وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت ١٢٠ ملیار دینارى داهاتى ناوخۆ ئامادەیەو هەرکات گرفتى وەرگرتنى کێشەی نەوت چارەسەر بوو ئەوا دەینێرین، هێشتا حکومەتى عێراق ڕەزامەندى نەداوە بۆ وەرگرتنى ئەو بڕەى نەوتەى ئێستا لەهەرێم بەرهەمدێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: داهاتی نانەوتی مانگی شەش کە بڕەکەی 120 ملیار دینارە، ئامادەیە بۆ ناردن، بەڵام کێشەی بەغدا ئێستا وەرگرتنی بڕی نەوتی بەرهەمهێنراوە، دەبێت بەغدا بەو بڕە ڕازی بێت کە ئێستا لە توانای کێڵگە نەوتییەکاندایە، کە ئەم کێشەیە چارەسەر بوو ناردنی پارەکە ئاسانە. توانای بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان ئێستا نزیکەی 150 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا. ئەگەر کێشە ئەمنییەکان چارەسەر بکرێن و دڵنیایی بدرێتە کۆمپانیاکان، پێشبینی دەکرێت ئاستی بەرهەمهێنان بەرزببێتەوە بۆ 280 هەزار بەرمیل، کە لەو بڕە 230 هەزار بەرمیلی دەدرێتە بەغدا. رۆژی یەکشەممە، سێی ئابی 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند. ئەمڕۆ لیستی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانیان لە رێگەی تیمێکی تەکنیکییەوە رەوانەی بەغدا کردووە. ناردنی لیستی مووچەی مانگی تەممووز لە کاتێکدایە، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هێشتا مووچەی مانگی حوزەیرانیان وەرنەگرتووە. زیاتر لە مانگێکە لیستی مووچەی مانگی حوزەیران بۆ بەغدا نێردراوە. بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان وتى، "لە بەغدا وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی حوزەیران تەواو بووە، تاوەکو ئێستا هیچ تێبینییەکیان لەسەر لیستەکە پێ نەوتووین." ئێستا لیستی مووچەی هەردوو مانگی شەش و حەوت لە بەغدایە، هاوشان لەگەڵ تەرازووی پێداچوونەوەی دارایی مانگی شەش. تیمەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حەوتن تاوەکو پێش 15ـی مانگ بیدەنە بەغدا. لەبارەی پرسی مووچە و نەوت، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوێنێ رایگەیاند، ''کۆبوونەوەمان لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا هەبوو. ئەوانیش پێیان وایە نابێت چارەسەرکردنی ئەم بابەتە چی دیکە لەلایەن حکومەتەوە (فیدراڵی) دوابخرێ.'' شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، ''گوشارێک هەیە لەسەر حکومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی پەلە بکرێت لە هەناردەکردنەوەی نەوت و خەرجکردنی مووچەی هەردوو مانگەکانی حوزەیران و تەممووز.''
بەپێى ڕاپۆرتێکى ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانى مرۆڤ، ئەمڕۆ لەدوو ناوچەى جیاوازى لادێکانى پارێزگاى سوەیداى سوریا، گڕژى و پێکدادانی توندوتیژى نێوان گروپە چەکدارییەکان و ئەندامانی ئاسایشی ناوخۆى حکومەت دروستبووەو بەپێى ئامارێکى سەرەتایش دوو کەس کوژراوە و نۆ کەسی دیکەش برینداربوون. هەر بەپێى ئەو ڕاپۆرتە، یەکێک لە کوژراوەکانی شەڕەکەی سوەیدا هاووڵاتیی درووزە و ئەوەی دیکە لە هێزە ئەمنییەکانە، چەکدارانی درووز ناوچەی تەل حەدیدیان لە رۆژئاوای سوەیدا کۆنترۆڵکردووە. تەل حەدید شوێنێکی بەرزە لە لادێکانی ڕۆژئاوای سوەیدا، ڕووی لە ناوچە بەرفراوانەکانە، لەوانە شارۆچکەی ثعلە و ناوچەکانی دەوروبەری. هەروەها ڕووی لە ڕێگا گرنگەکانە ئەمەش وایکردووە ببێتە خاڵێکی سەرەکی کۆنترۆڵکردن بۆ ناوچەکانی دەوروبەری. لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، پێکدادان لەناوچەى میحوەری شارۆچکەی تەعلە دەستیپێکردەوە، دوای تۆپبارانکردنی ناوچەکە بە تۆپ و هاوەنی قورس کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی حکومەتەوە هەڵدرابوون. دەنگی تەقینەوە و تەقە لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی شاری سویدا بیستراوە. ڕوانگەی سوریا هۆشداری دەدات لە مەترسی بەردەوامی ئەم هێرشانە، کە مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی دروست دەکات و گرژیەکان لە پارێزگاکەدا زیاد دەکات. داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر بۆ ڕاگرتنی سەرچاوەکانی ئاگرەکە و لێپرسینەوە لە بەرپرسان. ئەمەش ژمارەی کوژراوان لە بەیانی یەکشەممە ١٣ی تەمموزەوە لە ئەنجامی پێکدادانەکان و لەسێدارەدانی مەیدانی و تۆپبارانی ئیسرائیل بۆ هەزار و ٤٩٢ کەس بەرز دەکاتەوە، کە بەم شێوەیە دابەشکراون.
