سەدات ئاڤشار چالاکوانی کورد لە باکورى کوردستان، دوای بەسەربردنی 30 ساڵی تەمەنی لە زیندانی دیلۆک (عەنتاب) ئازاد کرا و دەگەڕێتەوە زێدی خۆی. ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیا بڵاویکردەوە سەدات ئاڤشار کە 30 ساڵ لەمەوبەر تۆمەتی " تێکدانی یەکڕیزی و یەکپارچەیی تورکیا" بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی حوکم درا، ئەمڕۆ 7ی نیسان ئازاد کرا. لە دوای ئازادبوونی لە بەردەم زیندانەکە لە لایەن کەسوکاری و بەرپرسانی دەم پارتی و دەبەپە و چالاکوانانی تەڤگەرا ژنانێن ئازادەوە پێشوازی لێ کرا. دواتر ئاڤشار لەگەڵ کەسوکاری بەرەو شارۆچکەی مەزرێ (بیسمیل) لە پارێزگای ئامەد بەڕێکەوت. سەدات ئاڤشار لە 1995 لە شارۆچکەی کوشئاداسی لە پارێزگای ئادین کە دەکەوێتە خۆرئاوای تورکیا دەستگیر کرا. دواتر ڕەوانەی ئامەد کرایەوە و لە دادگای ئاسایشی دەوڵەت دادگایی کرا. لەوێش بە تۆمەتی " تێکدانی یەکڕیزی و یەکپارچەیی تورکیا" بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی حوکم درا. ماوەی 30 ساڵی زیندانیکردنی لە زیندانەکانی ئامەد، چانکری، یۆزگات، سێرت و دیلۆک بەسەر برد. ئازادکردنی سەدات ئاڤشار لە کاتێکدایە پێنج ڕۆژ لەمەوبەر (2ی نیسان) تارق تاش کە دوای بەسەربردنی 30 ساڵی تەمەنی لە زیندان 24ی ئابی 2024 ئازاد کرا، بە هۆی نۆرەی دڵەوە لە ئادانا گیانی لەدەستدا. پێنج ڕۆژ لەمەوبەر نامەت ئەریپەک و حەوت ڕۆژ لەمەوبەر عەبدوڵڵا ڕوزگار'یش ئازاد کران کە ماوەی 30 ساڵ بوو زیندانی کرابوون.  مانگی ڕابردوویش دوای بەسەربردنی 30 ساڵ و شەش مانگ لە زیندان، ئەحمەد ئادڵ ئازاد کرا.

  ئەمڕۆ میدیای فەرمی ئێران لە تێلێگرام بڵاویکردەوە، دانوستانەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران لە (12)ی نیسان لە سەڵتەنەی عومان بەڕێوە دەچێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات، لەلایەن عەباس عراقچی وەزیری، دەرەوەی ئێران و، ستیڤ ویتكۆف، نێردەی ئەمریکاوە سەرپەرشتی دەکرێت. تاران پێداگری لەسەر ئەوە دەکات دانوستانەکان ناڕاستەوخۆ دەبن، سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا باسی گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان هەردوولا دەکات. عراقچی لە سەكۆی (ئێکس) نوسویەتی: ئێران و ئەمریکا رۆژی شەممە لە عومان بۆ ئەنجامدانی دانوستانێكی ناڕاستەوخۆی ئاست بەرز کۆدەبنەوە. راشیگەیاندووە: ئەوە چەندە دەرفەتە، ئەوەندەش تاقیکردنەوەیە، تۆپەکە لە یاریگای ئەمریکادایە. لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی، ترەمپ ئاشكرایكرد، شەممەی داهاتوو ئەمریکا وتووێژی راستەوخۆ و ئاست بەرز لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدات. وتیشی، ئێمە وتووێژی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدەین، ئەگەر ئەم دانوستانە راستەوخۆیانە لە ڕۆژی شەممەوە دەست پێبکەن، دەبینین شتەکان چۆن بەڕێوە دەچن، پێموایە گەیشتن بە رێککەوتن باشترین چارەسەرە، نەک پەنا بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە بەرین كە ئاشكرایە. سەرچاوە ئیسرائیلییەکان لە چانسی سەرکەوتنی دانوستانەکانیان لەگەڵ تاران کەم کردۆتەوە، ئەو سەرچاوانە بە "سکای نیوز عەرەبی"یان وتووە، دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا هیچ ئاسۆیەکی جددی بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر نییە. جەختیان لە بوونی  کەناڵێکی دانوستانکاری راستەوخۆی ئێران-ئەمریکاش كردووەتەوە جگە لە کەناڵی سەڵتەنەی  عومان .

  دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپییەوە لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو بە رۆژنامەنوسانى وت: رۆژی شەممە، گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران دەکەین و ئەمەش سوود بە ئێران دەگەیێنێت.   ترەمپ باسی لەوە نەکرد شوێنی گفتوگۆکەیان کەی دەبێت، بەگوێرەی قسەکانی رۆژی 12ـی نیسان گفتوگۆی ئەو دوو وڵاتە دەکرێت. دۆناڵد ترەمپیش رایگەیاند، نابێت ئێران ببێتە خاوەنى چەکى ئەتۆمى و گفتوگۆى راستەوخۆیان لەگەڵ دەکەین. لاى خۆیەوە، ناتەنیاهۆ رایگەیاند، لەگەڵ ترەمپ رێککەوتوون کە تاران نەبێتە خاوەنى چەکى ئەتۆمى. ترەمپ رۆژى دوشەممە لەمیانەى کۆبوونەوەیدا لەگەڵ بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل لە کۆشکى سپى جەختیکردەوە، گفتوگۆى راستەوخۆیان لەگەڵ ئێران لەبارەى بەرنامەى ئەتۆمى ئەو وڵاتە لەسەر ئاستى باڵا دەبێت، لەکاتێکدا پێشتر ئێران داواى گفتوگۆى ناڕاستەوخۆى دەکرد و گفتوگۆى راستەوخۆى رەتدەکردەوە. ماوەى چەند هەفتەیەکە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمەریکا هەڕەشەکانى بۆ سەر ئێران چڕکردووەتەوە و دوو مانگ مۆڵەتى بۆ ئەو وڵاتە دیاریکردووە تا گفتوگۆ یان روبەڕووبوونەوەى بژاردەى سەربازى هەڵبژێرێت. عەلی خامنەیی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتارى جەژندا هەڕەشەى لە ئەمەریکا و ئیسرائیل کرد کە ئەگەر پلانی لێدان و هێرشکردنە سەر ئێرانیان هەبێت وەڵامیان دەدەنەوە و بە توندی هێرش دەکەنە سەریان هەروەها عەلی لاریجانی ڕاوێژکاری باڵای رێبەری ئێران هەڕەشەى بەرهەمهێنانى چەکى ئەتۆمى کرد لەلایەن ئێرانەوە ئەگەر ئەمەریکا یان ئیسرائیل بە بیانووی پرسی ئەتۆمی هێرش بکەنە سەر ئێران.

  وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، دەستیان بەسەر 400 هەزار حەبی ماددەی هۆشبەری جۆری کەپتاگۆندا گرتووە. وەزارەتەکە لە پەڕەی فەرمیی خۆی بڵاویکردووەتەوە، هەوڵێکی بە قاچاخبردنی ماددەی هۆشبەریان پوچەڵکردووەتەوەو توانیویانە دەست بەسەر 400 هەزار حەبی ماددەی هۆشبەری کەپتاگۆن بگرن، کە ئامادەکرابوون لە رێگەی رووباری فوراتەوە بە قاچاخ بهێندرێتە ناو خاکی عێراق. وەزارەتەکە راشیگەیاندووە، حەبەکان لەڕێگەی کامێرای گەرمییەوە ئاشکراکراون، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ رێگری لە بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر لەسەر سنوورەکان.  بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، حەبەکان لەدەبەدا شاردرابوونەوە و ئامادەکرابوون لەناوچەی باغۆزى سووریاوە و بە رێگەى رووبارى فورات بهێندرێنە ناو خاکى عێراق. وەزارەتی ناوخۆی عێراق جەختیکردووەتەوە، رێکاری یاسایی پێویست گیراوەتەبەر و ئەو ماددانەی دەستیان بەسەرداگیراوە بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر رادەستی لایەنی پەیوەندیدار