هاوڵاتی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند بە راگەیاندنی ئاگربەست رازی نابێت بەهۆی ئەوەی وەک خۆبەدەستەوەدانی ئیسرائیل وایە، دەشڵێت، بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل فشار لە حەماس دەکات بارمتەکان ئازاد ببن. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە نوێترین پەیامیدا بیرۆکەی ئاگربەستی رەتکردەوەو وتی، ئیسرائیل چالاکییە سەربازییەکانی راناگرێت "هەروەک چۆن ئەمریکا رازی نەبوو بە ئاگربەست دوای هێرشی تیرۆرستی 11ی سێپتەمبەر." بنیامین ناتانیاهۆ وتیشی، "داوای ئاگربەست داواکردنە بۆ خۆبەدەستەوەدانی ئیسرائیل بە حەماس، بە تیرۆریزم، بە دڕندەیی و ئەوەش روونادات." لە درێژەی وتارەکەیدا کە لە تەلئەبیب پێشکەشی کرد ناتانیاهۆ باسی لەوە کرد "ئێستا کاتی شەڕە و کاتی ئەوەیە هەمووان بڕیار بدەن سەر بە چ لایەکن." وتەکانی بنیامین ناتانیاهۆ لەکاتێکدا بوو کە سوپای ئیسرائیل توانی سەربازێکی ئیسرائیلی بەناوی ئۆری میگدیش لەدەستی حەماس رزگار بکات کە بارمتە بوو، دواتریش ناتانیاهۆ باسی لەوە کرد کە بەردەوامبوونی هێرشەکانیان سوودی هەیە بۆ رزگارکردنی بارمتەکان.
هاوڵاتی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند بەهیچ شێوەیەك شەڕ لە غەززە راناگیردرێـت. بنیامین نەتەنیاهوو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، شەڕی غەززە لەدژی هێزە چەكدارەكان بەهیچ شێوەیەك راناگیردرێت. ئەم قسانەی ناتانیاهۆ دوای ئەوە هات حەماس گرتەیەکی ڤیدیۆیی سێ بەندکراوی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەو سێ بارمتەیە ڕەخنە لە حکومەتەکەی ناتانیاهۆ دەگرن بەهۆی ئەوەی شکستیان هێناوە لە پاراستنی خەڵک لە هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماسدا و ئیسرائیلیش ڤیدیۆکەی بە "پڕوپاگەندەی دەروونی" ناوبرد. لە گرتە ڤیدیۆییە 76 چرکەییەکەی حەماسدا بە ناوی"دەستگیرکراوە زایۆنییەکان پەیامێک بۆ ناتانیاهو و حکومەتەکەی دەنێرن." سێ ژن دانیشتون و داوا لە ناتانیاهۆ دەکەن کە بە ئاڵوگۆڕکردنی زیندانیانی فەڵەستینی ژێر دەستی ئیسرائیل ڕازی بێت لە بەرامبەر بەردان و ڕزگارکردنی بارمتەکان. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کە ڕووبەڕووی فشاری ناوخۆیی و دەرەکی بۆتەوە سەبارەت بە قەیرانی بارمتەکان، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتیشی : "من باوەشتان پێ دەکەم. دڵمان لەگەڵ ئێوە و هەموو ئەو کەسانەیە کە ڕفێندران." ئاماژەی بەوەشكرد، هێزەكانی سوپای وڵاتەكەی كچە سەربازێكی ئیسرائیلیان لەدەستی هێزە چەكدارەكانی غەززە رزگاركردووە كە لە7ی ئۆكتۆبەر رفاندوویانە و ئێستا زیاتر لە 200 رفێندراوی دیكە لای حەماس هەن. ئەوەشی خستەڕوو، ئیسرائیل لە 7ی ئۆكتۆبەرەوە جەنگی راگەیاندووە و بەردەوام دەبێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتیانی سڤیلی فەلەستینی دەكات لەناوچەكانی شەڕ دووربكەونەوە. دووەم گرتە ڤیدیۆیی کە حەماس لە 7 ی مانگی 10 ەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەوە نیشان دەدات کە بارمتەکان لە غەزە قسە دەکەن لە کاتێکدا ئیسرائیل هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی بۆ سەر ئەو خاکە تەسکەی فەڵەستین زیاد دەکات. ئیسرائیل دەڵێت 239 کەس لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە دەستگیرکراون و بە بارمتە لە غەززەدا دانراون و لە هێرشەکانی حەماسدا 1400 کەس لە ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە لەهەمانکاتدا باڵی چەکداری حەماس دەڵێت "نزیکەی 50" کەسیان لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون. هاوکات بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین زیاتر لە 8300 کەس لە غەزە بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون کە زیاتر لە نیوەیان ژن و منداڵن.
