هاوڵاتی  وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دەدات کە رێگە نادرێت ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر غەززە بەبێ ئەوەی بێ زیان دەرچێت و دەڵێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بزوتنەوەی حەماس کردەی "پێشگرتن" ئەنجام دەدات.  حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بە کەناڵی فەرمی ئێرانی راگەیاند، "سەرکردەکانی بەرەی بەرەنگاری رێگە نادەن بە رژێمی زایۆنی هیچ کردەوەیەک لە غەززە ئەنجام بدات... هەموو بژاردەیەک کراوەیە و نابێت چاوپۆشی لە تاوانەکانی جەنگ بکەین بۆ سەر خەڵکی غەززە." وەزیری دەرەوەی ئێران باس لەوەش دەکات، "بەرەی بەرەنگاری لەتوانایدایە جەنگێکی درێژخایەن دژی دوژمن بەرپا بکات.... لە چەند کاتژمێری داهاتوودا چاوەڕێی ئەوە دەکەین بەرەی بەرەنگاری کردەی پێشگرتن" لە هێرشی چاوەڕوانکراوی ئیسرائیل بکات. وتەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران لەکاتێکدایە کە سوپای ئیسرائیل لەسەر سنور خۆی کۆدەکاتەوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی بۆ سەر غەززە.  ئێران چەندین ساڵە پشتگیری حەماس دەکات و ئەوەی ئاشکرا کردووە کە پاڵپشتی دارایی بزوتنەوەکە دەکات، بەڵام بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن هێرشەکەی ئەمجارە ئەوان لێی ئاگادار نین و سەرکردەکانی بزوتنەوەکە بڕیاری خۆیان لەسەر داوە.

هاوڵاتی هێزە چەكدارەكانی غەزە داوای ئازادكردنی 6000 زیندانی فەلەستینی دەكەن لەبەرامبەر ئازادكردنی گیراوەكان.  ئاژانسی هەواڵی سکای نیوز لە زاری خالید مەشعەل سەرۆكی حەماسەوە بڵاویکردۆتەوە  "ئامادەن گیراوەكان ئازاد بكەن لەبەرامبەر ئازادكردنی هەموو گیراوە فەلەستینییەكان كە ژمارەیان 6000 كەسە".  وتەبێژی باڵی سەربازی حەماسیش دەڵێت " تا ئێستا 22 لە گیراوەكان بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە كوژراون و ئامادەیی نیشاندا گەر دۆخی بەرەكانی شەڕ و بۆردومان رێگە بدات ئامادەن بیانییە دەستگیراوەكانی خۆیان ئازاد بكەن". ئاماژەی بەوەشكرد "تا ئێستا ژمارەی دەستگیراوەكانی لای فەلەستینییەكان دیار نییە چەند كەسن، بەڵام دەگوترێت لەناویاندا ئەمریكی و فەڕەنسی و خەڵكی چەند وڵاتێكی تری تێدایە". هاوکات خالید مەشعەل سەرۆكی حەماسیش دەڵێت بارمتەکان ئەفسەری باڵای بەشی غەزەی هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل لەخۆدەگرن کە بەرپرسن لە گەڕان لە دەوروبەری کەرتی غەزە . سەبارەت بە ژمارەی دیلەکانی ژێر دەستی حەماس بەرپرسێکی دیکەی حەماس بە سکای نیوزی ڕاگەیاندوە کە "نازانێت" چەند بارمتە هێشتا زیندوون و ژمارەیان بە تەواوی چەندە. لەم پەیوەندەدا سوپای ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند 199  کەس بە دیل گیراون و لە ناوچە گەمارۆدراوەکاندا هێڵراونەتەوە، ئەمەش ژمارەیەکی زیاترە لەوەی پێشتر خەمڵێنرابوو.    

هاوڵاتی  ئاگربەستێکی سێ قۆڵی بۆ ماوەیەکی کاتی لە باشوری غەززە راگەیاندرا لەنێوان میسر و ئەمریکا و ئیسرائیل تا فەڵەستینییەکان بتوانن بە ئاسانی تێپەڕن.  ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە ئاگربەستەکە لەکاتژمێر 9ی بەرەبەیانەوە بەکاتی کوردستان دەستی پێکردووە و تا کاتژمێر دووی دوانیوەڕۆ بەردەوام دەبێت و سنوری رەفحیش لە نێوان غەززە و میسر دەکرێتەوە کە دەکەوێتە باشوری شارەکە.  بەڵام بزوتنەوەی حەماس بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە هیچ زانیارییەکیان لەوبارەیەوە نییە کە ئاگربەستێکی مرۆیی ئەنجام درابێت و هیچ زانیارییەکیشیان نییە پشتڕاستی بکاتەوە کە میسر بەنیازی ئەوە بێت سنوری رەفح بکاتەوە.  بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان لەماوەی تەنها هەفتەیەکی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل یەک ملیۆن کەس لە غەززە ئاوارە بوون کە جێی دانیشتوانی دوو ملیۆن و 200 هەزار کەسە.