کراون. لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە عێراق، دەستبەسەر زیاتر لە 12 تۆن ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە دەروونییەکاندا گیراوە. کاپتاگۆن یان فینیتۆین پێکهاتەیەکی کیمیایی و دەرمانییە کە لە ساڵی 1961 دروست بووە و ئەم مادەیە وەک دەرمان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەندێک حاڵەت وەک چالاکی زۆر(فرە جووڵە) و خەمۆکی بەکارهێنراوە، بەڵام دواتر بەهۆی دۆزینەوەی دەرمانی باشتر و زیاتر بەهۆی کاریگەرییە لاوەکییەکانیەوە، بە مادەی هۆشبەر دادەنرا و بەکارهێنانی قەدەغەکرا. کاریگەری سەرەتایی خواردنی کاپتاگۆن جۆرێکە لە خۆشحاڵی(سەرخۆش بوون)، بەڵام وەک مادە هۆشبەرەکانی دیکە دواتر زیانێکی زۆر بە تەندروستی دەگەیەنێت. لەبەر ئەوەی بە شێوەی حەب دەخورێت بە کارهێنانی ئاسانترە و هاوکات بە نرخێکی هەرزانتر و ئاسانتر دەگات دەست بەکارهێنەران.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، جارێکى دیکە هەڕەشەى توند لە چین دەکات و دەڵێت چین باجی 34% هەڵنەوەشێنێتەوە لە 9ی ئەم مانگەوە باجی 50%ی بەسەردا دەسەپێنین. لەپەیامێکیدا لەسەر تۆڕى کۆمەڵایەتى  تروس، بڵاویکردوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ نوسیویەتى هەموو گفتوگۆكان لەگەڵ چین سەبارەت بە داواكارییەكەیان بۆ سازدانی كۆبوونەوە لەگەڵمان كۆتایی پێ دێت. هەروەها دەشڵیت هەر وڵاتێك بۆ تۆڵەسەندنەوە باجی گومرگیمان بەسەردا بسەپێنێت، دەستبەجێ روبەڕووی باجی نوێ و زۆر زیاتر دەبێتەوە. لەبەشێکى دیکەى نوسینەکەیدا، سەرۆکى  ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئەوە دەخاتەڕوو لە رۆژی 9ی ئەم مانگەوە، بەبەهای 50% باجی زیاتر بەسەر چیندا دەسەپێنین، ئەگەر بێتو ئەو باجە 34%ە هەڵنەوەشێنێتەوە كە سەپاندویەتی. ترەمپ سەرەتا 20٪ و دواتر 34٪ـی باجی خستەسەر کاڵا هەناردەکراوەکانی چین بۆ ئەمریکا، ئەگەر ئەم 50ـیەش بسەپێنێت، پێناسی گومرگیی چین دەبێتە 104٪.   سەرۆکی ئەمریکا هەروەها گوتی: "هەموو گفتوگۆیەکی تایبەت بە پێناسی گومرگی لەگەڵ چین رادەگیرێن. جگە لە چین، لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان گفتوگۆ دەکەین."   پێش ئەم پۆستە، ترەمپ لە پۆستێکی دیکەدا نووسی: "هەموو وڵاتانی جیهان لەسەر پێناسە گومرگییەکان گفتوگۆمان لەگەڵدا دەکەن. پێناسە گومرگییەکان قورسن بەڵام دادپەروەرانەن."   سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ قسەی لەگەڵ شیگێرو ئیشیبا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن کردووە. ئەو بە ترەمپی راگەیاندووە، تۆکیۆ تیمێک بۆ دانوستاندن دەنێرێتە واشنتن.   ترەمپ لەبارەی ژاپۆن گوتی: "ژاپۆن لە رووی بازرگانییەوە مامەڵەیەکی زۆر خراپی لەگەڵدا کردووین. ئەوان ئۆتۆمبێلی ئێمە ناکڕن کەچی ئێمە ملیۆنان ئۆتۆمبێلی ئەوان دەکڕین."   ترەمپ بەکورتی باسی چینیشی کرد و گوتی: "دەبێت هەموو شتێک لەگەڵ چین بگۆڕێن."  

