هاوڵاتی ئایتەن دێرسیم، ئەندامی دەستە بەڕێوەبەریی پارتی ئازادیی ژنانی کوردستان (پاژک) وتارێکی بە ناونیشانی “فیداکارییەکانی فەلسەفەی ئازادی” لە ماڵپەڕی پارتەکەدا بڵاوکردووەتەوە و تیادا باسی لە گرنگی چالاکی مێرسین کرد کە دژی بنکەیەکی پۆلیس لەلایەن دو هاوڕێیانەوە ئەنجامدرا. ئەندامەکەی دەستەی بەڕێوەبەری پاژک دەشڵێت: وەک دوێنێ، ئەمڕۆش ئەو دۆخەی کە تیایدان دۆخی بەرخۆدان و سەرکەوتنە، بە ئەندازەی ئاو ڕوونە، ئەم تێکۆشانە تێکۆشانی هەبوونی ژنان و گەلانە، کە نکۆڵییان لێ دەکرێت”. ئەوەشی وتووە: لە ڕاستیی نیو سەدە خەباتدا مێژوو شاهیدی هەزاران بەرخۆدانی ئەفسانەیی و قارەمانە و قوربانیدانی گەورە بوو. پێشەنگانی خەبات و تێکۆشان کاتێک دەستیانپێکرد، دەیانزانی، قوربانیی زۆر گەورە دەدەن. بۆیە هەر لە سەرەتادا وتیان: “ئەم گەلە هەیە و دەشبێت. ڕێپێوان لەسەر ئەم رێگایە ڕێبازی حەقیقەت و شکۆ و شەرەف و ئازادییە’. لە سیکردنەوەکەیدا وتوشیەتی: ئەوان دەیانزانی شەڕڤانی ئازادی بە مانای هەستانەوەیە لە بەرامبەر هەموو جۆرە سەختی و  گرفتێک. ئەمە فەلسەفەی ژیانی ئایدیۆلۆژیای ڕێبەرایەتییە، کە ئەم بزووتنەوەیە کردووەتە بووەتە هیوای ژنان و گەلان. دێرسیم ڕآسیگەیاند: لە دیالێکتیکی بزووتنەوەی ئازادیدا هاوڕێیان بۆ هەر سەردەمێک رێنمایی و تێڕوانینی بەرخۆدان و ئیرادەیان بە ئەنجامدانی چالاکیی نیشانی هەموان دەدا لەچوارچیوەیەدا باسی لە چالاکی دو هاوڕێیان لە مێرشی کردووە و دەڵێت: بەم ئیرادەیە هاوڕێیانمان سارا و روکەن، کە بە خۆشەویستی و عەشق و دڵسۆزیییان بۆ مرۆڤایەتی، بوونە پێشەنگی هێڵی ژیانی فیدایی و تۆمارکردنی مێژووی ئازادیی ئەم سەردەمە. لە مێرسین، واتە لە شوێنێک، کە دوژمن هەرگیز پێشبینی نەدەکرد، بە چالاکییەکەیان، بە فەلسەفەی ئازادی ڕاستیی ژنێک، کە خۆی پەروەردە کردووە، بە هەموان نیشاندا. دەبێت بە باشی لە چالاکی، ڕێپێوان و میرات و کەلەپووری هەڤاڵانمان سارا و روکەن تێبگەین”. لە درێژەی وتارەکەیدا باسی ئەوەیکردووە “لە کەسایەتیی خوداوەندەکانمان سارا و ڕووکەندا جارێکی تر ئەوە دەبینرێت، کە ڕەگی مێژووی ئازادیمان، ڕەگ و ڕیشەمانە، مێژووی تێکۆشانمانە، کە هەزاران ساڵە ئێمەی لەسەر پێ ڕاگرتووە. لە ئێستاوە، بە بیری و ڕامانی ئازاد و شێوازی چالاکیی دروست، ئێمە بەرەو سەرکەوتن دەڕۆین و سەرکەوتن ڕادەگەیەنین”. بەبیری هێناوەتەوە “بزووتنەوەی ئازادیی ژنان ماوەی نیو سەدەیە لە چیاکاندا کۆمەڵگای ئازادی دروست دەکات، ماوەی ٣٠ ساڵە سوپابوونی دامەزراندووە حیزبی بۆ دامەزراندووە، پارادایم و تێڕوانینی بۆ ژیان ئافراندووە و بە متمانە بەخۆبوون رێگای خۆی  دەبڕێت. هەڤاڵانمان ڕوکەن و سارا بوونە هەنگاوی پێشکەوتن و بوونە دەرەئەنجامی ئەو بەهایانە، کە بزووتنەوەی ئازادیی ژنان ئافراندویەتی”. دەشڵیت: ژنانی ئازاد کە بە دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەستیپێکردووە و بە سەرتاسەری ئێراندا بڵاوبووەتەوە، لە پێشەنگایەتیدا گیانیان بەختکرد و بوون بە فەلسەفە. ئەم فەلسەفەیە شەپۆل بە شەپۆل و بە خێرایی لە نێوان ژناندا بە هەموو جیهاندا بڵاو دەبێتەوە و یۆتۆپیای ئازادی و کۆنفیدرالیزمی ژنانی جیهان دەئافرێنێت.

