هاوڵاتی فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بەندەکانی رێککەوتنی نێوان بەغدا و تاران لەسەر چەککردنی حزبەکانی رۆژهەڵات جێبەجێکراوە و هیوادارن رێکەوتنێکی هاوشێوەش لەگەڵ تورکیا واژۆ بکەن. رێكەوتنی ئەمنی نێوان ئێران و عێراق، لەڕۆژی 19ی ئازاری ئەمساڵدا لەشاری بەغدا واژۆكرا کە تێیدا عێراق بە نوێنەرایەتی قاسم ئەعرەجی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق و ئێرانیش بەنوێنەرایەتی عەلی شەمخانی سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران ئیمزایان لەسەر رێککەوتنەکە کرد کە دیارترین خاڵەکانی چەکداماڵینی حزبەکانی رۆژهەڵات و دوورخستنەوەیان بوو لە سنوری ئێران، دواتریش دانانیان بوو لەو کەمپانەی عێراق بۆی دیاریکردوون. لەسەر رێککەوتنەکە فواد حوسێن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی حورە وتی، "سەرجەم بەندەکانی رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران جێبەجێکراوە، سەرجەم ئەو هێزە کوردیانەی لە سنوری نێوان هەرێم و ئێران جێگیرببون، دورخراونەتەوە بۆ چەند بنکەیەکی سەربازی لە نزیک کەمپی ئاوەرەکان." وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەش کرد، یەکێک لە بەندەکانی رێککەوتنەکە ئەوە بووە کە ئێران بۆردومانەکانی رابگرێت لەبەرامبەردا هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران دووربخرێنەوە. لەسەر بەرێوەچوونی رێککەوتنەکە وەک خۆی و ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوشێوە لەگەڵ تورکیا، فواد حوسێن دەڵێت، بەغدا هەمیشە دیالۆگی ویستووە لەسەر ئەو بابەتانە و هیوای خواست "دیالۆگی قووڵ و جدی بکرێت بەهامانشێوەی" رێککەوتنەکەی ئێران لەسەر ئەو پرسە کە مەبەست لێی دوورخستنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە لە ناوچە سنورییەکان. وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەی خستەڕوو کە تا ئێستا ئەنقەرە بۆشایی ئەوەی نەرەخساندووە گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە ئەنجامبدرێت و چارەسەرێک بۆ کێشەکە بدۆزرێتەوە جگە لە بەکارهێنانی چەک و توندوتیژی.
هاوڵاتی کۆشکی سپی رایگەیاند برێت مەکگۆرک، جێگری یاریدەدەری سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبووەتەوە و "دەستخۆشی" لە رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولیر کردووە سەبارەت بە دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم. لە راگەیاندراوێکدا کۆشکی سپی دەڵێت، هەردوولا باسیان لە چەند بابەتێکی نێوان هەردوو وڵات کردووە و کۆبونەوەکە مەبەست لێی ئەوە بووە جەخت لە هاوبەشیەتی بەهێزی ئەمریکا بکرێتەوە بۆ عێراق. لە بەشێکی گفتوگۆکانیاندا برێت مەکگۆرک "دەستخۆشی" لە رێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێم کردووە سەبارەت بە دابینکردنی موچە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە "بەزوترین کات بۆری نەوتی عێراق-تورکیا بکرێتەوە." هەفتەی رابردوو شاندێکی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ سودانی کۆبونەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەناردنی پارە لەلایەن بەغداوە. دوای کۆبونەوەکان هەردوولا، سەرەتایی ئەم هەفتەیە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ مانگ 700 ملیار دیناری مانگانە بنێرێت بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
