هاوڵاتی پێگەی هەواڵی ئەمیرکەبیر بڵاویکردووەتەوە، سەرۆکایەتی زانکۆی ئەمیرکەبیر لە تاران 100 کەس لە چالاکانی خوێندکاری ئەو زانکۆیەی دەرکردووە و لە مافی خوێندن بێبەری کراون. دوو هەفتە لەمەوبەر 50 خوێندکاری ئەو زانکۆیە بانگ کرابوونە بەشی ئەمنی زانکۆ و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوەو هەڕەشەی دەرکردنیان لێکراوە. لە ساڵی رابردوودا و پاش دەستپێکی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و بەشداری چالاکانەی زانکۆ و خوێندکاران لەو شۆڕشەدا، سەدان مامۆستای زانکۆ و خوێندکار بە هۆی بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانەکان، یان پشتیوانیکردن لە خواستی خۆپیشاندەران لەسەر کار دەرکراون و بەشێکی زۆریان وڵاتیان بەجێ هێشتووە.
نەخۆشخانەکانی غەززە ئەمڕۆ هۆشداری داخستنی سەرجەم بەشەکانی نەخۆشخانەکانیان دەدەن، ئەوەش دوابەدوای ئاگاداریەکی نەتەوەیەکگرتوەکان لەبارەی نەمانی سوتەمەنی. شەوی ڕابردوو هەشت بارهەڵگری فریاگوزاری دیکە کە خۆراک و ئاو و دەرمانیان هەڵگرتبوو، لە میسرەوە چونە ناو غەززە، بەڵام دامەزراوەکانی فریاگوزاری دەڵێن، ڕۆژانە لانیکەم ١٠٠ بارهەڵگر پێویستە. نەخۆشخانەکانی غەززە ڕایانگەیاندووە ئەگەر سوتەمەنی تازەیان پێ نەگات، سەرجەم بەشەکانی نەخۆشخانەکانیان دادەخەن جگە لە بەشی فریاکەوتنی خێرا، نەتەوەیەکگرتوەکانیش ڕایگەیاند ئەگەر ئەمشەو سوتەمەنی و هاوکاری نوێ نەگات کارەکانیان ڕادەگرن. هاوکاتیش ئیسرائیل گەیاندنی سووتەمەنی نوێ بۆ غەززە ڕادەگرێت، بەڵام حەماس تۆمەتبار دەکات بەوەی سەدان هەزار لیتری سووتەمەنی کۆکردۆتەوە. بەپێی ڕاگەیندراوەکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل زیاتر لە شەش هەزار کەس کوژراون.
هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە ئەمشەو دووموشەك لەناو بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد كەوتووەتە خوارەوە. ڕۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە لە هێرشێکی دیکەدا دوبارە ئەمشەو دوو موشەک لەناو بنکەی ئاسمانی عەین ئەلئەسەدی عێراق کەوتونەتە خوارەوە و یەکێک لە سەرچاوەکان بەو ئاژانسەی ڕاگەیاندووە موشەکەکان قەبارە گورەبوون ونزیکەی 50 کیلۆمەتر لە باشوری خۆرهەڵاتی بنکەکەوە کەوتونەتە خوارەوە. ئەو هێرشە لەدوای پەیامەكەی محەمەد شیاع سودانی, فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق دێت, كە هێزە ئەمنیەكانی راسپارد, ئەو كەسانە دەستیگربكەن, بنكە سەربازییەكان دەكەنە ئامانج, كە هێزەكانی ئەمریكای میوانداری كردووە. هاوکات دوای ئەوەشدێت کە هێزەکانی ئەمریکا بڕیاریدا رێوشوێنی نوێ بگرێتەبەر بۆ پاراستنی ھێزەکانی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، یەکێک لە رێوشوێنەکان بریتییە لە کۆکردنەوەی زانیاری ھەواڵگریی لەرێگەی درۆن و کامێرای چاودێرییەوە و یەکێکی دیکە لە رێوشوێنەکان بریتییە لە توندکردنەوەی رێوشوێنەکانی چونە ناو بنکە سەربازییەکان. لە دوای سەرهەڵدانی گرژییەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و هێزەکانی سەر بە بزوتنەوەی حەماس لە رۆژی 7ی مانگی (تشرینی یەکەم/10) گروپە چەکدارییەکانی عێراق چەندین هێرشی ئاسمانیان ئاڕاستەی بنکەی سەربازی هێزەکانی ئەمریکا کردوە.
هاوڵاتی ئیمانیۆل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای کرد هاوپەیمانی دژی داعش دژی حەماس شەڕ بکەن و دەشڵێت، "فەرەنسا لەگەڵ ئیسرائیلە." بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 24ی تشرینی یەکەمی 2023، ئیمانیۆل ماکرۆن گەشتە تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل بۆ پیشاندانی "پشتگیری تەواوەتی" فەرەنسا بۆ ئیسرائیل دژی حەماس. ماکرۆن لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆبوویەوە و رایگەیاند تیرۆریزم "دوژمنێکی هاوبەشی" ئیسرائیل و فەرەنسایە و ئیسرائیل "بەتەنها نییە." سەرۆکی فەرەنسا پێشنیاری ئەوەی کرد "هاوپەیمانی دژی داعش دژی حەماسیش شەڕ بکەن"، و باسی لەوەشکرد سەقامگیری تەنها کاتێک دێتە دی ئەگەر ئیسرائیل رێ بە "رێگەشێوازێکی سیاسی بدات لە ململانێی ئیسیرائیل لەگەڵ فەڵەستینییەکان." هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە ئەیلولی 2014 بە سەرکردایەتی ئەمریکا دامەزرا و 84 وڵات ئەندامن تێیدا.
هاوڵاتی وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، لە چەند هێرشی ئەم دواییانەدا بۆ سەر بنکەکانیان لە عێراق و سوریا ئێران "بەکردەیی ئاسانکاری کردووە" تییاندا و سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی کردووە بەشێوەیەکی دروست وەڵامی هێرشەکانی داهاتوو بدرێنەوە. جۆن کێربی، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، لە هەفتەی رابردوودا ئەو هێرشانە زیادیان کردووە و واشنتن ناهێڵێت ئەم هێرشانە بە ئاسانی تێپەڕێت، هەرچەندە ئێران دەیەوێت "نکوڵی لێ بکات." لەدوای هێرشە لەناکاوەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی ئەم مانگە، هێرش بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا زیادیان کردووە. لەماوەی هەفتەی رابردوو و ئەم هەفتەیەش چەند جارێک هێرشکرایەسەر بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق و چەند بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە سوریا. تەنانەت جارێکیش هێرشکرایەسەر بنکەی سەربازی هەریر لە هەولێر کە هێزی ئەمریکای تێدایە. جۆن کێربی لەسەر هێرشەکان دەڵێت، "دەزانین کە ئێران لەنزیکەوە چاودێری ئەم رووداوانە دەکات و لە هەندێک رووداوەکاندا بەکردەیی ئاسانکاری بۆ ئەم هێرشانە دەکات و هانی لایەنی تر دەدات کە رەنگە بیانەوێت ململانێکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان یان ئێران بقۆزنەوە." بەهۆی ناجێگیری دۆخەکەوە، رۆژی یەکشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2023، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری بە هاوڵاتیانیدا کە سەردانی عێراق نەکەن لەبەر چەند هۆکارێکی مەترسیدار کە یەکێک لەوانە هێرشە بۆ سەر هیزەکانی وڵاتەکە لە عێراقدا. لە ئاگادارییەکەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "سەردانی عێراق مەکەن بە هۆکاری هەبوونی تیرۆریزم، رفاندن، ململانێی سەربازی، پشێوی ناوخۆیی و توانای سنورداری ئەرک [بالیۆزخانە و کونسوڵخان]ی ئەمریکا بۆ پارێزگاریکردن لە هاوڵاتیان."
