هاوڵاتی لەگەرمیان بۆ كەمكردنەوەی گازە ژەهراوییەكان و بەرهەمهێنانی كارەبا لەو گازەی كە لە كێڵگە نەوتییەكان بەفیڕۆ دەچێت و دەبێتە هۆی پیسبونی ژینگە، بۆ یەكەمجار لە هەرێمی كوردستان و عیراق لەگازی بەفیڕۆچوی كێڵگە نەوتییەكانەوە كارەبا بەرهەمدەهێنرێت. لەوبارەیەوە فەرمانگەی میدیاو زانیاری هەرێم بڵاویكردۆتەوە، وێستگەی كارەبای 165 مێگاواتی گەرمیان كە لەگازی بەفیڕۆچوی بیرە نەوتییەكانی حەسیرە كارەبا بەرهەمدەهێنێت ساڵی 2021 كارەكانی دروستكردنی تەواو بوەو دەستی بە بەرهەمهێنان كردوە، ئێستاش 118 هەلی كاری ناوخۆیی بۆ دانیشتوانی ناوچەكە رەخساندوە. ئاماژەشیكردوە، روبەری وێستگەی كارەبای 165 مێگاواتی گەرمیان 35 دۆنم زەوییەو پێكهاتوە لە 180 موەلیدەو 45 گۆڕەڕ، توانای بەرهەمی كارەبای هەر موەلیدەیەكیش 0.9 مێگاواتە، ئەمە جگە لەوەی كە بەرهەمی رۆژانەی ئەو وێستگەیە زیاتر لە 100 مێگاواتەو هەوڵەكانیش بۆ زیادكردنی ئەو رێژەیە بەردەوامن. راشیگەیاندوە، ئەم وێستگەیە جگە لە سودە ئابورییەكەی، سودێكی زۆریشی بۆ زیادكردنی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا لە سنوری ئیدارەی گەرمیان دەبێت.  

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 13ی3ی2023 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى كۆمارى ملليى چين به‌ سه‌رۆكايه‌تيى ژوو ‏ڕووى، یاریدەدەری وەزیر لە فه‌رمانگه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى کۆمیتەی ‏ناوەنديی پارتى كۆمۆنيستى چین و شاندێكى ياوه‌رى كرد.‏ له‌و دیدارە ، كه‌ باڵيۆزى چين له‌ به‌غدا و به‌رپرسان له‌ كونسولخانه‌ى ‏گشتيى چين له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ى بوون، په‌يوه‌ندييه‌كانى چين له‌گه‌ڵ عێراق و ‏هه‌رێمى كوردستان، دۆخى عێراق و ئاڵنگارييه‌كانى به‌رده‌مى، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ‏ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، تاوتوێ كرد.‏ هه‌ردوولا به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى چين له‌گه‌ڵ عێراق و ‏هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانن و خوازيارى بره‌ودان به‌ هاريكاريى نێوانيانن، به‌تايبه‌تى ‏له‌ بوارى بازرگانى و كولتووريدا. هه‌ر له‌م باره‌يه‌وه‌ باس له‌ كار و چالاكييه‌كانى ‏كۆمپانيا چينييه‌كان له‌ عێراق كرا.‏ لەبارەی كێشه‌كانى هه‌ولێر  و به‌غدا، سه‌رۆكی هەرێم،  جه‌ختى له‌وه‌ ‏كرده‌وه‌ كه‌ جێبه‌جێكردنى سيستمى فيدرالى له‌ عێراق و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان ‏له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور، ده‌بێته‌ هۆى سه‌قامگيرى و بره‌ودانى زياتر به‌ بوارى ‏ئابوورى. هه‌روه‌ها خواستى هه‌رێمى كوردستانى دووپاتكرده‌وه‌ بۆ سوودمه‌ندبوون له‌و ‏پرۆژانه‌ى چين له‌ عێراق ئه‌نجاميان ده‌دات.‏ هەروەها ، تەوەرێکی تر گفتوگۆکانی نێوانیان پەیوەست بوو به ، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌، ‏شه‌ڕى دژى تيرۆر و دوايين گۆڕانکارییەکانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى.

ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێ‌ ئاسمان ساماڵ‌ ده‌بێت و پله‌كانی‌ گه‌رما به‌ نزمی‌ ده‌مێننه‌وه‌. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ كه‌شناسی‌ هه‌رێم له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌‌‌ 13ی‌ 2 ئاسمان ساماڵ دەبێت". دەربارەی پڵەکانی گەرما ، كه‌شناسی‌ ده‌ڵێت: "پله‌كانی گه‌رما نزیک دەبێتەوە بە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، خێرایی با  5 – 15  كیلۆمه‌تر ده‌بێت له‌ كاتژمێرێكدا و ئاراسته‌ی با باكووری خۆرئاوا و مه‌ودای بینین 8 - 10 كیلۆمه‌تر ده‌بێت". باسی ئەوەشی کردوە "سبه‌ینێ‌ سێشه‌ممه‌ 14 2 ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە بە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ". ئاماژەی داوە كه‌ "خێرایی با  5 – 15 كیلۆمه‌تر ده‌بێت له‌ كاتژمێرێكدا و ئاراسته‌ی با باكووری خۆرئاوا و مه‌ودای بینین  8 - 10 كیلۆمه‌تر ده‌بێت".

لە فڕۆكەخانەی هەولێر بڕیاری فرۆشتنی 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار كەوتەبواری جێبەجێكردنەوە هەروەها فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیش ڕایگەیاند: له داهاتوییەکی نزیک بڕیاری 100دۆلار بە 132هەزار جێبەجێدەکەین . ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕایگەیاند، بانكی ناوەندی عێراق رەزامەندیدا كە لە ئەمڕۆوە فڕۆكەخانەی هەولێر 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار لە رێگەی ئاڕتی بانكەوە بە گەشتیاران بفرۆشێت. وتیشی، هەر گەشتیارێك دەتوانێت 7000 دۆلار لە فڕۆكەخانەی هەولێر بگۆڕێتەوە و بڕیارەكەش تەنها بۆ ئەو گەشتیارانەیە كە لە هەرێمەوە بۆ دەرەوە گەشت دەكەن و ئەو كەسانە ناگرێتەوە كە لە دەرەوەی وڵاتەوە دێنە هەرێم. لای خۆشییەوە دانا محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی راگەیاند، هەموو ئامادەكارییەك كراوە بۆ كردنەوەی لقی ئەو بانكانەی كە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە رێگەپێدراون باسی ئەوەشی کرد، دوای تەواوبوونی رێكارە كارگێڕی و دارایی و یاساییەكان لە فڕۆكەخانەی سلێمانیش لە داهاتوویەکی نزیکدا بڕیارەكە جێبەجێ دەكرێت. لەماوەی ڕابردوو بەهۆی بەرزبونەوەی، بەرچاوی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار بانکی ناوەندی عێراق و حکومەتی عێراق کۆمەڵێک بڕیار و ڕێکارییان ، گرتۆبەر بۆ دابەزاندن و جێگیرکردنی نرخی دۆلار، ئەم هەنگاوەی فڕۆکەخانەکانیش ، لە چوارچێوەی ئەو  ڕێکارانە دێت.

هاوڵاتی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئامژاه‌ی به‌وه‌كردووه‌، ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی (17ـی شوبات 2023)، كه‌مپینی كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك و هاوكاری بۆ لێقه‌وماوانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا، باكووری كوردستان، سووریا و رۆژئاوای كوردستان كۆتایی دێت. راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (13ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023) ده‌رچووه‌ و تێیدا هاتووه‌، بۆ ئەوەی پرۆسەی گەیاندنی کۆمەک و هاوكارییه‌كان بە لێقەوماوانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا، باكووری كوردستان، سووریا و رۆژئاوای كوردستان بە خێرایی بەڕێوە بچێت، کەمپەینە لە ئێوارەی رۆژی هەینی 17ی شوباتی 2023 کۆتایی دێت. له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، ئەو کۆمەکانەی کۆکراونەتەوە، لە لایەن تیمەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و خۆبەخشەکان پۆڵێن و ئامادە دەکرێن و رۆژانە بۆ هاوکاری لێقەوماوان رەوانەی تورکیا و سووریا دەکرێن. وه‌زاره‌تی ناوخۆ سوپاسی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت،  "سوپاس و پێزانینی زۆرمان بۆ کوردستانیانی ئازیز هەیە کە وەکو هەمیشە بەشدارییەکی کاراییان لەو کەمپەینە کردووە و ماڵ و کەلوپەلی خۆیان و سەروەتیان لەگەڵ لێقەوماوان بەش کردووە." ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان: دوای فەرمانی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی بومەلەرزە لە تورکیا و سوریا و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ ڕاسپاردنی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە سەرپەرشتیکردنی کەمپەینی هاونیشتیمانیانی کوردستان بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک، سوپاس و پێزانینی زۆرمان بۆ کوردستانیانی ئازیز هەیە کە وەکو هەمیشە بەشدارییەکی کاراییان لەو کەمپەینە کردووە و ماڵ و کەلوپەلی خۆیان و سەروەتیان لە گەڵ لێقەوماوان بەش کردووە. ئەو کۆمەکانەی کۆکراونەتەوە، لە لایەن تیمەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و خۆبەخشەکان پۆڵێن و ئامادە دەکرێن و ڕۆژانە بۆ هاوکاری لێقەوماوان ڕەوانەی تورکیا و سوریا دەکرێن.  بۆ ئەوەی پرۆسەی گەیاندنی کۆمەک بە لێقەوماوان بە خێرایی بەڕێوە بچێت، ئەو کەمپەینە لە ئێوارەی هەینی ١٧ی شوباتی ٢٠٢٣ کۆتایی دێت.

