هاوڵاتی لهڕاگهیهندراوێکدا چوارچێوەی هەماهەنگی پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ محمد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیران دەربڕی لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان. چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، "چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكومەت، بۆ تاوتوێكردنی دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی وڵات پشتیوانی تەواو"ی دەربڕی بۆ سەرۆكوەزیران لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان”. چوارچێوەی هەماهەنگی ستایشی ڕێبازی حكومەت بۆ لایەنی خزمەتگوزاری كە هاوڵاتی پێویستی پێیەتی و دەستپێكردنی دروست لە جێبەجێكردنی پرۆگرامی وەزاری بۆ حكومەتی خزمەتی نیشتیمانی، جەختی لەسەر پێویستی یەكگرتوویی هەوڵەكانی سەرجەم هێزە عێراقییەكان بەمەبەستی هەڵگرتنی نادادپەروەری گەلی عێراق و گۆڕینی ڕەوشی ژیانی هەموو گەلی عێراق و چینە بێبەشەكان بەتایبەتی و بۆ پێشخستنی واقیعی خزمەتیان و بۆ هەموو گەلی سەربەرزمان
هاوڵاتی بەگوێرەی ڕاپۆرتی ژمارەیەک میدیا لەوان ئەلمۆنیتۆر، ڕێکخراوی پاکسی هۆڵەندا و ئاسیۆم تەک؛ تورکیا دەورێکی بەرچاوی هەیە لە وێران کردنی ژینگەی ناوچە کوردنشینەکانی سووریا و عێراقدا. گۆڤاری ئاسیۆم تەک لە ڕاپۆرتێکدا هۆشداری داوە کە تورکیا هێشتا خەریکی دروست کردنی بەنداوە، سەرچاوەی ئاوی پشت بەنداوەکانیش دوو ڕووباری دیجلە و فوراتن. هاوکات ئەم دوو ڕووبارە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە دابین کردنی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ لە عێراق و سووریا. دەستەی سەرنووسەری ئەم گۆڤارە ئاماژە دەدەن بەوەی کە بەشێکی زۆری ناوچە کوردنشینەکانی عێراق و سووریا لە نزیک سنوورەکانی ئەم دوو وڵاتە لەگەڵ تورکیا ژیانیان بە کشتوکاڵ و جووتیارییەوە بەندە و دابەزینی بەرچاوی ئاستی ئاوی ئەم دوو ڕووبارە کاریگەریی ڕاستەخۆی لەسەر ژیانیان هەیە بە تایبەت کوردەکانی سووریا. هەروەها خورشید دەلی، لێکۆڵەری پرسەکانی تورکیا، هۆشداری داوە لە خراپتربوونی وشکەساڵی و کەم بوونی ئاو لە عێراق و سووریا بەهۆی سیاسەتەکانی تورکیا و بە ئەلعەرەبیی ڕاگەیاندووە: هەرچەندە لە پێشتریشدا تورکیا هەنگاوی ناوە بۆ کەم کردنەوەی ئاستی ئەو ئاوەی کە دەچێتە ناو سووریا و عێراق، بەڵام ئەنقەرە لەم دواییانەدا، بە جێبەجێ کردنی پڕۆژەی گەورەتر گاریگەریی نەرێنیی زیاتری لەسەر دۆخی کەشوهەوای ئەم دوو وڵاتە هەبووە. پەیمانگای پاکسی هۆڵەندا لە چەند ڕاپۆرتێکدا باسی لە هەوڵەکانی تورکیا بۆ بڕینەوەی دارستانی ناوچە کوردستانییەکانی عێراق و سووریا کردووە. لەوان بڕینەوەی دارستانەکانی پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان و ناوچەی کوردنشینی عەفرین لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا. بەپێی نەخشەی مانگە دەستکردەکان کە ئەم پەیمانگایە بڵاوی کردۆتەوە، هەندێک ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ئەنجامی سیاسەتەکانی تورکیا لە دۆخێکی مەترسیداردان. دوێنێ ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند ئاستی ئاوی ڕووباری دیجلە لە عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. ئه م ئاژانسه هۆشداریی دا که بەشێکی زۆری پیشەسازی کشتوکاڵی عێراق، له ناوەچەی کوردنشینی دهۆکەوه تا سنووری ئەو وڵاته لەگەڵ کەنداوی فارس، ڕووبه ڕووی قه یرانی وشکەساڵی و هەژاری بۆتەوه . ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاند، هۆکاری ئەم قەیرانە کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ئەو ڕووبارانەیە کە لە تورکیاوە سەرچاوە دەگرن و دەچنە ناو عێراقەوە. ئاژانس فرانس پرێس نووسیویەتی: حکوومەتی عێراق و کوردەکان، تورکیا بە هۆکاری سەرەکی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووباری دیجلە لە عێراق دەزانن. جووتیارانی کورد لە ناوچەی فیشخابور لە هەرێمی کوردستان بە ئەم ئاژانسەیان ڕاگەیاندووە: لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ئاستی ئاوی ڕووباری دیجلە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و کاریگەری زۆری لەسەر ژیانیان هەبووە. ئەم ئاژانسە هەواڵییە هۆشداری داوە لە ئەگەری وشک بوونی هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات لە عێراق لە ساڵانی داهاتوودا.
