میدیا ئیسرائیلییەکان بڵاویانکردەوە، سوپای ئیسرائیل ئەنجامی لێکۆڵینەوەی خۆی لە بارەی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023 لە ڕاپۆرتێکدا بڵاودەکاتەوە. حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، خافڵگیرانە هێرشێکی فراوانی بۆ سەر بنکەی سەربازییەکان و کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکانی ئیسرائیل ئەنجامدا و بووە دەستپێکی جەنگێکی درێژخایەن لە کەرتی غەزەی فەلەستین و دواتر پەڕییەوە بۆ لوبنان و پریشکەکەی یەمەن و عێراق  ئێرانیشی گرتەوە. بە گوێرەی ڕاگەیێنراوی سوپای ئیسرائیل، دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکان  بەم شێوەیەیە: چەکدارە فەلەستینییەکان زانیارییان لەسەر شوێنی ماڵی ئەو بەرپرسە ئەمنییانەى ئیسرائیل هەبووە کە لە ياخين نیشتەجێبوون. زۆربەی ئەندامانی ژووری ئاگادارکردنەوەی یاخین، لە پێکدادانەکان لەگەڵ چەکدارانى بزووتنەوەی حەماس شەڕیان نەکردووە و ئەرکی خۆیان جێبەجێنەکردووە. دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستپێکردنی هێرشەکەى حەماس، هێزەکانی ئیسرائیل گەیشتوونەتە ياخين، بەڵام ژمارەیان کەم بووە. دوای هێرشەکەی حەماس، لەو کاتەوە ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە و تاوەکو ئێستا سەدان هەزار کەس لەو کەرتە کوژران و برینداربوون. ڕۆژی 2023-10-07، بزوتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنێکی دژی ئیسرائیل بە ناوی "تۆفانی ئەقسا" ڕاگەیاند و تێیدا پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی وڵاتەکە کرد، دواتر چەکدارانی حەماس دیوارە ئاسنینە زیرەکەکەی ئیسرائیلیان تێپەڕاند و هێرشیان کردە سەر ڤیستیڤاڵێکی میوزیک و هەزار و 200 کەس کوژران و سەدان کەسیشی بە بارمتە گرت، دوای نزیکەی دوو ساڵ سوپای ئیسرائیل لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکە ئاشکرا کرد.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا  لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا، لەگەل بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاگادارى کردوەتەوە کە پێی وایە چانسێک هەیە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و هەربۆیە لەم کاتەدا دژی هەنگاوی سەربازییە. هەروەها بەرپرسێکی ئیسرائیلی و بەرپرسێکی ئەمریکی پشتڕاستیان کردەوە کە پەیوەندییەکەی نێوان ترەمپ و نەتانیاهۆ چەند ڕۆژێک پێش ئەو وادەی دوو مانگەی ترەمپ بۆ گەیشتن بە ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن ئەنجامدراوە، ئەمەش بەپێی ئاکسیۆس. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاشکرای کردووە کە ناتانیاهۆ لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە 40 خولەکییەدا بە ترەمپی ڕاگەیاندووە، ئێرانییەکان شارەزان لە وەستان، هەر بۆیە دەبێت هەڕەشەیەکی سەربازی باوەڕپێکراویان بۆ بخرێتە بەردەمیان، بەپێی ئەو سەرچاوانە. سەرۆکی ئەمریکا بە نەتانیاهۆی ڕاگەیاندووە ئەویش لە هەڵسوکەوتى بەرپرسانى ئێران  بێزارە، بەڵام پێی وایە دەتوانن ڕازی بکرێن بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێک بکەن و دەیەوێت بزانێت لە خولی داهاتووی دانوستانەکاندا بە گوێرەی ئەو بەرپرسانە بزانێت چی ڕوودەدات. لەلایەکى دیکەوە وادەی شەشەمین خولی دانوستانەکان کە چاوەڕوان دەکرێت لە نێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوە و شاندی ئەمەریکایی بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمەریکا، سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ڕاگەیەنرا. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پێنجشەممەی داهاتوو گفتوگۆی نوێی ئەمەریکا و ئێران دەکرێت، بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لەو بابەتە ئاماژەی بەوە دا، پێدەچێت کۆبوونەوەکە ڕۆژی هەینی یان شەممە  بکرێت. لەلایەکی دیکەوە، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند "ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو خولی شەشەم لە شاری مەسقەت بەڕێوە دەچێت." بەقایی گوتی: تاران بەم زووانە پێشنیازێک دەخاتە بەردەم لایەنی ئەمەریکی، لە ڕێگەی سەڵتەنەتی عوممانەوە.

