هاوڵاتی لەبارەی كوشتنی دوو مامۆستاكەی زانكۆی سەڵاحەدین، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی دەڵێت:" دەبێت وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەكان، هەموو رێكارێكی پێویست بگرنەبەر بۆ بنبڕكردنی چەكی بێ مۆڵەت و رووبەڕووبوونەوەی تاوانباران و خراپەكاران لە هەر پلە و ئاستێكدا بن." ئەمڕۆ سێشەممە 28ی حوزەیرانی 2022، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی لەبارەی رووداوی كوژرانی دوو مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدین بڵاوكردەوە و دەڵێت"زۆر خەمبارم بە شەهیدبوونی د. كاوان ئیسماعیل و د. ئیدریس حەمەخان، لەدەستدانی ئەو دوو مامۆستا بەڕێزە، كارەساتێكی دڵتەزێنە. پرسە و سەرەخۆشی لە كەسوكار و بنەماڵە بەڕێزەكانیان و لە خۆمانیش دەكەم و هاوبەشی خەمیانم". هەروەها سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە كردووە، وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەكان، توانییان لە ماوەیەكی كەمدا، تاوانبار دەستگیربكەن و رادەستی یاسای بكەن، بۆئەوەی بە سزای یاسایی خۆی بگات. هاوكات، مەسرور بارزانی جەختی لەوە كردووەتەوە كە" دەبێت وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەكان، هەموو رێكارێكی پێویست بگرنەبەر بۆ بنبڕكردنی چەكی بێ مۆڵەت و رووبەڕووبوونەوەی تاوانباران و خراپەكاران لە هەر پلە و ئاستێكدا بن."
هاوڵاتی سەرۆكی رەوتی سەدر رایگەیاند:"بە داخەوەم بۆ كاندیدكردنی ئەو سەرۆكە لە رابردوو و لە داهاتووشدا." ئەمڕۆ سێشەممە 28ی حوزەیرانی 2022، موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر لە تویتێكدا رایگەیاند:"شەرمە بۆ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق واژووی لەسەر یاسای قەدەغەكردنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل نەكردووە." هەروەها نوسویەتی:" شەرمەزارییە بۆ گەلێك سەرۆك كۆمارەكەی ئاسایكەرەوەی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئیسرائیل بێت و كەسایەتییەكی نیشتیمانی نەبێت و لایەنگیری خۆرهەڵات یان خۆرئاوا بێت". هاوكات سەدر ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە"رایدەگەیەنم من بەریم لەم تاوانەی كە كردوویەتی كە بەردەم خودا و گەلی عێراقیدا." و " پەشیمانم لە كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری لە رابردووە و داهاتوودا." پەرلەمانی عێراق بەكۆی دەنگ یاسای قەدەغەكردنی ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی ئیسرائیل دا پەسەند كرد، بەڵام سەرۆك كۆماری عێراق واژۆی لەسەر یاساكە نەكردووە.
هاوڵاتی دوای ئەوەی ئەمڕۆ خوێندكارێك دوو مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدین دەكوژێت، كەمێك لەمەوبەر لەلایەن ئاسایشی هەولێر دەستگیر كراو وێنەكەی لەنێو ئوتومبێل گیراوەو بڵاوكرایەوە. بكوژەكە ناوی (ئ ـ ق)و كوڕی فەرماندەیەكی باڵای "سوپای بارزان"ی پارتی دیموكراتی كوردستانە. بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئاشكرایكرد، بكوژی دوو مامۆستاكەی زانكۆی سەڵاحەدینیان دەستگیركردووەو پارێزگاری هەولێریش تەئكید لەسەر ئەو هەواڵە دەكاتەوە. ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، "تۆمەتباری كوشتنی دوو مامۆستاكەی هەولێر ویستویەتی بچێتە دەرەوەی هەولێرو لەبازگەیەكی ئاسایشی دەوروبەری هەولێر دەستگیركراوە".ئەمڕۆ سێشەمە لەڕوداوێكدا لەكۆلێژی یاسای زانكۆی سەڵاحەدین لەهەولێر، یەكێك لەخوێندكارەكانی بەشی یاسا بەچەك هێرشیكردەسەر حەرەمی زانكۆو لەئەنجامدا (د. كاوان ئیسماعیل) ڕاگری كۆلێژی یاساو دواتریش لەماڵەكەی خۆیدا (د. ئیدریس حەمەخان) مامۆستای كۆلێژی ئەندازیاری هەمان ئەو زانكۆیەی كوشتو یەكێك لەكارمەندانی زانكۆكەشی برینداركردووە.
