هاوڵاتی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەی روداوەکەی حەمدانییەی راگەیاند و دەڵێت، هۆکاری سەرەکی روداوەکە یارییە ئاگرینەکان بووە، و سەرجەم کارمەندانی و خاوەنی هۆڵەکەش دەستگیرکراون. شەوی رابردوو روداویکی گەورەی ئاگرکەوتنەوە لە قەزای حەمدانییەی سەر بە پارێگای نەینەوا لە هۆڵیکی بووک گواستنەوە رویداو و تێیدا زیاتر لە 100 گیانیان لەدەستدا و 200 کەسیش برینداربوون. سەبارەت بە روداوەکە ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاند، "خاوەنی هۆڵەكەو سەرجەم ئەو كرێكارانەی كاری رێكخستنی هۆڵەكەیان كردووە ئەمڕۆ دەستگیركراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كراوە." لە راگەیاندراوی ئەنجومەنی بالای دادوەری هاتووە کە هۆکاری سەرەکی ئاگرەکە یارییە ئاگرینەکان بووە کە لە هۆڵەکەدا بەکارهاتووە و دواتر بەهۆی سەقفەکەوە ئاگرەکە تەشەنەی کردووە چونکە سەقفی هۆڵەکە پلاستیك بووەو ئەو قوماشانەشی پێیوە بووە بووەتە هۆی تەشەنەکردنی ئاگرەکە. لەبارەی زۆری قوربانییەکانیشەوە لە راگەیاندراوەکە باس لەوە کراوە کە "دەرگای سەرەكی گیراوەو فشارێكی زۆری لەسەر بووە هاوکات دەرگای فریاگوزاریش لە هۆڵەكەدا بچووك بووەو شوێنەكەشی لابەلا بووە و لە سوچێکدا بووە."
هاوڵاتی بە هۆی بەکلارهێنانی ئاری ئاگرین لە هۆڵێکی ئاهەنگدا لە قەزای حەمدانییەی سەر بە پارێزگای نەینەوا ئاگر کەوتەوە و بەهۆیەوە نزیکەی 300 کەس بونە قوربانی و پێشبینی زیادبونی ژمارەی قوربانییەکانیش دەکرێت. لە یەکێک لە هۆڵەکانی قەزای حەمدانیەی سنوری پارێزگای نەینەوا، بەهۆی یاری ئاگرینەوە، ئاگر کەوتەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر قوربانی گیانی لێکەوتەوە. بە گوێرەی سەرچاوە هەرێمیەکان ڕوداوەکە شەوی ڕابردو لە کاتژمێر 10و نیوی شەو ڕویداوە و لە کاتژمێر 12ی شەودا تەندروستی حەمدانییە داوای بەهانەوەچونی کردوە. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی تەندروستی عیراقی ئاشکرای کردوە تا ئێستا 115 كهس گیانیان لهدهستداوه و زیاتر له 200 كهسی دیكهش برینداربون. زۆربەی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەکانی هەولێر و نەینەوا گواستراونەتەوە و ژمارەیەکی کەم لە بریندارەکان لە نەخۆشخانەکانی حەمدانیە ماونەتەوە، لە کاتی گواستنەوەی بریندارانیشدا ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتن توشی ڕوداوی هاتوچۆ بوە و بەهۆیەوە تیمە تەندروستییەکە بریندار بون. هەر شەوی ڕابردو درەنگ پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند کە تیمە تەندروستتیەکانیان ئامادەن بۆ پێشوازی و هاوکاری بریندارانی ڕوداوەکە، دوای ئەوەش نزیکەی 20 بریندار بۆ شاری هەولێر گواسترانەوە. هۆڵی ئاهەنگەکە بەتەواوی وێرانبووە، بەشێک لە ئامادەبووانی هۆڵەکە چارەنووسیان نادیارە. زۆربەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەهۆی سووتان و یان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکە و کەوتنە ژێردارپەردوی هۆڵە روخاوەکە و پاڵەپەستوە بوە. ههر دوای روداوهكه، محهمهد شیاع سودانی سهرۆك وهزیرانی عێراق پهیوهندییهكی تهلهفۆنی لهگهڵ پارێزگاری نهینهوا ئهنجامدا، بهمهبهستی بهدواداچون بۆ هۆكاری كهوتنهوهی ئاگرهكه له هۆڵی ئاههنگهكهدا. سهرۆك وهزیرانی عێراق، ههریهك له وهزیرانی ناوخۆ و تهندروستی ئاڕاستهكرد، ههمو ههوڵهكانیان بهپهله چڕبكهنهوه بۆ دابینكردنی یارمهتی بهو كهسانهی كه بههۆی روداوهكهوه زیانیان بهركهوتوه.
