لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزى ئەمریکى، کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکراوتەوە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا دەڵێت: هەر ئاژاوەیەک لە سوریادا ڕوبدات زیان بە هەموو جیهان دەگەیەنێت نەک تەنها وڵاتانی دراوسێ. ئەحمەد شەراع بە دووپاتکردنەوەی پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ ئیدارەی نوێ لە دیمەشق ڕایگەیاند کە "وڵاتانی ناوچەیی و ئەوروپی گرنگی بە سەقامگیری سوریای نوێ دەدەن لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد". سەبارەت بەبوونى هێزی بیانی لەوڵاتەکەى، سەرۆکى کاتى سوریا، بەڕۆژنامە ئەمریکیەکەى ڕاگەیاندووە: هەموو لایەنەکانەکانمان ئاگادار کردووەتەوە، کەبوونى هێزى سەربازیی هەرلایەنێک لەسوریا دەبێت پابەندى یاساکانى وڵاتەکەمان بێت. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئەوى وتووە: هەر ئامادەبوونێکی بیانی لە سووریا نابێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دیکە لە سەرانسەری خاکەکەمان. یەکشەممەی ڕابردوو، ئیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، بوونی هێزەکانی لە باشووری سوریا بە مەبەستی "بەرگریکردنە لە خۆمان بە باشترین شێوە". بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل، زەمیر لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل لە باشووری سوریا زیادیکردووە، "ئێمە خاڵە سەرەکییەکان کۆنترۆڵ دەکەین و لەسەر سنوور ئامادەین بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خۆمان بپارێزین". لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا، هێزەکانی ئیسرائیل پێشڕەوییان کردووە بۆ بەرزاییەکانی جۆلان، کە گەورەترین بەشەکەی لە ساڵی 1967 داگیریان کردبوو، پێش ئەوەی لە ساڵی 1981دا بیخەنە ژێر دەسەڵاتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەردانی هەولێر دەکات لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. بڕیارە کۆنگرەی رۆژنامەوانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەبێت. جان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەلایەن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لێکرا، هاوکات دوای سەردانەکەی بۆ عێراق دێتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێم کۆ دەبێتەوە. چوارشەممە 23ـی نیسانی 2025، د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، دوای کۆبوونەوەکەیان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا فەرەنسیەکەی لە بەغدا، ڕایگەیاند، ستایشی پەیوەندییە بەهێزەکەی نێوانمان دەکەین، هاوکات ستایشی ڕۆڵی فەرەنسای لە هاوپەیمانی دژی داعش کرد و جەختی لە پاڵپشتیکردنی بەردەوامی عێراق لە شەڕی دژی تیرۆر کردەوە. وەزیری دەرەوەی عێراق گوتیشی: بابەتەکانی پەیوەست بە هاوکاری بەرگریمان تاوتوێ کرد، وەکوو کڕینی چەک لە فەرەنسا. جان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا جەختی لە گرنگی دوورخستنەوەی عێراق لە ناکۆکیی ململانێی ناوچەیی کردەوە، هاوکات هەوڵەکانی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پاراستنی بێلایەنی وڵاتەکەی بەرز نرخاند. وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕاشیگەیاند، فەرەنسا پشتگیری لە سەرەوەری عێراق دەکات. گوتیشی: بەهێزی عێراق دەبێتە هۆی بەهێزی ناوچەکە. جان نۆوێل بارۆ ئاماژەشی دا، گەنجانی عێراق گەورەترین سەرچاوەی سامانی وڵاتن. هاوکات دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دێتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێم کۆ دەبێتەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دا باس لەوە کراوە، جان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دوای عێراق، بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسی نێودەڵەتی ناساندنی دوو وڵاتی ئیسرائیل و فەڵەستین کە لەمانگی حوزەیران بەڕێوەدەچێت، بەیانی پێنجشەممە، سەردانی هەر یەک لە وڵاتەکانی سعوودییە، کوێت دەکات.
