هاوڵاتى وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند لیستی موچەی ئەمڕۆ گۆرانكاری بەسەر دا هاتووە تەنیا وەزارەتێك و دەستەیەك موچە وەردەگرن. لەكاتێكدا دوێنێ‌ دوو شەممە، وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند :"سێشەممە 28ی ئه‌یلوولی 2021، موچەی وەزارەتی ناوخۆ، رەگەزنامە، زێرەڤانی و بەرگری و فریاكەوتن، لیوای نەوت و گاز و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان دابه‌ش ده‌كرێت". بەگوێرەی ئەو لیستە بێت كەلەلایەن داراییەوە بڵاوكراوەتەوە ئەمڕۆ تەنیا موچەی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامە دابەشدەكرێت.

  هاوڵاتى وەزارەتی نەوت، ئه‌مڕۆ  ئامارى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى خاوى ئاشكراكرد و رایگه‌یاند:" داهاتى مانگی ئابی ئەمساڵ شەش ملیار دۆلارى تێپه‌راند".   ئەمرۆ 27ی ئەیلوولی 2021  وەزارەتی نەوتی عێراقرایگه‌یاند:' کۆمپانیای بەبازارکردن و فرۆشتنی نەوت (سۆمۆ) مانگی رابردوو (94) ملیون و(660) هه‌زار و(239) بەرمیلی نەوتی هەناردەی دەرەوە کردوە، داهاتەکەشی شەش ملیار و(553) ملیون و(762) هه‌زار دۆلار بووە". ئاماژەى بەوەشکرد، مانگی رابردوو حکومەت رۆژانە سێ ملیۆن  و(4) هه‌زار و(309) بەرمیل نەوتی هەناردەکردوە و  بەتێکڕا هەر بەرمیلێکی نەوت بە 69.235 دۆلار فرۆشراوە.

هاوڵاتى بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی خانووبەرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 20 هەزار پارچە زەوی لە سنووری شارەوانی هەولێر تاپۆ دەکرێن. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئه‌یلوولی 2021،  لوقمان عومەر بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی خانووبەرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان 20 ھەزار پارچە زەوی لە سنووری شارەوانی ھەولێر تاپۆ دەکرێن و فەرمانگەکان راسپێردراون بۆئەوەی "بە زووترین کات کارتەکان بکەنە تاپۆ". ‎بەڕێوه‌بەری گشتی تۆمارکردنی خانووبەرە لە ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "نزیکەی 20 ھەزار پارچە زەوی لە کارتەوە کراون بە تاپۆ و کاریان تەواو بووە، لەوانە سێ ھەزاریان بوونەتە تاپۆ کە گوندی کۆری و جووتیارانی گەڕەکی بەختیاری دەگرێتەوە و حەوت ھەزاری دیکەش لە هەفتەی داھاتوودا تەواو دەبن". بە وتەی لوقمان عومەر، کار لەسەر 15 ھەزار کارتی دیکە دەکرێت، کە کاری سێ ھەزار و 500 کارتیان لە 10 رۆژی داھاتوودا تەواو دەبێت و کاری حەوت ھەزار کارتی دیکەش لە کەرتەکانی دیکەی شارەوانی بەردەوامە، "ھەروەھا سێ ھەزار کارتی گەڕەکی ژین چاوەڕێی شارەوانیی ھەولێر دەکەن تاوەکو نەخشەی دابەشکارییەکەیان بنێردرێت بۆئەوەی ئەوانیش تاپۆ بکرێن". بە مەبەستی پێدانی زانیاری و روونکردنەوەی پێویست لەبارەی تەواوبوونی تاپۆی زەوییەکانی قەرەبووی گوندی کۆری و چۆنێتیی ھەڵسوکەوتکردن لەسەر ئەو زەوییانە لەلایەن خاوەنەکانیانەوە، رۆژی یەکشەممە 26ی ئەیلوولی 2021 د. لوقمان عومەر، بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی خانووبەرەی ھەرێمی کوردستان بە ھاوبەشی لەگەڵ سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا.  