هاوڵاتی  وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری بە ئیسرائیل دەدات کە ئەگەر بچنە نێو غەززەوە، ئەوا حەماس ئیسرائیل دەکاتە "گۆڕستان"، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلش دەڵێت، "حەماس ریشەکێش دەکەین." سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ چوونە نێو غەززە ئامادە دەکات و چەندین چەکی نزیک کردووەتەوە لە سنور تا بتوانیت ئۆپەراسیۆنێکی گەورە ئەنجام بدات. بۆ یەکەمجار کابینەی نوێی حکومەتی ئیسرائیل کە بە کابینەی جەنگ ناسراوە و دوای هیرشەکەی حەماس پێکهێرا، کۆبووەوە و لە کۆبونەوەکەدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هەموو گەلی ئیسرائیل لەگەڵیانە و بەرەو "ریشەکێشکردنی حەماس" دەڕۆن. هاوکات ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند کە ئەگەر سوپای ئیسرائیل بچێتە نیو غەززەوە ئەوا، "سەرکردەکانی بەرگری ئیسرائیل دەکەنەوە گۆڕستان بۆ سەربازانی داگیرکەر." وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی کە ئەگەر "جەنگ فراوان ببێت، ئەمریکاش زیانی گەورە دەکات." رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە زاری سێ بەرپرسی باڵای ئیسرائیلەوە رایگەیاندووە کە ئامانجی ئیسرائیل لەو ئۆپەراسیۆنەدا لەناوبردن و ریشەکێشکردنی سەرکردە باڵاکانی حەماس و نەهێشتنی گروپەکەیە لە غەززە.  تا ئێستا بەهۆی شەڕی هەردوولاوە 1300 ئیسرائیل و دوو هەزار و 329 فەڵەستینی کوژراون کە ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە بەردەوامە. ئێران پشتگیری لە بزوتنەوەی حەماس دەکات و گومان هەیە کە لە هێرشەکەدا پشتگیری کردبێت، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن هێشتا هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر تێوەگلانی تاران نەدۆزیووەتەوە.

هاوڵاتی  سوپای ئیسرائیل رایگەیاند فەرماندەیەکی بالای بزوتنەوەی حەماسیان کوشتووە کە بەرپرس بووە لە هێرشی ناوچەی کبوتز.  سوپای ئیسرائیل لە هەژماری فەرمی خۆی  لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند لە هێرشێکی ئاسمانیدا دوای کۆکردنەوەی زانیاری لەلایەن دەزگای هەواڵگری مۆساد و دەزگای هەواڵگری سوپاوە، بیلال ئەلقیدرەیان کوشتووە کە فەرماندەی یەکەی نوخبە بووە لە کەتیبەی خان یونس. سوپای وڵاتەکە باس لەوەش دەکات، بیلال ئەلقیدرە "بەرپرس بووە لە هێرشی سەر کۆمەڵگەی جێنشینی کبوتز و نیر ئۆز" لە باشوری ئیسرائیل لە هەفتەی رابردوودا کاتێک چەکدارانی حەماس دزەیان کردە نێو ئیسرائیلەوە. بەپێی وتەی سوپای ئیسرائیل تەنها لە شەوی رابردوودا 100 پێگەیان بە ئامانج گرتووە کە ناوەند، ناوچەی سەربازی، هەڵدەری موشەک، پێگەی موشەک و بنکەی حەماس بوون. پێشتریش سوپای ئیسرائیل کوشتنی دوو فەرماندەی حەماسی راگەیاند کە بەرپرس بوون لە ئەنجامدانی هێرشەکەی هەفتەی رابردوو بۆ سەر ئیسرائیل کە ئەوانیش میراد ئەبو میراد، بەرپرسی سیستەمی ئاسمانی حەماس و عەلی قادی، فەرماندەی هێزێکی کۆماندۆی حەماس بوون. تا ئێستا بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی ئیسرائیل و حەماس، 1300 ئیسرائلی و دوو هەزار و 329 فەڵەستینی کوژراون.