هاوڵاتی لە ناوچەی دەفنەی پارێزگای هاتای کە بومەلەرزەکە کاریگەریەکی زۆری لەو ناوچەیە دروست کردووە، سێ کەس کە پیکابێکیان پێبووە و کەلوپەلی ماڵانیان بار کردبوو، لەلایەن هەندێک کەسی دیکەوە بە لێدان و ئەشکەنجە کوژران. رۆژی ٦ی شوباتی ئەمساڵ بومەلەرزەیەکی بەهێز کە ناوەندەکەی پارێزگای مەرەشی باکوری کوردستان بوو روویدا و کاریگەری لەسەر ١٠ پارێزگای تورکیا و باکوری کوردستان و چوار پارێزگای سوریا و رۆژئاوای کوردستان دروست کرد. لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا دیمەنێکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەتەوە کە سێ کەس بە دەموچاوی خوێناویەوە لەسەر زەوی کەوتون. باسی ئەوە دەکرێت کە ئەو سێ کەسە لە هاتای دەستیان بە تاڵانی کردووە و کەلوپەلی ماڵانیان دزیوە. بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە لە تۆڕەکاندا بڵاودەکرێنەوە، سێ کەسەکە بە ئەشکەنجە و لێدان کوژراون. لە ماوەی چەند رۆژی دوای بومەلەرزەکەی ٦ی شوباتدا، چەندین دیمەنی بەم شێوەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبوونەتەوە کە سەربازانی تورکیا، چەندین کەس بە تۆمەتی دزیکردن لە باڵەخانە رووخاوەکاندا ئەشکەنجە دەدەن. بەگوێرەی ئامارێکی ئاژانسی ئەنادۆڵۆی فەرمی تورکیا، تاوەکو ئێستا نزیکەی ١٠٠ کەس لەو شارانەی کە زیانیان بەرکەوتووە، بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکراون.

هاوڵاتی پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە سەرەتای بومەلەرزەکەی ٦ی شوباتەوە لە شارە زیانلێکەوتووەکان چاودێری دۆخی هاوڵاتیان و هەڵمەتی رزگاکردن دەکەن رایاگەیاند، دەسەڵات هیچ سیاسەتێکی بۆ رزگاکردنی هاوڵاتیان نییە و رێگری لە هاوکاریەکان دەکات و هەوڵی راگواستانی هاوڵاتیە کوردەکان دەدات. موراد ساریساچ پەرلەمانتاری هەدەپەی شاری وان کە سەردانی مەرەش، ئەلبیستان، بازارجخ، ئەنتالیا و ئەسکەندەرۆنی کردووە بۆ میدیاکانی باکوری کوردستان قسەی کرد و وتی، " دەسەڵات لە بازارجخ، ئەلبیستان و مەرەش هەوڵی رزگارکردنی هاوڵاتیان نادات. دوو رۆژی سەرەتای بومەلەرزە زۆر گرنگە. بەڵام دەسەڵات لەو دوو رۆژەدا هیچ هەوڵێکی نەدا. هاوڵاتیان خۆیان هەوڵی رزگارکردنی کەسوکاریان ددەن." ساریساچ باسی ئەوەشی کرد کە دەسەڵات هیچ سیاسەتێکی بۆ خاوەنداریکردن لە هاوڵاتیان نییە. بە تەنیا سیاسەتی شەڕی هەیە. زیانێکی زۆری ماددی و گیانی هەیە، لە ئیستاشدا هاوڵاتیان بێ پەناگە لە کەشێکی زۆر سارددا ژیان بەسەر دەبەن. موئەزەز ئۆرهان پەرلەمانتاری هەدەپە کە لە شاری ئیسلاحیەی دیلۆکە بۆ میدیاکان باسی دۆخی ئەو شارەی کرد لەدوای بومەلەرزەکەوە. موئەزەز ئۆرهان وتی، " ٧٠٪ی خانوو و باڵەخانەکانی ئیسلاحیە رووخاون. ئەوانەی دیکەش زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە. بەگوێرەی ئامارە فەرمیەکان ٨٣٠ کەس گیانیان لەدەستداوە لەم شارەدا، بەڵام زۆر کەسی دیکە هێشتا نەدۆزراونەتەوە. ئورهان دەشڵێت، دوێنێ سێ کەس بە زیندوویی لەژێر خانووە رووخاوەکاندا دەرهێنراون، تاوەکو ئێستاش هیوایەک هەیە، بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە لە سەرەتای بومەلەزەکەدا دەستبەجێ کاری نەکرد. بەڵام بەداخەوە بەهۆی کەموکورتیەکان بە هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا.

هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا  ڕوسیا بەرزترین ڕێژەی قوربانی هەبووە لە بەرەکانی جەنگدا . ئەم قسەیەی وەزیری بەرگری بەریتانیا لەسەر بنەمای ئەو داتایانەیە کە بەرپرسانی سەربازی ئۆکرانیا خستویانەتە ڕوو،کە تیایدا لە هەفتەی ڕابردوتا ڕوسیا بە نزیکەی ڕۆژانە 824 قوربانی هەبووە. ئەو وەزارەتە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە زیادبوونی قوربانییەکانی ڕووسیا بە هۆی چەند هۆکارێکەوە کە بریتین لە نەبوونی سەربازی ڕاهێنراو و هەماهەنگی و سەرچاوەکان لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ. هاوکات، لە پەیامە ڤیدیۆییەکەی  شەوی یەکشەممەیدا ، ڤۆلۆدیمەر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ستایشی هەوڵەکانی کرێکارانی کرد بۆ گەڕاندنەوە و چاککردنی وێزدگەکانی کارەبا و وزەی وڵاتەکەی  کە بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکییەوە لە لایەن ڕووسیاوە لە ڕۆژی هەینیدا تێکشکێنران. وتیشی،" ئەو ڕاستییەی دوای هێرشێکی موشەکی بەوشێوەیە  گەورە لەم هەفتەیەدا، بتوانین  ڕۆژێکی ئاوا ئاشتییانە پڕوزەمان هەبێت، پرۆفیشناڵبوونی کرێکارانی وزەمان دەسەلمێنێت". هاوکات ڕوسیا لە کۆتایی هەفتەدا بەردەوام بوو لە تۆپبارانەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا و لە کاتی هەوڵدان بۆ وەرگرتنی زەوی زیاتر لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، شارەکان تۆپباران دەکات. سیرهی لیساک، پارێزگاری هەرێمی دنیپرۆپتۆڤسک، ڕایگەیاند، کە لە هێرشەکەی سەر نیکۆپۆلی شاریک لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ناوچەکە، کەسێک کوژراوە و کەسێکی دیکەش برینداربووە هێرشه که ی ڕوسیا چوار بینای نیشتەجێبوون و قوتابخانەیەکی پیشەیی و ئاسانکاری چارەسەری ئاویان تێکداوە. سوپای ئۆکرانیاش ڕایگەیاند کە شەوی شەممە پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی  ڕووسیایان لە  ناوچەی زاپۆریزهژیا و دۆنتسک تێکشکانووە. ئۆلیکسی دانیلۆڤ سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرگری ئۆکرانیا شەوی شەممە بە تەلەڤزیۆنی ئۆکرانی گوت: "ڕوسیا کێشەی گەورەیان هەیە لە تەکنیکەکانیاندا بۆ ئەنجامدانی هێرشی بەرفراوان". له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌، لە یادی یەک ساڵەی دەستپێکی شەڕەکە نزیک دەبێتەوە.

