هاوڵاتى  وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم لە نووسراوێكی فەرمیدا كەواژۆی ساسان عەونی لەسەرە رۆژی 6ی شوباتی 2022 بڕیاریداوە بە گواستنەوەی راژەی توانا كەمال لەسەرۆكی شارەوانی بۆ نووسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم. هەروەها بڕیاریاندا بە دانانی لەیلا عومەر، وەك سەرۆكی شارەوانی سلێمانی و گواستنەوەی راژەكەی لە جێگری پارێزگاری سلێمانی/ وەزارەتی ناوخۆ بۆ سەر وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار. دیاری كردنی لەیلا عومەر وەك ژنێك بە سەرۆكی شارەوانی سلێمانی پاش بوونی پەنجا پیاو دێت كە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانیان كردووە. لەیلا عومەر عەلی  لەدایكبووی 1975  كەسایەتییەكی سیاسی و ئەندامی یەدەگی   ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.  لە 28ی تەمموزی 2020 وەك جێگری پارێزگای سلێمانی دیاریكراو لە 31 كانوونی دووەمی 2021 دەستبەكار بووەو یەكەمین ژن بووە لەمێژووی شارەكە ئەو پۆستە وەربگرێت. لەیلا عومەر دوای تەواوكردنی قۆناغەكانی بنەڕەتی و ئامادەیی، لەكۆلێژی یاسای زانكۆی سەڵاحەدین درێژە بەخویندن دەدات و ساڵی 1996 بڕوانامە لەبواری یاسا بەدەستدەهێنێت.  لەبەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرەی رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی لەساڵی 1997 دامەزراوە، لەساڵی 2000 بووە جێگری هەمان بەڕێوەبەرایەتی. هەروەها لەساڵی 2005 بووە بەڕێوەبەرو دوای بەشداری كردنی لەسیاسەت بووە ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی و لەچوارەمین كۆنگرەی یەكێتی بووەتە ئەندامی  یەدەگی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی. لەیلا عومەر پاش پەنجا سەرۆک شارەوانی دەبێتە یەکەم ژن وەک سەرۆکی شارەوانی لەمێژووی دروستبوونی سلێمانیدا. پێنج سەرۆك شارەوانی پیاو كە لەساڵی 2000 تا 6ی شوباتی 2022 پۆستی سەرۆكی شارەوانییان هەبووە * حاكم قادر حەمەجان  2ی نیسانی 2000 تا 2007 * عومەر مەحوی 16ی نیسانی 2007 تا 2010 * خەسرەو كەمال 19ی كانونی دووەمی 2010 تا 31ی كانونی دووەمی 2013 * یوسف یاسین لە 31 كانونی دووەمی 2013 تا 2018 * توانا كەمال 26ی ئابی 2018 تا 6ی شوباتی 2022  

  هاوڵاتى  دەستەی وەبەرهێنان ڕایگەیاند:" داوا له‌ هاووڵاتییانی خۆشه‌ویست ده‌كه‌ین، خۆیان بەدووربگرن له‌ كڕینی و فرۆشتنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبووه‌كان". دەستەی وەبەرهێنان لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "داوا له‌ هاووڵاتییانی خۆشه‌ویست ده‌كه‌ین، خۆیان بەدووربگرن له‌ كڕینی و فرۆشتنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبووه‌كان، ئه‌وانه‌ی تاوەکو ئێستا مۆڵه‌تیان لە دەستەکەمان وه‌رنه‌گرتووه‌ و مامەڵەى پرۆژەکانیان لە قۆناغى راییکردندان". ئەو کەسانەی بەنیازی کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون، دەستەی وەبەرهێنان داوایان لێدەکات، "پێویستە پێش کڕینى یەکەکەکان سەردانى  فەرمانگەکانى وەبەرهێنان لە شار و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن بە مەبەستى دڵنیابوون".  