هاوڵاتی  میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، دوو هونەرمەند کە هاوسەری یەکترن لە ماڵەکەی خۆیان  لە کەرەج بە چەقۆ کوژران. بەپێی هەواڵی میدیا ئێرانییەکان شەوی شەممە ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، داریووش مێهرجوویی هونەرمەند و سینەماکاری ناوداری ئێرانی و وەحیدە محەممەدی فەڕ، نووسەر و فیلمنامەنووس لە ماڵەکەی خۆیان لە کەرەج بە چەقۆ کوژراون. میدیا ئێرانییەکان دەڵێن، تەرمی ئەم ژن و مێردە هونەرمەندە لە ڤیلاکەی خۆیان لە کەرەج دۆزراوەتەوە. محەممەد مێهدی عەسگەرپوور، بەرێوەبەری ماڵی سینەمای ئێران، لە لێدوانێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیسنا، هەواڵی کوشتنی داریووش مێهرجوویی و هاوسەرەکەی وەحیدە محەممەدی فەڕی لە ماڵەکەی خۆیان لە کەرەج پشتڕاستکردەوە. وەحیدە محەممەدی فەڕ، نووسەر و هاوژینی داریووش مێهرجوویی، چەند مانگ لەمەوپێش لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام رایگەیاند کەسێک هاتۆتە ماڵەکەیان و بە چەقۆ هەڕەشەی لێکردووە. وەحیدە محەممەدی فەڕ هەروەها نووسیبووی ماوەیەک لەمەوپێش هاتوونەتە ماڵیان و مۆبایل و لاپتۆپەکانیان دزیوە و دوو سەنتووریش کە ناو و رەسمی بەهرام رادان و داریووش مێهرجوویی لەسەر بووە درزاوە. نووسەران و چالاکانی کەلتووری ، هەواڵی کوشتنی ئەم سینەماکارە ئێرانەوە لەگەڵ شەپۆلی کوشتنە زنجیرەییەکان بەراورد دەکەن کە لە دەیەی ١٩٩٠ روویدا. رۆژی ٢٢ی تشرینی دووهەمی ١٩٩٨ داریووش فرووهەر و پەروانە ئەسکەندەری، لە ماڵی خۆیان لە شەقامی سەعدی لە تاران کوژران. رۆژی ٣/١٢/١٩٩٨ محەممەد موختاری، نووسەر و وەرگێڕ لە پرۆسەی کوشتنە زنجیرەییەکان کوژرا. رۆژی ٩/١٢/١٩٩٨ محەممەد جەعفەر پوویەندە، هاوڕێی محەممەد موختاری، نووسەر و وەرگێڕ ڕفێندرا و چەند رۆژ دواتر تەرمەکەی دۆزرایەوە.

هاوڵاتی  ئاژانسێکی ئێران بڵاویکردەوە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا داوای لە محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە کاری هاوبەش دژی ئیسرائیل ئەنجام بدەن. ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێرانی بڵاوی کردووەتەوە، ئیبراهیم رەئیسی، لە گفتوگۆ تەلەفۆنییەکەدا بە سوودانی راگەیاندووە پێویستە دەست بەجێ کار بکرێت بۆ نەهێشتنی گەمارۆی سەر غەززە. لە راپۆرتەکە هاتووە کە ئیبراهیم رەئیسی بە سوودانی وتووە،  "کۆماری ئیسلامی لەم بارەوە ئامادەیی هەیە بۆ هەر کارێکی هاوبەش لەگەڵ عێراق و سەرجەم وڵاتانی ئیسلامی." لە راپۆرتەدا باس لەوە نەکراوە کە سوودانی لە کە گفتوگۆکەدا رەزامەندی دەربڕیبێت بۆ کاری هاوبەش لەگەڵ ئێران دژی ئیسرائیل. ئیسرائیل گومانی ئەوەی هەیە کە ئێران هەوڵی ئەوە بدات بەرەیەکی نوێ لە جەنگ بکاتەوە دژی ئیسرائیل بەتایبەتی لە لوبنان و سوریاوە. لەوبارەیەوە، بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ئێرانی تۆمەتبار کردووە کە هەوڵی کارێکی لەو جۆرە دەدات. جۆشوا زارکا، بەرپرسی کاروباری ستراتیجی لە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە وەڵامی پۆستێکی تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس کە باس لە سیناریۆیەکی لەو جۆرە دەکات بە کردنەوەی بەرەیەکی نوێی جەنگ لەلایەن ئێرانەوە، دەڵێت "بەڵێ ئێرانییەکان بەنیازی" کارێکی لەو جۆرەن. هاوکات لە چەند رۆژی رابردوودا، دوو سەرچاوەی ئاگادار و نزیک لە حەشدی شەعبی، بە رادیۆ فەردایان راگەیاندبوو کە رۆژانی ٨ و ٩ی تشرینی یەکەم دوای هێرشی بەربڵاوی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، کۆبوونەوەیەک لە بەغداد لە نێوان بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و فەرماندە باڵاکانی حەشدی شەعبی لە بەغداد بەڕێوە چووە. بەرپرسانی ئێرانی لەو کۆبوونەوەیەدا داوایان لە هێزەکانی حەشدی شەعبی کردووە لە ئامادەباشیدا بن و هەروەها داوایان لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی کردووە مووشەکەکانیان کە لە کۆگاکاندایە لە ژمارەیەک لە شارەکانی عێراق بخەنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و بە شێوەی نهێنی شەقامی سنووری سوریا لەگەڵ پارێزگای ئەنبار بەکاربهێنن بۆ هەر کارێک کە پێویست بکات.

هاوڵاتی  وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دووەم کەشتی فرۆکەهەڵگری جەنگی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەکات وەک بەشێک لە پشتگیرییەکانی وڵاتەکە بۆ ئیسرائیل.  دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا واشنتن کەشتیگەلێکی جەنگی رەوانەی رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەراست کرد، بڕیارە کەشتی فڕۆکە هەڵگری دوایت د.ئایزنهاوەر رەوانەی هەمان ناوچە بکات وەک گەیاندنی پەیامێک بۆ پشتگیرکردنی لە ئیسرائیل.  لەوبارەیەوە لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، "ئەم هەنگاوانە بەشێکن لە هەوڵەکانمان بۆ رێگرتن لە کاری دوژمنکارانە دژی ئیسرائیل یان هەر هەوڵێک بۆ فراوانکردنی ئەم جەنگەی ئێستا هەیە." بەپێی هەواڵێکی کەناڵی سی ئێن ئێن، کەشتی فرۆکە هەڵگری ئایزنهاوەر موشەکی کروز و ئاراستەکراوی هەڵگرتووە و توانی هەلگرتنی 60 فڕۆکەی جەنگی هەیە و رۆژی هەیینی لە ویلایەتی ڤێرجینیاوە بەڕێکەوتووە. کەشتی جەنگی فڕۆکە هەڵگری جێڕاڵد ئار فۆرد کە ئێستا لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەراستە توانای هەڵگرتنی زیاتر لە 75 فڕۆکەی جەنگی هەیە.

