هاوڵاتی سەرۆکوەزیرانی عێراق یەک هەفتە دەداتە وەزیرەکانی عێراق بۆ ئاشکرا کردنی سەروەتوسامانەکانیان. ئەمڕۆ دووشەممە ئەمیندارێتیى گشتیی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند محەممەد شیاع سوودانى لە یەکەم کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا ماوەى یەک هەفتەى داوەتە وەزیرانى کابینەى حکومەتەکەى بۆ ئەوەى فۆرمى ئاشکراکردنى سامانەکانیان پڕبکەنەوە و رادەستى دەستەى دەستپاکیى عێراقى بکەن. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشی خستۆتە ڕوودەستپێکی وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە یەک هەفتەیە کە لە یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بە سەرۆکایەتیى محەممەد شیاع سوودانى لە ٢٨ تشرینی یەکەمى 2022، ئەنجامدرا و هەر لەو کۆبوونەوەیەدا ئەو فەرمانە بۆ وەزیرەکان دەرکراوە بۆ پڕکردنەوەى فۆرمى ئاشکراکردنى سەروەت و سامانیان و وادەکە دەستی پێکردووە. جێگەی باسە دەستەى دەستپاکیى عێراق ساڵانە فۆرمى ئاشکراکردنى سامان بۆ بەرپرسانى باڵاى عێراق دەنێرێت بۆئەوەى پڕیبکەنەوە، ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ رێگریکردن لە دەوڵەمەندبوونى نائاسایی.
هاوڵاتی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێم بە نوسراوێکی فەرمی داوا لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکان دەکات لیستی ناوی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانیان بۆ بنێرن بە مەبەستی دامەزراندنیان لە نوسراوێکی ڕەسمیدا کە ئاماژە بە نوسراوی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا و ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی فیدراڵی عێراق كراوە، ناوی سێ یەکەمەکان بە پێی نوسراوەکە دەنێردرێن بۆ ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی فیدراڵی عێراق بە مەبەستی دامەزراندنیان. هەربۆیە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم داوای ناوی سێ یەكەمی زانكۆكان لە زانكۆكانی هەرێم دەكات بە مەبەستی دامەزراندیان لەلایەن راژەی گشتی فیدراڵی عێراق. ئەمەش لە کاتێکدایە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ساڵانی ٢٠١٧ تا ٢٠٢٠،کە ژمارەیان زیاتر لە شەش هەزار كەسە تا ئێستا دانەمەزراون.
هاوڵاتی پەرلەمانتاری پارتی وەفا عەبدولکەریم ڕایگەیاند لە ماوەی دوو هەفتەی داهتوودا پۆستی هەردوو وەزارەتی ژینگەوئاوەدانکردنەوەی عیراق یەکلایدەکرێنەوە. وەفا عەبدولکەریم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند پۆستی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆ پارتی یەکلایی بووەتەوە، بەڵام لەسەر وەزارەتی ژینگە پارتی و یەکێتیی ناکۆکی لە نێوانیاندا هەیە. ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: "لەبارەی پۆستی وەزارەتی ژینگە چەند بۆچونێکی سیاسیی جیاواز هەیە، وەک ئەوەی بۆچونێکیان دەڵێت ئەو پۆستە بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن پشکی پارتییە، ڕایەکی تریشیان دەڵێت لەبەرئەوەی لەتیف ڕەشیدی سەرۆک کۆماری عێراق لە بنەڕەتەوە بەربژێری یەکێتیی نەبووە، بۆیە ئەو حزبە مافی خۆیەتی دوو وەزارەت لەبەغدا وەربگرێت" ئەوەشی ڕونکردەوە "ئەگەر لایەنە سیاسییەکان لەسەر بابەتەکە نەگەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئەوە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن پۆستەکە یەکلایی دەکاتەوە". ئەمەش لە کاتێکدایە، 27-10-2022، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەدان بە کابینەکەی سوودانی، 253 پەرلەمانتار ئامادە بوون. جگە لە وەزارەتەکانی ئاوەدانکردنەوە و ژینگە، 21 وەزارەتەکەی دیکە متمانەی پەرلەمانیان بەدەستهێنا. کابینەکە لە ٢٣ وەزارەت پێکدێت و تائێستا دوو وەزارەت یەکلانەکراونەتەوە، کە پشکی کوردن.
