هاوڵاتی 81 رۆژە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و مانگرتن دوکانداران و کاسبکاران بەڕێوچو و بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەڕەشەی لەو کەسانە کرد کە پابەندی پۆشینی سەرپۆش نابن و سەرکردەیەکی ریفۆرمخوازانیش پشتیوانیی خۆی بۆ ناڕەزایەتییەکان دەربڕی. ناوەندێکی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردەوە لانیکەم 473 کەس لە ناڕەزایەتییەکانی 81 رۆژی رابردودا کوژراون کە لەو ژمارەیە نزیکەی 120 کەسیان لە شارەکانی رۆژهەلاتی کوردستان بە دەستی هێزە ئەمنییەکان کوژراون. لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژی سێشەممە دوکان و بازاڕەکان وەک دەربڕین و بەردەوامبونی ناڕەزایەتییەکان نەکرانەوە. کاسبکارانیش لە لایەن لیژنەکانی حکومەتەوە روبەڕوی هەڕەشە بونەوە و لە سنە ، جوانڕۆ ، کامیاران، روانسەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەیان دوکان وەک سزادان لە لایەن دەسەڵاتەوە کلۆم کران و داخران. لەگەڵ مانگرتنی کاسبکاران زرۆبەی مامۆستایان و خوێندکارانی رۆژهەڵات بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد. هاوکات مانگرتنی کرێکارانی گەورەترین کارگەی تواندنەوەی ئاسن لە ئەسفەهان و پتڕۆکیمایی لە شاری سنە بەردەوامبو. لە زۆربەی زانکۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئەمڕۆش گردبونەوە و بایکۆتی هۆلەکانی خوێندن بەردەوام بو لە زانکۆی هونەر لە تاران سرود بۆ ناڕەزایەتییەکان وترایە. شەوی سێشەممە گەنجانی شاری سنە دوبارە هاتنەوە سەر شەقامەکان و بە کردنەوەی ئاگر و وتنەوەی دروشم دژی دەسەڵاتی ئێران بەردەوامبون لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە شاری ئەنزەلی لە باکوری ئێران ناڕەزایەتیی بەرفراوان بەڕێوەچو و هێزە ئەمنییەکانیش بە غازی فڕمێسکڕێژ بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کرد. بە بەشداریی جەماەرێکی زۆری شاری مەهاباد چلەی مەرگی زانیار ئەبوبەکری لە گۆرستانی ئەو شارە بەڕێوەچو. زانیار ئەبوبەکری دوای بەشداریی لە خاکسپاردنی یەکێکی دیکە لە کوژراوانی مەهاباد ئەویش بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران پێکرا و دوای رۆژێک لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. محەمەد خاتەمی،سەرۆک کۆماری پێشوتری ئێران و سەرکردەی ریفۆرمخواز داوای کردوە لە جیاتی مامەڵەی توند و ناڕەوا لەگەڵ خەڵکی ناڕازیی دەبێت دەسەڵات دەستی هاوکارییان بۆ بگرێتەوە. ئەو وتویەتی: دروشمی جوانی (ژن، ژیان، ئازادی) ئاماژەی رونی پێشکەوتن و هەنگاونانە بۆ داهاتویەکی گەش لە ئێران بۆیە نابێت بە ناوی پاراستنی ئاسایشەوە مافەکان و ئازادیی خەڵک و خۆپیشاندەران پێشێل بکرێت. مەسعود ستایشی، وتەبێژی دەزگای داد لە ئێران بە میدیاکانی راگەیاند؛ لە چوارچێوەی سزادانی خۆپیشاندەراندا سزای سێدار بەسەر پێنج کەسی دیکەدا سەپێنراوە بەهۆی کوژرانی ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانەوە. ستایشی رونی کردوەتەوە ئەو پێنج کەسە تۆمەتبارن بە کوشتنی ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان لە رێوڕەسمی چلەی مەرگی حەدیس نەجەفی، یەکێک لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی وڵاتەکە. ئەو بەیاننامەی خاتەمی کە بە بۆنەی رۆژی خوێندکاری زانکۆ لە ئێران بڵاو کراوەتەوە بە یەکەم هەڵوێستی فەرمی و پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی زیاتر لە 80 رۆژی رابردوی سەرکردەیەکی باڵی ریفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامی ئێران لەقەڵەم دەدرێت. ئەگەرچی 81 رۆژە ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە بێ وەستان و لە شارەکانی دیکەی وەک تاران و شارە گەورەکانیش بەردەوام بوە بەڵام پەرلەمانتارێکی توندڕەو لە پەرلەمانی ئێران هەڕەشەی ئەوەی کردوە تا دو هەفتەی دیکە یاسا و رێساکانی سەرپۆش لە وڵاتەکە دەست پێدەکاتەوە. حسین جەلالی، ئەندامەی دەستەیی فەرهەنگ و دابونەریت لە پەرلەمانی ئێران وتوشیەتی بە هاوکاریی دەزگای داد ئەو کچ و ژنانەی پابەندی پۆشین سەرپۆش نەبن لە ئێران، ئەژماری بانکییەکەی رادەگیرێت و داواتر سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت. لێدوانی ئەو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتێکدایە کە داواکاری گشتیی وڵاتەکە هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ئەخلاقی راگەیاند و هاوکاتیش رونی کردەوە کە لەمەوداو دەزگای داد راستەوخۆ چاودێریی جیبەجێکرنی یاسای پۆشینی سەرپۆش دەکات.

