هاوڵاتی راوێژكارێكی پەرلەمانی كوردستان پرۆژەیەكی بۆ دووبارە بووژاندنەوەی پارێزگای سلێمانی لە رۆژنامەی  بڵاوكردووەتەوە و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و شارەوانی سلێمانی دەڵێن ئامارن كاری لەسەر بكەن. لەژمارە (1952) رۆژنامەی ، كورتە پلانێك تایبەت بەسلێمانی بڵاوكرایەوە لەپێناو گەشەپێدانی سلێمانیدا كە لەلایەن دانا دارا، راوێژكاری سەرۆكایەتی پەرلەمان نوسرابوو. لەدەقی پرۆژەكەدا هاتووە:» شاری سلێمانی و كۆی پارێزگاكەش بەپێی دوا رووپێوی بەردەست كە بۆ ئاماری دانیشتوان و هەموو پرسە پەیوەندیدارەكانی ئەنجام دراوە، تاساڵی 2020 بە(6,171,083)كەس هەژمار كراوە، كەژمارەی دانیشتوانی سلێمانی لەو ئامارەدا (2,152,595) كەس دانراوە».  بەپێی ئەو ئامارەی بۆ ژمارەی خێزان لەهەرێمی كوردستان كراوە (1,071,303) خێزان لەخۆدەگرێت، لەوانە لەپارێزگای سلێمانی (441,253) خێزان دەژین، لەو ژمارەیە (88,867) خێزانیان كرێچین، كە دەكاتە(21%)ی خێزانەكانی سلێمانی. هەر بەپێی پرۆژەكەی ئەو راوێژكارەی پەرلەمان لەهەرێمی كوردستان تێكڕای تەمەنی هاوسەرگیریی ئافرەتان (20.7) ساڵە، پیاوان (24.5) ساڵە، لەسلێمانی پیاوان (24.8) ساڵەو ئافرەتان (20.9) ساڵە، (3%)ی دانیشتوان خاوەن پێداویستی تایبەتن لەپارێزگای سلێمانی زۆرترین خاوەن پێداویستی تایبەتی لێیە كەدەكاتە (3.4%)، هەروەها لە (36%)ی خێزانەكانی هەرێم داهاتی مانگانەیان (500,000) دینار كەمترە، بەڵام لەسلێمانی رێژەكەی زیاترەو لە (40%)ە. بەپێی بەشێكی دیكەی پرۆژەكەی دانا دارا، كەرتی وزە لەشاری سلێمانی نموونەی وەك نەوت: رۆژانە  40 بۆ 45 هەزار بەرمیلە، كە بەراوورد بەكۆی گشتی نەوتی هەناردەكراوی هەرێم، زۆر كەمە، داهاتی مانگانەی پارێزگای سلێمانی نزیكەی (100) ملیار دینارە، كەداهاتی گومرگ و فەرمانگەكانە، كارەبا لەسلێمانی (33%)ی كۆی گشتی كارەبای بەرهەمهاتووی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت، ئاو لەسلێمانی رۆژانە لەناو شار بە(3) رۆژ چوار كاتژمێر هەیەو لەدەرەوەی شەستمەتریش بەهەمان شێوەیە . لەكۆتایی پرۆژەكەشدا هاتووە: هەموو پڕۆسەیەكی گەشەپێدان بۆ ژیان لەشارێكی مۆدێرندا پێویستە میكانیزمەكانی جێبەجێ‌كردنی بەڕوونی دیاری بكرێت، لەوانەش سەرەتای دەستكردن بەجێبەجێكردنی پڕۆژەكە لە 2/1/2022و بۆ ماوەی یەك ساڵ دەبێت. وەك دانا دارا راوێژكاری پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی پێكردووە، بۆ سلێمانی گرنگە، لەلایەك راستكردنەوەی ژیان بكات بۆ بوارەكانی ژیان لەشارەكە بەپێی ستاندارە جیهانیەكان و لەلایەكی ترەوە مافە یاسایی و دەستورییەكانی وەك شار وەدی بهێنێت چونكە سلێمانی ماستەرپلانی نییە و رێژەی سەوزاییش تێیدا بەپێی ستانداردی جیهانی نییە. دانا دارا راوێژكاری پەرلەمانی كوردستان لەبارەی پرۆژەكەیەوە لەلێدوانێكدا بە وت :» بۆ ئەم نووسینە تەنها سوودم لەچەند