  نورى مالیکى سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا هۆشداریى هەڵوەشاندنەوەى عێراق و روودانى شەڕ دەدات، ئەگەر هەڵبژاردنى پەرلەمان دوابخرێت کە بڕیارە لەکۆتایی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت. مالیکى رۆژى دووشەممە ئاماژەى بەوەکرد، دەبێت ئاڵوگۆڕى دەسەڵات لە رێگەى هەڵبژاردنەوە بێت و هەر هەوڵێک بۆ پێکهێنانى حکومەت لەدەرەوەى هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە. قسەکانى مالیکى لەو بارەیەوە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کە بەپێی یاسا، دەبێت وادەی دەنگدان لانى کەم 45 ڕۆژ پێش کۆتاییهاتنی خولی ئێستای پەرلەمان دیارى بکرێت، بەو پێیەش دەبێت پێش 25ی تشرینی دووەمی 2025 وادەى هەڵبژاردن دیارى بکرێت. بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق زیاتر لە 29 ملیۆن دەنگدەر مافى دەنگدانیان هەیە کە زیاتر لە ملیۆنێک کەسیان یەکەمجارە مافى دەنگدانیان هەیە. لەگەڵ نزیکبوونەوەى وادەى هەڵبژاردن، پێشنیازى هەموارى چوارەمى یاساى هەڵبژاردنەکان لە عێراق پێشکەشى سەرۆکایەتى پەرلەمان کرا کە تێیدا داواکراوە کاندیدى لایەنەکان سنوردار بکرێت و 30%ى کورسییەکانى هەر بازنەیەک بۆ کاندیدانى سەربەخۆ و لیستى کراوە تەرخان بکرێت.

  ڕۆژنامەی هارێتزی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، بۆ خۆبەدورگرتن و بەكارهێنانی ئاسمانی ئەو وڵاتانەی كە مەترسی جێبەجێكردنی فەرمانەكەی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانی لاهای كە بڕیاری دەستگیركردنی بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەكانی جەنگ لەغەززە هەیە. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ناچار بو گەشتێکی درێژخایەن لە بوداپێستی هەنگاریا بۆ واشنتۆن كە نزیكەی (400) كیلۆمەتر درێژترە لە رێگەیەكی  گونجاو ئەنجام بدات. ئاماژەی بەوەشکردوە، بۆ بەشداریکردن لە کۆبونەوەیەکی بەپەلە و بەرنامە بۆ داڕێژراو لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، نەتانیاهۆ لە بوداپێستەوە راستەوخۆ گەشتی واشنتۆنی کردوە، ئەوەش بۆ خۆبەدورگرتن لە نیشتنەوەی فریاگوزاری ناچاریدا ئەو رێگە دورەی هەڵبژاردوە. ڕۆژنامە رونیكردوەتەوە، دوای هەڵسەنگاندن بۆ گەشتەكە كتوپڕەكەی نەتانیاهۆ، مەترسی هەبو كە هەریەك لە ئیرلەندا و ئایسلەندا و هۆڵەندا فەرمانەکەی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە لاهای دژی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل جێبەجێ بکەن، بۆیە بەناچاری فڕۆکەکە سەرۆك بەسەر ئاسمانی کرواتیا و ئیتاڵیا و فەرەنسادا فڕیوە. رۆژنامەی هارێتزی ئیسرائیلی رایگەیاندوە: لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە سەرجەم گەشتەکانی نەتانیاهۆ بۆ ئەمەریکا بە ئاسمانی یۆنان و ئیتاڵیا و فەرەنسادا گەشتیان کردوە و لەوێشەوە زەریای ئەتڵەسییان بەرەو ئەمەریکا بڕیوە.

  سەرەڕای ئەوەی ئێران سەبارەت بە دانوستانی ناڕاستەوخۆ هیچ وەڵامێکی لەلایەن ئەمریکاوە وەرنەگرت، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن بە نێوەندگیری سوڵتانی عومان دووپاتکردەوە. عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران هەموو ئەو هەواڵانەی لەبارەی دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا ڕەتکردەوە. بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەکانیدا وەزیری دەرەوەی ئێڕان دەڵێت: ئێمە پێشنیاری دانوستانی ڕاستەوخۆ بە هۆکارێک کە چەندین جار باس کراون قبوڵ ناکەین، بەڵام ئامادەین بۆ دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی دەوڵەتی عومانەوە. ناوبراو زیادی کرد: ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکایە بۆ وەڵامدانەوەی پێشنیارەکەی ئێران، هەرچەندە ئێمە هیچ پەلەیەکمان نییە. سەبارەت بە بەشێک لەو ناوانەی کە وەک دانوستانکار ئاماژەیان پێکراوە، ئاراغچی ڕوونیکردەوە "هەموو ئەو گریمانانەی کە خراونەتەڕوو نادروستن، بەڵام دڵنیایە بەرپرسیارێتی دانوستانی ئەگەری لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و بەڕێوەبردنەکەی دەکەوێتە سەر شانی وەزیری دەرەوە". ساڵی 2015، رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی لەنێوان ئێران و پێنج دەوڵەتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بریتین لە ئەمریکا، رووسیا، چین، فەرەنسا و بەریتانیا، لەگەڵ ئەڵمانیا واژۆکرا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی.   بە گوێرەی رێککەوتنەکە، دەبوو بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران سنووردار بکرێت و لە بەرامبەر ئەوەدا، سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران لاببرێن.    لە ساڵی 2018ـدا، لە ماوەی یەکەم خوولی سەرۆکایەتیی ترەمپدا، ئەمریکا لە رێککەوتنەکە کشایەوە و سزاکانی سەر ئێرانی چالاککردنەوە. لە کاردانەوەی ئەوەدا، ئێران پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنەکە راگرت و بەرنامە ئەتۆمییەکەی خێراتر بەرەو پێش برد.    رۆژی دووشەممە، عەلی لاریجانی، راوێژکاری نزیکی رێبەری ئێران، هۆشداری دا کە تاران سەرەڕای ئەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نادات، "ئەگەر هێرشی بکرێتەسەر، هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نامێنێت جگە لە بەدەستهێنانی".

  سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، تاوەکو ڕۆژى پێنج شەممە لیستی مووچە ئامادە دەبێت و هەفتەی داهاتوو ڕەوانەی بەغداد دەکرێت. ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، دەبێت تاوەکو رۆژی پێنجشەممە هەموو گەنجینەکان لیستی مووچەی مانگی چواریان لە فەرمانگە و وەزارەتەکان وەرگرتبێت و بە ئامادەکراوی رادەستی وەزارەتی دارایی بکەن، چونکە دەیانەوێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیستی مووچەی مانگی چوار بێ کەموکورتی رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکەن. دەشڵێت، هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو، تیمی تەکنیکی وەزارەت لیستەکە دەبەنە بەغداد و رادەستی وەزارەتی دارایی عێراقی دەکەن، دڵنیاشن لەوەی کە هیچ کێشەیەک لەبەردەم ناردن و دابەشکردنی مووچە لەکاتی خۆیدا نابێت. هاوکات سەرچاوەیەک لە گەنجینەی دووی سلێمانی دەڵێت، لە سەرجەم فەرمانگەکان تاوەکو درەنگی شەو فەرمانبەرانی بەشی کارگێڕی و ژمێریاری و ئای تی، سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانیانن بۆ ئەوەی بە زوویی تەواوبکرێت. وتیشى: بەڵام بۆ ئەم مانگە لیستەکە لە سلێمانی بە سیستمی پایرۆڵ ئامادە دەکرێت و پێویستی بە شارەزایی و وردەکاری زیاترە و بەشێک لە فەرمانبەرەکان شارەزای سیستەمەکە نین، بەڵام هەوڵدەدرێت بە زووی لەگەڵ سیستەمە رابێن، چونکە ئامادەکردنی لیستی مووچەی خێراتر کردووە.

  نرخی بیتکۆین گەورەترین زیانی لە 24 کاتژمێردا بەرکەت و لەو ماوەیەدا، بەرێژەی نزیکەی 8٪ دابەزی. پاش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ دەسەڵاتی کۆشکی سپی گرتە دەست، بیتکۆین بەرزترین نرخی لە نزیکەی 104 هەزار دۆلاردا تۆمارکرد، بەڵام ئەمڕۆ نرخی یەک بیتکۆین بۆ 76 هەزار و 680 دۆلار دابەزی. هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی گەورەترین دراوی ئەلیکترۆنی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شەڕە بازرگانییەی ئەمریکا بەسەرۆکایەتیی ترەمپ دەستیپێکردووە، کە لەماوەی رابردوودا گەورەترین پاڵپشتیی دراوەکە بووە، پاش ئەوەی باجی خستەسەر 185 وڵات، متمانە بە سیاسەتی دارایی ئەمریکا لاواز بووە و رێگەکانی بازرگانیکردن لەگەڵ ئەمریکا بەرتەسک بوونەتەوە. دراوە ئەلیکترۆنییەکانی دیکە هاوشێوە بیتکۆین دابەزینیان تۆمارکردووە، بەجۆرێک نرخی یەک ئیسریۆم دابەزیوە بۆ یەک هەزار و 507 دۆلار، نرخی یەک سۆلانە دابەزیوە بۆ 99 دۆلار و 74 سەنت و نرخی یەک ریپڵ دابەزیوە بۆ یەک دۆلار و 70 سەنت،  لەکاتێکدا، ترەمپ بەنیاز بوو وەکو یەدەگی ستراتیجیی ئەمریکا پشتیان پێببەستێت.

