شۆڕشی ژینا هەموو پلانەكانی ئێرانی بۆ قەیرانە ئابورییەكانی رووبەڕووی شكست كردەوەو دەسەڵاتی وڵاتەكەی بۆ لاوازترین قۆناغی 44 ساڵی رابردوو تالێواری هەڵدێر بردووە، ئەوەش هەر بەو داتاو ئامارانە دەردەكەوێت كەدامەزراوەكانی ئەو وڵاتە ناتوانن حاشای لێبكەن. شۆڕشی ژینا كەوەك بزوتنەوەیەكی كۆمەڵایەتیی تا ئێستاش لەڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەردەوامەو زۆرترین سەرنجی نێودەوڵەتی و جیهانی لەسەرە توانی ریسی دەسەڵاتدارانی ئێرانی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەكەی كردەوە بەخوری و پاشەكشێی زۆری بەكۆماری ئیسلامی ئێران كردووە. ئێران كە بەڕكابەرێكی ئابوریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەقەڵەمدەدرا ئێستا 500 ملیار دۆلار لەدوای ئابوریی توركیاوەیە كەخۆی گیرۆدەی قەیران و هەڵاوسانی ئابورییە. ساڵی 2022 بڕیاربوو ساڵێكی چارەنووسساز بێت بۆ ئێران و رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی چونكە جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا بانگەشەی چالاككردنەوە یان زیندوكردنەوەی رێككەوتنەكەی كرد، بەڵام دوای زیاتر لەشەش مانگ دانوستانی بێ دابڕان لەڤیەننای پایتەختی نەمسا ئەو رێككەوتنە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی داواكارییەكانی تاران و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دواجار بایدن بەشێویەكی نافەرمی مەرگی رێككەوتنەكەی ئاشكراكرد. خۆپیشاندانەكان ئابووریی ئێران بەرەو هەڵدێر دەبات ئێران تاساڵی 2022 خاوەنی نزیكەی 209 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگ بووەو بەوەش دەبێتە سێیەم وڵاتی جیهان دوای ڤەنزوێلا و سعودیە لە رووی زۆرترین رێژە لەنەوتی یەدەگ. بڕیارە لەبودجەی ساڵی داهاتووی ئێران (1402) كە لەسەرەتای بەهاری ساڵی (2023) دەستپێدەكات نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بە 75 دۆلار دەستنیشان بكرێت و هەناردەی رۆژانەشی بەیەك ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل دیاری بكرێت. بەپێی ئەو بودجەیەی حكومەتی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران پلانی بۆ داناوە دەبێت داهاتای نەوتی ئێران لەساڵێكدا بگاتە 27 ملیارو 300 ملیۆن دۆلار لەكاتێكدایە بەوتەی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران پێش ساڵی 2018 و كشانەوەی ئەمریكا لەرێككەوتنی ئەتۆمیی، داهاتی نەوتی ئێران لانیكەم (113) ملیار دۆلار بووەو دواتر بەهۆی سزاكانی واشنتۆن دژی تاران ئەو بڕە لەداهاتی نەوت بۆ (13) ملیار دۆلار كەمیكردووە. مەسعود خوانساری، سەرۆكی ژوری بازرگانیی ئێران ئاشكرایكردووە؛ ئابوریی وڵاتەكەی 500 ملیار دۆلار لەدوای ئابوریی وڵاتی توركیاوەیە لەكاتێكدا ئەو وڵاتە گیرۆدەی گەورەترین هەڵاوسانی ئابوریی جیهانەو دەگاتە زیاتر لە 84% . خوانساری حاشای لەوە نەكردووە كە داهاتی ساڵانەی كەرتی نەوتی وڵاتەكەی بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەكانەوەو بەتایبەت سزاكانی ئەمریكا بڕی 100 ملیار دۆلار كەمی كردووە بەوتەی ئەو تاكە هیوا بۆ ئابوریی ئێران ماوەتەوە بازرگانیی دیجیتاڵە كەئەویش بەهۆی كێشە لەهێڵەكانی ئینتەرنێت خەریكە ئەو هیوایە لەناودەچێت. ئەو بەبێ ئەوەی ئاماژە بەناڕەزایەتییەكان بكات روونیكردووەتەوە لەماوەیەكی كورتدا 10 ملیار دۆلار سەرمایەی ئێران رەوانەی دەرەوە كراوەو پێشبینیكردووە چوونەدەرەوەی سەرمایە لە وڵاتەكە بەشێوەیەكی خێرا بەردەوام بێت. كۆمپانیای كلادفلەر (Cloudflare) ئاشكرایكردووە لەسەرەتای ناڕەزایەتییەكانەوە (95%) ئینتەرنێتی ئێران رووبەڕووی كێشە بووەتەوەو دواتریش (83%)ی هێڵەكانی ئینتەرنێتی وڵاتەكە هەر بەخراپی ماونەتەوە بەجۆرێك سوودوەرگرتن لێیان ئاستەم بووە. كۆمپانیاكە روونیكردووەتەوە بەهۆی ئەو سنورداركردن و چاودێرییكردنەی دەسەڵات خستویەتییە سەر هێڵەكانی ئینتەرنێت بەشداربووان ناچارن سوود لەئەپڵیكەیشن و پڕۆگرامی شكاندنی بەربەستەكان بدەن كەئەوەش وادەكات ئینتەرنێت رووبەڕووی كێشە ببێتەوە. بەپێی ئامارەكان 80%ی خەڵكی ئێران سوود لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تێلیگرام و ئینیستاگرام و واتساپ وەردەگرن كەزۆربەیان لەلایەن دەسەڵاتەوە قەدەغە كراون و ناتوانرێت لەڕێگەی ئاساییەوە بەكاریانبهێنن، بۆیە ناچارن پەنا بۆ ئەنتی فیلتەرو ڤی پی ئێن ببەن. زیانەكانی ئینتەرنێت لەماوەی سێ مانگدا بەزیاتر لەچوار ملیارو 400 ملیۆن دۆلار خەمڵێنراوە و نزیكەی 450 هەزار هەلی كارو كاسبكاریش زیانیان پێگەیشتووە. لەلایەكی دیكەوە رۆژنامەی شەرق لەزاری سەچاوەیەكی بازرگانیی وڵاتی