هاوڵاتی لە نەتەوە ئەکگرتووەکان ئەمریکا ڤیتۆی لەسەر پرۆژەیاسایەکدا بۆ راگرتنی شەڕ لە غەززە بە شێوەیەکی کاتی تا بتوانرێت هاوکاری مرۆیی بگەیەنرێت بە فەڵەستین و دەڵێت پرۆژەیاساکە جەختی لە مافی ئیسرائیل نەکردووەتەوە بۆ بەرگریکردن لە خۆی. رۆژی چوارشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوویەوە و تاووتوێی پرۆژەیاسایەکی بەرازیل کرا کە تێیدا "ئیدانەی" هێرشەکەی رۆژی ٧ی ئەم مانگەی حەماسی دەکرد بۆ سەر ئیسرائیل و داوای راگرتنی شەڕی کرد بەشێوەیەکی کاتی تا بتوانرێت هاوکاری مرۆیی بگەیەنرێت بە غەززە. لەنێو 15 ئەندامی ئەنجومەنەکە 12 ئەندام دەنگیان بە بەڵێ دا و روسیا و بەریتانیاش دەنگیان بە پرۆژەیاساکە نەدا، تەنها ئەمریکا نارازی بوو و ڤیتۆی لەسەر پرۆژەیاساکەدا. لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێنج وڵات مافی ڤیتۆیان هەیە و بەتەنها دەتوانن پرۆژەیاساکان هەڵبوەشێننەوە کە ئەوانیش روسیا، بەریتانیا، چین، ئەمریکا، هەروەها فەرەنسان. تۆماس لیندا گرینفیڵد، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوە کرد کە نوسراوی پرۆژەیاساکە ئاماژەی بە مافی ئیسرائیل نەکردووە کە بەرگری لەخۆی بکات. تا ئێستا بەهۆی شەڕ و گرژییەکانەوە 1400 ئیسرائیلی و زیاتر لە سێ هەزار فەڵەستینی کە هەزاریان منداڵن کوژراون. ئیسرائیل ئاو و کارەبا و خۆراکی بەتەواوی لە دوو ملیۆن دانیشتوانی غەززە بڕیووە و ناهێڵیت هاوکاری مرۆیی بگاتە کەرتی غەززە، ئەمە جگە لە بۆردومانە بەردەوامەکانی بۆ سەر شارەکە.
هاوڵاتی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی تەنها تەماشەکەری جەنگ نابێت و هاوشانی ئیسرائیل دەبێت، دەشڵێت، هێرشەکەی سەر ئیسرائیل "وەک 15 یازدەی سێپتەمبەرە" بۆ وڵاتەکە. لە وتارێکدا سەرۆکی ئەمریکا لەسەر جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل قسەی کرد و رایگەیاند، "ئیسرائیل ئێوە بەتەنها نین، ئێمە هاوشانتان دەبین لەم رۆژە تاریکانەدا، ئێمە تەنها تەماشاکەر نابین و هاوشانی ئیسرائیل دەبین ئەمڕۆ و سبەی و بۆ هەمیشە." لەدوای هێرشەکەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل لە 7ی ئەم مانگە، واشنتن بەتەواوی پشتگیری خۆی بۆ تەلئەبیب دەربڕیووە و تا ئێستاش وەک پیشاندانی هاوکاری دوو کەشتی فڕۆکە هەڵگری جەنگی ناردووە بۆ رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست کە هەڵگری زیاتر لە 120 فڕۆکەی جەنگین. لەماوەی جەنگی 12 رۆژەی نێوان حەماس و ئیسرائیل تا ئیستا سێ هەزار و 300 فەڵەستینی و 1300 ئیسرائیلی کوژراون. تەنها لە هێرشێکدا بۆ سەر نەخۆشخانەیەکی غەززە کە دوێنێ سێشەممە ئەنجامدرا 500 هاوڵاتی فەڵەستینی گیانیان لەدەستدا. فەڵەستین و حەماس، ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن بە هێرشەکە و ئیسرائیلیش دەڵێت، ئەوان هێرشەکەیان نەکردووە. لەسەر ئەو هێرشە بایدن دەڵێت، بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە هێرشەکە لەلایەن گروپێکی "تیرۆرستییە"وە ئەنجامدراوە و ئیسرائیل هێرشەکەی نەکردووە. لەسەر ئۆپەراسیۆنەکەی حەماس لە 7ی ئەم مانگە، سەرۆکی ئەمریکا وتی، ئەو هێرشەی سەر ئیسرائیل وەک هێرشەکەی 11ی سێپتەمبەر وەسفکراوە بەڵام بۆ دەوڵەتێکی گەورەی وەک ئیسرائیل وەک 15 یازدەی سێپتەمبەرە و خەڵکی ئیسرائیلی تووشی "شۆک و ئازار و تووڕەیی کردووە، ئێمەش وەک ئەمریکی لەوە تیدەگەین."
