سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت، 27 ئەندامی یەکێتییەکە لە پلانی وەڵامدانەوەی پێناسی سەپێنراوی گومرگیی ئەمریکا بۆ ماوەی 90 رۆژ دەوەستن، "ئەمەش بۆ ئەوەی دەرفەت بە گفتوگۆ و دانوستاندن بدرێت." ئورسولا ڤۆن دێرلاین رایگەیاند: "لەکاتێکدا خەریکین رێوشوێنی وەڵامدانەوە تەواو دەکەین و لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە پشتگیرییەکی زۆری کرا، بڕیارماندا بۆ ماوەی 90 رۆژ هەڵیپەسێرین." رۆژێک پێشتر، یەکێتیی ئەورووپا بڕیاری دا، لە دژی پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا وەڵامیان هەبێت. ئەمریکا پێناسی گومرگی بەسەر ئاسن و ئەلەمنیۆمی ئەورووپادا سەپاند. هەر چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باجی گومرگییەکانی سەر زۆربەی وڵاتانی بۆ ماوەی 90 رۆژ هەڵگرت، ئەمەش 13 کاژێر دوای ئەوەی سەپاندنی. سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ئەو بڕیارە چین ناگرێتەوە. ڤۆن دێرلاین گوتیشی: "ئەگەر دانوستاندنەکان جێی رەزامەندی نەبوون، وەڵامی پێناسە گومرگییەکان دەدەینەوە." ئەمریکا 20٪ـی پێناسی گومرگی بەسەر کاڵاکانی ئەورووپا سەپاندووە. مارۆس سێفکۆڤیچ، بەرپرسی یەکێتیی ئەورووپا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوارد لوتنیک، وەزیری بارزگانیی ئەمریکا و جەیمسن گریر، نوێنەری بازرگانیی ئەمریکا کردووە. سێفکۆڤیچ لە ئێکس نووسی: "تەلەفۆنێکی دیکە، ئەمە لە کاتێکدا وەڵامەکانی یەکێتیی ئەورووپا هەڵدەپەسێرین و دەچینە نێو دانوستاندنە بەماناکانەوە. پەیوەندیی بەردەوام و ئاگاداربوونی رۆژانە وامان لێدەکات بەرەوپێش بچین." ئەو وەڵامەی یەکێتیی ئەورووپا بەنیاز بوو بیداتەوە، کاڵای ئەمریکی بایی 20 ملیار یۆرۆ بە ئامانج دەگرت لەوانەش فاسۆلیای سۆیا، ماتۆڕسکیل و بەرهەمەکانی جوانکاریی خانمان. یەکێتییە 27 ئەندامییەکە هێشتا کار لەسەر وەڵامێک بۆ پێناسە جیهانییەکانی ئەمریکا دەکات، ڤۆن دێرلاین گوتی: "کاری ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوە بەردەوامە. هەموو بژاردەکانمان لەبەردەستن."