هاوڵاتی لە مانگێکدا لە کانتۆنی عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان 20کەس لە لایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا رفێنراون. ئیبراهیم شێخۆ، وتەبێژی رێکخراوی عەفرین- سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بە ئاژانسی هاوارنیوزی راگەیاند، لە مانگی رابردودا لە سنوری عەفرین، 20 کەس لە لایەن گروپە هاوپەیمانەکانی تورکیاوە رفێنراون کە دو کەسیان ژن بون. سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی عەفرین لە لایەن گروپی تەحریر شام-ەوە رایگەیاند؛ روداوەکە شانۆگەرییە و بە فەرمانی تورکیا بەڕێوەچوە. وتەبێژی رێکخراوی عەفرین- سوری، باسی لەوەشکرد کە بە هاتنی گروپی تەحریر شام باج لەسەر جوتیارانی عەفرین کە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی زەیتونن، زیادی کردوە و لە ئێستادا 40 بۆ 65٪ لە جوتیاران وەردەگیرێت. شێخۆ جەختی لەوە کردوەتەوە کە بە هاتنی گروپی تەحریر شام هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای  ناوچەی عەفرین زیاتر بو.

هاوڵاتی 52 شەو و رۆژە ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی ئێران بەردەوامە و دادگایەکى کۆماری ئیسلامی ئێران سزای لەسێدارەدان بەسەر هونەرمەندێک کورددا دەسەپێنرێت. تا ئێستا 319 کەس لە ناڕەزەیتییەکانی ئێراندا کوژراون کە 61 یان لە رۆژهەڵاتى کوردستان بون، نزیکەى 15 هەزار کەسیش لە خۆپیشاندەران و چالاکانی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە بیانوی بەشدارىی کردن لە خۆپیشاندانەکان دەستگیرکراون. سەرەڕای هەمو رێگرییەکانی هێزە ئەمنییەکان 52 شەو و رۆژە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرتاسەری ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەڕێودەچێت. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەلاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە لە خۆپیشاندانەکانی شەوی یەکشەممە و رۆژی دوشەممەی مەریوان لانیکەم 40 کەس بریندرابون. بەپێی بڕیارێکی دادگای کەرەجیش، میوزیکژن و راپەری کورد سامان یاسین کە ئێستا لە زینداندایە بە تۆمەتی هاندان بۆ ناڕەزایەتییەکان و دژایەتی لەگەڵ خودا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤیش هۆشداریی دەدەن لە جێبەجێکردنی ئەو سزایە. لە شارەکانی مەریوان و بۆکان و چەند شارێکی دیکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بون و لە چەند شارێکی ئەو بەشە لە کوردستان رۆژی دوشەممە دوکان و بازاڕەکان نەکرانەوە. گەنجانی بۆکان رۆژی دوشەممە لە زۆربەی شەقامە سەرەکییەکانی ئەو شارە ئاگریان کردەوە و شەقامەکانیان کۆنتڕۆڵ کرد. لە شاری سیاکەل سەر بە پارێزگای گیلان لە باکوری ئێران رێگریی چلەی مەرگی عیرفان زەمانی کرا و سەرەڕای ئەوەش خۆپیشاندان بەڕێوەچون، هێزە ئەمنییەکانیش بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردە سەر خەڵک. لە ئەردەبیل کە پارێزگایەکی تورکنشینی باکوری رۆژئاوای ئێران و هاوسنورە لەگەڵ وڵاتی ئازەربجایجان ناڕەزایەتیی بەڕێوچو. خوێندکاران لە شاری سەبزەوار لە پارێزگای خوراسان لە باکوری رۆژهەڵاتی ئێران