هاوڵاتى بەڕێوەبەری پلاندانان و میلاکاتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: "هەنگاوەکانی رێکخستنەوەی میلاکاتی هەردوو هێزەکانی پشتیوانی یەک و دوو تەواوبووە و بەمنزیکانە بڕیاری وەزارەت لەسەر ئەو هەیکەلە دارێژراوە نوێیە دەردەچێت و هاوپەیمانانیش پشتگیری خۆیان بۆ ئەو هەنگاوانە دووپاتکردەوە".  ئەمڕۆ 27ی ئەیلولی 2021 کۆڵۆنێڵ چارڵی راوێژکاری باڵای هێزەکانی بەریتانیا و کۆڵونێل مایک راوێژکاری هێزەکانی ئەمریکا و هەریەک لە راوێژکارانی باڵای سەربازی ئەڵمانیا و هۆڵەندا، لەگەڵ نوێنەرانی باڵای هێزەکانی پشتیوانی یەک و دوو کۆبوونەوە. لیوا روکن کارزان شەقڵاوەیی، بەڕێوەبەری پلاندانان و میلاکاتی وەزارەتی پێشمەرگە، کە سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی کرد، رایگەیاند: "هاوپەیمانان پشتگیری هەنگاوەکانی رێکخستنەوەی میلاکاتی هێزەکانی پشتیوانی یەک و دوو دەکەن". لیوا روکن کارزان شەقڵاوەیی کە سەرۆکی  لیژنەی باڵای رێکخستنەوەی میلاکاتی هێزەکانی پشتیوانی یەک و دووشە، وتی: "هەنگاوەکانی رێکخستنەوەی میلاکاتی هەردوو هێزەکانی پشتیوانی یەک و دوو تەواوبووە و بەمنزیکانە بڕیاری وەزارەت لەسەر ئەو هەیکەلە دارێژراوە نوێیە دەردەچێت و هاوپەیمانانیش پشتگیری خۆیان بۆ ئەو هەنگاوانە دووپاتکردەوە".  بە گوێرەی راگەێندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆبوونەوەکەدا، بەوردی تاوتوێی هەنگاوەکانی رێکخستنەوەی ئەو هێزانە کرا کە دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و هاوشێوەی وەزارەت میلاکاتیان رێکدەخرێتەوە.  گەڕانەوەی هەردوو هێزەکانی پشتیوانی یەک و دوو بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیە و پێشتریش دوو لیوای دیکەی یەکەکانی 70 و 80 گەڕاونەتەوە سەر وەزارەت و  دوای هێزەکانی پشتیوانی یەک و دوو، دوو لیوای دیکەی یەکەکانی 70 و 80 خشتە و میلاکاتیان تەواوکراوە و دەگەڕێنەوە سەر وەزارەت.

 هاوڵاتى قوباد تاڵەبانی، رایگەیاند:" یەکێتی سیاسەتێکی نەگۆڕى بەرامبەر دۆزی کورد هەیە". وەفدەکەى هەدەپە خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بەوەى یەکێتی و گۆران ئەم هاوپەیمانێتیەیان پێکهێناوە و لەم هەڵبژاردنەدا یەک وتارن کە ئەمەش بەقازانجی گەلى کورد دەبێت. وەفدێكی هەدەپە، لە سلێمانی سەردانی قوباد تاڵەبانی-یان کرد، بەپێی ڕاگەیەندراوێک، شاندەکە خۆشحاڵی خۆیان دەربڕیوە بە ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی، هاوکات قوباد تاڵەبانی، رایگەیاندووە، یەکێتی سیاسەتێکی نەگۆڕى بەرامبەر دۆزی کورد هەیە.   ئەمرۆ دووشەممە، 27ی ئەیلوولی 2021 بەپێی ڕاگەیەندراوی نوسینگەکەی، قوباد تاڵەبانی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان لە‌ بینای ھاوپە‌یمانی كوردستان لە‌ شاری سلێمانی پێشوازیکردووە لە وەفدێكی  پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە). لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، قوباد تاڵەبانی ئاماژەى بەوەداوە، لەم قۆناغەدا وەک یەکێتی بۆیە لەگەڵ گۆران ئەم هاوپەیمانێتیەمان بەستووە تا یەکریزی بەدی بهێنین وەک دوو هێزی سیاسی کاریگەرى سەر گۆڕەپانی سیاسی ناوچەکە، لەپێناو پاراستنی مافى هاوڵاتیانی کورد. ئەوەشخراوەتەڕوو، شاندەکەی هەدەپە خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بەوەى یەکێتی و گۆران ئەم هاوپەیمانێتیەیان پێکهێناوە و لەم هەڵبژاردنەدا یەک وتارن کە ئەمەش بەقازانجی گەلى کورد دەبێت. هاوکات، قوباد تاڵەبانی ئاماژەى بەوەداوە، یەکێتی سیاسەتێکی نەگۆڕى هەیە لەبەرامبەر دۆزی کورد و هەمیشە لەگەڵ گرتنەبەرى شێوازی گفتوگۆ و چارەسەرى ئاشتیانەى کێشە و ململانێ سیاسیەکاندایە. وەفدەکەى پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە پێکهاتبوون لە مەرال داناش بەشتاش سەرۆکی کۆما هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا، مەحمود تۆخرۆل ئەندامی رێڤەبەری ئەنجومەنی گشتی لە تورکیا، ساڤاش ئیزلیرکین و حیکمەت هاتیپ نوێنەرانی هەدەپە لە باشوری کوردستان.