هاوڵاتی مێردمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ لە کاتی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێی پیرانشار بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران گیان لەدەست دەدات. کۆمار دەرۆفتادە،ی تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی پیرانشارە دوای بەشدارییکردنی لە خۆپێشاندانەکانی رۆژی 30-10-2022ـی پیرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانی لەدەستدا. ئەو مێردمنداڵە چەند کاتژمێرێک پێش ڕوداوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی لە ئینستاگرام ئەم پۆستەی کردبوو، "ئێمە خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستین، هەندێکمان لە جەنگ دەکوژرێین، هەندێکمان لە بەندیخانە، هەندێکمان لەسەر شەقام دەمرین، هەندێکمان لە دەریادا نقووم دەبین، تەنانەت کەژە بەرزەکانیش تۆڵەی تەنیاییان لە ئێمە دەکەنەوە، چونکە ئێمە کارمان مردنە." ئەمەش لە کاتیکدایە هەر لە پیرانشارڕۆژی شەممە دیانا مەحموودیی تەمەن ١٢ ساڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران گیانی لەدەست دا. ناڕەزایەتییەکان هەموو شوێنێک و چێن و توێژەکانی گرتۆتەوە بە تایبەت لە ناوچە کوردستانییەکان . تەنانەت ئێستا چلەی ئەو کەسانەشدا لە ناڕەزایەتییەکاندا گیانیان لەدەستداوە، بووەتە شوێنی ناڕەزایەتی دەربڕین.
هاوڵاتی سەرۆکی پێشوی بەڕازیل لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیدا بە بەدەستهێنانی سەدا ٥٠،٨٣ی دەنگەکان، سەرکەوتنی بەدەست هێنا. لولا دا سیلڤا بە بەدەستهێنانی سەدا ٥٠،٨٣ی دەنگەکان توانیوێتی بەسەر رکابەرەکەی سەرۆکی ئێستا، جایر بۆلسۆنارۆ کە سەدا ٤٩،١٧ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە سەرکەوێت. هەروەها لولا دا سیلڤا-ی تەمەن ٧٧ ساڵ کە لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ساڵی ٢٠١٠ بۆ ماوەی دوو خول سەرۆکی بەڕازیل بووە، بەهۆی ئەو دۆسیانەی گەندەڵییەوە کە لەسەری کراونەتەوە، ساڵێک و شەش مانگ زیندانی کرا، دوای ئەوەی دۆسیەکانی یەکلابووەوە و داخران، سەرلەنوێ بەشداری لە کێبڕکێی سەرۆکایەتییدا کردەوە. ئەمەشلەکاتێکدایە لۆلا یەکەم سەرۆکی پارتی کرێکارانبوو کە لە رێگەی هاوکاری کۆمەڵایەتییەوە نزیکەی ٣٠ ملیۆن بەڕازیلی لە هەژاری رزگار کرد .
ڕۆژی شەممە لەدوای هێرشی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر گوندی "وش تەپە"ی سەر بە شاری بۆکان و قوتابخانەی ئەو گوندە، لانی کەم ١٦ هاووڵاتی ئەو گوندەو لە ناویاندا کچێکی تەمەن ١٢ ساڵیان ڕفاندووە. ناسنامەی ئەو ١٦ کەسە ڕفێندراوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە بەم شێوەیەی خوارەوەیە: هێمن ئەمین نەژاد، هێمن لوتفوڵڵاهی، هیوا لوتفوڵڵاهی، ئەرسەلان عەزیزی، هانیە عەزیزی (١٢ ساڵ و کچی ئەرسەلان)، محەممەد ئەسەدی، شۆڕش ڕەحیمزادە، مستەفا ڕەحیمزادە، یادگار عەلیزادە، فەرهاد ئابدار، شاهین سلێمانی، ئەردەڵان ڕەحیمزادە، ئەرسەلان ڕەحیمزادە، سەیوان ڕەحیمزادە، زانیار عەلیزادە و زانیار حەمزەڕەش. بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، هەر یەک لە محەممەد ئەسەدی، شۆڕش ڕەحیمزادە و موستەفا ڕەحیمزادە لە کاتی دەستبەسەرکرانیان لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە تەقەیان لێکراوە و بریندار کراون. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەم ١٦ هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان بێ ئەنجام ماوەتەوە. شیاوی ئاماژە پێدانە، کە ژمارەی دەستبەسەرکراوان لە ١٦ کەس زیاترە، بەڵام هەتا ئێستا هەنگاو توانیویەتی ناسنامەی ١٦ کەسیان ئاشکرا بکات.