هاوڵاتی ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی دووشەممە ٢٥ی ئەیلوول بە بەشی فارسی دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، داواکاری وەزیری دەرەوەی ئیرانیان بۆ سەردانکردنی واشنتۆن، پایتەختی ولایەتە یەکگرتووەکان رەت کردۆتەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەو بارەیەوە دەڵێت " بەلەبەرچاوگرتنی دەستبەسەرکردنی بەردەوامی هاوڵاتیانی ئەمریکی لە لایەن ئێرانەوەو پشتیوانی کۆماری ئیسلامی لە کاری تیرۆرستی، ئەمریکا بە پێویستی نەزانی مۆڵەت بە وەزیری دەرەوەی ئیران، ئەمیر عەبدوڵاهیان بدات سەردانی واشنتۆن بکات". حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان ، یەکێک بوو لە ئەندامانی وەفدی ئێران بۆ کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک، داوایکردبوو کە سەردانی واشنگتۆن بکات بەڵام لە لایەن بەرپرسانی ئەمریکاوە رەت کرایەوە.
هاوڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژێك پشووی لە هەفتەی داهاتودا لە سەرجەم دامودەزگاکان ڕاگەیاند. به گوێرهی راگهیهندراوی سكرتارییهتی گشتی ئهنجوومهنی وهزیرانی عێراق، محهممهد شیاع سوودانی سهرۆكوهزیرانی عێراق فهرمانیكردووه رۆژی سێشهممهی داهاتوو 3 – 10 – 2023 بكرێته پشووی فهرمی پشووەکە بەبۆنەی ڕۆژی نیشتیمانی کۆماری عێراقەوەیە و دامو دەزگا خزمەتگوزارییەکان ناگرێتەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ساڵی 2008 ڕۆژی 3ی تشرینی یەکەم وەکو ڕۆژی نیشتیمانی عێراق دیاریکرا و هاوکاتە لەگەڵ سەربەخۆیی عێراق لە ئیپمڕاتۆریەتی بەریتانیا لە 3ی تشرینی یەکەمی 1932دا.