هاوڵاتی بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دوای سەردانەکەی بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بومەلەرزەکەی 6ی شوبات داوای 43 ملیۆن دۆلار دەکات بۆ یارمەتیدانی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە. تێدرۆس ئەدهانۆم گابرەیسوس، بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، "ئەمڕۆ داوایەکمان بۆ تەرخانکردنی 43 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ پاڵپشتیکردنی هاوکاری بۆ تەندروستیی جیهانی کردووە." گوتیشی، ئەو بڕە بەگوێرەی زیادبوونی کاریگەرییەکانی بوومەلەرزەکە زیاد دەکات. ئەدهانۆم سەبارەت بە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی سوریا بەهۆی ئەو بەربەستانەی کە هەبوون لە بەرامبەر گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان رۆژی شەممە سەردانی حەلەبی کرد و گوتی، بەرپرسانی سووریا ئامادەییان دەربڕیوە دەروازەی زیاتر لەنێوان وڵاتەکەیان و وڵاتانی دیکە بکرێنەوە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان هاوکات  تائێستا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و هاوبەشەکانی 110 تۆن پێداویستیی پزیشکییان بەسەر ناوچە زیانلێکەوتووەکانی رۆژئاوی کوردستان و سووریادا دابەشکردووە. ئەمەشلەکاتێکدایە،ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕۆژی یەکشەممە داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە "دەستبەجێ دەنگ بدات" بۆ ڕێگەپێدان وداواکردنی گەیاندنی یارمەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆئەو ناوچانەی سوریا کە لەژێر دەستی  یاخیبوواندایە  لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی  تورکیاوە پاش بومەلەرزەی کوشندەی هەفتەی ڕابردوو. بەگوێرەی نووسینگەی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو ئێستا لانیکەم 4,300 کەس لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە و سەرووی 7600 کەسیش بریندار بوون. هەروەها بەگوێرەی دوایین ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەرەشی باکووری کوردستانەوە 29 هەزار و 605 کەسیش لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە.  

هاوڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕۆژی یەکشەممە داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە "دەستبەجێ دەنگ بدات" بۆ ڕێگەپێدان وداواکردنی گەیاندنی یارمەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆئەو ناوچانەی سوریا کە لەژێر دەستی  یاخیبوواندایە  لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی  تورکیاوە پاش بومەلەرزەی کوشندەی هەفتەی ڕابردوو. لە ساڵی 2014ەوە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێر فەرمانی ئەنجومەنی ئاسایشدا توانیویەتی یارمەتیی بگەیەنێت بە  ملیۆنەها کەس لە بەشی باکووری ڕۆژئاوای سووریای بەڵام لە ئێستادا سنوردارکراوە بۆ بەکارهێنانی تەنها یەک دەروازەی سنووری، هەربۆیە ولایەتەیەکگرتووەکان داوای کردنەوەی سنورەکان دەکەن بۆ گەیاندنی هاوکاری. لیندا تۆماس گرینفیڵد باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆیتەرز گوتی: "لە ئێستادا، هەموو کاتژمێرێک بۆ ئێمە گرنگی هەیە" "خەڵکی ناوچە زیان لێکەوتووەکان پشتیان بە ئێمە بەستووە". ئەو وتی: "ناتوانین وازیان لێ بهێنین - پێویستە دەستبەجێ دەنگ بدەین بە بڕیارێک بۆ ئەوەی دەرگای سنوری زیاتر بکرێتەوە بۆ گەیاندنی یارمەتیە مرۆییەکان" "کاتی ئەوە هاتووە بە پەلە و مەبەست بجوڵێین". هاوکات  ڕۆژی یەکشەممە کاروانێکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە سوریا بۆ گەیاندنی یارمەتییە نێودەوڵەتیەکان لە ئێستادا ژمارەی قوربانیانی بەهۆی بومەلەرزەی کارەساتبارەوە کە لە تورکیا و سوریا کەوتبووە نزیکەی 33 هەزارکەسی تێپەڕاندووەو بەردەوامە لە بەرزبونەوە .

هاوڵاتی حکومەتی ئەرجەنتین  بەهۆی گەرماوە باری نائاسایی لە 9 هەرێمی باشوور و نێوەڕاستی ئەو وڵاتە راگەیاندووە. هاوکات داوای لە هاووڵاتیان کردووە، خۆیان لەخۆدانە بەر تیشکی خۆر بەدووربگرن. بە گوێرەی ئاژانسی کەشناسیی ئەو وڵاتە، دیاردەی نیوەبازنەیی باشووری، هۆکاری گەرماکەیە و لە بەشێک لە ناوچەکانی ئەو وڵاتە 42 پلەی سلیزی تۆمارکراوە ئەوەش بە بڕی 1.7 پلە لە بەرزترین پلەی گەرمی زیاترە، کە لە دوای ساڵی 1961ـەوە تۆمارکراوە. هاوکات ئەمڕۆ لە بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین، پلەی گەرما 38 پلەی سلیزییە و خەڵک بۆ خۆفێنکردنەوە پەنایان بۆ کەناراوەکان بردووە. ئەو شەپۆلە گەرمایەی رووی لە ئەرجەنتین کردووە، پلەی گەرمای بۆ بەرزترین بەراورد بە 60 ساڵی رابردوو، بەرزکردووەتەوە. زانای کەشناسی ئینزۆ کامپێتێلا بە ئاگینس پرێسی گوت لە کاتێکدا کە شەپۆلی گەرمی ناوبەناو ئاساییە، گۆڕانی کەش و هەوا وای لێکردوون لە هەموو کیشوەرێکدا "بەردەوامتر و چڕتر" بن، تەنانەت لە هەرێمی پاتاگۆنیای شاخاوی ئەرجەنتینیش. جێگەیباسە ئەمساڵ بۆ جاری پێنجەمە شەپۆلی گەرمای بەهێز روو لە ئەرجەنتین دەکات و حکومەت هۆشداری دەدات لەوەی گەرماکە زیانی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵی دەگەیێنێت. ساڵی رابردووش، دیاردەی لانینا پلەی گەرمای لە تەواوی ئەرجەنتین بەرزکردەوە و بە بڕی 10 ملیار دۆلار، زیانی بە دانەوێڵەی وڵاتەکە گەیاند.

پۆلیسی تورکیا لە شاری سەمسور 5 گەنجی کوردی دەستگیرکرد و ئەشکەنجەی دان، کە بە خۆبەخش لە ئامەدەوە بە مەبەستی رزگارکردنی هاوڵاتیان چوونەتە ئەو شارە. رەجەب تانریڤەردی، ئایدن تانریڤەردی، یوسف ئاباتای، ئیبراهیم تانریڤەردی و ئەرهان تانریڤەردی کە لە قایمقامی ناوچەی چناری ئامەد مۆڵەتیان وەرگرتبوو، کە بە شێوەیەکی خۆبەخش بەشداری لە هەڵمەتی رزگارکردنی لێقەوماوانی بومەلەرزەکە بکەن، لە سەمسور لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران. ئاژانسی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، ئەو گەنجانە دوێنێ تەرمێکیان لەژێر باڵەخانە رووخاوەکاندا دەرهێنابوو، بەڵام لەکاتی گەڕانەوەیاندا بۆ رزگارکردنی هاوڵاتیانی دیکە لەلایەن جەندرمەکانەوە وەک کەسانی گۆماناوی دەستگیرکران. جەندرمەکان ئەو 5 کەسیان رادەستی پۆلیس کرد. گەنجەکان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس ئەشکەنجەدران و دواتر بەبێ جلوبەرگ و بە رووتی لە شاری سەمسور دەرکران.  

ناڕەزایەتییەکان 149 رۆژە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە و رۆژنامەیەکیش 15 پلانی دەسەڵات بۆ زیادکردنی کۆتوبەند لەسەر دانیشتوانی وڵاتەکە ئاشکرا دەکات و لە جوانڕۆ لاوێکی 17 ساڵان بە بیانویی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان لە لایەن دادگاوە سزای زیندانیکردن و لێدانی قامچیی بەسەردا سەپێنرا و چەند چالاکوانێکی کورد و مامۆستایی ئایینیی بە دانانی بارمتە ئازادکران. دوو مامۆستای ئایینیی شاری پیرانشار ئازاد کران و لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە پێشوازییان لێکرا. ئەمڕۆ شەریف مەحمودپور و سلێمان ئەحمەدی دوای زیاتر لە 20 رۆژ دەستبەسەرکردن بە شێوەیەکی کاتی و بە دانانی بارمتەی 11 هەزار دۆلار تا رۆژی دادگایکردنیان ، ئازاد کران. لاوێکی تەمەن 17 ساڵی شاری جوانڕۆ بە ناوی کیانوش ئەعزەمی لە لایەن دادگاوە بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان سزای 10 مانگ زیندانیی لێدانی 74 قامچی بەسەردا سەپێنرا. کوردێکی خەڵکی شارۆچکەی بەهار لە هەمەدان بە ناوی قوباد یاریی بە بیانوی بونی 23 کتێبی کوردی لە مۆبایلەکەیدا 91 رۆژ زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە. لە لایەکی دیکەشەوە جەمال عەلیزادە، خەڵکی شاری نەغەدە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە دانانی بارمتەی 66 هەزار دۆلار تا بەڕێوچونی دادگا لە زیندان ئازادکرا. لێوردنی 100 هەزار کەس و ئازادکردنی تەنها 395 کەس رۆژنامەی (شەرق) لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە تا ئێستا 395 زیندانیی بەهۆی لێبوردنە گشتییەکەوە ئازاد کراون لە کاتێکدا بڕیارە ئەو لێبوردنە 100 هەزار زیندانیی بگرێتەوە. داواکاری گشتی ئێران رایگەیاندوە؛ ئەو کەسانەی دەستیان لە بڵاوکردنەوە و راگەیاندنی ژمارەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان هەبوە لێبوردنی گشتیی نایانگرێتەوە. عەلی خامنەی، رێبەری کۆماری ئیسلامی وەک هەمو ساڵیادەکانی دیکەی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، لێبوردنێکی گشتیی دەرکرد کە بڕیارە 100 هەزار دەستگیرکراو و بەندکراوی وڵاتەکە و رۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتەوە. ئەو رۆژنامەیە ئاشکراشی کردوە لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی مەرگی ژینا ئەمینی ، پەرلەمان و کابینەی حکومەت 15 پلانیان بۆ سنوردارکردن و سەپاندنی سەرپۆش و کۆنتڕۆڵی زیاتری کۆمەڵگا خستوەتەڕو کە هەوڵی جێبەجێکردنی دەدەن.   تمەن بەردەوامە لە دابەزین جارێکی دیکە بەهای تەمەن بەرامبەر دۆلار دابەزیی و میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتی ئێرانیش بەهای جیاواز و کەمتر لە نرخی راستەقینەی دۆلار بڵاو دەکەنەوە. ئەمڕۆ بەهای یەک دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران گەیشتە زیاتر لە 46 هەزار و 50 تمەن و ئەوەش بە ژمارەیەکی پێوانەیی بەهای دۆلار لەو وڵاتە ئەژمار دەکرێت. بەهای یەک یۆرۆ لە 50 هەزار تمەن نزیک بوەوە و هەر پاوەندێکی بەریتانی بۆ زیاتر لە 55 هەزار تمەن بەرزبوەوە. لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی تەسنیم سەر بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بڵاوی کردەوە کە بەهای یەک دۆلار لە بازاڕەکاندا بۆ 42 هەزار و 987 تمەن دابەزیوە. دابەزینی بەها لە بەرامبەر تەمەندا تەنها رۆژێک دوای بەڕێوچونی ساڵیادی 44 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێران رویدا کە دەیان بەرپرسی باڵا لە ساڵیادەکەدا بەڵێنی باشترکردنی دۆخی ئابوریی وڵاتەکە و بژێویی خەڵکیان دا. داوا دەکرێت سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆری ئەوروپا ئەمڕۆ یەکشەممە ژمارەیەک لە چالاکوانانی کورد و ئێران بە دانانی وێنەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە گۆڕەپانی سەرەکیی شاری پاریس داوایان کرد سوپای پاسداران کە بکوژی زۆربەی ئەو کەسانەیە بخرێتە لیستی تیرۆری ئەوروپا. سەرۆک کۆماری ئێران جەخت لەسەر پۆش دەکاتەوە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبونەوەی کابینەی حکومەتەکەی رایگەیاند؛ جێبەجێکردنی سەرپۆش بۆ کۆماری ئیسلامی بناغەی سەرەکییە و دەبێت سەرجەم دامودەزگاکان هەوڵ بدەن بۆ رازیکردنی کۆمەڵگە لە پێناو جێبەجێکردنی سەرپۆش. لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی، کە بە بیانوی نەگونجابونی سەرپۆش دەستگیرکرا و دوای سێ رۆژ بێهۆشبون گیانی لەدەستدا ئەوە یەکەمجارە دوای پێنج مانگ ناڕەزایەتیی دژی کۆماری ئیسلامی، ئیبراهیم رەئیسی جەخت لە جێبەجێکردنی سەرپۆشی زۆرەملێ دەکاتەوە.   ئێران چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی ژنان جیا دەکاتەوە شادی مەلەکی، بەڕێوبەری ناوەندنی تاقیکردنەوەی ئۆتۆمبێل لە تاران رایگەیاند؛ بۆ یەکەمجار شوێنێکی تایبەت بە چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی خانمان لە تاران دامەزراوە کە سەرجەم وەستا و کارمەندەکانی لە ژنان و کچان پێکهاتون. مەلەکی ئاماژەی بەوەکردوە ئەو شوێنە کە تایبەتە بەو خانمانەی کە خاوەنی ئۆتۆمبێلن یان شۆفێریی دەکەن، رۆژانە توانای تاقیکردنەوەی 700 ئۆتۆمبێلی لەسەر دەستی خانمان هەیە و دەیان ئۆتۆمبێلیش کە کێشەیان هەیە لە لایەن ئەو خانمانەوە چاک دەکرێنەوە.    

