هاوڵاتی بەپێی پێشبینییە كەشناسییەكان، لە رۆژی هەینییەوە ناوچەكانی هەرێم دەكەوێتە ژێر كاریگەری سێ شەپۆلی بەفرو بارانەوە. ئاراس جەبار، كەشناسی دیاری هەرێمی كوردستان رایگەیاند لە ڕۆژانی نێوان چوار بۆ 11 ی ئەم مانگە ھەرێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە دەكەوێتە ژێر كاریگەری دابەزینی سێ سیستەمە بارستەھەوای ساردی جەمسەری باكور كە بەشێوەی نزمەپاڵەپەستۆی یەك لەدوای یەك كاریگەریەكانی نزمدەبێتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە كە شەپۆلەكە لە شێوەی بەفر و بارانبارینە و لەناوچە شاخاویەكان بەفرێكی زۆر دەبارێت و پلەكانی گەرماش بەشێوەیەكی بەرچاو نزم دەبنەوە.
هاوڵاتی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، كۆبوونەوەی ساڵانەی كۆمیتەی ناوەندیی بەڕێوەبرد و ئەنجامەكەی بڵاوكردەوە، دەشڵێت:" كات كاتی ئازادكردنی جەستەیی ڕێبەر ئۆجەلانە". ئەمڕۆ سێشەممە 1ی شوباتی 2022، پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای دەكات كۆبوونەوەی ساڵانەی كۆمیتەی ناوەندیی بە بەبەشداریی 27 ئەندام لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا ئەنجامدراوە و بە سەركەوتوویی بەڕێوەچووە. پەكەكە، ڕاشیگەیاند:" لێپرسینەوە و ڕەخنەی قوڵیان سەبارەت بە كارەكانی ساڵی 2021 دەستپێكردووە و لەسەر بەهێزتركردنی هەڵمەتی كات كاتی ئازادییە، كە ئامانجمان ئازادكردنی جەستەیی ڕێبەر ئۆجەلانە".
هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، كۆی گشتی ئەو هەناردە و داهاتانەی لە فرۆشتنی نەوت بۆ یەكەم مانگی ئەمساڵ بەدەستهاتوون گەیشتونەتە زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار كە هەر بەرمیلێك بە 83 دۆلارو 24 سەنت فرۆشراوە. ئەمڕۆ سێشەممە 1ی شوباتی 2022 وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایداهاتووە، بەگوێرەی ئامارەكانی یەكەم مانگی ساڵی ٢٠٢٢ كە لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆ بۆ بەبازاڕكردنی نەوتی عێراقی بڵاوكراوەتەوە، رێژەی نەوتی خاوی هەناردەكراو 99 ملیۆن و 286 هەزار و 78 بەرمیل نەوت بووە و داهاتەكەشی هەشت ملیار و 27 ملیۆن دۆلار بووە. هەروەها ئەوەی خستۆتەروو كۆی بڕی نەوتی خاوی هەناردەكراو بۆ مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بڕی 96 ملیۆن و 430 هەزار و 596 بەرمیل بووە و لە كێڵگەكانی كەركوك كە لەرێگەی بەندەری جیهانەوە هەناردەكردراوە دوو ملیۆن و 545 هەزارو 656 بەرمیل بووە. هەروەها رێژەی نەوتی هەناردەكراوی رۆژانە زیاتر بووە لە سێ ملیۆن و 203 هەزار بەرمیل و نرخی هەر بەرمیلێكیش 83 دۆلار و 24 سەنت فرۆشراوە.