هاوڵاتی وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم زانیاری لەبارەی خەرجی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست ئاشكرادەكات و داوا لە ئەنجومەنی وەزیران دەكات رێنمایی نوێ دەربكات. بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابوری كە واژۆی ئاوات جەناب نوری لەسەرە و ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كراوە تێیدا هاتووە، بەپێی بەراییەكان، بڕی موچەی گرێبەستەكان لەسەر ئەو بودجانەی بۆیان خەرجدەكرێت جیاكراوەتەوە. هەروەها ئاماژە بەوەكراوە كە لەكۆی گشتی موچەی گرێبەستەكان بەراورد بەو موچەیەی كە فەرمانبەرانی گرێبەست بكرێن بەهەمیشەیی وەریدەگرن بڕی یەك ملیارو 757 ملیۆن و 496 هەزار دینارە.
هاوڵاتی پارێزگاری هەولێر داوا لە تۆمەتبارانی رووداوی كوشتنی مامۆستاكانی زانكۆ دەكات خۆیان رادەستی پۆلیس بكەن. ئەمڕۆ كاتژمێر 8:30 خولەك لەبەردەم كۆلێژی یاسای زانكۆی سەڵاحەدین خوێندكارێك دەستڕێژی گوللـەی لە "كاوان ئیسماعیل" راگری كۆلێژەكە كردووە و لەگەڵ پاسەوانێكی پرسگەی كۆلێژەكە بەسەختی برینداربوون، بەڵام دوای مانەوەی بۆ چەند كاتژمێرێك راگری كۆلێژی سەڵاحەدین گیانی لەدەستدا. سەرەتا خوێندكارەكە تەقەی لە پاسەوانی كۆلێژەكە كردووە كە گولـلە یەك بەر سنگی كەوتووە و دواتر چووەتە ژووری كاوان ئیسماعیل راگری كۆلێژی یاسا و تەقەی لەویش كردووە و سێ گولـلەی بەركەوتووە كە یەكێكیان بەر سەری كەوتووە. لە دوو رۆژی رابردوو كۆلێژی یاسا نمرەی كۆتای داوەتەو بە خوێندكاران، بەهۆكاری ئەوەی خوێندكارەكە لە تاقیكردنەوەكاندا دەرنەچووە، دەمەقاڵە لەنێوان خوێندكارەكە و راگری كۆلێژی یاسادا دروستبووە. دوای بەدوای روداوەكە پارێزگاری هەولێر لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنوسیدا لە بەردەم نەخۆشخانەی ئیمێرجینسی هەولێر رایگەیاند:" دوای ئەوەی كاوان ئیسماعیل راگری كۆلێژی یاسا لە زانكۆی سەڵاحەدین پێنج گولـلەی بەركەوت بە سەختی برینداربووە و نەتوانرا لە نەخۆشخانە ژیانی رزگاربكرێت و گیانی لە دەستدا". هەروەها راشیگەیاند:" داوا لە تۆمەتباردەكەین خۆی رادەستی پۆلیس بكات، چونكە كەسێكی نەناسراونییە لەلای پۆلیسەوە و دەتوانن بیدۆزنەوە و رادەستی دادگای بكەن". پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستەروو كە ئەو خوێندكارەی بەیانی ئەمڕۆ كاوان ئیسماعیل راگری كۆلێژی یاسای بریندار كرد، دوو ساڵ پێش ئێستا لە زانكۆی سۆران خوێندكاری بەشی یاسا بووە و فەسڵ كراوە. " خوێندكارەكە هەوڵیداوە گواستنەوە بكات لە زانكۆی سۆرانەوە بۆ زانكۆی سەڵاحەدین، بەڵام بەهۆكاری ئەوەی كاوان ئیسماعیل راگری كۆلێژی یاسای زانكۆی سەڵەحەدین رازی نەبووە وەری بگرێت كێشەی لەگەڵدا هەبووە و خوێندكارەكە هەڕەشەی لێكردووە"، ئومێد خۆشناو وای وت. كاوان ئیسماعیل لە دادگا سكاڵای لەسەر خوێندكارەكە تۆمار كردووە