هاوڵاتی  رۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵ بڵاویکردەوە کە ئەمریکا زانیاری هەواڵگری هەیە گروپی ڤاگنەری روسی رەنگە سیستەمی بەرگری ئاسمانی بداتە حیزبوڵای لوبنانی. رۆژنامەکە لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە کە ناویان نەهاتووە هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت ئەو سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەی کە گروپی ڤاگنەر دەیەوێت بۆ حیزبوڵای رەوانە بکات، سیستەمی SA-22ە کە مووشەکی دژە فڕۆکە لەخۆدەگرێت بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکەی جەنگی. یەکێک لە بەرپرسەکان ئەوەی ئاشکرا کردووە کە واشنتن ئەوەی پشتڕاستنەکردووەتەوە کە سیستەمەکە بۆ حیزبوڵا نێردرابێت، بەڵام چاودێری کۆمەڵێک گفتوگۆ دەکات لەنێوان ڤاگنەر و حیزبوڵا لەسەر بابەتەکە و گەیاندنی ئەو سیستەمە کیشەیەکەی گەورە دروست دەکات. ئەمریکا تا ئێستا دوو کەشتیگەلی فڕۆکە هەڵگری نزیک رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست جێگیر کردووە کە توانای هەڵگرتنی زیاتر لە 100 فڕۆکەی جەنگییان هەیە، ئەمەش وەک پەیامێک بۆ رێگریگرتن لە حیزبوڵا تا خۆی پەلکێشی شەڕی حەماس-ئیسرائیل نەکات و بەرەیەکی تری جەنگ نەکاتەوە. گروپی ڤاگنەر لە سوریا سەربازییان هەیە و چەکدارانی حیزبوڵاش لە هەمان وڵات بوونیان هەیە. ئەو سیستەمە رووسیەی کە ڤاگنەر دەیەوێت بۆ حیزبوڵای بنێرێت پێشی دەوترێت سیستەمی پانتسیر کە ساڵی 1990 دیزان کراوە و 2008 بەرهەمهێنراوە، تا ئێستاش زیاتر لە 200 دانەی لێ دروستکراوە.  سیستەمەکە هەڵگری مووشەکی مامناوەند مەودا و دژە فڕۆکەی جەنگییە و لەماوەی خولکێکدا دەتوانێت مووشەک ئاراستەی 10 ئامانج بکات. تێچووی هەر دانەیەک 13 بۆ 15 ملیۆن دۆلارە. 

هاوڵاتی  بەرپرسێکی باڵای عێراقی رایگەیاند، سێیەمین خولی کۆنفرانسی بەغدا، دەربارەی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهۆی جەنگی ئیسرائیل- حەماسەوە لە غەزە لە ئێستادا بەڕێوەناچێت و کەوتووەتە کاتێکی تر. فەرهاد عەلائەدین، راوێژکاری محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، کۆنفرانسی 2023ی بەغداد بۆ سەقامگیری ئابووری و ئارامی ناوچەکە بە هۆی رووداوەکانی ناوچەکەو ەو بەتایبەت ئەو جەنگی حەماس-ئیسرائیلەوە، لە ئێستادا بەڕێوە ناچێت و کەوتۆتە کاتێکی تر. ئەو کۆنفرانسە کە دوو خولی پێشتر لەلایەن فەرەنسا و عێراقەوە رێکخرابوو، بڕیاربوو کۆتاییەکانی ئەم مانگە بە ئامادەبوونی ئێمانیۆل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەرەنسا و نوێنەری وڵاتانی ناوچەکە ، لەوانە ئێران، لە بەغداد بەڕێوەبچێت. راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە ئێستادا هەموو هەوڵی عێراق ئەوەیە ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل دروست بێت و یارمەتی خەڵکی فەلەستین بدات. باس لەوە ئەکرێت ئەم کۆنفرانسە لە سەر داوای ئێران راگیراوە، بەڵام فەرهاد عەلائەدین، ئاماژەی بەوەنەداوە لە سەر داوای چ وڵاتێک کۆنفرانسەکە راگیراوە. بۆ یەکەمجار کۆنفرانسی بەغدا لە ئابی 2021 و دووەم جاریش لە مانگی 12ی 2022 لە ئوردن بەڕێوەچوو. لە هەردوو کۆنفرانسەکەدا، حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران بەشداری کردووە. لەکۆنفرانسی پێشتردا، فەرەنسا و چەند وڵاتی ناوچەکە بە ناڕاستەوخۆ داوایان لە حکومەتی عێراق کردبوو سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت بەرامبەر بە سیاسەتەکانی ئێران. لە هەفتەکانی رابردوودا، هێرش بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا لە لایەن ئەو هێزە سەربازیی و میلیشیانەوە کە سەر بە ئێرانن زیاتر بووە.

