محەمەد شیاع سودانی ، سەرۆک وەزیرانی عێرق جەخت لە گرنگی پشتیوانی یەکێتی ئەوروپا بۆ هەوڵەکانی حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و وەرگرتنەوەی کەسانی داواکراو و پارە دزراوەکان دەکاتەوه. لە ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، هاتووە "سەرۆک وەزیران لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی له موینشینی ئەڵمانیا، لەگەڵ سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، ئورسال فۆندرەلێن، لە پەراوێزی بەشداریکردنی 59مین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە کۆبووە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا، پێداچوونەوەیان بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هەموو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا کرد. سودانی دووپاتی کردەوە، " لەویستی عێراق بۆ دامەزراندنی هاوبەشی گەشەپێدان و پێشکەوتوو لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی لە بوارە جیاجیاکاندا"، ئاماژەی بەوەدا کە "کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا لەسەر ڕێگای هاریکاری ئابووری، و بنیاتنانی پەیوەندییەکانی هاوکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئابوورییەکان و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و بنیاتنانی سەقامگیری کاریگەربون". ناوبراو ئاماژەی بە "ڕێککەوتنی چوارچێوەی نێوان وەزارەتی دارایی و بانکی وەبەرهێنانی ئەوروپا و کرانەوە بەڕووی وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەوروپییەکان و بەشداریکردنیان لە کەرتی خزمەتگوزاری لە عێراق" کرد، جەختیشیکردەوە "لە گرنگی یەکێتی ئەوروپا بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوە". گەندەڵی و وەرگرتنەوەی کەسانی داواکراو و پارە دزراوەکان”. لای خۆیەوە ڤۆندرالن "پشتیوانی خۆی بۆ سەرۆک وەزیران و بڕیارە چاکسازییەکانی دەربڕی، هەروەها ئامادەیی هەموو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بۆ هاوکاری و ئاڵوگۆڕکردن لەگەڵ عێراق". ئاماژەی بە "جددی وڵاتانی ئەوروپا کرد لە دۆزینەوەی هاوبەشی ڕاستەقینە لە بوارەکانی وزە و وزەی نوێبووەوە".
ئیسرائیل رایگەیاند؛ ئیران دەیەوێت چەک بە 50 وڵات بفرۆشێت و لەگەڵ سەرجەم ئەو وڵاتانە لە دانوستاندایە، پێگەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات تەلئەبیب هەوڵی توندوتۆڵکردنەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ریاز دەدات دژی کۆماری ئیسلامی. یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە کۆنفڕانسی ئاسایشیی میونخ رایگەیاند؛ ئێران سەرقاڵی ئەوەیە چەک و موشەک بە 50 وڵات بفرۆشێت و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کرد رێگریی لە هەنگاوەکانی ئەو وڵاتە بۆ فرۆشتنی چەک بکەن. گاڵانت وتویەتی: ئێران دەیەوێت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک بەو وڵاتانە بفڕۆشێت و تا ئێستا لەگەڵ بیلاڕوس و ڤەنزوێلا رێککەوتوە. بە وتەی گاڵانت ئێران، بەرنامە ئەتۆمییەکەشی مایە مەترسییەوە و بە فرۆشتنی موشەک و کەرەستەی سەربازیی دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان. وەزیری بەرگری ئێسرائیل داوای کردوە جێگرەوەیەک بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی دەسەڵاتی تاران نەتوانێت بەرنامەی ئەتۆمیی و موشەکی و سەربازییەکانی پەرەپێبدات. لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی بلۆمبێرگ بڵاوی کردەوە؛ ئیسرائیل دژی ئێران دەیەوێت پەیوەندییە سەربازیی و هەواڵگرییەکانی لەگەڵ سعودیە زیاد بکات. ئاژانسەکە ئاشکرای کردوە؛ رۆژی هەینی (17/2/2023) لە پەراوێزی کۆبونەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ئەنجومەنی وڵاتانی هاریکاریی کەنداو لە ریاز، بەرپرسانی ئیسرائیل و سعودیە کۆبونەتەوە و پرسی ئێران سەرەکیترین بابەتی کۆبونەوەکەیان بوە. بە پیێ زانیارییەکانی بلۆمبێرگ، بڕیارە بەرپرسانی سعودیە و ئیسرائیل لە پراگ پایتەختی وڵاتی چیک کۆببنەوە بۆ توندوتۆڵکردنی پەیوەندییە سەربازیی و هەواڵگرییەکانیان بە مەبەستی رێگریی لە هەنگاوەکانی ئێران لە ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هاوڵاتی لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان سەرەڕای هەموو قەیرانەكان دەسەڵاتی ئێران رووبەڕووی زۆری ژمارەی زیندانیان و كورتهێنانی بودجەی زیندانەكان بووەوەو ئەو وڵاتە كەخاوەنی پلەو ریزبەندی جیهانییە لە رووی ژمارەی زیندانیانەوە دەیەوێت بەتیرێك دوو نیشان بپێكێت و بەناوی لێبوردنی گشتییەوە خۆی لەقەیرانی زیندان دەرباز بكات. لەساڵانی رابردووشدا ئێران بەدەركردنی لێبوردنی گشتیی نزیكەی 20 بۆ 35 هەزار زیندانیی ئازاد دەكرد كەتاوانێكی ئەوتۆیان لەسەر نەبوو یان بەشێكی زۆری سزاكەیان تێپەڕاندبوو، بەڵام ئەمساڵ لەهەنگاوێكی سەرنجڕاكێشدا لێبوردنێكی بەرفراوانتری بەقەبارەی سێ هێندەی ساڵانی رابردوو دەركرا. دەسەڵاتی ئێران دەیەوێت بەئازادكردنی نزیكەی 100 هەزار كەس بەلێبوردنی گەشتی لەلایەن رابەری كۆماری ئیسلامی لەلایەك تێچووی زیندانەكانی و لەلایەكیش ژمارەی بەندكراوەكانی كەمبكاتەوەو زیاتر لە 39 هەزار دەستگیركراوی ناڕەزایەتییەكان منەتبار بكات كە تائێستا زۆربەی ئەو چالاكوانانەی كەئازادكراون خۆیان نەخستووەتە ژێر باری ئەو منەتەو رایانگەیاندووە بەهیچ شێوەیەك داوایان نەكردووە كەلێبوردن بیانگرێتەوەو