هاوڵاتی بەرواری ٢٧/٩/٢٠٢٢ لیژنەی داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنوسان cpj بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە سەبارەت بەو ڕۆژنامە نوسانەی لە ماوەی چەند ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی ئێران‌دا دەستگیرکراون و داوای ئازاد کردنیان دەکات. لیژنەی داکۆکی لە ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند،لە دەستپێکی ناڕەزایەتی دەربڕینی گشتی لە ئێران لە دوای گیان لەدەستدانی ژینا(مەهسا)ئەمینی لە کاتی دەسبەسەرکردنی لە لایەن گەشتی ئیرشادەوە، تا ئێستا لانیکەم ٢٠ ڕۆژنامە نووس دەستگیرکراون. لێژنەی داکۆکی کردن لە ڕۆژنامە نووسان(CPJ ) جەختی لەوەش کردەوە کە، دەسەڵات دارانی ئێران دەبێت بە بێ مەرج و لە زووترین کاتدا تەواوی ئەو ڕۆژنامە نووسانەی کەخۆپیشاندانەکانی ئێرانیان ڕوماڵکردووە ئازاد بکرێن و ئینتەرنێت بۆ خەڵکی دوبارە بەردەست بکرێتەوە. هەروەها ڕاشیگەیاند لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک لە کوردستان و ئێران ئەو ڕۆژنامە نووسانەی کە ویستوویانە خۆپیشاندانەکانی ناڕەزایەتی ڕووماڵ بکەن لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون و هیچ زانیارییەک لەسەرچارەنووسی زۆربەیان لە بەر دەست دا نییە.
هاوڵاتی وتەبێژی یەکێتی ئەوروپا لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند سزا بەسەر هەموو ئەو کەس و دامەزراوانە دەسەپێنن کە ریفراندۆم لە ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکانی ئۆکرانیا رێکدەخەن. وتیشی "یەکێتی ئەوروپا بە هەموو شێوەیەک ریفراندۆم لە ئۆکرانیا لەلایەن روسیاوە رەتدەکاتەوە". پیتەر ستانۆ وتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لەلێدوانێکدا ئاماژەی بەوەدا ئەو ڕیفراندۆمەی لە ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا لە لایەن ڕوسیاوە ئەنجام دەدرێت نا یاساییە وهەموو ئەو کەس و دامەزراوانەی بەشدارن لە ئامادەکردنی ئەم ڕاپرسییەدا پێویستە سزا بدرێن. وتەبێژی کۆمسیۆنی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا باسی لەوەشکرد ئەو کەسانەی لەسەر بانگهێشتی مۆسکۆ بەناوی چاودێری نێودەوڵەتی ئامادەبوون، دەکەونە ناو لیستی سزاکانی یەکێتی ئەوروپاوە. ئەمە لەکاتێکدایە،بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی گشت‌پرسیی چوار پارێزگای رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کە لە ژێر دەسەڵاتی رووسیادان، 96٪ی بەشداربووانی گشتپرسییەکە بە "بەڵێ" دەنگیان داوە بۆ چوونە سەر رووسیا و جیابوونەوەیان لە ئۆکراینا.
هاوڵاتی لەڕاگەیەندراوێکدا هەپەگە ڕایگەیاند، لە چالاکییەکانی گەریلاکانی کوردستاندا لە ناوچەی زاپی باشووری کوردستان هەشت سەربازی سوپای تورکیا کوژراون. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، گەریلاکان لە ناوچەی زاپی باشووری کوردستان زنجیرەیەک چالاکییان لە ڕۆژانی ٢٦ و ٢٧ی ئەیلول دژی سوپای تورکی داگیرکەر ئەنجامداوە. هەپەگە دەڵێت: لە چالاكییەكانی هێزەكانماندا هەشت داگیركەر سزادران و خێمەیەکی سەربازییش تێکشکێندراوە. لەبارەی هێرشە داگیرکارییەکانی سوپای تورکیشەوە ڕایگەیاندووە، سوپای داگیركەری تورك ١٦ جار بە بۆمبی ئەتۆمی تاكتیكیی و چەكی كیمیایی، سێ جار بە فڕۆكەی جەنگیی، ٤٠ جار بە هێلیکۆپتەری هێرشبەر و دەیان جار بە هاوەن و چەكی قورس ناوچەكانی بەرخۆدانی بۆردوومان و تۆپباران كردووە. ئەمە لەکاتێکدایە شەوی پێشووتر سنوری چیای گارە وبەرەبەیانی ئەمڕۆش بەرزاییەکانی گوندی سگێرێ لە سنوری قەزای ئامێدی لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆردومان کران.