خۆپیشاندانیان کرد و دروشمیان دژی دەسەڵاتی وڵاتەکە وتەوە. بازاڕیان و کەسبکارانی شەقامی وەلیعەسر لە تارانی پایتەخت مانگرتنیان راگەیاند و دوکان و بازاڕەکانیان نەکردەوە. خوێندکاران لە شەقام و لە زانکۆکانیش گردبونەوە خوێندکارانی زانکۆی پیشەیی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان گردبونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و بە دروشم رایانگەیاند " خوێندکار دەمرێت و سەرشۆڕی قبوڵ ناکات" خوێندکارانی زانکۆی نەوشیروان لە بابۆڵ لە پارێزگای مازەندەران گردبوەنەوە و دروشمی "تۆپ و تانک کارگەریی نەماوە"یان وتەوە. خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی رەشت لە پارێزگای گیلان لە باکوری ئێران پڕۆسەی خوێندنیان راگرت و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد. خوێندکارانی زانکۆی دەماوەند لە تاران دژی بونی هێزە ئەمنییەکان لە چواردەوری زانکۆکە دروشمیان وتەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی. خوێندکارانی زانکۆی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی شاری تاران رێپێوانیان ئەنجام دا و بە دروشم وتنەوە رایانگەیاند" رزگاربون مافی ئێمەیە و هێزی ئێمە یەکێتیدایە" سەرۆکایەتیی زانکۆی شەریف لە تاران کە بە گرنگترین زانکۆی ئێران و یەکێک لە زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهان ئەژمار دەکرێت بڕیاریدا بە دانانی 60 کامێرەی چاودێریی کە 20 کامێرایان هەستیارن بە جوڵە. خوێندکارانی کەرەج لە شەقامەکانی ئەو شارە رێپێوانیان کرد و مەرگ بۆ دیکتاۆریان وتەوە. لە لایەکی دیکەوە رۆژی دوشەممە 600 مامۆستای زانکۆ هۆشداریی ئەوەیان داوە ئەگەر حکومەت داواکاریی خوێندکاران لەبەرچاو نەگرێت و خوێندکارە دەستگیرکراوەکان ئازاد نەکات ئەوا ئەو مامۆستایانەش بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکاندا دەکەن. شەوی دوشەممە تاران بە هێزی ئەمنی تەنرا و دەیان پۆلیسی ئەسپسوار لە گۆڕەپان و شوێنە سەرەکییەکانی تارانی پایتەخت جێگیر کران.

هاوڵاتی هاوڵاتییەکی هەڵگری جنسێی ئەمەریکی لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری لە ناوەڕاستی بەغدا دەکوژرێت. بە پێی هەواڵێکی سۆمەریە نیوز ئەمڕۆ  ڕۆژی دووشەممە هاوڵاتییەکی  ئەمریکی لەکاتی هێرشێکی چەکداریدا لە ناوەڕاستی بەغدا کوژراوە. سەرچاوەکە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئەلسومەریە نیوز گوتی" هێرشێکی چەکداری ئوتومبێلێکی مەدەنی کردە ئامانج کە هاوڵاتییەکی ئەمریکی لەناویدا بوو لەناو شەقامی پیشەسازی لە ناوەڕاستی بەغدا " وتیشی: "ئەو هاوڵاتییە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە کاتی بردن بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە" میدیاکان ئاماژە بەوەشدەکەن، هێرشەکە بۆسەر ئۆتۆمبێلێکی جۆری پرادۆ بووە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن. هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەو کەسە رەگەزی نێر بووە و ناوی ستیڤن روڵە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٧ بووە، لە بەغدا کاری کردووە و مامۆستای زمانی ئینگلیزی بووە.

