وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە لە کاتی شەڕی ئەم دواییەی لەگەڵ ئیسرائیلدا یەکێک لەو ئامانجانەبووەو هەوڵی ئەوەدراوە (تیرۆر)ى بکەن، بەڵام دووجار ڕزگاری بووەو هەوڵەکان شکستیان هێناوە. ٢٠ى حوزەیرانى ڕابردوو لەگەرمەى شەڕى ئیسرائیل ئێراندا، ڕاوێژکارێکى باڵاى وەزارەتى دەرەوەى ئێران باسى لەوەکرد کەلە کاتێکدا عەباس عێرقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەرقاڵى ئامادەکاری بوە بۆ ئەوەى بەرەو جنێڤ بەڕێبکەوێت، ئیسرائیل هەوڵیداوە بیکوژێت، بەڵام (پیلانەکە) پووچەڵ کراوەتەوە. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئێران، عەباس عێراقچى وەزیرى دەرەوەى ئێران، ئەوەى خستەڕوو لەکاتى شەڕەکەدا ئیسرائیل لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو بینایەکى بۆردومانکردوە، عەباس وتى: ئەو خانووەی کە کراویە ئامانج بەرامبەر ماڵەکەم بوو، بەڵام خۆشبەختانە سەلامەت بووین. عێراقچی ئەوەشى زیاد کرد کە بەردەوام چاودێریکراوەو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان "لەکاتی ڕۆشتن و گەڕانەوەماندا چەندین جار بەسەر سەرماندا دەفڕی"، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە "هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئیسرائیلەوە پێنەگەیشتووە هەڕەشەى لێبکات". وەزیرى دەرەوەى ئێران ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی شەڕی ناوێت بەڵکو ئامادەیە بۆی. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی CGTN ی چین لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، ئاماژەی بەوەدا کە ئێران "هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لە بەکارهێنانی مافی بەرگریکردن لە خۆی". ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە ئەم شەڕەمان نەدەویست، بەڵام ئامادەبووین بۆی، ئێمە نامانەوێت ئەم شەڕە بەردەوام بێت، بەڵام دووبارەی دەکەمەوە: ئێمە بە تەواوی ئامادەین بۆی. جێگای سەرنجە کە لە ١٣ی حوزەیران ئیسرائیل هەڵمەتێکی بۆردومانی دژی ئێران دەستپێکرد و پێگە سەربازی و ئەتۆمیەکانی ئێرانی لێدا، هەروەها سەرکردە باڵا سەربازییەکان و زانایانی ئەتۆمی تیرۆر کرد. لەکاتێکدا ئێران وەڵامی دایەوە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. شەڕەکە بووە هۆی دەستوەردانی ئەمریکا لەو ململانێیەدا، لە کاتێکدا ئەمریکا لە ٢٢ی حوزەیران شوێنی ژێرزەمینیی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە فۆردۆ لە باشووری تاران و دوو دامەزراوەی ئەتۆمی لە ئیسفەهان و ناتەنز (ناوەندی ئێران) بۆردومان کرد.
شاندێکی هەرێم بۆ مووچەی مانگی شەش لە بەغدادە و شاندێکی عێراقیش بۆ وردبینی داهاتی ناوخۆ لە هەولێرە. شاندێكی بەغدا لە هەولێرە و شاندەكە لە لیژنەیەک پێکدێت، کە هەڵسانگاندن بۆ کێڵگە نەوتییەکان دەكات، گەڕانی مەیدانیان دەبێت، دواتر قەبارەی هەناردەكردنەوە دیاری دەکەن. شاندێکی دیکەش جگە لە نەوت، بۆ بابەتی پشکی بەغدا لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بابەتی تەوتین و نەمانی پشکی هەرێمی کوردستان لە هەولێرن، ئەوانیش راپۆرتێک ئامادە دەکەن، دەبێت لە ماوەی 10 رۆژدا کارەکانیان تەواو بکەن. سەرچاوەیەکی کوردی لە کۆمپانیای سۆمۆ لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان دەڵێت، هێشتا بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتیەکانی کوردستان ئاسایی نەبۆتەوە، رۆژانە 81 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمیان هەیە، دەبێت بەرهەمی رۆژانە بگاتە 100 هەزار بەرمیل ئەوکات دەتواندرێت لە رێگەی بۆری نەوت هەناردە بکرێت، چونکە لە 100 هەزار بەرمیل کەمتر بێت، ناتواندرێت کار بە تۆرباینەکان بکرێت. شایەتحاڵێک کە کارمەندی کۆمپانیای دی هێن ئۆی نەرویجیە لە کێڵگەیەکی نەوتی نزیک چەمانکێ وتى، ئێستا کارکردن و بەرهەمهێنان لەو کێڵگە نەوتیەی کاری لێدەکات ئاساییە، چونکە درۆنەکان تەنها عەمبارە بچووکەکانیان بەئامانج گرتبوو، عەمبارە گەورەکانی نەوت سەلامەتن. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت وردبینی لیستی مووچەی مانگی شەش تەواو بووەو وردبینییەکە دوو کاتژمێری خایاندوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوە کردەییەکانی بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش دەستپێکردووە، بڕیارە لەم هەفتەیە نەوت و داهاتی نانەوتی بۆ مانگی شەش و لیستی مووچەی مانگی حەوت ڕادەست بکرێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان وتى، "لیستی مووچەی مانگی حەوت تەواوبووە، یەک پێداچوونەوەی ماوە، سبەی یان دووسبەی ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت." بەگوێرەی بەدواداچوونێک، دوای ئەوەی کۆتایی ئەم هەفتەیە پرۆسەی پێدانی نەوت بە سۆمۆ دەستپێدەکات، هەفتەی داهاتوو حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا دەست بە گفتوگۆ دەکات لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی شەش.