و بڕیاربووە ئەمڕۆ دانیشتنی دادگای هەبێت، بەڵام لە جیاتی ئەوەی بچێتە دادگا چووەتە سەر ماڵی ئەو مامۆستایەی لە زانكۆی سۆران فەسڵی كردووە، بەڵام بەهۆكاری ئەوەی لە ماڵ نەبووە، دكتۆر ئیدریس عیزەت، كە هاوسەری ئەو مامۆستایەیە، رفاندوویەتی و دواتر كوشتوویەتی. ئیدریس عیززەت دوو كچی هەیە، بەڵام كەسیان لە ماڵ نەبوون كاتێك خوێندكارەكە چووەتە سەر ماڵەكەیان. دوای كوشتنی ئیدریس عیززەت، خوێندكارەكە چووەتە كۆلێژی یاسای زانكۆی سەڵاحەدین، لە ئەنجامدا پاسەوانی كۆلێژەكە و دكتۆر كاوان ئیسماعیل راگری كۆلێژی یاسای بەسەختی برینداركرد و دواتر " كاوان ئیسماعیل"لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
هاوڵاتی كۆبونەوەی ماڵی مام لە نێوان یەكێتیی بەسەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی و چوارچێوەی هەماهەنگی، هاوپەیمانی عەزم بەسەرۆكایەتی موسەننا سامەڕائی و بزوتنەوەی بابلیون بەسەرۆكایەتی رەیان كلدانی كە نزیكەی سێ كاتژمێری خایاند. ئەمشەو دووشەممە 27ی حوزەیرانی 2022 لەڕاگەیەندراوێكدا هاوپەیمانی عەزم بڵاویكردەوە، ئەمشەو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هاوپەیمانی ئیرادە و چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبونەوەیەكی گرنگیان لەماڵی سەرۆك مامجەلال لە بەغدا ئەنجامدا، بۆ تاوتوێكردنی پێشهاتەكانی گۆڕەپانی سیاسی و چارەسەركردنی دۆسیەی پێكهێنانی حكومەت. هەروەها لە بەیاننامەكەدا هاتووە، تاوتوێی دوایین پێشهاتەكانی گۆڕەپانی سیاسی كرا و هەروەها گفتوگۆكرا بۆ چڕكردنەوەی هەوڵەكان بەمەبەستی خێراكردنی پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز كە توانای تێپەڕاندنی هەمو ئەو ئاڵنگاریانەی هەبێت كە وڵات پێیاندا تێدەپەڕێت. هێشتا یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، بەڵام پێشتر هاوڵاتی بڵاویكردەوە كە پێشنیاری ناوی (خەسرەو گوڵ محەمەد) ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كراوە بۆ كاندیدی سەرۆك كۆماری عێراقی و پارتی دیموكراتی كوردستانیش پێی رازییە، هەرچەندە تا ئێستا بە فەرمی كاندیدی یەكێتی تەنها بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری ئێستای عێراقە.
هاوڵاتی جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمان ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە پێش جەژنی قوربان مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان دابەش دەكرێت. هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی و جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمان ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە پێش جەژنی قوربان مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەو فەرمانگەو خانەنشینان و سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم دابەش دەكرێت.
