بانکی ناوەندی عێراق و بانکی جەی پی مۆرغان ڕێکەوتن بانكی ناوەندی عێراق، ئەمڕۆ شەممە لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی, لەپەراوێزی سەردانەكەی بۆ واشنتۆن, چاویكەوتووە بە دانیال زیلیكو سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبەردنی دامەزراوەی جەی پی مۆرغان.  ئاماژەی بەوەش داوە، ڕێككەوتون لەسەر ئەوەی بانكی جەی پی مۆرغان ئاسانكاری بكات بەڕەوانەكردنی پارە لەسیستمی بانكی عێراقییەوە بۆ كۆماری چینی میلی, بۆ دابینكردنی پارە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ. هاوكات تاوتوێی كۆمەڵێك پرسی پەیوەست بە بەڕێوەبەردنی یەدەگ و بەڕێوەبردنی نەختینەو, پێشكەشەكردنی پشتیوانی بانكی ناوبراو بۆ بانكی ناوەندی و كەرتی بانكی لەعێراق كراو جەی پی مۆرغان: بانکێکی خزمەتگوزاری دارایی فرەنەتەوەی ئەمریکییە، کۆی داهاتەکەی دوو ترلیۆن و 55 ملیار دۆلاره.

بەشی پێشبینییەکان لەبەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینی کەشوهەوای ئەمڕۆ وسبەینێی ئاشکراکرد. بەگوێرەی پێشبینییەکانیەکان ئەمڕۆ، لەنێوان ساماڵ بۆ نیمچە هەور دەبێت، پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە بە 1 تا 2 پلە بە بەراورد لە تۆمارکراوی رۆژی پێشوو. کەشناسی سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی پێشبینی دەکات، سبەی یەکشەممە ئاسمان لەنێوان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ دابارینی باران لە باکوری خۆرهەڵاتی هەرێم و دابارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان. لەکۆتایدا، کەشناسی بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەم شێوە ڕاگەیاندوە: هەولێر: 10 سلێمانی: 7 دهۆک: 10 کەرکوک: 14 هەڵەبجە: 9 زاخۆ: 11 سۆران: 6 گەرمیان: 17

مامۆستایەکی کورد و پزێشکێکی چالاکوانێکی ئێران دوای نزیکەی 300 رۆژ مانگرتن و پێنج ساڵ زیندانیی ئازاد کرا . زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی و خەڵکی شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاندوە؛ دوای زیاتر لە ساڵێک زیندانیی بە بێ ئاگادارکردنەوەی پارێزەرەکەی ئێوارەی هەینی ئازدا کراوە. محەمەدی کە سەرۆکی رێکخراوی (نۆژین)-ە بۆ چالاکی مەدەنی و کەلتورییەکان پێشتر بە تۆمەتی دروستکردنی رێکخراوی نایاسایی سزایی پێنج ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرابو کە دوای تێپەڕێنی زیاتر لە ساڵێک لە سزاکەی. ئازادکراوە. ئەو مامۆستایە جەختی لەوە کردوەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک داوای نەکردوە بەر لێبوردنی گشتی کەوێت و ئازادکردنەکەی چاوەڕان نەکراو بوە. لە لایەکی دیکەوە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاویان کردەوە؛ فەرهاد مەیسەمی، پزیشک و چالاکوانی مەدەنی کە بەهۆی ناڕەزایەتیی سیاسی و مرۆیی زیاتر لە شەش ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرابو، لە چواچێوەی لێبوردنێکی گشتیی لە ئێران ئازاد کرا. فەرهاد مەیسەمی تەمەن 53 ساڵ کە پزیشک بوە، بە تۆمەتی چالاکیی مەدەنی و دژایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران نزیکەی پێنج ساڵ زیندانیی کراوە و زیاتر لە نۆ مانگ بو دژی لەسێدارەدان لەو وڵاتە مانی لە خواردن گرتبو. بڵاوبونەوەی وێنەکانی ئەو پزیشکە نگەرانیی چالاکوانانی لێکەوتەوە و زیاتر لە 400 چالاکوان داوایان لە مەیسەمی کرد کۆتایی بە مانگرتنەکەی بێنێت بەڵام ئەو رەتی کردەوە مانگرتنەکەی بشکێنێت. ئازادکردنی مەیسەمی لە چوارچێوەی ئەو لێبوردنەدایە کە هەفتەی رابردو عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند و لێبوردنەکەش ژمارەیەک زیندانیی کوردی گرتوەتەوە.  