  تۆڕی هاوپەیمانی 19 ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو داوا لە وەزیری پێشمەرگە دەكات زانیاری و رونكردنەوەی پێویست لەبارەی هۆكاری دەستگیركردنی (ئیسلام زێباری) بخاتە روو و رێگربێت لە بەلارێبردنی دۆسییەكەی.   هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، ئیسلام زێباری، ئەفسەری سەربازی وەزارەتی پێشمەرگەیە بەڵام ماوەی ساڵێكە موچەو پلەكەشی راگیرابوو، گوازراوەتەوە بۆ ئومرەی وەزارەت. هەروەها دەشڵین: ئێمە رێز لە یاساو رێوشوێنەكانی ئینزباتی عەسكەری وەزارەت دەگریتن، بەڵام ئەو پرسیارەش رەوایە  و ئەوانەی ئایدیای جیاوازییان هەیە هەمان چارەنووسی ئەویان دەبێت.  دەقى ڕاگەیەندراوەکە موچەو پلەكەیان راگرت، روبەرووی دادگای سەربازی كرا تۆڕی هاوپەیمانی 19 داوا لە وەزیری پێشمەرگە دەكات زانیاری و رونكردنەوەی پێویست لەبارەی هۆكاری دەستگیركردنی (ئیسلام زێباری) بخاتە روو و رێگربێت لە بەلارێبردنی دۆسییەكەی.   ئیسلام زێباری، ئەفسەری سەربازی وەزارەتی پێشمەرگەیە بەڵام ماوەی ساڵێكە موچەو پلەكەشی راگیرابوو، گوازراوەتەوە بۆ ئومرەی وەزارەت، خاوەنی دوو بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە زانستی سەربازی و پەیوەندییە دیبلۆماسی و نێودەوڵەتیەكان رۆژی یەكشەممە 6ی نیسان 2025 لەكاتی سەردانی بەرێوەبەرایەتی پاسپۆرتی ئاكرێی، پێیان ووتوە فەرمانی دەستگیكردنت هەیە. شەوی رابردوو عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی رەوتی هەڵوێست، تۆمارێكی دەنگی (ئیسلام زێباری) بڵاوكردەوە، كەتیایدا "بابەتەكە سیاسییە، چوون لیژنەی لێكۆڵینەوەیان لەسەر دروستكردم لەسەر ئەو بابەتانەی كە لە ئەنتەرنێت بڵاویاندەكەمەوە لە بارەی گەندەڵی و حزبایەتی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، نەچووم بۆ لیژنەكە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەركردم "     رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی، راگەیەندراوێكی بۆ رای گشتی نوێنەرایەتی وڵاتان لەهەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە هۆكاری دەستگیركردنی كادری باڵای رەوتەكەیان (ئیسلام زێباری) بە "هەنگاوی سیاسی" و "كارێكی حزبی و دۆسیەیەكی سیاسی " دەسەڵات دژ بە رەوتەكەیان وەسفدەكات. لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە" لەرابردوودا ئیسلام زێباری دەیان دۆسیەی لەسەر خراپی دۆخی پێشمەرگەو گەندەڵی لە سلكی سەربازی و بەحیزبیكردنی هێزی سەربازی بڵاوكردوەتەوە"  دۆسییەی (ئیسلام زێباری) كە لە ماوەیەكی كەمدا موچەو پلەكەیان راگرت رروبەرووی دادگای سەربازی كرا، دەرگا بە رووی ئەو پرسیارە واڵا دەكات كە ئاخۆ وەزارەتی پێشمەرگە تەنها وەزارەتی پێشمەرگەكانی یەكێتی و پارتین؟ ئێمە رێز لە یاساو رێوشوێنەكانی ئینزباتی عەسكەری وەزارەت دەگریتن، بەڵام ئەو پرسیارەش رەوایە  و ئەوانەی ئایدیای جیاوازییان هەیە هەمان چارەنووسی ئەویان دەبێت.  تۆڕی هاوپەیمانی 19 داوا لە وەزیری پێشمەرگە دەكات زانیاری و رونكردنەوەی پێویست لەبارەی هۆكاری دەستگیركردنی (ئیسلام زێباری) بخاتە روو و رێگربێت لە بەلارێبردنی دۆسییەكەی.   لەبارەی تۆڕی 19 كۆمەڵێك رێكخراو داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ داینمەزراندوە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنیسپەكانی جاڕنامەی گەردەنی مافی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەكە.