نموونەی ئەوە زارا محەمەدی، مامۆستای زیندانیكراوی كورد بوو كەئێوارەی هەینی (10/3/2023) ئازاد كرا. كوردو زیندان پێگەی تایبەت بەبەرگریی لەزیندانیكراوان لەئێران (united4iran.org) ئاشكرای كردووە؛ بەپێی ئەوەی 60% خەڵكی ئێران بەزمانی فارسی قسە دەكەن و بەڕەچەڵەك بەفارس ئەژمار دەكرێن، دەبێت بەپێوەرە كۆمەڵایەتی و مرۆییەكان 60% رێژەی كەسانی زیندانیكراون لەو وڵاتە لەڕەچەڵەكی فارس بن بەڵام لەئامارەكاندا دەردەكەوێت كەدوای رەچەڵەكی توركمان، فارسەكان كەمترین كەسیان لەزیندانەكاندایەو لەبەرامبەردا زۆرترین ژمارەی زیندانی كورد بەتۆمەتی جیاوازیی ئایینی و سیاسیی لەزیندانەكانی ئێراندان. ئەو پێگەیە روونیكردووەتەوە كورد لە ریزبەندی یەكەمی زیندانیكراوانی ئێراندا كەزۆرترین كەسی بەتۆمەتی سیاسی و ئایینی لەزیندانەكانی ئەو وڵاتەدان و دوای ئەوەشی فارس لەپلەی دووەمی تۆمەتی سیاسی و عەرەب لەپلەی سێیەم و بلوچ لەپلەی چوارەمی زیاترین زیندانیانی سیاسیی ئێراندا دێن. كۆماری ئیسلامی ئێران بەبیانووی جێبەجێكردنی یاساو شەرعی ئیسلامی یەكێكە لەو وڵاتانەی زیاترین سزای زیندانی بەسەر نەیاران و هاووڵاتیانی سەرپێچیكاری خۆیدا دەسەپێنێت و ئەمەش ئەو وڵاتەی كردووەتە هەشتەمین بۆ دەیەمین زیندانی گەورەی جیهان و چوارەم زیندانی گەورەی وڵاتانی ئیسلامی. كۆمارێك لەزیندانی ئامارە فەرمییەكانی ئێران دەریدەخەن كەساڵانە نزیكەی 650 هەزار كەس سزای زیندانیان بەسەردا دەسەپێنرێت و بەوەش لە 44 ساڵی تەمەنی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بەسەر ئێراندا نزیكەی 29 ملیۆن كەس لەكۆی 85 ملیۆن هاوڵاتی بەتۆمەتی جیاوزا لانیكەم بۆ جارێكیش بێت زیندانیی كراون. بەپێی زایارییەكانی پێگەی ئەلیكترۆنی ناوەندی نێودەوڵەتی زیندانیانی جیهان (prisonstudies.org) لەساڵی 1980 واتە تەنها یەك ساڵ دوای بەدەسەڵات گەیشتنی كۆماری ئیسلامی لەئێران ژمارەی زیندانیكراوانی وڵاتەكە 10هەزار كەس بووە كەدوای 13ساڵ ئەو ژمارەیە بۆ زیاتر لە 101هەزار زیندانیی بەرز بووەتەوەو لەساڵی 2001 گەیشتووەتە 158 هەزار و لەساڵی 2018 بۆ زیاتر لە 240 هەزار زیندانیی بەرزبووەتەوە، بۆیە ئێران لەساڵی 2018 دەبێتە هەشتەم وڵات لەجیهان كەزیاترین زیندانیكراوی هەیە. ئێران هەفتەیەكە بانگەشەی لێبوردنێكی گەشتی دەكات كە بەپێی لێبوردنەكە نزیكەی 100 هەزار زیندانی و دەستگیركراوی ئەو وڵاتە ئازاد دەكرێن و لەئامارە نافەرمییەكانیش دەركەوتووە لەماوەی نزیكەی پێنج مانگی ناڕەزیەتییەكاندا زیاتر لە 30 هەزار كەس دەستگیرکراون و ژمارەی زیندانیانی ئەو وڵاتەش بۆ زیاتر لە 200 هەزار كەس بەرزبووەتەوە لەكاتێكدا بڕیاربووە تەنها 20 هەزار كەس لەزیندانەكانی ئێراندا هەبێت. شەوی هەینی لەچوارچێوەی لێبوردنە گشتییەكەی ئێران ژمارەیەك چالاكوان ئازادكران بەبێ ئەوەی پێشتر خۆیان یان پارێزەرەكانیان ئاگاداركرابێتنەوە و تەنانەت هەندێك لەو زیندانیانە ئەو لێبوردەنەیان رەتكردووەتەوە كە لەلایەن عەلی خامنەیی، رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران راگەیەنراوە. گەورەترین لێبوردن لەمێژووی ئێران یاسای ژمارە 110ی دەستوری ئێران بەپێی بەندی 11 ئاماژە بەوەكراوە كەتەنها یەك كەس بەڕاوێژ لەگەڵ سەرۆكی دەزگای دادی وڵاتەكە دەتوانێت لێخوشبوون یان لێبوردنی گشتی بۆ تاوانبارو زیندانیان دەربكات كەئەویش عەلی خامنەیی رابەری كۆماری ئیسلامییە. خامنەیی ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی رابردوو بەبۆنەی دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی لێبوردنێكی گشتیی دەكرد كە بەو جیاوازییەی كەزیاترین زیندانیی بەراورد بەفەرمانەكانی پێشووی بەر ئەو لێبوردنە دەكەون كەژمارەیان دەگاتە 100 هەزار كەس. سەرچاوەكانی ناوخۆی ئێران بڵاویانكردووەتەوە لێبوردنە گشتییەكەی ئەمجارە بڕیارە 100 هەزار زیندانیی بگرێتەوە كە لانیكەم 39 هەزار زیندانییان لەدەستگیركراوانی ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ناوچەكانی تری ئێرانە لەدوای مەرگی ژینا ئەمینی. خامنەیی لەساڵی 2019 بەهۆی یادی 40 ساڵەی دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی ئێران لێبوردنێكی گشتیی دەركرد كە 94 هەزار زیندانیی دەگرتەوەو نزیكەی 61 هەزار زیندانیی ئازادكران، بەڵام لەساڵی 2020 و لەهەماندا یاددا لێخۆشبوونی بۆ سێ هەزار و 840 زیندانیی وڵاتەكەی دەركردووە كە لێخۆشبوونەكە ئازادكردن و سوككرنی سزای ئەو ژمارە زیندانیەی لەخۆگرتووە، بۆیە فەرمانی ئەم دواییەی بەبۆنەی 44 ساڵی دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی بەراورد بەسەرجەم لێبوردنەكانی دیكە زیاترین زیندانیی دەگرێتەوە، بەڵام بەپێی مەرجەكان بێت كەمترین ژمارەی دەستگیركراوانی ناڕەزایەتییەكان دەگرێتەوە. مەرجەكانی ئەو لێبوردنە گشتییە ئەوەیە كەنابێت هیچ دەستگیركراوێك تۆمەتی سیخوڕی لەسەر بووبێت و تۆمەتبار كرابێت بە پەیوەندیی راستەوخۆ لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییە بیانیەكان و هاوكات تۆمەتی كوشتن و برینداركردنی لەسەر نەبێت و هەروەها ئەو دەستگیركراوانە نابێت هیچ جۆرە سكاڵایەكیان لەسەر تۆمار كرابێت و دەستیان نەبووبێت لەكردنەوەی ئاگرو دروستكردنی بەربەست لەشەقام و شوێنە گشتییەكان و هێرشیان نەكردبێتە سەر دامودەزگا حكومییەكان. قەیران و بودجەی زیندانیان ناوەندی سیستمی زیندانەكان لەجیهان(World Prison Brief) بڵاویكردووەتەوە؛ ئێران خاوەنی 189 هەزار زیندانییەو بەوەش دەبێتە دەیەمین