نزیکەی مانگێکە کێشەى کەمئاوى بەشێکى زۆرى گەڕەکەکانى سلێمانى گرتووەتەوە، بەپێى بەدواداچوونێکى ڕۆژنامەوانى هۆکارەکەى کەمبوونەوەى ئاستى ئاوى پرۆژەى سەرچنار و کەمبارانى سەرچاوەى ئەم کێشەیەن، دوو مزگەوتى دێرین و قەرەباڵغى سلێمانیش بەهۆى نەبوونى ئاوەوە داخراون. سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوى سلێمانى ووتى، ئاستى ئاو لە پرۆژەى سەرچنار بەراورد بە ساڵى رابردوو بۆ کەمتر لەنیوە دابەزیوە و بەهۆى ئەوەى ئەم پرۆژەیەش یەکێکە لە سەرەکیترین سەرچاوەکانى ئاوى شارەکە، قەیرانى ئاو دروستبووە. لەئێستادا لەسەنتەرى سلێمانى نرخى تانکەرێک ئاو لەنێوان 60 بۆ 100 هەزار دینارە و هاووڵاتیانیش بەناچارى ئەو بڕە پارەیە دەدەن بۆ دەستکەوتنى ئاو. بەهۆى کەمبوونەوەى ئاوى خواردنەوە لە سلێمانى، دەرگاى مزگەوتى رەسوڵ لە گەڕەکى بەختیارى داخرا، بەم هۆیەوە لەماوەى یەک هەفتەدا دەرگاى دووەم مزگەوتە دادەخرێت. ئیدارەى مزگەوتى رەسوڵ لەسەر دەرگاى مزگەوتەکە بە دوو وەرەقەى گەورە نوسیویانە” بەهۆى کەمئاوى داخراوە”. ئامانج جەلال، وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى ئاوى سلێمانى ئەوەى خستەڕوو پڕۆژەى ئاوى سەرچنار 80%ـى ئاوەکەى لەدەستداوە، ئەوەش بووەتە هۆى گرفتى کەمئاوى، چونکە ئێستا تەنیا دەتوانین لە هێڵى یەک و دووى دوکان و ئەو بەشەى سەرچنار، ئاو دابین بکەین”. لەئێستادا دانیشتوانى سلێمانى لە چوار بۆ پێنج رۆژ جارێک ئاویان پێدەدرێت و پێنجشەممە و هەینى رابردووش، بەهۆى کەمئاویەوە، دوو رۆژ دەرگاى مزگەوتى کانێسکان داخرا.
محەمەد شیاع سودانى، سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بە هیچ هۆکارێک هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دواناخەن، جەختیشیکردەوە، لەوادەی خۆیدا ئەنجامدەدرێت. نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی لە کاتی سەردانکردنی بۆ پارێزگای سەڵاحەدین و بەسەرکردنەوەی چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاریی باسى پرۆسەى هەڵبژاردنى کردووە و رایگەیاندووە، هەڵبژاردن لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا دەبێت و حكومەت پابەندە بە ئامادەكردنی مەرجەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لە وادەی دیاریكراوی خۆیان ودابینكردنی كەشێكی سەلامەت و سەقامگیر بۆ دەنگدەران و كاندیدەكان. سودانى هەر لە قسەکانى باسى چەند پرسێکى دیکەى کردووە و ئەوەشى راگەیاندووە، ئەمڕۆ واقیعێكی نوێیان بۆ عێراق هەیە، ئامانجیان پێشكەوتنە بۆ دەوڵەتێكی باشتر لەڕێگەی پڕۆژەی ستراتیژییەوە، لە پێشەنگییان پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانە. ئاماژەى بەوەش کردووە، سەرەڕای ماوەی كورتی ئەم حكومەتە، بناغەیەكی تۆكمەیان داناوە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێك بەو سەرچاوە وتوانایانەی، كە ژیانێكی شایستە بۆ گەلەكەیان دابین بكات. پێشتریش لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش رایگەیاند، ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە، کە باس لە دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن و رایگەیاند، وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق جێگیرە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت. بڕیارە 11ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، بۆ ئەم مەبەستەش کۆمسیۆن بەپێی خشتەی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن، دەستی بە جێبەجێکردنی رێکار و ئامادەکارییەکان کردووە.