دەزگای داد لە ئێران بڕیاری سێدارەی بەسەر پێنج خۆپیشاندەری دیکەدا سەپاند و سزای زیندانیی درێژماوەی بۆ 11 خۆپیشاندریش بڕیەوە. مەسعود ستایشی، وتەبێژی دەزگای داد لە ئێران بە میدیاکانی راگەیاند؛ لە چوارچێوەی سزادانی خۆپیشاندەراندا سزای سێدار بەسەر پێنج کەسی دیکەدا سەپێنراوە بەهۆی کوژرانی ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانەوە. ستایشی رونی کردوەتەوە ئەو پێنج کەسە تۆمەتبارن بە کوشتنی ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان لە رێوڕەسمی چلەی مەرگی حەدیس نەجەفی، یەکێک لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی وڵاتەکە. هەر لە چوارچێوەی ئەو دۆسیەیەدا 11 کەسی دیکە کە سێ کەسیان تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمترە سزای زیندانیی درێژماوەیان بەسەردا سەپاندوە و دەزگای دادی ئێران جەختی لەوە کردوەتەوە تۆمەتبارەکان دانیان بەوەدا ناوە کە دەستیان هەبوە لە کوشتنی ئەو ئەندامەی هێزە ئەمنییەکان. بە پێی دوایین ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ زیاتر لە 28 خۆپیشاندەر مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەیان لەسەرە و بەوەش تا ئێستا سزای سێدارەی 31 کەس یەکلایی بوەتەوە کە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستگیر و دادگایی کراون. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوە کردوە زیاتر لە 18 هەزار کەس بە تۆمەتی جیاواز لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراون و بەو تۆمەتانەشی لە لایەن دەزگای دادی ئێرانەوە دەسەپێنرێت زیاتر لە 50 کەس لە یەکەم دادگاییدا سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە. ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی زیاترین سزای سێدارەی تێدا جێبەجێ دەکرێت و بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانەکەشی یەکەم وڵاتە کە زیاترین سزای سێداری تێدا جێبەجێ دەکرێت و دوای ئەو وڵاتەش چین دوەم وڵاتە لە روی جێبەجێکردنی سزای سێدارەوە.  

هاوڵاتی دوای وەزارەتەکانی کارەبا و کشتوکاڵی فیدڕاڵ، ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی دادی عێراقیش بڕیاری بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی دەرکرد. د.خالید شوانی، وەزیری داد تەواوبونی سەرجەم ڕێکارە کارگێڕی و داراییەکانی دانانی فەرمانبەرانی گرێبەستی وەزارەتی ڕاگەیاند. ئەوەشی خستوەتەڕو،، وەزارەت ڕێکارەکانی خۆی بەگوێرەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی دارایی تەواوکردوە بۆ دانانی ئەو فەرمانبەرانەی گرێبەستن و خزمەتی دو ساڵ یان زیاتریان هەیە و بۆ دەستەبەرکردنی سەرجەم مەرجەکان. وەزارەتی دادی عێراق دەڵێت، وەزارەت هەمو ڕێکارێکی کارگێڕی دەگرێتەبەر بۆ دانانی فەرمانبەر لە سەرجەم فەرمانگە دادییەکان، جەختیشیکردەوە کە بە شێوەیەکی تایبەتی بەدواداچون دەکات بۆ تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارەکان لەوبارەیەوە.  