راپۆرتی: ئەی بی سی نیوز وەرگێڕانی: هاوڵاتی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لەغەززە وا لێکدەدرێتەوە کە سیناریۆیەکە باجێکی گەورەی لێبکەوێتەوە بۆ ئیسرائیل. وا چاوەڕواندەکرێت شەڕەکە پەرەبستێنێت و زۆر بخایەنێت، ئەمەش وادەکات بۆ هەردوولا وێرانکەر بێت و قوربانییەکی گەورەی سڤیلی لێبکەوێتەوە. «هیچ بژاردەیەکی باش نییە بۆ هێرشی زەمینی لەغەززە، زۆر خوێناوی و وێرانکەر» دەبێت، رافایل کۆهین، بەرپرسی پرۆژەی هێزی ئاسمانی لەناوەندی توێژینەوەی راند وای وت. ئیسرائیل یەکێک لەپێشکەوتووترین سوپای هەیە لەڕووی تەکنەلۆجییاوە لەجیهاندا. چەندین ساڵە پارەی زەبەلاح سەرف دەکات بۆ بەرەوپیشچوونی تواناکانی بەرگری و دەتوانێت دەستی رابگات بەباشترین سیستەمەکانی چەکی ئەمریکا. واشنتنیش ساڵانە نزیکەی چوار ملیار دۆلار لەهاوکاری سەربازی بۆ ئیسرائیل خەرج دەکات. بەبەراورد لەگەڵ ئەمەدا، چەکدارانی حەماس پڕچەکن و چەک و هاوکاری تەکنەلۆجییان لەئێرانەوە پێدەگات. «بەڵام چەکەکانی حەماس سەرەتایین»، مارکۆس هێڵیەر، بەرپرسی توێژینەوە لەناوەندی شیکردنەوەی ستراتیجی ئوستورالیا وادەڵێت. بەڵام لەکاتێکدا ئیسرائیل تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو، هەزارەها تانک و فڕۆکەی زیرەکی هەیە، شەڕی ناو شار (کۆڵان بەکۆڵان) بەتەواوی دەتوانێت هاوکێشەکە بگۆڕێت. «حەماس ئیسرائیل ناچار دەکات بەو شێوەیە شەڕ بکات کەبزوتنەوەکە دەیەوێت» تائێستا، ئێمە بینیومانە کە حەماس رێگایەکی ناڕێک و نائاسایی بۆ جەنگ هەڵبژاردووە. چاودێران پێیانوایە لەناو غەززەدا خۆگونجاندن رۆڵێکی گەورە دەبینێت و شەڕەکە دەکەوێتەوە سەر شەڕی «خوێناوی» لەنیوان چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل. بەراوردکردنی ژمارەکان تائێستا ئیسرائیل راینەگەیاندووە چەند سەرباز بەشداری دەکەن لەئۆپەراسیۆنی زەمینیدا بەڵام دانیاڵ هەگاری، وتەبێژی سوپا، باسی لەوە کرد «وردە وردە چالاکییە زەمینییەکان و قەبارەی هێزەکانمان لەکەرتی غەززە فراوان دەکەین». پێش ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە، سوپای ئیسرائیل ٣٦٠ هەزار سەربازی یەدەگی بانگکردووە بۆ خزمەت لەسەروو ١٧٠ هەزار سەربازی چالاک کەهەیەتی. بەبەراورد لەگەڵ هێزی روسیا کاتێک ڤلادمیر پوتین ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنی ئۆکرانیای راگەیاند، ١٠٠ هەزار سەربازی لەسەر سنوری ئۆکرانیا جێگیر کرد. لەسەر سەربازانی حەماسیش، ئیسرائیل دەڵێت، حەماس ٣٠ هەزار چەکداری هەیە. زۆربەی جار ئەم چەکدارانە لەئۆتۆمبێلی سەربازی و ماتۆرسکیلدان بەچەکی بچووک و رەشاشەوە. ئیسرائیل ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی پڕچەک کردووەو نزیکەی هەزارو ٧٠٠ تانکی ئامادەیە تا پاڵپشتی لەهەر شەڕێکی کۆڵان بەکۆڵان بکەن. بەڵام لەشارێکی دانیشتوان چڕی وەک غەززەدا کەتێیدا هەڕەشەکاکان قورسترە هەستیان پێبکرێت، رەنگە قەبارەو گەورەییەتی زۆر گرنگ نەبێت. «یەکێک لەو شتانەی کە دەیبینین لەشەڕی ناو شاردا ئەوەیە بەرگریکارەکان دەتوانن لەناو داروپەردوودا بەردەوامی بەشەڕ بدەن، ئەگەر سەیری هەر شەڕێکی کۆڵان بەکۆڵان بکەیت، دەبینیت کە بەرگریکاران دەتوانن ماوەیەکی زۆر خۆیان رابگرن و گورزی کوشندە بدەن لەبەرامبەر»، هەێڵیەر وای وت. تانک بەرامبەر درۆن سوپای ئیسرائیل  بە «مامۆستای شەڕی ئۆتۆمبێلی زرێپۆش» ناسراوە. تانکئ مێرکەڤا بڕبڕەی پشتی سوپای ئیسرائیلەو بەیەکێک لەباشترین تانکی جیهان دادەنریت. تانکی مێرکەڤا بەتانکی لیۆپاردی ئەڵمانی بەراورد دەکرێت کەدوای شەڕی ئۆکرانیا خواستی زۆر لەسەرە. بەڵام تانک بۆ کاتێک باشە کە لەدووری چەند کیلۆمەترێکەوە لەئامانجەکەی بدات و کاتێک دەیانبەیتە شارێکەوە، هەموو خاسیەتێکی دەکوێتە ژیر مەترسییەوە، بەتایبەت لەلایەن درۆنەوە. «بەزوویی ئەوە دەبینین کە لەئۆکرانیا بینیمان، ئەوەش ئەوەیە کە حەماس درۆنەکانی پڕچەک دەکات، بەئاسانی دەتوانێ گوللە تۆپێک بکەیت بەدرۆنێکەوەو درۆنەکە بۆ سەر تانکەکە بفڕێت و بۆی هەڵبدات». پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی دەڵێت کەچەند ڤیدیۆیەک بڵاوبووەتەوە درۆنێکی بەچەکەوە تانكێکی مێرکەڤای ئیسرائیل تێکدەشکێنێت. شیکەرەوان دەڵین، بەئەگەرێکی زۆرەوە حەماس ژمارەیەکی زۆری درۆنی لەکۆگاکانیدا هەیە کەخۆی پەرەیان پێدەداو هاوکاریشی لەئێرانەوە پێدەگات بۆ بەرەوپێشچوونیان. لەڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت کە حەماس لەهێرشەکەی ٧ی مانگی رابردوو بڵاویکردووەتەوە، بزوتنەوەکە درۆنێکی گەورەتریشی هەیە کەهاوشێوەی ئەو درۆنە ئێرانیانەیە لەلایەن هێزەکانی روسیاوە لەشەڕی ئۆکرنیادا بەکارهاتووە. وەک یەکێک لەپێشەنگەکانی جیهان لەبەرکاهێنانی و بەرهەمهێنانی درۆن، ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆری درۆنی هەیە، هەم بۆ چاودێری و هەم بۆ شەڕ. ئیسرائیل تەکنەلۆجیای وردی دژە درۆنیشی هەیە بەڵام ژینگەی شار وادەکات