هاوڵاتی لایه‌نه‌ ته‌ندروستییه‌كانى فه‌ڵه‌ستین ئاشكرایان كردووه‌، ئیسرائیل داواى چۆڵكردنى نه‌خۆشخانه‌كانى غه‌ززه‌ و باكوورى كه‌رتى غه‌ززەی‌ كردووه‌ ووەزیرى تەندروستى فەڵەستینیش، داواى بەهاناوەچون لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و رێکخراوەکان دەکات بۆ پاراستنى نەخۆشخانەکان. دوێنێ هەینی (13ـى تشرینى یه‌كه‌مى 2023) ئیسرائیل داواى له‌ دانیشتوانى باكوورى كه‌رتى غه‌ززه‌ كرد ماڵه‌كانیان به‌جێبهێڵن و بچنه‌ ناوچەکانی باشوورى غەززە کە بە "وادی غەززە" ناسراوە. هاوکات  له‌ هه‌شته‌م رۆژى جەنگی ئیسرائیل و بزووتنه‌وه‌ى حه‌ماس له‌ كه‌رتى غه‌ززه‌، كارگێڕى نه‌خۆشخانه‌ى ئه‌لعه‌وده‌ى حكومى له‌ باكوورى غه‌ززه‌ ئاشكراى كرد، ئه‌مڕۆ په‌یامێكى فه‌رمیان له‌ سوپاى ئیسرائیله‌وه‌ پێگه‌یشتووه‌ بۆ چۆڵكردنى نه‌خۆشخانه‌كه‌ به‌گشتى بە‌ بریندار و نه‌خۆشه‌كانیشەوە. سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌ نه‌خۆشخانه‌ى قودس له‌ شارى غه‌ززه‌ كه‌ سه‌ر به‌ مانگى سوورى فه‌ڵه‌ستینییه‌ ئاماژەی بەوەکردووە، "هێزه‌كانى ئیسرائیل هۆشداریان پێیانداوه‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ ده‌ستبه‌جێ چۆڵبكه‌ن" لەم پەیوەندەدا مای سالم ئەلکایلا، وەزیرى تەندروستى فەڵەستین، داواى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات، بەهانایانەوە بچن بۆ پاراستنى نەخۆشخانەکان و کارمەندانى تەندروستى و چارەسەرکردنى بریندارەکان، دەشڵێت: لە ئەنجامی بۆردومانەکاندا 15 نەخۆشخانە زیانیان بەرکەوتووە و دوو نەخۆشخانەش بەهۆیەوە کارەکانیان وەستاوە. هەروەها وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى فه‌ڵه‌ستین رایگەیاند، هێرشه‌كانى ئیسرائیل وایكردووه‌ نه‌خۆشخانه‌ى دوڕەى منداڵان چۆڵبكرێت، دوای ئه‌وه‌ى به‌ بۆمبى فۆسفۆرى هێرشى كرایه‌ سه‌ر،ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ش دووه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌ دوای نه‌خۆشخانه‌ى بەیت حانون. ئاشکراشى کرد، 28 کارمەندى پزیشکى کوژراون و دەیانى دیکەش برینداربون، هەروەها 23 ئامبوڵانس زیانیان بەرکەوتووە. لە دوێنێوه‌ دواى په‌یامەکەى سوپای ئیسرائیل، دانیشتوانى كه‌رتى غه‌ززه‌ بە لێشاو ناوچەکانیان چۆڵ کرد، بەڵام شایه‌دحاڵه‌كان بە میدیاکانیان راگەیاندووە، ئه‌مڕۆ شەممە چۆڵکردنی ناوچەکانی غەززە‌ كه‌متر بووەته‌وه‌. لە بەرامبەر ئەوەشدا، رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و یه‌كێتى ئه‌وروپا ئه‌و هۆشداریه‌ى سوپای ئیسرائیلیان ره‌تكرده‌وه‌ و جەختیان کردووەتەوە، چۆڵکردنی ماڵەکانیان لەلایەن زیاتر له‌ یەک ملیۆن كه‌سەوە له‌ ماوه‌ى 24 كاتژمێر مه‌حاڵه‌. هەروەها هه‌ر یه‌كە لە قاهیره‌، ریاز و عه‌ممان ئه‌و هۆشداریه‌ى ئیسرائیل به‌ هه‌نگاوێكى مه‌ترسیدار ده‌زانن. لەبارەى نوێترین ئامارى قوربانیانى هێرشەکانى ئیسرائیلەوە، وەزارەتى تەندروستى فەڵەستین ئاماژەى بەوەکردووە کە ژمارەى کوژراوان گەیشتووە بە دو هەزار و 215 کەس و هەشت هەزار و 714 کەسیشش برینداربون. .  