هاوڵاتی بەپێی داتاکانی سەرژمێری دانیشتووان کە لە تانزانیا ئەنجامدراوە، ژمارەی دانیشتووان گەیشتووەتە ٦١ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار کەس، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٢دا، ٤٤ ملیۆن و ٩٠٠ ھەزار کەس بوو. ژمارەی دانیشتوان لە تانزاینا بەڕێژەی لەسەدا ٤٠ زیادی کردووە، ئەوەیش لە میانی ١٠ ساڵی رابردوودا زیادبوونێکی بەرچاوە کە لەڕووی دانیشتوانەوە لەو وڵاتە تۆمار دەکرێت. بەپێی داتاکانی سەرژمێری دانیشتووان کە لە تانزانیا ئەنجامدراوە، ژمارەی دانیشتووان گەیشتووەتە ٦١ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار کەس، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٢دا، ٤٤ ملیۆن و ٩٠٠ ھەزار کەس بوو. لە داتاکاندا ئەوە خراوەتەڕوو کە رەگەزی مێ لەسەدا ٥١ی ژمارەی دانیشتوانی تانزاینا پێکدەھێنێت. لای خۆیەوە رێکخراوی ھاریکاریکردنی منداڵان سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) پێشبینی کردووە کە تا ساڵی ٢٠٥٠، یەک لەسەر چواری دانیشتوانی جیھان لە کیشوەری ئەفریقیابن، ئەگەر پێش نەگیرێت لە گەشەی دانیشتوانی ئێستای کیشوەرەکە.
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی کرد بەبۆنەی پێکهێنانی حکوومەتەکەی، هاوکات جەختی لە پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ کارکردن لەگەڵیدا کردەوە. باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئەلینا رۆمانەوسکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر راگەیەندراوێکی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس-ی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا ئاماژە بەوە دراوە ئانتۆنی بڵینکن و محەمەد شیاع سوودانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە. لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ئانتۆنی بڵینکن پیرۆزبایی پێکهێنانی حکوومەتی عێراقی لە محەمەد شیاع سوودانی کردووە. لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە هەر لە میانی پەیوەندییەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لە پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ کارکردن لەگەڵ حکوومەت و گەلی عێراق لەپێناو رێزگرتنی زیاتر لە مافەکانی مرۆڤ، زیادکردنی دەرفەتی ئابووری و پێشخستنی سەربەخۆیی عێراق لە بواری وزە و چارەسەرکردنی قەیرانی کەشوهەوادا کردووەتەوە. ئەوەش هاتووە کە ئانتۆنی بڵینکن جارێکی دیکە پابەندبوونی واشنتۆنی بۆ پشتگیریکردنی عێراق لە شکستپێهێنانی داعش کردووە. بەپێی راگەیەندراوەکە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشوازیی لە بانگەواز و بەڵێنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کردووە. وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئانتۆنی بڵینکن و محەمەد شیاع سوودانی پابەندبوونی خۆیان بە رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان لە پاراستنی ئاسایشی عێراق و سەقامگیریی و سەروەرییەکەی دووپات کردووەتەوە. رۆژی ٢٧ی تشرینی یەکەم، کاندیدی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، محەمەد شیاع سوودانی متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەستهێنا و بوو بە سەرۆکوەزیرانی عێراق.
عەمارعەزیز سێوی بەرواری باڵا لەسنوری بادینان لەرووی رەنگ و تامەوە بەناوبانگە، ئەمساڵ بەهۆی هاوردەكردنی سێو لەدەرەوە لەلایەك و بێ بارانی لەلایەكی تر زیانێكی زۆر بەر خاوەن باخەكانی سێو كەوتووە. هەوار سەعید، خاوەنی شەش باخی سێوە لەگوندی خشخاخا لەسنوری ناحیەی كانێ ماسێ بەهاوڵاتی وت: «ئەمساڵ لەو شەش باخەی بەرهەمەكەی نۆ تۆن بووە، تائێستا پێنج تۆنم فرۆشتووە ئەوەی تر ماوە، بەگشتی جوتیارەكان لەسەدا 50 بەرهەمی خۆیان فرۆشتووە، زۆرجار كیلۆیمان داوە بە 180 دینار، ئێمە لەو خەرجیەی دەیكەین زۆرجار زیان دەكەین، دەیان ساڵە بەرپرسان بەڵێنی بێ كردار دەدەن و دەڵێن سێوەكانی بەرواری باڵا رەوانەی دەرەوە دەكەین یاخود