هاوڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان روئیای خۆی لەبارەی ئیدارەدانی مەلەفی نەوت دەخاتەڕوو كە لەبەرنامەیاندایە دوو كۆمپانیای گشتی دابمەزرێنن بۆ نەوت و غاز كە پەیوەندیان لەگەڵ كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی هەبێت بۆ بەبازاڕكردنی نەوت. حكومەتی هەرێمی كوردستان بەفەرمی ئەوە دەخاتەڕوو كە دوو كۆمپانیای گشتی دادەمەزرێنێت ئەوانیش كۆمپانیای هەرێمی كوردستان بۆ نەوت و غاز (kroc) كە تایبەتمەند دەبێت لەبواری دۆزینەوەو دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت و غاز، هەروەها كۆمپانیای كوردستان بۆ بەبازاڕكردنی نەوت (komo) كە تایبەتمەند دەبێـت بەبازاڕكردنی نەوت، دەكرێ لەلایەك هەماهەنگی لەنێوان هەردوو كۆمپانیاكە هەبێت، لەلایەكی ترەوە ئەم هەماهەنگییە لەگەڵا كۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی و كۆمپانیای سۆمۆ لەبوارەكانی هەمان پەیوەندی هەبێت. هەروەها ئاماژە بەوەشكراوە كە لەگەڵا بوونی هەمان پەیوەندی و هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵا و وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان" هەموو ئەمانەو تەواوكردنی ستراكچەری كۆمپانیای سۆمۆو هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆیی و كردنی بە دامەزراوەیەكی فیدراڵی پێویست بەبڕیاری هاوبەش دەكات، كەدەبێتە مایەی ئەوەی هەرێمی كوردستان بەشدارییەكی راستەقینە لەو كۆمپانیایە بكات و پۆستی جێگری سەرۆكی كۆمپانیاكە بۆ ئەوبێ". هاوكات داوای ئەوەش دەكات كە" لەگەڵا بوونی دوو نوێنەری هەرێمی كوردستان لەبەڕێوەبردن و جومگەكانی كۆمپانیاكە، هەروەها هەرێمی كوردستان مافی رەتكردنەوە (ڤیتۆ)ی هەبێت سەبارەت بەو پرسانەی پەیوەندیان بەهەرێمی كوردستانەوە هەیە". حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بەدۆسیەی پابەندییە داراییەكانی پەیوەست بە دەرئەنجامی دۆسیەی نەوت و غاز، بۆچوونی لەوەدا كورت دەبێتەوە كە بەردەوام بێت لەفرۆشتنی بڕی هەناردەكردنی نەوت لەهەرێم لەڕێگەی هەمان كۆمپانیاكان، هاوكات لەگەڵا پێویستی دووبارە چاوخشاندنەوە بەگرێبەستەكان لەڕووی نرخ و لابردنی هەموو كۆت و ئاستەنگەكان كە كۆمپانیای سۆمۆ بەرامبەر بەپڕۆسەكانی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان دایناوە. روئیای حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی داهاتی نەوتی هەناردەكراو ئەوەیە كە" پێوستە ئەم داهاتانە بۆ هەژمارێكی بانكی بگوازرێتەوە كە هەرێمی كوردستان خۆی هەڵیبژێرێ و سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی بكات، كە گواستنەوەی دارایی بۆ هەرێمی كوردستان راستەخۆ بێت بۆ ئەوەی شایستەی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بدات". هەروەها حكومەتی هەرێم دەشڵێن كە" ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان بگوازرێتەوە وەك بەشێك لەپشكی بودجەی فیدراڵی، تا ئەوكاتەی كە بەشەكانی تری لەپشكی بودجە لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە بەدەست دەگات".