کە بەکارهێنایان قورس بێت. جیاوازیی مووشەک لەململانێکانی رابردوودا حەماس بەموشەک و گولەتۆپ و مووشەکی دژەتانک بەرگری لەغەززە کردووە. لە رۆژی یەکشەممەی رابردوو حەماس رایگەیاند، گوللەتۆپی دژی هێزەکانی ئیسرائیل تەقاندووەو بەمووشەکی دژە تانک لەتانکەکانی ئیسرائیلی داوە. بەخەمڵاندنی هەواڵگری ئیسرائیل، کۆی ژمارەی ئەو موشەکانەی لەغەززە هەیە ژمارەیان ٣٠ هەزار موشەکە کە هەندێکیان دەتوانن ٢٥٠ کیلۆمەتر ببڕن. هەرچەندە ئێران و سوریا بەقاچاغ چەندین مووشەکیان رەوانەی غەززە کردووە لەماوەی رابردوودا، بەڵام بەشێکی زۆریشی وادەردەکەوێت کە لەناوخۆدا بەرهەمهێندراوە. عەلی بەرەکە، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حەماس لەدەرەوە، لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئاڕ تی رووسی وتی کە حەماس ماوەی دوو ساڵ ئامادەکاری کردووە. «ئێمە کارگەی ناوخۆمان بۆ هەموو شتێک هەیە، مووشەکمان هەیە کەمەوداکانیان ٢٥٠، ١٦٠، ٨٠، ٤٥، ١٠ کیلۆمەترە، کارگەشمان هەیە بۆ گوللە تۆپ و قاوەنەکانیان لەگەڵ کارگە بۆ دروستکردنی کڵاشینکۆف و فیشەک»، عەلی بەرەکە وای وت. حەماس بەوەش ناسراوە کەمووشەکی دژە تانکی دوور مەودا بەکاردەهێنێت، بەوانەشەوە کەهی سەردەمی سۆڤیەتین وەک دژو تانی مالیوتکاس و کۆنکروس. لە رۆژی هێرشەکەدا لە ٧ی تشرینی یەکەم، حەماس وتی کە لەماوەی ٢٠ خولەکدا پێنج هەزار مووشەکی بەرەو ئیسرائیل هەڵداوە، کە ئەمەش لەسەرجەم ژمارەی ئەو مووشەکانە زیاترە کەگروپەکە لەساڵی ٢٠٢١ لە ١١ رۆژی شەڕدا هەڵیدا. هەرچەندە بەشیکی زۆریان بەرپەرچدرانەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژمارەیان زۆر بوو سیستەمی بەرگری گومەزی ئاسنینی ئیسرائیل بەرگەی نەگرت و بەشێکیان سیستەمەکەیان تێپەڕاند. ئەگەر حزبوڵای لوبنان بێتە ناو شەڕەکەوە ئەوا ئیسرائیل رووبەڕووی بۆردومانێکی فراوانتر دەبێتەوە لەگەڵ مووشەکی زیرەکتر. وا دەخەمڵێندرێت کە حزبوڵا ١٠٠ هەزار مووشەکی لەجۆرە جیاوازەکان هەبێت. تونێلەکان‌و «قەڵغانی مرۆیی» لەلایەنی هێزی ئاسمانییەوە، سوپای ئیسرائیل ٣٠٠ فڕۆکەی جەنگی هەیە. پێش ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتی، «ئاگر بەسەر حەماسدا دەبارێنین». سوپای ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەش دەکات کەفڕۆکە جەنگییەکانی چەندین ناوەندی فەرمانی حەماسیان لەغەززە پێکاوە. ئێستا بۆ ئەوەی بگەن بە چەکدارەکانی حەماس، سەربازی ئیسرائیل دەبێت دەرگا بەدەرگا بڕۆن. حەماس نزیکەی ١٥ ساڵی پێچووە تا تۆڕێکی تونێل درستبکات لەژێر شاری غەززەوە، کە سەربازانی ئیسرائیل پێی دەڵێن، «میترۆی غەززە». بەپێی قسەی شارەزایان، ئەگەر ئیسرائیل بیەوێت حەماس لەناوبەرێت ئەوا دەبێت لەناوی تونێلەکانی خۆیاندا ئەو کارە بکات. حەماس ئەمە دەزانێت و رەنگە تونێلەکانی مینڕێژ بکات. ئیسرائیل چەند بۆمبێکی GBU-28ی هەیە کە سوودیان هەیە بۆ تێکشکانی تونێلەکانی حەماس. ئەو بۆمبانە بۆ ئەوە دروستکراون کە ئەو ئامانجانە بپێکن کەزۆر لەژیر زەویدان و لەلایەن ئەمریکاەوە لەئۆپەراسیۆنەکاندا بەکارهێنراوە دژی قاعیدە لەئەفغانستان. «پیدەچێت حەماس بارمتەکان بەسەر تونێلەکاندا دابەشبکات و لەشوێنی ستراتیجی گرنگ دایانبنێت و وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاریانبهێنێت»، هێڵیەر وای وت. دۆخەکە بەرەو چی دەچێت؟ تائێستا نزیکەی نۆ هەزار خەڵکی غەززە گیانیان لەدەستداوە بەهۆی بۆردومانی چڕی ئیسرائیلەوە کە دوای هێرشەکەی حەماس ئەنجامیدا لە ٧ی مانگی رابردوو. ئیسرائیل دەڵێت هەزارو ٤٠٠ کەس کەزۆربەیان هاووڵاتین لەهێرشەکەی حەماسدا کوژراون و زیاتر لە ٢٢٠ بارمتەش گیراون. بەناردنی سەرباز بۆ غەززە ناتەنیاهۆ پێیوایە ئیسرائیل دەتوانێت «حەماس ریشەکێش بکات و بارمتەکانیش بگەڕێنێتەوە ئیسرائیل. بەڵام ریشەکێشکردنی حەماس ئەگەرێکی لاوازەو رەنگە قوربانی زۆری مەدەنی و سەربازی ئیسرائیل زیاتر ئاگری ئەو رەخنانە خۆش بکات کەئێستا ئاراستەی حکومەتی وڵاتەکە دەکرێن. «باجی سەرکەوتن بەسەر حەماسدا زۆر گەورە دەبێت، هیچ بژاردەیەکی باش بۆ ئیسرائیل نییە جگە لەدەربڕینی توڕەیی»، هێڵیەر وات وت. ئیسرائیل بۆمبی هێشوویی هەیە کەزیانێکی زۆر بەمەدەنی دەگەیەنێت و تۆمەتبار کراوە بەوەی کەئەو بۆمبە، کەپێشی دەوترێت بۆمبی فسفۆڕی سپی، بەکارهێنابێت لەغەززە. ئەو بۆمبە لەزۆر وڵات قەدەغەیە و بەکارهێنانی دژی مەدەنی بەهیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە کە بەپێی قسەی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، «سووتانی ئازاربەخش و ئازاری درێژخایەن» دروستدەکات. ئیسرائیل رەتیکردووەتەوە کەئەو بۆمبەی بەکارهێنابێت و دەڵێت ئەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن «هەڵەن». هێڵیەر دەڵێت، بەبێ گوێدانە ئەوەی چی لەو ئۆپەراسیۆنەدا بەکاردێت، لەناوچەیەکی بچووک کە جێی دانیشتوانی زیاترە لە دوو ملیۆن، «حەتمەن قوربانی زۆر گەورەی لێدەکەوێتەوە».

