هاوڵاتی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند کە دەستەی باڵای سەرژمێری گشتیی دانیشتوان پێکھێنراوەتەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری پلاندانان، محەمەد عەلی تەمیم سەرۆکایەتی دەکات. عەبدولزەھرە ھنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەتدا کە جەخت لە گرنگی سەرژمێریی گشتی دانیشتووان دەکاتەوە، دەستەی باڵای سەرژمێریی دانیشتووانیان کارا کردووەتەوە و محەمەد تەمیم وەزیری پلادانان وەک سەرۆکی دەستەکە دیاریکراوە. وتیشی، دەستەی باڵای سەرژمێری، کار بۆ دیاریکردنی وادەیەکی گونجاو بەڕێوەچوونی سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراق دەکات. باسی لەوەشکرد کە بڕیاروابوو مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٠، سەرژمێریی گشتی دانیشتووان لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەوکات بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پڕۆسەکە دواخرا و تائێستا ئەنجامنەدراوە. لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە پێکھێنانەوەی دەستەی باڵای سەرژمێری گشتیی بۆ دانیشتوان، رۆڵی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لەم پرۆژە نیشتمانییە گەورەیەدا لەبەرچاو گیراوە، ئاماژە بەوەیشدراوە کە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پێکھێنانی دەستەکەدا، بەسیفەتی چاودێر نوێنەرایەتی لە پێکهێنانی دەستەکەدا هەبووە، ھەروەھا نوێنەرانی زۆرێک لە وەزارەتەکان دەستە سەربەخۆکان، ھەروەھا ھەرێمی کوردستان، ژمارەیەک لە پسپۆران، راوێژکاران و مامۆستایانی زانکۆ تیایدا ئەندامن.
ئەمڕۆ دووشەممە 23ی1، حوسێن کەلاری، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی وتوە: "بەدووری دەزانین حکومەتی عێراق بتوانێت ئەمساڵ ئەو ئاوارانەی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانن بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و کەمپەکان دابخرێن؛ هۆکارەکەشی ئەوەیە هێشتا خەڵک ئامادەیی بۆ گەڕانەوە زۆر کەمە." حوسێن کەلاری وتوێتی: "هێشتا ژێرخانی ئابووریی ناوچە رزگارکراوەکانی دەستی داعش گونجاو نییە و کێشەی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییەکانیان هەیە، جگە لە نەبوونی دەرفەتی کار و کێشەی دیکە." بەپێی دوایین ئامار ، کە رۆژی 23ـ1ی2023 بڵاوکراوەتەوە، نزیكەی 665 هەزار و زیاتر لە 248 هەزار پەنابەر لە هەرێمی کوردستان هەن، واتە 913 هەزار ئاوارە و پەنابەر. حوسێن کەلاری باسی لەوەش کردوه: کە داواکارییەکی زۆریان لەلایەن ئەو ئاوارانەوە پێگەیشتووە کە لەنێو شارەکانی هەرێمی کوردستانن دەیانەوێت بچنە نێو کەمپەکان و "ئەوان دەڵێن ژیان لە شارەکان سەختە، بەڵام لە کەمپەکان کرێی خانوو نادەن و کۆمەڵێک قورساییان لەسەر نامێنێت." شایەنی باسه لەدوای هاتنی داعش و جەنگی ڕزگارکردنی ناوچەکانی لەو ڕێکخراوە ژمارەیەکی زۆر ئاوارە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و بەبیانوی خراپی دۆخی ئەمنی ئامادەن نین بگەڕێنەوه شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان.
