شاناز حەسەن هەریەكە لەكۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی لەگەڵ كاندیدانی سەربەخۆ ترسیان لەئەنجامدانی ساختەكاری لەهەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراقدا هەیەو پێیانوایە بەشداریكردنی خەڵك ساختەكارییەكان كەمدەكاتەوە. بڕیارە 10ی تشرینی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ئەنجامبدرێت، بەپێی یاسای نوێ، عێراق دابەشكراوە بۆ 83ی بازنەی هەڵبژاردن و سەدان كاندید كێبڕكێ دەكەن بۆ بەدەستهێنانی 329 كورسی. هەریەك لەكۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی ترسیان لەساختەكاری هەیە لەلایەن لایەنەكانی دەسەڵاتەوە. فاروق عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمەڵی دادگەریی، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»بێگومان هەڵبژاردن زۆر ئومێدبەخش دەبێت بەوەی كە ساختەكاری تێدانەبێت، بەڵام هێشتا هەر ئەگەری بوونی ساختەكاری زۆرە، بەتایبەتی لەم هەڵبژاردنەدا». ناوبراو باسی لەوەشكرد ژمارەیەكی زۆر لەهاووڵاتیان تائێستاش كارتی دەنگدانیان وەرنەگرتۆتەوەو ژمارەیەكی زۆریشیان ساردن لەبەشداریكردن، وتیشی:» ئەمە وادەكات ژمارەیەك لەپارتە دەسەڵاتدارەكان پەنابەرن بۆ ساختەكاری كەئەمە پیشەی هەمیشەییان بووە». «هەرچەنەد ئەندامانی كۆمسیۆن و لایەنی بەرپرس دڵنیایی دەدەن كە ئەمجارە مەجالی ساختەكاری نیە و ناكرێت، بۆیە لەمكاتەدا ترس دێتە سەر ترسی ئەلیكترۆنی ئەگەری هاككردن هەیە، هەڵسوكەوتكردن بە سێرڤەرەكانەوە، بەتایبەت كە لەدەرەوەی عێراق بن»، فاروق عەلی وا دەڵێت. بەرپرسەكەی كۆمەڵی دادگەری ئەوەشی دووپاتكردەوە كە چاودێرەكانیان باوەڕیان بەئەوە هەیە لە پێناوی گۆڕانكاریدا شەونخونی بكەن و وەك پیشەیی هەمیشەییان چاودێری دۆخەكە دەكەن تا ئەوكاتەی سندوقەكان دەچنە شوێنی خۆیان. هەروەها ئەندامێكی كەمتەبی هەڵبژاردنی یەكگرتوو پێیوایە ساختەكاری لەم هەڵبژاردنەدا ئەگەرێكی واریدە. هێمن ئەسكەندەر، ئەندامی مەكتەبی هەڵبژاردنەكانی یەكگرتوو لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» ئەمجارە كۆمەڵێك رێكار گیراونەتە بەر كۆمسیۆن و لایەنی پەیوەندیدار وەك خۆی جێبەجێی بكات، هێزە سیاسییەكان رێز لەئیرادەی دەنگدەری خۆیان بگرن و دەنگدەریش ئەو رۆژە بەفرسەت وەربگرێت و بچێتە سەر سندوقەكانی دەنگدان، ئەگەرەكانی ساختەكاری وەك جاران نابن و زۆر كەمدەبنەوە». ئەو ئەندامەی مەكتەبی هەڵبژاردنەكانی یەكگرتوو پێشیوابوو «ترسی ساختەكاری هەیە»، بەڵام كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق پێشتر بەو دەردەچوو كە بینرا هەندێكیان درانە دادگاو هەندێك لابران و ئەو ساختەكاریەی لەهەڵبژاردنی 2018دا كرا وایكرد هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوە بچێتو بۆیە ناكرێت هێزە سیاسییەكان و كۆمسیۆن و لایەنە پەیوەندیدارەكان رێگەبدەن وەك پێشتر دەنگدان بكرێت. لەهەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی عێراقدا دەنگدان لەڕێگەی سیستمی ئەلیكترۆنییەوە ئەنجامدراو لایەنەكان یەكتریان تۆمەتبار دەكرد بەئەنجامدانی ساختەكاری و بەو هۆیە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق متمانەیان لێوەرگیرایەوەو كۆمسیۆنێكی نوێ لەدادوەران دیاری كران. « چاودێری دەنگەكان دەكەین تاكۆتا دەقەو ئێستاش كۆبوونەوەی بەردەواممان هەیە لەگەڵ نەتەوەیەكگرتووەكان و یۆنامی بۆ چاودێری دۆخەكەو رێگری كردن لەساختەكاری و رێگریكردن لێی»، هێمن ئەسكەندەر وای وت. دوو كاندیدی سەربەخۆ كە لەسلێمانی