هاوڵاتی ئاژانسی فرانس پڕێس ڕایگەیاند، بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی شەممەی وەزارەتی تەندروستی غەززە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانیەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا تا ئێستا لانیکەم ٣٢٤ فەلەستینی کوژراون و هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.  بەگشتی لە دوای دەستپێکردنی هێرشی  حەماس لە شەممەی ڕابردوو بۆسەر ئیسرائیل و  دەستپیکردنی جەنگەکە  دوو هەزار و ٢١٥ فەلەستینی لە کەرتی غەززە کوژراون. هاوکات بەگوێرەی دواین ئاماری سەرچاوە فەرمیەکانی ئیسرائیلس لە ئەنجامی هێرشەکانی حەماسەوە، نزیکەی هەزار و ٣٠٠ کەس کوژراون، زیاتر لە سێ هەزار و ٢٢٧ کەسیش برینداربوون.  ئەمەس لەکاتێکدایە کە  باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد 'ئاگربەستی مرۆیی' لە کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەڕێوە بچێت، هاوکات ئەمریکاش بە هۆکاری بەردەوامی ململانێکان دەزانێت. چاوەڕوان دەکرێت زیانەکان لە کەرتی غەززە زیاتر ببن، بەتایبەت دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتوانی باکووری غەززە کرد کە بەرەو باشووری کەرتەکە بڕۆن و ئەگەری مەترسی هێرشی زەمینی بۆ سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە هەیە. هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، زیاتر لە هەزار و 300 باڵەخانە و نزیکەی چوار هەزار خانوو لە کەرتی غەززە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە وێران بوون.  نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دەکات، بەهۆی بۆردوومانە بەردەوامەکانی سوپای ئیسرائیلەوە زیاتر لە 420 هەزار کەس ناچاربوون ماڵەکانی خۆیان لە غەززە جێبهێڵن. نزیکەی 270 هەزار کەس لەوانەی کە ئاوارەبوون پەنایان بۆ ئەو قوتابخانانە بردووە کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە دروستی کردوون و 27 هەزاری دیکەشیان لە قوتابخانەکانی فەلەستینییەکانن و دەیان هەزار کەسی دیکەش چوونەتە شوێنە گشتییەکانی دیکەی غەززە. هەشت رۆژ بەسەر گرژی و هێرشەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل تێدەپەڕێت و تاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ هەزار و 300 کەس لە هەردوولا کوژراون.

هاوڵاتی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، کە ئەمریکا و قەتەر رێککەوتون لەسەر ئەوەی ئەو شەش ملیار دۆلارەی ئێران کە لەلایەن ئەمریکاوە لە بانکەکانی کۆریای باشوورەوە ئازادکرا دوبارە لە بانکەکانی قەتەر دەستی بەسەردا بگیرێتەوە. رۆژنامەی واشنگتۆن پۆست رۆژی ٥ شەممە ١٢ی تشرینی یەکەم، لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کرد، ئەمریکا و قەتەر رێککەوتن بەوەی بەر بەوە بگرن ئێران دەستی بەو ٦ میلیار دۆلارە بگات کە دوای رێککەوتنی مانگی رابردووی ئێران و ئەمریکا لە بانکەکانی کۆریای باشوورەوە گوێزرانەوە بۆ بانکەکانی قەتەر، بە مەبەستی ئازاد کردنی بۆ کۆماری ئیسلامی ئیران. رۆژنامەی واشنگتۆن پۆست،  نووسیویەتی: ڤالی ئادیمۆ، جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەک لەگەل نوێنەرانی دیمۆکرات لە پەڕلەمان وتوویەتی بەرپرسانی ئەمریکا و قەتەر رێککەوتوون لەسەر بلۆککردنی پارە ئازادکراوەکانی ئێران. ئەو رۆژنامەیە بە پشت بەستن بە زانیارییەکانی دوو سەرچاوەی فەرمی و سەرچاوەیەک لە کۆنگرە کە نەیانویستووە ناویان بهێنرێت نووسیویەتی :" ڤالی ئادیمۆ بەڵێنی بە یاساداڕێژەرانی ئەمریکا داوە بەم زوانە ئێران دەستی بەو پارەیە ناگات". هەر لەم پەیوەندەدا ڕۆژنامەنوسێکی  کەناڵی تەلەفیزیۆنی CBS  لە کۆشکی سپی لە تویتەر نووسیویەتی :" ئەمریکا و قەتەر بە بێدەنگی رێککەوتون لەسەر ئەوەی ئەو ٦ ملیار دۆلارەی پارەی ئێران کە لە بانکەکانی قەتەرە ئازاد نەکرێن." ئەو بڕە پارەیە بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە لە لایەن ئەمریکاوە لە بانکەکانی کۆریای باشوور بلۆک کرابوون، دوای رێککەوتنی مانگی رابردووی ئێران و ئەمریکا، لە بەرامبەر ئازادکردنی ٥ هاوڵاتی ئەمریکی کە لە زیندانەکانی ئێران دەستبەسەر بوون، ئەو بڕە پارەیە گوێزرایەوە بۆ قەتەر بە مەبەستی ئازادکردنی و ناردنی بۆ ئێران . نانسی کۆردێس، ڕۆژنامەنوسی