هاوڵاتى کۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند:" لە سەرەتای بانگەشەوە تا ئێستا 160 پێشێلکاری تۆمارکراون. جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی عیراقی راگەیاندوه، تا ئێستا 160 پێشێلکاری لەلایەن هاوڵاتییان و کاندیدان ئەنجامدراون و لە نووسینگەکانی کۆمسیۆن تۆمارکراون، هەندێک کاندید دوای ئاگادارکردنەوە پێشێلکارییەکانیان لابردووە. ئهوهشی وتووه، "کۆمسیۆن رێنمایی پێویستی داوەتە کاندیدان، بەکارهێنانی سامانی گشتی و شوێنە گشتییەکان و تابلۆکانی هاتوچۆی قەدەغەکردون و چەندین رێنمایی دیکەی داوە، بەڵام بەشێک لە کاندیدان پابەند نەبوون پێیەوە". وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق باسی لهوهشكردووه: کۆمسیۆن دوو هەزار و 584 بنکەی بۆ هێزە ئەمنییەکان ئامادە کردووە، کە زیاتر لە ملیۆنێک دەنگدەر هەیە، هەروەها 309 بنکە بۆ ئاوارەکان و حەوت بنکە لە گرتووخانەکان ئامادە کراون بۆ دەنگدانی تایبەت، کە بڕیارە 8ی مانگی داهاتوو دوو رۆژ بەر لە دەنگدانی گشتی بەڕێوەبچێت. بڕیاره رۆی 10ی تشرینی یهكهمی 2021، ههڵبژاردنی پێشوهختهی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق بهڕێوهبچێت، لایهنهكانیش بۆ به دهستهێنانی دهنگی زیاتر ململانێكیان چڕكردووهتهوه.
هاوڵاتى ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر پرۆژە یاسای روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و سێ پرسی دیکە دەکات. ئەمڕۆ چوارشهممه 29ی ئهیلوولی 2021، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات. لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ: یەکەم: خستنەڕووی ڕەشنووسی (پەیڕەوی ئەنجومەنی باڵای وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە هەرێمی کوردستان - عێراق). دووەم: خستنەڕووی ڕەشنووسی (پڕۆژە یاسای چەک لە هەرێمی کوردستان - عێراق). سێیەم: خستنەڕووی ڕەشنووسی (پڕۆژەی ستراتیجی نیشتمانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان - عێراق ٢٠٢١ - ٢٠٢٥). چوارەم: خستنەڕووی ڕاسپاردەی دامەزراندنی ئەنجومەنێک بە ناوی (ئەنجومەنی متمانە بەخشین بە ناوەندەکان و پڕۆگرامەکانی خوێندن لە دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان - عێراق) بۆ دانانی ستانداردی گونجاو بۆ چەسپاندنی بنەماکانی متمانە بەخشین بە جۆرێک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ ستانداردی نێودەوڵەتی و دەستەبەری نایابی ئەکادیمی و ئاکامەکانی پڕۆسەی خوێندن و فێرکردن.
هاوڵاتى بافڵ تاڵەبانی، لەمیانی پێشوازییکردنی لەوەفدێكی هەدەپە، “دووپاتی لە سیاسەتی یەکێتی کردەوە بۆ چارەسەرکردنی سیاسیانە و ئاشتیانەی کێشەکان” و ڕایگەیاند :پشتیوانی لەو ھەوڵانە دەکەین کە ئارامی و ئاسایش لەناوچەکە دەچەسپێنێت و گیانی پێکەوەژیان دەبوژێنێتەوە". نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتی ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی سەردانەکەی ئەمڕۆی وەفدێكی هەدەپە بۆ دەباشان بڵاوکردەوە و ناوەڕۆکی دیدارەکەی خستەڕوو. نووسینگەی تاڵەبانی، ڕایگەیاندووە”لە دیدارێکدا شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و ئەمین بابە شێخ و دکتۆر سۆران جەمال تاھیر، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوون، تەئکید لە پەرەپێدان و فراوانکردنی ئاسۆی پەیوەندییەکان لەنێوان لایەنەکان کرایەوە بەئامانجی لێکتێگەیشتن و دۆزینەوەی زمانی ھاوبەش بۆ زاڵبوون بەسەر کێشە و گرفتەکان”. ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە”بوونی بەردەوامیی ڕاوێژ بەفاکتەرێکی بەھێز لە قەڵەمدرا و ڕۆڵی سەرۆک مام جەلال بەگرنگییەوە ئاماژەی پێکرا لەبنیادنانی پەیوەندییەکی باش لەنێوان ھەموواندا”. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە”بافڵ تاڵەبانی دووپاتی لە سیاسەتی یەکێتی کردەوە بۆ چارەسەرکردنی سیاسیانە و ئاشتیانەی کێشەکان” و ڕایگەیاندووە”پشتیوانی لەو ھەوڵانە دەکەین کە ئارامی و ئاسایش لەناوچەکە دەچەسپێنێت و گیانی پێکەوەژیان دەبوژێنێتەوە”. دوەفدی پەرلەمانتارانی هەدەپە کە پێکهاتوون لە مەراڵ دانش بێشتاش و مەحمود تورخول، هاوڕێ لەگەڵ حیکمەت خاتیب، هاوسەرۆکی نوێنەرایەتیی هەدەپە لە باشووری کوردستان، دوو ڕۆژە لە شاری سلێمانیین و سەردانی هەریەک لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە، هەروەها مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجەشیان بەسەر کردەوە.