وڵاتی جیهان كەزیاترین زیندانیی هەیە لەكاتێكدا ناوەندی زیندانەكانی وڵاتەكە رایگەیاندووە ژمارەی زیندانییانی ئێران زیاتر لە 240 هەزار كەسە. ئاشكرابووە هەر زیندانییەك مانگانە لانیكەم 222 دۆلاری پێویستەو بەهۆی ئەوەی لەم دواییانەشدا زیاترین بەشداربووی ناڕەزایەتییەكان دەستگیركراون و دەبێت رەوانەی زیندانەكان بكرێن، خەرجییەكانی حكومەت بەرزدەكەنەوە. بودجەی ئەمساڵی زیندانەكانی ئێران بە 198 ملیۆن دۆلار دیارییكراوەو لەبەراوردەكاندا دەركەوتووە ئەگەر ئەو ژمارە زۆرە لەزیندانەكاندا بمێننەوە لانیكەم پێویستیان بە 79 ملیۆن دۆلاری دیكەیە. لێبوردنە گەشتییەكەی خامنەیی كە بۆ یادی 44 ساڵەی دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی ئێران بووە دوو ئامانج دەپێكێت كە لەلایەك زیندانەكانی ئێران لەو قەرەباڵغی و لەكورتهێنانی بودجە رزگار دەكات و لەلایەكی دیكەشەوە دەسەڵاتی وڵاتەكەی بەلێبوردەو خۆگونجێن پیشاندەدات كە تائێستا پێچەوانەی ئەوە دەركەوتووە. جێ لەزیندانەكاندا نەماوە بەپێی ئامارە رەسمییەكان بۆ هەر 100 هەزار كەس لەدانیشتوانی ئێران بەرۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە نزیكەی 290 كەس زیندانیی دەكرێن و لەهەر ساڵێكدا نزیكەی 650 هەزار كەس لەدانیشتوانی ئێران بۆ ماوەی تەنانەت 24 كاتژمێریش بێت، زیندانیی دەكرێن لەكاتێكدا توانای لەخۆگرتنی زیندانەكانی ئێران 88 هەزار كەسە. بەهۆی ئەوە ژمارەو سزای زیندانیكردن لەئێران زۆرە پێدەچێت هەر هاووڵاتییەك تاكۆتایی ژیانی لەو وڵاتە بەلانی كەمەوە 24 كاتژمێر زیندانیكردنی بەربكەوێت. ئێران خاوەنی 268 زیندانی ئاشكرایە لە 31 پارێزگا كە 108 زیندانیان لەلایەن دەزگای دادی وڵاتەكەوە سەرپەرشتیی دەكرێن و سوپای پاسدارن 29 زیندانی هەیە و وەزارەتی هەواڵگریی ئێران (ئیتلاعات) نزیكەی 51 زیندانی هەیە، بۆیە هەر كەسێك رێی بكەوێتە زیندانەكانی سوپای پاسداران و ئیتلاعات رەنگە بەتەواوەتیی بێسەروشوێن ببێت چونكە هیچ زانیارییەكی فەرمیی لەسەر بڵاوناكرێتەوە. زیندانەكانی قەرچەك، فەشافویە، عادل ئاباد، ئێوین، وەكیل ئاباد، ورمێ بەمەترسیدارترین و گەورەترین زیندانەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان لەقەڵەمدەدەرێن كەسەرجەمیان لەلایەن ئەمریكاوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە. رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی كوردستان ئاشكرایانكردووە تەنها لەو بەشەی كوردستان نزیكەی حەوت هەزار كەس لەناڕەزایەتییەكاندا دەستگیركراون و دوور نییە بەو لێبوردنە سزای زۆرینەیان كەم ببێتەوەو ژمارەیەكیشیان ئازادبكرێن، بەڵام ئەوەش ناتوانێت ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵات راگرێت بەتایبەت كەجگە لەو زیندانیانە 130 كەس كوژراون.
هاوڵاتی له كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن، ئێوارهى ئهمڕۆ ههينى، 2023/2/17، نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، لهگهڵ محهمهد بن عهبدولڕهحمان بن جاسم ئال سانى، جێگرى سهرۆك وهزيران و وهزيرى دهرهوى قهتهرکۆبونەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ لە کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محهممهد بن عهبدولڕهحمان بن جاسم ئال سانى، جێگرى سهرۆكوهزيران و وهزيرى دهرهوەى قهتهر "پهيوهندييهكانى قهتهر لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان و بوارهكانى هاريكاريى هاوبهش" تاوتوێ کران و "جهختيان له برهودان به پهيوهندييهكانى ههردوولا له ههموو بوارهكاندا كردهوه." وەزیری دەرەوەی قەتەر "خواستى وڵاتهكهى بۆ فراوانكردنى كار و وهبهرهێنان و سهرمايهگوزارى له عێراق و ههرێمى كوردستان بهتايبهتى دووپاتكردهوه و هيواى خواست زهمينه و دهرفهتى باشتر بۆ كهرتى تايبهتى قهتهرى له ههرێمى كوردستان فهراههم ببێت." هەروەها نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو خواستەی وەزیری دەرەوەی قەتەر "ههموو پشتگيرى و ئاسانكارييهكى لايهنه پهيوهندارهكانى ههرێمى كوردستانى لهمبارهوه نيشان دا." لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی قەتەر باسیان لە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناوچەکە کردووە و "ههردوولا هاوڕا بوون لهسهر گرنگيى ههوڵدان و كاركردن بۆ پاراستنى ئارامى و سهقامگيرى له رۆژههڵاتى ناوهڕاست و ناوچهكه بهگشتى و گرنگيى چارهسهركردنى كێشه و ناكۆكييهكان به شێوهيهكى ئاشتيیانه."
هاوڵاتی روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، لەئەنجامی هێرشی چەکدارانی داعش بۆسەر ژمارەیەک هاوڵاتی لەسنوری پارێزگای حمس کە سەرقاڵی دۆزینەوەی دومەڵان بون، 75 کەس رفێندران، ئەمڕۆ کوژرانی 11 کەسیان پشتڕاستکراوەتەوە و تا ئێستاش چارەنوسی 64 کەسیان نادیارە. روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوێنێ پێنجشەممە چەکدارانی داعش هێرشیانکردوەتەسەر ناوچەی تەدمیری رۆژهەڵاتی حومس و 75 کەسیان رفاندوە کە سەرقاڵی دۆزینەوە و هەڵكەندنی دومەڵان بون، ئەمڕۆش کوژرانی 11 کەسیان پشتڕاستکراوەتەوە کە لەنێویاندا ژنێک و سەربازێکی سوپای رژێمی سوریا هەیە. ئاماژەی بەوەشکردوە، تا ئێستا چارەنوسی 65 کەسی دیکە لە رفێندراوەکان دیار نیە کە لەنێویاندا ژن و کەسانی بەساڵاچو هەیە. لەلایەكی دیكەشەوە میدیاكانی سوریا بڵاویانكردۆتەوە، زیاتر لە 50 كەس لەو كەسانەی دوێنێ رفێندرابون، ئەمڕۆ كوژراون، بەڵام تا ئێستا بەفەرمی پشتڕاست نەكراوەتەوە.