دەیكەین بەشەربەت و دەیان قسەی تر، بەڵام هەمووی بێسوود بووە». وتیشی: «زیاتر لە 200 جوتیار لەسنوری ناحیەكە هەن كە هەریەكێك بەلایەنی دوو تاسێ باخی سێویان هەیە، ساڵانە سەدان تۆن سێو لەبەر دارەكان رزیو دەبن و بێ ناز ماونەتەوە». هەموو ساڵێك لەكاتی پێگەیشتنی سێوەكانی ناوچەی بەرواری باڵا جوتیارەكانی گلەیی ئەوەیان دەكرد كە هیچ شوێنێكیان نیە سێوەكانیان لەڕزین بپارێزن، بۆ ئەمساڵ فەرمانگەی چاندن لەدهۆك دوو ساردكەرەوەی لەسنوری ناحیەی كانی ماسی داناوە تاجوتیارەكان سێوەكانی خۆیان لەو دوو ساردكەرەوەیە دابنێن، بەڵام جوتیارەكان دەڵێن ئەو دوو ساردكەرەوەیە بەشێ بەرهەمی دوو تا سێ جوتیار دەكات ئەی ئەوانی تر چی بكەن؟ هەوار سەعید دەڵێت: « ئەو دوو ساردكەرەوەیە تەنیا بۆ چەند جوتیارێک بووە، ئەی ئەو جوتیارانەی تر چی بكەن، ئەوەی حكومەت كردویەتی چارەسەر نیە تەنیا رازی كردنە و تا لەمیدیا بڵێن ئێمە كێشەی جوتیارەكانی سێومان چارەسەركرد». ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی چاندن لەپارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی راگەیاند: «دوو ساردكەرەوەمان لەسنوری ناحیەی كانی ماسی لەسنوری قەزای ئامێدی جێگیركردووە، هەر ساردكەرەوەیەك 300 تۆن سێو لەخۆی دەگرێت، هەرجوتیارێك بێەوێت دەتوانێت بەبێ بەرامبەر سێوەكانی خۆی لەو ساردكەرەوانە دابنێت، لەپلانیشماندایە ژمارەی ساردكەرەوەكان زیادبكەین تاوەكو زۆرترین جوتیار سوود لێیوەربگرن» وتیشی»بەرهەمی سێو بۆ ئەمساڵ سەرووی چوار هەزار تۆن دەبێت، بەروارد بەپارساڵ زۆر زیاد بووە، پارساڵ رێژەیەكی زۆر كەممان هەبوو، بۆ فرۆشتنیان لەبازاڕەكان، باجمان لەسەر سێوی دەرەوە زیاد كردووە، بۆهەر كێلویەك بڕی 500 دینار باج زیادكراوە، هەروەها بۆ ساڵی ئایندە كارگەیەكی دروستكردنی شەربەتی سێو تەواو دەبێت، ئەمەش وادەكات چیتر سێوەكانی بەرواری باڵا بێ ناز نەمێننەوە. ئەحمەد جەمیل دەڵێت: بەنیازن بەرهەمی سێوە رەوانەی دەرەوە بكەن و لەگەڵ وەزارەت قسەمانكردوە لەڕێگای چەند كۆمپانیەك سێوەكانی سنوری پارێزگای دهۆك بازاڕێكی باشیان بۆ بكەینەوەو رەوانەی دەرەوەی بكەین، لەسەر ئاستی ناوخۆش ئەمساڵ چەند بازاڕێكی ناوخۆییمان لەچەند شوێنێكی دهۆك كردووەتەوە ئەوەش بەئامانجی قازانجكردنی جوتیارەكانمان هەروەها پاراستنی بەرهەمی خۆمان بەتایبەت سێو لەڕزین و خراببوون». هاوكات كاوار سەعید، خاوەنی سێ باخچەی سێوە لەگوندی مایێ سەر بەناحیەی كانێ ماسی بەهاوڵاتی وت:»سەرووی 500 داری سێوم هەیە، ئەمساڵ بەرهەمەكەی گەیشتووەتە 400 تۆن، هەموشی سێوی پلە یەكە، بەڵام لەبازاڕدا كێلوی بە 200 تا 500 دینارە، بەو نرخە جگە لەماندوبوون و خەرجكردنی كرێی كرێكارو كرێی گواستنەوە هیچ بۆ ئێمە نامێنێتەوە، ئەوە حاڵی هەموو جوتیارێكە،، هاوكاری جوتیار ناكرێت».
هاوڵاتی رۆژی پێنجشەممە لە 48ـەمین رۆژی ناڕەزایەتییەکان چلەی نۆ کوژراوی رۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی ئێران، خۆپیشاندانی بەرفراوانی لێکەوتەوە و ناڕەزایەتییەکانیش زۆربەی جوگرافیای ئەو وڵاتەی گرتەوە. لە ناڕەزایەتییەکانی 12 کاتژمێری رابردودا دو خۆپیشاندەر بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستداوە و ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە کەرەج کوژرا و لە شاری زاهیدان پێشونوێژێک بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا. خۆپیشاندەرانی زۆربەی شارەکان بە هەموشێوەیەک بەرەنگاری هێزە ئەمنییەکان دەبنەوە و بە پێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە دەردەکەوێت توڕەی خەڵک بەراورد بە سەرەتای ناڕەزایەتییەکان زۆر زیاتر بوە. لە دوایین ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤدا ئاماژە بەوە کراوە بە گشتی تا ئێستا و لە 48 شەو و رۆژی ناڕەزایەتییەکاندا 298 کەس کوژراون. دادگای پارێزگای سنەش بانگەشەی ئەوەی کردوە کە (80%)ی دەستگیرکراوانی ئەو بەشە لە کوردستان بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە بەڵام هیچ ناوەندێکی