هاوڵاتی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند کە گرنگە بەپێی دەستوور کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر چارەسەر بکرێن. نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردۆتەوە کە لە میانی کۆبوونەوەیەکدا، رەوشی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری لەسەر ئاستی نیشتمانی، ھەروەھا ئەو ئاڵنگارییانەی کە بەرەوڕووی پلانەکانی چاکسازی و گەشەپێدان بووەتەوە، تاوتوێ کراوە، باسی لەوەشکردووە کە محەمەد شیاع سوودانی گرنگی پشت بەستن بەدەستوور وەکوو مەرجەعی سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی ھەموو کێشە ھەڵپەسێردراوەکان و تەگەرەکانی پێش کاری ھاوبەشی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دووپات کردووەتەوە. ھەروەھا ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای یەکخستنی ھەوڵەکانی کردووە بۆ تەواوکاری کاری پەرلەمانی لە چاودێریکردن و یاسادانان لەگەڵ ھەوڵەکانی حکوومەت بۆ چاکسازی و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە پێناو بەدیھێنانی خواستەکانی ھاووڵاتییان لەسەرانسەری وڵاتدا. راشیگەیاندووە کە محەمەد شیاع سوودانی جەختی کردووەتەوە لەسەر پێویستی کارکردن بۆ بەھێزکردنی بەرەی ناوخۆیی، ھەروەھا دابینکردنی پاراستنی ھەموو پێکھاتە و چینەکانی گەلی عێراق، بەمەبەستی بەرجەستەکردنی ژیانێکی ھاوبەش و ئاشتی کۆمەڵایەتی.

هاوڵاتی ساروخان ئولوچ سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە دانیشتنی پەرلەمانی تورکیادا رایگەیاند، ئاکەپە دەیەوێت کۆبانێ لەناوببات و ئەم هەنگاوەش ئەوپەڕی دوژمنایەتیکردنی کوردە. دانیشتنی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ بەردەوامە کە بڕیارە دوو حەفتە بخایەنێت. لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا فوئاد ئوکتای جێگری سەرۆککۆماری تورکیا، شارەوانیەکانی هەدەپەی بەوە تۆمەتبار کرد کە داهاتی شارەوانیەکان بۆ رۆژئاوای کوردستان دەنێرن. 'سیاسەت لە رێگەی درۆکردن' ساروخان ئوکتای سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە دانیشتنەکەدا وڵامی فوئاد ئوکتای جێگری رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیای دایەوە و وتی، " ئێوە سیاسەت لە ریگەی درۆکردنەوە دەکەن. چوار ساڵە ئێمە لەم پەرلەمانەدا بەبیرتان دەهێنینەوە کە لە رێگەی درۆکردنەوە سیاسەت سەرکەوتوو نابێت. یەک شارەوانیشمان نییە کە بەهۆی گەندەلی و بەهەدەردانی پارەی گەلەوە تۆمەتبار کرابێت. ئێوە قەیومتان لە شوێنی سەرۆک شارەوانیەکانی کورددا داناوە. دەستتان بەسەر ئیرادەی گەلی کورددا گرتووە. گەندەلکار و دزەکان قەیومەکانی ئێوەن. قەیومتان هەیە کە چوار جار بەهۆی دزی و گەندەڵی دەرکراوە. ئێوە دێن و ئەمە دەشارنەوە، بەڵام ئێمە تاوانبار دەکەن." 'ئێوە دوژمنی سوێندخواردووی کوردن' ساروخان ئوکتای باسی لە دۆسیەی کۆبانێ کرد کە لە ئیستادا لە دادگایە و چەندین پەرلەمانتار و سیاسەتمەداری کورد لە چوارچێوەی ئەم دۆسیەیەدا دادگایی دەکرێن و ئاماژەی بەوەدا، "ئێوە هەوڵی داخستنی پارتەکەمان دەدەن. چەندین سیاسی ئێمەتان دەستگیرکردووە و لەگەڵ ئەوەی دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاری ئازادکردنیانیداوە، بەڵام ئازاد ناکرێن. لەم وڵاتەدا چەندین دەسەڵاتی دوژمنی کورد هاتن و رۆیشتن، بەڵام هیچیان وەک ئێوە دوژمنی سوێندخواردووی کورد نین. ئێوە دوژمنی، کوردستانی عێراق، رۆژئاوای کوردستانن. ئێوە دەتانەویت شاری کۆبانێ لەناوببەن کە دڵی گەلی کوردە. باشە لەمە زیاتر دوژمنایەتیەک لەدژی کورد هەیە." بە گۆرانی مەگری مەگری ناتوانیت خۆت وەک دۆستی کورد پیشان بدەیت سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە باسی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ شاری روحای باکوری کوردستان و وتنی گۆرانی کوردی 'مەگری مەگری' لەگەڵ ئیبراهیم تاتلیسەس کرد و وتی، " ئاکەپە وادەزانێت کە دەتوانێت حەوت ملیۆن دەنگی کورد بۆلای خۆی رابکێشێت. ئێوە ناتوانن هەدەپە لەناوببەن. دەچن دەف لێدەدەن و گۆرانی 'مەگری مەگری' دەڵێن. بەم شێوەیە ناتوانن خۆتان وەک دۆستی کورد نیشان بدەن. ئێوە هەوڵ دەدەن بەم شێوەیە پارتەکەمان لە سیاسەت دوور بخەنەوە. نە گەلی کورد و نە لایەنە دیموکراتەکانی تورکیا رێگە بەم کارە ئێوە نادەن. لە کۆتاییدا ئەنجامی سیاسەتی دوژمنکارانەتان لەدژی کورد دەبینن."