کەشناسیی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان نمەباران و لە رۆژئاوای عێراق خۆڵبارینە و لە ژمارەیەک پارێزگای عێراقیش پلەی گەرما دەگاتە 40 پلەی سیلیزی. رۆژی چوارشەممە 23ی نیسانی 2025 لەڕاگەیەندراوێکیاندا دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق دەڵێن: ئەمڕۆ لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان و کەرکووک ئەگەری نمەباران و هەورە برووسکە هەیە. هاوکات دەستەی کەشناسی ئاماژەی بەوە کرد، پلەی گەرما 3 - 4 پلە بەرز دەبێتەوە. پلەی گەرمای پێشبینیکراوی ئەمڕۆ بەم شێوەیە: لە هەولێر بەرزترین 33 و نزمترین 19، سلێمانی بەرزترین 30 و نزمترین 14، دهۆک بەرزترین 31 و نزمترین 18 و کەرکووک بەرزترین 35 و نزمترین 23 پلەیە. هەروەها بەرزترین پلە لە بەغدا 39 پلە و نزمترین 23 پلە، نەینەوا 34، دیالە 38 و سەلاحەدین 37 پلە دەبێت. پلەی گەرمای لە پارێزگاکانی نەجەف، دیوانیە، میسان، زیقار، موسەننا و بەسرە دەگاتە 40 پلە. خێرایی با لەنێوان 10-20 کیلۆمەتر، لە رۆژئاوا و باکووری پارێزگای ئەنبار خۆڵبارین دروست دەبێت و مەودای بینین 2-4 کیلۆمەتر دەبێت.
وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا بە هاوبەشی داوایان لە ئیسرائیل کرد پابەند بێت بە یاسا نێودەوڵەتییەکان بە ڕێگەدان بە تێپەڕاندنی بێ بەربەستی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە. رۆژی 18ـی ئادار ئیسرائیل دەستی بە هێرشە ئاسمانی و زەوینییەکانی کردەوە، کۆتایی بە ئاگربەستێکی دوو مانگە هێنا. راگرتنی هاوکارییە مرۆییەکان لە 02-03-2025 دەستیپێکرد و دۆخی خراپی کەرتەکەی خراپتر کرد. ئەو وەزیرانە لەڕاگەیەندراوێکیاندا دەڵێن: نابێت هەرگیز هاوکارییە مرۆییەکان وەک ئامرازێکی سیاسی بەکاربهێنرێت و خاکی فەلەستینیش کەمبکرێتەوە و نە بخرێتە ژێر هیچ گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافییەوە". هاوکات داوایان لە هەموو لایەنەکان کرد بگەڕێنەوە بۆ ئاگربەست و داوایان لە حەماس کرد دەستبەجێ ئەو بارمتە ماونانە ئازاد بکات. کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە رێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی هاوکاری بۆ غەززە. کاتس گوتی: "سیاسەتی ئیسرائیل دیارە: هیچ هاوکارییەکی مرۆیی ناچێتە نێو غەززە، راگرتنی ئەو هاوکارییە یەکێکە لە رێگە سەرەکییەکانی گوشارکردن بۆ ئەوەی حەماس وەکو ئامرازێک بەکاری نەهێنێت."
میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە کە سبەی 24ـی نیسان، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ یڵماز تونچ وەزیری دادی تورکیا کۆدەبێتەوە. بە گوێرەی هەواڵی میدیاکان، ئەو شاندەی کە سبەی لەگەڵ وەزیری داد کۆ دەبێتەوە، پێکهاتووە، لە گولستان کلیچ کۆچیغیت، سێزای تەمەلی و ئۆزتورک تورکدۆغان. کۆبوونەوەکە کە لە باڵەخانەی وەزارەتی داد بەڕێوە دەچێت. بڕیار بوو شاندی دەم پارتی لە 18ـی نیسان لەگەڵ یڵماز تونچ کۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی تێکچوونی تەندروستیی سرری سورەیا ئۆندەر ئەندامی شاندەکە، کۆبوونەوەکە دواخرا. هەرچەند بڕیار بوو هەشت ڕۆژ دوای کۆبوونەوەی پەروین بوڵدان و سڕی سورەییا ئۆندەر، ئەندامانی شاندی ئیمڕاڵی لە 10ـی نیسان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا، شاندی ئیمراڵی لەگەڵ وەزیری دادی تورکیا کۆببنەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئۆندەر لە 15ـی نیسان نۆرەی دڵ لێی دا کۆبوونەوەکە دواخرا. وێڕای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی گەورەی 12 کاتژمێری، هێشتا دۆخی سڕی سورەییا ئۆندەر جێگیر نییە و لەژێر چاودێری چڕی پزیشکدایە. 20ـی نیسان دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕەتیکردووەتەوە کەسێکی دیکەیان لە جێی سڕی سورەییا ئۆندەر دەستنیشان کردبێت وەک ئەندامی شاندی ئیمراڵی و ئاماژەی بەوە دا لەبری سڕی سورەییا ئۆندەر و پەروین کە لە نەخۆشخانە پێشوازی لە میوانان دەکات، هەریەک لە سەزای تەمەللی و گوڵستان کۆچ ییغیت لەگەڵ یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا کۆدەبنەوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی عەریفێکی سوپای وڵاتەکەی راگەیاند، کە لە هێرشێكی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بە قورسی بریندار ببوو. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی نیسانی 2025 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، رۆژی سێشەممە 22ی نیسانی 2025 لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ - قوفڵ لە هەرێمی کوردستان، عەریف بەرات مەجید دای، لە هێرشێكی گەریلاکانی پەکەکە بە قورسی بریندار بووە و دەستبەجێ گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی مەیدانیی ئیشکڵی لە شارۆچکەی چەلێ سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان. لەو راگەیێندراوەدا ئاماژە بەوە دراوە، سەرباری هەموو هەوڵەکان بۆ رزگارکردنی، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی نیسان ئەو عەریفە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە. سوپای تورکیا بەرەبەیانی رۆژی 18ی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی چنگ - قوفڵی لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد. تائێستاش لەو ناوچانە ماوە ماوە رووبەڕووبوونەوە لە نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سەربازانی سوپای تورکیا روودەدات.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە لە بارەی دوایین پێشهاتەکانی وتووێژی نێوان تاران و واشنتۆن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هێشتا زووە بۆ بڕیاردان لەسەر دەرئەنجامی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا. عراقچی وتیشی، دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکییەکان بە ئاڕاستەیەکی دروستدا دەڕوات. لەلایەكی ترەوە، مایک والتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا ئەمڕۆ، سەبارەت بە دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران ئاماژەی بەوەدا، وڵاتەکەی پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، لەوە زیاتر لە ئیدارەکانی پێشوودا بینیوتانە. واڵتز جەختیكرد، هیچ بڕگەیەکی هاوشێوەی بڕگەكانی ئەو رێککەوتنە ئەتۆمییە نابێت کە باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا، لەگەڵ ئێران ئەنجامی داوە. ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ هەڵوێستی زۆر ڕوون بووە کە ئێران هەرگیز ناتوانێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت، راشیگەیاند، هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن سەبارەت بە ئێران، بەڵام ترەمپ پێی باشترە بگاتە رێککەوتن. راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا باسی لەوەشكرد، سەرۆک ترەمپ دەزانێت چۆن ئامرازەکانی فشار بە شێوەیەکی گونجاو بەکاربهێنێت. سەبارەت بە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران وتی: ئاماژەی ئەرێنیمان به م ئاڕاسته پێدەگات.