هاوڵاتی خەڵاتی مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین کە یەکێتی ئەورووپا پێشکەشی دەکات و ناسراوە بە ساخارۆف، مانگی ١٢ی ئەمساڵ دابەش دەکرێت و ژینا ئەمینی، یەکێکە لە پاڵێوراوانی وەرگرتنی ئەم خەڵاتە جیهانییە. بە پێی راپۆرتێک کە میدیای فەرەنسا بڵاوی کردۆتەوە، سێ فراکسیۆن لە دیارترین فراکسیۆنەکانی پەڕلەمانی یەکێتی ئەورووپا پشتیوانی لەوە ئەکەن کە ئەم خەڵاتە پێشکەش بە ژینا ئەمینی بکرێت و ژینا ئەمینی بەربژێری یەکەمە بۆ وەرگرتنی. خەڵاتی ساخارۆف مانگی ١٢ی ئەمساڵ پێشکەش ئەکرێت و پەڕلەمانتارەکانی یەکێتی ئەورووپا بە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی " ژن، ژیان، ئازادی" ەوە ئەم خەڵاتە پێشکەش بە ژینا ئەمینی ئەکەن بەهۆی ئەوەی ئەو بزووتنەوەیە دوای مەرگی ئەو کچە کوردە سەریهەڵدا. ژینا ئەمینی، کچێکی لاوی سەقزی بوو لە رۆژی ١٣ی ئەیلوول لە شاری تاران لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە بە تاوانی نەبوونی حیجاب دەستبەسەر کرا و بە هۆی ئەشكەنجەوە باری تەندروستی تێکچوو و گەیەندرایە نەخۆشخانە و رۆژی ١٦ ی ئەیلوول لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و مەرگی ئەم کچە کوردە بوو بە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ( ژن، ژیان ، ئازادی) .
هاوڵاتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی بلۆمبێرگی ھەواڵیی ئەمریکیی لە نیویۆرک ڕایگەیاندوە، چاوەڕوانی لایەنی تورکین بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت لەڕێگای ھێڵی تورکیاوە. ئهمڕۆ (پێنجشهممه 21ـی ئهیلوولی 2023) محهممهد شیاع سوودانی، سهرۆكوهزیرانی عێراق لهمیانی چاوپێكهوتنێكی لهگهڵ كهناڵی بلومبێرگی ئهمهریكی رایگهیاند، عێراق دهبێته وڵاتێكه كارا له بازاڕهكانی غازی جیهانی، جهختیشیكردهوه چاوهڕوانی رێكارهكانی توركیان بۆ دووباره ههناردهكردنهوهی نهوت بهتایبهتی نهوتی بهرههمهێنراوی ههرێمی كوردستان له رێگهی بهندهری جهیهانی توركییهوه، دهشڵێت، ئهم پرسه له چوارچێوهی سیاسهتی گشتی وڵات دایه. لە چاوپێکەوتنەکەیدا سودانی ڕایگەیاندوە، ھەوڵ بۆ نرخێکی لۆژیکی دەدەین بۆ نەوت، کە تێیدا زامنی بەرژەوەندی وەبەرھێنەران و بەکاربەران بکرێت، ئێمە نرخێکی جێگیرمان نییەو وای دەبینین نرخی گونجاو بۆ نەوت بڕی ٨٥ بۆ ٩٠ دۆلارە بۆ ھەر بەرمیلێک. دەشڵێت” عێراق دەبێت بە وڵاتێکی کارا لە بازاڕی غازدا”. لەبارەی سکاڵاکەیان دژی تورکیا، محەمەد شیاع سودانی ڕایگەیاندوە، سکاڵامان لەدژی یەکتر ھەیە لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی، بەڵام دانوستانمان لەگەڵ لایەنی تورکی ھەیە بۆ جیاکردنەوەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت لە دۆسیە یاساییەکانی تر لە دادگا. ئەوەشی خستوەتەڕوو، ڕاوەستانی ھەناردەی نەوت زیان بە ھەموو لایەنەکان دەگەیەنێت بە لایەنی تورکیاشەوە، چاومان بەو کۆمپانیا ئەمریکیانە کەوتووە کە لە ھەرێمی کوردستان کاردەکەن و ئارەزوویان ھەیە بۆ کارکردن لە بەشەکانی تری عێراق. ههروهها سوودانی گوتی، عێراق نابێته گۆڕهپانی پاكتاوكردنی ململانێ و پێكدادانی هێزهكان. روونیشیكردهوه لهگهڵ ئهمهریكا گفتوگۆ لهگهڵ ئهمهریكا دهكهن سهبارهت به پهیوهندییهكان لهگهڵ هاوپهیمانی نێودهوڵهتی و پهیوهندییهكان لهگهڵ ئهمهریكا له دهرهوهی پهیوهندییهكان لهگهڵ هاوپهیمانی نێودهوڵهتی. روونیشیكردهوه، لیژنهی ئهمهریكی و عێراقی تاوهكو كۆتایی ئهم مانگه سهبارهت بهو بابهته كۆدهبنهوه. ماوەی سێ ڕۆژە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و شاندێكی یاوەری بۆ بەشداریكردن لە خولی ٧٨مینی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئەمریكایە، بڕیاریشە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا كۆببێتەوە.
هاوڵاتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کرانەوەی قوتابخانەکان لە ئێران، پرسی گرانبوونی پێداویستییەکانی خوێندن بووە بە باسی رۆژ چونکە داهاتی مامناوەندی مانگانەی خێزانێک هەشت ملیۆن تمەن (160 دۆلار)ە و تێچووی پێداویستییەکانی خوێندنی هەر مناڵێک زیاترە لە شەش ملیۆن تمەن (120 دۆلار). بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی تجارت نیوزی ئێرانی کە رۆژی چوارشەممە 20ی ئەیلولی 2023 بڵاوی کردووەتەوە، نرخی کەرەستەکانی خوێندن 50% زیادی کردووە، ئەمەش بارگرانی زۆر دروست ئەکات بۆ زۆربەی خێزانەکانی وڵاتەکە. بەپێی ئەو راپرسییەی ماڵپەڕکە کردوویەتی، 53% قوتابیەکانی پارێزگای تاران بە پێ ئەچن بۆ قوتابخانە، لەبەرئەوەی تێچووی هاتووچۆ زیاتر لە 50% لە چاو ساڵی پێشوو زیادی کردووە. لەم راپرسییەدا، قەڵەم و کاغەز و کەرەستەکانی خوێندن بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو، 50% گرانتر بوون و ئەم گرانبوونی تێچووی خوێندنە وا ئەکات مناڵان لە خوێندن داببڕێن، بەتایبەت مناڵانی خێزانە هەژار و کەم داهاتەکان. لەسەر گرانی نرخەکان ماڵپەڕی دیدبان ایران لە راپۆرتێکدا چەند خێزانێکی ئێرانی دواندووە و دایکێک بەم جۆرە باس لە خەرجی کەرەستەکانی قوتابخانەی منداڵێکی دەکات: یەک ملیۆن تمەن (20 دۆلار)م دانابوو بۆ کڕینی کەرەستەکانی خوێندنی کچەکەم، توانیم بایی 800 هەزار تمەن (16 دۆلار) دەفتەر و 200 هەزار تمەن (چوار دۆلار) جاف بکڕم... کچەکەم ئەمساڵ پێویستی بە جانتا و پێڵاوی نوێ نەبوو، ئەگینا نەمدەزانی چی بکەم و چۆن بۆی بکڕم." بەپێی راپۆررتەکەی (دیدبان ایران) بۆ ئەوەی سەرجەم پێداویستییەکانی خوێندنی منداڵێک ئامادە بکرێت، هەر لە پێڵاوی نوێ، جانتا و دەفتەر و قەڵەم و جاف و شتە پێویستییەکانەوە بگرە تا کتێبی خوێندن، خێزانێک زیاتر لە شەش ملیۆن تمەنی (120 دۆلار)ی پێویستە لەکاتێکدا موچەی مانگانەی کرێکارێک نزیکە لە حەوت بۆ هەشت ملیۆن تمەن (140 بۆ 160 دۆلار). بە پێی ئەم راپۆرتە، لە ١٧ هەزار قوتابی لە پارێزگای " کەهکیلۆییە و بۆیەر ئەحمەد" نزیکەی سێ هەزار و 700 قوتابی توانای کڕینی کتێب و دەفتەر و جانتا و پێویستییەکانی تری خوێندنیان نییە و زۆربەیان واز لە خوێندن دەهێنن. بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (ایلنا) هەژاری و گرانی پێداویستییەکانی خوێندن، تەنگی بە بنەماڵەکان هەڵچنیوەو بەشێکی زۆر لە بنەماڵەکان مناڵەکانیان نانێرنە بەر خوێندن. ماڵپەڕەکە دەڵێت، زیاتر لە 911 هەزار منداڵ لە ئێران لە خوێندن دابڕاون، بەڵام ماڵپەڕی وەزارەتی پەروەردەی ئێران باس لەوە ئەکات نزیکەی ملیۆنێک منداڵ، بە هۆکاری هەژاری و هۆکارەکانیتر، لە خوێندن دابراون.
