، ئهمشهو ئیسرائیل هێرشێكی ئاسمانی بۆ سهر دهوروبهری دیمهشقی پایتهختی سوریا دهستپێكردوه و بهشێكی هێرشهكانیش لهڕێگهی سیستمی بهرگری ئاسمانیهوه پوچهڵ كراونهتهوه. تەلەفزیۆنی فەرمی سوریا ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردەوە كە سوپای ئیسرائیل دەوروبەری دیمەشقی پایتەختی سوریای كردووەتە ئامانج و هێزەكانی بەرگری ئاسمانی ئەو وڵاتەش وەڵامی هێرشەكانیان داوەتەوە. ژمارهیهك له موشهكهكانی ئهمشهوی ئیسرائیل كه دیمهشقیان كردبوه ئامانج خراونهته خوارهوه و بهشێكی دیكهشیان ئامانجهكانیان پێكاوه، بهڵام تا ئێستا هیچ زانیاریهك لهبارهی زیانهكان نهخراوهتهڕو. لەسەرەتای دەستپێكردنی شەڕی غەززەوە بەردەوام سوپای ئیسرائیل چەند ناوچەیەكی سوریا بۆردومان دەكات.
هاوڵاتی رۆژنامەیهكی ئهمهریكی ئاشكرای دهكات كه ئیدارەی بایدن تاوتوێی بژاردەکان بۆ وەڵامدانەوەی حوسییەکان دەکەن، ئەمە لەکاتێکدا هێرشی درۆن و موشەکیی حوسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل و کەشتییە بازرگانییەکان لە رێڕەوە ئاوییەکان زیادیکردووە ئهمڕۆ یهكشهممه، رۆژنامهی پۆلیتیکۆ بڵاویكردهوه: ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ههوڵی راگرتتنی حوسییهكانی یهمهن دهدهن، بهمهبهستی پشتگیركردن بۆ ههر ئهگهرێكی وهڵامی ئهمهریكا بۆ سهر حوسییهكان لە دو رۆژی رابردودا پنتاگۆن کەشتیی فڕۆکە هەڵگری (USS) بۆ کەنداوی عەدەن لە کەناراوەکانی یەمەن گواستوەتەوە. وەک لە ڕۆژنامەکەدا هاتووە سوپا بژاردەکانی داوەتە فەرماندەکان بۆ هێرشكردنە سەر حوسییەکان و چاوەڕوانی فەرمانی سەرووی خۆیان دەکەن هاوکات ئیدارەی بایدن لە ترسی کاردانەوەی ئێران خۆی لە هێرشی سەر حوسییەکان بەدوورگرتووە کە ناوە ناوە کەشتیی بازرگانی دەکەنە ئامانج. پۆلۆتیکۆ دەڵێت، "بههۆی زیادبونی هێرشە سهربازییهكانی حوسییهكان لە چەند رۆژی رابردودا ئهگهر ئهوه ههیه بهرپرسه پله باڵاكانی ئاسایشی نیشتمانی بیركردنهوهیان بگۆڕیت و هاوكاری كۆمهڵگهی نێودهوڵهتی بكهن دژی حوسییهكان." هێرشی حوسییەکان کاریگەریی گەورەی بەسەر رێڕەوی بازرگانیی دەریاییەوە هەیە؛ رۆژی هەینی کۆمپانیای مایرسک کە گەورەترین کۆمپانیایە لە رێگەی دەریاوە کاڵا هەناردە دەکات، هەناردەکردنی لە رێگەی بابول مەندەب وەستاند کە رێڕەوێکی گرنگی بازرگانییە لەنێوان دەریای سوور و کەنداوی عەدەن. شەڕی ئیسرائیل و حەماس 70 رۆژی تێپەڕاندووە و تاوەکو نزیکەی 19 هەزار فەڵەستینی کوژراون، ئەمەش دوای ئەوەی 7ی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل هاوکات لەم پەیوەندەدا بڕیارە ئەم هەفتەیە هەریەک لە لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا و چارلس بڕاون، سوپاسالاری ئەمریکا سەردانی تەل ئەڤیڤ بکەن و سەردانەکە بۆ رازیکردنی ئیسرائیلە بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی سنووورداربکات لە ترسی تەشەنەسەندنی و بڵاوبوونەوەی بەسەر ناوچەکەدا.