كەنەدا بڵاویكردووەتەوە لەساڵێكدا 70 ملیار دۆلار سەرمایە لەئێرانەوە رەوانەی ئەو وڵاتە كراوە، بەڵام بانكی ناوەندیی ئێران هەواڵەكەی پشتڕاست نەكردەوەو ئامارێكی راگەیاند كە بەوپێیە گومان دەكرێت هەواڵەكە راست بێت. بەپێی روونكردنەوەو ئامارەكانی بانكی ناوەندیی ئێران بڕی چوونە دەرەوەی سەرمایەی وڵاتەكە لەساڵی 2021 زیاتر لەشەش ملیار دۆلار بووە، بەڵام لەپێشتر لەسێ مانگدا بڕی یەك ملیارو 500 ملیۆن دۆلار لەساڵی 2022 لەئێران چووەتە دەرەوە، بەڵام ئەو بڕە كتوپڕ لەكاتی ناڕەزایەتییەكانی دوای مەرگی ژینا بۆ 10 ملیارو 32 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە. دراوی تمەن بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەكان و دواتر سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان لەكاردانەوەی مەرگی ژینا ئەمینی نزیكەی 40%ی بەهاكەی لەدەستداو بەپیێ خەمڵاندنەكانیش ئەو دراوە لەساڵی رابردوودا بەگشتی 70%ی بەهاكەی لەبەرامبەر دۆلاردا لەدەستدا. بەهای هەر دۆلارێك لەدوایین ساتەكانی كۆتایی ساڵی 2022 بۆ نزیكەی 45 هەزار تمەن بەرزبووەوە پێشبینیی كرابوو كە بەهای هەر دۆلارێك بگاتە 50 هەزار تمەن بەڵام بەرزبوونەوەی ئەو دراوە بووە هۆی گۆڕینی پارێزگاری بانكی ناوەندیی ئێران و دواتریش بەپێی پلانێك توانی بەهای یەك دۆلار تەنها بۆ دوو رۆژ بۆ نزیكەی 40 هەزار تمەن دابەزێنرێت، بەڵام ئەوەش دادی تمەنی نەداوەو ئەو دراوە بەردەوامە لەتۆماركردنی ژمارەی پێوانەیی لەدابەزینی بەهاكەی. تمەن لەمێژووی چاپكردنییەوە 95٪ی بەهاكەی لەدەستداوەو دابەزینی ئەو دراوە بووە هۆی گۆڕینی دوو پاریزگاری بانكی ناوەندیی لەساڵی 2022دا. ئێران كە بەهۆی زیندوكردنەوەی ئەو رێككەوتنە مشتی لەفرۆشتنی 100 ملیۆن بەرمیل نەوتی وڵاتەكەی خۆشكردبوو راگرتنی دانوستانە ئەتۆمییەكانی ڤیەننا خەون و ئاواتەكانی كرد بەمۆتەكەو هەر بەو هۆیەوە تمەن بەشێوەی بەرچاو دابەزی و ئاستی هەڵاوسانی وڵاتەكەی بۆ زیاتر لە 50% بەرزبووەوە. ئێران تەنها بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەكەیەوە زیاتر لەهەزارو 300 سزای نێودەوڵەتیی لەلایەن ئەمریكاو ئەوروپاو چەند وڵاتێكی دیكەوە بەسەردا سەپێنراوە كەزۆربەی ئەو سزایانەش كەرتی نەوت و ئابوریی وڵاتەكەی كردووەتە ئامانج و داهاتی ساڵانەی وڵاتەكەشی بەنزیكەی 100 ملیار دۆلار كەمیكردووە. سەرەڕای ئەوانە چین كە بەسەرەكیترین هاوپەیمانی ئابوریی ئێران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەقەڵەمدەدرا ئاستی هاوردەی لەو وڵاتە بەشێوەیەكی بەرچاو بۆ نزیكەی نیوە كەمكردووەتەوە لەكاتێكدا پێشتر تاكە وڵات بووە بەبێگوێدانە سزاكانی ئەمریكا رۆژانە نزیكەی 850 هەزار بەرمیل نەوتی لەئێران دەكڕی. گومرگی وڵاتی چین بڵاویكردووەتەوە ؛هاوردەی كاڵای ئێران بۆ وڵاتەكەی لەمانگی رابردوودا 326 ملیۆن دۆلار بووە لەكاتێكدا پێشتر ئێران مانگانە بەبڕی زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلار كاڵای بۆ چین ناردووە. بەپێی بەراوردەكان ئەو بڕە لەهاوردەی كاڵای ئێران بۆ ناو چین كەمترین رێژەی 20 ساڵی رابردووەو سێ مانگە لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان بەبەردەوامی هاوردەی كاڵا لەئێرانەوە بۆ چین كەمیكردووە. ئێران لەناو قوڵایی قەیرانەكاندایە ئێران بەتۆماركردنی زیاترین رێژەی هەڵاوسانی ئابوریی 60%، بووە سێیەم وڵاتی جیهان كەزۆرترین رێژەی هەڵاوسانی تۆماركردبێت و بەپێی ئامارەكانیش رێژەی هەژاریی لەیەك ساڵدا 50% بەرزبووەتەوە. لەدوایین زانیاریی كەوەزارەتی كاری ئێران بڵاویكردووەتەوە هەر خێزانێكی چوار كەسی بۆ لانیكەمی بژێوی لەئێران پێویستی بەداهاتی مانگانەی نزیكەی 15 ملیۆن تمەنە كەدەكاتە كەمتر لە (375) دۆلار، لەكاتێكدا داهاتی كرێكارێك لەمانگێكدا دەگاتە پێنج ملیۆن تمەن و زیاتر لە دوو ملیۆنیشی بۆ كرێ خانوو خەرجییەكانی شوێنی نیشتەجێبون پێویستە. بەسەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان سەرجەم سزا نێودەوڵەتییەكان لەسەر ئێران قورستر بوون و داهاتوویەكی گەش چاوەڕێی ئابوریی ئەو وڵاتە ناكات بۆیە شارەزایانی ئابوریی وڵاتەكە دەڵێن ئێران لەقوڵایی چاڵی قەیرانەكاندا گیرۆدە بووە. شۆڕشی ژینا لە 16ی ئەیلولی ساڵی 2022 ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵی خەڵكی شاری سەقز لەڕۆژهەڵاتی كوردستان لەنەخۆشخانەی كەسرا لەشاری تاران دوای سێ رۆژ بێهۆشبوون گیانی لەدەستدا. ژینا كە بەبیانوی نەگونجاوبوونی جلوبەرگەكانی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە دەستگیركرابوو بەهۆی لێدان لەسەری تووشی جەڵدەی دڵ و دواتر خوێنبەربوونی مێشك