خۆیان كاندیدكردووە ئەوە دووپاتدەكانەوە ئەگەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكە ساختەكاری تێدا بكرێت قبوڵی ئەنجامەكەی ناكەن. رێبوار كەریم مەحمود، پەرلەمانتاری ئێستاو كاندیدی سەربەخۆ بۆ پەرلەمانی عێراق، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»لەلایەن كۆمسیۆنەوە دڵنیایمان دراوەتێ و رێككەوتوین، كە هەر جۆرە ساختەكاریەك ببینین، قبوڵی دەرئەنجامەكەی ناكەین و بێدەنگ نابین، بەڵام دڵنیاییان داوینەتێ كە ساختەكاری ناكرێت و گرفتی گەورە دروست نابێت». رێبوار كەریم مەحمود وتیشی:» رێگری دەكەین لەهەموو جۆرە ساختەكارییەك و تا دوا دەقە چاودێر دەبین». هەروەها سەركەوت شەمسەدین، پەرلەمانتاری ئێستاو كاندیدی سەربەخۆ بۆ پەرلەمانی عێراق، لەلێدوانێكدا بە وت:» هەموو هەڵبژاردنێك بەشێك لەساختەكاری تێدادەبێت، بەڵام زۆرترین ساختەكاری لەو كاتانەدا روودەدات كە بەشداری خەڵك كەمدەبێتەوە، بۆیە تا بەشداری خەڵك كەمتر ببێتەوە، ساختەكاری زیاتر دەبێت». وتیشی:»ترسەكە هەر هەیە، بەڵام زۆرترینی ترسەكە پەیوەندی بەبەشداریكردنی خەڵكەوە هەیە». هەریەك لەنەتەوەیەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپاو چەندین رێكخراوی مەدەنی بیانی بڕیارە بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق زیاتر لە 800 چاودێر لەپرۆسەی هەڵبژاردن بەشداربن و تێیدا سەرجەم ساختەكاری و پێشێلكارییەكان دەكەنە راپۆرت و دواتر لەمیدیاكان و دامەزراوەكان و پەرلەمانی وڵاتەكانیاندا رایدەگەیەنن. هاوكات كۆمكاری وڵاتانی عەرەبیش بە دەیان چاودێر دەنێرێتە عێراق تا چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن. سەركەوت شەمسەدین، ئەوەشی روونكردەوە كە لەهەموو بنكەیەك چاودێری تایبەتیان هەیە لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان بەهاوبەشی بەردەوام دەبن و دەبنە چاودێر بۆ رێگرتن لە ساختەكاری و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد.
هاوڵاتى بافڵ تاڵهبانى هاوسهرۆكى یهكێتى رایگەیاند:"کەرکوکییەکان خاوەنی ڕاستەقینەی یەکێتین باوەڕمان بەئاشتی، برایەتیو پێکەوەژیانە، بەڵام ئەو غەدرانەی کە لەکەرکوکییەکان ئەکرێتو بەردەوامی هەیە خەریکە ئەگاتە ئاستێک کە قابیلی قبوڵنابێت". ئەمڕۆ سێشهممه 28ی ئهیلوولی 2021، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی لهپهیامێكدارایگەیاند:"کەرکوک بۆ ئێمە قودسی کوردستانە، قەڵای سەوزی پێکەوەژیانو برایەتی ھەموو نەتەوەو پێکھاتە ڕەسەنەکانی شارەکەیە". جهختدهكاتهوه، "کەرکوک ئەمانەتی مام، خوێنی شەھیدانو کوڕانی شۆڕشی نوێیە کە خوێنیان بۆ بەخشیو بۆ ساتێکیش کەرکوکییەکانیان جێنەھێشت، بۆیە کەرکوکییەکان خاوەنی ڕاستەقینەی یەکێتین". تاڵهبانى وتویهتى، "یەکێتیش وەک حزبێکی دەربەستو پەیوەست بەڕێبازی مامو خوێنی شەھیدان ھەر لەگەڵ کەرکوکییەکان دەمێنێتەوە ئێستاو ئایندەش بەهەمان ڕۆحیەتی کارکردنەوە درێژەپێدەری ئەو ڕێبازە پیرۆزە دەبینو دەستبەرداری نابین". بافڵ تاڵهبانى باسى لهوهشكردوه، "ئێمە باوەڕمان بەئاشتی، برایەتیو پێکەوەژیانە، بەڵام ئەو غەدرانەی کە لەکەرکوکییەکان ئەکرێتو بەردەوامی هەیە خەریکە ئەگاتە ئاستێک کە قابیلی قبوڵنابێت، دەستی برایەتی بۆ ھەموو نەتەوەو پێکھاتەو ئاینزاکان درێژدەکەینو باوەڕمان بەشەراکەتو پێکەوەژیانە، بەڵام لەمافی نەتەوەیی خۆشمان خۆشنابین". دڵنیایی داوه لهوهى، "ڕێچکەی مام بەرنادەین، کەرکوکو کەرکوکییەکان شادەماری خوێنی نوێبونەوەی یەکێتینو پێکەوە بەرەو ئاسۆیەکی ڕونتر ھەنگاودەنێین".