هاوڵاتی دوو هونەرمەندی کورد بەهۆی ئەوەی لە ئاهەنگێکی هەدەپەدا لە شاری کۆجائەلی تورکیا گۆرانی کوردیان وتووە، دەستگیرکران. دوێنێ شەو لە ناوەندی رێکخستنی گەنجانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە شاری کۆجائەلی تورکیا ئاهەنگێک رێکخرا. گروپی موزیکی هەڤرا کە کۆمەڵێک هونەرمەندی کورد، بانگهێشتکران و گۆرانیان بە زمانی کوردی وت. دواتر پۆلیسی تورکیا دوو ئەندامی ئەو گروپەی بە ناوەکانی یوسف کەلەش و گەنجای مۆرکۆچ بەهۆی وتنی گۆرانی کوردی دەستگیر کرد. گروپی هەڤرا تویتێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و گرتنی هەردوو ئەندامی گروپەکەی پشتڕاست کردەوە و وتی، " دەسەڵات ناتوانێت خۆی لە بەرامبەر گۆرانیەکی کوردی رابگریت و لێرەوە دووبارەی دەکەینەوە کە فشارەکان ناتوانن رێگریمان لێبکەن." لەمبارەیەوە عومەر فاروق گەرگەریئۆغلۆ پەرلەمانتاری هەدەپە تویتێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی، " دوای ئاهەنگی رێکخستنی گەنجانی هەدەپە لە ناوچەی دارجای کۆجائەلی دوو ئەندامی گروپی هەڤرا بە ناوەکانی گەنجای مۆرکۆچ و یوسف کەلەش بەهۆی ئەوەی بە کوردی گۆرانیان وتووە، دەستگیرکران. لە کاتێکدا کە لە سەدەی ٢١داین، تاوەکو ئێستاش بەهۆی زمانەوە هاوڵاتیان دەستگیر دەکرێن. پێویستە ئەو هونەرمەندانە ئازاد بکرێن!
بۆ یەکەمجار لە مێژوی ئێراندا تمەن نزمترین بەهای بەرامبەر دۆلار تۆمار کرد و بانکی ناوەندیش هەشت خاڵی بۆ کۆنتڕۆڵی بازاڕی دراو راگەیاند و پۆلیسی ئابوریی ژمارەیەک کاسبکاری دەستگیر کرد. لەگەڵ داخستنی بازاڕەکانی ئێران لە ئێوارەی یەکشەممە بەهای یەک دۆلار لەو وڵاتە گەیشتە 45 هەزار و 300 تمەن کە ئەوەش دەبێتە بەرزترین بەهای مێژویی دۆلار لە بەرامبەر تمەنەدا. بانکی ناوەندیی ئێران بۆ کۆنتڕۆڵی بازاڕەکان راگەیەنراوێکی هەشت خاڵی بڵاو کردەوە و فرۆشتنی و کڕینی زیاتر لە 20 هەزار دۆلاری قەدەغە کرد. هاوکات هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر بازاڕەکانی دراو لە تاران و میدیاکانی دەسەڵات رایانگەیاند پێنج کاسبکاری نێوەندگیر(دەڵاڵ)ی بازاڕی دراو دەستگیر کراون. بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندوە؛ بەرزبونەوەی بەهای دۆلار و دراوە بیانییەکان یاریکردنە بە بازاڕ و دەستی نەیارانی وڵاتەکەی لەپشتە. پۆلیسی ئابوریی ئێران ئاشکرای کرد ئێوارەی دوێنێ لە هەڵمەتەکانیاندا دەستیان بەسەر یەک ملیۆن121 هەزار دۆلاردا گرتوە و چەند کەسێکیش دەستگیر کراون کە دەستیان لە یاریکردن بە نرخی دراوەکان هەبوە و هۆکارێک بون بۆ دابەزینی بەهای تمەن. دوای پەسندکردنی گەڵالەی بە تیرۆریست لەقەڵەمدانی سوپای پاسداران لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بەهای یەک دۆلار لە 41 هەزارتمەنەوە بۆ 44 هەزار تمەن بەرز بوەوە و پێشبینی دەکرێت ئەگەر یەکێتی ئەوروپا وەک رێکخراوی تیرۆریستی مامەڵە لەگەڵ سوپای پاسداران بکات ئەوا تمەن زیاترین دابەزین بەخۆیەوە ببینێت بە تایبەت کە 40٪ی ئابوریی ئێران بەدەست سوپای پاسدارانەوەیە.