کەناڵی تەلەفیزیۆنی CBS لە تویتەکەی خۆیدا نووسیویەتی :" ئەم گۆڕانە دوای ئەوە روویداوە کە ئەمریکا و ئیسرائیل  ئێران بە دابینکردنی سەرچاوەی ئابووریی و پەروەردە و راهێنانی هێزەکانی حەماس تۆمەتباردەکەن. ئەو ڕۆژنامەنوسە  نووسیویەتی :" ڤالی ئادیمۆ جێگری وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا، پێش نیوەڕۆی رۆژی پێنج شەممە باسی لەم رێکەوتنە کردووە لە دانیشتنێکدا لەگەڵ ئەندامانی سەر بە حیزبی دیموکراتی پەڕلەمان و پێی وتوون ئەم پارەیە بەمزوانە ئازاد ناکرێت". بەرپرسانی ئەمریکا تا ئێستە لەم بارەوە هیچیان نەوتووە. ماڵپەڕی (نوورنیوز) کە نزیکە بە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانەوە لەمبارەوە نووسیویەتی :" بە پێچەوانەی بانگەشەی واشنگتۆن پۆست، ئەو بڕە پارەیە کە لە بانکەکانی قەتەرە بە تەواوەتی لە بەردەستماندایە. هیچ گۆڕانێک لە پرسی دەست پێڕاگەیشتنی ئێران بەم بڕە پارەیە لە بانکەکانی قەتەر نەهاتۆتە پێش و رێککەوتنەکە وەک خۆی ماوەتەوە".  هەر لەم پەیوەندەدا شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی قەتەر وتی :" قەتەر پێبەندە بەم رێککەوتنەوەو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ ئەکات و بە بێ راوێژ لەگەڵ هاوبەشەکانی خۆی هیچ کارێک ناکات". نوسینگەی نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی رۆژنامەی " واشنگتۆن پۆست" دەربارەی بەرگرتن بە دەستپێڕاگەیشتنی ئیران بەو بڕە پارەیەی کە گوێزراوەتەوە بۆ قەتەر وتی:" سیناتۆرەکان ودەوڵەتی ئەمریکا بە باشی ئاگادارن کە ناتوانن ئەو رێککەوتنە تێک بدەن. ئەم بڕە پارەیە مافی خەڵکی ئێران و کۆماری ئیسلامییە و بڕیار وایە ئەو بڕە پارەیە بۆ هاوردەکردنی ئەو کاڵایانەی گەمارۆی ئابووریان لەسەر نییە بە کار بهێنرێن". هەر لەم پەیوەندەدا، ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی پێنج شەممە لە ئیسرائیل وتی :" ئەمریکا چاودێری وردی ئەو پارەیە دەکات کە گوێزراوەتەوە بۆ بانکەکانی قەتەر و تا ئێستە هیچی لێ سەرف نەکراوەو ئێرانی نەیتوانی دەستی پێی رابگات" دوا بە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ژمارەیەکی زۆر لە نەیارانی جۆبایدن رەخنەی توندیان لە ئازادکردنی ئەو ٦ ملیار دۆلارە گرت و باسیان لەوەکرد حەماس بە پارەی ئێران، ئەو پارەیەی لە لایەن ئەمریکاوە ئازاد کراوە، هێرش ئەکاتە سەر ئیسرائیل.        

هاوڵاتی  ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی روسیا، سەبارەت بە گەمارۆدانی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە هاتە دەنگ و رایگەیاند کارێکی قبوڵەنەکراوە و وەک گەمارۆدانی شاری لینینگراد وایە لە جەنگی دووەمی جیهانی لەلایەن نازییەکانەوە، دەشڵێت، وەڵامی ئیسرائیل "دڕندایە."  لە میانی سەردانێکیدا بۆ قیرغیزستان ڤلادمیر پوتن لەسەر گەمارۆدانی تەواوەتی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و بڕینی کارەبا، ئاو، سوتەمەنی و خۆراک بۆ کەرتی غەززە وتی، "بە قەبارەیەکی گەورە ئیسرائیل وەڵام دەداتەوە و وەڵامەکەشی بە رێگەشێوازێکی تەواو دڕندانەیە." سەرۆکی روسیا گەمارۆکەی ئیسرائیلی بە گەمارۆکەی لینینگراد چواند لە جەنگی دووەمی جیهانی کاتێک نازییەکان ویستیان روسیا داگیر بکەن. زیاتر لە پێنج رۆژە ئیسرائیل گەمارۆی تەواوەتی خستووەتەسەر کەرتی غەززە کە شوێنی دانیشتوانی دوو ملیۆن کەسە. ئیسرائیل دەڵێت کاتێک گەمارۆکە هەڵدەگرن کە بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکرێن کە ژمارەیان زیاترە لە 100 کەس. ئەمڕۆش سوپای ئیسرائیل هۆشداریدا بە دانیشتوانی کەرتی غەززە کە ناوچەکانیان بەرەو باشوری شارەکە چۆڵ بکەن کە میدیا جیهانییەکان باس لەوە دەکەن سوپای وڵاتەکە بەنیازی ئۆپەراسیۆنی زەمینییە بۆ سەر غەززە.  پوتن لەسەر گەمارۆکە دەڵێت، "بەرای من ئەوە قبوڵنەکراوە، زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لەوێ دەژین، بەشێکی زۆریان پشتگیری حەماس ناکەن، بەڵام دەبێت هەموویان ئازار بچێژێن بە ژن و منداڵیشەوە، بەدڵنیاییەوە بۆ هەموو کەسێک سەختە کە هاورای ئەم شتە بێت." سەرۆکی روسیا باسی لە ئۆپەراسیۆنی زەمینی ئیسرائیلش کرد و هۆشداری ئەوەیدا کە سەردەکیشێت بۆ ژمارەیەکی زۆر قوربانی کە "بەدڵنیاییەوە قبوڵکراو نابێت."