هاوڵاتی بزووتنەوەی حەماس دوو بارمتەی دیکەی ئازادکرد کە لە غەززە لە فەلەستین دەست بەسەر کرابوون. خاچی سووری نێودەوڵەتیی پشتڕاستیکردەوە بزووتنەوەی حەماس دوو ژنی بارمتەی دیکەی ئازادکرد کە لە غەززە لە فەلەستین دەست بەسەر کرابوون و ئەو ڕێکخراوە بەشداربوون لە پرۆسەی ڕزگارکردنیان و ئەمشەو لە غەزەوە گواستراونەتەوە. هەر لەو بارەیەوە وتەبێژی لیواکانی قەسامی سەر بە بزتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئەو دو بارمتەیەی لە ماوەی رابردو لەلایەن ئیرسائیلەوە رەتکرایەوە وەریبگرنەوە بە ناوەکانی نوریت ئیزحاک و یۆهید لیفشیتەزمان ،ئەمڕۆ ئازادکران و وەرگیرانەوە. ئەو وتەبێژە وتیشی" ئیسرائیل لە ڕۆژی هەینیەوە ڕەتی دەکاتەوە پێشوازییان لەو بارمتانە بکاتەوە بەڵام ئێمە بڕیارماندا ئازادیان بکەین لەسەر بنەمای مرۆیی و تەندروستی." بەمەش ژمارەی بارمتە ئازادکراوەکان تا ئێستا دەگاتە چوار لە کۆی گشتی 222 کەس، پێشتریش دایک و کچێکی بە ڕەگەز ئەمریکی-ئیسرائیلی جودیث و ناتالی ڕەنان ڕۆژی هەینی لە لایەن حەماسەوە ئازادکران. هاوکات بە پێی ئەو زانیارییانەی میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردۆتەوە نزیکەی 50 هاوڵاتی بیانی و دوو ڕەگەز کە لەناو بارمتەکاندان ئەگەری ئازادکردنیان هەیە بە نێوەندگیری قەتەر، سەرچاوەکان باسلەوەشدەکەن گفتوگۆکان بەردەوامن سەبارەت بە ئازادکردنی تەواوی هاوڵاتییە مەدەنییەکانی ناو بارمتەکانی لای حەماس بەڵام هێشتا هیچ پێشکەوتنێکیان نییە. هێرشەکانی ئیسرائیل لەدوای ئەو هێرشەی حەماس دەستیپێکرد کە لە 7ی ئەم مانگە ئەنجامیدا بۆ سەر ئیسرائیل و تێیدا چەکدارانی حەماس چوونە نێو وڵاتەکەو نزیکەی 222 بارمتەیان دەستگیرکرد هاوکات حەماس باس لە ئازادکردنی بارمتەی زیاتر دەکات لە بەرامبەر ئاگربەست و هاتنی هاوکاری زیاتر بۆ غەزە و ئیسرائیل ڕەتی دەکاتەوە هەر ئاگربەستێک هەبێت لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی چڕتر دەکاتەوە.
هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر هێزەکانیان لە بنکەی سەربازی تەنەف لە سوریا، بەڵام هیچ زیانی نەبوە و پوچەڵکراوەتەوە، جگە لەوەی هەر ئەمڕۆ هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازی مالکیة لە حەسەکە. پاتریک رایدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پێنتاگۆن" لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکراوەتە سەر هێزە ئەمریکییەکان لە بنکەی سەربازی تەنەف لە سوریا. لە دوای سەرهەڵدانی گرژییەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و هێزەکانی سەر بە بزوتنەوەی حەماس لە رۆژی 7ی مانگی (تشرینی یەکەم/10) گروپە چەکدارییەکانی عێراق چەندین هێرشی ئاسمانیان ئاڕاستەی بنکەی سەربازی هێزەکانی ئەمریکا کردوە تەنها لە عێراق و هەرێم حەوت جار هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا، بەڵام زۆربەیان زیانیان کەمبوە یاخود پوچەڵکراونەتەوە، هێرشەکانیش بۆ سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەدی پارێزگای ئەنبار و بنکەی سەربازی هەریر لە پارێزگای هەولێر بوە. هاوکات رۆژی (22ـی تشرینی یەکەمی 2023) وهزارهتی دهرهوهی ئهمهریكا، هۆشداری دایه دیپلۆماتكار و هاووڵاتییانی، كه له رێگهی فڕۆكهخانهی نێودهوڵهتی بهغداوه گهشت نهكهن. لەدوای پەرەسەندنی ململانێکان لەنێوان ئیسرائیل و حەماس، گرووپ و هێزە چەکدارییەکان، چەند جارێک هەڕەشەیان لە هێزەکانی ئەمەریکا کردووە و لەبەرامبەریشدا، وتەبێژی پنتاگۆن، پات رایدەر رایگەیاندبوو، ژمارەی فڕۆکە جەنگییەکانیان لە ناوچەکە زیاد دەکەن، هەروەها دوای هێرشەکانی سەر عێراق و سووریا رێوشوێنی پێویست دەگەرنەبەر.
هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند ژمارەی ئەوانەی بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە زیاتر لە پێنج هەزار کەس کە زیاد لە دوو هەزاریان منداڵن. بەپێی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ژمارەی کوژراوانی غەززە بە بۆردومانی ئیسرائیل لەدوای 7ی ئەم مانگەوە گەیشتووەتە پێنج هەزار و 87 کەس و 15 هەزار و 273 کەسیش برینداربوون. وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین دەڵێت لەنێو کوژراوەکاندا دوو هەزار و 55 منداڵ، هەزار و 119 منداڵ، 217 کەسی بەتەمەن بوونیان هەیە. هێرشەکانی ئیسرائیل لەدوای ئەو هێرشەی حەماس دەستیپێکرد کە لە 7ی ئەم مانگە ئەنجامیدا بۆ سەر ئیسرائیل و تێیدا چەکدارانی حەماس چوونە نێو وڵاتەکە و حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت 1400 کەس کوژراون.
هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دەدات بە هاوڵاتینای سەردانی عێراق نەکەن لەبەر چەند هۆکارێکی مەترسیدار کە یەکێک لەوانە هێرشە بۆ سەر هیزەکانی وڵاتەکە لە عێراقدا. لە ئاگادارییەکەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "سەردانی عێراق مەکەن بە هۆکاری هەبوونی تیرۆریزم، رفاندن، ململانێی سەربازی، پشێوی ناوخۆیی و توانای سنورداری ئەرک [بالیۆزخانە و کونسوڵخان]ی ئەمریکا بۆ پارێزگاریکردن لە هاوڵاتیان." لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە داوا لە ئەندامانی خێزانی کارمەندانی "ناپیویست" و خۆیان کراوە کە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر چۆڵبکەن "بەهۆی زۆربوونی هەڕەشەکان دژی کارمەندانی ئەمریکی و بەرژەوەژدنییەکانی ئەمریکا." لەدوای شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ی ئەم مانگە هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان زیادیکردووە و تا ئێستا جارێک هێرشکراوەتەسەر بنکەی سەربازی هەریر لە هەولێر و چەند جارێکی بۆ بنکەی سەربازی عەین ئەسەد.
هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، بۆ" پێشگرتن لە پەرەسەندنی جەنگ لە ئێرانەوە" توانا سەربازییەکانی خۆی لە ناوچەکە زیاد دەکات. وەزیری بەرگری ئەمریکا لۆید ئۆستن، رۆژی شەممە ٢١ی تشرینی یەکەم ، لە راگەیاندنێکدا وتی، دوای گفتوگۆیەکی تێروتەسەل لەگەڵ جۆبایدن، ئەمریکا بڕیاری داوە کە پاپۆڕی فڕۆکەهەڵگری (یو ئێس، ئێس دوایت ئایزنهاوەر) بنێرێتە ناوچەکە. ئەمە جگەلەوەی کە پاپۆڕی فڕۆکەهەڵگری (یو، ئێس، ئێس جرالد ئار فۆرد) لە ئێستەدا لە دەریای ناوەڕاستی رۆژهەڵات جێگیرە. وەزیری بەرگری ئەمریکا هەروەها وتی کە ئەمریکا سیستەمی بەرگری ئاسمانی تاد و سیستەمی پاتریۆت لە هەموو ناوچەکە جێگیرئەکات.هەروەها وتی ئەم کارانە بۆ ئەوەیە توانای بەرگری هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بباتە سەرەوە. لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا لۆیید ئاوستین باسی لەوەکرد، ئەمریکا ژمارەیەکی زۆرتر هێزی ئامادە کردووە بەوەی لە ناوچەکە جێگیریان بکات. ئەم هێزانە لە کاتی پێویستدا بە زووترین کات دەنێردرێنە ئەو ناوچەیە. ئاوستین ئەوەشی ڕونکردەوە :" ئێمە خەریکی هەڵسەنگاندنی پێویستییەکانی هێزەکانی خۆمان ئەبین لە ناوچەکە و ئەگەر پێویست بکات، هێزێکی زۆرتر لە ناوچەکە جێگیر ئەکەین".