ئامارێكی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و پاشان توانا كەسیەكانم و راوێژێكی سنوردار وەرگرتووە». هەروەها ئەوەشی خستەڕوو كە ئامانجی پڕۆژەكە ئەوەیە، سلێمانی وەك شارو وەك پایتەختی رۆشنبیری، هەمیشە لەپێگەی خۆیدا بمێنێتەوەو بۆ ئاسۆی باشتر هەنگاو بنێت بۆ بەدیهێنانی هەموو مەرجە ستاندارە جیهانییەكان كە بۆ شارو شارنشینی پێویستە لەسلێمانیدا. جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت:»كار لەسەر ئەو پرۆژەیە دەكەین كە تایبەتە بەسلێمانی». بارزان محەمەد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێكدا بە وت:»پرۆژەكەم خوێندووەتەوەو داومە بەژمارەیەك لەئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تا لیژنەی پرۆژەكان كاری لەسەربكەن». « پرۆژەكەم بەلاوە جوانەو چاوەڕێی وەڵامی لیژنەكەم لەسەری تا كاری لەسەربكەن، زیاتر لەسێ رۆژە لیژنەكە بەدەستیان گەیشتووە، ئێمە هەر پرۆژەیەكیش كە بەدەستمان دەگات رادەستی لیژنەی تایبەتمەندی دەكەین».، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وا دەڵێت. هاوكات، بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی ئاماری داهاتی خێزان ئاشكرا دەكات لەپارێزگای سلێمانیدا.  مەحمود عوسمان بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ  هێمای بۆ ئەوەكرد بۆ ساڵی 2021 ژمارەی دانیشتوانی سلێمانی دوو ملیۆن و 336 هەزار و 191 كەس بووە، ژمارەی خێزانیش لەپارێزگاكە 507 هەزار و 867 كەس بووە. مەحمود عوسمان ئەوەشی باسكرد كە لەساڵی 2007 تێكڕای خەرجی خێزان لەهەرێم بۆ مانگێك ملیۆنێك و 699 هەزار دینار بووە، بەڵام لە 2018 بووە بەملیۆنێك و 293 هەزار. هاوكات لەسلێمانیش لە 2007 ملیۆنێك و 676 هەزار بووە، بەڵام لە 2018 بووە بە ملیۆنێك و 123 هەزار دینار، رێژەی بێكاریش لەسلێمانی تا 2014 لە 7٪ پۆینت شەش بووە، بەڵام لە 2018 بووە بە 5٪ پۆینت حەوت، هەروەها رێژەی ئەوانەی لەسلێمانی خاوەنی خانووی خۆیان بوون لە 2018 دا 83٪ پۆینت نۆ بووە». وتەبێژی شارەوانی سلێمانی دەربارەی پرۆژەكە ئەوەی روونكردەوە كە چەند تێبینییەكی لەسەر ئەو پرۆژەیەی راوێژكارەكەی سەرۆكی پەرلەمان هەیە كە تایبەت بەسلێمانی نووسیوییەتی. زەردەشت رەفیق، لەلێدوانێكدا بە وت :»پرۆژەكەم خوێندووەتەوە و زۆر باش و گونجاوە، بەڵام دوو تێبینیم لەسەری هەیە، یەكەمیان لەپرۆژەكەدا دەڵێت سلێمانی ماستەرپلانی نییە بەپێچەوانەوە ماستەرپلانێكی زۆر باش بۆ سلێمانی دانراوە بەراورد بەهەولێر و دهۆك و كاریشی پێدەكرێت». وتەبێژی شارەوانی سلێمانی ئەوەشی روونكردەوە كە رێژەی سەوزایی لەپارێزگای سلێمانی گەیشتووەتە ئاستی ستانداری جیهانی، بۆ جێبەجێكردن و ئاسانكاری پرۆژەكەش وەكو شارەوانی سلێمانی ئامادەی هەموو هاوكارییەك دەبن. دەقی پرۆژەكەی راوێژكارەكەی پەرلەمان لەم لینكەدایە https://hawlati.co/page_detail?smart-id=22828