هاوڵاتی دوای ئەوەی عەبدولمەجید تێبۆنی سەرۆکی جەزائیر ڕایگەیاند کە دەسەڵاتداران بۆیان دەرکەوتووە کە خێزانێک زیاتر لە 36 ملیار دۆلاریان دزیوە، دیسانەوە مشتومڕی لەسەر ئەو بڕە پارەیە دروست کردەوە کە دزابوو لە سەردەمی سەرۆک کۆماری کۆچکردوو عەبدولعەزیز بوتەفلیقە، کە 20 ساڵ حوکمڕانی وڵاتەکەی کرد. لێدوانەکانی تێبۆن، ڕۆژی پێنجشەممە، دوای مانگێک هات کە ڕایگەیاندبوو کە دەوڵەت هاوشێوەی نزیکەی 20 ملیار دۆلار کە پێشتر لە ناوخۆدا دزرابوو، پارەکانی تر دەگەڕێنێتەوە. تێبۆن ڕایگەیاند "گەلی جەزائیر لەم دواییانەدا ژمارەیەکی زۆر پارەی تاڵانکراوی دۆزیوەتەوە و گەڕاندوێتیەوە، تا ئەو ڕادەیەی کە تەنها خێزانێک 36 ملیار دۆلاری دزیبوو. ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەگەر ئەم پارەیە بەردەوام بووایە، جەزائیر دەبووە هێزێکی کیشوەری و دەریای ناوەڕاست و ئابووری دیکە". هەندێک لایەن وتارەکەی تێبۆنیان بە "لێدانێک دژی لە گەندەڵکاران" لەقەڵەم دا، لە کاتێکدا هەندێک پێیان وایە " کە قەبارەی پارەی دزراو بەشێوەیەکە بەشی نەوەکانی داهاتوو دەکات". بەڵام هەندێکی تر گومانیان لە قسەکانی سەرۆک کۆمار هەیە و پێیان وایە ئەو ژمارەیە زیادەڕەویی تیاکراوە. تێبۆن ڕاشیگەیاند: زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا دەستی هاوکارییان بۆ جەزائیر درێژ کردوە لەم ڕوەوە ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ هاوکاری لە پێناو گەڕانەوەی ئەو پارانە و گەڕاندنەوەی بۆ خەزێنەی دەوڵەتی جەزائیرکە لەماوەی10ساڵی ڕابردوو براوتە دەرەوەی وڵات لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، "پرۆسەکە بەردەوامە، هەروەها موڵک و ماڵ و هۆتێلی 5 ئەستێرە و ئەوانی تر لەناو شتە دزراوکانن، کە باقاچاغ براون ئاماژەی بەوەشکرد کە هەندێک پارە هەیە لە حسابی تایبەتین لە بانکەکانی لە سویسرا و لۆکسمبۆرگ و دوورگەکانی ڤێرجن".
هاوڵاتی ڕۆژی یەکشەممە بەهای " ڕیاڵی ئێرانی" لەبازاڕدا بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بۆ یەکەم جار ٤٥٠ هەزار ڕیاڵی تێپەڕاند، بەمەش ڕیکۆردی پێوانەیی شکاند لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکی دا. محمەد ڕەزا فەردین، جێگیری بەڕێوبەری بانکی ناوەندی ئێران، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، هۆکاری سەرەکی پشت هەڵاوسانی دراوەکان بانگەشەی میدیایی و گرژی وئاڵۆزیەکانی کۆمەڵگای ئێرانە. ئەمە لەکاتێکدایە کە دوای دوورخستنەوەی بەڕێوبەری بانکی ناوەندی ئێران، محەممەد ڕەزا فەرزین، جێگری عەلی ساڵح ئابادی سوێندی خواردبوو، ٢٨٥ هەزار ڕیاڵ بەرامبەر دۆلار بهێڵێتەوە بۆ هاوردەکردنی کەلوپەلی سەرەکی لە هەوڵێکدا بۆ ئەوەی نرخەکان لە ماوەی ڕێژەی هەڵاوسانی ٤٠٪ بە جێگیری بمێننەوە. لە گەڵ ئەوەشدا لە کاتێکدا نرخی ڕیاڵ لە ڕۆژی شەممەدا بەوجۆرە دابەزیووە، بانکی ناوەندی بانگەشەی ئەوەی کرد کە ٣٠٠ ملیۆن یۆرۆ (٣٢٦ ملیۆن دۆلار) لە پارەی ئێران لە عێراق وەرگیراوە، سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا و دەرزی لێدراوە بۆ بازاڕ.