هاوڵاتی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جینیشینی سعودیە رایگەیاند، وڵاتەکەی نزیکە لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، هۆشداریش دەدات کە ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت ئەوا "ئێمەش دەبێت بەدەستیبهێنین." لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی کاتێک محەممەد بن سەلمان پرسیاری چۆنیەتی دانوستانەکانی لێکرا سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەنددییەکانی سعودیە و ئیسرائیل، رایگەیاند، "هەر رۆژێک تێپەڕێت زیاتر نزیک دەبینەوە" لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان. وتەکانی بن سەلمان لەکاتێکدایە کە ئیدارەی بایدن لە هەوڵی جدیدایە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات کە هەردووکیان هاوپەیمانی سەرەکی ئەمریکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە رێی پەیماننی ئەبراهام یان رێککەتننامەی ئاشتی ئەمریکا تا ئیستا چوار وڵاتی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە کە بریتین لە بەحرەین، ئیمارات، سودان و مەغریب. لە دانوستانەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان سعودیە داوای گەرەنتی ئاسایش لە ئەمریکا و بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بۆ مەبەستی مەدەنی دەکات لەگەڵ سازانی ئیسرائیل لەسەر بابەتی فەلەستین. "بۆ ئێمە پرسی فەلەستینییەکان زۆر گرنگە، پیویستە ئەو بابەتە چارەسەر بکەین و تا ئیستا ستراتیجیەتێکی باشمان هەیە لەسەر ئەو بابەتە، هیوامان وایە ژیانی فەلەستینییەکان ئاسان بکەین"، بن سەلمان وای وت. محەممەد بن سەلمان سەبارەت بە هەوڵەکانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی رایگەیاند، "ئەگەر چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنن ئێمەش دەبێت هەمان بێت بۆ هۆکاری ئەمنی و هاوسەنگی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ئێمە نامانەوێت ئەوە رووبدات."
هاوڵاتی لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای سووریا و هێزەکانی بەرگریی نیشتمانی روویدا و بەردەوامە. بەهۆی شەڕەکەوە دەیان خێزان ئاوارەبوون و دەوامی قوتابخانەکانیش وەستێندراوە. زۆرینەی سنووری پارێزگای حەسەکە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە دایە، تەنها ناوچەیەک نەبێت پێی دەگوترێت، "ناوچەی چوارگۆشەی ئەمنی"، لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریادایە و شەڕ و پێکدادانەکە لەوێ روویداوە. هەرچەندە دەگوترێت ژمارەیەک سەرباز و چەکدار لە هەردوولا کوژراو و برینداربوون، بەڵام تا ئێستا میدیای فەرمی سووریا و لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ ئامارێکی فەرمییان لەوبارەوە بڵاونەکردووەتەوە. لەبارەی هۆکاری روودانی شەڕەکەش، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ماوەی چەند رۆژێکە حکومەتی سووریا هەوڵدەدات عەبدولقادر حەمۆ، فەرماندەی هێزەکانی بەرگریی نیشتمانی بگۆڕێت، بەهۆی بوونی ناکۆکی لەگەڵ سەرۆکی عەشیرەتی جبوور، بەڵام عەبدولقادر حەمۆ ئەو چەندەی رەتکردووەتەوە و بەهۆیەوە شەڕ و پێکدادان روویداوە. بەگوێرهى زانیاریهكان لەشەوی ڕابردووەوە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەڕ بەردەوام بوهو خەڵکی حەسەکەش بەهۆی سهختى شهڕهكهوه ترسێكى زۆریان ههیهو سەرجەم قوتابخانەو فەرمانگە بازرگانییەکانی ناوچهى ئەمنی ژێر دهسهڵاتى هێزهكانى سوریا داخراون. دیفاع ئەلوەتهنی لەساڵی 2011 لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی سوریا دامەزراوه.