هاوڵاتی ئاسایشی سلێمانی وردەکاریی ڕووداوەکەی چیای ئاژداخ-ی لە سەنگاو ئاشکراکرد كه‌ تیایدا روبه‌روبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی رێكخراوی داعش له‌ رۆژی 3ی ئه‌م مانگه‌ رویداو تیایدا دوو چه‌كداری داعش كوژران و یه‌كێكی دیكه‌ش كه‌ له‌ ره‌گه‌زی مێ بووه‌ به‌ برینداری ده‌ستگیركراوه‌. ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئاسایشی سلێمانی: بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی پیلانێکی تیرۆریستانی داعش بۆ تێکدانی ئاسایشی ھەرێم شکست پێدەھێنن و لە ئۆپراسیۆنێکیشدا دووچەکداری داعش دەکوژرێن و تیرۆرستێکی داعش كە ژنە بە برینداری دەستگیردەکرێت .   پاش ئەوەی رۆژی ٣ / ١١ / ٢٠٢٢ سێ تیرۆریستی داعش کە یەکێکیان ژن بوو لەقەزای چەمچەماڵەوە بەڕێكەوتن بۆ ناوچەی سەنگاو بە مەرامی بنیادنانی حەشارگەیەک بۆ تیرۆریستانی داعش و ئەنجام دانی چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی لە شارەکانی ھەرێم کە پێشتر ئامادەکارییان بۆ کردبوو تا ژمارەیەک چەکداری تیرۆریستی تر بێنە ناوچەکە دەست بەجێبەجێکردنی پیلانەکانیان بکەن . ھێزەکانمان لەسەر بنەمای زانیاری پێشوەخت بەدواداچوونیان بۆ جموجۆڵی تیرۆریستان کرد و ناوچەی سەنگاو خرایە ژێر چاودێری وردەوە کەدوای دڵنیابوون و وەرگرتنی رەزامەندی بەڕێز دادوەر ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنی تاوەنبارەکان دەستیپێکرد و لەشەوی ٦ / ٧ ی ١١ ی ٢٠٢٢ لە شاخی ئاشداخ لەنزیک گوندی کچان لەناوچەی سەنگاو شوێن و جێگای تیرۆریستان دۆزرایەوە لەکاتی ھەوڵدان بۆدەستگیرکردنیان رووبەڕووی ھێزەکانمان بوونەوە پاش ٣٠ دەقە توانرا ھەردوو تیرۆریست (ک، س م) و ( م ، ع ، م ) بکوژرێت و تیرۆریست ( ش ، ن ، ع ) بە برینداری دەستگیربکرێت .     زانیاری لەبارەی تیرۆریستەکانەوە  : ١-تێرۆریستی کوژراو (ک، س م) موالید (١٩٧٥ ) دانیشتوی قەزای چەمچەماڵ گەڕەکی ڕاپەڕینە ، خێزاندارەو سێ منداڵی هەیە و پێشینەی کاری توندڕەویی ھەبووە و بەیعەتیان بەتیرۆریستانی داعش داوەو پیلانیان ھەبووە چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی ئەنجام بدەن و دوای بنیادنانی حەشارگە چەکدارانی داعش بێنە ناوچەکە .   ۲- تێرۆریستی کوژراو (م ، ع ، م ) دانیشتوی چەمچەماڵ گەڕەکی ڕاپەڕین موالید ١٩٩٨ ، خێزاندارە هاوسەرەکەی بەناوی ( ش ، ن ، ع ) ئەندامی گروپەکەبووە ھەردووکیان بەیعەتیان بە تیرۆریستانی داعش داوە و بەھەمان شێوە مەرامیان بووە چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی ئەنجام بدەن .   ٣- تێرۆریستی بریندار ( ش ، ن ، ع ) کە رەگەزی ژنە و هاوسەری تێرۆرست ( م ، ع ، م ) بەھەمان شێوە فکری تیرۆریستانی داعشی وەرگرتووەو بەیعەتی پێداون و ئامادەبووە بەشداری بکات لە کردەوە تیرۆریستیەکان .   لێکۆڵینەوەو بەدواداچون لەوبارەیەوە بەردەوامە   بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی    