ئەمڕۆ بە پێچەوانەى دوێنێ، نرخى زێڕ دابەزینێکى گەورەى تۆمارکرد، لە کردنەوەى بۆرسەى ئاسیا، نرخى یەک ئۆنسە زێڕ تا سێ هەزار و 314 دۆلار دابەزى، ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ نرخى زێڕ بەرزترین ئاستى لە مێژوودا تۆمارکرد کە سێ هەزار و 500 دۆلار بوو بەرامبەر هەر ئۆنسەیەک. بەگوێرەى ماڵپەرى ئینڤێستینگ، دوو لێدوانى دۆناڵد ترەمپ نرخى زێڕى بەو خێراییە دابەزاند، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەبوو کە گوتى، باجى سەر هاوردەى کاڵاى چینى بەڕێژەى لەسەدا 145 جێبەجێناکرێت و بڕیارەکەى دەگۆڕێت، بەڵام بەوشێوەیە نابێت کە نزیک بێت لە سفر. هەروەها لەبارەى دوورخستنەوەى جیرۆم پاوڵ سەرۆکى یەدەگى فیدراڵى ئەمریکا لە پۆستەکەى، ترەمپ گوتى، هیچ نیازێکى نییە بۆ دوورخستنەوەى جیرۆم پاوڵ لە پۆستەکەى. ئەمەش لەکاتێکدایە هەفتەیەکە تیمى ترەمپ لە کۆشکى سپى سەرقاڵى دۆزینەوەى رێگەیەکن بۆ دوورخستنەوەى، لەبەرئەوەى بەگوێرەى یاسا، سەرۆکى ئەمریکا دەسەڵاتى لابردن و دەستخستنە ناو بڕیارەکانى سەرۆکى یەدەگى فیدراڵى نییە، ئەمە وایکرد ئەو مەترسییەى لەسەر ئەو بابەتە هەبوو کە کاریگەریى لەسەر بازاڕ دروستکردبوو نەمێنێت. بەو دوو هۆکارە کە پێشتر نرخى زێڕ بەرزببوونەوە، ئەمجارەیان بەپێچەوانەوە نرخەکەى دابەزاند.
هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) ڕایدەگەیەنێت هیوامان پێكهێنانی هەنگاوی ئەرێنییە، دەڵێین ئیدی لە بری قسەکردن، پرۆسەکە پێویستی بە هەنگاوی پراکتیکییە. دوای کۆبوونەوەی پارتەکەی لە بینای پەڕلەمان، تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی گشتی (دەم پارتی) وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانانی دایەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ قسەکانی وتەبێژی ئاکەپە عومەر چەلیک کرد کە گوتبووی، "لە نێو مانگێکدا پرۆسەکە پێشکەوتنی نوێ بەخۆیەوە دەبینێت." باقرخان وتی: ئێمەیش بەشداری ئەو قسەیە دەبین، ئیدی با پێشكەوتنی نوێی کاریگەر بڕەخسێندرێت. کۆمەڵگەی تورکیاش لەم چاوەڕوانییەدایە. شاندەکەشمان لە بینینی بەڕێز ئۆجالاندا هەمان شت و خواستییان دەربڕییوە. هیوامان پێكهێنانی هەنگاوی ئەرێنییە. دەڵێین ئیدی لە بری قسەکردن، پرۆسەکە پێویستی بە هەنگاوی پراکتیکییە." باقرخان دەربارەی کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی دادی تورکیادا گوتی: "داواکاری پێشکەش کراوە. هێشتا کاتەی دیار نییە، بەڵام ڕەنگە لەم چەند ڕۆژەدا ئەنجام بدرێت." باقرخان پەیوەست بە پرسی چەکدانانەوە ئەمەی گوت: "هیچ لەو ڕووەوە نازانین، بڕیاری ڕێکخستنە. بەڵام شتێکی گرنگ هەبوو کە سەرۆک پەروین بوڵدان گوتبووی، 'لە هەموو جارەکان زیاتر هیواداری و پێداگری بەڕێز ئۆجالانم هەستپێکرد پەیوەست بە پرۆسەکەوە." ئەمە پێشکەوتنێکی گرنگ و باشە. هیواخوازین ئەو مۆراڵ و هیوادارییە کاریگەری لەسەر سەرانسەری تورکیا دانێت." باقرخان پەیوەست بە دۆخی تەندرووستی سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی گوتی: " ئەوەی گرنگە بەلامانەوە ئەوەیە سەرۆک سری بە زووترین کات چاکبێتەوە و بە شێوەیەکی چالاک بەشداری کارەکانی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە ببێتەوە."