هاوڵاتی سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارێکیدا لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی کردەوە لەوەی واشنتۆن پابەندە بە کارکردن بۆ ئەوەی ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی نەگات. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە وتەی دەستپێکی کارەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە خولی (78)مین، وتی: واشنتۆن پشتیوانی فراوانکردنی ئەنجونەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات. وتیشی: داهاتومان، داهاتویەکی هاوبەشە و پێویستە پێکەوە روبەڕوی ئاڵنگارییەکان ببینەوە، بەتایبەت لە پرسی پەتا و نەخۆشیی، هەروەها دەبێت ئاگاداری کودەتا سەربازییەکان بین لە ئەفەریقا. سەبارەت بە پرسی چەکی ئەتۆمیش، بایدن جەختی کردەوە لەوەی واشنتۆن پابەندە بە کارکردن بۆ ئەوەی ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی نەگات و باسی لەوەکردکە" لە چەند رۆژی رابردوو، پێنج هاووڵاتیی ئەمریکی لەلایەن ئێرانەوە ئازادکران و بە فڕۆکەیەک رەوانەی ئەمریکا کرانەوە، لە بەرامبەردا ئەمریکا شەش ملیار دۆلار پارەی بلۆککراوی ئێرانی گەڕاندەوە، سەرەڕای ئەو رێککەوتنە، بایدن جارێکی دیکە هەڵوێستە تووندەکەی ئیدارەکەی بەرامبەر بە بەرنامەی چەکی ئەتۆمیی ئێران دووپاتکردەوە"ز سەرۆکی ئەمەریکا وتیشی، "لەگەڵ هاوبەشەکانمان کار دەکەین بۆ تاوتوێکردنی چالاکییەکانی ئێران کە ناسەقامگیریی و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهانیش دروست کردووە. سووریشین لە پابەندییمان کە هەرگیز نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت." لەبارەی گۆڕانکاری کەشوهەواشەوە بایدن وتی: مەترسییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا بۆسەر هەمو جیهان مەترسییە، پێویستە لەم دەیەیەدا کار لەسەر کەمکردنەوەی گازە گەرمەکان بکرێت بەرێژەی 30٪، بۆ ئەمەش کارکردن و هەماهەنگی لەگەڵ چین گرنگە.
هاوڵاتی بەرپرسانی لیبیا داوا لەرۆژنامەنووسان دەکەن شاری دەرەنای لیبیا بە جێبهێڵن و نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوای لێکۆڵینەوە لە هۆکاری داڕمانی بەنداوی دێرنە دەکات. وەزیری فڕۆکەوانی مەدەنی لە حکومەتی رۆژهەڵاتی لیبیا هیشام ئەبوشەکیوات بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، بەرپرسانی وڵات داوایان لە رۆژنامەنووسان کردووە شاری دەرەنا بەجێبهێڵن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ژمارەییەکی زۆری رۆژنامەنووس لەو شارەن و کارەکانی تیمی فریاگوزارییان قورس کردووە. ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمەش هەوڵێکە بۆ ئەوەی تیمەکانی رزگارکردن کارەکانییان بە شێوەیەکی ئاسانتر و کاریگەرتر ئەنجام بدەن". ئەمڕۆ چەندین دەزگای راگەیاندن رایانگەیاند، بەرپرسانی لیبیا داوایان لە رۆژنامەنووسان کردووە شاری دەرەنا بەجێبهێڵن. هاوکات فەرحان حەق جێگری وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتدارانی جیهانە کە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری داڕمانی بەنداوی دێرنە لە لیبیا بکەن کە بەهۆیەوە هەزاران هاوڵاتی گیانیان لەدەست داو ژمارەیەکیش بێسەروشوێن بون. جێگری وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەشکرد، هیوادارن ئەو پشتگیرییە مرۆییانەی کە بۆ زیانلێکەوتوانی لیبیا نیشاندراوە بکرێتە هاوکاری دارایی و بۆیان بنێردرێت. دوای نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممەی هەفتەی رابردوو، بەهۆی زریانی دانیاڵەوە، دوو بەنداو لە لیبیا تەقییەوە، کاتێک لافاو دروست بوو، بووە هۆی ڕاماڵینی باڵەخانەکان و گیان لەدەستدانی هەزاران کەس. هەروەها دەسەڵاتدارانی لیبیا بڵاویان کردەوە، کە بەلایەنی کەمەوە 2300 کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها تامر رەمەزان، بەرپرسی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی خاچی سوور و مانگی سوور گوتی: 10 هەزار کەس بێسەروشوێن بوونە لە ئەنجامی لافاوەکەی شاری دەرەنا.