هاوڵاتی خۆپیشاندەران لە لوبنان رۆژی پێنجشەممە هێرشیان کردە سەر دوو بانکی گەورەی وڵاتەکە لە بەیروتی پایتەخت و ئاگریان تێبەبەردا، و بانکەکانیان سوتاند، هاوکاتی ئەوەی بەهای دراوی ناوخۆیی نزمترین ئاستێکی نوێی تۆمارکرد و بەو پێیە هەژاریی لەو وڵاتەدا قووڵتر دەبێتەوە. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە ،دوای ئەوەی نرخی دراوی پاوەندی لوبنانی دابەزی ژمارەیەکی زۆر خۆپیشاندەر هێرشیان کردە سەردوو بانک لەو وڵاتە وئاگریان تێبەبەردا، و بانکەکانیان سوتاند. پوکانەوە و هەڵئاوسانی ئابووری لوبنان و قەیرانی دارایی لە لوبنان لە ساڵی 2019دا سەریهەڵداوە، دوای چەندین ساڵ لە گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەوە. زیاتر لە سێ لەسەر چواری دانیشتوانی لوبنان کە 6 ملیۆن کەسە، تووشی هەژاری بوون و لیرەی لوبنانی نزیکەی 97%ی بەهای خۆی بەرامبەر بە دۆلار لەدەستداوە. بانکەکانی لوبنان لە تێکۆشاندان، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019ەوە وەرگرتنی پارەی کاشیان سنووردار کردووە. ڕۆژی پێنجشەممە بانکەکانی بەیروت بۆ ڕۆژی دەیەمی داخران، کە بە "مانگرتنی کراوە" ناوی دەبەن، ئەمەش دوای دۆسیەیەکی دادگا کە بڕیاری لە بەرژەوەندی وەبەرهێنەرێکی لوبنانی دا و داوای پاشەکەوتە گیریخواردووەکانیان دەکرد.
هاوڵاتی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، سەرۆک وەزیران و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەكان کۆبوونەوە و تاوتوێی چەند پرسێکی گرنگیان کرد. بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، محەمەد شیاع سوودانی لە پەراوێزی بەشدارییکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ لە ئەڵمانیا، لە شوێنی مانەوەی پێشوازیی لە کۆمفۆرت ئایرۆ کردووە. لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە میانی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆکراوە لەسەر بەهێزكردنی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و قەیرانە جیاوازەكانی ئابووری و ئەمنی کە جیهانی بەخۆیەوە بینی، هەروەها كێشەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و هەنگاوی هاوبەش بۆ چارەسەركردنیان و كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانیان. هەر لە دیدارەكەدا محەمەد شیاع سوودانی بانگهێشتی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتیی كرد بۆ ئەوەی سەردانی عێراق بکات. ئەمە لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەمەبەستی بەشداریکردن لە خولی ٥٩ی کۆنگرەی میونخ بۆ ئاسایش گەیشتە شاری میونخ لە ئەڵمانیا.
هاوڵاتی پلانێكی ئیسرائیل بۆ دەستنیشانكردن و بەئامانجگرتنی سێ هەزار شوێنی ستراتیژیی لەئێران ئاشكرا دەبێت و دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیش بەئاشكراكردنی بنكەیەكی سەربازیی ژێرزەوی بەرپەرچی پلانەكەی تەلئەبیب دەداتەوە. محەمەد باقری، سەرۆكی ئەركانی هێزە چەكدارەكانی ئێران لەكاتی ئاشكراكردنی بنكەیەكی هێزەكانی ئاسمانیی لەژێرزەویی بەناوی (هەڵۆ 44) یان (عوقاب 44) هەڕەشەی لەئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەكە كرد لەكاتێكدا ئیسرائیل ئەزموونی لێدانی ئەو جۆرە بنكانەی هەیەو پێشتر لەناوچەی وەیسی ماهی دەشت لەكرماشان بنكەیەكی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی لەو شێوەیەی كردبووە ئامانج. باقری رایگەیاند؛ ئەگەر ئیسرائیل لەهەر وڵاتێكەوە هێرش بكاتەسەر كۆماری ئیسلامی ئێران ئەوا ئەو وڵاتەش لەلایەن سوپای ئێرانەوە دەكرێتە ئامانج و جەختی لەوە كردەوە هەر وڵاتێكی ئیسلامی و عەرەبی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكاتەوە ئەوا ناپاكیی بەرامبەر جیهانی ئیسلام كردووە. ئەو بنكەیە كەتایبەتە بەحەشاردانی فڕۆكە جەنگییەكانی ئێران، دروستكردنەكەی هەشت ساڵی خایاندووەو بەوتەی بەرپرسانی سەربازیی كۆماری ئیسلامی هیچ بۆمبێكی ئەمریكا توانای بڕینی ئەو بنكەیەی نییە. ئێران لەساڵی 1984 و لەكاتی جەنگ لەگەڵ عێراق دەستی كردووە بەدروستكردنی ژمارەیەك بنكەی ژێرزەوی بەمەبەستی شاردنەوەی موشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و فڕۆكە جەنگییەكانی كەژمارەیەكیان دەكەونە زنجیرە كێوەكانی زاگرۆس لەڕۆژهەڵاتی كوردستان. تەلەڤیزیۆنی كەناڵی حەوتی ئیسرائیل بڵاویكردووەتەوە كەئێران بەهۆی ئەو هاوكارییانەی لەبواری فڕۆكەی بێفڕۆكەواندا پێشكەشی روسیای دەكات هیوای لەسەر ئەوە هەڵچنیوە فڕۆكەی جەنگی نەوەی نوێ و پێشكەوتو لەمۆسكۆ وەرگرێت و بنكە ئاسمانییەكەی ژێرزەویی پێ بەهێزبكات. رۆژنامەی مەعاریف لەئیسرائیل ئاشكرایكردووە؛ كابینەی نوێی حكومەتەكەی بنیامین نەتانیاهۆ پلانی هێرشكردنەسەر زیاتر لەسێ هەزار پێگەی ئێرانی یەكلایی كردووەتەوە بەڵام تەنها پێویستی بەهاودەنگیی وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەت فەڕەنسا هەیەو هاوكات دەیەوێت وڵاتانی عەرەبیی كەنداو رازیی بكات بەپشتیوانیی لەتەلئەبیب. یۆنی بن مناحیم، پسپۆڕی ئیسرائیلی و شارەزا لەكاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتوویەتی بەئەگەری زۆر ئێران وەڵامی ئەو هێرشەی كەئیسرائیل لەشەوی (28/1/2023) كردیەسەر بنكەیەكی دروستكردنی چەك و تەقەمەنی لەئەسفەهان دەداتەوە. ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی كۆماری ئیسلامی ئێران بڵاویكردەوە كە ئەو هێرشە لەڕێگەی سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانە ئەنجامدراوە كەپلانەكەی لەلایەن ئیسرائیلەوە داڕێژراوە و لەلایەن پارتە كوردییە نەیارەكانەوە جێبەجێكراوە. ئاسایشی نیشتیمانی ئێران ژمارەیەك لەئەندامانی پارتە كوردییەكانی نەیاری دەسەڵاتی تۆمەتبار كردووە بەهێنانی فڕۆكەكان لەسنورەكانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی كوردستان و دواتر لەكارگەیەك پارچەی درۆن یان ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانە سەریەك كراون و هێرشەكەی پێ ئەنجامداوە. بەپێی ئەو موشەكباران و هێرشانەی ئێران لەڕابردودا دژی هەرێمی كوردستان ئەنجامی داوە هەر كاتێك دەسەڵاتی ئەو وڵاتە و دامەزراوەكانی دەكرێنە ئامانجی سەربازیی و دەردەكەوێت هێرشەكان لەلایەن ئیسرائیلەوە بووە، وەك بەرپەرچدانەوەیەك پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێم تۆمەتبار دەكات و هێرشی موشەكیی دەكاتەسەر خاكی هەرێمی كوردستان. نموونەی نزیكی ئەو هێرشە موشەكییە لە (13/3/2022) روویدا كەسوپای پاسداران بەبیانوی بوونی بنكەی ئیسرائیل چەند موشەكێكی ئاڕاستە ماڵی شێخ باز بەرزنجی كردو كۆماری ئیسلامیش بانگەشەی ئەوەی كرد لەهێرشەكەد ژمارەیەك ئەفسەر كوژراون بەڵام بەپێی راگەیەنراوی دەزگا فەرمییەكانی حكومەتی هەرێم تەنها زیانی ماددی بەچەند ناوچەیەكی نیشتەجێبوون گەیشتووە. ئەو هێرشە موشەكیەی ئێران دوای ئەوە هات كەئیسرائیل هێرشی كردەسەر بنكەیەكی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەو وڵاتە لەناوچەی ماهی دەشت لەشاری كرماشان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان، بۆیە دوور نییە بەو هێرشەی ئەم دواییانەش پەرچەكرداری دیكەی هاوشێوەی موشەكبارانەكانی رابردوو لەدژی هەرێم نەنوێنێ. سوپای ئێران دوای توركیاو میسر بەسێەم سوپای ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەقەڵەم دەدرێت لەڕووی ژمارەی چەك و كەرەستەی سەربازییەوە بەڵام سوپای ئەو وڵاتە بەهۆی گەمارۆ نێودەوڵەتییەكانەوە نەیتوانیوە لەئاستی تەكنەلۆژیادا پێشكەوتنی بەرچاو بەدەستبهێنێت.
هاوڵاتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سبەینێ دەگاتە ئەڵمانیا و لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەی ١٥٠ وڵاتی جیهان بەشدار دەبێت لە پەنجاونۆهەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، کە تێیدا جەنگی ئۆکرانیا و دۆخی ئێران وگۆڕانەکانی کەشوهەوا تاوتوێ دەکرێن. میدیای فەرمی نزیک لەپارتی ڕایگەیاند، سبەینێ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەنجاونۆهەمین کۆنفرانسی میونشن بۆ دووەم جار لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەی ١٥٠ وڵاتی جیهان بەشدار ئەبێت. کۆنفرانسی میونشن ساڵی ڕابردوو لە پەنجاوهەشتەمین کۆبونەوەی خۆیدا بە ئامادەبوونی ١٣٥ سەرکردە و سەرۆک و وەزیری جیهانی بەڕێوەچوو، کە تێیدا پرسی جەنگی ئۆکرانیا یەکێک بوو لە پرسە گرنگەکان، بەڵام جیاواز لە ساڵی ڕابردوو ئەمساڵ داوا لە پوتین و سەرکرەکانی ڕوسیا نەکراوە و بانگهێشت نەکراون، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو بانگهێشتکرابوون و خۆیان ئامادە نەبوون، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ نوێنەرێکی ئێرانیش بانگهێشت نەکراون. بڕیارە کۆنفرانسەکە سبەینێ هەینی دەستپێبکات و نزیکەی ١٥٠ بەرپرسی وڵاتانی جیاواز تاوتوێی دواین پێشهاتە ئەمنییەکانی جیهان و هەڕەشەکانی سەر ئاشتی نێودەوڵەتی بکەن، بەتایبەت جگە لە کێشەکانی ئۆکرانیا و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت جەنگی دژی تیرۆریش باس دەکرێت. هەروەها کریستۆف هیوسگن، سەرۆکی کۆنفرانسەکە لەبارەی بانگهێشتنەکردنی نوێنەرانی ئێرانەوە ڕایگەیاند، بەهۆی پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ مافەکانی مرۆڤ، هیچ بەرپرسێکی ئێرانی بانگهێشتی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن نەکراوە، لەبری ئەوە نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئێران بانگهێشت کراون. کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ساڵی ١٩٦٣ لەلایەن ئیڤاڵد هاینریچ ڤۆن کلیست شمێنزین، ئەفسەری پێشووی سوپای ئەڵمانیا و بەشداری لە هەوڵێکی شکستخواردووی تیرۆرکردنی ئەدۆلف هیتلەردا دامەزرا، بە ئامانجی کۆکردنەوەی سەرکردە و پسپۆڕانی دیپلۆماسی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی ناتۆ و پەیوەندییەکان لە نێوان زلهێزەکانی هەردوو دیوی زەریای ئەتڵەسی.
ئەمریکا و وڵاتانی هاریکاریی کەنداوە ئیدانەی هەنگاوەکانی ئێران دەکەن بۆ بەرنامە ئەتۆمیی و موشەکییەکەی و پشتیوانیی لە تیرۆر. ئەنجومەنی ھاریکاری وڵاتانی کەنداو و ئەمریکا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە رایانگەیاند؛ ئێران بە بەرنامەی موشەکی و هێرشی ئەلیکترۆنی و بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوەتە هۆکاری سەرەکیی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە. لەو بەیاننامەیەدا ئەمریکا و وڵاتانی ئەندمی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو ئاماژەیان بەوە کردوە کە دەبێت کۆماری ئیسلامی ئێران پابەندی یاسا نێودەڵەتییەکان بێت و بە تەواوتی هاوکاریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی بکات سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی. ئەو وڵاتانە جەختیان لەوە کردوەتەوە کە هەنگاوەکانیان بۆ بەرەنگاربونەوەی سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچەکەدا بەردەوام دەبێت و کاری دیپلۆماسی و سیاسیی وەک سەرەکیترین هەنگاو بۆ رێگریی لە ئێران و پاراستنی سەقامگیریی لەقەلەم دەدەن. لە کۆتایی بەیاننامە هاوبەشەکەی وڵاتانی هاریکاری کەنداو و ئەمریکا هاتوە کە دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لایەنەکانی یەمەن ناچار بکەن هاوردەکردنی چەک و کەرەستەی سەربازیی بۆ ناو وڵاتەکە قەدەغە بکەن. ئەو بەیاننامەیە لە کاتێکدایە ئەمریکا رایگەیاندوە لە ساڵی رابردودا دەستی بەسەر سێ کاروانی چەک و تەقەمەنیدا گرتوە کە ئێران بە مەبەستی هاوکاریی چەکدارانی حوسی ویستویەتی رەوانەی ناوخۆی یەمەنی بکات.
