هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە ماڵپەڕی هرانا، بڵاوی کردۆتەوە لە ماوەی یەکساڵدا لانیکەم ٦٥٩ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون . بە گوێرەی ئەو داتایانەی ماڵپەڕی هرانا بڵاویکردۆتەوە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ەوە بۆ ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لانیکەم ٦٥٩ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون کە ئەم ژمارەیە لە چاو ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ٢٤ ٪ زیادی کردووە. ئەو ماڵپەڕە دەشڵێت ،جگە لەم ٦٥٩ کەسە کە لە سێدارە دراوون، لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٦٠٠ کەس لە شەقامەکان و لە کاتی خۆپیشاندانەکان بە تەقەی راستەوخۆ کوژراون. هەروەها نزیکەی١٠ هەزار کەس دەستگیرکراون. ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین رێژەی لەسێدارەی تێدا جێبەجێ ئەکرێت و سەپاندنی ئە سزایە بە سەر منداڵی خوار ١٨ ساڵ لە ئێران نیگەرانی زۆری چاودێرانی مافی مرۆڤی لێکەوتۆتەوە.
هاوڵاتی بهگوێرهى ڕاگهیهنراوێكى نوسینگهى سهرۆك وهزیرانى عێراق، محهمهد شیاع سودانى بهیانى ئهمڕۆ بهسهردانێكى فهرمى گهیشتۆته مۆسكۆى پایتهختى ڕوسیا و ئەمەریکا بە سەرنجەوە چاوى لە گەشتەکەى سەرۆک وەزیرانى عێراقە نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانى عێراق لهڕاگهیهنراوێكدا ڕایگەیاندوه، ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد شیاع سودانی بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا. پێشتریش سەرچاوەیەکی ئاگادار لەناو حکومەتی عێراق ئاشكرایكردبوو، ڕۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەغدای پایتەخت بەجێبهێڵێتو بەمەبەستی کۆبونەوە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕوسیا سەردانی مۆسکۆ بکات. نزیکەی 50 کۆمپانیای روسی لە سێکتەری نەوتی عێراقدا کاردەکەن و قەبارەی وەبەرهێنانی ئەو کۆمپانیایانە دەگاتە 14 ملیار دۆلار. ئەوەش پێگەیەکی گرنگی ئابووری بە روسیا لە عێراق بەخشیوە. میدیا جیهانییەکان ئەوەیان ئاشکرا کردوە؛ روسیا سێ ئامانجی سەرەکیی ئابوریی هەیە لە پێشوازییکردن لە سەرۆک وەزیرانی عێراقدا، یەکەمیان ئەوەیە کە دەیەوێت بیکاتە دەرچەیەک بۆ دەستگەیشتنی بە دۆلاری ئەمەریکی، دوەمیان رازیکردنیەتی بە پشتکردنە سیستمی سوێفت و سێیەمیشیان بەکارهێنانی دراوەی نوخۆیی وڵاتەکانە لە مامەڵە بازرگانییەکانیاندا لەبری دۆلار. چاودێران پێیان وایە ئەگەر سودانی بە وریاییەوە مامەڵە نەکات، سەردانەکەی بۆ روسیا دەبنە هۆی توڕەکردنی ئەمەریکا و ئەوەش لێکەوتەی نەرێنی لەسەر ئابوری عێراق دەبێت.
هاوڵاتی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی دەستی نەبووە لە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بەڵام نەیشاردەوە کە ئیسرائیل شکستێکی "لەبیرنەکراوی" چەشتووە. عەلی خامنەیی لە یەکەم دەرکەوتنیدا دوای ئۆپەراسیۆنە لەناکاوەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا وتی، تاران بەشدار نەبووە لە هێرشەکەدا بەڵام "ماچی دەستی ئەوانە دەکەین کە پلانی هیرشەکەیان دژی رژێمی زایۆنی داناوە." خامنەیی وتیشی، "ئەو بومەلەرزە تێکشکێنەرە کۆمەڵێک پێکهاتەی هەستیاری [ئیسرائیلی] خاپوور کردووە کە بە ئاسانی قەرەبوو ناکرێنەوە... کردەوەی خودی رژێمی زایۆنی بەرپرسە لەم کارەساتە." هەر دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل چاوەکان چوونەسەر ئێران کە پشتگیری و پاڵپشتی ئیسرائیلی کردبێت. دوای ئەوەی رۆژی شەممە حەماس هیرشەکەی ئەنجامدا، وتەبێژێکی بزوتنەوەکە بە کەناڵی بی بی سی بەریتانی راگەیاند، حەماس هاوکاری کراوە لەلایەن ئێرانی هاوپەیمانی. بەرپرسانی ئەمریکا هێشتا گومانیان هەیە لە دەستوەردانی راستەوخۆی ئێران و دەڵێن هیشتا بەڵگەیەکیان نەدۆزیوەتەوە کە ئاماژە بێت بەوەی ئێران پشتگیری هێرشەکەی کردبێت هەرچەندە دڵنیان لەوەی کە تاران مێژوویەکی درێژی هەیە لەگەڵ حەماس لە یارمەتیدانی گروپەکە.
