هاوڵاتی حکومەتی ئەرجەنتین  بەهۆی گەرماوە باری نائاسایی لە 9 هەرێمی باشوور و نێوەڕاستی ئەو وڵاتە راگەیاندووە. هاوکات داوای لە هاووڵاتیان کردووە، خۆیان لەخۆدانە بەر تیشکی خۆر بەدووربگرن. بە گوێرەی ئاژانسی کەشناسیی ئەو وڵاتە، دیاردەی نیوەبازنەیی باشووری، هۆکاری گەرماکەیە و لە بەشێک لە ناوچەکانی ئەو وڵاتە 42 پلەی سلیزی تۆمارکراوە ئەوەش بە بڕی 1.7 پلە لە بەرزترین پلەی گەرمی زیاترە، کە لە دوای ساڵی 1961ـەوە تۆمارکراوە. هاوکات ئەمڕۆ لە بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین، پلەی گەرما 38 پلەی سلیزییە و خەڵک بۆ خۆفێنکردنەوە پەنایان بۆ کەناراوەکان بردووە. ئەو شەپۆلە گەرمایەی رووی لە ئەرجەنتین کردووە، پلەی گەرمای بۆ بەرزترین بەراورد بە 60 ساڵی رابردوو، بەرزکردووەتەوە. زانای کەشناسی ئینزۆ کامپێتێلا بە ئاگینس پرێسی گوت لە کاتێکدا کە شەپۆلی گەرمی ناوبەناو ئاساییە، گۆڕانی کەش و هەوا وای لێکردوون لە هەموو کیشوەرێکدا "بەردەوامتر و چڕتر" بن، تەنانەت لە هەرێمی پاتاگۆنیای شاخاوی ئەرجەنتینیش. جێگەیباسە ئەمساڵ بۆ جاری پێنجەمە شەپۆلی گەرمای بەهێز روو لە ئەرجەنتین دەکات و حکومەت هۆشداری دەدات لەوەی گەرماکە زیانی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵی دەگەیێنێت. ساڵی رابردووش، دیاردەی لانینا پلەی گەرمای لە تەواوی ئەرجەنتین بەرزکردەوە و بە بڕی 10 ملیار دۆلار، زیانی بە دانەوێڵەی وڵاتەکە گەیاند.

پۆلیسی تورکیا لە شاری سەمسور 5 گەنجی کوردی دەستگیرکرد و ئەشکەنجەی دان، کە بە خۆبەخش لە ئامەدەوە بە مەبەستی رزگارکردنی هاوڵاتیان چوونەتە ئەو شارە. رەجەب تانریڤەردی، ئایدن تانریڤەردی، یوسف ئاباتای، ئیبراهیم تانریڤەردی و ئەرهان تانریڤەردی کە لە قایمقامی ناوچەی چناری ئامەد مۆڵەتیان وەرگرتبوو، کە بە شێوەیەکی خۆبەخش بەشداری لە هەڵمەتی رزگارکردنی لێقەوماوانی بومەلەرزەکە بکەن، لە سەمسور لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران. ئاژانسی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، ئەو گەنجانە دوێنێ تەرمێکیان لەژێر باڵەخانە رووخاوەکاندا دەرهێنابوو، بەڵام لەکاتی گەڕانەوەیاندا بۆ رزگارکردنی هاوڵاتیانی دیکە لەلایەن جەندرمەکانەوە وەک کەسانی گۆماناوی دەستگیرکران. جەندرمەکان ئەو 5 کەسیان رادەستی پۆلیس کرد. گەنجەکان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس ئەشکەنجەدران و دواتر بەبێ جلوبەرگ و بە رووتی لە شاری سەمسور دەرکران.  