  مانگی ئازاری ئەمساڵ خراپترین بووە بۆ درۆنە تورکییەکان، بەجۆرێک تەنها لە ماوەی دوو هەفتەدا، بەلایەنی کەمەوە دوو درۆنی ئاکنجی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفەریقا خراونەتە خوارەوە. بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری فۆربیس-ی ئەمەریکی، سەرەڕای بانگەشەکردن بۆ بەهێزی و کارایی درۆنە تورکییەکان، بەڵام لە ماوەکانی رابردوو ژمارەیەک درۆنی تورکی لە ناوچە و بارودۆخی جیاوازدا خراونەتەخوارەوە، ئەوەش گومانی لەسەر کارایی درۆنە تورکییەکان دروستکردووە. وەک لە راپۆرتەکەی گۆڤاری فۆربیسدا هاتووە، لە 16ـی ئازار، گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، درۆنێکی تورکی جۆری ئاکنجیان خستەخوارەوە و ڤیدیۆکەشیان بڵاوکردەوە. پەکەکە بە بەکارهێنانی موشەک و درۆنی خۆکوژ توانی درۆنە تورکییەکە بخاتە خوارەوە. فۆربیس نوسیویەتی: "پەکەکە هەر ئامرازێکی بەکارهێنابێت، سەلمێنەری ئەوەیە کە توانایان هەیە درۆنە تورکییەکان بخەنەخوارەوە". لە رۆژئاوای کوردستانیش، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لە کۆتاییەکانی 2024 توانیان درۆنی جۆری بەیرەقدار TB2 و ئانکا بخەنەخوارەوە. تێکشکان و خستنەخوارەوەی درۆنە تورکییەکان تەنها لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان نییە، بەڵکو لە 31ـی ئازاری 2025 لە وڵاتی مالی لە کیشوەری ئەفەریقا درۆنێکی تورکی لە جۆری ئاکنجی خراوەتە خوارەوە، فۆربیس وای نوسیوە. لە رابردوودا ئەنقەرە هەڵمەتێکی گەورەی بۆ بەبازاڕکردنی جۆرە جیاوازەکانی درۆنی وڵاتەکەی کردووە، جۆرەکانی ئاکنجی و TB2، زۆرترین هەناردەیان هەبووە بۆ وڵاتانی دیکە. تورکیا پێشوەختە رێککەوتنی لەگەڵ 11 وڵاتدا کردووە بۆ هەناردەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و درۆنی تورکی، بەڵام شکست و کەوتنەخوارەوە درۆنە تورکییەکان لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و ئەفەریقا رەنگە پێشهاتێکی خراپ بێت بۆ ناوبانگی درۆنە تورکییەکان. لەکۆتایشدا فۆربیس نوسیویەتی: "خستنەخوارەوەی درۆنە تورکییەکان لە مانگەکانی رابردوودا کاریگەرییان لەسەر ناوبانگی درۆنە تورکییەکان کەم نەبووە، بەتایبەتی خستنەخوارەوەی چوار لە هەرە درۆنە پێشکەتووەکانی تورکیا"، وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە "بەڵام خستنەخوارەوەی دوو درۆنی ئاکنجی لە ماوەی دوو هەفتەدا کاریگەرترین گورز بووە لە ناوبانگی درۆنە تورکییەکان"، چونکە ئەو درۆنانە لە هەرە پێشکەتووەکانن.

کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینیدەکات، شەپۆلێکی بارانبارین لە سبەینێوە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە کە سەرەتا باران لە ناوچەکانی سنووری بادینان دەبارێت. بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، سبەی ئاسمان لەنێوان هەوری تەواو و نیمچەهەور دەبێت، لە بەیانییەکەی تاوەباران و بروسکە هەندێک لە ناوچەکانی بادینان و سنووری قەزای ئاکرێ هەتا ناوچە سنوورییەکانی باکوور دەگرێتەوە. هەروەها کەشناسی پێشبینیدەکات، ئێوارەی سبەینێ شەپۆلی بارانەکە بگاتە ناوچەکانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و سلێمانی، هۆشداریش لە مەترسی هەورەبروسکە لە ناوچە بەرزەکانی وەک لوتکەی شاخ و گردۆڵەکان دەدات. هاوکات پلەکانی گەرماش لەو ناوچانەی کەشوهەوایان ناسەقامگیرە بەراورد بە ئەمڕۆ کەمێک نزمدەبنەوە.