هاوڵاتی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند ئەفسەرێکی پلەبەرزیان لە جەنگ لەگەڵ هێزەکانی حیزبوڵڵای لوبنان لە باکوری ئیسرائیل کوژراوە. بە پێی ئەو زانیاریانەی سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، عەلیم عەبدوڵڵا فەرماندەی باڵای لیوای 300، رۆژی دووشەممە لە سنوری ئیسرائیل–لوبنان لە جەنگ لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان کوژراوە. دوا بە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر چەند شار و شارۆچکەیەکی ئیسرائیل، هەر لە یەکەم ساتەکاندا حیزبوڵڵای لوبنان پشتیوانی خۆی بۆ حەماس دەربڕی و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هەرچەشنە هاوکارییەک و تەنانەت کردنەوەی بەرەیەکیتری جەنگ لە دژی ئیسرائیل. هاوکات رۆژی دووشەممە ئیسرائیل رایگەیاند کە ئەو بەشانەی لە دیواری سنوری غەزە، کە بەهۆی هێرشەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە بۆ بەرگرتن بە دزە کردنی هێزەکانی حەماس، مینڕێژ کراون.
هاوڵاتی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند بەتەواوی سنوریان لەگەڵ غەززە کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە و هیچ دزەپێکردنێکی چەکدارانی حەماسیش لە دوێنێوە نەبووە، دەشڵێت، تەرمی هەزار و 500 چەکداریان دۆزیوەتەوە. دانیاڵ هەگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بەتەواوی سنوری ئیسرائیلیان کۆنترۆڵ کردووەتەوە لەگەڵ کەرتی غەززە دوای ئەوەی لە رۆژی شەممە چەکدارانی حەماس توانیان دیوار و پەرژینی نێوان غەززە و ئیسرائیل لەچەند شوێنێکەوە تێکبشکێنن و دزە بکەنە نێو ئیسرائیلەوە. وتەبێژی سوپای ئیسرائیل باسی لەوەش کرد، لە دوێنێ دووشەممەوە هیچ دزەکردنێکی حەماس بوونی نەبووە و ئەندازیارانی سوپای ئیسرائیل نزیک سنوریان مینڕێژ کردووە تا چەکدارانی حەماس نەتوانن بێنە ناوەوە. هاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە کە 1500 تەرمی چەکدارانی حەماسیان لەنزیک کەرتی غەززە دۆزیوەتەوە و تەنها ئەمشەو 200 جار هێرشی ئاسمانیان بۆ سەر غەززە ئەنجامداوە. دوێنێ دووشەممە حەماس هەڕەشەی ئەوەیکرد کە لەگەڵ هەر بۆردومانێکی ئیسرائیل، دیلێکی ئیسرائیل دەکوژن، بەڵام سوپای ئیسرائیل بەبێ گوێدانە ئەو هەڕەشەیە بەردەوام بوو لەسەر بۆردومانەکانی. حکومەتی ئیسرائیل بڕوایوایە کە بزوتنەوەی حەماس 100 دیلی ئیسرائیلی لایە. بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی هەردوولاوە لەماوەی چوار رۆژدا، 900 کەس لە ئیسرائیل کوژراون و دوو هەزار 600 کەسی تریش برینداربوون. لە غەززەش 687 فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی چوار هەزار کەسی تریش برینداربوون.
هاوڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رایگەیاند لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە باکوری سوریا و هەرێمی کوردستان 194 پێگەی پەکەکە و یەپەگە لەناوبراون و 162 "چەکداریش کوژراون." لە وتارێکیدا لە کۆبونەوەی کابینەی حکومەتی تورکیا، ئەردۆغان باسی لەو ئۆپەراسیۆنە کرد کە دوای تەقینەوەکەی ئەنقەرە سوپای وڵاتەکەی لە عێراق و سوریا ئەنجامیداوە و وتی، "194 پێگە لەناوبراون و 162 تیرۆرستیش کوژراون." ئەردۆغان باسی لەوەشکرد، "مافی شەرعی تورکیایە کە بەردەوام بێت لە ئۆپەرسیۆنە سنور بڕەکانی هەتا ئەوکاتەی پەکەکە ریشەکێش دەکەین، داوا لەو هێزانە دەکەین کە نزیکن لە لایەنەکانی پەکەکەوە خۆیان بەدووربگرن تا لە ئۆپەراسیۆنەکانماندا زیانیان پێ نەگات." لەدوای هێرشەکەی 1ی ئەم مانگەوە تورکیا بە سەختی بۆردومانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە و رایگەیاندووە کە دوو هێرشکارەکەی تەقینەوەکەی ئەنقەرە لە سوریاوە هاتوون، بەڵام بەرپرسانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەم قسەیەی بەرپرسانی تورکیا رەتدەکەنەوە و بە بەهانەی دەزانن تا ئەنقەرە هێرشیان بکاتەسەر. تورکیا لەبۆردومانەکانیدا خەڵکی سڤیل بە ئامانج دەگرێت و بەرپرسانی رۆژائاوا دەڵێن کە دامەزراوەی مەدەنی لەناو دەبات. مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە، دەڵێت، تەنها ئەمڕۆ "تورکیای داگیرکەر ئەکادێمیای ئاسایشی ناوخۆی لە دێرک بەئامانج گرت و لە ئەنجامدا 29 ئەندامی هێزەکانی دژە هۆشبەر شەهیدبوون. ئەمە تاوانێکی قێزەونە و پێشێلکارییەکی زەقی مافەکانی مرۆڤە کە ناتواندرێت چاوپۆشیی لێبکرێت."
هاوڵاتی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، وتارێکی لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان حەماس و سوپای ئیسرائیل پێشکەشکرد و رایگەیاند، بۆردومانکردنی غەززە تەنها "سەرەتایە" و "کارێک دەکەین بە دوژمن کە نەوە لە دوای نەوە دەنگ بداتەوە." لەمیانی وتارەکەیدا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتی، "تازە دەستمانکردووە بە هێرشکردنە سەر حەماس و تەنها سەرەتایە، کارێک بە دوژمن دەکەین کە نەوە دوای نەوە دەنگ بداتەوە." ناتانیاهۆ باسی لەوەشکرد کە هێشتا چەکدارانی حەماس لە ئیسرائیلدا ماون و چیان لەدەست بێت دەیکەن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان کە لەژێر دەستی حەماسدان. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری ئەوەشیدا کە "رۆژانی سەخت" بەرێوەیە بۆ ئیسیرائیل. حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاندووە کە 100 بارمتەی ئیسرائیلی لەژێر دەستی حەماسدان و بزوتنەوەی حەماسیش دەڵیت بۆردومانەکان رانەگرن "بارمتەکان دەکوژین." لەماوەی سێ رۆژی شەڕ و پێدادانەکانی ئیسرائیل و حەماس 1600 کەس لە فەڵەستین و ئیسرائیل کوژراون. هەر ئەمڕۆش ئیسرائیل گەمارۆی تەواوەتی بۆ سەر غەززە راگەیاند و وتی کە خواردن و سوتەمەنی و کارەبا و ئاو بەتەواوی بۆ غەززە دەبڕێت. لە رۆژی یەکشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدا کە بۆ ئیسرائیل هێرشێکی لەناکاو بوو، تێیدا چەکدارانی حەماس دزەیان کردە نێو وڵاتەکەوە. ئەمە یەکەمجارە لەماوەی 50 ساڵی رابردوو رودەدات کاتێک هێزێک بتوانێت دزە بکاتە نێو ئیسرائیلەوە. بەهۆی هێرشەکەی حەماسەوە، ئیسرائیل ماوەی سێ رۆژە بەچڕی بۆردومانی کەرتی غەززە دەکات و نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، 70 هەزار فەڵەستینی ئاوارە بوون.