هاوڵاتی نوێنەری هەدەپە لە باشوری کوردستان باسی لەوەکرد،ئەو هاوکارییانەی کۆدەکرێنەوە و رادەستی حکومەتەکانی تورک و سوریا دەکرێن ناگەنە دەست لێقەوماوانی بومەلەرزە و داوای کرد هەموو کەس هاوکارییەکانیان بگەیەننە دەست نوێنەرایەتیەکەیان بۆ ئەوەی بگەنە دەست لێقەوماوان. لە هەولێر ناهیدە ئەرمیش نوێنەری پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە باشوری کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا، باسی لە کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری لە ناوەندەکەیان کرد و ئاماژەی بەوەکرد لە سلێمانی و هەولێر و هەموو شوێنێک کوردانی خاوەن هەستی نەتەوەیی و نیشمانی دوای کارەساتی بومەلەرزە کەوتنە ئامادەباشییەوە و رایگەیاند، "ئێمە وەک هەدەپە ئامادەباشیمان راگەیاند. ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە لە دۆخێکی بەپەلەدا و دەستبەجێ هاوکارییەکان بگەیەنینە دەست لێقەوماوان. نوێنەری هەدەپە وتی کە تائێستا بڕێکی باش هاوکارییان کۆکردووەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی کارەساتەکە تەنیا شارێک و ناوچەیەکی نەگرتووەتەوە، پێویستە هەموو کەسێک بە هەموو تواناوە پشتیوانی هەڵمەتەکە بکەن. جگە لە پەدەکە زۆر پارت و کەسایەتی باشوری کوردستان پشتیوانیان لە کەمپینەکەیان کردووە. ناهیدە ئەرمیش دەشڵێت کە هاوکارییەکان لە بارەگاو ناوەندی نوێنەرایەتی پارتەکەیان کۆدەکەنەوە و ئەو هاوکارییانەی بە شێوەی کەلوپەل دەچنە تورکیا لە لایەن حکومەتەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت، بۆیە بۆ باکوری کوردستان پارە دەنێرن و بۆ رۆژئاوای کوردستانیش کەلوپەل رەوانە دەکەن. نوێنەری هەدەپە لە باشوری کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، ئەو هاوکارییانەی کە لەلایەن رێکخراوەکانی باشورەوە کۆدەکرێنەوە و رادەستی دامودەزگاکانی تورکیا دەکرێن، دەیانگەیەننە گروپە چەکدارەکان لە ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوا. هەموو کەس ئەوە دەزانێت و رەوانەی ناوچەکانی بومەلەرزەی ناکەن. ئەرمیش لەبارەی کەمپینەکەیان وتی، "سەرەتا بۆ هەفتەیک کەمپینەکەمان دەستپێکردبوو، بەڵام بە هۆی ئەوەی پێویستی زۆرە رەنگە مانگێکیش بەردەوام بێت. داوا لە گەلی باشور دەکەین، زیاتر پشتگیری و هاوکاری بکەن. پێویستی بە هەموو شت هەیە. وەک ئەرکێکی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی، ئایینی و ویژدانی بەو جۆرە مامەڵە بکەن و دەستی هاوکاری درێژ بکەن".
ئێران رایگەیاند؛ بونی رێبەری ئەلقاعیدە لە وڵاتەکەی مایەی پێکەنینە و وەزیری دەرەوەش دەڵێت: ئەوانەی بونەتە هۆی دروستبونی داعش و ئەلقاعیدە هۆکاری کردەوەی تیرۆریستین لە جیهان. حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا وەک یەکەم کاردانەوەی دەسەڵاتی وڵاتەکەی بەرامبەر راپۆرتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەمریکا، رەتی کردەوە کۆماری ئیسلامی هیچ رێبەر و سەرکردەیەکی رێکخراوی ئەلقاعیدەی داڵدە دابێت. عەبدوڵڵاهیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوی کردەوە: تۆمەتبارکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران بە داڵدەدان و حەشاردانی رێبەر و سەرکردەکانی ئەڵقاعیدە مایەی پێکەنینە. ئەو نوسیویەتی: ئەوانەی دەستیان لە دروستکردن و پشتیوانیی لە داعش و ئەلقاعیدە هەبوە بەرپرسیار و هۆکاری گەشەی تیرۆرن لە جیهاندا. وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆتایی پەیامەکەیدا نوسیویەتی: ئەدەرەسی هەڵە نەدرێت و کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار نەکرێت بە داڵدەدان و حەشاردانی رێبەرەکانی ئەڵقاعیدە. لە ماوەی چەند رۆژی رابردودا نەتەوەیەکگرتوەکان راپۆرتیكی بڵاو کردوەتەوە؛ کە بە پێی زانیارییەکانی ناوەندی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر لەو رێکخراوەیە، سەیف عەدل، رێبەری نوێی ئەلقاعیدە لە خاکی ئێران جێگیربوە و ئەمریکا زاانیارییەکانی پشتڕاست کردوەتەوە و جەختی لەوە کردوە کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئەو سەرکردەیەی حەشار داوە. نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا جەختی لەوە کردوەتەوە کە کۆماری ئیسلامی بوەتە شوێنی داڵدەدانی رێبەری نوێ ئەلقاعیدە و هاوکات وتوشیەتی: دەسەڵاتی ئەو وڵاتە سەرەکیترین پشتیوانی تیرۆریزم و هۆکاری تێکدانی سەقامگیرییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.