ناڕەزایەتییەکان 149 رۆژە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە و رۆژنامەیەکیش 15 پلانی دەسەڵات بۆ زیادکردنی کۆتوبەند لەسەر دانیشتوانی وڵاتەکە ئاشکرا دەکات و لە جوانڕۆ لاوێکی 17 ساڵان بە بیانویی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان لە لایەن دادگاوە سزای زیندانیکردن و لێدانی قامچیی بەسەردا سەپێنرا و چەند چالاکوانێکی کورد و مامۆستایی ئایینیی بە دانانی بارمتە ئازادکران. دوو مامۆستای ئایینیی شاری پیرانشار ئازاد کران و لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە پێشوازییان لێکرا. ئەمڕۆ شەریف مەحمودپور و سلێمان ئەحمەدی دوای زیاتر لە 20 رۆژ دەستبەسەرکردن بە شێوەیەکی کاتی و بە دانانی بارمتەی 11 هەزار دۆلار تا رۆژی دادگایکردنیان ، ئازاد کران. لاوێکی تەمەن 17 ساڵی شاری جوانڕۆ بە ناوی کیانوش ئەعزەمی لە لایەن دادگاوە بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان سزای 10 مانگ زیندانیی لێدانی 74 قامچی بەسەردا سەپێنرا. کوردێکی خەڵکی شارۆچکەی بەهار لە هەمەدان بە ناوی قوباد یاریی بە بیانوی بونی 23 کتێبی کوردی لە مۆبایلەکەیدا 91 رۆژ زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە. لە لایەکی دیکەشەوە جەمال عەلیزادە، خەڵکی شاری نەغەدە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە دانانی بارمتەی 66 هەزار دۆلار تا بەڕێوچونی دادگا لە زیندان ئازادکرا. لێوردنی 100 هەزار کەس و ئازادکردنی تەنها 395 کەس رۆژنامەی (شەرق) لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە تا ئێستا 395 زیندانیی بەهۆی لێبوردنە گشتییەکەوە ئازاد کراون لە کاتێکدا بڕیارە ئەو لێبوردنە 100 هەزار زیندانیی بگرێتەوە. داواکاری گشتی ئێران رایگەیاندوە؛ ئەو کەسانەی دەستیان لە بڵاوکردنەوە و راگەیاندنی ژمارەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان هەبوە لێبوردنی گشتیی نایانگرێتەوە. عەلی خامنەی، رێبەری کۆماری ئیسلامی وەک هەمو ساڵیادەکانی دیکەی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، لێبوردنێکی گشتیی دەرکرد کە بڕیارە 100 هەزار دەستگیرکراو و بەندکراوی وڵاتەکە و رۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتەوە. ئەو رۆژنامەیە ئاشکراشی کردوە لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی مەرگی ژینا ئەمینی ، پەرلەمان و کابینەی حکومەت 15 پلانیان بۆ سنوردارکردن و سەپاندنی سەرپۆش و کۆنتڕۆڵی زیاتری کۆمەڵگا خستوەتەڕو کە هەوڵی جێبەجێکردنی دەدەن.   تمەن بەردەوامە لە دابەزین جارێکی دیکە بەهای تەمەن بەرامبەر دۆلار دابەزیی و میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتی ئێرانیش بەهای جیاواز و کەمتر لە نرخی راستەقینەی دۆلار بڵاو دەکەنەوە. ئەمڕۆ بەهای یەک دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران گەیشتە زیاتر لە 46 هەزار و 50 تمەن و ئەوەش بە ژمارەیەکی پێوانەیی بەهای دۆلار لەو وڵاتە ئەژمار دەکرێت. بەهای یەک یۆرۆ لە 50 هەزار تمەن نزیک بوەوە و هەر پاوەندێکی بەریتانی بۆ زیاتر لە 55 هەزار تمەن بەرزبوەوە. لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی تەسنیم سەر بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بڵاوی کردەوە کە بەهای یەک دۆلار لە بازاڕەکاندا بۆ 42 هەزار و 987 تمەن دابەزیوە. دابەزینی بەها لە بەرامبەر تەمەندا تەنها رۆژێک دوای بەڕێوچونی ساڵیادی 44 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێران رویدا کە دەیان بەرپرسی باڵا لە ساڵیادەکەدا بەڵێنی باشترکردنی دۆخی ئابوریی وڵاتەکە و بژێویی خەڵکیان دا. داوا دەکرێت سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆری ئەوروپا ئەمڕۆ یەکشەممە ژمارەیەک لە چالاکوانانی کورد و ئێران بە دانانی وێنەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە گۆڕەپانی سەرەکیی شاری پاریس داوایان کرد سوپای پاسداران کە بکوژی زۆربەی ئەو کەسانەیە بخرێتە لیستی تیرۆری ئەوروپا. سەرۆک کۆماری ئێران جەخت لەسەر پۆش دەکاتەوە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبونەوەی کابینەی حکومەتەکەی رایگەیاند؛ جێبەجێکردنی سەرپۆش بۆ کۆماری ئیسلامی بناغەی سەرەکییە و دەبێت سەرجەم دامودەزگاکان هەوڵ بدەن بۆ رازیکردنی کۆمەڵگە لە پێناو جێبەجێکردنی سەرپۆش. لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی، کە بە بیانوی نەگونجابونی سەرپۆش دەستگیرکرا و دوای سێ رۆژ بێهۆشبون گیانی لەدەستدا ئەوە یەکەمجارە دوای پێنج مانگ ناڕەزایەتیی دژی کۆماری ئیسلامی، ئیبراهیم رەئیسی جەخت لە جێبەجێکردنی سەرپۆشی زۆرەملێ دەکاتەوە.   ئێران چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی ژنان جیا دەکاتەوە شادی مەلەکی، بەڕێوبەری ناوەندنی تاقیکردنەوەی ئۆتۆمبێل لە تاران رایگەیاند؛ بۆ یەکەمجار شوێنێکی تایبەت بە چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی خانمان لە تاران دامەزراوە کە سەرجەم وەستا و کارمەندەکانی لە ژنان و کچان پێکهاتون. مەلەکی ئاماژەی بەوەکردوە ئەو شوێنە کە تایبەتە بەو خانمانەی کە خاوەنی ئۆتۆمبێلن یان شۆفێریی دەکەن، رۆژانە توانای تاقیکردنەوەی 700 ئۆتۆمبێلی لەسەر دەستی خانمان هەیە و دەیان ئۆتۆمبێلیش کە کێشەیان هەیە لە لایەن ئەو خانمانەوە چاک دەکرێنەوە.    