هاوڵاتی لە کاتێکدا کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە بومەلەرزەکەی باکوری کوردستان و تورکیادا گیانیان لەدەستداوە، ٢٠ هەزار کەس تێپەڕاندووە، هەروەها زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەش لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین و لەنێو سەرما و سۆڵەی زستان، بێ خواردن و ئاو و پێداویستیە سەرەتاییەکاندا، دەژین. رزگارکردنی منداڵێکی ساوا دوای ١١٠ کاتژمێر لە شاری سەمسوری باکوری کوردستان، هاوڵاتیان بەردەوامن لەسەر هەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانەی لەژێر باڵەخانە داڕماوەکاندا ماون. لە گەڕەکی یەنیشەهیری سەمسور کاتژمێر هەشت و نیوی ئەمشەو منداڵێکی ساوای ١٠ مانگی، دوای ١١٩ کاتژمێر کە لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکدابوو رزگارکرا. منداڵە ساواکە بۆ نەخۆشانەی فێرکاری شارەکە گواستراوەتەوە. لە نەخۆشخانەی عوسمانیە چەندین بریندار بەهۆی خەمساردیەوە گیانیان لەدەستداوە بەگوێرەی میدیاکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، لە شاری عوسمانیە کە بومەلەرزەکە کاوکاریەکی زۆری دروست کردووە، ژمارەی راستەقینەی قوربانیان ئاشکرا ناکرێت. باسی ئەوە دەکرێت کە تاوەکو ئیستا بە دەیان کەس لە نەخۆشخانەکەدا گیانیان لەدەستداوە و خەمساردی هەیە. دەوترێت، لە هۆڵی تایبەت بە تەرمەکان جێگە نەماوە و چەندین تەرم لەنێو کیسەی رەشدا لە حەوشەی نەخۆشخانە ریزکراون. هەدەپە دەستی بە کەمپێینێکی گەورە کردووە لەلایەکی دیکەوە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە شارەکانی، شڕنەخ، مێردین، ئامەد، وان، جۆلەمیرگ، ئاگری، ئەستەنبوڵ، کۆنیا و چەندین شاری دیکە، بە دەیان تڕێڵە هاوکاری کۆکردووەتەوە و رەوانەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی کردووە. هاوکاریەکانی هەدەپە لە ئاو، نان، خوارندی منداڵان، بەتانی، جلوبەرگی زستانە، پێلاو و چادر پێک دێت. باسی ئەوە دەکرێت کە گوندەکان پشتگوێخراون و هەدەپە هاوکاریەکەی گەیاندووەتە نزیکەی ٣٠ گوند. شاروچکەیەک بە تەواوی وێران بووە شاروچکەی ئەرکەبندی ناوچەی وێرانشاری مەلەتی یەکێک لەو شوێنانەیە کە بە تەواوی رووخاوە. ئاژانسی فورات نیوز رایگەیاند، تاوەکو ئیستا لەو شاروچکەیە تەرمی ٧٠ کەس لەژێر داروپەردووی خانووەکاندا دەرهێنراون و تاوەکو ئێستا تەرمی بە سەدان کەس دەرنەهێنراون. ئەوە رەخنە بگرێت دەستگیر دەکرێت لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە، ٣٠٢ کەسیان دەستگیرکردووە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا 'ئاژاوەیان' ناوەتەوە. بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی ئۆپۆزسیۆن، هەر کەسێک رەخنە بگرێت دەستگیر دەکرێت. بەڕێوەبرایەتی پۆلیسی تورکیا تاوەکو ئێستا ١٠ کەسی بۆ زیندان رەوانە کردووە و لێکۆلینەوە لەو کەسانەی دیکە بەردەوامە. ژمارەی گیانلەدەستدان لە ئامەد گەیشتە ٢٥٦ کەس ماڵپەڕی هەواڵی ئارتی گەرچەک لە زاری بەرپرسەکانی شاری ئامەدی باکوری کوردستان رایانگەیاند، بە گشتی لە ئامەد ٢٠ باڵەخانە رووخاون، تاوەکو ئێستا تەرمی ٢٥٦ کەس لەژێر باڵەخانە رووخاوەکاندا دەرهێنراون. هەروەها زیاتر لە ١٠٠٠ کەسیش بریندار بوون. لە ئامەد چەندی باڵەخانە تاوەکو ئێستا بە تەواوی پاک نەکراونەتەوە و پێشبینی دەکرێت ژمارەی قوربانیان زیاتر بێت. پسپۆڕێک: ١٩٢ هەزار کەس کەتوونەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا پرۆفیسۆر دکتور ئوڤگون ئەحمەد ئەرجان پسپوڕی جیۆلۆجی لە توێتێکدا رایگەیاندبوو، باسی ئەوە دەکرێت کە شەش هەزار باڵەخانە رووخاون. ئەگەر هەر باڵەخانەیەک هەشت نهۆم بێت و هەر نهۆمێک چوار شۆقەی هەبێت، بە گشتی دەکاتە ٤٨ هەزار شۆقە. ئەگەر هەر شۆقەیەک ٤ کەسی تێدابێت، ١٩٢ هەزار کەس تێیایانادا دەژین. واتە ١٩٢ هەزار کەس کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا. بەگوێرەی دوایین ئامار ٢٠ هەزار و ٢١٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ٨٠ هەزار کەس بریندار بوون. بەگوێرەی قسەی ئەو پسپۆڕە بێت، واتە تاوەکو ئێستا نزیکەی ٩٠ هەزار کەس لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا ماون.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ شاندێکی عێراق لەگەڵ ژوری بازرگانی ئەمریکا لەسەر دۆخی ئابوری عێراق و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئەمریکا کۆبوونەوە، وەزیری دەرەوەی عێراقیش وتی، " پێویستە لەماوەی ٦ مانگدا کێشەکان لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی گاز ونەوت بگاتە چارەسەر". لە میانی کۆبوونەوەکەدا کە پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق  و وەزیری دەرەوەی عێراق و چەندین بەرپرسی باڵای دیکەی عێراق بەشداربوون، لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا باس لە پەرەپێدان بە ئابوری و چاکسازی کردن لە کەرتی دارایی وئابوری و ڕیکارە هاوبەشەکانیان بۆ ڕووبەڕوونەوەی بەقاچاخبردنی دۆلار سپیکردنەوەی دۆلار  کرا. وەزیری دەرەوەی عێراقیش لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکەوە ئاشکرای کرد، کۆبوونەوەکان ئەرێنێ بوون لەگەڵ بەرپرسانی گەنجینەی ئەمریکا و لەسەرووی پێشبینیەکانەوە بوو، وتیشی" ئەوەمان لە بەرپرسانی ئەمریکی بینی کە پشتگیری لە سیاسەتی بانکی ناوەندی عێراق دەکەن". هەروەها فوئاد حسین، لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی کارکردنی کۆمپانیا ئەمریکیەکانەوە ئاماژەی بەوەدا، بەشێک لە کۆمپانیا ئەمریکیەکان بەهۆی هەژموونی ئێران لەسەر عێراق نایەنە وڵاتەکەمان، ڕاستە ئێران وعێراق دراوسێی یەکترن بەڵام سیاسەتی ئێمە و حکومەتی ئێمە جیاوازە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەهای دۆلار ماوەی زیاتر لە دوو مانگە ناجێگیرە لەبەرامبەر دینار و بەهای پێوانەیی تۆمارکردووە، هەر بەوهۆیەوەش  بەرپرسانی عێراق لە ٢ی شوباتی ئەمساڵ، لەگەڵ بەرپرسانی گەنجینەی ئەمریکا لە تورکیا لەسەر کەمکردنەوەی سزاکانی سەر بانکی ناوەندی ئێراق کۆبوونەوە لەسەر  پرسی قاچاخی دۆلار لە نێوان ئێراق و ئێراندا.