هاوڵاتی لەگەڵ نزیکبوونەوە لە یەکەم ساڵیادی " هەینی خوێناوی" لە زاهیدان، سەرچاوەکان باس لەوە ئەکەن، ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکان، شارەکەیان گەمارۆ داوە. ماڵپەڕی " حال وەش" کە هەواڵەکانی تایبەت بە زاهیدان بڵاو ئەکاتەوە، کۆمەڵێک وێنە و ڤیدیۆی بڵاوکردۆتەوە کە بە شۆفڵ خەنەک لێ دەدرێت لە دەورووبەری شاردا و سەنگەر دروست کراوە. بە پێی راپۆرتی ئەم سەرچاوە بەلووچە، لەگەڵ نزیکبوونەوە لە " هەینی خوێناوی" ناوەندە ئەمنییەکان خاڵی پشکنینیان لە هەموو شوێنێک داناوەو لێپرسینەوە لە خەڵک ئەکەن وکێشەیان بۆ هاتووچۆی خەڵک دروستکردووە. بە پیی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە :" شار بە تەواوەتی گەمارۆ دراوەو سەنگەر لێدراوە، رێگاکانی هاتووچۆ داخراون. " رۆژی ٢٥ی ئەیلوول، عەبدولغەفار نەقشبەندی یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی بەلووچ و پێشنوێژی پێشتری شاری راسک، ڤیدیۆیەکی بڵاو کردەوەو لەو ڤیدیۆیەدا خەڵک هان دەدات بەوەی لەم رۆژەدا دژ بە کۆماری ئیسلامی هەڵوێستیان هەبێت. میدیاکانی سەر بە ئێران ژمارەیەک لە کەسایەتییە چالاکەکانی بەلووچ بەوە تۆمەتبار ئەکەن کە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ نانەوەی پشێوی و کەسایەتی عەبدولغەفار نەقشبەندیان لەگەڵ عەبدولمالک ریگی بەراود کردووە کە چەند ساڵ لەوە پێش لە پاکستان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە رفێندراو لە ئێران کوژرا. عەبدولغەفار نەقشبەندی لە بەشێک لە قسەکانیدا ئەڵێت :" ئێمە خوێنمان نەڕژاوە بەوەی سازش بکەین و بێدەنگ بین، ئێمە خوێنمان رژاوە بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان لە خوێنڕێژەکان پاک بکەینەوە." هەروەها ئاماژە ئەدات بەوەی "ئەو کەسانەی کە لە رۆژی هەینی خوێناویدا دەیان و سەدان کەسیان کوشت، دادگایی نەکراون. ئەرکی مامۆستایانی ئایینیە دەنگی خەڵک بن و بەرامبەر بەم کارەساتانە بێدەنگ نەبن." ماڵپەڕی " حال وەش" رۆژی ٢٤ی ئەیلوول ناوی ١٤ کەسی لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بڵاوکردەوە کە دەستیان هەبووە لە ڕوداوی ناسراو بە "هەینی خوێناوی" لە زاهیدان و دەڵێت ٨ کەس لەو ١٤ کەسەی هۆکاری ڕوداوەکە بوون لە ئەرکەکەی خۆیان بەردەوامن وئەوانی دیکە جگە لە ١ کەس کە لە لایەن خەڵکەوە کوژرایەوە لە پارێزگاکانیتر کار ئەکەن و پلە و پێگەیان بەرز کراوەتەوە. هەینی خوێنین یان هەینی رەش، رۆژێکە کە هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی لە زاهیدان دەستڕێژیان لە خەڵک کرد و بە پێی هەندێ سەرچاوە لەو رۆژەدا ١٢١ کەس گیانیان لە دەستدا. رۆژی ٣٠ ئەیلوولی ٢٠٢٢، خەڵکی بەلووچ بە نارەزیەتی بە دەستدرێژی سێکسی بەرپرسێکی باڵای حکوومەتی بە کچێکی بەلووچ، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان رێکخست و لە لایەن بەرپرسە سەربازییەکانەوە فەرمانی تەقەی راستەوخۆ درا و بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی "حال وش"١٢١ کەس گیانیان لە دەستدا. رۆژی ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ لە ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی لە شاری سەقز، بەهەمانشێوە شاری سەقز و شارەکانیتری رۆژهەڵاتی کوردستان گەمارۆ دران. هاتووچۆ بۆ شاری سەقز قەدەغە کرا وڕێگە کە کردنەوەی ئەو یادە کرا هاوکات بۆ ئەوەی رێگاکانی چوونی خەڵک بۆ سەر قەبرستانی ئایچی ببڕن، ئاوی بەنداوی "چرا وەیس "یان بەردایەوە و رێگای بانە- سەقز بە بیانووی نۆژەنکردنەوەی تۆنێلەکە داخرا. .
هاوڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) قەدەغەی هاتوچۆی لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای دێرەزوور راگەیاند دوای ئەوەی کە شەڕ لەنێوان هێزەکانی هەسەدە و هۆزە عەرەبەکان رویداوە کە تێیدا 22 کەس کوژراون. روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە پێکدادانی هەسەدە و هۆزە عەرەبەکان 64 قوربانی بوونی هەیە و 22 کەس کوژراون کە 18 کەسیان سەر بە هۆزە عەرەبەکانن و سێ کەسیان سەر بە هەسەدەن، ئەمە جگەلەوەی 42 کەسی مەدەنی، 26 چەکلداری هۆزە عەرەبەکان و 12 ئەندامی هەسەدە برینداربوون. بەپێی هەواڵی میدیا ناوخۆییەکانی سوریا، هەسەدە لە چەند شارۆچکەیەکی پارێزگای دێرەزوور، بەتایبەتی شارۆچکەی زیبان، قەدەغەی هاتووچۆی راگەیاندووە بەبێ ئەوەی وادەی کۆتایی هاتنی دیاری بکات. ئەمە لەکاتێکدایە کە رۆژی دووشەممە شەڕ لەنێوان هەردوولا دەستیپێکردەوە دوای ئەوەی کە هەسەدە لە سەرەتایی ئەم مانگەدا کۆتایی بە شەڕ و پێکدادانەکان هێنا. بەهۆی دەستگیرکردنی فەرماندەیەکی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور بەناوی ئەبو خەولە لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و گەندەڵی لەلایەن هەسەدەوە، لە کۆتایی مانگی ئاب شەڕ لەنیوان هەسەدە و هۆزە عەربەەکان دروستبوو کە تێیدا چەکدارە عەرەبەکان بەهاوکاری سوپای سوریا چەند ناوچەیەکیان داگیر کرد بەڵام دواتر هەسەدە لە ئۆپەراسیۆنێکدا سەرجەم ناوچەکانی گرتەوە.
هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران بڵاویکردەوە، بەرپرسانی ئێران 30 بۆمبیان پووچەڵکردووتەوە کە پلان وابووە لە تارانی پایتەختدا بە یەک جار و لە یەک کاتدا بەتقێندرێنەوە و 28 کەسیشیان دەستگیرکردووە کە سەر بە داعشن. تەسنیم بەیاننامەیەکی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانی بڵاوکردووتەوە کە تێیدا هاتووە، "هەندێک لەو کەسانە ئەندامی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و ئەنجامدەرانی ئەو هەڵمەتە مێژووی پەیوەندییان هەیە لەگەڵ گروپە تەکفیرییەکان لە سوریا، ئەفغانستان، پاکستان و هەرێمی کوردستانی عێراق." داعش بەرپرسیارییەتی چەندین هێرشی هەڵگرتووە لە رابردوودا لە ئێران، لەوانە هێرش بۆ سەر پەرلەمان و گۆڕی ئایەتوڵا خومەینی لە ساڵی 2017. بەم دواییانەش داعش بەرپرسیارییەتی هێرشێكی بۆ سەر مەزارگەیەکی شێعەکان راگەیاند لە شیراز کە تێیدا 15 کەس کوژران.
هاوڵاتی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەمیانی وتارێکیدا لە نەتەوەیەگرتووەکان رایگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و کار دەکەن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە پەیوەندیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت. محەمەد شیاع سودانی لە 78ھەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی نەتەوەیەکگرتووەکان وتارێکی پێشکەش کرد کە بەشیکی تەرخان کردبوو پەیوەست بە هەرێمی کوردستانەوە و رایگەیاند، حکومەتی فیدراڵ بە پلانێکی فراوان لە رێگەی سەرجەم دامودەزگاکانییەوە کاردەکات بۆ ئەوەی باشترین پەیوەندی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەبێت. سەرۆک وەزیرانی عێراق وتیشی، کاردەکەن بۆ ئەوەی بە ھەماھەنگی و کاری پێکەوەیی نێوان پارێزگاکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان داھات و ئابووری عێراق زیاتر بەرەوپێش بەرن. پێشتریش سودانی لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا پێش وتارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی، "هیچ قەیرانێکی سیاسی لە نێوان هەرێم و بەغدا نییە، تەنها کێشەی دارایی هەیە ئەویش لەرێی هەماهەنگی و گفتوگۆوە تێپەرێندراوە."