مەدەنی و رێکخراوێکی مافی مرۆڤ ئەو بانگەشەیەی پشتڕاست نەکردوەتەوە. ئەمڕۆ چلەی مەرگی شەش کوڕ و کچ بو کە لە خۆپیشاندانەکاندا گیانیان لەدەستدابو جەماوەرێکی زۆر لە کەرەج و ئەسفەهان و ئەراک و شارەکانی مازەندەران و چەند شارێکی دیکەی بەشدارییان لە چلەی مەرگی ئەو کوژراوانەی ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا کرد و لە کرماشانیش چلەی سێ کوژراوی ناڕەزایەتییەکان بەڕێوەچو. جەماوەرێکی هەزارن کەسی رۆژی پێنجشەممە بەرەو گۆڕستانی سەکینە لە شاری کەرەج رۆیشتن بۆ ئامادەبون لەسەر گۆڕی حەدیس نەجەفی ئەو کچەی لە خۆپیشاندانەکانی (21/10/2022) کە پێنج رۆژ دوای مەرگی ژینا ئەمینی بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە کەرەج کوژرا بەڵام رێگرییەکانی هێزە ئەمنییەکان گرژیی لێکەوتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە بەشی فریاگوزاریی کەرەج بڵاوی کردوەتەوە لەو گرژیانەدا لانیکەم دو کەس کوژراون و دەیان کەسیش برینداربون. بە پێی زانیارییەکانی میدیای سەر بە دەسەڵاتی ئێران لەو گرژیانەدا چەکدارێکی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە و دە چەکداریش برینداربون کە دۆخی دوانیان ناجێگیرە. لە شاری ئەراک بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر رێوڕەسمی چلەی مێهرشاد شەهیدی نەژاد بەڕێوەچو و دواتر لەو شارە خۆپیشاندانی بەرفراوان بەڕێوچو. لە شاری فولادشەهر لە پارێزگای ئەسفەهان هەزاران کەس بەشدارییان لە چلەی مەرگی مەهسا مەوگویی کرد کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە بە گولـلەی هێزە ئەمنییەکان کوژرابو. مەهسا پاڵەوانی پشتوێنی رەشی یاری تایکواندوبو کە خاوەنی زیاتر لە 100 مەدالیا بوە و کاتی کوژرانیشی تەمەنی 19 ساڵ بوە. هەر ئەمڕۆ لە شاری شەهاباد سەر بە پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رێوڕەسمی جەماوەریی بۆ چلەی مەرگی (سەعید محەمەد، ئیمان محەمەدی، ئەمیرعەلی فولادی) لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان بەڕێوچو. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە زیاتر لە کەسی بەشداربوی رێوڕەسمەکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون. لە ئامۆل و ئەنزەلی و رەشت سەر بە پارێزگای مازندەران هەزاران کەس بەشداریی چلەی مەرگی سێ کوژراوی ناڕەزایەتییەکاندا کرد. چلەی مەرگی (غەزالە چەلابی) لە ئامول و چلەی ئەمیرمحەمەد نەورۆزی لە ئەنزەلی و بەهنام لایەقپور لە رەشت بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر بەڕێوچو و هێزە ئەمنییەکانیش هەوڵیاندا بە تەقەکردن کۆتایی بە رێوڕەسمەکان بێنن بەڵام ئەو رێوڕەسمانە بۆ خۆپیشاندان گۆڕا و خەڵک بەرەنگاری هێزە ئەمنییەکان بونەوە. شەوی پێنجشەممە ناڕەزایەتییەکان لە بانە و بۆکان و مەریوان و کامیران و بیجار و چەند شارێکی دیکە دەستی پێکردەوە و گەنجان بە کردنەوەی ئاگر شەقامە سەرەکییەکانی شارەکانیان کۆنتڕۆڵ کرد و دروشمیان دژی دەسەڵاتی ئێران وتەوە. لە شاری زاهیدان ناوەندی پارێزگای سیستان و بەلوچستان پێشنوێژی مزگەوتێک بە ناوی سەجاد شەهرەکی لە بەردەم ماڵەکەی خۆی تەقەی لێکرا و کوژرا. لە دەیان گەڕەکی شاری تاران ناڕەزایەتیی بەرفراوان بەڕێوچو جەماوەرێکی بەرچاو بەشداریی ناڕەزایەتییەکانیان کرد لە کاتێکدا ژمارەی خۆپیشاندەرانی چەند شەوی رابردوی ئەو شارە کەم ببوە بەڵام جارێکی دیکە لە شەوی پێنجشەممەدا پایتەخت خرۆشانی بەخۆیەوە بینی. لە شارەکانی رەشت و لاهیجان لە باکوری ئێران و لە تەبرێز لە باکوری رۆژئاوای وڵاتەکە خۆپیشاندانی بەرفراوان بەڕێوچو و هێزە ئەمنییەکان نەیانتوانیی ئەو ناڕەزایەتییانە کۆنتڕۆل بکەن. هاوکات گەنجانی شاری ئەسفەهان رژانە سەر شەقامەکان و هێماکانی کۆماری ئیسلامی سەر گۆڕەپان و شەقامەکانی شاریان لێکردەوە. لە چەند شارێکی پارێزگای فارس لە شەویشدا گەنجان و ژنان رژانە سەر شەقامەکان و هاوکات لە شاری مەشهەد لە باکوری رۆژهەڵاتی ئێران و لە ئەهواز لە باشوری وڵاتەکە رژانە سەر شەقامەکان.