ماوەیەکە بڵاوبونەوەی دراوی ساختە لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان زیادی کردوە بۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەکەن زیاتر چاوکراوە بن لە کاتی مامەڵەکردن . وەزارەتى دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەک شەممە 12ی2 لە هۆشداری نامەیەکدا ڕایگەیاند، ماوەیەکە بڵاوبونەوەی دراوی ساختە لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان زیادی کردوەو وەزارەتی دارایی و ئابوریش داوا لە هاوڵاتیان دەکات زیاتر  چاو کراوە بن لە کاتی مامەڵەکردن بە جۆرەکانی دراو تا توشی زیان نەبن.    باسی ئەوەشی کردووه، لەو چوارچێوەیەشدا بەڕێوبەرایەتی بانکی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی خولی هۆشیاری بۆ خەزنەداری بانکەکان کردۆتەوە تا زیاتر چاو کراوە بن لەکاتی مامەڵەکردن بەدراوەکان، بڕیاریشە خولی هۆشیاری بۆ فەرمانگەکان و نوسینگەو کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو بکرێتەوە تا هەموان زیاتر بەئاگا بن لە بڵاوبونەوەی دراوی ساختەو مەترسیەکانی.   وەزارەتەکەی حکومەتی هەرێم دەڵێت، لەماوەی ڕابردوشدا لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەست بەسەر بڕێکی زۆر دراوی عێراقی ساختە لە جۆری 25 هەزاری و 50 هەزاری و دۆلاری ئەمریکی ساختە لەجۆری 50 دۆلاری و 100 دۆلاریدا گیراوەو ڕێکاری یاسایی پێویست لەوبارەیەوە ئەنجام دراوە. وەزارەتی دارایی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هۆشدارییەکە، وێنەی دراوەساختەکان کە دەستیبەسەر گیراوە بڵاوکردەوه.

شەوی رابردوو لە پارێزگای موسەننای باشووری عێراق، لە روبەڕوبوونەوەیەکدا،ئەفسەرێک و دوو ئەندامی باندێک کوژران.   لەم بارەیەوە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دوێنێ شەممە، 11ی2ی2023، بڵاویکردەوە، لە ناوچەی ئوم عەسافیر لە باکووری پارێزگاری موسەننا، رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزێکی پۆلیسی پارێزگای موسەننا و باندێکی مادەی هۆشبەر و دزی روویدا.    بەپێی راگەیێندراوەکەدا، لە ئەنجامی شەڕەکە دوو ئەندامی باندەکە کوژران و دووی دیکەی برینداربوون، ئەفسەرێکیش کوژراوە. بەپێی زانیاری وەزارەتی ناوخۆی عێرق ، باندەکە مانگی رابردوو هەڵاتبوون و هێزەکانی پۆلیسی بەدواوەیان بوون.     ئەو ئەفسەرەی کوژراوە پلەکەی ملازمی یەکەمە و ناوی عەبدوڵڵا کامل بەراکە و لە بەڕێوەبەرایەتیی تاوانی موسەننا کاری کردووە.    ژمارەی ئەو کەسانەی لە 10 مانگی ساڵی 2022دا بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون 13 هەزار و 680  کەسە؛ تەنیا لە مانگی تشرینی یەکەم هەزار و 360 کەس دەستگیر کراون. وێنەی ئەفسەرە کوژراوەکە

هاوڵاتی پەکەکە رایگەیاند، دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپەیە بە راگەیاندنی 'باری نائاسایی' هەوڵی سیاسیکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەدات و لەسەر ئەو بنەمایە تەمەنی حکومەتەکەی درێژ بکاتەوە. کۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) راگەیەندراوێکی لەبارەی بومەلەرزەکەی ٦ی ئەم مانگە لە باکور و تورکیا – رۆژئاوا و سوریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دەسەڵاتی تورکیا دەیەوێت لە رێگەی ئەم کارەساتەوە تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە. پەکەکە وتی، " ئاشکرایە کە لە بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، زیانێکی زۆری بە گەلی کورد و گەلانی تورکیا و سوریا گەیاند. وەک گەلی کورد، وەک گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی، زیانەکانمان زۆر قورسن، ئازارەکانمان زۆر گەورەن. هاوبەشی خۆمان بۆ ئازاری هەموو ئەو کەسانەی کە بەهۆی ئەم بومەلەرزەوە زیانیان بەرکەوتووە نیشان دەدەین. خوای گەورە ڕەحم بەو کەسانە بکات کە لەم کارەساتە گەورەیەدا گیانیان لەدەستدا. هەروەها هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو کەسانە دەکەین کە