هاوڵاتی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند هیچ کێشەیەکی سیاسی لەنێوان بەغدا و هەولێر نییە ئەوەی هەیە کێشەی داراییە کە تێپەڕێندراوە، دەشڵێت، "لە هیچ لایەنێکی دەرەکی قبوڵ ناکەین بیەوێت گۆڕانکاری لە عێراق دروست بکات." لەمیانی پانێڵێکدا له كۆبوونهوهكانی كۆمهڵهی گشتی نهتهوه یهكگرتووهكان و ئهنجومهنی پهیوهندییهكانی دهرهوهی ئهمهریكا، سودانی سەبارەت بە سەرەوەری عێراق رایگەیاند، "لە هیچ لایەنێکی دەرەکی قبوڵ ناکەین، ببێتە لایەنی سێیەم بۆ گۆڕانکاری سیاسی لە عێراق... بڕیارەکانی عێراق بڕیاری نیشتمانین و لە بەرژەوەندی ئەمریکا و ئێران و تورکیا نییە." لەسەر ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق، سەرۆکوەزیرانی عێراق وتی، "هیچ قەیرانێکی سیاسی لە نێوان هەرێم و بەغدا نییە، تەنها کێشەی دارایی هەیە ئەویش لەرێی هەماهەنگی و گفتوگۆوە تێپەرێندراوە، سودانی باسی لەوەشکرد، "هەرێمی کوردستان بکەرێکی سەرەکی کاری سیاسی عێراقە، هەروەها بەشێکی گرنگی پڕۆژە ئابورییەکانە کە سودی بۆ هەموو عێراقییەکان هەیە."
هاوڵاتی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی ئێران لەبارەی رێککەوتنی ئەمنی عێراق و ئێران رایگەیاند، هەنگاوێکی ئەرێنییە و ناهێڵن هیچ گروپێکی چەکدار لەنزیک سنورەکانی هەرێمی کوردستان چالاک بن. ئیبراهیم رەئیسی لەمیانی رێورەسمی ساڵیادی دەستپیکی شەڕی ئێران و عێراق وتارێکی پیشکەش کرد و سەبارەت بە رێککەوتنەکە وتی، "چەککردنی گرووپە چەکدارەکان"ی نشتەجێی عێراق هەنگاوێکی ئەرێنی بووە. رێککەوتنەکە کۆتا وادەی 19ی ئەم مانگە بوو، کە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت بەتەواوی جێبەجێکراوە و حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چەککراون و دوورخراونەتەوە لە سنوری ئێران. سەرۆکی ئێران لەسەر رێککەوتنەکە وتی، "ئێمە رێگە نادەین هیچ گروپێکی چەکدار لە نزیک سنورەکانی ئێران چ لە ناو هەرێمی کوردستان و چ لە هەر شوێنێکی دیکە چالاک بێت و دەبێ دڵنیا بینەوە ئەو گروپە چەکدارانە چەک دەکرێن."