لەگوندی بریجى سەربە پارێزگاى کەرکوک، لەکانێکدا چەند منداڵێک سەرقاڵى یاریکردن و ئاهەنگگێڕان بوون بەبۆنەى جەژنەوە، چەکدارێکی حەشدی شەعبی تەقەیان لێدەکات و بەوهۆیەوە منداڵێکی تەمەن 11 ساڵان بەناوی حەیدەر موهەنەد دەکوژرێت، ڕوداوەکە لە ڕۆژى سێشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2025 بووە. لە ماوەی دوو رۆژى ڕابردوودا بەهۆى ئەو ڕوداوەوە خەم و پەژارەیەکى زۆر باڵى بەسەر دانیشتوانى ئەو گوندەدا کێشاوە، ئەو گوندە کە دەکەوێتە قەزای حەویجە، دوێنێ سێشەممە، حەیدەرى تەمەن 11 ساڵانیان بەخاک سپارد. هاوکات بنەماڵەی قوربانییەکە و گوندەکانی دراوسێی داوایان لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و دەسەڵاتی دادوەری کردووە دەستوەردان بکەن و ڕێکاری یاسایی بگرنەبەر بە لەسێدارەدانی تاوانباران بە ئاشکرا بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەو جۆرە ڕووداوانە دووبارە نەبنەوە. سەرچاوەیەکی ئەمنی پشتڕاستی کردەوە منداڵەکان ئاهەنگێکیان ڕێکخستبوو بۆ بەبۆنەی جەژنی قوربان و چێژوەرگرتن لە ژەمی ئێوارە لە شوێنێکی نزیک گوندەکە. باوکی منداڵەکە بەناوى موهەنەد، بە میدیای ناوخۆیی عێراقی وت: کوڕەکەم تەمەنی 11 ساڵە، لەلایەن چەکدارێکی حەشدی شەعبی لە گوندی 'بریج' لە نزیک بازگەی 'فەتحە' لە باشووری ڕۆژئاوای کەرکووک بریندار کرا و دواتر گیانی سپارد. گوتیشی: کوڕەکەم لەگەڵ چوار هاوڕێی خۆی لە نزیک بازگەکە یارییان دەکرد، کاتیك لەلایەن چەکدارێکی حەشدی شەعبی تەقەیان لێ کرا و بریندار کرا، دواتر دەگوازرێتەوە نەخۆشخانە، بەڵام لەوێ گیانی سپارد. بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئەمنی، هێزە ئەمنیەکان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕووداوەکە و دیاریکردنی هۆیەکەی کردووەتەوە. هەروەها چەکدارەکەی حەشدی شەعبیش دەستگیر کراوە کە خەڵکی ناوچەی شوعلەی بەغدایە. هاوکات وێنەی ئەو کوڕە گەنجە لە سۆشیال میدیادا ترێند بووە و زۆرێک لە عێراقییەکان پرسیاریان کردووە کە بۆچی حەیدەر کوژراوە. هەروەها زۆرێک لە تویتەرەکان وێنەی دوایین ژەمی ئێوارەیان بڵاوکردەوە کە منداڵەکان پێش ئەوەی فیشەکیان لێبدرێت ئامادەیان کردبوو.  

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: پەرلەمان ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و نائاسایی دەکات بە مەبەستی تێپەڕاندنی خشتەی بودجەی عێراق، دەشڵێت: لە ماوەیەکی کەمدا حکومەت کارەکانی ئامادەکردنی خشتەی بودجە تەواو دەکات و پێشبینی دەکرێت لەم نزیکانەدا ڕەوانەی پەرلەمانی بکات. جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی كۆبونەوەی نائاسایی پەرلەمان و هۆكارەكەی بەمجۆرە بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت. ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: پەرلەمان ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و نائاسایی دەکات بە مەبەستی تێپەڕاندنی خشتەی بودجەی عێراق. دەشڵێت: لە ماوەیەکی کەمدا حکومەت کارەکانی ئامادەکردنی خشتەی بودجە تەواو دەکات و پێشبینی دەکرێت لەم نزیکانەدا ڕەوانەی پەرلەمانی بکات. وتیشی: تێپەڕاندنی خشتەی بودجە کاتێکی زۆر و گفتوگۆیەکی زۆری ناوێت، چونکە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ خشتەی ساڵی رابردوودا نییە. باسی لەوەشكرد: هەر دواکەوتنێکیش لە تێپەڕاندنی خشتەی بودجەدا کاریگەری لەسەر کاری حکومەت و پرۆژەکانی دەبێت.  