بەیانی ئەمڕۆ دوو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری سووتەمەنی چوونە ناو کەرتی غەززە بۆ یەکەمجار لە ماوەی پێنج مانگداـ ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ چونە ناوەوەى بارهەڵگرەکانی فریاگوزاری بۆ ناو کەرتی غەززە لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفەحەوە. دەیان بارهەڵگر کە هاوکارییە مرۆییەکانی مانگی سوری میسر و نەتەوە یەکگرتووەکانیان هەڵگرتبوو، بۆ ئامادەکاری بۆ چوونە ژوورەوە، ڕیزیان گرتووە. لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، سەرچاوە پزیشکییەکان باسیان لەوە کردووە کە لە ئەنجامی تۆپبارانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٦٢ فەلەستینی کوژراون. لە ئۆردوگاکانی ئاوارەیی باکووری غەززە، خەڵکی غەززە بۆ وەرگرتنی یارمەتی و زیندوو ڕاگرتنی منداڵەکانیان چەندین کاتژمێر چاوەڕوانى دەکەن. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مشتومڕی لەسەر هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ غەززە دروستکردووە، چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەمریکا 60 ملیۆن دۆلاری بۆ پاڵپشتیکردنی خۆراک لە کەرتی غەززە دابینکردووە، لەکاتێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە کە تەنها 30 ملیۆن دۆلار تەرخانکراوە. بەپێی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، بەشێکی کەم لەو بڕە پارەیە، بە تایبەتی 3 ملیۆن دۆلار (10%) بۆ دامەزراوەی مرۆیی غەززە (GHF) خەرجکراوە، کە سیستەمێکی دابەشکردنی خۆراکە و لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پشتگیری دەکرێت. لەلایەکى دیکەوە سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، دوێنێ ئیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل سەردانی سەربازانی سوپای وڵاتەکەی کرد لە کەرتی غەززە. سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لەو سەردانەدا ئیال بە سەربازانی وڵاتەکەی راگەیاند، "پێشبینی دەکەم کە لە چەند رۆژی داهاتوودا بزانین کە ئایا دەگەینە رێککەوتن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان یاخود نا." دەشڵێت، ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، "جەنگ بێوچان بەردەوام دەبێت." رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و دواتر ئەویش ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەوینی بۆ سەر کەرتی غەززە راگەیاند. بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، لەو هێرشەیدا حەماس 251 کەسی بە بارمتە گرت و هێشتا 49یان لەلای گرووپەکە ماون کە 27یان گیانیانلەدەستداوە یان کوژراون. هەڕەشەکەی سوپاسالاری ئیسرائیل لەکاتێکدایە گفتوگۆکانی ئاگربەست نزیکن لە شکستهێنان، ئەمە دوای ئەوەی رۆژی 24ـی تەممووزی 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "بڕیاری کشانەوەی تیمەکەمان لە دەوحە بۆ راوێژکردن دا، دوای وەرگرتنەوەی دوایین وەڵامی حەماس کە بە روونی پشانی دەدات گرووپەکە ویستی ئاگربەستی لە غەززە نییە".
مەسعود بارزانی لە ساڵیادی جینۆسایدی شنگال رووی لە حکومەتی عێراقە و دەڵێت: "دەبێت كۆتایی بەو هزر و رەفتارە شۆڤێنییانە بێت كە هەر جارە و بە بیانوویەك و بە عەقڵیەتێكی نامرۆڤانە و نكۆڵیكار ئازاری گەلی كوردستان دەدەن." لە پەیامێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی ئاب، دوای 11 ساڵ لە کۆمەڵکوژیی شنگال و داگیرکردنی لەلایەن داعشەوە بڵاویکردووەتەوە، مەسعود بارزانی رایگەیاندووە: "ئەو تاوانەی تیرۆریستانی داعش لە دژی خوشك و برا ئێزدییەكانمان ئەنجامیان دا، تاوانێك بوو هەموو سنوورەكانی نامەردی و دڕندەیی تێپەڕاندبوو." هەروەها دەڵێت، "لای هەموو كەسێك روونە ئێزدییەكان بەهۆی كوردبوون و بیروباوەڕی ئایینییانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی رق و بێویژدانیی تاوانبارانی