هاوڵاتى بەپێی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پلاندانانی پەروەردەیی لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە رێگەی پرۆگرامی دەستپێشخەریی هاوبەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (MEPI)، دەرفەتی خوێندنی بەکالۆریۆس بۆ دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە چەند زانکۆیەکی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەژێر ناونیشانی "Tomorrow’s Leaders (TL) Undergraduate Program"دەڕەخسێنێت. ئەمڕۆ سێشهممه 28ی ئهیلوولی 2021، بەپێی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پلاندانانی پەروەردەیی لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان کە ژمارە 17038ی پێدراوە و لە رۆژی 27ی ئەیلوولی 2021 دەرچووە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و کەرکوک - بەشی خوێندنی کوردی کراوە، کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە رێگەی پرۆگرامی دەستپێشخەریی هاوبەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (MEPI)، دەرفەتی خوێندنی بەکالۆریۆس بۆ دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە چەند زانکۆیەکی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەژێر ناونیشانی "Tomorrow’s Leaders (TL) Undergraduate Program"دەڕەخسێنێت. بڕیارە بەمزووانە زانکۆلاین لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە کارا بکرێت بۆ وەرگرتنی خوێندکارانی 12ی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاگادارییەکی بۆ دەرچووانى 12ی ئامادەیى بڵاوکردەوە و داوایان لێدەکات، لەم هەفتەیەوە سەردانی خوێندنگەکانیان بکەن بۆ وەرگرتنی وشەی "تێپەڕ و نهێنی/پاسۆرد و یوزەرنەیم"، راشیگەیاند، "لە چەند رۆژی داهاتوودا زانکۆلاین کارا دەکرێت".
هاوڵاتى وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم رایگەیاند:" رۆژی چوارشەممە موچەی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکروان و زیندانییە سیاسییەکان و هێزەکانی زێرەڤانی و بەرگریی فریاکەوتن و لیوای نەوت و گاز دابەش دەکرێت". ئەمڕۆ سێشهممه 28ی ئهیلوولی 2021، وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم خشتەی موچەی دوو ڕۆژی ئەم هەفتەیەی راگەیاند. كە بەپێی خشتەكە - رۆژی چوارشەممە موچەی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکروان و زیندانییە سیاسییەکان و هێزەکانی زێرەڤانی و بەرگریی فریاکەوتن و لیوای نەوت و گاز دابەش دەکرێت. - رۆژی پێنجشەممەش موچەی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.