سەركۆ جەمال هەشت ساڵە كامەران نەجم رۆژنامەنوس و فۆتۆگرافەر نادیارە، كەسوكارەكەی دەڵێن تائێستا هیچ هەواڵێكی نوێیان لەسەر چارەنوسی پێنەگەیشتووە، هاوڕێیەكیشی چیرۆكی دواین تەلەفۆنی بۆ هاوڵاتی دەگێڕێتەوە ئێوارەی یەكشەممە 12-6-2022 مەراسیمی دابەشكردنی خەڵاتی كامەران نەجم لە شاری سلێمانی ئەنجام درا و بەشیك لە هاوڕیكانی و كەسایەتیە سیاسیی و حكومیەكان بەشداریان تیادا كرد. خەڵاتی كامەران نەجم بەناوی فۆتۆگرافەر و دامەزرێنەری ئاژانسی مێترۆگرافی كامەران نەجمەوە ناونراوە كە 12ی حوزەیرانی ساڵی 2014 لەكاتی رووماڵكردنی شەڕی نێوان پێشمەرگە و چەكدارانی داعش بێسەروشوێن بوو. لە مەراسیمەكەدا دوو خەڵات دابەشكران، خەڵاتی یەكەم درایە ڤلاجمیر لێگانیور، فۆتۆ گرافەر لە هایتی، لە ١٤ی ئازاری ٢٠١٨ بێسەروشێن بوو. هاوكات خەڵاتی دووەمی كامەران نەجم بۆ رۆژنامەوانی بەخشرایە قازی شبلی، كە رۆژنامەنووسێكی كشمیرە، دامەزرینەری دەزگایەكی میدیاییە لە كشمیر. بۆ رووماڵ چوو بەڵام خۆی بوو بە هەواڵ كامەران لەگەڵ هاوڕێیەكیدا لەدەستپێكی شەڕی داعش چووە بەرەكانی پێشەوە، ئامانجی بوو رووماڵی بەرەكانی شەڕ بگەیەنێتە ئاژانسەكانی جیهان. هاوڕێكەی باسی دواین پەیوەندی دەكات هاوڕێ خالید، هاوڕێی كامەران كە چەند چركەیەك پێش ئەوەی تەقەی لێبكرێت لەگەڵیدا بووە بە هاوڵاتی وت :"پێش ئەوەی بڕوات پێم وت نەڕواتە پێشتر بەڵام ئەو بڕیاری خۆی دابوو، ئیتر ئەوە دوا بینینی كامەران بوو، دواتر كە پێشمەرگە پاشەكشەی كرد، وتیان كەسێك تەقەی لێكراوە و كەوتووەتە دەستی داعش، بەڵام دڵنیا نەبووین ئەوە". هاوڕێ وتیشی:"دواتر بەرپرسێكی پێشمەرگە دڵنیای كردینەوە كە تەقەی لێكراوە و پاشانیش وێنەگری بەرپرسەكە دیمەنی برینداربوونەكەی پیشانداین". وەك هاوڕێ دەڵێت:"رۆژێك دواتر كامەران پەیوەندی كرد، بە تەلەفۆنی یەكێك لەچەكدارەكانی داعش پەیوەندی بەهاوڕێیەكیەوە كرد، لەتەلەفونەكەدا وتی من كامەرانم تكایە ژمارەی عەمید سەرحەدم بۆ بنێرن، دواتر وتی لە حەویجەم، پاشان تەلەفۆنەكەیان لێوەرگرت و وتی ژمارەكەمان بۆ بنێرن و پێشی بڵێن ئەگەر هێرش بكاتە سەر مەلا عەبدوڵا ئەوە دەیكوژین". هاوڕێ ئەوەشی خستەڕوو:"عەمید سەرحەد كە ئەوكات بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەكان بوو لەكەركوك پەیوەندی پێوەكردبوون و دوای چەند خولەكێك لەهەوڵدان بۆ ڕێككەوتن دەبێتە دەمەقاڵەیان و پاشان هەوڵی رێككەوتنەكە شكست دەهێنێت". ئەحمەد نەجم: هەموو هەوڵی خۆمان داوە چارەنوسی بزانین ئەحمەد نەجم، برای كامەران نەجم، بەهاوڵاتی وت:"هەموو هەوڵێكی خۆمان داوە بۆ ئەوەی چارەنوسی بزانین، بەڵام بەداخەوە تائێستا هیچ شتێكی نوێ نییە لەبارەی چارەنوسیەوە". ئەحمەد نەجم وتیشی:"هێشتا هیوامان لەدەست نەداوە بۆ ئەوەی چارەنوسی بزانین". سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسان دەڵێت تائێستا حەوت رۆژنامەنوس لەشەڕی داعش لەهەرێمی كوردستان كوژراون كاروان ئەنوەر سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان بە هاوڵاتی وت:" كامەران نەجم یەكێكە لەو رۆژنامەنوسانەی لەجەنگدا بێسەروشوێن بووە ڕەنگە مابێت، چونكە ئێستاش هەندێك كەس لەدەستی داعش ڕزگاردەكرێن یاخود دەردەكەوێت كە ماون، بەپێچەوانەشەوە هەندێك گۆڕی بەكۆمەڵ هەڵدەدرێنەوە پاش چەند ساڵێك مردنی چەند كەسێك ئاشكرا دەكرێت". كاروان ئەنوەر وتیشی:"كامەران بەدیلی وەك چەندین رۆژنامەنوسی دیكە كەوتووەتە دەستیان، وەك چۆن 24 دیلی پێشمەرگەش كەوتە دەستیان و دواتر هەندێكیان تەرمەكانیان دۆزرایەوە، ئەو رۆژنامەنوسانەی لەهەرێمی كوردستان لەكاتی شەڕی داعشەوە كوژراون ئاشكرایە بەڵام ئەوەی دیل بێت تەنها كامەرانە". وەك سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان دەڵێت:"لەشەڕی داعش دا تائێستا حەوت رۆژنامەنوسی هەرێمی كوردستان كوژراون".