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕایگەیاند، پێویستە یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری و ڕێگریکردن لەوانەی پەیوەندیان بە حزبی بەعسی عێراقەوە هەبووە جێبەجێ بکرێت. یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "ئەمڕۆ دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لەگەڵ جێگرانی سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدڕاڵی و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری بۆ تانەدان لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، سەرۆکی دادگای تانەدان لە بڕیارەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری و سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری و ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەکە کۆبووەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ڕێکارەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کراوە." ئاماژە بەوەش کراوە، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە ڕێککەوتوون لەسەر جێبەجێکردنی یاساکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، بۆ ئەوەی ڕێگری لە وانەی پەیوەندییان بە حزبی بەعسی پێشووەوە هەیە بکەن بچنە پەرلەمانی داهاتوو. لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختیش کراوەتەوە، دەبێت ڕێکارەکانی دەستەکە شەفاف بن و ڕێگری لە بەکارهێنانی ئەم دۆسیەیە بۆ ئەو مەبەستانەی کە لە یاساکەدا دیارینەکراون بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 12ـی کانوونی دووەمی 2008 یاسای دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری پەسەند کرد، وەک بەدیلێک بۆ یاسای ڕیشەکێشکردنی بەعس کە لە ساڵی 2003 دەرچووبوو.
دوای پێشبینییەکانی کەشناسی لەبارەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، سێ پارێزگای عێراق پشوویان راگەیاند و چەند پارێزگایەکی دیکە دەوامیان کەم کردەوە. بەگوێرەى چەند راگەیەندراوێکى جیاوازى پارێزگاکانى بەسڕە و میسان و زیقار، لە باشوورى عێراق، بەهۆى بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرماوە، لە رۆژى یەکشەممە، 27ى تەمموزى 2025، دەوامى فەرمى لە سەرجەم دامودەزگا حکومییەکانى پارێزگاکانیان بۆ ماوەى یەک رۆژ راگرتووە. هەروەها هەریەک لە پارێزگاکانى بابل و سەلاحەدین و دیالەش، بەهەمان شێوە بەهۆى بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرماوە، بڕیاریانداوە، گۆڕانکارى لە کاتى دەوامى فەرمانبەران لەسەرجەم دامودەزگاکانى حکومەت بکەن، لەو چوارچێوەیەش، پارێزگاى بابل بڕیاریداوە، دەوامى فەرمى فەرمانگەکان لە کاتژمێر 7ى سەرلەبەیانى دەست پێبکات تاوەکو کاتژمێر یەکى پاشنیوەڕۆ. هەروەها ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو فەرمانبەرانەى کە لەدەرەوەى فەرمانگەکانیان کار دەکەن، کاتى دەوام کردنیان لە کاتژمێر شەشى سەرلەبەیانى دەستپێدەکات و تاوەکو کاتژمێر 10ى پێشنیوەڕۆ دەبێت، هەروەها ئەوانەشى دەوامیان ئێوارانە، لە کاتژمێر 10ى شەو دەستپێدەکات بۆ کاتژمێر 2ى سەرلەبەیانى رۆژى دواتر. هاوکات، دیوانی پارێزگای دیالە رایگەیاندووە، "بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، بەدرێژایی ئەم هەفتەیە، دەوامی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان تاوەکو کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ دەبێت." لەلایەکی دیکەوە، پارێزگای سەلاحەدین بۆ سبەی یەکشەممە، کاتژمێرێک کاتی دەوامی کەم کردەوە و پارێزگای بابلیش دەستکاری کاتی دەوامی کرد و لە کاتژمێر 07:00ـی بەیانییەوە دەوامی فەرمانگەکان دەستپێدەکات. عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق راگەیاند، "پێشبینی دەکرێت سبەی یەکشەممە لە بەشێکی پارێزگاکانی خواروو و نێوەڕاستدا پلەی گەرما بگاتە 52 پلە." جابری گوتی، "لە رۆژی سێشەممەوە پلەی گەرما تاڕادەیەک دادەبەزێت." بە گوێرەی ماڵپەڕی ئێلدۆرادۆی ئەمریکی، ئەمڕۆ بەسرە دووەم و کەرکووک دەیەم گەرمترین شوێنەکانی جیهان بوون. ماڵپەڕەکە دەڵێت، ئەمڕۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە کە گەرماکەی 51.1 پلەی سیلیزی بووە، دووەم گەرمترین شوێنی سەر رووی زەوی بووە لە دوای شاری ئەهوازی پارێزگەی خوزستانی ئێران کە پلەکەی 51.2 بووە.