هاوڵاتی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە هێرشەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر نەخۆشخانەیەکی غەززە رایگەیاند وادەردەکەوێت کە هێرشەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە نەکراوە و لەلایەن لایەنی ترەوە کراوە. شەوی رابردوو هێرشێکی گەورە کرایەسەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە غەززە کە تێیدا 500 هاوڵاتی مەدەنی کوژران و سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە کە ئەوان هێرشەکەیان ئەنجام نەداوە، بەڵام حەماس و بەرپرسانی فەڵەستین دەڵین ئیسرائیل هێرشەکەی ئەنجامداوە، دواتریش نوێنەری فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەڵگەیان لایە کە هێرشەکە ئیسرائیل ئەنجامیداوە. لەکاتی کۆبونەوەی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهپۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، جۆ بایدن رایگەیاند، "زۆر غەمبار و تووڕەم سەبارەت بە رووداوەکە، بە پشت بەستن بەوەی کە بینیومە وا دەردەکەوێت [هێرشەکە] لەلایەن تیمی ترەوە ئەنجامدرابێت نەک ئێوە، بەڵام خەلکی زۆر هەیە کە هێشتا دڵنیا نین، بۆیە دەبێت بەسەر چەندین شتدا زاڵ ببین." هاوکات، بنیامین ناتانیاهۆ سوپاسی سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ پشتگیریکردنی تەواوی واشنتن لە ئیسرائیل و رایگەیاند، پێویستە حەماس لەناوببرێت وەک داعش و نازییەکان.
هاوڵاتی هاوڵاتی باڵیۆزی فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕیاز منصور ئیدانەی ئیسرائیلی کرد بۆ ئەنجامدانی هێرشە کوشندەکەی نەخۆشخانەی العەرەبی لە غەززە و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهوی بە " درۆزن " ناوبرد بەوەی کە جیهادی ئیسلامی تۆمەتبار دەکات لە کاتێکدا خۆیان هێرشەکەیان ئەنجام داوە. نوێنەری فەڵەستین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوسێک لە بارەی ئەنجامدانی هێرشەکە لە لایەن گروپێکی جیهادی ئیسلامییەوە ڕایگەیاند هێزەکانی ئیسرائیل لەپشت هێرشەکەوە بوون بەڵگەیان هەیە کە پۆستێکی سڕاوەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسە ( تویتەر) کە لە لایەن وتەبێژی ناتانیاهۆوە بڵاوکراوەتەوەو دواتر سڕاوەتەوە . ئەو باڵیۆزە دەڵێت، لە پۆستە سڕاوەکەی وتەبێژی سەرۆکی ئیسرائیل ناتانیاهۆدا هاتووە کە ئەوان ئەنجامدەری هێرشە موشەکییەکەن بەهۆی ئەوەی بڕوایان وابووە کە بنکەیەکی گروپی حەماس لە نزیک نەخۆشخانەکە بووە. ڕیاز منصور ناتانیاهۆی بە درۆزن ناوبرد و ڕایگەیاند کۆپییەکیان لە تویتەکە وەک بڵگە لەبەردەستدایە . لەدرێژەی قسەکانیشیدا دەڵێت وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا هەفتەی پێشوو ڕایگەیاند، " نەخۆشخانەکان چۆڵبکەن چوونکە نەخۆشخانەکان ئامانجن". وتیشی ، هەفتەی ڕابردووش نەخۆشخانەیەکیان کردۆتە ئامانج. هاوکات لە وەڵامی ئەمانەدا وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە تەلئەڤیڤ وتی، ئەو گوتانەی ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی نەخۆشخانەی ئەهلی عەرەبی لە کەرتی غەززە کردووە، "هەڵە و بێ بنەمان." دانیاڵ هەگاری وتیشی، لە رۆژی 7ی ئۆکتۆبەرەوە کە حەماس هێرشەکەی کردە سەر ئیسرائیل، نزیکەی 450 مووشەکی گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین نەگەیشتوونەتە ئەو ئامانجەی کە بۆیان تەقێندراون، ئەوەی رۆژی سێشەممە 17-10-2023یش لە کەرتی غەززە روویدا یەکێک لەو نموونانە بووە. وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەوبارەوە گوتی، ئەو مووشەکەی بووە هۆی گیانلەدەستدانی ئەو هەموو خەڵکە لەپشت نەخۆشخانەکەوە تەقێندرابوو و ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای ئیسرائیل ئاگاداری ئەو پەیوەندییانەیە کە گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین لەنێوان خۆیاندا هەیانبووە و باسیان لە شکستهێنانی تەقاندنی مووشەکەکەیان کردووە.