داعش و جینۆساید كران." دەقی پەیامی مەسعود بارزانی لە یازدەهەمین ساڵیادی جینۆسایدی شنگال بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان ئەو تاوانەی تیرۆریستانی داعش یازدە ساڵ بەر لە ئێستا لە دژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان ئەنجامیان دا تاوانێك بوو هەموو سنوورەكانی نامەردی و دڕندەیی تێپەڕاندبوو، ئەمە ئازارێكە هەرگیز لە یادمان ناچێت. قەدەری گەلی كورد ئەوە بووە كە هەمیشە دوژمنی دڵڕەق و بێویژدانی هەبووە و كارەسات لەدوای كارەسات بەرۆكی گەلی كوردستانی گرتووە. ئەوەی لەدژی خوشك و برایانی ئێزیدی ڕووی دا درێژكراوەی ئەو زنجیرە كارەساتانەیە كە لەدژی گەلی كوردستان ئەنجام دراون. لای هەموو كەسێك ڕوونە ئێزیدییەكان بەهۆی كوردبوون و بیروباوەڕی ئایینیانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی ڕق و بێویژدانیی تاوانبارانی داعش و جینۆساید كران. لەدوای ڕوودانی ئەو كارەساتە لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش، گەلی كوردستان و پێشمەرگە بە دڵ و بە گیان لەگەڵ خوشك و براكانیان بوون و ئەوەی لەدەستیان هات بۆ ڕزگاركردنی ئاوارەكان و ئازادكردنی شنگال و چیای شنگال ئەنجامیان دا. لێرەدا ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هەموو ئەو قارەمانانە بەرز دەنرخێنین كە مێژووییەكی پڕشنگداریان تۆمار كرد و بۆ ئازادكردنی چیای شنگال و شنگال خوێنیان بەخشی و تۆڵەیان لە تیرۆریستانی داعش كردەوە و سەری تیرۆریستانیان خستە ژێر پێی ئێزیدییەكان. هەروەها زۆر سوپاسی هێزەكانی هاوپەیمانان دەكەین كە لە یارمەتیدانی پێشمەرگە و تێكشكاندنی داعش ڕۆڵێكی بەرچاویان بینی. لە یازدەهەمین ساڵیادی كارەساتی شنگالدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانە و هەموو ئەو تاوان و كۆمەڵكوژیانە دەنێرین كە بەسەر گەلی كوردستاندا هاتوون. پێویستە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی قوربانیانی كارەساتی شنگال و هەموو ئەو جینۆسایدانە بكات كە دەرهەق گەلی كوردستان ئەنجام دراون. دەبێ كۆتایی بەو هزر و ڕەفتارە شۆڤینیانە بێت كە هەرجار و بە بیانوویەك و بە عەقلیەتێكی نامرۆڤانە و نكۆلیكار ئازاری گەلی كوردستان دەدەن. مسعود بارزانی 3ی ئابی 2025
سهرۆكى ههرێمى كوردستان ڕایدەگەیەنێت جهخت له جێبهجێكردنى ڕێككهوتنى حكوومهتى ههرێمى و حكوومهتى عێراق بۆ ئاساييكردنهوهى دۆخى شهنگال و بهپارێزگاكردنى دهكهينهوه. بە بۆنەى ساڵيادى جينۆسايدى ئێزدييانەوە نێچيرڤان بارزانى پهيامێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوە هاتووە کەخوشك و برايانى ئێزديمان دڵنيا دهكهينهوه كه ههميشه پارێزهريان دهبين و تا ڕفێنراوێكى ئێزدى مابێت، كارى نووسينگهكهمان بۆ ڕزگاركردن و ئاشكراكردنى چارهنووسيان بهردهوام دهبێت. دەقى پەیامەکە ئهمڕۆ يادى بهئازارى يازده ساڵهى جينۆسايدى ئێزدييان دهكهينهوه و به ڕێز و وهفادارييهوه قوربانييانى ئهو تاوانكارييهى داعش، بهبير دههێنينهوه. پابهندى پێشكهشكردنى ههموو پشتگيرييهكين بۆ هاووڵاتييانى ئێزديمان و وێڕاى ههموو ئازارهكانى ڕابردوو، به ئومێدهوه له داهاتوو دهڕوانين و پێكهوه كار دهكهين بۆ ساڕێژكردنى برينهكانيان. مايهى داخ و نيگهرانييهكى زۆره كه يازده ساڵه هێشتا نزيكهى نيوهى ئێزدييان، له دۆخێكى سهختى ئابوورى و كۆمهڵايهتى و دهروونيى كهمپهكاندا دهژين. ئهركى حكوومهتى عێراقه خۆى له هاووڵاتييه ئێزدييهكانى باشتر بهخاوهن بكات و قهرهبوويان بكاتهوه، چيتر ڕێگه نهدات شهنگال و ناوچه ئێزدييهكان، گۆڕهپانى تهراتێنى ميليشيا و گرووپه چهكدارهكان و يهكلاكردنهوهى ئهجێندا ههرێمييهكان بن. دهبێ متمانه، دڵنيايى، ئارامى، ئاسايش، ئاوهدانى و خزمهتگوزارى بۆ شهنگال و ناوچهكانى تريان بگهڕێنێتهوه، دادپهروهرى بۆ كۆمهڵگهى ئێزدى بهدى بێت و تاوانباران سزا بدرێن. بۆيه جهخت له جێبهجێكردنى ڕێككهوتنى حكوومهتى ههرێمى كوردستان و حكوومهتى عێراقى