هاوڵاتى بافڵ تاڵه‌بانى ڕایگەیاند:" کەرکوک‌و کەرکوکییەکان وەک وتومانە ھێڵی سورەو سازش لەیەک بستی خاکی خۆمان ناکەی". ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی شوباتی 2022، بافڵ تاڵه‌بانى له‌په‌یامێكدا به‌بۆنه‌ى ساڵڕۆژى مورافه‌عه‌كه‌ى جه‌لال تاڵه‌بانى سه‌رۆكى كۆچكردوى عێراق په‌یامێكى له‌باره‌ى كوردستانیبونى كه‌ركوكه‌وه‌ بڵاوكردۆته‌وه‌و جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "کەرکوک‌و کەرکوکییەکان وەک وتومانە ھێڵی سورەو سازش لەیەک بستی خاکی خۆمان ناکەین کە بەخوێن کوردستانیبونمان دوپاتکردەوە"، قوباد تاڵه‌بانیش ده‌ڵێت:"كه‌رکوک لەدیدی سەرۆک مام جەلال‌و یەکێتیدا، مەسەلەیەکی گرنگی ستراتیژییەو سازشی لەسەرناکرێت، ئێمەش ھەمان ڕوئیامان ھەیە". بافڵ تاڵه‌بانى هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى لەپەیامێکدا نوسیویەتى:"18 ساڵ لەمەوبەر سەرۆک مام جەلال، یەکەمین بەردی بناغەی خەباتی یاسایی، دەستوریی‌و مێژویی کوردستانییبونی کەرکوک‌و ناوچە دابڕێندراوەکانی لەمێژوی عێراقی نوێی پڕ ململانێ‌و کێشمەکێشی سیاسی داناو بەپشتبەستن بەبەڵگەو نەخشەی مێژویی، کوردستانیبونی کەرکوکی سەلماند". تاڵه‌بانى له‌باره‌ى كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌ڵێت:"کەرکوک بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان‌و ئێمەش بەشێکی دانەبڕاوە لەخەباتی بەردەواممان‌و خۆمان بەخاوەنی ڕاستەقینەی کەرکوک دەزانین، چۆن باوک‌و باپیرانمان جێیان نەھێشت‌و قوربانییان بۆداوە، ئێمەش جێی ناھێڵین‌و پارێزگاری لەکوردبونمان‌و پێکەوەژیانی ھەموو نەتەوەو پێکھاتەو ئاینزاکان دەکەین". جه‌ختیشیكردۆته‌وه‌ : "ئاشتی کۆمەڵایەتی لەوشارە لەپێشینەی کارەکانمان دەبێت، ئەمڕۆش لەپاڵ ڕاپەڕاندنی ئەرکە نەتەوەیی‌و نیشتمانییەکان، خەممان خەمی ژیان‌و ئارامی خەڵکی کەرکوک دەبێت". بافڵ تاڵه‌بانى ده‌شڵێت:"کەرکوک‌و کەرکوکییەکان وەک وتومانە ھێڵی سورەو سازش لەیەک بستی خاکی خۆمان ناکەین کە بەخوێن کوردستانیبونیمان دوپاتکردەوە". لەلایەکى دیکەشەوە قوباد تاڵەبانى له‌په‌یامێكدا نوسیویەتى:"كه‌رکوک لەدیدی سەرۆک مام جەلال‌و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، مەسەلەیەکی گرنگی ستراتیژییەو سازشی لەسەرناکرێت، ئێمەش ھەمان ڕوئیامان ھەیەو دەبێت لەو چوارچێوەیە‌شدا بەپلانێکی نیشتمانییانەوەو دور لەموزایەدە، کار بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئاڵۆزی ئێستای کەرکوک‌و ناوچە‌ جێناكۆكە‌كانی تر بكە‌ین".  ئه‌وه‌شى به‌بیرهێناوه‌ته‌وه‌، "مام ھیچ بوارێکی نەھێشتەوە بۆ نکوڵیکردن لەو حەقیقەتە، ھەر ئەمەش بوە فاکتەرێکی سەرەکی چەسپاندنی مادەی 58 لە قانونی ئیدارەی کاتیی دەوڵەت‌و دواتریش مادەی 140 لەدەستوری ھەمیشەیی عێراقدا".  