 هاوڵاتى بافڵ تاڵه‌بانی  لە كەركوكەوە رایگەیاند:" وەک جاران کەرکوک سەوزدەکەینەوە و ئەو گیانی پێکەوەژیانەی ھەبووە لەنێوان ھەموواندا دەیبوژێنینەوە و کەرکوک دەکەینەوە کەرکوکی یەکێتییەکەی مام. بۆیە دەبێت ھاوپەیمانی کوردستان سەربخەین و بەم خەباتی دیموکراسییە وەڵامی ئەوانە بدەینەوە کە کەرکوکیان گەیاند بەم رۆژە". ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئه‌یلوولی 2021، به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی نو سینگه‌كه‌ی، بافڵ تاڵه‌بانی ھاوسەرۆکی یەکێتی لە چوارچێوەی کۆبوونەوە و دیدارەکانی لە شاری کەرکوک، لەگەڵ سەندیکا و  کۆمەڵە و رێکخراوەکانی سەر بە مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتییەکان کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی بڕیار و ستراتیژی نوێی حزبه‌كه‌ی بۆ کۆی پرسەکان و چاکسازییەکانی رێکخراوەیی و سەرخستنی ھاوپەیمانی کوردستان بۆ ئامادەبووان روونکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، كه‌ رۆڵی سەندیکا و رێکخراوەکان لەم قۆناغی خەباتی دەنگدان و دیموکراسییەدا گرنگە و وەک ھەمیشە پێویستە بە گیانێکی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە خەباتی پیشەییتان بخەنە خزمەتی سەرخستنی کاندیدەکانی ھاوپەیمانی کوردستان چونکە سەرکەوتنی ھاوپەیمانی کوردستان باسکی بەھێزکردنی داکۆکی دەبێت لە مافی ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانی کەرکوک. وتیشی: "وەک جاران کەرکوک سەوزدەکەینەوە و ئەو گیانی پێکەوەژیانەی ھەبووە لەنێوان ھەموواندا دەیبوژێنینەوە و کەرکوک دەکەینەوە کەرکوکی یەکێتییەکەی مام. بۆیە دەبێت ھاوپەیمانی کوردستان سەربخەین و بەم خەباتی دیموکراسییە وەڵامی ئەوانە بدەینەوە کە کەرکوکیان گەیاند بەم رۆژە".

  هاوڵاتى  سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان  رایگەیاند: " دەستپێکی بوژانەوەی ئابووری کوردستانە، ئێمە چەندین پڕۆژەی تری گەورەمان لە هەموو شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان هەیە، ئومێد دەخوازین ئەوانیش لەکاتێکی زوودا جێبەجێ بکەین". ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئه‌یلوولی 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوون و کردنەوەی پرۆژەی نیشتمانی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە هەولێر وتارێکی پێشکەشکرد و  رایگەیاند: " ئامانجی ئێمە تەنیا ئەوە نەبووە کەرتێک یان لایەنێک یان چینێک یان توێژێک سوودمەندبێت لە ئابووری کوردستان، ئێمە ویستومانە ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری لە کوردستان دروست بکەین، بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت و ئێمە بتوانین بە دروستکردنی ئەم ژێرخانە ئابوورییە بژێوی خەڵک و ستانداردی ژیان لە کوردستان بەرەو ئاستێکی بەرزتر ببەین، هیوادارم لەو ئەرکەدا ، خوا دەرفەتمان پێ بدات و بتوانین سەرکەوتووبین. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان  تیشکی خستە سەر گرنگی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و رایگەیاند: "ئەو هەڵبژاردنانە بۆ ئێمە چارەنووسسازن، چونکە هەڵبژاردنە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. ئێمە ئەو نوێنەرانەی لە کوردستانەوە هەڵیان دەبژێرین پێویستە داکۆکیکار و بەرگریگاری مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بن". مەسرور بارزانی هەروەها رایگەیاند: "پێویستە ئەو نوێنەرانە بنێرین، بۆ ئەوەی بەگری لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن، ئەو مافە پێشێلکراوانەی کە لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵیدا تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراون، چ باسی ناوچە دابڕێندراوەکان بێت، چ مەسەلەی بودجە بێت، چ بابەتی پێشمەرگە و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراون بێت، داکۆکی لەو مافانە بکەن و هەوڵی گەڕاندنەوەی ئەو مافانە خاوەن مافەکان بدەن". مەسروور بارزانی داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد؛ بۆ ئەوەی ئەو هەڵبژاردنانە هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد بن، "دووربن لە یەکتر شکاندن و پەلاماردانی یەکدی، پێویستە هەمووان پێکەوە داوای مافەکانی خۆمان لە پەرلەمانی عێراق بکەین، ئەو نوێنەرانەشی دەچنە بەغدا لە ئەنجامدا هەموویان وەکو نوێنەرانی خەڵکی کوردستان بە یەکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بتوانن کاریگەریان هەبێت بۆ دەستەبەرکردنی ئەو مافانە". سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بۆ پەرلەمانی عێراق پێویستیان بە خەڵکی بە توانا هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکات و داواش لە لایەنە سیاسییەکان دەکات بەرنامەی خۆیان بۆ چۆنیەتی باشترکردنی دۆخی کوردستان و چۆنیەتی زیاتر بەرگریکردن لەو مافانە لە عێراق بخەنەڕوو.  سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داواشی لە هەموو لایەنەکان کرد "بەرنامەی خۆیان بۆ چۆنیەتی باشترکردنی دۆخی کوردستان و چۆنیەتی زیاتر بەرگریکردن لەو مافانە لە عێراق بخەنەڕوو. پەلاماردانی یەکتر و یەکتر شکاندن بە هیچ شێوەیەک خزمەتی ئەو ئامانجە ناکات، هیوادارم سەیری ناوەرۆکی بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنەکان بکەن، ئەو بانگەوازانەی لە ئێستاوە دەدرێن، زۆر بە وردی گوێیان لێ بگرن، ئەوانەی داوای یەکڕیزی و بەرگریکردن لە مافی خەڵکی کوردستان دەکەن، یانیش بە پەلاماردانی لایەنێکی دیکە پێیانوایە دەتوانن زیاتر دەنگ بە دەست بهێنن. پێویستە خەڵکی کوردستان خۆیان نێوبژیکار بن و وریا بن لەوەی ئەو هەڵبژاردنە، کە هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی عێراق، پێویستمان بە خەڵکی بە توانایە، بتوانێت بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکات". سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وتیشی: "گوێ لە ناوەرۆکی بانگەوازەکان بگرن و بەراوردی بکەن لەگەڵ بەڵێنەکان، ئایا ئەو قسانەی کە دەگوترێت یان پێشتر گوتراوە، جێەجێ کراوەن؟ یانیش ئەو لایەنە توانای جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی هەیە؟ من لێرەوە بە دڵنیاییەوە دەتوانم ئەوەتان پێ بڵێم ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکمانداوە کە بەرگریکاری سەر سەختی مافەکانی خەڵکی کوردستان بین، بەڵام پێویستیمان بە پشتیوانی نوێنەرەکانیشمان هەیە لە بەغدا، کە بتوانن هاوکار  و پاڵپشت بن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ دەستەبەرکردنی ئەو مافانەی تاوەکو ئێستا نەهاتوونەتە دی".  