هاوڵاتی هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە داوا لە گەنجانی کورد لەتورکیا دەکات لە قوتابخانەکاندا وانەی زمانی کوردی هەڵبژێرن. رۆژی دووشەممە 31ی کانوونی دووەمی 2022 سەلاحەدین دەمیرتاش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر تویتێكی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند:" سڵاو گەنجانی بەهادار؛ وەک دەزانن وادەی دەستنیشانکردنی وانەی بژاردە تاوەکو 7ی شوبات درێژکراوەتەوە. تکایە لە قوتابخانەکاندا زمانی دایکتان هەڵبژێرن؛ کرمانجی هەڵبژێرن، زازاکی هەڵبژێرن". کەمپەینی پاڵپشتی لە هەڵبژاردنی وانەی زمانی کوردی لە باکووری کوردستان و تورکیا بەردەوامە. تەنیا یەک هەفتە ماوە لەبەردەم گەنجانی پۆلەکانی 5-6-7 و 8 بۆ هەڵبژاردنی وانەی بژاردە. لە ساڵی 2012ـەوە لە تورکیا و باکووری کوردستان زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێت، بەڵام بە هۆکاری جیاواز پرۆسەکە بە فەرمیش نەبێ، بە کردەیی راگیراوە. لە 3ی کانوونی دووەمی 2022 ـەوە ناونووسین بۆ دەستنیشانکردنی وانەی بژاردە دەستیپێکردووە؛ وادەکە رۆژی 21ی کانوونی دووەم کۆتایی دەهات، بەڵام وەزارەتی پەروەردەی تورکیا رۆژی پێنجشەممە 20ی کانوونی دووەم رایگەیاند، بەهۆی نالەباری کەشوهەوا، قوتابیان ناتوانن بچنە قوتابخانە، بەوهۆیەوە و لەسەر ئەو داواکارییانەش کە ئاراستەیان کراوە، بڕیاریان داوە وادەی دەستنیشانکردنی وانەی بژاردە تاوەکو رۆژی 7ی شوباتی داهاتوو درێژبکەنەوە. فۆڕمی خوێندن بەزمانی بژاردە لە قوتابخانەکان پڕ دەکرێنەوە و بەشێک لە قوتابخانەکانیش بەشێوەی ئۆنلاین فۆڕمەکانیان خستوەتە بەردەستی باوانی قوتابیان. بەگوێرەی سیستەمی خوێندنیش لە وانەی بژاردە، ئەگەر 10 قوتابی داوای خوێندن بە هەر زمانێکی بژاردە بکەن، پۆلێکی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە. هەرچەندە واژۆی باوانی قوتابی زیاد بکات، هێندەی دیکە پۆلی خوێندنیان بۆ دەکرێتەوە.
هاوڵاتی ئهنجومهنى نوێنهرانى عێراق ناوى كاندیدهكانى پۆستى سهرۆك كۆمارى ڕایگەیاند و بە پێی لیستەكە لەناو 25 كاندیدەكەدا 10 كاندیدیان كوردن و لەگەڵ ئەوەی كاندیدێكی ژن هەبوو بەهۆی كەمی تەمەنییەوە دورخرایەوە. بهگوێرهى ئهو ڕاگهیهنراوهى ئهنجومهنى نوێنهران ئاماژه بهوهكراوه، تائێستا 25 كهس ناوى خۆى تۆماركردوه بۆ پۆستى سهرۆك كۆمارى عێراق. ڕێزبهندى ناوهكان بهمشێوهیهیه: 1- خالید سدیق عەزیز محەمەد 2- فەیسەڵ موحسین عەبود ئەل-کلابی 3- شەهاب ئەحمەد عەبدوڵا ئەل-نەعیمی 4- حسێن ئەحمەد هاشم ئەل-سافی 5- ئەحمەد موح عمران ئەل-رەبیعی 6- ئەحمەد یەحیا جاسم جوەید ئەل-ساعدی 7- سەباح ساڵح سەعید 8- کازم خەزیر عەباس داوغنە 9- رزگار محەمەد ئەمین حەمە سەعید 10- گەلاوێژ عەلی ئەمین بیرە 11- لوئەی عەبد ئەل٠ساحب عەبد ئەل-وەهاب ئەل موحسین 12- تێبوار ئەورەحمان وەستا ساڵح 13- حەمزە بریسم سجیل ئەل-مەعموری 14- هۆشیار مەحمود محەمەد مستەفا زێباری 15- حسین موحسن علوان الحسنی 16- عهبدولهتیف محهمهد جهمال ڕهشید شێخ محهمهد 17- عومهر صادق مستهفا مهجید العبدلی 18- بهرههم ئهحمهد حاجى ساڵح ئهحمهد 19- پائر غانم محهمهد عهلی بكتش عوسمان 20- ئیقبال عهبدوڵڵا ئهمین فهتلاوی 21- خدیجه خدا یخش ئهسهد قلاوس 22- جهبار حسن جاسم 23- هادی عهبدلوحسێن سدام الفریجی 24- ڕهعد خچیر دفاك صایل 25- ئومێد عهبدولسهلام قادر تهها پاڵانى