هاوڵاتی ئاگرێکی گەورە لە فرۆکەخانەی عەربەت کەوتەوە، بەڵام تا ئێستا هۆکاری رودانی ئاگرەکە دیار نییە. کەمێک لەمەوبەر ئاگرێکی گەورە لە فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت کەوتەوە و هەندێک شایەتحاڵ باس لەوە دەکەن کە گوێیان لە دەنگێکی گەورە بووە. چەند سەرچاوەیەکی نافەرمی ئاماژە بەوە دەکەن کە فرۆکەخانەکە بە درۆن هێرشی کرابێتە سەر و کوژراو و بریندار هەیە.
هاوڵاتی بەرێوەبەری راگەیاندنی دەستەی کەشناسی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ کۆتایی مانگی (ئەیلول/9)ی ئهمساڵ، وەرزی هاوینیش کۆتایی دێت و پلەکانی گەرما بەرەو نزمبونەوە دەچن، بەڵام هێشتا هیچ ئاماژەیەک بۆ بارانبارین تۆمارنەکراوە. عامر جابری، بهڕێوهبهری راگهیاندنی دهستهی كهشناسی عێراق رایگهیاند، كۆتایی ئهم مانگه هاوینی ئهمساڵ كۆتایی دێت و گوتیشی: پێشبینی دهكرێت له ههندێك سات له باشووری وڵات پلهكانی گهرما بهشێوهی كاتی بهرز ببنهوه، بهڵام به گشتی تا كۆتایی ئهم مانگه پلهكانی گهرما روو له نزمبوونهوه دهكهن. ئاماژهی بهوهشدا، ههرچهند لهم ماوهیهدا بارانبارین و زریان چهند وڵاتێكی گرتووهتهوه، بهڵام پێشبینییهكان بۆ عێراق هیچ ئاماژهیهكی بۆ دابارین و ههڵكردنی نزمه پاڵهپهستۆ بۆ رۆژانی داهاتوو له عێراق تۆمارنهكردووه. هاوکات پێشتریش گاڤین شمیت زانای بواری کەشناسی لە دەزگای ئاسمانی ناسا رایگەیاند، هاوینی ئەمساڵ گەرمترین هاوینی مێژو بوە، ئەوەش لە بەرزبونەوەی پلەکانی گەرمای وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپا و چین بەدی دەکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری گەرمبونی زەویش بەو شێوەیە، دەگەرێتەوە بۆ دەردانی گازە گەرمەکان بۆ نێو بەرگەهەوای زەوی.
هاوڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەگەر پێویست بکات وڵاتەکەی خەونی بوون بە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا کۆتایی پێ دەهێنێت. ئەمڕۆ 16ی ئەیلولی 2023، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "یەکێتی ئەوروپا هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێمە تێکبدات، ئێمەش بارودۆخەکە هەڵدەسەنگێنین و ئەگەر پێویست بکات ماڵئاوایی لە یەکێتی ئەوروپا دەکەین." وتەکانی ئەردۆغان دوای ئەوە دێت کە لە راپۆرتێکی نوێی پەرلەمانی ئەروپادا هاتووە، "پرۆسەی بوون بە ئەندامی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا ناکرێت لەم بارودۆخەدا دەستپێبکاتەوە." تورکیا لە ساڵی 1999 داواکاری پێشکەش کرد بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا و گفتوگۆکان لەسەر ئەندامێتی وڵاتەکە لەساڵی 2005 دەستیپێکرد بەڵام دانوستانەکان لەساڵی 2018 لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە وەستێندران بەهۆی "پاشەکشێی دیموکراسی" لە تورکیا.