دوای ئەوەی ئیدارەی دەوڵەت رایگەیاند، هەڵبژاردنی ئەمساڵ بەهەمان یاسای ئێستا دەبێت، نوێنەری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گومانی خستە سەر ئەو بابەتە و گوتی، لە کۆبوونەوەکەی ئیدارەی دەوڵەت باسی یاسای هەڵبژاردن نەکراوە. دوێنێ لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بڕیاریاندا بەبێ ئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە مانگی 11ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و هەمان کۆمسیۆنی ئێستا سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنکە بکات. حەسەن سنید، نوێنەری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە کۆبوونەوەکە بە کەناڵی ئافاقی سەر بە دەوڵەتی یاسای گوت، لە کۆبوونەوەکەدا یاسای هەڵبژاردن و هەموارەکەی تاوتوێ نەکراوە، بۆچوونی کوتلە سیاسییەکان لەو بارەیەوە وەرنەگیراوە. هەروەها کۆبوونەوەکە لەسەر ئاستی هێڵی دووەمی سەرکردەکان بەڕێوەچووە، بۆیە توانای بڕیاردانی نییە. دەرکەوتنی ئەم ناکۆکییە پەیوەندیی بە راجیایی لایەنە شیعەکانەوە هەیە، نوری مالیکی دەیەوێت یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە و گۆڕانکاری لە بازنەکان بکرێت. چوارشەممەی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دیاریكرد، هەر ئەوکاتیش کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی بۆ بەڕێوەبردنی دەربڕی.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، وتووێژی ڕاستەوخۆی نێوان ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرکردەیەکی باڵای ئێران، شەممەی داهاتوو لە عومان بەڕێوەدەچێت. ڕوبیۆ لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا زیادی کرد: هیوادارین ئەمە ببێتە هۆی ئاشتی. وتیشى: ئێمە زۆر ڕوونین کە ئێران هەرگیز خاوەنی چەکی ئەتۆمی نابێت و پێموایە ئەوە بووە هۆی ئەم کۆبوونەوەیە. تامی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕاگەیاندووە، کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممە لە عومان لەگەڵ ئێرانییەکان، هەڵسەنگاندن بۆ جددیەتی تاران دەکات. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئەو کۆبوونەوەیە گەڕانێکی سەرەتاییە لە نیازی ئێران بۆ دانوستان. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریدا لەوەی دەرکردنی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە دەبێتە "کێشەیەکى گەورەو حیساباتێکى هەڵەیە". تامی بروس وتی: هەڕەشەی ئەم جۆرە کارە بە ڕوونی لەگەڵ جەختکردنەوەکانی ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکەی ناتەبایە. عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵاى ئیسلامیی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە لە تویتێکدا ڕایگەیاند، ئەگەر وڵاتەکەی ڕووبەڕووی هێرشی سەربازی یان بەردەوامی هەڕەشەی دەرەکی ببێت، پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕێکخراوی نەتەوەکان دەربکات.
بەرپرسێکی رۆژئاوای کوردستان بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندوە: لایەنە کوردییەکان لەسەر سیستمی فیدڕاڵی بۆ سوریا یەك دەنگن و رەخنەش لەو سیاسەتە دەگرن کە ئێستا لە دیمەشق پەیڕەودەکرێت. بەدران چیاکورد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای كوردستان) بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندوە: کوردەكانی سوریا لە سەر ئەوە یەكدەنگن كە داوای سیستمی فیدڕاڵی بکەن، بەجۆرێک کەڕێگە بە دروستبونی ئۆتۆنۆمی ناوچەیی و هێزی ئەمنی بدات. وتیشی: سەرجەم لایەنە سیاسیە كوردییەكان لە سوریا، هاوڕان کە سیستەمێکی پەرلەمانی فیدراڵی، فرەیی، دیموکراسی لە سوریادا هەبێت. هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، پرسی چارەسەری بنەڕەتی بۆ سوریا و پاراستنی تایبەتمەندی ئیداری و سیاسی و کولتوری، پێویستە ئەنجومەنی یاسادانانی ناوخۆیی لەناو هەرێمەکاندا دروست بکرێن. لە چوارچێوەیەی رێکەوتنی نێوان کورد و دیمەشق، لە چەند ڕۆژی ڕابردو ژمارەیەک دیل ئاڵوگۆڕکران و بە پێی زانیارییەکانیش گروپەکانی نزیک لە تورکیا لە ناوچەکانی عەفرین و گرێسپی و سەرێکانی دەکشێنەوە.
