هاوڵاتى مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، ڕەنگە دوژمنانی تاران بتوانن هێرش بکەنە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکە، بەڵام ئەوان ناتوانن ئێران لە توانای بنیاتنانی ناوەندی ئەتۆمی نوئ بێبەش بکەن." ئەم لێدوانانەی پزشکیان دوای ئەوە دێت کە رۆژنامەی واشنتن پۆست بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک لە هەواڵگری ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە ئیسرائیل پێدەچێت تا ناوەڕاستی ئەمساڵ هێرشی پێشوەختە بۆ سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەستپێبکات. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا مەسعود پزشکیان، وتی: ئەوان هەڕەشەمان لێدەکەن کە لە دامەزراوە ئەتۆمییەکان دەدەن. ئەگەر ئێوە لە سەد لەوانە بدەن، ئێمە هەزاری دیکە دروست دەکەین. دەتوانن باڵەخانەکان و شوێنەکان بکەنە ئامانج، بەڵام ناتوانن لەئەوانەی دروستی دەکەن، بکەنە ئامانج". دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، ئەگەری لێدانی ئیسرائیلی لە ئێران هێنایە ئاراوە و ڕایگەیاند کە لەبری هێرش بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران، پێی باشترە ڕێککەوتنیان لەگەڵ بکات. ترامپ وتی: هەمووان پێیان وایە ئیسرائیل بە هاوکاری ئێمە یان ڕەزامەندی ئێمە لێیان دەدات و بۆردومانیان دەکات، من پێم باشە ئەوە ڕوونەدات." بەڵام عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دوای قسەکانی سەرۆکی ئەمەریکا دانوستانەکانی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی سەرۆک ترامپ ڕەتکردەوە و وتی نە "ژیرانە" و نە "زیرەکانە"یە ئەگەر دانوستاندن بکەین و دوابەدوای ئەویش بەرپرسانی دیکەی کۆماری ئیسلامیش دژی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا هاتنە دەنگ. ئیسرائیل لەم دواییانەدا دوو هێرشی تۆڵەسەندنەوەی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و بەرپرسانی ئیسرائیل و شارەزایانی سەربازی باسیان لەوە کردووە کە هێرشی دووەم زیانی وێرانکەری بە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران گەیاندووە. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئەمە ڕەتدەکەنەوە.
فەرمانگەى پزیشکی دادوەری لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجامی هاوتاکردنی پاشماوەی 53 شەهید لە دوو گۆڕستانی شنگال و حەمام ئەلعەلیل بڵاوکردەوە، هاوکات لە حەویجە گۆڕێکی بەکۆمەڵیان دۆزیوەتەوە، کە رووفاتی 17 پێشمەرگەی تێدایە. بەڕێوەبەرایەتی گشتیی فەرمانگەی دادپزیشکی عێراق، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 13ـی شوباتی 2025) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ئەنجامی پشکنینی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی پێشمەرگەی لە حەویجە راگەیاند. یاسەمین مونزر، بەڕێوەبەری بەشی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، رایگەیاند هەڵمەتێکیان دەستپێکرد بۆ کۆکردنەوەی نموونە لە کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگە لە ناوچەی حەویجە، کە لە هەولێر دوو رۆژی خایاند. گوتیشی "هەفتەی داهاتووش هەڵمەتەکە تەواو دەبێت، کە هەموو خێزانەکان لە پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە." سەبارەت بە ژمارەی قوربانییان لە گۆڕەکەی حەویجە، یاسەمین مونزر وتی 17 رووفاتن. جەختیشی کردەوە لەوەی هەڵمەتی دیکە لە داهاتوودا رێکدەخرێن، کاتێک گۆڕی نوێ هەڵدەدرێنەوە، کە رووفاتی شەهیدانی پێشمەرگەیان تێدایە. بەڕێوەبەری گشتیی بەشی پزیشكی دادوەری زەید عەلی لە میانی كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ئەنجامەكانی هاوتەریبكردنی دوو گۆڕستانە ونبووەكانی شەنگال و حەمام عەلیل ڕاگەیەندرا، بەو پێیەی پێشتر ژمارەی تووشبووان لە شنگال 243 حاڵەت بووە، و ئەمڕۆش 32 حاڵەتمان هەیە، بەمەش كۆی گشتی یارییەكان گەیشتە 275 حاڵەت. ناەوبراو ئاماژەی بەوەشكرد: كۆی گشتی گۆڕەبەكۆمەڵەكان 696 حاڵەتە و جگە لە 102 حاڵەت كە لە لایەن ستافی پزیشكی دادی موسڵ هەڵكەنراوەنەتەوە وكۆی ژمارەكەی گەیشتە 798 حاڵەت و ئەمەش ئاماژەی بۆ ئەوەیە رەنگە ڕێژەی هاوتاكردن كەمتربێت لەوەی چاوەڕوان دەكرا،هۆكاری سەرەكیش بۆ ئەوەیە كەتا بنكە زانیارییەكی پێویست و بەرفراوان زیاتر هەبێت، ڕێژەی هاوتاكردن زیاتر بێت.
ڕوانگەی سوری رایگەیاند، هاوپەیمانان پشتیوانی زیاتری سەربازییان رەوانەی رۆژاڤای کوردستان کرد، لە عێراقەوە فڕۆکەیەکی بارهەڵگر، کە چەک و تەقەمەنی و پێداویستی سەربازی و پزیشکی هەڵگرتبوو لە بنکەی سەربازی خەراب جیری دەوروبەری رومێلانی باکوری حەسەکە نیشتوەتەوە. ڕۆژی 4ـی ئەم مانگەش فڕۆکەیەکی دیکەی بارهەڵگر، کە چەک و تەقەمەنی پێشکەوتوو، سیستمی رادار و ژمارەیەک سەربازی پێبوو لە بنکەی سەربازی خەربا جیری حەسەکە نیشتەوە. هاوکات لەماوەی ئەم هەفتەیەشدا ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستانەوە 42 بارهەڵگریان گەیاندووەتە بنکە سەربازییەکانیان لە حەسەکە، کە تانک و زرێپۆست و چەک و تەقەمەنیان پێبوە. لەباکوور و رۆژهەڵاتى سووریا 11 بنکەى سەرەکى و چەند بنکەیەکى لاوەکیى ئەمریکا جێگیرکراون. هاوپەیمانان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا بە 72 فڕۆکە، 233 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، چەک و کەرەستەی سەربازییان گواستووەتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان. لە پاش کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتى ڕژێمی پێشووى سووریا لە مانگى کانوونى یەکەمى ساڵی ڕابردوو، ئەمریکا و هاوپەیمانان، بەردەوام کەرەستە و کەلوپەلى سەربازیى زیاتر ڕەوانەى بنکە سەربازییەکانیان دکەن.