به پێی زانیارییهكانی میدیای پارتی دیموکراتی کوردستان ، تۆمهتباری سهرهكی هێرشه چهكدارییهكهی مێردین كه تێیدا 5 هاووڵاتیی شاری دهۆك كوژران، ناوی ( ف. أ )ـه، خهڵكی نسێبینه لەزانیاریەکاندا هاتوە بکوژ له بەشی میکانیک لە کۆمەڵگهی ئەڤرۆستیی شاری دهۆک بۆ ماوەی چهند ساڵێك کاریکردووە بەپێی زانیارییەکان ، پهیوهندی لهگهڵ بنهماڵهی قوربیانیەکان هەبووه و ئاگەداربووە کە ئەو رۆژە پێنج هاووڵاتییەکەی دهۆک سەردانی تورکیا دەکەن و پێش ئهوان سهردانی مێردینی كردووه و پلانی كوشتنیان داناوه.
كاوە ڕەش/ بەریتانیا ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا ڕایگەیاندوە، گەورە داواكراوێكی كورد، كەسەرۆكی باندێكی قاچاغچیەتی كردن بوە بەكۆچبەری نایاساییەوە، لەكاتی گەشتكردنی لەئیستەنبوڵەوە بۆ فڕۆكەخانەی مانچستەر لەبەریتانیا، دەسگیركراوە. ئەو قاچاغچییە کوردە پێشتر لێكوڵینەوەی لەگەڵ كراوە، بەڵام بەر لەوەی ڕۆژی دادگایی بێت، لەحوکمەکەی هەڵاتبوو، بۆیە دوای گەڕانەوەی لەفڕۆكەخانە دەستگیرکرا. (ت، ن)تەمەن ٤٥ساڵ و دانیشتوی شارۆچكەی ئۆڵدهامە لەنزیك مانچەستەری بەریتانیا. ئەو بەتاوانی هێنانی كۆچبەری نایاسای لەعێڕاق و ئێرانەوە بەپشتی لۆری بۆ بەریتانیا لەدیسەمبەری ساڵی ڕابردوو، بەغیابی سزای هەشت ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە لەگەڵ چوارهاوكاری دیكەی لەباندەكەی. دادگا پێشتر گوێبیستی كەیسی ئەو تاوانبارە بووە، کەچۆن لە ساڵی ٢٠١٧وە بۆتە بابەتی لێکۆڵینەوەی دەزگای تاوانی نیشتمانی، بەریتانیا. هەروەها ئەو سەرۆکایەتی گروپێکی ڕێكخراوی تاوانکاری كردوەو کەدەستیان هەبووە، لەگواستنەوەی کۆچبەری نایاسایی لەعێراق و ئێرانەوە بۆ بەریتانیاو لەپشتی لۆریە بارهەڵگرەکاندا شاردویانەوە. دوای ئەوەی لە٩ دیسەمبەری ساڵی ٢٠٢٢ ئامادەنەبووە لەڕۆژی دادگای كردنی، فەرمانی دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە دەرچووە. دواجاریش ڕۆژی هەینی ٢٠ی كانونی دووەمی ٢٠٢٣ لەكاتی گەشتكردنی لەئیستەنبوڵەوە بۆ فڕۆكەخانەی مانچستەر دەستگیركراوە. بڕیاربوو ڕۆژی (21ی 1) بۆ ماوەیەکی کورت لەبەردەم دادگای مانچستەر ئامادەبێت، بەڵام وا پێدەچێت ڕۆژی دووشەممە 23ی 1 بگەڕێنەوە دادگای شاهانەو بەشێوەیەكی فەرمی سزاكەی بەسەردا بسەپێنرێت. ڕیچارد هاریسۆن، بەرپرس لەئاژانسی تاوانی نیشتیمانی ئاماژەی بەوەكردووە، كە تۆمەتبارەكە، قاچاغچیەكی مەترسیدارو گەورە بووە، کەگروپی تاوانكاری کۆچبەرانی لەبەر دەست بووە، ئەو بۆ دەستكەوتی ماددی سودی لەكۆچبەرە لاوازەکان بینوەو هیچ دەربەستی مەترسییەكانی سەرژیانی كۆچبەران نەبووە، بەڵكو ئامانجی تەنها كۆكردنەوەی قازانجی ماددی بووە. ئەو بەرپرسە دەڵێ، خۆشحاڵم کەئێستا ڕووبەڕووی دادگایی كردن دەبێتەوە لەسەر ئەو تاوانانەی کەئەنجامی داون. هەروەها دەشڵێت، تاوانبارە هەڵاتووەکان هەرگیز لەژێر چاودێری ئێمە دەرناچن و لەهەر شوێنێك بێ شوێن پێیان هەڵدەگرین. تیشی: دەمەوێ زۆرسوپاسی هاوکارەکانمان بکەم لەپۆلیسی فڕۆكەخانەی مانچستەر، بۆ هاوکاریکردنیان و دڵنیابوون لەوەی کەبەخێرایی ئەو تاوانبارەیان دەستگیركردوە لەكاتی گەڕانەوەی بۆ بەریتانیا.