هاوڵاتی لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا وتەبێژی ئاسایشی گەرمیان رایگەیاند، هێزەکانیان لەم مانگەدا توانیویانە باندێکی 9 کەسی بەکارهێنان و بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکەن، کە دانیشتووی گەرمیان بوون و بەشێکیان پێشینەی تاوانکارییان هەبووە. عوسمان عەبدولکەریم، وتەبێژی ئاسایشی گەرمیان، ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند "هێزەکانی ئاسایشی کەلار، لەم مانگەدا توانیویانە باندێکی نۆ کەسی دەستگیربکەن، کە لە قۆناغی یەکەمدا، پێنج کەسیان دەستگیرکران و لێکۆڵینەوەکانماندا دوو کەسیان دانیان بەوەدا نا، کە بازرگانی بە ماددەکانەوە دەکەن، سیانەکەی دیکەشیان دانیان بەوەدا نا کە بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرن". ئاماژەی بەوەشکرد "لە قۆناغی دووەمدا تونیمان چوار کەسی دیکە دەستگیربکەین، بەتۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، سەرجەم تۆمەتبارەکان بەگوێرەی ماددەی 30 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت". عوسمان عەبدولکەریم باسی لەوەشکرد، کەسێکی دیکەشیان لەگەڵ ئەندامانی ئەو باندەدا دەستگیرکردووە، کە تۆمەتبارە بە داڵدەدانی یەکێک لە تۆمەتبارەکان و بەگوێرەی ماددەی 270 لە یاسای سزادانی عێراقی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەی ئاسایشی گەرمیاندا بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە، دەستگیراوە بەسەر 150 گرام، ماددەی هۆشبەردا لە جۆرەکانی (کریستاڵ و حەشیش)دا، وتەبێژی ئاسایشی گەرمیان دەڵێت "سەرجەم تۆمەتبارەکان خەڵکی کەلار و دەوروبەرین و بەشێکیان پێشینەی تاوانکارییان هەبووە".
هاوڵاتی بەیانیی ئه‌مرۆ سێشەممە 27/9/2022 له ڕێوڕه‌سمێكدا كه له سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، به‌شێكى ديكهی پێداويستیيه‌كانی سەنگەری پێشمەرگە كە لەلایەن سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانەوە دابینكراوە، ڕاده‌ستى نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى كاروبارى پێشمه‌رگه كرا. لە ڕێوڕەسمەكەدا هه‌ريه‌ك له ليوا ئه‌سكه‌نده‌ر حه‌جى ساڵح به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى كاروبارى سه‌ربازیی سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمی كوردستان و هه‌ردوو ليواى ڕوكن هۆشمه‌ند حه‌يده‌ر و نه‌جمه‌دين عومه‌ر نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تى پيشمه‌رگه به‌شداربوون. هەردوولا دووپاتیان كردەوە كە ئه‌و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان و دابينكردنى پێداويستی و تۆكمه‌كردنى سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمەرگە كاريگه‌ريى به‌رچاوی له پاراستنى گيانى پێشمه‌رگه و تواناى به‌رگرييان، هه‌بووه. ئه‌م پرۆسه‌يه كۆتايىی ساڵی 2021 به فەرمان و پشتيوانيى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان فه‌رمانده‌ى گشتيى هێزه‌کانی پێشمه‌رگه ده‌ستپێكرا،. پێداويستييهكان جگه له كه‌رسته‌ى به‌رگرى، پرۆسه‌ى سه‌نگه‌رسازى و بيناكردنى جێى حه‌وانه‌وه و خۆپارێزى ده‌گرێته‌وه كه بێ جياوازى و به پێى پێويست ده‌خرێنه خزمه‌ت سه‌رجه‌م ميحوه‌ر و سه‌نگه‌ره‌كانى پێشمه‌رگه‌وه.