گیانیان لەدەستداوە، هاوخەمی خۆمان بۆ گەلەکەمان، بۆ گەلی تورکیا و سوریا، بۆ مرۆڤایەتی دەرببڕن." پەکەکە باسی لە هەڵوێستی دەسەڵاتی تورکیا لەم کاتەدا کرد و ئەوەی خستەڕوو، " بێ گومان بومەلەرزە کارەساتێکی سروشتییە کە لە ژێر زەویدا ڕوودەدات. دۆخی سەر زەوی تا چ رادەیەک کاریگەری لەسەر ئەمە هەیە تا ئێستا بە باشی نازانرێت. بەڵام مرۆڤایەتی باش دەزانێت کام ناوچە ناوچەی بوومەلەرزەن. دەزانرێت کە هێڵی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات کە شاری مەرەش بوو ناوچەیەکی گرنگی بوومەلەرزە. جگە لەوەش پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لەبەرامبەر بومەلەرزەکە گونجاو نەبوون، هیچ ڕێوشوێنێکی جددی بەرامبەر بومەلەرزەکە نەگیراوەتەبەر و ئەمەش هۆکاری سەرەکی ئەو ڕووداوانە بووە کە لە کاتی بومەلەرزەکەدا ڕوویانداوە. بە ڕوونی دەبینرێت ساڵانێکە دەیان ملیار دۆلار لەنێو کۆمەڵگادا کۆکراوەتەوە کە دەگوترێت بۆ رووداوی بوومەلەرزەیە، بەڵام بۆ ئەو مەبەستە بەکارنەهێنراوە، پێشکەش بە لایەنگرانی ئاکەپە-مەهەپە کراوە و کۆتایی بەو پارەیە هێنراوە." لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی پەکەکەدا هاتووە، " دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە لە تورکیا، هیچ رێوشوێنێکی بەرامبەر بومەلەرزە نەگرتووەتەبەر. ئەو باجەی بەناوی بومەلەرزەوە لە هاوڵاتیان وەرگیراوە، خەرج کراوە. لە ئێستاشدا دەیەوێت دۆخی بومەلەرزە بۆ هەڵبژاردن بەکار بهێنێت و لەلایەکی دیکەوە تەمەنی دەسەڵاتەکەی درێژ بکاتەوە کە پێویستە گەلانی تورکیا رێگە بەوە نەدەن."

هاوڵاتی ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەغدا کۆبونەوە و باسیان لە رەشنوسی یاسای نەوت و غازی حکومەتی فیدراڵ کرد، لەکۆبونەوەکەدا شاندی هەرێم داوایکرد یاساکە لە چوارچێوەی دەستور و لە خزمەت هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان دا بێت. دوای کۆتاییهاتنی کۆبونەوەکەی شاندی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ، حکومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، "لە کۆبونەوەکەدا ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندەکە، دید و تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی کوردستانی سەبارەت بە رەشنوسی یاسای نەوت و غازی حکومەتی فیدراڵ خستەڕو". دەقی ڕاگەیەندراوەکە: رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٢ی شوباتی ٢٠٢٣، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندەکە، دید و تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی کوردستانی سەبارەت بە رەشنووسی یاسای نەوت و غازی حکومەتی فیدراڵ خستەڕوو. ئاوات جەناب نووری ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامانجیەتی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بگاتە ڕێکەوتن بۆ داڕشتنی یاسایەک کە لە چوارچێوەی دەستوور و لە خزمەت هەموو پێکهاتە و هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان دا بێت. هەر لە کۆبوونەوەکەدا کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، وردەکاری تێڕوانینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە بارەی رەشنووسی پرۆژە یاساکەوە خستەڕوو. دواتر د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، هەبوونی یاسای نەوت و گازی لە عێراق بە گرنگ وەسف کرد و ئاماژەی بە روئیای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر کۆی پرۆژە یاساکە کرد. بەمەبەستی بەردەوامیدان بە دانووستانەکان و گفتوگۆ کردن لەسەر بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، ئێوارەی دوێنێ شەممە ١١ی شوباتی ٢٠٢٣، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامێتی کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، د.جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خالد هادی چاوشلی، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و ستافی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی دارایی و ئابووری سەردانی بەغدایان کرد. لەو سەردانەدا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامی دەدات بە گفتوگۆکانی سەردانی رابردووی کە لەسەر بابەتی رەشنووسی یاسای بودجە و یاسای نەوت و گاز و ماددەی ١٤٠ و قەرەبوو کردنەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی پەیڕەو کردنی سیاسەتەکانی رژێمی پێشووی عێراقەوە زیانیان پێگەشتبوو. فەرمانگەی میدیا و زانیاری ١٢ی شوباتی ٢٠٢٣   هاوکات  وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لەیس شاهر، بریکار وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. ژمارەیەک بەرپرسی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی نەوت ئامادە بوون. وەزارەتی نەوت دەڵێت، سەردانەکە لە چوارچێوەی زنجیرە دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی نەوت، بە مەبەستی تاوتوێکردن و پێداچوونەوە بە پرسە هاوبەشەکان بەتایبەتی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆسەی نەوت و گاز.   لە کۆبوونەوەکەدا "وەزارەتی نەوتی عێراق پابەندبوونی خۆی دووپاتکردەوە بە بەڕێوەبەردنی سامانی نیشتمانی و پەرەپێدان و پاراستنی، بەپێی دەستوور و یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان، بەشێوەیەک سوودی بۆ گەلی عێراق هەبێت بە هەموو پێکهاتەکانییەوە".  

هاوڵاتی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە باکووری کوردستان، تورکیا، رۆژئاوای کوردستان و سووریا بۆ 33 هەزار و 179 کەس بەرزبووەوە. نەتەوەیەکگرتووەکانیش هۆشداری دەدات کە دەکرێت ژمارەکە دوو هێندەی لێ بێت.  رۆژی یەکشەممە 12-2-2023، سەرۆکایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا - ئافاد بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی رۆژی دووشەممەی رابردوو لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە بۆ 29 هەزار و 605 کەس بەرزبووەتەوە. هەر لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە 80 هەزار و 276 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا برینداربوون.  بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی سووریا، هەزار و 408 کەس لەوان لەو ناوچانە گیانیان لەدەستداوە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتدان؛ هاوکات 2 هەزار و 167 کەس لەو ناوچانە گیانیان لەدەستداوە لە ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتن.  ئەوە لە کاتێكدایە، مارتن گریفیس، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان رۆژی شەممە، 11ـی شوباتی 2023 هۆشداریدا لە بەرزبوونەوەی ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتی 2023 و رایگەیاند، 50 هەزار کەس تێدەپەڕێنێت.  هاوکات،ستیفان دوجاریک وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە بەرنامەی تۆدەی رادیۆی چواری بی بی سی وتی، بۆ ئەوەی تیمەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بگەنە هەندێک ناوچەی سوریا، دانوستان بەردەوامە و داوای لە وڵاتان کرد پشتیوانی و هاوکاری لەم رووەوە بکەن. سەرلەبەیانی ٦ی ئەم مانگە چەند بومەلەرزەیەكی بەهێز باكورو رۆژئاوای كوردستانی هەژاندو كارەساتێكی گەورەی مرۆیی لێكەوتەوە، ناوەندی بومەلەرزەكە باكوری كوردستان بوو. یەكەم بومەلەرزە كاتژمێر 4:17 بەگوڕی ٧.٧ ناوچەی پازارجكی پارێزگای مەرەش، دووەم بومەلەرزە كاتژمێر 4:26 بەگوڕی 6.4 ناوچەی نورحەقی دیلۆك (عەنتاب) و سێیەم بومەلەرزەش كاتژمێر 4:36 بە گوڕی ٥.٥ ناوچەی ئیسلاحیەی دیلۆكی (عەنتاب) باكوری كوردستانی هەژاند. بومەلەرزەكان لەقۆڵایی هەشت بۆ پێنج كیلۆمەتر لەژێر زەوی روویانداو هەرسێكیان زیاتر لەخولەكێك بەردەوام بوو. لەگەڵ پارێزگاكانی دیلۆك و مەرەش، بومەلەرزەكان كاریگەریەكی زۆریان لەسەر پارێزگاكانی، ئامەد، سەمسور، روحا، مێردین، سێرت، شڕنەخ، كلس، مەلەتی، عوسمانیە، هاتای و ئەدەنەی باكوری كوردستان و توركیا دروستكرد.