هاوڵاتی شانی لوک، ئەو گەنجە ئەڵمانییەی لەسەرەتای دەستپێکی جەنگەوە لەلایەن حەماسەوە وەک بارمتە گیرا، گیانی لەدەستدا. ریکاردا لوک، دایکی شانی لوک، رایگەیاند سوپای ئیسرائیل پێی راگەیاندوون کە کچە تەمەن 22 ساڵەکەیان گیانی لەدەستداوە و بەشێک لە جەستەی دۆزراوەتەوە، دواتر پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ کراوە و دەرکەوتووە کە پاشماوەی شانی لوکە. شانی لوک لە فیستیڤاڵێکی میوزیک لە کاتی هێرشەکەی 7ی ئەم مانگەی حەماس بە بارمتە گیرا و گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوبوویەوە کە تێیدا دەردەکەویت لەژیر قاچی چەکدارێکی حەماسدایە بە بێهۆشی و بەشێکی جەستەی رووتە. دواتر بەهۆی ئەو ڤیدیۆیەوە خانەوادەکەی ناسییانەوە و داوای رزگارکردنیان کرد. پێشتر واخەمڵیندراوبوو کە شانی لوک زیندووە و لەلای حەماس بارمتەیە. لە هێرشەکەی حەماسدا زیاتر لە 200 کەس بە بارمتە گیران و تا ئێستا چوار کەسیان ئازادکراون. تا ئێستا بەهۆی جەنگەوە زیاتر لە 10 هەزار کەس کوژراون کە زیاتر لە هەشت هەزاریان لە غەززە بووە.
هاوڵاتی رێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی رایگەیاند لە ماوەی سێ هەفتەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین منداڵانی کەرتی غەززە زیاتر کوژراون لە ژمارەی تەواوی منداڵانی کوژراو لە ساڵی 2019ەوە. بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوەکە، سێ هەزار و 324 مندال لە کەرتی غەززە و 36 منداڵی تر لە کەرتی خۆرئاوا بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون. رێکخراوەکە دەڵێت ئەم ژمارەیە زیاترە لە سەرجەم منداڵانی کوژراو لە سەرجەم شەڕ و جەنگەکانی ساڵی 2020، 2021، هەروەها 2022 لە تەواوی جیهاندا بەجۆرێک لە ساڵی 2020، دوو هەزار و 674 منداڵ، لەساڵی 2021، دوو هەزار و 515 منداڵ، هەروەها لە ساڵی 2022 دوو هەزار و 985 منداڵ کوژراون. جەیسن لی بەرێوبەری ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین بۆ رێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی لەسەر کوشتنی زۆری منداڵان لە شەڕەکەدا دەڵێت، "مردنی منداڵێک زۆرە، بەڵام ئەم هەموو مردنە سەرپێچییەکی یەکجار گەورەیە، تەنها ئاگربەست زامنی سەلامەتی منداڵان دەکات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت خەڵك پێش سیاسەت بخەن، هەر رۆژێک کە دەڕوات بە گفتوگۆ و دانوستانەوە منداڵێک زیاتر دەکوژرێت، منداڵان دەبێت هەموو کاتێک پاریزگارییان لێ بکرێت بەتایبەتی کاتێک کە هەوڵی سەلامەتییان دەدەن لە قوتابخانە و نەخۆشخانەکاندا." بەپێی ئاماری وەزارەتی تەدنروستی فەڵەستین لە سەرەتایی دەستپێکی شەڕەوە شەش هەزار منداڵ لە غەززە برینداربوون و هەزار منداڵێش بێسەروشوێنن. ژمارەی کوژراوانی غەززەش هەشت هەزار کەسی تێپەڕاندووە. لە سەرەتایی هێرشەکەی حەماسەوە لە 7ی ئەم مانگەوە، هەزار و 400 هاوڵاتی ئیسرائیلیش کوژراون.