هاوڵاتی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاندوە:" ئەگەری هەیە لەهەر ئانوساتێکدابێت، ڕوسیا پەلاماری خاکی ئۆکرانیا بدات". ئەمڕۆ دووشهممه 31ی کانوونی دووەمی 2022، جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵیی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی وتویەتی:" ئەگەر بێتو ڕوسیا پەلاماری ئۆکرانیا بدات، ئەوە ئیدارەی بایدن سزای ئەووتۆی بەسەردا دەسەپێنێت کە پێشتر بەخۆیەوە نەبینینێت". کێربی ڕونیشیکردۆتەوە: "هەرچەندە پڕۆسەی پەلاماردانی خاکی ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە ڕەنگە لەهەر ئانوساتێکدابێت ڕوبدات، بەڵام جەختیشی کردۆتەوە کە بابەتەکە سەرلەبەری دەکەوێتەسەر ئەوەی ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆکی ڕوسیا دەیەوێت چی بکات". وتەبێژی پنتاگۆن ئاماژەی بەوەکردوە، ڕوسیا بەردەوامە لەمۆڵدانی هێزە سەربازییەکانی لەسەر سنوری ئۆکرانیاو هەڕەشەکردن لەو وڵاتە، بەڵام باسی لەوەشکردوە، هێشتا بوار لەبەردەم ڕێگای دیبلۆماسییانە بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە هەیە. دوێنێ یهكشهممه، دیمیترۆ کۆلیبا وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا لەتویتێکدا داوای لەڕوسیا کردوه، پابەندی ڕێگا دیبلۆماسییەکان بێتو هێزەکانی لەسەر سنوری وڵاتەکەی بکیشێتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە وڵاتە ڕۆژئاواییەکان دەڵێن مۆسکۆ زیاتر لە 100 هەزار سەربازیی بەدرێژایی سنوری ئۆکرانیا بڵاوەپێکردوە. لەبەرامبەردا ڕوسیا ڕەتیدەکاتەوە، جوڵە سەربازییەکانی بۆ هەڕەشەکردن بێت لەهیچ لایەک، بەڵام داواشدەکات مەترسییە ئەمنییەکانی لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە لەبەرچاو بگیرێت، بەتایبەت هاوپەیمانی ناتۆ بەڵێنی ئەوەبدات کە چیتر بەرەو سنورەکانی ڕوسیا ناکشێتو وڵاتانی ناوچەکە ناخاتە ناو هاوپەیمانێتییەکەوە.
هاوڵاتی دەستەی لێپێچینەوە و دادپەروەری بۆ سەرۆکایەتی کۆمار ڕایگەیاند:" 26 كاندید لە دەستەکەدا پەسەندراون بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار". ئەمڕۆ دووشهممه 31ی کانوونی دووەمی 2022، دەستەی لێپێچینەوە و دادپەروەری بۆ سەرۆکایەتی کۆمار ڕایگەیاند:" 26 كاندید لە دەستەکەدا پەسەندراون بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار". هەروەها دەستەی لێپێچینەوە و دادپەروەریی بۆ سەرۆکایەتی کۆمار ئەوەشی خستەڕوو، لیستی كاندید مان بۆ بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان ڕەوانە کردووە. هەروەها باسی لەوەش کردووە، یەکێک لە كاندیدەکان کەیسی لێپێچینەوەی لە دەستەکەمان هەیە.