هاوڵاتی تورکیا لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢١ی کارەکانی “ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا” دان بەوەدا دەنێت، کە چەکی تەرمۆباریک-یان دژی گەریلاکانی کوردستان بەکارهێناوە، کە بەپێی پەیمانی جنێڤ یەکێکە لە چەکە قەدەغەکراوەکان. دەوڵەتی تورک لە ڕاپۆرتی ساڵای ٢٠٢١ی “کارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر”دا کە لەماوەی ڕابردوودا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بە بەکارهێنانی جۆرە چەکێک کردووە بەناوی “تەرمۆباریک” کە یەکێکە لە چەکە قەدەغەکراوە جیهانییەکان. لە ڕاپۆرتەکەدا دەوڵەتی تورک دانی بەوەداناوە، کە چەکی تەرمۆباریکی بەکارهێناوە و دەڵێت: چەکی تەرمۆباریک لەسەر چەند پەناگەیەک تاقیکراوەتەوە و هێزەکان دەستیان بە بەکارهێنانی ئەو چەکە کردووە. مێژووی بەکارهێنانی تەرمۆباریک کە دەوڵەتی تورک لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢١ ئاماژەی پێکردووە، دەگەڕێتەوە بۆ حەوتی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩، کە لە ناوچەی وەلیکای باشووری مووش لە هێرشێکدا بۆ سەر پەناگەیەکی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بەکارهێنا و بەهۆیەوە پێنج گەریلا شەهیدبوون. لە هێرشە داگیرکارییەکانی ڕۆژی ٢٤ی نیسانی ٢٠٢١یشەوە کە بۆ سەر ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا دەستیپێکرد، سوپای تورک دەیان جار چەکی تەرمۆباریکی لە تونێلەکانی شەڕ دژی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بەکارهێنا، ڕۆژی ٨ی نیسانی ٢٠٢٢یش ئاژانسی فورات نیوز ڤیدیۆی کارتۆن و پاشماوەی ئەو چەکەی لە ناوچەکانی شەڕ بڵاوکردەوە. تەرمۆباریک کە بە زمانی یۆنانی تەرمۆ بە واتای ‘گەرمایی’ە و ڕیشەکەشی “هێزە” یەکەم جار لەلایەن زانای فیزیایی نازی ماریۆ زیپەرمایەر دروستکرا، ئەو تەقەمەنییە لە جەنگی دووەمی جیهانیدا بۆ یەکەم جار لەلایەن ئەڵمانیای نازییەوە بەکارهێندرا، لە ساڵانی دواتریشدا لەلایەن ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەتەوە پەرەی پێدرا. بەگوێرەی پسپۆران، ئەو تەقەمەنیەی لە تەرمۆباریکدا هەیە بەراورد لەگەڵ جۆرەکانی پێشووتر شەپۆلی زیاتری تەقینی هەیە، خاوەنی هێزێکە کە جەستەی مرۆڤ بە تەواوەتیی دەتوێنێتەوە. دەوڵەتی تورک پێشتر ئەو چەکە تەرمۆباریکانەی لە ڕووسیا و ئەمریکا دەکڕی، ڕۆکێتی جۆری تی بی گی-٧ ڤی بەرهەمی ڕووسیایە، کە کڵاوەی تەرمۆباریکی لەسەر بەکاردەهێنرێت، لە ساڵی ٢٠٢٠یشەوە تورکیا خۆی دەستی بە پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی ئەو چەکە کردووە. ماددەی تەقەمەنی تەرمۆباریک لە مۆدێلی نوێدا لەلایەن پەیمانگای بەرەوپێشبردن و توێژینەوەی پیشەسازیی بەرگریی (توبیتاگ – ساگە) بەرهەمدەهێنرێت، لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە یەک لەو چەکانە لەناو کەرستە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکدا زۆر بەکاردەهێنرێت، توبیتاک-ساگە رایگەیاندبوو، کە ئەو چەکە بۆ تونێل و ئەشکەوتەکان زۆر کاریگەرە. ئاشکراشیکردبوو، کە تەرمۆباریک دەخەنە ناو بۆمبی فڕۆکەکان، هەروەها گولـلەی تانک و نارنجۆکی دەستیی، لە چەکەکانیشدا بەکاریان دەهێنن.