فيدراڵ بۆ ئاساييكردنهوهى دۆخى شهنگال و بهپارێزگاكردنى دهكهينهوه. ههروهها داوا له كۆمهڵگهى نێودهوڵهتى دهكهين له ههموو ڕوويهكهوه زياتر به هاناى ئێزدييانهوه بێت. سوپاسى ههموو ئهو وڵاتانه دهكهين كه كۆمهڵكوژيى ئێزدييانيان به جينۆسايد ناساند و له كار و ههوڵهكانمان بهردهوام دهبين تا زياتر لهسهر ئاستى نێودهوڵهتى به جينۆسايد بناسرێت. سوپاس و پێزانین بۆ یارمهتیی هاوپهیمانیی نێودهوڵهتی له تێکشکاندنی داعش. خوشك و برايانى ئێزديمان دڵنيا دهكهينهوه كه ههميشه پارێزهريان دهبين و تا ڕفێنراوێكى ئێزدى مابێت، كارى نووسينگهكهمان بۆ ڕزگاركردن و ئاشكراكردنى چارهنووسيان بهردهوام دهبێت. سڵاو له ياد و گيانى قوربانييانى ئێزدى و له ئيرادهى بههێز و خۆڕاگريى ئێزدييان. سڵاو له ياد و گيانى ههموو ئەو پێشمهرگه قارهمانانهى به فهرماندهييى جهنابى سهرۆك مهسعوود بارزانى، بۆ ڕزگاركردنى شهنگال و سهرجهم پێكهاتهكانى كوردستان و عێراق گيانيان بهخشى. نێچيرڤان بارزانى سهرۆكى ههرێمى كوردستان
بەپێى ڕاگەیەندراوێکى وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم، ئەمرؤ لیستی مووچەی مانگی تەمووز ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا. لەڕاگەیەندراوێکێدا وەزارەتى ناوبراو دەلێت: ڕۆژی یەک شەممە ( ٣ ی ئابی٢٠٢٥ ) لیستی مووچەی مانگی تەمووزی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا. ناردنى لیستى موچەى مانگى حەوت لەکاتێکدایە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتی مانگی شەش کە بڕی 120 ملیار دینارە ئامادەکردووە و چاوەڕێی بڕیارە تاوەکوو بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق. حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندییەکانی خۆی بۆ خەرجكردنی مووچەی مانگی شەش جێبەجێکردووە، لیستی مووچەی مانگی شەش و حەوت و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی شەشی ڕادەستکردووە، لە ئێستادا داهاتی نانەوتی ئامادەکردووە و ڕژدە لەسەر جێبەجێکردنی ئەو لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ بەغدا کراوە، ئەمە لە کاتێکدایە سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە نوێترین هەڵوێستیدا سەبارەت بە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی لێكتێگەیشتنەكە ڕایگەیاندووە كە، ڕێككەوتنەكە تەنیا بۆ مانگێك بووە نەك دوو مانگ.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی شنگال دەکاتەوە و بە پێویستیشی دەزانێت، حکوومەتی عێراق ئێزدییەکان قەرەبوو بکاتەوە. یەکشەممە، 03ـی ئابی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ئێزدییان، پەیامێکی بڵاوکردەوە. لە پەیامەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانیدا هاتووە "لە ساڵیادی داگیرکردنی شنگال و جینۆسایدکردنی خوشک و برایانی ئێزدی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە؛ بە ڕێزەوە یادی شەهیدانی ئەو کۆمەڵکوژییەی تیرۆریستانی داعش دەکەینەوە کە زام و برینێکی قووڵ و ساڕێژ نەبووە لە مێژووی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی بە گشتی." سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یادی ئەم 'کارەساتەدا' بە پێویستی دەزانێت "بەڕێزەوە یادی گیانفیدایی و قوربانیدانەکانی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان بکەینەوە کە بە سەرکردایەتیی جەنابی سەرۆک بارزانی، شنگال و دەوروبەریان ئازاد کرد، هەروەها سوپاسی هەڵوێستی جوامێرانەی خەڵکی کوردستان بە گشتی و پارێزگەی دهۆک و دەڤەری بادینان بەتایبەتی دەکەین لە بەهاناوەچوون و یارمەتیدانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان." مەسرور بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە "حکوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە هەوڵ و کارکردنی بۆ ئازادکردن و گەڕاندنەوەی هەموو ئەو ڕفێندراوانەی کە تا ئێستا ئازاد