    هاوڵاتى  مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی لە فەیسبووک وتارێکی  لە ژێر ناونیشانی "یەکێتی کاتی کەمە، دەبێ رەخنە لەخۆی بگرێ" بڵاوکردەوە و رایگەیاند:" من دڵنیام ئەگەر ئەو ڕەخنانە لە خۆی نەگرێ و خەڵک دڵنیا نەکات کە یەکێتی لەدوای ھەڵبژاردن ھەم لەناو خەڵک و ھەم لەناو حکومەتدا بە کردەوە بەرنامەی چاکسازی و پاکسازی و عەقڵسازی جێبەجێ ئەکات، من دڵنیام یەکێتی چارەنوسێکی خراپتر چاوەڕوانیەتی". هەروەها لە وتارەکەیدا دەڵێت:"ئەم قسانەم بۆ مێژوو دەکەم بە دڵنیاییەوە دوو هەفتەی تر ڕووبەڕووی یەکتر ئەبینەوە. ئەو کاتە ئیتر ھەڵوێستەکان گۆڕانکارییان بەسەردێت". دەقی وتارەکەی مەلا بەختیار: یەکێتی کاتی کەمە دەبێ ڕەخنە لەخۆی بگرێ لە ٨ی تەمموزەوە، ئەوەی لەژێر بەڕەی ھەموو ژورەکانی یەکێتی بوو، یەکێتیەکان خستیانە سەر بەڕە. لە دزی، گەندەڵی، شکستی سیاسەتی یەکێتی، چاودێری کردنی نایاسایی کادرو ئۆرگانەکانی یەکێتی، ناکارامەیی ھەندێک لە سەرکردەو بەرپرسەکان، بەکارھێنانی ھێز بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی مەکتەبی سیاسی، لە لوتکە ھەڵدێراندنی ھاوسەرۆکێک. ئەم بڕیارو سیاسەتە ناوخۆییەی یەکێتی بەبێ ئەوەی لەدوای ٨ تەمموزەوە بۆ یەک جاریش سەرکردایەتی کۆببێتەوە سەپێنراون.  لە کاتێکدا لە دوای چوارەمین کۆنگرەوە، بۆئەوەی پیشان بدرێ یەکێتی یەکگرتوە سەرکردایەتی یەکێتی لەسەر کۆمەڵێک ئەرکی لاوەکی کۆبونەوەی بێ سەروبەری ئەکرد بەبێ ئەوەی لەو کۆبونەوانە بچوکترین کێشەی ناوخۆیی و کێشمەکێشی دەرەوەی یەکێتی چارەسەر کرابن.  ئەو دروشمە زەقەی بە ناوی نوێبونەوە بەرز کرایەوە، نەک یەکێتی نوێ نەکرایەوە، بەڵکو نائومێدییەکی ڕەھاو بێ متمانەییەکی ڕەھاو پێشێلکردنی ڕەھای پرنسیپەکانی حزبایەتی شلکردنی جڵەوی ھەلپەرستی و مشەخۆری ڕەھا، لە ناو یەکێتی و لە پەنای دروشمی نوێبونەوەدا سەری ھەڵدا. نەک کێشە کۆنەکان کە پێش چوارەمین کۆنگرە لەناو یەکێتی و لە دەرەوەی یەکێتی و لایەنەکاندا ھەبوون چارەسەر نەکران، بەڵکو کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی گەیەندرانە بنبەستێکی ترسناکی ئەوتۆ، پاشماوەی ڕێزو خۆشەویستی یەکێتی لەناو خەڵکدا لاوازتر کرا بەتایبەتی لەناو بازاڕو موچەخۆرو پەیوەندیە نیشتیمانی و نێونەتەوەیەکاندا. ئێستا دوو هەفتە کەمتر بۆ ھەڵبژاردن ماوە دوای بڵاوکردنەوەی ئەو ھەمو تاوان و تاڵانیەی خودی یەکێتی بەڕەسمی بڵاوی کردونەتەوە، ئایە سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی و لیژنەی باڵای ھەڵبژاردن دەزانن لەناو ھەستی یەکێتیەکان و دەنگدەرانی یەکێتیدا چ برینێکی دەرونی قوڵیان خوڵقاندوە؟ برینەکە زۆر لەوە قوڵترە لەکاتی جیابونەوەی گۆڕان لەژێر کاریگەری پڕوپاگەندەکانی گۆڕان، یەکێتی ١٨ کورسی و گۆڕان ٢٥ کورسیان ھێنا. ئێستا نە گۆڕان پڕوپاگاندە دژی یەکێتی دەکات و نە ھاوپەیمانیە دیموکراتیە کاتیەکەی د. بەرھەمیش دژی یەکێتین. ئێستا یەکێتی لەناو خۆیدا دژی یەکن. یەکێتی لەناوخۆیا بەربڵاوترین ھەڵمەتی دژایەتی یەکتر کە لە مێژوی یەکێتیدا وێنەی نەبوە، ھاوکاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن بەردەوامە. ئەگەر لە سەردەمی گۆڕان و ھاوپەیمانیەکان بەشێک لە خەڵک ئەکەوتنە ژێر کەریگەری پڕوپاگەندەکانیان، لەبەر ئەوەی ئێستا ئەوەی یەکێتی بە یەکێتی دەکا، ڕەشەبای گەرمیان بە دەواری کۆچەری ناکات، بۆیە نەک بەشێکی خەڵک بەڵکو زۆرینەی خەڵک باوەڕ بەو پڕوپاگەندانە ئەکەن کە یەکێتیەکان خۆیان لەناو خۆیاندا دژی یەکتر بڵاوی دەکەنەوە. لە بەرامبەر دۆخێکی ئاوای ترسناکی یەکێتیدا. تەنھا ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی گشتی و بەڵێنی سەوز پێدانی خەڵک دادی یەکێتی نادات چونکە ئەمە یەکەم ھەڵبژاردنی عێراق و کوردستان نیە ھەتاکو خەڵک باوەڕ بە دروشمەکان بکات. لە ھەڵبژاردنەکانی پێشودا بەڵێنی زۆردراو کەمی جێبەجێ کرا. دەرکەوت ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردنی پێشو تەنھا بۆ پاراستنی دەسەڵات بوە، چارەسەرکردنی کێشەکانی دەسەڵات بەپێی پێویستیەکانی خەڵک. بۆیە پێموایە ئەم چەند ڕۆژەی لەبەردەم ھەڵمەتی ھەڵبژاردندا ماوە تەرخان بکرێ بۆ ڕەخنە لەخۆگرتن لە کەموکوڕیەکان. ڕەخنەگرتن لە گەندەڵیەکان. ڕەخنە گرتن لە پێشێلکردنی پرنسیپە حزبیەکان. ڕەخنەگرتن لە نەبونی سەروەری یاسا. ڕەخنەگرتن لە پەرشو بڵاوی یەکێتی و نەبونی ھێزی یەکگرتوی کوردستان. ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی پیلانگێڕی ناوخۆی یەکێتی. ڕەخنەگرتن لە بەرز کردنەوەی ھەزاران پلەی ئەندامی لاوەکی. ڕەخنەگرتن لە جێبەجێ نەکردنی بەرنامەی سۆشیال دیموکرات بەرامبەر بە ڕەنجدەرانی بیرو بازو، ھەروەھا ڕەخنە گرتن لە دژایەتی بیری کۆنەپەرستی باوکسالاری بەرامبەر بە ژنان. ڕەخنە گرتن لەوەی لە بری چەسپاندنی کلتوری مەدەنی کلتوری دواکەوتنی کۆمەڵایەتی بوژایەوە.  من دڵنیام ئەگەر ئەو ڕەخنانە لە خۆی نەگرێ و خەڵک دڵنیا نەکات کە یەکێتی لەدوای ھەڵبژاردن ھەم لەناو خەڵک و ھەم لەناو حکومەتدا بە کردەوە بەرنامەی چاکسازی و پاکسازی و عەقڵسازی جێبەجێ ئەکات، من دڵنیام یەکێتی چارەنوسێکی خراپتر چاوەڕوانیەتی. ئەگەر یەکێتی خەڵک دڵنیا نەکات کە دوای هەڵبژاردن "بەرنامەی چاکسازی و پاکسازی و عەقڵسازی جێبەجێ ئەکات، من دڵنیام یەکێتی چارەنووسێکی خراپتر چاوەڕوانیەتی." تکام وایە ھەمومان تێ بگەین مادام یەکێتی خۆی دانی پیاناوە لە ساڵانی ڕابردودا ھەڵەی پڕ لە ھەڵدێری کردوە، کەوابێ دەبێ ئەو ھەڵانە بە ڕەخنە لەخۆ گرتن و ڕیشەکێش کردن چارەسەر بکرێ نەک بە داپۆشینی چەواشەکارانە.  ئەم قسانەم بۆ مێژوو دەکەم بە دڵنیاییەوە دوو هەفتەی تر ڕووبەڕووی یەکتر ئەبینەوە. ئەو کاتە ئیتر ھەڵوێستەکان گۆڕانکارییان بەسەردێت.