هاوڵاتی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئێران بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان سنووری شارۆچکەی چۆمانی لە پارێزگای هەولێر بۆردوومان کرد. لەوبارەیەوە ئاژانسی (ڕۆژنیوز) بلاويكردەوە کاتژمێر ٠٩:٥٥ خولەکی بەیانی ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران بۆ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان چیای پاش قەڵاتانی بۆردوومان کرد، کە کەمتر لە کیلۆمەترێک لە سەنتەری شارۆچکەی چۆمانەوە دوورە. بەهۆی بۆردوومانەکەوە ئاگر لە پوش و پاوانی ناوچەکە کەوتووەتەوە بەهۆی ترس لە دووبارەبوونەوەی بۆردوومانەکەش، تائێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە. جێگای ئاماژەیە ماوەی چوار ڕۆژە ئێران تۆپخانە و درۆن بۆردوومان و تۆپبارانی ناوچەکانی برادۆست و باڵەکایەتیی لە پارێزگای هەولێر دەستپێکردووەتەوە. وێنەکان: ڕۆژنیوز
هاوڵاتی وەزیری نەوتى عێراق ئێحسان عەبدولجەبار رایگەیاند کە داوایان کردووە، ھەڵسەنگاندن بۆ گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام ھەرێم داواکەی رەتکردووەتەوە. ئێسحان عەبدولجەبار کە لە ھەمان کاتدا وەزیری دارایی عێراقە بە وەکالەت لە ھەڤیەیڤێنێکدا لەگەڵ کەناڵی نیمچە فەرمیی عێراقییە ئاماژەی بەوەداوە کە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی لەبارەی نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان، زۆر دادپەروەرانە بووە و گوتی: "داوامان کردووە، ھەڵسەنگاندن بۆ گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام ھەرێم داواکەی رەتکردووەتەوە". گوتیشی: "جیاوازییەکی زۆر ھەیە لە نێوان گرێبەستەکان و بڕی دەرھێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان". ئێحسان عەبدولجەبار لەبارەی راسپاردنی بە وەزیری دارایی بە وەکالەت گوتی: "دوای دەستلەکار کێشانەوەی عەلی عەللاوی، بۆ بەڕێوبردنی وەزارەتی دارایی راسپێردرام و قبوڵم کرد، چونکە نەمتوانی رەتی بکەمەوە". وەزیری نەوتی عێراق ئاشکراشی کردووە، تا ئێستا ٣٨ سکاڵا لەلایەن کۆمپانیای نەوتی بەسرەوە لەسەری تۆمار کراوە، ئەوەیش بەھۆی ئەوەی ژمارەیەک کەس زیان بەر بەرژەوەندییەکانیان کەوتووە و گوتی: "سەرجەم سکاڵاکان کە لەدژم تۆمارکراون، لەلایەن دادگاوە یەکلایی کراونەتەوە و داخراون". ئێسحان عەبدولجەبار ئاماژەی بەوەیشداوە کە بڕە پارەیەکی زۆر لە وەزارەتی دارایی دەستی بەسەردا گیراوە و گوتی: "لەئێستادا عێراق، ٢١٠ ملیۆن دۆلار بە (Shell Oil Company) قەرزدارە، جگە لەوەیش ئەو بانگەشانەی کە لەبارەی کۆمپانیاکەوە دەکرێن، ئامانج لێیان وەدەرنانی وەبەرھێنەرانە لە عێراق. ئێحسان عەبدولجەبار باسی لە بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی کرد و رایگەیاند کە بڕیارەکە، ژینگەی یاسایی پیشەسازیی نەوتی عێراقی ھەژاند. رۆژی ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕگەکانی دوو و سێ لە بڕیارەکانی ژمارە ١٠٩ی ساڵی ٢٠٢٠ ژمارە ٢١١ی ساڵی ٢٠٢١ کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی دامەزراندنی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی عێراق و پێدانی پۆستی سەرۆکی کۆمپانیاکە بە وەزیری نەوت دەرکرابوو، ھەڵوەشاندەوە.