نەکراون و دۆزینەوە و دیاریکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان. هەروەها درێژەدان بە پاڵپشتیی داراییی ڕزگاربووان و هاوکاریکردن و یارمەتیدانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان ئەوانەی بەهۆی ئاسایینەبوونەوەی دۆخی شنگال و دەوروبەری، هێشتا هەر لە کەمپەکاندا دەژین و نەیانتوانیوە بگەڕینەوە ناوچەکانیان." سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە "پێویستە حکوومەتی فیدراڵ ئەرک و بەرپرسیاریەتیی خۆی جێبەجێ بکات و خوشک و برا ئێزدییەکانمان قەرەبوو بکاتەوە و یارمەتی ئاوارەکان بدات و زەمینە خۆش بکات بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان، ئەویش لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی هێزە چەکدار و ملیشیاکان لە دەڤەرەکە و گەڕانەوەی ئاشتی و ئاسایش بۆ ناوچەکە." مەسرور بارزانی باسی لەوەش کردووە "بە داخەوە بەهۆی جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و بەهۆی ئەو دۆخە نەخوازراوەی لە دوای ئازادکردنیەوە بەسەر شنگالدا سەپێنراوە، نەتوانراوە ئاوەدان بکرێتەوە و خزمەتگوزاریی پێویست پێشکەشی خەڵکی ئەو دەڤەرە بکرێت." ئەمڕۆ 11 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان تێ دەپەڕێت؛ لە هێرشی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشدا بۆ سەر شنگال لە 3ـی ئابی ساڵی 2014، داعش کوردانی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد و شەش هەزار و 417 کەسیشی ڕفاند. تا ئێستا سێ هەزار و 591 کوردی ئێزدی لە دەست داعش ڕزگارکراون و چارەنووسی دوو هەزار و 500ـی دیکەش نادیارە و هەوڵی ڕزگارکردنیان دەدرێت.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە بەیاننامەیەكدا، ئەو بانگەشانە رەتدەکاتەوە کە لەلایەن كارگێڕی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگری حکومەتی سوریا بڵاوكراوەتەوە، سەبارەت بەوەی گوایە پێگەکانی لەلایەن هێزەکانمانەوە روبەڕوی هێرش بووەتەوە، بەپێچەوانەوە گروپە نا ڕێخراوەكان (بێ دیسپلینەکان) کە لە چوارچێوەی ریزەکانی هێزەکانی حکومەتی سوریادا کاردەکەن، ئەوانەن بەردەوامن لە دوژمنكارییە دووبارەکانیان لەشوێنەكانی بەرکەوتن لە ناوچەی دێرحافر، هەروەك ئەوەی ئێوارەی دوێنێ شەممە روویدا، کاتێک ئەم گروپانە بەبێ پاساو زیاتر لە دە گولە تۆپیان ئاڕاستەی شوێنی نیشتەجێبونی هاوڵاتیانیان كرد، لە بەرامبەردا هێزەکانمان مافی تەواوی خۆیان لە بەرگریکردن و وەڵامدانەوەی سەرچاوەی هێرشەكان بەکارهێناوە. لە بەشێكی تری بەیاننامەكەی هەسەدەدا هاتووە: هەوڵەکانی وەزارەتی بەرگری بۆ شێواندنی راستییەکان و چەواشەکردنی رای گشتی خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیری ناکات، لەكاتێكدا هێزەکانمان لە بەرامبەر هێرش و ئیستفزازە دووبارەبووەکانی ئەو گروپان ئەوپەڕی دانبەخۆگرتنی نیشانداوە، بەتایبەت كە ئەم گروپانە لە ماوەی رابردوودا بەردەوام بوون لە هەڵکەندنی خەندەق و گواستنەوەی چەکدارەکان، بەمەش نیازی خۆیان بۆ هەڵكشاندنی دۆخەكە سەلەماندووە. هەسەدە دەشڵێت: لە کاتێکدا ئێمە جەخت لەسەر پێویستی رێزگرتن لە هێوربونەوەی دۆخەكە دەکەینەوە، داوا لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی سوریا دەکەین بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و، کۆنترۆڵی ئەو گروپە بێ دیسپلینانە بكەن کە لە ژێر کۆنترۆڵیاندا کاردەکەن. بەیاننامەكەی هەسەدە دوای ئەوەدێت، وەزارەتی بەرگری سوریا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: هێزەکانی سوریای دیموكرات بە شێوەیەکی نابەرپرسیارانە و بە هۆکارێکی نادیار، هێرشی موشەکیان ئەنجامداوە، كە ماڵی هاوڵاتیانی لە گوندی "ئەلکەیاریە" و دەوروبەری گوندەواری منبج کردووەتە ئامانج، کە بووەتە هۆی برینداربوونی 4 ئەندامی سوپا و 3 هاوڵاتی مەدەنی و هێزەکانی سوپا وەڵامی سەرچاوەی ئەو هێرشانەیان داوەتەوە.
پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن، لەڕروانگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، دە ژمارەی لە پەیڕەوەکانی هەڵبژاردنەکەی لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و رۆشنبیریی هەڵبژاردن لە کۆمەڵگەی کوردیدا و هاوکات هاندانێکیش بێت بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەوەی لەمەودوا گرنگی زیاتر بە زمانی کوردی بدات لە بڵاوکراوەکانی خۆیدا. کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەرمەبنای چێوەی یاسایی هەڵبژاردنەکە و بە مەبەستی رێکخستن و رووماڵکردنی رەهەندەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە ژمارەیەک پەیڕەوی تایبەت بە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی بایۆمەتری و هاوبەشەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن دەرچوواندووە. وا بڕیارە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025 هەڵبژاردنی شەشەمین خولی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەژدە بازنەی هەڵبژاردن (پارێزگا)دا بەڕێوەبچێت بە سیستمی هەڵبژاردنی لیستی کراوەی نوێنەرایەتی رێژەیی و کردەی گۆڕینی دەنگ بۆ کورسی بە شێوازی سانتلیگۆی هەموارکراو دەبێت بە پلەی (1,7). بۆ زانیارى زیاتر لەسەر ئەم بایەتە سەردانى ئەم ئەم لینکە بکە... https://kielection.wordpress.com/2025/07/31/%d9%be%db%95%db%8c%d9%85%d8%a7%d9%86%da%af%db%95-%d9%be%db%95%db%8c%da%95%db%95%d9%88%db%95%da%a9%d8%a7%d9%86%db%8c-%d8%a6%db%95%d9%86%d8%ac%d9%88%d9%85%db%95%d9%86%db%8c-%da%a9%db%86%d9%85%d8%b3/
پۆلیسى سلێمانى بڵاویکردەوە، تۆمەتبارێک خۆى رادەستى هێزەکانى پۆلیس کردووە، کە هەستاوە بە کوشتنى خوشکەکەى خۆى. ڕووداوەکە نیوەڕۆى ئەمڕۆ گەڕەكی شێخ عەبدولقادرى چوێسە لەشاری سلێمانی روویدا و بە گوێرەى قسەى کەسە نزیکەکانى، ئەو ژنەى کوژراوە، کارمەندى هێزێکى ئەمنى بووە لە هەولێر دەوامى کردووە دەقى ڕاگەیەندراوەکەى پۆلیس.. لەسەر دۆسیەی كوشتنی خوشكەكەی خۆی ، تۆمەتبارێك خۆی ڕادەستی هێزەكانی پۆلیس كرد دوای ئەوەی نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی ئاگادار كرایەوە لە بوونی ڕوداوێكی كوشتن لە گەڕەكی شێخ عبدالقادری چوێسە لەشاری سلێمانی ، دەستبەجێ مەفرەزەكانی پۆلیسی سلێمانی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكەو كەشف و هێڵكاری شانۆی تاوان ئەنجامدرا. بەبڕیاری بەڕێز دادوەر هێزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان ، پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانی و مەفرەزەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار ، سەرئەنجام تۆمەتبار خۆی ڕادەستی هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی كرد . لە ئێستادا تۆمەتبار ( ت ، س ،أ ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەتۆمەتی كوشتنی خوشكەكەی خۆی ، بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بەردەوامە . بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی
ستیڤ ویتکۆف نێردەى تایبەتى ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست رایگەیاند، بزووتنەوەى حەماس بۆ دانانی چەک نەرمیی نواندووە و نەتانیاهۆش پابەند دەبێت بە کۆتاییهێنان بە جەنگی غەزە. رۆژنامەى “هائارتس”ـی ئیسرائیلی لە زاری ستیڤ ویتکۆف بڵاویکردووەتەوە، لەئێستادا پلانیان هەیە کۆتایی بە جەنگی ئیسرائیل و حەماس بهێنن، دەشڵێت، حەماس لەبارەى پرسى چەکدانانەوە نەرمى نواندووە. نێردەکەى ئەمریکا باسى لەوەشکردووە، ئامانجیانە لە یەک رێککەوتندا تەواوى بارمتەکان ئازاد بکرێن و تا ئەوکارەش نەکرێت سەرکەوتن بوونى نابێت. هەروەها ویتکۆف ئەوەشى ئاشکراکردووە، هەوڵێکى هاوبەشى ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە بۆ ئاسانکاریکردن لە گەیاندنى هاوکاریییە مرۆییەکان بۆ کەرتى غەزە. ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە زیادی کرد: دانوستانەکان وەستاون و لە دوای کشانەوەی شاندەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە دەوحە وەستاون. ڕۆژنامەکە هەروەها لە زاری نێوەندگرانەوە ڕایگەیاندووە کە ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکان هێشتا دەتوانرێت چارەسەر بکرێت، سەرەڕای وەڵامدانەوەی حەماس کە "پێشکەوتنی بەدەست هاتووی خاوکردەوە". لاى خۆشیەوە بزووتنەوەی حەماس ئەو قسانە ڕەتدەکاتەوەو دەڵێن: سەردانەکەی ویتکۆف بۆ ناوەندی دابەشکردنی یارمەتییەکان، شانۆگەرییەکى پێشوەختە بوو. ئامانجی سەردانەکە چەواشەکردنی بیروڕای گشتی و پۆلیشکردنی وێنەی داگیرکاری و دابینکردنی بەرگێکی سیاسی بۆ شاردنەوەى