هاوڵاتی  سوپای ئیسرائیل رایگەیاند 16 سەربازیان لەناو غەززەدا کوژراوە و سوپای وڵاتەکە توانیویاەن بەرەی پێشەوەی حەماس لە غەززە تێپەڕێنن. ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی تشرینی دووەمی 2023 سوپای ئیسرائیل رایگەیاند 16 سەربازیان لە رۆژی سێشەممەوە کوژراوە لە غەززە دوای ئەوەی کە ئۆپەراسیۆنی سەربازییان فراوانکردووە.  هەرچەندە تا ئێستا ئۆپەراسیۆنی زەمینی بە فەرمی رانەگەیاندووە، بەڵام چەند رۆژێک لەمەوبەر سوپای ئیسرائیل وتی کە ئۆپەراسیۆنی سەربازییان لە غەززە فراوانکردووە.  بەپێی ئاماری سوپای ئیسرائیل، ژمارەی کوژراوانی سەربازی وڵاتەکە لە سەرەتای جەنگەوە گەیشتووە 331 کوژراو.  هاوکات دانیاڵ هەگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند ئۆپەراسیۆنەکەیان لە غەزە وەک ئەوەی پلانی بۆ داندراوبوو بەرەوپێش دەچێت و بەرەی پێشەوەی حەماسیان لە غەززە بڕیووە.  "بە پلانی پێشوەختە، زانیاری هەواڵگری ورد و هێرشی هاوبەش، هێزەکانمان بەرەی پێشەوەی حەماسیان لە باکوری کەرتی غەززە بڕیووە"، هەگاری وای وت.

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی لوبنان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی بی بی سی ڕایگەیاند، حیزبوڵڵا لوبنانییە و لایەنێکی کاریگەری ڕوداوەکانی ئەم دواییەیە و هیچ کات  هەڕەشەی لە ئیسرائیل نەکردووە "ئەوە ئیسرائیلە دەیەوێت ئێمە لە شەڕ تێوەبگلێنێت" و باس لە پەیوەندییەکانی ئێران بە حیزبوڵڵاو حەماسەوە دەکات. لەدوای هێرشەکەی حەوتی مانگی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل هێرشی پێچەوانە لە لایەن ئەو وڵاتەوە دەستی پێکرد و بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین زیاتر لە هەشت هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە، بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کاردانەوەی چیاوازی لێکەوتۆتەوە. لەم پەیوەندەدا ئیسرائیل ئێران تاوانبار دەکات بە پڕچەککردنی حەماس و حیزبووڵای لوبنانیش بە هێرشکردنە سەریان. لەم بارەیەوە عەبدوڵلا بووحەبیب وەزیری دەرەوەی لوبنان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پڕۆگرامی "Hard Talk " لە کەناڵی BBC باس لە پەیوەندییەکانی ئێران و حەماس لەگەڵ بەشداریکردنی حیزبووڵڵای لوبنان لە جەنگەکەدا دەکات. لە چاوپێکەوتنەکەدا وەزیری دەرەوەی لوبنان دەڵێت، " حیزبوڵڵا هیچکات هەڕەشەی لە ئیسرائیل نەکردووە" و حەسەن نەسروڵڵا رێبەری حیزبوڵڵا دوای زیاتر لە ٣ هەفتە لە دەستپێکی جەنگ، لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە، تا ئێستە هیچی نەوتووە، رێبەرانیتری حیزبوڵڵا ئارام قسە ئەکەن، ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین ئەوە ئیسرائیلە کۆمەڵێک کێشە و ئاژاوەی لە سنوورەکانی خۆی لەگەڵ ئێمە دروستکردووە".  وتیشی، "حیزبوڵڵا جەنگی ناوێت و نایەوێت بچێتە جەنگەوە، مەگەر ئەوەی غەزە بچێتە دۆخێکی تراژیک و زۆر خراپەوە، یان ئەوەی ئیسرائیل لە دۆخێکی خراپدا هێرش بکاتە سەرمان". سەبارەت بەو ناوچانەی لەم ماوەیەدا لە لایەن حیزبوڵڵاوە هێرشدەکرێتە سەریان عەبدوڵڵا بوو حەبیب دەڵێت،"کۆمەلێک ناوچە لە باشووری رۆژئاوای لوبنان لە لایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە. حیزبوڵڵا ئەم ناوچانەی کردۆتە ئامانج." دەشڵێت، "بەو شێوەیە نییە خاکی ئیسرائیلی کردبێتە ئامانج. کەوایە خاکەکەی ئێمە داگیرکراوە. ئەو دەمەی ساڵی ٢٠٠٠ ئیسرائیل کشایەوە، ئەو ناوچەیە وەک ناوچەی کێشەلەسەر مایەوەو ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین داگیرکراوەو ئیسرائیل ئەبێ ئەو ناوچەیە بەجێ بهێڵێت.