هاوڵاتی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، دەستمان گرتووە بەسەر یەکێک لە گەورەترین پاڵاوگە نایاساییەکاندا لە پارێزگای بابل. بەپێی ڕاگەێندراوی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، کارگەکە بەنایاسایی وقاچاخ مامەڵەی کردووە بە بەرهەمە نەوتیەکانەوە، کە لەناویدا ٣ ملیۆن لیتر نەوت و چەندین بەڵگەنامەی ساختە دەستی بەسەردا گیراوە. لە ڕاگەێندراوەکەی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراقدا هاتووە، پاڵاوگەکە لە پارێزگای بابل بووە و توانای پاڵاوتنی بڕێکی کەمی هەبووە لە بەرهەمە نەوتیەکان، هەروەها ڕاشیگەیاند، بەپێی فەرمانێکی دادوەر خاوەن پاڵاوگەکە دوای ئەوەی هەڵهاتووە بۆ بەغدا دەستگیرکراوە. بەپێی زانیاریەکانیش خاوەنی پاڵەوگەکە سەرمایەدارێکی دیارە و لەگەڵ بەرپرسێکی سیاسی پەیوەندی هەیە وپاڵپشتی دەکرێت.  هەر لەو بارەیەشەوە  بەڕێوبەری گشتی پۆلیسی وزە ڕایەگەیاند، لەماوەی دوو مانگدا ١٤٦ کەسیان دەستگیرکردووە و ١٤٧ تەنکەر و پێنج ملیۆن و ٢٩٢ هەزار لیتر نەوتیشمان دەستبەسەردا گرتووە، جگە لەوەش هەڵمانکوتاوەتە سەر چوار هەزار و٣٧٤ شوێنیش. هاوکات بەڕێوبەری گشتی پۆلیسی وزەی عێراق، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەی سێشەممەدا زانیاری دیکەی خستە ڕوو، لەوانەش  ئاشکراکردنی ٦٦ شوێن وپاڵاوگەی نایاسایی، هاوکات لەگەڵ دەستبەرداگرتنی ٦٦ ئۆتۆمبێل و ٢٧٠ کەلوپەلی قاچاخی نەوت لەگەڵ فەرمانی دەستگیرکرن بۆ ٣٧٣ کەس لە ١٩٢ بنکەی قاچاخی نایاسایی و بازرگانیدا. ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەڵمەتی دەستگیرکردن وبەدواداچوونی گروپ ولایەنەکانی بەقاچاخبردنی نەوت لە عێراقدا دەستی پێکردووە.  

هاوڵاتی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە رایگەیاند، دەسەڵات دەڵێت، 'هاوکاریەکانی بومەلەرزە بۆ سیاسەت بەکارنەهێنن' و وتی، " ئەردۆغان بووەتە وەستای بەرژەوەندی سیاسی. لە ئێستادا ئەردۆغان بە تەنیا یەک شت دەکات ئەویش بانگەشەکردن بۆ خۆی و پارتەکەیەتی." سەلاحەدین دەمیرتاش لە تویتێکدا رەخنەی توندی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان و دەسەڵاتەکەی گرت و نووسیویەتی، " هەموو دەزگا و بەرپرسانی حکومەتی لە بەرژەوەندی ئەردۆغان کار دەکەن و قسە دەکەن. هەندێک کەس دەڵێن رۆژی سیاسەت کردن نییە، بەڵام خۆیان پرسی بومەلەرزە بۆ بەرژەوەندی سیاسی خۆیان بەکار دەهێنن." دەمیرتاش باسی ئەوەشی کرد کە کێشەیەکی گەورەی رێکخستنی هاوکاریەکان هەیە. ئەم کێشەیەش بە فشاری هاوڵاتیان چارەسەر دەبێت. دەسەڵات هاوکاریەکان بۆ هەڵبژاردن بەکار دەهێنێت و وتی، " لە کاتێکدا کە دەسەڵات بەم شێوەیە دەجووڵێتەوە، مافی کۆمەڵگاش هەیە سیاسەت بکات و بەردەوامی بە تێکۆشان و هاوکاری خۆی بدات." دەمیرتاش دوێنێش لەبارەی راگەیاندنی باری نائاسایی بۆ ماوەی سێ مانگ لەلایەن ئەردۆغانەوە رایگەیاندبوو، باری نائاسایی بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان نییە، بەڵکو نیازێکی دیکەی لە پشتەوەیە.

هاوڵاتی لە دیاربەکری باکوری کوردستان ڕۆژنامەنوسێکی کوردی ئاژانسی میزۆپۆتامیا  لەکاتی ڕوماڵکردندا بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی" زانیاری هەڵە " لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا  ودەست بەسەر کەلوپەلەکانیشیدا گیرا. مێهمەت گولەش، ڕۆژنامەنوسی ئاژاناسی میزۆرپۆتامیا لەکاتی گفتوگۆکردن  دەربارەی کاری تیمەکانی فریاگوزاری و بەهاناوەچونیان لەگەڵ یەکێک لە قوربانیەکاندا لە دیاربەکری باکوری کوردستان  بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە دەستگیرکرا. ڕەسوڵ تەیمور، کە پارێزەری مێهمەت گولەشە پشتڕاستیکردەوە کە مێهمەت لە گەڕەکی شێخ شامیلی باکوری کوردستان کاتێک چاوپیکەوتنی لەگەڵ دانیشتویەکی ئەو باڵەخانە ڕوخاوانەدا کردووە دەستگیرکراوە، هەروەها وتیشی ئەو هاوڵاتیە باسی لە لاوازی و بەهانانەچونی تیمی فریاکەوتنی ئافاد و ئومکە کردووە و وتویەتی" خەڵک ئێمە ڕزگار دەکەن، تیمەکانی ئافاد وئومکە لێرە نین" بەپێی زانیاریەکانیش هەریەک لە ڕۆژنامەنوسەکە وئەو پیاوەی کە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کراوە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون، هەروەها دواتر مەهمەت گولەش بە تاوانی "بڵاوکردنەوەی ڕق و دوژمنایەتی لە نێو خەڵکدا" دادگایی کرا و  بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە لە هاتنە ناو وڵاتەوە قەدەغە کرا و بەربەستی گەشتکردنیشی لەسەر دانرا؛ پاشان دواتر دوای دوو ڕۆژ ئازاد کرا. ئەمەش لەکاتێکدایە کە حکومەتی تورکیا باری نائاسایی ڕاگەیاندووە، ئەمەش  بەگوێرەی ڕێکخراوەکان ودەزگاکانی ڕاگەیاندن دەبێتە هۆی سەختبوونی بارودۆخی رۆژنامەنوسان.