شاناز حەسەن هێشتا بكوژانی نەقیب محەمەد لەتیف دەستگیرنەكراون و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەڵێت:» بكوژانی نەقیب محەمەد سنوری هەرێمی كوردستانیان بڕیوە و لەئێستادا لەدەرەوەی وڵاتن». شەوی شەممە (4ی كانونی یەكەمی 2021) لەشاری سلێمانی داواكراوێك رووبەڕووی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان بووەوەو لەئەنجامدا ئەفسەرێك شەهید كراو چوار پۆلیسی دیكەش برینداربوون، بەڕێوەبەری توندوتیژی دژی ژنان لەسلێمانیش دەڵێت، داواكراوەكە هەڵهاتووە و تائێستا دەستگیرنەكراوە. ئاڵا لەتیف، برای نەقیب محەمەد لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» هەر لەسەرەتای كەیسەكەوە وەك كەیسێكی حكومی سەیرمان كردووە كەئیشی جددی لەسەر بكات». ناوبراو باسی لەوەشكرد كە تائێستا بەفەرمی پێیان نەوتراوە كە بكوژانی نەقیب محەمەد سنورەكانی هەرێمی كوردستانیان تێپەڕاندووە، بەڵكو تەنها وتوویانە»گومانیان هەیە لەدەرەوەی هەرێم بن». خوشكی نەقیب محەمەد دەشڵێت:» پرسیارمان هەیە ئەو تاوانبارانە دەسەڵاتیان چۆن هەبووەو توانیویانە سنورەكانی هەرێم ببڕن و خۆیان دەرباز بكەن لەكاتێكدا ئێمە متمانەمان بە ئیمكانییەتی دەزگای ئەمنی و ئاسایش  هەیە كە بێ پشت و پەنا دەربازیان بووە. «حكومەت لە كەیسی زۆر توندترو خامزتر بتوانن كەیسەكان بدۆزنەوە، كە تێوەگلاون كە دەموچاوەكان دیارە دامودەزگاكان دواكەوتن بۆ ئەوەی ناوی تاوانبارەكان ئاشكرا بكەن، بەڵام ئێمە بەئارامی چاوەڕێی ئەوەین دامودەزگا حكومییەكان كاری خۆیان بكەن، حكومەت كاری لەسەر بكات و كەیسەكە كەیسێكی خێزانی نییە، بەڵكو كەیسی حكومەتە»، ئاڵا لەتیف وا دەڵێت. هاوكات خوشكی نەقیب محەمەد جەختی لەوەشكردەوە كە بێدەنگ بوون لێی پرسیاری جددی دروست دەكات لەسەلامەتی و ئاسایشی هاووڵاتیان، لەكاتێكدا هێرشكردنە بۆ سەر كارمەندێكی ئەمنی لەناو ئوتومبێلی پۆلیس لەگەڵ چوار كەسی دیكە كە برینداربوون و  وەرەقەی دادوەریان پێبووە، وتیشی:»ناكرێت تاوانباران قوتار ببن لەیاسا، وەك وتمان ئێمە چاوەڕێی هەوڵەكانی دەزگا ئەمنییەكان و وەزارەتی ناوخۆین كە تاوانباران دەستگیربكەن». بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەڵێت:» لەئێستادا لێكۆڵینەوەو بەدواداچوون بەردەوامەو بۆ دەستگیركردنیان پەیوەندیمان بەپۆلیسی ئینتەرپۆڵەوە كردووە». سەركەوت عومەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەهاوڵاتى وت:» بكوژانی نەقیب محەمەد سنوری هەرێمی كوردستانیان بڕیوە و لەئێستادا لەدەرەوەی وڵاتن». هەروەها وتیشی:» لەئێستادا لێكۆڵینەوەو بەدواداچوون بەردەوامە و بۆ دەستگیركردنیان پەیوەندیمان بەپۆلیسی ئینتەرپۆڵەوە كردووەو زانیاری پێویستمان پێداون بۆ هاوكاریكردنمان». هاوكات، مقەدەم  هیوا كەریم، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» لەئێستادا كەیسەكە لەدەستی ئاسایشی سلێمانیدایە و بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ دەستگیركردنی بكوژەكە». مقەدەم  هیوا كەریم ئەوەشی دووپاتكردەوە كە» ئاسایش زۆر بەباشی بەدەم كەیسەكەوە دێن و كاری لەسەر دەكەن».

هاوڵاتى وەزیری دەرەوەی تورکیا  ڕایگەیاند:" تورکیا بەردەوامدەبێت لەئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆسەر ئەو هێزە کوردیە". وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد، مەولود چاوش ئۆغڵوی وەزیری دەرەوەی تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکنی هاوتا ئەمریکییەکەی ئەنجامداوەو تێیدا باسیان لەدوایین پێشهاتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و هەڵکشانی ئاستی گرژییە سەربازییەکان لەناوچەکەدا کردوە. لەبەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا هاتوە، هەردولا گفتوگۆیان لەسەر دوایین پێشهاتەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کردوەو ئۆغڵو ئاماژەی بەهێرشە سەربازییەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بۆسەر هێزەکانیان‌و کەسانی مەدەنیی لەناوچەکەدا کردوە، جگەلەوەی جەختی لەوەکردۆتەوە، تورکیا بەردەوامدەبێت لەئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆسەر ئەو هێزە کوردیە.  تورکیا لەڕێگای تۆپبارانکردن‌و بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، ڕۆژانە هێرشدەکاتەسەر ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژئاوای کوردستان‌و کەسانی مەدەنی‌و سەرکردە سەربازییەکانی سەر بەهەسەدە بەئامانج دەگرێت.