جارێکی دیکە بەهای تەمەن بەرامبەر دۆلار دابەزیی و میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتی ئێرانیش بەهای جیاواز و کەمتر لە نرخی راستەقینەی دۆلار بڵاو دەکەنەوە. ئەمڕۆ بەهای یەک دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران گەیشتە زیاتر لە 46 هەزار و 50 تمەن و ئەوەش بە ژمارەیەکی پێوانەیی بەهای دۆلار لەو وڵاتە ئەژمار دەکرێت. بەهای یەک یۆرۆ لە 50 هەزار تمەن نزیک بوەوە و هەر پاوەندێکی بەریتانی بۆ زیاتر لە 55 هەزار تمەن بەرزبوەوە. لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی تەسنیم سەر بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بڵاوی کردەوە کە بەهای یەک دۆلار لە بازاڕەکاندا بۆ 42 هەزار و 987 تمەن دابەزیوە. دابەزینی بەها لە بەرامبەر تەمەندا تەنها رۆژێک دوای بەڕێوچونی ساڵیادی 44 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێران رویدا کە دەیان بەرپرسی باڵا لە ساڵیادەکەدا بەڵێنی باشترکردنی دۆخی ئابوریی وڵاتەکە و بژێویی خەڵکیان دا.  

هاوڵاتی بەهۆی زۆری ژمارەی ئاوارەکانی ناوچە کارەساتبارەکانی بومەلەرزەکەی تورکیا، عێراق بڕیاری داوە، دووەم ناوەندی پەناگە بۆ ئاوارەکان بکاتەوە. باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە لە ئەنقەرە دوەم سەنتەری پەناگە لە قوتابخانەی داهێنەری عێراقی كرایه‌وه‌، ئه‌وه‌ش بەهۆی زیادبونی ژمارەی هاوڵاتیانی ئاوارە لە ناوچەکانی بومەلەرزە وێرانکەرەکە. ئەوەش ئاشکراکراوە، بڕیارەکە لە چوارچێوەی زۆری ژمارەی کۆچبەراندا دراوە کە بەهۆی بومەلەرزە وێرانکەرەکەی تورکیاوە ئاوارەبوون و دوای ئەوەی، دوێنی باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە کارەکانی ناردنەوەی ٧٥ هاوڵاتی عێراقی و دەرکردنی بەڵگەنامەی تایبەتی بە مەبەستی گواستنەوەیان بۆ عێراق تەواوکرد. 6ی ئه‌م مانگه‌ بومه‌له‌رزه‌یه‌كی به‌هێز باكوری كوردستان، توركیا و سوریا و رۆژئاڤای كوردستانی گرته‌وه‌ و تائێستاش هه‌زاران كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و هه‌زاران بینا و باڵه‌خانه‌ش روخاون.  

هاوڵاتی وتەبێژێکی هاوپەیمانێتی ناتۆ وتی سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتییەکە یانس ستۆڵتنبێرگ ماوەی سەرۆکایەتییەکەی لە مانگی 10 تەواو دەبێت، وەکو چۆن پلانی بۆ داندراوە. ئەمەش دوای ئەوەی ڕۆژنامەیەک بڵاویکردەوە هەوڵی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی دەدرێت. وتەبێژی هاوپەیمانێتی ناتۆ ئۆوانا لونگیسکو وتی " ئەرکەکەی سکرتێری گشتی یانس ستۆڵتنبێرگ سێ جار درێژکراوەتەوە، بۆ ماوەی نزیکەی 9 ساڵ خزمەتی کردووە." وتیشی،"ماوەی سکرتێری گشتی لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ کۆتایی دێت و نیازی نییە داوای درێژکردنەوەیەکی دیکەی ڕاسپاردەکەی بکات". ئەمەشلەکاتێکدایە،لە ماوەی ڕابردوودا ڕۆژنامەی وێڵت ئەم سۆنتاگی ئەڵمانی بڵاویکردەوە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی ستۆڵتنبێرگ جارێکی دیکەش درێژ دەکرێتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هاوپەیمانێتییەکە دەیەوێت جێگیریی ناو ناتۆ لە ماوەی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا بپارێزێت. ستۆڵتنبێرگ لە ساڵی 2000 بۆ 2001 و دواتریش لە ساڵی 2005 ەوە بۆ ساڵی 2013 وەکو سەرۆک وەزیری نەرویج کاری کردووە، ساڵێک دوای ئەوە وەکو سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ دەستنیشانکرا. وەکو وەزیری دارایی و وەزیری وزەش کاری کردووە. هاوکات،تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نەدراوە سەبارەت بەوەی کێ شوێنی ستۆڵتنبێرگ دەگرێتەوە، بەڵام سەرۆک وەزیری ئیسپانیا پێدرۆ سانچێز و وەزیری بەرگری بەڕیتانیا بێن واڵاس لە نێو ئەو کەسانەدان کە کاندید کراون بۆ پۆستەکە.