ڕاوێژکارێکی سەربازیی عەلی خامنەیی رایگەیاند، هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی هیچ کات جێبەجێنابن و ئەوان لەبەرامبەر ئەم هەڕەشانەدا ئامادەی وەڵامدانەوەن. ئەمیر ناسر ئاراستە جێگری گرووپی راوێژکارانی سەربازیی خامنەیی لە کاردانەوەی هۆشداریی ئەمریکا سەبارەت بە ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران رایگەیاند، وەک سەربازێکی دێرین بە دڵنیاییەوە دەڵێت ئەم هەڕەشانە جێبەجێنابن. وتیشی، هێزە چەکدارەکان لە سەرووی ئەم هەڕەشانەوە ئامادەیی وەڵامدانەوەیان هەیە و لە هەموو رەهەندە سەربازییەکاندا هێزەکانیان ئامادەکردووە تاوەکو بە دەسەڵاتەوە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بدەنەوە. ئەمەش لە وەڵامی دۆناڵد ترەمپە کە هۆشداریی دابوو لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکاندا، بژاردەی هێرشی سەربازی دژی کۆماری ئیسلامی بەکاردەهێنرێت. ترەمپ لە ساڵی 2018 و لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی دا، لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە. ئێستاش "ئەگەر هەیە" ئیسرائیل بەیارمەتیی ئەمریکا هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەگەر هیچ رێککەوتنێکی نوێ نەکرێت. ترەمپ هۆشداریی دایە تاران و گوتی، "ئەگەر گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران سەرکەوتوو نەبن، پێموایە ئێران لە مەترسییەکی گەورەدا دەبێت، حەز ناکەم بیڵێم، مەترسییەکی گەورە، چونکە ناتوانن چەکی ئەتۆمییان هەبێت." لە هەمان کاتدا بەرپرسان رایانگەیاندووە بڕیارە رووسیا، چین و ئێران رۆژی سێشەممە لە مۆسکۆ لەسەر پرسی ئەتۆمیی ئێران کۆببنەوە.
ماوەی شەش ڕۆژە گهڕان بهدواى دۆزینهوهى تهرمى مامۆستا ئاڤێستا له رووباری مێرگهسۆر بەڕدەوامەو تائێستا نەدۆزراوەتەوە. بەرگری شارستانی کە بەردەم لەئەرکدان بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە دەڵێن كارى تیمهكانمان چوەته قۆناغێكی نوێوه، ئهویش ئهوهیه كه چاوهڕێ بكهن تهرمهكهى سهرئاو بكهوێت، چونكه تاڕادهیهك له گهڕانى ژێر ئاو بێهوابوون. عهقید ئیبراهیم فهریق بهڕێوهبهرى بهرگرى شارستانى ئاكرێ راگهیاند، گومان دهكرا تەرمەکە له ناو گۆمێکی قووڵ مابێتهوه و گیربووبێت کە قوڵاییەکەی له سێ مهتر تا 13 مهتره، بهڵام تیمهكانى غهواسمان ماوهى نیو كاتژمێر لهژێر ئاوى گۆمهكه بۆى گهڕان و هیچیان بهدی نهكرد”. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بە ڕاسپاردەی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوەخۆ و بە فەرمانی بەرێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی كوردستان سەردانی شوێنی خنكانی (ئاڤێستا یوسف بەرزنجی)یان كرد. ئاماژەی بەوەش دا، كە ئەو سەردانە، بە مەبەستی شێواز و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كارەكانی تیمەكانی ڕزگاركردن و تیمی ژێرئاوی بەڕێوەبەرایەتییەكانی هەولێر و سۆران و ئاكرێ بوو لەكاتی گەڕان بەدوای تەرمی (ئاڤێستا یوسف بەرزنجی).
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایدەگەیێنن، شەممە لە شاری هەولێر بۆ پشتیوانی لە غەززە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی رێکدەخەن، بەڵام داواکارییەکەیان لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە رەتکراوەتەوە. راگەیێندراوەکە لە ژێرناوی "لیژنەی هاوبەشی سەرپەرشتیاری گردبوونەوەی پاڵپشتی غەززە"، ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "رۆژی شەممە 12-04-2025، لە بەردەم پارکی شانەدەر گردبوونەوەیەکی جەماوەری سازدەکرێت بۆ پاڵپشتی کەرتی غەززە؛ دژ بەو کۆمەڵکوژییەی بەرامبەریان دەکرێت". نوێنەری هەردوو حیزبەکە سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە و لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێن: "داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین رەزامەندی بدەن و لایەنی ئەمنی گردبوونەوەکە بپارێزن". سەرچاوەیەکی باڵا لە پارێزگای هەولێر ڕاگەیاند، جگە لە کۆمەڵ و یەکگرتوو، دەزگای ستانداردیش داوای مۆڵەتی گردبوونەوەی کردووە، بەڵام داواکارییەکەیان لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە رەتکراوەتەوە، بە پاساوی ئەوەی ئەو گردبوونەوەیە لەو کاتەدا لە شاری هەولێر بە پێویست نازانرێت.
هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگ بکات و تێیدا تاوتوێی ژمارەیەک پرسی سیاسی گرنگ لە وڵاتدا بکات، لەوانە ڕازیکردنی سەدر بۆ گەڕانەوە بۆ هەڵبژاردنەکان و تاوتوێکردنی داواکارییەکانی مامۆستایان و ئامادەکارییەکانی حکومەت هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. ئەجێندای کۆبوونەوەکە پەیوەست دەبێت بە ئامادەکارییەکانی حکومەت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی عێراق لەخۆدەگرێت و چەند مانگ جارێک لەسەر چەند پرسێکی هەنووکەیی پەیوەست بە دۆخی وڵات بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە. بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی کە قسەی بۆ میدیای عێراق کردووە، لە کۆبوونەوەکە تاوتوێی دەرئەنجامەکانی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکرێت کە دووشەممەی ڕابردوو بەڕێوەچوو، هاوکات تاوتوێی میکانیزمەکانی ڕازیکردنی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانی شیعە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دەکرێت. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لەکۆبوونەوەکەدا میکانیزمی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی فەرمیدا تاوتوێ دەکرێت کە ئەنجوومەنی وەزیران لەدوایین دانیشتنی خۆیدا دیاری کردبوو و هەروەها پرس و خشتەی بودجەی گشتی و ناردنی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران و دۆسیەی ناڕەزایی مامۆستایان لەسەرتاسەری وڵات و دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان تاوتوێ دەکرێت. ڕۆژی چوارشەممە 9ـی نیسان ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی 11ـی 11ـی وەک وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستنیشان کرد و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادەیە پیشاندا.
کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆتاییهات و ئەندامێکی شاندەکەش دەڵێت، کۆبوونەوەکە زۆر ئەرێنی بوو و هیوای زۆر زیاتریان هەیە. شاندی دەم پارتی کە لە سرری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان (دەم پارتی) و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی پێکدێت، کاژێر 13:30 خولەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-4-2025 گەیشتنە کۆشکی کۆماریی تورکیا و لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێشوازییان لێکرا. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (MIT) و ئەفکان ئالا، بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی بەڕێوەچوو. کۆبوونەوەکە کاژێرێک و 25 خولەکی خایاند و دوور لە چاوی میدیاکان ئەنجامدرا. سرری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کە ئەندامێکی شاندی دەم پارتییە گوتی: "کۆبوونەوەکە زۆر ئەرێنی بوو و هیوای زۆر زیاترمان هەیە". شاندی دەم پارتی پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکەش قسەیان بۆ میدیای وڵاتەکە کرد. سرری سورەییا ئۆندەر گوتی:" لە دیدارەکەدا زانیاری لەبارەی دوایین قۆناخی پرۆسەکە بە بەڕێز سەرۆککۆمار دەدەین". ئۆندەر رایگەیاند، لەو باوەڕەدان زەوینەی سیاسەتی دیموکراسییانە و ئاشتی لەمەودوا هەنگاوی زۆر خێراتر و گرنگتری بۆ دەنرێت. گوتیشی: "ئێمە بە ویست و پێداگرییەوە پرۆسەکەمان گەیاندە ئێرە. زۆر بە پارێزگارییەوە جووڵاینەوە، هەمووانیش بەمشێوەیە جووڵانەوە. هەر بۆیە سوپاسگوزاری تەواوی وڵاتین". پەروین بوڵدانیش رایگەیاند: "ئەمە یەکەمین جارە بەرێز سەرۆککۆمار لەم بابەتەدا ئاڵوگۆڕی بیروڕامان لەگەڵدا دەکات. بیروڕای خۆی لەبارەی ئەوە کە چی بکرێت باشە، دەخاتەڕوو. ئێمەش زانیاریی لەبارەی تەواوی ئەو دیدارانە پێدەدەین کە سازمان کردوون. هیوادارین ئەمە بۆ تورکیا ببێتە مایەی خێر و ببێتە هۆکاری بەرقەرارکردنی ئاشتی". کۆبوونەوەکە دوای ئەوە هات کە دوێنێ چوارشەممە 9-4-2025 ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتیدا رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە پێشوازی لە شاندی دەم پارتی دەکات. دوای 13 ساڵ لە دوایین کۆبوونەوەی نێوانیان، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی دەم پارتییە لەگەڵ ئەردۆغان.