هاوڵاتى پارتی دیموكراتی كوردستان فوئاد حوسێن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید دەكات هاوشان لەگەڵ كاندیدبوونی هۆشیار زێباری لەپێناو بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار سەرەڕای ئەوەی كە بەرهەم ساڵح تاكە كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە بۆ ئەو پۆستە. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتى، كە لەبەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستی كەوتووە، دادگای فیدراڵی عێراق رۆژی پێنجشەممە یان رۆژی یەكشەممە رەزامەندی لەسەر پرسی كاندیدبووونی هۆشیار زێباری یەكلاییدەكاتەوە كە هاوكاتە لەگەڵ داخستنی ناو تۆماركردن كە ماوەی سێ رۆژی دیكە دیاری كراوە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار. كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەسەر داواكاری هاوپەیمانی نێوان (موقتەدا سەدر، محەمەد حەلبوسی، مەسعود بارزانی)دا بووەو فوئاد حوسێن وەك كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ناوی خۆی تۆمار بكات. ساڵی 2018 یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەرهەم ساڵح-ی كاندید كرد بۆ پۆستی سەرۆك كۆمارو پارتی دیموكراتی كوردستانیش فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی ئێستای عێراق، لە خولی یەكەمدا بەرهەم ساڵح دەنگی زۆرینەی نەهێنا، بەڵام لەخولی دووەمی دەنگداندا بووە سەرۆك كۆماری عێراق. هەریەك لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان خەریكی لۆبی كردنن بۆ كاندیدەكانیان و گفتوگۆی چڕ لەبەغدا لەنێوان لایەنەكاندا بوونی هەیەو زەمینەسازیی ئەنجامدراوە بۆ كۆبوونەوەی وەفدی باڵای یەكێتی و پارتی تا لەسەر پرسی كاندیدی سەرۆك كۆمار بگەنە رێككەوتن تا ئەوەی لە 2018 روویدا دووبارە نەبێتەوەو كاندیدێك هەبێت كە رەزامەندی هەردوو لایەنەكەی لەسەر بێت. یەكێتی نیشتمانی كوردستان سوورە لەسەر كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری ئێستای عێراق، لەئێستاشدا گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەنێوان بەرپرسانی یەكێتی و پارتی دەستی پێكردووەو زەمینەسازی دەكرێت بۆ كۆبوونەوەیەك تا پرسی سەرۆك كۆمار یەكلابكرێتەوە. بەرپرسێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە نەیویست ناوی بهێندرێت بۆ هاوڵاتى ئەوەی دووپاتكردەوە كە تاكە كاندیدی یەكێتی كە لەكۆبوونەوەی سەركردایەتی هەموو ئەندامان دەنگیان پێداوە (دكتۆر بەرهەم ساڵح)ەو هیچ كاندیدێكی دیكە پێشنیاز نەكراوەو یەكێتی لەهەوڵدایە لەگەڵ دۆستەكانی لەبەغداو بەتایبەت لەگەڵ پارتی بگاتە رێككەوتن، وتیشی:» لەئێستادا گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ بوونی هەیە لەنێوان یەكێتی و پارتیداو زەمینەسازی دەكرێت بۆ كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی هەردوولا تا پرسی سەرۆك كۆمار یەكلایبكرێتەوە». هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە یەكێتی بە ئیستحقاقی خۆی دەزانێت پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێت لەبەر ئەوەی رێككەوتن لەنێوان یەكێتی و پارتی پێشتر ئەنجامدراوە كە پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ پارتی بێت و پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت. لەلایەكی دیكەوەهاوڵاتى پەیوەندی بە دوو بەرپرسی پارتییەوە كرد ئەوەیان بۆ هاوڵاتى ئاشكراكرد كە سەرەڕای ئەوەی كە هۆشیار زێباری كاندیدی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەڵام دوای كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ ماوەی سێ رۆژی دیكە، پارتی لە گفتوگۆدایە لەگەڵ موقتەدا سەدرو سوننەكان كە فوئاد حوسێن كاندید دەكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار. دەربارەی ناوهێنانی فازڵ میرانی، بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، یەكێك لەبەرپرسانی پارتی ئەوەیان خستەڕوو كە فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتییەو یەكێكە لە ستونەكانی پارتی، سەركردایەتی پارتی ناتوانێت بەئاسانی دەستبەرداری فازڵ میرانی ببێت. هاوكات ئەوەشی باسكرد كە دادگای فیدراڵی دادگایەكی بێلایەن نییەو نزیكە لەكۆماری ئیسلامی ئێران و ئەجێندای نوری مالكی جێبەجێ دەكات، وشیار زێباری كەیسەكەی سیاسییە نەك یاسایی كە چەند پەرلەمانتارێكی یەكێتی سكاڵایان گەیاندووەتە ئەو دادگایە. لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەیەكی باڵای ناو پارتی جەختی لەوەكردەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمجارە لەگەڵ هاوپەیمانەكانی كە موقتەدا سەدرو محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەرە لە سوننەكان كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار سەردەخەن، وتیشی:» ئەگەر بڵێن هۆشیار زێباری دادگای فیدراڵی بڵێن ناتوانێت كاندید بێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەوە دڵنیابن لەوەی كە  جارێكی دیكە بەرهەم ساڵح نابێتەوە بەسەرۆك كۆمارو پارتی دەیەوێت كاندیدی خۆی سەربخات «.