هاوڵاتی ئیسرائیل بەردەوامه لە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە و پزیشکانی بێسنور دهڵێن هیچ شوێنێکی سەلامەت له غهززه نییە. ئیسرائیل بەردەوامه لە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە لەوکاتەوەی کە بزوتنەوەی حەماس و لایەنەکانی دیکە لە 7ی ئهم مانگهدا هێرشێکی لەناکاویان بۆ سەر شارۆچکە و شارەکانی تەنیشت کەرتی غەززەی ئیسرائیل دەستپێکرد. پزیشکانی بێسنور ئهمڕۆ یەکشەممە هۆشدارییاندا کە سیستەمی تەندروستی لە کەرتی غەززە ڕوبەڕوی داڕمان دەبێتەوە، لەگەڵ بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، لەوانە دامەزراوە تەندروستییەکان. هاوکات سەرچاوە ناوخۆییەکانی غەززە ڕایانگەیاند، لە هێرشە ئاسمانییەکان و تۆپخانەکانی سوپای ئیسرائیل بە درێژایی شەوی ڕابردوو بۆ سەر کەرتی غەززە، زیاتر لە 100 فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە. لە بڵاوکراوەیەکی دیکەدا وەزارەتی تەندروستی فەلەستین ڕایگەیاند ، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ (یەکشەممە)، سەربازانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر کامپی عەسکەر لە رۆژهەڵاتی شاری نابلوس لە کەرتی رۆژئاوای داگیرکراو. لە هێرشەکەدا گەنجێکی فەلەستینی بەناوی مالیک جەمیل شەرقاوی کە تەمەنی 26 ساڵە تەقەی لێکرا و شەهید بوو. هەروەها سەربازانی داگیرکەر 3 هاووڵاتی دیکەیان بریندار کرد و هاووڵاتییەکی دیکەشیان دەستگیرکرد." ئاژانسی هەواڵی فەڵەستین WAFAش بڵاوی کردەوە کە، بە هۆی بۆردومانی خانوویەک لە خان یونس، چوار کەس گیانیان لەدەستداوە کە یەکێکیان منداڵ و دوویان ژن بوون. لەم پەیوەندەدا پزیشکانی بێسنور لە بەیاننامەکەیاند دەڵێن "نەخۆشخانەکان قەرەباڵغن و سەرچاوەیان نییە"، ئاماژە بەوەشدەکەن، "لە غەززە هیچ شوێنێکی سەلامەت نییە بە نەخۆشخانەکانیشەوە". ئەو رێکخراوە ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی لە ئەگەری گەیشتنی هاوکارییەکان، پشتیوانی زیاتر لە دامەزراوە پزیشکییەکان لە غەززە بکات.