هاوڵاتی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رایگەیاند، لەماوەی 10 رۆژی ئۆپراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی گرتوخانەی غوێران (سناعە) لە حەسەكە، 121 كەس لە رۆڵەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا شەهیدبون و 374 چەكداری داعش كوژراون. جەنەراڵ، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەپەیامێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەروداوەكانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی گرتوخانەی غوێران (سناعە) لە حەسەكە 121 كەس لە رۆڵەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا شەهیدبون. هەروەها ئەوەشی خستۆتەروو كە" شەهیدان سەلماندیان كە تینوی ئازادین، رۆڵەكانمان لە باوكان و كوڕان بە كورد و عەرەبەوە مایەی شانازی ئێمە و هەمو ئازادیخوازانی جیهانن".  هاوكات، ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنی هەسەدە بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی زیندانی سەناعە (غوێران) لە حەسەكە 374 چەكداری داعش كوژراون.  

هاوڵاتی بەپێی پێشبینییە كەشناسییەكان، لە رۆژی هەینییەوە ناوچەكانی هەرێم دەكەوێتە ژێر كاریگەری سێ شەپۆلی بەفرو بارانەوە. ‎ئاراس جەبار، كەشناسی دیاری هەرێمی كوردستان رایگەیاند لە ڕۆژانی نێوان چوار بۆ 11 ی ئەم مانگە ھەرێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە دەكەوێتە ژێر كاریگەری دابەزینی سێ سیستەمە بارستەھەوای ساردی جەمسەری باكور كە بەشێوەی نزمەپاڵەپەستۆی یەك لەدوای یەك كاریگەریەكانی نزمدەبێتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە كە شەپۆلەكە لە شێوەی بەفر و بارانبارینە و لەناوچە شاخاویەكان بەفرێكی زۆر دەبارێت و پلەكانی گەرماش بەشێوەیەكی بەرچاو نزم دەبنەوە.  

هاوڵاتی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، كۆبوونەوەی ساڵانەی كۆمیتەی ناوەندیی بەڕێوەبرد و ئەنجامەكەی بڵاوكردەوە، دەشڵێت:" كات كاتی ئازادكردنی جەستەیی ڕێبەر ئۆجەلانە". ئەمڕۆ سێشەممە 1ی شوباتی 2022، پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای دەكات كۆبوونەوەی ساڵانەی كۆمیتەی ناوەندیی بە بەبەشداریی 27 ئەندام لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا ئەنجامدراوە و بە سەركەوتوویی بەڕێوەچووە. پەكەكە، ڕاشیگەیاند:" لێپرسینەوە و ڕەخنەی قوڵیان سەبارەت بە كارەكانی ساڵی 2021 دەستپێكردووە و لەسەر بەهێزتركردنی هەڵمەتی كات كاتی ئازادییە‌، كە ئامانجمان ئازادكردنی جەستەیی ڕێبەر ئۆجەلانە".  

هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، كۆی گشتی ئەو هەناردە و داهاتانەی لە فرۆشتنی نەوت بۆ یەكەم مانگی ئەمساڵ بەدەستهاتوون گەیشتونەتە زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار كە هەر بەرمیلێك بە 83 دۆلارو 24 سەنت فرۆشراوە. ئەمڕۆ سێشەممە 1ی شوباتی 2022 وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایداهاتووە، بەگوێرەی ئامارەكانی یەكەم مانگی ساڵی ٢٠٢٢ كە لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆ بۆ بەبازاڕكردنی نەوتی عێراقی بڵاوكراوەتەوە، رێژەی نەوتی خاوی هەناردەكراو 99 ملیۆن و 286 هەزار و 78 بەرمیل نەوت بووە و داهاتەكەشی هەشت ملیار و 27 ملیۆن دۆلار بووە. هەروەها ئەوەی خستۆتەروو كۆی بڕی نەوتی خاوی هەناردەكراو بۆ مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بڕی 96 ملیۆن و 430 هەزار و 596 بەرمیل بووە و لە كێڵگەكانی كەركوك كە لەرێگەی بەندەری جیهانەوە هەناردەكردراوە دوو ملیۆن و 545 هەزارو 656 بەرمیل بووە. هەروەها رێژەی نەوتی هەناردەكراوی رۆژانە زیاتر بووە لە سێ ملیۆن و 203 هەزار بەرمیل و نرخی هەر بەرمیلێكیش 83 دۆلار و 24 سەنت فرۆشراوە.  