دەشتی مەحمود   شوێنەوارناسی بوارێكی سەرنجڕاكێشە، بەشێكی لەبەرئەوەیە چونكە پەیوەندییەكمان بەخەڵكی سەردەمی رابردووەوە بۆ دەڕەخسێنێت. رێگەمان پێدەدات لەسەردەمی هەنووكەیی خۆمان دەربچین و بۆ ساتێك خەیاڵ بكەین كەژیان لەسەردەم و شوێنێكی جیاوازدا چۆن بووە. بەڵام، شتگەلێكی زۆر هەن، لەوانە پێداویستییە سەرەتاییەكانی وەك خۆراك، شوێنی نیشتەجێبوون و پەیوەندی نێوان مرۆڤەكان، كە لەكات و شوێنە جیاوازەكان وەكو یەكن و بەنەگۆڕی دەمێننەوە. بۆ نموونە، هیچ پێشكەوتنێكی تەكنەلۆژیاو ئاسانكارییەكی مۆدێرن ناتوانێت لەسرووشتی بایۆلۆجی بنەڕەتی مرۆڤبوونمان جیامان بكاتەوە. بەڵام، كاتێك لەئاستی بایلۆجیادا، شتێكی رابردوودا دەدۆزینەوە، كاریگەرییەكی قووڵتر لەسەر مرۆڤەكان دروستدەكات. یەكێك لەو دۆزینەوانە جووتە ئێسكەپەیكەرێكە كەپێی دەوترێت «ئەویندارەكان»ـی حەسەنلو، كەخەڵكی شاری حەسەنلوی دێرینە، ئەم شارە دێرینە دەكەوێتە گوندی حەسەنلوی رۆژهەڵاتی كوردستان و نزیكەی ١٠كم لەشاری نەغەدەوە دوورە. زانكۆی پێنسیلڤانیا بۆ یەكەمجار ئەم جووتە ئێسكەپەیكەرەی دۆزیەوە لەكاتی هەڵكەندنی شوێنەواریی شارێكی كۆن لەڕۆژهەڵاتی كوردستان لەساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوودا. ئەو دوو ئێسكەپەیكەرە لەپاشماوەی شاری دێرینی گردی حەسەنلو دۆزراونەتەوە كەمێژووەكەی بۆ دوو هەزارو ٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. لەدەوروبەری ساڵی ٨٠٠ی پێش زایین، شاری حەسەنلو لەڕۆژهەڵاتی كوردستان، لەلایەن هێزێكی داگیركەری بێگانەوە كەتاوەكو ئێستا نەناسراونەتەوە، لەناوچوو. لەكاتی هێرشەكەدا، دانیشتووانەكەی كوژران و لەو شوێنەی كەبەر پەلامارەكە كەوتن، تەرمیان بەجێهێڵراو بەشێكی زۆری شوێنەكەش گڕتێبەردراو سووتا. ئێسكەپەیكەری «ئەویندارەكان» پێكەوە لەناو كەندوویەكی گەنمی خشتی قوڕو گەچدا لەكاتی هەڵكەندنەكاندا لەساڵی ١٩٧٣دا دۆزرایەوە. هەردوو ئەویندارەكە لەكاتی وێرانكردنی شارەكەدا لەناوچوون؛ هەردووكیان بەر لەمردنیان هەندێك نیشانەی زەبریان پێوە دیارە، بەڵام هیچ برینێكی كوشندەیان لەسەر ئێسقانەكانیاندا نییە. ئەم دوو ئەویندارە، روو لەیەكتر راكشاون و وادەردەكەوێت كەئاوێزانی یەكتربووبن. ئێسكەپەیكەرەكەی لای چەپ دەستێكی درێژ كردووە بۆ ئەوەی دەست لەڕووخساری ئەوی دیكە بدات و قۆڵەكانیان لەیەكتر ئاڵاندووە. ئێسكەپەیكەری دوو «ئەویندارەكان» لەناوەڕاستی حەفتاكانی سەدەی رابردوو تاناوەڕاستی هەشتاكانی سەدەی رابردوو لەمۆزەخانەی پێن، لەفیلادیلفیا لەئەمریكا نمایشكرابوو. جگە لەئەویندارانی حەسەنلو، پاشماوەی مرۆیی سەدان كەسی دیكەی ئەو سەردەمە لەژن و پیاوو منداڵان دۆزراوەتەوە كەئێسكەپەیكەرو پاشماوەكانیان بەسەر شەقامەكانی شاری حەسەنلودا بڵاوبوونەتەوە. وادیارە، خەڵكی ئەم شارە، بەتەواوی لەلایەن هێرشبەرە داگیركەرەكانەوە لەناوچووون. هەندێ لەشارەزایانی بواری شوێنەوارناسی و مێژووی كۆن، باوەڕیان وایە، كەئاشوورییەكان ئەم كارەساتەیان بەسەر ئەم شارەدا هێنابێت، ئەم دەرئەنجامەش بۆ توندووتیژی ئاشوورییەكان دەگەڕێتەوە، چونكە لەشوێنی تردا بەم شێوەیە هێرش و تاڵانكارییان كردووە. سەرەڕای ئەمش، هەندێكی دیكە پێیان وایە، كەشانشینی ئۆرارتو بەرپرسیاریی ئەم كارەساتەن، بەڵام لەگەڵ هەموو گریمانەكاندا، تاوەكو ئێستا بەدیاریكراوی نەزانراوە بەرپرسیاری هێرشە داگیركارییە وێرانكەرەكەی حەسەنلو كێبوون. لەبنەڕەتدا، لێكدانەوەكان بۆ ئەم ئێسكەپەیكەرانە لایەنگرییە، بەهۆی ئەو نازناوەی كەپێیان دراوە. لێكدانەوەكان بینەر ناچار دەكات بەبێ ئەوەی لەسەر ئەم دوو كەسە و سروشتی پەیوەندییەكەی نێوانیان بزانێت، گریمانەكان قبوڵ بكات. هێڵكارییە بایۆلۆجییە بنەڕەتییەكانی ئەو دوو تاكە، بەپشتبەستن بەشیكاری ئێسكەپەیكەرەكان، تووێژەران گریمانەی ئەوە دەكەن كە: ئەم ئێسكەپەیكەرانە، یەكێكیان كوڕێكی زۆر گەنجی پێگەیشتوو و ئەویتریشیان، پێدەچێت ژنێك یان پیاوێكی كەمێك گەورەتر بێت، هەردووكیان تاڕادەیەك تەندروستن و لەقۆناغی سەرەتایی ژیاندان. بێگومان، لەچەندنین رووەوە تێگەیشتن لە «ئەویندارەكان» ئاڵۆزە. بۆ نموونە، چۆن و بۆ چوونەتە ناو كەندووەكەوە؟ ئایا لەوێدا نێژراون، یان هەوڵیانداوە لەناو كەندووەكەدا خۆیان لەهێرشبەرەكان بشارنەوە؟ هەروەتر، هیچ كەرەستەیەكی دەستسازیی لەناو كەندووەكەدا نەدۆزراوەتەوە، جگە لەتەختە بەردێك كە لەژێر سەریاندایە. ئەمەش بەپێچەوانەی ئێسكەپەیكەرەكانی دیكەی شوێنەكە كە لەكاتی ناشتندا بەڕوونی نیشانە رازاندنەوەكانیان هێشتا لەسەر جەستەیان ماون. ئینجا، بۆچی هیچیان لەگەڵدا نەنێژراوە؟ ئایا پێش ئەوەی بمرن هەرچی پێیان بووە لێیان زەوت كراوە؟ هەروەها، پەیوەندی نێوان ئەم دوو كەسە چۆن و چی بووە؟ ئایا ئاوێزانی پڕسۆزیان چ ئاماژەیەك هەڵدەگرێت لەبەرانبەر ئەم بارودۆخە سەختەی شارەكە تێیدا بووە؟ رەنگە شیكاریی لەسەر پاشماوەكان بتوانێت رۆشنایی بخاتەسەر هەندێك لایەنی چیرۆكەكەی نێوان دوو ئەویندارەكە. بۆ نموونە شیكاری DNA دەتوانێت رەگەزی بایۆلۆجییان پشتڕاست بكاتەوە و تەنانەت لەوانەیە بزانێت كە ئایا پەیوەندییەكی خێزانیی لەنێوان ئەو دووانەدا هەبووە. بەڵام، ئەو گریمانەیەی كەئایا دەكرێت پەیوەندییە نزیك و پڕ سۆزە رواڵەتییەكەیان، سەلمێنەری هەبوونی پەیوەندییەكی ئەوینداریی بێت، تاكە لێكدانەوە نییە. بێگومان زۆرێك لە لێكۆڵەوەران باوەڕیان وایە كە ئەم دوو ئەویندارە، نێرو مێ بن، بەڵام بێگومان، ئەزموونی مرۆڤ پڕە لەكاتی سەخت كەپێویستی ئارامكردنەوەو باوەشی ئەوانی دیكە دەخوازێت. لەكاتێكدا ئەم دوو تاكەو دانیشتووانی دیكەی حەسەنلو پێكەوە رووبەڕووی تاریكترین ساتەوەختی خۆیان بوونەتەوە، رەنگە باوەشێك لەلایەن هاوڕێیەك، ئەویندارێك، خزمێك، یان تەنانەت كەسێكی نامۆوە، دەرئەنجامێكی سروشتی ناچارییەكی زۆر بووبێت، بۆیە دەكرێت بگوترێت ئەم دوو كەسە نێرو نێر بووبن و لەوانەیە نزیك یاخود نامۆ بەیەكیش بووبن. بەدڵنیاییەوە، راستییەكانی دۆزینەوەی ئەم دوو ئێسكەپەیكەرە سەرنجكێشن، بەڵام دەبێت ئەوەمان لەبیربێت كەهەر چیرۆكێك لەبارەیانەوە دابڕێژین، زیاتر لەهەموو شتێك لەدیدگا كەلتوورییەكانی خۆمانەوە نزیكە، نەك خودی چیرۆكی دوو ئەویندارەكە. لێكدانەوەی شوێنەواریی فرەلایەنەو قەدەرمان وایە بەهۆی سروشتی پرۆسەكەوە، زۆرجار بەنەزان بمێنینەوە.  

هێرش جەلال عەبدوڵا ئۆجالان كەنزیكەی چارەكە سەدەیەكە لەزیندانی ئیمراڵی گۆشەگیركراوە، زیاتر لە 20 مانگە هیچ كەسێك ئاگاداری دۆخی نییە، كەمپینی «ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان»یش كەماوەی چوار مانگە راگەیەنراوەو لەلایەن 28 كەسایەتی ئەكادیمی و نووسەرو پزیشك و سیاسەتمەداری ناودارەوە پێشەنگایەتی دەكرێت بەردەوامەو بەملیۆنان ئیمزای كۆكردووەتەوە بۆ ئازادكردنی ئۆجەلان. ئۆجالان خۆی دەڵێت: دەستگیركردنم سەرەتای جێبەجێكردنی پلانی نوێی ئەمریكاو وڵاتانی رۆژئاوا بوو لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەوڵیاندا بەدەستگیركردن و لەناوبردنم، گەلێك لەناوببەن، هاوكات جەمیل بایك ئاشكرایدەكات: «ئەمریكا، بەریتانیا، ئیسرائیل، یۆنان، فەرەنسا، هۆڵەندا، روسیا، ئەڵمانیا، كینیاو میسر، بەشداربوون لەپلانی دەستگیركردنی رێبەرەكەمانداو بەریتانیاش خاوەن بیرۆكەی پیلانگێڕییەكە بوو». ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو، دیمەنی ڤیدیۆیی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەنێو فڕۆكەیەكدا لەگەڵ ژمارەیەك كەسی دەمامكداردا بڵاوكرایەوە كەفڕۆكەكە لەنایرۆبی پایتەختی كینیاوە بەرەو توركیا دەفڕی، هەواڵەكە بەخێرایی لەمیدیاكانی جیهان، ناوچەكەو كوردستاندا بڵاوبووەوە كە ئۆجالان بەگەلەكۆمەیەكی نێودەوڵەتی دەستگیركراوەو رادەستی حكومەتی توركیا كراوەتەوە. دوای فشارێكی زۆری توركیاو هاوپەیمانان لەسەر حافز ئەسەدی سەرۆكی پێشوی سوریا، ئۆجالان ناچاركرابوو كەسوریا بەجێبهێڵێت بێ ئەوەی رێگەی پێبدرێت بچێت بۆ قەندیل. دوای چەندین مانگ لەگەشتێكی چڕوپڕ بۆ یونان، روسیاو وڵاتانی ئەوروپا، داواكاری ئۆجالان بۆ مافی پەنابەری سیاسی لەلایەن هەموو ئەو وڵاتانەوە رەتكرایەوەو هەوڵیدا خۆی بگەیەنێتە ئەفریقای باشور وڵاتی نیلسۆن ماندێلا، بەڵام لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەكان لەكینیا كۆتایی بەگەشتەكەی هێنرا. دادگای توركیا سەرەتا، سزای لەسێدارەدانی بەسەر ئۆجالاندا سەپاند، بەڵام بەفشاری لایەنگرانیدا یاسای لەسێدارەدان لەدەستووری بنەڕەتی توركیادا لابراو سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەر ئۆجالاندا سەپێندرا. جگە لەسەپاندنی ئەو سزایە، ئۆجالان گواسترایەوە بۆ دورگەیەك لەژێر ئەمنیەتێكی تونددا، ئەویش زیندانی دورگەی ئیمڕالیەو لەژوورێكی تاكەكەسیدا گۆشەگیركرا.   