هاوڵاتی وەزیری سامانە سروشتیەكانی هەرێم ڕایگەیاند بەردەوام دەبن لە دابینكردنی بەنزین بە نرخی 690 دینار و داوای لە لیژنەی باڵای چاودێری و بەدواداچونی كوالێتی و مواسەفاتی بەنزینی کرد، سزای توندی هەر بەنزینخانەیەكدا بسەپێنن کە بەدەر لە ڕێنماییەکان سەرپێچی دەکەن. كەمال مەحمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتیەكان بە وەكالەت لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەرەکانی نەوت و كانزاكانی پارێزگاكانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیاردراوە رۆژانە سێ تا سێ ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەنزین دابین بکرێت بە كوالێتی و مواسەفاتێكی باش. وەزیری سامانە سروشتیەكان بە وەكالەت جەختیكردەوە، بەردەوام دەبن لە دابینکردنی نرخی پاڵپشتی بۆ بەنزینی 690 دیناری بۆ شۆفێران پاس و تاکسی. ڕاشیگەیاند:" لە ماوەی چوار ڕۆژی رابردودا نۆ ملیۆن لیتر بەنزینی بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر پارێزگاکانی کوردستاندا دابەشکراوە و ڕۆڵی لەكۆنترۆڵكردنی نرخی بەنزین هەبووە". بۆ ڕوبەڕوبونەوەی خراپی کوالێتی بەنزینیش، وەزیری سامانە سروشتیەکان داوای لە لیژنەی باڵای چاودێری و بەدواداچونی كوالێتی و مواسەفاتی بەنزینی کرد، هەوڵەکانیان چڕبکەنەوەو دەستنیشان و سزای توندی هەر بەنزینخانەیەکیش بدەن، کەبەدەر لە ڕێنماییەکانی وەزارەت سەرپێچی دەکەن.
هاوڵاتی موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر پەیامێكی نهێنیی ئاراستەی بارزانییو حەلبوسیی كردووە و پێی راگەیاندوون:" چاوەروانی سوپڕایزی گەورە بن لەدوای 10ی تەموزەوە". بەپێی چەند میدیایەكی عێراقیی كە پشتیان بەلێدوانی چەند سەرچاوەیەكی ئاگاداری گروپەكەی موقتەدا سەدر بەستووە، پەڕلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكانی كوتلەی سەدر بەهاوڕێیەتی موقتەدا سەدر بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج سەردانی سعودییە دەكەن. هەروەها ئەو سەرچاوانە ئەوەیان ئاشكرا كردووە، كوتلەی سەدرو ڕێبەری كوتلەكە لەسعودیە چەند كۆبوونەوەیەكی نهێنیی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەنجامدەدەن كە هاوكات دەبێت لەگەڵ كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو لە15ی مانگی داهاتوودا، ئەویش بەبەشداریی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكاو ئامادەبوونی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق. هەروەها ئەوە دووپاتكراوەتەوە كە ئەو گەشتەی سەدر جێگەی گومانی ڕكابەرەكانییەتی، بەتایبەت كە ئەوە ئاشكرابووە، ناوبراو داوای لەهاوپەیمانەكانی (بارزانیو حەلبوسی) كردووە تاوەكو كاتی گەڕانەوەی ئەو لەئەنجامدانی فەریزەی حەج، لەهاوپەیمانێتییەكەیان بەردەوامبنو هەڵینەوەشێننەوە. هاوكات ئەوەش ئاشكرا كراوە كە "لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەدر بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ هەریەك لەمەسعود بارزانیو محەمەد حەلبوسیدا كردووەو تێیدا پێیڕاگەیاندووە، لەدوای 10ی مانگی تەممووزەوە چاوەڕێی سوپرایزو گۆڕانكاریی لەناكاوبن". بەپێی هەواڵێكی پێگەی "عەرەبییە"ی سعودیی، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر ئەو دەستپێشخەریەی چوارچێوەی هەماهەنگیی ڕەتكردۆتەوە بۆئەوەی لەبڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی كوتلەكەیو دووركەونەوە.
هاوڵاتی لەهەولێر شۆفێرانی تاكسی بەهۆی گرانی بەنزینو نەبوونی بەنزینی حكومی خۆپیشاندانو ناڕەزایەتی دەردەبڕن و شەقامە گشتییەكانیان داخست. خۆپیشاندەران دەڵێن:" ئەمڕۆ بەشێكی بەنزینخانەكان لەئۆتۆمبێلی كرێ گۆڕدراوەو بەنزین بەئۆتۆمبێلی تایبەت دەدات". هەروەها ئەوە دەخەنەروو كە ئەوان پێشتر چەند بەنزینخانەیەكیان بۆ دیاریكراوە بۆئەوەی بەنزینی لێوەربگرن، بەڵام هیچ وێستگەیەكی بەدیل بۆ دابەشكردنی بەنزین بۆ ئۆتۆمبێلی كرێ دابین نەكراوە. ڕۆژی 17ی ئەم مانگە حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند حكومەت لەماوەی سێ ڕۆژدا گرفتی بەنزین چارەسەردەكات و بەنزینی 690 دیناری بۆ ئوتومبێلی كرێ و تاكسی و بەنزینی 800 دیناری بۆ ئوتومبێلی تایبەت دابین دەكەن، بەڵام هێشتا كێشەكە چارەسەر نەكراوە.
هاوڵاتی بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە بارەگای بارزانی ڕەتیدەكاتەوە، مەسعود بارزانی پەیوەندی بە چوارچێوەی هەماهەنگییەوە كردبێت. ئەمڕۆ سێشەممە 21ی حوزەیرانی 2022، عەرەفات كەرەم، بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە بارەگای بارزانی لە تویتێكدا نوسیویەتی:"سەرۆك بارزانی هیچ پەیامێكی ئاڕاستەی چوارچێوەی هەماهەنگی نەكردووە و ئەوە ڕەتدەكەینەوە". سەدر لە هاوپەیمانیی سێ قۆڵیی لەگەڵ پارتی و سەروەریی سونەكانیش كشایەوە پاش دەستلەكاركێشانەوەی 73 پەرلەمانتارەكەی. لە ئێستادا چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان بە سەرۆكایەتی نوری مالكی كۆبونەوەی لەگەڵ لایەنەكان دەستپێكردووە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق.
هاوڵاتی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی گەلی جەهەپە ئاشكرای دەكات ئەردۆغان بۆ زیادكردنی مووچەكەی داوایەكی پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی توركیا كردووە. رۆژنامەی "بیرگون"ی توركی بڵاوی كردەوە كە ئۆزگور ئۆزەل سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، لە تویتێكدا ئاشكرای كرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا داوایەكی پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە بۆ زیادكردنی مووچەكەی بەڕێژەی 40%. هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە كە لەئێستا مووچەی ئەردۆغان 100 هەزار لیرەی مانگانەیە كە دەكاتە پێنج هەزار و 770 دۆلار، بەڵام دوای كردووە بۆی زیادبكرێت و بكرێتە 140 هەزار لیرە كە دەكاتە هەشت هەزار و 135 دۆلار. سەرۆكی فراكسیۆنی جەهەپە، رەخنە لە ئەردۆغان دەگرێت و دەڵێت:" لە توركیا مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت وەك خۆی ماوەتەوە و هیچ باسی زیادكردنی مووچەی فەرمانبەران ناكرێ، بەڵام وادیارە قەیرانی دارایی كاریگەری لەسەر سەرۆك كۆمار دروستكردووە".
هاوڵاتی زرێپۆشێکی تورکی لە شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان، هاوڵاتییەکی کورد دەکات بەژێرەوە و سەری لە لاشەکەی جیا دەکاتەوە. بەپێی هەواڵی میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، هاووڵاتییەکی مەدەنی کورد بەناوی (رەشید مەحک) ناسراو بە (ئەبو سوبحی)، کە خەڵکی گوندی حاج خەلیل لە قەزای راجووە، لەلایەن زرێپۆشێکی هێزەکانی دەوڵەتی تورکیاوە بەسەریدا کەوتە خوارەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا. هەروەها سەرچاوە خۆجێیەکان رایانگەیاند" ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆشی تورکیا بەسەر سەنتەری ناحیەی راجۆ لە گوندەکانی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان رۆیشتووە، کە ئۆتۆمبێلەکە هاوڵاتییەک دەشێلێت و بووەتە هۆی جیابوونەوەی سەری لە تەرمەکەی و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە".
هاوڵاتی "چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و کاتی پێویستە و ئامانجیش لەم چاکسازییانە، بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابوورییە"،مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وای وت. ئەمڕۆ دووشەممە 20 ی حوزەیرانى 2022، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێوەبەری ژمارەیەکی زۆر لە دەزگاکانی راگەیاندنی کوردستان کۆبووەوە. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە مەبەست لە کۆبوونەوەکە ئەوەیە گفتوگۆیەکی راشکاوانە لەگەڵ راگەیاندن و لە ڕێگەی ئەوانیشەوە، لەگەڵ خەڵکی کوردستان بکەین بۆ بەرچاوڕوونی و خستنەڕووی زانیاری و روونکردنەوەی هەڵوێستی حکومەت لە بارەی چەندین بابەتی گرنگ. سەرۆکی حکومەت، داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد، کە هاوکار و یارمەتیدری حکومەت بن بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی. ئاماژەشی بەوەدا کە راگەیاندن ئەرکێکی پیرۆز و گرنگی هەیە و پێویستە بە بەرپرسیارییەتیەوە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن. سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشتیوانی لە ئازادی راگەیاندن و رادەبڕین و رەخنەگرتن دەکات بۆ چاکسازی و باشترکردن و بەرەوپێشبردنی بارودۆخی کوردستان. بەڵام لە هەمانکاتدا، پێویستە راگەیاندن داکۆکیش لە پرسە نیشتمانییەکان و دەسکەوتەکان بکات کە لە ئەنجامی قوربانیدانێکی زۆری خەڵکی کوردستانەوە، بەدەست هاتوون. سەرۆکی حکومەت، باسی لەوە کرد کە کابینەی نۆیەم، زۆرترین زانیاری بڵاوکردووەتەوە و روونکردنەوەی پێویستی بە پەرلەمانی کوردستان و رای گشتی داوە. سەرۆکی حکومەت روونیکردەوە کە ئێمە لەناوچەیەکی قەیراناوی و نائارامدا دەژین، لە ساڵانی رابردووشدا رووبەڕووی چەندین قەیران بووینەوە، وەك کۆڕۆنا و قەیرانی تەندروستی و دارایی، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، ئێمە نەوەستاین و بەردەوام بووین لە ئەنجامدانی پڕۆژە و چەندین چاکسازیمان لە سەرجەم بوارەکاندا ئەنجامدا. بەڵام وەك سەرۆکی حکومەت ئاماژەی پێدا، چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و کاتی پێویستە و ئامانجیش لەم چاکسازییانە، بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابوورییە. سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە، کە حکومەت هی هەموو هەرێمی کوردستانە و بەبێ جیاوازیيش، خزمەتی هەموو پارێزگا و شار و ناوچەکانی کوردستان دەکات. لە بارەی پەیوەندییش لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی، سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەمیشە ئامادەبووە کێشەکان لەگەڵ بەغدا لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکات، هەرێمی کوردستان ئەرکەکانی جێبەجێ کردووە و داواش دەکات مافە دەستوورییەکانی پێشێل نەکرێت. لە کۆتاییدا سەرۆکی حکومەت، وەڵامی سەرنج و تێبینی و راسپاردەی ئامادەبووانی دایەوە و کورتەیەکیشی دەربارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا خستەڕوو.
هاوڵاتی حاكمی نیمچە دورگەی قرم ئاشكرای دەكات كە هێزەكانی ئۆكرانیا نەوت هەڵگرەكانیان لە كەناراوەكانی دورگەكە كردووەتە ئامانج و جگە لە زیانە ماددیەكان زیانی گیانیشی لێكەوتووەتەوە. سێرگی ئاكسیۆنۆف، حاكمی نیمچە دورگەی قرم رایگەیاند:"ئەمڕۆ هێرشكراوەتە سەر نەوتهەڵگرەكانی كۆمپانیای چیرنۆمۆرنێفت، ئێمە لەگەڵ هاوڕێیانمان لە وەزارەتی بەرگری و هەواڵگری روسیا هەوڵی رزگاركردنی ئەو كەسانە دەدەین كە لە شوێنی روداوكەدابون". هەروەها راشیگەیاند:" لەكۆی 12 كەس توانیومانە پێنج كەسیان رزگاربكەین كە سیانیان برینداربوون، هەڵمەتی گەڕان بەدوای ئەوانی دیكەشدا بەردەوامە بە بەشداری هێزی ئاسمانی". كۆمپانیای چیرنۆمۆرنێفت، لە زۆرینەی كێڵگە نەوتیی و غازیەكانی دەریای رەش و دەریای ئازۆف و كەناراوەكانی قرم كاردەكات، ئەم هێرشەی ئەمڕۆ یەكەمجارە رووبدات لەدوای دەستپێكردنی هێرشەكانی روسیا لە ئۆكرانیادا لە 24ی شوباتی رابردووەوە دەستی پێكردووە. لای خۆیەوە، ڤۆلۆدیمێر زلێنسكی، سەرۆكی ئۆكرانیارایگەیاند:" پێشبینی دەكەین ئەم هەفتەیە هێرشەكان چڕتر ببێتەوەو ئێمە ئامادەیی هەموو حاڵەتێكی بەرگری كردنمان تێدایە".
هاوڵاتی "بەشێوازی تیمی گەڕۆك و نیمچە گەڕۆك لە باكووری كوردستانەوە تا هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا لە باشوور جاشێك و 25 سەربازی داگیركەری تورك كوژراون". ئەمڕۆ دووشەممە 20ی حوزەیرانی 2022، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) ڕاگەیەندراوێكی لەسەر چالاكییەكانی گەریلاكانی ئازادیی دژ بە سوپای داگیركەری تورك بڵاوكردەوە. لە ڕاگەیەندراوی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگەدا هاتووە:"گەریلا بەو چالاكیانە هەم گورزی قورس لە داگیركەران دەدەن هەم گەیشتووەتە ئەو ئاستەی هەرگیز زیانیان بەرناكەوێت، بەكارهێنانی رێبازی تیمەكانی گەڕۆك بە سەركەوتوویی، توانای شەڕی سەركەوتوو و ئاستی شارەزابوونی هێزەكانمان بە رۆحی فیدایی لە هونەری سەربازی دەخاتەبەرچاو". هەروەها ئەوەش ئاشكرا كراوە كە"تیمە گەڕۆكەكانمان كە بە هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی لە باكوورەوە تا باشوور لە هەموو شوێنێك چالاكیی دەكەن، لە ئەنجامی چالاكیی تیمە گەڕۆكەكاندا جاشێك و 25 داگیركەریان سزاداوە، چوار داگیركەریش برینداربوون، چەكێكی ئەی فۆر لەناو براوە، گۆڕەپانەكانی بەرخۆدانیش لەلایەن سوپای توركی داگیركەر بە كاتیۆشا، 21 جار بە فڕۆكەی شەڕ و 14 جاریش بە هەلیكۆپتەر بۆردومان كراون". دەقی راگەیەندراوی هەپەگە: لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕ شەهید شەڕڤان- شەهید دڵژین عەگیدانی بۆتان: ١٣ی حوزەیران لە گۆڕەپانی شاخی تەنوری هەرێمی بەستا، تیمە گەڕۆكەكانمان بە نیشان شكێن لە داگیركەرانیاندا، لە چالاكییەكەدا كۆنترایەك سزادرا و چەكێكی ئەی ٤ تێكشكێنرا. ١١ی حوزەیران سوپای توركی داگیركەر لە گۆرشەپانی كاتۆ خەلیل لە ناوچەی شاخی وان دەستی بە ئۆپەراسیۆن كرد. تیمە گەڕۆكەكانمان هێزە داگیركەرەكانیان خستە ژێر چاودێرییەوە و ١٨ی حوزەیران لە سێ قۆڵەوە بە هەماهەنگی خۆیان خستە ناو داگیركەرانەوە، لانیكەم سێ داگیركەر سزادراون. لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی جەنگی خابوری شەهید شاڤاش مەرعەش: ١٩ی حوزەیران لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی ئێم ئێم، لە دژی داگیركەران كە دەیانویست بەرەو تونێلەكانی شەڕ بێت، تیمە گەڕۆكەكانمان چالاكییان كرد و داگیركەرێكیان سزادا. هەمان ڕۆژ دوو داگیركەر كە هەوڵیاندا بچنە لای داگیركەران كرانە ئامانج، لەلایەن تیمە گەڕۆكەكانمانەوە سزادران. دواتر گروپێكی تری داگیركەران بوونە ئامانجی تیمە گەڕۆكەكانمان و لە ئەنجامی گورز بە چەكی سوك و نارنجۆك ٢ داگیركەری تر سزادران. كاتژمێرەكانی ئێوارە تیمە گەڕۆكەكانمان هەستیان بە داگیركەران كرد و بۆسەیان بۆ نانەوە، دواتریش شەڕ ڕوویدا، لە شەڕ و بۆسەدا نۆ داگیركەر سزادران، كە دووانیان نیشانشكێن بوون، ٤ ی دیكەش برینداربوون. ئەو داگیركەرانەی كە گورزیان بەركەوتبوو، كەوتنە دۆخی شڵەژان و بە گۆڕەپانەكەدا بڵاوبوونەوە. كاتژمێر ١٨:٣٥ خولەك تیمە گەڕۆكەكانی یەژاستارمان ئەمجارە بە نیشان شكێن بە شارەزایی لەو داگیركەرانەیاندا كە بڵاوببوونەوە و شەش داگیركەریان سزادا. ١٩ی حوزەیران لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی جودی داگیركەران، كە دەیانویست تونێلەكانی شەڕ بۆمبڕێژ بكەن، كرانە ئامانجی تیمە گەڕۆكەكانمان. لەوێ دوو داگیركەر سزادران. هێرشەكانی سوپای توركی داگیركەر بە كاتیوشا، هێلیكۆپتەر هێرشبەر و فڕۆكەی شەڕ:١٩ی حوزەیران درۆن بەسەر گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی ئێف ئێم و كاركەر سوڕایەوە. ١٩ی حوزەیران گۆڕەپانی بەرخودانی وەخەلێ لەلایەن قەرەقۆڵەكانی سەر سنوورەوە بە كاتیۆشا بۆردومان كرا. ١٩ی حوزەیران گۆڕەپانەكانی شاخی جودی، شاخی ئامێدی، كوڕەژارۆ، ساجا، كاركەر، چەمچۆ و دەوروبەری شیەی شارەدێی دینارتەی هەرێمی گارە ٢١ جار بە فڕۆكەی شەڕ بۆردوومان كرا. ١٩ی حوزەیران گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی جودی و وەرخەلێ ١٤ جار بە هەلیكۆپتە بۆر دومان كران.
هاوڵاتی پەرلەمانتارێكی پارتی لەپەرلەمانی عێراق داوای بانگهێشتكردنو دورخستنەوەی عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق لەپۆستەكەی دەكات. مەحما خەلیل پەرلەمانتاری پارتی لەپەرلەمانی عێراق كە هاوكات سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزارییەكانە ڕایگەیاند:"سیاسەتەكانی عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق خراپن و دەبێت پەرلەمان بانگهێشتی بكاتو متمانەی لێوەربگرێتەوە". مەحما خەلیل راشیگەیاند:" بەهۆی دواكەوتنی موچەی فەرمانبەرانی عێراق سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، چەند دۆسیەیەكی گەندەڵیی پەیوەست بەوەزارەتی دارایی، دەبێت لێپرسینەوە لەعەلی عەلاوی بكرێت". پەرلەمانتارەكەی پارتی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە وەزیری دارایی سزای فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی داوە بەوەی مانگانە موچەی فەرمانبەرانی نەناردووە، بۆیە پێویستە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت. لە 18ی تشرینی یەكەمی 2014، هۆشیار بوو بە وەزیری دارایی عێراق، لە ٢١ی ئەیلوولی 2016، لە پۆستەكەی دوورخرایەوە بەهۆی تۆمەتباركردنی بە"گەندەڵی"ی و وەڵامنەدانەوەی پرسیارەكانی پەرلەمانی عێراق لەسەر پرسی گەندەڵی، دوای دوورخستنەوەی لە پۆستەكەی، زێباری وتی:"هۆكاری لادانم هەڵدانەوەی گەندەڵی بەرپرسان بووە".
هاوڵاتی ئاسیاسێڵ مژدەیەك بەهەوادارانی یارییە ئەلیكترۆنیەكانو وەرزشكاران دەداتو ڕایدەگەیەنێت كە "تۆ یاری دەكەیت لەناو ئەپڵێكەیشنەكەو براوە دەبیت". هەفتەی پێشوو لەبەغدا مۆڵ چاومان بەكارمەندەكانی ئاسیاسێڵ كەوتو پێیانوتین، ئەگەر لەئەپڵیكەیشنی ئاسیاسێڵەوە یارییە نویێەكە "یەڵا شووت" یاری بكەین ئەوا ئەتوانین ببینە براوەی چەندین خەڵاتو لەناویاندا خەڵاتە گەورەكە كە گەشتێكە بۆ وڵاتی قەتەرو ئامادەبوون لەیارییەكانی جامی جیهانی. نە هیچ مەرجو ڕێسای شاراوە، نە باڵانس دەبات نە هیچ، بەڵكو بەتەواوی بەخۆڕاییە. تۆ یاری دەكەیت لەناو ئەپڵێكەیشنەكەو براوە دەبیت، بەهەرحاڵ ئێمە ڕاهاتووین لەسەر ئەمجۆرە بەڵێنانەی كۆمپانیاكانی تر بۆیە بڕوامان نەكرد، بەڵام سەیركە ئەمڕۆ چیمان بینی، هەر بەڕاستی ئەوان براوەكان دیاریدەكەن. كەمپەینەكە ڕاستیەو براوەكانیش ڕاستین" ئەم برادەرە تكتی ئامادەبوون لەیاری نێوان ئەڵمانیاو ئیسپانیای بردۆتەوە، كە یەكێكە لەپڕ خواستترینو گرانترین تكتی جامی جیهانی قەتەر!".
هاوڵاتی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بڕیاریدا بە خەرجكردنی بڕی 800 ملیۆن دینار وەك بودجەی فریاگوزاری خێرا بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشیەكانی كۆلێرا لە پارێزگای سلێمانی. ئەمڕۆ دووشەممە 20 حوزەیرانی 2022 لە ڕاگەیەنراوێكدا وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند:"سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی دا بە خەرجكردنی بڕی 800 ملیۆن دینار وەكو بودجەی فریاگوزاری خێرا بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشیەكانی سكچوون و كۆلێرا لە پارێزگای سلێمانی". هەروەها ئەوەش روونكراوەتەوە كە سەرۆكی حكومەت، وەزیری تەندروستی ڕاسپاردووە بۆ بەدواداچوونی ڕەوشی تەندروستی و ئامادەیی و پاڵپشتیكردنی هەر پێوستیەك بۆ ڕێگریگرتن لە بلڵاوبوونەوەی نەخۆشی كۆلێرا. بەپێی ئامارە فەرمییەكان سەدان كەس لە پارێزگای سلێمانی تووشی نەخۆشی سكچن و رشانەوە بوون و زۆرینەیان وەك تووشبووی پەتای كۆلێرا تۆمار كراون.
عەمار عەزیز.دهۆك كچێكی دیكەی ئێزیدی لەرێگەی ئاسایشی رۆژئاڤا لە كەمپی هۆڵ ئازاد كراو لەرێگای دەروازەی رەبیعە بە كەسوكاری شادبوویەوە. روسیتا حەجی باجۆ لەدایكبووی 2007 و تەمەن 15 ساڵ كە خەڵكی كۆمەڵگای تەل قەسەبە سەر بە قەزای شەنگالە ئەمڕۆ بە كەسوكاری شادبوویەوە. رۆژی هەینی رابوردوو 17ی حوزەیران ماڵی ئێزدییان لە هەرێمی جەزیرە لە رۆژئاوای كوردستان،رزگاركردنی كچێكی دیكەی ئێزیدی ڕاگەیاند و ئەمڕۆ20ی حوزەیرانی 2022، كچەكە لەرێگای دەروازی نیودەوڵەتی رەبیعە گەیشتەوە لای كەسوكارەكەی. فاروق توزۆ، ئەندامی ماڵی ئێزدییان لە هەرێمی جەزیرەی رۆژئاوای كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:"لە رێگای ئاسایشی رۆژئاوا توانیمان ئەو كچەیە لە كەمپی هۆڵی رۆژئاوا رزگاربكەین". ناوبراو وتیشی:" ئەمە دووەمین كچە كە لەمساڵدا رزگار بووە". هاوكات، ئەوەشی روونكردەوە كە تا ئێستا توانیوویانە 412كەس رزگاربكەن كە لەو ژمارەیە 250 منداڵی كچ و كور لەگەڵ 161 ژنی ئێزیدیدا. روسیتا حەجی باجۆ