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە رێکاری نوێ بەرامبەر کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بگرێتەبەر، سودانی فەرمانیکردووە لە ماوەی 24 کاتژمێردا ئینتەرنێتی کۆمپانیاکە ببڕێت. سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند: لیژنەی نەزاهەی پەرلەمان داوای لە حکومەت کردووە رێکار بەرامبەر کۆڕەک بگرێتەبەر و سودانیش فەرمانیکردووە ئینتەرنێتی کۆمپانیای کۆڕەک ببڕدرێت. بەمەش ئەگەر بڕیارەکە جێبەجێبکرێت بەشداربووانی کۆڕەک تیلیکۆم لە ئینتەرنێت بێبەشدەبن. بۆ ڕێگری لەم کێشە تازەیەی بەرۆکی گرتووە، کۆمپانیای کۆڕەک تیمی ناردووەتە دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق و داوای رێککەوتنی کردووە، بەڵام رێکنەکەوتوون و بڕیارداوە لە ماوەی 24 کاتژمێردا بڕیارەکە جێبەجێبکرێت. هەروەها، حکومەتى بەغدا بەم هەنگاوەوە ناوەستێت، پلانی هەیە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی کۆمپانیاکە وەکو هەنگاوی دواتر تاوتوێ بکات. ئەم رێکارانەی حکومەتی عێراق بەهۆی کێشەی باجەوەیە، بەغداد دەڵێت، باجی سەر کۆمپانیاکە گەیشتووەتە ملیارێک دۆلار، بەڵام کۆڕەک رێکارەکانی حکومەتی عێراق بە فشاری سیاسی دەزانێت.
هاوڵاتى هەپەگە ئاماری چالاکییەکانی گەریلای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، یەکینەکانی شەهید دۆغان زنار دووجار لیوای یەکی پاسەوانی سنووری دەوڵەتی تورک، جارێک شوێنی نیشتنەوەی هێلیکۆپەتەر لە شارۆچکەی ڕووبارۆک و هەروەها خاڵێکی ماوان بە فڕۆکەی کامیزاکی لەهەمان ناوچە کراون بە ئامانج و دەشڵێت: ئەم چالاکییانە وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکەی ڕانیەی دەوڵەتی تورک، کە لە ئەنجامدا هەڤاڵمان عەزیز کۆیلوئۆغڵو و هاوڵاتییانی دیکە شەهیدبوون. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکان پاراستنی گەل-هەپەگە، ئاماری چالاکییەکانی گەریلاکانی ئازادیی دژی سوپای داگیرکەری تورک و هێرشەکانی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، کاتژمێر ١١:٠٠ـی شەوی ١١ـی شووبات، یەکەینەکانی شەهید دۆغان زناری سەربە هێزەکانی پاراستنی ئاسمانی شەهید دەلال چوار چالاکی ئەنجامدا، دووجار بۆسەر لیوای یەکی پاسەوانی سنووری دەوڵەتی تورک لە شارۆچکەی ڕووبارۆکی ناوچەی شەمزینانی جۆلەمێرگ، جارێک بۆسەر شوێنی نیشتنەوەی هێلیکۆپەتر لە هەمان ناوچە و هەروەها خاڵێکی ماوان بە فڕۆکەی کامیزاک لەهەمان ناوچە کروان بە ئامانج. ئاماژەی بەوەشداوەم ئەم چالاکییانە، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکەی دەوڵەتی تورک کە ڕۆژی ٢٧ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ لە سنووری شارۆچکەی ڕانیە کرد و لە ئەنجامدا هەڤاڵمان عەزیز کۆیلوئۆغلو و سێ کەسی دیکەی مەدەنیمان شەهیدبوون. هەر لە راگەیاندراوەکەدا باس لەوەشکراوە، لە ١٠ و ١١ـی شووبات، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی بەهار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ دوو چالاکی و گۆڕەپانی بەرخۆدانی سنین لە گردی شەهید هێمن لە هەرێمی خواکورک چالاکییەک لە دژی داگیرکەران ئەنجامدراوە. ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ١١ـی شووبات تونێلەکانی گەریلا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاپ، جارێک بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومان کرا. هەپەگە سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورک ڕایگەیاندووە، لە نێوان ٨ بۆ ١٢ـی شووباتدا، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە گشتیی ٢٥ جار بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومانی هەرێمەکانی بەرخۆدانی خواکورک، قەندیل، گارە و زاپ کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا ڕایگەیاند، سەرەتای مانگی داهاتوو حکومەتێکی نوێ لەو وڵاتە پێکدەهێنرێت، هاوکات ئاشکرای کرد، بەمزووانە سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە و چەندین پرسی هاوبەش تاوتوێ دەکەن. لە کۆڕبەندێکدا لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی لوتکەی حکومەتی جیهانی لە دوبەی، ئەلشەیبانی ڕایگەیاند، “ئەو حکومەتەی لە سەرەتاى مانگی ئازاری داهاتوودا ڕادەگەیەنرێت، تا بتوانرێت نوێنەری گەلی سوریا دەبێت و ڕەچاوی فرەچەشنییان دەکات، هەروەها دەمانەوێت گەلی سوریا هەست بە متمانە بکات بۆ حکومەتەکە. دوای دوو ڕۆژ لە ڕووخانی بەشار ئەسەد لە 8ی کانونی