شاناز حەسەن جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە هاووڵاتیانی سلێمانی ڤاكسین وەرناگرن و بەو هۆیەوە بووینەتە پێشەنگ لەزۆری ژمارەی تووشبوان بەكۆرۆنا لەسەر ئاستی عێراق. وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا بەفەرمی داوای لەمامۆستایان كردووە ڤاكسینی دژە كۆرۆنا وەربگرن بۆ ئەوەی لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دەوام بەرگری گشتی لەناو خوێندنگاكاندا دروست ببێت و پەتای كۆرۆنا تەشەنە نەكات. بەپێی وتەی بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی بەدەمەوەچوونی مامۆستایان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین زۆر كەمە. هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» بەداخەوە لەپارێزگای سلێمانی لەگەڵ ئەوەی دۆخەكە لەهەموو پارێزگاكانی دیكە لەڕووی ژمارەی تووشبونەوە خراپترەو لەڕووی وەرگرتنی ڤاكسینیشەوە كەمترین خەڵك سەردانی بنكەكان دەكەن، كە ئەوە بۆتە جێگەی نیگەرانی لای ئێمە و جێگەی پرسیارە». جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی وتیشی:»بەداخەوە پارێزگای سلێمانی پێشەنگە لەژمارەی تووشبوون لەسەر ئاستی هەموو عێراق، بەڵام ئەوەی باشە حاڵەتی توندی كەمە، واتە ئەوانەی لە نەخۆشخانەكان داخڵ دەبن كەمن، بەڵام تووشبوون زۆر زیاد دەكات». هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد لەدوو هەفتەدا چوار بنكەیان بۆ مامۆستایان كردۆتەوە، كە بەداخەوە لەماوەی دوو هەفتەكەدا 100 مامۆستا ڤاكسینیان وەرگرتووە، رۆژی وا هەبووە لەچوار بنكە 25 مامۆستا چوون ڤاكسینیان وەرگرتووە. ناوبراو پێشیوابوو كە بارودۆخی ناو خوێندنگەكان خراپەو لەخوێندگەیەك دوو مامۆستا پشكنینەكانیان پۆزەتیف بووەو بەو هۆیەوە كۆمەڵێك خوێندكاریشیان تووشی پەتای كۆرۆنا كردووە. «ئەمە پەیوەندی بەئاستی هۆشیاری تاك و گشتییەوە هەیە، چونكە ئەوەی باوەڕی وابێت ڤاكسین خراپە تێگەیشتنەكەی وایە، بەداخەوە بەهەڵە تیگەیشتووە و لەنوێترین تاقیكردنەوەدا دەركەوتووە كاریگەریەكانی زۆر باشە بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا»، هێرش سەلیم وای وت. لەم دوو رۆژەی رابردوودا باس لەسەرهەڵدانی جۆرە پەتایەكی نوێ دەكرا لەناو منداڵاندا جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی جەختی لەوە كردەوە تەنیا تێكەڵەیەكە لەپەتای وەرزی و كۆرۆنا، وتیشی:» كۆرۆنا تازەكە لەناو منداڵاندا زۆرەو لەو كاتەشەوە كەدەوامی خوێندنگەكان كراوەتەوە حاڵەت زۆر بووە، بۆیە ئەم پەتایەی ئێستاش هەیە تێكەڵەیەكە لەپەتای وەرزی و كۆرۆنا، بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوای وەرزەكەوە، بۆیە تووشبوون لەناو منداڵاندا زۆرتر بووە»
هاوڵاتى وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:" هەموو رێککارێک دەگرنەبەر بۆ رەخساندنی کەشێکی ئارام و گونجاو بۆ هەڵبژاردن و دەشڵیت، جەخت لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک دەکەینەوە". ئهمرۆ سێ شهممه 28ی ئهیلولی 2021 رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە تویتێکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردووەتەوە و رایگەیاندووە، وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەی جەخت لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک دەکەنەوە، هەموو رێککارێک دەگرینەبەر بۆ رەخساندنی کەشێکی ئارام و گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن. ئەوەشیخستۆتەڕوو، ''سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کۆمیتەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردنی بۆ پێداچوونەوە بە پلانەکانی ئاسایش و ئەمنی و رێککارەکان کردووە، بۆ رۆژی هەڵبژاردن.''
هاوڵاتى ئاسۆ حاجی لە نوسینێكیدا رایگەیاند:" بەشداری کردنی زیاتر لە سێ سەت بەربژێری سەر بە بیست گروپی چەکداری شیعە، کە زۆرینەیان لە ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی جێیان گرتووە و بەشێکیشیان لە دەرەوەی ئەو هێزەن، ئەو پرسیارەمان لەلا دروست دەکات، ئایا بەشداریکردنی گروپە چەکداریەکان بە گوێرەی دەستووری عێڕاقی قەدەغە نیە؟ ئەدی چۆن ئەو گروپانە بەو ژمارە گەورەیە بەشدارن و نە کۆمسیۆن دەتوانێ رێگریان لێبکات و نە حکومەت دەنگی دێ و نە هیچ لایەنێک ئاسۆ حاجی، نوسەر و روناكبیر، لە نوسینێكیدا بە ناونیشانی "هەڵبژاردن و ئایندەی حەشدی شەعبی" بڵاویكردۆتەوە و نوسیویەتی:" ئەوەیان بە بۆچوونی من بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە: - ئەو هێزانە خۆیان لە سەرەوەی دەستور و یاسا دەبینەوە، چونکە بە فتوایەکی پیرۆزی هێزی باڵادەستی نەجەف دروست کراون، ئەوەش دۆخێکی تایبەت و سیفاتێکی پیرۆزیان پێدەبەخشێ وەک خۆشیان لە ناو هێنانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەستواژەی پیرۆزی پێوە دەلکێنن". دەقی وتارەكەی ئاسۆ حاجی:. بەشداری کردنی زیاتر لە سێ سەت بەربژێری سەر بە بیست گروپی چەکداری شیعە، کە زۆرینەیان لە ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی جێیان گرتووە و بەشێکیشیان لە دەرەوەی ئەو هێزەن، ئەو پرسیارەمان لەلا دروست دەکات، ئایا بەشداریکردنی گروپە چەکداریەکان بە گوێرەی دەستووری عێڕاقی قەدەغە نیە؟ ئەدی چۆن ئەو گروپانە بەو ژمارە گەورەیە بەشدارن و نە کۆمسیۆن دەتوانێ رێگریان لێبکات و نە حکومەت دەنگی دێ و نە هیچ لایەنێک! ئەوەیان بە بۆچوونی من بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە: - ئەو هێزانە خۆیان لە سەرەوەی دەستور و یاسا دەبینەوە، چونکە بە فتوایەکی پیرۆزی هێزی باڵادەستی نەجەف دروست کراون، ئەوەش دۆخێکی تایبەت و سیفاتێکی پیرۆزیان پێدەبەخشێ وەک خۆشیان لە ناو هێنانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەستواژەی پیرۆزی پێوە دەلکێنن. - سەتا نۆهەتی ئەو بەربژێرانە وەک سەربەخۆ خۆیان ناونووس کردووە، بەڵام لە ناوەکانیان کە زۆربەیان لە ناو ئەو هێزانە ناسراون، هەروەها ئەو لایەنانەی پاڵپشتیان دەکەن و هەوڵی دەنگ کۆکردنەوەیان بۆ دەدەن، بە روونی دیاری ئەو کەسانە سەر بە چ گروپێکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبین. ئایا ئەو گروپانە لە رێگای بەربژێرەکانیانەوە چانسی بردنەوەیان هەیە، لۆجیکیترین وەڵام بۆ ئەو پرسیارە 'بەڵێ'یە، چونکە ئەو هێزانە کە ژمارەی راگەیەندراویان سەت و شێست هەزار کەسە و ژمارەی راستەقینەکەشیان بە گوێرەی هەندێک راپۆرتی میدیایی و ناوەندی توێژینەوە، دەگاتە سەرەوەی دوو سەت هەزار چەکدار، هەروەها ساڵانە لە بودجەی گشتی فیدڕالی بەشێکی گەورەیان بۆ تەرخان دەکرێ، کە بۆ ساڵی 2021 بودجەی تەرخان کراو بۆ حەشدی شەعبی زیاتر لە دوو تڕلیۆن و چوارسەت هەزار ملیاری عێڕاقیە، کە زیاترە لە بودجەی تەرخان کراو بۆ شەش وەزارەتی خزمەتگوزار و سیادی وەک وەزارەتەکانی (دەرەوە، داد، رۆشنبیری، سەرچاوە ئاویەکان، پلاندانان و گواستنەوە) هەروەها بودجەی تەرخان کراو بۆ هەموو شارە سوننەنشینەکان کە لە شەڕی داعش کاولبوون ناگاتە ئەو رێژەیە. خاڵێکی دیکە کە وەڵامەکەمان زیاتر لە راستەقینە نزیک دەکاتەوە، ئەوەیە کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی جگە لەو پاڵپشتیە جەماوەریەی لە ناو شیعەکان هەیانە، ئەوە هێزی باڵادەست و خاوەن بڕیاری یەکلایی کەرەوەن لە هەموو شارە سوننییەکان، هەروەها لە ناوچە کوردستانیە داگیرکراوەکانی وەک کەرکوک و شنگال و مەخمور و خانەقین و هتد. لە دەڤەرەکانی سوننەنشین هێزەکانی حەشدی شەعبی وەک هێزی براوەی شەڕ مامەڵە لەگەڵ سوننە دەکەن، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان بە تایبەتی دەرەوەی سەنتەری شارەکان، خەڵکیان سەرپشک کردووە لەوەی ئەگەر دەنگ بە بەربژێرەکانیان نەدرێ ئەوە لە سەر زێدی خۆیان دەریان دەکەن یان روبەڕوی سزای دیکەی سەخت تر دەبنەوە. هەبوونی ئەو سێ ئامرازە ( جەماوەر، پارە و هێز) کاریگەری زۆریان هەیە، بە تایبەتی لە کۆمەڵگەیەکی داخراو و مەزهەبی وەک عێڕاق، لەوانەش بەهێزتر ئەگەر دووبارە بوونەوەی سیناریۆی تەزویرکردن و سوتاندنی بنکە و سندوقەکانی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی 2018. نزیکترین رێژە کە ژمارەیەک توێژینەوە ئاماژەیان بۆ کردووە ئەوەیە کە ژمارەی کورسیەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە نێوان 70 بۆ 80 کورسی دەبێت، پێشبینی ئەوەش دەکرێ کە لە نێوان 80 بۆ 90 پەڕلەمانتاری دیکە کە لە سەر لیستی حیزبەکان خۆیان بەربژێر کردووە بچنە پاڵ ئەو ژمارەی و فراکسیۆنێکی هاوبەشی نێوان میلیشیا چەکدارەکان و پارتە شیعیەکان رابگەیەنن وەک ساڵی 2006 کە هاوپەیمانی یەکگرتووی شیعەیان راگەیاند. حەشدی شەعبی دوو ئاراستە: لە نێو حەشدی شەعبیدا تەنها لایەن کە خاوەنی یەک لیوایە بە 15 هەزار چەکدار ئاراستەیەکی تایبەت بەخۆی هەیە و لەگەڵ ئەوانەی دیکە نایێتەوە، رەوتی سەدرە بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر، ئەو رەوتە 90 بەربژێری هەیە، چەکدارەکانی کە لە ژێر ناوی 'سەرایا سەلام' کۆبوونەوەتە، لە ناوچەی سامەرای سەر بە پارێزگای سەلاحەدین جێگیرکراون، موقتەدا سەدر لە بەغدا(مەدینەت ئەلسەدر) هەروەها شارەکانی باشوری عێڕاق هەواداری زۆری هەیە. گەورەتری رکابەری رەوتی سەدر، هاوپەیمانێتی فەتحە بە سەرۆکایەتی هادی ئەلعامڕی کە سیزدە لیوای حەشدی شەعبی لەخۆوە دەگرێت کە تێکڕای ژمارەی چەکدارانیان نیزکەی 30 هەزارە، ئەو هاوپەیمانێتیە 73 بەربژێری هەیە، هاوپەیمانێتی فەتح لە 6 لایەن پێکهاتووە، جگە لە رێکخراوی بەدر کە هادی ئەلعامڕی سەرۆکایەتی دەکات، دیارترینیان بزووتنەوەی سادقونە کە باڵی سیاسی میلیشیاکانی عەسائیبی ئەهلی حەقە بە سەرکردایەتی قەیس خزعەلی کە دوو لیوایان هەیە، ژمارەیان زیاترە لە 10 هەزار چەکدار، لە شارەکانی سەلاحەدین، بەغدا و کەرکوک بڵاوکراونەتەوە. هەروەها 'گردبوونەوەی سەند' بە سەرکردایەتی ئەحمەد ئەسەدی بەرپرسی کەتائبی جوند ئەلئیمام کە یەک لیوایان هەیە. هەروەها هاوپەیمانێتی جیهاد وبیناش لە خۆ دەگرێ کە لەلایەن حەسەن رازی بەرپرسی 'سەرایا ئەلجیهاد' و لیوای 17 ی حەشدی شەعبی سەرکردایەتی دەکرێ. لە دەرەوەی حەشد هەر حەشد: ژمارەیەک پارت و لایەنی سیاسی نوێ لەو هەڵبژاردنە بەشدارن، بزووتنەوەی(حقوق)ی سەر بە میلیشیاکانی حیزب اللە کە حوسێن موئەنەس رابەرەیەتی دەکات و لە بەغدا خۆی بەربژێر کردووە، کە گومان دەکرێ ئەبو عەلی عەسکەری بەرپرسی ئەمنی کەتائیبی حیزب اللە بێت. بزووتنەوەی حقوق 40 بەربژێری هەیە، باڵی سەربازی حیزب اللە کە بە 'کەتائیب' ناسراوە و لیوایەی ژمارە 45 ی حەشدی شەعبی پێکدەهێنن، کە ژمارەیان 8 هەزار چەکدارە، لە ناوچەکانی جرف ئەلسەخر لە پارێزگای بابل جێگیرکراون. یەکێکی دیکە لە پارتە نوێیەکان بزووتنەوەی 'العراق الوطنية' کە لەلایەن محەمەد شاکر ئەلشەمەڕی سەرکردایەتی دەکرێ کە لەهەمان کاتدا یەکێکە لە سەرکردەکانی 'کەتائیبی ئیمام عەلی' و لیوای ژمارە 40 ی حەشدی شەعبیان هەیە، ئەو بزووتنەوەیە 24 بەربژێریان هەیە. 