نزیکەی ١٣٠٠ دەرچوی دیکەی دوانزەی ئامادەیی ناویان لە زانکۆ و پەیمانگەکان گەڕایەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند ژمارەیەک لە دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەی کە پێشتر لە ئەنجامەکانیان نوسرابو (وردبینی دەکرێت)، لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ناویان گەڕایەوەو لە ئێستادا دەتوانن شوێنی وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەپێی کۆنمرەکانیان وەربگرنەوە. د. خەتاب ئەحمەد مستەفا بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: ئەو دەرچوانەی پۆلی دوانزەی ئامادەیی کە پێشتر لە ئەنجامەکانیان نوسرابو وردبینی دەکرێت، لە ئێستادا بەپێی کۆنمرەکانیان ناویان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە و دەتوانن لە وێبسایتی regayzanko.com لە شوێنی وەرگرتنیان دڵنیا ببنەوە کە ژمارەیان نزیکەی (١٣٠٠) وەرگیراوە. هەروەک وتیشی: داوا لەو دەرچوانە دەکەین لە هەفتەی داهاتودا پەیوەندی بکەن بەو کۆلێژو بەشانەی کە ناویان لێی گەڕاوەتەوە، بۆ ئەوەی مامەڵەی خۆتۆمارکردن ئەنجام بدەن. بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون وتیشی: لە ئایندەیەکی نزیکدا ناوی ئەو دەرچوانەش ڕادەگەیەنرێت کە لە ڕێگەی فۆڕمی ڕاستەوخۆ داواکارییان پێشکەش کردبو بۆ وەرگرتنیان لەو کۆلێژ و بەشانەی کورسی بەتاڵیان ماوەتەوە. وتیشی: تایبەت بە دەرچوانی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچە دابڕاوەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەهەمان شێوە ناویان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی خوێندکاران و قوتابیانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا لیستی ئەو خواردن و خواردنەوانەی کە رێگە پێدراون لە فرۆشگای قوتابخانەکان بفرۆشرێت بڵاوکردەوەوراگەیاند، لە پێناو پارێزگاریکردن لە تەندروستی خوێندکارانی قوتابخانە و خوێندنگاکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە، فرۆشگای قوتابخانەکان پێویستە پابەندبن بە لیستی ئەو خواردن و خواردنەوانەی کە رێگەپێدراون یاخود رێگەپێنەدراون لە رووی تەندروستییەوە. لیسیتی ئەو خواردن و خواردنەوانەی لە فرۆشگای خوێندنگە و قوتابخانەکانی هەرێم رێگە بە فرۆشتنیانن دەدرێت پێک دێت لە: ١- مریشکی کوڵاو و هێلکەی کوڵا و پەتاتەی کوڵا و فەلافل بە مەرجێک رۆنی ئامادەکردنی ئەم خواردنانە یەکجار بەکاربهێنرێت. ٢- میوەکانی وەک مۆز و سێو و پرتەقاڵ. ٣- میوەی وشکراو و چەرەساتی وەک مێوژ و قەیسی وشککراو و بادەم و گوێز و فستق. ٤- شیری لە قوتوکراو و بەرهەمەکانی دیکەی شیرەمەنی ٥- مەعکەرۆنی بە سەوزەوات ٦-خواردنەوەکانی وەک ئاو و شەربەتی سروشتی و دۆ و ماستاو و چا و قاوە و کاپوچینۆ ٧- شیرینییەکانی وەک تورتە و پسکیت و چوکلێت و کاستەر و محەلەبی. ٨- خۆراکە خێراکانی وەک تەمەرهن و نانەقەیسی و گەنمەشامی و ئەو جبسانەی ماددەی رەنگیان تێدا نییە. ٩- برنج و شلە و شێلم و نۆکاو و نیسک. ئەو خواردنانەی فرۆشتنیان قەدەغەیە: خواردنە سوورەوەکراوەکانی وەک : ١- جگەر ٢- پەتاتە ٣- قیمە و گۆشتی ئاژەڵ ٤-بنێشت و ساردەمەنی ٥- ئەندۆمی و خواردنەوەی وزە بەخش ٦- سۆسی عەمبە و ئەو جبسانەی ماددەی رەنگی تێیدایە ٧- چەرەساتی توێکڵدار و بەهاراتەکانی وەک لیمۆندۆزی و سماق
هاوڵاتی بۆ جاری دوەم لە ماوەی حەوت رۆژدا جارێکی دیکە ئەڵمانیا داوای لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی کرد گەشت بۆ ئێران نەکەن و ئەوانەشی لەو وڵاتەن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان چونکە مەترسیی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت. وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا رۆژی پێنجشەمممە رایگەیاند؛ بەهۆی دۆخی ئێستای ئێران، ئەگەری هەیە هاوڵاتییانی ئەڵمانی لەو وڵاتە بڕفێنرێن یان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر بکرێن و سزای زیندانیان بەسەردا بسەپێنرێت. لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە؛ ئەو هاوڵاتییانەی ئەڵمانیا کە سەردانی ئێرانیان کردوە یان نیشتەجێی ئەو وڵاتەن نابێت لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و گردبونەوەکان نزیک بکەونەوە چونکە مەترسیی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت. هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە هەر هاوڵاتییەکی ئەڵمانیا ئەگەر مەبەستی گەشتکردن بێت بۆ ئێران دەبێت یەکەم شت کە بیری لێبکاتەوە ئەوە بێت کە لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە دەستگیر دەکرێت. بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە پێشتر راوێژکاری باڵا و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە رایانگەیاندبو هەوڵی ئەوە دەدەن کە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا سزای نوێ بەسەر تاراندا بسەپێنن و لەو چوارچێوەیەشدا سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆری ئەوروپا.