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەسەر بە تیرۆریست لەقەڵەمدانی سوپای پاسداران هۆشداریی دەداتە سوپای وڵاتانی ئەوروپا و رۆژنامەیەکی کۆماری ئیسلامیش هەڕەشەی راگرتنی پەیوەندییە سیاسی و بازرگانییەکان دەکات. محەمەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند؛ وڵاتەکەی کاردانەوەی دژی سوپای وڵاتانی ئەوروپا دەبێت ئەگەر سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا. قاڵیباف رایگەیاند؛ لە بەرامبەر هەنگاوەکانی ئەوروپا، ئێران رێوشوێنی تایبەت دژی سوپای وڵاتانی ئەندامی ئەکێتی ئەوروپا لە ناوچەکە دەگرێتەبەر و ئامادەکاریی دەکات بۆ کاردانەوەی گونجاو لەبەرامبەر هەنگاوەکانی ئەوروپا. پێشتر ژمارەیەک لە پەرلەمانتاری ئێران رایانگەیاندبو؛ ئەگەر ئەوروپا هەنگاوەکەی بۆ بەتیرۆریست لەقەڵەمدانی سوپای پاسداران بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە ئەوا پەرمانی ئێران سوپای وڵاتانی ئەندانی یەکێتی ئەوروپا دەخاتە لیستی تیرۆری کۆماری ئیسلامیەوە. لە لایەکی دیکەوە رۆژنامەی کەیهان کە زمانحاڵی باڵی توندڕەوی کۆماری ئیسلامی ئێرانە؛ نوسیویەتی ئەگەر سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا دەبێت سەرجەم پەیوەندییە سیاسییەکان و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەوروپا راگیرێت.
وەزارەتی بازرگانی عێراق محمد حەنون رایگەیاند، وەزارەتی بازرگانی کۆگاکانی ئامادەکردووە بۆ خستنە بازاڕی کەلوپەلە خۆراکییە سەرەکییەکان بە نرخی پاڵپشتیکرا و بۆ بریکارەکان، لە رۆژی یەک شەممەوە تەبەقێک ھێلکە بە 4 ھەزار و ٧75 دینار و فەردەیەک ئارد بە ٤٠ ھەزار دینار بۆ بریکارەکان دابین دەکات، نرخەکان بەو شێوەیە جێگیر دەبێت. ئەوت ئەوەشی ڕاگەیاند، بریکارەکان دەتوانن بەو نرخە دیاریکراوە ھێلکە و ئارد لە کۆگاکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی عێراق بکڕن، ئەوەش بەمەبەستی دابینکردنی کەلوپەل و خۆراکە بە نرخێکی گونجاو بۆ ھاووڵاتیان. وتەبێژەکەی ئەوەشی وت، بڕیارە لە داھاتوودا نرخی مریشک ھەرزان بکەن بە شێوەیەک نرخی کیلۆیەک مریشک بۆ نیوەی نرخی ئێستا دابەزێنرێت ھەوڵەکانیش بەردەوام دەبن بۆ جێگیرکردنی نرخی خۆراکەکانی تر. لەدێژەی قسەکانی ئاماژەی بەوەشدا، تیمەکانی چاودێری وەزارەتی بازرگانی و نوێنەرانی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ئابووری لە وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، چاودێری بازاڕ دەکەن و لێپێچینەوەی یاسایی دەکەن لەحاڵەتی دەستکاریکردنی نرخەکان.