هاوڵاتی وەزیری کشتوکاڵی تورکیا له‌باره‌ی بەنداوەکانی وڵاته‌كه‌ی له‌ دوای بومه‌له‌رزه‌ به‌هێزه‌كه‌ "دڵنیایی"دا كه‌ هەمو بەنداو و وێستگەکانی کارەبای وڵات لە دۆخێکی باشدان و کاریگەرییان لەسەر نەبوە، هه‌ندێك له‌ شارەزایانیش ده‌ڵێن، بەنداوەکانی تورکیا هەرچەندە هۆکاری راستەوخۆی بومەلەرزەکە نەبون، بەڵام بەشدارییان کردوە لە زیادکردنی هێزی بومەلەرزەکەی تا ئەوڕادەیەی کە بوەتە وێرانکەر. دوای بڵاوبوونەوەی چەند دەنگۆیەک سەبارەت بە تەقینی بەنداوەکان بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەڕەشی باکووری کوردستان، ڤاهیت کیریشچی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-2-2023، سەردانی پارێزگای ئەدەنەی کرد و رایگەیاند، "بەنداوەکان پشکنینیان بۆ دەکرێت و لە هیچیاندا دزەی ئاو بەدی نەکراوە". ئاماژەی بەوەشکرد، تیمە تەکنیکیەکان پشکنین و چاودێری بەنداو و وێستگەکانی کارەبا ده‌كه‌ن بۆ دڵنیابون لە سەلامەتییان، به‌ڵام "هیچ دزەکردنێک نییە، چ لە بەنداوەکان و چ لە وێستگەکانی کارەبای ئاویدا". وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا ئاشکرایکرد، 110 بەنداو و 30 پۆند لە ناوچەی بوومەلەرزەلێدراو هەن و گوتی: "لەو 140 بەنداو و پۆندەدا هیچ کێشەیەک دروستنەبووە و رۆژانە پشکنینیان بۆ دەکرێت. لە 132یاندا تیمەکانمان دڵنیابوونەتەوە لەوەی هیچ بەهاناوەچوونێک پێویست نییە. پشکنینی هەشت بەنداویش بەردەوامە". بومەلەرزە وێرانکەرەکەی 6ی ئه‌م مانگه‌، زیانێکی زۆری ماددی و مرۆیی لێكه‌وته‌وه‌، هەروەها مشتومڕێکی بەرفراوانی لەسەر سەلامەتی بەنداوەکان لە هەردو وڵاتی تورکیا و سوریا دروستکردوه‌. بەوتەی شارەزایان، بەنداوەکانی تورکیا هەرچەندە هۆکاری راستەوخۆی بومەلەرزەکە نەبون، بەڵام بەشدارییان کردوە لە زیادکردنی هێزی بومەلەرزەکە تا ئەوڕادەیەی کە بوەتە وێرانکەر، بەو پێیەی ئەو بەنداوانە لە ناوچەکانی چالاکیی بومەلەرزەیی مەترسیدار و چالاکدا هەڵکەوتون. شارەزایان دەڵێن، ئەو بەنداوانە کاریگەرییان لەسەر توێکڵی زەوی و ژێر خاکەکەی هەیە، بەوپێیەی ئاو لە درزەکانەوە دەڕژێتە ناو زەوی و دادەبەزێت بۆ ناو حەوزەکانی ژێر زەوی و دەبێتە هۆی پرۆسەی فراوانبون یان شکانەکانی ناو حەوزەکان و خلیسکانیان. ژمارەی بەنداوەکانی تورکیا 579 بەنداوە، کە کۆگاکەیان 650 ملیار مەتر سێجا ئاوی تێپەڕاندوە و بەنداوی ئەتاتورک و کەبان گەورەترین بەنداون لە وڵاتەکەدا. رۆژی 6-2-2023 پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان بە بوومەلەرزەیەکی 7.8 پلەی رێختەر هەژا. تائێستا زیاتر لە 24 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 80 هەزار کەسیش بریندارن.