هاوڵاتی دەوروبەری کاتژمێر6ی ئەم شەو فرۆکەی تورکیا ئۆتۆمبلێکی یەبەشە لەناوەندی شەنگال بوردومانکرد، تەواوی ئۆتۆمبێلەکە سووتاوەو بە پێی زانیارییەکان کەسێک گیانی لەدەست داوەو کەسێکی دیکەش بریندار بووە. شێرزاد حەجی،چالاکوانێکی ئێزیدی بە هاوڵاتی وت"لەماوەی 10رۆژدا ئەوە دەبێتە چوارەمین جار فرۆکەی تورکیا بۆردومانی شەنگال دەکات، پێش کاتژمێرێک بۆ جاری چوارەم ئۆتۆمبێلێکی یەبەشە لەناوەندی شەنگال کردوە بە ئامانج، تەواوی ئۆتۆمبێلەکە سوتاوە بەڵام هێشتا دیارنیە زیانی گیانی لێ کەوتووەتەوە یان نە" خالد قاسم ووتیشی"لەوکاتەی کابینەی نویێ حکومەتی عیراق پێکهێنراوە ئەوە چوارەمین جارە شەنگال بوردومان دەکرێت،ئەمە لەکاتێکدایە تا ئێستا هیچ بەرپرسێکی عیراق بەیەک ووشەش باسی بۆردومانەکە نەکردوە" هەروەها بە پێی زانیارییەکانی ئاژانسی ڕۆژ نیوس گەنجێک بە ناوی موحسین سەمۆ گیانی لەدەستداوە و کەسێکی دیکەس بیرندار بووە و بریندارەکە ڕەوانەی نەخۆشخانەی شەنگال کراوە،وئەو ئۆتۆمبێلەی کراوەتە ئامانج لە جۆری تۆیۆتا هایلۆکس بووە و دوای گواستنەوەی بریندارەکەش خەڵکێکی زۆر لە دانیشتوانی شەنگال ڕونیان لە نەخۆشخانەی شارەکە کردووە. ڤیدیۆ لە شوێنی ڕوداوەکە:
هاوڵاتی دۆسییەکی دیکەی دزی لە عێراق ئاشکرا کرا و ئەندامێکی دەستەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە حکومەتی کاربەڕێکاری عێراقدا بڕی ٢٠٠ ملیار دینار دزراوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەلی تورکی ئەندامی دەستەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانی رایگەیاند، بڕی ٢٠٠ ملیار دیناری عێراقی لە ئەمیندارێتی کۆمپانیاکان و حەواڵەکردنی پارە لە کڕین و فرۆشتنی دۆلار لە زیادکردنێکی ئاشکرادا دزراوە. ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا لە ئەمیندارێتی گشتی باجی گومرگەکانی بڕی ٢ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار دزرا.
هاوڵاتی بەهۆی رێگریی هێزە ئەمنییەکان لە بەڕێوچونی چلەی مەرگی حەدیس نەجەفی گرژی و ئاڵۆزیی دروست بوو و ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان لە شاری کەرەج کوژرا و پێنجی دیکەش برینداربون. میدیای سەر بە دەسەڵات لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ لە ناڕەڕازیەتییەکانی رۆژی پێنجشەممەی شاری کەرەج پێکدادان و گرژیی دروست بوە و بەهۆیە ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە و پێنجی دیکەش برینداربون کە دۆخی دوو لەو هێزە ئەمنیانە ناجێگیرە. ڕۆژی پێنجشەممە هەزاران کەس لە دانیشتوانی شاری کەرەج بۆ بەشداریی لە چلەی مەرگی حەدیس نەجەفی ویستیان بچنە سەر گۆڕی ئەو کچە لە گۆڕستانی سەکینە لە شارەکە بەڵام هێزە ئەمنییەکان رێگرییان لە خەڵک کرد و ئەوەش توندوتیژیی لێکەوەتەوە. بە پێی زانیارییەکانی لانیکەم سێ ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان سوتێنراون و بە هێلیکۆپتەر هەوڵی رزگارکردنی هێزە ئەمنییەکان دراوە. حەدیس نەجەفی تەمەن 22 ساڵ لە 21ی مانگی رابردو بە گولـلەی هێزە ئەمنییەکان لە کەرەج گیانی لەدەستدا و ئەوەش ناڕەزایەتیی زۆری لێکەوتەوە. ژمارەیەک ڤیدیۆی ڕوداوەکە : کەرەج 3-11-2022 شایەنی باسە ڤیدیۆکان بۆ هەموو کەس گونجاو نییە سێریبکەن تکایە ئاگادار بن
هێمن مەحموود دواجار حكومەتەكەی محەممەد شیاع سوودانی دوای ساڵێك لەململانێ راگەیەندراو هەر حزب و لایەنێك بەشدار لەدرووستكردنی ئەو حكومەتەدا پشكی خۆی بردو كابینەكە دەستی بەكارە دەستوورییەكانی خۆی كرد كە بەر لەدەستكردن بەكارەكانی هەر لەڕێگاوە چەندەها دۆسیەو تەنگژەی سیاسی و یاسایی لەبەردەمیدا قووتبوونەتەوەو دەبێت رووبەڕوویان بێتەوەو چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە. هەرچەندە لەبەرنامەی كابینەكەیدا سودانی باسی لەبەجێگەیاندنی چەندین بەڵێن كرد لەكەرتە ژیانییەكانی وەك كارەباو هەلی كارو گەشەی ئابووری و چاكسازی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و چاكسازی لەبواری نەوت و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغداو چەندین بواری دیكە، بەڵام پێناچێت هەروا بەئاسانی بتوانێت بەڵێنەكانی بەدیبهێنێت ئەگەر بێت و پشتگیری لایەنە سیاسییەكان و ئارامییەكی سیاسی نەبێت (ئەمەش بەهۆی رەوتی سەدرەوە تاڕادەیەك ئەستەمە). عائید هیلالی سەركردە لەچوارچێوەی هەماهەنگی بڕوای وایە سەركەوتنی سوودانی لەكارنامەیەكدا پەیوەستە بە یەكگرتووی هەمووان لەپشتییەوە و بۆ ئەمەش چەند نمونەیەك دەهێنێتەوە. مەلەفی ئەمنی پێویستی بەگەشەپێدان و پشتگیریكردنی پلانەكانی ئێستا هەیە، پێویستی بەهاوكاری و پشتگیری لایەنە سیاسییەكان هەیە و دەبێت پابەندی رێككەوتننەكان بن، مەلەفی ئابووری پێویستی بە پشتگیری هەیەو دەبێت داهاتی زۆر و جۆراوجۆر بكات، جیا لەهەموو ئەو مەلەفانە، كابینەكەی سوودانی چەندین ئاڵنگاری یاسایی دیكەی لەبەردەمدایە كە چەندین ساڵە نەتوانراوە جێبەجێبكرێت بەڵام سوودانی لەبەرنامە