هاوڵاتی هێزێکی مارێنزی ئەمریکی بەرەو رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەراست بەرێدەکەون بەهۆی نیگەرانی دروستبوونی جەنگ و فراوانبووی شەڕ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەپێی راپۆرتێکی سی ئێن ئێن کە لە زاری دوو سەرچاوە وەەریگرتووە، یەکەی 26ی هێزی پیادەی مارێنزی ئەمریکی لەناوی کەشتی یو ئێس ئێس باتان هەن کە لە ئیستادا کەشتییەکە لە دەریای سووردایە. ئەو هێزە یەکێکە لە حەوت یەکەکەی هێزی مارێنزی ئەمریکا کە تەنها ژمارەی ئەو یەکەیە دوو هەزار و 400 سەربازە. لە 15ی ئەم مانگە ئەمریکا ئەو هێزەی لەگەڵ کەشتییە جەنگییەکە نارد بۆ دەریای سپی ناوەراست و لە هەفتەی رابردوو گەیشتە کەناڵی سوێز لە میسر. بەپێی راپۆرتەکەی سی ئێن ئین، ئەم جێگۆڕکێیە بۆ ئەوەیە هێزە مارێنزەکە نزیک ببێتەوە لە لوبنان و فەڵەستین. پێشتریش دوای دروستبوونی شەڕ لەنیوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ی ئەم مانگە، ئەمریکا دوو کەشتی فڕۆکە هەڵگری بەناوی یو ئێس ئێس ئایزنهاوەر و یو ئیس ئێس جێڕالد فۆرد ناردە رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست کە هەردووکیان توانای هەڵگرتنی زیاتر لە 120 فڕۆکەی جەنگییان هەیە. ئەمە لەکاتێکدایە کە واشنتن پێشتر داوای لە هاوڵاتییانی کرد سەردانی لوبنان نەکەن و ئەوانەشی لە وڵاتەکەدان بەزوویی بەجێی بهێڵن.