'رەوتی ئەلتەحەدی' کە بۆیەکەمجارە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات و لەلایەن ئەبو عەلی ئەلدەراجی سەرۆکایەتی دەکرێ، بە 6 بەربژێرێ بەشدارن، باڵی سەربازی ئەو بزووتنەوەیە کەتائیبی ئەبی فەزلی عەباسە کە گروپێکی چەکداری دەرەوەی حەشدی شەعبین. 'ئیئتلافی قادرون' گروپێکی دیکەی چەکداری دەرەوەی حەشدی شەعبیە، لەلایەن حەسەن ئەلحەسناوی ئەمیداری گشتی هێزەکانی ئیمام سەرۆکایەتی دەکرێ، ئەو ئیئتیلافە هەردوو رەوتی: ئەلسیقە و ئەلئەبڕار لە خۆوە دەگرێ کە 26 بەربژێریان هەیە. هەروەها حیزبی ' ثار الله الإسلامي' بە سەرۆکایەتی یوسف ئەلسناوی بە سێ بەربژێر بەشدارە کە سەرۆکەکەی یەکێکە لە بەربژێرەکان، ئەو حیزبە تۆمەتبارە بە راوەدوونان و کوشتنی چالاکوانانی شاری بەسڕە. هەروەها پەڕلەمانتاری ئێستا فالح ئەلغەزاعی جێگری بەرپرسی کەتائینی سەید ئەلشوهەدا لە چوارچێوەی بزووتنەوەی 'قادیمون' خۆی بەربژێر کردووە، کەتائیبی سەید ئەلشوهەدا تۆمەتبارە بە تێوەگلانی لە هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر. سوننە و حەشد و هەڵبژاردن: بەشێک لە سوننەکان لە چوارچێوەی حەشدی شەعبی خۆیان کاندید کردووە، نموونەی 'المحافظون' کە بە 12 بەربژێر لە ئەنباڕ بەشدارە و لەلایەن وائیل ئەلشەمەڕی فەرماندەی (حەشد ئەلدیفاع) سەرۆکایەتی دەکرێ، هەر لە ئەنباڕ چەند کەسایەتیەکی دیکەی خاوەن 'حەشد' لەو هەڵبژاردنە بەربژێرن، عیسا ئەلسایر فەرماندەی لیوای ' درع الفلوجة'، رافیع ئەلفەهداوی بەرپرسی حەشدی ' نخوة النشامى' هەروەها پەڕلەمانتاری ئێستا نەعیم ئەلگعود کە سەرۆکایەتی حەشدی ' البو نمر' دەکات. عەبدوللا ئەلجغیفی یەکێک لە بەرپرسانی هێزەکانی ' أحرار الفرات' لە رۆژئاوای ئەنباڕ خۆی لە سەر لیستی هاوپەیمانی ' النصر'ی حەیدەر ئەلعەبادی بەربژێر کردووە. لە موسل لە سەر لیستەکەی سەرۆکی پەڕلەمانی ئیستا محەمەد عەلبوسی چەند کەسێکی خاوەن حەشد بەربژێر کراون، لەوانە: پەڕلەمانتاری ئێستا فەلاح زێدان کە بەرپرسی 'حەشدی لهێب' ە کە عەشیرەتێکی سوننەن و لە باشوری موسل نیشتەجێن، ئەحمەد جبوری پەڕلەمانتاری نەینەوا و بەرپرسی بزووتنەوەی 'حسم' کە بزووتنەوەیەکی سیاسی نوێیە، لە هەمان کاتدا جبوری سەرپەرشتیاری حەشدی 'فرسان الجبور'ە. کۆتاکان لە بەردەم حەشد و هەڵبژاردنحەشدی شەعبی لە رێگای ئەو فەوج و لیوایانەی لە پێکهاتەکانی دیکەی عێڕاق (نا شیعە) دروستی کردوون، هەوڵی وەدەست خستنی کورسی کۆتاکانیش دەدات، ئەو کورسیانە زیاتر لە ناوچە کوردستانیە داگیرکراوەکان(دابڕاوەکان) لە دەشتی نەینەوا لە رێگای رەیان کلدانی کە فەرماندەی لیوایەکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیە و پێنج بەربژێر بەشداری دەکەن، هەروەها بزووتنەوەی ئاشوری بە سەرۆکایەتی یونادم کەنە لە هەندێک شوێن لەلایەن حەشدی شەعبیەوە پاڵپشتی دەکرێن، لە شەنگال و ئەو ناوچانەی کوردانی ئێزیدی زۆرینەن، حەشدی شەعبی لە رێگای یەکەینەکانی پاراستنی شنگالی سەر بە پەکەکە کە بەشێکن لە هێزەکانی حەشدی شەعبی هەوڵدەدەن شکست بەو بەربژێرانە بێنن کە نزیکی پارتی دیموکراتی کوردستانن، لە ناو پێکهاتەی کوردانی شەبەکیش حەشدی شەعبی لە رێگای وەعد قەدۆ رکابەری بەربژیرەکانی دیکە دەکات، قەدۆ کە پێشتر بەرپرسی لیوای 30 حەشدی شەعبی بوو و بەوە تۆمەتبارە کە دەستی هەیە لە هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر. حەشد و کورد و هەڵبژاردن: ئەزموونی کورد و هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستوری لەگەڵ حەشدی شەعبی ئەزموونێکی باش و هەڤالانە نیە، بە تایبەتی لە دوای رووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر زۆرینەی کورد هەستیارتر مامەلە لەگەڵ ئەو هێزە دەکەن و وەک هێزێکی داگیرکەر تەماشای دەکەن. بەڵام ئەوە ئەگەر بۆ زۆرینەی کورد راست بێ، بۆ کەمینەیەک بەو شێوەیە نیە، بەشێک لە پەڕلەمانتارانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق لە ساڵی 2016 دەنگیان بۆ یاسای حەشدی شەعبی دا، کە بە گوێرەی ئەو یاسایە، میلیشیاکانی شیعە چوارچێوەیەکی یاساییان پێ بەخشرا و حکومەتی عێڕاقیش دەست کراوە کرا لە تەرخان کردنی بەشێکی گەورەی بودجە بۆ پڕ چەک کردنی ئەو هێزە و پێدانی موچەیان. بەشێک لە سەرکردەکانی لایەنێکی سیاسی کوردستانی لەگەڵ حەشدی شەعبی رێکەوتن و لە 16 ئۆکتۆبەر کەرکوکیان رادەست کردن، دوای ئەو مێژووەش تەنها لە بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێڕاق نەبێت، ئەگەر نا لە هەموو ئەو بڕیارانەی لە بەرژەوەندی شیعە و حەشدی شەعبی بووە ژمارەیک پەڕلەمانتاری کورد هاوڕا و هاوهەڵوێستی حەشدی شەعبی بووینە. لەو هەڵبژاردنە حەشدی شەعبی چەند بەربژێرێکی کوردی هەیە لە سەر لیستە جیاوازەکانی بەڵام بە گوێرەی هەموو لیکدانەوەکان هیچیان دەنگی پێویست ناهێنن، بۆیە بە هەمان رێگای پێشووتر و لە رێگای فشاری دەوڵەتێکی ئیقلیمی لە حیزبە سیاسیەکان و کڕینی وەلائی ژمارەیەک پەڕلەمانتار کە دەردەچن بەشێک لە دەنگی کورد لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی دەکاتەوە. دەرئەنجامی هەڵبژاردن و ئایندەی حەشد: - ئەوا داتا و ناو و ژمارانە ئەوەمان