ئەفسەرێکى باڵای سوپاى تورکیا بەپلەى رائید  لە ئۆپەراسیۆنى (پەنجە قوفڵ) لە هەرێمى کوردستان کوژرا. وەزارەتى بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە؛ دوێنێ  دوشەممە لە ناوچەى ئۆپەراسیۆنى پەنجە-قوفڵ لە هەرێمى کوردستان ئەفسەرێکى سوپاکەیان کوژراوە. ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە ئەو ئەفسەرەى سوپاى تورکیا کە لەناو خاکى هەرێمى کوردستان کوژراوە پلەى رائیدى هەبوە و فەرماندەى هێزى کۆماندۆ بوە. ئۆپەراسیۆنى (پەنجە - قوفڵ) لە رۆژى 17 نیسانى ئەمساڵ لە ناوچەکانى زاپ و ئاڤاشین و مەتینا لە سنورى پارێزگاى دهۆک لەناو خاکى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیاوە دەستى پێکردوە، بەپێى ئامارەکانى وەزارەتى بەرگرىی تورکیا زیاتر لە 80 سەرباز و پلەدارى سوپاى تورکیا تا ئێستا کوژراون و ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەلیش ئاماژە بە کوژرانی لانیکەم دو هەزار سەربازی ئەو وڵاتە دەکەن.

بەرپرسێکی ئەمریکا رایگەیاند دەسەڵاتی ئێران بەردەوامە لە سەرکوتی خەڵک و خۆپیشاندەران و ئەوە ئاماژەیەکی رونی لاوازیی ئەو دەسەڵاتەیە نەوەک بەهێزبونی. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفیزیۆنی -سی ئێن ئێن- رایگەیاند دەسەڵاتی ئێران بۆ پاشەکشێکردنی خەڵک و خۆپیشاندەران، توندوتیژیی و سەرکوت بەکاردەهێنێت کە هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ لاوازیی کۆماری ئیسلامی ئێران  لە ئاست داواکارییە رەواکانی خەڵکدا. بلینکن وتیشی: ئەمریکا پشتیوانی لە داوای رەوا و ئاشتیخوازنەی خەڵکی هەر وڵاتێک دەکات جا لە چین بێت یان ئێران. پێشتر وتەبێژێک بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی (فڕانس پرێس)ی راگەیاندبو؛ هیچ ‌ئاماژەیەکی ئەرێنی لە هەڵسوکەوت و مامەڵەی دەسەڵاتی ئێران بەرامبەر بە خۆپیشاندەران بەدی ناکرێت و ئەوەش وا دەکات تاران لە روی نێودەوڵەتی زیاتر لە رابردو پەراوێز بخرێت.