هاوڵاتی دواى دوجار هێرشى درۆنى بۆسهر هێزهكانى ئهمریكا لهسنورى پارێزگاى ئهنبار، ئهمڕۆ هێرشهكان گۆڕانو سێ كاتیۆشاى یهك لهدواى یهك ڕویان لهبنكهى عهین ئهسهد كرد. ئاژانسی ههواڵى ڕۆیتەرز ئاشكرایكرد بەرەبەیانی ئەمڕۆ نزیکەی کاتژمێر 01:30، بەسێ کاتیۆشا بنکەی سەربازی عەین ئەسەد بۆردومانکرا. لەبارەی ئەوەی 'هێرشەکە بە چی کراوە؟' سەرچاوەیەکی سەربازی بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی گوت، بە مووشەک هێرشەکە کراوە و دەنگی تەقینەوەیەکیش لەنێو بنکەکەدا بیستراوە. تائێستا قەبارەی زیانە گیانیو مادییەکانی هێرشەکەی سەر بنکەی عەین ئەسەد ئاشکرانەکراوەو هیچ گروپێکیش بەرپرسیارێتی خۆی لەئەنجامدانی هێرشەکە نەگرتۆتە ئەستۆ. ئەمە جاری چوارەمە لەماوەی دوو هەفتەدا بنکەی عەین ئەسەدی تایبەت بەهێزەکانی ئەمریکا لەپارێزگای ئەنباری هێرشی بکرێتەسەر، کە دوایین هێرش لەڕێگەی دوو درۆنەوە ئەنجامدرا. بنكهی سەربازی عەین ئەسەد گهورهترین بنكهی سەربازییە لەعێراق 64 كیلۆمهتر لهباكوری بهغداوە دوره، لهدهیهی ههشتاكانی سهدهی ڕابردودا كۆمپانیایهكی یۆگسلافی دروستیكردوه، 39 ژێرزهمینو پهناگهی پتهوی بۆ پاراستنی فڕۆكه تێدایه، لهسهردهمی شهڕی ههشت ساڵهی عێراقو ئێراندا چالاكترین بنكهی ئاسمانی عێراق بوه. هێرشەکان لەکاتێكدان، رۆژی 7ـی مانگ چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر باشووری ئیسرائیل و ئەوەش وایکرد، سوپای ئیسرائیل شەڕ دژی ئەو گرووپە چەکدارە رابگەیێنێت.
هاوڵاتی وتەبێژی کەتائیبی قەسام، باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، هەوڵیانداوە دوو بارمتەی ئیسرئیلی ئازاد بکەین بەڵام ئیسرائیل رەتیکردووتەوە، بەڵام تا ئیستا ئیسرائیل لەسەر ئەو بابەتە قسەی نەکردووە. ئەبو عوبەیدە، وتەبێژی کەتائیبی قەسام لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیلیگرام نوسیویەتی، "دوێنێ قەتەرمان ئاگادارکردەوە کە نوریت یەتشاق و یۆخفێد لیپشیدز ئازاد دەکەین بەهۆکاری مرۆیی و بەبێ چاوەڕوانی هیچ شتێک لەبەرامبەردا، بەڵام حکومەتی ئیسرائیل رەتیکردەوە قبوڵیان بکات." ئەبو عوبەیدە باسی لەو هۆکارە نەکردووە کە بۆچی ئیسرائیل دوو بارمتەکەی رەتکردووەتەوە و تا ئێستاش ئیسرائیل هیچ قسەیەکی نەکردووە و لەسەر ئەو بابەتە وەڵامی حەماسی نەداوەتەوە. سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە کە زیاتر لە 210 بارمتە لەژێر دەستی حەماسدایە ئەمەش لە ئەنجامی ئەو هێرشەی ئەنجامیدا لە 7ی ئەم مانگە کە تێیدا هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و دواتریش ئیسرائیل بە هێرشی ئاسمانی وەڵامی دایەوە کە تا ئێستا لە ئەنجامی ئەو هێرشانە زیاتر لە چوار هەزار فەڵەستینی کوژراون. رۆژی هەیینی 20ی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس دوو بارمتەی ئەمریکی رزگارکرد کە دایک و کچێک بوون بە ناوەکانی جودس راعنان و ناتالی رەعنانی کچی. ئەو دوو بارمتەیە یەکەمین بارمتە بوون کە لەلایەن حەماسەوە ئازادکران.