زۆرجار داوامان لێکردوون لەو ناوچەیە بچنە دەرەوە."   پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ حیزبوڵڵا و حەماس:   وەزیری دەرەوەی لوبنان بە ئاماژە بە دیداری خۆی لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، دەربارەی جەنگی حەماس و ئیسرائیل دەکات و دەڵێت:" ئێرانییەکان ئاگادار نەبوون حەماس دەیەوێت هێرش بکات، بەڵام تاران لەگەڵ حەماس لە پەیوەندیدایە و وەزیری دەرەوەی ئێران وتوویەتی حەماس ئەتوانێت بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ، بۆ چەند مانگ بەرامبەر بە هێرشەکانی ئیسرائیل بوەستێتەوە. ئەمە ئەو شتەیە کە وەزیری دەرەوەی ئێران پێی وتم و ئەمە بەو مانایە کەس نایەوێت بەرەیەکیتری جەنگ لە باشووری لوبنان بکرێتەوە." دەربارەی پەیوەندی و یارمەتی گەیاندنی ئێرانییەکان بە حیزبوڵڵای لوبنان، وەزیری دەرەوەی لوبنان لە وتووێژ لەگەڵ بەرنامەی Hard talk وتی :" بەڵێ، ئێرانییەکان یارمەتی حیزبوڵڵا ئەدەن و چەک و چۆڵیان پێئەدەن، ئێمە ئاگاداری ئەم بابەتەین. کۆمەڵێک وڵات هەن دژی ئیسرائیلن. بەڵام سەرەنجام پرسی سەرەکی ئەو فەلەستینیانەن کە ٧٥ ساڵە چاوەڕێن رێگەچارەیەکی سیاسی بۆ دۆزەکەیان بدۆزرێتەوەو نەدۆزراوەتەوە یان ئەوەیە جێبەجێ نەکراوە. ئێمە ئەبێ رەگی کێشەکان ببینین. کێشەکە لە رەگەوە ئەو دەمە چارەسەر ئەبێت وڵاتی فەلەستی بە پێێ بڕیاری ساڵی ١٩٤٧ی نەتەوە یەکگرتووەکان دابمەزرێت". وەزیری دەرەوەی لوبنان باس لەوە ئەکات کە حیزبوڵڵا، حێزبێکی سیاسیە لە لوبنان، بەڵام لقی سەربازییەکەی کێشەیەکی گەورەیە لە ناوچەکە و گومان لەوەدا نییە. ئەم بابەتە تەنها ناگەڕێتەوە بۆ سەر ئێران، بەڵکوو بەشێکی گەورەی ئەم بابەتە ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە کەرتی رۆژئاوای غەزە روو ئەدات. هەروەها بۆ ژمارەی زۆری ئەو پەناخوازە فەلەستینیانەی کە لە وڵاتە عەرەبییەکان ئاوارەن و ٧٥ ساڵە چاوەڕێن رێگاچارەیەک بدۆزرێتەوە. چاو لێ بکەن دونیای رۆژئاوا چۆن دەربارەی پرسی ئۆکراین هەڵوێستی گرت.   کاریگەری ئەمریکا لە ناوچەکە: وەزیری دەرەوەی لوبنان دەربارەی ئەمریکا و پلانەکانی لە ناوچەکەو رووداوەکانی ئەم دواییانە ئەڵێت:" پێم وایە ئەمریکا نایەوێت بێتە جەنگەوە لە ناوچەکە. ئەمریکا تەنها وڵاتێکە لە دونیا دەتوانێت نێوانگیری بکات لەم جەنگەدا. سەرەنجام هەموومان پێویستمان بە ئاشتییە. ئەمریکا تەنها وڵاتێکە ئەتوانێت ئاشتی لە ناوچەکە جێگیربکات. ئەگەر ئەوان ئەو پێگەیە لە دەست بدەن خوا خۆی ئەزانێت چی روو ئەدات". وەزیری دەرەوەی لوبنان دەربارەی ناوچەکە ئەڵێت :" ئەبێ واقعی ناوچەکە بەوەی هەیە لەبەرچاو بگرین. ئاخۆ ئیسرائیل ئەیهەوێت تا هەتایە بەم شێوەیە بمێنێتەوەو بژی؟ تا چەند ساڵ ئەتوانیت بەم شێوەیە درێژەی پێ بدات. سەرەڕای هەموو ئەو کێشانەی کە وڵاتانی دراوسێ هەیانە، ئێمە وڵاتێکی ئاشتیخوازین. ئێمە جەنگمان ناوێت. هیچکات هەڕەشەمان لە ئیسرائیل نەکردووە. بەڵێ ئێمە حیزبوڵڵامان هەیە و حیزبوڵڵا کێشەیە بۆ ئەوان. بۆ بەشێکی زۆر لە لوبنانییەکانیش حیزبوڵڵا کێشەو سەرئێشەیە، بەڵام ئەمە ئەو راستیەیە کە هەیە و ئەبێ وەری بگرین".    