بوو گیانی لەدەستدا. مەرگی ژینا زیاترین و بەرفراوانترین ناڕەزایەتیی لەمێژووی 43 ساڵی ئێراندا لێكەوتەوەو لەئاستی نێودەوڵەتیشدا مەرگی ئەو كچە كوردە دەنگدانەوەو كاردانەوەی هەبوو. ئەو مەرگەو خۆپیشاندانی بەرفراوانی ژنان و كچان وای لەجیهان كرد چاپۆشیی لەڕووداوەكە نەكەن و تەنانەت ئەمریكاو ئەوروپا بەڕاشكاوی پشتیوانی خۆیان لە ناڕەزایەتییەكان و ژنان و خۆپیشاندەران دەربڕی و وەك كاردانەوەش بەڕووداوەكە ژمارەیەك سزایان دژی دەسەڵاتی ئێران سەپاند. بەهۆی ناڕەزایەتییەكانی دوای مەرگی ژینا نزیكەی 600 كەس لەڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەگوللـەی هێزە ئەمنییەكان گیانیان لەدەستداو لەئاستی نێودەوڵەتیشدا جگە لەسزاكان لە 200 شاری گەورەی جیهان خۆپیشاندانی بەرفراوانی لێكەوتەوە. دوای رووداوەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، سوپای پاسدارن سێ جار بەفڕۆكەی بێفڕۆكەوان و موشەك و تۆپخانەكانی هێرشی كردەسەر بنكەو بارەگای پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەسلێمانی و كۆیەو ناوچەكانی برادۆست لەهەرێمی كوردستان و هێرشەكانیش 19 كوژراوو لانیكەم 68 برینداری لێكەوتەوە كەژمارەیەكیان ژن و منداڵ بوون. بەرپرسانی ئێران، ئەو پارتانەیان تۆمەتبار كرد بەهاندانی ناڕەزایەتییەكانی دوای مەرگی ژیناو سوپای پاسدارانیش تۆمەتی ئەوەی خستەسەر ئەو پارتانەی رۆژهەڵات كە لەهەرێمی كوردستانەوە هێرشی سەربازییان كردووەتەسەر دامەزراوەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران و هەڕەشەی هێرشی وشكانیشی بۆ سەر هەرێم كرد. هێرشەكانی ئێران بۆ سەر پارتەكانی رۆژهەڵات وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند هێرشەكانی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان ئەنجامداوەو هاوكات چەند جارێك پێداگریی لەدەركردن و چەككردنی ئەو هێزانەی رۆژهەڵاتی لەهەرێمی كوردستان كردو بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم و عێراق كۆبووەوە. ئێران كە لەساڵی 1979وە بەهۆی پێشلكردنی مافەكانی مرۆڤەوە لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە سزای بەسەردا سەپینراوە ساڵی 2022ش مێژوویەكی باشی لەبواری مافەكانی مرۆڤدا تۆمارنەكردو جارێكی دیكە بڕیارێكی نێودەوڵەتیی لەدژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە درا. پەتی سێدارە ناڕەزایەتییەكانی رانەگرت ئێران لەساڵی 2022 ژمارەی پێوانەیی بۆ لەسێدارەدان تۆماركردو بەوەش بوو بەیەكەم وڵاتی جیهان كە زۆرترین سزای سێدارەی لەساڵیكدا جێبەجێكرد. لەو ساڵەدا 565 كەس لەسێدارەدران كە 56 كەسیان لەڕۆژهەلاتی كوردستان بوون. رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوەكردووە كە زۆرینەی ئەو كەسانەی سزا دراون بەنهێنی لەسێدارە دراون و تەنانەت كەسوكاریان ئاگادار نەكراونەتەوە. بەهۆی ناڕەزایەتییەكانیشەوە زیاتر لە 100 خۆپیشاندەر سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە كە لەو ساڵەدا دوو خۆپیشاندەر لەتاران و مەشهەد لەسێدارەدران. خوێناویترین رۆژی جیهان دوای 14 رۆژ لەمەرگی ژینا ئەمینی رۆژی هەینی 30 ئەیلول و دوای نوێژی هەینی خۆپیشاندانێكی بەرفراوان لەشاری زاهیدان لەپارێزگای سیستان و بەلوچستان لەباكوری رۆژهەڵاتی ئێران ئەنجامدراو وەك ناڕەزایەتیی بەرامبەر بەمەرگی ژیناو نادادپەروەریی و هەژاری لەو ناوچەیە، بەڵام بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنی و سەربازییەكان تەنها لەو رۆژەدا 99 كەس كوژران و دەیان كەس برینداربوون . ئەو رووداوە كە بەهەینی خوێناوی دەناسرێت كاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێكەوتەوەو رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش رایگەیاند ئەو هەینەی زاهیدان خوێناویترین رۆژی جیهان بووە لەساڵی 2022 .
لە مانگى رابردودا تورکیا زیاتر لە هەزار و 500 پەنابەرى سوریی دیپۆرت کردوەتەوە، ئەمەش بەرزترین رێژەى دیپۆرتکردنەوەیە کە لە سێ مانگى رابردودا تۆمار کرابێت. بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەى باب ئەلهەوا لە سوریا بڵاوی کردەوە؛ لە مانگى 12ـى ساڵى رابردودا تورکیا هەزار و 504 پەنابەرى سوری کە لەو وڵاتە ژیاون دیپۆرت کردوەتەوە. ئەو ژمارەیە زۆرترین رێژەى دیپۆرتکردنەوەیە کە لە سێ مانگى رابردودا لەلایەن تورکیاوە تۆمار کرابێت و تەنها لە مانگى 11ـى ساڵى رابردو هەزار و 167 پەنابەرى سورییان دیپۆرت کردوەتەوە. بەپێى ئەو ئامارەى بڵاوکراوەتەوە تورکیا لە 10 مانگى ساڵى رابردودا زیاتر لە 16 هەزار پەنابەرى سورییان لەڕێگەى دەروازەى باب ئەلهەوا دیپۆرت کردوەتەوە.