هاوڵاتی مانگی سووری فەڵەستین ڕایگەیاند: "هێزەکانی ئیسرائیل وێڕای هەڕەشەی بۆردومانی نەخۆشخانەی قودس لە غەززە، بەپەلە داوای چۆلکردنمان لێ دەکەن. و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت نیگەرانە. لە ڕاگەیەندراوەکەی مانگی سووری فەڵەستین'دا هاتووە "هێزەکانی ئیسرائیل وێڕای هەڕەشەی بۆردومانی نەخۆشخانەی قودس لە غەززە، بەپەلە داوای چۆلکردنمان لێ دەکەن. لە بەیانییەوە دەوروبەری نەخۆشخانەکە بۆردومان دەکرێت". سەرۆکی دەزگای تەندروستی نەتەوە یەکگرتووەکانییش تێدرۆس ئەدهانۆم گێبریسوس نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئیسرائیل و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند،"ئێمە دووپاتی دەکەینەوە، مەحاڵە نەخۆشخانەکانی پڕ لە نەخۆش چۆڵ بکرێن بەبێ ئەوەی ژیانیان بخاتە مەترسییەوە" ئەم هەڕەشەیەی ئیسرائیل لە کاتێکدا دێت کە بەگوێرەی زانیارییەکان و وەزارەتی تەندروستی غەززە ئیسرائیل چەندین نەخۆشخانەی گەمارۆدراوی کەرتی غەزەی بۆردومان کردووە کە لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا لەژێر هێرشی تونددایە و زیاتر لە هەشت هەزار کەسی کوشتووە کە زۆربەیان ژن و منداڵن. هاوکات فەڵەستینییەکان ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن بە تەقینەوەکەی 17 ی مانگی 10 لە نەخۆشخانەی ئەلئەهلی عەرەبی کە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی 500 کەس و زۆربەیان ئاوارەی فەڵەستینییەکان بوون. ئیسرائیل ڕەتی دەکاتەوە ڕۆڵی هەبێت لە تەقینەوەکەدا. هەر لەم پەیوەندەدا ئاژانسی هەواڵی جەزیرە بڵاویکردەوە نەخۆشخانەی قودس لە ئێستادا چاودێری سەدان نەخۆشی بریندار دەکات، لەوانە ئەوانەی لە یەکەی چاودێری چڕدان و منداڵە تازە لەدایکبووەکان لە ئینکوبێتەرەکان. هەروەها نزیکەی 12 هەزار هاوڵاتی مەدەنی بەبێ چەک، کە زۆربەیان منداڵ و ژن بوون، لە بینای نەخۆشخانەکەدا پەنابەر بوون.
هاوڵاتی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دوای ئەوەی پۆستێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس کرد، رووبەرووی رەخنەیەکی زۆر بوویەوە لەلایەن سەرکردەکانی ئیسرائیلەوە و ناچاربوو داوای لێبوردن بکات. لە پۆستەکەیدا ناتانیاهۆ لۆمەی سوپای وڵات و دەزگاکانی هەواڵگری ئیسرائیلی کرد کە شکستیانهێناوە لە رێگرتن لە هێرشەکەی 7ی ئەم مانگەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە بووە هۆی کوژرانی هەزار و 400 ئیسرائیلی و بە بارمتەگرتنی زیاتر لە 200 کەسی تر. لە پۆستەکەدا ناتانیاهۆ دەڵێت: لە هیچ کات و بارودۆخێکدا ئاگادارکردنەوە نەدراوە بە سەرۆکوەزیران ناتانیاهۆ سەبارەت بە نیازی جەنگ لەلایەن حەماسەوە. بەپێچەوانەوە، هەموو بەرپرسانی ئاسایش، بە سەرۆکی هەواڵگری سوپا و سەرۆکی دەزگاکانی هەواڵگری [ئیسرائیل] هەڵسەنگاندنی ئەوەیان کردووە کە حەماس رێکگری لێکراوە و دەیەوێت بگاتە رێککەوتن. دوای پۆستەکە، بێنی گانتز جەنەڕاڵی خانەنشین و ئەندامێکی کابینەی جەنگی ئیسرائیل داوای لە ناتانیاهۆ کرد پۆستەکەی بسڕێتەوە و سیاسەتمەداری ئۆپۆزسیۆن، یایر لاپید، هێرشی تووندی کردە سەر سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و وتی، ناتانیاهۆ "هێڵی سووری تێپەڕاند." دواتر چەندین سەرکردەی سیاسی و حکومی وڵاتەکە هاتنە بەرەی دژ بە ناتانیاهۆوە و رەخنەی توندیان لێگرت. بەهۆی ئەو فشارانەوە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ناچاربوو پۆستەکەی بسڕێتەوە و پۆستێکی نوێی کرد کە تێیدا وتی، "هەڵە بووم و نەئەبوو ئەو قسەیەم بکردایە بۆیە داوای لێبوردن دەکەم."