هاوڵاتی  سوپای ئیسرائیل ئاگادارکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە بۆ دانیشتوانی باکوری غەززە کە بەزوترین کات شوێنی خۆیان بەرەو باشور چۆڵ بکەن و نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئەوەی ئیسرائیل داوای دەکات "مەحاڵە" و لەوکاتە کەمەدا ئەو هەموو خەڵکە رزگار ناکرێت.  ئەمرۆ هەیینی 13ی تشرینی یەکەمی 2023 میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە کە سوپای ئیسرائیل بەهۆی ئەوەی بەنیازی ئۆپەراسیۆنی زەمینییە داوای لە دانیشتوانی باکوری غەززە کردووە کە ژمارەیان یەک ملیۆن و 100 هەزار کەسە ناوچەکە چۆڵ بکەن و بەرەو باشوری شارەکە بڕۆن "بۆ سەلامەتی خۆیان."  بەپێێ ئاگادارکردنەوەکە تا ئێستا 16 کاتژمیر لەو وادەیە رۆشتووە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت رزگارکردنی ئەو هەموو خەڵکە لەو کاتە کەمەدا "مەحاڵە" و ناکرێت بۆیە دەیەوێت، ئەو فەرمانەی سوپای ئیسرائیل کردوویەتی "بیکشێنێتەوە" بەهۆی ئەوەی ئەگەر بەردەوام بێت ئەوا "دەرئەنجامێکی وێرانکەری مرۆیی" دروست دەبێت. سوپای ئیسرائیل دەڵێت داواکارییەکەی بۆ کەمکردنەوەی زیانی هاوڵاتی مەدەنییە و داواکەی نەتەوە یەگرتووەکانیشی بە "شەرمەزارکەر" ناوبرد.  هاوکات بزوتنەوەی حەماس بە خەڵکی باکوری غەززەی راگەیاندووە ناوچەکە چۆڵ نەکەن چونکە ئەمە هەوڵێکی ئیسرائیلە لە "پڕوپاگەندەی ساختە." ماوەی هەفتەیەکە شەڕی ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس بەردەوامە و تا ئێستا هەزار و 300 کەس لە ئیسرائیل و هەزار و 557 کەسیش لە فەڵەستین کوژراون.

هاوڵاتی وەزیری وزەی ئیسرائیل رایگەیاند، گەمارۆی سەر غەززە هەڵناگرن هەتا حەماس هەموو بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد نەکات، رێکخراوی مانگی سوریش دەڵێت، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئەو گەمارۆیە هەڵنەگیرێت، نەخۆشخانەکانی غەززە دەبنە "مەیتخانە." ماوەی سێ رۆژە ئیسرائیل بەتەواوی خواردن، ئاو، کارەبا و سوتەمەنی لە کەرتی غەززە گرتووەتەوە کە شوێنی دانیشتوانی دوو ملیۆن و 300 هەزار کەسە، ئەمەش دوای ئەوەی کە بزوتنەوەی حەماس هیرشێکی گەورەی کردە سەر ئیسرائیل و بەپێی دواین ئامارەکان، هەزار و 300 کەس کوژراون و سێ هەزار و 200 کەسی تریش لە ئسیرائیل برینداربوون. حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاندووە، بزوتنەوەی حەماس 100 بارمتەی لەژێر دەستایە. لەدوای هێرشەکە، ئیسرائیل بۆردومانێکی چری دەستپێرکردووە کە لەماوەی ململانێی 75 ساڵەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین بوونی نەبووە و چەندین ناوچەی غەززە بەتەواوی وێران بوون. بەهۆی ئەم بۆردومانە چڕانەوە، هەزار و 417 کەس کوژراون و زیاتر لە شەش هەزاری تریش لە فەڵەستین برینداربوون.  بەهۆی زۆری بریندارەکانەوە، فابریزیۆ کاربۆنی، بەڕێوبەری هەرێمی رێکخراوی مانگی سور دەڵێت، "بەبێ کارەبا، مەترسی ئەوە هەیە  نەخۆشخانەکان ببنە مەیتخانە." رێکخراوەکە هۆشداری ئەوەیداوە کە مۆلیدەی نەخۆشخانەکان لە چەند کاتژمێری داهاتوودا سووتەمەنییان نامێنێت. لەسەر ئەم هۆشدارییە، ئیسرائیل کاتز، وەزیری وزەی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "هاوکری مرۆیی بۆ غەززە؟ هیچ سویچپلاکێکی کارەبا هەڵناکرێت، هیچ بۆرییەکی ئاو ناکرێتەوە و هیچ بارهەڵگرێکی سووتەمەنی ناچێتە نێو غەززەوە هەتا بارمتە ئیسرائیلییەکان دەگەڕێنەوە نیشتمان، هاوکاری مرۆیی بەرامبەر هاوکاری مرۆیی، ئیتر نابێت کەس وانەی ئەخلاقمان پێ بدات."

هاوڵاتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەبارەی ئۆپەراسیۆنی کوشتنی قاسم سولەیمانی لەسالی 2020 چەند نهێنییەکی ئاشکرا کرد و دەڵێت، بڕیاربووە پێکەوە لەگەڵ ئیسرائیل کارەکە ئەنجام بدەن، بەڵام ئیسرائیل لەدوا خولەکەکاندا کشاوەتەوە کە ئەوکات بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە بوو. لە وتارەکەیدا باسی لەوە کرد ئیسرائیل بەشدار نەبوو لە کوشتنی قاسم سلێمانیدا، بەڵام بێنیامین نێتانیاهۆ دواتر دەویست کەڵک لەو پرۆسەیە وەربگرێت لە بەرژەوەندی خۆیدا و "لام وا نەبوو نێتانیاهۆ بە تەنها جێمان بهێڵێت." بەرەبەیانی 3ی کانونوی دووەمی 2020 ئەمریکا بە فرۆکەی بێ فڕۆکەوان کاروانێکی ئۆتۆمبێلی لە فرۆکەخانەی بەغدا بەئامانج گرت کە تێیدا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس، لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس، فەرماندەی پێشووی حەشدی شەعبی کوژران. دۆناڵد ترەمپ لە درێژەی وتارەکەیدا وتی، "ئەزموونێکی خراپم هەیە لە هاوکاریکردن لەگەڵ ئیسرائیل، ئەو دەمەی قاسم سلێمانیمان کوشت، ئێمە و ئیسرائیل وەک گرووپێک کارمان ئەکرد. ئێمە ئەمانزانی لەکوێیە. دەمانزانی چۆن خۆی حەشار ئەدات و چی لەبەر ئەکات. دەمانزانی چۆن دێتە ناوەوە. هەموو شتمان ئەزانی و ماوەیەکی زۆر بوو پلانمان هەبوو بۆ کوشتنی." دۆناڵد ترامپ لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا وتی، "هەرگیز لەبیرم ناچێتەوە، نێتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئێستا و ئەوکاتەی ئیسرائیل، ئێمەی بێ هیوا کرد، بڕیاربوو ئیسرائیل لەگەڵمان بێت بۆ ئەم چالاکییە. هەموو شت رێک خرابوو. چەند مانگ بوو ئیشمان لەسەر ئەکرد و پلانمان بۆی هەبوو، بەڵام شەوی پێش رووداوەکە پەیوەندییەکم پێوە کرا بەوەی ئیسرائیل بەشداری ناکات لەم هێرشەدا." ئاشکراکردنی ئەم زانیارییانە لەلایەن سەرۆکی پێشووی ئەمریکاوە لەکاتێکدایە کە لەئێستادا ئیدارەی جۆ بایدن بەتەواوی پشتگیری خۆی دەربڕیووە بۆ ئیسرائیل دژی حەماس و بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن ئیسرائیل "هەرچی پێویست بێت" بۆی دەستەبەر دەکەن تا بتوانێت بەسەر حەماسدا سەربکەوێت. دۆناڵدترامپ هەروەها لە قسەکانیدا وتی ، عومران خان، سەرۆک وەزیرانی ئەو دەمی پاکستان دەربارەی کوژرانی قاسم سلێمانی پێی وتووە، ئەمە گەورەترین رووداوە لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دۆنالد ترەمپ بە ئاماژە بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل رەخنەی توندی لە ئیسرائیل گرت و وتی،  "ئێوە لە کۆکردنەوەو تاوتوێکردنی زانیارییەکاندا هەڵەتان کردووە. ئەبێ ئەم کێشانەتان چارەسەر بکەن. لەبەر ئەوەی ئێوە لەگەڵ هێزێکی گەورەدا لە جەنگدان، ئێوە لەگەڵ ئێران شەڕ ئەکەن". ترەمپ  ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی سەرۆکایەتی ئەودا کەس بیری لەوە نەئەکردەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل و ئەگەر دەست بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نەدەبرا ئەم رووداوە رووی نەئەدا، بەڵام بە هەموو ئەمانەوە "ئەبێ پشتیوانی لە ئیسرائیل بکەین و هیچ چارەیەکمان نییە جگە لە پشتیوانی کردنی ئیسرائیل."