  ئەمڕۆ دۆناڵ ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتن چاوی دەکەوێت بە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە گرنگترین ئەو تەوەرانەی گفتوگۆیان لەبارەوە دەکەن، بابەتی باجی گومرگی و دۆسیەی ئێران و ئاگربەستی غەزەیە. ئامانجی سەرەکی نەتانیاهۆ کە ئەمڕۆ لە هەنگاریاوە دەگاتە واشنتن لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ ئەوەیە، هانی سەرۆکە ئەمریکییەکە بدات بکشێتەوە لە بڕیاری سەپاندنی باجی زیادەی گومرگی، یاخود کەمکردنەوەی بڕی باجەکە پێش ئەوەی دژی ئیسرائیل بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. نەتانیاهۆ دوێنێ پێش ئەوەی هەنگاریا بەجێبهێڵێت باسی لەوەکرد، ئامانجی ئەوەیە لەگەڵ ترەمپ گفتوگۆ لەبارەی دۆسیەی بارمتەکان و سەرکەوتن لە غەزە بکات، لەپاڵ ئەوەشدا بابەتی ئەو باجە گومرگییەی ئەمریکا بەسەر ئیسرائیلدا سەپاندوویەتی تەوەرەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەی دەبێت. ناتانیاهۆ دوای سەردانیکردنی هەنگاریا، درەنگانی شەوی یەکشەممە، بە سەردانێک گەیشتە واشنتن بەرپرسان دەڵێن؛ سەردانەکەی پلانی بۆ دانەنراوە و هەر بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ ترەمپ کۆ ببێتەوە. ناتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "لەو گفتوگۆیەدا باس لە پرسی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانە دەکرێت کە ماوەی 18 مانگە لە غەززە دەستبەسەرن، بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە غەززە، هەروەها باجی گومرگی سەر ئیسرائیل". سەبارەت بە باجەکان ناتانیاهۆ گوتی: هیوادارم بتوانم هاوکاربم لەم بابەتەدا، ئەوە ئامانجی منە، من یەکەم سەرکردەی بیانیم لەگەڵ ترەمپ کۆ دەبمەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە، کە زۆر گرنگە بۆ ئابووریی ئیسرائیل. ناتانیاهۆ گوتیشی: پەیوەندیی تایبەتی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل کە لەم کاتەدا زۆر گرنگە. بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی ئیسرائیل ڕایگەیاند "دوایین ڕاگەیاندنی باج لەلایەن ترەمپەوە ڕەنگە کاریگەری لەسەر هەناردەکردنی ئامێر و کەرەستەی پزیشکی لەلایەن ئیسرائیلەوە هەبێت". هەردوو وڵات 40 ساڵ لەمەوبەر ڕێککەوتنی بازرگانیی ئازادیان ئیمزا کرد و ئێستا نزیکەی 98%ی کاڵای ئەمەریکی لە باج بەخشراون.

وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت: رۆژی سێشەممە هاوکاری هاوپەیمانان بۆ مانگی سێ دابەش دەکرێت . وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، رۆژی سێشەممە  8ی نیسانی 2025 هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی(سێ)  بەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکانی سەر بە دیوانی وەزارەت و یەکەكانی پیادەی  وەزارەتی پێشمەرگە دابەشدەکرێت. ئاماژەی بەوەشکردوە، دوای ئەوەی هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، ڕۆژی سێشەممە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت. وەکو پشتیوانییەک بۆ پێشمەرگە و یەکخستنەوەی یەکجاریی هێزەکانی پێشمەرگە، هاوپەیمانان مانگانە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار دەدەنە وەزارەتی پێشمەرگە. ئەمریکا ساڵانە لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی وەزارەتی بەرگری بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و تیرۆر، هاوکاریی ئەو هێزانە دەکات کە هاوبەشی ئەمریکا و هاوپەیمانانن لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، لەنێویاندا هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە. پێشتر، هاوکارییەکەی هاوپەیمانان دەدرایە مووچەی لیوا هاوبەشەکان، بەڵام دوای ئەوەی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە کەوتە ئەستۆی حکومەتی عێراق، ئەو بڕە پارەیە دابەشی سەر لیواکانی پیادە دەکرێت، بەدەر لە مووچەکەی خۆیان.