هاوڵاتى پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند:" ژمارەیەکی زۆرو پێویستی ڤاکسینمان دابینکردووە، ژمارەی بنکەکانمان بۆ پێدانی ڤاکسین لە ناوشاری سلێمانیدا بۆ ۱۳ بنکە زیادکردووەو لە هەموو قەزاو ناحیەیەکدا بنکەی ڤاکسینپێدانمان کردۆتەوە، تکاو داوای خەمخۆرانەتان لێدەکەین ناوی خۆتان تۆماربکەن و بچن ڤاکسین وەربگرن، خۆتان و کەسوکارتان و تەواوی مرۆڤایەتی لەم پەتا کوشندەیە بپارێزن". ئەمڕۆ سێشهممه 28ی ئهیلوولی 2021، هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، نوسینێكی بڵاوكردۆتەوە و بە تكاوە داوا لەهەموو هاوڵایتان ەكات بچن ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرن. لەبەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات:" پاییزە؛ وەرزی پەتا گواستراوەکانە، مەترسیی بەرزبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا لە ئارادایە، هەر بێباکیی و خەمساردییەک خۆت و هەموومان ڕوبەڕوی مەرگێکی نەخوازراو دەکەیتەوە، دەرفەتی چارەسەرکردن لە دەستدەدەیت، ڤاکسینکردن تەنها ڕێگای خۆپاراستنە، خۆپاراستنیش تاکە ڕێگای دەربازبوونە". دەقی نوسینەكەی پارێزگاری سلێمانی:. هاووڵاتیانی خۆشەویست.. بە هەوڵی دڵسۆزانەو مەردانەی هەمووان، ژمارەیەکی زۆرو پێویستی ڤاکسینمان دابینکردووە، ژمارەی بنکەکانمان بۆ پێدانی ڤاکسین لە ناوشاری سلێمانیدا بۆ ۱۳ بنکە زیادکردووەو تیمی گەڕۆکمان بۆ فەرمانگاو شوێنە گشتیی و تایبەتەکان پێکهێناوە، لە هەموو قەزاو ناحیەیەکدا بنکەی ڤاکسینپێدانمان کردۆتەوە، تکاو داوای خەمخۆرانەتان لێدەکەین ناوی خۆتان تۆماربکەن و بچن ڤاکسین وەربگرن، خۆتان و کەسوکارتان و تەواوی مرۆڤایەتیی لەم پەتا کوشندەیە بپارێزن.. پاییزە؛ وەرزی پەتا گواستراوەکانە، مەترسیی بەرزبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا لە ئارادایە، هەر بێباکیی و خەمساردییەک خۆت و هەموومان ڕوبەڕوی مەرگێکی نەخوازراو دەکەیتەوە، دەرفەتی چارەسەرکردن لە دەستدەدەیت، ڤاکسینکردن تەنها ڕێگای خۆپاراستنە، خۆپاراستنیش تاکە ڕێگای دەربازبوونە. هەموو بنکەو تیم و دامودەزگا تەندروستییەکان چاوەڕوانی هاتنی خێرتانن بۆ ئەوەی وەک هەمیشە لە خزمەتتاندابن، بێبەرامبەرو بێقەرەباڵغیی و ڕیزگرتنێک ژەمە ڤاکسینی خۆتان؛ پێببەخشن. وەرن بێدوودڵیی ڤاکسین وەربگرن، ژیان لە مەرگ ڕزگار بکەن..
هاوڵاتى وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" باندێک لەسەر ساختەکردنی کارتی ڤاکسین دەستگیرکراوە. دەشڵێت، هەر کەسێک زانیاریی لەبارەی هاوشێوەی ئەو کەسانە هەیە هێزە ئەمنی و لیژنە تەندروستییەکان ئاگادار بکاتەوە. ئەمڕۆ سێشهممه 28ی ئهیلوولی 2021، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر سوپاسی تیمەکانی ئاسایشی کرد کە "هاوکارمان بوون لە دەستگیرکردنی ئەو باندە، ئێستا ئەو باندە لە ژێر لێکۆڵینەوەدان، لەبەرئەوەش پێشتر نەمانتوایوە رایبگەیێنین، چونکە لە داهاتوودا هێزە ئەمنییەکان وردەکارییەکەی بڵاودەکەنەوە." وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەدات، "چەندین کەس بەهۆی ساختەکردن و فرۆشتنی کارتی ڤاکسین دەستگیرکراون." سامان بەرزنجی داوایەک ئاراستەی هاونیشتمانییان دەکات کە بۆ دەرهێنانی کارتی ڤاکسین تەنیا سەردانی بنکە تەندروستییەکان بکەن و "ئەوانەش کارتیان بۆ دروستدەکرێت کە ناویان لە سیستەمی ئەلیکترۆنیدا هەیە و ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە." وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هێزە ئەمنییەکان ئاگادارکراونەتەوە و هەر کەسێک ساختەکاری بکات و کارتی ڤاکیسن ساختە بکات لێی قبووڵ ناکەین." پێشتر وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو کە کارتی ڤاکسین بەو کەسانە دەدرێت کە هەردوو قورچکی ڤاکسینەکەیان وەرگرتبێت کە لە گەشتکردن بۆ وڵاتان دەتوانن وەکو بەڵگەیەک بیخەنەڕوو. لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی وڵاتانی جیهان ئەو کارتە کاری پێدەکرێت، بۆ دروستکردنی کارتەکەش دەبێت هاونیشتمانیان کارتی وەرگرتنی ڤاکسین و پاسپۆرت لەگەڵ خۆیان ببەن. رۆژی سێشەممە 28-09-2021 بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی، پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر، بنکەی پێدانی کارتی ڤاکسین بە هاونیشتمانیان کرایەوە، کە کارتێکی نێودەڵەتی باوەڕپێکراوە و سەرجەم زانیارییەکانی کەسەکە تۆمارکراوە لە سیستەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هاوڵاتى قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان رایگەیاند:" کێشەکانی خانەقین و ناوچە کێشەلەسەرەکانی دیکەی سنوری ماددەی 140ی دەستوور، نە لەهەولێر و نە لە سلێمانی و نە لە هیچ شارێکی دیکەی هەرێم چارەسەر ناکرێن، بەڵکو بەبونێکی بەهێز و یەکڕیزی کورد لەبەغدا چارەسەر دەکرێن بۆیە یەکێتی و گۆڕان ئەو هاوپەیمانیەیان دروستکردووە. ئەمڕۆ سێشهممه 28ی ئهیلوولی 2021، قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان لە خانەقین بەشداری بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی کرد و رایگەیاند، دەزانن لەخانەقین کێشەی سیاسی، خزمەتگوزاری، شوناس و ئیدارییش بوونی هەیە، "دەشزانین کەچەند پەرتەوازە بین لاوازتر دەبین بۆیە یەکێتی و گۆڕان هاوپەیمانییان دروستکردووە". ئاماژەی بەوەشکرد، "کێشەکانی خانەقین نە لەهەولێر و نە لە سلێمانی و نە لە هیچ شارێکی دیکەی هەرێم چارەسەر ناکرێت، بەڵکو بەشێکی زۆری کێشەکانتان لەبەغدا چارەسەر دەکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش بەیەک هەڵوێستی دەتوانین چارەسەری کێشەکان بکەین و رێگری بکەین لەوەی غەدرمان لێبکرێت". قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕو، بەرنامەی هاوپەیمانی کوردستان بانگەشەی "باق و باریق" نیە و لەچوار خاڵ پێکهاتووە ئەوانیش بریتین لە یەکڕیزی، دابینکردنی بودجە و مووچە بۆ خەڵکی کوردستان، دابینکردنی خزمەتگوزاری باشتر و گەڕاندنەوەی سەقامگیری سیاسی، ئابوری و کارگێڕییە.
هاوڵاتى بەپێی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی، کۆمپانیای دانەگاز بە بڕی 607 ملیۆن دۆلار قەرەبوو دەکرێتەوە. کۆمپانیای کرێسێنت پێترۆڵیۆم کە هاوبەشی کۆمپانیای دانەگازە، لە ساڵی 2005دا لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی ئێران گرێبەستێکی بۆ ماوەی 25 ساڵ واژۆکرد بۆ گواستنەوەی گازی سرووشتی ئێران بۆ ئیمارات، بەڵام کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی ئێران هیچکات گازی سرووشتی بۆ کۆمپانیای کرێسێنت دابین نەکرد. کۆمپانیای کرێسێنت بەو هۆیەوە داوای قەرەبووی ئەو زیانانەی کرد کە لە ماوەی گرێبەستەکەدا بەریکەتووە و بەریدەکەوێت. دادگای نا وبژیوانی نێودەوڵەتی ئێستا بڕیاریداوە کۆمپانیای دانەگاز بۆ قەرەبووی زیانەکانی لە ماوەی 8.5 ساڵی یەکەمی گرێبەستەکەی لەنێوان ساڵانی 2005 تاوەکو 2014 دەبێت بە 607 ملیۆن دۆلار قەرەبوو بکرێتەوە. دانەگاز دەڵێت، سکاڵای دووەمین بۆ قەرەبووکردنەوەی کۆمپانیاکەیە لەبەر زیانەکانیان کە لە ماوەی 16.5 ساڵ بەریاندەکەوێت و پەیوەستە بە زیانی کۆمپانیاکە لە نێوان ساڵانی 2014 تاوەکو 2030. کۆمپانیای دانەگاز رایگەیاندووە کە وەرگرتنی 607 ملیۆن دۆلار وەکو قەرەبووی کۆمپانیاکە بە شێوازێکی بەرچاو رەوشی دارایی کۆمپانیاکە بەهێز دەکات.