لەیادی ڕۆژنامەگەری کوردیدا بەرەى گەل پەیامێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت: وەک ڕۆژی رووناک دەبینین ئەو بەرپرسانەی کە هۆکار و رێگرن لەبەردەم ئازادی میدیاکاران و کارەکانیان، لەم یادەدا دێن بەقسەی تەقلیدی و سواو پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسان، دەکەن. هەروەها لەو ڕاگەیەندراوەى بەرەى گەلدا هاتووە، ئەو خەرمانە کاریگەر و گرنگەی کە پەیوەندی دراماتیکی بەژین و ژیانی کۆمەڵگەی کوردستانەوە هەیە و ئەگەر بە پیشەیی زەمینەی بۆ خۆش بکرێت، ئەوا بەمانا راستەقینەکەی دەبێتە دەسەڵاتی چوارەم. پەیامێک لەیادی رۆژنامەگەری کوردیدا ئەمرۆ تەمەنی رۆژنامەگەری کوردی، مەڵۆیەکی تر دەخاتە سەر خەرمانی کارەکانی. ئەو خەرمانە کاریگەر و گرنگەی کەپەیوەندی دراماتیکی بەژین و ژیانی کۆمەڵگەی کوردستانەوە هەیە و ئەگەر بە پیشەیی زەمینەی بۆ خۆش بکرێت، ئەوا بەمانا راستەقینەکەی دەبێتە دەسەڵاتی چوارەم. لەکاتێکدا یادی ١٢٧ ساڵەی رۆژنامەگەری کوردی بەرزدەنرخێنین، بەداخەوە وەک ڕۆژی رووناک دەبینین ئەو بەرپرسانەی کە هۆکار و رێگرن لەبەردەم ئازادی میدیاکاران و کارەکانیان ، لەم یادەدا دێن بەقسەی تەقلیدی و سواو پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسان، دەکەن ئێمە لەبەرەی گەل، لەم یادەدا دروود و دەستخۆشی دەنێرین بۆ گیانی قەڵەمە ئازا و ، ئازادەکانی دنیای رۆژنامەگەری کوردی هەرلەمیقداد بەدرخانەوە تائەوانەی ئەمرۆمان کە لەبەگژاچوونەوەی نادادی و ستەم و گەندەڵی ماندوو نابن و خەبات دەکەن بۆ دەرخستنی راستیەکان و پێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردستان. بەرەی گەل ٢٠٢٥/٤/٢٢
ڤاتیکان ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، پرسەی پاپا فرانسیس ڕۆژی شەممە کاتژمێر 10:00 بەیانی بەکاتى ئەو وڵاتە لە گۆڕەپانی سانت پیتەر لە ڤاتیکان بەڕێوەدەچێت. پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان دوای تووشبوون بە نەخۆشی، ڕؤژى دووشەممە، 21-04-2025، لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. لە بەیاننامەکەى ڤاتیکاندا هاتووە، دوای پرسەکە تەرمەکەى دەگوازرێتەوە بۆ بازیلیکای سانتا ماریا ماجیۆر لە ڕۆما و پاپا فرانسیس لەوێ بەخاک دەسپێردرێت. بڕیارە ژمارەیەک لە سەرکردەکانی جیهان ئامادەی پرسەکە بن. سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەرەنسا و بەرازیل بڕیاری خۆیان بۆ بەشداریکردن لە پرسەکە ڕاگەیاند و نوێنەری کەنیسە و ئایینە مەسیحییەکانی جۆراوجۆریش بەشداری دەکەن. ئێستا تەرمی پاپا فرانسیس لەناو تابوتێکدایە لە بازیلیکای سانتا مارتا، کە لە ماوەی ١٢ ساڵەی پاپایدا لەوێ نیشتەجێ بووە. پاپا فرانسیسی ڤاتیکان لە تەمەنی 88 ساڵی لە بەیانیی دووشەممە، 21-04-2025، گیانی لەدەستدا، ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی هەوکردن و کێشەی سییەکانەوە لە نەخۆشخانە خەوێنرا و پێش پێنج هەفتە هاتە دەرەوە. پاپا فرانسیس ناوی تەواوی خۆرخێ ماریۆ بێرگێلیۆیە و سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکەکانی جیهان بوو. لە 13ـی ئاداری 2013 وەک 266ـەمین پاپای ڤاتیکان دیاریکرا. بەگوێرەی ڤاتیکان، پاپا لە