ئۆجالان: رۆڵی توركیا لەئیمڕالی بەتەنیا پاسەوانیكردنە ئۆجالان لەبارەی دەستگیركردنی لەلایەن هێزە رۆژئاواییەكانەوە دەڵێت:»  دەستگیركردنم سەرەتای جێبەجێكردنی پلانی نوێی ئەمریكاو وڵاتانی رۆژئاوا بوو لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەوڵیاندا بەدەستگیركردن و لەناوبردنم، گەلێك لەناوببەن، پێویستە رۆشنبیرانی كورد لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم بابەتە بكەن، ویستم بگەڕێمەوە كوردستان، بەڵام مۆسكۆو ئەسینا رێگەیان نەدا. سیناریۆی پلانی دەستگیركردنم لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە ئامادەكرابوو، تەنیا رۆڵی پاسەوانی و دادگاییكردنەكەیان بەتوركیا داوە، بەڵام من پیلانگێڕیەكەم لەئیمڕالی پووچەڵكردەوە.» هاوكات جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لەكتێبی «مێژوویەك لەئاگر‌دا» باس لەو وڵاتانە دەكات كەبەشداربوون لەدەستگیركردنی ئۆجالانداو دەڵێت، «ئەمریكا، بەریتانیا، ئیسرائیل، یۆنان، فەرەنسا، هۆڵەندا، روسیا، ئەڵمانیا، كینیاو میسر، بەشداربوون لەپلانی دەستگیركردنی رێبەرەكەماندا، بەریتانیاش خاوەن بیرۆكەی پیلانگێڕییەكەبوو، هەروها ئەمریكا سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی دەكردو هەندێك پارتی كوردیش دەستیان لەو پیلانگێڕییەدا هەبووە».   سزاو سیاسەتی گۆشەگیری ئۆجالان ٢٤ ساڵە لەنێو دۆخێكی گۆشەگیریدا لەدورگەی ئیمڕالیدا بەندكراوە. لەم ٢٤ ساڵەدا پارێزەران و خانەوادەكەی نەیانتوانیوە بەڕێكوپێكی چاویان پێبكەوێت، لەساڵی ٢٠٠٩دا سێ گیراوی دیكەی ئەندامی پەكەكە بەناوەكانی حامیلی یڵدرم، وەیسی ئاكتاش و عومەر خەیری كۆنار بۆ دورگەی ئیمڕالی گواسترانەوە. ئەو گیراوانەش سزای هەتاهەتاییان لەسەرەو لەگەڵ ئۆجالاندا گۆشەگیریەكی توندییان لەسەرە. زیندانی ئیمڕالی بەسزای دیسیپلین و قەدەغەی چاوپێكەوتنی خانەوادەكان و پارێزەران بووەتە ناوەندێكی گەورەی گۆشەگیری، یەكەمجار سزای دیسیپلین لە مانگی كانونی یەكەمی ٢٠٠٥دا بەسەر ئۆجالاندا سەپێندرا، لەنێوان ساڵەكانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٠، ١٥ جار، لەنێوان ساڵی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢١، ٢٨ جار سزای دیسیپلین بەسەر ئۆجالاندا سەپێندراوە كەتاوەكو ئێستاش ئەو سزایە نوێ دەكرێتەوە. هەروەها لە ٢٧ی تەممووزی ٢٠١١ تاوەكو ئێستا نزیكەی هەزارو ٢٣٠ سەردانی پارێزەران رەتكراونەتەوەو لەساڵی ٢٠١٩ەوە تاوەكو ئێستا، تەنیا پێنج جار پارێزەران چاوپێكەوتنیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجالان ئەنجامداوە. هاوكات لەساڵی ٢٠١١ەوە تاوەكو ئێستا بەگشتی ٢٤٩ جار سەردانی خانەوادەكان بۆ ئیمڕالی رەتكراونەتەوە، بەتەنها ٢٨ جار خانەوادەكان توانیویانە چاوپێكەوتن ئەنجامبدەن.   ٢٠ مانگە كەس ئاگاداری دۆخی ئۆجالان نییە دوایین جار، محەمەد ئۆجالان و عەبدوڵلا ئۆجالان، لەمانگی ئازاری ٢٠٢١ بەتەلەفون بۆ ماوەی پێنج خولەك قسەیان لەگەڵ یەكدی كرد، دوای ئەوە، هیچ كەسێك ئاگاداری دۆخی ئۆجالان و زیندانیانی دیكەی ئیمڕالی نییە. تاوەكو مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٢ هیچ زانیارییەك لەبارەی ئیمڕالیەوە نەدەبیسترا، بەڵام لەسەر داواكاری نوسینگەی یاسایی سەدە كە لەكۆمەڵێك پارێزەر پێكدێت و ئەركی پارێزەری ئۆجالانیان لەئەستۆدایە، شاندێكی كۆمیتەی رێگریكردن لەئەشكەنجەی سەر بەكۆمسیۆنی ئەوروپا (سی پی تی) سەردانی زیندانەكانی توركیای كردو دواتر راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە كە لەئیمڕالی چاویان بەئۆجالان كەوتووەو دوای شەش مانگ راپۆرتێك لەمبارەیەوە بڵاودەكەنەوە. لەمانگی ئەیلولی هەمان ساڵدا، نوسینگەی یاسایی سەدە، بەڕاگەیەندراوێك، راگەیەندراوی (سی پی تی) بەدرۆخستەوەو ئاشكرایكرد كەشاندی سی پی تی ئۆجالانیان نەبینیوەو پێویستە بەزووترین كات سی پی تی راپۆرتەكەی ئاشكرابكات و دەوڵەتی توركیاش روونكردنەوە بدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تاوەكو ئێستا هیچ لایەنێك روونكردنەوەی نەداوەو دوای ئەوەش نوسینگەی سەدە، چەندین جار ئاشكرایكردووە كەمەترسی لەسەر ژیانی ئۆجالان هەیە. دوران كاڵكان ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە لەنوێترین چاوپێكەوتنیدا لەگەڵ میدیاكانی پارتەكەیدا دەڵێت: «گۆشەگیریی تووند، ئەشكەنجە لەناو سیستمی قڕكردنی ئیمراڵیدا بەردەوامەو هیچ گۆڕانێك لەم بوارەدا نییە».   