هاوڵاتی کەتیبەی قەسام، باڵی چەکداری بزوتنەوەی حەماس، هەڕەشە لە ئیسرائل دەکات کە بۆردومانەکانی بەردەوام بێت بۆ سەر غەززە، بارمتە ئیسرائیلییەکان دەکوژن، سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، بەردەامی بە هێرشە ئاسمانییەکانیان دەدەن هەتا ئەگەر ببێتە هەڕەشە لەسەر ژیانی بارمتەکان. ئەبو عوبەیدە، وتەبێژێکی کەتیبەی قەسام بە کەناڵی جەزیرەی راگەیاندووە، "هەر بەئامانجگرتنێکی خەڵکی سڤیلی بێتاوان بەبێ ئاگادارکردنەوە بە کوشتنی بارمتەکان کۆتایی دێت کە لەژێر دەستماندان و بەناچاری کوشتنیشیان پەخش دەکەین." وتەبێژەکەی حەماس دەشڵێت، "ئێمە ئەم بڕیارەمان بەلاوە سەختە بەڵام دوژمنی زایۆنی و سەرکردایەتی ئیسرائیل بە بەرپرس دەزانین بۆ ئەم دۆخە." هاوکات رادیۆی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکانیان بۆ سەر غەززە بەردەوام دەبێت تەنانەت ئەگەر مەترسیش بۆ بارمتە ئیسرائیلییەکان دروست ببێت لەژێر دەستی حەماسدا. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "هێرش بۆ سەر کەرتی غەززە بە فراوانی و بەهێزی بەردەوام دەبێت تەنانەت ئەگەر بارمتە ئیسرائیلیەکانیش زیانیان بەر بکەوێت لە غەززە." هەروەها سوپای وڵاتەکە لە رادیۆی فەرمی خۆیەوە باس لەوە دەکات، "ئەگەر زانیاری هەواڵگری دروست هەبێت سەبارەت بە شوێنی بارمتەکان، بەدڵنیاییەوە ئیسرائیل لە بۆردومانکردنی ئەو شوێنانە دەکشێتەوە، بەڵام هەتاوەکو زانیاری لەو جۆرە نەبێت هەموو پێگەیەکی حەماس هێرشی دەکرێتەسەر." ئیلی کۆهن، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، رایگەیاندووە وڵاتەکەی بڕوایوایە کە 100 بارمتەی ئیسرائیلی لەژێر دەستی حەماسدایە. ماوەی سێ رۆژە هێرشی ئاسمانی لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەززە بەردەوامە و تەنانەت دوای وتەکانی حەماس فڕۆکەی ئیسرائیلی هێشتا بۆردومانی غەززە دەکات. ئێوارەی ئەمڕۆش وەزیری بەرگری ئیسرائیل گەمارۆی سەرتاسەری بۆ سەر غەززە راگەیاند کە تێیدا ئاو و خۆراک و سوتەمەنی و کارەبا بەتەواوی بۆ غەززە دەبڕن. هێرشەکانی ئیسرائیل دوای ئەوە دێت کە بزوتنەوەی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 ئۆپەراسیۆنیکی شۆکهێنەری دژی ئیسرائیل ئەنجامدا بەناوی "ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا" کە تێیدا هێرشی ئاسمانی و زەمینی کردە سەر وڵاتەکە و هەزار چەکداری دەزەیان کردە ناو ئیسرائیلەوە و دواتر چەندین ئیسرائیلیان دەستگیرکرد. ئەم هێرشە بە هێرشیکی مەترسیدار ناودەبرێت بۆ سەر ئیسرائیل چونکە ماوەی 50 ساڵە هیچ هێزێک نەیتوانیووە دزە بکاتە نێو خاکی ئیسرائیلەوە. تا ئێستا نزیکەی 900 کەس لە ئیسرائیل و 560 کەسی تریش لە فەڵەستین بەهۆی پێکدادانەکانەوە کوژراون.