هێمن مەحموود هێشتا بازاڕەكانی دراو لەعێراقدا شۆكی بەرزبوونەوەی لەناكاوو كتوپڕی نرخی دۆلار تیایدا بۆ نزیكەی 160 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلار بەرینەداوەو نرخی هەر 100 دۆلارێك سەرەڕای هەموو هەوڵ و راگەیەندراوەكانی بانكی ناوەندی عێراق نەگەیشتووەتە ئاستی ئاسایی خۆی كە 1470 دینارە بۆ هەر دۆلارێك، بەڵكو لەنێوان 150 بۆ 153 هەزار یاری دەكات. محەممەد شیاع سوودانی بەرلەوەی ببێت بەسەرۆك وەزیرانی عێراق لەئازاری 2021 رایگەیاند: ئەگەر نرخی دۆلار دانەبەزێندرێت «مەبەستی ئەوەبوو بگەڕێتەوە بۆ نرخی 119 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێك، ئەمەش دوای ئەوەی بەبڕیاری مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشوو بەرزكرایەوە بۆ 148 هەزار دینار» ئەوا شۆڕشی برسییەكان روودەدات، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی هاووڵاتیان لەدژی دەسەڵات. بەڵام واپێدەچێت چەرخی بەخت ئەمجارە رووی لەسوودانی نەكردبێت و دۆلار نەك هەر نرخەكەی نەگەڕایەوە بۆ جارانی، بەڵكو لەنرخی زیادكراویش تێپەڕی و بەئاسانی ناگیرێتەوە. وەك ئەوەی زانیارییە میدیاییەكان لەزاری بەرپرسانی بانكی ناوەندی عێراقەوە ئاشكرایان كردووە بەرزبوونەوەی نرخی ئەمجارەی دۆلار پەیوەندی راستەوخۆی بەفشارو هەوڵەكانی ئەمریكاوە هەبووە بۆ رێگەگرتن لەناردنە دەرەوەی دۆلاری عێراقی بۆ ئێران و سزادانی چەند بانكێكی عێراقی لەلایەن ئەمریكاوە . بەپێی زانیارییەكان گەنجینەی ئەمریكاو بانكی فیدراڵی كەپارەی عێراقییان لەلایە چەندین كۆتوبەندیان خستۆتەسەر هەناردەی دۆلار بۆ عێراق و بەمەش دۆلار لەبازاڕەكاندا كەمبووەتەوەو جیاوازی لەنێوان خواست و خستنەڕوو كەمبووەتەوە، كە ئەمەش وەك ئابڵوقەیەكی راستەوخۆ بۆ سەر عێراق و ناڕاستەوخۆش بۆ سەر ئێران ئەژمار دەكرێت. هاوكات بەهۆی پشووەكان و یادەكانی سەری ساڵیشەوە بانكی ناوەندی عێراق دۆلارێكی كەمتری خستە بازاڕەوە بەجۆرێك لە 60 ملیۆن دۆلار تا 130 ملیۆن دۆلار بوو، ئەمە لەكاتێكدا بازاڕەكانی عێراق رۆژانە پێویستی بەزیاتر لە 180 ملیۆن دۆلار هەیە. یەكێكی تر لەو هۆكارانەی كە بەبڕوای شارەزایانی ئابووری بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، بردنە دەرەوەی دۆلاری كاشە لەڕێگای وشكانی و ئاسمانییەوە بەشێوەیەكی ئاشكراو پێی دەوترێت (حەواڵەی رەش) كەدواتر جیاواز لەحەواڵەی فەرمی كە لەڕێگای بانكی ناوەندی و بانكەكانەوە بەوڵاتاندا دابەشدەكرێت. هەرچەندە تائێستا حكومەتی عێراق بەفەرمی هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری نەخستۆتە ئەستۆی ئەمریكا، بەڵام هادی عامری سەركردەی دیاری چوارچێوەی هەماهەنگی و كەسایەتییە كاریگەرەكەی پشت پەردەی حكومەتی ئێستای عێراق ئەمریكا بەوە تۆمەتباردەكات هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەو دەستی بەسەر پارەكانی عێراقدا گرتووە. هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح رایگەیاند: «تائێستا ئەمریكییەكان دەسەڵاتیان بەسەردامان دەشكێت، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەشێكە لەپیلانی ئەمریكا. لەبابەتی ئابوورییدا دەست بەستراوین و پارەیەكی زۆرمان لەئەمریكایە، هەروەها دەڵێت بەڕاشكاوانە تائێستا عێراق سەربەخۆیی ئابووری نییەو شەڕی ئەمڕۆمان پێویستە شەڕی ئابووری بێت.» وەك ئاماژەیەكیش بۆ ناڕازیبوونی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەپارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق كە بەنزیك لەڕەوتی سەدر دادەنرێت، محەممەد ساعدی پارێزەری تایبەتی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەدادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سكاڵای تۆماركردووە بۆ دوورخستنەوەی پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق و پارێزەرەكە دەڵێت: دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بەدۆلارو بێتوانایی ئەو بەرپرسە لەبەڕێوەبردنی قەیرانەكان، هۆكاری پێشكێشكردنی ئەو سكاڵایە بووە. بەبڕوای بەشێك لەشارەزایانی دۆخی سیاسیش هۆكاری بنەڕەتی بەرزبوونەوەی دۆلار فشارەكانی حكومەتی ئەمریكایە بۆ سەر حكومەتەكەی سوودانی تا بەمەرج و داخوازییەكانی ئەمریكا رازی ببێت و لەئێران دووربكەوێتەوە. فازڵ بەدرانی چاودێری سیاسی لەلێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراق بڕوای وایە ئەمریكا لەڕێگای فشاری ئابوورییەوە پەیام بەسوودانی دەدات كە نابێت عێراق لەمیحوەری خۆی دووربكەوێتەوە، ئاماژەش بەوەدەكات ئەمریكا دەیەوێت ئێران هیچ سودێك لەدۆلارەكانی عێراق نەبینێت و پەیامێكی هەڕەشە ئامێزی راستەوخۆی ئەمریكاشە بۆ حكومەتی عێراق بەوپێیەی چەكی ئابووری كاریگەرییەكی راستەوخۆی لەسەر دۆخی عێراق هەیە. وەك هەوڵێكیش بۆ رێگری لەدابەزینی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار، بانكی ناوەندی بڕیاریدا ژمارەی ئەو بانكانەی كەدۆلار بەهاووڵاتیان دەفرۆشن بەنرخی فەرمی لە 10 بانكەوە بۆ 20 بانك زیادبكات و بڕی دۆلارە فرۆشراوەكانیش بۆیان زیاتر بكات. عەمار حەمید، جێگری پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق دەربارەی یەدەگی دراوی عێراق رایگەیاندووە لەئێستادا یەدەگی دراوی نەختینەیی عێراق گەیشتە زیاتر لە 99 ملیار دۆلارو لەماوەیەكی زۆر كەمدا دەگاتە 100 ملیار، ئاماژەی بەوەشكردووە زیادبوونی یەدەگی دراوی نەختینەیی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادبوونی یەدەگی دراوو ئاماژەیەكی دڵخۆشكەرە بۆ بانكی ناوەندیی و حكومەتی عێراق بەتایبەت بۆ جێگیربوونی بەهای دۆلارو دینار. بەپێی ئاماری كۆتایی ساڵی 2022، بانكی ناوەندی لەماوەی ئەو ساڵەدا بڕی 48 ملیارو 509 ملیۆن و 271 هەزار دۆلاری بەنرخی 1460 دینار بۆ هەر دۆلارێك فرۆشتووە، كە بەبڕی چوار ملیارو 42 ملیۆن و 439 هەزار دۆلاری مانگانە دێت و لەبازاڕەكانی عێراقدا بڵاویكردووەتەوە، كەزۆرترینیان لەمانگی حوزەیراندا بووە كەبڕەكەی زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار بووەو كەمترینیشیان لەمانگی كانونی یەكەمدا بووە كەبڕەكەی دوو ملیارو 409 ملیۆن دۆلار بووە. بەبڕوای شارەزایانی ئابووریش بۆ دەرچوون لەقەیرانی دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر بەدۆلار چەندین رێگا هەیە كەبریتین لەگفتۆگۆكردن لەگەڵ بانكی فیدراڵی ئەمریكا بۆ كەمكردنەوەی كۆت و بەندەكانی ناردنی پارەو رێگەگرتنی دەزگا ئەمنییەكان لەحەواڵەی رەش بەتایبەت بۆ وڵاتانی توركیاو ئێران، جەختكردنەوەی حكومەت و بانكی ناوەندی لەدابەشكردنی دۆلارو پارێزگاری لەجێگری نرخی فرۆشتن و رێكخستنەوەی حەواڵەكانی دەرەوەو چاودێریكردنیان.
هاوڵاتی لەڕاپۆرتێکدا بانکى نێودەوڵەتى ئاماژە بەوەدەکات بەهۆى گۆڕانکاریی کەشوهەواوە تاوەکو ساڵى 2035 جیاوازى ئاوى بەردەست لەگەڵ خواستى بەکارهێنانى دەگاتە 5 بۆ 11 ملیار مەتر سێجا، ئاماژە بەوەشدەکات سیستمى خوێندن لە عێراق "بێهێزترینە" لە ناوچەکە. بەپێی ڕاپۆرتەکە کەمبوونەوەی ئاو لە عێراق بەشێوەیەکى خێرایە و پێشبینیدەکرێت تاوەکو ساڵى 2035 جیاوازى بڕى ئاوى داواکراو لەگەڵ ئەو بڕەى لەبەردەستە بگاتە نێوان 5 بۆ 11 ملیار مەتر سێجا و ئەوەش دەکاتە تێکڕاى 15%ى خواست لەسەر ئاو. لە بەشێکى دیکەى راپۆرتەکەدا هاتووە، گۆڕانکارى کەشوهەوا و بەرزى پلەى گەرمى و کەم بارانى لە عێراق دەبێتە هۆى کەمبوونەوەى ئاوى پێویست بۆ کشتوکاڵ بە رێژەى 20%، بەهۆى ئەوەشەوە تێکڕاى بەرهەمى نێوخۆیی بە رێژەى 3.9% کەم دەکات. بانکى نێودەوڵەتی ئاماژەى بەوەشداوە کە لە چوار بەش، سێ بەشی گازە زیانبەخشەکان بۆ ژینگە لە عێراق لە کەرتى کارەبا، نەوت، گواستنەوەیە و ئەو گازەى لە عێراق دەسووتێت. بانکى نێودەوڵەتی ئاماژەى بەوەشداوە کە سیستمى خوێندن لە عێراق "بێهێزترینە" لە ناوچەکە و ئەو منداڵەى لە عێراق لەدایک دەبێت تەنها 40%ى تواناکانى دەخاتەکار. ئاماژە بەوەشکراوە "تەنها 13%ى خانمان هێزی کارى عێراق پێکدەهێنن؛ لە دواى یەمەن بە دووەم کەمترین رێژەی کارکردنى خانمان دادەنرێت لەسەر ئاستى جیهان."
بە هۆی هێرشێکی چەکداریی لە تاران فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران کوژرا. ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاوی کردەوە، شەوی رابردو لە هێرشێکی چەکداریدا لە تارانی پایتەختی ئێران ئەفسەرێک بە ناوی قاسم فەتحوڵڵاهی کە ئەندامی لقی ساروڵڵای بەسیج-ی سەر بەو سوپای پاسداران کوژراوە. ئاژانسەکە کە نزیکە لە سوپای پاسدارانەوە و هێرشەکەی بە تیرۆریسی ناوهێناوە و ئاشکرای کرد سێ گوللـە بەر ئەو ئەفسەرە کەوتوە . لە ماوەی رابردودا ژمارەیەک ئەفسەر و ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەهۆی بەشدارییان لە سەرکوتی خۆپیشاندەران کراونەتە ئامانج و بە پێی ئامارەکانیش لە 109 رۆژی ناڕەزایەتییەکان لانیکەم 69 ئەندام و چەکداری هێزە ئەمنی و سەربازییەکان کوژراون کە زیاتر لە 40 کەسیان سەر بە سوپای پاسداران بون. عەلی سەباحی، سەرۆکی بنکەی زانیارییەکانی پۆلیس لە تاران رایگەیاند: بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە لە روداوەکە و دواتر وردەکارییەکان بڵاودەکەنەوە.