   هاوڵاتى  وەزیری‌ پەروەردەی‌ حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان راگرتنی‌ خوێندنی‌ لە قوتابخانە و ناوەندەکانی‌ خوێندن لە دوو رۆژ بەر لە دەستپێکردنی‌ هەڵبژاردنی‌ پێشوەخت و رۆژێک لە دوای‌ هەڵبژاردنەکە، راگەیاند. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئه‌یلوولی 2021، ئالان حەمە سەعید، وەزیری‌ پەروەردەی‌ حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان لەمیانەی‌ ئەنجامدانی‌ کۆنگرەیەکی‌ رۆژنامەوانیدا ئاماژەی‌ بەوە کرد: "دوو رۆژ بەر لە دەستپێکردنی‌ هەڵبژاردن قوتابخانە و ناوەندەکانی‌ خوێندن رادەستی‌ کۆمسیۆن دەکرێن و رۆژێک لەدوای‌ هەڵبژاردنیش خۆمان رێکدەخەینەوە و پاشان دەستدەکرێتەوە بە خوێندن". وەزیری‌ پەروەردە ئاماژەی‌ بەوەش کرد: "دۆخی‌ تەندروستی‌ لەناو قوتابخانە و ناوەندەکانی‌ خوێندن باشە، بەڵام هەر پابەندبین بە خۆپارێزی‌ و مامۆستایانیش بچن بەدەنگ وەرگرتنی‌ ڤاکسین". وتیشی‌: "لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت هەر پابەندبین بە خۆپارێزی‌ و مامۆستایانیش بچن بەدەنگ وەرگرتنی‌ ڤاکسین". وەزیری‌ پەروەردە دوو شتی‌ بە گرەتنی‌ دانا بۆ بەردەوامبوونی‌ خوێندنی‌ ناو پۆل ئەوانیش، "پابەند بوون بە رێنماییە تەندروستییەکان بەتایبەتی‌ بەستنی‌ دەمامک و دووەمیان وەرگرتنی‌ ڤاکسین". ڕۆژى 10ى مانگى داهاتوو واده‌ى ده‌ستپێكردنى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراقه‌و له‌سه‌رتاسه‌رى عێراق خوێندنگه‌كان ده‌كرێنه‌ ناوه‌ندى ده‌نگدانى هاوڵاتیان، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ له‌عێراق‌و هه‌رێمیش خوێندن ڕاده‌گیرێت.  

  هاوڵاتى  جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم كوردستان ڕایگه‌یاند: "جێى ده‌ستخۆشیه‌ بۆ حكومه‌تى خۆجێىى سلێمانى له‌سه‌ر ئاستى عێراق یه‌كه‌م پارێزگایه‌ بۆ پاكوخاوێنى‌و هه‌وڵده‌ده‌ین بیكه‌ینه‌ یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌كه‌". ​ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 27ی ئه‌یلوولی 2021، له‌میانى به‌شداربونى له‌پانێڵێكدا سه‌باره‌ت به‌ژینگه‌ى سلێمانى كه‌ زانكۆى سلێمانى ڕێكیخستبوو قوباد تاڵه‌بانى ڕایگه‌یاند، "به‌سێ به‌رنامه‌ كێشه‌ى تانجه‌رۆ كه‌ ناوچه‌ى فڕێدانى زبڵ‌و خاشاكى سلێمانیه‌ چاره‌سه‌رده‌كرێت‌وسلێمانى له‌ئێستادا كه‌له‌سه‌ر ئاستى عێراق له‌ڕوى ژینگه‌و پاك‌و خاوێنیه‌وه‌ یه‌كه‌م پارێزگایه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌كه‌ بیكه‌ینه‌ یه‌كه‌م". ڕاشیگه‌یاند، "ئاگادارى كێشه‌ى تانجه‌رۆین كه‌ هه‌م زبڵ‌و خاشاكى سلێمانى‌و هه‌میش ئاوه‌ڕۆى قورسى سلێمانى ده‌چێته‌ ئه‌وناوچانه‌و بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئاوه‌ڕۆكه‌ دوو كۆمپانیاى به‌ریتانى پرۆژه‌یه‌كیان پێشكه‌شكرد، به‌ڵام به‌هۆى هه‌ندێك گرفته‌وه‌ پڕۆژه‌كه‌ نه‌كراو له‌ئێستادا حكومه‌ت له‌پلانیدایه‌ به‌هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ كه‌رتى تایبه‌ت ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ربكات". وتیشى:"دروستكردنى كارگه‌یه‌ك بۆ ڕیسایكلین ده‌ستیپێكراوه‌و ئێستا ڕۆژانه‌ تواناى ڕیسایكلینى 700 تۆن خاشاكیان هه‌یه‌و تواناى كارگه‌كه‌ زۆر زیاتره‌ له‌وه‌و كێشه‌ى داراییشان هه‌یه‌و حكومه‌ت هه‌وڵده‌دات بۆیان چاره‌سه‌ربكات". جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت باسى له‌وه‌شكرد، "قۆناغى سێیه‌م‌و به‌رنامه‌ى سێیه‌مى حكومه‌ت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وردبینى كارگه‌كانى تانجه‌رۆبكرێت‌و هه‌وڵبدرێت ڕێگریى له‌وه‌بكرێت پاشماوه‌كانیان بكه‌نه‌ ژینگه‌وه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا هه‌وڵبدرێت هه‌ڵمه‌تى هۆشیارى ژینگه‌یی په‌ره‌ى پێبدرێت". جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت جه‌ختیكرده‌وه‌، "جێى ده‌ستخۆشیه‌ بۆ حكومه‌تى خۆجێىى سلێمانى له‌سه‌ر ئاستى عێراق یه‌كه‌م پارێزگایه‌ بۆ پاكوخاوێنى‌و هه‌وڵده‌ده‌ین بیكه‌ینه‌ یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌كه‌".

    هاوڵاتى کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەی راگەیاند. بەپێی ئەنجامە بەراییەکان کە تاوەکو ئێستا، سێ کورد دەنگی پێویستیان بەدەستهێناوە و دەبنە پەرلەمانتار. هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا کۆتایی پێهات و بەپێی ئەنجامەکانی کۆتایی پرۆسەکەش پارتی سۆسیال دیموکرات بەبەدەستهێنانی ٢٥.٨%ی دەنگەکان سەرکەوتنی بەدەستهێنا.  بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە کەناڵی فەرمی ئەڵمانیا ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە. لەناو ئەو كاندیدانەشدا كە دەنگی پێویستیان بەدەست هێناوە سێ كاندیی كوردی تێدایە و بەو پێیە بونە پەرلەمانتاری پەرلەمانی ئەڵمانیا. بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکەی کۆمیسیۆن، پارتی سۆسیال دیموکرات 25.7٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، پارتەکانی یەکێتیی کریستیان دیموکرات و یەکێتیی سۆسیال کریستیانیش کە هاوپەیمانن 24.1٪ی دەنگەکان، پارتی سەوز 14.8٪، پارتی دیموکراتیی ئازاد 11.5٪ و پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیاش 10.3٪ی دەنگەکانیان بردووەتەوە. بە پێی ئەم ئەنجامانە بێت ئۆڵاف شوڵتس کاندیدی پارتی سۆسیال دیموکراتەکان چانسی زیاترە بۆ ئەوەی ببێتە راوێژکاری داهاتووی ئەڵمانیا و جێگرەوەی ئانگێلا مێرکڵ. دوێنێ یەکشەممە ٢٦ی ئەیلولی ٢٠٢١ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا بەبەشداری (٤٧) پارتی سیاسی بەڕێوەچوو، زیاتر لە (٦٠) ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو. 

هاوڵاتى دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلول بەردەوامی هەیە و سبەینێ سێشەممە، موچەی وەزارەتی ناوخۆ، رەگەزنامە، زێرەڤانی و بەرگری و فریاكەوتن، لیوازی نەوت و گاز و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان دابه‌ش ده‌كرێت. سبەینێ سێشەممە 28ی ئه‌یلوولی 2021، موچەی وەزارەتی ناوخۆ، رەگەزنامە، زێرەڤانی و بەرگری و فریاكەوتن، لیوای نەوت و گاز و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان دابه‌ش ده‌كرێت.  ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئه‌یلوولی 2021، موچەی وەزارەتی دارایی و ئابووری و یەكەكانی 70 و 80ی سەر بەهێزەكانی پێشمەرگە دابه‌ش ده‌كرێت.  شەممە، دابەشکردنی موچەی مانگی ئەیلول دەستیپێکردو تائێستا وەزارەتی تەدنروستی و  موچەی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکان دابەشكراوە و ئەمرۆش وەزارەتی دارایی و یەكەكانی 70 و 80ی سەر بەهێزەكانی پێشمەرگە موچە وەردەگرن. لەدواى گەیشتنى 200 ملیار دینارەکەى بەغدا، دابەشکردنى موچەى مانگى ئەیلول دەستى پێکرد.  

  هاوڵاتى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى ڕاژه‌ى فیدڕاڵى ڕایگه‌یاند:" له‌ئێستادا دامه‌زراندن ته‌نها بۆ سێ توێژ دامه‌زراندن هه‌یه‌ ئه‌وانیش ده‌رچوه‌ یه‌كه‌مه‌كانى زانكۆو په‌یمانگاكان، خاوه‌ن بڕوانامه‌ى ماسته‌رو دكتۆرا ، ئه‌وانه‌ى یاساى ژماره‌ شه‌شى ساڵى 2000 ده‌یانگرێته‌وه‌". مه‌حمود ته‌میمى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى ڕاژه‌ى فیدڕاڵى له‌ دیدارێكى ته‌له‌فزیۆنیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى عێراقیه‌ ڕایگه‌یاند، تاكه‌ لایه‌نى په‌یوه‌ست به‌دامه‌زراندن ته‌نها ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یانه‌ نه‌ك هیچ لایه‌نێكى تر. ناوبراو ئه‌وه‌شى خستۆته‌ڕوو، له‌ئێستادا دامه‌زراندن ته‌نها بۆ سێ توێژه‌ ئه‌وانیش ده‌رچوه‌ یه‌كه‌مه‌كانى زانكۆو په‌یمانگاكان و و خاوه‌ن بڕوانامه‌ى ماسته‌رو دكتۆراو ئه‌وانه‌ى كه‌ یاساى ژماره‌ 6 ساڵى 2000 ده‌یانگرێته‌وه‌ مه‌به‌ست لێى دامه‌زراندنى ده‌رچوانى به‌شه‌ پزیشكیه‌كانه‌ به‌گوێره‌ى پێویستى نه‌خۆشخانه‌كان. مه‌حمود ته‌میمى باسى له‌وه‌شكردوه‌، پێویست بوو سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌كان هه‌یكه‌لى ئیدارى و ژماره‌ى فه‌رمانبه‌ران و پسپۆریه‌كانیان بۆ بنێرن تا به‌پێى پێویستى فه‌رمانگه‌كان ڕێكیان بخه‌نه‌وه‌ به‌ڵام تائێستا زیاتر له‌ 80% فه‌رمانگه‌كان ئه‌وكاره‌یان نه‌كردوه‌. له‌هه‌رێمى كوردستانیش له‌ساڵى 2014وه‌ دامه‌زراندن به‌شێوه‌یه‌كى فه‌رمى ڕاگیراوه‌ ساڵى ڕابردوو ته‌نها مامۆستایانى گرێبه‌ست دامه‌زرێندران

هاوڵاتى مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند: "  پشتیوانی دۆزی دادپەروەرانەی فەلەستین دەکەین". مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئێمە وەکو یەکێتی  رایدەگەیێنن کە بە هەموو شێوەیەک ئەو جۆرە کۆبوونەوانە رەتدەکەینەوە، ئیدی لە هەرێمی کوردستان بێت یان هەر ناوچەیەکی دیکەی عێراق. رایدەگەیێنین کە پشتیوانی دۆزی دادپەروەرانەی فەلەستین دەکەین. هەروەکو دووپاتیدەکەنەوە هەر هەڵوێستێک گرێدراو بێت بە سیاسەتی دەرەوە، ئەوا بەپێی دەستووری عێراق تەنیا لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدایە". وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "یەکێتیی  سەرکۆنەی هەر هەوڵێک دەکات، کە دەست بۆ پرەنسیپ و سیاسەتی دەرەوەی عێراق ببات و سەقامگیری و ئاسایشەکەی تێکبدات و قەیران دروستبکات". مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەشڵێت، ستایشی هەوڵەکان دەکەن بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و "دوای هەڵبژاردنەکان و سەرکەوتنی هاوپەیمانیی کوردستان، قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندی نیشتمانی پتەوی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند لە هەموو ئاستەکان بەدیدێت، لەوانەش بابەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتی دەرەوە". ۆژی هەینی 24-09-2021 ژمارەیەک کەسایەتیی عەرەب لە شاری هەولێر کۆبوونەوەیەکیان لەژێر ناوی (السلام والاسترداد) ئەنجامدا و تێیدا پشتگیریی خۆیان دەربڕی بۆئەوەی عێراق پەیوەندیی فەرمیی لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت. هەریەکە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، حکومەت و وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان کاردانەوەیان لەبارەی کۆبوونەوەکە پیشانداوە و بێئاگایی خۆیان لە نێوەڕۆکەکەی دەربڕیوە؛ ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئەو بۆچوون و هەڵوێستانەی لەو کۆبوونەوەیەدا دەربڕاون، به‌‌ هیچ شێوەیه‌ک بۆچوون و سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی هه‌رێمی کوردستان نییه‌.

هاوڵاتى له‌نیا ته‌ها که‌ریم کچه‌ کوردێکى دانیشتووى وڵاتى ئایسله‌ندایه‌، به‌ ئه‌ندامى په‌رله‌مانى ئه‌و وڵاته‌ هه‌ڵبژێردرا که‌ سه‌ر به‌ پارتێکى ئۆپۆزسیۆنه‌. له‌نیا ته‌ها که‌ریم، کاندیدى پارتێکى ئۆپۆزسیۆنى ئاسله‌ندایه‌و حزبه‌که‌ى توانى چه‌ند کورسییه‌ک له‌کۆى 63 کورسى په‌رله‌مان به‌ده‌ست بهێنێت. کاروان ئه‌نوه‌ر، سکرتێرى لقى سلێمانى سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نوسان که‌ خاڵى له‌نیایه‌، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:"له‌نیاى خوشکه‌زام خوێندکارى زانکۆیه‌و ته‌مه‌نى 21 ساڵه‌، توانى ببێته‌ بچوکترین ئه‌ندامى په‌رله‌مانى ئایسله‌ندا". دوێنێ 25ى ئه‌یلول هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى ئایسله‌ندا به‌رێوه‌چوو تێیدا له‌نیا ته‌ها که‌ریم له‌ پارتێکى ئۆپۆزسیۆن سه‌رکه‌وتنى به‌ده‌ستهێنا. کاروان ئه‌نور وتیشى:" پارته‌که‌ى له‌نیا پارتێکى ئۆپۆزسیۆنه‌و گرنگى به‌ گه‌نجان و په‌نابه‌ر ده‌دات، له‌نیا به‌و پێیه‌ى خه‌ڵکى کورستان و عێراقه‌ و جززورى ئیسلامى هه‌یه‌، بووه‌ته‌ جێى باسى میدیاکانى ئه‌و وڵاته‌ که‌ کچه‌ کوردێک توانى متمانه‌ به‌ده‌ست بهێنێت و بگاته‌ په‌رله‌مان". له‌نیا ته‌ها، که‌ به‌ (له‌نیا روون) ناسراوه‌، رۆژى 18-12-1999 له‌ ئایسله‌ندا له‌دایکبووه‌، دایکى خه‌ڵکى هه‌ڵه‌بجه‌یه‌و باوکیشى خه‌ڵکى سلێمانییه‌.