هێمن مەحموود هێزە ئەمنییەكانی عێراق هەڵمەتێكی دەستگیركردنی ئەو كەسانەیان دەستپێكردووە كە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەواداریان زۆرەو بە(بلۆگەر)یان (فاشنیست) بەناوبانگن و بابەتی نامۆ بەكۆمەڵگا و ئابڕووبەرو ناوەڕۆك ئاست نزم و پووچ بڵاودەكەنەوەو تائێستا زیاتر لە شەش كەسیان لەو كەسانە دەستگیركردووەو سزای بەندكردنی چەند ساڵەشیان بۆ بڕیوونەتەوە كەچەند ژنێكشیان تێدایە، بەقسەی بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆش هەڵمەتەكە بەردەوامی دەبێت، ئەم هەنگاوەی حكومەتی عێراقیش لەلایەك پێشوازی لێكراو لەلایەكی تریشەوە هەندێك لەچالاكوانان نیگەرانی خۆیان دەربڕی كە رەنگە كاریگەری هەبێت بۆ سەر ئازادی بیروڕا. وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەمانگی رابووردوودا رایگەیاند كەوا لیژنەیەكیان بۆ دیاریكردنی ئەو بابەتانە درووستكردووە كەوا (ناوەڕۆكێكی پووچ و ئابڕووبەرو دژ بەزەوقی گشتی و پێچەوانەی رەوشت و رەفتارەكانی كۆمەڵگا) هەیەو لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاودەكرێنەوە، هاوكات مینبەرێكیشیان درووستكردووە تابەكارهێنەرانی ئینتەرنێت وەزارەتی ناوخۆ لەو بابەتانە ئاگاداربكەنەوە كەدەڕۆنە ئەو چوارچێوەیەوە بۆ ئەوەی خاوەنەكەی دەستگیربكرێت. تاوەكو ئێستاش چەندین كەس زیندانیكراوان و دادگاییكراون و سزادراون و هەڵمەتەكەش بەردەوام دەبێت. دادگای كەرخ بڕیاری زیندانیكردنی دوو ساڵی بۆ (عەلی حەسەن زەجمە) كەیەكێكە لەچالاكوانانی یوتیوب بڕییەوە، (غوفران مەهدی سەواد)یش كەناسراوە بە (ئوم فەهد) كەچالاكێكی تۆڕی كۆمەڵایەتی تیك تۆكە بڕیاری زیندانیكردنی شەش مانگ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە، ئەویش بەتۆمەتی بڵاوكردنەوەی چەندین ڤیدیۆ كەقسەی نەشیاوو ئابڕووبەرو دژ بەئادابی گشتی تیادایە. بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی كە (ئوم فەهد) لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تیك تۆك بڵاویكردووەتەوە بەجلی نیمچە رووتەوە دەردەكەوێت و بەردەوام باس لەوەدەكات كەپەیوەندی لەگەڵ تۆڕێكی بەرفراوانی دەسەڵاتدارانی عێراقدا هەیە، ئەمەش لەكاتێكدایە پێشووتریش هێزە ئەمنییەكانی عێراق (عەسەل حسام) كەناسراوە بە(هەنگوینەكەی بەغدا)یان بەهەمان تۆمەت كەئەویش بڵاوكردنەوەی شتی نامۆیە بەكۆمەڵگا دەستگیركرد. لەترسی دەستگیركردن و زیندانیكردنیشیان زۆرێك لەو كەسانەی كەتۆمەتبارن بەبڵاوكردنەی شتی نامۆو ئابڕووبەر لەكۆمەڵگادا كەوتوونەتە سڕینەوەی بابەت و وێنەو ڤیدیۆكانی رابووردوویان و هەندێكی دیكەشیان كەوتوونەتە داخستن یان فرۆشتنی هەژمارەكانیان، هەندێكیشیان چەند ڤیدیۆیەكیان بڵاوكردووەتەوە كەداوای لێبووردن لەوەزارەتی ناوخۆو جەماوەر دەكەن لەو بابەتانەی كەپێشتر بڵاویانكردووەتەوە. دەربارەی هۆكاری دەستگیركردنی ئەو كەسانەش، سەعد مەعن بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت هۆكاری دەستگیركردنی ئەو كەسانە بەهۆی ئەو سكاڵایانەوە بووە كە لەلایەن هاووڵاتیان و چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی لەمیبنەری ئەلیكترۆنی (هەواڵبدە) تۆماریان كردووەو تایبەت بەهەواڵدان لەو جۆرە كەسایەتیانەی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان. مەعن ئاماژەشی بۆ ئەوەكردووە كەدەستگیركراوەكان رەوانەی دادگا دەكرێن و بەئامادەبوونی لیژنەیەكی شارەزا تەماشای دۆسیەكانیان دەكرێت، جەختیش لەوەدەكاتەوە كە وەزارەتەكەیان لەدوای ئەو هەڵمەتە تێبینی ئەوەیانكردووە كە لەو جۆرە بڵاوكراوانەی دژ بەكۆمەڵگان و ئابڕووبەرن و بێ ئاست و ناوەڕۆك پووچن كەمیكردووە. بەپێی ئەوەی یاساناسانیش خستوویانەتەڕوو دەستگیركردنەكان بەپێی ماددەی 403ی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969 بەڕێوەدەچێت كەسزاكەی دوو ساڵ زیندانی و پێبژاردنی 200 هەزار دینارە. بەڵام وەنەبێت ئەم هەڵمەتەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رووبەڕووی رەخنە نەبووبێتەوە، بەڵكو ژمارەیەك لەچالاكوانانی كۆمەڵگای مەدەنی و ئەوانەی لەبواری مافی مرۆڤدا كاردەكەن رەخنەی خۆیان ئاراستەی وەزارەتەكە كردووەو دەڵێن ئەم رێوشوێنانە چەندین نیشانەی سەرسوڕمان دەخاتەسەر چەمكی دادگەری لەعێراقدا. دكتۆر عەلی بەیاتی شارەزا لەبواری مافی مرۆڤ رایگەیاندووە رێوشوێنەكانی دادگاو حكومەتی عێراق بۆ رێگەگرتن لەبڵاوبوونەوەی بابەت و پەیامی ئاست نزم لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەرچەندە پێویستییەكی گرنگ بێت و بیانوویەك بێت بۆ پارێزگاریكردن لەزەوقی گشتی كۆمەڵگای عێراقی، بەڵام دەستوەردانی راستەوخۆی دەزگا ئەمنییەكان و فەرمانی دەستگیركردن بۆ ئەو كەسانە وەك هەنگاوی یەكەم بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە كارێكی زۆر بەپەلە بووەو هیچ پێویستی بەوە نەدەكرد یاسا زۆر بەتوندی بەكاربهێنرێت. هەروەها دەشڵێت پێویست بوو سەرەتا پەناببرێتە رێوشوێنە بەدیل و سزا ناڕاستەوخۆكان وەك داخستنی هەژمارەكان و ئاگاداركردنەوەیان و سزادانی ماددییان، پێویستە هەر بەرتەسككردنەوەیەكی ئازادی لەڕێگای یاساوە بێت و ئەم یاسایەش رەچاوی بەهاكانی مافی مرۆڤی تێدا بكرێت لەهەموو روویەكەوە. عەلی تەمیمی شارەزای بواری یاساش بڕوای وەهایە یاسای سزادانی عێراقی زۆر بەڕوونی جیاوازی لەنێوان جنێودان و تەشهیرو سوكایەتی خستووەتەڕوو، ئاماژە بەوەشدەكات دەبێت دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكان بەرپرسیارێتی چاودێریكردنی ئینتەرنێت بگرنە ئەستۆ بەهاوبەشێتی لەگەڵ چەندین شارەزای بواری راگەیاندن و یاساداو ئەوەی دژ بەیاسایە رەوانەی دادگا بكرێت، جەختیش لەوەدەكاتەوە كەپێویستە یاسای رووبەڕووبوونەوەی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان دەربكرێت بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە. بەبڕوای بەشێك لەشارەزایانی كۆمەڵناسیش بۆ تێگەیشتن لەناوەڕۆكی بڵاوكراوەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پێویستە لێكۆڵینەوەو پێداچوونەوەی واقیعی كۆمەڵگای عێراقی بكرێت و دەبێت بزانرێت بۆچی زۆرینەی گەنجان و هەرزەكاران تەماشای ئەو ناوەڕۆكانە دەكەن كەهیچ مانایەكیان نیە. ئەو كۆمەڵناسانە بڕوایان وەهایە تێنەگەیشتنێك هەیە بۆ چەمكی ئازادی لەلایەن ئەو كەسانەوە كە ناوەڕوكی ئاست نزم و سەتحی و پووچ بڵاودەكەنەوەو ئامانج لێی سەرقاڵكردنی گەنجانە بەو بابەتانەی كە رێگە لەگەشەكردنی بەهرەو گەشەپێدانی گەنجان دەگرێت. بەپێی ئامارێكی ناوەندی راگەیاندنی ژمارەیش (كە رێكخراوێكی ناحكومییە) بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەجۆرە جیاوازەكانییەوە لەساڵی 2022 گەیشتووەتە 28 ملیۆن و 300 هەزار كەس لەعێراقدا، كە رێژەی پیاوان لەسەدا 68 و رێژەی ئافرەتانیش لەسەدا 32، تەمەنی بەكارهێنەرانیش لەنێوان پێنج ساڵ بۆ 34 ساڵدایەو تۆڕی كۆمەڵایەتی تیك تۆك رێژەی بەكارهێنەرانی لەساڵی رابووردوو زیادبووە.