سەرۆک کۆماری ئێران لە وتارێکیدا بۆ سێیەم ساڵیادی کوژرانی سولەیمانی, رایگەیان;د تۆڵەی ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران دەکەنەوە و رێگە نادەن خوێنی بەفیڕۆ بچێت. لە تاران پایتەختی ئێران یادی سێیەمین ساڵی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسداران بەڕێوچو و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری وڵاتەکەش جەخت دەکاتەوە کە تۆڵەی ئەو فەرماندەیەیان دەکەنەوە. رەئیسی وتیشی رێگە نادەن ئەوانەی دەستیان لە کوشتنی قاسم سولەیمانیدا هەبوە بە ئاسودەیی سەر بنێنەوە و دەبێت تۆڵەیان لێبکرێتەوە. یادی سێەم ساڵی کوشتنی سولەیمانی لە مزگەوتی خومەینی لە تاران بە ئامادەبونی رەئیسی و حوسێن سەلامی ، فەرماندی گشتیی سوپای پاسداران ، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس ، بەرپرسانی حکوومی، فەرماندە سەربازییەکان، نوێنەرانی وڵاتان، بنەماڵەی سولەیمانی و هاووڵاتییان بەڕێوەچوو. ئەمریکا لە سێی کانونی دوەمی ساڵی 2020 بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلەکانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەھدی موھەندس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا و لە ئەنجامدا ئەو دو بەرپرسە و ژمارەیەک پاسەوانیان کوژران.
هاوڵاتی ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نوێ وسیاستەمەتداری توندڕەوی ئیسرائیل لە ژێر ئاسایشێکی توندا چووە" حەرام شەریف" کە لەلایەن جولەکەکانەوە بە چیای پەرستگا ناودەبرێت، کاردانەوەی فەڵەستینیەکان و سعودیە وئیاماراتی لێکەوتەوە و ئیدانەی سەردانەکەیان کرد و بە هێرشکردنە سەر شوێنی پیرۆزی موسڵمانانیان ناوبرد. هاوکات لەگەڵ سەردانەکەشدا، ئیتامار بن گڤیر، لە تویتیکدا ڕایگەیاند، چیای پەرستگا بەڕووی هەموو کەسێکدا کراوەیە، ئەگەر حەماس پێی وایە دەتوانێ بە هەڕەشەکردن ڕێگری لەمن بکات، ئەوا دەبێ بزانێت سەردەم گۆڕاوە وحوکمەتی نوێی ئسرائیل هاتووە بۆ کارکردن لە قودس. دوابەدوای ئەم گەشتە وپەیامەکەی ئیتامار بن گڤیر، کاردانەوەی حەماس وفەڵەستینیەکان، هەروەها وڵاتانی دیکەی عەرەبی لێکەوتەوە کە لەنێویاندا سعودیە وئیماراتی عەرەبی ئیدانەی سەردانەکەیان کرد. وتەبێژی بزوتنەوەی حەماس، کە کۆنتڕۆڵی کەرتی غەزە دەکات، سەردانەکەی بە تاوان ناوبرد، هاوکات لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاند، ئەم شوێنە هەر بەشوێنی پیرۆزی فەڵەستین وعەرەبی ئیسلامی دەمێنێتەوە. لەدرێژەی کاردانەوەکاندا لەسەر ئەم سەردانەی ئیتامار بن گڤیر، حوکمەتی ئوردن کە سەرپەرشتی حەرام شەریف دەکات، ئیدانەی سەردانەکەی کرد و وتی، ئەمە هێرشە بۆسەر مزگەوتی ئەقسا. جگە لە وڵاتانی عەرەبی ئەم سەردانەی وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل، وتەبێژی کۆشکی سپیشی هێنایە دەنگ و ڕایگەیاند، کە داوادەکەن ئاسایشی ئێستای دۆخی قودس وشوێنە پیرۆزەکانی بپارێزرێت، هەروەها هەموو کارێکی تاکلایەنانە کە ئەو ئاسایشە بخاتە مەترسیەوە قەبوڵناکرێت. ئەم سەردانەی ئیتامار بن گڤیر، لەکاتیکدایە کە بڕیارە هەفتەی داهتوو بنیامین نەتەنیاهوو سەردانی ئیامارات بکات، لەگەڵ ئەوەی کە بەپێی زانیاریەکان ئەم سەردانە بە مۆڵەتی بنیامین نەتەنیاهوو سەرۆکوەزیرانی نوێی ئیسرائیل کراوە. دوابەدوای پیکهینانی حوکمەتی نوێی ڕاستڕەوی نوێی ئیسرائیل بە سەرکردایەتی بنیامین نەتەنیاهوو، کاردانەوەکان وگرژیەکان زیاتر پەرەیان سەند وئەم سەردانەی وەزیری ئاسایشی نوێی ئیسرائیلیش گرژیەکانی زیاتر کرد و توڕەویی فەڵەستینیەکانی گەورەتر کرد.