هاوڵاتی گۆڤاری ئاکسیۆس، لە زاری دوو سەرچاوەی ئیسرائیلیەوە رایگەیاند،  لە رۆژی هەینی رابردووەوە سوپای ئیسرائیل زیاتر لە ٢٠ هەزار سەربازی خۆی ناردۆتە غەزە. ئیسرائیل لە هەینی رابردووەوە هێرشە زەمینییەکانی دژی حەماس بە شێوەی سنووردار دەستپێکردووەو ئاکسیۆس لە زاری دوو سەرچاوەی ئیسرائیلییەوە نووسیویەتی :" سوپای ئیسرائیل خەریکی کۆکردنەوەی زانیارییە بۆ دۆزینەوەو رزگارکردنی بارمتەکان." حەماس رۆژی ٧ی تشرینی یەکەم هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و جگە لە کوشتنی ١٤٠٠ کەس، بە وتەی سەرچاوە ئیسرائیلییەکان، لانیکەم ٢٣٩ کەسی بە بارمتە گرتووە کە ٤ کەسیان ئازاد کراون و سەربازێکی ئیسرائیلیش لە لایەن ئیسرائیلەوە ڕزگارکرا. بە پێی ئەم راپۆرتە کە بڵاوکراوەی ئاکسیۆس بڵاوی کردۆتەوە، دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل بە یارمەتی سیستەمی زانیاری خۆی تونای سەربازێکی رفێندرو ئازاد بکات، بەرپرسانی ئیسرائیل هەوڵدەدەن سوود لەم رێکارە وەربگرن بۆ ئازادکردنی بارمتەکانیتر. هاوکات لقی سەربازی حەماس، رۆژی سێ شەممە ٣١ی تشرینی یەکەم رایگەیاند کە لە رۆژەکانی داهاتوودا چەند بارمتەیەکی بیانی ئازاد ئەکات و باسی لەوەش کرد غەزە ئەکەن بە گۆڕستانی سەربازانی ئیسرائیل. ئەبوو عوبەیدە، وتەبێژی کەتیبەکانی حەماس لە وتارێکی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند، ئێمە بە وڵاتان و لایەنەکانی نێوەنگیرمان راگەیاندووە لە رۆژانی داهاتوودا ژمارەیەکی دیار لە بیانییەکان ئازاد ئەکەین. ئەبوو عوبەیدە لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا رایگەیاند :" غەزە ئەکەن بە گۆڕستان و زەلکاوی دوژمن، سەربازەکان و رێبەری سیاسی و چەکدارەکانی ئیسرائیلی تێدا نوقم ئەبن". بە وتەی بەرپرسانی تەندروستی کەرتی غەزە، بە هۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە، زیاتر لە ٨ هەزار و ٥٠٠ کەس کوژراون. سوپای ئیسرائیل لە رۆژانی رابردوودا هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەزە زیاتر کردووە.  

هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی 300 سەربازی دیکە دەنێرێت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست به‌ ئامانجی زیادکردنی توانای وەڵامدانەوەیان بۆ مه‌ترسییه‌كان لە ناوچەکەدا. پات رایدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ وڵاتەکەی 300 سەربازی دیکەی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردوە. وتیشی: ئەو سەربازانە ناچنە ئیسرائیل، ئامانجی ناردنی ئەو سەربازانەش، بۆ زیادکردنی توانای وەڵام دانەوەیانە لە ناوچەکەدا. ئاماژەی بەوەشکردووە، لەم مانگەدا 27 هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا. سەرباز و بەڵێندەرە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا لە دوای هێرشە لەناکاوەکەی حەماس بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و سەربازانی ئیسرائیل لە 7ی ئه‌م مانگه‌دا زیاتر لە دەیان هێرشیان له‌لایه‌ن گروپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران كراوه‌ته‌سه‌ر. هەر لەوچوارچێوەیەدا كۆشكی سپی رایگەیاند، تا ئێستا نەیانتوانیوە ئەمریكییەكان لە غەززە دەرباز بكەن و ئاماژەی بەوەشكرد لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 66 بارهەڵگر هاوكاری گەیشتووەتە غەززە.

هاوڵاتی بڕیاره‌ سبه‌ینێ‌ بانگه‌شه‌كردن بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق ده‌ستپێبكات و كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش چەند مه‌رجێک بۆ هه‌ڵواسینی پۆسته‌ر و دروشمی كاندید و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان دیاریده‌كات. به‌پێی‌ بڕیاری‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژارنه‌كانی‌ عێراق، سبه‌ینێ‌ چوارشه‌ممه‌ 1ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2023 بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان ده‌ستپێده‌كات. به‌گوێره‌ی مه‌رج و رێنماییه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان: ١-  نابێت كه‌تیره‌ و چه‌سپ و سیكۆتین بۆ هه‌ڵواسینی وێنه‌ و دروشمی كاندیده‌كان به‌كاربهێندرێت. ٢- نابێت كاندید و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان تابلۆ و دروشم و پۆسته‌ره‌كانیان له‌سه‌ر هێماكانی هاتووچۆ جێگیر بكه‌ن. ٣- نابێت پۆسته‌ر و دروشمه‌كان له‌سه‌ر باخچه‌كانی گشتی و ناوبڕی شه‌قامه‌كان و شوێنه‌ گشتیه‌كان هه‌ڵبواسرێن.  ٤- نابێت، دیواری فه‌رمانگه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كان و قوتابخانه‌ و خوێندنگه‌كان و شوێنه‌ كه‌له‌پوری و شوێنه‌واریه‌كان بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌كاربهێندرێن. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە هەموو بارێزگاكانی عێراق جگە لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدەدرێت و 198 حزب و نزیكەی شەش هەزار كاندید كێبڕكێ دەكەن. هه‌رچه‌نده‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ئه‌نجام نادرێت، به‌ڵام نوڤسینگه‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئاماده‌كاریان بۆ پرۆسه‌كه‌ ده‌ستپێكردووه‌، به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردنی ئاواره‌كان و هاوڵاتیانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق كه‌ له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێن.  

هاوڵاتی  کۆشکی سپی داواکارییەکی جیهانی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە جەنگی ئیسرائیل-حەماس رەتکردەوە و دەڵێت، ئاگربەست "لە ئێستادا وەڵامە دروستەکە نییە." جۆن کێربی، وتەبێژی کۆشکی سپی بۆ کاروباری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا پشتگیری لە راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماس ناکات چونکە ئاگربەست "لەئێستادا وەڵامە دروستەکە نییە." جۆن کێربی پیشنیاری راگرتنی شەڕی بەشێوەیەکی کاتی کرد "تا رێ بە هاوکاری مرۆیی بدرێت بەرەو غەززە." ئەمە لەکاتێکدایە کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند بە راگەیاندنی ئاگربەست رازی نابێت بەهۆی ئەوەی وەک خۆبەدەستەوەدانی ئیسرائیل وایە و بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنی وڵاتەکەی فشار لە حەماس دەکات بارمتەکان ئازاد ببن. 