هاوڵاتی بەرپرسێکی هەواڵگری میسر رایگەیاند، وڵاتەکەی چەند جارێک ئیسرائیلی ئاگادارکردووەتەوە لە "رودانی روداوێکی گەورە" بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل ئەو هۆشدارییانەیان فەرامۆش کردووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هێرشە لەناکاوەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرئیل. بەرپرسێکی هەواڵگری میسر کە نەیویوستووە ناوی بهێنرێت لەسەر هێرشەکەی حەماس بە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمریکی راگەیاندووە، "ئێمە ئاگادارمان کردنەوە کە تەقینەوەی دۆخەکە بەڕێوەیە و بەمزوانە روودەدات و شتێکی گەورە دەبێت، بەڵام ئەوان [ئیسرائیل] ئەو قسانەیان فەرامۆشکرد." بەرپرسە هەوڵگرییەی میسر دەشڵێت، بەرپرسانی ئیسرائیل تەرکیزیان زیاتر لەسەر کرتی خۆرئاوا بووە و کەرتی غەززەیان فەرامۆش کردووە کە حەماسی تێدایە. ئەمە لەکاتێکدا کە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بە "شکستی" هەواڵگری ئیسرائیل ناودەبرێت لە ناوخۆی وڵاتەکە و شیکەرەوانی سەربازی بە "شکستێکی گەورە" ناویدەبەن کە دەزگای هەواڵگری مۆساد پێشبینی هێرشێکی بەرفراوانی لەو جۆرەی نەکردووە کە 50 ساڵە هیچ هێزێک نەیتوانیووە سنوری خاکی ئیسرائیل ببەزێنێت. شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس لە رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2023 دروستبوو دوای ئەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنیکی شۆکهێنەری دژی ئیسرائیل ئەنجامدا بەناوی "ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا" کە دواتر بووە هۆی تووڕەیی ئیسرائیل و ماوەی سێ رۆژە بە بەردەوامی بۆردومانی کەرتی غەززە دەکات. تا ئێستا نزیکەی 800 کەس لە ئیسرائیل و 560 کەس یتریش لە فەڵەستین بەهۆی پێکدادانەکانەوە کوژراون.
هاوڵاتی وەزیری بەرگری ئیسرائیل گەمارۆی تەواوەتی بەسەر غەززەدا راگەیاند و وتی کە "ئێمە دژی مرۆڤی ئاژەڵ دەجەنگین و دەبێت کاردانەوەمان هاوشێوە بێت." جواڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە کۆبونەوەی وەزارەتی وڵاتەکە گەمارۆی تەواوتی بۆ سەر کەرتی غەززە راگەیاند و وتی، "گەمارۆی تەواوەتی بەسەر غەززدا دەسەپێنین، نە کارەبا، نە خواردن، نە ئاو، نە گازیان نابێت و هەمووی دادەخرێت، ئێمە دژی مرۆڤی ئاژەڵدا دەجەنگین و دەبێت کاردانەوەمان هاوشێوە بێت." وەزیری بەرگری ئیسرائیل وتیشی بەرپرسانی وڵاتەکەی دەستدەکەن بە بڕینی کارەبا و رەوانەکردنی خواردن و سووتەمەنی وەک بەشێک لە "گەمارۆی تەواوەتی" بۆ سەر غەززە. کەرتی غەززە دوو ملیۆن و 300 هەزار کەس تێیدا دەژی و لەساڵی 2007یشەوە لەژێر گەمارۆی ئیسرائیلدایە. ئاسمان و سنورییە ئاوییەکانی غەززە لەژیر دەسەڵاتی ئیسرائیلدایە ئەمە جگە لەوەی دوو خاڵی سنوری لەتیکرایی سێ خاڵی سنوری بەدەست تەلئەبیبەوەیە. گەمارۆدانی تەواوەتی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دوای ئەوە دێت کە شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس لە رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2023 دروستبوو دوای ئەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنیکی شۆکهێنەری دژی ئیسرائیل ئەنجامدا بەناوی "ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا" کە دواتر بووە هۆی تووڕەیی ئیسرائیل و ماوەی سێ رۆژە بە بەردەوامی بۆردومانی کەرتی غەززە دەکات. تا ئیستا نزیکەی 800 کەس لە ئیسرائیل و 560 کەس یتریش لە فەڵەستین بەهۆی پێکدادانەکانەوە کوژراون.