هەدەپە لە شاری ئامەد بۆ پشتگیریکردن لە زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، کەمپینی ' ماڵی من ماڵی تۆیە' راگەیاند و داوای کرد، هاوکاریەکان چڕتر بکەنەوە. رێکخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە شاری ئامەد، کەمپینێکی لە ژێر ناوی 'ماڵی من ماڵی تۆیە' راگەیاند. رێکخستنی هەدەپەی ئامەد لەمبارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی، " پێکەوە سەردەکەوین." لە راگەیەندراوەکەی رێکخستنی هەدەپەی ئامەددا هاتوور، " خەڵکی ئامەد دەرگاکانی بە رووی زیانلێکەوتوواندا کردووەتەوە و تۆڕی هاوکاریەکان فراوان دەکات." گوڵستان ئاتاسۆی هاوسەرۆکی رێکخستنی هەدەپەی ئامەدیش تویتێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی، " لەدژی ئەو کەسانەی دەیانەوێت سوود لە ئازادی گەلەکەمان وەربگرن، پێکەوە خاوەنداکری لە کۆمەڵگاکەمان بکەین." لەلایەکی دیکەوە پارتی دیموکراتی دیموکراتی گەلان، لەبارەی دۆخی شاروچکەی بازارجخی مەرەشەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. هەدەپە ئاماژەی بەوەکرد کە قایمقامی بازارجخ کە سەر بە ئاکەپەوە، دەستی بەسەر ئەو هاوکاریانەدا گرتووە کە پارتەکە کۆیکردووەتەوە و وتی، بازارجخ ١٠ رۆژە لەدژی ئەم کارەساتە لەسەر پێی خۆی ماوەتەوە. دەسەڵات دەیەوێت، رێگری لە ناوەندی قەیرانەکانی هەدەپە بکات. هەروەها لە گوندی حەسەنکۆجای شارەکە دەست بەسەر هاوکاریەکانی هەدەپەداگیراوە.
هاوڵاتی شاندی عێراق و ئەمریکا لە واشنتۆن کۆبوونەوە و کۆبوونەوەکە بە سەرکردایەتی وەزیری دەرەوەی هەردوو وڵات بەڕێوەچووە، لە کۆبوونەوەکەدا سێ پرسی سەرەکی تاوتوێکراون کە بریتریبوون لە نرخی دینار بەرامبەر دۆلار و سیستەمی دارایی، وزە، ژینگە. لیژنەی باڵای هەماهەنگی ئەمریکا و عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوای کۆبوونەوەی شاندی عێراق و ئەمریکا کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە لە واشنتۆن ئەنجامدرا راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە،هەردوو شاندەکە قوڵکردنەوەی پەیوەندی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتۆن لە تەواوی پرسەکانی نێوان هەردوو لایەندا دوپاتکردەوە. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەی نێوان ئەمریکا و عێراق ، هەردوولا باسیان لە ئاستەنگەکانی بەردەم ئابوری عێراق کردووە، لەوانەش نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دینار و ئەمریکا پێشوازی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق کردووە بۆ دەرکردنی چاکسازی ئابووری لە بواری سیاسەتی دراو و مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و دارایی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و رێگریکردن لە دەستکاریکردنی سیستەمی دارایی. هەروەها ئەمریکا چاکسازییەکانی حکومەتی عێراقی بۆ پرەودان بە ئابووری عێراق لە بەهێزکردنی بازاڕە دارایی و ئاڵوگۆڕەکان بە گرنگ ناوبردووە و شاندی ئەمریکی پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی عێراق بۆ بنیاتنانی توانای تەکنیکی و جێبەجێکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی سیستەمی بانکی لە تاوانە داراییەکان و سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆریستی نوێکردەوە. پرسی وزە یەکێک بوو لەو پرسانەی، هاوشانی دارایی بابەرتی سەرەکی بوو لە دانیشتنەکەندا و هەردوولا بڕیاریاندا هەوڵەکان زیاتر بکەن بۆ مۆدێرنکردنی ژێرخانی وزە و پەیوەندی ناوچەیی بە تۆڕی کارەبای عێراق و گەڕان بەدوای دەرفەتەکانی وزەی نوێبووەوە. هاوکات، شاندی ئەمریکا ستایشی پابەندبوونی عێراقی کرد بە پڕۆژەکانی پەیوەندیی کارەبایی ناوچەیی لەگەڵ ئوردن و سعودیە و دەسەڵاتی پەیوەندییەکانی GCC. سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی ، شاندی عێراق ڕایانگەیاندووە کە عێراق بەم نزیکانە ستراتیژییەکی گشتگیری حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بڵاودەکاتەوە. لە راگەیەندراوە هاوەبەشەکەدا باس لە هاوکارییەکانی ئەمریکا دەکات بۆ عێراق و تیایدا هاتووە واشنتۆن لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا زیاتر لە یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاری پەرەپێدان پێشکەش بە عێراق کردووە و ئەمریکا نیازی خۆی دەربڕی بۆ بەردەوامبوون لە هاوکارییە تەکنیکییەکانی بۆ باشترکردنی شێوازەکانی بەڕێوەبردنی ئاویش لە عێراقدا. راگەیەندراوە هاوبەشەکە ئەوەشی تێدا باسکراوە، ئەمریکا پێشوازی لە پێشهاتە ئەرێنییەکانی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و دانوستانە بەردەوامەکانی سەبارەت بە پرسی بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ و یاسای هایدرۆکاربۆنەکان کردووە. ئەم ڕاگەیەندراوە دوای سەردانەکەی شاندێکی عێراقی بۆ ئەمریکا بە سەرکردایەتیی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کە هاوکات جێگری سەرۆکوەزیرانیشەدێت. شاندەکەی عێراق بۆ ئەمریکا لە نوێنەرایەتیی بانکی ناوەندی، وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی نەوت، وەزارەتی پلاندانان، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی کارەبا و ئۆفیسی سەرۆکوەزیران و نوێنەرایەتیی گۆڕانی کەشوهەواو هەروەها نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون. هاوکات شاندە عێراقییەکە لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا؛ جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی؛ جۆن کێری، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ گۆڕانی کەشوهەوا؛ ئادیمۆ، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا؛ هۆشستین، نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ هاوئاهەنگیی وزەی جیهانی و ژێرخان لەگەڵ برێت مەکگۆرک، هاوئاهەنگکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوە و گەنجینە و وزە و ژووری بازرگانی پێکهاتبوون.