هاوڵاتی  جارێکی تر هێرشکرایەسەر بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرە و چەند سەرچاوەیەک باس لەوە دەکەن کە بە درۆن هێرشەکە کراوە.  ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئەمنی و حکومەتی عێراق بڵاویکردەوە کە دوو درۆن بنکەی سەربازی عەین ئەسەدیان بە ئامانج گرتووە و بەپێی زانیارییەکان هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە.  هاوکات گروپێکی بەناوی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ئەجامدانی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرتووە. لەماوەی 13 رۆژدا زیاتر لە 20 جار هێرشکراوەتەسەر بنکەکە. لە دەستپێکی هێرشی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل، هێرشەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا زیادیکردووە و واشنتن هێزە نزیکەکانی ئێران تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی هێرشەکان، بەڵام تاران دەڵێت ئەو گروپانە بەخواستی خۆیان کار دەکەن و فەرمانیان لە حکومەتی ئێرانەوە وەرنەگرتووە. ئەمریکا هۆشداریداوە کە ئەگەر هێرشەکانی بۆ سەر بنکەکانی زیاتر بێت ئەوا وەڵامی دەبێت و لە چەند رۆژی رابردووشدا چەندین هێرشی ئاسمانی کردووەتەسەر هێزەکانی نزیک لە ئێران لە سوریا.

هاوڵاتی  بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند بە راگەیاندنی ئاگربەست رازی نابێت بەهۆی ئەوەی وەک خۆبەدەستەوەدانی ئیسرائیل وایە، دەشڵێت، بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل فشار لە حەماس دەکات بارمتەکان ئازاد ببن.  سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە نوێترین پەیامیدا بیرۆکەی ئاگربەستی رەتکردەوەو وتی، ئیسرائیل چالاکییە سەربازییەکانی راناگرێت "هەروەک چۆن ئەمریکا رازی نەبوو بە ئاگربەست دوای هێرشی تیرۆرستی 11ی سێپتەمبەر." بنیامین ناتانیاهۆ وتیشی، "داوای ئاگربەست داواکردنە بۆ خۆبەدەستەوەدانی ئیسرائیل بە حەماس، بە تیرۆریزم، بە دڕندەیی و ئەوەش روونادات." لە درێژەی وتارەکەیدا کە لە تەلئەبیب پێشکەشی کرد ناتانیاهۆ باسی لەوە کرد "ئێستا کاتی شەڕە و کاتی ئەوەیە هەمووان بڕیار بدەن سەر بە چ لایەکن." وتەکانی بنیامین ناتانیاهۆ لەکاتێکدا بوو کە سوپای ئیسرائیل توانی سەربازێکی ئیسرائیلی بەناوی ئۆری میگدیش لەدەستی حەماس رزگار بکات کە بارمتە بوو، دواتریش ناتانیاهۆ باسی لەوە کرد کە بەردەوامبوونی هێرشەکانیان سوودی هەیە بۆ رزگارکردنی بارمتەکان. 

هاوڵاتی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند بەهیچ شێوەیەك شەڕ لە غەززە راناگیردرێـت. بنیامین نەتەنیاهوو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، شەڕی غەززە لەدژی هێزە چەكدارەكان بەهیچ شێوەیەك راناگیردرێت. ئەم قسانەی ناتانیاهۆ دوای ئەوە هات حەماس گرتەیەکی ڤیدیۆیی سێ بەندکراوی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەو سێ  بارمتەیە  ڕەخنە لە حکومەتەکەی ناتانیاهۆ دەگرن بەهۆی ئەوەی شکستیان هێناوە لە پاراستنی خەڵک لە هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماسدا و ئیسرائیلیش ڤیدیۆکەی بە "پڕوپاگەندەی دەروونی" ناوبرد. لە گرتە ڤیدیۆییە 76 چرکەییەکەی حەماسدا بە ناوی"دەستگیرکراوە زایۆنییەکان پەیامێک بۆ ناتانیاهو و حکومەتەکەی دەنێرن." سێ ژن دانیشتون و داوا لە ناتانیاهۆ دەکەن کە بە ئاڵوگۆڕکردنی زیندانیانی فەڵەستینی ژێر دەستی ئیسرائیل ڕازی بێت لە بەرامبەر بەردان و ڕزگارکردنی بارمتەکان. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کە ڕووبەڕووی فشاری ناوخۆیی و دەرەکی بۆتەوە  سەبارەت بە قەیرانی بارمتەکان، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتیشی : "من باوەشتان پێ دەکەم. دڵمان لەگەڵ ئێوە و هەموو ئەو کەسانەیە کە ڕفێندران." ئاماژەی بەوەشكرد، هێزەكانی سوپای وڵاتەكەی كچە سەربازێكی ئیسرائیلیان لەدەستی هێزە چەكدارەكانی غەززە رزگاركردووە كە لە7ی ئۆكتۆبەر رفاندوویانە و ئێستا زیاتر لە 200 رفێندراوی دیكە لای حەماس هەن. ئەوەشی خستەڕوو، ئیسرائیل لە 7ی ئۆكتۆبەرەوە جەنگی راگەیاندووە و بەردەوام دەبێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتیانی سڤیلی فەلەستینی دەكات لەناوچەكانی شەڕ دووربكەونەوە. دووەم گرتە ڤیدیۆیی کە حەماس لە 7 ی مانگی 10 ەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەوە نیشان دەدات کە بارمتەکان لە غەزە قسە دەکەن لە کاتێکدا ئیسرائیل هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی بۆ سەر ئەو خاکە تەسکەی فەڵەستین زیاد دەکات. ئیسرائیل دەڵێت 239 کەس لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە دەستگیرکراون و بە بارمتە لە غەززەدا دانراون و لە هێرشەکانی حەماسدا  1400 کەس لە ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە لەهەمانکاتدا باڵی چەکداری حەماس دەڵێت "نزیکەی 50" کەسیان لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون. هاوکات  بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین زیاتر لە 8300 کەس لە غەزە بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون  کە زیاتر لە نیوەیان ژن و منداڵن.      