وەسیەتی خۆیدا داوایکردووە لە رۆما لە کەنیسەی (ماریی گەورە) بەبێ "دیکۆر" بنێژرێت. زۆربەی پاپاکانی پێشوو لە کەنیسەی سەینت پیتەر نێژراون. ڤاتیکان رایگەیاند، پاپا هەروەها داوایکردووە ناوی خۆی بە لاتینی لەسەر کێڵەکەی بنووسرێت (Franciscus). پاپا فرانسیس کەمێک پێش گیان لەدەستدانی، لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ بڕى 48 ملیار، 205 ملیۆن و 765 هەزار دیناریان ناردوە بۆ بەغدا. وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتى هەرێم، بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، 22-04-2025، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئاداری ئەمساڵ کە بڕەکەی 48 ملیار، 205 ملیۆن و 765 هەزار دینارە. وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتى هەرێم، دەشڵێت، پارەکە بەشێوەی کاش خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. هاوکات وەزارەتى دارایی هەرێم ڕاگەیاند، لیستى موچە رەوانەى بەغدا کرا. ڕۆژی سێ شەممە ( ٢٢ ی نیسانی ٢٠٢٥ ) لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا. ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژی یەک شەممە ( ٢٠ ی نیسانی ٢٠٢٥ ) ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئازار ( میزان المراجعة ) و ڕاپۆرتی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ ( الحسابات الختامیة ) لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە بۆ فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ نێردراوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەى ئامادەنییە بەهیچ شێوەیەك گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و ئاشكرا لەگەڵ بەرپرسانى ئەمەریكا بكات، هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو چەند لایەنێک دەیانەوێت لە ڕێگەی فشاری میدیایی و ئاراستەكردنی سیاسییەوە ڕێرەوی دیپلۆماسی بشێوێنن. ئاژانسی تەسنیم، لەڕاپۆرتێکدیدا ئاماژەى بە پۆستکێکى پێشووى عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کردوە کە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویکردوەتەوە، دەڵێت: ئەوكاتەی ڕەزامەندیم لەسەر وتارەكەم لە كۆنگرەی كارنیگی نێودەوڵەتی بۆ سیاسەتە ئەتۆمییەكان دەربڕی، هێشتا ئەمەریكا و ئێران كاتی گفتوگۆی داهاتوویان دیاری نەكردبوو، كە بڕیارە چوارشەممە گفتوگۆی پسپۆڕان و شەممەش لەسەر ئاستی باڵا كۆببنەوە". هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختى لەسەر ئەوەکردوەتەوەو ئاماژەى بەوتەیەکى پێشترى خۆیکردوە کە ئێران ناچێتە دانوستانی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ ئەمەریكا. عێراقچی ئەوەش دەڵێت: لە وتارە ئامادەكراوەكەیدا ئاماژەی بە هەوڵی چەند گروپێكی خاوەن بەرژەوەندی تایبەت داوە بۆ تەگەرەخستنە بەردەم گفتوگۆكان ئەویش لە ڕێگەی شێواندنی وێنای دانوستانكارە ئێرانییەكان، هەروەها هاندانی ئیدارەی ئەمەریكا بۆ زیاتركردنی داواكارییە قورسەكانی، بە ئامانجی ئەوەی رێرەوی دیپلۆماسی لە رێرەوی خۆی لا بدەن". وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت "من راهاتووم روبەڕووی پرسیاری قورسی