ئەمڕۆ راپرسیەکی دیکە لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا و دەنگی لایەنە سیاسیەکانی ئەنجامدرا، جارێکی دیکە راپرسیەکە باس لە دۆخی خراپی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا دەکات. کۆمپانیای (ئارتی بیر) کە تایبەتە بە ئەنجامدانی راپرسی، ئەنجامی راپرسیەکەی ئاشکرا کرد کە لەنێوان ٢١ و ٣٠ی تشرینی دووەمدا ئەنجامیداوە و لە ٢٦ شاری تورکیا و باکوری کوردستان، رای هەزار و ٥٠٠ کەس وەرگیراوە. لە راپرسیەکەدا چەند پرسیارێک لە بەشداربووان کراوە کە بەم شێوەیەیە؛ ئەگەر ئەم یەکشەممەیە هەڵبژاردن بێت دەنگ بە چی پارتێک دەدەیت؟ ئەنجامەکەی بەم شێوەیەی خوارەوە بووە. ئاکەپە (٣٠.٤٪)، جەهەپە (٢٧.٩٪)، پارتی باش (١٤.٧٪)، هەدەپە (١١.٨٪)، مەهەپە (٥.٤٪)، دەڤا (٤.٨٪)، پارتی دوارۆژ (١.٣٪)، سەعادەت (١.٢٪)، پارتی ئاشتی تورکیا (١.١٪)، پارتی سەرکەوتن (٠.٨٪)، پارتی رەفاحی نوێ (٠.٣٪)، پارتی نیشتیمان (٠.٣٪). بەگوێرەی راپرسیەکە هاوپەیمانی کۆماری کە لە ئاکەپە و مەهەپە پێک دێت (٣٥.٨٪)ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت و  هاوپەیمانی گەلیش کە لە جەهەپە، پارتی باش، سەعادەت، پارتی دیموکرات، دەڤا و دوارۆژ پێک دێت، نزیکەی (٥٠٪)ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت. هەروەها پرسیار لە بەشداربووان کراوە کە ئایا دەنگ بە ئەردۆغان دەدەن. (٥٢.٣٪) وڵامی نا و (٣٥.١٪) وڵامی بەڵێیان داوەتەوە. لە راپرسیەکەدا پرسیارێکی دیکەش لەبارەی خۆکاندیدکردنی کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە بووە کە بەم شێوەیەیە؛ (٤٩.٣٪)ی بەرشداربووان ئامادەن کە دەنگ بە کلچدارئۆغلۆ بدەن و (٣٧.١٪) بەشداربووانیش رەتیان کردووتەوە دەنگی پێبدەن.

رۆژی دوشەممە جارێکی دیکە مانگرتن  و داخستنی دوکان و بازاڕەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرتاسەری ئێران دەستی پێکردەوە و خوێندکاران و زانکۆ  و مامۆستایان بە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بەشدارییان لەو مانگرتنە سەرتاسەریەدا کرد کە بڕیارە دو رۆژی دیکە بەردەوام بێت. 80رۆژ بەسەر ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا تێدەپەڕێت، جارێکی دیکەش مانگرتنی سەرتاسەریی چین و توێژە جیاوازەکان لەو وڵاتە دەستی پێکرد کاسبکاران بە نەکردنەوەی دوکانەکانیان ناڕەزایەتیان دەربڕی ، خوێندکارانی زانکۆش بەردەوامن لە بایکۆتی خوێندن و دەسەڵاتدارانی تارانیش بەردەوامن لە ناردنی هێزی سەربازیی بۆ شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.   دوکان و بازاڕی شارەکانی سنە و مەهاباد و کرماشان و ورمێ و ئیلام و زۆرینەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نەکرانەوە و هاوشانی ئەو شارانەش دوکان و بازاڕەکانی تارانی پایتەخت و تەبرێز و ئەسفەهان و بەندەرعەباس و دەیان شاری دیکە لە باکور و باشور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای ئێران نەکرانەوە. رێستۆرانی عەلی دایی یاریزانی، ناوداری تۆپی پێی لە ئێران بەهۆی پشتگیریی لە مانگرتنەکان لە لایەن حکومەتەوە داخرا. سوپای پاسداران ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکی هەڕەشەئامێزدا رایگەیاند چیتر چاوپۆشی لە خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەران ناکەن و ناڕەزایەتییەکانی رابردو زیانێکی گەورەیان لە کۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتەکە داوە کە قەرەبو ناکرێتەوە. وتەبێژێک بە ناوی ئیدارەی ئەمریکا بە ئاژانسی هەواڵی (فڕانس پرێس)ی راگەیاند؛ هیچ ئاماژەیەکی باشبونی هەڵسوکەوت و مامەڵەی دەسەڵاتدارانی ئێران لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکە بەدی ناکرێت. لەگەل مانگرتنەکان، ئەمڕۆ جەماوەرێکی زۆر لە شاری سنە چونە گۆڕستانی بەهەشتی محەمەدی لە شارەکە و رێوڕەسمی چلەی مەرگی محەمەد شەریعەتی یەکێک لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکە بەڕێوچو. بۆ نۆیەمین رۆژ مانگرتنی بارهەڵگرەکان لە رۆژهەڵات و ئێران بەردەوام بو مانگرتنیش لە کۆمپانیای سایپا بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل دەستی پێکرد کە یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە وڵاتەکە. دەیان کارگەی بچوک و گەورەی دیکەش هەر ئەمڕۆ مانگرتنیان راگەیاند. شەوی دوشەممە لە ئیلام و شارەکانی تاران، زەنجان،مەشهەد و ئەسفەهان چەند شارێکی دیکە گردبونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوچو و دروشم دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران وترایەوە.  