هاوڵاتی بهرپرسانی ئهمەریكا به رۆیتهرزیان راگهیاندووه، بهرهبهیانی ئهمڕۆ چوارشهممه هێرشێكیان تێكشكاندووه كه ویستوویانه هێزهكانیان له عێراق بكهنه ئامانج و هێرشهكه لهرێگهی دوو درۆنهوه بووه و پێش ئهوهی ئامانجهكهیان بپێكن لهلایهن هێزهكانیانهوه خراونهته خوارهوه. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی ئەمەریکییەوە ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لە ڕێگەی دوو درۆنەوە هێرشکراوەتە سەر بنکەی ئاسمانی ئەلئەسەدی عێراق کە هێزەکانی ئەمەریکای تێدایە و دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق. ڕۆیتەرز دەڵێت، ئەو بەرپرسانە کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت ڕەتیان کردەوە بڵێن گومانیان لە کێ هەیە هێرشەکەی ئەنجام دابێت، ئەمەش لە کاتێکدا دێت کە واشنتن لە ئاستی هۆشیاریدایە سەبارەت بە چالاکییەکانی گروپەکانی سەر بە ئێران لە کاتێکدا گرژییەکان لە ناوچەکەدا زیادیان کردووە سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل و حەماس. هاوکات له سهرهتای دهستپێكردنی شهڕی نێوان حهماس و ئیسرائیل، گرووپە چهكدارهكانی عێراق ههڕهشهی به ئامانجگرتنی بنكه سهربازییهكانی ئهمەریكایان دهكرد له ئهگهری دهستێوهردانی راستهوخۆی له شهڕی ئیسرائیلدا. ئەم هێرشە درۆنییە بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لەدوای ئەوە دێت، کە شەوی رابردوو لە هێرشێکی مووشەکیدا نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە غەززە بۆردومانکرا کە بووەهۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 500 کەس.
هاوڵاتی سەرۆکی میسر بانگهێشتی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەیی دهكات بۆ كۆبونهوهیهكی بهپهله له رۆژی شەممەی داهاتو لە قاهیرە و بۆ گفتوگۆكردن لهبارهی دۆخی فەڵەستین. نوسینگهی سهرۆك وهزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، سهرۆك وهزیران بانگهێشتنامەیەکی لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسرەوە پێگەیشتوە بۆ بەشداریکردن لە "لوتکەی بەپەلە" کە ڕۆژی شەممە لە قاهیرە بەڕێوەدەچێت. هەروەها نوسینگهی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسریش باسی لهوهكردوه، "ئەم لوتکەیە دەرفەتێکی گرنگە بۆ سەرکردەکانی جیهان بۆ کۆبونەوە و بەرزکردنەوەی گفتوگۆ و هاوکاری، بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا، وەڵامی سەرکردەکان بۆ بانگەوازەکەی سیسی رەنگدانەوەی متمانەیەکی زۆرە بە سەرکردایەتییەکەی و رۆڵی دیار و بەرچاوی میسر لە پێشخستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی". بەگوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ بانگێشتنامەی کۆبوونەوەکە بە هەریەک لە تەمیم بن حەمەد ئالسانی، ئەمیری قەتەر و ڤلادمیر پوتین سەرۆکی ڕوسیا گەیشتووە ، هاوکات بهگوێری ماڵپهڕی روسیا تودهی کۆبونەوەکە لە قاهیرە بەڕێوەدەچێت لە (21ی 10ی 2023)دا بۆ تاوتوێکردنی پرسی فەڵەستینە. ئهوهشخراوهتهڕو، لهو كۆبونهوهیهدا سەرکردەکانی وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بهشداردهبن، کە تیایدا بابەتگەلێکی گرنگ کە جێگەی نیگەرانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، لە هەمویان گرنگتر پرسی فەڵەستین تاوتوێ دەکرێن.