هاوڵاتی جێگری فهرماندهی ههرێمی سێههمی دهریایی سوپای پاسدارانی ئێران ئهمڕۆ ههینی رایگهیاند، دهستیان بهسهر دو كهشتی بیانیدا گرتوه كه یهك ملیۆن و 500 ههزار لیتر سوتهمهنی قاچاخیان ههڵگرتبو، ههروهها 37 كهسیشیان دهستگیركردوه كه ئهندامی تیمی ئهو دو كهشتیه بون. محهممهد شهریف شێر عهلی جێگری فهرماندهی ههرێمی سێههمی دهریایی سوپای پاسداران دەڵێت، ئەو دوو کەشتییە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون نەوتی قاچاخیان پێبووە و ئاڵای هەریەک لە ولاتان پاناما و تانزانیایان لەسەر بووە. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو کەشتییانە دوو رۆژ لەوە پێش دەستیان بەسەردا گیراوەو بە شێوەی بەردەوام نەوت و غازی ئێرانیان لە کەنداو بە قاچاخ گواستۆتەوە. ئەو بەرپرسەی سوپای پاسداران دەشڵێت، کەشتییەکان گوێزراونەتەوە بۆ بەندەری ماهشەهر و ٣٧ کەس کە لەو کەشتییە کاریان ئەکرد، دراونەتە دادگا و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
هاوڵاتی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیاندراوێکی لەبارەی کۆبونەوەی ئەمڕۆی شاندی حکومەتی هەرێم و محەممەد شیاع سودانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، جەختکراوەتەوە لەسەر چارەسەرکردنی کیشە یاسایی و داراییەکانی نیوان هەولێر و بەغدا بەپێی دەستوور. لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە کە محەممەد شیاع سودانی، سهرۆكوهزیرانی عێراق وتویەتی، "حکومەت کاری کردوە و بەردەوامە لە کارکردن بۆ دڵنیابون لەوەی کە مەرجەکانی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیانی عێراق دابین بکرێت، بە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانیشەوە." هاوکات باس لەوەش کراوە کە جەختکراوەتەوە لەسەر "چارەسەکردنى کێشە یاسایی و داراییەکانى نێوان حکومەتى فیدراڵ و هەرێم بەگوێرەى دەستوور و یاسا." لە راگەیاندراوەکە ئەوەش هاتووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق "جدیەتى حکومەتى عێراقى نیشاندا بۆ دۆزینەوەى چارەسەرێکى ریشەیی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمى کوردستان." تا ئێستا نزیکەی 20 جار شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی عێراقی کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مودجە و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم، بەڵام سەرجەمیان بێ ئەنجام بوون.
هاوڵاتی ئەندامێکی شاندی حکومەتی هەرێم لە بەغدا رایگەیاند، کۆبونەوەیان لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەرێنی بووە و "هەواڵی خۆش بەرێوەیە." ئەندامێکی شاندەکەی حکومەتی هەرێم بە میدیای پارتی راگەیاندووە، کۆبونەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی ئەرێنی بووە، "هەواڵی خۆش هەیە و بەبێ ئەنجام ناگەڕێینەوە." ئەمڕۆ پێنجشەممە شاندێکی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم گەشتە بەغدا، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نیوان بەغدا و هەولێر لەسەر پشکی هەرێم لە بودجە. شاندەکە هەریەک لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆیی حکومەتی هەرێمی لەخۆگرتبوو لەگەڵ چەند بەرپرسێکی تری هەرێمی کوردستان. مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران و سەرکردەکانی دیکەی عێراق بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان".