هاوڵاتی شاندی عێراق و ئەمریکا لە واشنتۆن کۆبوونەوە و کۆبوونەوەکە بە سەرکردایەتی وەزیری دەرەوەی هەردوو وڵات بەڕێوەچووە، لە کۆبوونەوەکەدا سێ پرسی سەرەکی تاوتوێکراون کە بریتریبوون لە نرخی دینار بەرامبەر دۆلار و سیستەمی دارایی، وزە، ژینگە. لیژنەی باڵای هەماهەنگی ئەمریکا و عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوای کۆبوونەوەی شاندی عێراق و ئەمریکا کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە لە واشنتۆن ئەنجامدرا راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە،هەردوو شاندەکە قوڵکردنەوەی پەیوەندی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتۆن لە تەواوی پرسەکانی نێوان هەردوو لایەندا دوپاتکردەوە. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەی نێوان ئەمریکا و عێراق ، هەردوولا باسیان لە ئاستەنگەکانی بەردەم ئابوری عێراق کردووە، لەوانەش نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دینار و ئەمریکا پێشوازی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق کردووە بۆ دەرکردنی چاکسازی ئابووری لە بواری سیاسەتی دراو و مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و دارایی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و رێگریکردن لە دەستکاریکردنی سیستەمی دارایی. هەروەها ئەمریکا چاکسازییەکانی حکومەتی عێراقی بۆ پرەودان بە ئابووری عێراق لە بەهێزکردنی بازاڕە دارایی و ئاڵوگۆڕەکان بە گرنگ ناوبردووە و شاندی ئەمریکی پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی عێراق بۆ بنیاتنانی توانای تەکنیکی و جێبەجێکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی سیستەمی بانکی لە تاوانە داراییەکان و سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆریستی نوێکردەوە. پرسی وزە یەکێک بوو لەو پرسانەی، هاوشانی دارایی بابەرتی سەرەکی بوو لە دانیشتنەکەندا و هەردوولا بڕیاریاندا هەوڵەکان زیاتر بکەن بۆ مۆدێرنکردنی ژێرخانی وزە و پەیوەندی ناوچەیی بە تۆڕی کارەبای عێراق و گەڕان بەدوای دەرفەتەکانی وزەی نوێبووەوە. هاوکات، شاندی ئەمریکا ستایشی پابەندبوونی عێراقی کرد بە پڕۆژەکانی پەیوەندیی کارەبایی ناوچەیی لەگەڵ ئوردن و سعودیە و دەسەڵاتی پەیوەندییەکانی GCC. سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی ، شاندی عێراق ڕایانگەیاندووە کە عێراق بەم نزیکانە ستراتیژییەکی گشتگیری حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بڵاودەکاتەوە. لە راگەیەندراوە هاوەبەشەکەدا باس لە هاوکارییەکانی ئەمریکا دەکات بۆ عێراق و تیایدا هاتووە واشنتۆن لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا زیاتر لە یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاری پەرەپێدان پێشکەش بە عێراق کردووە و ئەمریکا نیازی خۆی دەربڕی بۆ بەردەوامبوون لە هاوکارییە تەکنیکییەکانی بۆ باشترکردنی شێوازەکانی بەڕێوەبردنی ئاویش لە عێراقدا. راگەیەندراوە هاوبەشەکە ئەوەشی تێدا باسکراوە، ئەمریکا پێشوازی لە پێشهاتە ئەرێنییەکانی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و دانوستانە بەردەوامەکانی سەبارەت بە پرسی بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ و یاسای هایدرۆکاربۆنەکان کردووە. ئەم ڕاگەیەندراوە دوای سەردانەکەی شاندێکی عێراقی بۆ ئەمریکا بە سەرکردایەتیی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کە هاوکات جێگری سەرۆکوەزیرانیشەدێت. شاندەکەی عێراق بۆ ئەمریکا لە نوێنەرایەتیی بانکی ناوەندی، وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی نەوت، وەزارەتی پلاندانان، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی کارەبا و ئۆفیسی سەرۆکوەزیران و نوێنەرایەتیی گۆڕانی کەشوهەواو هەروەها نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون. هاوکات شاندە عێراقییەکە لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا؛ جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی؛ جۆن کێری، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ گۆڕانی کەشوهەوا؛ ئادیمۆ، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا؛ هۆشستین، نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ هاوئاهەنگیی وزەی جیهانی و ژێرخان لەگەڵ برێت مەکگۆرک، هاوئاهەنگکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوە و گەنجینە و وزە و ژووری بازرگانی پێکهاتبوون.
هاوڵاتی بەشێک لەو باڵەخانانەی کە لە شاری نورحەقی دیلۆکی باکوری کوردستان لە بومەلەرزەکەدا رووخاون، لەلایەن بەرپرسێکی ئاکەپەوە دروست کراون. کەناڵی خەڵک (هالک تی ڤی)، راپۆرتێکی لەبارەی ئەو باڵەخانانە بڵاوکردەوە کە لە شاری نورحەقی سەر بە پارێزگای دیلۆکی باکوری کوردستان، بەهۆی بومەلەرزەکەی ٦ی شوباتدا رووخاون. بەگوێرەی راپۆرتەکە، بەشێک لەو باڵەخانانەی کە لە بومەلەرزەکەدا رووخاون لەلایەن یونس کایا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاکە کە سەر بە پارتی داد و گەشەپێکدانە (ئاکەپە) دروست کراون. لە راپۆرتەکەدا، لێدوانی هاوڵاتیەک بەناوی ئونال یڵدرم وەرگیراوە کە کوڕەکە، براکەی و ژمارەیەک خزم و کەسوکاری لە بومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستداوە. ئونال یڵدرم دەڵێت، " ئەو باڵەخانەیەی کە کوڕەکەم و خزمەکانمی تێدا بوو، پرۆژەی یونس کایا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیۆلۆکە کە لە هەمانکاتدا، بەرپرسێکی پارتی داد و گەشەپێدانە. ئونال یڵدرم دەڵێت، " کوڕەکەم لە بانکی شارەکە کاری دەکرد. یونس کایا بە کوڕەکەمی وتبوو، ' شوقەی باشمان هەیە پێتی دەفرۆشم'. هات بە منی وت. ئاگادارم کردەوە کە پرۆژەکانی یونس کایا کوالیتیان باش نییە. لە ساڵی ٢٠٢٠دا شۆقەیەکی لێکڕی. دواتر ئاشکرا بوو، لە بناغەی باڵەخانەکاندا ئاو هەیە. پێم راگەیاندن کە سکاڵا تۆمار بکەن. وەک روباری ئاو لەژێر باڵەخانەکاندا هەڵدەقۆلا. بەڵام بە گوێیان نەکردم. باڵەخانەکەیان رووخا و کوڕەکەم، براکەم و زۆر لە کەسوکارم گیانیان لەدەستدا." لە راپۆرتەکەی کەناڵی خەڵک (هالک تی ڤی)دا هاتووە کە بە تەلەفون پەیوەندیان بە حەنەفی باشیبویوک سەرۆک شارەوانی شاری نورحەقەوە کراوە، بەڵام کە زانیویەتی بۆ کاری رۆژنامەنووسیە و راپۆرتەکە لەبارەی یونس کایا بەرپرسەکەی ئاکەپەوەیە، تەلەفونەکەی داخستووە و ئامادە نەبووە هیچ لێدوانێک بدات. لەلایەکی دیکەوە بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، تاوەکو ئێستا ١٢٤ وەبەرهێنەر دەستگیرکراون کە پرۆژە نیشتەجێبوونەکانیان لە بومەلەرزەکەدا رووخاون و خەڵکێکی زۆر تاوەکو ئێستاش لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندایە. ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، دەسەڵاتی ئاکەپە بەوە تۆمەتبار دەکات کە بۆ کۆکردنەوەی دەنگ، لە ساڵی ٢٠١٧دا، یاسای لێبۆردنی وەبەرهێنانی دەرکردووە و رێگەی بە وەبەرهێنەرەکان داوە کە باڵەخانە و پرۆژەی نیشتەجێبوونی ناکوالیتی دروست بکەن، بۆ ئەوەی لەسەر دەسەلات بمێنێتەوە. بەرپرسانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان لەم رۆژانەی دواییدا زۆر جار باسی ئەم پرسەیان کردووە. یەکێک لەو کەسانەی کە بە وردی تیشکی خستەسەر دەستگیرکردنی وەبەرهێنەران و پرسی وەبەرهێنان لە تورکیا، سەلاحەدین دمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە بوو. دەمیرتاش لە تویتێکدا رایگەیاندبوو، دەسەڵات بە دەستگیرکردنی وەبەرهێنەرەکان، تاوانەکانی خۆی پەردەپۆش بکات، لە کاتێکدا کە بەرپرسیاری سەرەکی بەرپرسانی باڵای دەسەڵاتن.
هاوڵاتی بومەلەرزەكەی رۆژی دووشەممە ٦ی شوبات، زیانێكی زۆری گیانی و ماددی لەسوریاو رۆژئاوای كوردستانیشی لێكەوتەوە. بومەلەرزەكە زیاتر پارێزگاكانی حەلەب، ئیدلب، حەما، لازقیە و كانتۆنی عەفرین و بەتایبەتی ناوچەی جندرێسی عەفرینی گرتەوە. لە رۆژئاوای كوردستان و سوریاش بەگوێرەی نوێترین ئامارەكان زیاتر لە پێنج هەزارو 800 كەس گیانیان لەدەستداوەو شەش هەزار كەسیش بریندار بوون. بەڵام رێك برێنن بەڕێوەبەری نووسینگەی باری لەناكاوی تەندروستیی جیهانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە سەردانی پارێزگای حەلەبی سوریای كردبوو رایگەیاند: تاوەكو ئێستا لانیكەم هەشت هەزارو ٥٠٠ كەس بەهۆی بوومەلەرزەكەوە لە رۆژئاوای كوردستان و سووریا گیانیان لەدەستداوە. بەتەنیا لەعەفرینی رۆژئاوای كوردستان هەزارو ١٢ كەس گیانیان لەدەستداوە كەزۆربەیان لەناوچەی جندرێسە كە بەگوێرەی ئاژانسە هەواڵییەكان ٩٠٪ی ناوچەكە وێران بووە. بەگوێرەی قسەكانی رێك برێنن، بەگشتی نزیكەی چوار هەزار كەس لەناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی سووریا و چوار هەزارو ٥٠٠ كەسی دیكە لەناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان و ناوچەكانی ژێر دەستی ئۆپۆزیسیۆن و گرووپە چەكدارەكان گیانیان لەدەستداوە. نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند، بوومەلەرزەكە بووەتە دەربەدەربوونی نزیكەی پێنج ملیۆن و ٥٠٠ هەزار هاووڵاتی سوریا. كەمترین هاوكاری گەیشتووەتە زیانلێكەوتووان بەوپێیەی كە وڵاتەكە بەسەر سێ دەسەڵات دابەشبووە، پرۆسەی گەیاندنی هاوكارییەكان بۆ زیانلێكەوتووان بەخاوی بەڕێوە دەچێت. خۆبەڕێوەبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا پرۆسەی هاوكاریكردنی زیانلێكەوتووانی دەستپێكردو چەندین بارهەڵگری پڕ لەپێداویستیە سەرەتاییەكان بۆ هەرێمەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی گروپە چەكدارەكان لەئیدلب و عەفرین و حەلەب رەوانە كرد، بەڵام هەم حكومەتی دیمەشق و هەم گروپە چەكدارەكان لەگەیاندنی هاوكارییەكان بەزیانلێكەوتووان رێگری دروستدەكەن. تاوەكو ئێستا دوو كاروانی هاوكاری كەدەیان بارهەڵگری پڕ لەپێداویستی و خۆراك و سوتەمەنی لەخۆدەگرێت، لەلایەن خۆبەڕێوەبەریەوە رەوانەی ناوچە زیانلێكەوتووەكان كراوە. هەروەها خۆبەڕێوەبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا، فەرمانی كردووە كە هەموو دەروازەكان بە رووی هاوكاری و هاتنی ئاوارەو زیانلێكەوتووەكاندا بكرێتەوە. لەلایەكی دیكەوە زیاتر لە سێ هەزار خانەوادە كە ماڵ و حاڵیان وێران بووە، لەگەڕەكە كوردنشینەكانی شێخ مەقسودو ئەشرەفیەی كوردنشینی حەلەبەوە روویان لەهەرێمی شەهبای ژێر كۆنتڕۆڵی خۆبەڕێوەبەریدا كردووە كەژمارەیان دەگاتە نزیكەی ١٥ هەزار كەس. خۆبەڕێوەبەری لەم چەند رۆژەی دواییدا رایگەیاندبوو، لە ١٠٠ تەنكەری سوتەمەنی و ٢٠ بارهەڵگری پڕ لەپێداویستی و خۆراك لەلایەن حكومەتی دیمەشقەوە و نزیكەی ٥٠ تەنكەری سوتەمەنی و بەدەیان بارهەڵگری پێداویستی و خۆراك لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە دەستیان بەسەرداگیراوە و رێگەنادرێت بگاتە دەستی زیانلێكەوتووان. بەگشتی لەشارەكانی وەك قامشلۆ، رەققە، حەسەكە چەندی كەمپەینی كۆكردنەوەی هاوكاری و هەڵمەتی خوێنبەخشین بۆ برینداران دەستیپێكردووە. بەڵام بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی كە لەمیدیاكاندا بڵاودەكرێنەوە، زیانلێكەوتووان پێویستیان بەدەرمان هەیە كەناوچەكە بەگشتی رووبەڕووی قەیرانی دەرمان بووەتەوە. لە كاتێكدا كە بەگوێرەی ئاماری نەتەوەیەكگرتووەكان پێنج ملیۆن و ٥٠٠ هەزار كەس لەو وڵاتە پێویستیان بەهاوكاریە، بەڵام كەمترین وڵات هاوكاری بۆ سوریا ناردووە. ئاژانسی هەواڵی وامی ئیماراتی رۆژی ١٢ی ئەم مانگە رایگەیاند، عەبدوڵا بن زاید ئال نەهیان وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەیان سەردانی دیمەشقی كردووەو پشتگیری خۆی بۆ خەڵكی سوریا دەبڕیوە. بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسەكە، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، ئیمارات ٣٦ فڕۆكە، خۆراك و كەرەستەی پزیشكی و چادری بۆ زیانلێكەوتووانی بومەلەرزەكە رەوانەكردووە. تاوەكو ئێستاش چەند بارهەڵگرێكی هاوكاری سعودیە گەیشتووەتە سوریاو فەیسەڵ بن فەرحانی وەزیری دەرەوەی سعودیە رۆژی دووشەممە رایگەیاند، لەهەوڵدان كەوڵاتانی جیهان هاوكاریەكانیان پێشكەش بەسوریا بكەن. ٢٠ هەزار خوێندكار بێبەشبوون لەخوێندن بەهۆی بومەلەرزەكەوە، پرۆسەی خوێندنیش پەكی كەوتووە. سەمیرە حەج عەلی هاوسەرۆكی دەستەی پەروەردەی خۆبەڕێوبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا بۆ ئاژانسی هاوارنیوزی ئاشكراكردووە، لەگەڕەكەكانی شێخ مەقسود، ئەشرەفیەو هەرێمی فورات كەزیانێكی زۆریان بەركەوتووە، پرۆسەی خوێندنیان راگرتووە. فاتیمە كۆشان هاوسەرۆكی كۆمیتەی پەروەردەیی گەڕەكەكانی شێخ مەقسودو ئەشرەفیەش بەهەمان ئاژانسی راگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی زیان بەقوتابخانەكان گەیشتووە و ژمارەیەك قوتابخانەش وەك پەناگە بەزیانلێكەوتووان دراوە، پرۆسەی خوێندن پەكی كەوتووەو نزیكەی ٢٠ هەزار گەنج و منداڵ لەپرۆسەی خوێندن بێبەشبوون. سەرچاوەیەكیش لەبەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شاری حەلەب بەئاژانسی نۆرس پرێسی نزیك لەخۆبەڕێوەبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا راگەیاندووە، حكومەتی سوریا لیژنەیەكی بۆ دیاریكردنی ئەو زیانانە پێكهێناوە كە بەبینای قۆتابخانەكان گەیشتوون و لەپشكنینە سەرەتاییەكاندا دەركەوتووە كەزیان لەناو چواردە قوتابخانەی نێو گەڕەكەكانی رۆژهەڵاتی شارەكەدا هەبووە. ئەو سەرچاوەیە ئاشكرایكردووە، گەڕانەوەی دەوامی قوتابخانەكانی شاری حەلەب پەیوەستە بەڕاپۆرتی سەلامەتی بیناكان. زیانە ئابورییەكان هەرچەندە تاوەكو ئێستا هیچ ناوەندێك ئاماری زیانە ئابورییەكانی بومەلەرزەكەی سوریای ئاشكرانەكردووە، بەڵام لەسەرتاسەری سوریا بەهەزاران باڵەخانەو خانوو رووخاون. تەنیا غەسان ئەلزەمیل وەزیری كارەبای سوریا زیانەكانی كەرتی كارەبای بەنزیكەی ١٠ ملیاری لیرەی سوری خەمڵاندو رایگەیاند، پێویستی بەنزیكەی مانگێك هەیە تاوەكو تۆڕی كارەبای ناوچە زیانلێكەوتووەكان نۆژەن دەكرێنەوە.
هاوڵاتی هۆبەی لیبیای رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویكردهوه، چارەنووسی زیاتر لە ٧٣ کەس نادیارە کە لەو بەلەمەدا بوون کە دوێنێ لە سنوورە ئاوییەکانی لیبیا ژێرئاو کەوت. هۆبەی لیبیای رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە: "ئاماژە بەوە دەدرێت لە ئاکامی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک لە کەناراوەکانی لیبیا لانیکەم ٧٣ کۆچبەری نایاسایی چارەنووسیان نادیارە و ئەگەری ئەوە هەیە گیانیان لەدەست دابێت. ئەم بەلەمە کە نزیکەی ٨٠ کەسی هەڵگرتبوو و بەرەو ئەورووپا بەڕێکەوتبوو لە ١٤ی شوبات کەوتبووە جووڵە. حەوت سەرنشینەکەی دیکەی کە زۆر بە زەحمەت رزگاریان ببوو ئێستا لە نەخۆشخانەن". ژمارەی کۆچبەران کە کۆچی نایاسای دەکەن بەرەو وڵاتانی ئەوروپا لە ڕێگەی جۆراو جۆرەوە لە هەڵکشاندایە بە تایبەت لە ڕێگەی ئاوەوە کە ژمارەیەکی زۆریان گیانلەدەستدەدەن،بەو پێیەی تەنها لە ٤٧ ڕۆژی ڕابردودا زیاتر لە 130 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە. لەگەڵ ئەوەی ڕێکارە یاساییەکان لە لایەن وڵاتانی ئەوروپاوە بەردەوام توندتردەکرێتەوە بەڵام ئەمە ڕێگری نەکردووە لە کۆچی نایاسای لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاوە بە هۆی سەختی باری ژیان و کێشە سیاسییەکانی ئەو ناوچانەی گرتۆتەوە. گوتەبێژی نووسینگەی هەماهەنگیی دەریای ناوەڕاست لە رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی، فلاڤیۆ دی گیاکۆمۆ لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە، لە کانوونی دووەمەوە تاکو ئێستا زیاتر لە ١٣٠ کۆچبەری نایاسایی لە دەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەست داوە. بەپێی داتاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ٢٠٢٢دا كۆی گشتیی هەزار و ٣٧٧ کۆچبەری نایاسایی کە ویستوویانە لە ئەفریقاوە بپەڕنەوە بۆ ئەورووپا لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەست داوە.
هاوڵاتی هێلیكۆپتهرێكی سهربازی ئهمهریكا ئێوارهی رۆژی چوارشهممه له ویلایهتی ئالابامای ئهو وڵاته كهوته خوارهوه و بههۆیهوه ههردوو سهرنشینهكهی گیانیان لهدهستدا. بە پێی هەواڵێکی ئەی بی سی، هێلیكۆپتهرێكی سهربازی ئهمهریكی له جۆری "بلاك هۆك" نزیك شاری هانتسفیڵ له ویلایهتی ئالاباما كهوته خوارهوه و بههۆیهوه ههردوو سهرنشینهكهی گیانیان لهدهستدا. لهوبارهوه دون ویستر، ئهندامی تیمی فریاكهوتنی خێرای تهندروستی له شاری هانتسفیڵ به میدیاكانی ئهو وڵاتهی راگهیاند، دوای كهوتنه خوارهوهی، ئاگر له هێلیكۆپتهرهكه كهوتهوه و بههۆیهوه ههردوو سهرنشینهكهی گیانیان لهدهستدا. لهلایهكی دیكهوه تۆڕی ههواڵی (فۆكس نیوز)ـی ئهمهریكی بڵاویكردووهتهوه، بههۆی رووداوهكهوه هیچ هاووڵاتییهك له نزیك شوێنی رووداوهكه بریندار نهبووه. هاوکات بە وتەی بەرپرسێکی ئەمریکا ئەو هەلیکۆپتەرە سەر بە پاسەوانی نەتەوەیی تێنیسی بووە. ئەمەشلەکاتێکدایە لە 23ی دووی ساڵی ڕابردوو دوو هەلیکۆپتەری بلاک هاوک لە یوتا لە کاتی ڕاهێنانێکدا کەوتنە خوارەوەو تێکشکان تێکشکان، پێکدادانەکە لە نزیک سەیرانگای خلیسکێنەی سنۆبێرد ڕوویدا لە ڕۆژی سێشەممە هاوکات هیچ ستافێک یان هاوڵاتی مەدەنی بریندار نەبوون و نەمردن.
هاوڵاتی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆرستان و کێوماڵکردنی پێگەکانیان، لە 24 کاتژمێری رابردودا لە رۆژئاوا و باشوری رۆژئاوای بەغدا 12 چەکداری داعش کوژراون. فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، بەمەبەستی گەرەنتیکردنی ئاسایشی زیارەتکارانی رۆژی شەهیدکردنی ئیمام کازم کە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، لە 24 کاتژمێری رابردودا هێزەکانیان ژمارەیەک ئۆپراسیۆنیان ئەنجام داوە و تیایدا 12 چەکداری داعش کوژراون. حکومەتی عێراق لە کۆتایی ساڵی 2017دا، سەرکەوتنی خۆی بەسەر دەوڵەتی ئیسلامی ناوسراو بە داعش دا ڕاگەیاند، بەڵام دوای تێپەڕبوونی 6 ساڵ، هێرشی چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە بۆ سەر سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ناوچە جیاجیاکان بەردەوامە هەربۆیە هێزەکانی عێراق ئۆپراسیۆنەکانیان بۆ پاکتاوکردن و دڵنیابوون لە سەرهەڵنەدانەوەی ئەو گروپە بەردەوامە ئۆپراسیۆنەکەی دوێنێی سوپای عێراق پێنجەمین ئۆپراسیۆنی هێزە ئەمنییەکانە لە ماوەی هەفتەیەکدا دژی داعش، سێشەممەی رابردوش هێزە ئەمنییەکان پلانێکی "تیرۆرستی" داعشیان پوچەڵکردەوە و کوژرانی ژمارەیەک سەرکردەی رێکخراوەکەشیان راگەیاند.
هاوڵاتی ماریا پۆنۆمارێنکۆ، ڕۆژنامەنوسی ڕوسی، بەهۆی ئەوەی لە سۆشیاڵ میدیادا دیمەنی هێرشەکەی ڕوسیای بۆسەر شانۆیەک لە ئۆکرانیا بڵاوکردەوە، ئەمڕۆ دادگا لە سیبریا سزای ٦ ساڵ زیندانی بۆ دەرکرد. دادگای بارناول لە سیبریا، ڕایگەیاند بەتاوانی بڵاوکردنەوەی " هەواڵی ساختە" ماریا پۆنۆمارینکۆ سزای ٦ ساڵی زیندانی بەسەردا سەپێندرا و هاوکات بۆ ٥ ساڵیش لە کاری ڕۆژنامەوانی وچالاکیەکانی ڕاگیرا، ئەمەش بەپێی ئەو یاسایانەی کە بە ئامانجی دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان سەبارەت بە داگیرکردنی ئۆکرانیا خراونەتەڕوو. ماریا پۆنۆمارینکۆ، ساڵی ڕابردوو لەمانگی نیساندا چەند هەفتەیەک دوای بۆردومانێکی سوپای ڕوسیا لەمانی ئازاردا بۆسەر شانۆیەک لە ماریۆپۆلی ئۆکرانیا دەستگیرکرا بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە لە سۆشیاڵ میدیادا ، کە لەو بۆردومانەدا بەپێی وتەی بەرپرسانی ئۆکرانیا ١٢٠٠ کەس کوژراون. ئەو ڕۆژنامەنوسە ڕووسیە لەبارەی دەستگیرکردنەکەیەوە لە دادگادا پێش ئەوەی سزا بدرێت وتی، " بەپێی دەستوری ڕوسیا هیچ هەڵەیەکی نەکردووە"، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە ئەگەر بەڕاستی هەڵەیەکم ئەنجامدابا ئەوا دەکرا داوای نەرمی نواندن بکەم، هەرچەندە بەهۆی سیفەتە ئەخلاقیەکانمەو نەمدەکرد. ماریا پۆنۆمارینکۆ لە دریژەی وتەکانیدا لە دادگا وتیشی" هیچ رژێمێکی تۆتالیتار وەک پێش ڕوخانی بەهێز نەبووە". پارێزەرەکەی ماریا لەبارەی دۆخی تەندرووستیەوە ڕایگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنوسە خاوەنی دوو منداڵی بچووک بووە، دوای دەستگیرکردنی توشی گرفتی دەروونی بووە. ئەمە لەکاتێکدایە کە لەدوای لەشکرکێشی ڕوسیاوە بۆسەر ئۆکرانیا، چەندین چالاکوان و فەرماندە و ڕۆژنامەنوس بەتۆمەتی دژایەتی ڕوسیا و بڵاوکردنەوەی " هەواڵی ساختە" دژ بە حکومەت دەستگیرکراون وسزا دراون، لەوانەش هاوینی ڕابردوو، ئەلێکسی گۆرینۆڤ، ئەندامی ئەنجومەنی مۆسکۆ بۆ ماوەی حەوت ساڵ زیندانی کرا، دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی شارەکەدا وێنەی گیرابوو کە دژی شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا قسەی دەکرد.
تەلەڤیزۆنێکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات کە واشنتۆن و تاران بۆ ئازادکردی ژمارەیەک هاوڵاتیی ئەمریکی بە نێوەندگیریی قەتەر سەرقاڵی دانوستانن. تەلەڤیزیۆنی (NBC) ئەمریکا بڵاوی کردەوە؛ ئەمڕۆ چوارشەممە ئەمریکا و ئێران لە دانوستانی ناڕاستەوخۆدا بون بە مەبەستی ئازادکردن ژمارەیەک هاوڵاتیی زیندانیکراوی ئەمریکا لە ئێران و یەکێک لە مەرجەکانی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی بوە لە بانکەکانی کۆریای باشور. NBC لە زاری چوار سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاماژەی بەوە کردوە؛ واشنتۆن و تاران لە رابردوشدا دانوستانی لەو شێوەیان کردوە و رەنگە ئەمریکا لە پێناو ئازادکردنی هاوڵاتییانی وڵاتەکەی بە هەندێک مەرجی دەسەڵاتی ئێران رازیی ببێت. دەرکەوتوە ئەمریکا داوای ئازادکردنی سیامەک نەمازی، عیماد شەرقی، موراد تاهباز-ی کردوە کە سەرجەمیان خەڵکی ئێرانن و هەڵگری رەگەزنامەی ئەمریکان و لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە زیندانیی کراون. سەرچاوەکانی ئەمریکا رونیان کردوەتەوە؛ ئەگەر واشنتۆن و تاران رێککەون، پڕۆسەی ئاڵوگۆڕ یان ئازادکردنی ئەو زیندانیانە لە وڵاتی قەتەر ئەنجام دەدرێت چونکە ئەو وڵاتە نێوەندگیری سەرەکیی نیوان ئەمریکا و ئێرانە. کۆریای باشور بەهۆی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران ناتوانێت بڕی حەت ملیارد دۆلاری ئێران رادەست بکات و ئەگەری هەیە ئەگەر دەسەڵاتی تاران ئامادەیی دەربڕێت بۆ ئازادکردنی ئەو زیندانییانەی کە واشنتۆن داوای ئازادکردنیانی کردوە ئەوا پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە بانکەکانی کۆریای باشور ئازاد بکرێت. ژمارەیەک بەپرسی ئەمریکا لە لێدوانەکانیان بۆ تەلەڤیزیۆنی (NBC) جەختیان لەوەکردوەتەوە کە دانوستانە ناڕاستەوخۆکەی واشنتۆن و تاران پەیوەندیی بە پرسی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 نییە.
هاوڵاتی خۆپیشاندانەکه، بەئامادەبونی دەیان هاوڵاتی و نوسەر ڕۆشبیر ، له شەقامی سالمی سلێمانی، بەشێوەی ڕێپێوان بەڕێوەچوو، خۆپیشاندەران ، داوای کۆتایهێان بەگۆشەگیری ئیمرالی و ئازادی ئۆجالانیان دەکرد دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ی2ی2023 لە ساڵیادی دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان، خۆپیشاندانێکی فراوان لە سلێمانی ، بۆ ئازادی ئۆجالان ڕابەری زیندانیکراوی پارتی کرێکانی کوردستان(پەکەکە) ئەنجادرا، خۆپیشاندانەکە لە لایەن کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان سازکرابوو، ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتی و نوێنەری چەند پارتێکی سیاسی و ڕێکخراو و نوسەر و ڕۆشبیر بەشدارییان تیایدا کرد، تیایدا داوای کۆتایهێنان به گۆشەگیری ئیمرالی و ئازادی ئۆجالان كرا. خۆپیشادانەکە، له شەقامی سالمی شاری سلێمانی بەڕێپێوان دەستیپێکرد، بەدروشمی ئازادی بۆ ئۆجالان و بەرزکردنەوەی وێنەی عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوام بوو، هەتا بەردوەم باخی گشتی، پاشان لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەكە پەیامی خۆیان ڕاگەیاند، کەداوای سەرەکیان بریتین بوو لە، شکاندنی گۆشەگیری ئیمرالی، کەزیاتر له 22مانگە هیچ هەواڵێکی عەبدوڵڵا ئۆجالان نیە و ئاگاداری باردودۆخی تەندروستی نین. لەو بارەیەوە مامۆستا محەمەد بەکر، ئەندامی کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان به هاوڵاتی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ 24ساڵ بەسەر پلانگێری نێودەوڵەتی بۆ دەستگیرکردنی سەرۆک ئاپۆ تێدەپەڕێت، ئامانج لەم پلانە ئەوەبوو، گەلانی ناوچەکە بخرێنە ناو دۆخی شەڕەوە ، بەڵام سەرۆک ئاپۆ بە مانیفێستە ئاشتیخوازەکانی خۆی ئەم پلانەی شکست پهێنا. ئاماژەیی بەوەشکرد: هیچ زانیارییەک دەربارەی دۆخی ئۆجالان نیە،دەسەڵاتی فاشستی تورکیا له 2011وە ڕێی نەداوە، پارێزەران سەردانی دورگەری ئیمراڵی بکەن، هەروەها 23مانگیشە ڕێگەنەدراوە کەسوکارەکەی سەردانی ئۆجالان بکەن وتیشی: ئەم چالاکییە لە هەمو شارەکانی کوردستان و جیهان بەڕێوەدەچێت، هەروەها ڕەخنەی له هەڵوێستی ڕێکخراویCPT گرت بەرامبەر کەیسی ئۆجالان و بەدوو ڕوو ناوی برد. هاوكات تاران حسێن هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کوردستان، دەربارەی مێژوی پلانی دەستگیرکرنەکە ، زانیاری بە هاوڵاتی داو و وتی: ئۆجالان ماوەی 50ساڵە هاتۆتە ناو کایەی سیاسی و 25ساڵیشە، زیندانی کراوە. ئەو دەربارەی شێوازی دەستگیرکردنی وتی: سەرەتای ئەم پلانگێڕییە نێودەوڵەتیە لە 9ی ئۆکتۆبەری 1998 دەستیپێکرد، ئەوکات ئۆجالان لە سوریا بوو، بەپێدانی چەند بەڵێنێک لەوانە پێدانی مافی پەنابەرێتی ئۆجالان سوریای جێهێشت و دواتر دەستگیرکرا، ئەمریکا و ئیسرائیل و یەکێتی ئەورووپا و وڵاتانی ناوچە بەشدارییان لە پلانەکەدا كرد. لە درێژەی قسەکانی وتی، ئۆجالان لە دورگەی ئیمراڵی زیندانی کرا کەبەندیخانەیەکی تایبەتە و سیستەمێکی تایبەت، ئەو زیدانیە و شێوازی ئەشکەنجەدانه که دژی ئۆجالان دەکرێت، لەمێژودا بەرامبەر هیچ ئازادیخواز و سەرکردەیەک نەکراوه. عەبدوڵا ئۆجالان رابەری زیندانیكراوی پارتی کارێکارانی کوردستان، 24ساڵ لەمەوبەر و لە 15ی شوباتی 1999، لە وڵاتی کینیا دەستگیرکرا و ڕەوانەی توركیا كرا.
نەتەوەیەکگرتوەکان رایدەگەیەنێت رێبەری نوێی ئەلقاعیدە لە ئێران حەشار دراوە ئەمریکاش دەڵێت: کۆماری ئیسلامی رێبەری ئەلقاعیدەی خستوەتە قەفەسی زێڕینەوە. دەنگی ئەمریکا بڵاوی کردەوە ؛ بە پێی راپۆرتێکی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان (سیف ئەلعەدل) رێبەری نوێ گروپی ئەلقاعیدە لە خاکی ئێراندا نیشتەجێ بوە و لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە حەشار دراوە. لە راپۆرتی نەتەوەیەکگرتوەکاندا ئاماژە بەوە کراوە کە سەیف عەدل دوای کوژرانی ئەیمەن زەواهیری بوەتە رێبەری ئەلقاعیدە و گروپی تاڵیبان لە ئەفغانستان بەهۆی هەستیاریی بابەتەکە ئامادە نییە زانیارییەکانی کوژرانی زەواهیری لە کابول و رێبەری نوێی ئەلقاعیدە لە ئێران پشتڕاست بکاتەوە. نەتەوەیەکگرتوەکان ئاشکرای کردوە؛ پشتی بە زانیارییەکانی دەزگا هەواڵگری و هێزەکانی ژمارەیەک وڵاتی رۆژئاوا بەستوە و دەرکەوتوە سەیف عەدل کە ئەفسەرێکی پێشوی سوپای میسر بوە کەسێکی بەتوانا و بە ئەزمونە لە ئەنجامدانی پەلاماری سەربازیی و هێرشی چەکداریی. فەرماندەیەکی هێزەکانی دژە تیرۆری ئەمریکا کە نەیویستوە ناوی بڵاو بکرێتەوە بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە؛ مایەی سەرسوڕمانە کە رێبەری نوێ ئەلقاعیدە لە سایەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندایە و ئەو کەوتوەتە قەفەسی زێڕینەوە و رون نییە کە دەسەڵاتی ئێران رێگە بە سەیف عەدل دەدات گەشت بکات یان لەو وڵاتە بچێتە دەرەوە. ئەمریکا بڕی 10 ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات دەستنیشان کردوە بۆ ئەو کەسانەی کە زانیاریی لەسەر سەیف عەدل ئاشکرا دەکەن بە مەبەستی دەستگیرکردن یان کوشتنی. پێشتر مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی پێشوی ئەمریکا رایگەیاندبو کە ئێران بوەتە ماڵی نوێی ئەڵقاعیدە. ئەیمەن زەواهیری رێکەوتی 31 تەموزی ساڵی 2022 لە لایەن هێزێکی تایبەتی ئەمریکا لە کابول، پایتەختی ئەفغانستان کوژرا و بە پێی راپۆرتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە ئێستادا سەیف عەدل رێبەرایەتیی گروپی ئەلقاعیدە دەکات.
هێمن مەحموود لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا جارێكی دیكە شاندی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كردەوەو ئامانج لەسەردانەكەش وەك خراوەتەروو بۆ گفتوگۆكردنە لە سەر شایستە داراییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023 عێراق و پڕۆژە یاسای نەوت و غازو مادەی 140 و چەند دۆسیەیەكی تر تاوەكو رێككەوتنی كۆتایی لەسەر ئەو پرسانە بكرێت، سەرۆكوەزیرانی عێراقیش رایگەیاندووە لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەسەر «شێوازی بەڕێوەبردن»ی نەوت و یاسای بودجە گەیشتوونەتە رێككەوتن. وەفدی ئەمجارەی هەرێم كە لەلایەن وەزیری دارایی هەرێمەوە سەرۆكایەتی دەكرا پاش سەردانێكی دوو رۆژە بۆ بەغداد گەڕانەوە بۆ هەولێرو بڕیارە هەفتەی داهاتوو جارێكی تر بگەڕێنەوە بۆ بەغدادو گەڕێكی تری گفتوگۆ ئەنجامبدەن، ئەمەش ئاماژەی ئەوەیە هێشتا هەرێم و بەغداد نەگەیشتوونەتە هیچ رێككەوتنێك سەبارەت بەو پرسانەی گفتووگۆیان لەسەری كردووە. شێركۆ جەودەت پەرلەمانتاری دەستلەكاركێشاوەی كوردستان لەفراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی دەربارەی رێككەوتنی هەرێم لەگەڵ بەغدا بە (هاوڵاتی) راگەیاند:»هیوادارین بگەنە رێككەوتن بەڵام زۆر زەحمەتە، چونكە جێبەجێكردنی دەستوور ئەوە دەخوازێت كە نەوت و گازی هەرێمی كوردستان و عێراقیش لەدەستی حزبی و كەسی دەربهێنرێت و لەقۆرخكاری ئازادبكرێت بۆ ئەوەی ببێتە پرسێكی نیشتیمانی و كۆنترۆڵكراو بێت لەلایەن نوێنەرانی خەڵكەوە كەپەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، كە نەوتی هەرێم لەدەستی چەند كەسێكدایە لەناو حزبدا». لەعێراقی نوێدا كە لەدوای ساڵی 2003ەوە چەندین پرس هەن كەهەرێم و بەغدا ناكۆكییان لەسەریان هەیە، كەدیارترینیان بودجە و بابەتی نەوت و غازو كێشەی خاك و جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور و پێشمەرگەو چەندین پرسی دیكەیە كە تاوەكو ئێستا رێككەوتنی كۆتاییان لەبارەوە نەكراوە. یەكێك لەو گرفتانەی كە بەزەقی لەدوای ساڵی 2014ەوە سەریهەڵداوە لەنێوان هەرێم و بەغدا، بەبیانووی هەناردەكردنی سەربەخۆیی نەوتەوە، بڕینی بوودجەی هەرێم بووە لەلایەن بەغداوەو لەوساوە تاوەكو ئێستا ئەو گرفتە چارەسەرنەكراوە. لەئێستادا كەكابینەكەی سوودانی خەریكی ئامادەكردنی رەشنووسی بوودجەی ساڵی 2023یە، یەكێك لەو ئاستەنگانەی كە لەبەردەم ئامادەكردنی بودجەدایە وەك هەندێك لەبەرپرسانی سیاسی عێراق ئاماژەی بۆ دەكەن پشكی هەرێمی كوردستانە كە تاوەكو ئێستاو دوای چەندین سەردانی وەفدی هەرێم هێشتا بەغداو هەرێم نەگەیشتوونەتە رێككەوتن. وەك حكومەتی هەرێم بڵاویكردووەتەوە ڕۆژی ١٣ـی شوباتی ٢٠٢٣، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ محەمەد تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق و جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوەو جەخت لەسەر رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقی فیدراڵ كرایەوەو گفتوگۆكرا لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق و ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم لەنێو بودجەكەدا، ئاماژە بەوەشكراوە بیروڕا لەبارەی پەرەپێدان و ئامادەكردنی رەشنووسی یاسای نەوت و گازو ناردنی پێشنیارەكانی حكومەتی هەرێم لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق ئاڵوگۆڕكران و بڕیاردرا لەپێناو گەیشتن بەچارەسەرو رێكەوتن كۆبوونەوەو گفتوگۆكان درێژەیان هەبێت. لەساڵانی پێشووتردا پشكی هەرێمی كوردستان لەسەدا 17بووە، بەڵام لەم چەندساڵەی دوایدا كەمكرایەوە بۆ لەسەدا 12و لەسەدا 14، لەئێستاشدا هەموو هەوڵەكانی وەفدی حكومەتی هەرێم لەبەغدا گەڕانەوەیە بۆ لەسەدا 17 بەڵام پێناچێت بەغدا بەئاسانی بەوە رازی بێت. یەكێك لەو دۆسییە گرنگانەی دیكەش كەهەرێم دەیەوێت ئەمجارە لەگەڵ بەغداو بەتایبەتیش لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی بگاتە رێككەوتن لەسەری دۆسیەی نەوت و غازە كە بۆ ماوەی 18 ساڵە هەرێم و بەغدا لەسەری رێكنەكەوتوون، هەر لەو چوارچێوەیەشدا رۆژی ١٢ی ئەم مانگە، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەغدا، لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ كۆبووەوەو سەرۆكی شاندەكەی هەرێم ئەوەی خستۆتەڕوو كەوا حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامانجیەتی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بگاتە رێكەوتن بۆ داڕشتنی یاسایەك كە لەچوارچێوەی دەستوورو لەخزمەت هەموو پێكهاتەو هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی كوردستاندا بێت و وەزیری سامانە سروشتیەكانیش، وردەكاری تێڕوانینەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لەبارەی رەشنووسی پرۆژەیاساكەوە خستەڕوو. پرۆژەیاسای نەوت و غاز كە ماوەی 18 ساڵە لەڕەفەكانی پەرلەمانی عێراقدا كەوتووەو نەخراوەتە دەنگدانەوە پشت بەهەرسێ ماددەی دەستوری (111 و 112 و 115) دەبەستێت بۆ چارەسەر كێشەكانی هەرێم و بەغداو بەرپرسیارێتی ئیدارەدانی كێڵگە نەوتییەكان لەوڵاتدا پەیوەستكردووە بەكۆمپانیایەكی نیشتیمانییەوە كەئەنجومەنێكی ئیتیحادی تایبەتمەند لەو بوارەدا سەرپەرشتی دەكات، بەڵام بەهۆی ناكۆكییەوە تائێستا نە یاساكە دەرچووەو نە كۆمپانیاو ئەنجومەنەكە درووستكراوە، لەساڵی 2003شەوە هەرێم و بەغدا لەسەر بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتییەكان ناكۆكن. خاڵەكانی 20 و 23ش لەكارنامەی كابینەكەی سوودانی باس لەتێپەڕاندنی ئەم یاسایە دەكات بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا. هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای نەوت و غازی تایبەت بەخۆی كە لەساڵی 2007ەوە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەركراوە، نەوت هەناردە دەكات، دوای ساڵانێكیش لەناكۆكی دواجار لە 15ی شوباتی 2022 دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری نادەستوریبوونی یاسای نەوت و غازی هەرێمی دەركردو رایگەیاند تەواوی گرێبەست و كاركردن و گەڕان بەدوای نەوتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان و وڵاتان بۆ هەناردەی نەوت نادەستورییە، حكومەتی هەرێمیش ئەوەی رەتكردەوەو ئەوەی بەپێشێلكردنی سەروەری خۆی وەسفكرد. لەچاوپێكەوتنێكی رۆژنامەنوسیشدا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە «ئێمە لەسەروبەندی پێشكەشكردنی بودجەین. لەگەڵ هەرێمی كوردستان گەیشتووینەتە رێككەوتن لەسەر شێوەی بەڕێوەبردنی نەوت و دابینكردنی دارایی لەیاسای بودجەدا.» سەبارەت بەیاسای نەوت و گاز، سوودانی ئاماژە بەوەدەكات، «دوای پەسندكردنی بودجە دەچینە سەر دەركردنی یاسای نەوت و گاز، ئەمە یەكێكە لەگرنگترین شایستەكان هەر لەوکاتەوە دەستوور نووسراوەتەوە، چونكە تەنیا هەرێمی كوردستان چاوەڕێی نەوت و گاز ناكات، بەڵكو هەموو پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت چاوەڕێن، تاوەكو بزانن دەسەڵاتەكانیان چین و چی بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە. لەنوێترین بڕیاریشدا كەوەك نیازپاكییەك دەردەكەوێت لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ گەیشتن بەڕێككەوتن لەگەڵ هەرێم، حكومەتی عێراق بڕیاریدا بڕی 272 ملیار دینار كە قەرزی گەنمی جووتیارانە بۆ ساڵەكانی 2015 و 2016 رەوانەی هەرێم بكات.
هاوڵاتی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لەسەر داوای محەمەد شیاع سوودانی پێویستە لە میانی ئەمساڵدا، سەرژمێری گشتیی لە عێراق ئەنجام بدرێت. نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ چوارشەممە ئاماژەی بەوەداوە کە لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی لە میانی ئەمساڵدا، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای نیشتەجێبوونی کردووەهاوکات جەختی لە بەگەڕخستنی هەموو هەوڵەکان کردۆتەوە، لەپێناو ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی له عێراق لەماوەی ئەم ساڵەدا. سودانی داواشیکردووە، پێویستە هەموو توانا و پێداویستییەکانی مرۆیی، تەکنیکی، دارایی و لۆجستی پێویست بهردهستبكرێن، بەمەبەستی سەرخستنی پڕۆسهی سهرژمێری له عێراق. ههروهها لە کۆبوونەوەکەدا ئەو رێکكارانەی دەزگای ناوەندی بۆ سەرژمێری و ئامار لە وەزارەتی پلاندانان و پێداویستییەکانی جێبەجێکردنی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی و ڕۆڵە چاوەروانکراوەکانی وەزارەتەکانی پەیوەندار بەم پرۆسەیە، تاووتوێکران. بەپێی زانیارییەکان لەنێوان ساڵانی ١٩٢٧ تاوەکو ١٩٩٧، حەوت سەرژمێری گشتیی لە عێراق ئەنجامدراوە، ئەوانیش لە ساڵانی ١٩٢٠، ١٩٤٧، ١٩٥٧، ١٩٦٥، ١٩٧٧، ١٩٨٧، ١٩٩٧دا. هاوکات بەپێی دوایین ئامار کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاوکرابوویەوە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتووەتە، ٤٢ ملیۆن و ٢٤٨ ھەزار و ٨٨٣ کەس.
هاوڵاتی دوای نۆ رۆژ لە بومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا، ئەمڕۆ نۆ هاوڵاتی رزگارکران و ژمارەی گیان لەدەستدانیش گەیشتە زیاتر لە 41 هەزار کەس، ژمارەی بریندارەکانیش بە زیاتر لە 100 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت. سەرۆکایەتی کارەسات و فریاکەوتنی تورکیا (ئافاد) ڕایگەیاند، تا ئەمڕۆ چوارشەممە لە تورکیا 35 هەزار و 418 کەس بەهۆی بومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە. هاوکات تیمەکانی بەرگری شارستانی سوریا بڵاویانکردەوە، تا ئەمڕۆ پێنج هەزار و 801 کەس گیانیان لەدەستداوە و حەوت هەزار و 396 کەسی دیکەش برینداربون. بەرەبەیانی رۆژی 2023/2/6، بەڕێوەبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد بڵاویکردەوە، بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر شاری مەرەشی باکوری کوردستانی هەژاند. بومەلەرزەکە زۆربەی ناوچەکەی گرتەوە، لە تورکیا و سوریاش تائێستا گیان لەدەستدانی زیاتر لە 41 هەزار کەس راگەیەنراوە.
هاوڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە رایگهیاند، بە مەبەستی ڕێكخستنی بواری چەك و بە سیستەمكردنی بازاڕەكانی بازرگانیی چەك و ڕێكخستنی كاری كۆمپانیا ئەمنی و ڕاهێنەرییەكانی ئەو بوارە، بۆ هەر پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆ، دەبێت كۆمەڵگەیەكی تایبەت بە ئاڵوگۆڕی چەكی ئاگرین دابمەزرێت. بهگوێرهی راگهیهندراوێكی حكومهتی ههرێمی كوردستان، وەزارەتی ناوخۆ ڕێنماییەکی تایبەتی دەركردوە بە مەبەستی ڕێكخستنی بواری چەك و بە سیستەمكردنی بازاڕەكانی بازرگانیی چەك و ڕێكخستنی كاری كۆمپانیا ئەمنی و ڕاهێنەرییەكانی ئەو بوارە، بۆ دڵنیابونەوە لە جێبەجێبونی یاسای چەك و یاسای كۆمپانیا تایبەتییە ئەمنییەكان. بە گوێرەی رێنماییەکەی وەزارەتی ناوخۆ، جگە لە تایبەتمەندییە گرنگەكانی كۆمەڵگەی چەكفرۆشی و مەشق و راهێنان، بەپێی ستانداردەكانی رووبەر و بیناسازی و بنەماكانی سەلامەتی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دیاریدەكات. هەروەها كۆمەڵگەكە بە سیستەمێكی ئەلیكترۆنییەوە بە وەزارەتی ناوخۆوە پەیوەست دەكات و زانیارییەكانی تایبەت بە كڕین و فرۆشتنی چەك و ڕاهێنان و مەشقپێكردنی كارمەندی كۆمپانیای ئاسایشپارێز، لە ژێر چاودێریی وەزارەتی ناوخۆدا دەبن. دەقی ڕاگەیەندراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری: بە مەبەستی ڕێكخستنی بواری چەك و بە سیستەمكردنی بازاڕەكانی بازرگانیی چەك و ڕێكخستنی كاری كۆمپانیا ئەمنی و ڕاهێنەرییەكانی ئەو بوارە، بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێبوونی یاسای چەك و یاسای كۆمپانیا تایبەتییە ئەمنییەكان، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێنماییەکی تایبەتی دەركردووە. لە ڕێنماییەكەدا بۆ هەر پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆ، دەبێت كۆمەڵگەیەكی تایبەت بە ئاڵوگۆڕی چەكی ئاگرین دابمەزرێت، ئەوەش كۆمەڵێك كاری وەكوو كڕین و فرۆشتن و چاككردنەوەی چەك و شوێنی ڕاهێنان لەسەر چەك و سەنتەری مەشقی كارمەندانی كۆمپانیای ئەمنی لەخۆ دەگرێت و لەژێر چاودێریی حكومەتدا دەبێت. بەپێی ئەو ڕێنماییە، جگە لەوەی تایبەتمەندییە گرنگەكانی كۆمەڵگەی چەكفرۆشی و مەشق و ڕاهێنان بەپێی ستانداردەكانی ڕووبەر و بیناسازی و بنەماكانی سەلامەتی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دیاریدەكات، كۆمەڵگەكە بە سیستەمێكی ئەلیكترۆنییەوە بە وەزارەتی ناوخۆوە پەیوەست دەكات و زانیارییەكانی تایبەت بە كڕین و فرۆشتنی چەك و ڕاهێنان و مەشقپێكردنی كارمەندی كۆمپانیای ئاسایشپارێز، لە ژێر چاودێریی وەزارەتی ناوخۆدا دەبن. لە ڕێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆدا، ڕەچاوی مەرجی تایبەتمەندیی ئەو كۆمەڵگانە لەڕووی ڕووبەر، بینا، سەلامەتیی ئەمنی، خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەكان، ڕووبەری سەوزایی، كافتریا و شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلیان بۆ كراوە، كە بە هاوبەشیی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت بەڕێوەدەبرێن. ئامانجی حكومەتی هەرێم لەو ڕێنماییەدا، لەلایەكەوە جڵەوكردن و ڕێكخستنی كڕین و فرۆشتنی چەكە بە ڕێگەی یاسایی و قەدەغەكردنی بەكارهێنانی چەكە لە دەرەوەی یاسا؛ لەلایەكی دیكەشەوە دەیەوێت چالاكییە ئەمنییەكانی كۆمپانیاكانی پاراستنی ئاسایش، بە شێوەیەك ڕێكبخات كە بە پێی پێوەرە درووستە نێودەوڵەتییەكان و لەژێر چاودێریی حكومەتدا بن. فەرمانگەی میدیا و زانیاری ١٥ی شوباتی ٢٠٢٣
هاوڵاتی سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵی دەستەبەرکردنی چەکی زیاتر و کاریگەریان داوە بۆ سوپای وڵاتەکەی بۆ ئەو هێرشانی ئامادەکارییان بۆ کردووە بۆسەر سوپای رووسیا. لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە دوێنێ شەو لە چەناڵی خۆی لە تێلێگرام بڵاوی کردەوە، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی هەڵسەنگاندنی بۆ کۆبوونەوەی گرووپی بەرگریی دیداری ئۆکراینا کرد کە لە بڕۆکسل بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەچووە. راشیگەیاند: ''ئەمە نۆیەمین کۆبوونەوەی لەم جۆرەیە. بڕیارێکی دیکەی بەهێز درا بۆ پاراستنی دەوڵەتەکەمان و بەهێزکردنی سەربازەکانمان. لەلایەن هاوبەشەکانەوە رەزامەندی نیشاندراوە بۆ ناردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی زیاتر. لەگەڵ تانک و تۆپ و گولـلەی زیاتر، هەروەها رەزامەندی نیشاندرا لەبارەی مەشقی زیاتر بە سوپاکەمان''. سەرۆکی ئۆکراینا باسی لەوە کرد کە لە چوارچێوەی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا ئامادەکارییان کردووە بۆ هێرشکردنە سەر سوپای رووسیا و رایگەیاند: ''بۆ ئەو هێرشەی ئامادەکاریمان بۆ کردووە ئەوەی لەدەستمان بێت ئەنجامی دەدەین بۆ دابینکردنی چەکی زیاتر و چەکی دورهاوێژی زیاتر و هێزی زیاتر بۆ سەربازەکانمان''. هاوکات ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی باسی لەوە کرد کە دوای کارەساتی سەدە کە تورکیای هەژاند تیمی گەڕان و رزگارکردنیان رەوانەی ئەو وڵاتە کردووە. ئەمەشلەکاتێکدایە ئهمڕۆ چوارشهممه (15ی شوباتی 2023)، وهزارهتی بهرگری رووسیا رایگهیاند، له هێرشێكی رووسیادا هێزهكانی ئۆكرانیا بهدرێژایی سێ كیلۆمهتر كشانهوه بهرهو ههرێمی لۆهانسك. له بهیاننامهیهكی وهزارهتی بهرگری رووسیادا هاتووه، سهربازانی رووسیا بە مەبەستی پێشڕەوی زیاتر چوونهتە ناوچهیهكی سهربازی له دارستانهكانی ههرێمی لۆهانسك، لهكاتی هێرشه سهربازیهكهدا، هێزهكانی ئۆكرانیا بهشێوهیهكی پهرش و بڵاو تاوهكو سێ كیلۆمهتر بۆ خاڵی دواتر کشانەوە. لهبهیاننامهكهدا ئهوهش هاتووه، سهربازه ئۆكرانیهكان، كه له شوێنهكانیان ههڵاتن، ئامێره سهربازهكانیان و لاشهی كوژراوهكانیان جێهێشتووه. له 24ـی شوباتی 2022، به فهرمانی پوتنی سهرۆكی رووسیا هێرشكرایهسهر خاكی ئۆكرانیا و بههۆیهوه ههزاران كهس له سهربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنهها ئۆكرانیش ئاوارهی وڵاتانی ئهوروپی بوون، تا ئێستاش ئهو جهنگه بهردهوامه.