هاوڵاتی لە هێرشێکی چەکداری داعشدا لە ناوەڕستی سووریا، 11 کەس کوژران کە یەکێکیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانە. بە گوێرەی هەواڵێكی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ چەکدارانی داعش لە رۆژهەڵاتی شاری حمس هێرشیان کردووتە سەر 75 کەس کە سەرقاڵی کۆکردنەوەی دومەڵان بوون. لەو هێرشەدا 10 هاووڵاتی سڤیل و ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی سووری گیانیان لەدەستدا و 64 کەسیش بێسەروشوێنن. ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا (سانا) لەوبارەیەوە رایگەیاند، چەکدارانی داعش بە چەکی "رەشاش" هێرشیان کردووەتەوە سەر هاووڵاتیان و لەنێو کوژراوەکاندا، ژنێک هەیە، 10 کەسی دیکەش برینداربوون. هاوکات  دکتۆرێکی نەخۆشخانەی نیشتمانی پالمیرا دکتۆر وائل جیهاد ئەنتاکلی لەلێدوانێکیدا بۆ ئەو ئاژانسە گوتی کە تەرمی چوار کەس کە ئافرەتێکیان تێدایە گەیشتوونەتە نەخۆشخانە و جگە لەوان 10 کەس بە برینداری گەشتونەتە ئێرە و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە . 

هاوڵاتی رێکخەری فریاگوزاری خێرای نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ژمارەی قوربانیەکانی بومەلەرزەکەی باکوری کوردستان و تورکیا – رۆژئاوای کوردستان و سوریا دوو ئەوەندە زیاد دەبێت. مارتن گریفیتس رێکخەری فریاگوزاری خێزای نەتەوە یەکگرتووەکان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سکای نیوز رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت دەیان هەزار کەسی دیکە لە بومەلەرزەکەی تورکیا و سوریادا گیانیان لەدەست بدەن و وتی، " ئەمە دۆخێکی مەترسیدارە. ئەم دۆخە بە راستی وڵامێکی توندی سروشتیە. تاوەکو ئێستاش زۆر کەس لەژیر باڵەخانە داڕماوەکاندان. بۆیەش تاوەک ئێستا ئاماری راستەقینەمان رانەگەیاندووە. مارتن گریفیتس دەشڵێت، ٧٢ کاتژمێر دوای بومەلەرزەکە وەک 'کاتی زێڕین' دەزانرێت، بەڵام ئەو کاتە تیپەڕیوە و تاوەکو ئێستا هەندێک مرۆڤ هەیە کە زیندوون و دەرنەهێنراون. زەحمەتە بڕیار بدرێت، کەی کۆتایی بە هەڵمەتی رزگارکردن دەهێندرێت. ستیفان دوجاریک وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە بەرنامەی تۆدەی رادیۆی چواری بی بی سی وتی، بۆ ئەوەی تیمەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بگەنە هەندێک ناوچەی سوریا، دانوستان بەردەوامە و داوای لە وڵاتان کرد پشتیوانی و هاوکاری لەم رووەوە بکەن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی دوایین ئامار، لە باکوری کوردستان و تورکیا، ٢٤ هەزار و ٦١٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٨٠ هەزار و ٢٧٨ کەسیش بریندارن.

هاوڵاتی بەهۆی بومەلەرزە وێرانکەرەکەی تورکیا وسوریاوە، ئەرمینیا وتورکیا دوای ٣٥ ساڵ دەروازە سنوریەکانیان کردەوە، ئەو دەروازەیەش دەکەوێتە  سنوری ئالیجان و ئەرمینیا لەڕیگەیەوە هاوکاریە مرۆیەکان دەگەێنێتە تورکیا. سەردار کلێچ، نێردەی تایبەتی تورکیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا وئەرمینیا  لە تویتێکدا رایگەیاند، " هەمیشە ئەم هاوکاریی و بەخشندەییەی  خەڵکی ئەرمینیام لەبیر دەمێنێتەوە کە خەڵکی ئەرمینیا  بۆ کەمکردنەوەی ئازار و مەینەتیەکانی گەلەکەمان لە ناوچە بومەلەرزە  لێدراوەکانی تورکیا ناردویانە". هاوکات سەردار کلێچ لە تویتەکەیدا چەند وینەیەکی بارهەڵگرەکانی ئەرمینیای بڵاوکردۆتەوە کە بە دەروازەی سنوری ئالیجاندا تێدەپەڕن و هاوکاریەکان دەگەێننە تورکیا. لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا ساڵی ٢٠٢١ لەڕێگەی نێردەی تایبەتیەوە هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەرمینیادا داوە. دواین جار کە ئەو دەروازانە بەکارهاتبن لەلایەن تورکیا و ئەرمینیاوە، ساڵی ١٩٨٨ بوو کە بومەلەرزەیەکی وێنرانکەر بەپلەی ٦.٨ پلەی ڕێختەر باکوری ئەرمینیای هەژاند و زیاتر لە ٢٥ هەزار قوربانی لێکەوتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە تورکیا وئەرمینیا  هەمیشە پەیوەندیەکانیان گرژی وئاڵۆزی تیدابووە ئەوەش بەهۆی جینۆسایدی ئەرمەنەکان لەسەردەمی عوسمانیەکاندا.