هاوڵاتی  هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە داوا لە گەنجانی کورد لەتورکیا دەکات لە قوتابخانەکاندا وانەی زمانی کوردی هەڵبژێرن. رۆژی دووشەممە 31ی کانوونی دووەمی 2022 سەلاحەدین دەمیرتاش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر تویتێكی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند:" سڵاو گەنجانی بەهادار؛ وەک دەزانن وادەی دەستنیشانکردنی وانەی بژاردە تاوەکو 7ی شوبات درێژکراوەتەوە. تکایە لە قوتابخانەکاندا زمانی دایکتان هەڵبژێرن؛ کرمانجی هەڵبژێرن، زازاکی هەڵبژێرن".  کەمپەینی پاڵپشتی لە هەڵبژاردنی وانەی زمانی کوردی لە باکووری کوردستان و تورکیا بەردەوامە. تەنیا یەک هەفتە ماوە لەبەردەم گەنجانی پۆلەکانی 5-6-7 و 8 بۆ هەڵبژاردنی وانەی بژاردە.  لە ساڵی 2012ـەوە لە تورکیا و باکووری کوردستان زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێت، بەڵام بە هۆکاری جیاواز پرۆسەکە بە فەرمیش نەبێ، بە کردەیی راگیراوە. لە 3ی کانوونی دووەمی 2022 ـەوە ناونووسین بۆ دەستنیشانکردنی وانەی بژاردە دەستیپێکردووە؛ وادەکە رۆژی 21ی کانوونی دووەم  کۆتایی دەهات، بەڵام وەزارەتی پەروەردەی تورکیا رۆژی پێنجشەممە 20ی کانوونی دووەم رایگەیاند، بەهۆی نالەباری کەشوهەوا، قوتابیان ناتوانن بچنە قوتابخانە، بەوهۆیەوە و لەسەر ئەو داواکارییانەش کە ئاراستەیان کراوە، بڕیاریان داوە وادەی دەستنیشانکردنی وانەی بژاردە تاوەکو رۆژی 7ی شوباتی داهاتوو درێژبکەنەوە. فۆڕمی خوێندن بەزمانی بژاردە لە قوتابخانەکان پڕ دەکرێنەوە و بەشێک لە قوتابخانەکانیش بەشێوەی ئۆنلاین فۆڕمەکانیان خستوەتە بەردەستی باوانی قوتابیان. بەگوێرەی سیستەمی خوێندنیش لە وانەی بژاردە، ئەگەر 10 قوتابی داوای خوێندن بە هەر زمانێکی بژاردە بکەن، پۆلێکی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە. هەرچەندە واژۆی باوانی قوتابی زیاد بکات، هێندەی دیکە پۆلی خوێندنیان بۆ دەکرێتەوە.     

هاوڵاتی ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ناوى كاندیده‌كانى پۆستى سه‌رۆك كۆمارى ڕایگەیاند و بە پێی لیستەكە لەناو 25 كاندیدەكەدا 10 كاندیدیان كوردن و لەگەڵ ئەوەی كاندیدێكی ژن هەبوو بەهۆی كەمی تەمەنییەوە دورخرایەوە. به‌گوێره‌ى ئه‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، تائێستا 25 كه‌س ناوى خۆى تۆماركردوه‌ بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عێراق‌. ڕێزبه‌ندى ناوه‌كان به‌مشێوه‌یه‌یه‌: 1-  خالید سدیق عەزیز محەمەد 2-  فەیسەڵ موحسین عەبود ئەل-کلابی 3-  شەهاب ئەحمەد عەبدوڵا ئەل-نەعیمی 4-  حسێن ئەحمەد هاشم ئەل-سافی 5-  ئەحمەد موح عمران ئەل-رەبیعی 6-  ئەحمەد یەحیا جاسم جوەید ئەل-ساعدی 7-  سەباح ساڵح سەعید 8-  کازم خەزیر عەباس داوغنە 9-  رزگار محەمەد ئەمین حەمە سەعید 10- گەلاوێژ عەلی ئەمین بیرە 11- لوئەی عەبد ئەل٠ساحب عەبد ئەل-وەهاب ئەل موحسین 12- تێبوار ئەورەحمان وەستا ساڵح 13- حەمزە بریسم سجیل ئەل-مەعموری 14- هۆشیار مەحمود محەمەد مستەفا زێباری 15-    حسین موحسن علوان الحسنی 16-    عه‌بدوله‌تیف محه‌مه‌د جه‌مال ڕه‌شید شێخ محه‌مه‌د 17- عومه‌ر صادق مسته‌فا مه‌جید العبدلی 18- به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د حاجى ساڵح ئه‌حمه‌د 19-    پائر غانم محه‌مه‌د عه‌لی بكتش عوسمان 20-    ئیقبال عه‌بدوڵڵا ئه‌مین فه‌تلاوی 21-    خدیجه‌ خدا یخش ئه‌سه‌د قلاوس 22-    جه‌بار حسن جاسم 23-    هادی عه‌بدلوحسێن سدام الفریجی 24-    ڕه‌عد خچیر دفاك صایل 25-    ئومێد عه‌بدولسه‌لام قادر ته‌ها پاڵانى