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، داوای لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەكات، کار بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکەن، لە ڕێگەی دیالۆگێكی بونیانەرەوە، هۆشداریشیدا لەوەی بەردەوامبونی قەیرانەکە رەنگە کاریگەری نەرێنی لەسەر کەشی وەبەرهێنانی عێراق هەبێت. تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: ئەمریکا لە نزیکەوە چاودێری قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات. جەختیشیكرد: چارەسەرکردنی ناکۆکی نێوان بەغدادو هەولێر سەبارەت بەم دۆسیەیە دەبێت لە رێگەی گفتوگۆی بونیادنەرەوە ئەنجام بدرێت، کە هاوتەریبێت لەگەڵ بەرپرسیارێتییە دەستورییەکان. وتیشی: چارەسەرکردنی قەیرانی مووچە ئاماژەیەکی ڕوون دەنێرێت بەوەی عێراق کەشێکی لەبار بۆ راکێشانی وەبەرهێنان دەخولقێنێت، لەنێویاندا کۆمپانیا ئەمریکییەکان، سەرکەوتنیش لەم پرۆسەیەدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزکردنی هاوکاری فراوانتر لە نێوان هەردوولا، لە نمونەی، دووبارە کردنەوەی بۆری عێراق-تورکیا و فراوانکردنی پرۆسەكانی گەڕان بەدوای وزەدا.  

  تۆماس باراک، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەری "ئەلمۆنیتۆر" دەڵێت: واشنتۆن ترسی هەیە لەبارەی سەلامەتی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، بەهۆی ئەوەی هەوڵەکانی شەرع بۆ بەرەوپێشبردنی دەسەڵاتێكی گشتگیر و پەیوەندیکردن لەگەڵ رۆژئاوا، رەنگە ببێتە هۆی كردنە ئامانجی لەلایەن توندڕەوە ناڕازییەكانەوە. بەپێویستیشی زانیوە، هەماهەنگی لەبارەی سیستمێکی پارێزگاری له دەوروبەری شەرع بكەن، وتوشەیەتی: دڵنیام بەرژەوەندییەکانمان و بەرژەوەندییەکانی شەرع وەك یەكن، ئەو زیرەکەو متمانەی به کاره کانی هەیە. باراک، تیشکی خستۆتە سەر ئەو مەترسیانەی کە گروپە چەکدارە بیانییەکان دروستیدەكەن، کە پەیوەندییان بەو هەڵمەتەوە كرد شەرع ئەنجامیداو، بووە هۆی روخاندنی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سوریا، لەکاتێکدا سەرکردایەتی نوێی سوریا کاردەکات بۆ تێکەڵکردنی ئەو چەکدارانە لەناو سوپای نیشتمانی، کە ئەزمونی شەڕکردنیان بەدەستهێناوە، رەنگە گروپی وەک داعش بەلای خۆیاندا رایانبكێشێت. نێردەكەی ترەمپ دەشڵێت: تا كاتی یارمەتیدانی فریاگوزاری ئابوری بۆ سوریا درێژە بكێشێت، گروپە پارچەپارچەبووەکان زیاتر دەبن و دەڵێن ئەمە دەرفەتی ئێمەیە بۆ پەکخستنی، بۆیە دەبێت روبەڕوی ئەو دوژمنانە ببینەوە بەر لەوەی بگەن. جەختشیکردەوە لەوەی، ئەمە پێویستی بە هاوکارییەکی توندوتۆڵ و ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری هەیە لە نێوان هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، لەبری دەستێوەردانی سەربازی. باراک، ئاماژەی بە زنجیرەیەک ئاڵنگاری كردووە كە چاوەڕوانی شەرع دەكەن، لەنێویاندا، یەکخستنی هێزە کوردییەکان لەناو سوپای سوریا، تێكەڵكردنی یەکەی شەڕکەری بیانی و، چارەسەركردنی کەمپەكانی دەستبەسەركردن  لە باکوری سوریا. شەرع دەبێت روبەڕوی ئیسرائیلیش ببێتەوە، کە لە دوای لادانی ئەسەدەوە ئۆپەراسیۆنە زەمینیەکانی لە سوریا بە شێوەیەکی بەرچاو فراوانتر کردووە. شەرع پابەندبونی خۆی بە رێککەوتنی ئاگربەستی ساڵی 1974 لەگەڵ ئیسرائیل دووپات کردەوەتەوەو ئاماژەی بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە رۆژێك لە رۆژان. تۆماس باراک، پێشتر داوای رێککەوتنی دەستدرێژینەكردنی لە نێوان سوریا و ئیسرائیلی کردبوو، ململانێکانیشیانی بە کێشەیەکی قابیلی چارەسەر وەسفکردووە.  کاتێک ئەلمۆنیتۆر، پرسیاری لەبارەی ئەو هەنگاوانەی ئەمریکا کردووە بۆ ئاسانکاری گفتوگۆ یان دروستکردنی متمانە لە نێوان هەردوولادا، تۆماس باراك وتویەتی: هیوادارین هەردوولا، ئیسرائیل و شەرع، تەنانەت ئەگەر لەم قۆناغەدا قسە لەگەڵ یەکتریش نەکەن، بگەنە لێکتێگەیشتنێک، کە دەستوەردانی سەربازی لە ئێستا بۆ هەردوولا بە ترسناک بزانن.