هاوڵاتی دهستهی دهستپاكی ئهمڕۆ یهكشهممه، راگهیاند كهسهرۆكی ئهنجوومهنی وهزیران محهمهد شیاع سودانی سهروهت وسامانی خۆی ئاشكرا كردووه لهدوایی وهرگرتنی پۆستهكهی و متمانهوهرگرتنی كابینهكهی. فهرمانگهی پارێزی لهدهستپاكی لهراگهیندراوێكدا رایگهیاند" دهستهكه فۆرمی ئاشكراكردنی سهروهت وسامانی تایبهت بهسهرۆكی ئهنجوومهنی وهزیران محهمهد شیاع سودانی بهدهست گهیشتووه، كهیهكهم بهرپرسه لهم كابینهیه سهروهت وسامانی خۆی ئاشكرا دهكات لهدوای وهرگرتنی متمانه لهلایهن ئهنجوومهنی وهزیرانهوه. جێگای ئاماژهپێكردنه سهرۆكی ئهنجوومهنی وهزیران محهمهد شیاع سودانی وهزیرهكانی كابینهی حكومهته نوێیهكه راسپاردووه بۆ ئهوهی سهروهت وسامانی خۆیان ئاشكرا بكهن لهبهرامبهر دهستهی دستپاكی لهماوهی یهك ههفتهدا لهرێكهوتنی وهرگرتنی پۆستهكانیان. ههروهها ماددهی (16/ یهك/ ج) لهیاسایی دهستهی دهستپاكی ژماره (30ی ساڵی 2011)ی ههمواركراو، ههر یهك له( سهرۆك و جێگرهكانی سهرۆكی ئهنجوومهنی وهزیران و وهزیرهكان و ئهوانهی ههمان پلهیان ههیه) و پلهبهرزهكانی دیكهی ناچار دهكات سهروهت وسامانی خۆیان ئاشكرا بكهن.
هاوڵاتی ئیدارەی خۆسەری کوردی لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەیان کەس لە ژن و منداڵانی چەکدارانی داعشی ڕادەستی وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و ئۆسترالیا کردۆتەوە. کەناڵی ئەی بی سی بڵاوی کردەوە، ئیدارەی کوردیی خۆسەری باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بە دەیان ژن و منداڵی چەکدارانی داعشی کە لە زیندانی ڕۆژ ڕاگیرابوون لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕادەستی وڵاتانی ڕۆژئاوا و عێراق کردۆتەوە. هەر بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرته ، ڕێککەوتنی ڕادەست کردنەوەی خێزانی چەکدارانی داعش دوای کۆبوونەەی ەم دوایەی دیپلۆماتکارانی ئەو چەند وڵاتانه لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەری کوردی بووە. میدیاکانی ئوسترالیا باسیان لەوە کرد کە ڕۆژی دابردوو لە ڕێگای گەشتێکی ئاسمانییەوە لە عێراق بۆ ئۆسترالیا ١٣ منداڵی ئوسترالیایی لەگەڵ دایکیان گەڕاونەتەوە بۆ ئەو وڵاتە. هەروەها ژمارەیەک ژن و منداڵی سەر بە چەکدارانی داعش کە هاووڵاتیانی ئەمریکا، ئیتالیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، هۆڵەندا، بەریتانیا، بەلجیکا و کەنەدان گەڕێنراونەتەوە بۆ وڵاتەکانیان. بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی ڕزگارکردنی منداڵان، هێشتا زیاتر لە 11 هەزار ژن و منداڵی وڵاتانی بیانی لە کەمپی ئەلهۆل و ڕۆژ لەژێر چاودێریی هێزە کوردییەکانی سووریادان. شایانی باسە زیاتر لە 54 هەزار چەکدار و ئەندامانی بنەماڵەکانیان لە زیاتر لە 10 کەمپ و زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی سووریا ڕاگیراون. زۆربەی ئەو کەسانە هاوڵاتیی سووریا و عێراقن.
هاوڵاتی بارنبارینی پێویست لە کاتی چاندندا و نەبوونی هیچ گرفتێک لە پرۆسەی ئاودێریدا، کاریگەری ئەرێنی لەسەر بەرهەمهێنانی گەنمەشامی هەبووە لە پارێزگاکەدا، ههربۆیه مەزەندە دەکرێت ئەمساڵ لە دیاربەکر کە یەکێکە لە ناوەندە هەرە گرنگەکانی کشتوکاڵ لە تورکیا، ٢٥٣ هەزار تۆن گەنمەشامی بەرهەم بهێنرێت. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ و دارستانی دیاربەکرەوە دەستکەوتوون، پێشبینی دەکرێت لەمساڵدا لە دیاربەکر نزیکەی ٢٥٣ هەزار تۆن لە بەروبوومی گەنمەشامی کە لەسەر رووبەری ١٧٧ هەزار و ٦٣٦ دێکار زەویدا چێنراوە، دەست بکەوێت. سەرۆکی ژووری کشتوکاڵی یەنیشەهیر، سولەیمان ئیسکەندەرئۆغڵو بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، خەریکە پڕۆسەی دروێنکردنی گەنمەشامی لە قەزاکەیان تەواو دەبێت. ئیسکەندەرئۆغڵو ئاماژەی بە زیادبوونی بەروبوومی گەنمەشامی کرد لە سێ ساڵی رابردوودا و گوتی: "لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٠٦ لە قەزاکەماندا، ٩٠٠ کیلۆگرام بەرهەممان لە هەر دێکارێکدا دەستکەوتبوو، لە ساڵانی رابردوودا بە تێکڕا بەرهەمی گەنمەشامی زیادی کردووە بۆ هەزار و ٥٠٠ کیلۆگرام لە هەمان رووبەردا". سەرۆکی ژووری کشتوکاڵی یەنیشەهیر ئاشکرای کرد کە بەرهەمی گەنمەشامی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو باشترە، گوتی: " لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تێکڕای بەرهەمی گەنمەشامیمان لە دەوروبەری هەزار و ٣٠٠ کیلۆگرام بووە لە هەر دێکارێکدا، ئەمساڵ نزیکەی هەزار و ٥٠٠ کیلۆگرامە. بێگومان لەگەڵ زیادبوونی بەرهەم خۆشگوزەرانی و داهاتی جووتیارانیش زیادی کردووە". ئیسکەندەرئۆغڵو ئاماژەی بەوەش کرد، لەمساڵدا رووبەری چاندنی گەنمەشامی کەمبووەتەوە و ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە جووتیاران بەهۆی ئەو داهاتە کەمەی ساڵی رابردوو بەدەستیان هێناوە روویان لە چاندنی لۆکە کردووە. ساڵح چیمەن کە جووتیارێکی دانیشتووی گەڕەکی چیمەنلەری سەربە ناوەندی قەزاکەیە، رایگەیاند کە گەنم و لۆکە و گەنمەشامی لەسەر رووبەری نزیکەی ١٦٠ دێکار چاندووە. ساڵح چیمەن بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەمساڵ لەسەر رووبەری ٦٠ دێکار گەنمەشامی چاندووە، گوتی: "لە پرۆسەی چاندندا ماندووبوونی زۆرمان چەشت، لە ئێستادا دەستمان کردووە بە دروێنە. بەراورد بە ساڵی رابردوو، بەرهەمی ئەمساڵ باشترە، ساڵی رابردوو ٧٠٠ کیلۆگرام بەهەرهەممان دەستکەوت لە هەر دیکارێکدا، پێشبینی دەکەم ئەمساڵ نزیکەی هەزار و ٥٠٠ کیلۆگرام بەرهەممان دەست بکەوێت". هەروەها حەسەن ئاڵپ کە یەکێکی دیکەیە لەو جووتیارانەی گەنمەشامی چاندووە، رایگەیاند کە ساڵی رابردوو لەسەر رووبەری ١٠٠ دێکار گەنمەشامی چاندووە و لە هەر دێکارێکدا هەزار کیلۆگرام بەرهەمی دەستکەوتووە. حەسەن ئاڵپ ئاماژەی بەوە دا کە ئەمساڵ لەسەر رووبەری ٣٠٠ دێکار گەنمەشامی چاندووە، گوتی: "هەزار و ٤٠٠ کیلۆگرام بەرهەممان دەست دەکەوێت لە هەر دێکارێکدا، ساڵی رابردوو زۆر رازی نەبووین لە بەرهەمەکانمان، بەڵام سوپاس بۆ خودا ئەو بەرهەمەی ئەمساڵ دەستمانکەوت، وایکرد هەست بە ئاسوودەیی بکەین".
هاوڵاتی بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ چەند کاروانێکی سەربازیی تورکیا ناوچەکانی باکووری ئیدلیبیان بەرەو ناوچە سنوورییەکانی تورکیا بەجێهێشت. ڕوانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزەکانی تورکیا بە کەرەستەی سەربازییەوە لە باکووری ئیدلیب لە سووریاوە بەرەو ناوچە سنوورییەکانی تورکیا بەڕێکەوتوون. ئەم ناوەندە ڕاشیگەیاندووە ڕۆژی ڕابردوو کاروانێکی سەربازیی تورکیا کە لە 10 زرێپۆش و 7 تانک و چەند بارهەڵگر کە سەربازەکانیان جێبەجێ دەکرد لە باکووری حەلەب کشانەوە. ئەم ناوەندە کە چاودێریی پرسەکانی سووریا دەکات هەروەها وتی کە تورکیا لە ڕۆژی 26ی تەشرینی یەکەمیشدا ژمارەیەک زۆر لە هێزەکانی خۆی لە باکووری حەلەب کشاندەوە.
هاوڵاتی بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆچی نا یاسای حکومەتی نوێی ئیتاڵیا بەنیازە بیرۆکەی “گەمارۆی دەریایی” بخاتە بواری جێبەجی کردنەوە دەزگای لوتکە بۆ كاروباری پەنابەران ڕایگەیاند یەکێک لە بڕگەکانی پلانی پێنج ساڵەی حکومەتی ئیتاڵیا چارەسەرکردنی کێشەی کۆچی نایاساییە بۆ ئەو وڵاتە. هەروەها ڕونیشیکردەوە ئیتاڵیا بەنیازە بیرۆکەی “گەمارۆی دەریایی" بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە بە مەبەستی ڕاگرتنی کۆچی نایاسایی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە باسی لەوەشکرد، بەنیازن ئەو پێشنیازە لەسەر ئاستی ئەوروپا بخەنەڕوو و بە ڕێککەوتن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەوروپا جێبەجێی بکەن، واتا ئەم گەمارۆیە تەواوی ئەو ڕێگە ئاویانە دەگرێتەوە کە بەرەو ئەوروپا دەڕوات . ئەمەشلە کاتێکدایە دەستپێشخەری بۆ ئەم هەوڵە لە ١٨ی ئایاری ٢٠١٥ دەستیپێکرد، دوای چەند هەفتەیەک لە خنکانی زیاتر لە ٨٠٠ کۆچبەر، لە یەکێک لە کارەساتبارترین ڕووداوەکانی پەیوەست بە کۆچەوە لە مێژووی ئەم دواییەدا.