وەزارییەكەیدا بڕیاری داوە بەسەریاندا زاڵبێت و تێیان بپەڕێنێت، بۆ نمونە سوودانی بڕیاری داوە لەماوەی شەش مانگدا یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی و دادگای فیدراڵی دەربكات و لەماوەی سێ مانگیشدا هەمواری یاسای هەڵبژاردن بكات و لەماوەی ساڵێكیشدا هەڵبژاردن ئەنجامبدات. هاوكات لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بابەتی ئامادەكردنی یاسای بودجەی ٢٠٢٣ لەكاتێكدا كەوا كەمتر لە دوو مانگی لەبەردەمدا ماوە، یەكێكی ترە لەو گرفتانەی دەبێت چارەسەر بكات، ئەمە لەكاتێكدا كە پارەیەكی زۆر و یەدەگێكی دارایی زەبەلاحی لەبەردەستدایە كە تاكۆتایی ساڵ نزیكدەبێتەوە لە ١٠٠ ملیار دۆلار. یەكێكی تر لەو مەلەفانە هەبوونی چەكە لەدەرەوەی یاساو چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەكداریی و میلیشیاییەكانە كە زۆربەیان لەناو حكومەتەكەی سوودانی دا پۆستیان هەیەو نزیكن لەئێرانەوە، هاوكات مەلەفی گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاشكراكردنی بكوژانی خۆپیشاندەرەكان. سەرەڕای هەموو ئەمانەش یەكێكی تر لەو مەلەفە ئاڵۆزو چارەسەرنەكراوانەی كە چەندین ساڵە هەیەو نەتوانراوە چارەسەربكرێت، یاسای نەوت و غاز و بابەتی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و گرفت و ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتی ناوەندو هەرێمی كوردستانە، كە تائێستا بەچارەسەرنەكراوی ماوەتەوە، تەنانەت پێش دەستبەكاربوونی سوودانیش ئەوە بڵاوكرایەوە كە ناوبراو لەكاتی بینینی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بەڵێنی ئەوەی بەبارزانی داوە هەركاتێك بوو بەسەرۆك وەزیران كێشەی نێوان هەرێم و بەغداو بابەتی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی چارەسەر بكات. لەلایەكی ترەوە وەك یەكەم هەنگاو بۆ جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەتەكەی، وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاندووە دەستیكردووە بەئامادەكردنی رەشنوسی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ و هەوڵەكانی لەوبوارەدا دەستپێكردووە. ئەمە لەكاتێكدایە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیران مۆڵەتی یەك هەفتەی داوەتە وەزیرانی كابینەی حكومەتەكەی بۆ ئەوەی فۆرمی ئاشكراكردنی سامانەكانیان پڕبكەنەوەو رادەستی دەستەی دەستپاكیی عێراقی بكەن. لەبواری رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیشدا سوودانی رایگەیاندووە كە هیچ هێڵێكی سوریان نیە لەبەردەم هەر دۆسییەیەكی گەندەڵی پەیوەست بەهەر كەس و لایەنێكی سیاسی و حكومەت هەموو پشتیوانییەكی دەستەی دەستپاكی دەكات، چ لەئاستی رێوشوێنەكانی جێبەجێكردن بێت یاخود لایەنی یاسادانان، لە رێگەی پێشكەشكردنی پرۆژەیاسا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی كەببێتە مایەی داخستنی دەروازەكانی، ئەوەشی دووپاتكردۆتەوە كەوا یەكەم پێوەریان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ حكومەتی وڵاتان بریتییە لە رادەی هەماهەنگیكردن لەگەڵ عێراق بۆ رادەستكردنی تۆمەتبارانی دۆسیەی گەندەڵی و گێڕانەوەی پارە براوەكان. هاوكات وابڕیارە هەفتەی داهاتوو یەكەم كۆبوونەوە لەشاری بەغدا بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت كەوا پێویستە پەرلەمان دەستكاری ئەم یاسایە بكات كە ئێستا لەئارادایەو چوارچێوەی هەماهەنگی بەهۆكاری شكستەكانی خۆیانی دەزانن لەهەڵبژاردنەكانی رابووردوودا، بەڵام ئەمە لەلایەن رەوتی سەدرەوە رەتدەكرێتەوە و نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ یاسا كۆنەكەو شێوازە كۆنەكەی هەڵبژاردن. بەڵام بەپێی بڕوای بەشێك لەچاودێرانی سیاسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەماوەی ساڵێكدا هەر بەتەنیا لەئەستۆی حكومەت نییە، بەڵكو ئەركەكە دەكەوێتە سەر پەرلەمانیش، چونكە پێویستی بەهەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن هەیە كە دادگای فیدڕاڵی بڕیاری لەسەر ئەوەداوە، ئینجا هەبوونی ئارەزوویەكی حكومی و سیاسی بۆ ئەو مەبەستە كە ئەمەش پێویستی بەتەوافوقی سیاسی هەیە و كاتێكی زۆری پێویستە، هاوكات تەرخانكردنی پارەو گۆڕانكاری لەكۆمیسیۆنیش كاتێكی زیاتریان دەوێت، هەربۆیە پێناچێت لەماوەی ساڵێكدا ئەوە ئەنجامبدرێت. هەژاری و بێكاریش یەكێكی ترە لەو مەلەفانەی رووبەڕووی كابینەكەی سوودانی بووەتەوە، كە بەپێی نوێترین راپۆرتی رێكخراوی ناوەندی ستراتیژی مافەكانی مرۆفی عێراق رێژەی هەژاری هاوشانی رێژەی بێكاری لەوڵاتدا زۆر بەرزبووەتەوە. بەپێی ئامارەكە رێژەی هەژاری نزیكبووەتەوە لەسەدا ٢٥ی دانیشتوان، واتە نزیكەی نۆ ملیۆن هاوڵاتی عێراقی، هاوكات رێژەی بێكاریش گەیشتۆتە نزیكەی لەسەدا ١٤ واتە نزیكەی چوار ملیۆن بێكار ئەمەش بەهۆی بەرزكردنەوەی نرخی دۆلارو پاڵپشتی نەكردنی كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵی و پشتبەستن بەهاوردەكردنەوە درووستبووە.