هاوڵاتی چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا ئیسرائیل نەخۆشخانەی مهعمهدانی لە ناوەندی غەززە بۆردوومانکرد و ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی کە نەخۆشخانەکان وەک پەناگەیەک بەکاردەهێنن بۆ دورکەوتنەوە لە هێرش و بۆردوومانە بەردەوامەکان بوونە قوربانی. وهزارهتی تهندروستی فهڵهستین رایدهگهیهنێت، زیاتر له 500 كهس له نهخۆشخانهكه گیانیان لهدهستداوه و سهدانی دیكهش بریندار بوونه و ههندێكی دیكهشیان تا ئێستا لهژێر داروپهردوودان و رزگار نهكراون . ئەم هێرشە بووە هۆی کاردانەوەی وڵآتە عەرەبییەکان بە تایبەتی و جیهانیش هاوکات کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئیدانەی هێرشەکە دەکەن. كاردانەوەكان: رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا: پێویستە ئەم كارە دڕندانە بێ پێشینەیە لە غەززە رابگیردرێت. وەزارەتی دەرەوەی قەتەر: پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی تاوانەكانی ئیسرائیل بەرامبەر سڤیلەكان هەڵبگرێت. وهزارهتی دهرهوهی ئوردن : ئهوهی له غهززه روو دهدات بهتایبهت بهرامبهر به هاووڵاتییان، تاوانی مرۆڤایهتی و كۆمهڵكوژییه و ئیسرائیل لێی بهرپرسیاره. ههروهها به پێویستی زانیوه پهله بكرێت له راگرتنی هێرشهكانی ئیسرائیل بۆ سهر هاووڵاتییانی مهدهنی. هاوكات داوای كردووه پهله بكرێت له گهیاندنی پێداویستییه مرۆیی و تهندروستییهكان بۆ كهرتی غهززه. سەرۆك وەزیرانی فەلەستین: هێرشی سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی تاوانێكی مەترسیدارە. سەرۆك وەزیرانی كەنەدا: هێرشكردنەسەر هەر نەخۆشخانەیەك كارێكی قەدەغەكراوە. وهزارهتی دهرهوهی میسر هێرشهكه به تۆڵهسندنهوه له هاووڵاتییانی مهدهنی ناودهبات و به پێویستی دهزانێت كۆمهڵگهی نێودهوڵهتی ههنگاوی جددی بنێت بۆ راگرتنی یاساشكێنییهكانی ئیسرائیل دژ به هاووڵاتییانی فهڵهستینی. تەندروستی جیهانی: سەركۆنەی هێرشی سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی دەكەین رۆیتەرز: مەحمود عەباس سەرۆكی فەلەستین ئوردنی بەجێهێشت و گەڕایەوە رامەڵا كە بڕیاربوو لەكۆبوونەوەی چوارقۆڵی لەگەڵ جۆبایدن سەرۆكی ئەمریكا بەشداریبكات. وهزارهتی دهرهوهی ئێران له راگهیاندراوێكدا داوا له نهتهوه یهكگرتووهكان و ئهنجوومهنی ئاسایشی نێودهوڵهتی دهكات بهرپرسیارهتی خۆیان جێبهجێ بكهن و لێكۆڵینهوه لهو تاوانه مرۆییه بكهن و بهرپرسانی دادگایی بكهن. ناسر كهنعانی، گوتهبێژی وهزارهتی دهرهوهی ئێران دهڵێت، ئهوهی روویداوه تاوانه و كارێكی دڕندانهیه و بهڵگهیه لهسهر ئهوهی ئیسرائیل بههیچ شێوهیهك له كاتی جهنگدا پابهندی بنهما نێودهوڵهتییهكان نابێت. كۆمكاری وڵاتانی عهرهبی له راگهیهندراوێكدا سهركۆنهی هێرشهكه دهكات و داوا له وڵاتانی رۆژئاوا دهكات دهستبهجێ رێگه لهو كارهساتانه بگرن. یهكێتی ئهوروپا له بهیانێكدا دهڵێت، هێرشكردنه سهر ژێرخانه مهدهنییهكانی غهززه، بابهتێكه له دهرهوهی یاسای نێودهوڵهتی مامهڵهی لهگهڵدا دهكرێت.