هاوڵاتی ژمارەی کامێرکانی چاودێریی لە زانکۆکانی ئێران زیاتر دەکرێن و 600 مامۆستای زانکۆ داوای راگرتنی سەرکوتی و زیندانیکردنی خوێندکارانی زانکۆ دەکەن. سەرۆکایەتیی زانکۆی شەریف لە تاران کە بە گرنگترین زانکۆی ئێران و یەکێک لە زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهان ئەژمار دەکرێت بڕیاریدا بە دانانی 60 کامێرەی چاودێریی کە 20 کامێرایان هەستیارن بە جوڵە. دوای دانانی ئەو 60 کامێرایە ناڕەزایەتییەکان لەو زانکۆیە بەرفراوان بون و خوێندکارانی ئەو زانکۆیە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد. پێشتر بە بڕیاری دەستەی پارێزگاریی زانکۆکانی تاران بەکارهێنانی دەمامک قەدەغەکرا و دەبێت خوێندکارانیش پێش چونیان بۆ ناو زانکۆ جانتا و کەلوپەلەکانیان بپشکێنرێت. لە لایەکی دیکەوە رۆژی دوشەممە 600 مامۆستای زانکۆ هۆشداریی ئەوەیان داوە ئەگەر حکومەت داواکاریی خوێندکاران لەبەرچاو نەگرێت و خوێندکارە دەستگیرکراوەکان ئازاد نەکات ئەوا ئەو مامۆستایانەش بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکاندا دەکەن. بە پێی زانیارییەکان تا ئێستان نزیکەی چوار هەزار خوێندکاری زانکۆ لە سەرتاسەتی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران روبەڕوی سزای زانکۆ بونەتەوە و زیاتر لە دو هەزار خوێندکاریش دەستگیر کراون کە ژمارەیەکیان دوای ئازکردنیان بە بارمتە رێگەیان پێنادرێت بچنەوە زانکۆکانیان.

هاوڵاتی پارێزگارى پێشووى زیقار لەسەر بڕینى 200 هەزار دینارى مووچەى هێزێکى ئەمنى بە بڕیارى دادگا بەند دەکرێت،بەگوێرەى ماددەى 331ى یاسای سزادانى عێراقى ،کە تایبەتە بە زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیى گشتى بەمەبەستى سوودى کەسی لەلایەن فەرمانبەرانەوە. رۆژی دووشەممە 7ى تشرینى یەکەمى 2022، فەرمانگەى لێکۆڵینەوەى دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، دادگەى 3ى کەرخ لە بەغدا، پارێزگارى پێشووى زیقاری بە بەندکردن سزاداوە، بەهۆى ئەوەى بەشێوەیەکى نایاسایی 200 هەزار دینارى لە مووچەى کارمەندانى ئەنجوومەنى رابوون بڕیوە بەمەبەستى سوودى کەسى. ئەنجوومەنى رابوون، هێزێکى ئەمنى بوو کە لە ساڵى 2006 بەپاڵپشتى هێزەکانى ئەمریکا لە خێڵە عێراقییەکان پێکھێندران بۆ شەڕکردن لە دژى رێکخراوى قاعیدە.   

هاوڵاتی بەهۆی وەرگەڕانی پاسێکی کۆچبەران لە پارێزگاى سێواسى باکورى کوردستان 30 قوربانى لێکەوتەوە ئاژانسى هەواڵى ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە؛ لە ئەنجامى وەرگەڕانی پاسێک لە شارۆچکەی گورون لە پارێزگای سێواس، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و 27 ی دیکەیش برینداربون. بەپێى هەواڵى میدیاکانى تورکیا، ئەو پاسە ژمارەیەک کۆچبەرى دەستبەسەرکراوی تێدابوە کە بۆ ناوەندێکى تایبەت بە دیپۆرتکردنەوەى کۆچبەران گواستوەتەوە، بەڵام لە ناوچەى مازیکرانى سەر بە پارێزگاى سێواس شۆفێرکە کۆنترۆڵى لەدەستداوە و بەوهۆیەوە وەرگەڕاوە.