پێ دەڵێن کە ئایندەی عێڕاق وەک دەوڵەت و لێکەوتەکانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەڕلەمان بەدەر نابێت لە کاریگەریەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی، لە دەرەوەی ئیرادەی حەشدی شەعبی هیچ کابینەیەکی حکومەت پێکنایەت، مەگەر وەک زۆربەی جارەکان دیکە ئێران و ئەمریکا بگەنە شێوە لە یەک تێگەیشتنێک. - باسکردن لە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی یان سنووردارکردنی دەبێتە ئەگەرێکی زۆر دوور لە واقیع و رەنگە دەرفەتی باسکردنی هەر نەمێنێ، بەڵکو بە پێچەوانەی ئەوە ئەگەری زۆربوونی ژمارەی چەکدارانیان زیاتر دەبێت، هەروەها بودجەی تەرخان کراو بۆیان، ئەوەش دەبێتە دەرفەتێک بۆ سەرکردەکانی حەشد کە سوپای فەرمی عێڕاق وەک پاشکۆی خۆیان مامەڵەی لەگەڵ بکەن، وەک مۆدێلی ئێرانی سوپای پاسداران و نیروی نیزامی(سوپای فەرمی). - شیعە لە رێگای حەشدی شەعبی و هێزە سیاسیەکانی کار بۆ تەواوکردنی قۆناغی چەسپاندنی سیستەمی زۆرینەی سیاسی دەکەن، هەوڵ دەدەن ئەوجارەش وەک جاری پێشوو سەرۆکایەتی پەڕلەمان و سەرۆکایەتی کۆماریش لەلای ئەوان و بە دەنگی ئەوان یەکلایی بکرێتەوە. - زیاتر بوونی فشار لە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە رێگای پەڕلەمان و حکومەت، هەروەها بەردەوامی هێرشە سەربازیەکان، بۆ ئامانجی دەرکردنیان، چاوەڕوان دەکرێ لە دوای ئەو هەڵبژاردنە هێرش بۆ سەر سەربازگەی تورکیا لە نزیک موسڵ زیاتر بێت. - ئەو هەڵبژاردنە حەشدی شەعبی کار بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجەی دەکات کە 'حەشد حکومەتە'، نەک تەنها پێهاتەیەکی سەربازی سەر بەحکومەت بێ، پێگیربێت بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت کە فەرماندەی هێزە چەکدارەکانیشە، ئەوەش بە دانانی کەسێک دەبێت کە تەواو گوێڕایەڵی داوا و خواستەکانیان بێت.
هاوڵاتى ڤلادیمیر پووتین و رەجەب تەیب ئەردۆغان لە رووسیا کۆدەبنەوە، بەپێی راگەیێندراوی کۆشکی کرملین، مژارە سیاسی، بازرگانی و ئابوورییەکان تاوتوێدەکرێن. بەپێی راگەیێندراوی کۆشکی کرملین، رۆژی چوارشەممە 29-09-2021 ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە شاری سۆچی کۆدەبنەوە و پرسە نێودەڵەتییەکان تاوتوێدەکەن و هاوئاهەنگیی نێوان رووسیا و تورکیا دەخرێتە بەر باس، هەروەها گفتوگۆی ورد لەسەر کێشە نێودەوڵەتییەکانی ئێستا دەکرێت؛ لەوانە بارودۆخی سووریا، لیبیا، ئەفغانستان و باشووری قەوقاز. فهرمانگهی پهیوهندییهكان لە سهرۆكایهتیی كۆماری توركیاش رایگهیاند، ئهردۆغان لهسهر بانگهێشتی ڤلادیمیر پووتین سبهی چوارشەممە سەردانی رووسیا دەکات. بەپێی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی کۆماری تورکیا له كۆبوونهوهكهی ئهردۆغان و پووتین له پاڵ تاوتوێكردنی پهیوهندییهكانی نێوانیان، دوایین پێشهاته ناوچهیی و نێودهوڵهتییهكانیش تاوتوێ دهكرێن. ئەم سەردانەی ئەردۆغان لەکاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردوودا رووسیا لە ئیدلب هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا چڕتر کردوونەتەوە، خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێت, ئەو هێرشانەی رووسیا پابەندنەبوونە بە دانوستاندنی سوچی. خوڵوسی ئاکار رۆژی دووشەممە 27ی ئەیلوولی 2021 باسی لە دەقی دانوستاندنی نێوان تورکیا و رووسیا کرد و وتی: "ئێمە بەتەواوی پابەندی خاڵەکانی دانوستاندنی نێوانمانین. لەو بابەتەدا ئەوەی پێویست بووبێت کردوومانە و هەوڵی رژدیش دەدەین بۆ ئەوەی پابەندبین، بەڵام لەم دواییەدا بۆردوومانە ئاسمانییەکان زیادیان کردووە. ئێمە گوتمان کە ئەمە پێشێلکردنی خاڵەکانی دانوستاندنە. لەمبارەیەوە لە هەموو ئاستێکدا هەوڵەکان بەردەوامن". خوڵوسی ئاکار رایگەیاند، بە شێوەیەکی زۆر هەستیارانە چاودێریی دۆخەکە دەکەن، "لە لایەک لەسەرمانە برا سوورییەکانی ئەوێمان بپارێزین، لەلایەکی دیکەش یەکینەکانمان و ئاسایشی سنوورەکانمان بپارێزین. هاوکات بۆ پاراستنی وڵاتەکەمان کە بەرگەی شەپۆلێکی دیکەی کۆچ ناگرێت، لەسەرمانە لەوێدا سەرکەوتوو بین". هاوکات پەیوەندیی نێوان ئەنقەرە و واشنتنیش لە دۆخێکی باشدا نییە. رەجەب تەیب ئەردۆغان دوای گەڕانەوەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی 24-09-2021 لە ئیستەنبووڵ باسی ئەو پشتیوانییە سەربازییانەی ئەمریکای بۆ رۆژئاوای کوردستان کرد و لەبارەی پەیوەندییان لەگەڵ ئەمریکا گوتی، لەگەڵ هیچ سەرۆکێکی ئەمریکا دۆخی پەیوەندییەکانی هێندەی ئێستا خراپ نەبووە.
هاوڵاتى وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" لەدوێنێوە 7904 پشکنینی تایبەت بە کۆرۆنا ئەنجامدراون، لەو ژمارەیەش 1401 توشبوی نوێ تۆمارکراون و 19 توشبوی پەتاکەش مردوون. ئهمرۆ سێ شهممه 28ی ئهیلولی 2021 وهزارهتی تهندروستی حكومهتی ههرێم له راگهیهندراوێكدا، نوێترین ئاماری نوێی تایبهت به توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنای بڵاوكردهوه و رایگەیاند " لهماوهی 24 كاتژمێری رابردوودا 7 ههزار و 904 پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئهنجامدراوه، دهرهنجام ههزارو 401 کەسی دیكه تووشی کۆرۆنا بوون ههزاروو 290 کەسیش چاکبوونەتەوە و نهخۆشخانهیان جێهێشتووه". تهندروستی ههرێم ئاماژهی بهوهش كردووه، لە 24 كاتژمێری رابردوودا 19 توشبووی كۆرۆنا له ههرێم گیانیان لەدەستداوە.