  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی دامەزراوەی ڤیزت  کوردستان گوتی: بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی، بەشێوەیەکی ناڕەوا و نا یاسایی و نا دەستووری، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی خەڵکی کوردستانیان داوە. سێشەممە 10ـی حوزەیرانی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی دامەزراوەی ڤیزت کوردستان لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی، بەشێوەیەکی ناڕەوا و نا یاسایی و نا دەستووری، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی خەڵکی کوردستانیان داوە. وتیشى: ئەمەش بەشێکە لە سیاسەتی گوشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە کاروانی ئاوەدانی و پێشکەوتنی خۆی بووەستێت کە بە دڵنیاییەوە لەو هەوڵانەیان سەرکەوتوو نابن. سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: بە پشتیوانی خوای گەورە و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان، لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین دۆخی سەختمان تێپەڕاندووە، بۆیە خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە هەرگیز و لەژێر هیچ فشارێکدا دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: ئێمە هەموو پابەندییەکانی دەستووری کە لەسەرمان بووە، زۆر بە زیادەوە جێبەجێمان کردووە، چاوەڕێشمان دەکرد لە بەرانبەردا مافەکانی خەڵکی کوردستان بدرێت، بەڵام بەداخەوە ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و تەنانەت لەو ڕێککەوتنانەش ناگیرێت کە ئیمزایان کردووە. مەسرور بارزانی گوتی: لە هەوڵەکانمان بۆ چارەسەریی ئەو قەیرانە بەردەوام دەبین، هیوادارین لە کاتێکی زوودا، بگەینە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدا بێت.

  ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاویکردەوە، بەریتانیا هەنگاو دەنێت بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئیتمار بن گەڤیر وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل و بێزالیل سمۆتریچ وەزیری دارایی ئیسرائیل بەهۆی لێدوانە "تووڕەو توندەکان"یان لەسەر غەززە، ئەمەش پێشێلکردنی ڕوونی سیاسەتی وڵاتە یەکگگرتوەکانى ئەمریکایە. ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕۆژی سێشەممە بەریتانیا لەگەڵ کەنەدا، ئوسترالیا، نیوزلەندا و نەرویج و وڵاتانی دیکەدا پێکەوە سەروەت و سامانی ئەو دوو وەزیرەى ئیسرائیل بلۆک دەکەن و قەدەغەکردنی گەشتکردن بەسەریاندا دەسەپێنن بۆ ناو وڵاتەکانیان. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم سزایانە بە واتای قەدەغەکردنی هاتنە ناوەوەی هەردوو وەزیرە ئیسرائیلییەکانە بۆ بەریتانیا، هەروەها ڕێگریکردن لە هەر دامەزراوەیەکی دارایی کە بنکەکەی لە بەریتانیا بێت مامەڵە لەگەڵیاندا بکات. هاوکات لەبەیاننامەیەکیاندا بەریتانیا، کەنەدا، ئوسترالیا، نەرویج و نیوزلەندا دووپاتى دەکەنەوەکە چارەسەری شەڕ دوو دەوڵەتییە. لەبەرامبەردا، گیدیۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بڕیارەکەی بەریتانیا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر بن گڤیر و سمۆتریش بە "توڕەیی" وەسفکرد. سەعر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو حکومەت کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدات و بڕیار لەسەر چۆنیەتی وەڵامدانەوەی "ئەم بڕیارە قبوڵنەکراوە" دەدات.