هاوڵاتی  شانی لوک، ئەو گەنجە ئەڵمانییەی لەسەرەتای دەستپێکی جەنگەوە لەلایەن حەماسەوە وەک بارمتە گیرا، گیانی لەدەستدا. ریکاردا لوک، دایکی شانی لوک، رایگەیاند سوپای ئیسرائیل پێی راگەیاندوون کە کچە تەمەن 22 ساڵەکەیان گیانی لەدەستداوە و بەشێک لە جەستەی دۆزراوەتەوە، دواتر پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ کراوە و دەرکەوتووە کە پاشماوەی شانی لوکە. شانی لوک لە فیستیڤاڵێکی میوزیک لە کاتی هێرشەکەی 7ی ئەم مانگەی حەماس بە بارمتە گیرا و گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوبوویەوە کە تێیدا دەردەکەویت لەژیر قاچی چەکدارێکی حەماسدایە بە بێهۆشی و بەشێکی جەستەی رووتە. دواتر بەهۆی ئەو ڤیدیۆیەوە خانەوادەکەی ناسییانەوە و داوای رزگارکردنیان کرد. پێشتر واخەمڵیندراوبوو کە شانی لوک زیندووە و لەلای حەماس بارمتەیە. لە هێرشەکەی حەماسدا زیاتر لە 200 کەس بە بارمتە گیران و تا ئێستا چوار کەسیان ئازادکراون. تا ئێستا بەهۆی جەنگەوە زیاتر لە 10 هەزار کەس کوژراون کە زیاتر لە هەشت هەزاریان لە غەززە بووە.

هاوڵاتی  رێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی رایگەیاند لە ماوەی سێ هەفتەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین منداڵانی کەرتی غەززە زیاتر کوژراون لە ژمارەی تەواوی منداڵانی کوژراو لە ساڵی 2019ەوە. بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوەکە، سێ هەزار و 324 مندال لە کەرتی غەززە و 36 منداڵی تر لە کەرتی خۆرئاوا بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون. رێکخراوەکە دەڵێت ئەم ژمارەیە زیاترە لە سەرجەم منداڵانی کوژراو لە سەرجەم شەڕ و جەنگەکانی ساڵی 2020، 2021، هەروەها 2022 لە تەواوی جیهاندا بەجۆرێک لە ساڵی 2020، دوو هەزار و 674 منداڵ، لەساڵی 2021، دوو هەزار و 515 منداڵ، هەروەها لە ساڵی 2022 دوو هەزار و 985 منداڵ کوژراون. جەیسن لی بەرێوبەری ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین بۆ رێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی لەسەر کوشتنی زۆری منداڵان لە شەڕەکەدا دەڵێت، "مردنی منداڵێک زۆرە، بەڵام ئەم هەموو مردنە سەرپێچییەکی یەکجار گەورەیە، تەنها ئاگربەست زامنی سەلامەتی منداڵان دەکات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت خەڵك پێش سیاسەت بخەن، هەر رۆژێک کە دەڕوات بە گفتوگۆ و دانوستانەوە منداڵێک زیاتر دەکوژرێت، منداڵان دەبێت هەموو کاتێک پاریزگارییان لێ بکرێت بەتایبەتی کاتێک کە هەوڵی سەلامەتییان دەدەن لە قوتابخانە و نەخۆشخانەکاندا." بەپێی ئاماری وەزارەتی تەدنروستی فەڵەستین لە سەرەتایی دەستپێکی شەڕەوە شەش هەزار منداڵ لە غەززە برینداربوون و هەزار منداڵێش بێسەروشوێنن. ژمارەی کوژراوانی غەززەش هەشت هەزار کەسی تێپەڕاندووە. لە سەرەتایی هێرشەکەی حەماسەوە لە 7ی ئەم مانگەوە، هەزار و 400 هاوڵاتی ئیسرائیلیش کوژراون.

هاوڵاتی  هێزێکی مارێنزی ئەمریکی بەرەو رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەراست بەرێدەکەون بەهۆی نیگەرانی دروستبوونی جەنگ و فراوانبووی شەڕ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەپێی راپۆرتێکی سی ئێن ئێن کە لە زاری دوو سەرچاوە وەەریگرتووە، یەکەی 26ی هێزی پیادەی مارێنزی ئەمریکی لەناوی کەشتی یو ئێس ئێس باتان هەن کە لە ئیستادا کەشتییەکە لە دەریای سووردایە. ئەو هێزە یەکێکە لە حەوت یەکەکەی هێزی مارێنزی ئەمریکا کە تەنها ژمارەی ئەو یەکەیە دوو هەزار و 400 سەربازە. لە 15ی ئەم مانگە ئەمریکا ئەو هێزەی لەگەڵ کەشتییە جەنگییەکە نارد بۆ دەریای سپی ناوەراست و لە هەفتەی رابردوو گەیشتە کەناڵی سوێز لە میسر. بەپێی راپۆرتەکەی سی ئێن ئین، ئەم جێگۆڕکێیە بۆ ئەوەیە هێزە مارێنزەکە نزیک ببێتەوە لە لوبنان و فەڵەستین. پێشتریش دوای دروستبوونی شەڕ لەنیوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ی ئەم مانگە، ئەمریکا دوو کەشتی فڕۆکە هەڵگری بەناوی یو ئێس ئێس ئایزنهاوەر و یو ئیس ئێس جێڕالد فۆرد ناردە رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست کە هەردووکیان توانای هەڵگرتنی زیاتر لە 120 فڕۆکەی جەنگییان هەیە. ئەمە لەکاتێکدایە کە واشنتن پێشتر داوای لە هاوڵاتییانی کرد سەردانی لوبنان نەکەن و ئەوانەشی لە وڵاتەکەدان بەزوویی بەجێی بهێڵن.