هاوڵاتی تەندروستیی کەرتی غەززە دەڵێت، لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەیەک 200 کەس تاوەکو 300 کەس گیانیان لەدەستداوە. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، بەدواداچوون بۆ ئەو هەواڵە دەکات. وتەبێژی تەندروستی غەززە لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە ئیسرائیل نەخۆشخانەی العەرەبی لە کەرتی غەززە بۆردوومانکردووە و بەهۆیەوە 200 کەس بۆ 300 کەس کوژران و لانیکەم 500 کەسی دیکەش بریندار بوون. و سەدان کەسیش لەژێر داروپەردووی نەخۆشخانەکەدا ماونەتەوە. تەندروستی غەززە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کەسانەی کوژراون، ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتبوو و بۆ ئەوەی ژیانیان پارێزراو بێت، چووبوونە حەوشەی نەخۆشخانەکە و لەوێ دەمانەوە. وەک تەندروستی غەززە بڵاویکردوەتەوە، سەتان کەسی دیکەش تاوەکو ئێستا لەژێر داروپەردووی نەخۆشخانە بۆردوومانکراوەکەدان. بەهۆی ئەم كارەساتەوە دەسەڵاتدارانی فەلەستین سێ رۆژ ماتەمینی گشتییان راگەیاند. هاوکات ئاژانسی ئەسۆشەیتێدپرێس باس لەوە ئەکات، ئەگەر ئەم هەواڵە پشتڕاست بکرێتەوە، ئەمە قورسترین هێرشی ئیسرائیل بووە لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە کە زۆرترین کەس تێیدا کوژراون. بەرپرسانی ئیسرائیل باس لەوە ئەکەن خەریکی تاوتوێکردنی ئەو راپۆرتانەن. دانیەل هەگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەمبارەوە وتوویەتی :" هێشتا هیچ وردەکارییەکمان لەسەر ژمارەی قوربانییەکانی ئەو نەخۆشخانە نەگەیشتۆتە دەست. ئێمە خەریکی تاوتوێکردنی زانیارییەکانین. هەر زانیارییەکی وردمان پێ بگات رایدەگەیەنین. نازانین ئەمە بە هۆی هێرشی ئیسرائیلەوە بووە یان نا". لە ١١ رۆژی رابردوودا و دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، نەخۆشخانەکان بوون بە پەناگەی دانیشتوانی غەزە. سوپای ئیسرائیل پێشتر بە خەڵکی دانیشتووی کەرتی غەزەی راگەیاندبوو کە باکووری کەرتی غەزە جێ بهێڵن و بەرەو باشوور بڕۆن بۆ ئەوەی لە هێرشەکان پارێزراو بن. حەماس داوا لە خەڵک دەکات لە ناو غەزەدا بمێننەوەو بەریان پێ ئەگرێت کەرتی غەزە جێ بهێڵن و خەڵک وەک قەڵغانی ئینسانی بەکار ئەهێنێت.