هاوڵاتی وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند هیچ کێشەیەک لە سەبەتەی خۆراکدا نییە، جەختیش لەوەدەکاتەوە هاتنی جۆرە نوێیەکانی برنجی تایلەندی بۆ عێراق و دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان سەبارەت بەم جۆرە برنجە. لەوبارەیەوە "محەممەد حەنون" وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی بە ئاژانسی هەواڵی عێراق راگەیاندووە" ژمارەیەک کەشتی بارھەڵگر بە برنجی تایلەندی بە کوالێتییەکی باش گەیشتوونەتە عێراق، داواشی لە هاوڵاتیان کرد، کە ئەم برنجە وەریبگرن و باوەڕ بەو دەنگۆیە نادروستە نەکەن کە لەسەر برنجی تایلەندی ھەیە. "حەنون"راشیگەیاند " برنجی بەردەست لەو جۆرەیە کە لە بازاڕە ناوخۆییەکان دەفرۆشرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەندێک بریکاری تەماحکار بانگەشەی ئەوە دەکەن کە برنجەکە ناشێ بۆ خوادن ،بۆیە بەشێک لە هاوڵاتیان ناچارن وەری نەگرن کە ئەمەش ڕاست نییە. "حەنون"جەختی لەوەشکردەوە "کە ئەم برنجە یەکێکە لە باشترین سەرچاوە خۆراکیە نێودەوڵەتییەکان، بەو پێیەی تا ئێستا بارەکان گەیشتووەتە هەشتەمین کەشتی، و تا کۆتایی ساڵ ژمارەی ئەو کەشتیانەی کە ئەم برنجە بار دەکەن دەگاتە ١١ کەشتی . وتیشی"گرێبەستێک هەیە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەڕێگەی کەرتی تایبەتی عێراقەوە کە بنەچەیەکی زۆر باشی دارشتوە، ھەروەک وتیشی "هیچ کێشەیەک لەبارەی سەبەتەی خۆراکەوە نییە. ڕوونیشیکردەوە کە "وەزارەتی بازرگانی بە چەند ئاراستەیەک جووڵەی کردووە بە ئامانجی دوورخستنەوەی عێراقییەکان لە قەیرانی خۆراک.
هاوڵاتی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاویکردووەتەوە، تاوەکو رۆژی 26-09-2022 لانیکەم 76 خۆپێشاندەر گیانیان لەدەستداوە، لەوانەش شەش کەسیان ژن و چوار کەسیشیان منداڵ بوون، ئەمەلەکاتێکدایە شەوی رابردوو خۆپیشاندانەکان لە ژمارەیەک لە شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بوون. لە شاری سنەدا بۆ دەیەمین شەو لەسەریەک خۆپێشاندان کرا. لە کرماشان، مەریوان و شاری قوروەشدا خۆپێشاندان هەبوو. بەپێی ئەو راپۆرتە، زۆرترین قوربانی لە پارێزگای مازندەران لە باکووری ئێران بووە، کە 25 کەس گیانیان لەدەستداوە و دوای ئەویش پارێزگاکانی گیلان و ورمێ دێن، کە لە هەریەکەیان 10 کەس گیانیان لەدەستداوە دوو رۆژ لەمەوبەر تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، 41 کەس لە خۆپێشاندانەکان گیانیان لەدەستداوە. بەگشتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان 18 خۆپێشاندەر گیانیان لەدەستداوە، بەڵام دەگوترێت ژمارەی کوژراوەکان لەوە زیاترە.