سوپای ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت بە شێوەیەکی کاتی هێرشەکان ڕادەگرن لەپێناو گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە غەزە، ڕاگرتنی هێرشەکان لە مەساوی و دێربەلەح و شاری غەزە دەبێ تا کاتێکی نادیار. وتەبێژى سوپای ئیسرائیل دەڵێت لەشەوى ڕابردووەوە دەستیان کردوە بەردانەوەی هاوكارییەكان مرۆییەكان بۆ غەززە، حەوت جۆر خواردنە لەوانە ئاردی و شەکر و خۆراکی قوتوویان تێدایە. سوپای ئیسرائیل ئەوەش دەخاتەڕوو رێڕەوی پارێزراو بۆ بە سەلامەتی تێپەڕبوونی کاروانی هاوکارییەکان لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە، هاوکات ئاگربەستەکە ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە سوپاى ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنى تێیاندا نییە. وتەبێژی سوپای ئیسرائیل جەختیکردەوە، شەوی رابردوو جارێکی دیکە بەردانەوەی هاوكارییە مرۆییەكان لە ئاسمانەوە بۆ غەززە دەستیپێکردەوە، هاوكات وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند: بڕیارە لە بەیانی ئەمڕۆوە "ئاگربەستی مرۆیی" لە چەند ناوچەیەكی کەرتی غەززە جێبەجێ بکرێت. سوپای ئیسرائیل لەبارەی راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمڕۆ لە غەززە، رونیکردەوە: لە ناوچەكانی دێر ئەلبەلەح و ئەلمەواسی دەبێت لە کاتژمێر 10:00ی بەیانی تا 8:00ی ئێوارە، لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕ لە دەرەوەی ناوچە مرۆییە دیاریکراوەکان. هاوكات سەرچاوە فەلەستینییەکان جەختیانكردەوە دابەزینی هاوکارییەکان لە باکوری کەرتی غەززە دەستیپێکردووە. لەلایەکى دیکەوە میدیاکانی میسر بڵاویانکردەوە کە بارهەڵگرەکانی یارمەتی مرۆیی لە میسرەوە بەرەو کەرتی غەززە دەستیان بە جووڵە کردووە. کەناڵی هەواڵی ئەلقاهیرە بڵاویکردەوە، بارهەڵگرەکانی هاوکاری کە بەرەو کەرتی غەززە دەڕۆن، پێداویستی خۆراک و کەرەستەی نۆژەنکردنەوەی ژێرخانییان هەڵگرتووە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنێت، گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم پەیوەندییەکی باش لەگەڵ بەغدا "نەبوونی ئیرادەی سیاسییە" و حکومەتی فیدراڵیش "مووچە وەک کارتی فشار" بەکاردەهێنێت. جەختیشی لەسەر ئامادەیی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەپێناو داڕشتنی یاسایەکی نوێی نەوت و گاز و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان کردەوە. لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "شەرق"ـی سعوودی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران تیشکی خستەسەر ئاڵۆزییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. لەسەر پەیوەندیەکانى نێوان هەرێم و بەغدا دەڵێت گەورەترین ڕێگری لەبەردەم پەیوەندییەکی باش لەگەڵ بەغدا ئیرادەی سیاسییە." ناوبراو حکومەتی فیدراڵی تۆمەتبار کرد بەوەی "هەموو کارتێکی فشار بەکاردەهێنێت بۆ پەراوێزخستن و لاوازکردنی هەرێمی کوردستان،" و بەکارهێنانی پرسی مووچەی بە "کارتی فشاری سیاسی" ناوبرد و وتی: "جێگەی داخە کە مووچە بووەتە کارتی فشاری سیاسی، دەرگای گفتوگۆ بۆ چارەسەر بە کراوەیی دەهێڵینەوە و ئامادەین بۆ گفتوگۆیەکی نوێ لەسەر دۆسیەی نەوت و گاز. سەرۆکوەزیران پێى وایە، هیچ ئیرادەیەکی سیاسی لە بەغداوە نییە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 سەبارەت بە کەرکووک، دەشڵێت: ئێمە دەزانین کێ لەپشت ئەو هێرشانەوەیە کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرانە سەر دامەزراوە نەوتییەکان، بەڵام چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەین لەم پرسەدا، هێرشەکان هاوکات بوون لەگەڵ واژۆکردنی گرێبەستی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کەرتی وزەدا. مەسرور بارزان وتیشى: ئەمریکا هاوپەیمانمانە و زانیاریی هەواڵگری لەگەڵیدا ئاڵوگۆڕ دەکەین