عەمار عەزیز سبەینێ سێشەممە گەورەترین گۆڕی بەكۆمەڵی ئێزدییەكان لە شەنگال هەڵدەدەرێتەوە كە بەدەستی رێكخراوی تیرۆرستی داعش كوژراون و چاوەڕوان دەكرێت سەدان كەسی تێدا بدۆزرێتەوە. بڕیارە سبەینێ 28ی حوزەیرانی 2022، یەكێك لەگەورەترین گوڕی بە كۆمەڵ لە شنگال هەڵبدرێتەوە. خەیری عەلی، بەڕێوەبەری رێكخراوی ئێزیدی بۆ بە دۆكیۆمێنتكردنی بەڵگەنامەكان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت"رۆژی28ی ئەم مانگە یەكێك لەگەورەترین گۆڕی بە كۆمەڵ لە شنگال هەڵدەدرێتەوە،كە پێی دەڵێن گوڕی بە كۆمەڵی( قنێ)كە دەكەوێتە سنوری قەزاكەوە" ناوبراو وتیشی:" گۆڕە بەكۆمەڵەكە لەلایەن دەزگای شەهیدان وفەرمانگەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی بەغدا هەڵدەدرێتەوە، كە نزیكەی هەشت ساڵە كەسوكاری قوربانیان چاوەرێی هەڵدانەوەی گۆڕەكانن تا ئێسك و پروسی كەسوكاری خۆیان بدۆزنەوە كە لەسەردەمی داعش كوژراون" یەكەم گوڕی بە كۆمەڵ لە15ی ئازاری2019لە گوندی كۆجۆ هەڵدرایەوە و 17گۆڕ لەكۆجۆ هەڵدراونەتەوە كە لە پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان چەند قۆناغێكی تێپەراندووە تا ئێستا زیاتر لە60گۆڕی دیكە ماون و هەڵنەدراونەتەوە. دوای ئەوەی رێكخراوی تیرۆرستی داعش پارێزگای موسڵی داگیر كرد، دوابەدوای ئەوە رووی كردە شەنگال و سەرەرای داگیركردنی هەزاران ئێزیدی كوشت و ژن و منداڵەكانی گواستنەوە بۆ موسڵ و تەلەعفەرو دواتر ئەوەی خۆی رزگار كرد گەڕانەوە بۆ نێو كەسوكاریان و ئەوانی دیكە تا ئێستا بێسەروشوێنن.
هاوڵاتی لە ناوچەكانی زاپ و خواكورك، ئاڤاشین و مەتینا 26 سەربازی دیكەی تورك كوژراون و لە بادینان سوپاكەی ئەردۆغان لە"ترسی گەریلا" شوێن بەخۆیان ناگرن. ئەمڕۆ 27ی حوزەیرانی 2022، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە كە گەریلاكانی ئازادی كوردستان بە شێوەیەكی فیدایی شەڕ دەكەن و گورزی دژوار لە سوپای توركی داگیركەر دەوەشێنن و تووشی ترس و تۆقاندن بونەتەوە بەهۆی فیداییەكانی گەریلاوە. دەقی راگەیەندراوی هەپەگە: لە ئەنجامی ئەو چالاكیانەدا كە هێزەكانمان بە گیانی جەنگاوەری ئاپۆیی ئەنجامیاندا، ٢٦ داگیركەر سزادران، سیستمێكی كامێرای حەراری، خێمەیەكی سەربازی و سەنگەرێك تێكشكێنران، سیستمێكی كامێرای حەراریش دەستی بەسەردا گیرا. لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕی هەڵۆكانی زاگرۆس لە هەرێمی خواكورك لە ماوەی ڕۆژانی ٢٣ ٢ ٢٤ و ٢٦ی مانگدا چەند چالاكیەك ئەنجامدراوە كە تیایدا ٧ داگیركەر سزادران و كامێرایەكی حەراری دەستی بەسەردا گیراوە و دانەیەكی دیكەش لەناو برا. لەچوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕی هەڵۆكانی زاگرۆس لە هەرێمی ئاڤاشین لە دوو چالاكیدا لە ڕۆژانی ٢٥ و ٢٦ مانگدا شەش داگیركەر سزادران. لە هەڵمەتی شۆڕشگێڕی هەڵۆكانی زاگرۆس لە هەرێمی زاپ لە ڕۆژانی ٢٥ و ٢٦ ی مانگدا شەش داگیركەر سزادران و لە هەڵمەتی شۆڕشگێڕی شەهید شاڤاش مەرعەشی جەنگی خابوردالە ڕۆژانی ٢٦ و ٢٧ی مانگدا ٦ داگیركەری دیكە سزادران. داگیركەران لە ٢٥و ٢٦ی حوزەیراندا گۆڕەپانەكانی بەرخودانی شەهید بەرخودان و ئەشكەوتی برینداران ٢٤ جار بە چەكی كیمیایی و تەقەمەنی بۆردومان كرد.