  هاوڵاتی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا  ڕایگەیاندوە:" ئەگەری هەیە لەهەر ئانوساتێکدابێت، ڕوسیا پەلاماری خاکی ئۆکرانیا بدات". ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 31ی کانوونی دووەمی 2022، جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵیی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی وتویەتی:" ئەگەر بێت‌و ڕوسیا پەلاماری ئۆکرانیا بدات، ئەوە ئیدارەی بایدن سزای ئەووتۆی بەسەردا دەسەپێنێت کە پێشتر بەخۆیەوە نەبینینێت". کێربی  ڕونیشیکردۆتەوە: "هەرچەندە پڕۆسەی پەلاماردانی خاکی ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە ڕەنگە لەهەر ئانوساتێکدابێت ڕوبدات، بەڵام جەختیشی کردۆتەوە کە بابەتەکە سەرلەبەری دەکەوێتەسەر ئەوەی ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆکی ڕوسیا دەیەوێت چی بکات". وتەبێژی پنتاگۆن ئاماژەی بەوەکردوە، ڕوسیا بەردەوامە لەمۆڵدانی هێزە سەربازییەکانی لەسەر سنوری ئۆکرانیاو هەڕەشەکردن لەو وڵاتە، بەڵام باسی لەوەشکردوە، هێشتا بوار لەبەردەم ڕێگای دیبلۆماسییانە بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە هەیە. دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌، دیمیترۆ کۆلیبا وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا لەتویتێکدا داوای لەڕوسیا کردوه‌، پابەندی ڕێگا دیبلۆماسییەکان بێت‌و هێزەکانی لەسەر سنوری وڵاتەکەی بکیشێتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە وڵاتە ڕۆژئاواییەکان دەڵێن مۆسکۆ زیاتر لە 100 هەزار سەربازیی بەدرێژایی سنوری ئۆکرانیا بڵاوەپێکردوە. لەبەرامبەردا ڕوسیا ڕەتیدەکاتەوە، جوڵە سەربازییەکانی بۆ هەڕەشەکردن بێت لەهیچ لایەک، بەڵام داواشدەکات مەترسییە ئەمنییەکانی لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە لەبەرچاو بگیرێت، بەتایبەت هاوپەیمانی ناتۆ بەڵێنی ئەوەبدات کە چیتر بەرەو سنورەکانی ڕوسیا ناکشێت‌و وڵاتانی ناوچەکە ناخاتە ناو هاوپەیمانێتییەکەوە.

  هاوڵاتی دەستەی لێپێچینەوە و دادپەروەری بۆ سەرۆکایەتی کۆمار ڕایگەیاند:" 26 كاندید لە دەستەکەدا پەسەندراون بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار". ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 31ی کانوونی دووەمی 2022، دەستەی لێپێچینەوە و دادپەروەری بۆ سەرۆکایەتی کۆمار ڕایگەیاند:" 26 كاندید لە دەستەکەدا پەسەندراون بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار". هەروەها دەستەی لێپێچینەوە و دادپەروەریی بۆ سەرۆکایەتی کۆمار ئەوەشی خستەڕوو، لیستی كاندید مان بۆ بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان ڕەوانە کردووە.  هەروەها باسی لەوەش کردووە، یەکێک لە كاندیدەکان کەیسی لێپێچینەوەی لە دەستەکەمان هەیە.   