سەبارەت بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانمان، چونکە هەندێک لەو کێڵگانەی هێرشیان کراوەتە سەر لەلایەن کۆمپانیاکانی ئەوانەوە بەڕێوەدەبرێن. جەختى کردەوە پێکهاتەی کورد دەیەوێت پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەشی خۆی بمێنێتەوە. پێویستە بەغدا سەرکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان بە سەرکەوتنی هەموو عێراق بزانێت، وەک هەنگاوێک بەرەو بوونیادنانی متمانە. دەربارەی دۆخی ناوچەکە، سەرۆکوەزیران بارزانی دیدگای هەرێمی کوردستانی بۆ پرسە هەرێمییەکان خستەڕوو: پێشوازیی لە دەستپێشخەریی ئاشتی و گفتوگۆکانی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکەین و داوا لە حکومەتی سووریا دەکەین دەرگا بۆ کوردەکان بکاتەوە و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات. سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران، بارزانی وتی: کوردستان ڕێز لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکان دەگرێت، بەتایبەتی لەگەڵ ئێران و دڵنیایی دا کە هەرێمی کوردستان "نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر هیچ کام لە وڵاتانی دراوسێ." هەروەها دووریی هەرێمی لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕاگەیاند و وتی: "ئێمە بەشێک نین لە کێشەکە و پشتگیریی هیچ جەنگێک ناکەین."
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێم، داوادەکات دەستبەجێ بڕیاری قەدەغەکردنی زمانی کوردى هەڵبوەشێنێتەوە و کار بکات بۆ ئەوەی زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا ببنە ناوەندی پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە کولتوور. وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق وانەگوتنەوە، دانان و وەڵامدانەوەی پرسیاری تاقیکردنەوەکان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بە زمانی کوردی قەدەخە دەکات و هەڕەشەی لێپرسینەوەی یاسایی دەکات. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیدانەی بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەکات بۆ ڕێگرتن لە (خوێندن و دانانی پرسیار) بە زمانی کوردی لە زانکۆکانی (موسڵ و کەرکوک و دیالە). ئەم بڕیارە لەگەڵ ئەوەی پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی مادەی (4)ی دەستووری هەمیشەیی عێراقە، لە هەمان کاتدا پێچەوانەی بەها و بنەماکانی پێکەوەژیانە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقی فیدراڵ. بۆیە داواکارین لە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دەستبەجێ ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە و کار بکات بۆ ئەوەی زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا ببنە ناوەندی پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە کولتوور و زمان و فەرهەنگى هەموو گەلانی عێراق بەبێ جیاوازى. بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى عێراق لەسەر هێڵ دەبین بۆ چارەسەرکردنى ئەم پرسەو ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەى ئەم جۆرە هەڵوێستە دوژمنکارانە. لەلایەکى دیکەوە، ئەکادیمیای کوردیی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارەکە بە 'رەگەزپەرستانە' دەزانێت و دەڵێت، "بڕیاری ژمارە 6496ی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کە لە 16ی تەممووزی 2025 دەرچووە و تێیدا زمانی کوردیی لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵای ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستاندا قەدەخە کردووە، ریسوا دەکەین و بە بڕیارێکی رەگەزپەرستانەی دەزانین، داواکارین هەرچی زووترە ئەو بڕیارە نایاسایی و نادەستوورییە هەڵبوەشێندرێتەوە و وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، داوای لێبووردن لە گەلی کورد بکات."