كەمپەینی ئازادی بۆ ئۆجالان بەدرێژایی ٢٤ ساڵی رابردوو، چەندین كەمپەینی واژۆ كۆکردنەوە بۆ ئازادی ئۆجالان دەستیپێكرد، لەم چوارچێوەیەدا بەملیۆنان واژۆ لەژێر ناوی «ئۆجالان ئیرادەی سیاسی ملیۆنان كەسە» كۆكرانەوەو پێشكەش بەناوەندە یاساییەكانی یەكێتی ئەوروپا كران. لەچوار پارچەی كوردستانیش هەموو ساڵێك چالاكی و كەمپەینی جۆراوجۆر بۆ ئازادی ئۆجالان بەڕێوەدەچن. دواجار لە ٨ی تشرینی یەكەمیی ساڵی رابردوودا، كەمپەینی «ئازادی بۆ عەبدوڵلا ئۆجالان، لەئێستادا» راگەیەندرا. لەهەموو جیهان ٢٨ ئەكادیمی، سیاسەتمەدار، نووسەر، پزیشك و چالاكوانی ناودار پێشەنگایەتی كەمپەینەكەیان كردووە. لەڕاگەیەنراوێكدا كە ٢٨ كەسایەتیەكە بڵاویانكردەوە هاتووە، «بۆ ئەوەی بەڕێز ئۆجالان لەچارەسەری كێشەی كورددا بەشێوەیەكی ئاشتیانە رۆڵی خۆی بگێڕێت، پێویستە ئازادبكرێت.» كەمپەینەكە تاوەكو ئێستاش لەكوردستان و جیهان و بەتایبەتی ئەوروپا بەردەوامە. لەلایەكی دیكەوە، بۆ ئەوەی پەكەكە لەلیستی رێكخراوە قەدەغەكراوەكان دەربهێندرێت و ئۆجالان ئازادبكرێت، ١٣ی كانونی دووەمی ٢٠٢١ بەپێشەنگایەتی دەستپێشخەری دادپەروەری نێودەوڵەتی بۆ كورد، لە ٣٠ وڵاتی جیهان كەمپەینی واژۆ كۆكردنەوە دەستیپێكرد. لە ٣١ی مانگی رابردووشدا، لەبرۆكسلی پایتەختی بەلجیكا، سێ ملیۆن واژۆ كەمۆری فەرمی فەرمانگەكانی دادنوسی وڵاتانی پێوەبوو كە لەچوار پارچەی كوردستان و ٣٠ وڵاتی جیهان كۆكرابوونەوە، دوای كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی رادەستی كۆنسەی ئەوروپا كران.

هاوڵاتی ژمارەی گیان لەدەستدان و بریندارانی بومەلەرزەکەی باکوری کوردستان و تورکیا لە ١٠٠ هەزار کەس نزیک دەبێتەوە و هۆشداری لە دزی دەدرێت. رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە شاری سەمسورەوە، دوایین ئاماری قوربانیانی بومەلەرزەکەی ئاشکرا کرد. بەگوێرەی ئامارەکە، ١٨ هەزار و ٩١١ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و ٧٥ هەزار و ٥٢٣ کەسیش بریندار بوون. لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دادی تورکیا، فەرمانێکی بۆ دادوەری گشتی کۆماری ناردووە کە لێکۆلینەوە لە دەنگۆی بڵاوبوونەوەی دزی لەو ناوچانە بکەن کە بومەلەرزە لێیداوە. بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی تورکیاش ئاماژەی بەوەکرد کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەندێک هەواڵ و زانیاریەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکداندا کە هەوڵی 'تێکدەریان' داوە، ٣٧ کەس دەستگیرکراون. دوای لێکۆلینەوە، ژمارەیەکیان ئازادکراون و ١٠ کەس رەوانەی زیندانکراون. هەروەها ٣٠٢ هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش داخراون. یەکێتی ژووری ئەندازیارانی تورکیاش رایگەیاند کە دەوڵەت بە باشی کار لەو شوێنانە ناکات کە بومەلەرزە تێیدا روویداوە و باسی ئەوەشی کرد کە لە زۆر دەڤەر گەل بە دەرفەتی خۆی هەوڵ دەدات، هاوڵاتیان لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا دەربهێنێت.

هاوڵاتی بانکی رافیدەینی سەر بە حکومەتی عێراق رایگەیاند، لەئێستادا لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەستیانکردوە بە فرۆشتنی دۆلار تاوەکو 7 هەزار دۆلار بە گەشتیاران، بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی داراییش بانکەکە 100 دۆلار بۆ گەشتیاران بە 132 هەزار دینار دەفرۆشرێت. رۆژی هەینی 10-02-2023 بانکی رافیدەین، کە یەکێکە لە بانکە حکومییەکان لە عێراق رایگەیاند، "دەست بە پێدانی بڕی 7000 دۆلار لە بری 5000 دۆلار بە هەر گەشتیارێک کراوە کە دەیەوێت لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە گەشت بکات." بانکی رافیدەین راشیگەیاندووە، هەر 100 دۆلارێک بە 132 هەزار دینار بە گەشتیاران دەفرۆشێت. تائێستا بڕیاری فرۆشتنی دۆلار بەگەشتیاران بەنرخی فەرمی، تەنها فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدای گرتوەتەوە و لە فڕۆکەخانەکانی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێنەکراوە، هەرچەندە بڕیاردراوە هەمو فڕۆکەخانەکان بگرێتەوە ئەوەش لەچوارچێوەی رێکخستنی بازار و جێگیرکردنی نرخی دۆلار دایە، هەروەها ئاسانکاریش دەکات بۆ بازرگانان، گەشتیاران و ئەوانەی بەمەبەستی نەخۆشی سەردانی دەرەوەی وڵات دەکەن. دوێنێش بانکی رەشیدی سەر بە حکومەتی عێراق بڵاویکردەوە، لەئێستادا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دەستیکردوە بە فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی و 100 دۆلار بۆ گەشتیاران بە 132 هەزار دینار دەفرۆشرێت، ئاسانکاری تەواویش دەکەن بەمەبەستی بەهێزکردنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار.  