هاوڵاتى سكرتێری مهكتهبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگهیاند: "لێرهو لهوێ باسی ئەوە دەكەن كە پارتی بە تەزویر دەرچووە، بهڵام وا نییە، بەڵام خەڵكێك هەبوە لە ئێمە زیاتر سوودی لە تەزویر وەرگرتووە". دەشڵێـت، "لە 10-10 سەركەوتنێكی گەورە و زۆرینەیەكی تر لە كورسی دەهێنینەوە". فازڵ میرانی، لە وتارێكدا لە ئەنجومەنی سەركردایەتیی حزبەكەی، باسی لهوهشكرد: "لە دوای رووداوەكانی پاش ریفراندۆم، وەك كاك مەلا بەختیار دەڵێت (كاڵفامەكان) لێرە و لەوێ، لای خۆمان و لە بەغدایش، ویستیان ئەم دەستكەوتە نەهێڵن و بیرۆكەكەی كاڵ بكەنەوە". سەبارەت بەو لایهنانهی قسە لەسەر حزبەكەی دەكەن، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی وتی: "ئەوەی سەیرە مونافیسینی ئێمە، تەنیا باسی ئێمە دەكەن، واتە ئێمە بە تەنیاین هەرچیمان كردبێت بە چاك و خراپەوە، ئەی خۆتان؟". فازڵ میرانی وتیشی: "زەحمەت نەبێت با واز لە یەكتر بهێنین و لەبری ئەوەی بە خراپە باسی یەكتر بكەین، با باسی چاكەكانی خۆمان بكەین". راشیگهیاند: "لە 10-10 سەركەوتنێكی گەورە و زۆرینەیەكی تر لە كورسی دەهێنینەوە". فازڵ میرانی، چیرۆكی سەردانێكی پۆڵ بیرمەری حاكمی مەدەنی عیراقی بۆ لای مەسعود بارزانی گێڕایەوە و وتی "رۆژێك پۆڵ بریمەر دەیویست بێتەوە بۆ لای جەنابی سەرۆك، لە حەمرین بەولاوە تۆز و عاسیفە بووە، لە حەمرین بەملاوەیش بەفر بووە، ناچار بوون بە تەیارە بێنەوە. پۆڵ بریمەر وتی: سەرۆك بارزانی ئەم وڵاتە سەیرە، لەوبەری حەمرین وا بووە و مەمبەریش وا بووە. سەرۆك بارزانییش وتی: ئاخر مستەر بریمەر، خوا ئەم وڵاتەی بەش كردووە، ئێوە دەتانەوێت سنوورەكانی خوا بگۆڕن".
هاوڵاتى ، ئهمڕۆ سێشەممە دەستگیرکردنی 16 داواکراوی له بهغدا ڕاگەیاند کە نێوانیاندا سێ تۆمەتباری تیرۆر ههن. شانهی ڕاگەیاندی ئەمنی عێراق لە راگەیەندراوێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراق بڵاویکردۆتەوە، رایگهیاندووە، هێزە ئەمنییەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا و دەزگا هەواڵگرییەکان بە هەوڵی هەواڵگری چڕوپڕ بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنە چالاکەکانیان بەپێی زانیاری ورد، هێزێکی لیوای 24ی فیرقەی 6ی پیادە، هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری ئەبوغرێب و خانەی دژە تیرۆر، دوای چاودێریکردنی ئامادەبوونیان لەناوچەی شەهیدان لەرۆژئاوای بەغدا، دوو تۆمەتباریان بەپێی مادەی 4 / 1 دەستگیرکرد". وتیشی، هێزێکی لیوای 1، فیرقەی 1، پۆلیسی فیدراڵی لە ناوچەی نەهرەوانی باشوری بەغدا توانیویانە تۆمەتبارێکی دیکە دەستگیر بکەن. ئاماژهى بهوهكرد، مەفرەزەیەکی دەزگای هەواڵگری عێراق بە یاوەری هێزێکی لیوای 15 و پۆلیسێکی فیدراڵی و مەفرەزەیەکی ئاسایشی گەشتیاری، سێ ئەندامی داواکراوی ئاژانسەکەیان لە ناوچەی ئەلسەعدوون لە ناوەڕاستی بەغدا دەستگیرکردووە. جگە لە دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک بە دزی و یەکێکی تر لە بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبهر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە فرقەی یەکی پۆلیسی فیدراڵی. وتیشی، فرقەی 11ی پیادە هەروەها هەشت داواکراوی دەستگیرکردووە بە پێی ماددە یاساییە جۆراوجۆرەکان، لەوانە تۆمەتباران بە برەودان و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لەکاتی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا. رونیكردهوه، دەستگیرکراوەکان و کەلوپەلە دەست بەسەرداگیراوەکان ڕادەستی دەسەڵاتی پهیوهندیدار كراون.