تەلەڤزیۆنی سوریا لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبوونەوەی ئەمدواییەی بەرپرسانی سوریاو ئیسرائیل لە پاریس: گفتوگۆی وەفدی وەزارەتی دەرەوەو دەزگای هەواڵگریی گشتی سوریا لەگەڵ ئیسرائیل بە نێوەندگیری ئەمریكا؛ لەسەر پەرەسەندنە ئەمنییەكانی ئەمدواییەو هەوڵەكانی كۆنترۆڵكردنی ئاڵۆزییەكان بووە لە باشوری سوریا. لە دیدارەكەدا هیچ رێككەوتنێكی كۆتایی نەكراوە، بەڵكو تەنیا راوێژی سەرەتایی بووە بە ئامانجی هێوركردنەوەی گرژییەكان و دووبارە كردنەوەی كەناڵی پەیوەندیی. لە دیدارەكە وەفدی سوریا جەختی لەسەر یەكێتیی و سەلامەتی و سەروەریی خاكی سوریا كردوەتەوە وەكو بنەمایەك كە قایبلی دانوستان نییە، سوەیداو خەڵكەكە بەشێكی رەسەنی دەوڵەتی سوریاو نابێت لەژێر هیچ بەهانەیەكدا دەست بۆ پێگەیان ببرێت یاخود دابرێندرێن. وەفدی سوریا جەختی لەوە كردوەتەوە كە گەل و دامەزراوەكانی سوریا هەوڵی جددی دەدەن بۆ دووبارە بنیادنانەوەی ئەوەی جەنگ وێرانی كردووە، سورییەكان دواین چەندین ساڵ لە شەڕ چاویان لە ئاسایش و سەقامگیرییەو رەتیدەكەنەوە شوێن هیچ پرۆژەیەكی گوماناوی بكەون كە هەڕەشە لە یەكێتیی وڵاتەكەیان بكات. وەفدی سوریا هەرجۆرە بوونێكی نایاسایی بیانیی لەسەر خاكی وڵات و قۆستنەوەی توێژەكانی كۆمەڵگەی سوریا بۆ پرۆژەی دابەشكردن و دروستكردنی قەوارەی هاوتەریب رەتكردوەتەوە، كە ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت و فیتنەی تائیفی. وەفدی سوریا بەرپرسیارێتیی ئاڵۆزییەكانی ئەمدواییەی (مەبەستی شەڕی دروزەكانە) خستوەتە ئەستۆی ئیسرائیل و رایگەیاندووە كە سوریا سیاسەتی سەپاندنی واقیعی نوێ لەسەر خاكەكەی قبوڵ ناكات. لە گفتوگۆكەدا باس دووبارە كاراكردنەوەی رێككەوتنی راگرتنی شەڕ كراوە بە گەرەنتی نێودەوڵەتییەوە، هاوكات داوا كراوە هێزەكانی ئیسرائیل بەشێوەیەكی خێرا لەو خاڵانە بكشێنەوە كە بەمدواییە پێشڕەوییان بۆ كردووە. لە كۆتایدا وەفدی سوریاو ئیسرائیل رێككەوتوون لەسەر ئەوەی لەئایندەدا دیداری تر بكەن بەمەبەستی بەردەوامیدان بە گفتوگۆكان و هەڵسەنگاندنی هەنگاوەكان بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی لە باشور (مەبەستی پارێزگای سوەیدا)یە. گفتوگۆكە راشكاو و بەرپرسانە بوو، لەچوارچێوەی هەوڵەكاندا بوو بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاڵۆزییەكان بەبێ ئەوەی هیچ سروشتێكی رێككەوتن لەخۆبگرێت. دەوڵەتی سوریا پابەندە بە بەرگریكردن لە یەكێتیی خاك و گەلەكەی، هەر پرۆژەیەك بۆ دابەشكردنی وڵات و راكێشانی بەرەو ململانێی ناوخۆیی رەتدەكاتەوە.
ئەکادیمیای کوردی: بڕیاری قەدەغەکردنی زمانی کوردی ڕەگەزپەرستانەیە دوای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، بڕیاریدا بە قەدەغەکردنی تاقیکردنەوەکان بە زمانی کوردی لە زانکۆکانی سەر بەدەسەڵاتی خۆی، حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی ئەکادیمیای کوردیەوە بە توندی ئیدانەی دەکات و دەڵێت، ئەو کارە ڕسوادەکەین و بڕیارەکە نایاسایی و نا دەستورییە. ئەمڕۆ شەممە، ئەکادیمیای کوردی لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی حکومەتی عێراقی داوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردوە، بڕیاری ژمارە 6496ی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کە لە 16ی 7ی 2025 دەرچوە ڕسوادەکەین و نادەستورییە. ئەکادیمیای کوردی دەزگایەکی زانستییە، لە ڕووی قانوونییەوە خاوەنی کەسایەتی خۆیەتی، بەڵام لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە قەدەغەکردنی زمانی کوردیی لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵای ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بڕیاڕیکی ڕەگەزپەرستانەیە و داواکارین چی زوترە ئەو بڕیارە نایاسایی و نادەستورییە هەڵبوەشێنرێتەوە . هەروەها داواش لە حکومەتی عێراق دەکات، لەسەر ئەو کارەی داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکات. لایخۆشیەوە د.نەهلە ئەفەندی ئەندامی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندوه، "ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بڕیاری لێداوە، بەتەواوی پێچەوانەی دەستوری عێراقەو پێشێلكردنی زەقی یاساو دەستوریشە". ئەمە لەکاتیكدایە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، بە نوسراوێک زانکۆکانی کەرکوک، دیالە و موسڵی ئاگادارکردوەتەوە، ئیدی خوێندکارانی کورد ناتوانن ببە زامنی کوردی تاقیکردنەوە ئەنجامبدەن، و ئەو بڕیارەی لە ساڵی 2010 دەرچوبو، ڕێگەی بە خوێندکارە کوردەکان دەدا بە کوردی وەڵام بدەنەوە هەڵوەشاندوەتەوە.
سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستان و کونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێم ڕایدەگەیەنن هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و پاراستن و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێم. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى ئەمڕۆ شەممە 7/26، مەسرور بارزانی سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە ستیڤ بیتنەر كونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی كوردستان كرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکە دیپلۆماتییەکەی. سەرۆکی حکومەت سوپاسیی پشتیوانیی بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای لە هەرێمی کوردستان کرد و بەتایبەتی سوپاسی کونسوڵی گشتیی کرد بۆ کارکردنی لەپێناو پەرەپێدان و پێشخستنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا. کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا، پێزانینی خۆی بۆ پشتگیریی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حکومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی و جەختی لە گرنگیی بەهێزبوونی پەیوەندیی دۆستانەی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە. لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و پاراستن و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان.
نزیکەى مانگێکە جەنگى ئیسرائیل و ئیران، وەستاوە، بەڵام دەزگاى مۆساد لەتۆڕى کۆمەڵایەتى (ئێکس) بە زمانی فارسی بەردەوامە لە هاندانی هاوڵاتیان و جەماوەر ئێرانى دژی حکومەتەکەیان. دەزگاى مۆسادى ئیسرائیل تویتەکانى ئاڕاستەی هاوڵاتیانی دەکات بۆ ئەوەى خەبات و خۆپیشاندان بکەن دژى کەمیی کارەبا و ئاو. لە تویتێکدا هاتووە، مۆساد دەڵێت: سەرکردەیەک نیوەی ڕۆژ بخەوێت و نیوەکەی تریش بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر بەسەر ببات، ناتوانێت سەرکردایەتی وڵاتەکەى بکات. هەروەها لە تویتێکی تریدا مۆساد ئاماژە بە ڕاپەڕینێکی مەدەنی دەکات بەهۆی کەمی ئاوى خواردنەوە لەو وڵاتە. هەرچەندە ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانى ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کۆتایی هاتووە، بەڵام مۆساد بەردەوامە لە هاندانى گەلی ئێران دژی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران. لە پۆستێکی دیکەدا لەرۆژى چوارشەممەى ڕابردوو کردوبەتى دەڵێت: بەڕیز خامنەیی، ڕەنگە لەبیرت چووبێت کە ئێرانییەکی سەربەرز و توڕە و تینوو چییە. شەڕی ١٢ ڕۆژە بەلای تۆ وەک یارییەکی منداڵانە دەردەکەوێت، ئاوی پاک بدەن بە خەڵک.