هاوڵاتى ویسام حەردان سەرۆكی دەستەی كۆنگرەی السلام والاسترداد لەكار لابرا بەهۆی ئەو كاردانەوەیەی لەدوای كۆنگرەكە دەستیپێكرد بەتایبەت لەلایەن سەرکردە دیارەکانی عێراقەوە. بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە بە ژمارە 585 لە رۆژی 27ی ئەیلوولی 2021 دەرچووە، دەستەی دامەزرێنەری سەحوەی رۆڵەکانی عێراق کە ویسام حەردان سەرۆکایەتیی دەکرد، رۆژی 25ی ئەیلوول کۆبووەوە و بڕیاریدا بە: ویسام حەردان، یەکێکە لە کەسە دیارەکانی کۆنگرەی (السلام والاسترداد) کە رۆژی 25ی ئەیلوول لە هەولێر بەسترا و تێیدا داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق و ئیسرائیل کرا، لەدایکبووی شارۆچکەی فەللوجەیە لە پارێزگای ئەنبار، تەمەنی 67 ساڵە، رۆژی 25ی ئەیلوول داوایکرد عێراق هاوشێوەی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی بچێتە نێو رێککەوتننامەی ئیبراهیمی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە. رۆژی هەینی 24-09-2021 ژمارەیەک کەسایەتیی عەرەب لە شاری هەولێر، کۆنگرەیەکیان لەژێر ناوی (السلام والاسترداد) بەست. بەشێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی عێراق و ئیسرائیلیان کرد، بەشێکیشیان دژی ئەوە وەستانەوە و هۆڵی کۆنگرەکەیان جێهێشت. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆنگرەکەوە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک ئاگادارى کۆبوونەوەی (السلام والاسترداد) و نێوەڕۆکەکەی نەبوون کە لە هەولێر کراوە و ئهوهی له کۆبوونهوهکه دهرچووه، "به هیچ شێوەیهک بۆچوون و سیاسهت و ههڵوێستی ههرێمی کوردستان نییه". وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش رۆژ راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "وەزارەتی ناوخۆ، رێکاری یاسایی دەگرێتەبەر بەرامبەر بەو کەسانەی کە ئەم کۆبوونەوەیان بە لاڕێدا بردووە و هەروەها کەسە کەمتەرخەمەکان بە سزا دەگەیێنێت لە هەر لایەکەوە بن". لە هەمان رۆژدا وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل قسەی لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە کرد و گوتی، "ئەو رووداوە سەرچاوەیەکی هیوا و گەشبینییە".
هاوڵاتى وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم رایگەیاند:" وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم ئامانجییەتی زۆرترین رێژە لەهاوڵاتیانی هەرێم ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن، بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەی سەنتەرەکانی وەرگرتنی ڤاکسین زیاد دەکرێن". ئەمڕۆ سێشهممه 28ی ئهیلوولی 2021، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا لەهەولێر رایگەیاند:"حکومەتی هەرێم لەقۆناغی یەکەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا ئامانجی یەکەمی خۆی بۆ ئەنجامدانی زۆرترین پشکنین و دیاریکردنی توشبووان چڕکردبووەوە، بەڵام لەئێستادا ئامانجیانە زۆرترین کەس ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن و بۆ ئەو مەبەستەش حکومەت خزمەتگوزاریی تەندروستی هاوسەنگ دەگەیەنێتە سەرجەم ناوچەکان. وەزیری تەندروستی باسی لەوەشکرد، ئەمڕۆ بنکەی تەندروستی ئازادی دوای نۆژەنکردنەوەی، دوبارە دەخرێتە خزمەت هاوڵاتیان و لە بنەڕەتدا بوونی بنکە تەندروستییەکان ئاسانکارییەکی تەواوە لەناو گەڕەک و ناوچەکاندا، بەتایبەت کە لەم بنکەیەدا رۆژانە 300 کەس لە خزمەتگوزاریی تەندروستی سودمەند دەبێت. ئاماژەی بەوەشکرد، لەقۆناغی داهاتوودا وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم ئامانجییەتی زۆرترین رێژە لەهاوڵاتیانی هەرێم ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن، بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەی سەنتەرەکانی وەرگرتنی ڤاکسین زیاد دەکرێن.
هاوڵاتى وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند لیستی موچەی ئەمڕۆ گۆرانكاری بەسەر دا هاتووە تەنیا وەزارەتێك و دەستەیەك موچە وەردەگرن. لەكاتێكدا دوێنێ دوو شەممە، وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند :"سێشەممە 28ی ئهیلوولی 2021، موچەی وەزارەتی ناوخۆ، رەگەزنامە، زێرەڤانی و بەرگری و فریاكەوتن، لیوای نەوت و گاز و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان دابهش دهكرێت". بەگوێرەی ئەو لیستە بێت كەلەلایەن داراییەوە بڵاوكراوەتەوە ئەمڕۆ تەنیا موچەی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامە دابەشدەكرێت.