هاوڵاتی ژمارەی كوژراوانی ئیسرائیل و فەڵەستین لە بەرزبونەوەدایە و بەپێی ئامارێكی رێكخراوی یونسیفیش، زیاتر لە 700 منداڵ لە كەرتی غەززە بەهۆی بۆردومانەكانی ئیسرائیلەوە گیانیان لە دەستداوە. رێکخراوی یونسیف لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، رەوشی مرۆی کەرتی غەززە زۆر خراپەو بەرەو خراپتریش دەروات بە تایبەتیش بۆ منداڵان، تا ئێستا زیاتر لە ٧٠٠ منداڵ بەھۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە گیانیانلە دەستداوە دوو ھەزار ٥٠٠ تریش برینداربوون. ئەو ڕێکخراوە داواشدەکات بە زووترین کات رێرەوی مرۆیی لەدەروازەی رەفەح بکرێتەوە ئەوەی بتوانن بە زووترین کات یارمەتی ئەو منداڵانە بدەن کە لەو شارە گیریایانخواردووە. لە 7ى تشرینى یەکەم بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند و هێرشیکردە ناوچەکانى پشتێنەى غەززە کە لەژێر دەسەڵاتى ئیسرائیلدایە، لە ساتی دەستپێکردنی هێرشەکەی حەماسەوە تا ئێستە شەڕو پێکدادان بەردەوامەو تا دێت ژمارەی قوربانیانی هەردوو لا بەرزدەبنەوە . وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین بڵاویكردەوە، بەهۆی بۆردومانەكانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر كەرتی غەززە و كەناری رۆژئاوا، دوو هەزار و 873 كەس كوژراون و زۆرینەیان ژن و منداڵن، هەروەها نزیكەی 12 هەزار كەسی دیكەش برینداربوون. هاوکات بەپێی راگەیەندراوێكی سوپای ئیسرائیل، بەهۆی هێرشەكانی بزووتنەوەی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل تائێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی كوژراون و 258 یان سەربازن و چوار هەزار و 229 كەسی دیكەش بریندارن و هەروەها، 250 كەسیش بەدیلگیراون.
هاوڵاتی راوێژکاری ئەڵمانیا هۆشداری دەدات بە ئێران و حیزبوڵای ئێران کە خۆیان لە جەنگی ئیسرائیل-حەماس بەدووربگرن و دەشلیت، پێویستە ئەم جەنگە پەل نەهاوێت بۆ ناوچەکانی دیکە. ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی تشرینی یەکەمی 2023، ئۆلاف شۆلتز، راوێژکاری ئەڵمانیا، لەمیانی گەشتەکەیدا بۆ ئیسرائیل، سەردانی ئوردنی کرد و لەگەڵ شا عەبدوڵڵا، شای ئوردن کۆبوەوە. ئۆلاف شۆڵتز، لە دیدارەکەیەکدا لەگەڵ شای ئوردن، باسی لەوە کرد پێویستە بەر لەوە بگیردرێت ئەم جەنگە پەل بهاوێت و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە. راوێژکاری ئەڵمانیا ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی ئاگادار کردەوە کە خۆیان لەم جەنگە بەدوور بگرن و خۆیان تێکەڵ بەم جەنگە نەکەن. وتەکانی ئۆلاف شۆڵتز لەکاتێکدایە کە لە نسوری لوبنانەوە شەڕ و پێکدادان لەنیوان حیزبوڵای لوبنان و ئیسرائیل بوونی هەیە و حیزبوڵا بە مووشەک هێرش دەکاتە سەر سنورەکانی ئیسرائیل و سوپای ئیسرائیل بە هێرشی موشەکی و هێرشی ئاسمانی وەڵام دەداتەوە. چاودێرانی سەربازی و سیاسی پێیانوایە کە ئەگەر جەنگەکە بەردەوام بێت ئەگەری کردنەوەی چەند بەرەیەکی تری جەنگ هەیە لەوانە لە لوبنان و سوریاوە.