  هاوڵاتى وەزارەتی کارەبای هەرێم ڕایگەیاند:" لە مانگی داهاتووەوە بڕی ئەمپێرەكانی پێوەری زیرەك لە 30 ئەمپێرەوە بۆ 40 ئەمپێر زیاد دەكرێتەوە". ئەمڕۆ سێشەممە 8ی شوباتی 2022، لە ڕاگەیاندراوێکدا وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ژمارەیەک بڕیاریانداوە کە بریتیین لە بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای ئیدارە سەربەخۆکانی نوێی سۆران، ڕاپەڕین و زاخۆ بە وەزارەتی کارەباوە دەبەسترێنەوە و لە سەرەتای مانگی ئازارەوە، (40) ئەمپێر کارەبا بە هاوبەشانی کارەبا دەدرێتەوە. ئەوەش هاتووە، ''کار بە سیستەمی ئەلکترۆنی و  ماڵپەڕی پسوڵە (pswla.com) دەکرێت و لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان جێبەجێ دەکرێت.'' هاوکات باس لەوەشکراوە، ''بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کارەبای شارەکان و ئیدارە سەربەخۆکان بەرپرسن بۆ بەدواداچوون و نەهێشتنی سەرپێچی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران، بۆ ئەم مەبەستە سیستەمی پێوەری زیرەک، سەرجەم سەرپێچیەکانی دیاری کردووە.'' ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، ''پێویستە تەواوی هاوبەشانی کارەبا، پێوەری زیرەکیان هەبێت، لە سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆژەی پێوەری زیرەک (1,480,000) هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان هەبوون، بەڵام ئێستا بۆ (1,800,000) هاوبەش بەرزبووەتەوە.''

هاوڵاتى  پەرلەمانی عێراق  دەرگای خۆبەر کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کردەوە و دەڵێت، لە رۆژی چوارشەممەوە دەستپێدەکات و سێ رۆژ دەخایێنێت. ئەمڕۆ سێشەممە فەرمانگەی کاروباری پەرلەمان لە ئەمنیدارێتی گشتی پەرلەمانی عیراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بەھۆی کۆتایی ھاتنی کاتی دەستووری ھەڵبژاردنی پۆستی سەرۆک کۆمار جارێکی تر دەرگای خۆکاندیدیکردنی کردەوە. لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، بە پشتبەستن بە یاسایی ژمارە 8ی ساڵی 2012 بۆ جارێکی دیکە دەرگای خۆپاڵاوتنی کردەوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار. دەشڵێت، وادەی کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 9ی 2ی 2022 دەستپێدەکات و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت. ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ دانیشتنی پەرلەمان بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عیراق بە هۆکاری بایکۆت کردنییەوە لەلایەن رەوتی سەدر و پارتی و سوننە وچوارچێوەی هەماهەنگییەوە پەکی کەوت و نەتوانرا ساز بکرێت. پێشتریش بەهۆکاری تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر هۆشیار زێباری کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لەسەر دۆسیەی گەندەڵی و خراپی ناوبانگییەوە، دادگای فیدڕاڵی عیراق سەرجەم رێکارەکانی هەڵبژاردنی زێباری بەشێوەیەکی کاتی راگرت و بەهۆیەوە فراکسیۆنە گەورەکانی پەرلەمان بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانیان کرد.