پەرلەمانی عێراق: نابێت هەڵە دووبارە ببێتەوە و دەبێت کۆمسیۆن گەرەنتی سەلامەتی ئامێرەکانی دەنگدان بدات
هاوڵاتی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لەسەر ئەو گرفتە تەکنیکییانەی لە بەشێک لە ئامێرەکانی دەنگدانی تایبەتدا روویداوە "نیگەرانی" خۆی دەربڕی و داوا لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات ئەو هەڵانە لە هەڵبژاردنی گشتیدا، کە بڕیارە سبەینی بەڕێوەبچێت، دووبارە نەبێتەوە. سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا دەڵیت، "بە نیگەرانییەوە بەدواداچونمان بۆ ئەو گرفتە تەکنیکیانە کرد کە لە کاتی پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا رویاندا، بە تایبەتی نەناردنی ئەنجامەکان لە رێگەی ئامێری ئهلیكترۆنییهوه" بۆیە دەبوو کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئهركه دهستوورییهكانی جێبەجێ بکات. بەهۆی تێکجوونی هەندێک ئامێرەوە لە دەنگدانی تایبەتدا کە دوێنی شەممە بەڕێوەچوو، دەنگەکان بەشێوەی ئەلکترۆنی نەگوازرانەوە بۆ نوسینگەی سەرەکی کۆمسیۆن بۆیە بڕیاردرا کە بەشێوەی دەستی دەنگەکان هەژمار بکرێن دوای ئەوەی سندوقەکانی دەنگدان رەوانەی نوسینگەی سەرەکی دەکرێن. هاوکات کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق باسی لەوەش کرد کە دوای هەڵبژاردنی گشتی ئەنجامی دەنگدان دەخەنەڕوو. لە بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هاتووە، یاسای هەڵبژاردنەکان کۆمسیۆنی دەستکراوە کردووە کە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا سەربەخۆکان ئەنجامبدات بۆ ئەوەی ئامێری ئەلکترۆنی بەکاربهێنرێت کە رێگری لە ساختەکاری ئەنجامەکان بکات، بۆیە پێویستە کۆمسیۆن گەرەنتی تەواوەتی بدات کە هەڵەی تەکنینی لەو جۆرە دووبارە نەبێتەوە و سەلامەتی ئەو ئامێرانەی بەکارهاتوون لە هەڵبژاردندا رابگەیەنێت. هاوکات سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق داوای ئەوەش لە کۆمسیۆن کردووە کە پێش بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی گشتی کە بڕیارە سبەینێ دەستپێبکات، خۆی لە هەڵە و کەموکورتی بپارێزێت.
هاوڵاتی دانوستانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەنێوەندگیری قەتەر بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دەستیپێکردووتەوە، بەڵام حەماس سوورە لەسەر بڕیارەکەی کە هیچ بارمتەیەک ئازاد ناکات هەتا ئیسرائیل شەڕ رادەگرێت. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند، دەیڤد بارنیا، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری مۆساد لەگەڵ محەممەد بن عەبدولرەحمان ئەلتانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە وڵاتێکی ئەوروپی کۆبووەتەوە بۆ تاووتوێکردنی ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان. کۆبونەوەکە بە یەکەم کۆبونەوەی بەرپرسانی باڵای قەتەری و ئیسرائیلی دادەنرێت لەوکاتەوەی کە لە سەرەتایی ئەم مانگەوە کۆتایی بە ئاگربەستی حەوت رۆژە هات کە تێیدا زیاتر لە 110 بارمتەی ئیسرائیلی ئازادکران. هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا خۆی لە قسە کردن لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە دزییەوە کە لەلایەن رۆژنامەنوسێکەوە پرسیاری دەربارەی لێیکرا، بەڵام ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە رێنمایی بە تیمی دانوستانکاری ئیسرائیلی داوە. لەلایەکی ترەوە لە بەیاننامەیەکدا بزوتنەوەی حەماس دووپاتی کردەوە کە لەگەڵ هیچ دانوستانێکدا نییە بۆ ئاڵوگۆڕی بارمتەکان هەتا ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر غەززە بەتەواوی رانەگرێت و ئەمەشی بە هەموو نێوەندگیرەکان وتووە.