هاوڵاتی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لوتکەی قاهیرە رایگەیاند، ئەوەی روودەدات لە غەززە قبوڵکراو نییە و عێراق بەتوندی ئیدانەی چۆڵکردنی غەززە دەکات. لەمیانی لوتکەی ئاشتی لە قاهیرە کە تایبەت کرابوو بە دۆخی فەڵەستین و جەنگی ئێستای نێوان حەماس و ئیسرائیل، سەرۆکوەزیرانی عێراق وتی"عێراق زۆر بەتووندی ئیدانەی هەوڵی چۆڵکردنی کەرتی غەززە دەکات و بەهیچ شێوەیەک بوار نییە بە نیشتەجێکردنەوە و دروستکرنی ئۆردوگا، فەڵەستینییەکان هیچ شوێنێکیان نیە جگە لە خاکی خۆیان و ئەوەی روودەدات قابیلی قبوڵ نییە، قەوارەی زایۆنی بەردەوامە لە پێشێلکردنی یاساکان، لەوانەش یاساکانی جەنگ." محەممەد شیاع سودانی لە وتارەکەیدا وتیشی، "پرسی فەڵەستین هیچ نەدەگشتە ئەم بارودۆخە کارەساتبارە ئەگەر بریارە نوێدەوڵەتییەکان رێزی لێبگیرایە و فەڵەستین تەنها داوای مافی چارەنوسی خۆی کردووە، هیچ کەسێکیش بۆی نییە سازش یان ئاشتەوایی بکات جگە لە فەڵەستینییەکان، ئەوەی ڕوودەدات تاوانێکی جەنگی تەواوە، کە بە کوشتنی خەڵکی بێ چەک دەستی پێکرد لەگەڵ سەپاندنی گەمارۆیەکی خنکێنەر بەسەر ئەو کەسانەی کە بە زیندویی ماونەتەوە. سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای دەستبەجێ راگرتنی شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەستی کرد لەگەڵ کردنەوەی دەروازە سنورییەکان و ئازادکرنی دیلەکان. لەکۆتایدا سودانی داوای دامەزراندنی دەوڵەتێکی کرد بۆ فەڵەستینییەکان و وتی، "شەڕعیەتی نێودەوڵەتی و گەلانی ئازادیخواز داوا دەکەن بەشێوەیەکی فەرمی دەوڵەتێکی فەڵەستینی دابمەزرێنن کە قودس پایتەختی بێت بەدەر لە گەمارۆ و برسیکردن."
هاوڵاتی رێکخراوی یارمەتیبەخشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین رایگەیاند، لەکاتی سەرهەڵدانی جەنگەوە لەنێوان حەماس و ئیسرائیل 17 کەس لە تیمەکانیان کوژراوە و 500 هەزار کەسیش هانایان بۆ هێناون. رۆژی شەممە ٢١ی تشرینی یەکەمی 2023 رێکخراوەکە رایگەیاند 17 کەس لە تیمەکانیان لە دوو هەفتەی یەکەمی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل، لە کەرتی غەزە کوژراون، بەڵام رەنگە ژمارەی کوژراوەکان لەمە زیاتریش بێت. فیلیپ لازارینی، بەڕێوەبەری دامەزراوە خێرخوازییەکە رایگەیاند، 35 باڵەخانە، لە بینا و شوێنەکانی ئەم رێکخراوەیە بە هۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە زیانیان بەرکەوتووەو لە بەشێک لە زیانبەرکەوتنەکاندا، بیناکان بە ئەنقەست و راستەوخۆ کراونەتە ئامانج. بە وتەی لازارینی تا ئێستا 500 هەزار کەس پەنایان هێناوەتە بیناکانی ئەم دامەزراوەیە لە کەرتی غەززە و جێیان بۆ کراوەتەوە. ئیسرائیل لە رابردوودا ژمارەیەک لە فەلەستینییەکانی کارمەندی رێکخراوەکەی لە کەرتی رۆئاوای بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوە چەکدارەکانی فەلەستین و کارکردن بۆ ئەو رێکخراوانە دەستگیرکرد و لێپرسینەوەی لەگەڵ کردبوون. تا ئێستا سوپای ئیسرائیل بەرامبەر بەم راگەیاندنەی رۆژی شەممەی فیلیپ لازارینی، بێدەنگی هەڵبژاردووە.