هاوڵاتی سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند كەسوورن لەسەر ئەنجامدانی "ئۆپەراسیۆنێكی نوێی سەربازی لە باكووری سووریا لەپێناو پاراستنی ئاسایشی سنوورەكەمان". رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند:"لەگەڵ تەواوكردنی كەموكوڕییەكانی ناوچەی ئارام، ئۆپەراسیۆنی نوێی سەربازی لە باكووری سووریا دەست پێدەكەین". ئەمە چەندینجارە ئەردۆغان و بەرپرسانی دیكەی باڵای ئەو وڵاتە هەڕەشە دەكەن بۆ ئەنجامدانی داگركارییەكانیان لە رۆژئاوای كوردستان. مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە ئەوان شەڕخواز نین و ئەوە توركیایە ئەوەی دەوێت، بەڵام بەرگری لە خاكی رۆژئاڤای كوردستان(باكورو رۆژهەڵاتی سوریا) دەكەین.
هاوڵاتی كۆمپانیایەكی دیكەی بواری نەوتی ئەمریكا پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ڕاگەیاند و لە هەرێمی كوردستان كشایەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی حوزەیرانی 2022ن بەپێی نووسراوێكی كۆمپانیای (شلمبجیر)ی ئەمریكی، كە ئاراستەی وەزارەتی نەوتی عێراقی كردووە، پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی عێراقەوە ڕاگەیاندووە و لە هەرێمی كوردستان كشایەوە. كۆمپانیای (شلمبجیر)ی ئەمریكی لە بواری خزمەتگوزاریی نەوتی هەرێمی كوردستاندا كار دەكات و بڕیاریداوە سەرجەم كارەكانی لە هەرێمی كوردستان ڕابگرێت. پێشتریش كۆمپانیای (بەیكەر هیوز)ی ئەمریكی كە لەبواری خزمەتگوزاری نەوتی هەرێمدا كاری دەكرد، پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە ڕاگەیاند و لە هەرێمی كوردستان كشایەوە. لە 7ی حوزەیرانی 2022وەزارەتی نەوتی عێراق لیژنەیەكی باڵای پێكهێنا بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نەوتی هەرێم و داوای لەو كۆمپانیا نەوتییەكان كرد، كارەكانیان لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان ڕابگرن، چونكە پێچەوانەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییە. لەبەرانبەردا حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە چارەسەری ئەو پرسە بەپپێی دەستور دەبێت و ئامادەنین پابەند بن بە بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی تایبەت بە دۆسیەی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان.