  هاوڵاتی رێبەری رەوتی سەدر لە عێراق رایگەیاند: " پێشوازیش لە گفتوگۆکردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی دەکەین". ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 31ی کانوونی دووەمی 2022، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە و رایگەیاند: " "تیرۆر و تووندوتیژی دژی گەل و هاوبەشەکان رابگرن؛ هێشتا لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانیداین؛ پێشوازیش لە گفتوگۆکردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی دەکەین". ئەو تویتەی رێبەری رەوتی سەدر دوای نزیکەی یەک کاژێر هات لە کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکانی عێراق، کە ئەمڕۆ لە شاری نەجەف بەڕێوەچوو، بۆ تاوتوێکردنی چارەسەرکردنی کێشە و کۆسپەکانی پێشی پرۆسەی سیاسی و پێکهێنانی حکومەتی عێراق لە رۆشنایی دەستپێشخەریی سەرۆک مەسعود بارزانی کە ئەمڕۆ بۆ ئەو مەبەستە رایگەیاند. ئەمە لە کاتێکدایە رێبەری رەوتی سەدر ڤیتۆی لەسەر بەشداریکردنی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانییەکە لە حکومەتی نوێ و دەسەڵات لە عێراق داناوە؛ ئەو هەڵوێستەش ناکۆکیی زۆری لەنێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی دروستکردووە. چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێکهاتووە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانیی فەتح و چەند لایەنێکی دیکەی شیعە کە پێکەوە نزیکەی 75 کورسییان لە پەرلەمانی عێراق هەیە.

هاوڵاتی عەلی قەرەداغی رایگەیاند: " داوا لەسەرجەم پیاوان و ژنانی مسوڵمان دەکەم لەئاستی خێزانەکانیان و کۆمەڵگاکانیان خۆیان لە ستەمکاری بپارێزن و پشتیوانی ستەمکاری نەکەن". ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 31ی کانوونی دووەمی 2022، عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەکێتی زانایانی مسوڵمان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، داوا لەسەرجەم پیاوان و ژنانی مسوڵمان دەکات لەئاستی خێزانەکانیان و کۆمەڵگاکانیان خۆیان لە ستەمکاری بپارێزن و پشتیوانی ستەمکاری نەکەن. ئەمینداری گشتی یەکێتی زانایانی مسوڵمان جەختی لەوەكردەوە:" پێویستە هەموان خۆیان رزگاربکەن لە هەمو جۆرە ستەمکردنێک، "وەک شێخ محەمەد عەبدەش دەڵێت: هەر هێزێک ملکەچی دادپەروەری نەبێت چارەنوسی لەناوچونە".

هاوڵاتی  سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدەم رایگەیاند: "سەردەمی دەستوەردانی دەرەکی لە پێکهێنانی حکومەتەکانی عێراقدا بەسەرچوو؛ ئەمڕۆش چیاکان و بیابانەکانی عێراق بەرەو نەجەفی پیرۆز دەڕۆن بۆ دانوستاندن سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتێکی عێراقی نیشتمانی". لەسەر پێشنیازی مسعود بارزانی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی گەیشتە نەجەف بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ موقتەدا سەدر؛ هاوکات هەردوو سەرکردەی سوننە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سەروەریی سوننەکان چوونە نەجەف بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ رێبەری رەوتی سەدر. محەممەد حەلبووسی لەگەڵ گەیشتنی بۆ شاری نەجەف لە هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاند: "سەردەمی دەستوەردانی دەرەکی لە پێکهێنانی حکومەتەکانی عێراقدا بەسەرچوو؛ ئەمڕۆش چیاکان و بیابانەکانی عێراق بەرەو نەجەفی پیرۆز دەڕۆن بۆ دانوستاندن سەبارەت بە حکومەتێکی عێراقی بەتەواوەتی نیشتمانی بێت، نە رۆژهەڵاتی بێت نە رۆژئاوایی".  