هاوڵاتی موقتەدا سەدر، رێبەری ڕەوتی سەدر ئەمڕۆ دوشەممە له پهیامێكدا داوای له لایهنگرانی كرد كه ههینی داهاتو خۆپیشاندانی "ملیۆن"ی له ناوەندی بەغدای پایتەخت دژی ئیسرائیل ئهنجامبدهن. موقتەدا سەدر ئهمڕۆ دوشهممه له پهیامێكدا باسی لهوهكردوه، "تیرۆری نێودەوڵەتی دژی ئازیزانمان و گەلەکەمان لە فەڵەستینی خۆشەویست کۆبوەتەوە، ئەرکی ئێمەیە، موجاهیدەکانی عێراق کە بەرەنگاری داگیرکاری ئەمریکا دەبنەوە و هەمو ئەوانەی دۆزی فەڵەستینیان خۆشدەوێت، بە خۆپیشاندانی ئاشتیانە و یەکگرتو و ملیۆنی لە گۆڕەپانی چاکسازی و ستەملێکراوان كۆببنهوه، بۆ ئەوەی دەنگی جیهاد لە بەغدای پایتەختی خۆشەویستی عێراقەوە بەرزبێتەوە بۆ ههمو جیهان". موقتەدا سەدر داوا دەکات لەو خۆپێشاندانەدا ئاڵاى ئیسرائیل بسووتێندرێت و ئاڵاى فەلەستین لەپاڵ ئاڵاى عێراق بەرزبکرێتەوە. ئەمڕۆ (دووشەممە) شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل پێی نایە رۆژی سێیەممەوە، وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل رایگەیاند، 700 کەس کوژراون، هەروەها بەگوێرەى ئامارى وەزارەتى تەندروستیى فەلەستین، 436 کەس لە شارى غەززە گیانیان لەدەستداوە. موقتەدا سەدر لە پەیامەکەیدا دەڵێت "ئەو خۆپێشاندانە ملیۆنییە، دەبێت بە بەشدارى هاووڵاتییانى سەرجەم پارێزگاکان بێت بۆ ئەوەى بۆ گەندەڵکار و ستەمکارانی بسەلمێنین؛ ئێمە بەردەوامین لە پاڵپشتیکردنى چاکسازى و بەرگرى." پهیوهست به كاتی خۆپیشاندانهكه، سهدر دهڵێت، "کاتی خۆپیشاندانمان هەینی داهاتوە، دوای نوێژی هەینی یەکگرتو، بە رێپێوان لە هەمو پارێزگارەکانەوە، بۆ ئەوەی بۆ گەندەڵکاران و ستەمکاران بسەلمێنین کە ئێمە بەردەوامین لە پشتیوانیکردن لە چاکسازی و بەرخۆدان و خوداش پارێزەری ئیماندارانه".
هاوڵاتی ئێفرایم هالۆی، بەرپرسی پێشوتری دەزگای هەواڵگری مۆساد، لە گفتوگۆیەکی تایبەت لەگەڵ رادیۆ فەردا، لەگەڵ ئەوەی دانی بەوەدا نا کە هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل تووشی شۆک هاتن بەرامبەر بە هێرشەکانی حەماس ، هەڕەشەی لە ئێران کرد بەوەی بیەوێت لە بەرژەوەندی خۆیدا کەڵک لەم دۆخە وەربگرێت بە تایبەت لە رێگای حیزبوڵای لوبنانەوە. بەرەبەیانی رۆژی شەممە ٧ی تشرین، گروپی فەلەستینی حەماس کە کۆنتڕۆڵی کەرتی غەزەی بە دەستە، نزیکەی پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی شار و شارۆچکەکانی باشوور و ناوەڕاستی ئیسرائیل کرد و دوای لە چالاکییەکی بێ وێنەدا، چەکدارەکانی حەماس و جەهاید ئیسلامی بە تێكشکاندنی دیواری غەزە چوونە شارۆچکە ئیسرائیلییەکانەوەو لەگەڵ هێزە ئیسرائیلییەکان کەوتنە جەنگەوە. ئێفرایم هالۆی لە گفتوگۆکەی لەگەڵ رادیۆ فەردا دەربارەی دۆخی ئێستای ئیسرائیل وتی، "ئۆپەراسیۆنێکی گەورە لە باشووری ئیسرائیل بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە لە پاشماوەکانی هێزەکانی حەماس لە ئارادایە. ئەم ئۆپەراسیۆنە هێشتا تەواو نەبووەو ژمارەیەک لە هێزەکانی حەماس هێشتا لە باشووردان. بەڵام بەشی کە زۆری ئەو ناوچانەی کەوتبوونە دەست حەماس ئازاد کران، هەڵبەت بە بەهای کوژرانی خەڵکانێکی زۆر". بە وتەی ئەم بەرپرسە باڵا ئەمنییەی پێشتری ئیسرائیل، "لە ئێستادا ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی لە ئارادایە و تا ئێستە 500 جار فڕۆکەی جەنگی چوونەتە ئاسمانی کەرتی غەزەوە. پێدەچێت دوای پاککردنەوەی ناوچە ئیسرائیلییەکان لە هێزی حەماس، ئۆپەراسیۆنی بەربڵاوی زەمینی لە غەزە دژی حەماس بەڕێوە بچێت." هەڕەشەکردن لە ئێران لە ئەگەری دەستێوەردانی حیزبوڵڵا ئێفرایم هالۆی لە وەڵامی پرسیارێک دەربارەی پلانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم رووداوەدا وتی :" یەکێک لە نیگەرانییەکانی ئێمە ئەمە بوو کە هاوکات لەگەڵ ئەو رووداوانەی لە باشووری وڵات روو دەدەن، لەکاتێکدا ئێمە نیگەرانی ئەو رووداوانەین لە باشووری ئیسرائیل روو دەدەن، حیزبوڵڵا، کە هێزێکە لە لوبنانەوە لە لایەن ئێرانەوە ئاراستە ئەکرێت، هێرش بکات و ئێستا ئەمە روویداوە، بە دڵنیاییەوە لە لایەن ئیسرائیلەوە لە باکوور وەڵامیان دراوەتەوەو زیاتریش وەڵام ئەدرێنەوە". بەرپرسی پێشتری مووساد لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا هەڕەشەی لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کرد و وتی، "ئەگەر من لە جێی ئێرانییەکان بام، بەرلەوەی هەوڵ بدەم کەڵک لەم رووداوە وەربگرم بۆ بەرژەوەندی خۆم بە مەبەستی زیان گەیاندن بە ئیسرائیل، لە بری یەکجار دە جار بیرم ئەکردەوە. من لام وایە ئەم کارەیان زۆر قورس تەواو ئەبێت بۆیان و بە سەریاندا ئەشکێتەوە." میدیا ئیسرائیلییەکان باس لەوە ئەکەن بەرپرسانی حەماس ماوەیەک لەوە پێش کۆمەڵێک دیداریان هەبووە لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتی حیزبوڵڵا و ئەم دیدارانەیان وەک بەشێک لە چالاکییەکانیان لە چوارچێوەی ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی دژی ئیسرائیل هەڵسەنگاندووە. حیزبوڵڵای لوبنان رۆژی شەممە ٧ی تشرینی یەکەم هاوكات لەگەڵ دەستپێکی گەڕی نوێی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، پشتیوانی تەواوی خۆی لە حەماس راگەیاند و هەر لەو رۆژەدا، ژمارەیەک لە لایەنگرانی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان، نزیکی سنوورەکانی ئیسرائیل وەستان. وەزیرێکی ئیسرائیل رۆژ شەممە ٧ی تشرینی یەکەم بە رۆژنامەی (یەدیعووت ئاخرونووت)ی وتووە پێدەچێت هێرشە کوتووپڕەکانی حەماس لە کەرتی غەزەوە بۆ باشووری ئیسرائیل، سەرەتایەک بێت بۆ ئۆپەراسیۆنی بەربڵاوتری حیزبوڵڵا لە سنوورەکانی باکووری ئیسرائیلەوە.
هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا کەشتگەلێکی جەنگی رەوانەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکات و دەشڵێت، چەک و تەقەمەنی زیاتر دەنێرێت بۆ ئیسرائیل تا بەرگری لەخۆی بکات. وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سوپای ئەمریکا کەشتیگەلێکی جەنگی و فرۆکەی جەنگی رەوانەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکات "بۆ بەهێزکردنی هەوڵەکانی پێشگرتن لە توندوتیژی" لەسەروبەندی شەڕ و جەنگ لە ئیسرائیل. لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا، دەڵێت ئەو کەشتیگەلە بەشێکیان هەڵدەری موشەک و کەشتی بچوکی جەنگی تێکشکێنەرن. جگە لەمەش، وەزیری بەرگری ئەمریکا وتی کە یەکەکانی هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاد دەکرێت. بەشێکی تر لە پاڵپشتی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل ناردنی چەک و تەقەمەنی زیاترە و لەچەند رۆژی داهاتوودا دەگاتە ئیسرائیل. لەبارەی پاڵپشتییە سەربازییەکانەوە لۆید ئۆستن باسی لەوە کرد، ئەم هەوڵانە "جەختکردنەوەیە" لە پاڵپشتی پتەوی ئەمریکا بۆ وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل و گەلی ئیسرائیل. ماوەی دوو رۆژە شەڕ و پێکدادان لەنێوان هیزەکانی حەماس و سەربازانی ئیسرائیل دروستبووە دوای ئەوەی حەماس هێرشێکی لەناکاوی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدا و تێیدا پێنج هەزار موشەکی بۆ نێو وڵاتەکە هەڵدا و لەسەر زەمینیش ئۆپەراسیۆنێکی ئەنجامدا و چەکدارانی چوونە نێو وڵاتەکەوە. تا ئێستا لە شەڕ و پێکدادانەکاندا، 700 کەس لە ئیسرائیل و 413 کەس لە فەڵەستین کوژراون.