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگی لاڤرۆڤ وتی بۆردومانکردنی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتییە و مەترسی دروستکردنی کارەساتێک دروست دەکات کە لەوانەیە دەیان ساڵ بخایەنێت. وهزارهتی دهرهوهی رووسیا له چوارچێوهی راگهیهندراوێكدا داوا دهكات، ههوڵهكان بۆ درێژهدان به گفتوگۆكانی نێوان لایهنه ناكۆكهكان له رۆژههڵاتی ناوهڕاست، یهكبخرێن و هاوکات هۆشداری له ههوڵی ههڵگیرساندنی جهنگێكی دیكهی گهوره له رۆژههڵاتی ناوهڕاست دا. وهزارهتی دهرهوهی رووسیا ئامادهیی مۆسكۆی نیشاندا، بۆ بهشداریكردن له دۆزینهوهی چارهسهرێكی گونجاو بۆ ناكۆكییهكانی نێوان ئیسرائیل و فهڵهستین. ئەم لێدوانانەی ڕوسیا لە کاتێکدا دێت کە حەماس هەوڵدەدات هەشت هاوڵاتی ڕووسی-ئیسرائیلی لەنێو ئەو بارمتەیانە بدۆزێتەوە کە لە کاتی هێرشەکەیدا بۆ سەر ئیسرائیل گرتویانن. سێرگی لاڤارۆف باسی لەوەشکرد، " لە کاتێکدا ئێمە ئیدانەی تیرۆریزم دەکەین، بەڵام بە تەواوی ناڕازیین لەوەی بتوانن وەڵامی تیرۆریزم بدەنەوە بە پێشێلکردنی یاساکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، لەوانە بەکارهێنانی هێز بەبێ جیاوازی دژی ئەو ئامانجانەی کە خەڵکی مەدەنی لەوێن، لەوانە بارمتە گیراوەکان." لەبەرەبەیانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، کە بەگوتەی ئەو وڵاتە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژراون، لەبەرامبەردا ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی کەرتی غەززەی کرد، به گوێرهی دوایین ئاماری تهندروستی غەززە، حەوت هەزار و 326 فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی 18 هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوون . لە ریزی کوژراوە فەڵەستینییەکانشدا، دوو هەزار و 913 منداڵ و هەزار و 709 ئافرەت هەیە و هەزار و 650 کەسی دیکەش تا ئێستا بێسەروشوێنن. دوێنێ ههینی 28ـی ئۆكتۆبهری 2023، ئیسرائیل له رێگهی هێرشی سهربازی فراوان بۆسهر غهززه، دۆخی جهنگی لهگهڵ حهماسی گهیانده قۆناغێكی پڕ له ئاڵۆزی ئەمەشلە کاتێکدایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای ئاگربەستێکی مرۆیی دەکات بۆ گەیاندنی یارمەتی بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی.
هاوڵاتی ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس و مانگی دەستکردی ستارلینک، ئینتەرنێتی بۆ رێکخراوە مرۆییە دانپێدانراوەکان لە غەززە چالاک کرد. دوای ئەوەی شەوی رابردوو هێڵەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت لە غەززە پجڕان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس کە ئیلۆن مەسک خاوەنداریەتی دەکات، بە چەندین هاشتاگ هەزارەها بەکارهێنەر داوای کاراکردنی مانگی دەستکردی ستاریلینکیان لە ئیلۆن مەسک کرد بۆ غەززە تا بتوانن بە بێ بەرامبەر ئینتەرنێت بەکاربهێنن. بەهۆی پجڕانی ئینتەرنێتەوە چەندین رێکخراوی مرۆیی لە غەززە نەیاندەتوانی کارەکانیان بە باشی بەڕێوە بەرن و یارمەتی بریندارەکان بدەن و هاوکاری بگەیەنن بە ئاوارەکان. دواجار ئیلۆن مەسک لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "ستارلینک پشتگیری لە پەیوەندی گەیاندن دەکات بە رێکخراوە مرۆییە دانپێدانراوە نێودەوڵەتییەکان لە غەززە."