دکتۆر نیک ماینارد پزیشکی نەشتەرگەری بەریتانی کە بەم دواییە لە غەززەوە گەڕاوەتەوە، لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ سکای نیوزی بوونی "بەدخۆراکی گەورە"ی لەنێو غەززەکاندا پشتڕاستکردەوە و ئاشکرایکرد کە سەربازانی ئیسرائیل لە خاڵە فریاگوزارییەکان تەقە لە هاوڵاتیانی مەدەنی دەکەن "وەک ئەوەی یاری تەقەکردن بکەن". بەپێی تۆڕەکە، ماینارد چوار هەفتەی لەناو نەخۆشخانەی ناسرى غەززە کاری کردووە، دەڵێت: "چەند پزیشکێکم ناسی کە سندوقی شیری منداڵانیان لە جانتاکانیاندا هەبوو، سەرجەمیان لەلایەن پاسەوانانی سنووری ئیسرائیلەوە دەستیان بەسەردا گیرا، هیچ شتێکی تر دەستی بەسەردا نەگیرا، جگە لە شیری منداڵان". ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەماوەی دوو هەفتەی یەکەمی نەخۆشخانەی ناسر چوار منداڵی پێشوەختە گیانیان لەدەستداوە و مردنی زۆرتریش دەبێت مەگەر ئیسرائیلییەکان ڕێگە بە خواردنی پێویست نەدەن بچێتە نەخۆشخانەکە". لە میانی چاوپێکەوتنەکەدا دکتۆر ماینارد ئاماژەی بەوەشکردووە، سەربازانی ئیسرائیل لە خاڵە فریاگوزارییەکان تەقە لە هاوڵاتیانی مەدەنی دەکەن "وەک ئەوەی یاری تەقەکردن بکەن". دکتۆر ماینارد ئاماژەی بەوەشکردووە، نەشتەرگەری بۆ منداڵانی تەمەن ١١ ساڵ ئەنجامداوە کە "لە خاڵەکانی دابەشکردنی هاوکارییەکان تەقەیان لێکراوە" کە لەلایەن دامەزراوەی مرۆیی غەززەوە بەڕێوەدەبرێت. دەشڵێت "ئەوان چوون بۆ ئەوەی خواردن بۆ خێزانە برسیەکانیان وەربگرن، تەقەیان لێکرا". ئاماژەی بەوەشکردووە، نەشتەرگەری بۆ منداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵ کردووە کە "بەهۆی برینەکانی سەختەوە لەسەر مێزی نەشتەرگەری گیانی لەدەستداوە". دکتۆر ماینارد ماوەی ١٥ ساڵە سەردانی غەززە دەکات و ئەمە سێیەم سەردانیەتی بۆ کەرتی غەززە لە سەرەتای شەڕەوە. ئەو پزیشکە نەشتەرگەرییە بەریتانییە ئاماژەی بەوەشکردووە، نزیکەی هەموو منداڵانی یەکەی پزیشکی منداڵان لە نەخۆشخانەی ناسر ئاوی شەکریان پێدەدرێت. هۆشداریشیدا، "بڕێکی کەم شیری کۆرپەیان هەیە بۆ منداڵانی زۆر بچووک، بەڵام ئەمە بەس نییە". دکتۆر ماینارد ئاماژەی بەوەشکردووە، نەبوونی یارمەتییەکان کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر هاوکارەکانیش هەبووە و ئاماژەی بەوەشکردووە، "کەسانێکم بینی کە ساڵانێکە ناسیبووم، تەنانەت هەندێکیان تەنانەت هەرگیز نەمدەناسیەوە. دوو هاوکارم کێشیان ٢٠ و ٣٠ کیلۆگرامیان دابەزاندبوو. لەڕادەبەدەر برسی بوون. هەموو ڕۆژێک دەچوونە سەر کارەکانیان، دواتر دەگەڕانەوە بۆ چادرەکانیان کە خواردنیان نەبوو". دکتۆر ماینارد وتی: "لە هەمووی دڵتەنگکەر ئەو نەخشەی برینانە بوو کە بینیمان، لەگەڵ کۆبوونەوەی برینەکان لە هەندێک شوێنی جەستەدا لە ڕۆژانی دیاریکراودا"، ڕوونیکردەوە کە "زۆرجار ڕۆژێک دەهاتنە ژوورەوە بە برینێکی گولە لە سەر یان مل، ڕۆژێکی دیکە لە سنگ و ڕۆژێکی دیکە لە سکدا." ئاماژەی بەوەشکرد، دوانزە ڕۆژ لەمەوبەر چوار کوڕی هەرزەکار هاتنە ژوورەوە، هەموویان برینێکی گولەیان لە کۆئەندامی زاوزێیاندا هەبوو، ئەمەش بە ئەنقەست ئەنجامدرا، ئەمە بەڕێکەوت نییە، زۆر دیار بوو بۆ ئەوەی بەڕێکەوت بێت، و بۆ ئێمە لە یاری تەقەکردن دەچوو. لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەگەر بە چاوی خۆم نەمبینیبایە هەرگیز باوەڕم پێ نەدەکرد. دوور لە چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، تەلئەبیب و واشنتۆن لە ٢٧ی ئایارەوە پلانێکیان جێبەجێ کردووە بۆ دابەشکردنی یارمەتییە سنووردارەکان لە ڕێگەی دامەزراوەی مرۆیی غەززەوە، سوپای ئیسرائیل بۆردومانی فەلەستینییەکانی دەکات کە ڕیزیان گرتووە بۆ وەرگرتنی یارمەتییەکان. دامەزراوەی مرۆیی غەززە کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پارەی بۆ دابین دەکرێت، چوار شوێنی دابەشکردنی هاوکارییەکانی هەیە، کە هەموویان لە ناوچە سەربازییەکانی ئیسرائیلدان و لە سنوورەکانی ڕۆژنامەنووسان دەردەچن. بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو کاتەوەی ڕێکخراوەکە دەستبەکاربووە، تا ئێستا زیاتر لە هەزار کەس لە کاتی هەوڵدان بۆ وەرگرتنی هاوکاری خۆراکی گیانیان لەدەستداوە.