هاوڵاتی سەركردەیەكی سەر بەهاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتیی نوری مالیكی تۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ ئەمریكا دەداتە پاڵ مستەفا كازمیی سەرۆك وەزیرانی عێراق، دەشڵێت:"كازمیی ڕۆڵی هەبووە لەتیرۆركردنی قاسم سولەیمانیو ئەبو مەهدی موهەندیس". ئەمڕۆ دووشەممە 27ی حوزەیرانی 2022، فازیل كەسسار سەركردەی سەر بەهاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە میدیاكانی عێراقی راگەیاند:"مستەفا كازمیی هیچ لێوەشاوییەكی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات نییە، بەڵام بەهۆی پشتیوانیی ئەمریكییەكان لەو پۆستە دانراوە، جگەلەوەی بەكرێگیراوێتییو كاركردنی بۆ بەرژەوەندیی ئەمریكا ڕوونو ئاشكرابووە". هەروەها ئەوەشی ئاشكرا كرد كە "دەزگای هەواڵگریی عێراق زانیاریی وردی لەسەر قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسدارانو ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی داوەتە ئەمریكییەكان، كە ئەمەش پرۆسەی تیرۆركردنەكەیانی ئاسانكردووە". "كازمی هەر بەوە نەوەستاوە، بەڵكو ژێربەژێر لەگەڵ توركەكانیش پەیوەندیی هەیەو بۆ لەشكركێشییەكانیان بۆ ناو خاكی عێراق ئاسانكارییان بۆ دەكات"، فازیل كەسسار سەركردەی سەر بەهاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا وا دەڵێت. لەماوەی ڕابردوودا كازم حەیدەری پەرلەمانتاری سەر بەهاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، مستەفا كازمی تۆمەتباركرد بەوەی ڕێگریدەكات لێكۆڵینەوە لەدۆسیەی تیرۆركردنی قاسم سولەیمانییو ئەبومەهدی موهەندیس دەستپێبكاتەوە، هەروەك ئۆباڵی تیرۆركردنی ئەو دووكەسەی بەتەواوەتیی خستە ئەستۆی ناوبراو. ئەمە لەكاتێكدایە كە دوێنێ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە سعودییەوە چووە ئێران و لەلایەن ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران پێشوازیەكی گەرمی لێكرا. چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان بە سەرۆكایەتی مالكی دەیانەوێت بە پەلە حكومەت پێكبهێنن و كاندیدی بەهێزیش بۆ ئەو پۆستە نوری مالكییە، بەڵام بەریتانیاو ئەمریكا لەهەوڵدان حەیدەر عەبادی كاندید بكەن.
هاوڵاتی كۆمپانیای دانە غاز ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە بڕیاریانداوە كاركردن بۆ فراوانكردنی كێڵگەی كۆرمۆر رابگرن. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی حوزەیرانی 2022، كۆمپانیای دانەغاز لە راگەیەندراوێكدا ئەوە دەخاتەروو كە " ئەو هێرشە مووشەكیانەی لە چەند رۆژی رابردوودا كرانەسەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر هیچ زیانێكی گیانی و ماددیان نەبووە و بەرهەمهێنانی غازی سروشتی بەشێوەیەكی ئاسایی لەو كێڵگەیە بەردەوامە، بەڵام بڕیارمانداوە كاركردنمان لە پرۆژەی فراوانكردنی كێڵگەی ناوبراو بۆ ماوەیەكی كاتی رابگرین". هەروەها ئاماژە بەوەشكراوە كە " راگرتنی كارەكان لە پرۆژەی فراوانكردنی كێڵگەكە تاوەكو ئەوكاتە دەبێت كە بارودۆخی ئەمنی ناوچەكە ئاسایی دەبێتەوە، هەروەها لەگەڵ حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق هەماهەنگی دەكەین و ناوبراوان پشتیوانی خۆیان دەربڕیووە". " وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ ئەو هێرشانەی لە چەند رۆژی رابردووشدا كرایەسەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك رێككاری گرتووەتەبەر و هێزی سەربازیی زیاتری بۆ پاراستنی كێڵگە و دامەزراوەكانی ناوچەكە ناردووە"، دانەغاز لە راگەیەندراوەكەیدا وا دەڵێن. چەندین جار كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە ناحیەی قادركەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ بە مووشەكی كاتیۆشا هێرشكرایە سەری، بەڵام هێرشەكان هیچ زیانێكی گیانی و ماددییان لێنەكەوتەوە.