هاوڵاتى ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا ماوەی یەک کاتژمێریک  بەربزین‌و گەروەزین‌و بێجوانی بۆردومانكردو  ئێستاش فڕۆکەكان بەئاسمانی دەڤەرەکەدا دەسوڕێنەوە. ئەمڕۆ سێشەممە لەدوای کاتژمێر 10ى به‌یانى، فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا هەریەک لەکوێستانی بەربزین‌و گەروەزین‌و بێجوانی بۆردومانكردو ماوەی یەک کاتژمێریش فڕۆکەكان بەئاسمانی دەڤەرەکەدا سوڕاونەته‌وە. بۆردومانەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبوە، چونکە  ئه‌و شوێنانەی بۆردومانکراون دورن لەگوندو ئاواییەکان.  

هاوڵاتى قایمقامیەتی سلێمانی رەتی دەکاتەوە باخی گشتی سلێمانی بکرێتە پڕۆژەی بازرگانی و دەڵێت:"  رێگەش بەوەنادرێت ئەم شوێنە گرنگ و مێژوویەی شار بکرێتە ئامانج یان زیانی پێ بگەیەندێت".  ئەمڕۆ سێشەممە 8ی شوباتی 2022، قایمقامیەتی سلێمانی راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و  و ڕایگەیاند:" بەتوندی دەنگۆی کردنی باخی گشتی سلێمانی بە پڕۆژەی بازرگانی رەتی دەکاتەوە و ھەموو لایەک دڵنیادەکاتەوە بەھیچ شێوەیەک ھیچ ھەوڵێک لەم رووە لە ئارادا نییەو رێگەش بەوەنادرێت ئەم شوێنە گرنگ و مێژوویەی شار بکرێتە ئامانج یان زیانی پێ بگەیەندێت، بەنیگەرانیشەوە لە ھەموو ئەو دەنگۆیانە دەڕوانین". لەبەشێكی دیكەی راگەیاندراوەكەدا دەڵێت:" لێرەوە بە رای گشتی و ھەموو لایەکی رادەگەیەنین تا ئەو کاتەی دڵسۆزانی ئەم شارە مابن باخی گشتی و سەرجەم شوێنە گرنگ و مێژوویەکانی سلێمانی وەک ناسنامەی سلێمانی و خەڵکەکەی ھەر بە پارێزراوی دەمێنێتەوە". دەقی راگەیاندراوەكەی قایمقامیەتی سلێمانی قائیمقامیەتی سلێمانی رەتی دەکاتەوە باخی گشتی سلێمانی بکرێتە پڕۆژەی بازرگانی روونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی لە بارەی باخی گشتی سلێمانی ھاوڵاتیانی شاری ھەڵمەت و قوربانی و دڵسۆزان و خەمخۆرانی پایتەختی رۆشنبیری قائیمقامیەتی سلێمانی بەتوندی دەنگۆی کردنی باخی گشتی سلێمانی بە پڕۆژەی بازرگانی رەتی دەکاتەوە و ھەموو لایەک دڵنیادەکاتەوە بەھیچ شێوەیەک ھیچ ھەوڵێک لەم رووە لە ئارادا نییەو رێگەش بەوەنادرێت ئەم شوێنە گرنگ و مێژوویەی شار بکرێتە ئامانج یان زیانی پێ بگەیەندێت، بەنیگەرانیشەوە لە ھەموو ئەو دەنگۆیانە دەڕوانین. باخی گشتی سلێمانی کە لە ساڵی 1937 دروست کراوە دێرینترین و گرنگترین باخەکانی ئەم شارەیە ، بەشێکی گرێدراوە لەگەڵ مێژووی شارستانی سلێمانی و یادەوەری خەڵکەکەی، لەبەر دەیان ھۆکاری دیکە رێگەنادرێت ئەم سیما جوان و دیارەی شار لە ناوببرێت یان زیانی پێ بگەیەندرێت، لێرەوە بە رای گشتی و ھەموو لایەکی رادەگەیەنین تا ئەو کاتەی دڵسۆزانی ئەم شارە مابن باخی گشتی و سەرجەم شوێنە گرنگ و مێژوویەکانی سلێمانی وەک ناسنامەی سلێمانی و خەڵکەکەی ھەر بە پارێزراوی دەمێنێتەوە. راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی  