هاوڵاتى وەزارەتی نەوت، ئهمڕۆ ئامارى ههناردهكردنى نهوتى خاوى ئاشكراكرد و رایگهیاند:" داهاتى مانگی ئابی ئەمساڵ شەش ملیار دۆلارى تێپهراند". ئەمرۆ 27ی ئەیلوولی 2021 وەزارەتی نەوتی عێراقرایگهیاند:' کۆمپانیای بەبازارکردن و فرۆشتنی نەوت (سۆمۆ) مانگی رابردوو (94) ملیون و(660) ههزار و(239) بەرمیلی نەوتی هەناردەی دەرەوە کردوە، داهاتەکەشی شەش ملیار و(553) ملیون و(762) ههزار دۆلار بووە". ئاماژەى بەوەشکرد، مانگی رابردوو حکومەت رۆژانە سێ ملیۆن و(4) ههزار و(309) بەرمیل نەوتی هەناردەکردوە و بەتێکڕا هەر بەرمیلێکی نەوت بە 69.235 دۆلار فرۆشراوە.
هاوڵاتى بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی خانووبەرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 20 هەزار پارچە زەوی لە سنووری شارەوانی هەولێر تاپۆ دەکرێن. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئهیلوولی 2021، لوقمان عومەر بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی خانووبەرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان 20 ھەزار پارچە زەوی لە سنووری شارەوانی ھەولێر تاپۆ دەکرێن و فەرمانگەکان راسپێردراون بۆئەوەی "بە زووترین کات کارتەکان بکەنە تاپۆ". بەڕێوهبەری گشتی تۆمارکردنی خانووبەرە لە ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "نزیکەی 20 ھەزار پارچە زەوی لە کارتەوە کراون بە تاپۆ و کاریان تەواو بووە، لەوانە سێ ھەزاریان بوونەتە تاپۆ کە گوندی کۆری و جووتیارانی گەڕەکی بەختیاری دەگرێتەوە و حەوت ھەزاری دیکەش لە هەفتەی داھاتوودا تەواو دەبن". بە وتەی لوقمان عومەر، کار لەسەر 15 ھەزار کارتی دیکە دەکرێت، کە کاری سێ ھەزار و 500 کارتیان لە 10 رۆژی داھاتوودا تەواو دەبێت و کاری حەوت ھەزار کارتی دیکەش لە کەرتەکانی دیکەی شارەوانی بەردەوامە، "ھەروەھا سێ ھەزار کارتی گەڕەکی ژین چاوەڕێی شارەوانیی ھەولێر دەکەن تاوەکو نەخشەی دابەشکارییەکەیان بنێردرێت بۆئەوەی ئەوانیش تاپۆ بکرێن". بە مەبەستی پێدانی زانیاری و روونکردنەوەی پێویست لەبارەی تەواوبوونی تاپۆی زەوییەکانی قەرەبووی گوندی کۆری و چۆنێتیی ھەڵسوکەوتکردن لەسەر ئەو زەوییانە لەلایەن خاوەنەکانیانەوە، رۆژی یەکشەممە 26ی ئەیلوولی 2021 د. لوقمان عومەر، بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی خانووبەرەی ھەرێمی کوردستان بە ھاوبەشی لەگەڵ سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا.