هاوڵاتی مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد دەڵێت، حكومه‌تی عێراق ده‌بێت بێته ده‌نگ دژی تۆپبارانی ئێران و بۆردوومانەكانی توركیا و نایشارێتەوە، كە توركیا و ئێران هەرچەندە ناكۆكبن، “بەڵام له‌سه‌ر كێشه‌ی كورد ناكۆک نین، بزوتنه‌وه‌ی كورد به مه‌ترسیی ده‌زانن له‌سه‌ر خۆیان”. لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، د. مەحمود عوسمان، سیاسەتمەدرای دیاری كورد قسەی لەبارەی تۆپباران و بۆردوومانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئێران و تورکیا کرد لە ناوچەکانی شارباژێڕی سلێمانی، برادۆستی سەر بە هەولێر و ئامێدی و ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆک و وتی:”ئێران مافی نییە تۆپبارانی هەرێم و حزبەكانی ڕۆژهەڵات بكات، بەڵام هه‌رێمی كوردستان بێده‌نگه و حكومه‌تی عێراقیش بێده‌نگه، چونكه ئه‌وه یه‌كێكه له كێشه‌كان حكومه‌تی عێراق ده‌بێت بێته ده‌نگ دژی تۆپبارانی ئێران و به‌فڕۆكه لێدان ئه‌وانه‌ی توركیا ده‌یكات ده‌بێت حكومه‌تی عێراق زیاتر ڕۆڵ ببینێت”. دەشڵێت “ئەوەتا ئێران تۆپباران ده‌كات، له‌وانه‌شه به فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان بۆردوومان بكات، جاری واش هه‌بووه مووشهكیانداوه له هه‌رێمی كوردستان له‌وانه‌یه هه‌مان شت دووباره بكه‌نه‌وه”. ئاشكرایكرد، توركیا و ئێران لە هێرشەكانیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان هەماهەنگییان هەیە و وتی:”ئێران و تورکیا ئه‌گه‌ر هه‌ر ناكۆكییهكیشیان هه‌بێت، به‌ڵام له‌سه‌ر كێشه‌ی كورد ناكۆک نین، چونکە هەردووکیان بزووتنه‌وه‌ی كورد به مه‌ترسیی ده‌زانن له‌سه‌ر خۆیان، چه‌ند ساڵێكه تورکیا به ئاشكرا باشووری كوردستان بۆردوومان ده‌كات، له هه‌مان كاتیش‌دا ئێرانیش خه‌ریكه ورده ورده هێرشەکانی دەستپێدەکاتەوە، پێده‌چێت له‌مه‌ودوا زیاتریشی بكات و له‌نێوان خۆشیاندا هاوكارییان هه‌یه”. لەبارەی خۆپیشاندانەكانی ئێران و بەدیهاتنی مافی كوردەوە لەو بەشەی كوردستان دەڵێت:”به‌گشتی كوردی ئێران دژی حكومه‌تی ئێرانن، حكومه‌تی ئێران هیچ كاتێک دان به مافه‌كانی كورد-دا نانێت، له‌به‌ر ئه‌وه هه‌رشتێک كه ببێته هۆی لاوازكردنی ڕژێمی ئێران وه‌كو ئێستا كه ئه‌و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییانه ده‌كرێت، بێگومان كوردی ئێرانیش به‌شدارده‌بن به‌تایبه‌تی ئه‌و خۆپیشاندانه له‌سه‌ر شه‌هید كردنی (مه‌هسا ئه‌مینی) یه، كه كورده، له‌به‌ر ئه‌وه كوردیش زیاتر ڕۆڵی هه‌یه له‌وه‌دا، له ئێستادا له هه‌موو ناوچه‌كانی ئێران‌دا ئه‌و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیانه به‌رده‌وامن به شێوه‌یه‌كی زۆر فراوان بێگومان كوردیش به‌شێكه له‌وه”.