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دەدات کە رێگە نادرێت ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر غەززە بەبێ ئەوەی بێ زیان دەرچێت و دەڵێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بزوتنەوەی حەماس کردەی "پێشگرتن" ئەنجام دەدات. حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بە کەناڵی فەرمی ئێرانی راگەیاند، "سەرکردەکانی بەرەی بەرەنگاری رێگە نادەن بە رژێمی زایۆنی هیچ کردەوەیەک لە غەززە ئەنجام بدات... هەموو بژاردەیەک کراوەیە و نابێت چاوپۆشی لە تاوانەکانی جەنگ بکەین بۆ سەر خەڵکی غەززە." وەزیری دەرەوەی ئێران باس لەوەش دەکات، "بەرەی بەرەنگاری لەتوانایدایە جەنگێکی درێژخایەن دژی دوژمن بەرپا بکات.... لە چەند کاتژمێری داهاتوودا چاوەڕێی ئەوە دەکەین بەرەی بەرەنگاری کردەی پێشگرتن" لە هێرشی چاوەڕوانکراوی ئیسرائیل بکات. وتەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران لەکاتێکدایە کە سوپای ئیسرائیل لەسەر سنور خۆی کۆدەکاتەوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی بۆ سەر غەززە. ئێران چەندین ساڵە پشتگیری حەماس دەکات و ئەوەی ئاشکرا کردووە کە پاڵپشتی دارایی بزوتنەوەکە دەکات، بەڵام بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن هێرشەکەی ئەمجارە ئەوان لێی ئاگادار نین و سەرکردەکانی بزوتنەوەکە بڕیاری خۆیان لەسەر داوە.
هاوڵاتی هێزە چەكدارەكانی غەزە داوای ئازادكردنی 6000 زیندانی فەلەستینی دەكەن لەبەرامبەر ئازادكردنی گیراوەكان. ئاژانسی هەواڵی سکای نیوز لە زاری خالید مەشعەل سەرۆكی حەماسەوە بڵاویکردۆتەوە "ئامادەن گیراوەكان ئازاد بكەن لەبەرامبەر ئازادكردنی هەموو گیراوە فەلەستینییەكان كە ژمارەیان 6000 كەسە". وتەبێژی باڵی سەربازی حەماسیش دەڵێت " تا ئێستا 22 لە گیراوەكان بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە كوژراون و ئامادەیی نیشاندا گەر دۆخی بەرەكانی شەڕ و بۆردومان رێگە بدات ئامادەن بیانییە دەستگیراوەكانی خۆیان ئازاد بكەن". ئاماژەی بەوەشكرد "تا ئێستا ژمارەی دەستگیراوەكانی لای فەلەستینییەكان دیار نییە چەند كەسن، بەڵام دەگوترێت لەناویاندا ئەمریكی و فەڕەنسی و خەڵكی چەند وڵاتێكی تری تێدایە". هاوکات خالید مەشعەل سەرۆكی حەماسیش دەڵێت بارمتەکان ئەفسەری باڵای بەشی غەزەی هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل لەخۆدەگرن کە بەرپرسن لە گەڕان لە دەوروبەری کەرتی غەزە . سەبارەت بە ژمارەی دیلەکانی ژێر دەستی حەماس بەرپرسێکی دیکەی حەماس بە سکای نیوزی ڕاگەیاندوە کە "نازانێت" چەند بارمتە هێشتا زیندوون و ژمارەیان بە تەواوی چەندە. لەم پەیوەندەدا سوپای ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند 199 کەس بە دیل گیراون و لە ناوچە گەمارۆدراوەکاندا هێڵراونەتەوە، ئەمەش ژمارەیەکی زیاترە لەوەی پێشتر خەمڵێنرابوو.
هاوڵاتی ئاگربەستێکی سێ قۆڵی بۆ ماوەیەکی کاتی لە باشوری غەززە راگەیاندرا لەنێوان میسر و ئەمریکا و ئیسرائیل تا فەڵەستینییەکان بتوانن بە ئاسانی تێپەڕن. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە ئاگربەستەکە لەکاتژمێر 9ی بەرەبەیانەوە بەکاتی کوردستان دەستی پێکردووە و تا کاتژمێر دووی دوانیوەڕۆ بەردەوام دەبێت و سنوری رەفحیش لە نێوان غەززە و میسر دەکرێتەوە کە دەکەوێتە باشوری شارەکە. بەڵام بزوتنەوەی حەماس بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە هیچ زانیارییەکیان لەوبارەیەوە نییە کە ئاگربەستێکی مرۆیی ئەنجام درابێت و هیچ زانیارییەکیشیان نییە پشتڕاستی بکاتەوە کە میسر بەنیازی ئەوە بێت سنوری رەفح بکاتەوە. بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان لەماوەی تەنها هەفتەیەکی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل یەک ملیۆن کەس لە غەززە ئاوارە بوون کە جێی دانیشتوانی دوو ملیۆن و 200 هەزار کەسە.