  سلێمانی، 10ی حوزەیرانی 2025: بڕیارەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لەگەڵ حوكمــەكانی یاسای ژمارە )11(ی ساڵی) 2010 (یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان، و پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە ئابووری و كۆمەڵایەتی و كولتوورییەكاندا ناكۆكە و نەریتێكی نادێمۆكراتییە، داوا دەكەین هەڵبوەشێتەوە. دوای راگەیاندنی بایكۆتی چەند رۆژی رابردووی پزیشكانی نیشتەجێی خولاو لە نەخۆشخانەكانی هەولێر، سلێمانی، كۆیە، راپەڕین، گەرمیان و سۆران، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، نووسراوێكی بڵاوكردەوە، ئیمزای بەڕێوەبەری گشتی لەسەرە، چەند پزیشكێكی لەسەر پابەندنەبوون بە كاتی دەوامەوە سزاداوە. نووسراوەكە پاش سەردانی بەڕێوەبەری گشتی بووە بۆ نەخۆشخانەی رزگاری فێركاری لە رۆژی دووەمی جەژنی قوربان، بڕیاردراوە بە سزادانی ئەو پزیشكانەی كە لە شوێنی خۆیان ئامادە نەبوون، بە ‌بڕینی مووچە و بەنەهاتوو هەژماركردنیان. بڕیارەكە 13 پزیشكی نیشتەجێی خولاوی گرتۆتەوە، هەروەها لە نوسراوێكی هاوشێوەدا، حەوت پزیشك، لە نەخۆشخانەی راپەڕینی فێركاری بەهەمان هۆكار سزادراون. یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان، پێناسەی چالاكییە مەدەنییەكانی كردوە كە (گردبوونەوەی گشتی بە مەبەستی خۆپیشاندان، مانگرتن، پەناگیری) لە خۆ دەگرێت. باشتر بوو بەرێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، داوای پزیشكە ناڕازییەكان وەربگرێت، پاشان لەگەڵ لیژنەكەیاندا كۆ ببێتەوە بە مەبەستی چارەسەری گونجاو  لە ماوەیەكی دیاری كراوی گونجاودا، نەك پەنا بۆ سزادانیان ببات. یاسای ژمارە )11(ی ساڵی) 2010 (یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان- عێراق، مادەی هەشتەمی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە ئابووری و كۆمەڵایەتی و كولتوورییەكان كە عێراق پەسەندی كرد، مافی مانگرتن پارێزراوە. تۆڕی هاوپەیمانی 19  نیگەرانە كە سزای پزیشكانی هەولێر بكرێتە پێشینەیەك بۆ سزادانی ئەو چین و توێژانەی لە رێی چالاكی مەدەنییەوە داوای مافی خۆیان دەكەن، لە بری پەنابردن بۆ بڕیارێك كە  پێچەوانەی حوكمــەكانی یاسای ژمارە )11(ی ساڵی) 2010 (یاسای رێكخستنی خۆپیشاندانە، كە داوا رەواكانیان كە داوای 1600 پزیشكە، جێبەجێبكەن. لە ماددەی چواردەهەمی یاسەكە هاتووە "كار بە هیچ دەقێكی یاسـایی یان بڕیارێك ناكرێت، كە لەگەڵ حوكمــەكانی ئەم یاسـایەدا نـاكۆك بێت" تۆڕی هاوپەیمانی19، لە كۆمەڵێك رێكخراوی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ، پێكهاتووە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنسیپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەكە.

  کاتژمێر شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ، ئەنجومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی چەند پرسێکی تایبەت بە عێراق، لەنێویشیاندا پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداد، کۆبوونەوەی خۆی لە شاری نیویۆرک ئەنجام بدات. لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنەکە گوێ لە راپۆرتی بەرپرسانی یونامی دەگرن. محەمەد حەسان، سەرۆکی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق، یونامی، راپۆرتێک لەبارەی کارەکانی خۆیانەوە پێشکەش دەکات، تیشک دەخاتە سەر کاری یونامی و بارودۆخی ئێستای عێراق. میدیاکان دەڵێن رەنگە بابەتی ناکۆکییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر لەسەر کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یەکێک بێت لەو بابەتانەی حەسان لە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشدا باسی دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە، بە بڕیاری تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە و تا ئێستاش هیچ ئاسۆیەک بۆ چارەکردنی کێشەکە نییە؛ ئەمەش وای کردووە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتر بچن.  بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکەنەوە، هەموو پابەندییەکانی خۆیان بەرانبەر بە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی جێبەجێ کردووە، بەڵام حکوومەتی عێراق بە بیانووی جیاواز مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ڕاگرتووە و دەیەوێت سزای بە کۆمەڵی خەڵک بدات. 

  وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی دەرکردوە ناردنی دوو هەزار سەربازی دیکەی پاسەوانی نیشتمانی بۆ لۆس ئەنجلۆس بۆ بەرپەرچدانەوەی ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی ئەو شارە لە دژی ڕێوشوێنەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەری نایاسایی. شۆن پارنێل، وتەبێژی پنتاگۆن وتی: بە ڕێنمایی سەرۆک، وەزارەتی بەرگری 2000 سەربازی دیکەی پاسەوانی نیشتمانی کالیفۆرنیا کۆدەکاتەوە بۆ ئەوەی بخرێنە خزمەتی فیدراڵی بۆ پشتیوانیکردن لە کۆچبەران و جێبەجێکردنی گومرگی و بتوانن جێبەجێکردنی یاسای فیدراڵی بە سەلامەتی ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن". ماوەى پێنج ڕۆژە لە شاری لۆس ئەنجلسی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا، خۆپێشاندەران لەگەڵ پۆلیس و پاسەوانی نیشتمانیی وڵاتەکە لە پێکدادانن. هەموو کێشەکەش لەسەر سیاسەتی ئیدارەی ترەمپە بەرامبەر کۆچبەران و پەناخوازانی وڵاتەکە.    ترەمپ لەگەڵ دەستبەکاربوونی بەڵێنیدا زۆرترین "پەناخوازی نایاسایی" دیپۆرتی دەرەوەی ئەمریکا بکاتەوە و سنووری مەکسیک و ئەمریکاش دابخات. سەرەتای کێشەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ترەمپ فەرمانی بە ئاژانسی جێبەجێکردنی یاسای گومرگ و کۆچ یان ئەفسەرانی کۆچ (ICE) کرد، بەسەر ئەو شوێنانە دابدەن پەناخوازی نایاسایی و بێ بەڵگەنامەی لێن، دەستگیریان بکەن و لە ئەمریکا دەریان بکەن.  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا "یاخیبووان"ی بە دروستکردنی پشێوی لە لۆس ئەنجلس تۆمەتبار کرد، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی بۆ کۆنترۆڵکردنی خۆپێشاندانەکانی دژی هەڵمەتەکانی کۆچبەران نارد. رۆژی دووشەممە، 9ـی حوزەیرانی 2025، ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئەو کەسانەی کێشە دروست دەکەن، یاخیبووی پیشەگەرن".   کاتێک پرسیاری لەبارەی پێکدادانەکانی دووەم گەورەترین شاری ئەمریکاوە لێکرا، گوتی: "ئەوانە خەڵکی خراپن، دەبێت لە زینداندا بن".   سەرۆکە کۆمارییەکە، کە رۆژی شەممە تەمەنی دەبێتە 79 ساڵ، هیچ بەڵگەیەکی نەخستەڕوو بۆچی خۆپێشاندەرانی سەر شەقامەکان یاخیبوون. بەشێکی رێکارەکانی جێبەجێکردنی یاسای کۆچی ئیدارەی ترەمپ ئەو دانیشتووانەشی گرتووەتەوە کە بە شێوەیەکی یاسایی لە وڵاتەکەدان، کە هەندێکیان خاوەنی مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیین، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی یاسایی.   دوێنێ یەکشەممە، ترەمپ خۆپیشاندەرانی بە "تووندوتیژ و یاخیبوو" وەسفکرد و گوتی، رێنمایی وەزیرەکانی کابینەکەی کردووە "کە هەموو رێکارێکی پێویست بگرنەبەر" بۆ راگرتنی ئەو پشێوییە.   سەرەڕای تووڕەییەکەی ترەمپ، هێشتا یاسای یاخیبوونی بەکارنەهێناوە، کە یاسایەکی ساڵی 1807ـە و دەسەڵات بە سەرۆک دەدات بۆ بڵاوەپێکردنی سوپای ئەمریکا بۆ سەرکوتکردنی رووداوی نائارامی و پشێوی.   رۆژی یەکشەممە کە پرسیار لە ترەمپ کرا ئایا بیری لێدەکاتەوە ئەوە بکات گوتی، "ئەوە بەندە بەوەی کە ئایا یاخیبوون هەیە یان نا."   رۆژی شەممە پیت هێگسەس، وەزیری بەرگری گوتی، پێنتاگۆن ئامادەیە هێزی سەربازیی چالاک بجوڵێنێت "ئەگەر توندوتیژی لە لۆس ئەنجلس بەردەوام بێت."   کارین باس، سەرۆکی شارەوانیی لۆس ئەنجلس، ئیدارەی ترەمپی بە هاندانی گرژی لە رێگەی ناردنی پاسەوانی نیشتمانییەوە تۆمەتبار کرد. هەروەها سەرکۆنەی ئەو خۆپیشاندەرانەشی کرد کە تووندوتیژ بوون.

  لیژنەیەکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئیسرائیل پەلاماری ئەو شوێنە مێژووی و ئایینییەکانی کەرتی غەززە دەدات کە هاووڵاتییان وەکوو پەناگە بەکاریان هێناوە، لە ئەنجامدا هەزاران کەس کوژراون و ئەمەش و بە تاوانی جەنگ دادەنرێت. سێشەممە 10ـی حوزەیرانی 2025، لە تازەترین ڕاپۆرتیدا ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل سیستەمی پەروەردەی کەرتی غەززە و نیوە زیاتری  شوێنە مێژووی و ئایینییەکانی وێران کردووە. هەروەها لە ڕاپۆرتەکە ئاماژە دراوە "هێزەکانی ئاسایشی ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر پەناگەکانی وەکوو قوتابخانە و شوێنە ئایینییەکان و کوشتنی هاووڵاتییان، بە تەواوی لە تاوانی جەنگ تێوەگلاوە. هاوکات ناڤی پیلەی، سەرۆکی لیژنەکە، لەو بارەیەوە گوتی: بە چاوەی خۆمان بینیمان کە ئیسرائیل نیازی وایە وێرانکاریی زیاتر لە غەززە بنێتەوە و ژیانی هاووڵاتییان لەناو ببات. هەروەها ئاژانسی فرانس پرێس، لەسەر زاری سێ ئەندامی لیژنەکە ڕاگەیاندووە "ئیسرائیل پەلاماری چەند پەناگەیەکی داوە، کە بەهۆیەوە هەزاران کەس کوژراون، لە نێوانیان دا منداڵ و ئافرەتیش هەبوون. لیژنەکە، لە کۆتا ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژەی دابوو، ئیسرائیل %90 باڵەخانەکانی زانکۆ و قوتابخانەکان و نیوە زیاتری شوێنە ئایینییەکانی وێران کردووە. لە مانگی ئاداردا لیژنەکە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردبووە و تێیدا بەهۆی پەلاماردانی دامەزراوەکانی چاودێریی تەندروستیی ئافرەتان لە غەززە، ئیسرائیلی بە کردنی جینۆساید تۆمەتبار کردبوو، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش ڕەتی کردەوە و ڕاپۆرتەکەی بە دژە جوو ناو برد.

  بەهۆی دواکەوتن و دیارنەبوونی وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج، بەشێک لە فەرمانگەکانی پارێزگای سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کرد. پەیامنێرى هاوڵاتى لە سلێمانی گواستییەوە، فەرمانبەرانی بەشێک لە فەرمانگەکانی پارێزگای سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کردووە و دەڵێن، دەوام ناکەن، لەبەرئەوەی بەرچاویان روون نییە کەی مووچەکانیان وەردەگرن. بەگوێرەی زانیارییەکانى پەیامنێرى هاوڵاتى لەسلێمانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەکان باس لەوەدەکەن، بایکۆت نەکراوە و فەرمانبەران بە شێوەی تەناوب، واتە بە نۆرە دەوام دەکەن، بەڵام فەرمانبەران ئەو زانیارییە رەتدەکەنەوە و دەڵێن، بایکۆتیان کردووە و ناچنەوە دەوام. ئەمە لەکاتێکدایە چەند رۆژى ڕابردوو سەرچاوەیەك لە هەرێمی كوردستان بە پێگەی (بغداد اليوم)ـی راگەیاندبوو كە حكومەتی عێراق رادەستكردنی تەواوی داهاتەكانی كردوەتە مەرج بەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە و تا ئەوكاتەش ئامادەنییە هیچ دانوستان و گفتوگۆیەك لەبارەی موچەی مانگی ئایار ئەنجام بدرێت. سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكرا كردوە كە بەغداد پێشوازیكردنی لە شاندی هەرێمی كوردستان رەت كردوەتەوە لەكاتێكدا چەندین ناكۆكی بونیان هەیە لەبارەی مەلەفی نەوت و داهاتە نانەوتییەكان. رۆژی چوارشەممەی رابردو ئەنجومەنی نوێنەرانی  عێراق نیگەرانی خۆی لە بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بۆ راگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند، ئەو رێکارە زیان بە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.

  رۆژنامەی الشرق الاوسط لەژمارەى ئەمڕۆیدا بڵاویکردەوە شاندی کوردی پێكهێنراو لە کۆنفرانسی پارتە سیاسییە کوردییەکان، بەنیازە بەرەو دیمەشقی پایتەخت بڕوات، بۆ  گفتوگۆكردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیدارەی راگوزەر، لەبارەی دروستکردنی کۆدەنگی سەبارەت بە داهاتووی سوریا. شاندی كوردی، لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ شاندی حکومەت، دیدگای خۆی بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی فیدراڵی نا ناوەندی وەک باشترین چارەسەر بۆ هەموو ئەو کێشانە دەخاتە ڕوو، کە لگۆڕەپانی سوریا سەریان هەڵداوە.  