هاوڵاتی دوای ئەوەی لەماوەی ڕابروودا گەورەترین دزی پارە لەعێراق کراو بڕی سێ ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار دینار لە پارەی باجی بانکی رافیدەین دزا، لە ئێستادا بەرپرسانی عێراق ناوەناوە ئاماژە بەگەڕانەوەی بڕی جیاوازی پارەکە دەکەن. لە نوێترین گۆڕانکاریەکاندا سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ئاماژە بەگەڕانەوەی بڕی 4ملیار لە پارەکە دەکات. حەیدەر حەنون سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند: ئەو 4 ملیارە بەشێکە لەو 17 ملیارەی لای یەکێک لەتۆمەتبارەکان بوە بەشێکه لەپارەی دزینی سەدە ئەو ئاماژەی بەوەشدا له چەند ڕۆژی ئایندە حکومەتی بەغدا بڕیاری 80میۆن دۆلار دۆلار لە ئەمریکاوە دەگەڕێنێتەوه کە بەقاچاخ بردرابوون. وتیشی، ھەموو پارانەی دەگەڕێنرێنەوە لە لقێکی بانکی رافیدەین لە ناو وەزارەتی بەرگری عێراق کۆدەکرێتەوە تا ئەو کاتەی ھەموو پارەکە دەگەڕێنرێتەوە و دواتر رادەستەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت. جێی ئاماژە بۆ کردنە پێشتر سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق گەڕانەوەی بڕی 452 ملیار دیناری پارەی دزراوی بانکی ڕافیدەین ڕاگەیاند بەهۆی گەورەیی قەبارە ئەم دزییه لەعێراق ناونرا دزی سەدە
سزای سێدارە بەسەر دوو گەنجی دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا سەپێنرا و بەوەش ژمارەی ئەو کەسانی سزای سێدارە دەیان گرێتەوە بۆ زیاتر لە 100 کەس بەرز دەبێتەوە. ئەمیر هاشمی، بەڕێوبەری راگەیاندنی دەزگای داد لە ئێران بڵاوی کردەوە؛ سزای سێدراە بۆ دوو دەستگیرکراوی دیکەی ناڕەزایەتییەکان لە لایان دادگای وڵاتەکەوە دەرچوە و سێ سزای سێدارەش راگیراوە. هەر یەکە لە محەمەدمەهدی کەرەمی تمەن 22 ساڵ و محەمەد حسێنی ئابرام بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان و کوشتنی ئەندامێکی سەر بە سوپای پاسداران لە چلەی مەرگی حەدیس نەجەفی، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە. لە دۆسیەی کوشتنی روحەڵڵا عەجەمیان کە ئەندامی سوپای پاسداران بوە جگە لە کەرەمی و ئابرام ، سزای سێدارە بەسەر سێ کەسی دیکەدا سەپێنڕاوە بەڵام سزای سێدارەی ئەوە سێ کەسە جارێکی دیکە چوەتە بەردەم دادگای پێداچونەوە و لە ئێستادا سزاکان هەڵپەسێراون. رۆژی رابردوش سزای سێدارە بەسەر دوو گەنج بە ناوەکانی مەهدی مەحەمەدی فەرد و محەمەد برۆغنی دا سەپاند کە تەمەنیان 18 و 19 ساڵ بو. بە گشتی تا ئێستا لانیکەم 104 کەس لە دەستگیراوانی ناڕەزایەتییەکان سزای سێدارە دەیان گرێتەوە و رەنگە ئەو ژمارەیەش بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات بە تایبەت کە بە پێی ئامارە نافەرمییەکان زیاتر 24 هەزار کەس لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستگیر کراون.
هاوڵاتی مەسعود ستایشی، وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران ئەمڕۆ ڕایگەیاند، دەسەڵاتی دادوەری ئێران تۆمەتی سیخوڕیکردنی خستە پاڵ دوو هاوڵاتی فەڕەنسی، هەروەها سزایەکیشی بەسەر هاوڵاتیەکی بەلجیکیدا سەپاند، بەڵام سزاکە ئاشکرا نەکراوە. دەسەڵاتی دادوەری ئێران لەبارەی ناسنامەی ئەو دوو هاوڵاتیە فەڕەنسیەوە و هەروەها هاوڵاتیەکی بەلجیکیش کە سزایەکی نادیاریان بەسەردا سەپێنراوە هیچ زانیاریەکی نەخستۆتەڕووهاوکات ،لەبارەی ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ هەریەک لەو هاوڵاتە بیانیانە، دەسەڵاتی دادوەری ئێران ڕایگەیاندووە کە هەوڵی سیخوڕێکردن وتێکدانی ئاسایشی ئێرانیان داوە. ماڵپەڕی تاسنیمی ئێرانی، ڕۆژی سێشەممە لەبارەی ئەو هاوڵاتیە بەلجیکیەوە ڕایگەیاند، ئەو هاوڵاتیە بەلجیکیە کە دەستگیرکراوە بەتۆمەتی سیخوڕیکردن وپارەدان بەوگروپانەی کە دژی ئێران دەجوڵێنەوە دەسبەسەرکراوە وسزایەکی نادیاریشی بەسەردا سەپاوە. جێگەیباسە، دەستگیرکردنی ئەم دوو وهاوڵاتیە لەکاتێکدایە کە مانگی تشرینی دووەم وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کاترین کۆلۆنا ڕایگەیاند، ئێران دوو هاوڵاتی فەڕەنسی دەستگیرکردووە کە ناسنامەیان دیارنیە، بەمەش ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی لە ئێران دەستبەسەرکراون گەشتە حەوت کەس. هاوکات جگە لە هاوڵاتیانی فەڕەنسی، لەسەرەتای شۆڕشی ژینا ئەمینی ئێران دەیان هاوڵاتی بیانی دەستگیرکردووە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن.
گروپی لێکۆلینەوەی هەڵاوسانی تورکیا رایگەیاند، هەرچەندە، رێژەی هەڵاوسان لە هەندێک مانگدا، کەمی کردووە، بەڵام بە گشتی رێژەکە بەگوێرەی ساڵی رابردوو زیادی کردووە. گروپی لێکۆلینەوەی هەڵاوسانی تورکیا کە لە ژمارەیەک ئابوریناس و ئەکادیمی بواری دارایی تورک پێک دێت، ئامارێکی نوێی لەبارەی رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئاماری گروپەکە، مانگی رابردوو، رێژەی هەڵاوسان ٥.١٨٪ زیادی کردووە. هەروەها لە ماوەی شەش مانگی رابردووشدا رێژەی هەڵاوسان ٣٨.٥٧٪ زیادی کردووە. لە ئێستاشدا رێژەکە گەیشتووەتە ١٣٧.٣٣٪. دوێنێش رۆژنامەی سوزجوی نزیک لە پارتی کۆماری گەل (جەهەپە)ی ئۆپۆزسیۆن ئامارێکی نوێی لەبارەی گرانی رێژەی باج و بەهای ئاو و کارەبا لە تورکیا بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئاماری رۆژنامەکە، نرخى کارەبا و غازی ماڵان بە رێژەى ١٥٠٪ بۆ ٢٠٠٪ بەرزبووەتەوە، باجی سەر موڵک و خانووبەرە بە رێژەی ٦٦٪ بەرزبووەتەوە، سزای سەرپێچیەکانی هاتوچۆی لەنێوان ١٠٪ بۆ ٥٠٪ بەرزبووەتەوە. ژووری کشتوکاڵی تورکیاش دوێنێ رایگەیاند، نرخی سەوزە و میوە لەو وڵاتەدا بەگوێرەی ساڵی ٢٠٢١، بە رێژەی ١٠٠٪ بۆ ٣٠٠٪ زیادیان کردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکومەت دەڵێت، رێژەی هەڵاوسان لە وڵاتەکەیان نزیکە ٨٥.٥٪.