یەکەم، ئیدارەی نوێی دیمەشق، محەمەد بەشیر کە ئەوکات سەرکردایەتی حکومەتێکی لە ئیدلب لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا دەکرد، تا 1ی ئادار سەرۆکایەتی حکومەتێکی چاودێرانی ڕاسپاردبوو. ئەلشەیبانی جەختی لەوە کردەوە کە گەلی سوریا “هاوبەشی گۆڕانکارییە”، ئاماژەی بەوەشکرد، “هەموو ئەو گۆڕانکاری و هەموارکردنانەی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا سەبارەت بە نەخشەڕێگای سیاسی کردوومانە، دەرئەنجام و ئیلهام وەرگرتن لە ڕاوێژکردن لەگەڵ پێکهاتەکان کە لە دەرەوەی وڵاتەوە هاتوون و هەروەها لە کۆمەڵگەی مەدەنی لە ناوخۆشەوە هاتوون”. شەیبانی لەبارەی عێراقەوە وتییشى "لە پەیوەندییە دەرەکییەکانماندا لەگەڵ هەر وڵاتێک رێز لە سەروەرییان دەگرین. لە دەرگاوە دەچینە نێو ماڵەکانەوە. پەیوەندی فەرمیمان لەگەڵ حکومەتی عێراقی هەیە، جگە لە رێز و خۆشەویستی هیچی دیکەمان نییە." هەروەها ئەوەشى خستەڕوو ناکەوینە داوی هەندێک، کە هانی تێکدانی ئەو پەیوەندییە دەدەن لەنێوان حکومەتی نوێی سووریا و عێراق. وتیشى: پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای هەڵوێستی فەرمی و دیپلۆماسی بنیات نراوە. پەیوەندییەکی نایابمان هەیە، بانگهێشتنامەیەکی فەرمیم پێگەیشتووە بۆئەوەی سەردانی بەغدا بکەم، شەرەفمەندم و بەمنزیکانە سەردانیان دەکەم. دوای ئەوەی لە ٢٩ى مانگى ڕابردوودا وەک سەرۆک کۆمار ڕاگەیەندرا، ئەحمەد ئەلشەرع بەڵێنیدا "بەیاننامەیەکی دەستووری" بۆ قۆناغی ئینتقالی دەربکات دوای پێکهێنانی "لیژنەیەکی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی یاسادانانی بچووک" و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی گەل. ئەلشەرا ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی پێویستی بە چوار بۆ پێنج ساڵ دەبێت بۆ ڕێکخستنی هەڵبژاردن. دوای گەیشتنی بە دیمەشق، ئیدارەی نوێ بڕیاری بەرفراوانی دا، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی هەموو گروپە چەکدارەکان، جگە لەو سوپا و خزمەتگوزارییە ئەمنییانەی کە لە سەردەمی پێشوودا هەبوون، هەڵوەشاندنەوەی دەستوور و هەڵوەشاندنەوەی مەجلیسی گەل و پارتی بەعس کە بۆ دەیان ساڵ حوکمڕانی وڵاتەکەیان کردبوو.
دادگای فیدراڵی عێراق، ئەو سکاڵایەی لەلایەن د.لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لەسەر هەریەكە لە محەممەد شیاع سودانی و تەیف سامی تۆماریکردبوو بۆ 18ـی ئەم مانگە دواخست. پێشتر هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندیەكان لە سەرۆكایەتی كۆمار ڕایگەیاندبوو لەبارەی پرسی موچەی فەرامبەران و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانەوە سكاڵایان لەسەر محەمەد شیاع سوادنی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و تەیف سامی وەزیری دارایی تۆماركردوە و بڕیارە ڕۆژی 12 ئەم مانگە دادگای فیدراڵی عێراق رێکارەکانی دەستپێبکات. بڕیار بوو ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی سکاڵایەکی لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق تاوتوێ بکات کە دژی سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی و تەیف سامی، وەزیری دارایی تۆماری کردووە، تێیدا داوا دەکات فەرمانێکی سالاری بەپەلە دەربکرێت و وەزارەتی دارایی پابەند بکرێت بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بۆ هەموو مانگەکانی پێشوو و داهاتوو. هاتنە سەر هێڵی لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق لەکاتێکدایە، یەکێک لەو ڕەخنانەی بەردەوام لەلایەن شەقامی هەرێمی کوردستانەوە دەگیرێت، بێ دەنگی بەرپرسانی کوردە لەبەغدا لە مەڕ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، ڕایگەیاند، "توشی سەرسوڕمان بووین بە بڕیارەکەی سەرۆک کۆمار بۆ تۆمارکردنی سکاڵا، چونکە ئێمە مووچەمان خەرج کردووەو هیچ لای ئێمە نەماوە." پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق پشکی کور دو بەرکەوتەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی ئەو حزبە هەڵوێستی فەرمییان لەبارەی سکاڵاکەی سەرۆککۆمار نەخستووەتەڕوو. سکاڵاکەی سەرۆککۆماری عێراق لەسەر سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق لەکاتێکدایە، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان یەکتری بە پابەندنەبوون بە ڕێککەوتنەکانی نێوانیان تۆمەتبار دەکەن، ئەمەش وایکردووە کێشەی بەردەوام بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دروست ببێت.
مزگەوتی گەورەی نوری موسڵ دوای پێنج ساڵ کارکردن تێیدا دواى ئەوەى لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامیەوە وێران کرا ئاوەدانکرایەوە. ڕیکخراوى یونسکۆ سەرکردایەتی ئاوەدانکردنەوەی کردوە ئەو پارەیەى بۆ نۆژەنکردنەوەکەى خەرجکرا لەلایەن حکومەتى ئیماراتەوە دابینکرایوو بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنە مێژووییەکان، دانیشتوانی ناوچەکە دڵخۆشن و شانازی دەکەن بەوەى جارێکى دیکە منارەو مزگەوتەکە نۆژەنکراوەتەوە. مزگەوتی گەورەی نوری موسڵ کە بە منارە مەیلەکەی ناسراوە کە ماوەی هەشت سەدەیە و لە ساڵی 2017 لەلایەن چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامیەوە وێرانکرا، نۆژەنکرایەوە، ئەمەش وەک پەرەپێدانێک بۆ دووەم شاری عێراق، لەکاتێکدا دوای چەندین ساڵ لە شەڕ ئاوەدان دەکرێتەوە. لە مینبەری ئەم مزگەوتەی سەدەی ناوەڕاستەوە لە ٤ی تەمموزی ٢٠١٤، ئەبوبەکر بەغدادی سەرۆکی دەوڵەتی ئیسلامی، خۆی بە ‘خەلافەت ڕاگەیاند کە بەشێک لە سوریا و عێراق دەگرێتەوە. دوای سێ ساڵ، گروپی توندڕەوی توندڕەو لە هەفتەکانی کۆتایی هەڵمەتێکی عێراقی کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرا، مزگەوتەکەیان ڕووخاند و جیهادییەکانی لە موسڵ دەرکرد کە پایتەختی دیفاکتۆیان لە عێراقدا بوو. شەڕی درێژخایەن و توندی شارەکان تا ڕادەیەکی زۆر شوێنەوارە مێژووییەکانی شاری دووەمی عێراقی بۆ داروپەردوو بچووک کردەوە. مەحمود تانۆن تەمەن 70 ساڵ، بەرگدروو و لە نزیک مزگەوتەکە دەژی و دوکانێکی بەرگدروو بەڕێوەدەبات کە ڕووی لە منارەی مزگەوتەکە کردووە، بە ئاژانسى ڕۆیتەرزى وت: دوو کوڕەکەم پێش ڕووخاندنی منارەی ئەلحەدبا کوژراون. ئاماژەی بەوەشکردووە، "کاتێک بینیم داڕما، هەستم بە خەمناکتر کرد لەوەی کە کوڕەکانم لەدەستدا". "سەیرکردنی دووبارە بەرزبوونەوەی منارەی حەدبە ڕۆژێکی خۆشە. هەست دەکەم شانازیمان بە هەمان شێوە بەرز دەبێتەوە." مزگەوتەکە بەناوی نورەدین زەنکیەوە ناونراوە کە فەرمانی بنیاتنانی دا لە ساڵی 1172 دوای یەکخستنی سوریا و چەند بەشێكی باکوری عێراق. منارە لولەییەكهی، کە پێكهاتبوو له چەندین چین خشتی به زهخرهفه نهخشێنراو، قوببەیەکی بچوکی سپیی لەسەربوو، چەند سهدهیهك بوو بنیاتنرابوو. منارهكه لەسەر پارەی 10,000 دیناریی عێراقی چاپكراوه و چەندین چێشتخانە و کۆمپانیا و تەنانەت یانەی وەرزشی بەناوەوە نراوە.
دوای بڕینی بڕی 100 هەزار دینار لە حانەنشینان سۆران عومەر، ئەندانی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە عێراق بە دووجۆر 100 هەزار دیناریی دەدرێت بەخانەنشینان، یەكەمیان بۆ ئەوانەیە موچەکانیان کەمترە لە 500 هەزار و دوەمیان بۆ ئەوانەیە موچەکانیان کەمترە لە یەک ملیۆن دینار. ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: داوای كردوە هەردوو جۆرەکە خانەنشینانی هەرێمیش بگرێتەوە، کە پێشتر هەرێم خۆی ئەمەی جێبەجێکردوە و داویەتی بە خانەنشینان، لەئێستادا عێراق دەڵێت ئەو 100 هەزارە نادەن. لەوبارەیەوە سۆران عومەر، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "داوای 100 هەزاری باشکردنی بژێوی ئاراستەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، تاکو ئەو بڕیارە خانەنشینانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە ئاماژەی بەوەشكرد، لە عێراق بە دوو جۆر 100 هەزار دیناریی دەدرێت بەخانەنشینان، یەکەمیان لەیاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق هەیە بۆ ئەوانەی موچەکانیان کەمترە لە 500 هەزار، ئەمە جێبەجێکراوەو بەردەوامە. باسی لەوەشدەکات کە دوەمیان بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە بۆ ئەوانەی موچەکانیان کەمترە لە یەک ملیۆن دینار، ئەم 100 هەزارەیان لەئێستەدا تەنها خانەنشینانی عێراق وەریدەگرن بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران. داوامکردووە ئەو 100 هەزارە خانەنشینانی هەرێمیش بگرێتەوە.
شا عەبدوڵڵا شای ئوردن دیدارەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ بە کۆبوونەوەیەکی "بنیاتنەر" ناوبردوە، هاوکات ترەمپ پێداگری دەکات کە ئەمریکا غەززە دەگرێتە دەست لەکاتێکدا چاوی بە شا عەبدوڵڵا کەوت. لە پۆستێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتى (ئێکس) شای ئوردن، نوسیویەتى: سوپاسگوزارە بۆ بەخێرهاتنی گەرمی لەلایەن ترەمپەوە، هاوکات دەشڵێت، ئەوان لەکۆبونەوەکەیاندا باسیان لە هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات کردووە. شا عەبدوڵا دەشڵێت: هەڵوێستی چەسپاوی ئوردنم لە دژی ئاوارەبوونی فەلەستینییەکان لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوا بۆ ترەمپ دووپاتکردەوە، ئەو وتیشى "ئەمە هەڵوێستی یەکگرتووی عەرەبە، ئاوەدانکردنەوەی غەززە بەبێ ئاوارەکردنی فەلەستینییەکان و چارەسەرکردنی دۆخی ترسناکی مرۆیی دەبێت لە پێشینەی کارەکانی هەمووان بێت". پاشاى ئوردن پابەندبوونی خۆی بە چارەسەری دوو دەوڵەتی وەک ڕێگەیەک "بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری ناوچەکە" دووپات دەکاتەوە. ئەوە یەکەم کۆبوونەوەیان بوو لە دوای ئەوەی ترەمپ پێشنیاری خۆی بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچەیە و گواستنەوەی دانیشتوانی دوو ملیۆن فەلەستینی بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە لە نێویاندا ئوردن ڕاگەیاند. سەرەتای ئەم هەفتەیە، ترەمپ پێشنیاری کردبوو کە دەتوانێت یارمەتییەکانی ئوردن و میسر ڕابگرێت، مەگەر ئەوان ڕازی نەبن بە وەرگرتنی ئەو غەززییانە. ئوردن کە هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ئێستاوە شوێنی نیشتەجێبوونی ملیۆنان فەلەستینییە و ئەو پێشنیازەی ڕەتکردووەتەوە. بەڵام لە قسەکانیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە ئۆفیسی ئۆڤاڵ، کە شا عەبدوڵڵا لە لای ڕاستی دانیشتووە، ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە گۆڕانکاری لەسەر بیرۆکەکەی ناکات کە بووە هۆی ئیدانەکردنی جیهانی کاتێک هەفتەی ڕابردوو پەردەی لەسەر لادا. سەبارەت بە غەززە وتی: "ئێمە دەیبەین. ئێمە دەیگرین. ئێمە بە نرخی دەزانین". ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد کە "هەلی کارێکی زۆر" لە سەرانسەری ناوچەکەدا دروست دەبێت ئەگەر دەستبەسەرداگرتنی ئەو خاکە وێرانبووە لەلایەن ئەمریکاوە ڕووبدات. ترەمپ زیادی کرد: پێموایە لە ئوردن و میسر پارچە زەوییەک دەبێت کە فەلەستینیەکان تێیدا بژین. ئاماژەی بەوەشکرد، باوەڕی بەوە نییە حەماس ڕۆژی شەممە وەک دوا وادە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دیاری بکات. ترەمپ درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: ئێمە زۆر بە باشی غەززە بەڕێوە دەبەین و نایکڕین فەلەستینییەکان لە شوێنێکی تر جگە لە غەززە بە سەلامەتی دەژین و دەزانم دەتوانین بگەینە چارەسەرێک.
سەرۆکی کاتی سوریا ئەحمەد شەرع لە لێدوانێکدا وتی باوەڕی وایە پلانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ بۆ گواستنەوەی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە و خاوەندارێتیکردنی کەرتەکە " تاوانێکی مەترسیدارە و لە کۆتاییدا شکست دەهێنێت." ترامپ پێشنیاری ئەوەی کردووە ئەمەریکا کەرتی غەززە بگرێت بە مەبەستی ئاوەدانکردنەوەی و گەشەپێدانی لە ڕووی ئابوورییەوە، ئەوەش دوای ئەوەی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە دەگوازرێنەوە. شەرع لە پۆدکاستێکی The Rest Is Politics ی بەڕیتانیاییدا وتی پێشنیارەکەی سەرۆکى ئەمریکا دۆناڵد ترامپ سەرکەوتوو نابێت. ئەو وتیشى: باوەڕم وایە هیچ هێزێک ناتوانێت خەڵک لە خاکی خۆیان دەربکات. زۆرێک لە وڵاتان هەوڵی ئەوەیان داوە و هەموویان شکستییان هێناوە، بە تایبەتی لە ماوەی جەنگەکەی ئەمدواییانەدا لە غەززە." سەرۆکى کاتى سوریا دەشڵێت: لە ماوەی 80 ساڵی ئەم ململانێیەدا، سەرجەم هەوڵەکان بۆ ئاوارەکردنییان شکستییان هێناوە، ئەوانەی کە ماونەتەوە لە بڕیارەکەیان پەشیمان بوونەتەوە. وانەی فەلەستینییەکان کە هەموو نەوەکان فێری بوون گرنگیی دەستگرتنە بە خاکی خۆیانەوە. هەریەک لە وڵاتانی میسڕ و ئوردن و وڵاتانی دیکەی عەرەبی بە توندی دژایەتی هەر هەوڵێکییان کردووە بۆ پاڵنان بە فەلەستینییەکانەوە بۆ ناو وڵاتانییان.
هاوڵاتى دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری دا کە سکاڵا دژی سێ یاسای تایبەت بە گەڕانەوەی موڵک و ماڵ، لێخۆشبوونی گشتی و باری کەسێتی ڕەت بکاتەوە و کار بە یاساکە بکرێت، ئەو سکاڵایانەى دژی سێ یاساکە ڕەت بکاتەوە. ئەمڕۆ سێ شەممە، بە مەبەستی تاوتوێی کردنی کۆمەڵێک سکاڵا لەوانەش سکاڵا دژی سێ یاسا کە ئەوانیش گەڕانەوەی موڵک و ماڵ، لێخۆشبوونی گشتی و باری کەسێتی بوو، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق کۆبوویەوە. رۆژی ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەریەک لە پڕۆژەیاساکانی باری کەسێتی، لێبوردنی گشتی، گەڕاندنەوەی زەوی زارە زەوتکراوەکان بۆ خاوەنەکانیان، پەسند کرا. پڕۆژە یاسای باری کەسێتی لەلایەن کوتلەکانی شیعە، پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتی لەلایەن سوننەکان و ھەروەھا پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوی زارە زەوتکراوەکان بۆ خاوەنەکانیان لەلایەن فراکسیۆنە کوردەکانەوە پێشکەش کرابوو. ڕۆژی سێشەممە ٤ی شوبات، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق، لەسەر بنەمای چەند سکاڵایەک، (فەرمانی وەلائی) بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە یاسانە، دەرکرد. دادگاکە بڕیاریشی دابوو کە تا ئەو کاتەی سکاڵاکان لەسەر یاساکان یەکلا دەکرێتەوە، کار کردن بە هەر سێ یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ، لێخۆشبوونی گشتی و باری کەسێتی هەڵپەسێردرێت. ئەو بڕیارەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ناڕەزایەتی ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی وڵاتەکەی لێکەوتبوویەوە و بە "نایاسایی" وەسفی کرد. ڕاگرتنی یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ ناڕەزایەتی کورد و لێخۆشبوونی گشتییش ناڕەزایەتی سوننەکانی لێکەوتبوویەوە. لە دانیشتنی ئەمڕۆدا، دادگای فیدڕاڵی عێراق دوای تاوتوێ کردنی سکاڵاکان، بڕیاری دا کە سکاڵا دژی سێ یاسای تایبەت بە گەڕانەوەی موڵک و ماڵ، لێخۆشبوونی گشتی و باری کەسێتی ڕەت بکاتەوە و لەمەولاوە کار بە یاساکە بکرێت.
سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترامپ، لەگەڵ پاشا عەبدوڵای ئوردندا کۆدەبێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆک ترامپ پێشنیارێکی کرد بۆ دووبارە گەشەپێدانەوەی غەززە و مەترسییەکانی بڕینی هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ وڵاتانی عەرەبی هاوپەیمانی ئەمەریکا ئەگەر ئەو وڵاتانە ڕەتی بکەنەوە هاووڵاتیانی فەلەستینی وەربگرن. بڕیارە ئێوارەى ئەمڕۆ (بەکاتى ئەمریکا) ڕۆژی سێشەممە، 11ی مانگی دوو ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجامبدرێت، ترامپ پێشنیاریکردوە ئەمەریکا کۆنتڕۆڵی غەززە بکات و دانیشتوانەکەی بگوازێتەوە و غەززە بگۆڕێت بۆ "ڕێڤیێرای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، وڵاتانی عەرەبیش کاردانەوەیەکی نەرێنییان هەبوو بۆ ئەو پێشنیارە. هاوکات ڕۆژی دووشەممە حەماس وتی ئازادکردنی بارمتە ئیسڕائیلییەکان ڕادەگرێت، وتی ئیسڕائیل ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەی بۆ کۆتایی هێنان بە هێرشەکانی پێشێل کردووە. دواتر ترامپ پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکەی کرد ئەگەر حەماس تاوەکو کۆتایی هەفتە سەرجەم ئەو بارمتانە ئازاد نەکات کە لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا لەلایەن حەماسەوە ڕفێندران. پاشا عەبدوڵا وتی هەر جووڵەیەک بۆ لکاندنی خاکەکە و ئاوارەکردنی فەلەستینییەکان ڕەت دەکاتەوە. ڕۆژی سێشەممە پێشبینی دەکرێت پاشا عەبدوڵا بە سەرۆک ترامپ بڵێت کە ئەو هەنگاوە ڕەنگە ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی توندڕەویی و بێسەروبەریی لە ناوچەکەدا، هەروەها ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ئاشتییەکەی ئوردن لەگەڵ ئیسڕائیلدا بکەوێتە مەترسییەوە. ترامپ ڕۆژی دووشەممە لە کۆشکی سپی سەبارەت بە پاشا عەبدوڵا وتی " پێم وایە پەنابەرەکان وەردەگرێت." کاتێک پرسیاری لێکرا لەسەر ئەوەی ئەگەر ئوردن و میسڕ پێشنیارەکەی پەسەند نەکەن، ئایا یارمەتییەکانی ئەمەریکا بۆ ئەو دوو وڵاتە ڕادەگرێت؟ سەرۆک ترامپ وتی " بەڵێ، ڕەنگە، بە دڵنیاییەوە، بۆ نا، ئەگەر ڕازی نەبن ئەوا یارمەتییەکان ڕادەگرم." ئوردن پێشترین میوانداریی زیاتر لە 2 ملیۆن ئاوارەی فەلەستینی کردووە لە نێو دانیشتوانە 11 ملیۆنییەکەیدا، دۆخ و دابینکردنی پێداویستی بۆ ئاوارەکان لە مێژە بوونەتە هۆی بێزاریی سەرکردایەتی وڵاتەکە. ماوەی چەندین دەیەیە ئوردن پشتی بە یارمەتییەکانی ئەمەریکا بەستووە لە ڕووی ئابووریی و سەربازیشەوە، لە ئێستادا ئەو یارمەتییانە ساڵانە دەگەنە زیاتر لە 1 ملیار دۆلار. لە ساڵی 1994 دا ئوردن پەیماننامەیەکی ئاشتی لەگەڵ ئیسڕائیلدا واژۆ کرد، بەڵام پەیوەندییەکانی لەگەڵیدا گرژ کردووە. سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی پێشنیارەکەی سەرۆک ترامپ شایەنی ئەوەیە هەوڵی بۆ بدرێت.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بە سەرۆكایەتی دادوەر محەمەد جاسم عەبود، لەکۆبوونەوەو گفتوگۆدایە، لەبارەی سێ یاسا مشتومڕاوییەکە؛ دادگاکە بڕیار لەسەر یاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان دەدات، پێش ئەم دانیشتنە، ئەو سکاڵایەى لەیەر هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتەکانی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوو رەتکرایەوە. ئەمڕۆ سێشەممە، 11ى شوباتى 2025، شەرمین بەهجەت خدر، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد لە دادگاى باڵاى فیدراڵییەوە پێمان راگەیێنرا کە سکاڵاى هەڵوەشاندنەوەى ئەو دوو وەزارەتە رەتکراونەتەوە. سکاڵاکان لەلایەن کەسێکەوە بە ناوى خالید مستەفا حوسێن تۆمارکرا بوون و پاساوەکانى بۆ ئەو دوو داوایە، پشتبەستن بوو بە هەردوو مادەى 103 و 104 ى دەستوور کە دەبێت ئەو جۆرە دامەزراوانە دەستەی سەربەخۆ بن نەک وەزارەت. بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان وتى: "دانیشتنى دادگە بۆ رەتکردنەوەى ئەو دوو سکاڵایە بەبێ دادبینى بووە، ئێمە لە وەڵامنامەکاندا ئاماژەمان بەوەدابوو کە ئەوە پرسێکى دەستوورى نییە تاوەکو لەو دادگەیە تانەى لێ بدرێت و لە تایبەتمەندی دادگەى فیدڕاڵى نییە، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکارى رەتکردنەوەى سکاڵاکانمان پێ رانەگەیێنراوە". وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینیى هەرێمى کوردستان بەگوێرەى یاسایەکى پەرلەمانى کوردستانى ساڵى 2007 پێکهێنراوە، وەزارەتى شەهیدان و کاروبارى ئەنفالکراوانى هەرێمى کوردستانیش بە گوێرەى یاسای ژمارە 8ى ساڵى 2006 پێکهێنراوە. ئێستا دانیشتنى دادگاى فیدراڵى بەڕێوەدەچێت کە تەرخانکراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو تانانەی کە لە دژی سێ یاساکە پێشکەش کراون.
لە دوو ڕۆژى ڕابردوودا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە کۆڕبەندی سەکۆ میوانداریدارى کراوە، لە دیدارەکەدا نزیکە ٧٠ ئەکادیمیی کوردستانیی و نێودەوڵەتیی بەشداریان کردوە عەبدى قسەی لەسەر ئەو ئاڵەنگارییانە کرد کە ڕۆژاڤا و هەسەدە و سووریا لە دوای ڕووخانی ئەسەد ڕووبەڕووی بوونەتەوە. شێرکۆ کرمانج، نوسەرى دیارى کورد یەکێک بووە لەبەشداربوانى کۆڕبەندەکە، لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بابەتێکى لەسەر نوسیوەو ناوەڕۆکى دیدارەکەى خستوەتەڕوو، لەبەشێکیدا دەڵێت: هەسەدە، یان کورد لە ڕۆژاڤا، حەز ناکەن ببنە ئۆپۆزسیۆن، چونکە شەڕ لە قازانجی کەس نییە. وتیشی ئێمە هەوڵ دەدەین پرسەکان بە گفتوگۆ و دیبلۆماسی چارەسەر بکەین. دەقى نوسینەکە جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی میوانی سەکۆ بوو چی گوت؟ لە چەند خاڵێکدا دەیخەمەڕوو شێرکۆ کرمانج دوێنێ شەو کۆڕبەندی "سەکۆ" میوانداری لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، کرد. لە دیدارەکە کە نزیکە ٧٠ ئەکادیمیی کوردستانیی و نێودەوڵەتیی بەشداریان کرد، بەڕێزیان قسەی لەسەر ئەو ئاڵەنگارییانە کرد کە ڕۆژاڤا و هەسەدە و سووریا لە دوای ڕووخانی ئەسەد ڕووبەڕووی بوونەتەوە. دواتریش وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری ئامادەبووانی بە دوورودرێژی دایە، کە بووە مایەی گفتوگۆیەکی پیشەییانە و ئەکادیمییانە. هەوڵدەدەم لێرە لە چەند خاڵێک کورتیان بکەمەوە بەڵام بە سەرنجێک دەست پێدەکەم: سەرنجەکە لە مێژە ڕەخنەیەکی زۆرم لە سیاسەتمەدارانی کوردستان هەیە، لەوەی کە ئامادەن چاوپێکەتن لەگەڵ ڕۆژنامەنووس و ئەکادیمییە ڕۆژئاوایی و عەرەبەکان بکەن بەڵام زۆر کەم لە سەکۆ و میدیا کوردییەکان دەردەکەون. مەزڵووم عەبدی پێناچێت لەو توخمە لە سیاسەتمەدارانی کوردستان بێت. ئەم هەلە دەقۆزمەوە بڵێم کە کۆڕبەندی سەکۆ دەرگای ئاواڵەیە بۆ هەموو سیاسەتمەدارانی کوردستان لە هەر حیزب و ڕێکخراوێک بن، بەڵی لە هەر حیزب و ڕێکخراوێک، ئێمە بەخۆشحاڵییەوە ئامادەین لە سەکۆ دیداری کراوە یان تایبەتیان بۆ ڕێکبخەین و هەلی قسەکردن و گفتوگۆیان بۆ بڕەخسێنین. ڕۆژاڤا و باشوور مەزڵووم عەبدی درکی بەو دابەشبوونە کردووە کە لەنێو ماڵی کوردییدا هەیە لە ڕۆژاڤای کوردستان. هەر ئەوەش بووەتە هۆکاری سەرەکی سەردانەکەی بۆ هەولێر. ئەو سەردانەکەی هەولێر و ڕۆڵ و دیدارەکەی لەگەڵ کاک مەسعود بارزانی زۆر بە ئەرێنی دیت و پێی وابوو کە سەرەتایەکی نوێ لە پەیوەندی نێوان باشوور و ڕۆژاڤاـیە. گوتیشی کە فەڕەنسییەکان هاوکارمانن لە پرس و پڕۆسەی دیالۆگی کوردی-کوردی. ئەو گوتی ئێمە ئیش لەسەر ئەوە دەکەین کە کورد، ئەوان و ئەنەکەسە، وەک یەک گرووپ لە دانووسانەکان لەگەڵ دیمەشق بەشدار بن، بەڵام پێناچێت تا ئێستا دانیشتنەکەی بارزانی و مەزڵووم، هەروەها هەوڵەکانی فەڕەنسا هیچ بەرهەمێکی ئەوتۆی هەبێت، بەڵام بەگشتی زۆر گەشبین بوو و پێی وابوو لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرهەمی دەبێت. مەزڵووم پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە لە ڕۆژاڤا یەک هێزی سەربازیی هەیە و هەر یەک هێزی سەربازیی دەمێنێتەوە و نایانەوێت هەڵەکانی باشوور لە پەیوەند بە فرەهێزی چەکداریی دووبارە بکەنەوە. ڕۆژاڤا و ئەمریکا مەزڵووم عەبدی گوتی پەیوەندی و هاوکاری ئێمە لەگەڵ ئەمریکییەکان مێژوو و بنەماکەی دەگەڕێتەوە بۆ شەڕ دژی تیرۆر، داعش. هاوکات، بوونی ئەمریکاییەکانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بە گرنگ دەزانی. گوتیشی ئەمریکییەکان زیاتر لەو ناوچانە هاوکاریمان دەکەن کە ناوچەی ناکوردیین. پێدەچوو مەبەستی ئەوە بێت کە ئەو شەڕ و بەرخۆدانەی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزا بەبێ هاوکاری ئەمریکییەکان ئەنجام دەدەن. لە پەیوەند بە مانەوە و دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا شتێکی ڕوونی نەگوت، پێناچێت هیچ شتێکی کۆنکریتیان لە ئەمریکییەکان، دوای هاتنی ترەمپ، بیستبێت لەسەر مانەوە یان دەرچوون. بەڵام گوتی ئێمە هێزێکین پێش هاتنی ئەمریکییەکان بوونمان هەبوو، بەدەرچوونی ئەمریکییەکانیش هەر دەمێنین. گوتی لەوانەیە دۆخەکە سەخت بێت بۆمان، بەڵام ئێمە کۆڵنادەین و بەرخۆدان بەردەوام دەبێت. کورد و دیمەشق مەزڵووم عەبدی سەردانەکەی بۆ دیمەشق بە ئەرێنی وەسف کرد و گوتی کە لەسەر خەتە گشتییەکان لێک تێگەیشتنمان هەبوو، بەڵام کەم باسی وردەکارییەکانمان کرد. بەکورتی، نیواونیوی دەدیت، واتە لەلایەک باش و لەلایەک خراپ. دڵی بە قسەکانی ئەحمەد شەرع خۆش بوو و پێی وابوو کە پێدەچێت گۆڕانکارییەک لە هەڵوێست و تێگەیشتنی ئەو کەسە دروست بووە، بەڵام هاوکات نیگەران بوو لە هەڵسوکەوتەکانی هەیئەی تەحریری شام و شەرع، بەتایبەتی لە پەیوەند بە بڕیاردان بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕێڤەبەریا خۆسەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و لایەنەکانی دیکە. ئەو پێی وابوو کە گرووپەگەلی جیاواز، کە زۆرینەیان سەلەفی و توندڕەو و لاپەڕ و جیهانیین، لەنێو هەیئەی تەحریری شام بوونیان هەیە و ئەگەری زۆرە کە کێشە بۆ گرووپە میانڕەوەکان دروست بکەن و دەوڵەت بەرەو ئاقاری حوکمی شەریعە ببەن. هەر لەو پەیوەندە گوتی ئەگەر بەو شێوەیەی کە تا ئێستا هەیئەی تەحریری شام ئیدارەی دەوڵەت دەدات بەردەوام بێت، بەتایبەتی بڕیاردانی تاکلایەنانە، ئەوە ئەوان بەشداری پڕۆسەی سیاسی ناکەن. هاوکات، ئەو دەیگوت کە هەسەدە، یان کورد لە ڕۆژاڤا، حەز ناکەن ببنە ئۆپۆزسیۆن، چونکە شەڕ لە قازانجی کەس نییە. گوتیشی ئێمە هەوڵ دەدەین پرسەکان بە گفتوگۆ و دیبلۆماسی چارەسەر بکەن. چارەسەر چییە؟ مەزڵووم عەبدی دەڵێت کە ئەوان نایانەوێت سووریا دابەش بکەن و لەو باوەڕەدان کە لە ڕێگەی لامەرکەزی دەتوانن چارەسەری نەک هەر پرسی کورد بەڵکوو هەموو گرووپە دینی و نەتەوەییەکانی دیکەی سووریا بکەن. سەرەڕای ئەوەی کە پرسیاری ئەوەی لێ کرا کە مەبەستتان چییە لە لامەرکەزی، بەڵام وەڵامەکەی زۆر ڕوون نەبوو. وا پێدەچێت ئەوەی ئەوان دەخوازن هەر جۆرێکە لە فیدڕالیزم بەڵام فیدڕالیزمێکی نانەتەوەیی بەڵکوو جوگرافی. هۆکاری ئەوەش وەک لەنێوان قسەکانی دەردەکەوتن دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بەشێکی زۆری خەڵکەکەی کورد نین، یان ناوچەی کوردستانیی نین. ئەوان ڕازین بەوەی کە هێزەکانی هەسەدە ببن بە بەشێک لە سوپای سووریا بەڵام بە مەرجێک کە هێزەکانی هەسەدە جۆرێک لە سەربەخۆییان هەبێت و گرووپێکی پەرشوبڵاو نەبن بەڵكوو لە ناوچەکانی خۆیان، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بمێننەوە. ئەم خاڵە و پرسی لامەرکەزی دووان لە خاڵە ناکۆکی لەسەرەکان لەگەڵ دیمەشق. من پێم وایە، ئەگەر دیمەشق ئەوە قەبوڵ بکات ئەوە ڕێڤەبەریا خۆسەری هەنگاوی بەرەو کۆنفیدراڵی دەنێت. مەزڵووم گوتی ئێمە پێشنیازی چەندین ساڵمان کردووە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی جێکردنەوەی هێزەکانی هەسەدە لەناو سوپای سووریا. دڵی بەوە خۆش بوو کە فشارێکی زۆر، بەتایبەتی لەلایەن هەندێک وڵاتی ئەوڕوپی، لەسەر حکومەتی دیمەشق هەیە. ئەو پێیوابوو ئەم فشارانە نەبێت، یان نەمێنن، حکومەتی سووریا لەوانەیە بە ئاقاری توندڕەوی هەنگاو بنێت. چارەنووسی داعش لە پەیوەند بە گیراوەکانی داعش، مەزڵووم گوتی کە ئەوان بێجگە لە داعشە سوورییەکان کەسی دیکەیان دادگایی نەکردووە، بەڵكوو دەیانەوێت ڕەوانەی وڵاتەکانی خۆیان بکەنەوە. بەڵام پێناچێت هیچ وڵاتێک بەدەم ئەو داوایەی هەسەدە هاتبن تا ئێستا. ئەو دەیگوت، ڕووخانی ڕژێم بووەتە مایەی بەهێزبوونی داعش چونکە چەک و تەقەمەنیان لە ئاکامی ئەو فەوزایەی سەری هەڵداوە لە سووریا بەدەستهێناوە و هەندێک کەس و لایەن پەیوەندیان پێوە کردوون. کورد و تورک مەزڵووم عەبدی تورکیای وەک هەڕەشەیەکی جددی وێنا دەکرد. ئەوە لە کاتێکدا کە وەک ئەو دەیگوت تورکیا ئێمە بەو شێوەیە دەبینێت. ئەو گوتی کە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە هەوڵی هێور کردنەوەی دۆخەکەیان داوە بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە قەناعەت بە تورکیا بکەن کە هێرش و هەڕەشەکانی ڕابگرێت. ئەگەر تورکیا ئێمەی مەشغولی شەڕێکی لابەلا نەکردبا، ئەگەری هەبوو کە هێزەکانمان جووڵەیان بکردابایە بەرەوە دیمەشق، مەزڵووم ئاوا وەڵامی پرسیارێکی دایەوە لەو پەیوەندەدا. تاکە گەشبینییەک لە پەیوەند بە کێشە و ململانێکان و پێکدادانەکانیان لەگەڵ تورکیا کە مەزڵووم عەبدی هەیبوو پڕۆسەی ئاشتی بوو لە تورکیا. ئەو پێی وابوو ئەگەر پڕۆسەی ئاشتی بەروپێش بچێت ئەوە ئەگەری زۆرە هەڵوێستی تورکیا لەبەرانبەر ئەوانیش بگۆڕێت. لە کۆتاییدا داوای لە هەموو ئەکادیمییانی کوردستان و ڕۆژئاوا کرد کە بە هەر جۆرێک بۆیان دەکرێت و گونجاوە فشار لەسەر حکومەتەکانی خۆیان بکەن هەم بۆ پشتیوانی لە ڕۆژاڤا هەم بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕناگێزییەکانی تورکیا و تاکڕەویی لە دیمەشق.