هاوڵاتی رێبەری رەوتی سەدر لە عێراق رایگەیاند: " پێشوازیش لە گفتوگۆکردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی دەکەین". ئەمڕۆ دووشهممه 31ی کانوونی دووەمی 2022، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە و رایگەیاند: " "تیرۆر و تووندوتیژی دژی گەل و هاوبەشەکان رابگرن؛ هێشتا لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانیداین؛ پێشوازیش لە گفتوگۆکردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی دەکەین". ئەو تویتەی رێبەری رەوتی سەدر دوای نزیکەی یەک کاژێر هات لە کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکانی عێراق، کە ئەمڕۆ لە شاری نەجەف بەڕێوەچوو، بۆ تاوتوێکردنی چارەسەرکردنی کێشە و کۆسپەکانی پێشی پرۆسەی سیاسی و پێکهێنانی حکومەتی عێراق لە رۆشنایی دەستپێشخەریی سەرۆک مەسعود بارزانی کە ئەمڕۆ بۆ ئەو مەبەستە رایگەیاند. ئەمە لە کاتێکدایە رێبەری رەوتی سەدر ڤیتۆی لەسەر بەشداریکردنی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانییەکە لە حکومەتی نوێ و دەسەڵات لە عێراق داناوە؛ ئەو هەڵوێستەش ناکۆکیی زۆری لەنێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی دروستکردووە. چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێکهاتووە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانیی فەتح و چەند لایەنێکی دیکەی شیعە کە پێکەوە نزیکەی 75 کورسییان لە پەرلەمانی عێراق هەیە.
هاوڵاتی عەلی قەرەداغی رایگەیاند: " داوا لەسەرجەم پیاوان و ژنانی مسوڵمان دەکەم لەئاستی خێزانەکانیان و کۆمەڵگاکانیان خۆیان لە ستەمکاری بپارێزن و پشتیوانی ستەمکاری نەکەن". ئەمڕۆ دووشهممه 31ی کانوونی دووەمی 2022، عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەکێتی زانایانی مسوڵمان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، داوا لەسەرجەم پیاوان و ژنانی مسوڵمان دەکات لەئاستی خێزانەکانیان و کۆمەڵگاکانیان خۆیان لە ستەمکاری بپارێزن و پشتیوانی ستەمکاری نەکەن. ئەمینداری گشتی یەکێتی زانایانی مسوڵمان جەختی لەوەكردەوە:" پێویستە هەموان خۆیان رزگاربکەن لە هەمو جۆرە ستەمکردنێک، "وەک شێخ محەمەد عەبدەش دەڵێت: هەر هێزێک ملکەچی دادپەروەری نەبێت چارەنوسی لەناوچونە".
هاوڵاتی سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدەم رایگەیاند: "سەردەمی دەستوەردانی دەرەکی لە پێکهێنانی حکومەتەکانی عێراقدا بەسەرچوو؛ ئەمڕۆش چیاکان و بیابانەکانی عێراق بەرەو نەجەفی پیرۆز دەڕۆن بۆ دانوستاندن سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتێکی عێراقی نیشتمانی". لەسەر پێشنیازی مسعود بارزانی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی گەیشتە نەجەف بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ موقتەدا سەدر؛ هاوکات هەردوو سەرکردەی سوننە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سەروەریی سوننەکان چوونە نەجەف بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ رێبەری رەوتی سەدر. محەممەد حەلبووسی لەگەڵ گەیشتنی بۆ شاری نەجەف لە هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاند: "سەردەمی دەستوەردانی دەرەکی لە پێکهێنانی حکومەتەکانی عێراقدا بەسەرچوو؛ ئەمڕۆش چیاکان و بیابانەکانی عێراق بەرەو نەجەفی پیرۆز دەڕۆن بۆ دانوستاندن سەبارەت بە حکومەتێکی عێراقی بەتەواوەتی نیشتمانی بێت، نە رۆژهەڵاتی بێت نە رۆژئاوایی".
هاوڵاتی وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" ناچاربون ئەمپێرەکانی کارەبای نیشتیمانی لە 40 ئەمپێرەوە بۆ 30 ئەمپێر کەم بکەنەوە و ئەو بڕیارەش تا کۆتایی مانگی داهاتو بەردەوام دەبێت بەو ڕێگەیەش کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە حەوت کاتژمێرەوە بۆ 10 کاتژمێر زیادیکردوە". کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" لەئیستادا بەرهەمهێنانی کارەبا لەکوردستان 3700 مێگاواتە و لەماوەی رابردودا بەهۆی هاتنی شەپۆلی سەرما و پێدانی کارەبای زیاتر بە هاوڵاتیان، ناچاربون ئەمپێرەکانی کارەبای نیشتیمانی لە 40 ئەمپێرەوە بۆ 30 ئەمپێر کەم بکەنەوە و ئەو بڕیارەش تا کۆتایی مانگی داهاتو بەردەوام دەبێت بەو ڕێگەیەش کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە حەوت کاتژمێرەوە بۆ 10 کاتژمێر زیادیکردوە". وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، دانانی پێوەری زیرەک کاریگەری بەرچاوی هەبوە لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی کارەبا، بەجۆرێک بەهۆی بڕیاری کەمکردنەوەی ئەمپێرەکانی کارەبا. وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردوە، بونی هەڵە لە پێوەری زیرەک ژمارەیەکی کەمە و لەناو زیاتر لە یەک ملیۆن هاوبەشی کارەبادا، بابەتێکی ئاساییە کە چەند هەڵەیەک هەبێت و ئەوانیش هەڵەی تەکنیکین و چارەسەرکراون.