هاوڵاتی کۆشکی سپی رایگەیاند هیچ سنورێک بۆ ئیسرائیل دیاری ناکەن و هێڵی سووری بۆ دانانێن لە هێرشەکانیدا بۆ سەر کەرتی غەززە لەکاتێکدا ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی بۆ سەر غەززە فراوان کردووە. جۆن کیربی وتەبێژی کۆشکی سپی سەبارەت بە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی ئیسرائیل و چڕکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە رایگەیاند، "ئێمە هێڵی سوور بۆ ئیسرائیل دیاری ناکەین، هەر لە سەرەتاوە گفتوگۆمان لەگەڵ کردوون کە چۆن هێرشەکان دەکەن، نیگەرانییەکانمان نەشاردووەتەوە سەبارەت بە قوربانی مەدەنی و زیانی لاوەکی، هەروەها ئەو رێگەیەی هەڵیدەبژێرن بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان، هاوڕێ بۆ ئەوەیە و ئێمەش هاوڕێین." شەوی رابردوو ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی کەرتی غەززەی کرد و رایگەیاند ئۆپەراسیۆنەکەیان فراوان کردووە. بەیانی ئەمڕۆ سوپای وڵاتەکە رایگەیاند بە 100 فڕۆکە هێرشەکانی شەوی رابردوویان ئەنجامداوە. بەپێی هەواڵی میدیا ناوخۆییەکانی فەڵەستین بۆردومانی شەوی رابردوو چڕترین بۆردومان بوو لەکاتی دەستپێکی شەڕەوە ئەمەش دوای ئەوەی کە بە تەواوی هێڵەکانی پەیوەندی و ئینتەرنیت لە غەززە پچڕان. تا ئێستا بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە، زیاتر لە حەوت هەزار فەڵەستینی کوژراون.
هاوڵاتی لە نەتەوە ئەگرتووەکان پرۆژەیاسایەک بەزۆرینەی دەنگ تێپەڕی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە کە تێیدا عێراق دەنگی نەدا. لە پرۆژەیاساکەدا ١٢٠ وڵات دەنگیاندا بە بەڵێ و ١٤ وڵاتیش دژی بوون کە بریتی بوون لە ئەمریکا، ئیسرائیل، نەمسا، کرواتیا، هەنگاریا، تۆنگۆ، پاراگوای و چەند وڵاتێکی تر. هاوکات ٤٥ وڵاتیش هیچ دەنگێکی بەڵێ یان نەخێریان نەدا کە ئەمانە بەشێکی بوون: ئەڵمانیا، ئوستورالیا، فینلەندا، هندستان، عێراق، یۆنان، ئیتاڵیا، یابان، هۆڵەندا، پۆڵەندا، کۆریای باشور، سوید، تونس، ئۆکرانیا و بەریتانیا. پرۆژەیاساکە داوای بەپەلە راگەیاندنی ئاگربەست دەکات لە غەززە لەگەڵ ئازادکردنی تەواوی خەڵکی مەدەنی و پارێزگاریکردن لە دامەزراوە مەدەنی و نێودەوڵەتییەکان و کردنەوەی رێڕەوی سەلامەت بۆ هاوکاری مرۆیی. هەرچەندە پرۆژەیاساکە دەستپێشخەرییەکی سیمبولییە بەڵام پشتگیری زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەردەخات بۆ فەڵەستین لەسەروبەندی هێرشی ئیسرائیلدا.