  هاوڵاتی وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان  رایگەیاند:" ناچاربون ئەمپێرەکانی کارەبای نیشتیمانی لە 40 ئەمپێرەوە بۆ 30 ئەمپێر کەم بکەنەوە و ئەو بڕیارەش تا کۆتایی مانگی داهاتو بەردەوام دەبێت بەو ڕێگەیەش کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە حەوت کاتژمێرەوە بۆ 10 کاتژمێر زیادیکردوە". کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" لەئیستادا بەرهەمهێنانی کارەبا لەکوردستان 3700 مێگاواتە و لەماوەی رابردودا بەهۆی هاتنی شەپۆلی سەرما و پێدانی کارەبای زیاتر بە هاوڵاتیان، ناچاربون ئەمپێرەکانی کارەبای نیشتیمانی لە 40 ئەمپێرەوە بۆ 30 ئەمپێر کەم بکەنەوە و ئەو بڕیارەش تا کۆتایی مانگی داهاتو بەردەوام دەبێت بەو ڕێگەیەش کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە حەوت کاتژمێرەوە بۆ 10 کاتژمێر زیادیکردوە". وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، دانانی پێوەری زیرەک کاریگەری بەرچاوی هەبوە لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی کارەبا، بەجۆرێک بەهۆی بڕیاری کەمکردنەوەی ئەمپێرەکانی کارەبا. وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردوە، بونی هەڵە لە پێوەری زیرەک  ژمارەیەکی کەمە و لەناو زیاتر لە یەک ملیۆن هاوبەشی کارەبادا، بابەتێکی ئاساییە کە چەند هەڵەیەک هەبێت و ئەوانیش هەڵەی تەکنیکین و چارەسەرکراون.  

  هاوڵاتی ئەمڕۆ سەركردایەتی یەكێتی كۆدەبنەوە و بەرهەم ساڵح ئامادەی كۆبونەوەكە دەبێت ‏‏تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكەش پرسی سەرۆک کۆمار دەبێت. وا بڕیار بوو دوێنێ‌ یەكشەممە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆببنەوە، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبونی بەرهەم ساڵح وەك تاكە كاندیدی یەكێتی بۆ دوبارە بونەوەی بە سەرۆك كۆماری عێراق كۆبونەوەكە دواخرا. كۆبوونەوەكە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی ‏یەكێتی لە سلێمانی دەكرێت.‏ تاوەكو ئێستا یەكێتی سوورە لەسەر هێشتنەوەی بەرهەم ساڵح وەكو تاكە ‏كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، لە بەرامبەریشدا پارتی هۆشیار زێباریی ‏كاندید كردووە. بڕیارە رۆژی 7ی شوبات پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە سەرۆك كۆمار ‏كۆببێتەوە، تاوەكو ئێستاش یەكێتی ‌و پارتی هەریەكەیان كاندیدی خۆیان بۆ ئەو ‏پۆستە هەیە.

هاوڵاتی مسعود بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند:"  دەستپێشخەرییەکی سیاسیم خستووەتەڕوو و "پێشنیازم كردووە نێچیرڤان بارزانی و محەممەد حەلبووسی سەردانی سەماحەتی سەید موقتەدا سەدر بكەن." ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 31ی کانوونی دووەمی 2022، مسعود بارزانی پەیامێکی بۆ رای گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی سیاسیی عێراق بڵاوکردەوە و دەڵێت "لەپێناو چارەسەری گیروگرفتەكان و رەخساندنی كەشێكی گونجاو و باش بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق، دەستپێشخەرییەكی سیاسیم خستووەتەڕوو." لە پەیامەکەدا  بارزانی دەشڵێت "لە چوارچێوەی ئەم دەستپێشخەرییەدا پێشنیازم كردووە بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و محەممەد حەلبووسی سەردانی سەماحەتی سەید موقتەدا سەدر بكەن و لەسەر چۆنیێتیی بەردەوامبوونی پڕۆسەی سیاسی و نەهێشتنی كۆسپ و گرفتەكان راوێژ بكەن." لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا مسعود  بارزانی هیوادارە ئەم دەستپێشخەرییە ئەنجامی ئیجابی هەبێت و "لە بەرژەوەندیی عێراق و هەموو پێكهاتەكانیدا بێت." دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان لەپێناو چارەسەری گیروگرفتەكان و ڕەخساندنی كەشێكی گونجاو و باش بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق، دەستپێشخەرییەكی سیاسیم خستووەتەڕوو. لە چوارچێوەی ئەم دەستپێشخەرییەدا پێشنیارم كردووە بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و محەمەد حەلبووسی سەردانی سەماحەتی سەید موقتەدا سەدر بكەن و، لەسەر چۆنیەتیی بەردەوامبوونی پڕۆسەی سیاسی و نەهێشتنی كۆسپ و گرفتەكان ڕاوێژ بكەن. هیوادارم ئەم دەستپێشخەرییە ئەنجامی ئیجابی هەبێت و لە بەرژەوەندیی عێراق و هەموو پێكهاتەكانیدا بێت. مسعود بارزانی ٣١ـی كانوونی دووەمی ٢٠٢٢