هاوڵاتی هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، سوتاندنی قورئاناین لەبەردەم کونسوڵخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید شەرمەزار کرد و ئاماژەیان بەوەدا کە لەدژی هەرجۆرە هەوڵێکن بۆ دژایەتیکردنی ئایینەکان. پەروین بوڵدان و میدحاد سانجار هاوسەرۆکانی هەدەپە بەجیا دوو تویتیان لەبارەی سووتاندنی قورئان لەلایەن راستڕەوێکی دانیمارکی – سویدی بڵاوکردەوە. پەروین بوڵدان لە تویتەکەیدا نووسیویەتی، " هێرشکردنە سەر هەر پیرۆزی و ئایینێک قبوڵ ناکرێت. ئیدانەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز، کتێبی پیرۆزی باوەڕی ئیسلام لە سوید دەکەین. ئێمە دژی هەموو جۆرە قسە و کردارێکی جەمسەرگەرین کە گەلان و ئایینەکان رووبەرووی یەکدی دەکەنەوە." هەروەها میدحاد سانجاریش ئاماژەی بەوەکرد، " ئێمە بە توندی ئیدانەی هێرشکردنە سەر قورئانی پیرۆز لە سوید دەکەین. هێرشکردنە سەر بیروباوەڕ و پیرۆزیەکان بە هەموو پاساوێک رەت دەکەینەوە. ئێمە دژی هەموو جۆرە کارێکین کە گەلان و ئایینەکان دابەش بکات و دوژمنایەتیان بکات." راسمۆس بالۆدان کە سەرکردەی پارتێکی توندڕەوە، دوێنێ لەبەرامبەر کۆنسوڵخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، نوسخەیەکی قورئانی سووتاند، لە بەرامبەر دژایەتیکردنی تورکیا بۆ ئەندامیتی سوید لە ناتۆدا. ئەوەش کاردانەوەی توندی بەرپرسان و پارتە سیاسیەکان تورکیای بەدوای خۆیدا هێناوە.
لە گەڕەکی شێخمەقسوودی پارێزگای حەلەبی سوریا، باڵەخانەیەکی کوردان داڕما و بەوهۆیەوە ٧ کەس گیانیان لەدەستدا و هەڵمەتی گەڕان بەدوای نزیکەی ١٥ کەس بەردەوامە. کاتژمێر دوو و جارەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، باڵەخانەیەکی حەوت نهۆمی لە گەڕەکی شیخمەقسوودی پارێزگای حەلەب کە بە گەڕەکی کوردەکان دەناسرێت داڕما. بەگوێرەی ئاژانسە هەواڵیەکانی رۆژئاوای کوردستان، ٣٠ کەس لەو باڵەخانەیەدا دەژیان. بەگوێرەی ئامارەکان تاوکو ئیستا تەرمی ٧ کەس دەرهێنراون و ١٠ کەسیش رزگارکراون. هەوڵی تیمەکانی بەرگری شارستانی گەڕەکەکە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی یەکینەکانی پاراستنی گەلدایە و خەڵکی گەڕەکەکە بۆ رزگاکردنی نزیکەی ١٥ کەس بەردەوامە. بەگوێرەی زانیاریەکان، باڵەخانەکە بەهۆی شەڕی ١١ ساڵەی سوریاوە زیانێکی زۆری پێگەیشبوو و بەوهۆیەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ داڕماوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ساڵی 2022ی زایینیدا لانی کەم 52 هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی حکوومەت لە شارەکانی کوردستان و شارەکانی دیکەی ئێران لە سێدارە دراون کە تاکوو ئێستا ناسنامەی 51 کەسیان ئاشکرا بوە. ئەو ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ٤ حاڵەت واتە ٨٪ زیادی کردووە. بەپێی ڕاپۆرتەکە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا بەندکراوێکی سیاسیی کورد بە ناوی فیرووز مووسالوو و خەڵکی کۆتۆل سەر بە شاری خۆی، سەرەڕای ئەوەی کە