هاوڵاتی جۆزێپ بۆرێڵ نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش داوای كرد توندوتیژیی به مه‌به‌ستی سه‌ركوتكردنی خۆپیشاندانه‌كان دژی مه‌رگی ژینا ئه‌مینی له ئێران رابگیرێت كه به تۆمه‌تی پابه‌ندنه‌بوون به یاساكانی باڵاپۆشی ده‌ستگیركرابوو و دواتر گیانی له‌ده‌ستدا، و رێگه بدرێت دانیشتوان ده‌ستیان به ئینته‌رنێت بگات. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد ده‌ستوه‌ردانی هێزه ئه‌منییه‌كانی ئێران له خۆپیشاندانه‌كان له راده‌به‌ده‌ره و كوژراو و برینداری لێكه‌وتووه‌ته‌وه. جۆزێپ بۆرێڵ تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پچڕاندنی ئینته‌رنێت و سه‌كۆكانی نامه‌گۆڕینه‌وه به مانای پێشێلكردنی ئازادی راده‌ربڕین دێت و یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌كێتییه‌كه پێیان وایه به‌كارهێنانی توندوتیژیی دژی خۆپیشانده‌ران مایه‌ی قبوڵكردن نییه و ناكرێت ره‌وایه‌تی پێ بدرێت. بۆرێل رایگه‌یاند: "چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین ئێران به‌زووترین كات سه‌ركوتكردنی خۆپیشاندانه‌كان له‌رێگه‌ی به‌كارهێنانی توندوتیژییه‌وه رابگرێت و ده‌سته‌به‌ری ده‌ستڕاگه‌یشتن به ئینته‌رنێت و ئاڵوگۆڕی ئازادانه‌ی زانیاریی بكات. هاوكات چاوه‌ڕوانین ئێران ژماره‌ی كوژراوان و ده‌ستگیركراوان ئاشكرا بكات، ئه‌و خۆپیشانده‌رانه ئازاد بكات كه توندوتیژیی به‌كارناهێنن و مامه‌ڵه‌ی گونجاو له‌گه‌ڵ ده‌ستگیركراوه‌كاندا بكات". نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش به‌پێویستی زانی لێكۆڵینه‌وه له مه‌رگی ژینا ئه‌مینی بكرێت و داوایكرد لێپرسینه‌وه له‌گڵ به‌رپرسیارانی كه‌یسه‌كه بكرێت. جۆزێپ بۆرێل رایگه‌یاند: "یه‌كێتیی ئه‌ورووپا به‌ر له كۆبوونه‌وه‌ی ئایندهی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه به‌رده‌وام ده‌بێت له هه‌ڵسه‌نگاندنی سه‌رجه‌م بژارده‌كانی به‌رده‌ستی سه‌باره‌ت به كوشتنی مه‌هسا ئه‌مینی و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كانی ئێران بۆ خۆپیشاندانه‌كان".
هاوڵاتی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ئاشکرای کرد كە خورما لە پێشەنگدایە لە پرۆسەی هەناردەكردنی بەروبووم بۆ وڵاتانی دراوسێ، هاوكات گرنگی ساڵنامەی كشتوكاڵی لە كۆنتڕۆڵكردنی نرخ و پاراستنی بەكاربەران ئاشكراکرد. "میساق عەبدولحسێن" بریکاری تەکنیکی وەزارەت ،لەلێدوانێکیدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقى راگەیاندووه"بە مەبەستی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی لە وەرزی هاوین و زستاندا پەرە بە رۆژمێری کشتوکاڵی دراوە، لە هەمان کاتدا چاودێری نرخی بەرهەمەکان لە بازاڕە ناوخۆییەکان دەکرێت ،ھەروەک ڕێگە بە پاراستنی بەکاربەرانی دەدات . بریکاری وەزارەت ئاماژەی بەوەشکرد، "هاتنە ناوەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی قاچاخ دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە جووتیاران لە ئەنجامی فڕێدانی بەرهەمی هاوردەکراو لە بازاڕەکاندا، هەروەها کاریگەری لەسەر سەقامگیری نرخەکان دەبێت . وتیشی" وەزارەتی کشتوکاڵ، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان کاردەکەن بۆ ڕێگری‌کردن لە قاچاخچیەتی ، بە تایبەت کە زۆربەی بەرهەمی قاچاخ کوالیتییەکی باشیان نی یە و خراپ و نادروستە. "عەبدولحسێن" جەختی لەوە کردەوە، "وەزارەت بەردەوام دەبێت لە هاندانی جووتیاران و کۆمپانیاکان بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆیی لە وەرزی زۆری بەرھەمدا ، بەتایبەتی کە پرۆسەی هەناردەکردن، پاڵپشتێکی گرنگی ئابووری نیشتمانییە. ھەروەک وتیشی "هێشتا خورما لە عێراق لە پێشەنگدایە لە پرۆسەی هەناردەکردندا.