هاوڵاتی لە ئەنجامی چەند چالاکییەکی هەپەگە لە هەرێمی زاپ پێنج سەربازی تورک کوژران . ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی ھێزەکانی پاراستنی گەل ـ هەپەگە ڕایگەیاندوە، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردودا، هێزەکانی گەریلا لە هەرێمی زاپ ، ٥ سەربازی تورکیان کوشتووە لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە ،“گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی داگیرکارییەوە قوربانییان داوە و ڕێگەیان بە سوپای داگیرکەری تورک نەداوە”. هەروەها ئەوەشیان ڕونکردۆتەوە،  سوپای تورکی داگیرکەر پێنج جار بە بۆمبی قەدەغەکراو و جارێکیش بە چەکی کیمیایی بۆمبارانی ناوچەکانی بەرخۆدانیان کرد هاوکات حەوت جار بە فڕۆکەی جەنگی و دەیان جار بە تۆپ و تانک و چەکی قورس بۆردومان کران.

هاوڵاتی سەرۆکی دەزگای داد لە ئێران رایگەیاند سزای سێدارە بەسەر ژمارەیەک دەستگیرکراوی خۆپیشاندانەکاندا جێبەجێ دەکرێت کە چەک و چەقۆ-یان بەکارهێناوە. غوڵامحسێن ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای داد-ی کۆماری ئیسلامی ئێران رۆژی دوشەممە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ ئەوانەی چەک یان چەقۆیان لە خۆپیشاندانەکان بەکارهێناوە و بە دەستی دەرەکی هاندراون بۆ تێکدانی ئاسایسی نیشتیمانیی و بونەتە هۆکارێک بۆ دروستبونی ترس و تۆقان و یان دەستیان لە کوشتنی کەسانێکدا هەبوە سەرجەمیان سزای سێدارەیان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت. لێدوانەکەی ئێژەیی دوای ئەوە هات کە رۆژی یەکشەممە 227 پەرلەمانتار لە کۆی 290 پەرلەمانتاری ئێران داوای لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکانیان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کردبو. رۆژی یەکشەممە دادگایەکی ئێران بڕیاری داوە بە لەسێدارەدانی سامان یاسین، موزیسیەن و راپەری کورد بە تۆمەتی بەشداریی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان و جەنگ لە دژی خودا. بڕیاری لەسێدارەدانی سامان یاسین لە کاتێکدایە ناوبرا چەکی ساچمەیی یان موروی لە ماڵەکەیدا هەبوە و بە وتەی خۆی تەنها لە شاخ و کێو بەکاری هێناوە چونکە ئەو چەکە توانای مرۆڤ کوشتنی نییە.

هاوڵاتی لە 24 کاتژمێردا چوار سەربازی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کوژران ،تورکیا ئاشکرای کرد دوو سەربازی دیکەی سوپای وڵاتەکەی لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا کوژراون و دو سەربازی دیکەشیان برینداربون. بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، کە شەو یەکشەممە بڵاو ی کردوەتەوە دو سەربازی سوپا لە ئەنجامی هێرشی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بۆ سەر بارەگایەکی سوپاکە لە ناوچە سنورییەکانی ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا کوژراون و دو سەربازی دیکەشیان بریندار بون. رۆژی یەکشەممە (6/11/2022) وەزارەتی بەرگری تورکیا کوژرانی دو سەربازی دیکەی سوپای را گەیاند، کە لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێک لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا کوژرابون.