هاوڵاتی سەنتەری میترۆ ئیدانەی هێرشكردنە سەر چالاكوان(حەمەی مانگی) دەكات و داوا لە ئاسایشی سلێمانی دەكات لێكۆڵینەوەی جدی لە رووداوەكە بكەن و دەرئەنجامەكەی بۆ رای گشتی بڵاوبكەنەوە. شەوی ڕابردوو لەكاتێكدا (حەمەی مانگر) بەرەو ماڵی خۆی كەدەكەوێتە گەرەكی سەرچناری شاری سلێمانی دەگەڕایەوە، ئۆتۆمبێلێكی جۆری لاندكرۆزەری ڕەنگ ڕەش كەچەند چەكدارێكی تێدابوو پەلاماری دەدەن. پاش ڕوداوەكە حەمەی مانگر بەسەنتەری میترۆی ڕاگەیاند، كاتێك ئەو چەكدارانە پەلاماریان داوە بە زۆر خراوەت نێو ئۆتۆمبێلەكەیانەوەو بەهەڕەشەوە داوایی پاسۆردی مۆبایلەكەیان لێكردووەو ئەویش پێیداون و چونەتە نێو ئەكاونتەكەی لە فەیسبووك چەند پۆستێكیان سڕیوەتەوە. هەروەها راشیگەیاند:" پاشان بە كەتەر برینداریان كردم و ئێستا زیاتر لە سی شوێنی جەستەم جێ كەتەر و پەلامارەكەی ئەوانە". بەرەبەیانی ئەمرۆ ئاسایشی سلێمانی دەستی بەلێكۆڵینەوە كردوە لەڕوداوەكە و وتەیان لەحەمەی مانگر وەرگرتوە. سەنتەری میترۆ لەكاتێكدا ئەم هێرشە ئیدانەدەكات ، داواش لە ئاسایشی سلێمانی دەكات لێكۆڵینەوە جدی لەڕوداوەكە بكەن ودەرئەنجامەكەی بۆ رای گشتی ڕابگەیەنن ئەوانەی ئەم كارەیان كردوە بدرێنە دادگا و دەربازیان نەبێت لەسزا
هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەسەر هێرشەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوی سنوری چەمچەماڵ لەپارێزگای سلێمانی هاتەدەنگو وتەبێژی ئەو وەزارەتەش دەڵێت:"پشتگیریی لەهاوبەشەكانمان دەكەین لەهەرێمی كوردستان و ئەم هێرشانە بۆ تێكدانی سەقامگیریی ئابووری داڕێژراون". ئەمڕۆ یەكشەممە 26ی حوزەیرانی 2022، لەبەیاننامەیەكدا نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند:"ئەمریكا پشتگیریی لەهاوبەشەكانمان دەكات لەسەركۆنەكردنی هێرشە دوبارەبووەكانی مووشەكیو هاوەن كە ئامانجیان هەرێمی كوردستانە لەوانەش سێ هێرشەكەی چوار ڕۆژی ڕابردووی سەر ژێرخانی نەوتو گاز لەپارێزگای سلێمانی". هەروەها راشیگەیاند:" ئەم هێرشانە بۆ تێكدانی سەقامگیریی ئابووری داڕێژراونو بەهەمان ئەندازە ئەم هێرشانە مەبەستیان تەحەدیكردنی سەروەری عێراقو چاندنی تۆی دووبەرەكیو ترساندنە". هاوكات ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە پێویستە لێكۆڵینەوە لەم هێرشانە بكرێنو ئەوانەی بەرپرسن لەئەنجامدانی ئەم هێرشانە ڕووبەڕووی یاسا بكرێنەوە، دەشڵێت:"ئێمە بەردەوامدەبین لەپشتگیریكردنی خەڵكی عێراقو لەوانەش هاوبەشەكانمان لەهەرێمی كوردستان لەدژی ئەمجۆرە توندوتیژییە قبوڵنەكراوەداو بەردەوامدەبین بۆ دۆزینەوەی هەر دەرفەتێك بۆ پشتگیریكردنی ئاسایشو بەرەوپێشچوونی عێراق". لەچوار ڕۆژی ڕابردوودا سێ هێرشكرایەسەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر لەسنووری چەمچەماڵ لەپارێزگای سلێمانی و كۆمپانیای دانەغازو نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانیان لەكێڵگەكانیدا كردووە.