هاوڵاتی سبەی خەڵاتەکانی ١٣مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە هامبۆرگ بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' دابەشدەکرێت و فیلمی کوردی هەرچوار پارچەی کوردستان تێیدا بەشدارن. لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە هامبۆرگ 28 فیلم بەشدارن و خەڵات لە سێ بەشدا پێشکێش دەکرێن، خەڵاتی باشترین فیلمی کوردی، خەڵاتی باشترین بەڵگە فیلم و خەڵاتی تایبەتی فێستیڤاڵ. هەروەها ئەمساڵ خەڵاتێکی دیکە بەناوی ئەرهان ئۆرس، سینەماکاری باکووری کوردستان زیادکراوە کە ئەمساڵ لە تورکیا دەستبەسەرکرا و ئێستا لە زیندانە. چالاکییەکانی فێستیڤاڵ لە 26 تشرینی یەکەمی 2022 لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا دەستیپێکرد و سبەی دووشەممە 31 تشرینی دووەمی 2022 چالاکییەکانی کۆتایی دێت
هاوڵاتی بەڕێوەبەری تەندروستیی دهۆك: 40 بۆ 45٪ی نەخۆشانی شێرپەنجە لەپارێزگای دهۆك لەجۆری شێرپەنجەی مەمكن. د.ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆك بەهاوڵاتی راگەیاند:» بەشێكی زۆری ئەو نەخۆشانەی سەردانی ناوەندە پزیشكییەكان دەكەن و تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون، تووشی شێرپەنجەی مەمك و شێرپەنجەی خوێن بوون، 40 بۆ 45٪ی نەخۆشانی شێرپەنجە لەپارێزگای دهۆك لەجۆری شێرپەنجەی مەمكن». وتیشی: «لەدهۆك دوو ناوەند بۆ پشكنین و چارەسەری نەخۆشانی شێرپەنجە هەیە، كەئەوانیش ناوەندێك لەنەخۆشخانەی ئازادی كە 75 قەرەوێڵەیە، هەروەك سەنتەری شێرپەنجەی منداڵان و نەخۆشانی تالاسیما لەپارێزگای دهۆك».
هاوڵاتی کچە کوردێکی تەمەن ١٣ ساڵ رۆژئاوای کوردستان کاندید دەکرێت بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی لە بەرامبەر هەوڵەکانی بۆ پاڵپشتیکردن لە هاوتەمەنەکانی خۆی و گەیاندنی خەم و ئازاریان . سیرین مەزلووم نەعسان، 13 ساڵی تەمەنە، خەڵکی شارۆچکەی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە و دوای ئەوەی توۆڕ سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی منداڵان کاندیدیکرد کاندیدکردنەکەی قبووڵکرا. تۆڕی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند سیرین لەگەڵ 170 منداڵی دیکە لە سەرانسەری جیهان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی منداڵان کاندیدکراوە و کاندیدکردنەکەشی لەلایەن لیژنەی پەیوەندیدارەوە پەسندکراوە. هەروەها ئەو کچە کوردە ، سەردانی کەمپی ئاوارەکان دەکات و بە گوتنەوەی گۆرانی، ژەنینی میوزیک و وێنەکێشان، بەشێک لە خەم ئازاری هاوتەمەنەکانی رەواندووەتەوە. ئەو، ژیانی راستەقینە و ئاواتی منداڵان لە نیگارەکانیدا نیشاندەدات. جێگەی باسە سیرین چەندین پەیامی ڤیدیۆیی بە کوردی و عەرەبی ئاراستەی جیهانیان کردووە و دەڵێ: شەڕ رابگرن، ئێمە دەمانەوێ منداڵانی سووریا وەک هەموو منداڵانی جیهان، لە مافە سەرەتاییەکانیان سوودمەندبن".