لە کاتێکدا دوێنێ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕاگرتنی کاتی بەشێک لە باج بەرزەکانی وڵاتەکەی لەسەر هاوبەشەکانی ڕاگەیاند، کەڤین هاسێت ڕاوێژکاری ئابووری کۆشکی سپی ڕوونیکردەوە کە واشنتۆن نزیکە لە ئەنجامدانی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەوان. لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن بی سی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە ئەمریکا گفتوگۆ لەگەڵ هاوبەشە بازرگانییەکانی دەکات و نزیکە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ هەندێکیان سەبارەت بە باج. بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە دانوستان لەگەڵ چین هێشتا دەستی پێنەکردووە. ناوبراو هەروەها ڕوونیکردەوە کە ئیدارەی ترەمپ میکانیزمێکی کردەیی بۆ ڕێککەوتنی گومرگی داناوە. ئەو ڕاوێژکارەى کۆشکى سپى ئەوەشى خستەڕوو باجی گومرگی بەشدارە لە کەمکردنەوەی کورتهێنان و بەهێزکردنی بازاڕی بۆندەکان. لە هەنگاوێکی سەرسوڕهێنەردا دوێنێ، دوای چەند ڕۆژێک لە شەڕی بازرگانی جیهانی کە بازاڕەکانی هەژاند، ترەمپ ئەو باجانەی کە بەسەر دەیان وڵات و هاوبەشەکانیدا سەپێندرابوون، لەنێویاندا یەکێتی ئەوروپا، بۆ ماوەی ٩٠ ڕۆژ دوای کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە، ڕاگرت. لە کاتێکدا بە هێشتنەوەی باجی 10% ڕازی بوو. هەروەها ئەمڕۆ یەکێتی ئەوروپا وەڵامی دایەوە و بە ڕاگرتنی باجەکانی بەرامبەر بە بەرهەمە ئەمریکییەکان بۆ ماوەی ٩٠ ڕۆژ، بە ئامانجی "دەرفەتێک بۆ دانوستانەکان"، ئۆرسولا ڤۆن دێر لیین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر ڕوونیکردەوە. جێگای سەرنجە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەمریکا سێ جار باجی سەپاندووە، لەنێویاندا لەسەر یەکێتی ئەوروپا. سەرەتا باج لەسەر پۆڵا و ئەلەمنیۆم، پاشان لەسەر ئۆتۆمبێل و لە کۆتاییدا باجی 20% لەسەر هەموو بەرهەمە ئەوروپییەکان.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو دوو لیژنەیەی کە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بۆ چارەسەری کێشەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان پێکیهێنابوو هەڵوەشانەوە، بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆش دەڵێت، دەستبەسەر ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکاندا ناگیرێت، بەڵام هاتوچۆیان لەنێوان پارێزگاکاندا سنوردار دەکرێن. بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆ لەو بارەیەوە ڕاگەیاند، هەواڵی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان تەنها بۆ ئەوەیە مامەڵەکردن و کڕین و فرۆشتنیان فراوان نەبێت، بەڵام دەستیان بەسەردا ناگیرێت و تەنها هاتوچۆی نێوان سنووری پارێزگاکان سنوردارکراوە. پەیامنێرمان قسەی لەگەڵ چەند نوێنەرێکی خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکاندا کرد و ئەوان دەڵێن، کەس ناتوانێت دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەکانیاندا بگرێت، لەئەگەری دەستبەسەرداگرتنیشیاندا هەڵوێستی توندیان دەبێت کە ژمارەیان زیاتر لە 70 هەزار کەسە لە هەریمی کوردستان، چونکە ژیانیان لەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەیە.