هاوڵاتی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە و تا دێت قوربانییەکانی جەنگەکە زیاتر دەبن، لە نێوترین ئاماریشدا 700 کەس لە ئیسرائیل کوژراون و 413 کەسیش لە فەڵەستین. بەپێی راپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل کوژراوانی ئیسرائیل گەیشتووەتە 700 کەس و زیاتر لە دوو هەزار کەسیش برینداربوون. هاوکات وەزارەتی تەندروستی فەلەستین رایگەیاندووە، 413 فەڵەستینی لەئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کوژراون و دوو هەزار و 200 کەسیش برینداربوون. هێشتا پێکدادان لەنیوان چەکدارانی حەماس و سەربازانی ئیسرائیل بەردەوامە، بەتایبەتی لەناوچەی سیدرۆت کە ئیسرائیل سەربازی زیاتری ناردووە بۆ ناوچەکە تا چەکدارانی حەماس وەدەربنێت. حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاندووە کە 100 کەس تا ئێستا لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە رفێندراون. بزوتنەوەی حەماس دەڵێت ئەوانەی بەدیل گیراون ئاڵۆگۆریان پێدەکەن لەگەڵ ئەو زیندانییە فەڵەستینیانەی کە لە گرتووخانەکانی ئیسرائیلدان. دوو رۆژە شەڕ لەنێوان هەردوولا بەردەوامە دوای ئەوەی بزوتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنێکی لەناوکای زەمینی و ئاسمانی دژی ئیسرائیل ئەنجامدا و زیاتر لە پێنج هەزار موشەکی ئاراستەی وڵاتەکە کرد، جگەلەوەی کە دوو هەزار چەکداری بزوتنەوەکە دزەیان کردە نێو ئیسرائیلەوە. شیکەرەوان و میدیاکانی جیهان ئەمە بە شکستی ئاسایش و هەواڵگری ئیسرائیل ناودەبەن کە یەکەمجارە دوای 50 ساڵ هێزێک بتوانێت دزە بکاتە نێو ئیسرائیلەوە بەبێ ئەوەی دەزگای مۆساد پێی بزانێت و ئامادەکاری بۆ بکات.
هاوڵاتی ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی ئەفغانستان گیانیان لەدەستداوە بۆ زیاتر لە دوو هەزار کەس بەرزبۆوە. عەبدولواحید رەیان، وتەبێژی وەزارەتی زانیاری و کولتووری ئەفغانستان ئەمڕۆ (یەکشەممە، 8-10-2023) رایگەیاند، لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی رۆژی شەممە و پاشلەرزەکانی، زیاتر لە دوو هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە. عەبدولواحید رەیان ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەدا 6 گوند وێران بوون و سەتان هاووڵاتیش کەوتوونەتە ژێر داروبەردی خانووە رووخاوەکانەوە. لەبارەى بومەلەرزەکەوە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش ڕایگەیاند کە زیاتر لە 600 ماڵ وێران بوون و نزیکەی 42 هەزار کەسیش زیانیان بەرکەوتووە. بەپێی زانیاریی دەزگاکانی کەشناسی ئەو وڵاتە چەندین پاشلەرزەی دیکە لە رۆژئاوای ئەفغانستان رویانداوە و ژمارەی قوربانیانیش لەبەرزبونەوەدان. ئەفغانستان لە ئێستادا بەدەست قەیرانێکی مرۆیی سەختەوە دەناڵێنێت، لەدوای گەڕانەوەی تاڵیبانیش بۆ دەسەڵات لە ساڵی 2021، هاوکارییە دەرەکییەکان تاڕادەیەکی زۆر وەستاون. بوومەلەرزەکە کاتژمێر 9:30ـی بەیانی رۆژی شەممە 7-10-2023 بە دووری 40 کم لە باکووری رۆژئاوای شاری هیرات لە پارێزگای هیرات روویدا. دوای ئەوەش چەند پاشلەرزەیەک لەو پارێزگایە و پارێزگاکانی بادغیس و فەرا روویاندا.