هاوڵاتی بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕوانگەی مافی مرۆڤی سووریا، سوپای تورکیا لە ماوەی 9 مانگی ڕابردوودا 58 جار بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان پەلاماری کوردەکانی سووریای داوە. ڕوانگەی مافی مرۆڤی سووریا باس لە زیاتر بوونی هێرشی درۆنەکانی تورکیا دەکات بۆسەر کوردەکانی سوویا ئەوەش پاش بێ هیوا بوونی ئەو وڵاتە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینیی بەربڵاو. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەم ڕێکخراوەیە تورکیا لە ماوەی 9 مانگی ڕابردوودا 58 جار بە درۆن هێرشی کردۆتە سەر ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردانی سووریا کە داویین هێرش پەلاماری هەماری چەک و تەقەمەنییەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات بوو لە نزیکیی شاری کوردنشینی کۆبانی لە باکووری سووریا. هێرشی درۆنەکانی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانە لە 9 مانگی ڕابردوودا بووتە هۆی کوژرانی 10 کەسی مەدەنی و 56 کەس لە هێزە کوردەکانی سووریا. 93 کەسیش بە سەختی بریندار بوون.
هاوڵاتی سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: یه‌كێتی و پارتی دژی یه‌ك نین و ته‌نها له‌بۆچوونه‌كانیاندا جیاوازیان هه‌یه. وتیشی: تائێستا نه‌مبیستووه یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار رێككه‌وتبن، به‌ڵام ئێمه‌و پارتی له‌په‌رله‌مانی عیراق و كوردستان و هه‌روه‌ها له‌جه‌نگی دژی داعش پێكه‌وه‌ین . ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: یه‌كێتی و پارتی له‌گه‌ڵ به‌شێك له لایه‌نه‌كانی عیراق له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ردنی داهاتووی عیراق رێكه‌وتوون، كه خۆی له ئه‌منیه‌ت و چارسه‌ری كێشه‌كانی هه‌رێم و عێراق و به‌گشتی به‌ڕێوه‌بردنی داهاتووی حكومه‌ت رێككه‌وتوون. له‌باره‌ی ریفراندۆمیشه‌وه وتی: هه‌موومان پێكه‌وه بڕیاری ریفراندۆممان دا‌و له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و مافه ده‌ستووریانه‌ی كه عێراق له‌هه‌رێمی زه‌وت كردبوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌نجامی ریفراندۆم له‌لایه‌ن وڵاتانی دراوسێوه هاوبه‌ش بوو، كه دژ بوو.
هاوڵاتی قائیمقامی قه‌زای ماوت رایده‌گه‌یه‌نێت، چه‌ند شوێنێك كه ده‌كه‌ونه سه‌ر گوندی گه‌ڵاڵه بهچرِی له‌لایه‌ن فرِۆكهوه بۆردومان ده‌كرێن. كامه‌ران حه‌سه‌ن قائیمقامی قه‌زای ماوه‌ت بڵاویكردۆته‌وه، ئێستا سنوری گوندی گه‌ڵاڵه له ژێر بۆردومانێكی قورسدایه، له‌ماوه‌ی چه‌ند خوله‌كێكدا ئه‌م شوێنانه كه ده‌كه‌ونه سنوری گوندی گه‌ڵاڵه له‌لایه‌ن فرِۆكهی جه‌نگیه‌وه به قورسی بۆردومان كراون. كامه‌ران حه‌سه‌ن ئه‌و شوێنانه‌ی بڵاوكردۆته‌وه كه بۆدورمان ده‌كرێن و رایگه‌یاندوه، ئه‌و شوێنه‌ی كه به ترشه‌كه ناسراوه كه ده‌كه‌وێته 4 تا 5 كیلۆمه‌تر سنوری گوندی گه‌ڵاڵه‌وه دوجار بۆردمان كراوه، هه‌روه‌ها باسكی قه‌لێ ده‌كه‌وێته نێوان گه‌ڵاڵه‌و سه‌فره‌و نزیكه‌ی 2 كیلۆمه‌تر له گه‌ڵاڵه‌وه دووره، له‌گه‌ڵ دۆڵی كڵاوه كه ته‌نها 2 كیلۆمه‌تر له گه‌ڵاڵه‌وه دوره‌و دۆڵی كوێره كانیش بۆردومان كراون.