ئەم سەردانە دوای ئەوە دێت، لە سەرەتای ئەم مانگەدا خولی یەکەمی دانوستان لە نێوان نوێنەرانی ئیدارەی خۆسەر و بەرپرسانی حکومەت، لە دیمەشقی پایتەخت ئەنجامدرا. ئەحمەد سلێمان، جێگری سەرۆکی پارتی پێشکەوتنخوازی کورد و ئەندامی شاندی کوردی دەڵێت: دیدگای هاوبەشی لایەنە سیاسییە کوردییەکان کە لە بەڵگەنامەی کۆنفرانسدا راگەیەندراوە، یەكڕیزی و هەڵوێستی کورد، بنەمای دانوستانە لەگەڵ دیمەشق سەبارەت بە بونیادنانی دەوڵەت، فۆرمەکەی و، رێگاکانی چارەسەرکردنی کێشەی کورد، هاوشێوەی پێكهاتەكانی تر. ئاماژەی بەوەشکرد، دیدگاکەیان لەسەر بنەمای نا ناوەندێتیەو داوای بونیادنانی دەوڵەتێکی فیدراڵی لە سوریا دەکەن. لای خۆیەوە، ئاڵدار خەلیل لە دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) کە دیارترین پارتەو ساڵانێکە ناوچەكانی  ئیدارەی خۆسەر بەڕێوەدەبات و ئەندامی شاندی دانوستانکاری کوردە، دەڵێت:لایەنە کوردستانییەکان گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش سەبارەت بەو داخوازییە بنەڕەتیانەی کە دەیخەنە بەردەم دیمەشق.  ئەم داواکاریانە بریتین لەوەی، چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا پێویستی بە گواستنەوە هەیە بۆ سیستەمێکی دیموکراسی نا ناوەندی، بەتایبەتی کە ئاڵۆزییەکانی قەیرانی سوریا، بەتایبەتی پرسی کورد، كە ناتوانرێت لە چوارچێوەی سیستەمی ناوەندێتی ئێستادا چارەسەر بکرێت. ئەو سیاسەتمەدارە کوردە، کە بە یەکێک لە پایەکانی ئیدارەی خۆسەر و بنیاتنانی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی دادەنرێت، جەختی لەوە کردەوە: نا ناوەندێتی بە مانای جیابونەوەی کورد یان دامەزراندنی ئیدارەی خۆیان نییە، بەڵکو بە مانای دامەزراندنی هاوبەشییەکی راستەقینەیە لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی سوریا لە بەڕێوەبردنی کاروباری ناوچەکانیان. ئاماژەی بەوەشکرد: گەیشتن بە چارەسەری نوێ و بەردەوام پێویستی بە سیستەمێکی دیموکراسی نا ناوەندی و فرەیی و دووبارەنەکردنەوەی مۆدێلی دەوڵەتی ناوەندی هەیە.

  لە کاتێکدا کەرتی غەززە بەدەست قەیرانی مرۆیی و هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی ئیسرائیلەوە دەناڵێنێت، مەحمود عەباس، سەرۆکی فەلەستین پشتیوانی خۆی بۆ داماڵینی چەک لە حەماس دووپاتکردەوە. مەحمود عەباس لە نامەیەکدا بۆ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاندووە، کە پشتگیری لەو بیرۆکەیە دەکات کە حەماس هیچ ڕۆڵێکی لە بەڕێوەبردنی غەززەدا نەبێت، بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس ڕۆژی سێشەممە. هەروەها ئاماژەی بە پشتیوانی دەسەڵاتی فەلەستین کرد بۆ بیرۆکەی هێزێکی عەرەبی و نێودەوڵەتی بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە کەرتی غەززە. مەحمود عەباس سەرۆکی فەلەستین بۆ ئیمانوێل ماکرۆنى نوسیوە،لاى ئێمە هێرشەکەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەر جێگای قبووڵ نییە، سوورین لەسەر چەکداماڵینی حەماس و لابردنی لە دەسەڵات لە غەزە. لە نامەیەکدا کە دووشەممە ئاراستەی ماکرۆن و محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیەى کردووە هاوسەرۆکی کۆنفرانسی چارەسەری دوو دەوڵەتی لە 17 تا 21ی حوزەیران لە نیویۆرک دەبێت، ڕایگەیاندووە "ئامادەیە هێزە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان بانگهێشت بکات بۆ بڵاوەپێکردن لە چوارچێوەی ئەرکێکی سەقامگیری/پاراستن کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە ڕاسپێردراوە". هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "ئەوەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەردا کرد، کوشتن و گرتنی خەڵکی مەدەنی، قبوڵکراو نییە"، داوای لە بزووتنەوەکە کرد "دەستبەجێ هەموو بارمتەکان ئازاد بکات". عەباس چەند مانگێکە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فەلەستین کۆنترۆڵی کەرتی غەززە بگرێتە ئەستۆ. لە میانەی لوتکەی عەرەبی مانگی ڕابردوو (ئایار)، پێویستی بە توانای دەوڵەتی فەلەستین بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی خۆی لە غەززە دووپاتکردەوە. فەتحیش هەمان کارى کرد، بەتایبەت "دواى تێکچوونى ئەم دواییەى دۆخى ئەمنى لە غەززە و ئازادکردنى چەتە چەکدارەکان"، بە گوتەى وتەبێژى فەتح.