هاوڵاتى وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی کردووە بۆ راکێشانی بۆڕییەکی 36 ئینجی لە کێڵگەی گازی کۆرمۆرەوە بۆ هەولێر و بۆڕییەکی دیکەی 52 ئینجیش لە هەولێرەوە بۆ دهۆک. بەوپێیەش تەنیا 35 کیلۆمەتر دەمێنێت تاوەکو بۆڕی گازی سرووشتیی هەرێمی کوردستان بگاتە سنووری نێوان تورکیا". بەپێی ماڵپەڕی "ئیراک ئۆیل ریپۆرت" وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە مانگی 12 ی ساڵی 2021 گرێبەستێکی کردووە لەگەڵ  کارگرووپ بۆ راکێشانی بۆڕییەکی 36 ئینجی لە کێڵگەی گازی کۆرمۆرەوە بۆ هەولێر و بۆڕییەکی دیکەی 52 ئینجیش لە هەولێرەوە بۆ دهۆک. بەوپێیەش تەنیا 35 کیلۆمەتر دەمێنێت تاوەکو بۆڕی گازی سرووشتیی هەرێمی کوردستان بگاتە سنووری نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان. بەپێی گرێبەستەكەش ماوەیەكە  دامەزراندنی ئەو بۆرییانە دەستی پێکردووە، پێشبنینی دەکرێت لە ماوەی 16 مانگدا تەواوبکرێت. ئەمەش لەكاتێكدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2013 دا رێککەوتنێکی بۆ هەناردەکردنی گازی سرووشتیی لەگەڵ تورکیا واژۆکرد، بەڵام هێرشی داعش لە ساڵی 2014 دا و بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بووە هۆی ئەوەی کە کیڵگە گازییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی پێویست پەرەیان پێنەدرێت.  

هاوڵاتى ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید، په‌رله‌مانتاری كورد له‌ خولی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق رایگەیاند:" هاوكێشه‌كانی به‌رده‌م پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا بێت". ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید، په‌رله‌مانتاری كورد له‌ خولی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق له‌ نوسینێكدا كه‌ به‌ناونیشیانی "رەنگە بنەمای گەمەکە (قواعد اللعبه‌)بگۆڕێت؟؟" له‌ لاپه‌ڕه‌ی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید ده‌لێت: "چوارچێوەی هەماهەنگی دوای کۆبونەوەی لەگەڵ ئیسماعیل قائانی سەقفی داخوازیەکانیان بەرز کردوەتەوەو ده‌ڵێن هەردوو پۆستی سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار دەبێت بەڕێکكەوتن بێت". به‌وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ی خولی پێشوی په‌رله‌مان، ڕەنگە ئه‌م داواكارییانه‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ببێتەهۆی ئەوەی موقته‌دا سه‌در، رابه‌ری ره‌وتی سه‌در بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوون بدات . له‌ كۆتاییشدا ده‌ڵێت:"ڕەنگە هاوپەیمانی چوار قۆڵی درزی تێبکەوێت و لێک هەڵوەشێتەوە، به‌وه‌ش پرۆسەی سیاسی بەرەو چەقبەستویی زیاتر دەروات ."

هاوڵاتى ئەمڕۆ وەزیری دارایی هاتە سلێمانی و سەردانی دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخى کرد و رایگەیاند:" هەوڵی چارەسەرکردنی كێشەكانی خاوی دابەشکردنی موچە دەدەین". ئەمڕۆ دووشەممە 7ی شوباتی 2022، وەزارەتی دارایى هەرێم لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردووە، "ئامانجى سەردانەکەى وەزیرى دارایى بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوونە لە چۆنیەتى بەڕێوەچونى رێکارەکان و تاوتوێکردنى میکانیزمى زیادکردنى جوڵەى بازرگانى و زیادکردنى داهات لەو دەروازە سنورییە." باسی لەوەشکردووە: "ئەم سەردانە بە ئامانجى باش راییکردنى کاروبارى هاوڵاتییان و تاوتوێکردنى کێشە و ئاڵنگارییەکانى بەردەم دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و چارەسەرکردنیانە."  لەکاتێکدا تەواوی موچەی فەرمانبەران پێویستی بە نزیکەی ٩٠٠ ملیار دینارە، بەڵام حکومەت مانگانە چاوی لە ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدایە و بەو بیانووەوە دابەشکردنی موچە دوادەکەوێت و لەکاتی خۆیدا دابەشناکرێت.