هاوڵاتی سهركردهیهكی باڵای چوارچێوهی ههماههنگی ڕایدەگەیەنێت، ههڵبژاردنی پێشوهختهی پهرلهمانی عێراق لهماوهی ساڵی 2023ـدا ئهنجامنادرێت. ئهمڕۆ سێشهممه ، حەسەن فەدعەم، سهركرده له چوارچێوهی ههماههنگی به میدیاكانی عێراقی راگهیاند، لە داهاتوویەکی نزیک و لەمساڵدا هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق وهكو ئهوهی لایهنه سیاسییهكانی عێراق و ههرێمی كوردستان لهسهری رێككهوتوون ئهنجامنادرێت. ئهو سهركردهی چوارچێوهی ههماههنگی راشیگهیاند، "لایەنەکان ئامادەکارییان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخته ئەنجامنەداوە و ئەزموونی عێراقیش ئەوەی سەلماندووە هەڵبژاردنی پێشوەخت کێشەکان چارەسەرناکات، بەڵکو زیاتر ئاڵۆزیان دەکات و دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران." بهگوتهی حهسهن فهدعهم، "لە ئێستادا هیچ پاساوێک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق نییە."
ئێران رایگەیاند دۆسیەی کوشتنی قاسم سولەیمانی 94 تۆمەتباری هەیە کە سەرەکیترینیان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکایە. کازم غەریب ئابادی، ئەمینداری مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاند؛ دۆسیەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودس لە عێراق و ئێران بە کراوەیی ماوەتەوە و تا ئێستا سێ گەڕی دانیشتن و دانوستان لە نێوان تاران و بەغداد بەڕێوەچوە بۆ ئاشکرابونی راستی روداوەکە و یەکلابونەوەی ئەو دۆسیەیە. غەریب ئابادی، وتویەتی: 94 کەس تۆمەتبارن بە کوشتنی سولەیمانی کە بریتین لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا و مایک پۆمپیۆ-ی وەزیری دەرەوە و ژنەڕال مەکێنزی فەرماندەی پێشوی هێزە چەکداراەکانی ئەو وڵاتە . بە وتەی غەریب ئابادی، هاوڵاتییانی حەوت وڵاتی جیهان تۆمەتبارن بە کوشتنی سولەیمانی و پێنج تۆمەتباری سەرکەیی لە عێراق و 17 کەسی دیگەش هەر لەو وڵاتە گومانیان لەسەرە کە هاوکاربوبن بۆ تیرۆری ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگیری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی. بەرەبەیانی سێی کانونی دوەمی ساڵی 2020 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا ئۆتۆمبێلەکانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس-یان لە نزیک فرۆکەخانەی بەغداد کردە ئامانج و بەهۆیەوە ئەو دوکەسە و ژمارەیەک پاسەوانیان کوژران و ئەمڕۆش لە عێراق و ئێران رێوڕەسمی سێیەم ساڵیادی کوژرانیان بەڕێودەچێت
هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند ساڵی رابردوو عێراق بە بەھای ١١٥ ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووە، رۆژانەش بە تێکڕا سێ ملیۆن و ٣٢٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەناردەکردووە. حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق، ئاماری فرۆشتن و داھاتی نەوتی لە ساڵی ٢٠٢٢دا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە کۆی گشتیی لەو ساڵەدا زیاتر لە یەک ملیار و ٢٠٩ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان ھەناردەکردووە، واتا بە تێکڕا رۆژانە سێ ملیۆن و ٣٢٠ ھەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە. وەزیری نەوت وتیشی، کۆی گشتیی داھاتی نەوتی فرۆشراو لە ساڵی ٢٠٢٢، زیاتر بووە لە ١١٥ ملیار دۆلار، بۆ ئەو دەستکەوتەش سوپاسی فەرمانبەرانی وەزارەتی نەوت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد.
بڕیارە بەریتانیا لە بەرامبەر دەستگیرکردنی ژمارەیە هاوڵاتیی وڵاتەکەی، سوپای پاسدارانی ئێران دەخاتە لیستی تیرۆروە. رۆژنامەی تێلێگراف لە بەریتانیا بڵاوی کردەوە؛ بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، لەندەن بڕیاری داوە وەک کاردانەوە بەرامبەر دەستگیرکردنی حەوت هاوڵاتی بەریتانی لە ناوخۆی ئێران، سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتە بەفەرمی وەک دامەزراوەیەکی تیرۆریستی لەقەڵەم بدات. بە پێی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەیە وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایش، ئامادەکاریی تەاویان کردوە بۆ ئەوەی حکومەتی بەریتانیا بە فەرمی سوپای پاسداران وەک دامەزراویەکی تیرۆریستی لەقەڵەم بدات و لەندەن بە پێی ئەو بڕیارە مامەڵە لەگەڵ سوپای پاسداران بکات. هەفتەی رابردو هێزی ساڕوڵڵا-ی سەر بە سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد حەوت هاوڵاتیی بەریتانیای دەستگیر کردوە کە رۆڵیان هەبوە لە ناڕەزایەتییەکانی وڵاتەکەدا و ئەوەش کاردانەوەی لەندەنی لێکەوتەوە و بەرپرسانی ولاتەکەش رایانگەیاند بە بارمتەگرتنی هاوڵاتییانمان وەک کارتێکی فشاری سیاسی لە تاران قبوڵ ناکەین. پێشتر ئالیشا کرن، سەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیا رایگەیاند؛ دەستگیرکردنی هاوڵاتییانی وڵاتەکەی لە لایەن ئێرانەوە هاوشێوەی بەدیلگرتن و وەک بارمتەبەکارهێنانیانە، بۆیە لەندەن بە قوڵی لەو کارەی کۆماری ئیسلامی ئێران نیگەرانە و وەڵامی گونجاو و توندی دەبێت.