هاوڵاتی فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بەندەکانی رێککەوتنی نێوان بەغدا و تاران لەسەر چەککردنی حزبەکانی رۆژهەڵات جێبەجێکراوە و هیوادارن رێکەوتنێکی هاوشێوەش لەگەڵ تورکیا واژۆ بکەن. رێكەوتنی ئەمنی نێوان ئێران و عێراق، لەڕۆژی 19ی ئازاری ئەمساڵدا لەشاری بەغدا واژۆكرا کە تێیدا عێراق بە نوێنەرایەتی قاسم ئەعرەجی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق و ئێرانیش بەنوێنەرایەتی عەلی شەمخانی سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران ئیمزایان لەسەر رێککەوتنەکە کرد کە دیارترین خاڵەکانی چەکداماڵینی حزبەکانی رۆژهەڵات و دوورخستنەوەیان بوو لە سنوری ئێران، دواتریش دانانیان بوو لەو کەمپانەی عێراق بۆی دیاریکردوون. لەسەر رێککەوتنەکە فواد حوسێن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی حورە وتی، "سەرجەم بەندەکانی رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران جێبەجێکراوە، سەرجەم ئەو هێزە کوردیانەی لە سنوری نێوان هەرێم و ئێران جێگیرببون، دورخراونەتەوە بۆ چەند بنکەیەکی سەربازی لە نزیک کەمپی ئاوەرەکان." وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەش کرد، یەکێک لە بەندەکانی رێککەوتنەکە ئەوە بووە کە ئێران بۆردومانەکانی رابگرێت لەبەرامبەردا هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران دووربخرێنەوە. لەسەر بەرێوەچوونی رێککەوتنەکە وەک خۆی و ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوشێوە لەگەڵ تورکیا، فواد حوسێن دەڵێت، بەغدا هەمیشە دیالۆگی ویستووە لەسەر ئەو بابەتانە و هیوای خواست "دیالۆگی قووڵ و جدی بکرێت بەهامانشێوەی" رێککەوتنەکەی ئێران لەسەر ئەو پرسە کە مەبەست لێی دوورخستنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە لە ناوچە سنورییەکان. وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەی خستەڕوو کە تا ئێستا ئەنقەرە بۆشایی ئەوەی نەرەخساندووە گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە ئەنجامبدرێت و چارەسەرێک بۆ کێشەکە بدۆزرێتەوە جگە لە بەکارهێنانی چەک و توندوتیژی.
هاوڵاتی کۆشکی سپی رایگەیاند برێت مەکگۆرک، جێگری یاریدەدەری سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبووەتەوە و "دەستخۆشی" لە رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولیر کردووە سەبارەت بە دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم. لە راگەیاندراوێکدا کۆشکی سپی دەڵێت، هەردوولا باسیان لە چەند بابەتێکی نێوان هەردوو وڵات کردووە و کۆبونەوەکە مەبەست لێی ئەوە بووە جەخت لە هاوبەشیەتی بەهێزی ئەمریکا بکرێتەوە بۆ عێراق. لە بەشێکی گفتوگۆکانیاندا برێت مەکگۆرک "دەستخۆشی" لە رێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێم کردووە سەبارەت بە دابینکردنی موچە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە "بەزوترین کات بۆری نەوتی عێراق-تورکیا بکرێتەوە." هەفتەی رابردوو شاندێکی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ سودانی کۆبونەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەناردنی پارە لەلایەن بەغداوە. دوای کۆبونەوەکان هەردوولا، سەرەتایی ئەم هەفتەیە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ مانگ 700 ملیار دیناری مانگانە بنێرێت بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
هاوڵاتی خەڵاتی مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین کە یەکێتی ئەورووپا پێشکەشی دەکات و ناسراوە بە ساخارۆف، مانگی ١٢ی ئەمساڵ دابەش دەکرێت و ژینا ئەمینی، یەکێکە لە پاڵێوراوانی وەرگرتنی ئەم خەڵاتە جیهانییە. بە پێی راپۆرتێک کە میدیای فەرەنسا بڵاوی کردۆتەوە، سێ فراکسیۆن لە دیارترین فراکسیۆنەکانی پەڕلەمانی یەکێتی ئەورووپا پشتیوانی لەوە ئەکەن کە ئەم خەڵاتە پێشکەش بە ژینا ئەمینی بکرێت و ژینا ئەمینی بەربژێری یەکەمە بۆ وەرگرتنی. خەڵاتی ساخارۆف مانگی ١٢ی ئەمساڵ پێشکەش ئەکرێت و پەڕلەمانتارەکانی یەکێتی ئەورووپا بە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی " ژن، ژیان، ئازادی" ەوە ئەم خەڵاتە پێشکەش بە ژینا ئەمینی ئەکەن بەهۆی ئەوەی ئەو بزووتنەوەیە دوای مەرگی ئەو کچە کوردە سەریهەڵدا. ژینا ئەمینی، کچێکی لاوی سەقزی بوو لە رۆژی ١٣ی ئەیلوول لە شاری تاران لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە بە تاوانی نەبوونی حیجاب دەستبەسەر کرا و بە هۆی ئەشكەنجەوە باری تەندروستی تێکچوو و گەیەندرایە نەخۆشخانە و رۆژی ١٦ ی ئەیلوول لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و مەرگی ئەم کچە کوردە بوو بە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ( ژن، ژیان ، ئازادی) .
هاوڵاتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی بلۆمبێرگی ھەواڵیی ئەمریکیی لە نیویۆرک ڕایگەیاندوە، چاوەڕوانی لایەنی تورکین بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت لەڕێگای ھێڵی تورکیاوە. ئهمڕۆ (پێنجشهممه 21ـی ئهیلوولی 2023) محهممهد شیاع سوودانی، سهرۆكوهزیرانی عێراق لهمیانی چاوپێكهوتنێكی لهگهڵ كهناڵی بلومبێرگی ئهمهریكی رایگهیاند، عێراق دهبێته وڵاتێكه كارا له بازاڕهكانی غازی جیهانی، جهختیشیكردهوه چاوهڕوانی رێكارهكانی توركیان بۆ دووباره ههناردهكردنهوهی نهوت بهتایبهتی نهوتی بهرههمهێنراوی ههرێمی كوردستان له رێگهی بهندهری جهیهانی توركییهوه، دهشڵێت، ئهم پرسه له چوارچێوهی سیاسهتی گشتی وڵات دایه. لە چاوپێکەوتنەکەیدا سودانی ڕایگەیاندوە، ھەوڵ بۆ نرخێکی لۆژیکی دەدەین بۆ نەوت، کە تێیدا زامنی بەرژەوەندی وەبەرھێنەران و بەکاربەران بکرێت، ئێمە نرخێکی جێگیرمان نییەو وای دەبینین نرخی گونجاو بۆ نەوت بڕی ٨٥ بۆ ٩٠ دۆلارە بۆ ھەر بەرمیلێک. دەشڵێت” عێراق دەبێت بە وڵاتێکی کارا لە بازاڕی غازدا”. لەبارەی سکاڵاکەیان دژی تورکیا، محەمەد شیاع سودانی ڕایگەیاندوە، سکاڵامان لەدژی یەکتر ھەیە لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی، بەڵام دانوستانمان لەگەڵ لایەنی تورکی ھەیە بۆ جیاکردنەوەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت لە دۆسیە یاساییەکانی تر لە دادگا. ئەوەشی خستوەتەڕوو، ڕاوەستانی ھەناردەی نەوت زیان بە ھەموو لایەنەکان دەگەیەنێت بە لایەنی تورکیاشەوە، چاومان بەو کۆمپانیا ئەمریکیانە کەوتووە کە لە ھەرێمی کوردستان کاردەکەن و ئارەزوویان ھەیە بۆ کارکردن لە بەشەکانی تری عێراق. ههروهها سوودانی گوتی، عێراق نابێته گۆڕهپانی پاكتاوكردنی ململانێ و پێكدادانی هێزهكان. روونیشیكردهوه لهگهڵ ئهمهریكا گفتوگۆ لهگهڵ ئهمهریكا دهكهن سهبارهت به پهیوهندییهكان لهگهڵ هاوپهیمانی نێودهوڵهتی و پهیوهندییهكان لهگهڵ ئهمهریكا له دهرهوهی پهیوهندییهكان لهگهڵ هاوپهیمانی نێودهوڵهتی. روونیشیكردهوه، لیژنهی ئهمهریكی و عێراقی تاوهكو كۆتایی ئهم مانگه سهبارهت بهو بابهته كۆدهبنهوه. ماوەی سێ ڕۆژە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و شاندێكی یاوەری بۆ بەشداریكردن لە خولی ٧٨مینی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئەمریكایە، بڕیاریشە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا كۆببێتەوە.
هاوڵاتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کرانەوەی قوتابخانەکان لە ئێران، پرسی گرانبوونی پێداویستییەکانی خوێندن بووە بە باسی رۆژ چونکە داهاتی مامناوەندی مانگانەی خێزانێک هەشت ملیۆن تمەن (160 دۆلار)ە و تێچووی پێداویستییەکانی خوێندنی هەر مناڵێک زیاترە لە شەش ملیۆن تمەن (120 دۆلار). بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی تجارت نیوزی ئێرانی کە رۆژی چوارشەممە 20ی ئەیلولی 2023 بڵاوی کردووەتەوە، نرخی کەرەستەکانی خوێندن 50% زیادی کردووە، ئەمەش بارگرانی زۆر دروست ئەکات بۆ زۆربەی خێزانەکانی وڵاتەکە. بەپێی ئەو راپرسییەی ماڵپەڕکە کردوویەتی، 53% قوتابیەکانی پارێزگای تاران بە پێ ئەچن بۆ قوتابخانە، لەبەرئەوەی تێچووی هاتووچۆ زیاتر لە 50% لە چاو ساڵی پێشوو زیادی کردووە. لەم راپرسییەدا، قەڵەم و کاغەز و کەرەستەکانی خوێندن بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو، 50% گرانتر بوون و ئەم گرانبوونی تێچووی خوێندنە وا ئەکات مناڵان لە خوێندن داببڕێن، بەتایبەت مناڵانی خێزانە هەژار و کەم داهاتەکان. لەسەر گرانی نرخەکان ماڵپەڕی دیدبان ایران لە راپۆرتێکدا چەند خێزانێکی ئێرانی دواندووە و دایکێک بەم جۆرە باس لە خەرجی کەرەستەکانی قوتابخانەی منداڵێکی دەکات: یەک ملیۆن تمەن (20 دۆلار)م دانابوو بۆ کڕینی کەرەستەکانی خوێندنی کچەکەم، توانیم بایی 800 هەزار تمەن (16 دۆلار) دەفتەر و 200 هەزار تمەن (چوار دۆلار) جاف بکڕم... کچەکەم ئەمساڵ پێویستی بە جانتا و پێڵاوی نوێ نەبوو، ئەگینا نەمدەزانی چی بکەم و چۆن بۆی بکڕم." بەپێی راپۆررتەکەی (دیدبان ایران) بۆ ئەوەی سەرجەم پێداویستییەکانی خوێندنی منداڵێک ئامادە بکرێت، هەر لە پێڵاوی نوێ، جانتا و دەفتەر و قەڵەم و جاف و شتە پێویستییەکانەوە بگرە تا کتێبی خوێندن، خێزانێک زیاتر لە شەش ملیۆن تمەنی (120 دۆلار)ی پێویستە لەکاتێکدا موچەی مانگانەی کرێکارێک نزیکە لە حەوت بۆ هەشت ملیۆن تمەن (140 بۆ 160 دۆلار). بە پێی ئەم راپۆرتە، لە ١٧ هەزار قوتابی لە پارێزگای " کەهکیلۆییە و بۆیەر ئەحمەد" نزیکەی سێ هەزار و 700 قوتابی توانای کڕینی کتێب و دەفتەر و جانتا و پێویستییەکانی تری خوێندنیان نییە و زۆربەیان واز لە خوێندن دەهێنن. بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (ایلنا) هەژاری و گرانی پێداویستییەکانی خوێندن، تەنگی بە بنەماڵەکان هەڵچنیوەو بەشێکی زۆر لە بنەماڵەکان مناڵەکانیان نانێرنە بەر خوێندن. ماڵپەڕەکە دەڵێت، زیاتر لە 911 هەزار منداڵ لە ئێران لە خوێندن دابڕاون، بەڵام ماڵپەڕی وەزارەتی پەروەردەی ئێران باس لەوە ئەکات نزیکەی ملیۆنێک منداڵ، بە هۆکاری هەژاری و هۆکارەکانیتر، لە خوێندن دابراون.