هاوڵاتی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند جەنگ بەردەوام دەبێت هەتا سەردەکەون بەپێچەوانەی ئەو فشارە نێودەوڵەتییانەی لەسەریانە. لەدوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل سێ بارمتەی بە "هەڵە" کوشت لە کەرتی غەززە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ یەکەمجار دوای ئەو روداوە وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، "ئێمە لەپێناوی ژیانمان لە جەنگداین. دەبێت جەنگ بەردەوام بێت تا سەرکەوتن بەپێچەوانەی فشارە نێودەوڵەتییەکان و ئەو باجەی کە داومانە لە جەنگدا." دوای زیاتر لە دوو مانگ لە بەردەوامی جەنگ لە غەززە، فشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئیسرائیل زیادیان کردووە و داوا دەکرێت کە ئاگربەست رابگەیەنرێت لەکاتێکدا کە تا ئێستا 18 هەزار کەس کوژراون. سوپای ئیسرائیل رۆژی هەیینی رایگەیاند، هێزەکانیان بە "هەڵە" سێ بارمتەی ئیسرائیلییان کوشتووە دوای ئەوەی وەک "هەڕەشە" حسابیان بۆ کردوون. دواتر لە لێکۆلینەوەکانی سوپای وڵاتەکە ئەوە دەرکەوتووە کە بارمتەکان بێ جل بوون و بەشی سەرەی جەستەیان رووت بووە، لە هەمان کاتیشدا ئاڵای سپییان هەڵکردووە لەوکاتەی تەقەیان لێکراوە. هاوکات هێرزی هەلەڤی، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بەرپرسیارییەتی تەواوەتی کوژرانی ئەو سێ بارمتەیەی هەڵگرت و وتی، "سوپای وڵات و منیش وەک فەرماندەکەی بەرپرسیارییەتی تەواوەتی هەڵدەگرین سەبارەت بەوەی روویدا، ئێمە ئەوەی لە دەسەڵاتماندا بێت دەیکەین تا روداوێکی لەو جۆرە هەرگیز دووبارە نەبێتەوە."
هاوڵاتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەت گەیشتووەتە %67 و تا ئێستا ژمارەی دەنگدەران زیاتر لە حەوت هەزارە. کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ژمارەی دەنگدەران لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق گەیشتووەتە حەوت هەزار و 600 کەس. هاوکات باس لەوەش کراوە کە رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەتدا تا ئێستا بەپێی جیاکردنەوەی دەنگەکان گەیشتووەتە %67 و رێژەی دەنگدانی ئاوارەکانیش %63 یە. ئەمڕۆ شەممە 16ی کانونی یەکەمی 2023 دەنگدانی تایبەت لە کاتژمێر 7:00ی بەیانی دەستیپێکرد و کاتژمێر 6:00ی ئێوارە کۆتایی هات. بڕیارە لە دوو رۆژی دیکە، واتە 18ی مانگ، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێگاکانی عێراق ئەنجام بدرێت.
هاوڵاتی دوای ئەوەی لە کاتژمێر 6:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ دەنگدانی تایبەت کۆتایی هات، رێژەی بەشداریکردن لە بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق و ناوچەکانی هەرێم تا ئێستا بەپێی ئامارە نافەرمییەکان بەمشێوەیەیە: پارێزگای کەرکوک: 80% پارێزگای دیالە: 78% پارێزگای نەینەوا: 75% پارێزگای زیقار: 72% پارێزگای واست: 74% پارێزگای دیوانییە: 77% ئیدارەی گەرمیان: 96% قەزای خانەقین: 75% قەزای شێخان: 63% پارێزگای سلێمانی: 77% ئیدارەی زاخۆ: 74% پارێزگای بەسرە: 71% پارێزگای موسەننا: 82% پارێزگای کەربەلا: 66% پارێزگای نەجەف: 68%