هاوڵاتی ئەمریکا هەوڵدەدات ئێران لە باڵاترین ئاژانسی مافەکانی ژنان لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەربکات، لە کاتێکدا کە تۆمەتباری دەکات بە پێشێلکردنی مافی کچان و ژنان و سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی کە لە 16ی ئەیلوولەوە لە سەرانسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان سەریانهەڵدا. کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی بە نیازە لەگەڵ وڵاتانی دیکە کار بکات بۆ ئەوەی ئەندامێتیی ئێران لە (کۆمیسیۆنی رەوشی ژنان) هەڵبوەشێنێتەوە، گوتیشی هەر وڵاتێک مافەکانی ژنان پێشێل بکات، پێویستە هەرگیز "رۆڵی لە هیچ دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی یان نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە پاراستنی ئەو مافانەدا نەبێت." جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ئێران "شیاوی ئەوە نییە" لە کۆمیسیۆنەکەدا بمێنێتەوە، بەڵکو ئەندامێتیی ئێران، "متمانە بە پاکوبێگەردیی کۆمیسیۆنەکە لاواز دەکات". لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە رۆژی چوارشەممە لەبارەی خۆپێشاندانەکانی ئێران بەڕێوەچوو، لیندا تۆماس گرینفێڵد، باڵیۆزی هەمیشەیی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایش گوتی، ئەندامێتیی ئێران "پەڵەیەکی رەشە بەسەر پاکوبێگەردیی کۆمیسیۆنەکەدا" و "بە بڕوای ئێمە نابێت بەو شێوەیە بمێنێتەوە." کۆمیسیۆنی رەوشی ژنان، کە لە 1946 دامەزراوە، رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە داکۆکیکردن لە مافی ژنان، بەدۆکیومێنتکردنی دۆخی ژنانی سەرانسەری جیهاندا و دانانی ستانداردی جیهانی بۆ بەهێزکردنی ژنان و بەدیهێنانی یەکسانیی جێندەری. کۆمیسیۆنەکە 45 ئەندامی هەیە. ئەندامەکان لەلایەن ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ چوار ساڵ هەڵدەبژێردرێن. ئێران ئەمساڵ وەکو وڵاتێکی کیشوەری ئاسیا هەڵبژێردرابوو و خولەکەی لە ساڵی 2026 کۆتایی دێت. تۆماس گرینفێڵد گوتی، "لە کاتێکدا کە چەوساندنەوەی سیستەماتیکی ژنان لە لایەن ئێرانەوە شتێکی نوێ نییە، بەهۆی ئازایەتیی خەڵکی ئێران، پێشێلکارییەکانی رژێم هێنراونەتە پێشەوە."
هاوڵاتی پاش ئەوەی سەدان ئهندامی داعش ڕادەستی وڵاتانی ڕۆژاوایی کرانەوە، هۆڵەندا ڕایگەیاند بەم زووانە 40 هاووڵاتیی خۆی لەناوچەی ژێر کۆنترۆڵی کوردەکانی سووریا دەگەڕێنێتەوە. دوای ماوەیەکی زۆر کە وڵاتانی ڕۆژاوا وەرگرتنەوەی هەزاران چەکداری داعش و ئەندامانی بنەماڵەکانیان ڕەت دەکردەوە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستیان کردووە بە وەرگرتنەوەی سەدان ئەندامی ئەو گرووپە. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس، هۆڵەندا بەنیازە 40 هاووڵاتیی خۆی لە ئیدارەی خۆسەری کورد لە باکووری سووریا وەربگرێتەوە. حکوومەتی هۆڵەندا ڕایگەیاندووە کە ئەو کەسانە هەر کە گەیشتنە ئەو وڵاتە دەستگیر دەکرێن و پرۆسەی دادگایی کردنیان دەست پێدەکات. بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی حکوومەتی هۆڵەندا، 12 کەس لەو کەسانە ژنی هۆڵەندین و کە گەیشتنە ئەو وڵاتە دەستگیر دەکرێن. 300 هاوڵاتی هۆڵەندی چوونەتە سووریا بۆ ئەوەی پەیوەندی بە گرووپە توندڕەوەکانەوە بکەن، لەنێویاندا داعش. بەپێی ئامارەکانی حکوومەتی هۆڵەندا، لە ئێستادا ١٢٠ هاوڵاتی ئەم وڵاتە لە کەمپەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی سووریا یان لە وڵاتانی عێراق و تورکیادان.