هاوڵاتی ئەمڕۆ سەركردایەتی یەكێتی كۆدەبنەوە و بەرهەم ساڵح ئامادەی كۆبونەوەكە دەبێت تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكەش پرسی سەرۆک کۆمار دەبێت. وا بڕیار بوو دوێنێ یەكشەممە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆببنەوە، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبونی بەرهەم ساڵح وەك تاكە كاندیدی یەكێتی بۆ دوبارە بونەوەی بە سەرۆك كۆماری عێراق كۆبونەوەكە دواخرا. كۆبوونەوەكە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی دەكرێت. تاوەكو ئێستا یەكێتی سوورە لەسەر هێشتنەوەی بەرهەم ساڵح وەكو تاكە كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، لە بەرامبەریشدا پارتی هۆشیار زێباریی كاندید كردووە. بڕیارە رۆژی 7ی شوبات پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە سەرۆك كۆمار كۆببێتەوە، تاوەكو ئێستاش یەكێتی و پارتی هەریەكەیان كاندیدی خۆیان بۆ ئەو پۆستە هەیە.
هاوڵاتی مسعود بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند:" دەستپێشخەرییەکی سیاسیم خستووەتەڕوو و "پێشنیازم كردووە نێچیرڤان بارزانی و محەممەد حەلبووسی سەردانی سەماحەتی سەید موقتەدا سەدر بكەن." ئەمڕۆ دووشهممه 31ی کانوونی دووەمی 2022، مسعود بارزانی پەیامێکی بۆ رای گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی سیاسیی عێراق بڵاوکردەوە و دەڵێت "لەپێناو چارەسەری گیروگرفتەكان و رەخساندنی كەشێكی گونجاو و باش بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق، دەستپێشخەرییەكی سیاسیم خستووەتەڕوو." لە پەیامەکەدا بارزانی دەشڵێت "لە چوارچێوەی ئەم دەستپێشخەرییەدا پێشنیازم كردووە بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و محەممەد حەلبووسی سەردانی سەماحەتی سەید موقتەدا سەدر بكەن و لەسەر چۆنیێتیی بەردەوامبوونی پڕۆسەی سیاسی و نەهێشتنی كۆسپ و گرفتەكان راوێژ بكەن." لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا مسعود بارزانی هیوادارە ئەم دەستپێشخەرییە ئەنجامی ئیجابی هەبێت و "لە بەرژەوەندیی عێراق و هەموو پێكهاتەكانیدا بێت." دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان لەپێناو چارەسەری گیروگرفتەكان و ڕەخساندنی كەشێكی گونجاو و باش بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق، دەستپێشخەرییەكی سیاسیم خستووەتەڕوو. لە چوارچێوەی ئەم دەستپێشخەرییەدا پێشنیارم كردووە بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و محەمەد حەلبووسی سەردانی سەماحەتی سەید موقتەدا سەدر بكەن و، لەسەر چۆنیەتیی بەردەوامبوونی پڕۆسەی سیاسی و نەهێشتنی كۆسپ و گرفتەكان ڕاوێژ بكەن. هیوادارم ئەم دەستپێشخەرییە ئەنجامی ئیجابی هەبێت و لە بەرژەوەندیی عێراق و هەموو پێكهاتەكانیدا بێت. مسعود بارزانی ٣١ـی كانوونی دووەمی ٢٠٢٢