ماوەیەکە بڵاوبونەوەی دراوی ساختە لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان زیادی کردوە بۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەکەن زیاتر چاوکراوە بن لە کاتی مامەڵەکردن . وەزارەتى دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەک شەممە 12ی2 لە هۆشداری نامەیەکدا ڕایگەیاند، ماوەیەکە بڵاوبونەوەی دراوی ساختە لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان زیادی کردوەو وەزارەتی دارایی و ئابوریش داوا لە هاوڵاتیان دەکات زیاتر  چاو کراوە بن لە کاتی مامەڵەکردن بە جۆرەکانی دراو تا توشی زیان نەبن.    باسی ئەوەشی کردووه، لەو چوارچێوەیەشدا بەڕێوبەرایەتی بانکی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی خولی هۆشیاری بۆ خەزنەداری بانکەکان کردۆتەوە تا زیاتر چاو کراوە بن لەکاتی مامەڵەکردن بەدراوەکان، بڕیاریشە خولی هۆشیاری بۆ فەرمانگەکان و نوسینگەو کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو بکرێتەوە تا هەموان زیاتر بەئاگا بن لە بڵاوبونەوەی دراوی ساختەو مەترسیەکانی.   وەزارەتەکەی حکومەتی هەرێم دەڵێت، لەماوەی ڕابردوشدا لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەست بەسەر بڕێکی زۆر دراوی عێراقی ساختە لە جۆری 25 هەزاری و 50 هەزاری و دۆلاری ئەمریکی ساختە لەجۆری 50 دۆلاری و 100 دۆلاریدا گیراوەو ڕێکاری یاسایی پێویست لەوبارەیەوە ئەنجام دراوە. وەزارەتی دارایی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هۆشدارییەکە، وێنەی دراوەساختەکان کە دەستیبەسەر گیراوە بڵاوکردەوه.

شەوی رابردوو لە پارێزگای موسەننای باشووری عێراق، لە روبەڕوبوونەوەیەکدا،ئەفسەرێک و دوو ئەندامی باندێک کوژران.   لەم بارەیەوە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دوێنێ شەممە، 11ی2ی2023، بڵاویکردەوە، لە ناوچەی ئوم عەسافیر لە باکووری پارێزگاری موسەننا، رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزێکی پۆلیسی پارێزگای موسەننا و باندێکی مادەی هۆشبەر و دزی روویدا.    بەپێی راگەیێندراوەکەدا، لە ئەنجامی شەڕەکە دوو ئەندامی باندەکە کوژران و دووی دیکەی برینداربوون، ئەفسەرێکیش کوژراوە. بەپێی زانیاری وەزارەتی ناوخۆی عێرق ، باندەکە مانگی رابردوو هەڵاتبوون و هێزەکانی پۆلیسی بەدواوەیان بوون.     ئەو ئەفسەرەی کوژراوە پلەکەی ملازمی یەکەمە و ناوی عەبدوڵڵا کامل بەراکە و لە بەڕێوەبەرایەتیی تاوانی موسەننا کاری کردووە.    ژمارەی ئەو کەسانەی لە 10 مانگی ساڵی 2022دا بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون 13 هەزار و 680  کەسە؛ تەنیا لە مانگی تشرینی یەکەم هەزار و 360 کەس دەستگیر کراون. وێنەی ئەفسەرە کوژراوەکە