هاوڵاتى بەڕێوەبەری پلاندانان و میلاکاتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: "هەنگاوەکانی رێکخستنەوەی میلاکاتی هەردوو هێزەکانی پشتیوانی یەک و دوو تەواوبووە و بەمنزیکانە بڕیاری وەزارەت لەسەر ئەو هەیکەلە دارێژراوە نوێیە دەردەچێت و هاوپەیمانانیش پشتگیری خۆیان بۆ ئەو هەنگاوانە دووپاتکردەوە". ئەمڕۆ 27ی ئەیلولی 2021 کۆڵۆنێڵ چارڵی راوێژکاری باڵای هێزەکانی بەریتانیا و کۆڵونێل مایک راوێژکاری هێزەکانی ئەمریکا و هەریەک لە راوێژکارانی باڵای سەربازی ئەڵمانیا و هۆڵەندا، لەگەڵ نوێنەرانی باڵای هێزەکانی پشتیوانی یەک و دوو کۆبوونەوە. لیوا روکن کارزان شەقڵاوەیی، بەڕێوەبەری پلاندانان و میلاکاتی وەزارەتی پێشمەرگە، کە سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی کرد، رایگەیاند: "هاوپەیمانان پشتگیری هەنگاوەکانی رێکخستنەوەی میلاکاتی هێزەکانی پشتیوانی یەک و دوو دەکەن". لیوا روکن کارزان شەقڵاوەیی کە سەرۆکی لیژنەی باڵای رێکخستنەوەی میلاکاتی هێزەکانی پشتیوانی یەک و دووشە، وتی: "هەنگاوەکانی رێکخستنەوەی میلاکاتی هەردوو هێزەکانی پشتیوانی یەک و دوو تەواوبووە و بەمنزیکانە بڕیاری وەزارەت لەسەر ئەو هەیکەلە دارێژراوە نوێیە دەردەچێت و هاوپەیمانانیش پشتگیری خۆیان بۆ ئەو هەنگاوانە دووپاتکردەوە". بە گوێرەی راگەێندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆبوونەوەکەدا، بەوردی تاوتوێی هەنگاوەکانی رێکخستنەوەی ئەو هێزانە کرا کە دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و هاوشێوەی وەزارەت میلاکاتیان رێکدەخرێتەوە. گەڕانەوەی هەردوو هێزەکانی پشتیوانی یەک و دوو بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیە و پێشتریش دوو لیوای دیکەی یەکەکانی 70 و 80 گەڕاونەتەوە سەر وەزارەت و دوای هێزەکانی پشتیوانی یەک و دوو، دوو لیوای دیکەی یەکەکانی 70 و 80 خشتە و میلاکاتیان تەواوکراوە و دەگەڕێنەوە سەر وەزارەت.
هاوڵاتى قوباد تاڵەبانی، رایگەیاند:" یەکێتی سیاسەتێکی نەگۆڕى بەرامبەر دۆزی کورد هەیە". وەفدەکەى هەدەپە خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بەوەى یەکێتی و گۆران ئەم هاوپەیمانێتیەیان پێکهێناوە و لەم هەڵبژاردنەدا یەک وتارن کە ئەمەش بەقازانجی گەلى کورد دەبێت. وەفدێكی هەدەپە، لە سلێمانی سەردانی قوباد تاڵەبانی-یان کرد، بەپێی ڕاگەیەندراوێک، شاندەکە خۆشحاڵی خۆیان دەربڕیوە بە ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی، هاوکات قوباد تاڵەبانی، رایگەیاندووە، یەکێتی سیاسەتێکی نەگۆڕى بەرامبەر دۆزی کورد هەیە. ئەمرۆ دووشەممە، 27ی ئەیلوولی 2021 بەپێی ڕاگەیەندراوی نوسینگەکەی، قوباد تاڵەبانی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان لە بینای ھاوپەیمانی كوردستان لە شاری سلێمانی پێشوازیکردووە لە وەفدێكی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە). لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، قوباد تاڵەبانی ئاماژەى بەوەداوە، لەم قۆناغەدا وەک یەکێتی بۆیە لەگەڵ گۆران ئەم هاوپەیمانێتیەمان بەستووە تا یەکریزی بەدی بهێنین وەک دوو هێزی سیاسی کاریگەرى سەر گۆڕەپانی سیاسی ناوچەکە، لەپێناو پاراستنی مافى هاوڵاتیانی کورد. ئەوەشخراوەتەڕوو، شاندەکەی هەدەپە خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بەوەى یەکێتی و گۆران ئەم هاوپەیمانێتیەیان پێکهێناوە و لەم هەڵبژاردنەدا یەک وتارن کە ئەمەش بەقازانجی گەلى کورد دەبێت. هاوکات، قوباد تاڵەبانی ئاماژەى بەوەداوە، یەکێتی سیاسەتێکی نەگۆڕى هەیە لەبەرامبەر دۆزی کورد و هەمیشە لەگەڵ گرتنەبەرى شێوازی گفتوگۆ و چارەسەرى ئاشتیانەى کێشە و ململانێ سیاسیەکاندایە. وەفدەکەى پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە پێکهاتبوون لە مەرال داناش بەشتاش سەرۆکی کۆما هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا، مەحمود تۆخرۆل ئەندامی رێڤەبەری ئەنجومەنی گشتی لە تورکیا، ساڤاش ئیزلیرکین و حیکمەت هاتیپ نوێنەرانی هەدەپە لە باشوری کوردستان.