برسێتیەکەی بوو، ئیدارەی ئەمریکا هاوبەشێکی تەواوە لە تاوانی برسێتی و جینۆساید. لەلایەکى دیکەوە بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل، ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمریکای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاندوە، حەماس "هیچ هۆکارێکی نییە بۆ دانوستان" لەسەر شەڕی کەرتی غەززە. ڕۆژنامەکە لە زاری ویتکۆڤەوە لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە تەلئەبیب لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیلییەکان، ڕایگەیاندووە "برسێتی لە غەززەدا نییە"، ئاماژەی بەوەشکردووە "پلانەکە فراوانکردنی شەڕەکە نییە، بەڵکو کۆتاییهێنانە بەو شەڕە". ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا دەبێت گفتوگۆکان لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕ و گەڕاندنەوەی هەموو بارمتەکان چڕبکرێنەوە، نەک گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بەشەکی. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە ویتکۆڤ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی بنەماڵەی دیلەکانی ئیسرائیل لە تەلئەبیب وتی: بەبێ گەڕانەوەی هەموو بارمتەکان هیچ سەرکەوتنێک بەدی نایەت. جەختیشی لەوە کردەوە کە هیچ کەسێک نایەوێت شەڕی غەززە فراوانتر بکات، هەروەها هەمووان دەیانەوێت کۆتایی پێبێت.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "گوشارێک هەیە بۆئەوەی پەلە بکرێت بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و خەرجکردنی مووچە." شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەبێ بڕیاری دادگەی فیدراڵی مووچەی مانگی پێنج خەرجکرا، "دەبێت مووچەکانی مانگەکانی شەش و حەوتیش خەرجبکرێت." بە گوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دروستبوونی هەر گرفتێک بۆ مووچە "سیاسییە" و لەبارەی رادەستکردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستانیش گوتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەییەکی هەیە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنەکە وەکو خۆی." شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ئەوەشى وت حكومەتی هەرێمی كوردستان بەفەرمی بەغدادی ئاگاداركردووە كە ئامادەیە نەوت رادەستبكات. ئەوەش دەخاتەڕوو ئەمڕۆ لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا كۆبوونەوەمان هەبوو، ئەوانیش پێیانوایە چیتر نابێت حكومەتی فیدراڵی موماتەڵە بەم بابەتەوە بكات، فشارێك هەیە بۆ ئەوەی پەلە بكرێت لە هەناردەكردنەوەی نەوت و خەرجكردنی موچەی هەردوو مانگەكە. لەسەرەتاوە هیچ بیانوویەك نەبووە بۆ بڕینی موچە، ئەوەی كە هەبووە سیاسییە، ئێستاش سیاسییە، ئەگەر بەبیرتان بێت ئەیانوت دادوەرەكانی دادگای فیدراڵی لێرە نین، دەبێت دادگای فیدراڵی پێمان بڵێ لە دەرەوەی یاسا چی بكەین! كەچی بەبێ دادوەرەكانیش موچەی مانگی پێنجیان نارد. حكومەتی عێراق خۆیان سەیری بەرهەمی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، خۆیان ئەزانن چ گروپێك كێڵگەكانی هەرێمی كردوەتە ئامانج.. ئێمەش ناوی ئەو گروپانەمان بە وردەكارییەوە لایە، بۆیە موحاسەبەی ئەوان بكەن نەك خەڵكی كوردستان. بۆ ئەم قۆناغە چەنێك نەوت هەبێت هەرێمی كوردستان ئەوەندە رادەست دەكات. هەندێك یاسا هەیە بۆ توێژێكی دیاریكراوە، بەڵام زیانەكەی بۆ هەموو عێراقە، ئەم پەیامە سوننەو شیعەكانیش لێی تێگەیشتوون. دەرچواندنی پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی مەترسی گەورە دروست دەكات لەسەر عێراق و پەیامی لایەنی تریش لەسەر ئەم بابەتە روونە، بۆیە ئێمە پێمان وایە كاتی ئەوە نییە ئەم یاسایە دەرچێت.
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە زیندانی ئەدیرنەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای ئاشتی و یەکسانیی بۆ تورکیا کرد. دەمیترتاش دەڵێت، جگە لە چەکدانان هیچ رێگەیەکی دیکە نیە بۆ ئاشتی لە تورکیا. عومەر فاروق پەرلەمانتاری دەم پارتی دوای سەردانی بۆ زیندان و چاوپێکەوتنی دەمیرتاش، پەیامەکەی لە هەژماری سۆشیال میدیای خۆی بڵاوکردەوە. دەمیرتاش لە پەیامەکەیدا گوتوویەتی هەمووان بە بێ ماندووبوون بەردەوام دەبین لە خەبات بۆ دادپەروەری راستەقینە، یەکسانی و دیموکراسی و بەردەوام دەبین لە گوتنەوەی ئاشتی. دەمیرتاش هیوای داهاتوویەکی باشتری بۆ تورکیا خواستووە و گوتوویەتی بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی هاوکارییەکانی بۆ هەمیشەییکردنی ئاشتی. دەمیرتاش لە پەیامەکەیدا هیواخوازە، بە ئاشتی لاپەڕەیەکی نوێ لە تورکیا بکرێتەوە و زەمینەیەکی زۆر بەهێزتر بۆ بونیاتنانی داهاتوویەکی رووناک پێکەوە دروستبێت.