ڕۆژنامەنوسان ببمەوە، یاخود وەڵامی ترسی هاوڵاتیانی ئاسایی بدەمەوە، بەڵام گۆڕینی وتارەكە بۆ دانیشتنی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ دەبێتە گفتوگۆی ئاشكرا، ئەوەش شتێكی قبوڵ نەكراوە، دەبێتە هۆی بێزاربوونی بەشێك لە ئامادەبووان كە دەیانەوێت زانیاریی ورد لەبارەی رێرەوی گفتوگۆكان بزانن". رۆژی یەكشەممە 20 ی نیسان، گەڕی دووەمی دانوستانە نافەرمییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەپێی خشتەی كاتیی دیاریكراو كۆتایی هات.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لە سەرۆكی "ئێكس" نوسیویەتی: بە خۆشحاڵییەوە بە گەلەکەمان رادەگەیەنین کە کۆنفرانسی "یەکخستنی هەڵوێستی کورد لە رۆژئاوا" رۆژی (٢٦)ی نیسان بەڕێوە دەچێت. یەکگرتوویی کورد پێویستییەکی نیشتمانییە بۆ چارەسەرکردنی پرسی گەلی کورد لە سوریا. هیوادارین هەموو لایەنەکان بەرپرسیارێتی نیشتمانی خۆیان جێبەجێ بکەن. بەم بۆنەیەوە سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەین کە هاوکار بوون بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوە بكەوێتە سەرپێ و هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکە دەخوازین. بەگوتەی سەرچاوەیەکى ئاگادار، گفتوگۆکانی نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە تەواو بوون و ئێستا لەوبارەیەوە هیچ ناکۆکییەک لەنێوانیاندا نەماوە و لە کۆنفراسەکەشدا رێککەوتنی نێوانیان و رەشنووسی هاوبەشی کوردی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق رادەگەیەنن. کۆنفرانسەکە بە بەشداریی 300 کەس دەبێت، پەیەدە 130 ئەندام و ئەنەکەسەش 130 ئەندام، هەردوولاش بە رێککەوتن 40 میوان لە توێژە جیاوازەکانی رۆژاڤا دیاری دەکەن. بە گوتەی سەرچاوەکە، هیچ بڕیارێک لە کۆنفرانسەکەدا نادرێت و کۆمیتەی تێدا پێکناهێنرێت، ئەوەی هەیە راگەیاندنی رێکەوتنی کوردی – کوردیی نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە و رەشنووسی هاوبەشی کوردییە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق لەبارەی ماف و داواکارییەکانی کورد.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا راوێژکارە متمانەپێکراوەکانی پێشووی تۆمەتباردەکات بەوەی دژی وەستاونەتەوە، ئەوەش دوای ئاشکرابوونی ناردنی پلانی هەستیاری سەربازی وڵاتەکەی بۆ هاوسەرەکەی و براکەی و پارێزەر و کەسانی دیکە. پیت هێگسەس رایگەیاند، ژمارەیەک کەس کە کۆمەڵێک بابەتی مشتومڕاوییان دزەپێکردووە و لە کارەکانیان دەرکراون. دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆکانیش، دۆناڵد ترەمپ پشتیوانی خۆی بۆ وەزیری بەرگریی دووپاتکردەوە و رایگەیاند، هێگسس کارێکی گەورە ئەنجامدەدات. کۆشکی سپیش، پێیوایە پیلانێک لەدژی هێگسس لەلایەن گرووپە بچوکە یاریدەدەرە دڵسۆزەکانی پێشترییەوە هەیە کە بە دزەپێکردنی زانیاری هەستیار تۆمەتبارکرابوون و لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و ئێستا دەیانەوێت وەزارەتی بەرگرییش بگرێتەوە. هاوکات، کارۆلین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت، تەواوی پنتاگۆن دژی وەزیری بەرگریی و ئەو گۆڕانکارییە گەورانەن کە هەوڵی جێبەجێکردنیان دەدات.