هاوڵاتی نزیکەی دوو کاتژمێرە بە تەواوەتی هێڵی ئینتەرنێت لە کەرتی غەززە پچڕاوە و ئیسرائیلیش دەستیکردووە بە بۆردومانێکی چڕ لە ناوچەکە. میدیا ناوخۆییەکانی فەڵەستین و بەشێك لە میدیا جیهانییەکان رایانگەیاندووە کە دوای پجڕانی ئینتەرنێت، ئیسرائیل دەستیکردووە بە بۆردومانێکی چڕ کە لەسەرەتایی شەڕەوە وڵاتەکە هێندە بەچڕی کەرتی غەززەی بۆردومان نەکردووە. کەناڵی بی بی سی بەریتانی رایگەیاند کە کۆمپانیای پالتێل، کە کۆمپانیایەکی فەڵەستینییە بۆ پەیوەندیکردن، پچڕانی تەواوەتی پەیوەندی و هێڵەکانی ئینتەرنێتی پشتراستکردووەتەوە. هاوکات گروپی نێتبلۆک، کە چاودێری هێلەکانی ئینتەرنێت دەکات، رایگەیاند پەیوەندی لە کەرتی غەززە بەتەواوەتی نەماوە. لەلایەکی ترەوە رێکخراوە مرۆییەکان توانای پەیوەندیکردنیان بە تیمەکانیانەوە نەماوە لە غەززە و رێکخراوی مانگی سوری فەلەستینی دەڵێت، لەگەڵ تیمەکانی لە کەرتی غەززە پەیوەندی پچڕاوە. لە راگەیاندراوێکی رێکخراوەکەدا هاتووە، "ئێمە زۆر نیگەرانین لەوەی تیمەکانمان ناتوانن بەردەوام بن لە گەیاندنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانیان بەتایبەتی لەوکاتەوەی پچڕانی ئینتەرنێت و پەیوەندی کاریگەری کردووەتەسەر ژمارەی فریاگوزاری خێرا و رێگری کردووە لە گەشتنی ئەمبولانسەکان بۆ لای بریندارەکان."
هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستیی غەززە دوایین ئاماری گیانلەدەستدانی ئەو هاوڵاتییانەی بەهۆی بۆردوومانەکانی ئسیرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا لانیکەم 7326 کەس گیانیان لەدەستداوە. ئەمڕۆ هەینی، 27ـی تشرینی یەکەمی 2023، تەندروستیی غەززە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بەردەم نەخۆشخانەی شیفای کەرتەکە راگەیاند، سێ هەزار و 38 کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە منداڵن و هەزار و 726 کەسیش ژنن، 414 کەسی بەتەمەنن. تەندروستیی غەززە دەشڵێت، 18 هەزار و 967 کەسی دیکەش بریندار بوون. هەر لەم بارەیەوە ڕێكخراوی تهندروستی جیهانی بڵاویکردەوە ، مهزهنده دهكهن تا ئێستا ههزار كهس له ژێر داروپهردوی باڵهخانه و خانوه روخاوهكانی غهززهدابن كه ناسنامهیان نهزانراوه. ئهشرهف قودره وتهبێژی وهزارهتی تهندروستی له كهرتی غهززه رایگهیاند، ههر جۆره گومانێك له لایهن واشنتنهوه سهبارهت بهو ئامارانهی كه سهبارهت به ژمارهی قوربانیانی كهرتی غهززه له ئهنجامی بۆردومانی بهردهوامی ئیسرائیل دهخرێنهڕون رهتدهكهنهوه. ئهنجومهنی پهیوهندییهكانی ئهمریكا و ئیسلامی سهركۆنهی لێدوانه نامرۆڤانهی جۆو بایدنیان كرد كه تیایدا گومانی خسته سهر ژمارهی كوژراوان له كهرتی غهززه. رۆژی حەوتی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لەكەرتی غەزەوە زیاتر لەپێنج هەزار مووشەكی ئاڕاستەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەكە نشینەكان كردو تەلبەندی سنووری نێوان كەرتی غەزەو كۆمەڵگە جولەكەنشینەكانی بڕی و شەڕ دەستی پێکرد و تا ئێستا بەردەوامە
هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن پشتگیری لە راگەیاندنی ئاگربەستێک ناکات کە رێ بە حەماس بدات "خۆی رێکبخات" و بەردەوام بێت لە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل. ماتیو میڵەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی بی بی سی بەریتانی رایگەیاند، ئەمریکا پشتگیری لە ئاگربەستێک ناکات کە رێ بە حەماس بدات، "خۆی رێکبخاتەوە و بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنی تیرۆرستی دژی ئیسرائیل." ماتو میڵەر وتیشی، جگە لە هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەم "حەماس رۆژانە مووشەک هەڵدەدات، ئەمڕۆ و دوێنێش مووشەکی هەڵداوە کە هاوڵاتی سڤیلی لە ئیسرائیل بە ئامانج گرتووە" بۆیە دژی هەر هەر ئاگربەستێک دەبن کە رێیان بدات بەردەوام بن لەم ئۆپەراسیۆنانە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لەوە دەکات کە ئەوان پشتگیری لەو ئاگربەستە کاتییە مرۆییە دەکەن کە رێ بدات هاوکاری مرۆیی بگەیەنرێت، "بۆیە ئێمە بە سەختی کارمان کرد بۆ کردنەوەی دەروازەی سنوری رەفەح لە باشوری غەززە." لەبارەی کوژرانی بارمتە ئیسرائیلییەکانەوە کە حەماس رایگەیاندووە تا ئێستا 50 بارمتە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون، میڵەر ئەوەی پشتڕاستنەکردەوە کە ئاخۆ ئەو 50 کەسە هاوڵاتی ئەمریکی تێدا بووبێت. حکومەتی ئیسرائیل لەنوێترین ئاماریدا کە رایگەیاندووە دەڵێت، لە ئێستادا 224 کەس وەک بارمتە لەدەست حەماسدان. بەهۆی جەنگەوە لەنێوان حەماس و ئیسرائیل کە ماوەی نزیکەی سێ هەفتەیە بەردەوامە، هەزار و 400 ئیسرائیلی و نزیکەی حەوت هەزار فەڵەستینی کوژراون.
هاوڵاتی لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند دوو پێگەی هێزە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانیان لە سوریا کردووەتە ئامانج وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی کردوویانەتە سەر هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی سوریا. لە راگەیاندراوێکدا لۆید ئۆستن دەڵێت، دوو کۆگای چەک و تەقەمەنی لە رۆژهەڵاتی سوریا کرایە ئامانج کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بەکارهاتوون. بەپێی هەواڵێکی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەی جەنگی ئەمریکا چوار هێرشی کردووەتە سەر دوو پێگە لە پارێزگای دێرەزوو و ئەو پێگانە یەکێکیان بنکەیەکی میلیشیا ئێرانییەکانە لە ناوچەی مەیادین و ئەوی تریش پێگەیەکی میلیشیاکانی سوپای پاسدارانە لە بیابانی حەلعەشارا. لۆید ئۆستن لەسەر ئەنجامدانی هێرشەکان باسی لەوە کردووە کە وەڵامی ئەو زنجیرە هێرشە سەرنەکەوتووانەی گروپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بووە کە لە عێراق و سووریا، هێزەکانی ئەمریکای لە 17ی تشیرینی یەکەمەوە کردووەتە ئامانج کە لەو هێرشانەدا بەڵیندەرێکی سەربازیی ئەمریکی گیانی لەدەستداوە و 21 سەربازی تریش بە سووکی برینداربوون. لەدوای 7ی ئەم مانگەوە کە حەماس هێرشی کردەسەر ئیسرائیل، هێرشەکان بۆ سەر بنەکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا زیادیکردووە و چەندین جار بە ئامانج گیراون. تەنانەت لە سەرەتایی ئەم هەفتەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریدا بە هاوڵاتییانی کە سەردانی عێراق نەکەن بەهۆی ناسەلامەتی وڵاتەکەوە بۆ هاوڵاتییانی ئەمریکی لەم کاتەدا.