هاوڵاتی ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نووسینێکی بەناونیشانی"كوردی نەزانەكانی پەرلەمانی عێراق"، بڵاوکردەوە و رایگەیاند: " زۆربەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، عەرەبییەكەیان پرتەپرت دەكات و سەیر ئەوەیە زمانی كوردیش نازانن". ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ی کانوونی دووەمی 2022، مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسینێکی بەناونیشانی"كوردی نەزانەكانی پەرلەمانی عێراق"، بڵاوکردووەتەوە، تێیدا دەڵێت: "زۆربەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، عەرەبییەكەیان پرتەپرت دەكات و سەیر ئەوەیە زمانی كوردیش نازانن". مەلا بەختیار هەروەها نووسیویەتی: ". بۆ نموونە: لە تابلۆی پەرلەماندا نووسراوە.. (الدورة النیابیة الخامسة)، ئەمە بەمشێوەیە وەرگێڕدراوە: (خولی پەرلەمانیی پێنجەم)، لەكاتێكدا دەبێت بنووسرێ: (پێنجەمین خولی پەرلەمان) پێنجەكە بۆ خولەكەیە.. نەك بۆ پەرلەمان". نووسینەکەی مەلا بەختیار، لەکاتێکدایە رۆژی 09-01-2022، لە یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵبژێردران و پەرلەمانتارانیش سوێندی یاساییان خوارد. لەهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021، لایەنە کوردستانییەکان 63 کورسییان لەکۆی 329 کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەستهێنا، لە خوولەکانی رابردوو گرتەی ڤیدیۆیی قسەکردنی هەندێک پەرلەمانتاری کورد لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە، کە تێیدا رەخنە لە ئاستی قسەکردنیان بە زمانی عەرەبی گیرابوو.
شاناز حەسەن ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند:" خواست بۆ کارەبا لە ئێستادا بۆ (٧٠٠٠ مێگاوات) بەرزبووەتەوە، وەزارەتی کارەباش تەنها ( ٣٥٠٠ مێگاوات) لە کارەبای بەرهەمهاتوو دەداتە هاووڵاتیانو (٧٠٠ مێگاوات) یش دەفرۆشێت بە پارێزگاکانی دەرەوەی هەرێم! ئەمەش پەیوەندی تەنها بە فرۆشتنی وێستگەکان و کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى کارەباوە نییە، بەڵکو لەو فرۆشتنە بێجگە لە وێستگەکانی کارەبا حکومەتیش بڕێک پارەی دەست دەکەوێت!. عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:" فرۆشتنی کارەبا لە کارگەیەک کە لە هەرێمی کوردستانو بە گازی سروشتی کوردستان کار دەکات بە پارێزگاکانی دەرەوەی هەرێم لە کاتێکدایە کە کارەبای هاووڵاتیان لە پارێزگاکانی هەرێم بۆ پێنج سەعات لە شەو و ڕۆژێکدا کەمبووەتەوە لەم دۆخەدا کە پلەکانی گەرما زۆر دابەزیونو هاووڵاتیان پێویستیان بە گەرمکەرەوە هەیە". عومەر گوڵپی ئەنجامی بەدواداچوونێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "فرۆشتنی کارەبا بە دەرەوەی هەرێم لەکاتێکدا خەڵکی هەرێمی کوردستان پێویستی زۆریان پێیەتی سیاسەتێکی چەوتە، پێویستە ئەم سیاسەتە ڕابگیرێتو ئەولەویەتی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و وەزارەتی کارەباو حکومەتی هەرێم خەڵکی کوردستان بێت، بەرپرسیاری ژیانو پێویستی هاووڵاتیان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمەو پێویستە بچێتە ژێرباری ئەو بەرپرسیارێتیەو بەرپرسیاریەتی هاووڵاتیانی شارەکانی تری عێراق بۆ حکومەتی بەغدا بەجێبهێڵێت، کردارى ڕاستیش ئەوەیە کە سوتەمەنى زیاتر بدرێتە وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەباو هەموو کارەبایەکى بەرهەمهاتووش لەهەرێم لەهەر کەرتێک تەرخان بکرێت بۆ خەڵکى کوردستان و پێویستى شارەکان". دەقی بەدواداچوونەکە:.. بەدواداچوون: هەرێمی کوردستان کە خۆی کارەبای پێویستە، بۆچی کارەبا بە پارێزگاکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەفرۆشێت؟ نهێنی ئەو فرۆشتنە چیە؟ خواست بۆ کارەبا لە ئێستادا بۆ (٧٠٠٠ مێگاوات) بەرزبووەتەوە، وەزارەتی کارەباش تەنها ( ٣٥٠٠ مێگاوات) لە کارەبای بەرهەمهاتوو دەداتە هاووڵاتیانو (٧٠٠ مێگاوات)یش دەفرۆشێت بە پارێزگاکانی دەرەوەی هەرێم! ئەمەش پەیوەندی تەنها بە فرۆشتنی وێستەگەکان و کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى کارەباوە نییە، بەڵکو لەو فرۆشتنە بێجگە لە وێستگەکانی کارەبا حکومەتیش بڕێک پارەی دەست دەکەوێت! هەردوو پرۆژەی (وێستگەی كارەبای چەمچەماڵ و بازیان، وێستگەی هەولێر/ خورمەڵە و سیمێڵ) کە بە گازی سروشتی کار دەکەن، بە دوو قۆناغ کارەبا بەرهەمدەهێنن، قۆناغی یەکەمیان ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی سوتاندنی گازەکەوە، قۆناغی دووەمیان لە ڕێگەی سودوەرگرتن لە دووکەڵو گەرمی تۆڕباینی وێستگەکانەوە کە بەهۆی سوتاندنی گازەوە لە قۆناغی یەکەمی بەرهەمهێنانی کارەبا بەرهەمدێت، لە جۆری یەکەمیاندا بۆ هەر یەکەیەک وەزارەتی کارەبا بڕی (سێ سەنت) دەدات بە کۆمپانیاکان، لە جۆری دووەمیاندا کە دەدرێتە پارێزگاکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە (شەش سەنت) دەفرۆشرێت، لەو بڕەیە (چوار سەنت)ی بۆ کۆمپانیاکان خۆیانەو (دوو سەنت)یشی بۆ وەزارەتی کارەباو حکومەتی هەرێمە، واتە بابەتەکە تەنها ئەوە نییە کە حکومەت قەرزاری کارگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبایەو ڕێگەیان ئەدا کارەبا بفرۆشن تا دۆخی داراییان باش بکەن وەک بەرپرسانی حکومەت دەیڵێن، نەخێر، بەڵکو لە فرۆشتنی هەر یەکەیەک کارەبا حکومەت بڕێک پارەی دەست دەکەوێت! ئەمەش پاڵنەری ڕاستەفینەی فرۆشتنی کارەبایە بە پارێزگاکانی دەرەوەی هەرێم! فرۆشتنی کارەبا لە کارگەیەک کە لە هەرێمی کوردستانو بە گازی سروشتی کوردستان کار دەکات بە پارێزگاکانی دەرەوەی هەرێم لە کاتێکدایە کە کارەبای هاووڵاتیان لە پارێزگاکانی هەرێم بۆ پێنج سەعات لە شەووڕۆژێکدا کەمبووەتەوە لەم دۆخەدا کە پلەکانی گەرما زۆر دبەزیونو هاووڵاتیان پێویستیان بە گەرمکەرەوە هەیە! فرۆشتنی کارەبا بە دەرەوەی هەرێم لەکاتێکدا خەڵکی هەرێمی کوردستان پێویستی زۆریان پێیەتی سیاسەتێکی چەوتە، پێویستە ئەم سیاسەتە ڕابگیرێتو ئەولەویەتی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و وەزارەتی کارەباو حکومەتی هەرێم خەڵکی کوردستان بێت، بەرپرسیاری ژیانو پێویستی هاووڵاتیان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمەو پێویستە بچێتە ژێرباری ئەو بەرپرسیارێتیەو بەرپرسیاریەتی هاووڵاتیانی شارەکانی تری عێراق بۆ حکومەتی بەغدا بەجێبهێڵێت، کردارى ڕاستیش ئەوەیە کە سوتەمەنى زیاتر بدرێتە وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەباو هەموو کارەبایەکى بەرهەمهاتووش لەهەرێم لەهەر کەرتێک تەرخان بکرێت بۆ خەڵکى کوردستان و پێویستى شارەکان. هەموو ئەمانە زنجیرەیەک بەدواداچوونن کە رێکاری پەرلەمانیمان بۆ گرتوونەتەبەر، بەردەوامیش دەبین. عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ٣٠ی ١ی ٢٠٢٢