بەرپرسى پەیوەندییەكانی دەرەوەی خۆسەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا، جەختدەکاتەوە سوریا لە قۆناغێكی هەستیاردایە و نابێت هەموو دەسەڵاتەكان لە دیمەشق بێت، دەشڵێت ئامانجی سوپای سوریا ناڕونە و روداوەكانی سوەیداش سەلمێنەری پەرتەوازەیی دەسەڵاتی سوریایە. ئیلهام ئەحمەد لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی خۆسەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، لە ئێستادا سوریا لە هەستیارترین قۆناغدایە و پێویستە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەكان مافی سەرجەم پێكهاتەكان رەچاو بكرێت، خۆسەریش پشتیوانی لە حكومەتێكی نا ناوەندیی دەكات كە هەموو دەسەڵاتەكان تەنها لە دیمەشق نەبێت. وتیشی، گفتوگۆكان بۆ بەشداری هەسەدە لە سوپای سوریا بەردەوامە، بەڵام ئامانج و پێكهاتەی ئەو سوپایە ناڕونە و پێویستە ناسنامە و ئەركەكانی رون بێت. ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەشكرد، دەبێت هەمو چین و توێژ و كەمینەكانی سوریا هەست بە ئاسایش و سەقامگیریی لە سایەی سوپادا بكەن، چونكە روداوەكانی سوەیدا و چەند ناوچەیەكی تر ئاماژەن بە ناوڕونیی ئامانجی سوپا و هێزە ئەمنییەكانی سوریا. راشیگەیاند، ئەمریكا رۆڵی گرنگی لە سوریا هەیە و هەوڵیش دەدەن پەیوەندییەكی باشیان لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتن لەگەڵ توركیا هەبێت.
عەلى ڕەزا دەلیرى، جێگری فەرماندەی پۆلیسی سیستان و بەلووچستان، دەلێت ئەو کەسانەى هێرشەتیرۆریستیەکەى داداگاى زاهدانیان ئەنجامداوە سەربە ئیسرائیلین و سیانیان کوژراون و ئەوانى دیکەمان دەستگیرکردوە. میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، رۆژی شەممە، هێرشێکی چەکداری کراوەتەسەر دادگای زاهیدان لە هەرێمی سیستان و بلوجستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران و کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە. بەگوێرەى میدیای فەرمیی ئێران، هێرشەکە لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە بۆسەر باڵەخانەی دادگای زاهیدان ئەنجامدراوە. ئاماژە بەوەشکراوە، پاش رووداوەکە، هێزی ئەمنی و ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە بۆ بەهاناوەهاتنی قوربانییەکان. هاوکات پێگەی میزان، کە تایبەتە بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی هێرشەکەوە هەشت هاوڵاتی کوژراون و 13 کەسی دیکەش برینداربوون، لەناو ئەوانەشدا منداڵ و ژن هەیە. باسلەوەدەکات، ئەو ئامارانە سەرەتایین و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامیی هەیە. میدیای ئێران بڵاویکردووەتەوە، پێش هێرشەکە، دەنگی تەقینەوەیەک بیستراوە و دواتر دەستدڕێژی گولــلـە کراوە. هاوکات ئاژانسی میهر بڵاویکردووەتەوە، داوا لە هاوڵاتییان دەکرێت هیچ کۆبوونەوەیەک لە دەوروبەری دادگای زاهیدان ئەنجامنەدەن. بەگوێرەى ئاژانسەکە، داواکراوە رێگاکانی چوون و رۆیشتن بە ئاڕاستەی دادگاکە بە کراوەیی بهێڵرێتەوە، لەپێناو ئاسانکاریی هاتوچۆکردنی ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان و فریاگوزارییەکان. میدیای ئێران ئاماژەیبەوەکردووە، سێ لە چەکدارە هێرشبەرەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن. سوپای عەدل، کە گروپێکی بەرهەڵستکاری ئیسلامیی سوننەیە لە سیستان و بلۆجستان، بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی سەر دادگای زاهیدان راگەیاندووە. شاری زاهیدان دەکەوێتە پارێزگای سیستان و بەلوچستان و دانیشتووانەكەی سووننە نشینن، یەکێکە لەو شوێنانەی بەردەوام کێشەی ئەمنی هەیە، بەم هۆکارە بەردەوام شەڕ و گرژی و پێکدادانی تێیدا ڕوودەدات.