شاناز حەسەن هەریەكە لەكۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی لەگەڵ كاندیدانی سەربەخۆ ترسیان لەئەنجامدانی ساختەكاری لەهەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراقدا هەیەو پێیانوایە بەشداریكردنی خەڵك ساختەكارییەكان كەمدەكاتەوە. بڕیارە 10ی تشرینی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ئەنجامبدرێت، بەپێی یاسای نوێ، عێراق دابەشكراوە بۆ 83ی بازنەی هەڵبژاردن و سەدان كاندید كێبڕكێ دەكەن بۆ بەدەستهێنانی 329 كورسی. هەریەك لەكۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی ترسیان لەساختەكاری هەیە لەلایەن لایەنەكانی دەسەڵاتەوە. فاروق عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمەڵی دادگەریی، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»بێگومان هەڵبژاردن زۆر ئومێدبەخش دەبێت بەوەی كە ساختەكاری تێدانەبێت، بەڵام هێشتا هەر ئەگەری بوونی ساختەكاری زۆرە، بەتایبەتی لەم هەڵبژاردنەدا». ناوبراو باسی لەوەشكرد ژمارەیەكی زۆر لەهاووڵاتیان تائێستاش كارتی دەنگدانیان وەرنەگرتۆتەوەو ژمارەیەكی زۆریشیان ساردن لەبەشداریكردن، وتیشی:» ئەمە وادەكات ژمارەیەك لەپارتە دەسەڵاتدارەكان پەنابەرن بۆ ساختەكاری كەئەمە پیشەی هەمیشەییان بووە». «هەرچەنەد ئەندامانی كۆمسیۆن و لایەنی بەرپرس دڵنیایی دەدەن كە ئەمجارە مەجالی ساختەكاری نیە و ناكرێت، بۆیە لەمكاتەدا ترس دێتە سەر ترسی ئەلیكترۆنی ئەگەری هاككردن هەیە، هەڵسوكەوتكردن بە سێرڤەرەكانەوە، بەتایبەت كە لەدەرەوەی عێراق بن»، فاروق عەلی وا دەڵێت. بەرپرسەكەی كۆمەڵی دادگەری ئەوەشی دووپاتكردەوە كە چاودێرەكانیان باوەڕیان بەئەوە هەیە لە پێناوی گۆڕانكاریدا شەونخونی بكەن و وەك پیشەیی هەمیشەییان چاودێری دۆخەكە دەكەن تا ئەوكاتەی سندوقەكان دەچنە شوێنی خۆیان. هەروەها ئەندامێكی كەمتەبی هەڵبژاردنی یەكگرتوو پێیوایە ساختەكاری لەم هەڵبژاردنەدا ئەگەرێكی واریدە. هێمن ئەسكەندەر، ئەندامی مەكتەبی هەڵبژاردنەكانی یەكگرتوو لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» ئەمجارە كۆمەڵێك رێكار گیراونەتە بەر كۆمسیۆن و لایەنی پەیوەندیدار وەك خۆی جێبەجێی بكات، هێزە سیاسییەكان رێز لەئیرادەی دەنگدەری خۆیان بگرن و دەنگدەریش ئەو رۆژە بەفرسەت وەربگرێت و بچێتە سەر سندوقەكانی دەنگدان، ئەگەرەكانی ساختەكاری وەك جاران نابن و زۆر كەمدەبنەوە». ئەو ئەندامەی مەكتەبی هەڵبژاردنەكانی یەكگرتوو پێشیوابوو «ترسی ساختەكاری هەیە»، بەڵام كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق پێشتر بەو دەردەچوو كە بینرا هەندێكیان درانە دادگاو هەندێك لابران و ئەو ساختەكاریەی لەهەڵبژاردنی 2018دا كرا وایكرد هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوە بچێتو بۆیە ناكرێت هێزە سیاسییەكان و كۆمسیۆن و لایەنە پەیوەندیدارەكان رێگەبدەن وەك پێشتر دەنگدان بكرێت. لەهەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی عێراقدا دەنگدان لەڕێگەی سیستمی ئەلیكترۆنییەوە ئەنجامدراو لایەنەكان یەكتریان تۆمەتبار دەكرد بەئەنجامدانی ساختەكاری و بەو هۆیە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق متمانەیان لێوەرگیرایەوەو كۆمسیۆنێكی نوێ لەدادوەران دیاری كران. « چاودێری دەنگەكان دەكەین تاكۆتا دەقەو ئێستاش كۆبوونەوەی بەردەواممان هەیە لەگەڵ نەتەوەیەكگرتووەكان و یۆنامی بۆ چاودێری دۆخەكەو رێگری كردن لەساختەكاری و رێگریكردن لێی»، هێمن ئەسكەندەر وای وت. دوو كاندیدی سەربەخۆ كە لەسلێمانی خۆیان كاندیدكردووە ئەوە دووپاتدەكانەوە ئەگەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكە ساختەكاری تێدا بكرێت قبوڵی ئەنجامەكەی ناكەن. رێبوار كەریم مەحمود، پەرلەمانتاری ئێستاو كاندیدی سەربەخۆ بۆ پەرلەمانی عێراق، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»لەلایەن كۆمسیۆنەوە دڵنیایمان دراوەتێ و رێككەوتوین، كە هەر جۆرە ساختەكاریەك ببینین، قبوڵی دەرئەنجامەكەی ناكەین و بێدەنگ نابین، بەڵام دڵنیاییان داوینەتێ كە ساختەكاری ناكرێت و گرفتی گەورە دروست نابێت». رێبوار كەریم مەحمود وتیشی:» رێگری دەكەین لەهەموو جۆرە ساختەكارییەك و تا دوا دەقە چاودێر دەبین». هەروەها سەركەوت شەمسەدین، پەرلەمانتاری ئێستاو كاندیدی سەربەخۆ بۆ پەرلەمانی عێراق، لەلێدوانێكدا بە وت:» هەموو هەڵبژاردنێك بەشێك لەساختەكاری تێدادەبێت، بەڵام زۆرترین ساختەكاری لەو كاتانەدا روودەدات كە بەشداری خەڵك كەمدەبێتەوە، بۆیە تا بەشداری خەڵك كەمتر ببێتەوە، ساختەكاری زیاتر دەبێت». وتیشی:»ترسەكە هەر هەیە، بەڵام زۆرترینی ترسەكە پەیوەندی بەبەشداریكردنی خەڵكەوە هەیە». هەریەك لەنەتەوەیەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپاو چەندین رێكخراوی مەدەنی بیانی بڕیارە بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق زیاتر لە 800 چاودێر لەپرۆسەی هەڵبژاردن بەشداربن و تێیدا سەرجەم ساختەكاری و پێشێلكارییەكان دەكەنە راپۆرت و دواتر لەمیدیاكان و دامەزراوەكان و پەرلەمانی وڵاتەكانیاندا رایدەگەیەنن. هاوكات كۆمكاری وڵاتانی عەرەبیش بە دەیان چاودێر دەنێرێتە عێراق تا چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن. سەركەوت شەمسەدین، ئەوەشی روونكردەوە كە لەهەموو بنكەیەك چاودێری تایبەتیان هەیە لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان بەهاوبەشی بەردەوام دەبن و دەبنە چاودێر بۆ رێگرتن لە ساختەكاری و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد.
هاوڵاتى بافڵ تاڵهبانى هاوسهرۆكى یهكێتى رایگەیاند:"کەرکوکییەکان خاوەنی ڕاستەقینەی یەکێتین باوەڕمان بەئاشتی، برایەتیو پێکەوەژیانە، بەڵام ئەو غەدرانەی کە لەکەرکوکییەکان ئەکرێتو بەردەوامی هەیە خەریکە ئەگاتە ئاستێک کە قابیلی قبوڵنابێت". ئەمڕۆ سێشهممه 28ی ئهیلوولی 2021، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی لهپهیامێكدارایگەیاند:"کەرکوک بۆ ئێمە قودسی کوردستانە، قەڵای سەوزی پێکەوەژیانو برایەتی ھەموو نەتەوەو پێکھاتە ڕەسەنەکانی شارەکەیە". جهختدهكاتهوه، "کەرکوک ئەمانەتی مام، خوێنی شەھیدانو کوڕانی شۆڕشی نوێیە کە خوێنیان بۆ بەخشیو بۆ ساتێکیش کەرکوکییەکانیان جێنەھێشت، بۆیە کەرکوکییەکان خاوەنی ڕاستەقینەی یەکێتین". تاڵهبانى وتویهتى، "یەکێتیش وەک حزبێکی دەربەستو پەیوەست بەڕێبازی مامو خوێنی شەھیدان ھەر لەگەڵ کەرکوکییەکان دەمێنێتەوە ئێستاو ئایندەش بەهەمان ڕۆحیەتی کارکردنەوە درێژەپێدەری ئەو ڕێبازە پیرۆزە دەبینو دەستبەرداری نابین". بافڵ تاڵهبانى باسى لهوهشكردوه، "ئێمە باوەڕمان بەئاشتی، برایەتیو پێکەوەژیانە، بەڵام ئەو غەدرانەی کە لەکەرکوکییەکان ئەکرێتو بەردەوامی هەیە خەریکە ئەگاتە ئاستێک کە قابیلی قبوڵنابێت، دەستی برایەتی بۆ ھەموو نەتەوەو پێکھاتەو ئاینزاکان درێژدەکەینو باوەڕمان بەشەراکەتو پێکەوەژیانە، بەڵام لەمافی نەتەوەیی خۆشمان خۆشنابین". دڵنیایی داوه لهوهى، "ڕێچکەی مام بەرنادەین، کەرکوکو کەرکوکییەکان شادەماری خوێنی نوێبونەوەی یەکێتینو پێکەوە بەرەو ئاسۆیەکی ڕونتر ھەنگاودەنێین".