بەپێی دوایین ئامار لە ناڕەزایەتییەکانی 79 رۆژی رابردوی ئێراندا 471 کەس کوژراون و هاوکات لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش لانیکەم 117 کەس کوژراون بۆیە پێدەچێت ئەو مانگرتنە ئاماژەیەکی رون بێت بۆ ناڕەزایەتیی لە کوژرانی خۆپیشاندەران و بەکارهێنانی توندوتیژیی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی ئێرانەوە.   سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە دەسەڵاتی وڵاتەکە بە بەردەوامی هێزی سەربازیی رەوانەی ئەو بەشە لە کوردستان دەکات و ئەوەش بوەتە مایەی مەترسیی چونکە ئەو هێزانە ئامانجیان سەرکوتی گەنجان و دانیشتوانی رۆژهەڵاتە.   سەرەڕای ئەوەی مانگرتنە سەرتاسەرییەکانی ئێران بەرفراوان بون بەڵام رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی 80 رۆژدا زیاتر لە 20 جار مانگرتنی سەرتاسەرییان راگەیاندوە و شەوانەش گەنجان بەردەوامبون لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی لەسەر شەقامەکان بە تایبەت کە ئەو بەشە لە کوردستان زیاترین کوژراوی بەراورد بە ناوچەکانی ئێران هەبوە بۆیە زۆرجار لە شارەکانی دیکەوە دروشمی پشتیوانیی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دەوترێتەوە

هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی نەوت بڕی هەناردەکراوی غازی لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا راگەیاند، هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە بەنیازە لەم مانگەدا ٣ بار لە غاز سروشتی هەناردە بکات.  "سوڵتان مالیکی" بەڕێوەبەری دەستەی بازرگانی لە کۆمپانیای غازی بەسرەی سەر بە وەزارەتی نەوت ،بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند"تا یەکەم ڕۆژی مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ کۆمپانیاکە 27 باری لە غازی چڕ بە (کەشتی) هەناردە کردووە،کە دەکاتە 438,000 تۆن.  ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد"کۆمپانیاکە لە پرۆسەی هەناردەکردنی 3 باری غازی خەستدایە لەم مانگەدا،کەدەکاتە 16 هەزار تۆن بۆ هەر بارێک.  

هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی دەورەی کۆماری ئێسلامیی ئێران ڕایگەیاند عێراق بۆ جێگیر کردنی هێزەکانی حکوومەتی ناوەندیی وڵاتەکەی لەسەر سنوورەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان جیددیە. بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناسر کەنعانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هەفتانەدا سەبارەت بە دەستکەوتەکانی سەردانەکەی سوودانی بۆ تاران و ئاسایشی سنووری ئێران و عێراق وتی: سەردانەکەی محەمەد شیاع سوودانی بۆ تاران، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەفەرێکی گرنگ بوو کە لە چوارچێوەی بانگهێشتی فەرمی سەرۆک کۆماری ئێراندا ئەنجام درا. ناوبراو ڕاشیگەیاند لەو سەردانەدا پرسە جۆراوجۆرەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە بواری هاوکاری دوولایەنە و ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا تاوتوێ کران هەروەها گفتوگۆی بەرهەمدار و بەسوود لە بوارە جیاجیاکان بە تایبەت لە بواری هاوکاریی ئابووری و بازرگانیدا ئەنجامدرا. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕاشیگەیاند: دۆسیەی سنوورەکان یەکێکە لە نیگەرانییە جدییەکانمان و ئاسایشی سنوورەکان بۆ ئێمە گرنگە، لەم سەفەرەدا جارێکی دیکە جەخت لەسەر جێبەجێ کردنی ئەنجامی گفتوگۆکانی پێشووی شاندی پسپۆڕی هەردوو وڵات کرایەوە، و حکوومەتی عێراق بەڵێنی بەدواداچوونی بۆ ئەم بابەتە دا. ناوبراو ئاشکرای کرد: "خۆشبەختانە لەم ڕۆژانەدا هەواڵێکی خۆشمان بیست کە حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە هێزەکانی حکوومەتی ناوەند لەسەر سنوورە هاوبەشەکانی دوو وڵات بە تایبەت بەدرێژایی سنوورەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق جێگیر بکات". کەنعانی زیادی کرد: بەدڵنیاییەوە جێبەجێ کردنی ئەم کارە دەتوانێت هەنگاوێکی زۆر ئەرێنی و بەرەوپێشەوە بێت بەرەو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە سنوورە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات.