هاوڵاتی سوپای ئۆكرانیا ئه‌مڕۆ هه‌ینی، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، ئاشكرای كرد، له‌ به‌ره‌به‌یانه‌وه‌، رووبه‌ڕووی هێرشێكی چڕ و فراوانی سوپای رووسیا بوونه‌ته‌وه‌،بە پێی هەواڵێکی سکای نیوس "دوو مووشەکی ڕووسی ئاسمانی مۆلدۆڤان و ڕۆمانیا ی بەزاندووە". هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه‌، هێرشه‌كه‌ به‌ ئاراسته‌كردنی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ مووشه‌ك و فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان ده‌ستیپێكردووه‌ و دامه‌زراوه‌كانی وزه‌ كراونه‌ته‌ ئامانج.  بە پێی هەواڵێکی سکای نیوس دوو مووشەکی ڕووسی ئاسمانی مۆلدۆڤان و ڕۆمانیا ی بەزاندووەو لەو ناوچانەوە تێپەڕیوە، هاوکات حکومەتی مۆڵدۆڤا وەڵامی ئەو پێشێلکارییەی دایەوە وەزارەتی بەرگری ماڵدۆڤا ڕایگەیاندووە، کە "بە توندی ئیدانەی پێشێلکاریی سنوری ئاسمانییەکەی دەکات پاش ئەوەی موشەکەکانی ڕووسیا ئەمڕۆ لەو هەرێمەکە پەڕینەوە". وتیشی کە یەکێک لە موشەکەکان لە کاتژمێر 10.18 بەیانی بە کاتی ناوخۆیی بە سەر شاری مۆکرا لە ناوچەی ترانسنستریان و دواتر، بەسەر شارۆچکەی کۆسۆتی لە ناوچەی سۆرۆکا،ڕۆشتووەو بەرەو ئۆکرانیا . وەزارەتی بەرگری ڕۆمانیاش ڕایگەیاند ئەو زانیاریانەی کە دوو مووشەکی ڕووسی بە ئاسمانی ڕۆمانیا پەڕیونەتەوە پێش ئەوەی ڕۆژی هەینی بچنە ناو ئۆکرانیاوە پشتڕاست نەکراونەتەوە. سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمڕۆی ڕوسیا سوپای ئۆكرانیا روونیكردووه‌ته‌وه‌، ته‌نیا ئه‌مڕۆ شه‌ش مووشه‌كی كرۆز له‌ جۆری كالیبه‌ر و نزیكه‌ی 35 مووشه‌كی جۆری ئێس300 له‌ سنووری ناوچه‌كانی خاركێڤ و زابۆریجا كه‌وتوونه‌ته‌ خواره‌وه‌ و 7 فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی جۆری شاهد، ئاراسته‌ی بنكه‌كانی سوپای ئۆكرانیا كراون. ئه‌م هێرشه‌ی رووسیا له‌ كاتێكدایه‌، ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا به‌ سه‌ردانێك له‌ ئه‌وروپایه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی زیاتر و دابینكردنی كۆمه‌كی سه‌ربازی بۆ سوپای وڵاته‌كه‌ی.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، دوای دزینی ماتۆرسکیلی گەشتیارێکی ئەڵمانی، ھێزەکانی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر بەشی نەھێشتنی تاوان باندێکی سێکەسیان دەستگیرکرد کە تاوانەکەیان ئەنجام دابو و ماتۆرسکیلەکەشیان رادەستی گەشتیارەکە کردەوە تاکو بەردەوام بێت لەگەشتەکەی. هۆگر عەزیز، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانیان سێ کەسیان لەسەر روداوەکە دەستگیرکردوە کە پێشینەی تاوانیان هەبوە و نۆ تاوانی دزیکردنی دیکەشیان ئەنجامداوە. ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتبارەکان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و لەئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ روداوەکە کراوەتەوە. وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر وتیشی، ماتۆڕسکیلی ئەو گەشتیارە ئەڵمانییە نرخەکەی نزیکەی 10 هەزار دۆلار بوە و ئەمڕۆ رادەستی خاوەنەکەی کراوەتەوە.  

هاوڵاتی سەرۆکی پارتی باش رایگەیاند، بەهۆی ئەو دۆخە نائاساییەی کە دوای بومەلەرزەکەی ٦ی مانگ دروست بووە، پێناچێت هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا بەڕیوە بچن. مەڕال ئاکشەنەر سەرۆکی پارتی باش کە سەردانی زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی شاری مەرەشی کردووە، بۆ رۆژنامەنووسان قسەی کرد. ئاکشەنەر لە وڵامی پرسیارێکدا کە ئایا هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بەڕێوە دەچن یان نا؟ وتی، " بەبۆچوونی من ناتوانرێت لە ١٤ی ئایاردا هەڵبژاردن بەڕێوە ببرێت. بڕوام وایە هەڵبژاردنەکان دەکەونە ١٨ی مانگی حوزەیرانەوە." مەڕال ئاکشەنەر سەرۆکی پارتی باش هەروەها لە وڵامی پرسیارێکی دیکەدا کە بەگوێرەی دەستووری تورکیا لە دۆخە نائاساییەکاندا دەکرێت هەڵبژاردن ساڵێک دوابخرێتدا ئەوەی خستەڕوو، پەرلەمان پێویستە بڕیارێکی بەو شێوەیە بدات، بەڵام ئەو زیاتر لە دۆخی شەڕدا روودەدات. پارتە سیاسیەکان بە هەموو تواناکانیانەوە هەوڵ دەدەن هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت. ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەهۆی بومەلەرزەکەی باکوری کوردستان و تورکیاوە، حکومەتی تورکیا سێ مانگ دۆخی نائاسایی لەو ناوچانە راگەیاندووە کە زیانیان بەرکەوتووە.