لە سەرجەم پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و لانی کە بەپێی پێوەری یاسا ناوخۆیییەکانی کۆماری ئیسلامی بێبەری بوو، لە سێدارە درا. بەپێی ئەم بەڵگەنامانەی کە لە بەردەستدایە، ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی ملهوڕانە نەیانهێشتووە دۆسیەکەی بنێردرێت بۆ دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی و لە کۆتاییدا لە سێدارەیان داوە. هەروەها لەو ساڵەدا دوو ژن بە ناوەکانی فەرانەک بەهەشتی و سوهەیلا عابیدی کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەکانی حکوومەت لە شارەکانی سنە و ئورمیە سزاکەیان جێبەجێ کران و لەسێدارەدران. جیاکردنەوە بە پێی تۆمەتەکان بەپیی ئاماری ڕێکخراوەکە بەم شێوەیه؛ سیاسی: 1حاڵەت، $2ی کۆی حاڵەتەکان کوشتنی بەئەنقەست: ٣٤ حاڵەت، ٥٦٪ی کۆی حاڵەتەکان تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان: 15 حاڵەت، %29ی کۆی حاڵەتەکان دزیی چەکدارانە: ٢ حاڵەت، ٤٪ ی کۆی حاڵەتەکان بەپێی بەڵگە کۆکراوەکانی تیمی یاساییی هەنگاو، زۆرترین ژمارەی لە سێدارە دراوان لە بەندیخانەکانی ئورمیە و خوڕەمئاوا بووە کە هەر کامیان 9حاڵەت تۆمار کراوە. هەروەها لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە ئیلام و کەرەج هەر کامیان 8 حاڵەت، کرماشان 6 حاڵەت، ئەراک 5حاڵەت، سنە 4حاڵەت و بەندیخانەکانی حکوومەت لە ئەلیگوودەرز، میاندواو و یەزد هەر کامیان یەک حاڵەتی لەسێدارەدان تۆمارکراوە.
لە ساڵێکدا 45 هەزار کەس لە پایتەختی ئێران بەهۆی پیسبونی کەش و هەوا گیانیان لەدەست دەدەن. محەمەدسادق حەسەنوەند، سەرۆکی ناوەندنی توێژینەوە لە پیسبونی کەش و هەوا لە ئێران ئاشکرای کردوە پیسبونی ژینگەی تاران شەش هێندەی پێوەرە جیهانییەکان و ئەوەش قوربانیی زۆری لێدەکەوێتەوە. حەسەنوەند وتویەتی: لە رابردودا ساڵانە 300 هەزار ئۆتۆمبێل نوێ جێگای ئۆتۆمبێلە کۆنەکانیان دەگرتەوە بەڵام لە ئێستادا ئەو پڕۆسەیە لە سفر نزیک بوەتەوە هیچ ئۆتۆمبێلێکی کۆن لەناوبرێت و لەسەر شەقامەکان ژینگە پیس دەکەن. ئێران شەشەم وڵاتی جیهانە لە روی بونی غازە زیانبەخشەکانەوە و بە نوێترین توێژینەوە رێژەی غازی دوانۆکسیدی کاربۆن لە وڵاتە گەیشتوەتە 750 ملیۆن تەن و بەوەش زیاترین رێژەی ئەو غازەی دوای چین، ئەمریکا، ژاپۆن، هندستان و روسیا تۆمار کردوە. سزا نێودەوڵەتییەکان ئێرانی ناچار کردوە نەوتی رەش بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاربهێنێت و ئەوەش پیسبونی کەش و هەوا و ژینگەی وڵاتەکەی بە تایبەت تارانی پایتەختی زیادتر کردوە.
هاوڵاتی لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی هەینی لەبەردەم باڵوێزخانەی تورکیا لە سوید، سیاستەمەداری ڕاستڕەوی سویدی-دانیمارکی ڕاسموس پالودان کۆپیەکی لە قورئان سوتاند، ئەوەش ناڕەزایی تورکیای لێکەوتەوە وبەهۆیەوە سەردانەکەی وەزیری بەرگری سویدی هەڵوەشاندەوە. خۆپیشاندانەکان دژی ناڕەزایی و بیانووەکانی تورکیا بۆ ڕێگریکردن لە بەئەندامبونی سوید لە هاوپەیمانی ناتۆ بەڕێوەچوو.