هاوڵاتی دوای بەرزبوونەوەی بەهاری دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریدا بڕی خستنەڕووی دۆلار لە بازاڕەکاندا زیاتر بکات. له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا، بانكی ناوه‌ندیی عێراق ئاشكرایكرد له‌سه‌ر فه‌رمانی سه‌رۆكوه‌زیران و به‌ مه‌به‌ستی گێڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیریی نرخ و ڕێگریی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی زیاتری نرخی دۆلار، له‌مڕۆوه‌ خستنه‌بازاڕی دۆلار زیاد ده‌كات. به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌ ماڵپه‌ڕی بانكی ناوه‌ندییشدا هاتووه‌، ئه‌مڕۆ بانكه‌كه‌ 140 ملیۆن و 70 هه‌زار و 601 دۆلار ده‌خاته‌ بازاڕه‌وه‌ كه‌ به‌راورد به‌ دوێنێ نزیكه‌ی 11 هه‌زار دۆلار جیاوازیی هه‌یه‌. ئەمەشلەکاتێکدایە دوای ئەوەی دوێنێ به‌ر له‌ داخستنی بازاڕه‌كانی دراوی نێوخۆیی، نرخی هه‌ر دۆلارێكی ئه‌مریكی له‌ به‌رانبه‌ر دراوی عێراقی بۆ 1500 دینار به‌رز بووه‌وه‌ و هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی فرۆشی دۆلار له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندییه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ جۆرێك كه‌ دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌، بانكی ناوه‌ندیی ته‌نها 129 ملیۆن و 301 هه‌زار و 909 دۆلاری به‌ 1460 دینار بۆ هه‌ر دۆلارێك خستووه‌ته‌ بازاڕه‌وه‌. هەربۆیە دوای بەرزبووبوونەوەی بەهای دۆلار، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بانگهێشتی سەرۆکی بانکی ناوەندی کرد بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و داوای لێکرد بەزووترین کات دۆلاری زیاتر بخاتە ناو بازاڕەوە. دوای بڕیارەکەی بانکی ناوەندی عێراق بۆ فرۆشتنی دۆلاری زیاتر، ئەمڕۆ به‌های دۆلاری ئه‌مریكی به‌رامبه‌ر به‌دینار دابەزی و 100 دۆلار به‌رامبه‌ره‌ به‌ 149 هه‌زار و 400 دینار، به‌های تمه‌نیش جێگیره‌ و 100 دۆلار به‌رامبه‌ره‌ به‌ سێ ملیۆن و 600 هه‌زار تمه‌ن.