هاوڵاتى بەپێی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پلاندانانی پەروەردەیی لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە رێگەی پرۆگرامی دەستپێشخەریی هاوبەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (MEPI)، دەرفەتی خوێندنی بەکالۆریۆس بۆ دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە چەند زانکۆیەکی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەژێر ناونیشانی "Tomorrow’s Leaders (TL) Undergraduate Program"دەڕەخسێنێت. ئەمڕۆ سێشهممه 28ی ئهیلوولی 2021، بەپێی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پلاندانانی پەروەردەیی لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان کە ژمارە 17038ی پێدراوە و لە رۆژی 27ی ئەیلوولی 2021 دەرچووە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و کەرکوک - بەشی خوێندنی کوردی کراوە، کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە رێگەی پرۆگرامی دەستپێشخەریی هاوبەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (MEPI)، دەرفەتی خوێندنی بەکالۆریۆس بۆ دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە چەند زانکۆیەکی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەژێر ناونیشانی "Tomorrow’s Leaders (TL) Undergraduate Program"دەڕەخسێنێت. بڕیارە بەمزووانە زانکۆلاین لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە کارا بکرێت بۆ وەرگرتنی خوێندکارانی 12ی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاگادارییەکی بۆ دەرچووانى 12ی ئامادەیى بڵاوکردەوە و داوایان لێدەکات، لەم هەفتەیەوە سەردانی خوێندنگەکانیان بکەن بۆ وەرگرتنی وشەی "تێپەڕ و نهێنی/پاسۆرد و یوزەرنەیم"، راشیگەیاند، "لە چەند رۆژی داهاتوودا زانکۆلاین کارا دەکرێت".
هاوڵاتى وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم رایگەیاند:" رۆژی چوارشەممە موچەی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکروان و زیندانییە سیاسییەکان و هێزەکانی زێرەڤانی و بەرگریی فریاکەوتن و لیوای نەوت و گاز دابەش دەکرێت". ئەمڕۆ سێشهممه 28ی ئهیلوولی 2021، وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم خشتەی موچەی دوو ڕۆژی ئەم هەفتەیەی راگەیاند. كە بەپێی خشتەكە - رۆژی چوارشەممە موچەی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکروان و زیندانییە سیاسییەکان و هێزەکانی زێرەڤانی و بەرگریی فریاکەوتن و لیوای نەوت و گاز دابەش دەکرێت. - رۆژی پێنجشەممەش موچەی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.
هاوڵاتى پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند:" ژمارەیەکی زۆرو پێویستی ڤاکسینمان دابینکردووە، ژمارەی بنکەکانمان بۆ پێدانی ڤاکسین لە ناوشاری سلێمانیدا بۆ ۱۳ بنکە زیادکردووەو لە هەموو قەزاو ناحیەیەکدا بنکەی ڤاکسینپێدانمان کردۆتەوە، تکاو داوای خەمخۆرانەتان لێدەکەین ناوی خۆتان تۆماربکەن و بچن ڤاکسین وەربگرن، خۆتان و کەسوکارتان و تەواوی مرۆڤایەتی لەم پەتا کوشندەیە بپارێزن". ئەمڕۆ سێشهممه 28ی ئهیلوولی 2021، هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، نوسینێكی بڵاوكردۆتەوە و بە تكاوە داوا لەهەموو هاوڵایتان ەكات بچن ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرن. لەبەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات:" پاییزە؛ وەرزی پەتا گواستراوەکانە، مەترسیی بەرزبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا لە ئارادایە، هەر بێباکیی و خەمساردییەک خۆت و هەموومان ڕوبەڕوی مەرگێکی نەخوازراو دەکەیتەوە، دەرفەتی چارەسەرکردن لە دەستدەدەیت، ڤاکسینکردن تەنها ڕێگای خۆپاراستنە، خۆپاراستنیش تاکە ڕێگای دەربازبوونە". دەقی نوسینەكەی پارێزگاری سلێمانی:. هاووڵاتیانی خۆشەویست.. بە هەوڵی دڵسۆزانەو مەردانەی هەمووان، ژمارەیەکی زۆرو پێویستی ڤاکسینمان دابینکردووە، ژمارەی بنکەکانمان بۆ پێدانی ڤاکسین لە ناوشاری سلێمانیدا بۆ ۱۳ بنکە زیادکردووەو تیمی گەڕۆکمان بۆ فەرمانگاو شوێنە گشتیی و تایبەتەکان پێکهێناوە، لە هەموو قەزاو ناحیەیەکدا بنکەی ڤاکسینپێدانمان کردۆتەوە، تکاو داوای خەمخۆرانەتان لێدەکەین ناوی خۆتان تۆماربکەن و بچن ڤاکسین وەربگرن، خۆتان و کەسوکارتان و تەواوی مرۆڤایەتیی لەم پەتا کوشندەیە بپارێزن.. پاییزە؛ وەرزی پەتا گواستراوەکانە، مەترسیی بەرزبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا لە ئارادایە، هەر بێباکیی و خەمساردییەک خۆت و هەموومان ڕوبەڕوی مەرگێکی نەخوازراو دەکەیتەوە، دەرفەتی چارەسەرکردن لە دەستدەدەیت، ڤاکسینکردن تەنها ڕێگای خۆپاراستنە، خۆپاراستنیش تاکە ڕێگای دەربازبوونە. هەموو بنکەو تیم و دامودەزگا تەندروستییەکان چاوەڕوانی هاتنی خێرتانن بۆ ئەوەی وەک هەمیشە لە خزمەتتاندابن، بێبەرامبەرو بێقەرەباڵغیی و ڕیزگرتنێک ژەمە ڤاکسینی خۆتان؛ پێببەخشن. وەرن بێدوودڵیی ڤاکسین وەربگرن، ژیان لە مەرگ ڕزگار بکەن..