تاران هەڕەشەی دەرکردنی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی و شاردنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو دەکات ئەگەر هەڕەشەی کردەی سەربازی لەدژی بەردەوام بێت. عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران هەڕەشەی ئەوەی کرد بەردەوامیی هەڕەشەکان و دانانی ئێران لە لێواری هێرشی سەربازیدا، دەتوانێ ببێتە هۆی دەرکردنی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و وەستاندنی هەموو هاوکارییەکان لەگەڵ ئەو دەزگایە و گواستنەوەی یۆرانیۆم بۆ شوێنە سەلامەتەکان. شەمخانی لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایتی ئێکسی خۆیدا نووسیویەتی: بەردەوامیی هەڕەشە دەرەکییەکان و دانانی ئێران لە حاڵەتی هێرشی سەربازیدا، دەکرێت ببێتە هۆی هەنگاوی بەرەنگاربوونەوە وەک دەرکردنی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی و پچڕاندنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئاژانسەکە.
ڕۆژنامە "یەدیوت ئەهرۆنۆت"ـی ئیسرائیلی، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، دوو بۆ سێ هەفتە مۆڵەتی بە بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و دەیەوێت بە زوترین کات ئەوە روبدات. بە گوێرەی راپۆرتی ڕۆژنامەکە، گەرچی ترەمپ لە کۆبونەوەکەدا ستایشی ناتەنیاهۆی کردوە، بەڵام وادیارە سەرۆکی ئەمەریکا لە پشت نەتانیاهۆوە پلانی دیکەی هەیە و کار لەسەر ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە دەکات کە بەم زوانە دەبێتە هۆی ئازادکردنی هەمو بارمتەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە. لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتوە؛ چەند بەرپرسێکی ئیسرائیل کە لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکانیان قسەیان کردوە، بیستویانە کە ترەمپ کاتێکی زیاتری داوە بە ناتانیاهۆ بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە شەڕەکە، بەڵام بۆ ماوەیەکی درێژ نەبوە، ڕەنگە دوو بۆ سێ هەفتە بێت و جەختیان لەوە کردوەتەوە کە دەیەوێت بەم زوانە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت. پێشتریش، سەرچاوە ئەمەریکییەکان بە بنەماڵەی بارمتەکانیان راگەیاندوە؛ کارکردن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لە ئێستادا کاری لە پێشینەیانە و لە کۆبونەوەکەی دوشەممەی رابردوی نێوان ترەمپ و ناتەنیاهۆ لە کۆشکی سپی، پرسی سەرکی کۆبونەوەکەوە بوە. ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژێک دوای دیدارەکەی لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، ناتەنیاهۆ ئاماژەی بەو کردوە لە کوبونەوەکەدا سەرۆک ترەمپ پشتگیری کردوە لە شەری غەززەدا و بە رۆژنامەنوسانی وتوە؛ سەرۆک سەیری منی کرد و وتی؛ ئەم پیاوە بەردەوام کار بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دەکات. پێشتریش و لە دوای کۆبونەوەکەیان، دۆناڵد ترەمپ لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ نەتانیاهۆ لە کۆشکی سپی رایگەیاند؛ ئێمە کێشەی بارمتەمان هەیە و هەوڵی ئازادکردنیان دەدەی ، پرۆسەیەکی درێژخایەنە و نابێت ئەوەندە ماوە بخایەنێت، هیوادارم ئیسرائیلییەکان وەک من بن، ئەمەش بەو مانایەی ئەوانیش بیر لە کۆتایی هێنان بە شەڕەکە بکەنەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتوە؛ ئەمەریکییەکان دەیانەوێت ڕێکەوتنی بارمتەکان سەربگرێت، کە ئامانجی سەرەکی ئەو ڕێککەوتنە کۆتاییهێنانە بە شەڕی غەززە.