هاوڵاتی سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، ئەگەر ئێران درۆن و مووشەکی بە رووسیا نەدابایە، ئێستا وڵاتەکەی "لە ئاشتی نزیکتر دەبوو." ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 6ی تشرینی دووەمی 2022 ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی، رۆژی یەکشەممە سوپای رووسیا درۆنی ئێرانی بەکارهێنایەوە و سوپای وڵاتەکەی بەشێکیانی خستە خوارەوە، بەڵام بەشێکیشیان ئامانجەکانیان پێکاوە. بە گوتەی سەرۆکی ئۆکراینا، لایەنی رووسی بە بەکارهێنانی مووشەکی ئێرانی ژێرخانی وزەی وڵاتەکە دەکاتە ئامانج و ئەوەش وایکردووە، "4.5 ملیۆن کەس بێ کارەبا بمێننەوە." زیلینسکی ئاماژە بەوەش دەکات، لەگەڵ ئورسولا ڤۆندێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا تاوتوێی گوشارخستنە سەر ئێرانیان کردووە. سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی ئاماژە بەوە دا کە سەختترین هێرشەکانی هێزەکانی رووسیا لە بەرەی دۆنێتسک ئەنجامدراون و گوتی: "دوژمن لەوێ زیانێکی گەورەی بەردەکەوێت، بەڵام سەرەڕای هەموو زیانەکان بەردەوامە لە شەڕ پێ کردنی بەکرێگیراوەکانی".  

هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیران.  جەختی لە گرنگی دووبارە جێگیرکردنەوەی ئەمنی لە شارەکان و سەروەری یاسا و سەپاندنی شکۆمەندی دەوڵەتی کردەوە، هاوکات جەختی لەسەر پێویستی گەڕاندنەوەی  پارە دزراوه‌کانی وڵات کردەوە.  نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: "محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیران  لەگەڵ جەواد پوڵانی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی و ژمارەیەک لە ئەندامەکانی کۆبووەوە".  ئاماژەی بەوەشکرد، "لە میانی کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی گشتی ئەمنی وڵات کرا، لە پێش هەموویانەوە پرسی ئاوارەکان و خولانەوەی کاری سەرکردە ئەمنییەکان و مەلەفی حەشدی شه‌عبی".  سودانی جەختی لەوە کردەوە، "گرنگی جێگیرکردنی ئەمنی لە شارەکاندا، سەروەری یاسا، سەپاندنی شکۆمەندی دەوڵەت، هەروەها جەختی لەسەر دوورخستنەوەی دامەزراوە ئەمنییەکان لە وەبەرهێنانی حزبی و سیاسی کردەوە، متمانەی خۆی دەربڕی کە مەنهەجی حکومەت تایبەتە بەو چارەسەرکردنی داواکارییەکانی هاوڵاتیان”.  سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سودانی جەختی لەوە کردەوە کە "دەبێت ئەو بڕە پارە دزراوانە بگەڕێندرێتەوە، هەروەها هیچ متمانەیەک لە هەوڵەکانی دژە گەندەڵی نامێنێت، مەگەر بۆ ئەو هاووڵاتییە عێراقییە نەسەلمێنین ئەگەری وەرگرتنەوە و پاراستنی ئەو پارانە".

هاوڵاتی "شاری ژێرزەوی کاریز" کە لەسەر دوورگەی کیش و لە ئاوە شینەکانی کەنداو هەڵکەوتووە، لەلایەک ئاوی شیرین بۆ ئەو دوورگەیە دابین دەکات، لەلایەکی دیکەشەوە خاوەن مێژووێکی کۆنە کە بۆ هەزاران ساڵ لەمەربەر دەگەڕێتەوە. شاری ژێرزەوی کاریز کە سەرەتا لە شێوەی ئەشکەوتێکدا بووە و دواتر بە دەستێوەردانی مرۆڤ فراوانتر کراوە و بۆ مەبەستی جیاواز بەکارهاتووە، ئەو کەناڵە ئاوییانە دەگرێتە خۆ کە بۆ دابینکردنی ئاوی شیرینی خواردنەوە بۆ دوورگەکە دروستکراون. کاریز کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ ساڵ لەمەوەبەر دەگەڕێتەوە، بە دەستپێشخەری و وەبەرهێنانەکانی مەنسور حاجی حوسێن کە یەکێکە بووە لە ئەندازیارە