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری بە ئیسرائیل دەدات کە ئەگەر بچنە نێو غەززەوە، ئەوا حەماس ئیسرائیل دەکاتە "گۆڕستان"، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلش دەڵێت، "حەماس ریشەکێش دەکەین." سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ چوونە نێو غەززە ئامادە دەکات و چەندین چەکی نزیک کردووەتەوە لە سنور تا بتوانیت ئۆپەراسیۆنێکی گەورە ئەنجام بدات. بۆ یەکەمجار کابینەی نوێی حکومەتی ئیسرائیل کە بە کابینەی جەنگ ناسراوە و دوای هیرشەکەی حەماس پێکهێرا، کۆبووەوە و لە کۆبونەوەکەدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هەموو گەلی ئیسرائیل لەگەڵیانە و بەرەو "ریشەکێشکردنی حەماس" دەڕۆن. هاوکات ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند کە ئەگەر سوپای ئیسرائیل بچێتە نیو غەززەوە ئەوا، "سەرکردەکانی بەرگری ئیسرائیل دەکەنەوە گۆڕستان بۆ سەربازانی داگیرکەر." وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی کە ئەگەر "جەنگ فراوان ببێت، ئەمریکاش زیانی گەورە دەکات." رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە زاری سێ بەرپرسی باڵای ئیسرائیلەوە رایگەیاندووە کە ئامانجی ئیسرائیل لەو ئۆپەراسیۆنەدا لەناوبردن و ریشەکێشکردنی سەرکردە باڵاکانی حەماس و نەهێشتنی گروپەکەیە لە غەززە. تا ئێستا بەهۆی شەڕی هەردوولاوە 1300 ئیسرائیل و دوو هەزار و 329 فەڵەستینی کوژراون کە ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە بەردەوامە. ئێران پشتگیری لە بزوتنەوەی حەماس دەکات و گومان هەیە کە لە هێرشەکەدا پشتگیری کردبێت، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن هێشتا هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر تێوەگلانی تاران نەدۆزیووەتەوە.
هاوڵاتی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند فەرماندەیەکی بالای بزوتنەوەی حەماسیان کوشتووە کە بەرپرس بووە لە هێرشی ناوچەی کبوتز. سوپای ئیسرائیل لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند لە هێرشێکی ئاسمانیدا دوای کۆکردنەوەی زانیاری لەلایەن دەزگای هەواڵگری مۆساد و دەزگای هەواڵگری سوپاوە، بیلال ئەلقیدرەیان کوشتووە کە فەرماندەی یەکەی نوخبە بووە لە کەتیبەی خان یونس. سوپای وڵاتەکە باس لەوەش دەکات، بیلال ئەلقیدرە "بەرپرس بووە لە هێرشی سەر کۆمەڵگەی جێنشینی کبوتز و نیر ئۆز" لە باشوری ئیسرائیل لە هەفتەی رابردوودا کاتێک چەکدارانی حەماس دزەیان کردە نێو ئیسرائیلەوە. بەپێی وتەی سوپای ئیسرائیل تەنها لە شەوی رابردوودا 100 پێگەیان بە ئامانج گرتووە کە ناوەند، ناوچەی سەربازی، هەڵدەری موشەک، پێگەی موشەک و بنکەی حەماس بوون. پێشتریش سوپای ئیسرائیل کوشتنی دوو فەرماندەی حەماسی راگەیاند کە بەرپرس بوون لە ئەنجامدانی هێرشەکەی هەفتەی رابردوو بۆ سەر ئیسرائیل کە ئەوانیش میراد ئەبو میراد، بەرپرسی سیستەمی ئاسمانی حەماس و عەلی قادی، فەرماندەی هێزێکی کۆماندۆی حەماس بوون. تا ئێستا بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی ئیسرائیل و حەماس، 1300 ئیسرائلی و دوو هەزار و 329 فەڵەستینی کوژراون.