 هاوڵاتى ئاژانسی ڕۆیتەرز لەسەر زاری ڕاوێژکارێکی ئاسایشی نیشتیمانیی کۆشکی سپییەوە رایگەیاند:" بەم نزیکانە ڕوسیا هێرش دەکاتە سەر ئۆکرانیا، بەڵام هێشتاش ئەمریکا و هاوپەیمانانی هەڵبژاردەی ڕێککەوتنی دیپلۆماسیی دەخەنە بەردەم مۆسکۆوە.  ئەمڕۆ دووشەممە 7ی شوباتی 2022، جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی کۆشکی سپی، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، "جەنگ لەم چەند ڕۆژەدا، یاخوود لەم چەند هەفتەیەدا ڕوودەدات، بەڵام دەرگای گفتوگۆی دیپلۆماسیی دانەخراوە".  لە درێژەی قسەکانیشیدا وتی، "ئەگەر جەنگ ڕووبدات، ئەوا خەسارەیەکی گەورەی مرۆیی لە ئۆکرانیا ڕوودەدات؛ بەڵام ئێمە بڕوامان وایە و بەپێی ئەو ئامادەکارییانەی بۆ وەڵامدانەوە دەمان بێت، ڕووسیا باجێکی ئێجگار گەورە دەدات".  تا ئێستاش ڕێککەوتنی دێپلۆماسیی دەرگایەکی کراوەیە؛ وڵاتانی ئەوروپاش هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک دەدەن؛ بۆ ئەم مەبەستەش ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، ئەمڕۆ دووشەممە سەردانی ڕووسیا دەکات و لەگەڵ هاوتا ڕووسییەکەی کە ڤڵادیمێر پوتینە، کۆدەبێتەوە؛ سبەی سێشەممە 8ی شوباتی 2022، سەردانی ئۆکرانیاش دەکات و چاوی بە سەرۆکی ئۆکرانیاش دەکەوێت.

هاوڵاتى په‌رله‌مانتارێكی عێراق رایگه‌یاند: " موقته‌دا سه‌در داوای‌ له‌ نێچیرڤان كردوه‌  خۆی‌ بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار كاندید بكات. مەشعان جبوری، په‌رله‌مانتارو كه‌سایه‌تی‌ ناسراوی‌ عێراق له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا رایگه‌یاند: "ئەگەر دادگای فیدراڵی هۆشیار زێباری رەتبکاتەوە، ئەگەر هەیە پارتی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ یان فوئاد حسێن کاندیدبکات، چونکە موقتەدا سەدر بەفەرمی‌ داوای لە نێچیرڤان بارزانی‌ کردوە خۆی کاندید بکات". جبوری ده‌شڵێت: "لەسبەینێوە جارێکی دەرگای خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی‌ سەرۆک کۆمار دەکرێتەوە، بۆیە پێویستە پارتی‌ کاندیدی یەدەگی هەبێت، چونکە ئەگەر هەیە کێشەیەک بۆ کاندیدبونەکەی‌ هۆشیار زێباری دروستبێت". پێشتر لەکاتی‌ سەردانەکەی‌ بۆ لای موقتەدا سەدر، سەدر بەفەرمی‌ داوای لەنێچیرڤان بارزانی‌ کردوە خۆی کاندیدبکات، به‌ڵام نێچیرڤانی‌ بارزانی‌ تائێستا ره‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ نیشان نه‌داوه‌.  موقتەدا سەدر، زیاتر لەژێر کاریگەری‌ لایەنگرانی‌ خۆیدایە، بۆیە پرسی‌ بە پارتی‌‌ و سیادە نەکردوە کە بایکۆتی‌ کۆبونەوەی‌ پەرلەمان بکات، بەڵام سەدر بەبارزانی‌ راگەیاندوە، کە پابەندی هەموو ئەو شتانەیە کە بەیەکەوە لەسەری‌ رێککەوتون. له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ی‌ سه‌درو نێچیرڤان بارزانیشدا، سەدر پێیوابوە کە هۆشیار زێباری کێشەی یاسایی هەیە، بۆیە وتویه‌تی‌، تا دادگای فیدراڵی ئەو پرسە یەکلایی دەکاتەوە بایکۆتی‌ دانیشتنی‌ پەرلەمان دەکات. هاوكات عەرەفات کەرەم، په‌رله‌مانتاری‌ خولی‌ پێشوی‌ پارتی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ی‌، هیچ کێشەیەک لەسەر کاندیدبونی‌ هۆشیار زێباری نییە، وتوشیه‌تی‌:"کاندیدی‌ ئێمە هەر هۆشیار زێبارییەو نایگۆڕین‌ و سورین لەسەر کاندیدکردنی‌ زێباری، چونکە ئەوە تەنها کاندیدی پارتی‌ نییە، بەڵکو کاندیدی‌ هاوپەیمانێتی‌ ئێمە و سەدر و سیادەیە".