ناسراوەکانی ناوچەکە، گۆڕدراوە بۆ شارێکی ژێرزەوی گەشتیاریی کە رووبەرەکەی ١٠ هەزار مەتر چوارگۆشەیە. شارەکە جگە لەوەی رێڕوێکی تێدایە کە بەدرێژایی کەناڵە ئاوییەکان درێژبووەتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە ژوور و پردی لەخۆگرتووە، هەروەها ژمارەیەک لە چێشتخانەی نەریتی و مۆدێرن، مۆزەخانەیەک و چەندین ستاندی تێدایە کە کاری دەستی تێدا نمایش دەکرێت. باس لەوە دەکرێت، ئەو دیوارە بەردینییانەی کە لەبەردەم دیوارە سروشتییەکانی شارەکەدا دروستکراون، بۆ رێگەگرتن بووە لە تێکچوون و داڕووخانی شوێنەوارەکە. ئەو رووبەرەی کە لە هەندێک شوێنیدا درزی تێدا بەدی دەکرێت، لە ترسی داڕمان بەڕووی سەردانیکەراندا داخراوە. دیوار و بنمیچی شوێنە گەشتیارییەکە وەک مۆزەخانەی بەبەردبووی زیندەوەرە ئاویییەکان وایە. بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لە زانکۆی میونخی ئەڵمانیا لەبارەی بەبەردبووەکانەوە ئەنجام دراون، تەمەنی چینی توێژاڵی ئەو دوورگەیە ملیۆنەها ساڵە. ئەم کەناڵە ئاوییە کۆنەی کە لەم دواییانەدا شارێکی ژێرزەوی بووە، بیری زۆری تێدایە کە بۆ کۆکردنەوەی ئاو سوودی لێ وەرگیراوە، بوونی ئامرازی دەرهێنانی ئاو لە سەرەوەی بیرەکاندا، سەرنجی سەردانیکران بە لای خۆیدا رادەکێشێت. باس لەوەش دەکرێت کە درێژی شارەکە کە تەنها بەشێکی نۆژەن کراوەتەوە و بەڕووی سەردانکەراندا کراوەتەوە، ١٥ کیلۆمەترە. هەروەها ئەم کەناڵە ئاوییەی کە قوڵاییەکەی تەنها ١٦ مەتر دەبێت، بە درێژایی مێژوو ئاوی بۆ ناوچەکانی نیشتەجێبوون لە کەنداو و لە دوورگەکەدا دابین کردووە. "شاری ژێرزەوی کاریز" رۆژانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار رووی تێدەکەن و شوێنەراوە مێژوویەکە و کەلوپەل و ئاسەوارە نمایشکراوەکانی بووتە جێی سەرنجی هەموو لایەک.  

هاوڵاتی گۆڤاری هیڵ-ی ئەمریکی هۆشداری دەدات کە چاوەڕوان دەکرێت ئاستی ناکۆکیی نێوان حزبە کوردییەکانی عێراق، بەتایبەت پارتی دەسەڵاتداری دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زیاتر ببێتەوە.  گۆڤاری هیڵ، نزیک لە کۆنگرێسی ئەمریکایە، لە شیکاریەکدا هەڵسەنگاندنی بۆ بارودۆخی ئێستای عێراق کردووە  و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی بە سەرۆکایەتی محەمەد شیعە ئەلسوودانی بە ڕووداوێکی ئەرێنیی لە قەڵمداوە. هاوکات ئەم گۆڤارە بێ هیوایی خۆی سەبارەت بە باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان لە دوای پێکهێنانی حکوومەتی عێراق دەربڕیوە و دەنووسێت: بێمتمانەیی یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان بە یەکتر قووڵتر دەبێتەوە. ئەم گۆڤارە ئیدیعای ئەوەی کردووە کە ڕەنگە دوای هەڵبژاردنی عەبدوللەتیف ڕەشید کە لە پشکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە، وەک سەرۆک کۆماری عێراق پەیوەندیی نێوان لایەنە کوردییەکان خراپتر ببێت. هەروەها هیڵ دەڵێت هەردوو لایەنی کوردی دەسەڵاتداری هەرێم بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی عێراق لەبارەی هەندێک پرس وەکوو پرسی بوودجە و چارەنووسی کەرکووک هەوڵەکانیان دەست پێکردووە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسانە دەتوانێت ململانێی جیددی و ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان لایەنە کوردستانییەکان و حکوومەتی ناوەندیی عێراقی لێبکەوێتەوە.