بەگوێرەی نوێترین راپرسی یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی تورکیا، هاوپەیمانی کۆمار (ئاکەپە و مەهەپە) لە هەڵبژاردنەکاندا شکست دەهێنن. ئەرتان ئاکسۆی خاوەنی کۆمپانیای راپرسی و لێکۆلینەوەکانی ئاکسۆی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی جومهوریەتی تورکی ئامارێکی تازەی لەبارەی دەنگی پارتە سیاسیەکانی تورکیا بڵاوکردەوە. لە راپۆرتەکەدا کە لەنێوان ٢٤ – ٢٩ی تشرینی دووەمدا ئەنجامدراوە، ئەم جارە جیاواز لە جارانی پێشوو، رای هاوڵاتیان وەرنەگیراوە، بەڵکو لێکۆلینەوە لەبارەی هەموو ئەو راپرسیانە کراوە کە پێشتر ئەنجامدراون. بەگوێرەی راپرسیەکە: پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) (٣٢.٩٪) پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) (٢٨.٧٪) پارتی باش (١٣.٩) پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) (١١٪) پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (٧.٨) لایەنەکانی دیکە (٦.٧٪) بەگوێرەی راپرسیەکە ئاکەپە و مەهەپە کە هاوپەیمانن دەتوانن نزیکەی ٤١٪ی دەنگەکان بەدەست بهێنن و لەبەرامبەردا هاوپەیمانی گەل کە لە جەهەپە، پارتی باش، دەڤا، دوارۆژ و سەعادەت و پارتی دیموکرات پێک دێت زیاتر لە ٤٥٪ دەنگەکان بەدەست دەهێنن. ئەگەر پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە بەگوێرەی راپرسیەکە ١١٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت، دەنگ بە کاندیدی شەش لایەنەکەی هاوپەیمانی گەل بدات، ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت بە شێوەیەکی بەهێز دەسەڵات تێکبشکێنێت. لە لایەکی دیکەوە عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دەڤا کە پارتەکەی سەر بە هاوپەیمانی گەلە رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئێستا لە دۆخێکی خراپدایە و بەدوای هاوبەشێکی بەهێزدا دەگەڕێت و هیوای بە پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست نەماوە.

ئاستی هەڵاوسانی ئابوری مانگی رابردوی تورکیادا 84٪ی تێپەراندوە  و گروپێکی سەربەخۆش دەڵێت: ئاستی راستەقینەی هەڵاوسان لەو وڵاتەکە گەیشتوەتە 170٪. دەزگای ئاماری تورکیا کە سەر بە حکومەتی وڵاتەکەیە بڵاوی کردەوە لە مانگی رابردودا رێژەی هەڵاوسانی ئابوری گەیشتوەتە 84.39٪  کە بەراورد بە مانگەکانی پێشوتر، هەڵاوسان لەو وڵاتە بە رێژەی 2.88٪  بەرزبوەتەوە. لەبەرامبەردا گروپی ئەناگ کە پێکهاتوە لە ژمارەیەک کەسایەتی ئەکادیمی و ئابوریناس رایانگەیاندوە؛ لە مانگی رابردودا رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا 170٪بوە و بەراورد بە مانگی رابردوش بەرزبونەوەی هەڵاوسان 4.24٪بوە. لە لایەکی دیکەوە پەرلەمانی تورکیا دەستی بە گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023 دەکات و بڕیارە لە ماوەی 12 رۆژدا گفتوگۆکان لەبارەی کۆی پڕۆژەیاساکە ئەنجام بدرێن. بودجەکە خەرجییەکانی ساڵی 2023ی بە زیاتر لە 446 ملیار دۆلار خەمڵاندوە و داهاتەکانیش بریتین لە 381 ملیار دۆلار بەمشێوەیەش کورتهێنانی بودجەی ساڵی 2023ی تورکیا زیاتر دەبێت لە 60 ملیار دۆلار. ئەمەش لەکاتێکدایە ئابوری تورکیا بە خراپترین دۆخی خۆیدا تێدەپەڕێت و تادێت رێژەی هەڵاوسان بەرزتر دەبێتەوە و بێکاریی و هەژاری  لە وڵاتەکەش لە  هەڵکشاندایە.  

ئێران رایگەیاند عێراق بەڵێنی داوە هێزەکانی لە نێوان سنوری دو وڵاتەکەدا جێگیر بکات و ئەو وڵاتە سورە لەسەر توندوتۆڵکردنی سەقامگیریی ناوچەکە. ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی دوشەممە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ سەردانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاران لەسەر داوای رەسمی سەرۆک کۆماری ئێران بوە و ئەو سەردانەشی ئاماژەی ئەرێنیی پەیوەندییەکانی تاران و بەغدایە. کەنعانی ئاماژەی بەوە کردوە کە بەغدا بەڵێنی داوە هێزە سەربازییەکانی عێراق لە سنورەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئێران جێگیر بکات بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی ئەو سنورانە. ئەو وتوشیەتی عێراق سورە لەسەر توندوتوڵکردنەوەی ئاسایشی سنورەکانی لەگەڵ ئێران. لێدوانی کەنعانی لە کاتێکدایە، یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکە و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رایسپاردون، بە جێگیر کردنی هێزەکانی پاسەوانی سنور لەسەر هێڵى سنورى نێوان عێراق و ئێران و تورکیا. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد کە بەغدا و تاران کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانەی کە پێشتر لە نێوان دو وڵاتەکەدا واژۆ کراوە.