دوای پێنج رۆژ لە سوتانی بازاڕی دارەسوتاوەکەی سلێمانی، شارەوانی رایگەیاند، پرۆسەی پاککردنەوە و لادانی پاشماوەی ئاگرەکە کۆتاییهاتووە. سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، شەوی رابردوو پاککردنەوە و شۆردنی ناو بازاڕی دارەسوتاوەکە کۆتایی هات. هەروەها ستایشی تیمەکانی دەکات کە چەند رۆژێکە وەک هاوکاری و پشتگیرییەک بۆ کاسبکاران بەردەوامبوون لە پاککردنەوەی بازاڕەکە. بەرەبەیانی پێنجی ئەم مانگە ئاگر لە بەشێکی بازاڕی دارەسوتاوەکەی سلێمانی کەوتەوە، بەهۆیەوە زیاتر لە 150 دوکان سوتان. سۆران عەبدوڵا لێبرسراوی بەشی خزمەتگوزاریی شارەوانی سلێمانی راگەیاند، لە ماوەی چەند رۆژێکدا شوێنەکە پاکدەکەنەوە و دیزاینێکی نوێ بۆ بازاڕەکە دادەنێنەوە و نۆژەندەکرێتەوە. گوتیشی، پاشماوەی ئاسنی دووکانە سوتاوەکان هیچ کەڵکێکی نەماوە و بەکارناهێنرێتەوە، دەدرێتە کارگەیەکی ئاسن و بە شێواز و کەرەستەی نوێ بازاڕەکە تازەدەکرێتەوە. ئاگرەکە زیاتر ئەو دووکانانەی گرتەوە کە بە مەزادخانەی سەرەوە ناسراون. ئەو شوێنەی ئاگری لێکەوتەوە ئێستا چۆڵکراوە و تەنیا هێزە ئەمنییەکان لەوێدا جێگیر کراون بۆ پاراستنی پاشماوەکانی نێو دووکانەکان. لێکۆڵینەوەکان لەسەر قەبارەی زیانەکان و هۆکاری رووداوەکە بەردەوامن. ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە رووداوی گوت، دوای تەوابوونی راپۆرتی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، ئەنجامەکەی ئاشکرا دەکەن.
كاتژمێر 1:30 خولەكی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ وەفدی ئیمراڵی لە كۆشكی كۆماریی توركیا (بێشتەپە) لە ئەنكەرە، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا كۆدەبێتەوە. لەدوای راگەیاندنی پرۆسەی ئاشتیی و گفتوگۆ لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان لە گرتوخانەی ئیمراڵی، یەكەمجارە ئەردۆغان لەگەڵ وەفدی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) كۆدەبێتەوە. دوێنێ ئەردۆغان لە وتارێكدا لەبەردەم فراكسیۆنی پارتەكەی (ئاكەپە) لە پەرلەمان لەبارەی دیدارەكەی لەگەڵ وەفدی ئیمراڵی رایگەیاند، وەک هاوپەیمانی گەل بە گرنگی و ئارامییەوە درێژە بە پرۆسەکە دەدەین. ئەردۆغان وتی:" بە تورک، کورد، عەرەب، عەلەوی و سوننی، بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ بنیاتنانەوەو پێشخستنی وڵات و ناوچەکەمان". ئۆجەلان داوای چەكدانان و هەڵوەشاندنەوەی پارتی كرێكارانی كردووە، بەڵام ئەمە پێویستی بە سازدانی كۆنگرەو رێوشوێنی یاسایی تر هەیە لە پەرلەمانی توركیا، ئەم پرۆسەیەش تائێستا هەنگاوی كردەیی بۆ نەنراوەو چاوەڕوان دەكرێت لە دیداری ئەمڕۆی دەم پارتی و ئەردۆغاندا قسەوباسی لەسەر بكرێت.